My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday 28 February 2009

جیهان و شتەكان 2

خوێندنەوەیەک بۆ فەلسەفەى مارتن هایديگەر
بەشى دووەم
وەرگێڕانى ئەم بەرهەمە پێشەکەشە بە "د. عیرفان مستەفا"
كلاوس هیڵد
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

هەموو ئەمانە بۆ ئەو شتانەش كە خۆمان بەرهەمیان دێنین دروستن، لە ڕاستیدا ئەوانە نابنە مایەی خۆشحاڵیمان تەنیا ئەوكاتە نەبێت كە بەكارهێنان سەرتاپا بوونیانی نەگرتۆتەوە. بۆ نموونە ئەمە لە شكۆ[1]دا دەردەكەوێت كە ڕێگریمان لێدەكات لە ڕووخاندنی خانوویەكی كۆن. ئەم شكۆیە لەهەمبەر بوونی شتەكە لە خۆیدا، ون دەبێت كاتێك هەموو ئەو شتانەی كە دروستیان دەكەین، بەرهەمهێنراوێكن ئاراستەی "بەكاربردنێكی دەستوبرد" دەكرێن. جیاوازی نێوان بەكارهێنان و بەكاربردن هەمیشە زیاتر و زیاتر، لە كۆمەڵگەی ئێستادا، كە تێیدا بە خێرایی لە شتە بەكارهێنراوەكان ڕزگاردەبین و فڕێ‌ دەدرێن، كەم دەبێتەوە[2].
     ئەو پارێزگاریكردنە میهرەبانانە لە شتەكان لەمیانەی بەكارهێناندا دەگۆڕێت بۆ بەكاربردنێكی پەتی، كە وێرانی دەكات و وای لێدەكات زوو یان درەنگ بگۆڕێت بۆ خاشاكێك. كاتێك بێ‌ كێشە هەڵسوكەوت بە شتەكانەوە دەكرێت، ئەوەی كە ناتوانین تێیدا بیگرین و ئەوەی بە سایەیەوە لە خۆیدا ئۆقرە دەگرێت، نامێنێت، واتە بەسەر خۆدا شكاندنەوەكەی، كە بە سایەیەوە لە بەدەستەوەگرتنمان خۆی دەكشێنێتەوە، لەدەست دەدات. ئەم كشانەوەیە لە بوونی شتەكاندا شكۆیەك بە ئاگا دێنێت كە لە مامەڵەكردنی وەزیفی لەگەڵ شتەكاندا، لەناودەچێت.
     ئەمە بەشێوەیەكی دیاریكراو لەوەدا دەردەكەوێت كە ئێمە لەمیانەی ئەم مامەڵەوە لە ئاست شتەكاندا ناوەستین. ئەمە دیاردەیەكە كە پێشتر لە بەكارهێنانی ڕۆژانە بۆ دەستدا، سەرنجماندا. ئێمە ئاگامان لەو شتانە نابێت كە بۆ دەستن مادام لە بەركارهێناندا چاكن، ئەمەش واتە بایەخدانمان پێی زووتێپەڕ و كورتخایەنە. شت سەرنجی لێنادرێت تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە ئاستەنگێك دەكەوێتە بەكارهێنانییەوە. ئەم پەیوەندییە بەو شتانەوە كە بۆ دەستن، لەمڕۆدا تا ئەو ڕادەیە درێژ بۆتەوە كە هەموو ئەو شتانەش بگرێتەوە كە بەگشتی لە جیهاندا ڕێكەوتمان دەكەن. گشت لە ڕوناكيی وەزیفەیەكدا دەردەكەوێت، وەلێ‌ ئەم دەركەوتنە لەوەدا خۆی حەشارنەداوە كە خۆی و لە خۆیدا خاوەنی قەوارەیەكی ساردوسڕە، بەڵكو لەوەدایە كە لە بەكارهێنان خۆی بکشێنێتەوە. بەكارهێنانی شتەكان واتای ئەوەیە كە هیچ هەلێكیان پێنادەین تا وەك ئەوەی شتانێكی دامەزرا و سەربەخۆ لە خۆیاندا لێیان بڕوانین كە تێیدا تێڕامانێكی پێوانەكاری بۆ پاڵپشتكردنیان دەبینرێتەوە.  ئەوەی لە میانەی مامەڵەی وەزیفیدا سەرنج ڕادەكێشێ‌ بریتییە لەوەی كە پێویستە چاكسازی تێدا بكرێت یان قەرەبوو بكرێتەوە، بەڵام واتای ئەم ڕێوشوێنانە ڕێك لەوەدا خۆی دەنوێنێ‌ كە سەرلەنوێ‌ شتەكان وا لێبكرێنەوە نەبنە جێی سەرنج، واتە لەمیانەی بەكارهێنانەوە دووبارە نائامادەگییان بەرهەمبهێنرێتەوە.
     ئەو كشانەوەیە كە سیمای بوونی شتەكانە دەیانكاتە شتانێكی دامەزراو لە جێگیرییە ناوەكیەكانی خۆیاندا، بەوەش بەرهەڵستی ئامادەگیی تەواوەتییان لە بەكارهێناندا، دەكەن. ئەم كشانەوەیە هەمیشە دەركی پێناكرێت و دەرناكەوێت، وەلێ‌ لەگەڵ ئەوەشدا مومارەسەی جۆرێك لە كاریگەری دەكات لەڕێگەی شتێك لەو شكۆیەوە كە مرۆڤ لەهەمبەر شتەكاندا هەستی پێدەكات، و بەتەواویش ناكەوێتە ناو خانەی لەبیركردنەوە تەنیا لەچوارچێوەی مامەڵەیەكی وەزیفیدا نەبێت لەگەڵ شتەكاندا. لە ڕاستیدا ئەوەی لەگەڵ نائامادەگی كۆی شتەكان لە بەكارهێنانی سەراپاگیریی وەزیفیدا غیابی دەبێت بریتییە لە خودی كشانەوە. دەرنەكەوتنی كشانەوە زیاتر دەبێت و دەبێتە شاراوەبوونی سەراپایی. لە دەرنەكەوتنیدا، هەر لە سەرەتاوە كشانەوە بەرەو ئەوە دەڕوات بەرەو ئەم شاراوەییە بكشێتەوە. كشانەوەی كشانەوە لەخۆیدا لە مامەڵەی وەزیفی لەگەڵ شتەكاندا دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، بەجۆرێك كە خەڵكی هەر بیرۆكەیەكیش لەو بارەیەوە لەدەست دەدەن كە شتێكی وەك كشانەوە بوونی هەیە. لەبەرئەمە ئەوەی لەبارەی كشانەوەوە بدوێت دەشێ‌ ڕووبەڕووی ئەو تۆمەتە ببێتەوە كە تارمایی بینیووە.
     شتەكان دەلاقەمانن بەسەر جیهاندا. بەهۆی شاراوەبوونی ڕیشەیی كشانەوەوە لەمیانەی مامەڵەی وەزیفییەوە لەگەڵ شتەكاندا، شتەكان جێگرییە ناوەكییەكەی خۆیان، كە دەكرێت لە ئاستیدا هەڵوەستە بكەین، لەكیس دەچێت، و بەوەش جیهانیش جێگیریی خۆی، كە بە سایەیەوە زامنیی بە بوونمان دەدات، لەدەستدەدات. بەم جۆرەش بنچینە توندوتۆڵەكەی جیهان دەبێتە خەرەندێك[3] كە لە هەمبەریدا هەست بە دڵتەنگی دەكەین. سڵەمینەوە لەم دۆخە نیگەرانیمان تێدا دەوروژێنێت، بەڵام ئەمە نیگەرانییەکە ناتوانین سەرچاوەكەی دەربخەین، چونكە ڕیشە ڕاستەقینەكەی، كە بریتییە لە نائامادەگی كشانەوە، لە شاراوەییەكی تەواودایە، ڕێك بەهۆی ئەم شاراوەییەشەوە، لای ئێمە، بە نادیاری دەمێنێتەوە.
     ئەم نیگەرانییە كە دوورە لە ڕاڤەكردن و لەسەرووی وەسفكردنەوەیە، لەم سەدەیەماندا بەهۆی زمانەوە دەگوێزرێتەوە، و زۆرجاریش لە بەرهەمە ئەدەبییەكانی ئەم سەردەمەماندا گوزارشتی لێكراوە. ئەوە نیگەرانییە بۆ لەكیسچوونی ئەو نیشتمانەی كە پەیوەستە بە مرۆڤەوە بەگشتی، واتە جیهان وەك ڕەهەندی دەركەوتنی پەیوەند بە بوون- لە- جیهاندا. بەڵام ئێمە هەمیشە لە هێماكانی ئەو تەنگوچەڵەمەیە تێناگەین كە بەهۆی ئەم لەدەستدانەی نیشتمانەوە، بەم واتایە، تێی كەوتووین، چونكە ئەوەی پەیوندیی وەزیفی بەجیهانەوە جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە لە بنەڕەتدا ئەم هێمایانە وەك كۆمەڵە خەوشێك (خلل) لێكدەداتەوە. بەمجۆرە ئێمە، بۆ نموونە، نیشانەكانی وێرانكردنی ژینگە تەنیا وەك خراپكارییەك دادەنێین كە لەسەرمان پێویستە لەداهاتوودا، لەڕێگەی باشكردنی پێشبینییەكانمانەوە، چاكی بكەینەوە و نەیهێلین. ئەمەش واتە وەك خەوشگەلێكی وەزیفی بۆمان دەردەكەون كە تەنیا بۆ ئەوە بوونیان هەیە وەلابنرێن و بسڕدرێنەوە. بەوەش لە ڕووی بنەماییەوە دەرچوون لە ئاسۆی تێگەیشتنی وەزیفی لە جیهان، نایەتەدی.
     لەدەستدانی جیهان بەشێوەیەكی تێبینینەكراو ڕوودەدات بەڕادەیەك هاوارەكانی ئاگاداركردنەوە، كە لە گەرووی خەڵكانێكەوە دێتە دەرێ‌ كە ترسێكی زۆریان لێنیشتووە، لەبەردەم هەموواندا وەك كەڵكەڵەیەكی هيستریایی دەردەكەوێت. ئیدی، لەسایەی ئەم هەلومەرجەدا، چۆن دەتوانرێت ئەو تەنگوچەڵەمەیەى لەو لەكیسچوونە نوێیەی نیشتمانەوە كەوتۆتەوە، ببێتە بابەتێكی تێبینیكراو، ئەمە یەكەم، و دووەمیش ببێتە پاڵنەرێك بۆ گەڕان بەدوای دەرچەیەكدا بۆ دەرچوون لە پەیوەندی وەزیفی بە شتەكانەوە؟ لێرەشەوە دەگەینە پرسیاری دووەم كە كەمێك پێشتر خستمەڕوو: لەكوێدا دەربازبوون لە ساختەیی ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی ڕەسەنایەتییەكی نوێدا، خۆی دەنوێنێت؟
     ئێمە بەسایەی خۆڕاگرییەوە دەستمان بە ڕەسەنایەتی دەگات، واتە بوێریی بۆ نیگەرانى و جوامێریی نیگەرانبوون. لە نیگەرانیدا هەست بەوە دەكەین كە چۆن بوون- لە- جیهاندا لە ئێمە دەترازێ‌ بۆ عەدەم. ئەم ترازانە هەموو زامنییەك لە بوونمان دەكشێنێتەوە. عەدەم بەم شێوەیە وامان لێدەكات لە دۆخی نیگەرانیدا بین، چونكە ناتوانین دەستی پێوە بگرین وەك چۆن دەست بە ئوبێکتەوە دەگرین. عەدەم لە تەوژمێكی نەبینراو دەچێت كە لە گێژاوێكدا هەموو ئەو شتانەی لەسەر ڕووی ئاوەكە دەردەكەون بەرەو چاڵەپێچییەكە بەكێشدەكات. هەر بەم جۆرەش عەدەم شتەكانمان لێدەكێشێتەوە، و لەمیانەی ئەوەشەوە وەك ڕاكێشەرێكی نەبینراو، شاراوە، دەمێنێتەوە. ئەمەش جگە لەو كشانەوەیەی كە خۆی بۆ شاراوەیی دەكشێنێتەوە، شتێكی دیكە نییە. عەدەم كە هەموو بوونمان- لە- جیهاندا دەهەژێنێت هیچ نییە جگە لە ناوێكی تری ئەو كشانەوەیەی كە خۆی دەكشێنێتەوە. هەروەك ئەوەی پیشاندانی بوێری بۆ نیگەرانى لەهەمبەر عەدەمەوە واتای هیچ شتێكی دیكە نییە جگە لە ئامادەكارییەك بۆ قەبووڵكردنی كشانەوە.
     پێشتر بینیمان بەرگەگرتنى نیگەرانی لەچوارچێوەی خۆڕاگریدا بوونمان بەسەر جیهاندا دەكاتەوە، و ئێستاش ئەوە ڕوون دەبێتەوە لە كوێدا ئەم كرانەوەیە، بە پۆزەتیڤی، خۆی دەنوێنێت. ئەمەیە وامان لێدەكات بتوانین سەرنجدانمان لە شتەكان بەجۆرێك بگۆڕین كە لەسەریان هەڵوەستە بكەین. ئەم سەرنجدانە بریتییە لە شكۆ لەهەمبەر ئۆقرەگرتوویی شتەكان لە خۆیاندا، كە لەوەی دەپارێزێت لە بەكارهێنانی وەزیفیدا گوم بن. ئەم شكۆیە بەسایەی ئامادەییەوە بۆ قەبووڵكردنی كشانەوە، شیاو دەبێت، ئەم ئامادەییە لەگەڵ بوێریی بۆ دڕدۆنگیدا، هەماهەنگ دەبێت. بەمجۆرە دووپاتی پەیوەندی نێوان خۆڕاگری و كرانەوە بۆ جیهان دەكرێتەوە، ئەمەش ئەو پەیوەندییەیە كە ئاراستەی لێكدانەوەی "بوون و کات" وەك بوونگەرایی پاڵەوانبازی، نكوڵی لێدەكرد.
     بەڵام ئەوە چییە ڕێمان پێدەدات ئەو حەقە بە خۆمان بدەین كە نێوان كشانەوە كە توندوتۆڵیی سەربەخۆیی شتەكان لە خۆیاندا بۆ شتەكان مسۆگەر دەكات و, عەدەم كە لەمیانەی دڕدۆنگییەوە لە هەموو زامنییەكی جێگیر ڕووتمان دەكاتەوە، یەك بخەین؟ ئەم تەوژمی عەدەمە، كە وا لە جیهان و شتەكان دەكات بەشێوەیەكی تۆقێنەر لێمان بترازێن، چۆن دەتوانێت، وەك كشانەوە، ڕێك و ڕەوان ببێتە ئەوەی كە شتەكان لە پەیوەندی وەزیفیدا بە جیهانەوە لە لەناوچوون دەپارێزێت و وایان لێدەكات وەها دەركەون كە لەخۆیاندا سەربەخۆن؟ ئایا لێرەدا بابەتەكە لە ناكۆكیدا نییە؟
     ئەم ڕەوشە بەو ڕادەیەش نامۆ نییە كە لە یەكەم سەرنجداندا دەركەوێت. با وێنای خواحافیزی میوانێكی ئازیز بكەین لە وێستگەدا كە لە شەمەندەفەرە جوڵاوەكەوە بۆ ماڵئاوایی هەر دەستمان بۆ هەڵدەبڕێت، تا وای لێدێ‌ لە بەرچاومان ئەكشێتەوە و ون دەبێت. لەم خۆ كێشانەوەی پەیوەست بە ماڵئاواییدا، لە غیابیدا دوور لە ئێمە، دەكرێت بەشێوەیەكی ڕوونتر و جێگیرتر ئەم كەسەمان بۆ دەركەوێت وەك لەوەی لە نزیكمانەوە دەردەكەوت. زۆرجار ڕوودەدات كە مرۆڤێك بەلای ئێمەوە لە شێوە ناوەكی و دەرەكییەكەیدا مۆركێكی ڕەگداكوتاو وەرناگرێت تەنیا لە كاتی مردووییدا نەبێت، واتە ئەو كاتەی كە بەتەواوی خۆی لە نزیك ئێمە دەكشێنێتەوە. گریكەكان، لە ماوەی سەردەمی كلاسیكی ئەسینادا، لە گەواهییەكانی گۆڕەكانیاندا، بەشێوەیەكی ڕوون گوزارشتیان لەم پەیوەندییە بەیەك ناكۆكەی نێوان كشانەوە و دەركەوتن كردووە كە لێكچوو نین. عەدەم لە دەركەوتندا، ئەو كشانەوەیەیە كە دەبێتە مایەی نیگەرانیمان و لە هەموو ئەزموونەكانی ماڵئاوایی و لەدەستداندا دەمانهەژێنێت، بە لێسەندنی ئەوەی لە نزیكمانە وازناهێنێت، بەڵكو دەشتوانێت شتێكمان بداتێ‌: عەدەم ئەو لێكشێنراوەمان بە جۆرێكی زیادەوە بۆ دەردەخات. ئەم زێدە دەرخستنە بریتیشە لە چاوگێكی جوان لە هونەری باڵادا.
     بەمەش دەتوانین ڕاگوزەرێین بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سێیەم: چۆن جیهان و شتەكان لە زەمەنی ئایندەدا دەردەكەون كە تێیدا سەردەمی ڕەسانەیەتی لە ئارادابێت؟ چۆن خۆیان پیشان دەدەن كاتێك بە زیادەوە، بەسایەی ئامادەییەكی نوێوە بۆ قەبووڵكردنی كشانەوە، دەردەكەون؟ ئەمەوێ‌ بە دەركەوتنی جیهان دەست پێبكەم تا دوای ئەوە بۆ دەركەوتنی شتەكان ڕابگوزەرێم.
     جیهان بریتییە لەو ڕەهەندە كراوە ڕۆشنەی كە ڕێگە بە دەركەوتن دەدات. ئەگەر بێتوو بەراووردی كرانەوە ڕۆشنەكەی ئەم ڕەهەندەمان بە ڕوناكی كرد، ئەوا عەدەم دەبێتە ئەو تاریكاییە داخراوەی كە بوونمان تاریك دەكات و لەمیانەی نیگەرانییەوە دەیكاتە شەوەزەنگ. مرۆڤ دەتوانێت وادانێت كشانەوە، تەوژمی عەدەم، پێویستە ڕوناكی جیهان هەڵمژێت، هەروەك چۆن كونەڕەشە لە گەردووندا[4] هەموو ڕوناكی هەڵدەمژێت. وەلێ‌ لێرەدا ئێمە بەر ئەم بابەتە سەرسوڕهێنەرەی پەیوەست بە بوونی بەشەری، دەكەوین. ئەوەش وەك بوون- لە- جیهاندا لە هەڵهاتنی ڕوناكی دوای دەركەوتنی (جیهان)دا، خۆی حەشارداوە. لەگەڵ لەدایكبوونی هەر مرۆڤێكدا ئەو بابەتە سەرسوڕهێنەرە ڕوودەدات كە لەوەدا خۆی دەنوێنێت ئەو تاریكاییە داخراوەی كشانەوە ڕێگە دەكاتەوە بۆ ڕەهەندە كراوە ڕۆشنەكە كە پێی دەڵێین جیهان. كشانەوە دەكشێتەوە دواوە لەپێناو هەڵهاتنی جیهاندا. ئەمە ڕواڵەتێكی دیكەی شاراوەیی كشانەوەیە. كشانەوە خودی خۆی دەكشێنێتەوە، لە زوڵمەتی تایبەت بەخۆیدا خۆی دەشارێتەوە تا ڕێگە بە دەركەوتنی شتەكان، واتە بە هەڵهاتنیان لە ڕۆشنایی كراوەی جیهاندا، بدات.
     ئەم ڕەوشە بەر لە هەموو فەلسەفەیەك، بەشێوەیەكی تەواو لە گەشەی ڕووەكەكاندا و، لە سەرووی ئەوەشەوە لە بەدیاركەوتنی هەر زیندەوەرێك لە جیهاندا، لای ئێمە ئاشنایە، ئەوە لێكەوتنەوەی زیندەوەرە لە زەمینەوە. زەمین ئەو داخراوییەیە كە لە پەناگە تاریكەكەی خۆیەوە ڕێگە بۆ دەركەوتنی زیندەوەر و گەشەكردنی زیندەوەر دەكاتەوە، بەجۆرێك كە دەتوانێت بەرەو باڵاتر ئاراستەی بكات، واتە بەرەو ناو ئەو فەزا كراوەیەی بواری ڕوناكی كە ناوی دەنێین ئاسمان.
     لە پەیوەندی ئاسمان و زەمیندا بەشێوەیەكی دیاریكراو لە ئەزموونی ڕێگاخۆشكردن بۆ ڕەهەندی دەركەوتندا دەژین، واتە ڕەهەندی دەركەوتنی: جیهان بە دەستپێكردن لە كشانەوەوە. نابێ‌ لەم دوو لایەنە[5] وەك دوو بابەتی گەورە تێبگەین، بەڵكو دەبێت وەك دوو ڕەهەندی بنەڕەتیانەی بەیەكگەیشتنی دەركەوتن لەبەرچاویان بگرین. ئەو بوارەی، ئەو ڕەهەندەی، كە بەسایەی ئەم بەیەكگەیشتنەوە دروست دەبێت، جگە لە جیهان شتێكی دیكە نییە. جیهان خۆی وەك كارلێكی نێوان ئاسمان و زەمین لەخۆیدا ئەو پەیوەندییە ناكۆكیئامێزەی نێوان كشانەوە كە دەپارێزرێت و، ڕێگەكردنەوە بۆ ڕەهەندی دەركەوتن بەدەستپێكردن لە كشانەوەوە، لەخۆ دەگرێت.
    لە بوونی ساختەی ڕۆژانەدا ئەوە لە ئێمە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە كە جیهان وەك كارلێكی ئاسمان و زەمین بریتییە لە دەركەوتنی ئەو پەیوەندییە، ئەوە تەنیا ئەو كاتە دەردەكەوێت کە لە چوارچێوەی ڕەسەنایەتیدا، تووشهاتنمان بە مەرگ دەخەینە ئەستۆی خۆمان و بەسایەی بوێری بۆ نیگەرانییەوە ئامادەی قەبووڵكردنی كشانەوە دەبین. جیهان وەك بەیەكگەیشتنی ئاسمان و زەمین دەرناكەوێت تەنیا لەلای ئەو كەسانە نەبێت كە دەرگیری مەرگ دەبن، ئەوانەی كە، بە گوزارشت لێكراوی، لە خۆیان وەك دەرگیرانی مەرگ، تێدەگەن، ئەوانەی كە بەوە توانای ئەوەیان دەبێت لە بەركارهێنانی وەزیفیی سانای شتەكان دەستهەڵگرن و، خۆیان تێیاندا كۆبكەنەوە، واتە، تەنیا لەلای خەڵكانی تووشهاتووی مەرگ نەبێت، بەم واتا پڕاوپڕەی وشەكە، ئەو پەیوەندییە دەرناكەوێت. لەبەرئەمە ئەوەی گریكە كۆنەكان، ئەوانەی خەڵكانیان بە دەرگیرانی مەرگ ناوزەد دەكرد، جیادەكاتەوە ئەوەیە كە ئەوان لە هەموو شتەكان بە تێڕوانین لە كارلێكی ئاسمان و زەمین تێگەیشتوون.
     بەوە ئەوە ڕوون بۆتەوە كە تەنیا ئاسمان و زەمین وابەستەی ئەزموونی ڕەسەنی جیهان نین، بەڵكو خەڵكیش وەك دەرگیرانی مەرگ، كە بەلایانەوە كارلێكی نێوان ئاسمان و زەمین ڕوودەدات، دەگرێتەوە. كاتێك دەرگیرانی مەرگ تووشبوونیان بە مردن لە دەمی ئەوەدایە ببێتە ڕاستەقینە، ئەوە دەزانن كە بوونیان- لە- جیهاندا شتێكی سەرسوڕهێنەرە. كشانەوە وابەستەی باڵادەستیی ئێمە نییە، چونكە ئەوە ئەو خۆیەتی كە خۆی دەكشێنێتەوە. لەبەرئەمە تووشهاتووانی مەرگ لە سەرسوڕهێنەریی ڕێگاكردنەوە بۆ ڕەهەندی كرانەوەی جیهان لە تێڕوانینی كشانەوەوە وەك دیارییەك تێدەگەن، واتە وەك خەڵاتێكی خۆكرد[6] كە بۆ ژماردن یان بەرهەمهێنانەوە بەهۆی شتێكەوە، دەستنادات.
     ئەم خەڵاتە ڕاستەقینە بەوە جیادەكرێتەوە بەخشەری بەخششێكە كە لە نكوڵیكردنی خوددا دەدرێت، ئەو نایەوێت خودی خۆی دەركەوێت، بەڵكو دەیەوێت دیار نەبێت، ئەوەش بۆئەوەی بتوانێت بەبێ‌ وەرزبوون قەبووڵی خەڵاتە پێ‌ بەخشراوەكە بكات. هەرچەندەی خەڵاتەكە لە خۆكردییەكی گەورەترەوە بدرێت، واتە هەرچەندەی بەجۆرێك لە جۆرەكان كەمتر شایەنی ژماردن بێت، ئەوەندەش بەخشەرەكە لەپشت خەڵاتەكەوە دەشاردرێتەوە. خەڵاتی خۆكردتر بریتییە لە ڕێگاكردنەوە بۆ جیهان وەك ڕەهەندی دەركەوتن لەتێڕوانینی كشانەوەوە، لەبەرئەمە، لەباشترین حاڵەتدا، تەنیا دەكرێت مەزەندەی ئەوە بكرێت كە كێ‌ بەخشەری خەڵاتەكەیە.
     لەلایەكی دیكەشەوە، پێویستە ئەم مەزەندەكردنە ناو لە بەخشەری خەڵاتەكە بنێت، لەبەرئەوە وەڵامێكی لەبار ئەویش سوپاسكردنە، وابەستەی خەڵاتەكەیە. لەبەرئەمەیە كە شارستانییە جیاوازەكانی مرۆڤایەتی لەبارەی خودا یان خوداوەندەكانەوە دواون. بەڵام هەموو ناونانەكانی خودا جا ئیتر (زیۆس) بێت یان (یەهوا) یان (باوك) یان هەر شتێكی تری بانگكراو و بانگنەكراو بێت، بەو پێیەی مەزەندەگەلێكی بیروهۆشن، هیچ نین جگە لە شتێكی تێپەڕ لەڕووی مێژووییەوە. وێڕای ئەمەش دەكرێت بڵێین: ئەو بوونەوەرانەی كە دەرگیرانی مەرگ بە خودایی ستایشیان دەكەن، بەكورتی خوداوەندییەكان، ئەوانیش هەر جیهانن، چونكە ئەوە جیهانە كە تووشهاتووانی مەرگ سوپاسی دەكەن، بەم جۆرە چوار گروپ سەر بە جیهانن: خوداوەندەكان، دەرگیرانی مەرگ، ئاسمان و زەمین. هایدیگەر لە دوایین كتێبەكانیدا ئەمە ناودەنێت چوارینە. ئەگەر بۆمان هەبێت بە بەرهەڵستیكردنی ئاراستەی مامەڵەی وەزیفی لەگەڵ شتەكاندا، ئەزموونی ڕەسەنی جیهان بكەین، ئەوا ئەمە وەك چوارینەیەك دەردەكەوێت.
     ناكرێت جیهان و شتەكان لەیەكتر دابڕین هەروەك چەند جارێك ئەمەمان ڕوون كردەوە، لەبەرئەوە ئێستا پرسیارێك دەمێنێتەوە: چۆن چۆنی شكۆ لەهەمبەر كشانەوەدا، لە شتەكاندا لەگەڵ ئەزموونی چوارینەدا گرێدراوی یەكتر دەبن؟ شتەكان تەنانەت كاتێكیش وەك شتانێك بۆ دەست لەپێناو بەكارهێناندا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، نابنە شتانێكی دوورەپەرێز و گۆشەگیر، بەڵكو لە پەرێزی بەكارهێناندا دەردەكەون و واتا و بوونی خۆیان تەنیا و تەنیا لەم پەرێزەوە وەردەگرن. تەریب بەمە، شتەكان، لە ئەزموونە ڕەسەنە وابەستەكەیاندا بە شكۆوە، لە هەمبەر كشانەوەدا، پێویستە واتا و بوونی خۆیان لە چوارینەكەوە وەدەست بخەن.
     دەتوانین بەدیاریكراوتر ئەمە پیشان بدەین. نموونەی خودی هایدیگەر بریتییە لە پرد. پرد لە ژیانی ڕۆژانەدا وەك شتێك بۆ دەست ڕێكەوتمان دەكات، ئەوەش واتە ئێمە بەبێ‌ ئەوەی زۆر بیری لێبكەینەوە بەكاری دەهێنین، كاتێكیش لە جووڵەی هاتووچۆدا لەنگییەكی تێدەكەوێ‌ تا لەتوانادا بێت بە خێرایی بە زووترین كات چاكدەكرێتەوە. وەلێ‌ تەماشاكردنی ئەو خەرەندەی كە لەژێر پردەكەوە نادیارە ڕەنگە بتوانێت ترسێكی زۆر لە ئێمەدا بوروژێنێت و بمانتۆقینێت، و وامان لێبكات بۆ چركەساتێك لەماوەی جووڵەی بەكارهێنانی پردەكە، بوەستین. لە مەترسی بەردەم خەرەندەكەدا عەدەم ئاوەڵا دەبێت، كە تووشبوونمان بە مەرگ، دەخاتە پێش چاو. خەرەندەكە وا لە پردەكە دەكات وەك شتێك دەركەوێت كە تێیدا زەمین و ئاسمان بەیەك دەگەن. پردەكە بەسەر خەرەندەكەوە هەڵواسراوە و قایم كراوە، چونكە لەهەردوو سەرەكەیەوە شاندەداتە سەر زەمینێكی پتەو، بەم جۆرەش هەر هەمووی لەلایەن زەمینەوە هەڵگیراوە، ئەویش لای خۆیەوە زەمینی هەڵگرتووە، چونكە هەڵگرتنی زەمین تێیدا درێژ بووەتەوە و لەسەر پردەكە زەمین ئامادەیە. ئەو زەمینەی لە هەڵگرتنی پردەكەدا ئامادەیە لە خەرەندەكە دەمانپارێزێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە پردەكە لەسەر خەرەندەكەوە هەڵواسراوە، ئەوا باڵا دەبێت و بەرز دەبێتەوە تا كرانەوەی ئاسمان. ئەو لە ئاسماندا جێگیرمان دەكات، وەك ئەوەی بەسەر حەبلێكەوە خەریكی سەما كردن بین، بەم جۆرەش ئاسمان بۆ زەمین ڕادەكێشرێت.
     بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەو كەسانە نەبێت كە دەرگیرانی مەرگن ڕاست نییە، ئەوانەی كە حەوسەڵەی ئەوە دەكەن بوونیان ببێتە سەمایەك لەسەر حەبلی سەر خەرەندەكە، واتە ئەوانەی لەوە هەڵنایەن بوونیان شیاوی تووشهاتن بە مەرگ بێت. ئەو مەترسییەی بەسەرمان هات، كە لەوەدا خۆی دەنوێنێ‌ هەموو پردێك تێپەڕاندنی خەرەندەكەیە، ڕێكەوتی ئەو دەرگیرانەی مەرگ دەكات كە خودی خۆیان تووشی مەرگ دێن. ئەوان ژیانی تووشهاتوویان بە مەرگ وەك خەڵاتێك دەبینن، هەر لەبەرئەمەش بووە خەڵكی لە ڕابردوودا كۆمەڵێك شكڵ و شێوەیان لە پردەكاندا دروست كردووە كە نوێنەرەوەی پیاوانی پیرۆز و فریشتەكان بوون كە ئەوەی بیر دەهێنانەوە خوداوەندەكان و خوداوەندییەكان -گووتەزای Engle: واتە فریشتە و Bote: پێغەمبەر- لەگەڵیاندان و دەستیان بە باڵیانەوەیە. نەك تەنها پرد، بەڵكو هەموو شتە ئاراستەكراوەكان بۆ بەكارهێنان، كاتێك ئێمە ڕام دەبین و لە ڕەسەنایەتیدا تێیان دەگەین، لەو كاتەدا كە خەریكی كۆكردنەوەی خۆمانین، دەكرێت وەك شوێنێك كە تێیدا چوارینەكە كۆدەبنەوە، دەردەكەون. ئەو دەستەواژە ئەڵمانییە كۆنەی كە، لەسەرووی ئەوەشەوە، ئاماژە بە كۆبوونەوە دەكات، بریتییە لە Thing، كەواتە Ding: شت.
     بەڵام ئایا ئەم جۆرە ئەزموونكردنەی شتەكان تەنیا پەرۆشییەكی شيعری نییە؟ ئایا ئەمە هەمووی تەنیا بۆ ئومێدی ئایندەیەك ڕاست نییە كە تێیدا سەردەمی ڕەسەنایەتی دێتە ئارا؟ هەرچەندەی سەردەمەكەمان زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات، هەرچەندەی، بەشێوەیەكی كەمتر، بە چوارینە، باس لە جیهان بكەین، ئەوەندەش زۆر ناخایەنێت كە جیهان تەنیا وەك كۆگایەكی (سامان)ی شیاو بۆ هەڵسوڕاندن و ئاراستەكردنی توندوتۆڵ دەردەكەوێت لەپێناو ئامادەكردنی بەرهەمانێكی لەبار بۆ بەكارهێنان. لەگەڵ ئەوەشدا، هایدیگەر هەڵگری ئومێدێكی بنیاتنەرانەیە لە دۆزینەوەی مێژوویی دەرچەیەك بۆ دەرچوون لەم دۆخە. ئەم ئومێدە ڕێك لەوەدا خۆی بنیات دەنێت كە خودی كشانەوە لەمڕۆدا خۆی بۆ شاراوەییەكی تەواو دەكشێنێتەوە. لەلایەكەوە، وەك مەتەڵێك دەردەكەوێت كە چۆن دەكرێت ئامادەبین بۆ قەبووڵكردنی كشانەوەیەك كە تەنانەت ناشتوانین مەزەندەی بكەین، چونكە ئەویش ڕیشەییانە خودی خۆی دەكشێنێتەوە. بەڵام لەلایەكی دیكەوە، ئەم كشانەوەیەی خود هیچ نییە جگە لە ئەوپەڕی هەڵكشانی كشانەوە. بەبۆچوونی هایدیگەر هەلی ئێمە لێرەدا خۆی مەڵاس داوە: بۆ یەكەمجارە لە تەقلیدی مێژووییماندا كتومت لەوە تێبگەین كەجیهان و شتەكان لە تێڕوانینی كشانەوەوە كە خۆی دەكشێنێتەوە، پێمان دەبەخشرێن. وەلێ‌ ڕوودانی ئەوە بە هەرحاڵ لەسەر توانایی ئێمە نەوەستاوە، چونكە ئەوەی ڕێك و ڕەوان كشانەوە جیا ئەكاتەوە ئەوەیە كە ئێمە دەستمان بەسەریدا ناشكێت، چونكە خۆی دەكشێنێتەوە. ئێمە بەدوای ئەو چۆنیەتییەوەین كە بەهۆیەوە ڕێگە بۆ دەركەوتن ئەكاتەوە. بەڵام لەمیانەی تێڕامانی فەلسەفییەوە دەتوانین ئامادەبین بۆ تێگەیشتن لەوەی كە كشانەوە، بە گەیشتنی بە ئەپەڕی ڕادەی خۆی، وا لە مرۆڤ دەكات كە سەرلەنوێ‌ ئامادەی قەبووڵكردنی ئەوە بێت كە بوونی ئەو شیاوی تووشهاتنی مەرگە و بەوەش بەسەر چوارینەدا كراوەیە.
     ئەم تێڕامان و ئامادەییە فەلسەفییە، بەشێوەیەكی بنەڕەتی جیاواز دەبێت لەو نەخشەسازییەی لە سوبێکتەوە دەكەوێتەوە و، داوەری ئەوە دەكات كە لە ئێستاوە بە جۆرێكی باشتر كاربكەین بۆ وەلانانی ئەو زیانانەی كە لە دەستوەردانمان لە ژینگەوە كەوتوونەتەوە، ئەمە هیچ نییە جگە لە ڕاستكردنەوەیەكی خودیی بۆ قۆستنەوەی وەزیفییانەی ژینگە. لە سەرەتادا بەرەنگاری ئەم هەڵوێستە بوومەوە كە بە سروشتگەرایی ئیكۆلۆجی بەرگری بەڕووى سەنتەربوونی مرۆڤدا دەنوێنێت. وەلێ‌ ئەم ڕێبازەش ڕێگای هایدیگەر نییە، لەبەرئەوەی هاندان بۆ ملكەچیی تەواوەتیمان بۆ سوڕەكانی سروشت پێگەی مرۆڤ لە جیهاندا فەرامۆش دەكات. دەرگیرانی مەرگ وابەستەی جیهانن وەك چوارینەیەك. چوارینەیەكیش بوونی نییە تەنیا لەلای مرۆڤێك نەبێت كە لە بوونە ڕەسەنەکەیدا خودی خۆی بۆ دەكاتەوە. جیهان بۆئەوەی دەركەوێت پێویستی بە مرۆڤە. ئەوەشی دەیەوێت مرۆڤ بكاتە تەنیا هەڵەشەیەكی بچووك لە سیستەمێكی هەمەكيی ئیكۆلۆجی سروشتدا ئەوا زۆر لە پێگەی مرۆڤ دێنێتە خوارەوە. ئەوە سەرناگرێت تەنیا بە قڵپكردنەوەی سەرەوژێری وەزیفەگەرایی سوبێکتیڤ نەبێت كە لە بریدا وەزیفەخوازیی ئوبێکتیڤى سروشت بكرێتە جێگرەوە. لەڕاستیدا لە وشەی نهێنی (سروشت)دا مەزەندەكردنێك هەیە ئاماژە بە ئەودیوی وەزیفەخوازیی ئاراستەی ئیكۆلۆجی دەدات. سروشت (Natur) وەگێڕدراوی لاتینی دەستەواژەى یۆنانی (physis)ــە، یەكێك لە گەورەترین فەیلەسووفانی بەرایی مێژووی فەلسەفەش، هیراكلیتس لەبارەی (physis)ــەوە ئەڵێت بریتییە لەوەی ئارەزووی گومبوونی هەیە. هایدیگەر لە گوێڕادێرانیدا لەم وشەیە مەزەندكردنێكی زووكات (مبكر)ی لەبارەی كشانەوەوە بیستووە؛ لە شكۆ لەهەمبەر كشانەوەشدا هەموو شتێك دەوەستێت.
       



[1] Die schen: دۆخێكی ویژدانییە كە گوزارشت لە ترسێكی تێكەڵ بە ڕێز یان سڵەمینەوە و شەرم دەكات. وا دیارە گووتەزای (شكۆ) نزیكترین وشەیە بۆ گوزارشتكردن لەم دۆخە.
[2] Consummation/ verbranch: بەكاربردن. شتەكە بەكاربرا واتە فەوتاندی و لەناوی برد. بۆ پەیبردن بەو دیاردەیەی كە نووسەرەكە بە دیاریكراوی لەسەری هەڵوەستە دەكات، ئەوەندە بەسە كە جیاوازی بكەین لەنێوان ئەو دەستەسڕی گیرفانەی كە لە خوری دروستكراوە و سوورین لەسەر پارێزگاریكردنی لەكاتی بەكارهێناندا، و ئەو دەستەسڕەی كە لە كاغەز، تەنیا بۆ یەكجار بەكارهێنان، دروستكراوە، واتە بۆ بەكاربردن. لە ژیانی ڕۆژانەماندا زۆر نموونە هەن كە دووپاتی هەمان دیاردە ئەكەنەوە.
[3] Grund: بنچینە. Abgrund: خەرەند، كەند.
[4] لێرەد (الكون) بە واتای گەردوون universum/ univers هاتووە.
[5] زەمین و ئاسمان دوولایەن نین بە واتای شوێنەكی، بەڵكو بەو واتایەن كە دوو ڕەهەندی ڕووبەڕوون بۆ دەركەوتن، یان دوو چۆنییەتین كە بەهۆیانەوە جیهان وەك ناكۆكییەك لەنێوان داخران و كرانەوەدا ڕوودەدات؛ ئەوانە دوو ڕووداون، زەمین گوزارشتە لە ڕوودانی داخران و ئاسمانیش گوزارشتە لە ڕوودانی كرانەوە. 
[6] Jrei: زۆرجار واتە ئازاد، لێرەدا وەرگێڕانیمان بە دەستەواژەى (خۆكرد) بە باشتزانی چونكە زیاتر نزیكە لە واتای ویستراوەوە. خەڵاتی خۆكرد، واتا بریتییە لەوەی كە ناكرێت بەگوێرەی مەرجگەلێكی دیاریكراو بەرهەمبهێنرێت و دابهێنرێت، و ناشتوانرێت بژمێردرێت و پێشبینی بكرێت. بەواتایەكی دیكە، خەڵاتی خۆكرد بۆ بەدیهێنانی مەبەستێك كە لەپشتییەوە خواسترابێت، دەست نادات.



سەرچاوە:
ئینتەرنێت. لە ماڵپەڕی محمد عابد الجابرییەوە وەرگیراوە. www.aljabri.150.com . لە بنەڕەتدا دەقی وەرگیڕدراوی ئەم وتارە سەرەتا لە ژمارەی یەكەمی گۆڤاری (فكر و نقد)دا بڵاوكراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ئەو گۆڤارە وەك خۆی لەسەر ماڵپەڕی ئئینتەرنێت دانەنراوە، ئێمە نەمانتوانی بەتەواوی ناوی گۆڤارەكە وەك سەرچاوە بنوسین. لە ماڵپەڕەكەی جابریدا، كە ماڵپەڕی سەرەكی دابەزاندنی گۆڤارەكەیە، تەنها بابەتەكان و ژمارەكانی گۆڤارەكە ئاشكرایە. 


تێبینى: ئەم یەکەمجار وتارە ساڵى 2009 لە گۆڤارى ڕامان بڵاوبۆتەوە و ئەو کاتیش هەر پێشکەش بە "د. عیرفان مستەفا' کراوە. دووەمجار لە ساڵى 2018 لە کتێبى "بوونگەرایى"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفییەکانى گۆڤارى ئایدیا، بڵاوکراوەتەوە.



No comments:

Post a Comment