عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد
دەبێت چاو مەودایەكی هەبێت تا جیای بكاتەوە
لە بابەتی بینینەكەی. خۆ ئەگەر بابەتەكە بە چاوەوە "بنوسێت"، ئەوا
ناتوانێت بیبینێت. بەڵام گوێ بە پێچەوانەوە، پێویستی بە نزیكایەتییە، هەرچی
چەندەی دەنگ زیاتر نزیك بێتەوە باشتر دەبیسترێت. چاو هەستی مەودا و دووركەوتنەوە و
لێك جیاییە. بەڵام گوێ هەستی ڕاستەوخۆیی و نزیكایەتی و پێك پەیوەستییە. كەواتە
سەیر نییە دیدگا پەیوەست بێت بە ڕەنگپێدانەوە و بیركردنەوەوە، و بینین پەیوەست بێت
بە بیناییەوە و، ڕوانین بە ڕوانگەوە، و چاویش بە عەقڵەوە. گوێیش پەیوەست بێت بە
گواستنەوە و ئەزبەركردن و یادەوەرییەوە.
لە فرۆیدەوە بۆمان ماوەتەوە كە گوێ هەستی
بەراییە بۆ مرۆڤ. لە زیاد لە مانایەكیشدا بەو جۆرەیە. گوێ بەراییە بەهۆی
نزیكبوونی لە بۆچوون دەربڕەوە (بە دەنگ). ئینجا گوێ ئەو هەستە بەراییەیە كە منداڵ
هەر لە كۆرپەییەوە بە ژینگەی دەرەكییەوە دەبەستێتەوە. ئێمە بەر لەوەی ببینین،
دەبیستین. گوێ هەستی شەو و تاریكییە. بەڵام چاو هەستی ڕۆژ و ڕوناكییە. چاو
ناتوانێت بە باشی بابەتەكەی ببینێت مەگەر بتوانێت لە "جێگیریی"ـدا
بهێلێتەوە و دوورییەكانی دیاری بكات. چاو هەستی شوێنە. كەچی گوێ هەستی زەمەنە. ئەو
كەلتوورەیشی پشتی پێ دەبەستێت كەلتووری مێژوو و دەما و دەم و گێڕانەوەیە،
كەلتووری زارەكییە نەك نووسین و وێنە. كەلتووری دەنگە نەك كەلتووری جێكەوت و
كارتێكردن.
وێڕای ئەو ئاڵۆزییە ڕواڵەتییەی كە هەستی
گوێ پیشانی دەدات و، ئەو پێچ و خول و بەربەستانەی ئابڵوقەی دەدەن، كەچی هەمیشە
كراوەیە، هەمیشە ئامادەی بیستنە. گوێ هەستی "وەرگرتنە"، كەچی چاو، وێڕای
ساف و ڕوونییەكەی، كەچی دەشێت پەنجەرەكانی لە كاتێكەوە و بۆ كاتێكی تر دابخات،
ئینجا بابەتی بینینەكەی ملكەچی هەڵگێڕانەوەی تۆڕبەندییەكانی خۆی دەكات. چاو ناگاتە
بابەتەكەی تەنیا لەڕێگەی پێچ و سوڕان و ئاوەژووكردنەوە و بیركردنەوەوە نەبێت.
وا دەردەكەوێت تەنیا یەك زمان (لەوانە
زمانی عەرەبی) نییە كە چاو بە بیركردنەوە و گوێ بە ئاكارەوە گرێدەدەنەوە،
بۆنموونە دەڵێین: "دەنگی ویژدان" و "چاوی عەقڵ". دەڵێن زمانی
گریكی و لاتینی و جەرمانییش هەموویان دەنگ بە ویژدانەوە و، بیستن بە گوێڕایەڵی و،
گوێ بە قایلبوون و ئەڵقەلەگوێی پەیوەست ئەكەنەوە.
كەواتە سەیر نییە كەلتووری گوێ كەلتووری
بیستن و پاراستن بێت. كەلتووری دڵنیایی و تەقلید، كەلتووری قایلبوون و ملدان بۆ
دەنگ- سەرچاوە،هەروەها بە گوێرەی پێویستیش لێی دوورناكەوێتەوە تا "هزر"ی
ئیشی لەسەر بكات. كەلتووری گوێ بە بەردەوامی كولتووری دەسەڵاتە: هەموو بیستنێك
گوێ فەرمانییە.
بەڵام چاو، كاتێك توانای هەڵگێڕانەوەی
خودیی لەسەر تۆڕبەندییەكانی خۆی هەیە، كاتێكیش توانای فرەیی ڕوانگەكانی و گۆشەی
نیگاكانی هەیە، وا لەو كەلتوورە دەكات كە لە بیناكردنی خۆیدا پشت بە چاو دەبەستێت
كەلتوورێكی ڕەخنەیی بێت و هەر لەسەرەتاوە بڕوای بەوە هەبێت كە لێكدانەوە (تأویل)
فرەییە و ڕوانگەكانیش جیاوازن، بڕوای بەوە هەبێت هەر مەعریفەیەك ڕاستكردنەوەی
هەڵەكانە و، هەر زانستێك ئایدیۆلۆژیا بە پێشی بكەوێت بارودۆخەكان هەڵدەگێڕێتەوە
"وەك قڵپبوونەوەی بابەتەكان لەسەر تۆڕبەندییەكانی چاو".
سەرچاوە:
عبدالسلام
بنعبد العالی: ثقافة الأذن و ثقافة العين، دار توبقال للنشر، الطبعة الثانية،
2008، ص7-8.
No comments:
Post a Comment