My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday, 28 February 2009

جیهان و شتەكان 1

خوێندنەوەیەک بۆ فەلسەفەى مارتن هایديگەر
بەشى یەکەم
وەرگێڕانى ئەم بەرهەمە پێشەکەشە بە "د. عیرفان مستەفا"
كلاوس هیڵد
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

 پێشەکى بۆ دەقەكە و نووسەرەكەی:
  ئەم وتارە كە لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرمانگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی (ئێمەش بۆ كوردی)، بریتییە لە دەقی وانەوتارێك كە پرۆفیسۆر Klaus Held ساڵی 1990 لە چەند كۆڕێكدا پێشكەشی كردووە و لە چوارچێوەی پەرتووكێكی دەستەجەمعیشدا بڵاوبۆتەوە كە Christoph Jamme و Karsten Harries لەژێر ناونیشانی "مارتن هایدیگەر، هونەر- سیاسەت- تەكنۆلۆژیا"دا، لە خانەی بڵاوكردنەوەی Wihelm Fink لە میونشن ساڵی 1992، لاپەڕە 319-333، دەریانكردووە.
     ئەم وانەوتارە هەوڵی ئەوە دەدات تێڕوانینێكی گشتی دەربارەى فەلسەفەکەی هایدیگەر بخاتەڕوو. وێڕای ئەوەشی كە ئاراستەی جەماوەرێكی بەرفراوانی ڕۆشنبیران كراوە، كەچی بەهایەكی زانستی و فەلسەفی گەورەش دەستەبەر دەكات، بەتایبەت كاردەكات بۆ دانانی فەلسەفەی هایدیگەر لە پەرێز (سیاق)ێكدا كە بە ڕوون و ڕۆشنی بایەخەكەی و وابەستەییەكەی بە پرسەكانی سەردەمەوە، زەق دەبێتەوە. دەكرێت ئەم دەقە بە دەروازەیەكی بەسوود دابنرێت كە كۆمەك بە خوێنەر دەكات بۆئەوەی بەشێوەیەكی دروست ڕووبكاتە خوێندنەوەی كتێبەكانی هایدیگەر. كلاوس هیڵد لە شیكارییەكانی هایدیگەرەوە لە دانراوە سەرەكییەكەیدا "بوون و کات"، دەسپێدەكات و ئەو پەیوەندی و هێڵە وردانەی وا بەیەكیان دەگەیەنێت، زەق دەكاتەوە، كە ئەستەمە خوێنەرێكی ئاسایی بتوانێت بیانناسێتەوە و پێیان بگات. لەسەرووی ئەوەشەوە، كاردەكات بۆ دەرخستنی ئەو ڕایەڵە قووڵ و شاراوانەی كە شیكارییەكانی "بوون و کات" بە فەلسەفەی قۆناغەكانی دواتری هایدیگەرەوە، گرێدەدەنەوە. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم تێڕوانینە خۆی كەلا دەخات لەوەى بکەوێتە نێو پیشاندان و خستنەڕوویەکى فۆڕماڵەوە، چونکە ئەمە قوربانی دەدات بەو ناوەڕۆكە فینۆمینۆلۆژییەی كە كلاوس هیڵد بە تووندی خۆی پێوە دەلكێنێت. 
     Klaus Held ساڵی 1936 لەدایك بووە. فەلسەفەی فیلۆلۆژیای كلاسیكی لە زانكۆكانی میونشن و فرایبۆرگ و بۆن و كۆلۆنیا، خوێند. ساڵی 1962 لەژێر سەرپەرشتی Ladwig Landgrebe ی یەكێك لە قوتابى و هاوكارە دیارەكانی هۆسرەڵ، تێزی دكتۆراكەی پێشكەش كرد. لە ساڵی 1974ەوە بەپلەی مامۆستای فەلسەفە لە زانكۆی Wuppertal كاردەكات، توێژینەوەكانی خۆی لە ژمارەیەك بواردا ئەنجام داوە گرنگترینیان فەلسەفەی یۆنانی، فەلسەفەی سیاسی و فینۆمینۆلۆژیا. یەكێك بووە لە بەشدارانی چاپکردنى زنجیرەی كۆی بەرهەمەكانی هایدیگەر. لە ساڵی 1987-1994 پۆستی سەرۆكی كۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ توێژینەوەی فینۆمینۆلۆژی پێدرا. حاڵی حازر كاردەكات بۆ داڕشتنی پرۆژەیەكی فینۆمینۆلۆژیی بۆ جیهانی سیاسی كە بنچینەكانی شیكاریی فینۆمینۆلۆژی لە هەریەكە لە هۆسرەڵ و هایدیگەر وەردەگرێت. لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانی بۆ ژمارەیەك زمان وەرگێڕدراون.

دەقەكە*:
     ساڵی ڕابردوو، لە هەموو جیهاندا، یادی سەد ساڵەی لەدایكبوونی مارتن هایدیگەر بەڕێوە چوو، كە زۆرێك بە گەورەترین بیرمەندی دادەنێن لەم سەدەیەی ئێمەدا**. هایدیگەر كۆمەڵێك كاری قەبەی لە بەردەم خوێنەردا جێهێشتووە، كە تا ئێستا، پەنجا كتێبی لێدەرچووە. بۆیە، خستنەڕووی تێڕوانینێكی گشتی سەبارەت بەم هەموو بەرهەمە لە یەك كاتژمێردا دەبێتە هەوڵێكی بێ‌ سوود و بێزاركەر. وەلێ‌ ڕەنگە بتوانم تەقەلای ئەوە بدەم شتێكی زیندوو لە ڕۆحی فەلسەفاندنی هایدیگەری ئامادە بكەم، ئەوەش بە دەستپێكردن لە كێشەیەكەوە، كە بەشێوەیەكی تایبەت، لەمڕۆدا جێمان پێ‌ لێژ دەكات، مەبەستیشم لە كێشەی وێرانكردنی ژینگەكەمانە[1] بەهۆی تەكنۆلۆژیا و پیشەسازییەوە.
     لە تاوتوێكردنی ئەم كێشەیەدا، دوو هەڵوێستی سەرەكی هەیە كە بەشێوەیەكی ڕیشەیی بەیەك ناكۆكن. لایەنی یەكەم مكووڕە لەسەرئەوەی كە، لەڕووی پرەنسیپەوە، مرۆڤ مافی خۆیەتی جیهان بگۆڕی بەو شێوەیەی كە دەیەوێت، بەڵام تەنیا ئەوەی لەسەرە كە بەئاگاتر و بە وریایی زیاترەوە، لەوەی تا ئێستا كردوویەتی، كار بكات بۆ وەلانانی ئەو شوێنەوارە زیانمەندانەی كە دەچنە ناو ژینگەوە. مرۆڤ، لەپەیوەندیدا بەم هەڵوێستەوە، بریتییە لە سەنتەر و خاوەنی ئەو جیهانەی كە دەیقۆزێتەوە و بەکارى دەهێنێت. بەڵام دژە بۆچوونی ئەمە، ڕێك بەرەنگاری ئەم سەنتەریبوونەی مرۆڤ دەبێتەوە؛ ئەم هەڵوێستە بانگەشەی ئەوە دەكات كە با چیتر مرۆڤ واز لەو پروپاگەندەیە بهێنێت كە ئەو سەنتەری جیهان دەنوێنێ‌ و، لەبری ئەوە، فێر ببێت كە چۆن لە سووڕە ئیكۆلۆژییەكاندا پلەبەند ببێت و چۆنیش ملكەچی ببێت. ئەوە مرۆڤ نییە كە دەبێت باڵادەست بێت، بەڵكو سروشتە. بەم جۆرە خۆمان لەبەردەم سروشتگەراییەكدا دەبینینەوە كە دژایەتی سەنتەریزمی مرۆڤ دەكات.
     بەگوێرەی بۆچوونی هایدیگەر، لەمڕۆدا مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسییەكدایە كە مەودایەكی جیهانیی هەیە: مرۆڤ لەسەرەڕێی ئەوەدایە كە، بەهۆی وێرانكردنی هەموو ئەو شتانەی كە لەسروشت دەكەونەوە لە جیهاندا، ببێتە بوونەوەرێكی بێ‌ نیشتمان[2]. لەبەرئەمە بۆكەسێك كە لە بازنەی سروشتگەراییدایە، باشتر وایە هایدیگەر بكاتە سەرچاوەی خۆی. بەڵام لێرەدا بابەتەكە پەیوەندی بە بەدحاڵیبوونەوە هەیە، چونكە مرۆڤسەنتەری ]هیومانیزم[ و سروشتگەرایی ]ناچراڵیزم[ لە چوارچێوەی تاوتوێكردنی كێشەی ژینگەدا هیچ نین جگە لە مۆركێكی نوێی گفتوگۆیەك كە بۆ ماوەیەكی درێژە فەلسەفەی سەردەمی مۆدێرن و كەلتورەكەی بەخۆیەوە خەریك كردووە.
     پەیدابوونى سەردەمی مۆدێرن دەگەڕێتەوە بۆ شتانێك لەوانە ئەوەیە كە مرۆڤ، لە ئاخروئۆخری سەدەكانی ناوەڕاستدا، متمانەی بە ڕژێمی سروشت وەك ئەوەی كە خودا ئافراندوویەتی، لەدەست دا، و بەم هۆیەشەوە دەستیدایە گەڕان بەدوای پنتێكی نوێی دڵنیاییدا. فەلسەفە ئەم پنتە دڵنیاییەی لەو یەقینەدا دۆزییەوە كە مرۆڤ بۆی هەیە گومان لە هەموو شتێك بكات تەنیا لە بوونی ئەو خودئاگاییەی نەبێت كە گومان دەكات. بەهۆی گەڕانەوە بۆ ناوەوەی ئاگایی، لای مرۆڤ جیهان دەبێتە بابەتێك كە لە سەرەتاوە وەك شتێكی نامۆ دەرگیری دەبێت. وەلێ‌ ئاگایی هێزی تێگەیشتنی بابەتەكە و خاوەندارێتییەكەی دابین دەكات. بەم جۆرەش مرۆڤ پێگەى سوبێکت داگیر دەكات، واتە جەمسەری مەرجەعیی دەرهەق بە جیهان. لە ڕووی بنەماوە، فەلسەفییانە دەكرێت وێنای دوو گریمانە بكەین بۆ پەڕینەوە لەو خەرەندەی كە سوبێکت لە جیهان، جیهان وەک ئوبێکت، جیا دەكاتەوە. گریمانەی یەكەم لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە جیهان وەك مەیدانی چالاكییەك دابنرێت كە مرۆڤ بۆ خۆی دروستی كردووە، لەپێناو ئەوەی هێزی خۆی تێيدا بچەسپێنێت؛ ئەم هەڵوێستە سەرەكییە سوبێکتیڤیزم دەیگرێتەبەر، كە لە چوارچێوەی تاوتوێكردنی كێشەی ژینگەدا، هیومانیزم بە میراتگرە نوێیەکەى دادەنرێت. هەرچی گریمانەكەی تریانە بریتییە لەوەی كە سوبێکت خۆی وەك پارچەیەك لە سروشت، واتە لە ئوبێکتە، دابنێت؛ ئەم سروشتگەراییەش سەرلەنوێ‌ لە چوارچێوەی كێشەی ژینگەدا دەردەکەوێتەوە، لە ئیکۆلۆژیزمدا خۆى دەنوێنێت.  
     ئەم دوو هەڵوێستە پێكەوە دەكەونە ناو دووانەی سوبێکت و ئوبێکتەوە، كە پەیوەستە بە سەردەمی مۆدێرنەوە. ناكرێت ڕێی تێبچێت كە هایدیگەر پشتگیری هیچ یەكێك لەم دوو هەڵوێستەی كردبێت، ئەوەش كتومت لەبەرئەوەی ئەو لەودیوی ئەم دووالیزمەوە بیری دەكردەوە. هەر بەوەش كتێبە سەرەكییەكەی "بوون و کات"[3]، كە ساڵی 1927 بڵاوی كردۆتەوە، دەست پێدەكات و بەسایەیەوە ناوبانگێكی گەورەی بەدەستهێنا. وابەستەیی ئاگایی سوبێکت، بە (سروشت وەك ئوبێکتێک)ەوە، بریتی نییە لە پەیوەندی ڕەسەنی مرۆڤ بە جیهانەوە، ئەم وابەستەبوونە هیچ نییە جگە لە نەوەیەكی ئەم دواییانەی پەیوەندییەكی ڕەسەنتر. ئەم پەیوەندییە ]ڕەسەنەیان[ لەكوێدا خۆی مەڵاس داوە؟
     ئەمەوێ‌ ئەم پرسیارە بە چەند هەنگاوێك، بە دەستپێكردن لە "بوون و کات"ەوە بۆ بیركردنەوەی هایدیگەر لە قۆناغی كۆتایی خۆیدا، چارەسەر بكەم. لەو میانەیەشەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە هایدیگەر بە چ واتایەك لەوبارەیەوە دەدوێت كە مرۆڤ لە جیهاندا نیشتمانی ون كردووە و، ئایا ئەو توانایەك دەبینێت بۆ ئەوەی كە جیهان سەرلەنوێ‌ مرۆڤە نیشتمانییەكەی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە؟
     زۆرجاران چەمكی "جیهان" بۆ ئاماژەدان بە هەمەكیبوونی شتەكان بەكاردەهێنین. جیهان لە شتەكان پێكدێت. خۆ ئەگەر لەو ناكۆكییەوە بڕوانین كە هزری نوێ‌ لەنێوان جەمسەری ئاگاییمان و جەمسەری جیهاندا بەرپای دەكات، ئەوا ئێمە ئەم وێنەیى دواترمان لەبارەی شتەكانەوە دەبێت: لەسەرەتاوە من لەوە دڵنیام كە خۆم هەم، لەبەرئەوە ناتوانم گومان لە خودی ئاگایی بكەم. وەلێ‌ گەڕانم بەدوای دڵنیاییدا دەمباتە دەرەوەی بواری ئاگایی خۆم. بۆ نموونە لەوێدا كورسییەك هەیە. هەموو جارێك لەویش دڵنیام، هەستەوەرەكانم (حواس) ئەو هەستەم بۆ دەگوازنەوە كە كورسییەكە بوونی هەیە، چونکە دەتوانم بیبینم و دەستی لێبدەم. كورسییەكە هەیە، ئەمە واتە: ئەو ئامادەیە[4] وەك بابەتێكی پەیپێبردن.
     خۆ ئەگەر لەمە دڵنیابوومەوە، ئەوا دەتوانم حوكم لە بارەی بابەتەكەوە بدەم، وەكو ئەوەی بڵێم: "كورسییەكە لەسووچەكەدا دانراوە" یان "كورسییەكە دەلەقێ‌". حوكمگەلێكی وەها لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبینینەوە، بەڵام، لە ئاستێكی بەرزتردا، لە جیهانیشدا هەمان حاڵەت بەرچاو دەكەوێت، ئەوەش كاتێك بۆ نموونە كە ڕووەكناسێك جۆری ئەو گوڵەی كە بەم دواییانە دۆزراوەتەوە، دیاریدەكات. ئەو گوڵەكە وەك ئوبێکتێک دەبینێت كە لە بەردەمیەوە دانراوە وئامادەیە، پاشان دەڵێ‌: "ئەم ڕووەكە سەر بە پۆلی گیاسالمەكانە". یان ئەم تێبینییە تۆمار دەكات: "درێژی ئەم جۆرە نوێیەی گیاسالمەكان دەگاتە دە سانتیمەتر". بابەتەكە لە نموونەی یەكەمدا پەیوەستە بە پۆلێنی گوڵەكەوە و، لە نموونەی دووەمیشدا بە وەسفكردنییەوە. لە بنەماوە دەردەكەوێت كە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا بە چۆنیەتییەكی جیاواز لەمە مامەڵە لەگەڵ شتەكاندا ناكات. مرۆڤ ئەوە تۆمار دەكات كە ئامادەیە و پۆلێنی دەكات، بۆ نموونە: "كورسییەكە لەوێدا دادەنرێت"، ئەوەش واتە: "ئەو پارچە لە شتومەك كە لەوێدایە سەر بە پۆلی كورسییەكانە"؛ یان وا وەسفی دەكات، بۆنموونە: "كورسییەكە دەلەقێت".
     بەڵام ئایا شتە ڕاستەقینەكان لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەم جۆرە تووشمان دەبن، واتە وەك کۆمەڵێک بابەتى ئامادە كە قابیلی پۆلێنكردن و وەسفكردنن؟ ئایا ڕاستە كە، لەڕووی پرەنسیپەوە، هیچ جیاوازییەك نییە لەنێوان جیهانی ژیانی ڕۆژانە و جیهان بەوپێیەی كە ئوبێکتێکە بۆ زانست، وەك چۆن ئەگەر بێتوو لە دووانەكی سوبێکت و ئوبێکتەوە بڕوانین پێویستە بۆچوونمان بەو جۆرە بێت؟ ئا لێرەدایە شیكارییە ڕەخنەییە نایابەكەی هایدیگەر كە لە "بوون و کات"دا ئەنجامی دەدات، دێتەگۆڕێ‌. ئەو پەیوەندییە چییە كە لە ژیانی ڕۆژانەدا بە شتەكانەوە گرێماندەداتەوە، ئەگەر بە بێ‌ حوكمدانی پێشوەختە وەسفمان كردن؟
     وا دەردەكەوێت ئەم پەیوەندییە هەمیشە لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە ئێمە شتەكان بۆ مەبەستێك لە مەبەستەكان بەكاردەهێنێن. بۆ نموونە ئێمە كورسییەكە بەكاردەهێنین بۆ دانیشتن، و كاتێكیش دەڵێین: "كورسییەكە دەلەقێت"، ئەوا ئەمە حوكمێكی وەسفی نییە، بەڵكو ئێمە دەمانەوێت بڵێین: "كورسییەكە بە كەڵكی بەكارهێنان نایەت"، ئەوەش لەبەرئەوەی لەقين لەكاتی دانیشتندا بێزارمان دەكات. بەم جۆرە ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەماندا لە كورسییەكە تێدەگەین نەك وەك بابەتێك كە دەمانەوێت حوكمگەلێكی بەسەردا بدەین، هەر وەك ئەوەی سروشتناسێك دەیكات، بەڵكو ئێمە تەنیا لە سۆنگەی بەكارهێنانەوە تێی دەگەین. بۆ نموونە ئێوە پێویستتان بە شتێكە تا لە ماوەی ئەم وانەوتارەدا بتوانن لە سەری دابنیشن، ئا لەم بواری بەكارهێنانەشدایە كورسییەكە لە بواری بینینی ئێوەدا دەردەكەوێت. بواری بەكارهێنان بریتییە لەوەی بڕیاردەدات كە كورسییەكە لای ئێمە دەبێتە چی، ئەو بوارەیە بوونی كورسییەكە دیاریدەكات. ئەم بوونە بوونی ئامادەگیانە بۆ پۆلێنكردن و وەسفكردن نییە، بەڵكو بوونێكە لەپێناو بەكارهێناندا. بەم جۆرەش دەكرێت كورسییەكە وەها بۆمان دەركەوێت كە زۆر یان كەم باشە بۆ بەكارهێنان. ئەگەر بەجۆرێكی هەستەكی گوزارشتی لێبكەین، باش یان خراپە (بۆ دەست)، هەروەك ئەوەی بەنیسبەت دەستمانەوە دەبێتە ئامرازێكی دەستەكی زۆر یان كەم باش. لەبەرئەمە هایدیگەر دەڵێ‌: بوونی شتەكان لە ژیانی ڕۆژانەماندا بوونی ئامادەگی (حضور) نییە، بەڵكو بریتییە لە بوون- بۆ دەست[5]. 
     جیهان بە تێڕوانین لە تێگەیشتنی ئەو شتانەوە دیاریدەكرێت كە لێیان پێكدێت. كەواتە جیهان دەبێتە چی، گەر بزانین بوونی شتەكان هەر لە سەرەتاوە و هەمیشە مۆركی بوون-بۆ-دەستیان هەیە؟ پەرێز (سیاق)ی بەكارهێنان كە بوونی ڕۆژانەی شتەكان دیاریدەكات بریتییە لە تۆڕێك لە مەبەستە زۆر و زەوەندەكان كە ناكرێت گەمارۆبدرێن و یەخسیر بكرێن و، بۆ بەدەستهێنانیشیان پێویستمان بە شتانێكی زۆر جۆراوجۆر هەیە. هەر شتێك لەم شتانە، بەچەند شێوەیەكی جیاواز لەم تۆڕەدا قایم و وابەستە كراون. هەموو مرۆڤێك لە پەرێزی بەكارهێناندا دەژی و، ئەمەشە كە كایەی مومارەسەكردنی، واتە ئاسۆكەی، ڕەنگڕێژ دەكات. ئاسۆی فەرمانبەرێك جیاوازە لە ئاسۆی وەرزشەوانێك یان قوتابییەك یان كەسانی تر. هەر لەبەرئەمەیە كە لەبارەی جیهانی كارگێڕیی و وەرزشی و قوتابخانە و زۆرێكی ترەوە دەدوێین. ئەو شتانەی كە ئێمە پێویستمان پێیانە و ئەو مەبەستانەی كە لەپێناویاندا بەكاریان دەهێنین جیاوازن، بەگوێرەی جیاوازی ئەو جیهانەی كە تێیدا دەژین. بەتێڕوانین لە جیهان وەك ئاسۆیەك بۆ پەرێزی بەكارهێنانی تایبەت بە ئێمە، ئەوە تێدەگەین كە چۆن چۆنی بەلای ئێمەوە شتەكان دەبنە شتانێك بۆ دەست. كەواتە ئاسۆ بریتییە لە جیهانی ڕۆژانەمان.
     جیهان بەگوێرەی دووالیزمی سوبێکت و ئوبێکت بریتییە لە هەمەكیبوونی بابەتە ئامادەكان كە قابیلی پۆلێنكردن و وەسفكردنن. هەر بە هەمان شێوەش، مرۆڤ وا دادەنێ‌ كە جیهانی ڕۆژانەش هەمەكییە، واتە سەرجەم ئەو شتانەیە كە بۆ دەستن، لەپێناو بەكارهێناندا. وەلێ‌ كتومت ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە جیهانی ڕۆژانە مۆركی چەپكێك لە شتەكانی نییە، بەڵكو مۆركی ئاسۆی هەیە، واتە مۆركی پەرێزێكی گشتی كە لەناویدا ئاراستە و دەرگیری شتەكان دەبین. ئەوەش لەبەرئەوەی لەوە تێدەگەین كە چۆن چۆنی، بە تێڕوانین لە پەرێزەكەوە، بەكاریان بهێنین. بەم جۆرەش ئەم پەرێزە (سیاق)، بەر لە ناسینی شتە تاكەكە، بە ئێمە ئاشنایە؛ بەنیسبەت ئێمەوە پەرێزەكە بەراییە، هەرچی شتەكانە ئەوە پێكدەهێنن كە لاوەكییە و ]لە پلەى دواتردایە[. ئەگەر جیهانی ڕۆژانە تەنیا كۆی شتەكان بووایە، ئەوا هەلومەرجەكە بە پێچەوانەی ئەمەوە دەبوو؛ چەپكێك لە شتەكان یان كۆی شتەكان هیچ نیە جگە لە شتێك لە پلەی دووەمدا، شتێكی داتاشراو، چونكە لەسەر ئەو بەشانەوە بەندە كە لێیان پێكدێت.
     دەكرێت جیهان وەك ئاسۆیەك بە ڕوناكی بەراوورد بكرێت. بەبێ‌ ڕوناكی ناتوانین هیچ بابەتێك ببینین و، بەبێ‌ ئاسۆی بەكارهێنانیش شتە ڕۆژانەییەكان، لای ئێمە، بێ‌ ئاماژە دەمێننەوە. تەنیا لە ڕوناكی ئاسۆدایە كە شتەكان وەك ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەدا هەن، بۆمان دەردەكەون، واتە وەك شتانێك بۆ دەست. جیهان وەك ئاسۆیەك ڕوناكی پەخش دەكاتەوە بۆ دەركەوتنی ئەوەی بۆ دەستە، ئەو ڕەهەندە كراوە ڕۆشنەیە كە تێیدا شتەكان دەتوانن خۆیانمان بۆ دەربخەن. كاتێك شتێك دەبینین زۆرجاران سەرنجی ئەو ڕوناكییە نادەین كە توانای بینینی شتەكانمان پێدەدات، بەڵكو سەرنجی شتەكان دەدەین كە بەهۆی ئەو ڕوناكییەوە ڕۆشن دەبنەوە و دەبینرێن. بە هەمان شێوەش، سەرنجمان لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆرجاران ناخرێتە سەر ئەو ڕەهەندەی كە ڕێگە بە دەركەوتنەكە دەدات، ناخرێتە سەر ئاسۆی بەكارهێنان، بەڵكو دەخرێتە سەر شتەكان بۆ دەست كە لە بەر ڕۆشناییەكەی ئاسۆدا دەردەكەون.
     لەسەرووی ئەوەشەوە، ئەم ئاگاداربوونە لە شتەكان بۆ دەست، جیاواز دەبێت لە جۆری بایەخدانی زانایەك بە بابەتە ئامادەكان. ڕووەكناس گوڵەكە وشك دەكاتەوە هەتا هەموو كات بتوانێت سەرلەنوێ‌ تەماشای بكاتەوە، هەرچی مرۆڤی ڕۆژانەیە هیج گرنگییەك بەم تەماشاكردنەوەیە نادات. ئەو بەپێچەوانەی ئەمەوە دەیەوێت، بەبێ‌ دەردەسەری و كێشە، شتەكان بۆ دەست بەكاربهێنێت تا لایەك بەلای ئەوەدا نەكاتەوە كە دەتوانێت بەشێوەیەكی تایبەت لێی بڕوانێت. ئێمە ئەو وەختە سەرنجمان دەکەوێتە سەر ئەو شتەى بۆ دەستە كە كۆسپێك دەكەوێتە بەكارهێنانییەوە، بۆنموونە ئەوكاتەی بێزارمان دەكات. تەنیا كاتێك كورسییەكە دەلەقێت یان پێڵاوەكانم قاچم دەگرێت سەرنجی تایبەتی من بەرەو خۆیان كێش دەكەن. لەو كاتەدا لەوانەیە خۆم ناچار ببینم بۆئەوەی سەیری بكەم و بیپشكنم، بە جۆرێك كە وەك بابەتێكی ئامادە گوزارشتی لێبكەم، بەم جۆرەش سەرنجامی دۆخەكە دەمگەیەنێتە حوكمگەلێكی پۆلێنبەندی یان وەسفی لەبارەی بابەتەكەوە. لێرەوە لە بوون- بۆ دەستەوە دەبێتە بوون – بۆ- ئامادەگی. ئەمەش لای خۆیەوە، كاتێك بەجۆرێكی سیستماتیك مومارەسەی دەكەین، دەتوانێت بگاتە ڕادەیەك كە هەموو شتەكانمان وەها بۆ دەربخات كە شتانێكی ئامادەن. بەرمەبنای ئەم میتۆدە كەواتە دەكرێت جیهانیش بە سیفەتی گشتێك، واتە وەك ئەوەی هەموو بابەتە ئامادەكانە، ببێتە وێستگە و چەقی سەرنجدانمان. وەلێ‌ بەوەش ئەو خۆیمان وا بۆ دەردەخات وەك ئەوەی بابەتێكی لەڕادەبەدەر گەورەیە، واتە بەو پێیەی بابەتێكە كە هەموو بابەتەكانی تری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.
     بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە مرۆڤ بەم شێوەیە دەتوانێت جیهان بە بابەت بكات، ئەوا فەلسەفەی مۆدێرن توانیوویەتی جیهان بكاتە ئوبێکت لە بەرامبەر ئاگایی مرۆییدا. وەلێ‌ ئەم بەئوبێکتکردنە پەیوەندییە سەرەكییەكەی مرۆڤ بە جیهانەوە دەخوازێت. ئەم پەیوەندییە سەرەكییە پەیوەندییەك نییە بە مانای وشە، ئەگەر هاتوو لەم "پەیوەندی"یە وەك وابەستەیی بە ئوبێکتەوە تێیگەیشتین، بەڵكو لەوەدا خۆی مەڵاس داوە كە ئێمە لە كاتی تێگەیشتنماندا لە شتەكان لە هۆگرییەكی پێش- ئوبێکتیداین[6] لەگەڵ ئاسۆدا و بەم واتایەش ئێمە لە ڕەهەندی ڕۆشنی دەركەوتندا، كە جیهانە، بارگە دەخەین. بۆیە هایدیگەر لە "بوون و کات"دا باسی پەیوەندی ڕەسەنی مرۆڤ بە جیهانەوە وەك "بوون- لە – جیهاندا"، دەكات.
     بەئوبێکتکردنى جیهان لە فەلسەفەی مۆدێرندا، بریتییە لە نامۆبوون لە هۆگرییە ڕەسەنەكە بە ڕەهەندی پێش- ئوبێکتییەوە بۆ بوون – لە – جیهاندا، ئەی ڕیشە قووڵەكەی ئەم نامۆبوونە لە كوێدایە؟ بۆ ئەوەی جیهان وەك ئوبێکتێک شتێكی شیاو بێت، پێویستە ئەوە فەرامۆش بكەین كە جیهان لە بنەڕەتدا ئوبێکتێک بێت، بەڵكو ڕەهەندی پێش- ئوبێکتیی دەركەوتنە. بەڵام ئەم فەرامۆشكردنە كارێكی دوورە دەست نییە لێمانەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی لەبەرچاوگرتنی جیهان وەك ڕەهەندێك بۆ دەركەوتن، كار لە بایەخدانی ئێمە لە ژیانی ڕۆژانەدا ناكات. ئەوە هەموو جارێك ئەوە بە هۆشماندا ناهێنێت كە بەتەنگ ڕەهەندی دەركەوتنەوە بین، چونكە ئێمە بە تەواوی سەرقاڵین بە هەڵسوڕاندنی كاروبارەكانی خۆمانەوە كە لە ڕەوشەكانی ژیانماندا، بە بەردەوامی، تووشمان دەبن.
     هەموو ڕەوشێك كۆمەڵێك ئەگەری زۆری هەڵسوكەوتكردنمان بۆ دەڕەخسێنێت و بەناچاری دەمانخاتە بەردەم ئەركی هەڵبژاردنی ئەگەرەكان كە لە هەناویدایە. كاتێك كۆمەڵە ئەگەرێك هەڵدەبژێرین و ساغیان دەكەینەوە، ئەوا ئەمە واتای ئەوە نییە ئێمە لەو كاتەوە لە ناچارێتی هەڵبژرادن لەنێوان ئەگەرەكاندا ڕزگار بووین، هەموو ساغكردنەوەیەكی ئەگەرەكان ڕەوشگەلێكی هاوپێچ بە ئەگەرگەلێكی نوێ‌ لەگەڵ خۆیدا پەلكێش دەكات، بەم جۆرە ئێمە لە دڵنیاییدا پاڵی لێنادەینەوە، چونكە ژیانمان لە هەموو كات و شوێنێكدا دۆشداماوە بۆ ئەگەرەكان. بوونی ئێمەی مرۆڤ هەرگیز بوونێكی وەدەستهێنراوی ئامادە نییە، بەڵكو بەردەوام بریتییە لە بوونی- مومكين[7].
     دوای ئەوەی لەپێشتر دوو جۆری بوونی شتەكانمان لێك جیاكردەوە، بوون- بۆ- دەست، و بوون- بۆ- ئامادەگی، ئێستا خۆمان لەبەردەم بوونێكی تایبەت بە بوونی مرۆییماندا دەبینینەوە. جۆری ئەو بوونە تایبەتەی وجودی مرۆییمان بریتییە لە بوونی- مومكين. بابەتەكە لە هەموو شیكارییەكانی "بوون و کات"دا پەیوەستە بە جۆرەكانی بوونەوە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە كە چەمكی (بوون) لە ناونیشانەكەدا هاتووە.
     لە ڕەوشەكان و ئەگەرەكانیاندا بە شێوەیەكی دەستنیشانكراو لە بوونی- مومكيندا دەژین كە بوونی ئێمە دەكاتە بوونێكی تایبەت. هەموو ڕەوشەكانی ژیانی ڕۆژانە بە پەرێزی بەكارهێنان ئاشنامان دەكەن، واتە ئەو ئاسۆیەی كە لە سۆنگەیەوە لە شتەكان تێدەگەین. بەم جۆرەش جیهان بەنیسبەت ئێمەوە لە هەموو ڕەوشەكاندا دەنوێنرێتەوە. جیهان لە هەموو بارودۆخە جیاوازەكاندا ئەگەرگەلێك بۆ هەڵسوكەتمان پێشكەش دەكات. بارودۆخەكان دەللاقەی ئێمەن بەڕووی جیهاندا، بەڵام جیهانیشمان لێ دەشارنەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی دەستەپاچەی ئەو ئەگەرانەمان دەكەن كە هەموو جارێك پێویستە لەسەرمان مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین. بوونمان بەهۆی فرەیی ڕەوشەكانەوە لە ئەگەرە زۆروزەبەندەكاندا پەرژوبڵاو دەبێتەوە، و بەهۆی ئەم پەرژوبڵاویەشەوە پێویستمان بە لێوردبوونەوە و ئۆقرەگرتنی پێویست دەبێت تا سەرنجی ئەوە بدەین كە بوونی ئێمە تەنیا كۆمەڵە ئەگەرێكی لێكترجیاواز نییە، بەڵكو ئەم ئەگەرانە لە ناوەوەڕا پێكەوە بەستراون، چونكە بەگشتی هیچ نین جگە لە شێوە هەمەڕەنگەكانی تاكە بوونی- مومکین، كە بوونمان بەگوێرەی ئەو ئیمکانانە دێتە ئاراوە.
     ئەگەر بێتوو خۆمان كۆبكەینەوە و لە بوونمان تێبگەین و وەك گشتێك وەدیى بهێنین وەك ئەوەی بوونێكی- مومكينى تەواوە، ئەوا بەوە ئاسۆی بوونی- مومكينيشمان وەك گشتێك بۆ دەكرێتەوە. ئەم ئاسۆیە بریتییە لە جیهان. ڕاستە جیهان لای ئێمە لە بوون- لە- جیهاندا بە چۆنیەتییەكی پێش- ئوبێکتبوون باو و ئاشنایە، وەلێ‌، لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی ڕۆژانەدا كۆمەڵە شتێك هەر لێمان شاراوە دەمێننەوە. بوونمان كراوەیە بەسەر ڕەهەندی دەركەوتنی "جیهان"دا، چونكە ئێمە خۆمان لە دەوری تاكە بوونی- مومکینمان و هەمەكیەكەی خڕ دەكەینەوە. بەڵام ئایا دەتوانین هەمیشە بەم واتەیە خۆمان كۆ بكەینەوە؟ ئایا دەتوانین ئەزموونێك بژین وامان لێبكات ئەوە ببینین كە بوونمان لە هەمەكیبوونیدا بریتییە لە بوونی- مومکین؟
     ئەوە بەكردەیی شیاوە، چونكە بوونمان لە هەمەكیبوونیدا، لەلایەن ئەگەری مردنەوە لەژێر هەڕەشەدایە. لە ناو ئەو ئەگەرانەی كە لەبەردەمماندان، هەمیشە ئەگەرێكی دوورتریش لە كایەدایە، واتە: مەرگ؛ ئەویش ئەگەرێكی گەورەیە چونكە هەڕەشە لەوە دەكات كە هەموو ئەگەرەكانی تر بكاتە نا ئەگەر، واتە نەشیاو يان نا-مومکین، بەم شێوەیەش وامان لێدەكات كە هەست بەوە بكەین بوونمان لە هەمەكیبوونیدا بریتییە لە بوونی- مومكين. ئەو مەترسییە هەمیشەییەی كە مەرگ دەینوێنێت دەتوانێت لەوە ئاگادارمان بكاتەوە كە خۆمان لە ڕەوشە زۆرەكانی ژیانماندا كۆبكەینەوە، ئەگینا لەوە هەڵدێین كە بە ئارامی و خۆڕاگرییەوە ڕووبەڕووی تووشبوونمان بە مەرگ ببینەوە[8]، و لەبەرئەمەش ئێمە دەكەوینە ڕەوشەكانەوە، واتە خۆمان دەدەینە دەستیانەوە وەك چۆن ئالوودەبوویەك بە مادە هۆشبەرەكان یان خواردنەوە ئەلكولییەكان خۆی دەداتە دەست قومێك یان پێكیكی دیكە كە ڕێك لەم چركەساتەدا پێویستی پێیەتی.
     لە نیگەرانیدا (القلق) هەست بەوە  دەكەین كە بوونمان لەلایەن ئەگەری گەورەی مردنەوە لەژێر هەڕەشەدایە، نیگەرانییش بارودۆخێكی دەروونی (ویژدانی)یە، لەمیانەیەوە، بە شێوەی پێش- ئوبێکتبوون، خۆمان لەبەردەم بوونمان- لە- جیهاندا وەك گشتێك، دەبینینەوە. ئەو جیهانە ڕۆژانەییەی كە تێیدا بە هۆگرییەوە هەستی پێدەكەین، بەیەك گورز بەلای ئێمەوە دەبێتە جیهانێكی پڕ لە ترس. بەم جۆرەش ئەو هەستەمان تێدەگەڕێ‌ كە زەمین لەژێر پێیەكانماندا لێژ دەبێتەوە و جیهانیش لەدەستمان دەخزێت. ئەم دۆخە ویژدانییە شاراوەیی بوونمان لە هەموو كاتێكدا دەنەخشێنێت، ئەگینا نامانەوێت هیچ كات لێیگەڕێین بەرەو ڕووكارەكە (السطح) هەڵكشێت.. پێویستە لەسەرمان بوێرییەك پیشان بدەین كە خۆمان ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە ببینەوە كە نیگەرانی دروستی دەكات، تا بوونمان لە كەوتن كۆبكەینەوە[9]. ئەو کاتەیش لەسەر ئەمە مكووڕین كە خۆمان، بەجۆرێك گوزراشتی لێبكرێت، بەسەر جیهان لە هەمەكییەكەیدا دەكەینەوە، بەبێ‌ ئەوەى بیکەینە ئوبێکت. خۆڕاگریی[10] چەمكێكە بەم جۆرە ڕزگارمان دەكات تا بەسەر جیهاندا كراوە بین.
     هیچ كەسێك ناتوانێت لە مەرگدا جێم بگرێتەوە، لێرەدا من دەبمە خودی خۆم، بەجۆرێك كە كەسێكی تر ناتوانێت قەرەبووم بكاتەوە، هەموو ئەوانەی بە من نامۆن لێم دەبنەوە و دەكەون بۆئەوەی ئەوانەی بە من تایبەتن، ئەوانەی لە مندا ڕەسەنن و ناكرێت ئاڵوگۆڕ بكرێن، زەق ببنەوە و، كاتێكیش هەڵنایەم لەوەی بە من تایبەتە، واتە کاتێک لەوەی لە مندا، لە بوونی خودی خۆمدا ڕەسەنە ڕاناكەم، ئیدى بوونم دەبێتە "بوونێكی ڕەسەن"[11]. لەگەڵ خۆڕاگریدا، واتە لەگەڵ بوێریی نیگەرانیدا "ڕەسەنایەتیم" وەدیى دێت. گەر بتوانین ئاوا گوزارشتی لێبكەین، ئەوەی كۆسپ دێنێتە سەر ڕێی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا كە بۆ جیهان وەك ڕەهەندی پێش- ئوبێکتیانەی دەركەوتن بكرێتەوە، بریتییە لە لەناوبردنی ڕەسەنایەتی، واتە بریتییە لە ساختەیی[12] یان كەوتن.
     ئەو چەمكانەی كە لە كۆتاییدا خۆمان لە بەردەمیدا بینییەوە، تا ئەمڕۆ لای توێژەرانی هزری هایدیگەر، بۆتە هۆی ترسناكترین شێوەكانی بەدحاڵیبوون. ئێمە دەستمان دەگات بە ڕەسەنایەتی بوون بە سایەی خۆڕاگرییەوە، واتە ئامادەگی بە هۆشیارییەوە بۆ هەڵگرتنی نیگەرانی لەهەمبەر مەرگەوە، ئەوەش ئەو بۆچوونە دێنیت بە بیردا كە هایدیگەر مرۆڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بێ‌ هودەیی مەرگ بانگهێشت دەكات، بەوەی دان بەخۆیدا بگرێت و، بە مەردایەتییەوە حەوسەڵەی بكات. لەبەرئەمە "بوون و کات" بۆ ماوەی چەند دەیەیەك وەك كەڵكەڵەیەكی بوونگەرایی پاڵەوانبازی تێیگەیشتراوە، ئەو مرۆڤەی كە بەشێوەیەكی مەردانە بایەخی خۆی لەسەر تاكە ئەركێك، كە ئەویش حەوسەڵەكردنی تووشهاتنیەتی بە مەرگ، چڕ دەكاتەوە، بێ‌ دەروەستە لە ئاست ئەو كاروبار و شتانەدا كە خەڵكی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پێداگرییان لەسەر دەكەن. ژیانی ڕۆژانە وابەستەی جیهانە چونكە لە ڕەوشەكاندا قایم كراوە. لێرەوە دەردەكەوێت ئەم وابەستەییە بە جیهانەوە هەموو بایەخێك بەنیسبەت خۆڕاگریی پاڵەوانییانەوە لەدەست دەدات. بەرمەبنای ئەمە دەردەكەوێت كە خۆڕاگریی، بە پێچەوانەی بانگەشەی هایدیگەرەوە، بوون بەسەر جیهاندا ناكاتەوە، بەڵكو لێی جیا دەكاتەوە.
     جگە لەوەش ئەم لێكدانەوەیە ئەوە فەرامۆشدەكات كە مەرگ بەلای ئەو بوونەوە كە خۆڕاگریی هەڵبژاردووە واتای چییە، كە ئەوە گوڕوتینی ئەوەی پێدەدا خودی خۆی وەك بوونێكی- مومکین كۆبكاتەوە. لەگەڵ ئەم كۆكردنەوەیەدا ئەگەرەكانی بوونی ڕۆژانەی گرێدراوی ڕەوشە دیاریكراوەكان بایەخی خۆیان لەدەست نادەن، بەڵكو، بەپێچەوانەی ئەمەوە، ئاماژەیەكی دوو هێندەبوو وەدەست دەخەن. چونكە ئێستا، بەشێوەیەكی ڕوون، بە تێڕوانین لە گشتەوە تێدەگات. بە سایەی خۆڕاگرییەوە تیشكی ڕووناكییەكی نوێ‌ دەكەوێتە سەر هەموو ڕەوشەكانی ڕۆژانە، ئەوە ڕووناكیی دوای دەركەوتنی "جیهان"ــە.
     تێگەیشتنی هەڵە لە "بوون و کات" وەك گوزارشتێك لە بوونگەرایی پاڵەوانبازی لەم ماوانەی دواییدا بووە مایەی دەركەتنی لێكدانەوەیەك كە بە تووندی بەرهەڵستی ئەم تێگەیشتنەی دەكرد. بەم جۆرەش هەندێك بانگەشە دەكەن بۆ كەمكردنەوەی بایەخدان بە تیۆری خۆڕاگریی و بوونی ڕەسەن، كە وای پیشان دەدەن تیۆرێكی ناكۆكە، و بانگەشە دەکەن بۆ كورتبوونەوە لە شیكاریی بوون- لە- جیهانی ڕۆژانەدا. وا دەردەكەوێت ئەم شیكارییە فەزیلەتێكی گەورە دەرەخسێنیت، كە لەوەدا ڕوون دەبێتەوە ڕێك وەسفی پەیوەندی ئەمڕۆی مرۆڤ بە جیهانەوە دەكات، جیهان لە سەدەی بیستەمدا بووە هاوتای تاكە پەرێزی بەكارهێنان، و هیچ شتێك نەمایەوە كە جێی بایەخی مرۆڤ بێت تەنیا ئەوە نەبێت كە وەزیفەیەك لە وەدەستهێنانی خۆشگوزەرانیدا، جێبەجێ‌ بكات.
     بەپێی ئەم ئاراستەی لێكدانەوەیە، هایدیگەر وەك بیرمەندێك دەردەكەوێت كە فەلسەفیانە ئەم وەزیفەیە پیرۆز دەكات؛ ئەم تەفسیرە ئەوەی ڕوونكردۆتەوە كە تێگەیشتنی وەزیفی بە تەواوترین شێوە شیاوی بوونی شتەكانە، لەبەرئەوەی بوونیان لە بنەڕەتدا لە بوون- بۆ دەست زیاتر هیچی دیكە نییە. لەسەرووی ئەمەشەوە دانانی جیهان تەنیا بە كۆگای بابەتە شیاوەكان بۆ بەكارهێنان نە دەبێتە گوزارشتێك بۆ خراپ بەكارهێنانی شتەكان، و نە پەرەسەندنی مێژوویی نەگەتیڤ، بەڵكو ئەوە هیچ نییە جگە لە بەرەنجامێك كە وابەستەی ئەوەیە لە بنەڕەتدا گشت واتای خۆی لە تێڕوانین لە بەكارهێنانەوە وەردەگرێت. لەم دیدگایەوە، سەرباری ئەوانە، هایدیگەر لە ڕێگایەكدا نییە جیاواز لە ڕێگای فەیلەسووفەكانی پراگماتیزم لە وڵاتە یەكگرتووەكان، كە پێشتر، لە كاتێكی زوودا، ئەوەیان ڕوونكردبووەوە ئاماژەكانی شتەكان تەنیا پراگماتیكیانە نەبێت، ناكرێت لێیان تێبگەیشترێ‌، واتە بە تێڕوانین لە چۆنیەتی بەكارهێنانیانەوە. بەم جۆرە كاتێك هایدیگەر لە بارگرانیی بوونگەرایی پاڵەوانبازیی ڕەسەنایەتی ڕزگار دەكرێت، وەك وەزیفەگەرا یان پراگماتییەكی ئەم دواییانە دەردەكەوێت.
     بەڵام ئەم جۆرە خوێندنەوەیەی "بوون و کات" ڕاستی نەپێكاوە، هایدیگەر هەرگیز بانگەشەی ئەوەی نەكردووە كە تەنیا یەك چۆنێتی بۆ بوونی شتەكان هەیە، ئەویش بریتییە لە بوونیان- بۆ دەست لە پەرێزی وەزیفیی بەكارهێناندا، و ]گوایە[ جیهانیش هیچ نییە جگە لەم پەرێزی بەكارهێنانە. جیهان و شتەكان بەم جۆرە دەرناكەون تەنیا لەلای بوونێكی ساختەی ژیانی ڕۆژانە نەبێت، وەلێ‌ خۆ ئەگەر بەسایەی خۆراگریی لەسەر ڕەسەنایەتییەوە، كرانەوەیەكی نوێ‌ بەسەر جیهاندا بەدی بكرێت، ئەوا بەو هۆیەوە بوونی جیهان و شتەكان بەشێوەیەكی تەواو نوێ‌ دەردەكەون. بەم جۆرە تیۆری ڕەسەنایەتی لەپێناو تێگەیشتنێكی دروستی "بوون و کات"دا، ناچارییە و دەربازبوون لێی نەشیاوە.
     ئەم بە هەڵە تێگەیشتنانە دەگەڕێنەوە بۆ هۆكارگەلێك لەوانە هایدیگەر هێشتا لەم كتێبەیدا، بەشێوەیەكی باش، چۆنییەتی دەركەوتنی جیهان و شتەكانی لەلای بوونی ڕەسەن، نەخستۆتەڕوو. ئەو نەیتوانی ئەمە بكات، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە، لەمیانەی پەرەسەندنی دوای "بوون و کات"یەوە و لە چوارچێوەی هەوڵێكی نوێیدا، بایەخدانی خۆی ئاراستەی ئەو پرسیارە كرد: چۆن چۆنی پەیوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە لەو سەردەمانەدا كە لە مێژووی ئێمە جیاواز بوون، گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە؟ تێگەیشتنی ڕۆژانە لە جیهان كە تێیدا جیهان وەك پەرێزێك بۆ ئەوەی بۆ دەستە، دەردەكەوێت، لەم سەروبەندەی ئێمەدا قەبە دەبێت، بەهۆی ئەوەی كە شێوەی مامەڵەكردنی وەزیفی لەگەڵ ژینگەدا وەردەگرێت. خۆ ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەكی پۆزەتیڤ ئەوە دیاریبكەین كە جیهان لەلای بوونی ڕەسەن چۆن تێیدەگەیشترێ‌، ئەوا لێرەوە ئێمە ئەركی گەڕان بەدوای دەرچەیەكی مێژوویی بۆ دەرچوون لە وەزیفەخوازی، دەخەینە ئەستۆی خۆمان. ئێمە پەیوەندی وەزیفەخوازیی بە جیهانەوە وەك ساختەیی تەواوی سەردەمەكە، واتە ئەم زەمەنەی كە تێیدا دەژین، دادەنێین، بەوەش خۆڕاگریی دەبێتە ئامادەكارییەك بۆ زەمەنێك كە تێیدا سەردەمی ڕەسەنایەتی دێتەدی.
     لەمەوە سێ‌ پرسیار لەدایك دەبێت: یەكەم: لەكوێدا ساختەیی سەردەمەكەمان خۆی حەشارداوە ئەگەر لە نزیكەوە سەرنجى لێ بدەین؟ واتای چییە كە جیهان و شتەكان تەنیا و تەنیا ببنە "سامانێك" بۆ بەكارهێنانی وەزیفی؟ دووەم: لەكوێدا پشتگوێخستنی ئەم پەیوەندییە بە جیهانەوە لە جوغزی ڕەسەنایەتییەكی نوێدا، دەركەوت دەكات؟ سێیەم: ئەگەر بێتوو زەمەنی ئایندە بۆ سەردەمی ڕەسەنایەتی جێی ئومێد بێت و شیاو بێت، كەواتە لە وەها سەردەمێكدا جیهان چۆن دەردەكەوێت و شتەكان چۆن بەشێوەیەكی پۆزەتیڤ دەردەكەون؟
     لە پرسیاری یەكەمەوە دەست پێدەكەم: بە چ شێوەیەك شتەكان دەردەكەون كاتێك بەشێوەیەكی وەزیفی لە جیهان تێدەگەین؟ پێشتر وتم كە بوون- بۆ دەست دەبێتە تاكە چۆنیەتییەك بۆ هەموو ئەوانەی لە جیهاندا ڕێكەوتیان دەكەین. ئەمەش واتە: ئێمە دان بەوەدا نانێین كە بوونی شتەكان دەتوانێت لە بەكارهێنانمان ڕزگاری ببێت و بەرامبەر بەدەستەوەگرتنی ئاراستەكراوی خاپووركەرمان، بواری بۆ هەر جۆرێك لە سەربەستی خودیی بۆ بهێڵرێتەوە. ئەمە بۆ ئەو شتانەش كە ئێمە خۆمان بەرهەمیان دێنین، یان ئەوانەی كە لە سروشتدا نەشونوما دەكەن، وەك یەك، ڕاستە. هەر بۆنموونەی ئەم پۆلەی دواییان درەخت لە مامەڵەی وەزیفی لەگەڵ جیهاندا، هیچ بایەخێكی نامێنێتەوە و نییە تەنیا وەك بابەتانێك نەبێت، بۆ بەدەستهێنانی نیازێكی بەكارهێنان، بۆ نموونە كاتێك وەك دارستانێك بەشداری دەكات لە حەسانەوەی سەیرانكەران و گەشتیاراندا، یان كاتێك وەك ڕووەكێكی جوانكاریی چێژێكی جوانناسیمان پێدەدا، یان كاتێك وەك تەختە بۆ پیشەسازی كەلوپەل دەقۆزرێتەوە.
     لەسەرووی ئەمەشەوە جوانی درەختێك یان توندوتۆڵی پارچە كەلوپەلێك لە درەخت گرێدراوی ئەوەن كە وەها شتانێك (زێدەبەهایی)[13]ـەكیش لەخۆ دەگرن، كە دەیانكاتە شتێكی (زیاتر) لەوەی تەنیا شتێك بن لەڕووی وەزیفییەوە لەژێر هەڵسوكەوتی ئێمەدا بوونیان هەبێت. ئەم (زێدەبەهایی)ـە بریتییە لەوەی كە بۆنموونە شتەكە یان درەختەكە یان تەختەكە، لە خۆیدا سەربەخۆیە[14]، ئەم لەخۆدا سەربەخۆبوونە بابەتێكی تایبەتە و مامەڵەی وەزیفی لەگەڵ شتەكاندا نایگرێتەوە. بەدڵنياییەوە درەختەكە لە بەردەستماندا دەبێت كاتێك لەسەر شانۆی جیهان دەردەكەوێت، واتە لە ڕووناكی ڕەهەندی دەركەوتندا. وەلێ‌ ئەمە واتای ئەوە نییە بە دەركەوتنەكەی بە تەواوی خودی خۆیمان ڕادەست دەكات. دەركەوتنی درەختەكە ئەوەشی لەگەڵدایە كە لەمیانەی ئەم دەركەوتنەوە بە جۆرێكی تەمومژاویش بەسەر خۆیدا دەنوشتێتەوە. بەم هۆیەشەوە لەخۆیدا سەربەست دەبێت و خاوەنى سەربەخۆیی و جێگیریی ناوەكی خۆی دەبێت و بوونی خۆی لە بواری قەڵەمڕەوی وەزیفیمان دەكشێنێتەوە. لەبەرئەم هۆیە هەمیشە تا ئەو ڕادەیە خۆی پتەو دەكات، كە كەسێكی هەست ناسك ناتوانێت درەختێكی كۆن ببڕێتەوە.



* من و وەرگێڕی عەرەبیش كۆمەڵێك تێبینیمان لەسەر وەرگێڕانی ئەم دەقە هەیە. لە ڕاستیدا ئەم وەرگێڕانە بە کۆمەڵێک سەختى و دژواریدا تێپەڕیووە. لەبەرئەم هۆكارانە:
1-     لە ڕاستیدا وەرگێڕی عەرەبی خۆی سكاڵای ئەوە دەكات كە نەیتوانیووە بە باشی بەرامبەری گونجاو بۆ وەرگێڕانی چەمكەكان بدۆزێتەوە، ئێمەش ڕووبەڕووى هەمان کێشە بووینەوە.
2-     نا ئاشنایی بە هزر و چەمكە سەرەكییەكانی هایديگەر لە ناوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا، كە بووە هۆی ئەوەی وەرگێڕانی دەقێكی لەم جۆرە ڕیسكێك بێت. ڕیسك لەو ڕووەوە كە خۆمان داوە لە قەرەی هزری فەیلەسوفێك كە تائێستا لای ئێمە چەمك و هزرە سەرەكییەكانی جێی خۆیان نەگرتووە. 3- سروشتی دەقەكە كە دەقێكی گشتگیر و هەمەلایەنەیە لەبارەی هزری هایديگەرەوە، ئەگەرچی دەقێكی دەروازەیی نایابە بۆ هزریی هایديگەر، بەڵام لە ڕاستیدا لە ئاڵۆزی بەدەر نەبووە. بۆیە لەم دەقەدا زۆرێك لە چەمك و زاراوەكانی هزری ئەو فەیلەسوفە بەكارهاتووە كە ئەركی وەرگێڕانەكەی سەختتر كردووە. بۆیە وەرگێڕی عەرەبی چەندین پەراوێزی بۆ ئەم دەقە داناوە كە منیش بەگرنگم زانیوون، بۆیە وەرمگێڕاون و خستومنەتەڕوو. و. ك

** واتە سەدەی بیستەم. و. ك
[1] Umwelt: كاتێك لە پەرێزی ئیكۆلۆجیدا دێت بە گووتەزای (ژینگە) وەردەگێڕدرێت، بەڵام لە توێژینەوە فینۆمینۆلۆژییەكاندا واتە (جیهانی دەوروبەر). ئێمە لە دەقەكەدا پێمان باش بوو هەمووی بە (ژینگە) وەربگێڕین،  وەلێ‌ پێویستە خوێنەر بەردەوام ئەوەی لە مێشكدا بێت كە ژینگە جیهانی دەوروبەرە، كە تەنیا بەوە پەیوەندی نێوان كێشەی ژینگە و پەرێزی دەقەكە كە كێشەی جیهان دەخاتە ڕوو، دەردەكەوێت.
[2] Heimat: نیشتمان، وڵات، بەشێك لە وڵات یان جێگەیەك كە مرۆڤ هەست بەوە دەكات هۆگریەتی چونكە لەوێدا لەدایك بووە و پێگەیشتووە یان بۆماوەیەكی درێژ تێیدا ماوەتەوە، و بەزۆریی بە شێوەیەكی سۆزداریی وابەستەی دەبێت. ئەم وشەیەمان بە نزیكەیی بە دەستەواژەى (نیشتمان) وەرگێڕاوە.

[3] Heimatlosigkeit: بە زۆریی واتە حاڵەتی دەربەدەریی لە نیشتمان، ئەوەی بەبێ‌ نیشتمان و ڕەگەزنامەیە؛ لە پەرێزی ئەم دەقەدا حاڵەتی ئەو كەسەیە كە بێ‌ نیشتمانە. هایديگەر وای دەبینێ‌ كە مرۆڤی ئەم سەردەمە، بەهۆی ڕامكردنی هەموو ئەوەی هەیە و گۆڕینی هەموو ئەوەی پێدراوە لە سروشتدا بۆ كایەی دیسپلینی زانستیی- تەكنیكی، تائەو ڕادەیە ڕۆیشتووە كە دەبێتە مرۆڤێك بێ‌ نیشتمانێكی بنچینەیی. 

[4] وەرگێڕی عەرەبی لەم پەراوێزەدا دەڵێت: "وەرگێڕانی existence / Existenz م بە دەستەواژەى (بوون/ وجود) بە باشتر زانی، و بۆ وەرگێڕانی Seineter دەستەواژەى (هەبوون/ كون)مان بەكارهێناوە وەك چاوگی كرداری (بوو/كان), وا دەردەكەوێت ئەمەیان گونجاوترە، چونكە ئەتوانین دوو واتای سەرەكی تێدا بدۆزینەوە: كرداری بوو/كان ئاماژە دەكات بۆ بارودۆخ (بۆ نموونە: ئێوە باشترین نەتەوەیەك بوون كە لە ناو خەڵكیدا هەڵبژێردراون)، لە هەمان كاتیشدا ئاماژە بە بوون/ وجود دەكات (بۆ نموونە: ماشەڵلا لەمەبێ‌)." وەرگێڕی عەرەبی ناونیشانی كتێبەكەی هایديگەری بە (الكون و الزمان) وەرگێڕاوە. ئەگەر بەم پێیە بێت دەبێت ئێمەش لەم دەقەدا (كون/كان)ـەكان بە (هەبوون) و (وجود)ـەكان بە (بوون) وەربگێڕین، ئەوكات (الكون و الزمان) دەبێتە (هەبوون و زەمان)، بەڵام ئێمە لە سەرجەمی ئەم دەقەدا ئەو ئیشكالییەتەی وەرگێڕانە عەرەبییەكە وەلادەنێن و هەر وشەی (بوون) بۆ بەكاردەهێنین. دیارە د. محەمەد کەمال کە کتیبەکەى هایدیگەرى کردووە بە کوردى، ناونیشانى کتێبەکەى بە "بوون و کات" وەرگێڕاوە. و. ك

[5] Vorhanden / là-devant: وەسفێكە زۆرجار بەكاردەهێنرێت بۆ بۆ ئاماژەكردن بەوەی كە هەیە، بوونی هەیە، لەبەردەستە؛ هایديگەر بۆ وەسفكردنی بوونەوەرێك یان شتێك لەو ڕووەوە كە لە بەردەممانەوەیە، ئامادەیە، بەكاری دەهێنێت. ئێمە لە وەرگێڕانەكەدا ئەم دەستەواژەیەى كۆتاییمان، بەكارهێناوە.
     Das Vor handene / L‌étant là-devant : ئەو شتەی یان بوونەوەرەی كە لەپێشمانەوە هەیە، یان ئامادەیە، ئەوەی ئامادەیە.
     Das Vorhandenein / L‌être-là-devant: چۆنییەتی و دۆخی هەبوونی تایبەت بەوەی لەپێشمانەوە هەیە، بەوەی ئامادەیە. بۆ وەرگێڕانی ئەمە بوونی ئامادەی شتێك، یان بوونی- ئامادەگیمان بەكارهێناوە.
Zuhanden / en utilization, à utliser: وەسفێكە بەكاردەهێنرێت بۆ وەسفكردنی ئەوە شتەی بۆ دەستە، لە بەردەستدایە، لەپێناو بەكارهێناندا. هایديگەر بۆ وەسفكردنی شتەكان یان بوونەوەرەكان لەو ڕووەوە كە لە پەرێزی بەكارهێناندا تێدەگەیشترێن، بەكاری دەهێنێت، واتە لەو ڕووەوە كە وەردەگیرێن نەك وەك بابەتێك بۆ پەیپێبردن و تێڕوانین، بەڵكو وەك ئامرازێك بۆ وەدیهێنانی نیازگەلێكی كرداریی پەیوەست بە ژیانی ڕۆژانەوە.
     Das Zuhandene / L‌utilisabile: ئەوەی بۆ دەستە یان ئەو شتەی كە بۆ دەستە، هەر پێدراوێك لە پەرێزی بەكارهێناندا.
     Das Zuhandensein /L‌utilisabilité: بوون- بۆ دەست، چۆنییەتی بوونی شتە پێدراوەكان لە پەرێزی بەكارهێناندا.
     جیاكردنەوەی نێوان ئەوەی ئامادەیە و ئەوەی بۆ دەستە جیاكردنەوەیەك نییە لە نێوان دوو پۆل لە بوونەوەرەكاندا، بەڵكو جیاكردنەوەیەكی ئۆنتۆلۆژییە لەنێوان دوو چۆنییەتی بوونی شتەكاندا. شتەكان بە ئامادە دادەنێین ئەو كاتەی وەك بابەتێك لەبەردەممانەوە بوونیان هەیە، كاتێك پێدراوێكن بۆ تێڕوانینی هەستەكی و ژیرەكی، واتە وەك بابەتێك بایەخی خۆمانی ئاراستە دەكەین و كار بۆ دەستنیشانكردنی تایبەتمەندییەكانی دەكەین. هەرچی شت بۆ دەستە بریتییە لەو شتەی كە لە چوارچێوەی پەرێزی بەكارهێناندا مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، واتە دانانی بە ئامرازێك بۆ گەیشتن بە مەبەستێك. كاتێك لەگەڵ شتدا وەك شتێك بۆ دەست مامەڵە دەكەین، ئەوا بایەخدانمان لەسەر شتەكە خەست نابێتەوە، شتەكە لەبەردەممانەوە ئامادە نابێت بە واتای وشەكە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئەو بۆئەوەی وەزیفەی خۆی بە شێوەیەكی ڕەزامەندانە ببینێت پێویستە نەبێتە مایەی سەرنج ڕاكێشانمان، بەڵكو لەمەوە ڕەوانەی لای بوونەوەرێكی دیكەمان بكات لە پەرێزی بەكارهێناندا، و بەم شێوەیە. لە كتێبی (بوون و زەماندا) هایدگەر ئیش لەسەر دەرخستنی ئەوە دەكات كە ئۆنتۆلۆژیای تەقلیدی هەر هەمووی لەسەر جیهانبینییەكەوە بەندە كە نێوان بوون و بوونی- ئامادەگی هەماهەنگ دەكاتەوە و جووت دەكات، واتە وا دادەنێت كە بوونی- ئامادەگی بریتییە لە تاكە چۆنییەتی بوون، و هایدگەر لە هەمان كتێبدا تەقەلای ئەوە دەدات كە ڕەگ و ڕیشەكانی ئەم جیهانبینییە لە بونیادی وجودیی مرۆڤدا بدۆزێتەوە. بەوەش ئۆنتۆلۆژیای تەقلیدی دەكەوێتە هەڵەیەكی بنچینەییەوە، كە لەلایەكەوە ئەوە فەرامۆشدەكات شتەكان لە بنەڕەتدا وەك شتانێكی ئامادە پێدراو نابن لە بەردەمماندا، بەڵكو شتانێكن بۆ دەست، لەلایەكی دیكەشەوە كاردەكات لەسەر پراكتیزەكردنی ئەم چەمكەی بوون تەنانەت لە تێگەیشتنی بوونی جیهانیشدا (كە، بۆ نموونە، بە هەمەكی شتە ئامادەكان یان سروشتی درێژكراوە، دایدەنێت) و بوونی مرۆڤ (كە بۆ نموونە بە جەوهەرێكی بیركەرەوەی دەزانێت). 
[6] Vorgegenstand lich: پێش- بابەتی. پەیوەندی مرۆڤ بە جیهانەوە، بەلای هایدگەرەوە، پەیوندییەكی پەڕگیرنییە كە پێكهاتبێت لە بابەتێك لەدەرەوەی و لەبەردەمیدا ئامادە كە ناو بە ناو بڕیار بدات مامەڵەی لەگەڵدا بكات. مرۆڤ، بە بڕوای هایدگەر، بەهەمیشەیی و بەشێوەیەكی پێشوەخت بوونە- لە- جیهاندا، واتە مرۆڤ لە پەیوەندییەكی هۆگرێتیدایە لەگەڵ جیهاندا، و ئەم پەیوەندییە بە بڕیارێك لەلای مرۆڤ بەرقەرار نابێت، بەڵكو دەستنیشانكەری بنچینەییشە بۆ بوونەكەی؛ ئەم پەیوەندییە هۆگرێتییە بریتییە لەوەی كە ڕێگە دەدات زۆركات لە جیهاندا بە هەر ئاراستەیەكدا بمانەوێت بڕۆین، بەبێ‌ و پێش ئەوەی وەك بابەتێك لێی بڕوانین.

[7] das Moglichsein l‌être possible : بوونی- شیاو، بریتییە لە چۆنییەتی بوونی تایبەت بە مرۆڤ.
[8] Mortel/ sterblich: فانی، شیاوی تووشهاتن بە مەرگ، دەرگیری مەرگ.
Mortalité / sterblichkeit: فەنابوون، تووشهاتن بە مەرگ، تووشبوون بە مەرگ. بەكارهێنانی "شیاوی تووشهاتن بە مەرگ، دەرگیری مەرگ" و "تووشهاتن بە مەرگ، تووشبوون بە مەرگ"مان بە باشزانی، ئەوەش لەپێناو زەقكردنەوەی (مەرگ)دا كە ئاماژەگەلێكی سەرەكی لە شیكارییەكانی هایدگەردا هەیە.

[9] Dévalement/ verfallen: كەوتن. پێویستە بە واتا ئایینی یان ئەخلاقییەكەی تێی نەگەین. كەوتن بەبۆچوونی هایدگەر بریتییە لە شێوەی بوونی مرۆڤ لە جیهاندا، كەوتن واتە ملدان بۆ ڕەوشە بەشەكی و ئەگەرە نزیكەكان، و بریتییە لە لەبیركردنی خود و ڕاكردن بۆ ناو جەنجاڵیی ژیانی ڕۆژانە و نغرۆبوون لە ئەركە یەك لەدوای یەكەكانیدا كە هەریەكێكیان دەمانداتە دەست ئەویتریان، بەجۆرێك كە لەمەوە پەرژوبڵاوی بوونی مرۆڤ و كەمدەستییەكەی لە كۆكردنەوەی خودی خۆی و دەرككردنی بوونی خۆی وەك یەك بوونی شیاو، دەكەوێتەوە.

[10] Réso/ entschlossenhcit: شكۆ.
[11] Propre/ eigentlich: ڕەسەن.
Propriété/ eingenrlichkcit: ڕەسەنایەتی.
[12] Impropre/ uneigentlich: ساختە.
Impropriété/ uneigentlichkcit: ساختەیی.
     تێگەیشتنی هایدگەر بۆ ڕەسەنایەتی و ساختەیی بە واتای ئەخلاقی نییە، بەڵكو بە واتای ئۆنتۆلۆژییە، ڕەسەنایەتی كاتێك دێتەدی كە مرۆڤ بوونی خۆی وەدەستدەخات بە واتای ڕاستەقینەی وشەكە، واتە بە جۆرێكی ڕاشكاوانە و بێ‌ گرێ و گواڵ، واتە كاتێك كە پرۆژەكانی و هەڵبژردەكانی لە خودی خۆیەوە، لەوەی تایبەتە پێوەی، لەوەی ڕەسەنە تێیدا، هەڵدەقوڵێن، و كاتێك كە لەبوونی خۆی وەك تاكە بوونی شیاو و دوا بوونی شیاو تێدەگات. وەلێ‌ كاتێك مرۆڤ ڕادەستی ڕەوشە بەشەكییەكان دەبێت و بوونی تێیاندا پەرژوبڵاو دەبێتەوە و دەبێتە قوربانی ئەو شتانەی كە شتەكان بەسەریدا دەیسەپێنن، یان ئەو كارە دەكات كە (خەڵكی) دەیكەن، ئەوا ئەو مرۆڤە بوونی خۆی وەدەستناخات بە واتای ڕاستەقینەی وشەكە، واتە بوونی دەبێتە بوونێكی ساختە.  
[13] لێرەدا مانا و سیاقى ئەم چەمکە جیاوازە لەوەى لە ئابووریى سیاسیدا هەیە. (و. ک)
[14] In sich: لەخۆیدا، ئەم گوزارشتە لەم دەقەدا چەند جارێك هاتووە. پێویستە تێكەڵ بە واتا كانتییەكەی شت لەخۆیدا/ نۆمینا an sich نەكرێت. بوونی شت جێگیر لە خۆیدا یان سەربەست لە خۆیدا واتای ئەوەیە كە ئەو شتە دامەزراو و سەربەخۆیە لەخۆیدا، واتە ئەو شتە قەوارەیەك یان بەدەنێكی خۆی هەیە كە وای لێدەكات بۆ تەفروتوناكردن و تواندنەوەی تەواوەتی لە وەزیفە بەكارهێنانییەكەیدا نەشیاو بێت. ئەمەش ڕێگری لەوە ناكات كە دەكرێت لە سەربەخۆیی شت لەخۆیدا یان جێگیریی لەخۆیدا، لە چوارچێوەی ئەزموونێكی ڕەسەندا، تێبگەین، هەروەك دواتر ئەمە ڕوون دەكرێتەوە.


No comments:

Post a Comment