دوو نیگاى جیاواز
هاوار محه‌مه‌د
هاوار محه‌مه‌د
( 1 )
له یه‌كه‌م نیگادا مه‌سه‌له‌ی ماسك و پشت ماسك، ڕواڵه‌ت
و جه‌وهه‌ر، ده‌ركه‌وته و نهێنی وه‌ك دوالیزمێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ڵام دژ به یه‌ك
شیكراوه‌ته‌وه، یه‌كێك له‌م جه‌مسه‌رانه جه‌وهه‌ری و نه‌گۆڕ و بنه‌ڕه‌تییه و یه‌كێكیشیان
ساخته و پووچ و ڕواڵه‌تییه كه ته‌نیا ده‌توانێت ئاماژه‌یه‌كی خراپ بێت به ناوه‌ڕۆك
یان جه‌وهه‌ره‌كه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه مه‌به‌ست له جه‌وهه‌ر ئه‌وه‌یه كه
ناوكێكی یه‌كپارچه و چه‌قێكی هه‌میشه‌یی بوونی هه‌یه كه به‌رده‌وام هه‌مان شت
به‌رهه‌م دێنێته‌وه و هه‌مان شوناس دروست ده‌كاته‌وه و هه‌مان پۆتێنشیه‌لی له‌خۆیدا
هه‌ڵگرتووه كه به‌رده‌وام ده‌ركه‌وتنه‌كانی مه‌حكومن به‌م ناوه‌وه و پۆتێنشیه‌لانه،
جه‌وهه‌ر وه‌ك ئه‌سڵ، وه‌ك خاڵی سه‌ره‌تا كه هه‌موو شتێك له‌وه‌وه ده‌ست پێده‌كات.
له زانستی پزیشكی ده‌روونییه‌كاندا
نیشانه/نه‌خۆشی، هه‌مان دووباره‌كردنه‌وه‌ی بونیادییانه‌ی جه‌وهه‌ر/ڕوواڵه‌ت،
ماسك/ پشت ماسكه. نیشانه‌كان خۆیان نه‌خۆشییه‌كه نین، به‌ڵكو ئاماژه‌ن بۆ شتێكی
تر كه لێره نییه، كه له پشته‌وه وه‌ستاوه و ئاماژه‌كانی خۆی ده‌نێرێت. له
ده‌روونشیكاریی لاكانیدا ئه‌م هاوكێشه‌یه هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه و نیانه‌كانخۆیشیان
جۆرێكن له نه‌خۆشی، یان نه‌خۆشی هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له نیشانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت
و به تووندی وه‌ك دال و مه‌دلولێك پێكه‌وه نووساون. له دیدی نیشانه‌ناسیشه‌وه
نیشانه‌كان، داله‌كان خۆیانن و هه‌ر نیشانه‌یه‌ك نیشانه‌ی نیشانه‌یه‌كی تره و دال
ئاماژه‌یه به دالێكی تر كه هیچ كات ده‌رناكه‌وێت، واته ماسك ماسكێكی تر ده‌شارێته‌وه
كه خۆی وه‌ك ماسك ده‌رناخات، ئه‌مه به تۆخی ده‌چێته‌وه سه‌ر دێرێدا و دۆلۆز
یان جه‌ختكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر هه‌مان بۆچوون. دۆلۆز ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی وا ده‌كات
شتێك وه‌ك نهێنی ده‌ربكه‌وێت ته‌نیا ئه‌و شته‌یه كه دای پۆشیوه". به
مانایه‌كی تر نهێنی ته‌نیا دیوی ناوه‌وه‌ی ماسكه‌كه خۆیه‌تی، شتێكه جیا نییه له
ماسك، ناوكێك نییه نیقابێك بیشارێته‌وه، به‌ڵكو خودی نیقابه‌كه خۆی جۆره
فێڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی وا ده‌ربخات نهێنییه‌كی شاردۆته‌وه. ئه‌مه هه‌مان بیرۆكه "فوكۆیی"ـه‌كه‌یه
كه ده‌ڵێت ناوه‌وه سه‌ر به ده‌ره‌وه‌یه، یان ناوه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌یه، به
زمانه‌كه‌ی دۆلۆز قوڵایی ته‌نیا قوڵایی سه‌تح خۆیه‌تی و به زمانی فۆكۆیش ده‌سه‌ڵات
ئه‌وه‌یه كه له پیاده‌كردندایه. ئه‌م نهێنییه لای دۆلۆز و فۆكۆ جیاوازه له "ریاڵ"ـی
لاكانی، چونكه ڕیال ئه‌گه‌ر چی بوونێكی نادیار و نه‌گیراوی هه‌یه به‌ڵام به ته‌واوی
واقیعییه و هه‌موو شته‌كان ده‌خاته جوڵه. لای دۆلۆز شتێكی وه‌كو ڕیال بوونی
نییه كه هه‌موو شته‌كان له‌سه‌ر سه‌تحه‌كان بخاته جوڵه، به‌ڵكو جوڵه‌ی سه‌تحه‌كان
خۆیان قوڵاییه‌كه دروست ده‌كه‌ن. واته هه‌مان جوڵه‌ی صیروره خۆی. نهێنی هه‌یه،
به‌ڵام به‌رهه‌می ماسك خۆیه‌تی.
( 2 )
كانت بوون به‌سه‌ر دووالیزمی نۆمینه/ فینۆمینه‌دا دابه‌ش
ده‌كات، یه‌كه‌میان سه‌ر به میتافیزیكه و دووه‌میان سه‌ر به زانست. نۆمینه ده‌رناكه‌وێت
و به نادیاریی ده‌مێنێته‌وه، واته جه‌وهه‌رێكه ناتوانین شتێكی ئه‌وتۆی له‌باره‌وه
بزانین، به‌ڵام فینۆمینه ده‌ركه‌وته‌كانه كه ده‌توانین ته‌جره‌به‌ی بكه‌ین و سه‌رنجیان
لێ بده‌ین و لێیان بكۆڵینه‌وه. به‌م پێیه نۆمینه و فینۆمینه وه‌ك دوو جیهانی
دابڕاو له یه‌كتر ده‌مێننه‌وه، ناوه‌وه وه‌ك ناوه‌وه ده‌مێنێته‌وه و ده‌ره‌وه‌یش
وه‌ك ده‌ره‌وه. لای هیگڵ ناوه‌وه هه‌میشه دێته ده‌ره‌وه و ده‌بێته كرده،
واته وه‌ك ناوه‌وه‌یه‌كی وه‌ستاو نامێنێته‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یش (ناوه‌وه
له نادیاردا بایه‌خی نییه)، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه ناوه‌وه
لای هیگڵ وه‌ك نادیار و وه‌ستاو بۆچوونێكی پووچه. ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به
(نۆمینه و فینۆمینه)ی كانته‌وه نییه، چونكه نۆمینه نه‌ك هه‌ر ده‌رناكه‌وێت و
نایه‌ته ده‌ره‌وه و نابێته كرده، به‌ڵكو ده‌ركیش ناكرێت.. له به‌رامبه‌ردا فینۆمینه
ده‌ركه‌وته‌یه، ئه‌و شته‌یه وه‌ك له ده‌ره‌وه ده‌یبینین و شایه‌نی ته‌جره‌به‌كردن
و بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵی و وردكردنه‌وه‌یه و پێدراوی ڕوون و ده‌قیقه، به‌ڵام
نۆمینه زیاتر لۆژیكی ئیمانیی هه‌یه هه‌تا عه‌قڵی و ئه‌زموون ناكرێت و تاقی
ناكرێته‌وه.
لای هیگڵ توخمێك هه‌یه كه هه‌میشه له جوڵه‌ی دیاله‌كتیكدا
خۆی ده‌رده‌خات، ناوه‌وه‌یه‌ك هه‌یه كه به‌رده‌وام دێته ده‌ره‌وه، واته وه‌ك
ناوه‌وه‌ی بوونی نامێنێت و به‌هاتنه ده‌ره‌وه خۆی نه‌فی ده‌كاته‌وه، ئه‌م توخمه
نادیار و دووره ده‌ست نییه، به‌ڵكو هه‌میشه ده‌بێته‌وه به كرده، واته وه‌ك
ناوكێكی نوستوو، وه‌ك پۆتێنشیه‌لیته‌ی په‌تی بوونی نامێنێت و خۆی نه‌فیی ده‌كاته‌وه،
ئه‌مه تێگه‌یشتنه ئه‌رستۆییه‌كه نییه، به‌ڵكو به ته‌واوی دیاله‌كتیكییه،
چونكه ئه‌م توخمه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌یه‌كدا یه‌كده‌گرێت، ئه‌و شته‌ی
كه پێكهاتووه هه‌م به‌رجه‌سته‌بوونی ناوه‌وه‌یه و هه‌م ده‌ره‌وه. واڵته‌ر سته‌یش
له شه‌رحی ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه له فیكری هیگڵدا ده‌ڵێت (ناوه‌وه پانتاییه‌كه بۆ
خۆنواندنه‌وه‌ی سوبێكت له خۆیدا و ده‌ره‌وه پانتاییه‌كه بۆ خۆنواندنه‌وه‌ی
سوبێكت له‌ویتردا). پاشان ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه كه ناوه‌وه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ
ئه‌ویتردا یه‌كده‌گرێت و دێته ده‌ره‌وه. لای فوكۆ و دۆلۆز ئه‌م كرداره، ناوه‌وه
نایه‌ته ده‌ره‌وه، به‌ڵكو ده‌ره‌وه خۆی ناواخن ده‌بێته‌وه، (واته ناوه‌وه وه‌ك
پانتاییه‌كی سه‌ربه‌خۆ دروست نابێت، به‌ڵكو وه‌ك به‌شێكی ده‌ره‌وه، یان پێچی ده‌ره‌وه،
دروست ده‌بێت). هێز لای هیگڵ و فوكۆیش له ده‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام لای هیگڵ له ڕێگه‌ی
میدیۆمێك، یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌یه‌كدا دێته ده‌ره‌وه، بۆ نموونه نیگارێكی
هونه‌ری یه‌كێتییه‌كه كه له یه‌كرگرتنی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه پێكهاتووه، نیگاره‌كه
هه‌م هێزه و هه‌م كرده‌ی نیگاركێشه‌كه‌یه. به‌م جۆره هه‌میشه هێز و كرده له‌گه‌ڵ
یه‌كتریدان. لای فوكۆ ئه‌م دۆخه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه، هێزه‌كان له پانتاییه‌كانی
ده‌ره‌وه‌دا په‌رژ و بڵاوبوونه‌ته‌وه، كاتێك ده‌چنه نێو په‌یوه‌ندییه‌وه چاڵێك
له گه‌مه‌كه‌یاندا دروست ده‌بێت كه ڕێگا ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كه "به
كۆپییه‌كی جیاواز" ببرێته‌وه ناوه‌وه. هه‌ر گۆڕانێك له گه‌مه‌ی هێزه‌كان و
په‌یوه‌ندییه‌كاندا ڕووبدات، هه‌ر هێزێكی تر بێته ناوه‌وه و ته‌داخول بكات، ناوه‌وه
وه‌ك ناواخنی ده‌ره‌وه، وه‌ك قوڵایی سه‌تح، وه‌ك خۆی نامێنێت و ناواخنبوونه‌وه‌یه‌كی
دیكه ڕووده‌دات، شتێكی جیاوازی تر به‌رهه‌م دێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یشه ناوه‌وه
وه‌ك جه‌وهه‌ر بوونی نییه، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش صیروره جوڵه‌یه‌كه كه به‌رده‌وام
جیاوازیی دروست ده‌كات و مه‌حكوم نییه به پۆتێنشیه‌لێكی پێشتر دیاریكراو. صیروره
هه‌ر ئه‌م جوڵه‌یه كه له جیاوازییه‌وه دێت و
به‌رده‌وام جیاوازی دروست ده‌كات نه‌ك به‌رهه‌مهێنانه‌وه یان نه‌فیكردنه‌وه
یان عه‌كسكردنه‌وه‌ی هه‌مان شت.
No comments:
Post a Comment