My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Thursday 15 February 2018

سیستەم و تاقانە

ناوى کتێب: سیستەم و تاقانە (تیرۆریزم 2)
ناوى نووسەر: ژان بۆدریار
وەرگێرانى: هاوار محەمەد
چاپخانە: ناوەندى غەزەلنووس/ زنجیرە کتێبى ناوەخت3
ساڵ و شوێنى چاپ: 2018 سلێمانى



پێشەکى (کتێبى دووەم)
وەرگێڕانى دوو کتێب دەربارەى "تیرۆریزم" بەس نییە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، پێویستە هەوڵى لێبڕاوانە هەبێت بۆ تەفسیر، خوێندنەوە، دیاگنۆسى سەرهەڵدانى و تاکتیک و ستراتیژ و ئامانجى تیرۆریستەکان. بەڵام ئەم دوو کتێبە، کە هیی دوو فەیلەسوفى گرنگى دنیان و ڕاستەوخۆ بەرهەمى دواى ڕووداوى 11ى سێپتێمبەرن، بە شێوەیەکى قووڵ و ناوازە وەڵامى بەشێک لە پرسیارە سەختەکان دەربارەى تیرۆریزم دەدەنەوە کە بۆ ئێمەى کورد وەڵامى جەوهەرى و گرنگن. تەفسیر و ڕەخنەى ئەم دوو فەیلەسوفە لە هەندێ مەسەلەدا زۆر جیاوازن و لە هەندێ مەسەلەیشدا یەک دەگرنەوە، بەڵام وێڕاى هەموو جیاوازییەکى دیکەیش، وەک هەمیشە لەبارەى ئیمکانى گۆڕانى جیهانەوە، دێریدا کەمێک گەشبینە و بۆدریار کەمێک ڕەشبینە، لە کاتى خوێندنەوەى کتێبەکاندا خوێنەر خۆى هەستى پێ دەکات. من لێرەدا دەمەوێت بە چەند فراگمێنێک هەندێک ئایدیا بخەمە ڕوو، بە تایبەتیش لە پەیوەندیدا بە داعش و کوردەوە:

تیرۆریزم، ئیمانانسى سیستەم:
مارکس گوتى تارماییەک بە ئەورووپادا دێت و دەچێت: تارمایى کۆمۆنیزم. ئەوى ڕاست بێ، لەم سەردەمەدا هێزێک ساڵانێکە وەک تارمایى بە جیهاندا دێت و دەچێت: تیرۆریزم. بە گوتەى واڵتەر بنیامین، فاشیزم، کە دەشێت لەم کۆنتێکستەدا پێیى بڵێین تیرۆریزم، لە هەر شوێنێکدا سەرهەڵبدات، ئەوە شکستى کۆمۆنیزمە، یان با بڵێین "غیاب"ـى خەباتە بۆ ژیانێکى باشتر و ئینسانیتر. بۆچى ناشێت تیرۆریزم بە خەبات دژ بە سیستەم دابنێین؟ دەتوانین بە یەک ڕستەى چڕ وەڵام بدەینەوە: تیرۆریزم واتە غیابى خەبات، بەڵام هەر خەباتێکیش سەرى لە تیرۆریزمەوە دەربچێت، خەبات نییە، بەڵکو هەر بە سادەیى فاشیزمە. گەر ئەو تێزە کلاسیکییەى سەردەمى ئیمپریالیزم ڕاست بێت کە بەشى ڕۆژئاواى جیهان بەشى ڕۆژهەڵاتى جیهان دەچەوسێننەوە، بەشى باکوورى جیهان بەشى باشوورى جیهان دەچەوسێننەوە، ئەوا پێویست بوو بە خەبات وەڵامى ئەم چەوساندنەوەیە بدرێتەوە. لە سەردەمى ئیمپریالیزمدا تا ڕادەیەک ئەم خەباتە هەبوو، بەڵام لە دواى ڕووخانى کۆمۆنیزمەوە پاشەکشەى کرد و جێگاى خۆى دا بە تیرۆریزمێکى جیهانى. بۆچى جیهانى؟ چونکە ڕێک لەبەر ئەوەى سیستەم خۆى جیهانى و گشتگیر بووه‌تەوە. تیرۆریستەکان دەتوانن بگەنە "سەر" و "دڵ"ـى سیستەم، چونکە سیستەمیش خۆى گەیشتووه‌تە هەموو شوێنێک. داعش هەوڵێک بوو بۆ لۆکاڵیکردنەوەى تیرۆر، بەڵام لە ڕاستیدا تیرۆر لۆکاڵى نابێتەوە. دروستکردنى "دەوڵەت" هەرگیز ئامانجى تیرۆریستەکان نییە، ئەوەیشى پێى دەوترێت "دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام"، لە ڕاستیدا بە هیچ کلۆجێک ناچێتە نێو چوارچێوەى دەوڵەتى مۆدێرنەوە، لە باشترین حاڵەتدا دەوڵەتى "خەلافەت" بوو. بەڵام هێشتایش بە لەنێوبردنى ئەم دەوڵەتى خەلافەتە تیرۆریزم لەنێو نەچووە و ناچێت. تیرۆریزم بەرهەمى لۆژیکە گشتگیرەکەى سیستەم خۆیەتى، بەڵام نەک لە دەرەوەى سیستەم، بەڵكو لە کەلێنەکانى سیستەمدا. ئەگەرچى ئاسانە هەر کەس و لایەن و هێزێک بە تیرۆریزم لە قەڵەم بدرێت کە نەچنە نێو چوارچێوەى سیستەمى ئەمڕۆوە، بەڵام تیرۆریزم بە بڕیارى لایەنێک دروست نابێت، بەڵکو ئیمانانسى ناو سیستەمێکە کە، بە قەولى بۆدریار، بیەوێت هەموو دنیا بگرێتەوە و لە هەموو شوێنێکدا "هەمەهێز" بێت.

تیرۆریزم، فاشیزم، سێکسیزم:
داعش هێزێکى فەندەمێنتاڵ بوو کە سێ ڕەگەزى بە شێوەیەکى سەیر لەگەڵ یەکتردا کۆ کردبوویەوە: تیرۆریزم، فاشیزم، سێکسیزم. لەم سێ ڕەگەزە ئاوێتەیەکى دروست کردبوو کە لە خۆکوژى و ئەویترکوژى و چێژپەرستییەکى نێرانەدا دەردەکەوتەوە. ئەمانەیشى بە شێوەیەکى ئێجگار وێرانکەر بەکار دەهێنا. ئەم هێزە فەنده‌مێنتاڵە لە ڕواڵەتدا لەسەر شەریعەت حیساب دەکرێت، بەڵام لە نائاگاییەکەیدا هەڵگرى بونیادێکى "عیرفانی"ـیشە". لە داعشدا کڵێشەى جوداکردنەوەى شەریعەت و تەریقەت و عیرفان مانایەکیان نییە. شەریعەت و عیرفان ناکۆکییەکى مێژوویى قووڵیان هەیە، بەڵام جارى واهەیە بەبێ ئەوەى خۆیان لێى هۆشیاربن یەکترییان دووبارە کردووه‌تەوە. هیچ نەبێ، لە نائاگایى داعشدا ئەم جیاکارییە دەکەوێت، ئەمەیش ڕێک لە کردەى "خۆکوژى"ـدا بەرجەستە دەبێت. کردەى خۆکوژى لەپێناو گەیشتندایە به‌ موتڵەق، کە خودا و بەهەشت و حۆرییەکان ناوى ئەم موتڵەقەن. ئەزموونى "فەنابوون"ـێکى عیرفانییە، ڕێک توانەوەیە لە نێو کۆمەڵە ئایدیۆلۆژییەکەدا - یان لە نێو کەڵتە ئایینییەکەدا. عیرفانگەراکان، کە بەردەوام باس لە ئارامى و بێدەنگى و حیشمەت و نوور دەکەن، ئەم قسەیەى ئێمەیان پێ قووت ناچێت. ڕاستییەکەى، بە لاى منەوە، عیرفان هەمیشە بێزیان و پاکژ و بەرەنگارانە نییە دژ بە شەریعەت، بەڵکو شەریعەت تەواو دەکات. "فەنابوون" و "توانەوە لەویتردا" و "گەیشتن بە موتڵەق" چەمکە خۆشەویستەکانى عیرفانن. ئەوەى تێیدا فەنا دەبیت، ئەوە خودایە. لە ڕاستیدا داعش خودا هەر لە نێو خۆیاندا بوو. کۆى گرووپەکە خوداى خۆى بوو، ئەندامەکانیش بەندە، کە وەک دڵۆپێک تێیدا دەتوانەوە. جەستە بەردەوام لە لایەن عارفەکانەوە سەرکۆنە دەکرێت و وەک بەربەست دەبینرێت لە بەردەم گەیشتن بە حەقیقەتى ڕەهادا، تیرۆریستەکانیش کارى عارفەکان تەواو دەکەن: هەلاهەلاکردنى جەستە. پارچەبوونى جەستە و مەرگ فەنابوون بوو لە خودى کۆمەڵدا. توانەوەیش لەویتردا، بە واتا دەروونشیکارییەکەى، وەڵامدانەوە و پەیڕەویکردنە لە "ئەویترى گەورە" کە بە زمانى ئاڵتۆسێر دەبێتە "بانگى ئایدیۆلۆژیا"، هەر بەو جۆرەى خودا بانگی مووسا دەکات. گەیشتن بە موتڵەق و نووریش ڕێک خودى دەنگى خۆتەقاندنەوە و گڕ و بریسکەى بۆمبەکەیە. دەنگى دینامیتەکان بۆ خۆکوژێکى تیرۆریست عەینى موتڵەقە. بە کورتى، گرمەى تەقینەوە موتڵەقە.
ڕەگەزى دووەم کە فاشیزمە، نەک تەنها داعش هەڵگریەتى، بەڵکو زۆرێک لە هێز و گرووپەکانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و عێراقیش هێزى فاشیستین. فاشیزم ئەو توندوتیژییەیە کە ڕاستەوخۆ بەرامبەر خودى ژیان دەکرێت، نەک بەرامبەر کەسێک یان هێزێک. تەفسیرکردنى فاشیزم وەک مومارەسەیەک کە "توندوتیژى" بە تاکە ئامرازى کاریگەر بۆ مامەڵەکردن و ژیان بزانێت، تەفسیرێکى هەڵەیە، کە پێشتر لە زمانى کوردیدا شتى لەم جۆرەم بینیوە. توندوتیژى دژ بە خودى ژیان جەوهەرى فاشیزمە، بەم مانایە، توندوتیژى ئامراز نییە، بەڵکو ئامانجە. بەڵام فاشیزم تەنها بە توندوتیژیدا ناناسرێتەوە، زۆرێک لە ئایدیۆلۆژیاکانى دیکەیش هەڵگرى توندوتیژین. فاشیزم بە "خەساندن"ـیشدا دەناسرێتەوە. ئەوەیە کە دەتخەسێنێت تاوەکو لەبرى تۆ ئەندامەکانى خۆى نمایش بکات و چێژ ببینێت. لەبەر ئەمە بوو داعش دەچووە نێو ئابووریى کاپیتاڵى دنیاوە و ئامرازە تەکنۆلۆژییەکانیشى لەوپەڕیدا بەکار دەهێنا. هەروەها فاشیزمى داعش تەنها بەرامبەر مرۆڤ نەبوو، بەڵکو بەرامبەر شوێن و شوێنەوار و پۆشاک و یادەوەرى و ئاژەڵیش بوو. فاشیزم ئەوەیە شوێنت بۆ ناهێڵێتەوە، فەزاکانى ترت لێ دادەخات. فەزاکانى تر لاى فۆکۆ واتە "هێترۆتۆپیا". ئەم چەمکەیش واتە شوێنى ناتەبا لە شوێنى یەکپارچەدا، تێکدانى مانا باو و جێگیرەکانى شوێن، دروستکردنى فەزاى هەمەڕەنگ. فاشیزم تەنها یەک مانا بۆ هەر شوێنێک دەهێڵێتەوە و ناهێڵێت شوێنى ناتەبا و دژەشوێن لە شوێندا هەبێت. بۆ نموونە، شوێن بۆ عاشقان، شوێن بۆ مەشروبخۆران، شوێن بۆ گەمەى منداڵان، شوێن بۆ ئاهەنگ، شوێن بۆ مشتومڕى فیکرى و شیعرخوێندنەوە و... هتد ناهێڵێتەوە. جیاوازیی نێوان فاشیزم و تۆتالیتارم ئەوەیە تۆتالیتاریزم هەموو شوێنێک بە ئایدیۆلۆژیا و وێنەى سەرۆک و دروشمى حزب و ئەندامى حزب بارگاوى دەکات. یەکڕەنکگردنى شوێن تۆتالیتاریزمە. بەڵام داخستنى شوێن فاشیزمە. فاشیزم بەردەوام فەزاکان دادەخات. لەبەر ئەمە بوو کە شوێنەوارەکانى موسڵیش تەقێنرانەوە و مۆزەخانەکان وێران کران و پەیکەرەکانیش وردوخاش.
داعش لە هەموو کارەکانیدا وێنەى دیجیتاڵی و تەکنیکى مۆدێرنى وێنەگرتن و میدیاى لە ئاستێکى بەرزدا بەکار دەهێنا. ئەوان فەندەمێنتاڵ بوون بە کەرەستە مۆدێرنە پێشکەوتووەکان. "وێنە" بۆ داعش کەرەستەیەکى زەروورى بوو تاوەکو چێژى کارەکانیان پیشان بدەنەوە. چێژێکى سێکسى کە لە هەموو شتێکدا دەیەوێت بگاتە ئۆرگازمێکى ئێجگار بەرز. داعش تیرۆریزم بوو لە ئاستە هەرە بەرزەکانیدا کە دەگات بە ئۆرگازم. چێژى لەوە دەبینى توندوتیژى تا دواسنوورى خۆى ڕابکێشێت. لەبەر ئەمە بوو بەکەنیزەکردن و ڕابواردن و سێکس لە لایەن ئەندامەکانییەوە، وەک بەشێک لە جیهاد سەیر دەکرا. بەڵام سێکسیان تەنها لە نێوان جەستەى ژن و پیاوێک و سەرجێیکردندا قەتیس نەکردبوو، بەڵکو بردووبوویانە نێو هەموو کارەکانى تریانەوە، هەر شتێک بە مانایەکى سێکسى بار کرابوو. لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا، یەکێک لە ئەمیرەکانیان شێوازى سەربڕین فێرى جەلادەکانى تریان دەکات و پێیان دەڵێت، دەبێت سەربڕین "بە چێژەوە" ئەنجام بدرێت، کاتێک تاوانبارەکە (قوربانییەکە) سەر دەبڕیت، پێویستە بە تەواوى لە ناخى خۆتدا چێژى لێ ببینیت. بەم مانایە، داعش هەموو شتێکى بە سێکس بار دەکرد. سەرجەمى ئەمانەیش داعش دەکاتە هێزێکى داهێنەر لە توندوتیژیدا.

جەنگ دژ بە داعش:
سەرهەڵدان و فراوانبوونى داعش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا جەنگێکى کارەساتبارى نایەوە، ئەمەیش لەژێر ناوى "جەنگ دژ بە تیرۆریزم"ـدا، گوایە بۆ لەنێوبردنى داعش. بەڵام جەنگ لەگەڵ تیرۆریزمدا هیچ ئەنجامێکى نابێت؛ بە گوتەى بۆدریار، ئەگەر 11ى سێپتێمبەر ڕووداو بێت، ئەوا جەنگ دژ بە بکەرانى 11ى سێپتێمبەر نا-ڕووداوە؛ ئاوا ئەمه‌ریکا دەیەوێت بە نا-ڕووداو وەڵامى ڕووداو بداتەوە، بۆیە ئەم جەنگە جگە لە کارەسات، هیچ دەرەنجامێکى دیکەى نابێت. جەنگ بە شێوازە تەقلیدیيەکە ئەوەیە لە نێوان دوو سوپادا، دوو دەوڵەتدا، دوو هێزى کۆنکریتدا ڕوو دەدات. بە بڕواى بۆدریار، لە جەنگى کەنداوەوە چیتر جەنگ ئەم واتا تەقلییدییەى نەماوە، بەڵکو بە تەواوەتى مەجازی بووه‌تەوە. هێزەکانى ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان لە جەنگى کەنداودا، هێرشەکانیان بە کۆمپیوتەر و سیستەمى چەکى ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدا، لە کاتێکدا سوپاى سەدام حسێن سوپایەکى کۆنى نەریتى بوو، بۆیە بە هیچ شێوەیەک نەیدەزانى چۆن ڕووبەڕووى چى ببێتەوە. بۆیە بۆدریار ڕستەیەکى سەرەتانیى وت کە یەک لێشاو مشتومڕى بەدوادا هات و هەتا ئێستایش بەردەوامە، ئەویش ئەمەبوو: "جەنگى کەنداو ڕووی نەداوە." ئێستا لە قۆناغێکى دیکەداین کە تیرۆریزمیش زیاتر تارمایى و مەجازی بووه‌تەوە و سیمبولەکان خاپوور دەکات. ئێستا کە داعش لە سەروبەندى کۆتاییهاتندایە، بەرپرسانى وڵاتە زلهێزەکان بەردەوام ئەو لێدوانە دووبارە دەکەنەوە کە "کۆتایى داعش ماناى کۆتایى تیرۆریزم نییە." بۆچى جەنگ کۆتایى بە تیرۆریزم ناهێنێت؟ چونکە تیرۆریزم جەنگى سەربازی ناکات، بەڵکو زەبرى ڕەمزى دەوەشێنێت. تیرۆریستەکان دەزانن لە جەنگى ڕووبەڕوودا بە واتا کلاسیکییەکەى، هیچ چانسێکى بردنەوەیان نییە، بەڵام سیستەم پنتى ڕەمزیى هەیە کە لێدان لەو پنتانە بە ماناى لێدانە لە مێشکى سیستەم. ئەمە خاڵێکە دێریدا زۆر بە سەرنجڕاکێشى باسى دەکات، لە میانەى ئەمەیشدا ڕەخنە لە "کارل شمیت" دەگرێت و دەیسەلمێنێت تیرۆریزم ناچێتە هیچ کوێى ئەو پۆلێنانەوە کە شمیت بۆ جەنگەکان کردوویەتى. بەڵام تیرۆریزم هەموو کاتێکیش مەجازی نییە و دەوڵەتانى ڕۆژئاوایش هەمیشە جەنگى مەجازى ناکەن؛ داعش هەندێک کۆنکرێتکردنەوەى تیرۆریزم بوو لە جوگرافیایەکى تایبەتدا، بە هەمان شێوە هێزەکانى هاوپەیمانانیش هەندێک کۆنکریتتر شەڕیان کرد، چونکە شەڕەکەیان زیاتر بە بریکارەکانیان لە ناوچەکە سپارد. هەموو ئەمانە پێشینە و تاقیکردنەوەى جەنگێکى مەترسیدارن کە جەنگى مەجازییە؛ بۆیە ئەگەر گۆڕانێکى ڕادیکاڵ ڕوو نەدات و هێزە بەرەنگاریکەرەکان دەوڵەتان ناچار بە پاشەکشە نەکەن، ئەوا شەڕى داهاتوو شەڕى مەجازییە کە مەترسیدارترە لە شەڕى واقیعى.

کورد و داعش:
کورد لە دوو پارچەدا شەڕى داعشى کرد، باشوور و ڕۆژئاڤا، بەڵام هەریەکەیان بە ستراتیژ و ئیرادە و ئامانجى جیاوازەوە. هێزەکانى باشوور زیاتر لە بەکرێگیراوى بەرەى هاوپەیمانى دەچوون و ڕۆژئاڤایش دەبوو لەپێناو مانەوەدا شەڕ بکات. کاتێک باشوور بەبێ تەقە شەنگال تەسلیم دەکات، کۆبانى شەڕى مانونەمان دەکات. پاش سێ ساڵیش شەڕ لەگەڵ ئەم هێزە دڕندەیه‌دا، لە یەک بەرواردا باشوور کەرکوک لە دەست دەدات و دەیداتە دەست حەشدى شەعبى، ڕۆژئاڤایش ڕەقە ڕزگار دەکات. گوتارى ناسیۆنالیستانەى باشوور بە ناوى ڕزگارکردنى ناوچە "جێناکۆکەکان" و دروستکردنى دەوڵەتەوە، وێنەیەکى جەنگاوەرانەى پێشانى جیهان دا و زۆر لافى ئەوەى لێ دەدا هەموو جیهان باسى ئازایەتیى پێشمەرگە دەکات، ئەمە غروور و لوتبەرزییەکى نابەجێى پێ بەخشین، بەڵام دواتر هەر بە لۆژیکى خۆیان، تەنها وەک جەنگاوەرێک مامەڵەى لەگەڵ کرا کە ئیدى کاتى خانەنشینکردنى هاتبوو. لە ناوخۆیشدا شەڕى داعش بەهانەیەک بوو بۆ چەسپاندنى زیاترى دۆخى ئاوارتە و بارى لەناکاو، بە تایبەتى لە درێژکردنەوەى دووەمى ماوەى سەرۆکایەتیی هەرێم، داخستنى پەرلەمان، هەڵپەساردنى یاسا، زیاترکردنى ڕۆڵى "ئاسایش"، سەرکوتکردنى ناڕەزایەتى، چاودێریى زیاتر و برسیکردنى خەڵکدا، بە ڕوونى بەرجەستە بوو. بە گشتى، کوردستان بووە کەمپێک کە لە چاوى دەسەڵاتەوە، هەموو ئەوانەى تێیدان، بە پۆتێنشیەڵ تاوانبارن. لەولایشەوە، پەیوەندیى ئابووریى نەوت لە لایەن بەرپرسانەوە لەگەڵ سەرانى داعشدا دەبەسترا و گرێبەستى بازرگانییان لەگەڵدا واژوو دەکرا.
بەڵام لە ڕۆژئاڤا کۆبانێ ئەفسانەیەک بوو کە نووسەرانى ناچار دەکرد جارێکى دیکە "تەڕوادە"ى هۆمیرۆس بە جۆرێکى دیکە بنووسنەوە. کۆبانێ بە بەرچاومانەوە دەگوزەرا، نەک خورافەیەک لە خورافەى ناسیۆنالیزمى باشوور. هیچ ئایدیۆلۆژیایەک ناتوانێت هێندە مقاوەمە بکات، ئەوەى لەوێ ڕووی دا، کوردایەتى هەرگیز نەیتوانیوە بیکات. کۆبانێ هیچ پەیوەندییەکى بە گوتارى "کوردایەتى"ـیەوە نەبوو، بەڵکو دوو پاڵنەرى هەبوو: یەکەم، مقاوەمە لەپێناو مانەوەدا؛ دووەم، خەباتکردن لەپێناو ستایلێکى نوێى ژیان و ڕێکخستندا، کە لە خۆسەریى دیموکراتیدا بەرجەستە دەبێت. لە ڕاستیدا ناتوانین گرەو لەسەر ئەوە بکەین کە لە ماوەکانى داهاتوودا ئەزموونى ڕۆژئاڤا دەبێتە ئەزموونێکى نموونەیى بۆ کۆمەڵگەیەکى مرۆڤانەتر. ڕەنگە ڕۆژئاڤایش بەهۆى تاکڕەوى و ڕابەرپەرستى و تەقدیسکردنى حزب و سەپاندنى یەک فۆڕمى زمان و ژیانەوە بەرەو خۆکوژى بڕوات و دیسانیش "مەزرای ئاژەڵان"ـى ئۆرویل ببینینەوە؛ یاخود ڕەنگە لەژێر فشارى دەرەکی و بە ڕێکەوتنى نێودەوڵەتى لەبار ببرێت و تووشى کێشەى گەورە بکرێتەوە. بەڵام هەرچۆن بێت، ئەوەى ئێمە مەبەستمانە، ئەو صه‌یرورەیە بوو کە لەو کاتەدا ڕۆژئاڤا چووبووە نێویەوە.

ناونیشانەکان:
لە ڕاستیدا ئەم دوو کتێبەى ئێمە وەرمان گێڕاون، لە لایەن ئێمەوە کراون بە هاوڕێى یەکتر. دەنا نووسەرەکانیان بەم جۆرەى چاپە کوردییەکە بڵاویان نەکردوونەتەوە. کتێبى یەکەمیان چاوپێکەوتنێکى درێژ و قووڵى "جاک دێریدا"یە کە "جیۆڤانا بۆرادورى" لەگەڵیدا ئەنجامی داوە. دواى 11ى سێپتێمبەر، بۆرادورى پێشنیاز بۆ هەریەکە لە هابەرماس و دێریدا دەکات کە چاوپێکەوتنێکى درێژ لەگەڵ هەریەکەیاندا ئەنجام بدات و بە شێوەى کتێب بڵاویان بکاتەوە. هابەرماس بە نووسین وەڵامى پرسیارەکان دەداتەوە و دێریدایش بە ئیرتیجالى وەڵام دەداتەوە. بۆرادورى ناتوانێت سەرسووڕمانى خۆى بەو توانا گەورەیەى دێریدا بشارێتەوە کە لە کاتى وەڵامدانەوەى پرسیارەکاندا، بە شیکارى و زمان و ڕەخنەکانیەوە دیارە. بەهەرحاڵ، دواجار هەردوو گفتوگۆکە لە کتێبێکى قەبارە گەورەدا چاپ دەبێت بە ناونیشانى "فەلسەفە لە سەردەمى تیرۆریزم"ـدا. بەشەکەى دێریدایش بە زمانى فەڕەنسى لە کتێبێکى سەربەخۆدا دیسان چاپ دەبێتەوە. ئێمەیش ئەو کتێبەى دێریدامان وەرگێڕاوە و ناونیشانى "تیرۆریزم 1: ڕووداو و داهاتوو"مان بۆ داناوە. چونکە وەک بەرگى یەکەم دەبارەى تیرۆر مامەڵەمان لەگەڵیدا کردووە و دوو تێماکەیش لە چاوپێکەوتنەکەدا هەم دوو تێماى سەرەکین و هەمیشە دێریدا ئومێدى پێیان هەیە بەو جۆرەى کە لە فەلسەفەکەى خۆیدا باسى کردوون. "داهاتوو" هەرگیز بە ماناى ئاییندە نییە، بەڵکو بە ماناى "ئەوەیە کە دێت"، ئەوەى بە بێ چاوەڕوانى و وەک "ئەویتر"ێکى غەریب، نامۆ، بێگانە، میوان، عاشق، دۆست و دوژمنیش دێت، بەڵام ئیتر گۆڕانێکى ڕادیکاڵمان بەسەردا دەهێنێت. ئەمەیش لاى دێریدا عەینى "ڕووداو"ە.
کتێبى دووەممان ناو ناوە "تیرۆریزم 2: سیستەم و تاقانە"، کە کۆمەڵێک وتارى بۆدریارە لە ماوەى دوو ساڵدا و لە دواى 11ى سێپتێمبەرەوە نووسیونى و ئینجا لە کتێبێکدا بە ناونیشانى "ڕۆحى تیرۆریزم" چاپ کراون. لە ڕاستیدا "ڕۆحى تیرۆریزم" تەنها ناونیشانى یەکێک لە وتارەکانى بۆدریارە، بۆیە بیرمان کردەوە ناونیشانێک بۆ چاپى کوردیى کتێبەکە هەڵبژێرین کە تێز و تێماى وتارەکانى دیکەیش لە خۆیدا کۆ بکاتەوە. پێم وایە هەردوو وشەى "سیستەم" و "تاقانە" ئەم ڕۆڵە دەبینین، چونکە لە زۆربەى وتارەکاندا بۆدریار تەنها دەیەوێت ئەم دوو تێمایە تەفسیر بکات. سیستەمى جیهانى لاى بۆدریار سیستەمێکە کە زێدەڕەویى زۆرى لە فراوانبوونى خۆیدا کردووە، بووه‌تە سیستەمێکى هەمەگیرى هەمەشوێنى هەمەهێز، ئەمەیش واى کردووە ڕێک لە درز و کەلێنەکانیەوە ڕەگەزە نەخوازراوەکان و هێزە تاقانەکان سەرهەڵبدەن، کە لە دیالەکتیکى گشت-بەش تێ دەپەڕن، هەر بۆیە پارتیکیولار نین، بەڵکو سینگیولارن. تاقانەکان گەمەیەک دەکەن کە لە ڕێساکانى سیستەم دەترازێن، شتێک دەخەنە گرەوەوە کە مەحاڵە سیستەم بوێرێت قومارى لەسەر بکات، یان پێشبینیی کردبێت قومارى لەسەر بکرێت. بە لاى بۆدریارەوە، تیرۆریزم تاقانەیە، بەڵام هەموو تاقانەکان تیرۆریست نین. تاقانەکان نە باشن نە خراپ، نە گشتن نە بەش، نە "لەگەڵ"ـن و نە "لە دژ"، بەڵکو "تەواو بە پێچەوانەوە"ن. بەم مانایە، ئەوان لە سیاقەکانى شوێن و کات و لە کۆنتێکستە مێژووییەکاندا، خەسڵەت و ماناى جیاواز وەردەگرن و دۆز و کەیسى تایبەتیشیان هەیە. تاقانەکان "تەواو بە پێچەوانەوە"ن، نەک بە پێچەوانەى "یان لەگەڵ یان لە دژ"، بەڵکو بە پێچەوانەى "لەگەڵ" و "لە دژ"ن پێکەوە. کەواتە لە سیاقەکاندا ماناى باش و خراپ وەردەگرن. بە لاى بۆدریارەوە تیرۆریزم تاقانەیە، بەڵام تاقانەیەکى خراپ. خراپییەکەى هیی تاقانەبوونەکەى نییە، بەڵکو هیی کەرەستە و میتۆد و دڵڕەقى و ترسناکییەکەیەتى. تیرۆریزم مەترسیدار و کارەستهێنە، بەڵام مەترسى و کارەساتى سیستەمیش لە هیی تیرۆریستەکان کەمتر نییە، بۆیە بۆردیار دەڵێت "تیرۆر بەرامبەر بە تیرۆر." دێریدایش لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا کە داخۆ تیرۆریستەکان و ئەمه‌ریکا کامیان "تیرۆریستترن"، دەڵیت: ''خراپترین جۆرى تیرۆریزم ئەوەیە کە هیچ کەرەستەیەکى دیکەى بەرگرى و بەرەنگاریت بۆ ناهێڵێتەوە جگە لە تیرۆر.''

هاوار محەمەد

No comments:

Post a Comment