My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 28 April 2018

کۆچ بەنێو ئیمپراتۆریەتدا


هاوار محەمەد


لە مێژووى مۆدێرنەدا  بزۆزی و کۆچى هێزى کار، هەوڵیدا بۆ دروستکردنى خەلەل لە هەلومەرجە دیسپلینییە تووندەکانى کرێکاراندا. دەسەڵات بە تووندترین میکانیزمەکانى سەرکوت و تووندوتیژى وەڵامى ئەم بزۆزییەى دەدایەوە، مەگەر بە خواستى خۆى و بە پێى پێویسییەکانى پیشەسازی کۆچى بە دەستى کار بکردایە. بۆیە هێزى کار بە ناچارى دەهێڵرایەوە و بە ناچارى کۆچى پێدەکرا، ئەمەیش جۆرێک بوو لە کۆیلایەتى. بەڵام هەمیشە هەڵهاتن و جێهێشتن جۆرێک بووە لە ڕەتکردنەوە و گەڕان بەدواى ئازادیدا، هەڵهاتن لە ڕەوشە هەرە خراپەکانى کار و ژیان، بۆ دۆزینەوەى ڕەوشى نوێى ژیان. لەمڕۆدا، کە سەردەمى سەروەریى ئیمپراتۆرییە، کۆچ و بزۆزیى هێزى کار، زۆر بەربڵاوە و ئەستەمە بەرى پێ بگیردرێت؛ هەر لە کۆچى پرۆلیتاریاى کشتوکاڵى و پیشەسازیى سۆڤیەتەوە لە هەشتاکاندا تاوەکو ڕەوى گەورە و بە کۆمەڵى ئەم دواییەى خەڵکى ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا.
یەکێک لەو دروشمانەى لەم چەند ساڵەى دواییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەییەکانیش بڵاوبوویەوە ئەم گوتەیە بوو کە کەس نازانێت کێ خاوەنییەتى: ''هەڵهاتن لە نیشتمان ئەرکێکى نیشتمانییە''. ئاخۆ نیشتمان چیى لە هاونیشتمانیەکانى سەندۆتەوە کە جێهێشتنى دەبێتە ئەرکێکى نیشتمانى؟ وەڵامى جیاواز هەیە: خەڵکى لە بارى گرانى دارایى و هەژارى هەڵدێن؛ لە جەنگ و کوشتار هەڵدێن؛ لە نەریت و دیسپلینى کۆمەڵایەتى ڕادەکەن؛ لە نائومێدییدا سەرى خۆیان هەڵدەگرن؛ بەدواى حەز و ئارەزووى خۆیان دەکەون و..هتد. سەرجەمى ئەم وەڵامە پەرتوبڵاو و باوانە دەیانەوێت بڵێن: لە دیوى نێگەتیڤەوە، ئەوەى پاڵنەرى کۆچە، هەڵهاتنە لە ڕەوش و هەلومەرجى ژیانى کولتوورى و ئابووریى سەخت و دژوارى پرۆسەى دووبارە بەرهەمهێنانەوەى سەرمایە و سیستەم. لە دیوى پۆزەتیڤیشەوە، پاڵنەرى کۆچ ئارەزووى گەڕانە بەدواى ژیاێکى باشتردا لە جێیەکى دیکە، کە لۆژیکى خودى سیستەمەکە لە نێو تاک و کۆمەڵەکاندا چاندوویەتى. ئەمە ڕیک ئەو شتەیە کە ئەنتۆنیۆ نێگرى و مایکڵ هارت وەک پاڵنەرى کۆچ و ڕەوى گەورەى نێو سەروەریى ئیمپراتۆرى کە فۆڕمى نوێى دەسەڵات و سەرمایەیە لە سەردەمى پۆستمۆدێرنیزمدا، دیارییان کردووە. ئابووریناسەکان، بە گوێرەى هاوکێشە و فۆرمولەکانى خۆیان، تەفسیرى ئەم دیاردەیە دەکەن، تەنیا هۆکارى ئابووریى و هەژارى، یان دابینکردنى دەستى کارى هەرزان بۆ وڵاتانى سەرمایەدارى پێشکەوتوو، بە فاکتەرى سەرەکى دەزانن. ئەمە تەنیا نیوەى وەڵامەکەیە. ڕاستە بەهۆى قەیران و هەژاری و جەنگەوە هەڵهاتن و دەرچوون دەبێتە خواستێکى حەتمى، بەڵام ئارەزووى دیکەیش هەیە کە ئەم تەفسیرە ناتوانێت ڕۆشنایى تەواوى بخاتە سەر. ئەویش ئارەزووى گەڕانە بەدواى شێوازى نوێى ژیان و مومارەسەى خواست و حەز و ئارەزووەکاندا. ئەمە یەک واتاى هەیە: ڕاکردن لە نەریت و حەرام و قەدەغەکان، هەڵهاتن لە کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان. 
لەدواى ڕاپەڕینەوە حکومەتى هەرێم (یان ناسیۆنالیزم بە گشتى) شکستى هێنا لە دابینکردنى لایەنی هەرە کەمى بژێوى و دیموکراسیەت و سێکیولاریزم؛ لە ڕووى کۆمەڵایەتیشەوە کۆمەڵگە شکستى هێنا لە گەورەکردنى پانتایی ئازادییە جەستەیى و مەعنەوییە کەسییەکان، بگرە لەم دە ساڵەى دواییدا کۆمەڵگەى کوردى بەرەو داخرانى زیاتر چووە، فیکرى سەلەفى و کۆنەپارێزى زیاتر تەشەنەیان کردووە، ئازادى تا ڕادەیەکى مەترسیدار پاشەکشەى کردووە و متمانە و ئاساییشى کۆمەڵایەتى ئێجگار کەم بۆتەوە. شارەکانمان بوونەتە کەمپى گەورە، دیسپلین و چاودێرى و دەستەوەردان لە ژیانى مرۆڤەکان لە هەموو شوێنێکە، پۆلیس و بازگە و مزگەوت ڕۆژ بە ڕۆژ لە زۆربووندان. هەموو ئەمانە، لە پاڵ هەژاریدا، وایکردووە گەنجان نەتوانن دواى بچووکترین خولیاى خۆیان بکەون. هەتابێ زیاتر هونەر و میوزیک و ئەدەب بێبەها دەبێت، عەشق و ڕاز و نیاز و داهێنانیش ڕۆژ بە ڕۆژ قەدەغە دەکرێت. لە دۆخێکى ئاوەهادا گەڕان بەدواى ژیانێکى باشتردا، بەدواى دەرچەیەکدا بۆ دەرچوون و جێهێشتن دەبێتە کەڵکەیەکى جڵەونەکراو تا ئەو ڕادەیەى کۆچبەرەکان گرەو لەسەر مەرگى خۆیان دەکەن بۆ پەڕینەوە بە ئاوەکاندا. ئاخۆ ئەو ژیانەیان دەست دەکەوێت یان نا کە بەدوایدا دەگەڕێن، ئەوا ئەمە مەسەلەیەکى دیکەیە. ئەوان تەنیا ئەوەندە دەزانن بەرگەى ئەم شێوازە ژیانەى نێو کۆمەڵگەکەیان ناگرن. لەم دۆخەدا، جۆشوخرۆشى پراکتیک و شۆڕش ئەم پرسیارە دێنێت بە زەینى هەندێکماندا، باشە گەنجان لەبرى ئەوەى کۆچ بکەن، بۆچى شۆڕش ناکەن و دۆخى کۆمەڵگە و شێوازى پەیوەندییەکان ناگۆڕن؟ یەکێک لە کێشە میتۆدییەکانى ئەم پرسیارە ئەوەیە، شۆڕش تەنیا وەک بڕیارێکى سوبێکتیڤ دەبینێت کە گەنجان دەتوانن بە گوێرەى ڕێکخستنێکى سیاسى بڕیار بدەن مێژووەکەیان بگۆڕن. کەواتە با وەڵامى ئوبێکتیڤیستەکانیش تاقیى بکەینەوە؛ ئەمان دیسان دەڵێن هەلومەرجى ئوبێکتیڤیش گونجاوە بەڵام سوبێکت غایبە، ئەوەتا پشێویى لەژێر ئاسماندا هەیە، کەواتە دۆخەکە بۆ شۆڕش لەبارە. لە ڕاستیدا سەردەمى ئەمڕۆ، تاڕادەیەک، ئەم وەڵامانەى تێپەڕاندووە. چونکە ئەم دوو دیوە چیتر ناتوانن یەکترى بەرهەم بهێنن، بەو مانایەى نە مەرجە بارودۆخى ئوبێکتیڤ سوبێکتى بکەرى گۆڕان دروست بکات و نە سوبێکتیش دەتوانێت بەو ئاسانییە هەلومەرجى ئوبێکتیڤ بگۆڕێت. ئەگەر ئەمە دەرەنجامێکى هەبێت، ئەوەیە کە بە ناچارى دەبێت سەرلەنوێ پێداچوونەوە بەم دۆکترین و کاتیگۆرییانەدا بکرێتەوە.

ئەم وتارە لە ژمارە (1)ى ساڵنامەى "بەرەو یەکى ئایار"ى ساڵى 2018 دا بڵاوبۆتەوە.

No comments:

Post a Comment