My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday 8 March 2015

كوشــتن و كەرنەڤاڵ


هاوار محەمەد

( 1 )
لە یەكێك لەو گرتە ڤدیۆییانەدا كە لە یوتوب بڵاوبۆتەوە, ئەندامێكی داعش وانەی سەربڕین بە گروپێك دەڵێتەوە و باس لەوە دەكات كە چۆن هەر كردەیەكی سەبڕینی مرۆڤ دەبێت بە چێژێكی زۆرەوە ئەنجام بدرێت, دەبێت جەللاد چێژ لە سەربڕینەكە ببینێت و وەك كردەیەكی چێژبەخش ئەنجامی بدات. سەربڕین تەنیا كوشتنی دوژمنێك نییە, كوشتنی "كافرێك" (بە پێی پاساوی ئەوان) نییە كە لەپێناو ئامانجێكی تایبەتیدا ئەنجام بدرێت, ئەگەرچی دەشێت بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن ئامانجی تایبەتیشی هەبێت, بەڵكو كردەكە خۆی جۆرێكە لە شادی بینین و چێژ وەرگرتن. لەمەیش زیاتر ئەو دەنگی تەكبیرەی كە لە دوای هەر كوشتن و لە سێدارەدانێك بەرز دەبێتەوە و ئەو هەڵپەڕین و سەما و سەرچۆپی كێشانە بە تفەنگەكان و دیمەنەكانی باوەش بە یەكداكردنی ئەندامەكانی داعش بۆ خۆی جۆرێكە لە سازدانی كەرنەڤاڵ لەسەر تەرمی قوربانییەكان, شادیگێڕانێكە بۆ كوشتنی ئەم ڕوخسارە غەمگینانەی كە لەنێو ئاپۆرەیەكدا و بێ‌ هۆیەكی دیاریكراو دەكوژرێن.
بە بڕوای زیگمۆند فرۆید مرۆڤ دوو غەریزەی سەرەكی ئاراستەی دەكات: "ئیرۆس" و "تاناتۆس". ئیرۆس غەریزەی ژیان و خۆشەویستییە كە دەتوانێت بەردەمی ژیانی تاك لەنێو كۆمەڵ و جڤاتدا دەستەبەر بكات, غەریزەی ئیرۆس غەریزەی ژیاندۆستی و مانەوەیە. تاناتۆس غەریزەی مەرگدۆستی و خۆپەرستنی و كینەیە بەرامبەر بە دەوروبەر, غەریزەی وێرانكردن و تێكدان و كەڵكەڵە ترسناكەكان و چێژ وەرگرتنە. دواجار ئەوەی ئەم كەڵكەڵە ترسناكانە دەچەپێنێت و وادەكات مرۆڤ بتوانێت كۆمەڵگە و شارستانیەت دروست بكات ئەو یاسا و ڕێسا و نەریت و ئایین و ئاكار و پرەنسیپانەیە كە بەرهەمی غەریزەی ئیرۆسە لەپێناو مانەوە و بەردەوامیدان بە ژیان لەگەڵ ئەوانیتردا. تاناتۆس دەچەپێنرێت و مرۆڤ غەریزە ترستاكەكانی خۆی دەشارێتەوە و لەسەر بنەمای ئیرۆس مامەڵە لەگەڵ دەوروبەریدا دەكات و نەزم و ڕێكی بەرپا دەكات, هەر لەبەرئەمەیشە كە فرۆید پێی وایە شارستانیەت بەرهەمی چەپاندنە. بەڵام غەریزەی كوشتن و كەڵكەڵە ترسناكەكان لەنێو ناچن بەڵكو لە هەر ساتێكدا دەگەڕێنەوە, لەژێرەوە و بە شاراوەیی مرۆڤ ئاراستە دەكەن, لە هەر كوێدا (منی باڵا) یان سیستەمی دەسەڵات لەنێو سوبێكتدا و لەدەرەوە لاواز ببێت ئەم غەریزانە دیسانەوە دەردەكەونەوە و بەهێزتر لە دۆخی ئاسایی خۆیان دەتەقێنەوە. تۆ بڵێی داعش گروپێك بێت كە غەریزە مەرگدۆستییەكەی تەقیبێتەوە و چەپاندنەكانی گەڕابێتنەوە و نائاگایی تۆڵەی خۆی لە دونیا و سیستەم بكاتەوە؟ 

( 2 )
دەشێت لای هەر ئەندامێكی داعش غەریزەی مەرگدۆستی و ئارەزووی وێرانكردن بە ڕوونی ببینین, گروپێك كە نائاگاییە شاراوەكەی, غەریزە ترسناكەكانی, نیشانەكانی نەخۆشییەكانی ئاراستەی دەكات, بەڵام ناكرێت ئەمە بانگەشە بێت بۆ ئەم تێڕوانینەی كە داعش گروپێكە بە ڕەهایی "منی باڵا"ی كوشتووە و ئێستەیش چەپێنراوەكانی دەگەڕێنەوە, نەزمێك نەماوە كە بەر بەم  كەڵكەڵانە بگرێت. ڕاستییەكەی ئەوەیە داعش مەرگی دوژمنەكەی بەلایەوە گرنگ نییە و زۆریش ئاسایی لێی دەڕوانێت, واتە كوشتن كارێك نییە كە ببێتە مایەی ئازارپێگەیاندنی تا سەرنجی ڕابكێشێت و ڕوخساری قوربانییەكەی ببێتە كابوسی شەو. فرۆید باس لەوە دەكات مرۆڤی سەرەتایی كاتێك لە جەنگدا دوژمنەكانیان دەكوشتن وەك كردەیەكی ئاسایی ئەنجامیان دەدا و بە دەست و بەرگی خوێناوییەوە و بە هەستی پاڵەوانانەوە دەگەڕانەوە بەرەو ماڵ و گوندەكانی خۆیان, وەك بڵێی كارێكی زۆر سادە و ئاساییان ئەنجام دابێت. گەر لە ڕوانگە فرۆیدییەكەوە بڕوانین دەبێت بڵێین هەتا شارستانێتی و ژیار پێشكەوتووتر و فراوانتر بێت ڕێساكانی چەپاندن و نەزم و نەریت و ئایین بۆ بەرگرتن لە شەپۆلی فشارەكانی نائاگایی بەهێزتر دەبن. شارستانی كە خۆی لەسەر بنەمای ئاگایی بونیاد دەنێت دەبێت توندوتریش نائاگایی دووربخاتەوە, بەڵام نائاگاییش هەتا فشاری زیاتری لەسەر بێت لەنێو خۆیدا زیاتر چڕ دەبێتەوە و وزەكەی زیاتر دەبێت تا دواجار لە چڕێتیدا دەتەقێتەوە. مادام نائاگایی هەڵگری ئەم پارادۆكسەیە كەواتە كۆنترۆڵكردنی بە یەكجارەكی ئاسان نییە. هەر لەبەرئەمەیش بەشێكی زۆری ئەندامەكانی داعش ئەو كەسانەن كە هەمیشە لە دۆخی خۆچەپاندن و شاردنەوەی غەریزەكان و نەفرەتكردن لە سێكس و چێژە جەستەییەكاندا بوون, بەڵام ئێستە چێژ لە كوشتن دەبینین و زەواجی نیكاحیش دەكەن و بگرە ئەوەی پاڵنەریان بووە بۆ چوون بۆ نێو داعش حۆرییەكانی بەهەشت نییە, بەڵكو حۆرییەكانی ئێرە و شەرعیەتدانە بە ڕابواردن و خەوتن لەگەڵ ژنانی غەنیمەی جەنگ یان لەگەڵ ئەو خوشكە موسوڵمانانەی كە بۆ جیهاد هاوشانی براكانیان ئامادەن نیكاح لەگەڵ یەك بەیەكیاندا بكەن.
دەشێت هەر كردەیەك كە نائاگایی مرۆڤ تێر بكات, یان بەشێك لە غەریزەكانی بۆ ماوەیەكی كاتی ڕازیی بكات شایەنی چێژ لێوەرگرتن و شادیگێڕان و سەماكردن بێت, ئەم چێژ و شادییە خاڵیی نییە لە ئازار و نیگەرانی, بەڵام كاتێك سوبێكت بە توندی هەست نیگەرانی و ئازار دەكات كە نەریت و نەزمیش بە توندی بونیان هەبێت. تێركردنی ئارەزوو و چێژ وەرگرتن هەموو كات جۆرێك لە دڕدۆنگی و ئەزموونی ئازاری لەگەڵدایە, بەتایبەت ئەگەر ئەم تێركردنە كردەیەكی شاراوە و ڕێ‌ پێ‌ نەدراو بێت. ئێستا كە داعش ڕێگای بە كوشتن و نیكاح داوە و شەرعیەتی پێداوە ئەشێت هێشتایش بڵێن تێركردنی ئارەزوو, كوشتن یان نیكاح, جۆرێك لە ئەزموونی ئازاری لەگەڵدایە؟     

( 3 )
لە سەردەمە كۆنەكانەوە قوربانیكردن لە ڕێوڕەسمە ئایینی و كۆمەڵایەتی و نەریتییەكاندا جۆرێك بووە لە شادیگێڕان و جەژن و سەما، گوایە بەم قوربانیكردنە ڕەزامەندی خوداكان بەدەست دەهێنن, بەم جۆرە ئەو كەسەی دەكوژرێت ئامانج لە كوشتنەكەی ڕوونە و ئەو دەبێتە قوربانی لەپێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوادا. ئایا دەكرێت كردەی كوشتن لای داعش و شادیگێڕان و جەژنە ڕۆژانەییەكانیان درێژكراوەی هەمان كردەی قوربانیكردن بێت؟ دەشێت نەریتی قوربانیكردن ڕۆڵی هەبێت لە ڕەوایەتیدان بە كوشتن لە ساتێكی دیاریكراودا, بەڵام ناشێت ئەمە تەفسیری دروست بێت, چونكە ئەو كەسەی دەكوژرێت, لای داعش, ناكرێت سیفەتی "قوربانی"ی بدرێتە پاڵی. داعش نایەوێت بە كوشتن تەنیا ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنێت, بەڵكو دەیەوێت غەریزەی خودایش تێر بكات, خودا لەم سیاقەدا فۆڕمێكی خودایەكە كە بەرهەمهێنراوی بیریی داعش و توندڕەویی و فەندەمێنتالیزمە. خودا دەشێت ئەو "ئەویدیكەی گەورە"یە بێت كە لاكان باسی كردووە, یان ماشێنێكی ئایدیۆلۆژی بێت كە ڕیشەكانی بە قووڵی لە مێژوودان و بەهۆی كەڵەبوونییەوە لە زەمەندا بەردەوام لە فۆڕمی جیاوازدا خۆی دووبارە دەكاتەوە و هەر جارێكیش دەیەوێت توندوتیژتر بێت, هەر جارێك دەیەوێت توندوتیژی بگەیەنێتە دوا ڕادەی خۆی. داعش ماشێنێكی توندوتیژییە, بەڵام ئارەزوویەكی سەیریشی بۆ توندوتیژی زیاتر هەیە, نایەوێت لە ئاستێكدا بمێنێتەوە بەڵكو دەیەوێت هەتا بێ‌ دیمەنەكانی ترسناكتر بن و زەبروزەنگ و توندوتیژی و كوشتن و سەربڕین تا تۆقێنەرترین ڕادە درێژ بكاتەوە, بەم مانایە داعش ماكینەی گەیاندنی توندوتیژییە بە دوا سنووری خۆی, بێ‌ ئەوەی دوا سنوورێك بوونی هەبێت, هەر لەبەرمەیشە ڕۆژبەڕۆژ توندوتیژتر دەبن, بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژیش زیاتر پێ دەكەنن و چێژ دەبینن و دەنگی تەكبیریشیان بەرزتر دەبێتەوە.  


No comments:

Post a Comment