My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 23 February 2018

زانکۆ دژ بە مزگەوت


دەربارەى تابلۆ ڕووتەکە

هاوار محەمەد

زانکۆ دژ بە مزگەوت: ئەم ناونیشانە لە واقیعدا ژێستێک، یان بوختانێکە بۆ زانکۆ، چونکە لە واقیعی باوی کۆمەڵگەی ئێمەدا، زانکۆ دژ بە مزگەوت نییە و دژ بە زۆر شتی تریش نییە. بۆ نموونە ئەتوانین بوختانی تری لەم جۆرە دابڕێژین: "زانکۆ دژ بە بازاڕ"، "زانکۆ دژ بە دەسەڵات"، زانکۆ دژ بە خێڵ" و...هتد.. لە هەموو حاڵەتەکاندا زانکۆ درێژکراوەی هەریەکێ لەو ڕەگەزانەیە، بەڵام هێشتا ئەم بوختانانە و بوخانێکی پەتیی نین، بەڵکو جۆرێک ئەگەر و ئیمکانیشن، بەو مانایەی لە ڕاستیدا ئەکرێت زانکۆ دژ بەوانە بێت، ئەمەیش پێویستى بە گۆڕینى ڕوانینمانە بۆ زانکۆ. گۆڕینى ڕوانینمان بۆ زانکۆ وەک شوێنى سەرگەرمى و خۆشى ژیانى گەنجى بۆ زانکۆ وەک شوێنى خۆپێگەیاندن و هاوڕێیەتى و بەرەنگارى.
تاقە دوو دامەزراوە کە لە ساتی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستایش پرۆژەکانیان نەوەستاوە و بەردەوام وەک ڤایرۆس لە جەستەی شار و گوند و ڕێگەکاندا بڵاودەبنەوە، دەزگای ئایینی و دەزگای سەربازین.. ڕۆژ بەڕۆژ مزگەوتەکان زۆرتر دەبن و رۆژ بەڕۆژ بازگە و بارەگا سەربازی و پۆلیسییەکانیش.. لە هەر دە کیلۆمەترێکدا تابلۆی دروستکردنی مزگەوتێک ئەبینی کە گوایە لەلایەن "خێرخوازان"ـەوە دروست ئەکرێت و بە هەمان شێوە لە هەمان مەساحەدا بەر دەزگا و دیوار و بازگەی ئاساییش و پۆلیس دەکەویت، بگرە لە دەشت و دەر و پەراوێزە هەرە دوورەکانیشدا ئەم دوو دەزگایە هەتابێ زیاتر دەبن. وەزیفەی هەردووکیشیان لە ناوەوە و دەرەوەی شار تەنیا سەرکوت و ڕێگریگریکردنە لە ئازادییە بچووکەکانی خەڵک، ئینجا ڕێگریکردن لە هونەر و مۆسیقا و ئەدەب و فەلسەفە. مزگەوت دژی فەلسەفە و مۆسیقا و هونەرە و بە دەستکرد و عیلمی شەیتانیان دادەنێت و پۆلیس دژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و ئینجا ڕێگریکردن لە ڕاز و نیازێکی بچووک و سادەی پڕ لە ترسی کچان و کوڕانێک کە لە حەشمەت و ترسی فەزا خنکێنەر و پڕ لە چاوەکانی شار، جاروبار بۆ کەنار و پەراوێزەکانی دەوروبەری شار هەڵدێن. کەنارى شارەکان (بۆ نموونە چیاى ئەزمڕ و گۆیژە لە سلێمانى) هەمیشە شوێنێکى چەپەک و لاتەریک بوون بۆ هەندێ مومارەسەى ئاسایى کە لەنێو شاردا قەدەغە و تابۆ بوون. بۆ نموونە هەندێ لە مەشروبخۆران لەوێ شوێنێکى ئارامیان بینیوەتەوە، کچان و کوڕانێک کە ویسوویانە تاوێ پێکەوە دانیشن.
بەرلەوەى تەکنۆلۆژیاى ئینتەرنێت و مۆبایل بەم جۆرە بڵاوببێتەوە، تانەیەک هەبوو بۆ چیاى ئەزمڕ: "گردە مژە". ئەمە خۆى نیشانەى دەردێکى کۆمەڵایەتى بوو، نیشانەى نەبوونى نەفەسێک بوو لەنێو شاردا بۆیە خەڵکى بۆ گرد و دۆلەکانى دەرەوە هەڵدێن. ئێستا هەم تەکنۆلۆژیا و هەم پۆلیس ئەم پەراوێزەیشیان کۆنترۆڵکرد. ئاخر کە فەزا دەکرێتە فەزایەکى پۆلیسى و کە عەقڵییەتى سەلەفى تەشەنە دەستێنێت، ئیدى پێویست دەکات ئەم پەراوێزانەیش دابخرێن، بگیرێن و کوێر بکرێنەوە. ساڵى پار دادوەرى دادگاى چوارتا، بە پێى پێشنیارێک داواى کرد مەفرەزەى پۆلیس لە بنارى چیاى ئەزمڕ و لاى تونێلى پێشڕەو دابنرێت تاوەکو وەک دادگاکانى پشکنین، پشکنین بۆ ئەو کچ و کوڕانە بکەن کە دەچنە ئەوێ یان بەوێدا تێپەڕ دەبن. دەبێت هەمووان بەڵێننامەى هاوسەرگیرى "عەقدى زەواج"ـیان پیشانى هێزەکانى پۆلیس و ئیماندارەکانى دیکە سەر  بە دەسەڵات بدەن تاوەکو بیسەلمێنن کە ژن و مێردن و خەریکى فەسادێکى گەورە نابن. لە دیوى ئەودیوى چیاکە و لاى ناوچەى سیتەکەوە هەموو ڕێگاکان پڕن لە بازگە. لەم دواییانەدا لە سەر ڕێگاى سیتەک-عەربەتیش بازگەیەکى نوێ لەو دەشتە چۆڵەدا دانرا، بۆ هیچ نا تەنیا بۆ ئەوە نەبێت کە سەیارەک لەوێوە تێپەڕى کچ و کوڕە گەنجەکانى نێوى بەگیربهێنن، دەنا چەندین ساڵە ئەم ڕێگایە و ئەم ناوچەیە هیچ کێشەیەکى ئەوتۆى نەبووە. ماوەیەک بەر لە بڕیارەکەى دادگاى چوارتایش، بەڕێوەبەرێتى پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى بڕیارى داخستنى "قوتابخانەى سەماى بالێ"ـى سلێمانى دەرکرد، لە کاتێکدا هەمان وەزیرى پەروەردە، کە وەزیرى ئەوقافیشە بەردەوام واژووى دروستکردن و کردنەوەى زیاترى مزگەوتى دەکرد. تەنیا یەک قوتابخانەى سەماى بالێ هەبوو، کەچى ئەویش لە عەقڵێکى تاریک و کۆنەخوازى جاهیلەوە داخرا.
لێرەدا پێویستە پرسیارێکى سادە و ئاسایى، بەڵام گرنگ بکەین: ئەم تەریبى و هاوشوناسییەى نێوان مزگەوت و پۆلیس بۆچى؟ ئەم هاوپەیمانێتییە چییە دژ بە ژیان و هونەر و مۆسیقا و فەلسەفە؟ من تەنیا یەک وەڵام شک دەبەم: ئەمانە دەشێت ببنە کەرەستە و ئامرازى ڕۆشنگەرانە دژ بە عەقڵى دواکەوتوو و تاریکخوازانەى حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئیسلامییەکان، دژ بە مێنتاڵێتى خێڵ و نەریت، دژ بە قاڵبە کۆمەڵایەتییەکانى مومارەسەکردنى ژیان لەژێر جەبر و چاوى خێزان و دراوسێ و ئیماندار و پۆلیسدا. ئەوەى بۆ ئەم فەزا تاریکونوتەکەى کۆمەڵگەى ئێمە گرنگە پرۆژەیەکى گشتگیرى ڕۆشنگەرانەی بوێرە. گشتگیر بەو مانایەى لە هەموو کایە هونەرى و ئەدەبى و فیکرییەکاندا پەرە بەخۆى بدات و گەشە بکات. ڕۆژگارێک ڕۆشنبیرانى کورد هەوڵیانداوە پرۆژەى لەم جۆرە سەرپێ بخەن و کەوتوونەتە ململانێکەوە، بەڵام بە گوێرەى ئەوەى لە دواى ڕابوونى ئیسلامى سیاسى لە حەفتاکانەوە و، لە دروستبوونى دەسەڵاتى ستەمکار و خێلەکیى خۆماڵییەوە لە دواى ڕاپەڕینەوە ئەم پرۆژەیە پاشەکشەى کردووە و نەیتوانیووە ببێتە جەمسەرى زاڵ لە ململانێکەدا، ئەوا کایەى ڕۆشنبیرییش خۆى یەکپارچە نەمایەوە و بەشێک لە ڕۆشنبیران بوونە یارمەتیدەرى ئەو بەرەى کە دەبوو لە دژ بجەنگن؛ بەڵام زەرورەتى پڕۆژەی ڕۆشنگەرانە هەر وەکو خۆى ماوەتەوە و گەر بە زوویى بە ئیرادەیەکى بەرەنگارانەوە دەست پێنەکرێت، ئەوا بێگومان کۆمەڵگەى ئێمە لەنێو تاریکى زیاتردا نغرۆ دەبێت.
ئایا زانکۆ دەشیت شوێن و دەستپێکى پرۆژەیەکى لەمجۆرە بێت و نەوەیەکى نوێى گەنج بەم ئاراستەیەدا کار بکەن؟ لەم دۆخەدا ئەمە جێگاى ئومێد نییە، چونکە پۆلیس و عەقڵی ئایینى دەستیان بەسەریدا گرتووە. ئەوەتا ساڵى پار سەرۆکى بەشى پەیکەرتاشى پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى هەولێر پەیکەرەکانى شکاند، گوایە ئەمانە بتن و دژى ویستى خودان! بڕیارێکى دیکە دەرچوو بۆ داخستنى مەشروبفرۆشییەکان لە سەعات دەى شەوەوە (لە هەولێر لە 8ى شەوەوە). بێگومان هەوڵیتر هەبووە و هەیە بۆ قەدەغەکردنى یەکجارەکیى مەشروب. پەرلەمانتارە کوردە ئیماندارەکانیش لە پەرلەمانى بەغدا (ئەوانەى دوو سێ ژنیان هەیە و هەر شەوی لەگەڵ یەکێکیاندا دەخەون) زۆر بە حەماسەتەوە کاریان کرد بۆ داخستنى سایتە پۆرنۆکان، بە ئومێدى ئەوەى خودا ئەجریان بۆ بنووسێ و لەو دونیا بێکۆتاییەى دیکەدا لە باوەش و لە سەر سنگ و مەمکى حۆرییەکانیان بخەوێنەوە و پێکەوە زرنگەى پیاڵەى شەراب و بادەى بەهەشتیان بێت. لەو کاتەیشەوە دەیان دیاردەى دیکەى لەم جۆرە ڕوویانداوە کە هەرهەموویان نوقڵانەى زەمەنێکى تاریکتر و داخراوتر و خنکێنەرتر لێدەدەن و دواتریش بەشێک لە گەنجان ناچار دەبن بەرەو هەندەران هەڵبێن، بەشێکیان دەبنە سەرباز و چەک بەدەست لەنێو دەزگاکاندا، بەشێکیان دەبنە مرۆڤى دڵڕەق و پاتۆلۆژیک، بەشێکیشیان دەبنە کەسانى بێباک و تێکشکاو. سایتەکان ڕۆژ بەڕۆژ بە خۆشحاڵییەوە هەواڵى لاقەکردنە خێزانییەکان بڵاو دەکەنەوە، هەوالى دەستدرێژییەکان، تووندوتیژییەکان، کوشتنى ژنان، ئەشکەنجەى منداڵان و ..هتد، بەڵام هیچ کەس لە ڕیشەى ئەی دیاردانە ناپرسێت و نایانەوێ بزانن بۆچى باوکێک کچەکەى خۆى، برایەک خوشکەکەى خۆى لاقە دەکات، نایانەوێت بزانن بۆچى ژنکوژى ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت و شتى لەم بابەتە.
هێشتا نموونەى دیکە هەیە: لە ڕۆژى ڤالانتایندا لە کاتژمێر دووى پاشنیوەڕۆوە دەرگاى بەشە ناوخۆییەکانى کچان، سەر بە زانکۆى سلێمانى، لەسەر قوتابییەکان داخراو و ڕێگرییان لێکرا بێنە دەرەوە یان بچنە نێو زانکۆ، لە هەمووى سەیرتر ئەوەبوو بەرپرسى بەشە ناوخۆییەکان بە پۆلیسە پاسەوانەکانى گوتبووى هەر کچێک پەیوەست نەبوو بە بڕیارەکە و مشتومڕى چوونە دەرەوەى کرد بە مۆبایل وێنەییم بۆ بگرن و بۆم بنێرن! هەر ئەوەندەیش نا، پۆلیس بەنێو زانکۆدا بڵاوبوونەوە و یەخەى ئەو کچ و کوڕانەیان دەگرت کە لە گۆشەیەک یان سووچێکدا دانیشتبوون، تەنانەت ئەگەر هاوڕێیش بن پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت. بەشێک لە قوتابیان ئەمەییان ناونا "پۆلیسى ئەخلاق"، واتە پۆلیسێک کە لە سەدەکانى پێشترى ئەوروپا هەبوو و ئێستایش لە وڵاتانى وەکو سعودییە و ئێران و هیندستان هەیە. پۆلیسى ئەخلاق ئەوەیە ناهێڵێت ئەخلاقى کۆمەڵایەتى تێک بچێت و ڕەقیبە بەسەر ئادابى گشتییەوە! هەڵبەت کۆمەڵگەى ئێمە پڕییەتى لە پۆلیسى ئەخلاق. چونکە ئەوەى بۆ عەقڵى پۆلیسپەرست و ئەخلاقپەرست گرنگە تەنیا بڵاوکردنەوەى هەندێک ئەندامى سەر بە دەزگاى پۆلیس نییە بە جل و بەرگى فەرمیى وەزیفییەوە، بەڵکو ئەوەیە چۆن هەمووان ببنە پۆلیس لەسەر هەمووان. لەو شوێنانەیشى کە پۆلیسى ڕەسمى وجودى نییە، پۆلیسى ئەخلاق هەر دانراوە و هەیە. بە کورتى لەنێو زۆربەماندا پۆلیسى ئەخلاق چێنراوە، هەموو کچانیش بوون بە شەرەف و نامووسى هەموومان. هەڵبەت ئەم دیاردەیە لە ڕووى کۆمەڵایەتى و دەروونییەوە پێویستى بە لێکۆڵینەوە هەیە، چوکە ئەوە چییە وا دەکات کەسێکى نەناس ڕێگرى لە جل و بەرگى کچێکى سفور بکات و بیەوێت پەچە بپۆشێ، ئەگەرنا بۆى بلۆێ تێزاب بکات بە قاچیدا؟ دەروونشیکارى شتێکى سادە دەڵێت: حەسوودى ئەوەیە ئەوەى نیمە تۆیش نەتبێ. هەندێک لەم پۆلیسانە قەستى ئەوەیانە لەگەڵ تەواوى کچانى  سەر زەویدا بخەون، گەر کچێک دڵ و جەستەى بداتە کەسێکى دیکە ئەوا دەبێ سزا بدرێن، چونکە لە بنەڕەتدا دەبووا هى من بووایە. ئەمە دەمامکێکى نائاگایانە و هەندێجار ئاگایانەى شەرەفە. ئیدى شتەکە لە ڕیاکارى و دووڕووییەکى درۆزنانە زیاتر نییە.
دیسانیش نموونەکانى زانکۆ: تازەترین مەهزەلە لە زانکۆى گەرمیاندا ڕوویدا، لە پێشانگایەکى شێوەکاریدا "تابلۆ"یەکى نیمچە ڕووتى یەکێک لە نیگارکێشە بەشداربووەکان پیشان دراوە. کۆمەڵێک بەڵتەجیى ئیماندار و شەرەفپارێز، بە هاوکارى و پاڵپشتى چەند سەرۆک بەشێک و هەندێ  لە مامۆستایان هەڵیانکوتاوەتە سەر پێشانگاکە و هەڕەشەى شکاندن و تێکدانى پێشانگاکەیان کردووە، دیارە بەشێک لە قوتابیانیش واژوویان کۆکردۆتەوە بۆ لابردنى  ئەو تابلۆیە (بێگومان ئەم قوتابییە ئیماندار و نەریتپارێزانەى واژوویان کردووە خۆیان لە ژوور و ماڵەکانى خۆیاندا سەیرى دەیان فیلمى پۆڕنیان کردووە. بۆیە ئەمە دەڵێم چونکە ئەبێت ڕێک ئەم ڕیاکارییە و دووڕووییەیان کەشف بکەین). بە هەرحاڵ ئەم ڕووداوەى زانکۆى گەرمیان خستمییەوە بیرى سەردانەکەى خاتەمى بۆ ئیتاڵیا کە ئەو وڵاتە ناچار بوو پەیکەرە کۆنەکانى کەسایەتییە ئەفسانەییە ڕووتەکانى دابپۆشێت تاوەکو ئاغاى خاتەمى بە گوناهـ و موسیبەتەوە نەگەڕێتەوە بۆ ئێران. ئەم نموونانە بەڵگەى یەک شتن: هیچ ئیسلامییەکى میانڕەو بوونى نییە، هەمووان سەلەفى و تاریکخوازن. یەکگرتووەکان و ئیخوانەکانیش هەر سەلەفین، کۆمەڵ لەگەڵ مەلا کرێکاردا جیاوازیى نییە. ئێستا هەر ئەوەندەیش نا، بەڵکو لە ڕێگەى تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و پەیجە بێشومارەکانى ئیسلامییەکانەوە، ئیماندارە سادەکانیش لەسەر هەمان خووخدە بارهێنراون، هەمووان بە جۆرێک لە جۆرەکان کراونەتە پۆلیسى ئەخلاق و باس لە پاراستنى ئاداب و ڕەوشتى خێزانەکان دەکەن. پۆلیسى ئەخلاق پێویستى بەوەیە جۆرە پۆلیسێکى دیکەیش هاوکارى بێت: پۆلیسى خەیاڵ. ئەمە واتاى ئەوەیە لەناو هەریەکێکماندا پۆلیسێکى خەیاڵ دابنرێت بۆ ئەوەى وامان لێ بکات لە هەموو شوێنێکدا ببینە پۆلیسى ئەخلاق. پۆلیسى خەیاڵ هەر دەسەڵاتى پۆلیسە و ناواخن بۆتەوە، بۆ ئەوەى دواجار لە ناوەوە بۆ دەرەوە بچێتەوە و لە شێوەى پۆلیسى ئەخلاقدا دەربکەوێتەوە. پۆلیسى خەیاڵ پۆلیسێکى دووڕوو و درۆزنە. چونکە بەردەوام دەرفەت بە سوبێکت دەدات ڕەوایەتى ئەو مومارەسانەى بەخۆى بدات کە بۆ ئەوانیتر قەدەغەى دەکات. واتە پێیدەڵێت پۆلیسێکى باشى ئەخلاق بە، ئیدى هەرچیت پێخۆشە بە شاراوەیى بیکە تەنانەت ئەگەر بینینى خوشکەکەیشت بێت وەک ئوبێکتى سێکس، لەبەرئەمەیە سەلەفییەکان لەوە دەترسن لە ماڵیشەوە و لەنێو خێزانیشدا کەمێک لە سنگى خوشکەکانیان دیار بێت. دەترسن لە نیگاى خۆیان بۆ جەستەى خوشکەکەیان، ترسەکەیشیان لە عاقیبەتى کارەکەیانە. ئەم عەقڵییەتەیە کە لە پێشانگاکەى گەرمیاندا پەلامارى تابلۆیەکى نیمچەڕووتى بێگیان دەدات و وەک نیشانەى گوناهـ دەیبینێت. تابلۆ!! ئەوان تەنانەت تواناى جیاکردنەوەى تابلۆ و پۆرنۆیشیان نییە، چونکە لاى ئەوان تەنیا سێکس و ڕەپبوونى چووک بوونى هەیە. ئەوان خۆیان لە بەرامبەر تابلۆیەکى کێشراوەى کچێکدا ڕاناگرن کە بە فڵچە و بۆیە تەنیا پشتى لە وێنەکەدا دیارە، زەوقیان پێی دەجووڵیت، دەبێت بە پەلە ڕاکەن دەستپەڕ بکەن بۆ ئەوەى پەلامارى کچانى ئەو دەوروبەرە نەدەن. ئەمە ڕیاکارى و دووڕوویى ئەوانەیە دەبنە پارێزەرى لەشولارى کچان. لە سایەى عەقڵى ئیماندارى ئیسلامیدا هونەر و مۆسیقا مەحاڵە، نە تێدەگەیشترێن و نە گەشە دەکەن، بەڵکو دووچارى وشکهەڵاتن و تیاچوون دەبن. ئەگەر بەم ئاراستەیەدا بڕوات چەند ساڵێکى دیکە بەشەکانى کۆلێژەکانى هونەرە جوانەکان دادەخرێن، چەند بەشێکیان ئەگەر بمێننەوە ئەوا ئەبێ تەنیا هونەرى زەخرەفە و تاقى ئیسلامییان تیا بخوێنرێت و هیچى دى، لە بەشى مۆسیقایش جگە لە دەف ڕێ بە هیچى تر نادرێت. ئێستا ئەمە زەرورەتى بەرەنگارییش دەردەخات. کەوایە دەبێت هونەر و مۆسیقا و ئەدەبیات و فەلسەفە و شیعر و عەشق و هاوڕێیەتى بخرێنە بەرەنگارییەوە دژ بەم عەقڵە تاریکخواز و کۆنەپارێز و سەلەفپەرستانە.
لە ئایارى 68ـەوە خۆ ڕووتکردنەوەى کچان وەک دەربڕینى ناڕەزایەتى و کردنى جەستە و سنگ بە قەتعە و تابلۆى نووسینى دروشمەکان، لە وڵاتانى ڕۆژئاوا بۆتە شتێکى باو و خەریکە هێند دووبارە دەبێتەوە کە ڕادیکاڵیزمەکەى پێشترى لێ دادەماڵرێت، بەڵام ئەم کردەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەبێتە جەنجەرێک لە مێشکى  ئەوانەدا کە تابلۆیەکى نیمچەڕووتیشیان پێ هەزم ناکرێت. تا ئێستایش لە کۆمەڵگەى ئێمەدا ئەمەى نەکردووە (ئەستێرە کەریم هەوڵێکى دا، بەڵام بەشبەحاڵى خۆم تێبینیى زۆرم لەسەر ئەو شێواز و پەیامەى ئەو هەیە). هێشتا شتێکى تریش هەیە: خۆ سەدان کچیش هەن جلوبەرگیان ئێجگار سفور و ڕووتە و بەشێکى زۆرى جەستە و پێستیان دیارە، داخۆ ئەمەیش هەر بەرەنگاریى نییە؟ لە ڕاستیدا ئەوە گرنگە مرۆڤ بە ویستى ئازادانەى خۆى جل بپۆشێت، بەڵام ئازادییەکى تەواو سوبێکتیڤى لەم جۆرە بوونى نییە. ئەوەى دەڵێت من بە ویستى خۆم جلوبەرگەکەم هەڵبژاردووە ڕاستییەکەى نەوتووە، چونکە لۆژیکێکى تر پێش هەڵبژاردنەکەى ئەو حوکمى داوە، ئەویش لۆژیکى بازاڕ و مۆدە و فاشیۆنە. گەر کچان لەمڕۆدا بتوانن نیمچەڕووت بگەڕێن بە بێ ئەوەى نە وەک سوبێکتى مەسرەفکەر و بازاڕچى و مۆدەپەرست بڕیار لە پۆشاکەکانیان بدەن و نە بەخاترى ئەوەى ببینە بووکەڵە و ئوبێکتى سێسکى بۆ چاو و زەوقى پیاوان، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەشدار دەبن لە بەرەنگاریى دژ بەوانەى کە بەردەوام کار لەسەر داپۆشین و شاردنەوە دەکەن. چۆن ئەتوانن ئەمە بکەن؟ لە چاوپێکەوتنێکدا لە "لارس ڤۆن ترییە"ى دەرهێنەرى سینەمایى دەڵێت: فیلمى نیمفۆمانیاک لەبارەى ژیانى سێکسیى مێینەوەیە، بەڵام بەو مانایە نییە فیلمى پۆرن بێت. ئەو لەو ڕووە ناهێڵێت ببێتە فیلمى پۆڕن کە دەرفەتى ئەوە نادات پیاوان چێژ لە دیمەنە سێکسییەکانى فیلمەکە ببینن. ئەمە گرنگە. چۆن عەشق و سێکس و شێوازى پۆشینى جلوبەرگ ببنە بەشێک لە خەباتى ژیانى ڕۆژانە بە بێ ئەوەى لەنێو چێژگەرایی زێدەڕوانەدا نغرۆبن؟ ئەمە پێویستى بە هەندێ هۆشیارى و ئاگاداربوونە، پێویستى بە ڕوانینى هونەرییانەیە لە دنیا؛ لێرەدا پێویستمان بەو دروشمەى فۆکۆیە کە دەڵێت: "ژیانت بکە بە تابلۆیەکى هونەرى". هونەر لە ژیاندا پێویستى بەوە نییە هەمووان هونەرمەندبین و نیگارکێشى و مۆسیقا و پەیکەرتاسى بزانین، تەنیا لە شتەکاندا بەدواى هونەردا بگەڕێین، یان هونەر بخەینە ناو شتەکانەوە، هەردووکیشیان یەک شتن. سێکس تەنیا ڕەحەتبوون نییە، تەنیا گۆڕینەوەى وێنەى ڕووت نییە، بەڵکو تێکەڵبوونى دوو جەستە جۆرێک لە هونەریشە. ئەمە ئەو شتەیە کە بازاڕ نایەوێت و دەسەڵات و ئایینیش قەدەغەى دەکەن. جلپۆشین گەر جۆرێک هونەر نەبێت و دروستکردنى تابلۆیەک نەبێت بە ڕەنگەکان و هارمۆنیا لەگەڵ جەستەدا ئەوا تەنیا دەبێتە جۆرێک لە مەسرەفگەرایى. هەموو ئەمانەیش لەگەڵ جەستەدا گرنگە بخرێنە بەرەنگارییەوە. مادام ئەم هەموو ترسە لە جەستە هەیە، مادام جەستە بەردەوام سەرکوت دەکرێت و لە تابلۆیەکیشدا قبوڵ ناکرێت کە بە فڵچە و ڕەنگەکان کێشراوە، ئەوا بە ناچارى پێویستە یەکێک لە تەوەرەکانى وەرگرتنى وزەى خەبات لە جەستەوە بێت. دیسانیش پرسیارە سپینۆزاییەکە گرنگە: "جەستەیەک دەتوانێت چى بکات؟". بۆ نموونە دەتوانێت سەما بکات. سەماى هونەرى نەک ڕەقسى سێکسى. جەستە دەتوانێت سەما بکات، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە بە بڕیارى پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى قەدەغە کرا. کەواتە دیسانیش جەستە بخەوە سەما، ئیدى جۆرێک بەرەنگاریت کردووە. ئەوان پۆلیس لەسەر چرپە و سۆزگۆڕینەوەى کچ و کوڕێک دادەنێن، کەواتە عاشق بن و هاوڕێیەتى بکەن، دەستى یەک بگرن، ئەوە خۆى بەرەنگارییە (لە مانگى ڕەمەزاندا دەستگرتنى ژن و مێردەکانیش قەدەغەیە). بە کورتى بەرەنگاریى شتێکى مەحاڵ و دوورە دەست نییە، دەتوانین لە ژیانى ڕۆژانەوە دەست پێبکەین، لە بەرجەستەکردنى شێوازى پەیوەندییەکانمانەوە. هاوکات ئەمە پێویستى پە پشتیوانى و پشتگیریى هاوڕییانەى یەکتریشە. ئەگەر ئەو گروپە بەڵتەجییەى هەڵیانکوتایە سەر پێشانگاکەى زانکۆى گەرمیان، هاوکات گروپێکى دیکە هەبوونایە داکۆکیان لێ بکردنایە ئەوا بە ئاسانى مەرامەکەیان نەدەچووە سەر و تابلۆکانیان پێ لانەدەبرا. ماوەتەوە بڵێم لەم ساتەدا گرنگە سەرجەم گروپەکانى هاوڕێیان و گەنجان و خوێندکارانى زانکۆ و ڕۆشنبیران لەسەر ئەم دیاردانە بێنە دەنگ و نەهێڵین بەم ئاراستەیەدا  بەردەوامییان پێ بدرێت، هیچ نەبێ لەم شەوەوە دەتوانین لە فەزاى مەجازییەوە دەست پێبکەین، ئەوان تابلۆکانیان قەدەغە کرد، ئێمەیش وەک هەڵوێستێک دەتوانین تابلۆ هونەرییە ڕووت و نیمچە ڕووتەکان، بە ناوى هونەرمەندەکانییانەوە لە ئەکاونتەکانماندا بڵاوبکەینەوە.   


تێبینى: ئەم وتارە یەکەمجار لە شوباتى 2018 لە سایتى "دیدى من" و بلۆگى "ڕەت" بڵاوکراوەتەوە.

No comments:

Post a Comment