My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 8 April 2018

زێدە-واقیعى

چەند یاداشتێک دەربارەى فەزاى مەجازى

هاوار محەمەد


1- مادەى ڕەش:
فەیلەسوفى فەرەنسى "ژان بۆدریار" لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا حیکایەتى کەسێک دەگێڕێتەوە بە ناوى "ئیشى" (Ishi). ئیشى سەر بە دانیشتووانە ڕەسەنەکەى ئەمریکایە و دوایین هیندییە لە خێڵەکەى خۆى کە ڕادەگوێزرێت بۆ شارى سان فرانسیسکۆ. ئیشى سەرى سوڕدەمێنێت لە دیمەنى ئەم گەلە خەڵکە زۆرەى کە لەوێ دەیانبیێت، وێنەى گەورەیى شارەکە و قەرەباڵغى و ڕێژەى زۆرى دانیشووان دەیگەیەننە ئەو بڕوایەى کە هەموو ئەو کەسانەیش وا پێشتر مردوون، هاتوون لەم شارە نیشتەجێ بوون. مردووەکان دەچنە نێوان زیندووەکانەوە و مەودایان لە یەکترى بۆ دەهێڵنەوە. بەمجۆرە زیندووەکان و مردووەکان بە پاڵ یەکترییەوە دەژین. ئەگەر مردووەکان دەربکەینە دەرەوە، ئەوا خەڵکى ئەوەندە تێکەڵ دەبن و لە یەکترى نزیک دەبنەوە کە ناتوانن یەکترى ببینن، لە زێدە-ئاشنایەتیدا بە یەکترى نامۆ دەبن و "ئەویترێتى"ـیان نامێنێت؛ ئەمەیش واتە هەمووان بە یەکترییەوە دەنووسێن، دەبنە یەک پارچە و بارستە؛ هەموو شتێک دەچێتە نێو شتێکەوە تاوەکو ئەم کوتلەیە لە قورسیدا بەسەر خۆیدا دادەڕمێت.
 بەم جۆرە ئەوەى پەیوەندیى نێوان زیندووەکان ڕادەگرێت مردووەکانن. بۆدریار زیندووەکان وەک میتافۆڕێک بۆ "واقیع" بەکاردەهێنێت, بەڵام واقیعێک کە بەهۆى مەجازەوە بۆتە زێدە-واقیعى (hyperreality). ئەم "مەجاز"ەیش مردووەکان نین، بەڵکو بە پێچەوانەوە مەجاز ڕێک ئەوەیە کە مردووەکان دەکاتە دەرەوە و مەوداکان دەسڕێتەوە. بە بڕواى بۆدریار لێکدژییەکى ڕەها لەنێوان واقیع و مەجازدا بوونى نییە. پەیوەندیى ئەم دووانە دیالەکتیکى نییە، بۆیە فراوانبوونى فەزاى مەجازى لەبرى ئەوەى واقیع هەڵبوەشێنێتەوە، ڕایدەکێشێت. پتر واقیع چەند هێندە دەکاتەوە و واقیع خێرا دەکات تاوەکو لە خێرایى خۆیدا دەبێتە تیشک. واقیع-مەجاز پێکەوە و لە تێکەڵبوونیاندا واتە زێدە-واقیعى. ئەم زێدە-واقیعییە لەمڕۆدا تۆڕەکانى ئینتەرنێت، سۆشیال میدیا، شەپۆلى مانگە دەستکردەکان، دیجیتاڵ بەرهەمیان هێناوە، ئەمانەیش سەرلەبەرى پەیوەندییەکانى ئێمەیان داڕشتۆتەوە. فەزاى مەجازى مەوداى بەرجەستەى نێوان مرۆڤەکانى سڕیووەتەوە، مردووەکانى تەراندووە؛ هەمووان هێند بەیەکتر ئاشنا دەکات کە چیتر ئاشنایەتییەک بوونى نامێنێت، چونکە ئاشنایەتى لەو مەودایەدا دروست دەبێت کە مردووەکانى تێدایە؛ هێند جیهانیش شەفاف دەکاتەوە کە لە شەفافییەتدا شیرازەى نامێنێت و بەسەر خۆیدا هەرەس دێنێت، چونکە شیرازە واتە هەبوونى مەودا و هاوسەنگیى نێوان هەمەجۆرییەکان و ڕەگەزە نا-لێکچووەکان، سڕینەوەى نا-لێکچوویى واتاى تووندوتۆڵبوونى شیرازە نییە، بەڵکو ڕێک هەڵوەشانەوەى شیرازەیە. لەمڕۆدا هەمووان وەکو یەکمان لێدێت و یەکترى دووپات دەکەینەوە. عەشق و ژوورى نووستن و کۆندۆم و تاتۆى شوێنە هەستیارەکانیشمان هەر دەچنە نێو فەزاى مەجازییەوە، بەم جۆرە نهێنیشمان نامێنێت. بە کورتى فەزاى مەجازى هەموومان بەیەکترییەوە دەنووسێنێت، غەریبە و نەناس و ئەویتر دەسڕێتەوە، وەک بڵێی هیچ مەودایەک لەنێوانماندا نەماوە تاوەکو دەرفەتى ئەوەمان پێبدات وەک "ئەویتر" لە یەکتر بڕوانین. ئایا دەتوانین بە یەکجاریى ئەم کەلێنە بسڕینەوە و مردووەکان ڕاوبنێین؟ لاى بۆدریار ئەم مەودایە هیچ نییە جگە لە نوقسانییەکى بنەڕەتى کە لە کۆنەوە جیهانى ڕاگرتووە، هیچ نییە جگە لە بەتاڵییەک کە ئەو، بە سوودوەرگرتن لە فیزیا، ناوى لێدەنێت "مادەى تاریک" یان "ماتەرى ڕەش" (dark matter), بۆشاییەکى بێ ڕەنگ وەک ڕاگرى خودى ماتریاڵ، ماتریاڵى سپى؛ 
ئەم ماتەرە ڕەشە خۆى دژ بە هەڵپەى شەفافبوونەوەى یەکجارەکییە، دژ بە خۆشگوزەرانى ڕەهایە، دژ بە کامڵێتى و پێرفێکشنە، بەڵام سەرچاوەى گۆڕانکارییشە. دنیاى ئێستاى سەرمایەدارى لە هەموو بوارەکاندا دەیەوێت بگاتە ڕادەى تێربوون، دەیەوێت چاکەى گشتى ]سیستەمى لیبراڵى[ لە هەموو گەردووندا جاڕ بدات تاوەکو کۆتایى ڕابگەیەنێت، بەڵام ئەوەتا خۆى بەرەو کۆتاییهێنان بە جیهان دەڕوات. سەرمایەدارى شەهوەتى خۆى بۆ ڕەواندنەى ئەم تاریکاییە بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام نایشتوانێت بەر بە کارەساتەکانى ئەم کارەى بگرێت؛ بەم جۆرە هەتا مادەى تاریک کەمتر بکرێتەوە جیهانیش شێواوتر دەبێت.

2- غولەکان سەما ناکەن:
میشێل فۆکۆ لە وتارێکیدا ئاماژەیەکى خێرا و سەرپێى بەوە دەدات کە جەستەى غولەکان و جەستەى سەماکارەکان هەردووکیان دەیانەوێت زۆرترین فەزا داگیر بکەن.. بەڵام فۆکۆ ڕەنگە بەهۆى ئەوەى نەیویستووە لەسەر ئەم ئایدیایە زۆر بمێنێتەوە، لەبیریچووە پێمانبڵێت یەکەمیان وەک واقیع داگیرى دەکات و دووەمیان وەک مەجاز. غولەکان جەستەیەکى ئاوساو و قەبەیان هەیە، زیاتر لەشێوەى باڵۆن گەورە دەبن، دەیانەوێت زۆرترین ڕووبەر لە فەزا داپۆشن، جەستەى قەبەیش ڕاستەوانەیە لەگەڵ کەمبوونەوەى تواناى جوڵە و خێرایی، بۆیە پتر جێگیرن، بەڵام جەستەى سەماکەر جەستەیەکى لاستیکییە و دەکشێت، بە جووڵە و سووڕانەوە و هەنگاوەکان سنوورى خۆى گەورەتر دەکات، فەزا دەکات بە ڕووبەرى شوێنپێ و خێرایى، سەماکەر ناتوانێت لە جێیەکدا بمێنێتەوە و ئۆقرە بگرێت. بۆ یەکەمیان شوێن سەنتراڵە و بۆ دووەمیان کات. سەردەمى مۆدێرنە سەردەمى غولەکان بوو، سەردەمى کارگەى قەبە و شارى سەنتەرى و حیکایەتى گەورە بوو کە لە دواجاردا گەیشت بە سەرکردە گەورەکان و ڕەگەزە سەردەستەکان، گەیشت بە کەمپەکان و تۆتالیتاریزم. هاوکات سەردەمى شۆڕشى گەورە و ڕەخنەى گەورە و ئومێدى گەورەیش بوو: "شا دال" یان "مەدلولى گەورە". سەردەمى ئێستامان، بە مانایەک کۆمەڵگەى پۆستمۆدێرن، سەردەمى سەماکەرەکانە (دال بۆ دال)، سەردەمى فەزاى مەجازییە کە لە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان و تەکنۆلۆژیاى زانیاریدا خۆى دەنوێنێتەوە، سەرى لە بچووککردنەوەى جیهان و چەکى کۆمپیوتەرى و (بە گوزارشتى بۆدریار) جەنگى بێ-جەنگەوە دەرچووە، کە مەترسیدارترە لە جەنگ. بەڵام وەک چۆن لە سەردەمى غولەکاندا دژ بە جەستە زەبەلاحەکان، بەرەنگاریى زەبەلاحییش بەرهەم هات، ڕەنگە لە سەردەمى سەماکەرەکانیشدا، دژ بە جەستە خێراکان، بەرەنگاریى خێرا بەرهەم بێت. سەما دەتوانێت لە بەرەنگارییشدا هەر سەما بێت. بە بڕواى هەندێک لەوانەى کە حەزیان لە حیکایەتە گەورەکانە، ئەم سەمایانە گەر بەرەنگارییش بن هێشتا ڕزگارمان ناکەن، چونکە جوزئی و لۆکاڵین. بەڵام فیلیکس گواتارى باسى لە کۆبوونەوەى هەموو سەماکەرەکان دەکرد، هەموو وردە بەرەنگارى و شۆڕشەکان. ئەم کۆبوونەوەیە بە ماناى کوتلە نییە. غول کوتلەیە و بەسەر خۆیدا دادەڕمێت، مەگەر سەما ڕزگارى بکات، بۆیە پرسە نۆستالژیا نییە بۆ سەردەمى غولەکان، بەڵکو ئەم ئەوەیە چۆن سەما هەمەجۆرەکان کۆببنەوە، ئەمەیش واتە ئەم پرسیارە: ئایا چەپ دەتوانێت غولێکى سەماکار بەرهەم بهێنێت؟ ئێستا وا باشترە لە جیاتى ئەوەی چەپ، بەناوى پێشکەوتنخوازییەوە کە لە خۆیدا کۆنەپارێزانە، هەر بیرى لاى شتە قەبەکان بێت، بیر لە ستراتیژى ئاوێزانبوون و کۆبوونەوەى ئاستە وردەکان بکاتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە ناهێڵێت تەواو لۆکاڵى و جوزئی بن، هەر بەو جۆرەى کە گشتى و تۆتاڵیتەیش نین. چەپ چیتر ناتوانێت بە "ڕەش-سپى" بدوێت، گرنگە بیر لەوە بکاتەوە چۆن ڕەنگەکانى ئاوێزە لە پێکهاتەیەکدا کۆبکاتەوە.

3- کۆتایى ڕۆشنبیرى ئاڤانگارد:
پەیوەندیى نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات یەکێکە لە کێشە ئاڵۆزەکانى مەسەلەى ڕۆشنبیر، بە تایبەتیش لە ساڵانى حەفتاکان بەدواوە تەمومژێکى زۆر دەورى گرتووە. بە گوێرەى تێزى ئێدوار سەعید ''ڕۆشنبیر دەبێت حەقیقەت بە دەسەڵات بڵێت''. لە ڕاستیدا لەمڕۆدا هەر سێ وشە سەرەکییەکەى نێو ئەم تێزە "ڕۆشنبیر, حەقیقەت، دەسەڵات" خۆیان ناڕوونن و خوێندنەوە نوێیەکان بۆ هەریەکێکیان، ئەم تێزەى ئێدوارد سەعیدیان ئێجگار لاواز کردووە، ئەگەر پووچەڵیشیان نەکردبێتەوە. کێشەکە ئەمەیە: ڕۆشنبیر خۆى مەرج نییە خاوەنى حەقیقەت بێت تا بە سەدەڵاتى بڵێت، مەرجیش نییە خۆیشى دەسەڵات بەرجەستە نەکاتەوە، مەرجیش نییە دەسەڵات دیار بێت تاوەکو ڕۆشنبیر حەقیقەتى پێ بڵێت.
تێزێکى دیکە: ڕۆشنبیران ئاڤانگاردى کۆمەڵگەن. ئەم تێزە زیاتر لینینییە و هەتا سەردەمى جەنگى جیهانیى دووەم بە دروستى مایەوە، لەدواى ئەوەیش تا شۆڕشى ئایارى 68، بە تایبەت لە ڕێگەى تێگەى "ڕۆشنبیرى مولتەزیم"ـى سارتەرەوە درێژکرایەوە. لەوە بەدوا ئەم تێزە کەوتە بەر هێرش، پێشتریش فرانکفۆرتییەکان ڕەخنەیان لێگرتبوو. هێشتا تا ئەمڕۆش ئەم دروشمە لەسەر زارى چەپى ئەرسۆدۆکس هەر ماوەتەوە، چونکە بۆ ئەوان هێشتایش "هۆشیارى" مەسەلەى بنەڕەتییە. چینى کرێکار دەبێت هۆشیار بکرێتەوە!
بەهەرحاڵ، وێڕاى هەموو ئەو زەبرانەى دیکە کە بەر ئەم تێزە کەوتووە، ڕەنگە هیچ یەکێکیان هێندەى فەزاى مەجازى بەشدار نەبووبێت لە تێکشکاندنى پێگەى ڕۆشنبیرى ئاڤانگارددا، هەر بەو جۆرەى ئەم فەزایە پێگەى ڕۆشنبیرى ئەرستۆکراتیشى تێکشکاند. بە یەکجار چەمکەکانى وەکو بلیمەتى، کاریزما، ڕەسەن، پاکژى، حەقیقەت، بەرپرسیارێتى، شاعیربوون، نووسەرى مەزن، ئەدەبى باڵا و هیتر سەنگ و قورسایى جارانیان نەما. پێشتر ئاڤانگارد، بەهۆى ئەمانەوە، ئاورایەک لە دەورى خەرمانەى دابوو، عەباى مەعریفە و ڕابەرایەتى و ئیلتیزامى بەسەر شانەوەبوو. ڕۆشنبیرى ئاڤانگارد هۆشیاریى بە کۆمەڵگەى نا-هۆشیار و چینى چەوساوە دەدا و نوێنەرى دۆزى ڕەوا و حەقیقەت بوو، دەبوو ئاستى هۆشیارى کۆمەڵگە و گروپەکان بەرز بکاتەوە و بەرەو زانین و بڕوا و ئامانج ئاراستەیان بکات: ئەو لە هەمووان زیاترى دەزانى. بەم جۆرە پێگەیەکى هەبوو کە بەرامبەر تیۆر و پراکتیک بەرپرسیارى دەکرد. لە سەردەمى تەکنۆلۆژیاى زانیاریدا ئەم شەبەنگە دەڕەوێتەوە؛ زانیاریى دەبێتە شتێک لە بەردەستى هەموواندا, کەرەستەکانى خوێندنەوە و نووسینیش دەبنە کەرەستەى هەمووان. چاپخانەکانیش چیتر ناتوانن ڕێ لە بڵاوبوونەوەى "بەرهەمە خراپەکان" بگرن. کتێبخانەکان دەبنە ئەلیکترۆنى و هەموو کەسێکیش مافى ئەوەى هەیە لەسەر هەموو شتێک قسە بکات. بە مانایەک هەمووان دەتوانن ڕاى خۆیان بڵێن. سۆشیال میدیا بە ڕادەیەکى زۆر جێگاى ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ دەگرێتەوە، یان هیچ نەبێ هەژموونیان تێکدەشێکێت، لە هەموویشیان کاریگەرتر تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووکە. فەیسبووک دەبێتە پێگەیەک لەبەردەستى هەموواندا کە پێگە سەنتراڵییەکانى ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن، واتە پانتایى ڕۆشنبیران، لاواز دەکات. لەم پێگەیەوە چیتر فیلتەرى بڵاوکراوەکان نووسین و گوتەکان ناپاڵێوێت، خەڵکییش بۆ نووسین پێویستیان بە خوێندنەوە و شەونوخونى زۆر نابێت، بە مانایەکى تر فەیسبووک پتر دەبێتە شوێنى قسەکردن، یان نووسینەوەى قسە نەک نووسینەوەى نووسین، بەڵام ئەمە نووسینیش خۆى بەرە بەرە لەو فۆڕمە خوداییەى خۆى دوور دەکەوێتەوە. کەوایە هەنگاوێکیش زیاتر لە لاوازکردنى پێگەى ڕۆشنبیر دەڕوات و دەگاتە لاوازکردنى پێگەى خودى نووسینیش، لەبرى ئەوە "وێنە" دادەبارێت. پۆستى فیسبووک هەروەک چۆن دەیەوێت جێگاى بڵاوکردنەوە بگرێتەوە، هەر بەو جۆرە دەیەوێت سیحرى وتاریش بەتاڵ بکاتەوە. لە فیسبووکدا هەر کەسێک دەتوانێت "نووسەربێت لە خۆیدا" و بیشبێتە "نووسەر بۆ خۆى". لایک و کۆمێنت و چاتیش جێگاى نامەى کاغەز دەگرنەوە، کە بەشێک بوو لە ئەدەبى ڕۆشنبیران.

4-  Befor/ After
وا دابنێ لە ژوورەکەتدا دوو ئاوێنە بە تەنیشتى یەکترییەوە هەیە، یەکێکیان ئاوێنەیەکى شەرەنگێزە و وێنەى شێواوى خۆتت بۆ دەنێرێتەوە, ئەویتریان سیحرییە و ئێجگار جوان پیشانت دەدات، واتە لە ئاوێنەى شاژنى حیکایەتى کچە بەفرینە دەچێت و هەموو جارێک دڵنیات دەکاتەوە تۆ دەکرێت جوانترین بیت. یەک، باوەڕ بە کامیان دەکەیت؟ دوو، چ هەستێکت بۆ دروست دەبێت؟ گەر بتەوێ باوەڕ بەوەى یەکەمیان بکەیت، ئەوا لە بەراوردى هەردووکیاندا هەستکردن بە نوقسانیت بۆ دروست دەبێت، گەر بتەوێ باوەڕ بەوەى دووەمیان بکەیت، لە بەراورددا بەوەى یەکەمیان، خۆتت تووشى تەوەهوم کردووە. ڕێگەى سێیەم هەیە، ئەویش ئەوەیە باوەڕ بەوەى یەکەمیان بکەیت و بتەوێت بەوەى دووەمیان بگەیت، واتە لە ئاوێنەى یەکەمەوە بپەڕیتەوە بۆ نێو ئاوێنەى دووەم. بەم مانایە ئاوێنەى دووەم هیچ نییە جگە لە دروستکردنى نەقسى دەستکرد لە ئاوێنەى یەکەمدا، ئینجا بەرهەمهێنانى خواست بۆ پڕکردنەوەى ئەم نوقسانییە لەڕێگەى ئاوێنەى دووەمەوە.
لەمڕۆدا میدیا ڕێک بەم ستراتیژییەتە کار دەکات. لە ڕاستیدا ئەوە ئاوێنە نییە لە ژوورەکەتدایە، بەڵکو شاشەى تەلەفزیۆنەکەتە کە بۆت دەکرێت بە دووبەشەوە. لاى ڕاست ڕوخسارێکى ناڕێک و پەڵەپەڵە و زیپکاوى و چرچ و لۆچت پیشان دەدات و لە سەرى نووسراوە (Befor)  و لاى چەپیش ڕوخسارێکى پێرفێکت و ئایدیاڵیت پیشان دەدات و لەسەرى نووسراوە (After). پێت دەڵێت تۆ ئێستا لەلاى ڕاستتدایت، بپەڕەوە بۆ لاى چەپ. بەڵام پێش و پاش چى؟ پێش و باش بەکارهێنانى هەندێک مادە و دەرمانى جوانکارى، پێش جوانکارى و تەجمیلى سەنتەرە پزیشکییە نێو دەوڵەتییەکان.

5- نامەى سەرمۆر:
تا پێش هاتنى تەکنۆلۆژیاى پەیوەندیگیرى و تۆڕى نێت، یەکێک لەو شتانەى کە دەستبۆنەبراو مابوویەوە نامەى شەخسى بوو. ئەم جۆرە نامەیە حەرەم و ئاوراى خۆى هەبوو کە تەنانەت دەوڵەتیش لە کاتى زۆر پێویست و گوماناوی، یان لە دۆخى ئاوارتە و ناسەقامگیریى بارى ئاساییشدا نەبووایە بۆى نەبوو مۆرەکەى بشکێنێت، بیکاتەوە و ناوەڕۆکەکەى کەشف بکات. لەمڕۆدا ئیمەیل و چات جێگاى نامەى شەخستییان گرتۆتەوە و ئەو سیحرەیان بەتاڵ کردۆتەوە کە نامەى شەخسى هەیبوو، ناوەڕۆکى ئەم چات و ئیمەیلانەیش لە بەردەستى کۆمپانیا و دەزگا سیخوڕییەکاندان و هەرچۆن بیانەوێت دەتوانن تەماشایان بکەن، چونکە بوونى پاسۆرد لەسەر ئەکاونتەکانمان تەنیا پاسۆردە بۆ کەسانى دەوروبەرمان نەک دەزگا سیخوڕییەکان، بۆیە پاسۆرد هەرگیز بە نهێنى نامێنێتەوە و نابرێتە ژێر گڵ. ئەو کاتەى کە چاتێک لەگەڵ کەسێکى تایبەتیدا دەکەیت و دەیشاریتەوە (واتە "هایدن"ى دەکەیت) ئەوە لە هەموویان زیاتر کەشف دەبێ، چونکە هایدنى چاتەکە بە ماناى ئەوەى ئەمەیان تایبەتە و نابێ کەشف ببێ، بۆیە دەزگاکان ئاسانتر دەتوانن بزانن کام چات و نامەیە لە هەمووان هەستیارترە, بەم جۆرە ئێمە خۆمان نیشانەى کەشف لە چات و نامەکانمان دەدەین. بە دیوێکى دیکەیشدا، نامە بەشێک لە یادەوەرى و چاوەڕوانییەکانى ئەو کەسانەى پێکدەهێنا کە نامەگۆڕینەوەیان دەکرد، ئەمە بۆ عەشقان نووسەران و ئەدیبان، بۆ سەربازەکان لە جەنگ و خانەوادەکانیان، بۆ زیندانیەکان، بۆ کارى سیاسى و سەرکردەکان بەشێک بوو لە ئەزموون و ژیاننامە کە دواجار دیکۆمێنت دەکران. چات لە یادەوەرییدا نامێنێتەوە، نووسێنێکى بێ یادەوەرییە و بە دەگمەنیش دەبێتە بەشێک لە ژیانى ئەدەبى و فیکرى و سیاسى کەسێک. لە ڕووى فۆڕمیشەوە، چات ئێستاتیکاى نامەى تێکشکاندووە. هەندێک کەرەستە و شێواز هەبوون کە فۆڕمى نامەکەیان دادەڕشت، بۆ نموونە واژوو، ڕێکەوت، دەستنووس، ڕەنگى مرەکەب و هیتر، جۆرێک یەکپارچەیى و هەڕەمییەتیشى بە ناوەڕۆکێکى پڕەوە پێوە دیار بوو؛ پەیوەندییەکى ناوەکیى ڕستەکان و بڕگەکانى پێکەوە دەبەستەوە و بە دەگمەن لە نامەیەکدا زیاتر لە دوو بابەتى جیاواز باسدەکرا. چات خۆى چوارچێوە و کڵێشەى لە سایتەکەدا بۆ دیزاین کراوە، هاوکات لە ڕستەى کورت و خێرا پێکهاتووە، کە پەیوەندییەکى یەکپارچەیان بە یەکترییەوە نییە، لە هەر ساتێکیشدا دەشێت بابەتێک جێبهێڵرێت و باز بدرێت بۆ سەر بابەتێکى تر. نامەى شەخسى کۆتاییەکى هەبوو، بە ناچارى دەبوو نوقتەى کۆتایى دابنرێت، بە مانایەکیتر لە نامەدا "ئابووریى لە زماندا" هەبوو، واتە دەستگرتن بە قسەوە؛ ناردن و گەیشتنیشى ڕیسک و چاوەڕوانیى تێدابوو. بەڵام چات تا ناکۆتا درێژ دەبێتەوە، ئەگەر جەبرى کات نەبێت ناتوانیت لەگەڵ ئەویتردا لە شوێنێکدا بوەستیت، دەتوانیت بێ پچڕان بدوێیت و هیچ چاوەڕوانى و ڕیسکێکیش لە ئارادا نییە، یەکسەر دەگات. دواجار نامەى شەخسى دەشیا نەگات، بەڵام کە دەگەیشت وەک خۆى دەگەیشت؛ ئێستا نامەى ئەلیکترۆنى بە دڵنیاییەوە یەکسەر دەگات، بەڵام هیچ کات وەک خۆى ناگات، چونکە زمان دەسووێت و زۆر وتنیش دەبێتە بەدحاڵیبوون.

6- لەناو داینەسورەکاندا:
کەسانێک لە ناکاو خۆیان لە دارستانێکدا دەبیننەوە، داینەسورەکان بەملاولایاندا فڕکە فڕکیان دێ، دێن و دەچن و شەڕ دەکەن، لەهەموو خراپتر شاڵاویان بۆ دێنن و دەیانەوێت پەلاماریان بدەن، ئەمان هیچ چارەیەکیان نییە جگە لەوەى ترسى مەرگیان لی بنیشێت و هەڵبێن، لە ناکاو عەینەکى تەلەفزیۆنە 3Dـەکە لادەبەن و هەناسەى ئارامى هەڵدەکێشن "ئۆى، خۆ ئەمە ڕاستەقینە نەبوو، بەڵام ڕێک لە ڕاستى دەچوو", هەر بەو جۆرەى کە لە خەوندا لە شوێنکى بەرزەوە دەکەوینە خوارەوە، یان مارێک پێوەمان دەدات، بەڵام تا بەخەبەر نەیەین نازانین خەونە، بۆیە کاتێک لە ناکاو ڕادەچڵەکێین دەڵێین بەختەوەرین کە "ڕاست نەبوو" یان بە پێچەوانەوە. خەونیش دنیاى مەجازییە، هەر وەکو تەلەفزیۆنى 3D. چۆن بە تەواوى خەون وەهم نییە، مەجازیش وەهم نییە، بەڵکو پانتایى ئاوێتەبوونى وەهم و واقیعە. مەجاز ئەو سنوورى واقیع و وەهم هەڵدەگرێت، واقیعیش لەخۆیدا هەڵدەمژێت، لە دوایین سنووریشدا واقیع واقیعیتر دەکاتەوە: دیسان زێدە-واقیع. بۆیە تەنیا دواى بەخەبەربوونەوە دەتوانین بڵێین "لە ڕاستى دەچوو"، بەڵام داخۆ دەتوانین هەرگیز لە دنیاى مەجازیدا بەخەر بێین؟ ئایا دەتوانین لە مەجاز بێینە دەرەوە؟ مەجاز نایەوێت لاسایى واقیع بکاتەوە، بۆیە "لەبەرگرتنەوە"ى بێشوومارى واقیع، خودى واقیع دەکاتە "زڕە وێنە" ]سیمولاکرا[ى خۆى، واتە دەیکاتەوە بە کۆپیى کۆپییەکانى، بەم جۆرە لە ئەسڵ و ئۆرگیناڵ دەکەوێت. ئەمەیش وا دەکات کاتێک عەینەکى تەلەفزیۆنەکەیش لادەبەین هێشتا نەهاتووینەتە دەرەوەى مەجاز، بەخێرایى دەچینەوە نێو مەجازێکى تر، هەر بەو جۆرەى لە فیسبووک دێینە دەرەوە و دەچینە نێو ئینستاگرام. بەڵام هێشتا ئەوەندەیش نا، بەڵکو کە دنیا خۆى دەبێتە دنیاى دیجیتاڵى، ئیدى تۆ دەبیتە کۆدێک لەنێو ئەم دنیایەدا. تۆ خۆت دەبیتە کۆد و پاسۆرد و ژمارە و ئەکاونت، پەیوەندى و عەشق و سێکس و پێکەنین و گریان و سەرجەم ئەزموونە ڕاستەقینەکانى دیکەیش هەر لەنێو وێنە و کەرەستە و ئیمکانەکانى ئەم دنیایەدا مومارەسە دەکەیت. تێزەکە لە دوا سنوورى ڕەشبینیناى خۆیدا ئاواى لێدێت: ڕاستى لە خەون دەچێت. بەڵام ئەم تێزە هەڵەیە، چونکە جێگۆڕکێ بە ڕۆڵى خەون و ڕاستى دەکرێت، ئەو کاتە دەتوانین لەگەڵ فرۆیددا و دژ بە فرۆید بڵێین: چەپێنراو بە ڕێگاى خەوندا نایەتەوە، بەڵکو بە ڕێگاى ڕاستیدا دێتەوە. کەواتە گەڕاوینەتەوە بۆ دیکارت بە شیکاریى فرۆید. ئیدى لە جیاتى ئەوەى بە خەون تەفسیرى ڕاستى بکەین، بە ڕاستى تەفسیرى خەون دەکەین. دروستتر ئەوەیە بڵێین لە دنیاى ئەمڕۆدا خەون و ڕاستییش بەرهەم دەهێنرێن. چیتر خەون و ڕاستى یەکترى تەفسیر ناکەن، بەڵکو هەردووکیان زێدە-واقیع تەفسیر دەکەن.
ئێمە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەردەمى داینەسۆرەکان و بچینە نێو جیهانەکەیانەوە، لە ژوورەکەى خۆمانەوە سەرفەر بکەین نەک بە شوێندا، بەڵکو بە کاتیشدا. بەم جۆرە کات و شوێن مەجازى دەبنەوە و چیتر ناتوانن بە ڕەهایى سنوورە ڕەق و پتەوەکانى خۆیان بپارێزن. بە دیوێکى تریشدا، جیهانى خەون و جیهانى واقیع چیتر وەک سەردەمى مۆدێرنە و هەتا فرۆیدیش هێندە دوورلەیەک نین کە تەنیا لە ڕێگەى تەفسیر و لێکدانەوەوە خەون بتوانێت شتێک لەسەر واقیع بڵێت. ڕەنگە نەتوانین بە ئاسانى ئەو تێزەى فرۆید پوچەڵ بکەینەوە کە دەڵێت "نائاگایى ئەبەدییە", بەڵام دەتوانین بڵێین لەمڕۆدا ماناى نائاگایى و خەونیش گۆڕاوە و پەیوەندییەکەیشیان بە واقیعەوە هەمان پەیوەندى پێشوو نییە. لە سەردەمى سەرمایەداریى پۆستمۆدێرندا، نائاگایى دەستکرد و دەرە خێزان دروست دەبێت، دێریدا گوتەنییش "هەمیشە لە یەک زیاتر بوونى هەیە"، لێرەدا زیاتر لە یەک نائاگاییمان هەیە، بەمجۆرە خەونیش مەرج نییە گەڕانەوەى چەپێنراو بێت، بەڵکو لە ڕێگەى تەکنۆلۆژیاى پێشکەتووەوە بەرهەم دەهێنرێت.

7- ئایکۆنەکان:
ئێستا سەردەمى ئایکۆنەکانە. وتنى ئەمەیش واتا کۆتایى سەردەمى پاڵەوانەکان، ڕێبەرە گەورەکان، کاریزماکان، بلیمەتەکان. لە دادا و سوریالیستەکانەوە تێدەگەین کە چیتر بەرهەمى ئەدەبییش موڵکى بلیمەتەکان نییە، شیعر ئەو کەسانە ناینوسن کە ئیلهامیان بۆ دێت و هەر بە سروشت شاعیرن، داهێنان لەو کەسانەوە نایەت کە بە خۆڕسک لە خوێنیاندایە. کاتێکیش دەڵێین سەردەمى پاڵەوانەکان و کاریزما و ڕێبەرە مەزنەکان کۆتایى هاتووە، بەو مانایەى چیتر هەلومەرجى کۆمەڵایەتى و ئەم واقیعەى وا مەجازیى بۆتەوە، ڕێگا بە دروستبوونیان نادات. بە قەولى زیگمۆند باومەن سەردەمى شتە ڕەق و تۆکمە و پتەوەکان بەسەرچوو، ئێستا هەموو شتێک لە دۆخى شلیدایە. گەر زیاتریش بڕۆین وەک مارکس دەڵێین 'هەر شتێک ڕەق خۆى پیشان بدات، بە هەڵم دەبێت' و با دەیبات. گەر هەولێک هەبێت بۆ "دروستکردن"ـەوەى ئەم بوونە پتەوانە (بۆ نموونە ڕابەرى کاریزمى)، ئەوا ئیمکانى نێو واقیع خۆى نییە، بەڵکو سەپاندنە بەسەر واقیعدا و بەمجۆرەیش دەبێت بە زۆرەملێ و سەرکوتدا بڕوات. هۆى ئەمە ئەوەیە لە ڕاستیدا ئەم سەردەمە هى ئایکۆنەکانە، ئایکۆن جێگاى کاریزماى گرتۆتەوە. ئایکۆنەکان پتر ئەستێرەکانن لە بوارى سینەما، گۆرانى، هونەر، وەرزش، مۆدێل و فاشن، کۆمیدیا..هیتر، وەک گەى دیبور دەڵێت ''ئەستێرەکان بۆ ئەوە هەن شێوازە جیاوازەکانى ژیان و شێوازەکانى تێگەیشتنى کۆمەڵگا بەرجەستە بکەن''. هەر بۆیە پێویستە ژیانى خۆیان وەک ژیانێکى پڕ و پێرفێکت، جوان و خۆشگوزەران دەربکەوێت تاوەکو ببێتە نموونەى تەماهیکردن و هاوشوناسى بۆ ئەوانیتر. ئەمەیش دەبێتە ڕێڕەوى ساغکردنەوەى کاڵاى کیچ و برەودان بە کولتوورى بەکاربەرى، لە ڕێگەى ڕیکلام و وێنە و پرۆگرامە تەلەفزیۆنەکان و سۆشیال میدیا و هەواڵە ڕۆژنامەگەرییەکانەوە لەبارەى خۆیان و ژیانیانەوە: چۆن دەژین، چى دەخۆن، چ دەرمانێک بەکاردێنن، چ مۆدێلێک جلوبەرگ دەپۆشن، ستایلەکانیان چۆن ڕێکخستووە، کێشیان چەندە و چ جوانکارییەکیان کردووە..هتد.
 تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەزاى مەجازى پانتاییەکى گەورەیە بۆ بە ئایکۆنەبوونى ئەم ئەستێرانە، ملیۆنان مرۆڤ لە سەرەتاپاى زەوییەوە لە پەیجەکانیاندا کۆ دەبنەوە، چاودێرییان دەکەن و وێنەکانیان و ئەپەکانیان داونلۆد دەکەن، ئەمەیش دەبێتە سەرچاوەیەکى خەیاڵى بۆ کۆبوونەوەى سەرمایە لە دەستى ئەم ئەستێرانەدا بە بێ ئەوەى تەنیا یەک کرێکاریشیان هەبێت. بۆ نموونە لە ساڵى 2016دا بنەماڵەى کارداشیان، خۆى و دەستە خوشکەکانى، تەنیا بە ئەپ و ڕیکلامەکان و وێنە ڕووتەکانى خۆیان کە بە گۆڤارە بەناوبانگەکانیان فرۆشتووە، نزیکەى 119 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبووە. نموونەیەکى دیکە: ئەو خەڵکەى لە کۆنسێرتێکى "مایکڵ جاکسۆن"دا کۆدەبوونەوە زۆر زیاتر بوو لە کۆبوونەوەى خەڵکان لە دەورى ڕابەڕێکى سیاسى. لە ئێستایشدا لە کەناراوەکانى هەندێک لە وڵاتە گەشتیارییەکاندا کۆنسێرت و فێستڤاڵى گۆرانى و سەرگەرمى لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ساز دەدرێت کە ملیۆنان کەس لە هەموو لایەکى دنیاوە تێیدا کۆدەبنەوە، بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک لەنێو کولتوورى بەرخۆریدا ڕۆدەچن، خۆیان ڕووت دەکەنەوە، شامپانیا دەپرژێنن، گۆرانى دەڵێن و مەلە دەکەن و خۆیان بە هەتاو دەدەن. بە کورتى ئەوەى لە ئێستادا تواناى کۆکردنەوەى خەڵکى هەیە، ئەوەى لە ئێستادا بە هاوکاریى ئەستیرەکان و ئایکۆنەکان دەتوانێت خەڵک کۆبکاتەوە, کولتوورى بەرخۆریی و سەرگەرمییە نەک سیاسەت. بەم مانایە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەم دۆخە سیاسەت زەرورەتە، سیاسەتیش کایەیەکى سەربەخۆ نییە تاوەکو دواجار بەسەر هەموو کایەکانى دیکەدا بیسەپێنین. میتا-سیاسەت دواجار کوشتنى هەر سیاسەتێکە. ڕەخنەگرتن لە کولتوور سیاسەتە، هەر بەو جۆرەى ڕەخنە لە ئابووریى سەرمایەداری سیاسەتە. لەمڕۆدا کە کولتوورى بەرخۆرى چۆتە هەموو پنتێکەوە، ئیدى بۆتە بەشێکى دانەبڕاو لە سیستەم، ڕەگەزێک بە پێى شێوازێکى پەیوەندیى دیاریکراو، ئاوێتەى سەرجەم ڕەگەزەکانى دیکە بووە. مادام سیستەم هەموو کایەیەکى داگیر کردووە، ئەوا سیاسەتیش دەتوانێت لە هەموو کایەیەکدا چالاک ببێت. پێویستە ڕەخنەى کولتوورى ڕەخنە بێت لەم کولتوورە مەسرەفگەرییە، بەو مانایەى ڕەخنەگرتن لە شێوازى بەکاربردن، جودا نابێتەوە لە ڕەخنەگرتن لە شێوازى بەرهەمهێنان. پێش هەموو شتێک سیاسەت لە "ڕەخنە"وە دروست دەبێت نەک لە سیاسەت خۆیەوە. مارکس کە ڕەخنە لە ئابووریى سیاسى دەگرێت، بەو مانایەیە درێژکردنەوەى ڕەخنەکە دەتوانێت ڕۆڵى سیاسیى ڕادیکاڵ بگێڕێت. هەموو پانتاییەک دەکرێت بکرێتە پانتایى ململانێ، یەکپارچەیى و ڕیتمەکەى بشێوێنرێت، هەموو شتێکیش دەتوانێت ببێتە کەرەستەى ئەم ململانێیە، ئیدى وێناکردنى سیاسەت وەک کایەیەکى چوارچێوەدار، بە تەڵقینى ئایدیۆلۆژى و دروشمى قەبە و مژدەى گەورە، هى سەردەمێکە کە زەمەنى بەسەرچووە، واتە لەم سەردەمەدا مەگەر تەنیا بگاتە دیسپۆتیزم، دەنا بەهیچ کوێ ناگات. سیاسەت بریتى نییە لە پەنابردنەوە بۆ تیۆرى کامڵ و کەرەستەى حازربەدەست و میکانیزمە تەقلیدییەکانى وەکو حزبى گەورە و ڕابەرى کاریزمى و ڕێکخستنى ئاسنین، بەڵکو دەبێت لەنێو واقیع و کۆنتێکستەوە بۆ ئیمکانەکانى سیاسەت بگەڕێین، بەو مانایەى لە کەلێنەکانى واقیعدا ئیش بکەین و درزەکان گەورەتر بکەین. سیاسەت ئەو کەلێنەى بەرەنگارییە کە لە هەموو کایەکاندا هەیە، ئەرکى ڕادیکاڵ تەنیا دروستکردنى لینک و زمانى هاوبەشە لەنێوان ئەم وردە سیاسەتانەدا.

تێبینى: ئەو وتارە لە سایتى "دیدى من" بڵاوبۆتەوە. لینکى وتارەکە:

No comments:

Post a Comment