گفتوگۆ لەگەڵ "ژان بۆدریار"
سازدانى: سۆزان مۆر و ستیڤن جونستۆن
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد
ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ فەیلەسوف و کۆمەڵناسى فەرەنسى، ژان بۆدریار
(1929-2007)، لەلایەن سۆزان مۆر و ستیڤن جۆنستۆنەوە لە کانوونى دوەمى ساڵى 1989,
بۆ گۆڤارى "مارکسیزمى ئەمڕۆ"ى بەریتانى ئەنجامدراوە. لە ئەسڵدا بە
ناونیشانى "سیاسەتەکانى فریوودان" (The Politics of Seduction) بڵاوبۆتەوە کە دەتوانین بە "سیاسەتى
لەخشتەبردن"ـیش وەرى بگێڕین. لێرەدا پشت بەو نوسخەیە بەستراوە کە لە کتێبى Baudrillard live: Selected
Interviews دا
هاتووە و "مایک گین" (ڕۆتلیدج 1993) بە چاپى گەیاندووە.
س.م/س.ج: دوایین کتێبت لەبارەى ئەمریکاوە بوو، وتووتە: ''هەموو
ئەو تێمایانەى کە لە کتێبەکانى پێشترمدا کەشفکراون، لە ناکاو لە فۆڕمێکى کۆنکریتدا
دەرکەوتن و لەبەردەممدا واڵا بوون''. پرسیارەکان دەربارەى لەدەستچوونى واقیع (the loss of reality)، لەپێشینەیى وێنە، ناچالاکیى "جەماوەر" دیسانیش ]لە کتێبە نوێیەکەتدا[ دووبارە بوونەوە و دەڵێیت هیچ ئومێدێک لە
کۆمەڵگەى ئەمریکیدا نییە. بەڵام، ئەى چى ئومێد بە تۆ دەدات؟
بۆدریار: لە ڕابردوودا وتوومە ئومێد تاڕادەیەک بەهایەکى گرنگ نییە. ئێمە لە
سەردەمێکداین کە تێیدا ئومێد ئایدیایەکى زۆر ڕوون نییە. پێموایە لە ویلایەتە
یەکگرتووەکان یۆتۆپیاکان زۆر چالاکن- بزووتنەوەى سەوز، بزووتنەوەى فێمێنیزم و شتى
لەم بابەتە، ئەمەیش بەو بزووتنەوانە دەوترێت کە بزووتنەوەى ئومێدبەخشن و خولیاى
ئەوەیانە ببنە بزووتنەوەگەلى شۆڕشگێڕی. بەڵام لە حەقیقەتى کردیى زێدە-واقیعى
ئەمریکیدا (the American hyper-reality)، ئەم
بزووتنەوانە بەشێکن لە هەمان گەمەى زڕە-بانگەشەى (دیعایە) خۆى. ڕەنگە بەشێک نەبن
لە دەسەڵاتى فەرمى، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا ڕۆڵێک لە هەڵمەتى زڕە بانگەشەى زەبەلاح (mega-publicity operation)ـدا دەگێڕن کە ئەمریکایە.
ئەوان لەمەدا بێبەرى و پاکژ نین، یان لەمە بێ خەوش نین.
بەم جۆرە ئەوان هەڵوێستێکى زۆر ڕووکەشیان لەبارەیانەوە هەیە. ئەوان بەردەوام دەبن
لە گۆڕانکارى. بزووتنەوەکان دەردەکەون و نامێنن، نەک لەبەرئەوەى ئایدیاکان باشن
یان خراپ، بەڵکو هەر بە سادەیى وەک نیشانەی زیندووێتى (vitality) – وەک زیندووێتى
فیزیکیى واقیعى ئەمریکى دەردەکەون کە لە هەڵقوڵان و گۆڕانى بەردەوامدایە. لێرەدا،
پێموانییە بتوانین ئەم جۆرە مەسەلانە بە زاراوە سیاسییەکان وەسف بکەین. باوەڕم بە
بزووتنەوەى ئیکۆلۆژى نییە، بەڵام هەر دەیشیکەم. پێویست نییە مرۆڤ باوەڕى بە
شتێک بێت تاکو بیکات، تەنیا حەزدەکەم بڵێم من ئەمە دەکەم. لە ئەمریکا شەرت کردنە،
ئیدى گرنگ نییە ئایدیاکان باش بن یان خراپ. وەک نموونەیەک بۆ گۆڕان و ئاڵوگۆڕى
وزە، هێشتا ئەمریکا ئێجگار زیندووە. زۆر لە ئەوروپا زیندووترە.
س.م/س.ج: لە کتێبى "ئەمریکا"دا وەها وەسفى کولتوورى
ئەمریکى دەکەیت کە "کولتوورێکى ڕسوایە، بەڵام ئاسانییشە" (vulgar but easy)، کولتوورێکە ڕۆشنبیرەکانى ناتوانن شیکاریى بکەن. ئایا
ئەم قسەیە ]بە شاراوەیى[ گریمانەى نۆستالژیایەک ناکات بۆ
"کولتوورى ئەوروپى"، بە تایبەتیش کولتوورى ئەکادیمى؟
بۆدریار: بەڵێ، پێگەى ئەوروپى زۆر ناڕوونە. مۆدێلى ئەوروپى وەها کولتوورى ئەمریکى
دەبینێت کە زۆر ڕووکەشانەیە و بەشێوەیەکى ڕووکەشیش شیکاریى دەکات. بەڵام کولتوور
یان باشتر بڵێین نا-کولتوورى ئەمریکی، لە خۆیدا بە تەواوى ڕەسەنە. ئەم کولتوورە
تەنیا لە نوقسانیى کولتوورییدا کورت نەبۆتەوە و پێویستى بەوەیش نییە بەشێوەیەکى نەرێنیانە
تەفسیر بکرێت. دەبێت وشەى "ڕووکەش" (superficial) بخرێتە
نێوان دوو کەوانەوە، چونکە من شێوازێکى زۆر ئاسایى و باوم بۆ ڕوانین لە ئەمریکا
هەڵبژاردووە و بە ئاراستەیەکى تردا بردوومە. ئەم نا-کولتوورە لە خۆیدا پۆزەتیڤە و
نابێت لە چاوانى نۆستالژیاى ئەوروپییەوە لێیى بڕوانرێت.
س.م/س.ج: ئەگەر ڕۆشنبیرە ئەمریکییەکان نەتوانن لە کولتوورەکەى
خۆیان تێبگەن، ئەى داخۆ تۆ هاوڕاى ئەمبێرتۆ ئیکۆیت کە دەڵێت پێویستە پرۆفیسۆرە
ئەمریکییەکانى زانکۆ خانەنشین بکرێن؟ ئایا دەشێت قوتابیانى خوێندنى ناوەندى
تێگەیشتنێکى تەواو ڕوون و ڕاشکاوی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگەکەیان هەبێت کە ڕۆشنبیرەکان
هەرگیز ناتوانن هەیانبێت؟
بۆدریار:
بەڵێ.. ئیمکانییەتێکى تێگەیشتن هەیە لە ڕیگەى حەدسەوە. بەڵام ڕۆشنبیرى ئەمریکی
بۆیە ناتوانێت لە کولتوورەکەى تێبگات چونکە لە گیتۆیەکى کولتووریدا (an intellectual ghetto) گیرى خواردووە. شێوازە
بەرگریکارییەکەیشى لاساییکردنەوەى کولتوورى ئەوروپییە، ئەمە دەریدەخات کە بۆچى
جیاوازییەکى گەورە لەنێوان ڕۆشنبیرى ئەمریکى و کولتوورى ئەمریکیدا هەیە. بێگومان،
گەنجان حەدسى زیندووتریان هەیە و لەم دۆخە ساختەیەدا نین.
کاتێک ویستم هەر بۆ خۆم لە زێدە-واقیعى ئەمریکى
بکۆڵمەوە، هاوکارەکانم نەیانویست بەشداریى بکەن، لەبەرئەوە لەگەڵ ئیکۆدا ناڵێم
پێویستە خانەنشین بکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا گەر لەدەستمبێ دەمەوێت بیاننێرم بۆ
بیابان.
س.م/س.ج: ئەها، بەڵێ، بیابان! تۆ دەڵێیت: ''بیابانەکان فۆڕمێکى باڵایان هەیە (sublime forms) دوورە لە هەر کۆمەڵکەیەگ، لە هەر
سەنتیمێنتالێتییەک، لە هەر سێکسواڵێتییەک''. پێشنیارى ئەوەیش دەکەیت کە ''پێویستە
هەمیشە مرۆڤ شتێک ئامادە بکات تاکو لە بیاباندا بیکاتە قوربانى (sacrifice) و وەک قۆچى قوربانى (victim) پێشکەشى بکات. ژن.
ئەگەر شتێک هەبێت لەوێ دیار نەمێنێت، شتێک کە لە جوانیدا هاوتاى بیابان بێت، بۆچى
ژن نییە؟'' ئامانج لەم قسە هەراسانکەرە بێپاساوە چییە؟ بە گوێرەى ئەمە، ئایا پێویستە
فەیلەسوفێکى پۆستمۆدێرنە لە ناوەندى شاردا بکەینە قوربانی؟
بۆدریار: ڕەنگە
ئایدیایەکى زۆر باش بێت کە بە ئاشکرا قوربانى بە فەیلەسوفێکى پۆستمۆدێرن بدرێت. هەڵبەت،
لەو وێنەیەدا کە دەربارەى بەقوربانیکردنى ژن خستوومەتەڕوو بڕێک هەراسانکردن (provocation) "إستفزاز"
هەیە، بەڵام پێموانییە بە زەرورەت زاراوەى "قوربانی" نێگەتیڤ بێت. من
وەک شتێکى پۆزەتیڤ لێیى دەڕوانم. بۆ نموونە، هەندێک قوربانیدانى دوولایەنە لە
فریووداندا هەیە. شتێک پێویستە بمرێت بەڵام ئەمە وەها نابینم ناچاربێت کەسێک
بسڕێتەوە- ڕەنگە پێویست بێت ئارەزوو و عەشق بمرن. قوربانیدان بە ژن لە بیاباندا کردەوەیەکى
لۆژیکییە، چونکە مرۆڤ لە بیاباندا تاکە شوناسى خۆى ون دەکات. لێرەدا قوربانیدان
کردەیەکى باڵایە و بەشێکە لە دراماى بیابان. کردنى ژنیش بە ئوبێکتى قوربانیدان
ڕەنگە گەورەترین ستایش بێت کە بتوانم لێرەدا بە ژندا هەڵیبڵێم.
س.م/س.ج: بەم دواییانە لە نیویۆرک، نمایشێک هەبوو بە ناوى ''بەرەنگارى (دژ بە
بۆدریار)'' کە ژمارەیەک هونەرمەندى دیار بەشدارییان تێدا کرد. هەستت چۆنە کاتێک بەرهەمەکەت
وەک شتێک دەبینیت کە ئەوەتا دژى دەجەنگن، بەوە تۆمەتبارى دەکەن مالیخولیاییە، پڕە
لە مەیلى نەکردن (full of inertia ) و هیچ
ڕێگایەکیش بەرەو پێشەوە پیشان نادات ]ئەڵتەرناتیڤ ناخاتە ڕوو[؟
بۆدریار: وەک پێشتر وتم، هەمیشە ڕەگەزێکى هەراسانکردن (ئیستفزاز)
لە نووسینەکانمدا هەیە. ئەوەیش جۆرێک تەحەدا دەخاتە بەردەم ڕۆشنبیر و خوێنەر کە
شێوە گەمەیەکیان دەست پێکردووە. بێگومان، ئەگەر خەڵکان هەراسان بکەیت، ئەوا دەبێت
پێشبینى دژە-هەراسانکردن (counter-provocation) و هەندێ کاردانەوەى
نێگەتیڤیش بکەیت. ئەو بێزراوییەى تێیدام شتێکى ئێجگار گرنگ و تینبەخشە. ئەمە ئەوە
دەردەخات -ڕەنگە هەر بە شاراوەیى و نائاگایانە- نەرێنبوونەکەى خۆمم بۆ گواستوونەتەوە،
ئەمەیش ئەو شتەیە کە پێشبینیم دەکرد. دەتوانم بڵێم زێدە-کاردانەوە (hyper-reaction) بەرامبەر کارەکەم هەبوو، کەوایە لەم ڕوانگەیەوە من سەرکەوتوو بووم.
س.م/س.ج: ئەى دەربارەى پێگەى ژنان لە کارەکەتدا چى؟ ئایا ئەوان پسپۆرى فریوودانن؟
بۆدریار: من
هاوڕاى ئەو ئایدیۆلۆژیا فێمێنیستییە دەمارگیرە نیم کە دەڵێت ]وەسفکردنى[ ژن بە فریوودەر (seducer) بریتییە لە
ڕۆڵێکى سووکایەتیپێکراو. بە بۆچوونى من، ستراتیژییەتى فریوودان هێزێکى شادیبەخش و
ڕزگارکەرانەى ژنە. ئەمە وزە لە لەبەرگرتنەوە (simulation)ـەوە وەردەگرێت. بەداخەوە، لە فێمێنیزمدا
هەر شتێک بۆى ڕێبکەوێ ببێتە شتێکى ژنانە ئەوا بەرگریى لێدەکرێت –نووسینى ژنانە،
شیعر، هەر جۆرە داهێنانێکى هونەرى، ئەمەیش وا دەکات مەسەلەکە ئاوێنەى لەبەرگرتنەوەى
پیاوانە بێت. ئەمە لەبەرگرتنەوەیەکى نەرێنییە و جێگاى داخە. پێموایە ستراتیژیەتى
ژنانەى فریوودان نامۆبوون (alienation)ـى ژن نییە،
وەک ئەوەى فێمێنیستەکان بۆى دەچن. دەبێت مرۆڤ دەست لە جەنگى نێوان دوو ڕەگەزەکە
هەڵگرێت و لە نامۆبوونى سێکسیستى (sexist alienation) دووربکەوێتەوە. نابێت
پیاوان و دژنان دژایەتیى یەکترى بکەن. پێموایە مرۆڤ دەتوانێت تواناى مێینەیى
فریوودان وەک فەزیلەتێکى پۆزەتیڤ بەدەست بهێنێتەوە، ئەمەیش یەکێکە لە ڕێگاکانى
زاڵبوون بەسەر مەسەلەکەدا. بەڵام بێگومان ڕیسکى ئەوە
دەکەم کە ڕووبەڕووى هەڵەتێگەیشتن ببمەوە.
س.م/س.ج: ئایا ئەم ڕوانگەیە ڕوانگەیەکى ڕۆمانسیى نییە بۆ ژن وەک بوونەوەرێکى باڵا
(transcendent)؟ زۆرێک لە فێمێنیستەکان هەمیشە ڕەخنە لەو
جەوهەرگەراییە (essentialism) دەگرن کە
تۆیش ڕەخنەى لێدەگریت.
بۆدریار: گرنگە
وەک ژن ڕەخنەى ژن بکرێت. فریوودان تەنیا ستراتیژییەتێکى سێکسیانە نییە و
تاکلایەنەیش نییە. بەڵکو زیاتر بەندە بە دوولایەنەیى و تەواوکارییەوە. کۆمەڵێک
ڕێسا بۆ گەمەکە هەیە. فریوودان گەمەیەکى زۆر فیزیکى ]جەستەیى[ و
یەکسانانەیە. هەردوو لا بە قووڵى دەچنە نێوییەوە و گرەوەکانیش گەورەن. فریوودان
ئایدیۆلۆژیایەکە کە لەسەر حسێبى دیموکراسییەت یاریى دەکات. ئێستا پیاوان عەوداڵى
ئەوەن ئایدیۆلۆژیایەک بدۆزنەوە کە بیانناسێنێت، پێشموایە دەبێت مێینەیى (femininity) لە سنوورە بەرتەسکەکانى
خۆی زیاتر بڕوات، بچێتە ئەودیوى ئەو ڕێگەیەوە کە لەم ساتەى ئێستادا خۆى لێوە
دەبینێت.
س.م/س.ج: ئەى ئەگەر وا بێت، کەواتە شتێکى وەک عەشق بوونى هەیە؟
بۆدریار:
یاخیبوونێک هەیە، بەڵام بەڕاستى نازانم. شتێکى زۆرم نییە لەبارەى عەشقەوە بیڵێم.
س.م/س.ج: منداڵت هەیە؟ منداڵەکان واتلێدەکەن گەشبین بیت؟
بۆدریار:
دووانم هەیە. ئێستا لە تەمەنى پێگەیشتن و کامڵبووندان. ڕەنگە باوکێکى خراپ بووبم
چونکە هیوا کەسییەکانى خۆمم بەسەردا نەدان. پاشان، ئەوان خۆیان ڕێگاى خۆیان
دۆزییەوە و ئەوەیان کرد کە دەیانویست بیکەن.
س.م/س.ج: قومار دەکەیت؟
بۆدریار: بەڵێ،
لە لاس ڤێگاس دەیکەم. هەندێجاریش قومارچى نیم.
س.م/س.ج: ئایا کارى تۆ قومارکردنە؟ ئەگەر وابێ، ئەى چى لە گرەودایە؟
بۆدریار:
نازانم ئاخۆ دەتوانن ناوى بنێین گرەوى کولتوورى (cultural stakes). بەڵام نابێت گرەوەکان
تێکەڵ بە ئەنجامەکان بکەن. کێشەکە تێکدانى کارەکە نییە، -ڕەنگە کار هیچ گرەوێکى
تێدا نەبێت- کار لە دەورى خۆى دەسووڕێتەوە تاوەکو هیچی لێ نامێنێتەوە. پێموایە گرەو
]ى قومار[ ماتەوزەیە، پۆتێنشیەڵى وزەیە ]وزەى کار[. ئەمە بە
نزیکەیى لە یاریى پۆکەر دەچێت. بە شێوەیەک لە شێوەکان، گرەو زیاتر گەمەیەکە لە
سەرووى موزایەدەکردنەوە لەپێناو بینینى دەست و پێڕى ئەوانیتردا. گرەوەکە ئەوەیە
ئەوانیتر دەستى خۆیان کەشف بکەن.
س.م/س.ج: لە "جەزبەى سۆسیالیزم" (The Ecstasy of Socialism)دا، سەرزەنشتى گەشبینى و "ساویلکەیى
نا-ماقووڵانەى فیکرى سۆشیالیستى" دەکەیت. داخۆ ئەم دۆخە هەر بە سادەیى
نائومێدییە لە سیاسەتەکانى پاش-68؟ ئایا تۆ تەنیا ئاڵوگۆڕێکت نەکردووە: دەبەنگیى
کولتوورى بەرخۆریت خستۆتە جێگاى هەر مامەڵەیەک لەگەڵ کایەى سیاسید\ ]وەک سیاسەت[ بۆ شەیداییەک؟
بۆدریار:
کێشەیەکى دیاریکراو و جدى لەوەدا هەیە، چونکە نەوەى 68 هەموو شتێکى خستە گەمەوە. نەرێکردنێکى
سەرسوڕهێنەرى کولتوور هەبوو، ئەمە قوربانیدانێک بوو بە بەها سیاسییەکانیش.
بێگومان، دواى قوربانى ئەوەى هەمیشە دەمێنێتەوە بەتاڵییە، بەتاڵیى کولتوورى.
لە ئەمریکا، جێگاى ئەم بەتاڵییە پڕ کراوەتەوە، نەک بە کولتوور بەڵکو بە ڕووداوەکان
(events)، کە ئاڵوگۆڕى لە دیمەنى سیاسى 68دا کردووە
و گۆڕیویەتى بە یاریى ئاگرینى کولتوورى (cultural fireworks).
ڕادیکاڵیزمى 68 گەیشت بە ڕووداوى گەورە، وەکو داتەپینى
بۆرسە و دەرکەوتنى ئایدز- ئا ئەوە ڕادیکاڵیزمى ئەمریکییە. ئەمە ڕادیکاڵیزمێکە کە
ڕۆشنبیر تێیدا جێگەى نابێتەوە، ڕۆشنبیر بە واتا تەقلیدییەکەى وشەکە. ڕادیکاڵیزمى ڕۆشنبیر
بوو بە مایەى ڕووداوەکان، پاشان ڕۆشنبیر تەریک و بێکاریگەر کرا. ڕۆشنبیر هیچ
داهاتوویەکى نییە.
سەرچاوەکان:
جان بودريار: المثقف لا مستقبل له، ترجمة: محمد دخاخني، altra صوت، 2017.
-
Jean
Baudrillard: The Politics of Seduction, in “Baudrillard Live- Selected
Interviews”, Edit By Mike Gane, Routledge (London and New York 1993), Pp.
152-155.
تێبینى: ئەم وتارە یەکەمجار لە فایلى "ژان
بۆدریار"ى گۆڤارى دەزگاى ئایدیا ساڵى 2017 بڵاوکراوەتەوە، دووەمجار لە 2018
لە سایتى گروپى نێگەتیڤ.
No comments:
Post a Comment