وەرگێڕانی:
هاوار محەمەد
بۆ
میلینا..
ئەوەتا
تۆ دەبینیت لە بەیانیدا، من لەسەر كورسییەكی دارین بەڕووتی لێى دانیشتووم، نیوەم لەبەر
هەتاوە و نیوەم لەبەر سێبەر.. ئەمەش دوای شەوێكی پڕ مەراق تا بەری بەیان.. جا چۆن
خەوم لێ بکەوێ كە من دەرهەق بە نووستن دەڵێى پەڕێكم بەدەم باوە و بەردەوام لە دەوری
تۆ ئەخولێمەوە، چۆن تاقەتدەگرم بنووم هەتا ترس لێم نیشتبێ (وەك تۆ بۆت
نووسیبووم)، ترسانێكی ڕاستەقینە (لەوەی كەوتۆتە ئەستۆم)، هەمان ئەو ترسەی لە بارەی
پێغەمبەرەكانەوە بیستوومانە كە ئەو وەختەى گوێیان لە دەنگێكى نەناس بووە بانگی
كردوون، منداڵكی لاواز بوون و ترس لە گیانیان نیشتووە و، قاچەكانیان تووند بە زەمینەوە
نووساندووە، ئا لەو ساتەدا هەستیان بە ترسوبیمێک كردووە عەقڵ نایبڕێت.. بێگومان
دەبێت پێشتریش گوێیان لە هەندێ دەنگ بووبێت، بەڵام لەوە تێنەگەیشتوون چۆن ئەم
سامناكییە ڕێك لەو دەنگەوە دەردەچێت؟ ئەوان نەیانزانیووە هەر ئەم دەنگەبووە
پێشتریش بەرزبۆتەوە.. خۆ زۆر كەس گوێیان لە وەها دەنگێک بووە، بەڵام پێناچێ هەمووان گوێیان بە بیستنى دابێت، بۆیە بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ئارامی و ئاسوودەییدا بمێنێتەوە وا باشترە
نكوڵییەكی سەرسەختانە لە بیستنى ئەو جۆرە دەنگانە بكات.
(كافكا)
خانمە
ئازیزەكەم میلینا..
لە
"پراگ" نامەیەكم بۆ نووسیت، ئینجا لە "میران"یش یەكێكی تر،
كەچی وەڵامیانم وەرنەگرتەوە. ڕاستییەكەی ئەو دوو نامەیە پێویستیان بە وەڵامی خێرا
نییە وەك ئەوەی هەمیشە دەكرێت، خۆ ئەگەر بێدەنگبوونت نیشانەى بەختیاری
و ئاسوودەییت نەبێت، كە زۆر جار ئەم هەستە بە نووسین خۆی دەنوێنێتەوە، ئەوا ئەو كاتە لە
شتێك دڵنیا دەبم. لەوەی كە ئەكرێت بە جۆرێك لە جۆرەكان لەو دوو نامەیەدا ئازارم پێ
گەیاندبیت–كە هەر ئەمە بوو بە ئەنگێزەى ئەوەى دیسان ئەم نامەیەت بۆ بنووسم- (نەفرەت
لەو دەستە ناچیزانەم گەر نەبنە مایەى ڕەزامەندیى ئەو كەسەی بە دڵ خۆشمدەوێ!) ئایا ئەكرێت ئەمە مەسەلەكە بێت؟ یان... جا لە حەقیقەتدا چی هەیە لەمە
خراپتر؟ جارێكی تریش ئەو چركەساتە تێپەڕى كە تێیدا هەناسەیەکى ئارام لەو هەوایە هەڵمژم
کە تۆ دەستەكانت بە نێویدا گێڕاوە.
بە
نیازی چیت؟ ئایا ڕۆژی شەممە نامەم بۆ دەنێریت؟ ڕەنگە وا بکەیت، بەڵام ئەم كەیل و
تاسەیەی من شێت بووە بۆ وەرگرتنی نامە، ئایا یەك نامە بەسە؟ ئایا پێویستە مرۆڤ
یەكجار شتێک بزانێ؟ بێگومان یەكجار بەسە، بەڵام وێڕای ئەوەش مرۆڤ هەر حەز دەکات مل بەمە نەدات و قەناعەتى پێى نایەت، چونکە حەزی لە هەڵمژینی بۆنی نامەكانە و، شعور و داڵغەیشى لەسەر هیچ شتێك
نامێنێتەوە جگە لە حەزی بۆنكردن بە نامەكانەوە.
تۆ
بە عەزییەکەوە لە نزیك درەختێكی چكۆلە و جوان وەستاویت، چاوەكانیشت بە
بریسكانەوەكانیان ئەو جیهانە دوور دەخەنەوە كە گیرۆدەیە بەدەست خەم و ژانەکانەوە،
ئێمە دەست دەکەین بە گەمە (گەمەیەكی بێمانا)، من لە سێبەری درەختێكەوە دەچم بۆ هى درەختێكی
دیكە، من لە ڕێگاكەی خۆمدا دیلم و تیاماوم، تۆش بانگم ئەكەیت، لە مەترسییەكان ئاگادارم
ئەكەیتەوە و، هەوڵدەدەیت جوامێریی لە ناخمدا پەخش بكەیتەوە، من بەستراومەتەوە بە
هەنگاوە كورتەكانمەوە و، تۆش مەترسیی گەمەكە بیری من دەخەیتەوە.
پاشانیش
بروسكە ئازاردەرەكەت دەگاتە دەستم، گریان مەبەستی منە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەو، ئەم
دوژمنە سەرسەختە (خۆ ئەگەر بروسكەكەی تۆ بە گریانەوە نەبووایە كە بە تەواوی بیانووی
داوەتە دەستم)، ئەوا گومانی تیا نییە ئەمە هەڵەی تۆ نەدەبوو، بەڵكو دڵڕەقیی شەو خۆیەتى،
ئەم شەوە كورتە دنیاییانە تۆوی ترسیی شەوێكی ئەبەدییان لە ناخی مرۆڤدا چاندووە.
(کافکا)
سەرچاوە :
www.goodreads.com
No comments:
Post a Comment