هاوار محه‌مه‌د
( 1 )
كاك به‌ختیار عه‌لی له‌م دواییانهیدا وتارێكی به ناونیشانی
"داعش و جه‌وهه‌رگه‌رایی نوێ"بڵاو كرده‌وه كه بڕوای من, وێڕای ئه‌و ڕه‌خنه و "هێرش"ـانه‌ی كه ڕووبه‌ڕووی
كرایه‌وه، دوو خاڵی گرنگی تێدا بوو: یه‌كه‌م: ئاماژه‌دان به‌و په‌یوه‌ندییه
بنچینه‌ییه‌ی كه له‌نێوان چه‌مكی "جه‌وهه‌ر" و "فاشیزم"ـدا
هه‌یه. دووه‌م: گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م دوو چه‌مكه بۆ نێو په‌یوه‌ندیی هێزه‌كان. ده‌رباره‌ی
خاڵی یه‌كه‌م كاك به‌ختیار ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه كه جه‌وهه‌رێك بوونی نییه,
به‌ڵام به‌رده‌وام له‌لایه‌ن سیسته‌مه‌وه دروست ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر
نیگایه‌ك له چۆنیه‌تی ئیشكردنی سیسته‌م, سیسته‌می فاشیستی، به لاڕیدا به‌رێت و
ئاراسته‌ی ناوكێك بكرێت كه بوونی نییه. خاڵی دووه‌میشیان ته‌واوكه‌ری خاڵی یه‌كه‌مه:
ئه‌گه‌ر جه‌وهه‌رێك بوونی نه‌بێت, به‌ڵكو به‌رهه‌می سیسته‌م بێت تا ته‌فسیری هه‌ڵه‌ی
له‌سه‌ره‌وه هه‌ڵبچنرێت, ئه‌ی كه‌واته فاشیزم, یان داعش, یان هه‌ر گروپێكی عه‌قیده‌یی
و ئایینی و ئایدیۆلۆژی كه له‌سه‌ر بنه‌مای زه‌بر و زه‌نگ و توندوتیژی یان وههم و
فریودان داده‌مه‌زرێت به‌رهه‌می چییه و چۆن ئیش ده‌كات؟
به‌دحاڵیبوونه گه‌وره‌كه له‌م وتاره, كه لێره و له‌وێ
و له چهندماڵپهڕێك و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و فیسبووك بینیمان, ئه‌و
تێڕوانینه ساده و ساویلكانه‌یه بوو كه پێی وا بوو به‌ختیار عه‌لی به‌رگری له
ئیسلام ده‌كات پێی وایه داعش سه‌ر به جه‌وهه‌ری ئیسلام نییه, گوایه به‌ختیار
وتوویه‌تی ئیسلام جه‌وهه‌رێكی پاكژی هه‌یه و ئه‌م هێزانه ته‌نیا به‌رهه‌می تهفسیرێك
یان خوێندنه‌وه‌یه‌ك يان ڕووداوگه‌لێكی
ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایین له عێراق و ناوچه‌كه, گوایه وتوویه‌تی داعش درێژكراوه‌ی لۆژیكیی ئیسلام نییه و به‌رهه‌می
جۆرێكه له گه‌مه‌ی سیاسیی ئێستا و ڕیشه‌یه‌كی له كولتووری عه‌ره‌بی-ئیسلامی‌دا
نییه. ئه‌م بۆچوونه نه‌ك ته‌نیا غه‌دره له وتاره‌كه‌ی به‌ختیار به‌ڵكو تا ڕاده‌ی
بێزهاتنه‌وه گهمژانهیشه، خۆ ئه‌گه‌ر
سهرچاوهكهیشیان گه‌مژه‌یی نه‌بێت ئه‌وا له بوغز و كینه و ئیرهییهك زیاتر
نییه كه زیاتر له 10 ساڵه ئه‌و نووسه‌ره‌ی كردۆته ئامانج. یه‌كێك له‌و
نووسینانه‌ی كه ئه‌م بوغز و كینه‌یه به ڕوونی تێیدا ده‌بینرێت به‌شی دووه‌می
وتارێكی (سیروان عه‌بدول) بوو كه له ئه‌كاونتی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك
به‌ناوی (داعش و ئایینی ئیسلام- چ په‌یوه‌ندییه‌ك) بڵاویكرده‌وه و دواتر به‌شی یه‌كه‌می
و له سایتی (ده‌نگه‌كان) بڵاو كرده‌وه و پێده‌چێت به‌شی دووه‌میشی به هه‌مان
شێوه له هه‌مان سایت بڵاوبكاته‌وه. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كه به‌رهه‌می
تێڕوانینێكی سه‌تحی و هاكهزاییه و له هه‌ندێ ڕستهیشدا ده‌بێته‌وه به وه‌عز،
كه‌چی ده‌یه‌وێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكات سه‌رچاوه‌كه‌ی له بیركردنه‌وه‌یه‌كی جددی
و قووڵی فه‌لسه‌فیدایه. لیبرالیسته‌كان ناتوانن بدوێن و وه‌عز نه‌خه‌نه نێو وتهكانیانهوه،
هه‌میشه‌یش له سه‌تحدا ده‌مێننه‌وه و كه‌ره‌سته‌كانی تهفسیركردنیان كورت ده‌هێنێت،
باشلا‌ر وته‌نی: "ده‌یانه‌وێت به په‌یین ته‌فسیری گوڵ بكه‌ن". وتاره‌كه‌ی
ئه‌و به‌ڕێزه له‌و جۆره نووسینانه‌یه كه نووسه‌ره‌كه‌ی ساڵانێك خۆی ده‌خواته‌وه
و چڵه‌ی چاو ده‌دات تا له كه‌لێنێكی (دوژمن)ـه‌كه‌یدا ده‌رفه‌تێك بقۆزێته‌وه هیتسریای
خۆی ده‌رخواردی خوێنه‌ر بدات. بۆیه وشه‌ی "دوژمن" به‌كارده‌هێنم چونكه
پێم وایه فاشیزمی ڕۆشنبیران چی ئه‌وتۆی له فاشیزمی گروپه توندڕه‌و و
ئایدیۆلۆژیسته‌كان كه‌متر نییه.
نامه‌وێت هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ی نووسینه‌كه‌ی كاك سیروان
بهێنم كه له ڕوانگه لیبرالیستییه سهتحییهكهوه نووسراون، چونكه ده‌مه‌وێت
له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزه‌دا بكه‌ومه گفتوگۆ جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ندێك
تێزی نێو نووسینه‌كه‌ی كاك به‌ختیار بكه‌مه‌وه كه به لای منه‌وه به ئه‌نقه‌ست
ده‌شێوێنرێت و به‌لاڕێدا ده‌برێت. ئه‌م نووسینه وه‌ڵام نییه بۆ لیبرالیستێك، بۆ بانگه‌شه‌كه‌رێكی
"مافه‌كانی مرۆڤ"!، بۆ "لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌خت"ـی دیموكراسیی
وه‌ك "سیروان عه‌بدول"، كه خزمه‌ت به دۆخی باو و هێشتنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه
ده‌كه‌ن و بیرۆكه‌كانیان له بازاڕدا وه‌ك ڕه‌خنه به خه‌ڵك ده‌فرۆشنه‌وه. ئه‌م
سه‌رنجه كورتانه‌ی ئێمه په‌راوێزن بۆ نووسینه‌كه‌ی كاك به‌ختیار به مه‌به‌ستی
ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌ند خاڵێكی نێو وتاره‌كه‌ی كه به كینه و بوغزه‌وه خوێنه‌ری
پێ فریو ده‌درێت.
له‌م فراگمێنتانهی دواییدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك
له‌سه‌ر بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كانی نێو ئه‌و وتاره بكه‌ین: "جه‌وهه‌رێك بوونی
نییه", "هه‌موو شتێك له‌نێو په‌یوه‌ندی هێزه‌كاندایه و به‌رهه‌می ئه‌م
په‌یوه‌ندییه‌یه", "په‌یوه‌ندی نێوان جه‌وهه‌رگه‌رایی و فاشیزم".
به‌ڵام سه‌ره‌تا با ئه‌و خاڵه‌یش ڕوون بێت كه نیازی ئه‌م وتاره به‌رگریكردنێكی ڕه‌ها نییه
له كاك به‌ختیار و بگره ڕه‌نگه سه‌رنج و ڕهخنهیشمان له به‌شێكی وتاره‌كه هه‌بێت و پێمان وایه
جۆرێك له پهلهپرۆزهيشى پێوه دیاره.
( 2 )
جیل دولوز له‌و كتێبه‌یدا كه له‌باره‌ی (میشێل فوكۆ)وه
نوسیوویه‌تی ده‌ڵێت قوڵایی هیچ نییه جگه له قوڵایی سه‌تح خۆی, قوڵایی هه‌ر سه‌تح
خۆیه‌تی و قوڵا بۆته‌وه. دۆلۆز باس له‌وه ده‌كات هیچ شتێك له پشتی ماسكه‌كانه‌وه
بوونی نییه, ماسك ته‌نیا ماسكێكی تری داپۆشیوه, جه‌وهه‌رێك بوونی نییه كه به‌رده‌وام
خۆی له ماسكی جیاجیادا به‌رهه‌م بهێنێته‌وه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یشی بپارێزێت. لای
دۆلۆز و فوكۆ سوبێكت جه‌وهه‌رێكی بیركه‌ره‌وه‌ی دیكارتی نییه, زاتێكی
ترانسێندنتالی ئه‌خلاقیی كانتی نییه, فینۆمینۆلۆژیستێكیش نییه كه به ئاگایی و مه‌به‌سته‌وه
ڕوو له ئۆبێكته‌كان ده‌كات, له‌مه‌یش زیاتر سوبێكتی ناو ده‌روونشیكارییش نییه كه
به نائاگاییه‌وه ده‌كه‌وێته نێو ئۆبێكتهكانهوه. فوكۆ پێی وایه سوبێكت (یان هه‌ر گروپێكى سهبژهكتیڤ) به‌رهه‌می
په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته و له‌نێو ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌دا فۆڕم وه‌رده‌گرێت.
په‌یوه‌ندی و گه‌مه‌ی هێزه‌كان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه وه‌ك گه‌مه به "هه‌ل" و "ڕێكه‌وت" له‌نێوان
هێزه‌كاندا دروست ده‌بێت. "هه‌ل" واته هه‌لی ئه‌وه‌ی هه‌ر هێزێك بكه‌وێته
په‌یوه‌ندییه‌وه له‌گه‌ڵ هێزێكی تردا, نه‌ك سه‌ركوت بكرێت و زه‌لیل بكرێت و
توانای به‌ستنی په‌یوه‌ندیی نه‌بێت, "ڕێكه‌وت" به مانای ئه‌م پرسیاره
كلاسیكییه پووچه نییه كه (جیهان چۆن دروست بووه؟ وه‌ڵام: به ڕێكه‌وت).
"ڕێكه‌وت" له كۆنتێكستی هزری فوكۆدا واته لێك نزیكبوونه‌وه‌ی هێزه‌كان
له یه‌كتر و ڕاكێشانی یه‌كتری و موماره‌سه‌ی كرده‌ی كاریگه‌ری و كارتێكرانی
ستراتیژی به شێوه‌یه‌كی ڕێكه‌وت. ئه‌وه‌ی كه دوو هێز له هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تدا
لێك نزیكده‌بنه‌وه و به‌ره‌و یه‌كتر كێش ده‌بن ده‌چنه پاڵ یه‌كتری, هیچ نییه
جگه له ڕێكه‌وت, واته ئه‌شێت زه‌مینه‌یه‌ك ئه‌م هێزانه لێك نزیك بكاته‌وه, به‌ڵام
بوونی زهمینهكهیش له‌و ئان و سات و شوێنه‌دا بۆ خۆی به ته‌واوی ڕێكه‌وته.
مێژوو یه‌ك هێڵی ڕاست نییه كه هه‌میشه چركه‌ی دواتر و سه‌رده‌می دواتر و په‌یوه‌ندییه‌كانی
دواتر بخاته نێو دیتێرمینیزمێكی ئه‌به‌دییه‌وه و شتێك به‌رهه‌م بهێنێت كه پێشتر
دیاریكراوه. به‌ڵكو مێژوو مێژووی دابڕان و لێكپچڕانهكانه. ئه‌مه وه‌ك چۆن بۆ
دابڕانی ئه‌پستمۆلۆژی و گوتاریی ڕاسته, ئاوها بۆ په‌یوه‌ندی هێزه‌كانیش ڕاسته.
فۆكۆ پێی وایه جۆری په‌یوه‌ندیی هێزه‌كان ئه‌و شته
دیاری ده‌كه‌ن كه به‌رهه‌م دێت, پێشوه‌خت جه‌وهه‌رێك بوونی نییه كه شوناسێكی نه‌گۆڕی
هه‌بێت و هه‌موو شتێك له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكات, كۆمه‌ڵێك پۆتێنشیه‌ل بوونیان نییه
كه كرده‌كان له سنووری ئه‌م پۆتێنشیهلانه ده‌رنه‌چن, ناوه‌وه جه‌وهه‌رێك نییه
كه به‌رده‌وام ده‌ره‌وه به‌خۆی بارگاوی ده‌كات. هێز پۆتێنشیه‌ل نییه, به‌ڵكو ئه‌وه‌یه
كه به به‌كرده‌یی هه‌یه و موماره‌سه ده‌كرێت و بگره ئه‌گه‌ر پۆتێنشیهلیش
بێت, ئه‌وا هه‌ر هێزه‌كان ئه‌م پۆتێنشیهلانه دیاریی ده‌كه‌ن. هێز موماره‌سه‌یه,
مومارهسهیش گه‌مه‌ی هێزه‌كانه له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا. ئه‌م گه‌مه‌یه‌ش جۆری ئه‌و
هێزانه ئاراسته‌ی ده‌كات كه له‌نێو پهیوهندییهكهدان. جۆری هێزه‌كان ئه‌وه
دیاری ده‌كه‌ن كه ئه‌و شته‌ی به‌رهه‌م دێت چۆنه و چییه. ناوه‌وه (وه‌ك جه‌وهه‌ر)
هیچ نییه جگه له ده‌ره‌وه خۆی, پۆتێنشیه‌ل هه‌ر ئه‌و شته‌یه كه كرده ده‌یخاته‌وه
ناوه‌وه, ناوه‌وه پێچی ده‌ره‌وه‌یه به‌سه‌ر خۆیدا و ناواخنكردنهوهی ده‌ره‌وه
و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه له ده‌ره‌وه هه‌یه. لێره‌وه جه‌وهه‌ر هیچ نییه
جگه له ڕواڵه‌تێك كه چۆته‌وه دیوی ناوه‌وه, ماسكێك چۆته ژێر ماسكێكی تره‌وه.
ئه‌م پێچه‌ی ده‌ره‌وه بۆ ناوه‌وه چاڵێك دروست ده‌كات كه سوبێكته‌كان و شوناسه‌كان له‌نێویدا به‌رهه‌م دێن. ئه‌م چاڵه ناواخنكردنهوهی ده‌ره‌وه خۆیه‌تی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش به‌ختیار پێی وایه فاشیزم له
موماره‌سه و ڕه‌فتاردایه له‌و كاته‌ی كه ترسی نه‌مان ده‌بێته هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی
له‌سه‌ر شوناس. به‌م مانایه كاتێك ترسی له‌ناوچوون له‌سه‌ر شوناس هه‌یه، په‌یوه‌ندی
له‌گه‌ڵ ئه‌م ترسه‌دا سوبێكت (یان گروپه‌كان) ئاراسته ده‌كات و ڕه‌فتاره‌كانیان
فۆرموله ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌كه ده‌برێته‌وه ناوه‌وه و ڕه‌فتاره‌كان ده‌بنه
به‌رهه‌می ئه‌م ناواخنبوونهوهیهی په‌یوه‌ندیی هێزه‌كان، كاتێك لۆژیكی گه‌مه‌كه
و په‌یوه‌ندییه‌كه، یان تایپی هێزه‌كان ده‌گۆڕێت ڕهفتارهكانیش ده‌گۆڕێت، ئه‌وه‌ی
پێشتر به جۆرێك ڕه‌فتاری كردووه، ئێستا ده‌توانێت به جۆرێكی تر ڕه‌فتار بكات.
( 3 )
گه‌ر ناوه‌وه به‌رهه‌می په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات
بێت, ئه‌مه به مانای ئه‌وه نییه ده‌ره‌وه ڕۆڵی جه‌وهه‌ر ده‌گێڕێت و به‌رده‌وام
ناوه‌وه دروست ده‌كاته‌وه, ناوه‌وه بوونێكی قهبلیی نییه و فه‌زایه‌كی دابڕاو و
سه‌ربه‌خۆ نییه, ده‌ره‌وه‌یش شوێنی هێزه
په‌رش و بڵاوهكانه، كه له یه‌كتركێشكردن و لێك دووركه‌وتنه‌وه‌ی به‌رده‌وام
دان، په‌یوه‌ندی نوێ دروست ده‌كه‌ن و وه‌ك تۆڕ به یه‌كدا ده‌چن، بۆیه ده‌ره‌وه‌یش
جه‌وهه‌رێكی جێگیر و نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵكو پانتاییه‌كی شلۆق و ئاڵۆزه و له هێزێك
زیاتری تێدایه و هیچ یه‌كێكیش له‌م هێزانه ناتوانێت به ته‌واوه‌تی و تاكلایه‌نه
هه‌یمه‌نه‌ی خۆی به‌سه‌پێنێت، به‌ڵكو له هه‌ر شوێنێك ده‌سه‌ڵات هه‌بوو له‌وێیش به‌رگری
هه‌یه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی ده‌سه‌ڵاته كه ناوه‌وه دیاری ده‌كات، ناوه‌وه هه‌ر ده‌ره‌وه خۆیه‌تی و ناواخنكراوهتهوه, به‌م مانایه دوالیزمێك نییه به‌ناوی ناوه‌وه/ ده‌ره‌وه،
به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه، به قه‌ولی دۆلۆز، ڕووتهختهكان (سهتحهكان)ـه، شتێك كه
له خۆیدا قووڵ بۆته‌وه، سهتحهكان یه‌ك ڕه‌هه‌ندییان هه‌یه: ڕه‌هه‌ندی قوڵایی
ده‌ره‌وه, به‌م جۆره ئه‌وه‌ی هه‌یه سه‌تحێكی قووڵه, ڕووته‌ختێك
كه قووڵ بۆته‌وه. ئه‌م سه‌تحه صیرورهی هێزه‌كانه, هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یه به
بڕوای فوكۆ ئه‌وه مێژوو یان ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو نییه كه به‌رده‌وام ڕۆحی خۆی ده‌رده‌خات,
به‌ڵكو مێژوو خۆی شانۆی صیرورهی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاته, مێژوو به‌شێكه
له قوڵایی سه‌تحی گه‌مه‌ی
هێزه‌كان, سه‌تحی ده‌ركه‌وتنی سه‌تحێكی تره كه به‌رده‌وام قوڵایی به‌رهه‌م ده‌هێنن, هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یشه مێژوو له‌سه‌ر یه‌ك هێڵ و به یه‌ك ئاراسته ناڕوات به‌ڵكو پڕییه‌تی له دابڕان
و لێكپچڕان و گۆڕانی كتوپڕ. به‌م مانایه جه‌وهه‌ر (و هه‌موو چه‌مكه‌كانی تر كه پێیه‌وه په‌یوه‌ستن:
حه‌قیقه‌ت, ئه‌خلاق،..) خۆیان ته‌نیا به‌رهه‌می په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و سیاق و كونتێكستهكانن. ئێمه ده‌توانین ڕیشه‌ی ئه‌م بۆچوونه ببه‌ینه‌وه بۆ ڕۆژگارێكی پێشتر,
واته بۆ سه‌رده‌می نیچه, بگره بۆ سه‌رده‌می نیچه نا به‌ڵكو بۆ خودی نیچه. به
بڕوای نیچه حه‌قیقه‌ت بوونی نییه, ئه‌وه‌ی هه‌یه پێرسپێكتیڤهكانه كه ڕوانگه‌ی
هێزه جیاوازه‌كانه بۆ خوێندنه‌وه و ته‌فسیر و هه‌ڵسه‌نگاندنی دونیا. حه‌قیقه‌ت
خۆی وه‌همێكه كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه دروست كراوه و ناوه‌ڕۆكێكی بۆشی هه‌یه,
حه‌قیقه‌ت ته‌نیا وه‌همی حه‌قیقه‌ته‌كانه.
به‌م مانایه ئه‌وه شته‌كان خۆیان نین, تێكسته‌كان
خۆیان نین كه ده‌كه‌ونه جوڵه و ئیشكردن, به‌ڵكو ئه‌وه هێزه‌كانه كه شته‌كان
ده‌خاته جوڵه, پرسیاری نیچه‌یی پرسیاری (چی) نییه, به‌ڵكو پرسیاری (كێ)ـیه.
ئه‌وه كێیه كه ده‌توانێت چالاكی بنوێنێت و جیهان ته‌فسیر بكات, به‌هاكان هه‌ڵبسه‌نگێنێت
و به‌های نوێ دابهێنێت؟ پرسیاری چی, كه ڕۆحی پرسیاریی (چییه‌تی)ـیه پرسیارێكی
به ته‌واوی پووچه, به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه
نییه كه تێكسته‌كان بوونێكی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نیان هه‌یه، به‌ڵكو تێكسته‌كانیش
خۆیان به‌رهه‌می تایپی هێزهكانن، هێزه‌كان ته‌نیا خۆیان نین به‌ڵكو یاسا و ئه‌خلاق
و تێكست و فهزیلهكانیشیانن. ئیسلام ته‌نیا له یه‌ك تێكست پێك نه‌هاتووه، به‌ڵكو
سه‌دان تێكست و ته‌فسیر و وه‌عز و ڕێسا و لق و پۆپی هه‌یه، سه‌رجه‌می ئه‌مانه‌یش
پێش هێزه‌كان نه‌كه‌وتوون به‌ڵكو خۆیان بارگاوین به تایپی هێزه‌كانیان.
( 4 )
با ئه‌م بۆچوونه له ئاسته واقیعییهكهدا تیۆریزه
بكه‌ین: داعش هێزێكی ڕیاكتیڤی زڕه- فهندهمێنتاله, كاتێك له‌گه‌ڵ ئیسلامدا ده‌كه‌وێته
په‌یوه‌ندییه‌وه ناوهوهیهك, كرۆكێك به ئیسلام ده‌به‌خشێت, ئه‌م كرۆكه ]كه وه‌ك
جه‌وهه‌ر لێی ده‌ڕوانرێت[ ته‌نیا ماكسێكی سهتحهكهیه كه ده‌شاردرێته‌وه,
جهوههرێكه خۆی به‌رهه‌می ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یه كه هێزه‌كان له‌گه‌ڵ ئایینه‌كه‌دا
دروستی ده‌كه‌ن. بۆیه ده‌شێت ئیسلام ئایینێكی بێ ئه‌ندازه وه‌حشیگه‌ر بێت. له‌گه‌ڵ
ئه‌م قسه‌یه‌دا ئه‌وه به زه‌یینی خوێنه‌ردا دێت كه پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م
قسه‌یه ناوه‌ڕۆكێكی نه‌رم و نیان به ئیسلام ده‌به‌خشێت. كێشه‌كه له‌وێدایه كه
ئه‌م بۆچوونه وا ته‌فسیر
ده‌كرێت كه گوایه "ئیسلام ئه‌گه‌ر هێزێكی میانڕه‌وی مۆدێرن له‌گه‌ڵی بكه‌وێته
په‌یوه‌ندییه‌وه ده‌شێت
ئایینێكی نه‌رم و نیان بێت" ئه‌مه له
كاتێكدا له ئیسلامدا ده‌قی ڕوونی تێدایه كه فه‌رمان به كوشتن و توندوتیژی و ده‌ستبڕین
ده‌كات.. ئه‌م بۆچوونه له‌وه تێنه‌گه‌یشتووه كه جه‌وهه‌ریش خۆی تاكه كۆپییه‌كه،
ئه‌سڵیش خۆی نوسخه‌یه. نموونه و ئایدیاڵ هێنده له نوسخه‌دا ده‌شێوێن و ده‌گۆڕێن
كه ئیدی نوسخه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كیان به ئه‌سڵه‌وه نه‌ماوه، ئه‌سڵیش خۆی له
نوسخه‌دا تواوهوهتهوه یان بۆته نوسخه‌یه‌ك له نوسخه زۆر و زه‌وه‌نده‌كان و
هیچی تر. به‌م مانایه حوكمێكی ئایینی كه به پشت به‌ستن به ده‌ق فه‌رمان به ده‌ست
بڕین ده‌كات، له‌گه‌ڵ حوكمێكی دیكه‌ی ئایینی كه به پێی تهفسیرێكی دیكه قه‌ده‌غه‌ی
ده‌كات هه‌مان په‌یوه‌ندی نوسخه- نوسخه یان هه‌یه، نه‌ك ئه‌سڵ-نوسخه، چونكه
ئه‌سڵیش خۆی ته‌نیا ڕۆڵی نوسخه‌یه‌ك ده‌گێڕێت كه ئه‌سڵه‌كه‌ی له هیچ كوێ نییه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بێت ببینرێت ئیسلام نییه به‌ڵكو هێزه‌كانه, ئه‌وه‌ی
ده‌بێت له هێزهكانیشدا ببینرێت دژایه‌تیی ڕووكه‌شانه‌ی نێوانیان نییه, وه‌ك
بڵێیت داعش دژی دیموكراسییه‌ته, ڕاسیزم دژی لێبوورده‌ییه, به‌ڵكو تایپی هێزه‌كانه,
ده‌شێت هێزێك هه‌بێت بانگه‌شه‌ی دیموكراسیه‌ت بكات و بهربهرییش
بێت، ده‌شێت هێزێك ڕاسیزمی خۆی له ڕێگه‌ی لێبوورده‌ییه‌وه موماسهره بكات، ده‌شێت
هێزێك كهڵچهرسهنتهریزمی خۆی له‌ڕێگه‌ی مه‌ڵتی كهڵچهرالیزمهوه موماره‌سه
بكات.. له ململانێی هێزه‌كاندا دژییه‌كی ڕووكه‌شانه مانای
ئه‌وه نییه كه هێزه‌كان له بونیادیشهوه
جیاوازن (بۆ نموونه دژییه‌كی نێوان سعودییه‌ی سووننی و ئێرانی
شیعی, توركیای ئه‌ردۆگان و میسری سیسی), به‌ڵكو بونیادێكی مێژوویی هه‌یه كه ئه‌م هێزه دژانه ئاراسته ده‌كات و ده‌یانخاته
دۆخی كرژی و خاوبوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌وه. ئه‌م بونیاده كه لێیه‌وه هێزه‌كان مومارسه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌رهه‌مهێنه‌ری خه‌سڵه‌تی
فاشیستی و ئاراسته‌كه‌ری هێزه فاشیسته‌كانه, ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزانه
پێكدژیش بن. ئه‌وه‌ی دوو هێز له یه‌ك جیاده‌كاته‌وه تایپی هێزه‌كانه و
جیاوازبوونیانه له ڕیشه‌كانیانه‌وه. پێم
وایه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانهیشه كه به‌ختیار (فاشیزمی خۆرهه‌ڵاتی) له
(فاشیزمی خۆرئاوایی) جیا ده‌كاته‌وه.
ئێستا با ئه‌م
پرسیاره بكه‌ین: ئایا ئیسلام چه‌مكێكی خاڵییه, وه‌ك چه‌مكی مافه‌كانی مرۆڤ, وه‌ك
سه‌مفۆنیای شه‌شه‌می بتهۆڤن كه به‌ختیار له سێوی سێیه‌مدا باسی ده‌كات؟ نه‌خێر
چه‌مكێكی خاڵیی نییه, به‌ڵكو هه‌ندێ بنه‌مای زۆر گشتگیرن كه ئه‌شێت هه‌ر به هۆی
ئه‌م گشتگیرییه‌وه ڕۆڵی چه‌مكێكی خاڵی ببینن. بۆ نموونه ده‌شێت له‌و ده‌قه زۆر
ڕاشكاوانهیشدا كه ڕێ به كوشتنی مرۆڤ ده‌دات ته‌فسیری ئه‌وتۆ بكرێت كه به هیچ
جۆرێك ئه‌م كوشتنه ڕوونه‌دات, یان به لێشاو ڕووبدات. ئيسلام ته‌نیا قورئان نییه، به‌ڵكو له سه‌دان تێكستی تر و ده‌یان
ته‌فسیر و خوێندنه‌وه‌ی تر پێكهاتووه و له‌نێویدا ناكۆكی و دابه‌شبوون و بگره
دژیهكیش هه‌یه. زۆر جار تهفسیرێك له ئایه‌تێك زیاتر كاری پێ ده‌كرێت، شوناس له‌لایه‌ن
مه‌زهه‌به‌كانه‌وه دیاریی ده‌كرێت نه‌ك له‌لایه‌ن ناوه‌ڕۆكێكی یهكپارچهوه. به هه‌رحاڵ هه‌ر وه‌ستانێك و حوكمدانێك كه باس له‌یه‌ك جه‌وهه‌ری
كۆنكریتی ئیسلام بكات, مانای ئه‌وه‌یه
هێزه‌كان و سیاقهكانی له‌بیركردووه و له
حوكمى ئایدیۆلۆژیيش ڕزگاری نه‌بووه. ڕاسته هێزه‌كانی
ئه‌م ناوچه‌یه هێزی وه‌حشیگه‌ر و ترسناكن، به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه به‌رده‌وام
ئیسلام وه‌ك جه‌وهه‌رێك ئه‌م هێزانه‌ی به‌رهه‌م هێناوه، به‌ڵكو ئیسلام خۆی به‌رهه‌می
ئه‌م هێزانه‌یه له سه‌رده‌مێكی مێژوویی‌دا هه‌ن، ئیسلام ئه‌وه‌یه كه له هه‌ر
سه‌رده‌مێكدا هه‌یه و موماره‌سه ده‌كرێت. بانگه‌شه‌ی بوونی جه‌وهه‌رێكی یه‌كپارچه‌ی
په‌تیی ئیسلام كه به‌رده‌وام هه‌مان كرده به‌رهه‌م دێنێته‌وه، بانگه‌شه‌یه‌كه
له‌نێو جه‌وهه‌رگه‌رایی و ئایدیۆلۆژیادا چه‌قیوه، چونكه ئیسلام وه‌ك به‌رهه‌می هێزه‌كان و سه‌رده‌م و
كۆنتێكستێكی دیاریكراوی سه‌حرای عه‌ره‌بی و تهفسیركردنهوه به گوێره‌ی گه‌مه‌ی
ئه‌م هێزانه له سه‌رده‌مێكی تردا نابینێت, به‌ڵكو ناوه‌ڕۆكێكی قه‌بلی و یه‌كپارچه
و ئه‌به‌دیی به ئیسلام ده‌دات و ئيسلام وه‌ك به‌رهه‌م و ده‌رهاویشته نابینێت، به‌ڵكو وه‌ك چه‌ق و سه‌نته‌ر و جه‌وهه‌ر
و ئه‌سڵ و سه‌ره‌تا ده‌یبینێت. ئیسلام به‌رهه‌می
هێزه‌كانه له سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا, ئێستایش به‌هۆی گه‌مه‌ی هێزه‌كانه‌وه
دیسان به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه, بۆیه ئیسلام نه‌ك جه‌وهه‌رێكی پاك یان پیسی هه‌یه,
به‌ڵكو هه‌ر له بنه‌ماوه جه‌وهه‌رێكی نییه, چه‌مكێكی تا ڕاده‌ی خاڵیبوون گشتگیره, شتێكه له
پله‌ی سفردا.
ئه‌وه‌یش گومانی
تیا نییه هێزه‌كانی ئه‌م ناوچانه سه‌رده‌مێكی درێژه هێزی ڕیاكتیڤ و وه‌حشیگه‌رن,
به‌رده‌وام كڵێشه‌كانی ئه‌م ئایینه له‌لایه‌ن ئه‌م هێزانه داتاشراوه و پڕ كراوه‌ته‌وه.
ئه‌م بۆچوونه نابێته مایه‌ی دڵخۆشكردنی ئیسلامییه‌كان به‌وه‌ی پێیان وابێت
داكۆكیكردنه له "جه‌وهه‌ری پاكی ئیسلام" و "مه‌زنی ئه‌م ئایینه
گه‌وره‌یه".. به زۆری جه‌وهه‌ره پاكهكان بێ مانان و شته مه‌زنه‌كانیش
پووچن. شتێك نییه به ناوی ئیسلام, ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌رهه‌مى په‌یوه‌ندیی ڕه‌گه‌زه‌كانی نێو كولتووریی عه‌ره‌به, عه‌ره‌ب وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی دواكه‌وتوو و
بیابانشین, وه‌ك كولتوورێكی وه‌حشیگه‌ر و خێڵه‌كی. به‌م مانایه جه‌وهه‌رێك نییه كه
به‌رده‌وام كولتووره‌كه به‌رهه‌م بهێنێته‌وه و ئه‌م توێژه كولتوورییانه ههڵبهدهیتهوه
ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ببینێت, به‌ڵكو ئه‌و شته‌ی كراوه به جه‌وهه‌ر خۆی به‌رهه‌می په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی ڕه‌گه‌ز و هێزه‌كانه له سه‌رده‌مێكی
دیاریكراودا. هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌یه كه ده‌كرێت له هه‌ر جه‌وهه‌رێك
كه بانگه‌شه‌ی ئه‌به‌دیی بوون و نه‌مریی بكات (وه‌ك ئیسلام) ڕزگارمان ببێت.
( 5 )
ڕه‌نگه هه‌ڵه‌ی كاك به‌ختیار له وتاره‌كه‌یدا ئه‌وه بێت كه ئه‌م هێڵه‌ی
تێكه‌ڵ به هێڵی دیاله‌كتیكی هیگڵی كردووه, یان لایه‌نی كه‌م ڕوون نییه ده‌یه‌وێت
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه جه‌وهه‌رگه‌رایی ڕه‌ت بكاته‌وه یان له ڕوانگه دیالهكتیكییهكهوه
هه‌ڵبه‌ت كه ئه‌و ئاگاداری هێڵهكانه به‌ڵام هه‌وڵی
كۆكردنه‌وه‌یان ده‌دات كه ڕه‌نگه جاوربار ڕووبه‌ڕووی نه‌سازان و ناكۆكیی بكاته‌وه. دیاله‌كتیكی هیگڵی پێی وایه ناوه‌وه بوونی هه‌یه,
به‌ڵام ته‌نیا بۆ ئه‌وه هه‌یه تا له‌گه‌ڵ دهرهوهیهكدا یه‌ك بگرێت, ناوه‌وه
پۆتێنشیهله, به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بێته كرده و له كرده‌دا خاڵیی ده‌بێته‌وه,
هه‌میشه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا یه‌كێتییه‌ك پێكده‌هێنێت. ئه‌وه‌ی له‌م یه‌كگرتنه
به‌رهه‌م دێت له یه‌ك كاتدا هه‌م ناوه‌وه‌یه و هه‌م ده‌ره‌وه‌یشه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه
له دیالهكتیكدا هێشتا ده‌رفه‌تی ئه‌وه هه‌یه باس له جه‌وهه‌ر بكرێت, جه‌وهه‌رێك
كه ده‌شێت نه‌فی بكرێته‌وه.
له ڕوانگه‌ی دیاله‌كتیكییه‌وه جه‌وهه‌ر دێته ده‌ره‌وه
به‌وه‌یش وه‌ك جه‌وهه‌رێك خۆی نه‌فی ده‌كاته‌وه, یان نه‌فی ده‌كرێته‌وه. ناوه‌وه
هه‌تا له ناوه‌وه بێت, بوونی له نادیاردایه, بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نییه،
نێگەتیڤیتەى پەتییە، ده‌بێت وه‌ك ڕۆحی جیهان بچێته جه‌سته‌ی ناپۆلیۆنه‌وه تا ببێته
شتێك, تا هێز له كرده‌دا ده‌ربكه‌وێت, هێز ئه‌وه‌یه كه ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ده‌ره‌وه‌یه,
هێز ئه‌وه‌یه كه ده‌چێته نێو په‌یوه‌ندییه دیالهكتیكییهكه و ڕه‌وڕه‌وه‌ی
مێژووه‌وه. "هێز ئه‌وه‌یه كه له ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوودا ده‌رده‌كه‌وێت",
جیاوازه له‌وه كاتیگۆرییه فوكۆییهی كه ده‌ڵێت "هێز ئه‌وه‌یه كه موماره‌سه
ده‌كرێت". هه‌ردوو دۆخه‌كه بوونێكی كرده‌ییان هه‌یه, به‌ڵام له یه‌كه‌میاندا
هێز له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا یه‌كیگرتووه و به‌وه‌یش وه‌ك ناوه‌وه و جه‌وهه‌ر نهفیكراوهتهوه,
به‌ڵام له دووه‌میاندا شتێك نییه به ناوی ده‌ره‌وه/ناوه‌وه, پۆتێنشیه‌ل/ كرده,
تێز/ئه‌نتی تێز, به‌ڵكو ته‌نیا په‌یوه‌ندیی كارتێكردن و كارتێكرانی هێزه‌كانه, گه‌مه
ستراتیژییه‌كانی هێزه‌كانه له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا.
ئه‌و هه‌ڵه تێگه‌یشتنه له وتاره‌كه‌ی به‌ختیار به‌هۆی
ئه‌وه‌وه بوو كه كاك به‌ختیار ده‌یه‌وێت له زیاد له هێڵێكه‌وه جه‌وهه‌ر و جه‌وهه‌رگه‌رایی
ڕه‌ت بكاته‌وه, جارێك به لۆژیكی دیاله‌كتیكی و نه‌فیكردن, جارێكیش به په‌یوه‌ندییه‌كانی
ده‌سه‌ڵات, كه من پێم وایه ئه‌م كۆكردنه‌وه‌یه به بێ كێشه و ته‌نگژه
تێناپه‌ڕێت. له یه‌كه‌میاندا ده‌بێت پێشتر گریمانه‌ی بوونی شتێك
بكرێت تا ڕه‌ت بكرێته‌وه (بۆ نموونه ده‌بێت گریمانه‌ی بوونی جه‌وهه‌ر بكرێت تا
نه‌فی بكرێت), له دووه‌میاندا په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات پێویستی به گریمانه‌یه‌كی
له‌م جۆره نییه, به‌ڵكو هه‌ر له بنه‌ماوه جه‌وهه‌ر به پێچێكی سه‌تح ده‌زانێت,
كرۆك به به‌رهه‌می فێڵێكی گه‌مه‌ی هێزه‌كان تێده‌گات.
( 6 )
ئایدیای "جه‌وهه‌ر" و هزری "فاشیزم"
چ په‌یوه‌ندییه‌كیان پێكه‌وه هه‌یه؟ ئه‌م په‌یوه‌ندییه له ئاسته ئهبستراكتییهكهیدا
ده‌رناكه‌وێت, كه‌واته نابێت تەنیا وه‌ك چه‌مك قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین, به‌ڵكو ده‌شێت
له ئاستی موماره‌سه‌دا سه‌رنجی لێ بده‌ین. تەنانەت لە ئاستى مۆلاریشدا سەرنج لە بزوتنه‌وه
فاشیستییه ڕەگەزپەرستەکان بدەین، دەبینین هه‌میشه به دابهشكارییهوه دێن:
دابه‌شكاریی جیهانی مرۆیی بۆ ئاستی "پاك" و "پیس",
"خوێنی پاك" و "خوێنی پیس", "ڕه‌گه‌زی سه‌روه‌ر" و
"ڕه‌گه‌زی ژێر ده‌ست", "ڕه‌گه‌زی سپی" و "ڕه‌گه‌زی ڕه‌شپێست".. مه‌گه‌ر
ئایدیای "پیاوی سپی" چییه جگه له فۆرمێكی جه‌وهه‌رگه‌رایی كه پێی
وایه ده‌بێت پیاوی سپی به‌سه‌ر جیهاندا باڵاده‌ست بێت؟ نازییه‌كان پێیان وابوو
"یه‌هود" ڕه‌گه‌زێكی پیسن, هه‌ر له ئه‌زه‌لیشه‌وه به‌م جۆره بوون,
بۆیه ده‌بێت له‌نێو ببرێن تا ڕه‌گه‌زیی ئاریایی- ئه‌ڵمانیش پیس نه‌كه‌ن, نابێت ئه‌م
خوێنانه تێكه‌ڵ به یه‌كتر ببن, چونكه نه‌ته‌وه‌ی ئه‌ڵمان به‌ره‌و داڕزان و له‌نێو
چوون ده‌به‌ن, كوتله‌یه‌كی به‌دكار و فاسدن و نامۆن له‌نێو جه‌سته‌ی
ئاریاییدا، كه‌واته ده‌بێت یه‌هودییه‌كان له‌نێو ببرێن! بزووتنه‌وه
فاشیستییه‌كان پێیان وایه خه‌سڵه‌ته‌كان سروشتین و هه‌میشه‌یش وه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه,
گۆڕینی ئه‌م هاوكێشانه ده‌ستكاریكردنی سروشته كه سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی فاسدبوون و
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یه. به‌م جۆره ده‌بێت بواره مرۆییه‌كان به سروشتی بكرێنه‌وه
تا ڕه‌وایه‌تیدان به ده‌سه‌ڵات بۆ كۆنترۆڵكردنی سروشت خۆی, سه‌ر بگرێت. فاشیزم به‌ناوی
پاراستنی خه‌سڵه‌ته سروشتییه‌كانه‌وه ده‌ستكاری سروشت خۆی ده‌كات.. خه‌سڵه‌ته
سروشتییه‌كان خه‌سڵه‌ته جهوههرییهكانن و ڕه‌گه‌زێك به سروشتی خۆیان و له جه‌وهه‌ریاندا له ڕه‌گه‌زێكی تر پاكترن, باڵاده‌ستترن, به‌تواناتر و شیاوترن بۆ سه‌ركردایه‌تی
و فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردن. لێره‌وه به‌سه‌ر هه‌ر گروپێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئێتنیكی و
كۆمه‌ڵایه‌تیدا جه‌وهه‌رێك ده‌سه‌پێنرێت. ئه‌م جه‌وهه‌ره وه‌ك پێدراوێكی ده‌سه‌ڵات
مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت, وه‌ك جه‌وهه‌رێكی ئه‌به‌دی و ئه‌زه‌لی پیشان ده‌درێت،
كه هه‌میشه یه‌ك شت به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، هه‌میشه‌یش توێكڵه‌كانی لێ بكه‌ره‌وه
هه‌مان شت له كرۆكهكهیدا ده‌مێنێته‌وه. "یه‌هود هه‌میشه جه‌وهه‌رێكی پیس
و پیلانگێڕیان هه‌یه", "كورد نه‌وه‌ی جنۆكه‌كانه و سه‌ر به ڕه‌گه‌زی دزێوییە
و هه‌میشه خوێنی كێوییانه‌ی تێیدا ده‌گه‌ڕێت" و..هتد. له جهوههرهكانهوه حهقیقهكان دروست ده‌كرێت، حه‌قیقه‌ت
ئه‌وه‌یه كه سه‌ر به جه‌وهه‌ره، حه‌قیقه‌ت حه‌قیقه‌تی جه‌وهه‌رییه.
"جه‌وهه‌ر" و "ئه‌سڵ" ئایدیای
فاشیستین و به‌رده‌وامیش فاشیزم بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و هێشتنه‌وه‌ی دۆخی
باو و ڕه‌وایه‌تیدان به كرداره‌كانی ده‌یانهێنێته پێشه‌وه. فاشیزم ده‌زانێت كه
ڕێگای ڕزگاری له نوسخهكانهوهیه، چونكه هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌سڵه‌كه‌دا جووت
نابنه‌وه، به ته‌واوی ناچنه‌وه ناو كڵێشه‌كان، شتێك له ناكۆكی و
خواری و كه‌لێن دروست ده‌كه‌ن كه درز ده‌خه‌نه هه‌ر یهكپارچهییهكهوه. بۆیه
جه‌وهه‌ر یان ئه‌سڵ یان نموونه خۆیان دروستكراوی ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌گینا شتێك نییه به
ناوی ئه‌سڵ, ئه‌سڵ خۆیشی نوسخه‌یه‌كه له‌نێو نوسخهكاندا ون بووه, یان چۆته
غیابی موتڵه‌قه‌وه, بۆیه داتاشینی هه‌ر جه‌وهه‌رێك یان ئه‌سڵێك دواجار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی
نوسخه‌كان كورت ده‌هێنێت، له به‌رامبه‌ردا
ده‌سه‌ڵات هه‌وڵده‌دات به‌رده‌وام ئایدیای جه‌وهه‌ر/ ئه‌سڵ
بپارێزێت و زه‌قیی بكاته‌وه, تا هه‌مان شوناس به‌سه‌ر گروپه‌كان و شته‌كاندا بسه‌پێنێته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی شتێك كۆنترۆڵ بكرێت یان هه‌یمه‌نه‌ی له‌سه‌ر بكرێت پێویسته شوناسێكی
پێ بدرێت, شوناسه‌كه به‌رهه‌می جه‌وهه‌ر/ ئهسڵهكهیه, یان شوناسێكی به‌رده‌وام
و ئه‌به‌دی. لێره‌وه‌یه
فاشیزم ده‌توانێت ئایدیای "جه‌وهه‌ر" و "ئه‌سڵ" بخاته خزمه‌تی
مه‌رامه‌كانی خۆیه‌وه. ترسی به‌ختیاریش له "جه‌وهه‌رگه‌رایی" هه‌ر له‌مه‌وه‌یه. ئه‌و
ماوه‌یه‌كه ده‌یەوێت میكانیزمه‌كان و چۆنیه‌تی ئیشكردنی فاشیزم و به‌تایبه‌ت
"فاشیزمی خۆرهه‌ڵاتی" ببینێت, بۆیه ناچاره له‌سه‌ر سه‌رجه‌می ئه‌و
پنتانه قسه بكات كه ده‌ركه‌وته یان درێژه‌پێده‌ری ئه‌م فاشیزمه‌ن.
ئەم وتارە ساڵى 2014 بە ناونیشانى "جەوهەرەکان لە
کوێوە دێن؟" لە سایتى دەنگەکان بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment