My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 9 June 2019

دەرمانخانەى مۆسیقا

هاوار محەمەد


1-   پشلەیەکى نەخۆش:
هەر ئەو وەختەی منداڵێکی نەخۆش دەبێ، دایکی خەونێک دەبێنێ، فریشتەیەک پێیدەڵێت کوڕەکەت دەبێتە مۆسقارێکی مەزن.. بە ڕاست دەگەڕێ، دەبێتە مۆسیقارێک کە تا کۆتایی هەر بە تەندروستییەکی خراپەوە ژیان دەگوزەرێنێ..
دۆلۆز پێیوانەبوو نەخۆشی دۆخی کڵۆڵی و پەککەوتنی ئینسان بێت، ئەوانەی تەندروستییان فشۆڵە و لەشولارێکی باریکەلە و لاوازیان هەیە، رەنگە داهێنەرتربن، چونکە هێز و ئارەزووی داهێنانیان لە جێی تردا دەتەقێتەوە.. سپینۆزا، نیچە، ڤانکوخ و .... دۆلۆز.. هەروەها پشیلەی ڕەش: نیکۆلۆ پاگانینی..

2- حەبى بەیانیان:
مانای غەریبی گۆڕاوە، لە جیهانگیرییدا تابێ ئاشنایەتیی گەردوونی زیاتر دەبێ، بچیتە هەر کوێی دنیا بەشی زۆری شتەکان دەناسیت، تەکنۆلۆژیا داوی یەکترناسینی جیهانییە. بەڵام هێشتا شتێک لە غەریبی دەمێنێتەوە. ئەو کاتەی ئینسان هەر لە بنەڕەتەوە لە نیشتمانەکەیەوە غەریب دەبێ، بچێتە هەر کوێ هەر نامۆ و ناسازگارە و ئەبێت خۆی هاوڕێ بچووکەکانی خۆی هەڵبژێرێت..داوێک (جگە لە تەکنۆلۆژیا) کە بەشێک لە نەوەی ئێمەی بەستەوە بە ڕۆژئاواوە فەلسەفە بوو، بەلای منەوە مۆسیقای کلاسیک گەر لە فەلسەفە گرنگتر نەبووایە ئەوا کەمتر نەبوو.. نازانم سودفە بوو یان چی، ئەو کاتەی سەرەتای گەنجیم بوو، کە وردەورد کەوتمە هەوای کتێب و فەلسەفەوە، ڕێک بە پاڵیشییەوە مەیلم بۆ مۆسیقای مۆزارت و بیتهۆڤن و باخ زیاتر بوو. بەڵام هیچ کەس قسەیەکی جددی لەسەر مۆسیقا نەکربوو، دوو سێ ساڵ دواتر "شاری مۆسیقارە سپێیەکان"ـی بەختیار عەلی چاپ بوو، دیوێکی ڕادیکاڵی مۆسیقا و هونەری پیشاندا، وێڕای گەورەیی ڕۆمانەکە، شتێک لە حەماسەتی گەنجێتییش واییکرد پێی شاگەشکەببم: "مۆزارت پێویستی بە پادشاکان نییە".. مۆسیقا گەر شتێک لە رۆحی مەسیحی تیا بێ و جەلادەت زیندوو بکاتەوە، ئەوا بەهەمان ڕادەی مەسیحیش لەگەڵ ئۆرشەلیم ناکۆکە، رەنگە دیکتاتۆرەکان بیانەوێ بیكڕن، بیشارنەوە، سەرکوتی بکەن، لە خاچی بدەن، بەڵام خۆی تاکە شتێکە عەدالەت بەرپا ئەکات و وا دەکات لە دەرەوەی دەزگای دەوڵەت، لە شەوی حیسابدا عەدالەت دابمەزرێ..
ئێستا داوی ئاشنایەتیی من و ڕۆژئاوا، کە هەمان کات داوی غەریبیشە، تەنیا ئەم دووانەیە کە لێرەیش لە ناو نەوەی نوێدا خۆیان غەریبن و نابنە زمانی هاوبەش. ئیدی هیچ شتێکی دیکەی سەرنجڕاکێش نابینم. هەموو شتێک وەک خۆیەتی، سیستەمێک کە بە باشی کار دەکات.. ئینسان دەتوانێ مۆسیقا وەک حەبی بەیانیان بخوات، ڕۆژەکەی باشتر دەبێ و غەریبییەکەی لەگەڵ دنیادا زیاتر. دێریدا وتەنی هیچ دەرمانێک نییە شتێک لەدەردیشی تیا نەبێ.. هەندێ پارچە مۆسیقاى فرانز شۆبێرت، وەک حەبى پاراسیتۆڵ سادە و بڵاوە..


No comments:

Post a Comment