My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Monday, 6 April 2015

چه‌مكی ڕیزۆم لای دۆلۆز

ئه‌نوه‌ر موغیس
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
 
ڕیزۆم Rhizome ئه‌و به‌شه‌ی ڕووه‌كه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی ڕیشاڵ له‌ بنج و ڕه‌گی هه‌ندێك ڕووه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و به‌شداره‌ له‌ دووباره‌ ڕوواندنه‌وه‌ و زیندووبوونه‌وه‌ی ڕووه‌كه‌كه‌دا. دۆلۆز ئه‌م چه‌مكه‌ وه‌ك میتافۆر به‌كارناهێنێت، به‌ڵكو وه‌ك دۆخ، وه‌ك شێوازی بوون و ستایلی ژیان به‌كاری دێنێت و له‌ هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ی كۆتایی ژیانیدا "هه‌زار ڕووته‌خت" و "فه‌لسه‌فه‌ چییه‌"دا باسی كردووه‌. لای دۆلۆز‌ ڕیزۆم هێمایه‌كی چڕ و پڕ ده‌لاله‌ته‌ بۆ ئه‌و ئایدیایانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ كردوون و په‌ره‌ی پێداون. ئه‌م چه‌مكه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ زه‌روره‌تی ڕزگاربوون له‌ گه‌ڕان به‌دوای ڕیشه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بنچینه‌ [ئه‌سڵ] یان ساته‌وه‌ختی له‌دایكبوونی یه‌كه‌م (ڕیشه‌- تۆو). هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ به‌ ڕزگاربوون له‌ تاسه‌ی گه‌یشتن به‌ كۆتاییه‌كان وه‌دیهێنانی ئامانجه‌كان (به‌ر- تۆو)، بۆیه‌ ئه‌مه‌ هێرشی دۆلۆز بوو بۆ سه‌ر شه‌یدایی هایدیگه‌ر به‌ سه‌ره‌تاكانی هزری یۆنانی و هه‌مان كات هێرشیش بوو بۆ پشتیوانیی فه‌یله‌سوفه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان له‌ تێماى كۆتایی فه‌لسه‌فه‌ لای هیگڵ.
ڕیزۆم كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌و دروشمه‌ی دۆلۆز بوو كه‌ ده‌یگوت: «با له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین»، ڕیزۆم به‌وه‌ له‌ دره‌خت و تۆو و ڕه‌گ جیا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ سێ مه‌رجی سه‌ره‌كیی تێدایه‌: "به‌رده‌وامی" و "ئه‌ویترێتی" و "فره‌یی" كه‌ هیچ ئه‌سڵیك كۆیان ناكاته‌وه‌. دۆلۆز پێی وایه‌ هه‌موو زمانه‌كان به‌ پێی ئه‌م میكانیزمه‌ پێك هاتوون و دروست بوون. كاتێك له‌گه‌ڵ وێنه‌ی ڕیزۆمدا وێنای فیكر ده‌كه‌ین، ئه‌وا ئه‌م وێنه‌یه دینامیكییه‌ت و توانای به‌رهه‌مهێنان و داهێنان به‌ فیكر ده‌به‌خشێت.
چه‌مكی ڕیزۆم له‌ سیاسه‌تدا دژی ده‌سه‌ڵاتی باو و ڕێباز و خواسته‌ فه‌نده‌مێنتاله‌كان ده‌وه‌ستێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دژی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ دۆلۆز پێیده‌ڵێت دیواری سپی Table rase و سوبێكته‌كان پێیه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێن، ئه‌م دیواره‌ سپییه‌یش ته‌نیا دیواری ده‌وڵه‌ت نییه‌، به‌ڵكو جاری واهه‌یه‌ شۆڕشه‌ سیاسییه‌كانیش دیواری له‌م جۆره‌یان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وكاته‌ی كه‌ له‌ فۆڕمێكی تردا ده‌سه‌ڵات به‌ هه‌مان هیرارشییه‌ت و بونیاده‌وه‌ دروست بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئایدیۆلۆژیاكان و موقه‌ده‌سگه‌راكان و گروپه‌ فاشیستییه‌كان هه‌رهه‌موو جۆرێك له‌ دیواری سپین و ده‌رفه‌تی جوڵه‌ و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی له‌ سوبێكته‌كان وه‌رده‌گرنه‌وه‌ و له‌نێو چوارچێوه‌كانی خۆیاندا له‌قاڵبیان ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ڕیزۆمبوون جۆرێكه‌ له‌ سیاسه‌ت بۆ ڕزگاربوون له‌ دیواری سپی و درزتێخستنی كه‌ جاری وا هه‌یه‌ فۆڕمی هه‌وڵێكی هه‌ره‌وه‌زی و به‌كۆمه‌ڵ وه‌رده‌گرێت كه‌ به‌ند ده‌بێت له‌سه‌ر دروستكردنی هاڕمۆنی له‌نێوان هه‌وڵه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان له‌ شێوه‌ی تۆڕدا، نه‌ك به‌ شێوه‌ی ڕێكخستنی پله‌به‌ندی. ئه‌دگاره‌ سیاسییه‌كانی چه‌مكی ڕیزۆم له‌م بانگه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دۆلۆز ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كات كه‌ ده‌یانه‌وێت ئاره‌زووه‌كانیان ئازاد بكه‌ن: «ببنه‌ ڕیزۆم و مه‌بنه‌ ڕه‌گ، دره‌خت پشته‌ [نه‌سه‌ب] به‌ڵام ڕیزۆم نه‌وه‌یه‌، دره‌خت كرده‌ی بوون له‌نێوان بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكدا ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام ڕیزۆم گریمانه‌ی پیتی ئازاده‌. پێویست ناكات له‌ شتێكه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌یت و ته‌واوی بكه‌یت یان بگه‌یته‌ كۆتایی، ته‌نها ئه‌وه‌ به‌سه‌ و وا باشریشه‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌، ده‌ر و ژوور بكه‌یت. ناوه‌ند [ناوه‌ڕاست] خاڵێك نییه‌ له‌نێوان جه‌مسه‌ره‌كانیدا به‌ڵكو ئاراسته‌یه‌كی فره‌ لایه‌نه‌ و جوڵه‌یه‌كی تێپه‌ڕێن و پێشیڵكارانه‌ی سنووره‌كانه‌ كه‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ ده‌خاته‌ پشتی خۆیه‌وه».   

No comments:

Post a Comment