My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Wednesday, 12 July 2017

تیرۆریزم و یاساى بازاڕ

گفتوگۆى ڕۆژنامەى لۆمۆند لەگەڵ ''ئەنتۆنیۆ نێگرى''
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

ئەم گفتوگۆ کورتە ڕۆژنامەى لۆمۆندى فەرەنسى، لە ڕۆژى 3ى ئۆکتۆبەرى 2001دا, ماوەیەکى کەم دواى هێرشەکانى 11ى سێپتێمبەر بۆ سەر ئەمریکا، لەگەڵ فەیلەسوفى ئیتاڵى "ئەنتۆنیۆ نێگرى" ئەنجامیداوە، جا لەبەرئەوەى هێشتایش جیهان لە ژێر کاریگەریى ئەو تەقینەوانەدا لە دۆخى کشاندا دەژى و لەمەیشدا لە گەردوون دەچێت کە هێشتا لە ژێر کاریگەریى کشانى تەقینەوە گەورەکەدایە، بۆیە بە پێویستمانزانى بیکەین بە کوردى و بیخەینە بەرچاوى خوێنەر. ڕەنگە 11ى سێپتێمبەر تەقینەوەى گەورەى سەدەى بیست و یەک بێت و ڕووداوەکانى دیکە هەموویان بەرەنجامى ئەم تەقینەوەیە بن تەنانەت ئەگەر (لە غیابى گۆڕانکارییەکى ڕاستەقینە لە ڕێڕەوى جیهاندا) بگات بە جەنگى ئەتۆمیش، واتە خاپووربوونى جیهان، ئەو ساتەى کە گەردوون کاریگەریى کشانەکە دەگەیەنێت بە دواڕادەى خۆى و ئیدى کاریگەرییەکەى بەسەر خۆیدا پێچەوانە دەبێتەوە، بە مانایەکى تر هاتنەوەیەکە گەورەکە کە دەبێتە مایەى وێرانبوونى گەردوون.
وەرگێڕ


لۆمۆند: لاتوایە لەدواى هێرشەکانى 11ى سێپتێمبەر، ئیدى پێویست بێت جیاکارییەکى ڕوونتر لەنێوان دژە-ئیمپریالیزم و دژە-ئەمریکانیزمدا بکەین؟
نێگرى: هیوادارم دژە-ئەمریکانیزم کۆتایى پێهاتبێت. من هەرگیز وەها نەبووم, بە هەمان شێوە هەرگیز ئەنتى-ڕوسیا نەبووم. من هەمیشە دژ بە سیاسەتەکانى سەرمایەداریى ئەمریکا بووم هەر بەو جۆرەى کە دژ بە سۆشیالیزمى ڕوسیا بووم. کاتێک لە کەسێک دەپرسین داخۆ دژە-ئەمریکایە یان دژە-ڕوسیا، ئەمە ماناى ئەوەیە بڵێین ئێمە پرسیارى ئەوە دەکەین کە ئاخۆ ئەو دژ بە نەتەوەیەکە یان نا. بەلاى منەوە، نەتەوەکان دابەش بوون بەسەر دوو ئاستدا، ئەوانەى سەردەستن و ئەوانەى ژێردەستن. من لەگەڵ چەوسێنراوانى ئەمریکا و ڕووسیادام، دژ بە سیاسەتەکانى ئەمریکام لە ڤێتنام و دژ بە سیاسەتەکانى ڕوسیاشم لە پۆڵەندا یان لە چیکۆسلۆڤاکیا. بەوە زۆر دڵخۆش دەبووم کە لە 11ى سێپتێمبەردا پێنتاگۆن خاپوورببووایە و ئەوان دەستیان لە کۆشکى سپییان نەپاراستایە, لەبرى ئەوەى ببینین دوو تاوەرەکە خاپووردەکرێن کە پڕ بوون لە هەزاران کرێکارى ئەمریکی، لەنێوان ئەوانەدا دەرکەوت کە نزیکەى هەزار کرێکارى "نا-یاسایى"[1] هەبوون. دوژمنى من "ئیمپراتۆر"[2]ـە, (ئەوانەى کە پێیاندەوترا سەرمایەدارەکان) جا نەتەوەکەیان هەرچییەک بێت.
لۆمۆند: لە کتێبى ئیمپراتۆریەت[3]دا کە لەگەڵ نووسەرى ئەمریکى "مایکڵ هارت"دا نووسیوتە، ئێوە جیهانى ئێستا وەک سیستەمێکى گلۆباڵى باڵادەستى[4] شیکار دەکەن. داخۆ تیرۆرى "ئیسلامى" لە دەرەوەى ئەم "ئیمپراتۆرییەت"ـە نییە؟
نێگرى: یەکێک لە وانە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانى ئەم 11ى سێپتەمبەرە، ئەوەیە کە ئەمریکاییەکانیش خۆیان لەنێو ئیمپراتۆرییەتدا بینییەوە. دوورەپەرێزیى ستراتیژیى ویلایەتە یەکگرتووەکان تەواو بووە! من هاوڕاى "دانیال بن سەعید" نیم کە پێیوایە کاپیتالیزم هێشتایش لە ڕێگەى دەوڵەت-نەتەوەوە گوزارشت لەخۆى دەکات. ئەم چیرۆکە ترسناکەى کە لە نیویۆرک ڕوویدا، جۆرێکە لە تراژیدیاى شکسپیری. وا نییە؟ ئەوە خێزان، پادشا، یان باشتر بڵێین ئیمپراتۆر بوو کە خۆى داغان کرد، تەنانەت ئەگەر کارەکتەرەکانى وەکو بووشى کوڕ و هاوڕێکانى بە فیعلى لە پلانەکەدا نەبوون و نەپێکرابن. ئێمە ململانێیەک دەبینین لەنێوان دۆلار-تاڵیبان[5] و نەوت-تاڵیبان[6]ـدا، کە هەر یەکێکیان لەگەڵ ئەویتریاندا، یەکێیان لەسەر ئەویتریان بنیاتنراون، ئێستایش ئەوە ڕقوکینەیە زاڵ بووە. ئەمە مەسەلەى جەنگ نییە، بەڵکو مەسەلەى تۆلەسەندنەوەیە[7]! ئەى تۆ نازانیت ئەوە چەند ترسناکە جارێکى دیکە لەنێو ئەو واقیعە کۆنەى تووندوتیژیى شکسپیریدا نغرۆببین, لەنێو ئەم کەشى کەڵەکەکارییە سەرەتاییەدا (سەرەتایى=نا-شارستانێتی) بەو جۆرەى مارکس باسى کردووە، بخنکێین؟
لۆمۆند: لە دواى هێرشەکانەوە گەڕانەوەیەکى دڵخوازانە هەیە بۆ دەوڵەتى نەتەوە، کە ئێستا داواى لێدەکرێت ببێتە دەزگاى ڕێکخەرى نیشتمانى و نێودەوڵەتى؛ تۆ ئەمە چۆن تەفسیر دەکەیت؟
نێگرى: باشترین شت بۆ سەرنجدان لەم سی ساڵەى ڕابردوو سەرنجدانە لە زاڵبوونى یاساى بازاڕ  Lex Mercatoria. ئەم یاسایە هەموو شەرعییەتێکى لە دەوڵەت داماڵیووە. لەبەرئەمەیە کە یاساى بازاڕى بۆ دانراوە، چونکە پێکهاتەکانى تر شکستیان هێناوە، بۆیە پێویستە دەوڵەت دەستوەردان بکات. دەبێت فرانسوا ئیواڵدى هاوڕێم ڕەخنەى خۆى بکات و خۆ-ڕەخنەگەراییەکەى[8] ئەنجام بدات، ئەو وەکو هەموو فۆکۆییە ڕاستڕەوەکان[9] پێیوایە یاساى بازاڕ لە دەرەوەى گەرەنتى دەوڵەت ئیش دەکات. لەمڕۆدا ئەوە فۆکۆ ڕاستەقینەکەیە بردوویەتییەوە، ئەو فۆکۆیەى کە لە شیکاریى کۆنترۆڵدا پەیڕەویى لە مارکس کردووە. بازاڕى ئازاد هەرگیز بوونى نەبووە، ئەم بازاڕە هەمیشە چاوبەست بووە. وەکو فۆکۆ زۆر بە دروستى دەڵێت، ئەوە جەنگ نییە کە درێژە بە سیاسەت دەدات، بەڵکو ئەوە سیاسەتە کە درێژە بە جەنگ دەدات. جەنگ بنچینەى سیاسەتە![10]
لۆمۆند: ئایا دەشێت ئەم دۆخە بەراورد بکرێت بەو شۆڕشە شاراوەى کە تۆ وەک ڕابەرى بزووتنەوەى چەپى تووندڕەوى سەربەخۆیى کرێکاران، لە ساڵانى حەفتاى  ئیتاڵیا ]لە سەدەى بیستەمدا[ تێیدا بەشدار بوویت (حوکمى سیانزە ساڵ زیندانى، کە لەلایەن ڕژێمێکى نیمچە ئازادەوە دەرچوو)[11]؟
نێگرى: ساڵانى حەفتاکان هەر لە سەرەتاوە پێکهێنەرى دەرچوون بوو لە مۆدێرنیتى. لەمڕۆدا ئێمە لە سەردەمى پۆستمۆدێرنیتیداین. من هەرگیز تیرۆریستێک نەبووم، بەڵام دەمتوانى وەک تیرۆریستێک هێما بۆ خۆم بکەم. پاش هەموو شتێکیش، من باجى زۆرم داوە. بەڵام ئەوە مەسەلەى پەڕگیریى بەکۆمەڵ بوو. ئێمە خۆمان خستە دیالەکتیکى دەوڵەتى یاساوە, خۆمان خستە نێو دیالەکتیکى نێوان سۆشیالیزم و فاشیزمەوە، نێو خەباتى نێوان سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمەوە. لەمڕۆدا، چیتر سەروەریى[12] زیاتر بوونى نەماوە. هەر خودى بناغەى سەروەرى لەنێو دۆخى هەماهەنگیى ماشێنى جەنگدا –کە هى سەرمایەداریى جیهانییە- بە تەواوەتى گۆڕانکاریى بەسەر خۆیدا هێناوە. ئێستا کە کەوتووینەتە نێو ئەم پشێوییە گەورەیەوە لە خۆمان دەپرسین: کێ کۆنترۆڵى هەموو ئەمانەى کردووە؟ ئەمە پرسیارەکەیە! ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن ببنە پێشەنگ. دەبێ چى بکرێت؟ "دەرچوون"[13], پاشەکشە لە مشتومڕ[14]، بیابانشینى[15]، کۆچکردن بۆ کۆتایهێنان بە: کار، جەنگ، مەعریفە. ئەمە ماناى دامەزراندنى ژیانێکى دیکەیە کە هەمان ئەو ژیانەى "سەردارەکان"[16] نییە؛ "تاڵیبانى دۆلار و تاڵیبانى نەوت". 

پەراوێزەکانى وەرگێرى کوردى:

[1] Clandestinos
[2] Imperials
[3] ed.Exils, 'Le Monde des Livres', 23 March 2001
[4] Domination
[5] dollar-taliban ڕەنگە نێگرى، مەبەستى لە جۆرێک تیرۆریزمى ئەمریکى بێت, کە ئەمریکا خاوەنى دۆلارە))
[6] oil-taliban (بە هەمان شێوە ڕەنگە مەبەستى تیرۆریزمى جیهانى ئیسلامى بێت کە بە خاوەنى نەوتە)
[7] Vengeance
[8] self-criticism
[9] ئەنتۆنیۆ نێگرى ئەم ناوەى لەو تەفسیرە ڕاستڕەوە ناوە کە فۆکۆ ڕادەکێشێتە نێو تێزە پۆست-شۆڕشگێڕییەکانەوە، دیارترین نوێنەرى ئەم تەفسیرە "فرانسوا ئیواڵد"ە کە هاوڕێى فۆکۆبووە و هاوڕێى نێگریشە, لە کاتێکدا نێگرى و هارت و گەلێکى دیکە تەفسیرێکى چەپڕەوانە بۆ فۆکۆ دەکەن.
[10] نێگرى ئاماژە بە هەڵگەڕانەوەى گوتە بەناوبانگەکەى کلاوسەڤیتزە دەکات کە دەڵێت: ''جەنگ درێژەدانە بە سیاسەت بە ئامرازى دیکە'', فۆکۆ لە وانەوتارەکانى ساڵانى 79ى کۆلێژى دو فرانسدا ئەم گوتەیە ئاوا هەڵدەگەڕێنێتەوە: ''سیاسەت درێژەدانە بە جەنگ بە ئامرازى دیکە''، مەبەستیشى لە بایۆپۆلەتیکى سەردەمى کاپیتالیزمى سەدەى بیستەمە کە مومارەسەى هەموو ڕێسا جەنگییەکان دەکات، بەڵام بە ئامرازى ئینسانیتر.  
[11] مەبەست لە دادگایى کردنى ئەنتۆنیۆ نێگرییە، سەرەتا بە تاوانى ڕێکخستنى ڕێکخراوى تیرۆریستى و تێوەگلان لە ڕفاندن و کوشتنى ئەلدۆ مۆرۆ لەلایەن کۆمەڵەى "ئاڵا سوورەکان"ـەوە لە ئیتاڵیا و ئینجا بەهۆى کۆمەڵێک چالاکیى دیکەوە، بەڵام بڕیارى سیانزە ساڵ زیندانى وەک لە دەقەکەدا هاتووە هەڵەیە، چونکە لە ڕاستیدا بڕیارى 30 ساڵ زیندانیى بۆ دەرچوو، دواتر بە خستنەڕووى دۆکیۆمێنت و دروستکردنى گوشار و پشتیوانی لێکردنى لەلایەن کۆمەڵێک فەیلەسوف (لەوانە فۆکۆ و دۆلۆز و گواتارى) و کۆمەڵێک ڕێکخراوى چەپەوە، ئازادکرا.
[12] sovereignty
[13] Exodus
[14] Debate
[15] Desert
[16] Messieurs

سەرچاوە:
Interview with Toni Negri in the aftermath of the 9-11 attacks in Le Monde newspaper, 03 October 2001.
 https://libcom.org/library/interview-le-monde-negri

تێبینى: ئەم بەرهەمە لە 12تەموزى 2017 لە ماڵپەڕى گروپى نێگەتیڤ بڵاوبۆتەوە. کلیلک لەسەر ئەم لینکە بکە: 


No comments:

Post a Comment