My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday, 17 March 2013

ڕیزبەندیى گوتار


ناوى کتێب: ڕیزبەندیى گوتار
نووسەر: میشێل فۆکۆ
وەرگێڕانى: دانا شوانى و هاوار محەمەد
چاپخانە: ڕۆشنبیری
ساڵ و شوێنى چاپ: 2013 هەولێر

پێشەکیى کتێبەکە
     ئەم كتێبە یەكێكە لە كتێبە هەرە دەگمەنەكانی نێو دنیای فكری فەلسەفی جیهان و بەتایبەت فەرەنسی، هەروەها لە دەگمەنترین كتێبەكانی فۆكۆش. تا ئێستا بۆ زۆرینەی زمانە زیندووەكانی دنیا وەرگێڕدراوە و بایەخێكی بەرچاوی پێدراوە. تێگەیشتن لە فكری فۆكۆ و بەتایبەت گوتار لای فۆكۆ، بێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەم كتێبە كارێكی دژوارە، یان ناتەواوە. بۆ ئەوەی لە فۆكۆ تێبگەین دەبێت لە (ڕیزبەندیی گوتار) تێبگەین، چونكە یەكێكە لە هەرە ناسراوترین وتارەكانی فۆكۆ، كە لە كۆلێجی دی فرانس پێشكەشی كردووە، و لەوێدا دان بە كۆمەڵێك شتدا دەنێت و بە جۆرێك دەدوێت كە لە هیچ جێیەكی تری كتێبەكانی دا، بەرچاومان ناكەوێت. ئێمەش هەر لەم كۆنتێكستەوە بیرۆكەی وەرگێڕانی ئەم كتێبە لە مێشكماندا گەڵاڵە بوو (ئەگەر ئەمە وەك دەرهێنانی فۆكۆ لە كۆنتێكستی خۆی لەسەرمان حیساب نەكرێت) بەتایبەت كە لە ئەدەبیاتی ڕۆشنبیریی كوردیدا فۆكۆ، ئەفسوس ناوێك و بیریارێكی كەم ڕەنگ بووە، یان هەقی خۆی پێ نەدراوە. ڕاستییەكەی لەسەر وەرگێڕانی ناوی كتێبەكە تووشی گرفت بووینەوە بەڵام دوای پرس و ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزای فیكری فۆكۆ، لەوانە بەڕێز (مەریوان وریا قانع) و هاوكارییەكانی (م. ڕێبوار سیوەیلی) گەیشتینە ئەوەی (ڕیزبەندیی گوتار) دابنێین. ئەم هەوڵەی ئێمە سەرەتاییترین هەوڵە بۆ تێپەڕین لەم هەل و مەرجە كە هیوادارین بە هەموو كەم و كوڕییەكانەوە لێمانی قەبووڵ بكەن، و لەسەرنج و تێبنییەكانتان ئاگادارمان بكەنەوە.
     لە ڕاستیدا وا بڕیارە ئەمە تاكە هەوڵی ئێمە نەبێت بۆ كاركردن لەسەر هزر و كتێبەكانی فۆكۆ. چون ئەمانەوێت بە پێی توانا هەم فۆكۆ هەم بیخوێنینەوە و هەم وەربگێڕین، كە بە ڕای ئێمە كارێكی ئەستەمیشە، بەو هیوایەی تێیدا سەركەوتووبین، چونكە لە قۆناغێك لە قۆناغەكانی ژیانی متەوازعانەی فیكری خۆماندا فۆكۆ یەكێكە لەو بیرمەندانە كە شیاوی ئەوەیە خۆمانی پێوە سەرقاڵ بكەین.
     دواجار ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە كە هیوادارین ئەم كتێبە جێی سەرنجی نووسەران و توێژەران و خوێنەران بێت.
دانا شوانی  &  هاوار محەمەد
بەهاری 2012       

1 comment:

  1. سڵاو هاوڕێیان
    كتێبی (ڕیزبه‌ندیی گوتار) ی فۆكۆ م ده‌ویست، به‌ڵام من له‌توركیام نازانم چی بكه‌م، ڕێگه‌چاره‌یه‌ك هه‌یه‌؟

    ReplyDelete