لووى ئالتۆسێر
وه‌رگێرانی: هاوار محه‌مه‌د
مرۆڤ
سه‌نته‌ری جیهانه‌كه‌ی خۆیه‌تی به واتا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئەم دەربڕینە؛ مرۆڤ چییهتيى
بنه‌ڕه‌تی و ئامانجی جیهانهكهیهتى. ده‌توانین به‌مه بڵێین هیومانیزمی تیۆریی پڕ به واتای وشه‌كه.
ده‌كرێت له‌وه‌دا له‌گه‌ڵم هاوڕا بن كه ماركس به قووڵی
كێشه‌كه‌ی فۆیه‌رباخی ده‌رباره‌ی چییه‌تی جۆره‌كی مرۆڤ [نوع الإنسان] و نامۆبوونی وه‌رگرت
و به‌رده‌وامیی پێدا، بەڵام دواى ئەوە به ته‌واوی له هیومانیزمە تیۆرییەکەى فۆیه‌رباخ
دابڕاو ئه‌م دابڕانهیش به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی مۆركی خۆی له‌سه‌ر مێژووی فیكری
ماركس بەجێهێشت.
به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌مه دوورتر بڕۆم، چونكه فۆیه‌رباخ
كه‌سێكی سه‌یری فه‌لسه‌فییه كه ئه‌م خاسییه‌ته ده‌نوێنێته‌وه، تكایشم وایه
ڕێم بده‌ن به‌م جۆره گوزارشتی لێ بكه‌م: «ئه‌و ئه‌ركێكی ڕاپه‌ڕاند». فۆیه‌رباخ
هیومانیزمێكی هەبوو زۆر ئاشكرا و ڕاگه‌یه‌نراو. به‌ڵام له پشتییه‌وه میراتێكی
دێرینی ئه‌و فه‌یله‌سوفانه درێژبووبوویەوە كه كه‌متر له فۆیه‌رباخیش به مرۆڤه‌وه
سه‌رقاڵ نه‌بووبوون ئەگەرچى وه‌ك ئه‌و خۆیان جاڕیشیان نەدابوو؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه
دۆزینه‌وه و كه‌شفێكی ئه‌وتۆ نییه و، ئینجا خۆیشم ده‌پارێزم له‌وه‌ی له به‌های
ئه‌م نه‌ریته گه‌وره‌یه‌ی هیومانیزم كه‌م بكه‌مه‌وه، چونكه ئەو فهزڵە مێژووییەى هەر هه‌یه كه دژی ده‌ره‌به‌گ و دژی
كه‌نیسه و ئایدیۆلۆژییهكهی خه‌باتی كردووه و، كه‌رامه‌ت و پێگه‌یه‌كی گرنگی به
مرۆڤ به‌خشیوه. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و هەورە بڕه‌وێنینه‌وه كه گوایە من دژی ئه‌وه‌م
شیمانەى ئەوە بکەین ئه‌م ئایدیۆلۆژییه هیومانیستییانهى وا به‌رهه‌مگه‌لێكی مه‌زن
و چەندین بیریاری گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێناوه، له بۆرژوازییه‌تی گه‌شه‌سه‌ندووی
جیابكه‌ینه‌وه كه ئه‌م ئایدیۆلۆژیایانه گوزارشتییان له خولیا و ویسته‌كانی
كردووه و، خۆیان كردووه به زمانحاڵى پێویستییه ئابوورییه بازرگانی و سه‌رمایه‌دارییه
په‌سه‌ندكراوه‌كان، ئینجا بڕیاریان له یاسای نوێ داوه، واته هه‌مان یاسای كۆنی
ڕۆمانی كه هەموار كراوه‌تەوە و گۆڕاوه به یاسای بازرگانیی بۆرژوازی. [ناوه‌ڕۆكی
یاساكه ئه‌مه‌یه:] مرۆڤ كه‌سێكی ئازاده؛ مرۆڤی ئازاد یان بكه‌ری كردار و ئەندێشەکانى،
به‌ر له هه‌موو شتێك مرۆڤێكی ئازاده، لەوەدا سەربەستە ]و مافى خۆیەتى[ كه خاوه‌نی شتێك بێت بۆ کڕین و فرۆشتن دەستبدا، ئه‌و كه‌سێكی بكه‌ره له
ڕووی یاساییه‌وه.
قسه‌كه‌م كورت ده‌كه‌مه‌وه و پێموایه جگه له چه‌ند
حاڵه‌تێكی ئاوارته‌ی ناوه‌خت، نه‌ریتی مه‌زنی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك سه‌رله‌نوێ له
كۆمه‌ڵێك كاتیگۆریی نوێ‌دا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه كه سیسته‌مه‌كه‌ی بریتییه له‌وه‌ی مرۆڤ
مافی زانینی هه‌بێت، واتە ئه‌و مرۆڤه‌ی کە وا ئه‌م نه‌ریته كردوویه‌تییه
سوبێكتێكی كارای تیۆرییه مه‌عریفییه‌كانی- هه‌ر له كۆجیتۆوه هه‌تا سوبێكتی ئه‌زموونگه‌را
و ئینجا سوبێكتی ترانسێندێنتاڵ-. هه‌روه‌ها ئه‌م نه‌ریته باسی له‌وه كردووه كه
مرۆڤ مافی مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وتی [به‌و شتانه‌وه كه خاوهنیانە] هه‌یه، ئیدی
لەمەیشەوە ئەم مرۆڤەى كرد به سوبێكتێكی كارای ئابووری و ئه‌خلاقی و سیاسی. من
پێموایه، كه ئه‌مه شتێكه ناتوانم بیسه‌لمێنم، مافی ئه‌وه‌م هه‌یه جه‌خت له‌سه‌ر
ئه‌وه بكه‌مه‌وه كه كاتیگۆری مرۆڤ، به‌و ڕواڵه‌ته جیاوازانهیهوه كه هه‌م
تێیاندا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌م ونیش ده‌بێت، هه‌روه‌ها كاتیگۆریای چییه‌تی مرۆیی و
كاتیگۆریای جۆری مرۆیی، ڕۆڵێكی تیۆریی سه‌ره‌كییان له فه‌لسه‌فه كلاسیكییه
پێش-ماركسییه‌كاندا گێڕاوه؛ دیاره ئه‌مه بۆچوونێكه ناتوانم لێره‌دا به ته‌واوه‌تی
به‌ڵگه‌ی پێویستی بۆ بخه‌مه‌ڕوو. كاتێك باس له‌و ڕۆڵه تیۆرییه ده‌كه‌م كه
كاتیگۆرییهك ده‌یگێڕیت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه تێهه‌ڵكێش به كاتیگۆریاكانی تر ده‌بێت
و، ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵه‌كه جیای بكه‌ینه‌وه ئه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری گشت [كل]ـەکە
دادەنێت. كه‌واته پێموایه ده‌توانم بڵێم: جگه له هه‌ندی حاڵه‌تی ڕیزپەڕ، فه‌لسه‌فه‌ی
مه‌زنی كلاسیكی له كۆمه‌ڵێك فۆڕمی ڕانه‌گه‌یه‌نراو و ناڕووندا نه‌ریتێكی
هیومانیستیی تیۆریی بێگه‌رد ده‌نوێنێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر فۆیه‌رباخ به ڕێگای خۆی «ئه‌ركه‌كه‌ی
خۆی ڕاپه‌ڕاندبێت» و چییه‌تی مرۆڤی به ڕوون و ڕاشكاوی خستبێته سه‌نته‌ری گشت و
هه‌موو شته‌كانه‌وه، ئه‌وا له‌به‌رئه‌وه‌یه كه پێیوایه ده‌توانێت له هۆكاری
بزربوون و ونبوونی مرۆڤ لای فه‌یله‌سوفه كلاسیكییه‌كان ده‌ربازی ببێت، ئه‌و مرۆڤه‌ی
كه به‌سه‌ر چه‌ند سوبێكتێكدا دابه‌شیان كردووه. ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ی
مه‌سه‌له‌كه ساده بكه‌ینه‌وه، با بڵێین ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی مرۆڤ بۆ دوو سوبێكت،
سوبێكتی زانه‌ر و سوبێكتی بكه‌ر، مۆری خۆی له فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی
ده‌دات و، هه‌ر له‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه هه‌تا ئه‌و مانیفێسته قه‌شه‌نگه درێژ ده‌بێته‌وه
كه لای فۆیه‌رباخ ده‌یبینین و تێیدا ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت ده‌توانێت مه‌سه‌له‌كه
كورت بكاته‌وه: فۆیه‌رباخ فره‌یی سیفاته مرۆییه‌كان له سوبێكتی مرۆیی‌دا ده‌خاته
بری فره‌یی سوبێكته‌كان و، پێیوایه به‌مه كێشهیهكیتری سیاسیی گرنگی چاره‌سه‌ركردووه،
ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س و جۆری مرۆییه به‌هۆی ڕه‌گه‌زه‌وه، كه تاكه‌كه‌س
ده‌سڕێته‌وه، چونكه ده‌بێت لایه‌نیكه‌م هه‌میشه دووكه‌س بوونیان هه‌بێت تاوه‌كو
كرده‌ی سێكسی ڕووبدات، جۆریش [جۆریی مرۆیی] واته ئه‌م دوو لایه‌نه. ده‌مه‌وێت
بڵێم ئێمه به‌هۆی ڕێگه و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی فۆیه‌رباخه‌وه ده‌توانین ئه‌و
شته بزانین كه به‌ر له‌ویش باس كراوه، واته مرۆڤ، به‌ڵام مرۆڤێكی دابه‌شبوو به‌سه‌ر
چه‌ند سوبێكتێك و دابه‌شبوو له‌نێوان تاكه‌كه‌س و جۆردا.
له‌مه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی كه
ناهیومانیزمی تیۆری لای ماركس له‌وه زۆر دوورتر ده‌ڕوات كه ته‌نیا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی
حساب بێت له‌گه‌ڵ فۆیه‌رباخدا: ماركس فه‌لسه‌فه‌كانی كۆمه‌ڵگه و فه‌لسه‌فه‌كانی
مێژووی باو، هه‌روه‌ها نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك و، له‌مه‌یشه‌وه سه‌رجه‌م
ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی، پێكه‌وه ده‌خاته ژێر پرسیار و جێی گومان.
ئینجا ده‌ڵێم: ناهیومانیزمی تیۆری لای ماركس یه‌كه‌م و
به‌ر له‌هه‌ر شتێك ناهیومانیزمی فه‌لسه‌فییه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی وتم هه‌ندێك حه‌قیقه‌تی
تێدا بێت، ئه‌وا ده‌بێت له‌و بۆچوونه نزیكى بكه‌ینه‌وه كه ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی
ماركس به سپینۆزا یان هیگڵ یان دژی فه‌لسه‌فه ئۆرگیناڵویستهكان و سوبێكتگهراكان
وتوومانه، به‌م جۆره‌یش قه‌ناعه‌ت به‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه ده‌كه‌ین [واته
ناهیومانیزمی ماركس دوورتر له فۆیه‌رباخ ده‌ڕوات]. هه‌ر به ڕاستیش ئه‌گه‌ر سه‌رنج
له‌و ده‌قه سه‌ره‌كییانه بده‌ین كه له فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم‌دا به ده‌قی یه‌كلاكه‌ره‌وه
داده‌نرێن، ئه‌وا نابینین كه كاتیگۆریای مرۆڤ یان هه‌ر فۆڕمێكتر له فۆڕمه‌كانی
ڕابردوو و یان فۆڕمێكی گریمانه‌كراوی ئه‌م كاتیگۆریایهی تێدا هه‌بێت.
سه‌رچاوه:
الحداثة
الفلسفية (نصوص مختارة), أعداد و ترجمة: محمد سبيلا و عبدالسلام بنعبد العالي,
افريقا الشرق, المغرب, 2001, ل 262-264.
ئەم وتارە یەکەمجار لەگەڵ بابەتێکى کورتى کارل مارکسدا لە سایتى گروپى نێگەتیڤ بڵاوکراوەتەوە. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە
http://negativegroup.org/item.php?id=44
ئەم وتارە یەکەمجار لەگەڵ بابەتێکى کورتى کارل مارکسدا لە سایتى گروپى نێگەتیڤ بڵاوکراوەتەوە. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە
http://negativegroup.org/item.php?id=44
No comments:
Post a Comment