My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday 28 May 2019

سەردەمى دژە کۆچبەران:

هاوار محەمەد 

ئەنجامەکانى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى ئەوروپا ئاماژە بە پاشەکشەى حزبە سەرەکییەکان دەکەن و لە بەرامبەردا حزبە ڕاستڕەوەکان، بە تایبەت ئەوانەیان کە مەیلى دژە-کۆچبەریان هەیە و لە یەکێتیى ئەوروپا بەدگومانن، بەشێکى بەرچاوى دەنگەکانیان چنییەوە. لەمەبەدوا سوبێکتى کۆچبەر و پەنابەر، دەبێتە ئەو دەفرەى کە هەموو نوقسانى و قەیرانێکى تێ فڕێ دەدرێت، بە تایبەتى موسوڵمان. پرۆسەیەکى دیکەى لەمافداماڵین و بەهۆمۆساکەرکردن سەرپێدەکەوێ، کە هێشتا لە سەرەتادایە، بەڵام نیشانەکانى دەرکەوتوون. حکومەتەکان ئەمجارە دەستپێشخەریى ناکەن بۆ قڕکردن، تەنیا لە شوێنێکى ترەوە بەشدار دەبن لە بەهێزکردنى هەستى ڕاستیستیدا (بۆ نموونە لەلای کرێکاران یان خەلکانیدەرەوەی شارەکان، وەکو ئەوەى لە ئایسلەندا ڕوویدا). 
بەگشتى لەم هەڵبژاردنەدا حزبە ڕاستڕەو و پۆپۆلیست و ژینگەپارێزەکان براوەبوون. حزبە پارێزگارەکان نزیکەى 36 کورسى و سۆسیال دیموکراتەکان زیاد لە 40 کورسییان لەدەستدا و بەوەیش هەژموونیان لەسەر پەرلەمان و یەکێتیى ئەوروپا تێکشکا. هەر لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەى دەنگدان بۆ نزیکەى 51% بەرزبوویەوە و لەدواى چل ساڵ ئەمە یەکەمجارە ڕێژەى دەنگدان بگاتە ئەو ئاستە.
ئەم هەڵبژاردنە ڕەنگە بۆ ئەوروپا چارەنووسساز بێت، گۆڕانى گەورەیش لە ڕێژەى دەنگەکاندا هەیە. حزبى گەلى ئەوروپى، کە ڕاستڕەوى میانڕەوە، بۆیەکەمجار لە ساڵى 1989ـەوە ڕێژەى دەنگەکانى بۆ 25% کەمتر دابەزى، سۆشیالیستەکان 20%ـیان هێنا، ئەمەیش کەمتر ڕێژەى دەنگە لە پەرلەمانى ئەوروپا لە ساڵى 1979ـەوە.
لە ئەڵمانیا حزبى دیموکراتى مەسیحى، بە سەرۆکایەتى "ئەنجێلا مێرکل"، 28%ى دەنگەکانى بەدەستهێنا، بەوەیش 7%ى دەنگى خۆى لەدەستدا، سۆسیال دیموکراتییش لە 27%ـەوە دابەزیى بۆ 15%، و حزبى سەوزەکانیش بۆ 20% بەرزبوونەوە. لە بەرامبەردا حزبى ڕاسیستى ئەڵتەرناتیڤ 10,5ى دەنگەکانى برد. حزبە گەورەکان لە ئیتاڵیا سەرکەوتنێکى گەورەیان بەدەستهێنا، حزبى دیموکراتى 5 ئەستێرە 19 کورسى بردەوە و لە پلەى دووەمدایە، لە ئیسپانیا، حزبى سۆشیالیستى سەرکەوتنێکى بەرچاوى بەدەستهێنا و 18 کورسى بردەوە. لە یۆنانیش حزبى "دیموکراسییەتى نوێ" کە هاوپەرمانى حزبى گەلى ئەوروپییە 9 کورسى بەدەستهێنا. بەمەیش بەسەر حزبى چەپى سێرێزادا کە لە دەسەڵاتدایە، سەرکەوت،
لەو حزبانەى کە سەرکەوتوون هاوپەیمانییەکەى سەرۆک وەزیرانى ئیتاڵى "ماتیۆ سالڤینى"ـیە کە کورسییەکانى لە 70ـەوە بۆ 75 زیادى کرد، بەمەیش دەبێتە چوارەمین کوتلەى گەورەى پەرلەمان بەڵام ناتوانێت هەژموونى لەسەر بکات. هاوپەیمانیى لیبراڵیى نزیکەى 35 کورسیین چنییەوە، بەمەیش پلەى سێیەمى پەرلەمان دەگرن. لە فەرەنسا حزبەکەى مارین لۆپێنى ڕاستڕەوى تووندڕەو "یەکێتیى میللى" سەرکەوتنى بەدەستهێنا و بەوەیش "بۆ پێشەوە" کە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکییەتى بوو بە پلەى دووەم.
هاوکات ئەو حزبانەى کە زۆر خۆشییان لە چارەى یەکێتى ئەوروپا نایەت سەرکەوتنى بەرچاویان لە هەنگاریا بەدەستهێنا، حزبەکەى فیدیز کە "ڤیکتۆر ئۆربان" سەرۆکایەتیى دەکات، 53%ى دەنگەکانیان بەدەستهێنا، لە پۆڵەندایش هەمان ڕێژە. بە گشتى ئەو حزبانەى کە گومانیان لە یەکێتیى ئەوروپا هەیە نزیکەى 235 کورسییان بەدەستهێنا و ئەمەیش مەترسییەکى گەورەیە لەسەر یەکێتییەکە.
لە بەریتانیا، حزبى بریکست کە دەیەوێت بەریتانیا بە پەیماننامەبێ یان بێ پەیماننامە، لە یەکێتیى ئەوروپا دەربچێت، بە سەرۆکایەتى "نایجل فرێگ" پلەى یەکەمى بەدەستهێنا و نزیکەى 1/3ى دەنگەکانى کۆکردەوە. ئەمەیش ڕێژەیەکى شۆکهێنەرە لە کاتێکدا حزبى کار 14% و پارێزکارەکان 9%یان بەدەستهێنا.
حزبى سۆسیال دیموکراتى حاکم لە ڕۆمانیا لە 1/3ى دەنگەکانى لەدەستدا، لە فەرەنسایش ئەگەرچى مارین لوپێن بردییەوە، بەڵام بەراوورد بە 2014 ڕێژەى دەنگەکانى کەمى کردووە، بەڵام ئەم سەرکەوتنەى بەهۆى تووڕەیى شەقامى فەرەنسییەوە لە سیاسەتەکانى ئیمانوێل ماکرۆن کە لیستەکەى پلەى دووەمى بەدەستهێنا و بەمەیش ڕۆڵى دەبێت لە هەژموونى کوتلەى لیبراڵى یان دروستکردنى بەرەیەکى پێشکەوتنخوازى نوێ لە پەرلەماندا.
دواى ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕێ دەکرێت ئەوروپا سیاسەتى دژە کۆچبەرى تووندتر بکات و ڕاسیسزم و پۆپۆلیزم گەشەى زیاتر بکەن. ئەمەیش چەند ئەنجامێکى مەترسیدارى دەبێت، لەوانە: یەکێتیى ئەوروپا دەکەوێتە مەترسى، گەشەکردنى ڕاسیزم، دژایەتیى پەنابەران و بە تایبەت موسوڵمان، پاشەکشەى دەستکەوت و کاڵبوونەوەى هێڵى بەها گەردوونییەکانى ئەوروپا و کۆمەڵگەى خۆشگوزەران..هتد.

No comments:

Post a Comment