ڕۆلان بارت
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
له چیرۆكی
"سارازین"ـدا بالزاك له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌رباره‌ی خه‌سێنراوێك كه
جلی ژنی پۆشیوه ئه‌م قسه‌یه ده‌نووسێت: "ژنێك بوو به‌هه‌موو ترساندنه له‌ناكاوه‌كانییه‌وه،
به حه‌زه سه‌رشێته‌كانییه‌وه، به شپرزه‌ییه غه‌ریزییه‌كانییه‌وه، به
بوێرییه بێ پاساوه‌كانییه‌وه، به له‌خۆڕازیبوون و ناسكیی عاتیفه سازگاره‌كانییه‌وه".
ئه‌وه كێیه به‌م جۆره قسه ده‌كات؟ داخۆ پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌یه، كه به ده‌رفه‌تی
زانیووه خۆی له‌و خه‌سێنراوه گێل بكات كه له پشتی ڕووپۆشی ژنه‌وه خۆی شاردۆته‌وه؟
یان خودی بالزاكه كه ئه‌زموونی كه‌سییانه‌ی خۆی توانای ئه‌وه‌ی پێداوه فه‌لسه‌فه‌یه‌ك
له‌باره‌ی ژنه‌وه پێكبهێنێت؟ یاخود بالزاكی نووسه‌ره كه ئایدیا "ئه‌ده‌بییه‌كانی
خۆی" ده‌باره‌ی مێینه‌یی ده‌رده‌بڕێت؟ حیكمه‌تی یونیڤێرساله؟ یان ده‌روونناسیی
ڕۆمانییه؟ مه‌حاڵه هه‌رگیز ئه‌مه بزانین، له‌به‌ر هۆیه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌ویش ئه‌وه‌یه
كه نووسین كپكردنی هه‌موو ده‌نگێكه، له‌نێوبردنی هه‌موو ئه‌سڵێكه. نووسین ئه‌م
بێلایه‌نی و خۆڵه‌مێشییه‌یه، ئه‌م لێكدان و پێچلێدانه‌یه كه سوبێكتیڤیته‌ی بكه‌رییانه‌ی
ئێمه له‌نێویدا سه‌رگه‌ردان ده‌بێت. نووسین ڕه‌ش-سپییه كه هه‌ر شوناسێكی تێدا
ون ده‌بێت، له پێش هه‌موویشانه‌وه جه‌سته‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌نووسێت.
* * *
بێگومان هه‌میشه مه‌سه‌له‌كه
به‌م جۆره بووه. هه‌ر ڕووداوێك كه به بێ هه‌بوونی ئامانجێكی تر له پشتی ئه‌مه‌وه
گێڕدرابێته‌وه، نه‌ك به مه‌به‌ستی كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر واقیع، واته
دواجار له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو وه‌زیفه‌یه‌ك جگه له تاقیكردنه‌وه‌ی ڕه‌مزی، ئه‌وا
ده‌ستبه‌جێ ئه‌م جودابوونه‌وه‌یه ڕوویداوه، ده‌نگ سه‌رچاوه‌ی خۆی ون كردووه، دانه‌ر
كه‌وتۆته مردن و ئینجا نووسین ده‌ستی پێكردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش، هه‌ستكردن
به‌م دیارده‌یه، به پێی جیاوازیی كۆمه‌ڵگه‌كان ده‌گۆڕێت؛ له كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كاندا،
گواستنه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كه به ته‌نیا له ئه‌ستۆی كه‌سێك نییه، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی
نێوانگیرەوەیە (mediator)، گوێزه‌ره‌وه‌كه
شامان یان قسه‌كه‌ره‌كه‌یه، كه ڕه‌نگه هه‌رگیز سه‌رمان له "بلیمه‌تییه‌كه"ی
نه‌سوڕمێت، به‌ڵكو سه‌رسام بین به چۆنییه‌تی ئەداى گواستنه‌وه‌كه (performance) (واته سه‌رسام ده‌بین به لێهاتووییه‌كه‌ی
له ڕێساكانی گێڕانه‌وه‌دا).
"دانه‌ر" فیگورێكی
نوێیه و به‌م نزیكانه په‌یدابووه، بێگومان به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاواییه له‌و
ڕووه‌وه كه له كۆتایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌زموونگه‌رایی
ئینگلیزی و عه‌قلانییه‌تی فه‌ره‌نسی و هیومانیزمدا، كه ته‌ریب به بزووتنه‌وه‌ی
چاكسازیی ئایینی ده‌چوونه پێش، به‌های تاكه‌كه‌س، یان وه‌ك باشتر ده‌ڵێن به‌های "كه‌سی
مرۆیی"ـان كه‌شف كرد. كه‌واته لۆژیكیه گه‌ر له بواری ئه‌ده‌بدا، پۆزه‌تیڤیزم
ببێته ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی كه پوخته و كۆتایی ئایدیۆلۆژیای سه‌رمایه‌دارییه، ئه‌و
ڕێبازه بێت كه بایه‌خێكی ئێجگار گه‌وره به "كه‌س"ـی دانه‌ر ده‌دات. هێشتایش
دانه‌ر له نامیله‌كه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌ب، بیۆگرافیای نووسه‌ره‌كان، چاوپێكه‌وتنی
گۆڤاره‌كاندا باڵاده‌سته. بگره ته‌نانه‌ت له ئاگایی ئه‌و ئه‌دیبانه‌یشدا زاڵه
كه سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی یاداشته كه‌سییه‌كانیانه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كانیان
به به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه ببه‌ستنه‌وه؛ وێنه‌ی ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی كه ده‌شێت له
كولتووری هاوچه‌رخدا بیبینینه‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا له ده‌وری دانه‌ر و كه‌سێتییه‌كه‌ی
و مێژووه‌كه‌ی و زه‌وقه‌كانی و عاتیفه‌كانی ده‌سوڕێنه‌وه، هێشتایش له زۆر كاتدا
ڕه‌خنه‌گه‌رایی (criticism)، ئه‌وه دێنێته به‌ر باس كه
كاره‌كانی بۆدلێر به‌رهه‌می شكستی مرۆڤانه‌ی بۆدلێرن، كاره‌كانی ڤان كوغ به‌رهه‌می
شێتییه‌كه‌ی ئه‌ون، كاره‌كانی چایكۆڤسكی به‌رهه‌می كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌ون: به‌م
جۆره ته‌فسیری كار و به‌رهه‌مه‌كان هه‌میشه به ده‌وری ئه‌و كه‌سه‌دا ده‌سوڕێته‌وه
كه كاره‌كه‌ی به‌رهه‌مهێناوه، وه‌ك بڵێی له پشتی مه‌جازی كه‌م تا زۆر ڕوونی خه‌یاڵه‌وه
(more or less transparent
allegory of fiction) ، كتومت ده‌نگی
یه‌ك كه‌س هه‌یه ئه‌ویش "دانه‌ر"ه كه "ناخی" (confidence)ـی خۆی كه‌شف
ده‌كات.
* * *
ئه‌گه‌رچی هێشتایش ئیمپراتۆریای
دانه‌ر زۆر به‌هێزه (چونكه زۆربه‌ی كات ڕه‌خنه‌گه‌رایی نوێیش به ته‌واوی
پشتیوانی زیاتری لێ كردووه)، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆره هه‌ندێك نووسه‌ر له هه‌وڵی
ئه‌وه‌دان بیهه‌ژێنن. بێگومان له فه‌ره‌نسا مالارمێ یه‌كه‌م كه‌س بوو ڕوونی كرده‌وه
و پێشبینیی ئه‌وه‌ی كرد كه پێویسته زمان جێگای ئه‌و كه‌سه بگرێته‌وه كه هه‌تا
ئه‌وكاته‌یش به خاوه‌نه‌كه‌ی داده‌نرا؛ وه‌ك بینیمان، به بۆچوونی ئه‌و و هه‌ره‌وه‌ها
به بۆچوونی ئێمه‌یش، ئه‌وه زمانه قسه ده‌كات نه‌ك نووسه‌ر. گه‌ر بنووسم واتای
ئه‌وه‌یه بگه‌یه‌نم، یه‌كه‌مجار له‌ڕێگه‌ی پێش-هه‌بوویه‌كی نا-كه‌سییه‌وه (through a preexisting impersonality)[1] (نابێت
ئه‌م ناكه‌سێتییه له‌گه‌ڵ ئۆبێكتیڤیته‌ی خه‌ساوی ڕۆمانی ڕیالیستیدا تێكه‌ڵ بكه‌ین)،
ئه‌مه‌یش ئه‌و پنته‌یه كه ته‌نیا زمان تێیدا چالاكه و كارایه (performs)، ته‌نیا زمان تێیدا قسه ده‌كات نه‌ك
"من". شیعرییه‌تی مالارمێ[2]،
هه‌ر هه‌مووی له‌پێناو سڕینه‌وه‌ی دانه‌ردایه له به‌رژه‌ندی نووسین (ئه‌مه‌یش، وه‌ك
دواتر ده‌بینین، واتای پێدانه‌وه‌ی پێگه‌یه به خوێنه‌ر). ڤالێری، كه هه‌ستی به
ئاسوده‌یی نه‌ده‌كرد له‌نێو سایكۆلۆژیای مندا، كاری كرد بۆ دروستكردنی هه‌ندێك گۆڕان
له تیۆره‌كه‌ی مالارمێدا. به‌ڵام، له‌به‌رئه‌وه‌ی خواسته كلاسكییه‌كه‌ی ئه‌و، به‌ره‌و
وانه‌كانی ڕه‌وانبێژی (lessons of rhetoric) رایكێشا، بۆیه
به بێ وه‌ستان دانه‌ری خسته ژێر پرسیار و گاڵته‌جاڕییه‌وه، به‌مه‌یش جه‌ختی له‌سه‌ر
لایه‌نی زمانه‌وانی و سروشته "خۆكردانه"كه‌ی زمان كرده‌وه، له ڕێگه‌ی
نووسینه په‌خشانییه‌كانیشییه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری دۆخی زاره‌كییانه (verbal condition)ی ئه‌ده‌ب
كرده‌وه، له‌م ڕووه‌یشه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وت هه‌ر په‌نابردنێت بۆ نێو
قووڵاییه‌كانی نووسه‌ر ته‌نیا خورافه‌یه‌كه و هیچیتر. ته‌نانه‌ت "پروست"
خۆیشی، وێرای مۆركه ده‌روونییه ڕواڵه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و شته‌ی كه خۆی ناوی ده‌نێت
شیكارییه‌كانی، باس له‌وه ده‌كات كه بێ چه‌ندوچوون دروستكردنی ئاڵۆزیی له‌نێو په‌یوه‌ندی
دانه‌ر و كاره‌كته‌ره ئه‌ده‌بییه‌كانیدا خستۆته ئه‌ستۆی خۆیه‌وه، ئه‌و كاره‌یشی
به‌و په‌ڕی ناسكییه‌وه كردووه: ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌ی نه‌كردووه به‌و كه‌سه‌ی كه
ده‌بینێت و هه‌ست ده‌كات، ته‌نانه‌ت نه‌یكردووه به‌وه‌ی كه ده‌نووسێت، به‌ڵكو
كردوویه‌تی به‌و كه‌سه‌ی كه دواتر ده‌نووسێت (who will write) (واته گه‌نجی
نێو ڕۆمانه‌كه -به‌ڵام ئه‌ی له ڕاستیدا چه‌ند ساڵه و كێیه؟- ده‌یه‌وێت بنووسێت،
به‌ڵام ناتوانێت، ڕۆمانه‌كه ڕێك له‌وێدا ته‌واو ده‌بێت كه نووسین ده‌بێته
كارێكی مومكین). پروست ئه‌و مۆركه داستانییه‌ی به نووسینی مۆدێرن داوه كه هه‌یه‌تی:
به‌هۆی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی ڕادیكاڵه‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی بخاته نێو
به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه وه‌ك زۆر جار ده‌ڵێن، ئه‌و خودی ژیانی خۆی كردۆته به‌رهه‌مێكی
ئه‌ده‌بی كه كتێبه‌كه‌ی نموونه‌یه‌كی ئه‌و كاره‌یه‌تی، به جۆرێكی وه‌ها كه به
ڕوونی ده‌بینین ئه‌وه چارلوس ]ی نێو ڕۆمانه‌كه‌ی پروست[ نییه ته‌قلیدی مۆنتسكیۆ ]ی ڕاسته‌قینه[ ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو
مۆنتسكیۆی نێو گێڕانه‌وه حه‌قیقه‌ییه‌كان، مۆنسكیۆی نێو واقیعی مێژوویی هیچ نییه
جگه له پارچه‌یه‌كی لاوه‌كی كه له چارلوس ده‌بێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی له
كۆنتێكستی ئه‌و ماوه‌یه ده‌رنه‌چین كه زه‌مینه‌ی مۆدێرنه‌ی ساز كرد، دواجار با
باس له بزووتنه‌وه‌ی سوریالیستی بكه‌ین. بێگومان سوریالیزم نه‌یده‌توانی زمان له
پێگه‌ی سه‌ره‌وه‌دا دابنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زمان سیسته‌می ڕێساكان، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش
ئامانجی ئه‌وه‌بوو كه راسته‌وخۆ ڕێساكان خاپوور بكات، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه له ڕۆحی
ڕۆمانسی خاڵیی نه‌بوو (ئاخر ئه‌م خاپووركردنه شتێكی وه‌همی بوو چونكه ناكرێت سیسته‌می
رێساكان داڕمێن، ته‌نیا ده‌توانین گه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین)؛ به‌ڵام، كاتێك
سوریالیزم به بێ چه‌ندوچوون داوای ده‌رچوونی ناكاو له مانا پێشبینیكراوه‌كان ده‌كات
(ئه‌مه‌یش ئه‌و شته‌یه كه پێیی ده‌وترێت "زه‌بر" (jolt )ی سوریالیستی)، كاتێك ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی نووسین ده‌سپێرێت به ده‌ست
]نه‌ك به عه‌قڵ[ تاوه‌كو هه‌رچی زووتر ئه‌و
سنووره تێپه‌ڕێنێت كه ته‌نانه‌ت به خه‌یاڵی سه‌ریشدا نه‌هاتووه (ئه‌مه‌یش ئه‌و
شته‌یه كه پێی ده‌وترێت نووسینی ئۆتۆماتیكی automatic writing)، كاتێك دان
به بنه‌ما و ئه‌زموونی نووسینی فره نووسه‌ردا[3] ده‌نێت،
ئه‌وا سوریالیزم به‌شداربووه له داماڵینی مۆركی پیرۆزی له دانه‌ر، به‌و واتای
یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ سێكیولاریزه‌بوونی وێنه‌ی دانه‌ر. دواجار، دوور له ئه‌ده‌ب
خۆی (له ڕاستیدا ئه‌م جیاكارییانه له‌مڕۆدا تێپه‌ڕێنراون)، زمان‌ناسی توانیوویه‌تی
دانه‌ر له كه‌ره‌سته به‌نرخه شیكارییه‌كه‌ی دابماڵێت، ئه‌وه‌یش كاتێك ده‌ریخست
كه سه‌رجه‌می كرده‌ی وتن و ده‌ربڕینی گوزارشته‌كان كارێكی به‌تاڵه، ده‌یشتوانێت
به باشترین شێوه ڕۆڵی خۆی بگێڕێت به بێ ئه‌وه‌ی زه‌روره‌تێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی
بدرێنه پاڵ كه‌سانێكی قسه‌كه‌ر: له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه، نووسه‌ر كه‌س نییه
جگه له‌و كه‌سه‌ی كه ده‌نووسێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی "من" هیچ كه‌سێك نییه
جگه له‌وه‌ی كه ده‌ڵێت من: زمان "بكه‌ر" subject ده‌ناسێنێت، به‌ڵام كارێكی به "كه‌س"ـه‌وه نییه؛ ئه‌م بكه‌ره،
له‌نێو ئه‌م كرده‌ی وتنه‌دا نه‌بێت كه ده‌ریده‌خات، وشه‌یه‌كی به‌تاڵه، ئه‌مه
به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی زمان "كار بكات"، واته به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س
"له‌نێو به‌رێت".
* * *
غیابی دانه‌ر[4] (ده‌توانین
له‌م باره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ برێختدا، ده‌رباره‌ی "دووره‌په‌رێزی" (alienation)ی واقیعی بدوێین، نووسه‌ر بچووك ده‌بێته‌وه
و ده‌چیته‌وه خۆی، وه‌ك فیگورێكی چكۆله له‌سه‌ر شانۆی ئه‌ده‌ب) ته‌نیا رووداوێكی
مێژوویی یان كرده‌یه‌كی نووسین نییه: به‌ڵكو ئه‌وه به ته‌واوه‌تی ده‌قی مۆدێرن ده‌گۆڕێت
(یان با بڵێین، ده‌ق له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان له غیابی دانه‌ردا ده‌نووسرێت و ده‌خوێنرێته‌وه،
ئه‌مه‌یش هه‌مان واتای گۆڕانی ته‌واوه‌تییه). پێش هه‌موو شتێك، زه‌مان چیتر ئه‌و
زه‌مانه نییه كه هه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێك بڕوا به بوونی دانه‌ر ده‌كه‌ین،
وه‌ها لێیده‌ڕوانین كه ڕابردووی كتێبه‌كه‌یه‌تی: كتێب و دانه‌ر خۆیان ده‌خه‌نه
سه‌ر یه‌ك هێڵ، خۆیان وه‌ك پێشتر و دواتر دابه‌ش ده‌كه‌ن: وا له دانه‌ر چاوه‌ڕوان
ده‌كرێت كه وزه به كتێب ببه‌خشیت، واته له پێش كتێبه‌وه بوونی هه‌بێت و بیر
بكاته‌وه و ئازار بچێژێت و له‌پێناویدا بژی، دانه‌ر كاره‌كه‌ی پێده‌گه‌یه‌نێت به‌و
جۆره‌ی كه باوكێك كوڕه‌كه‌ی پێده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، نووسه‌ری
نوێ (نووسه‌ره‌وه scriptor) هاوزه‌مه‌نی
ده‌قه و هه‌ر له له‌دایكبوونییه‌وه له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕوات، هه‌رگیز خاوه‌نی بوونێك
نییه كه پێش نووسینه‌كه‌ی یان بڵندتر له نووسینه‌كه‌ی بێت، ئه‌و سوبێكتێك نییه
كه كتێبه‌كه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌وی هه‌ڵگرتبێت تاوه‌كو پێی وه‌سف بكرێت؛ زه‌مان
ته‌نیا ئه‌وه‌یه كه تێیدا نووسین ڕووده‌دات، هه‌موو ده‌قێكیش هه‌میشه لێره و
له ئێستادا ده‌نووسرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسین چیتر كرده‌ی تۆماركردن و سه‌لماندن
و نواندنه‌وه و "نیگاركردن" (painting) نییه (وه‌كو
ئه‌وه‌ی كه پێڕه‌وكارانی ڕێبازی كلاسیكی بۆی ده‌چوون)، به‌ڵكو ئه‌و شته‌یه كه
زمانناسه‌كان، به په‌یڕه‌ویكردن له فه‌یله‌سوفه‌كانی ئۆكسفۆرد پێیده‌ڵێن "جێبه‌جێكاری"
performative، ئه‌مه‌یش فۆڕمێكی ناوازه‌ی وته‌ییه (ته‌نیا
به شێوازی ڕاناوی قسه‌كه‌ر داده‌مه‌زرێت و ده‌می ئێستا یان ڕانه‌بردوو وه‌رده‌گرێت)
كه تێیدا قسه هیچ ناوه‌ڕۆكێكی دیكه‌ی نییه جگه له‌و كرداره‌ی كه له ڕێگه‌ی
ئه‌وه‌وه خۆی ده‌رده‌بڕێت: ئه‌وه شتێكه له قسه‌ی پادشاكان ده‌چێت "ڕایده‌گه‌یه‌نم"،
یان له قسه‌ی شاعیره‌كانی زوو ده‌چیت "گۆرانی ده‌ڵێم". نووسه‌ری مۆدێرن the modern writer دانه‌ری
له گۆڕناوه. كه‌واته چیتر ناتوانێت–به گوێڕه‌ی پیاهه‌ڵدانی ئه‌وانه‌ی پێش خۆی-
باوه‌ڕی وا بێت "ده‌سته‌كانی" زۆر خاوتره له فیكری یان له هه‌ڵچوونه‌كانی
و توانای ئه‌وه‌ی نییه شوێنیان بكه‌وێت، ئینجا به ناچاری له ده‌ره‌نجامیشدا، وه‌ك
یاسایه‌ك كه له زه‌روره‌ته‌وه دروستكراوه، ته‌ركیز بخاته سه‌ر ئه‌م دواخستنه
و فۆڕمه‌كه‌ی "ڕوون بكاته‌وه". به‌ڵام به‌لای نووسه‌ری مۆدێرنه‌وه مه‌سه‌له‌كه
به پێچه‌وانه‌وه‌یه، ده‌سته‌كانی له هه‌موو ده‌نگێك ڕه‌ها و سه‌ربه‌سته، ده‌یخاته
جووڵه‌ی تۆماركردن (نه‌ك ده‌ربڕین) و هه‌ر له‌مه‌یشه‌وه له‌دایك ده‌بێت، ده‌ستی
نووسه‌ری له‌م جۆره پانتاییه‌ك ده‌كێشێت كه هیچ ئه‌سڵێكی نییه- یان لایه‌نیكه‌م،
پانتاییه‌كه هیچ ئه‌سڵێكی دیكه‌ی نییه جگه له زمان خۆی، واته ئه‌و شته‌ی كه
به‌رده‌وام هه‌موو ئه‌سڵێك ده‌خاته‌وه ژێر پرسیار و نێو بازنه‌ی گومان.
* * *
ئێمه ئێستا ده‌زانین ده‌ق
دێڕی وشه‌كان نییه كه مانایه‌كی تاكڕه‌هه‌ندی تیۆلۆژییانه‌ی ("په‌یامێك"
له‌لایه‌ن خودای دانه‌ره‌وه) لێوه به‌رهه‌م بێت. به‌ڵكو فه‌زایه‌كی بۆ چه‌ندین
ڕه‌هه‌ندی جودا واڵا كردووه، له‌م فه‌زایه‌دا نووسینه جیاوازه‌كان به‌نێویه‌كتردا
ده‌چن و ده‌كه‌ونه ناكۆكی، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێكیان ئه‌سڵ بێت: ده‌ق پێكهاته‌یه‌كه
له‌و قسانه چنراوه كه به‌رهه‌می هه‌زاران سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌جۆری كولتوورن. له‌مه‌دا
له حاڵه‌تی بۆڤار و بیكۆشییه ده‌چێت. ئه‌م دوو كۆپیكه‌ره (copyists) نه‌مره، له هه‌مان كاتدا ئه‌م دوو نووسه‌ره
نایاب و كۆمیدییه، قووڵاییه پووچه‌كه‌یان ئاماژه به حه‌قیقه‌تی نووسین ده‌دات.
نووسه‌ر ته‌نیا ده‌توانێت لاسایی جووڵه‌یه‌ك بكاته‌وه كه هه‌میشه له پێش ئه‌وه‌وه
بوونی هه‌یه، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م جوڵه‌یه خۆیشی ئه‌سڵ بێت؛ هه‌موو هێزی نووسه‌ر
له‌وه‌دایه چه‌ندین نووسین تێكه‌ڵ بكات، ڕووبه‌ڕووی یه‌كتریان بكاته‌وه به بێ
ئه‌وه‌ی پشت به یه‌كێكیان ببه‌ستێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت گوزارشت له
خۆییشی بكات ئه‌وا ده‌بێت لایه‌نیكه‌م بزانێت ئه‌و "شته" ناوه‌كییه‌ی
كه ده‌یه‌وێت "وه‌ری بگێڕێت" (ته‌رجه‌مه‌ی بكات بۆ نووسین) خۆی هیچ
نییه جگه له فه‌رهه‌نگێكی ئاماده، ناتوانرێت ته‌فسیر بۆ وته‌كانی بدۆزرێته‌وه
ته‌نیا له رێگه‌ی گوته‌ی تره‌وه نه‌بێت و ئیدی به‌م جۆره: ئه‌مه ئه‌و شته‌یه
له گه‌نجیدا به‌سه‌ر تۆماس دو كینسی‌دا هات: وه‌ك بۆدلێر ده‌یگێڕیته‌وه، ئه‌و خۆی
به زمانی گریكییه‌وه مه‌شغوڵ كرد، به جۆرێك كه كاتێك ویستی هزر و وێنه‌ی زۆر
نوێ بۆ ئه‌م زمانه مردووه بگوازێته‌وه، ئه‌وا "فه‌رهه‌نگێكی بۆ خۆی دانا
كه له به‌رده‌ستیدا بوو، ئه‌م فه‌رهه‌نگه زۆر به‌فراوانتر و ئاڵۆزتر بوو له‌وه‌ی
كه له چه‌قبه‌ستنی بابه‌ته ئه‌ده‌بییه په‌تییه‌كانه‌وه دروست ده‌بێت"
(به‌هه‌شته ده‌ستكرده‌كان) (Paradis Artificiels)؛ نووسه‌ر
جێگای دانه‌ر ده‌گرێته‌وه، كه له هه‌گبه‌كه‌یدا ئاره‌زوو و میزاج و عاتفه و
ڕوانگه‌كانی هه‌ڵنه‌گرتووه، به‌ڵكو ئه‌م فه‌رهه‌نگه گه‌وره‌یه‌ی هه‌ڵگرتووه كه
به بێ وه‌ستان نووسینی لێوه ده‌رده‌هێنێت: ژیان ته‌نیا ده‌توانێت لاسایی كتێبه‌كان
بكاته‌وه، كتێبه‌كانیش خۆیان هیچ نین جگه له تۆڕێك نیشانه. ئه‌وه لاساییكردنه‌وه‌یه‌كی
له‌ده‌ستچوون، به‌رده‌وام ئه‌وه ته‌قلید ده‌كاته‌وه كه دووركه‌وتۆته‌وه.
* * *
كاتێك دانه‌ر دوورده‌كه‌وێته‌وه
و ون ده‌بێت، ئه‌وا بانگه‌شه‌كردن بۆ "شكاندنی كۆد"ـی ده‌ق ده‌بێته
كارێكی بێهووده. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ده‌ق بدرێته پاڵ دانه‌ر ئه‌وا مانای وه‌ستاندن
و گه‌مارۆدان و پێدانی مه‌دلولێكی بنجبڕه به ده‌ق. ئه‌وه داخستنی نووسینه. ئه‌م
تێگه‌یشتنه به ته‌واوترین شیوه بۆ ره‌خنه‌گه‌رایی ده‌گونجێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و
كاته ڕه‌خنه، له‌و دیوی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بییه‌وه، دۆزینه‌وه‌ی دانه‌ر و كه‌شفكردنی
لایه‌نه شاراوه‌كانی (یان هیپۆستاسه‌كانی: واته كۆمه‌ڵگه و مێژوو و ده‌روون و
ئازادیی دانه‌ر) ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆیه‌وه: به ده‌ستڕاگه‌یشتن به دانه‌ر و كه‌شفكردنی،
ئیدی ده‌ق "ته‌فسیر"ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و ڕه‌خنه‌گریش ده‌ستی به‌سه‌ردا
ده‌گرێت. كه‌واته سه‌یر نییه كه ماوه‌ی سه‌روه‌رێتی دانه‌ر له لایه‌نی مێژووییه‌وه
سه‌روه‌رێتی ڕه‌خنه‌گر بێت، هه‌روه‌ها سه‌یریش نییه له‌مڕۆدا ڕه‌خنه (ئه‌گه‌رچی
نوێیش بێت) هه‌ر وه‌كو دانه‌ر ببێته جێگای مشت‌ومڕ، له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسینی هه‌مه‌لایه‌ن
ته‌نیا پێویستی به جیاكردنه‌وه و ڕوونكردنه‌وه‌یه و، كۆدشكاندنی تێدا نییه به‌دوای
نهێنییه‌كاندا. ده‌شێت بونیاد له هه‌موو زمانه‌كانی و ئاسته‌كانیدا چاودێریی
بكرێت و به دواداچوون بۆ هه‌موو هێڵه‌كانی بكرێت، به‌ڵام قوڵاییه‌كی نییه كه
بكرێت كه‌شف بكرێت. فه‌زای نووسین فه‌زایه‌كه ده‌بێت به‌نێویدا تێپه‌ڕین نه‌ك تێیپه‌ڕێنین.
نووسین به‌رده‌وام مانا به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌ڵام به‌و مه‌به‌سته‌ی بیانكات به هه‌ڵم:
نووسین هه‌میشه به سیستماتیكی كارده‌كات بۆ دروستكردنی مانا. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌وه،
كاتێك ئه‌ده‌ب (ڕه‌نگه وا باشتر بێت كه له‌مه به‌دوا باسی نووسین بكه‌ین) ڕه‌تی
ده‌كاته‌وه كه ته‌رخان بێت بۆ ده‌ق (و
بۆ جیهان بكات وه‌ك ده‌ق)، وه‌ك بڵێی "نهێنی"ـی هه‌ر مانایه‌كی بنجبڕی
تێدایه، ئه‌وا به‌م كاره چالاكییه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه ده‌توانین به دژه
تیۆلۆژی (counter-theological) وه‌سفی بكه‌ین،
ئه‌وه به‌رهه‌م دێنێت كه به واتای ڕاسته‌قینه‌ی وشه‌كه شۆڕشگێڕانه‌یه: له‌به‌رئه‌وه‌ی
به‌رگرتن به قه‌تیسكردن و وه‌ستاندنی مانا، له دواجاردا واتای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خودا[5] و ڕاگره‌كانییه‌تی،
له‌وانه عه‌قڵ و زانست و یاسا.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ
گوزاره‌كه‌ی بالزاك. هیچ یه‌كێك (واته هیچ كه‌سێك) ئه‌و گوزاره‌یه‌ی نه‌یوتووه:
سه‌رچاوه‌كه‌ی، ده‌نگه‌كه‌ی له شوێنی ڕاسته‌قینه‌ی نووسینه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو له
خوێندنه‌وه‌وه دێت. شتێكیتریش هه‌یه كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕوونتر ده‌كاته‌وه:
لێكۆڵینه‌وه نوێیه‌كانی (ج. پ. ڤێرمانت) ڕۆشناسی ده‌خه‌نه سه‌ر پێكهاتنی ناڕوونی
سروشتی تراژیدیای گریكی، ده‌قه‌كه له‌م تراژیدیایه‌دا له‌و گوزارانه پێكدێت كه
واتایه‌كی دوولایه‌نه (double meanings)یان هه‌یه؛ هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك له كه‌سایه‌تییه‌كانی
شانۆكه له یه‌ك لایه‌نه‌وه لێی تێده‌گه‌ن (به‌دحاڵیبوونی به‌رده‌وام ئه‌وه‌یه
كه "تراژیدیا" پێكده‌هێنێت)؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌سی وا هه‌یه ده‌رك
به دوو لایه‌نیی هه‌موو گوتراوێك ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌رك به كه‌ڕیی ئه‌كته‌ره‌كانی
شانۆكه ده‌كات كه له به‌رده‌میدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن: ئه‌م كه‌سه هیچ نییه جگه
له: خوێنه‌ر (كه له حاڵه‌تی شانۆدا: بینه‌ره). لێره‌دا حه‌قیقه‌تی نووسینمان
بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه: ده‌ق له چه‌ندین نووسینی هه‌مه‌جۆر پێكدێت، له كولتووری
جیاوازه‌وه دێت، له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌كه‌ونه گفتوگۆ، لاسایی یه‌كتر ده‌كه‌نه‌وه
و دژایه‌تی یه‌كتری ده‌كه‌ن؛ به‌ڵام وا پێده‌چیت پنتێك هه‌یه كه ئه‌م فره‌چه‌شنییه‌ی
(multiplicity) تێدا كۆده‌بێته‌وه و به یه‌ك
ده‌گات. ئه‌م پنته دانه‌ر نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام گووتراوه، به‌ڵكو
خوێنه‌ره: خوێنه‌ر[6]
ئه‌و فه‌زایه‌یه كه هه‌موو ئه‌و كۆته‌یشنانه‌ی تێدا نیگار ده‌بێت كه نووسینیان
لێ پێكدێت، به بێ ئه‌وه‌ی هیچیان له‌ده‌ست بدات و مه‌سره‌فیان بكات. یه‌كێتی ده‌ق
له سه‌رچاوه و ئه‌سڵه‌كه‌یدا نییه، به‌ڵكو له مه‌به‌ست و ئاراسته‌كه‌یدایه.
به‌ڵام وا ده‌ركه‌وێت ئه‌م ئاراسته‌یه چیتر ناشێت كه‌سییانه و تایبه‌ت بێت:
خوێنه‌ر مرۆڤێكه كه نه مێژووی هه‌یه و
نه بایۆگرافی و نه سایكۆلۆژیا. ئه‌و هیچ نییه جگه له‌و كه‌سه‌ی له یه‌ك كێڵگه‌دا
هه‌موو ئه‌و ڕه‌گه‌ز و شوێنه‌وارانه كۆ ده‌كاته‌وه كه نووسین ]یان ده‌ق[ـیان لێ پێكدێت. له‌به‌رئه‌وه شتێكی سه‌خیفه گوێمان
لێ بێت به‌ناوی هیومانیزمێكه‌وه سه‌رزه‌نشی نووسینی نوێ ده‌كات كه خۆیشی، به
جۆرێك دووڕییه‌وه، پشتیوانه بۆ سه‌رخستنی مافه‌كانی خوێنه‌ر. ڕه‌خنه‌ی كلاسیكی،
هه‌رگیز بایه‌خی به‌م خوێنه‌ره نه‌داوه؛ له‌به‌رئه‌مه له ئه‌ده‌بیشدا هیچ
مرۆڤێك بوونی نییه جگه له‌و كه‌سه‌ی كه ده‌نووسێت.
ئێمه له‌مڕۆدا چیتر له‌م
جۆره هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی مانا غافڵ نین، كه كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان به‌هۆی شانازییكردن
به پاڵه‌وانه‌كانه‌وه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه، فه‌رامۆشی ده‌كات، ده‌یخنكێنێت و
وێرانی ده‌كات. ده‌یشزانین بۆ ئه‌وه‌ی نووسین داهاتووی خۆی وه‌ربگرێته‌وه ده‌بێت
ئه‌فسانه هه‌ڵبگه‌ڕێنێته‌وه: مه‌رگی نووسه‌ر ئه‌و باجه‌یه كه له‌دایكبوونی
خوێنه‌ر پێویستییه‌تی.
په‌راوێزه‌كانی وه‌رگێڕی
كوردی:
[1]
له عه‌ره‌بییه‌كه‌ی "عه‌بدوسه‌لام
بنعه‌بد عالی"دا ئاوا هاتووه: "یه‌كه‌مجار له‌ڕێگه‌ی سڕینه‌وه‌ی خۆمه‌وه".
له عه‌ره‌بییه‌كه‌ی "منذر عه‌یاشی"شدا به‌م جۆره‌یه: "واتای نووسین
گه‌یشتنه به پنتێك كه ته‌نیا زمان تێێدا ده‌جوڵێت نه‌ك من".
تێبینى: ئەم وتارە یەکەمجار
لە نامیلکەى "ڕۆلان بارت"، زنجیرە نامیلکەى فەلسەفیدا بڵاوبۆتەوە. دواتر
لە سایتى "کو‌لتوور مەگەزین" دووبارە بڵاوکراوەتەوە. بۆ خوێندنەوەى وتارەکە
لەسەر سایتى کو‌لتوور مەگەزین، کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
No comments:
Post a Comment