عهبدوسهم بنعه‌بد عالی
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د
ده‌توانین دوو دیوی مه‌عریفه و دروستكردنی حه‌قیقه‌ت
لێك جیا بكه‌ینه‌وه: دیوی یه‌كه‌م له چه‌مكێكی دیاریكراوەوە ده‌رباره‌ی
حه‌قیقه‌ت سەرچاوە دەگرێت و پێی وایه دروستبوونی حه‌قیقه‌ت گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه
بوونه و، مێژووی حه‌قیقه‌ت پرۆسه‌ی بونیادنانێكی پله‌به‌ندییه كه زانا و مهعریفهناسهكان
به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام دیوی دووه‌م له چه‌مكێكی تره‌وه و، بگره له چه‌مكێكی
دژی ئه‌م چه‌ماوه‌ی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستپێده‌كات و پێیوایه دروستبوونی حه‌قیقه‌ت
واته له‌نێوبردنی هه‌ڵه‌كان و، ئاشكراكرنی وه‌همه‌كان، لایوایە مێژووی حه‌قیقه‌تیش
پرۆسه‌ی له‌نێوبردن و كشانه‌وه و، هه‌ڵكۆڵین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه.
به ڕێگه‌ی یه‌كه‌میان، كه ده‌توانین بڵێین ڕێبازیی ئه‌فلاتونیزمه،
مه‌عریفه مانای یادهاتنهوه و بیركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌یه، مێژووه‌كه‌یشی گه‌ڕاندنه‌وه
و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و چۆنییەتییهیه كه حه‌قیقه‌ته‌كان لێیه‌وه په‌یدا
بوون، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و هەتاوەى كه حه‌قیقه‌ت لێیه‌وه پەخشبۆتەوە،
ئه‌مه‌یش لەپێناو به‌دواداچوونی ئەوەدایە کە بزانین حەقیقەت چۆن و بە گوێژەى چى گه‌شه‌ی
كردووه. لێره‌دا ئه‌سڵ تێهه‌ڵكێش به سه‌ره‌تایه‌كی زه‌مه‌نیی ده‌بێت. به‌ڵام
لە ڕێگه‌ی دووه‌میاندا مێژوو ده‌بێته هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم و وه‌ك نیچه
ده‌ڵێت بە مەبەستى گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه و، هه‌وڵی دروستكردنی دژە یادگه. لێره‌دا
ئه‌سڵ له سه‌ره‌تا جیا ده‌بێته‌وه و لێی ده‌پچڕێت.
دیوی یه‌كه‌میان به‌نده له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی حه‌قیقه‌ت
و گه‌شه‌كردن و یاده‌وه‌ری و په‌یوه‌ندی، به‌ڵام دووه‌میان
به‌نده له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی هه‌ڵه و له‌یادكردن و جیابوونه‌وه
و دابڕان. هه‌رگیز ئه‌مه مانای وا نییه كه ئه‌م چه‌مكانه له ڕووبەرى
یه‌كتریدا بوونیان نه‌بێت، به‌ڵام بوونی هه‌ر یه‌كێكیان له‌ویتریاندا به‌راورد به‌و
ڕۆڵه جه‌وهه‌رییه‌ی كه چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی ده‌یگێڕێت، ڕۆڵێكی لاوه‌كیی
و کاڵوکرچى هه‌یه. ئه‌م قسەیە بۆ چه‌مكی هه‌ڵه‌یش ڕاسته كه لێره‌دا ده‌مانه‌وێت
سه‌رنجێكی لی بده‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی دیوی یه‌كه‌م له كرده‌ی مه‌عریفیدا
ڕۆڵێك به‌م چه‌مكه بده‌ن ئه‌وا هه‌ر زوو به مه‌به‌ستی دروستكردنی حه‌قیقه‌ت و
بونیادنانی زانینه‌كه‌ی، دووری ده‌خه‌نه‌وه. بۆ نموونه ئێمه ده‌زانین باوكی فه‌لسه‌فه‌ی
مۆدێرن (دیكارت) گریمانه‌ی شه‌یتانێكی فێڵبازیی كردووه كه عه‌قڵی فریوده‌دات و
ده‌یخه‌ڵه‌تێنێت، بگره دیكارت خودی عه‌قڵیشی كردۆته كۆمه‌ڵێك چالاكى و هه‌ڵچوون
كه ده‌بنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵیدا، وه‌كو یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵ،
وێرای ئه‌وه‌یش عه‌قڵانییه‌تی ته‌قلیدی هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه بە هێزێكى وا كه
بتوانێت خۆی ڕابگرێت و بوونی خۆی بپارێزێت؛ هه‌میشه ساته‌وه‌ختێك هه‌یه كه هه‌ڵه
تێیدا هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌سڕدرێته‌وه و شوێنی خۆی بۆ مه‌عریفه دروست و یهقینییهكان
چۆڵ ده‌كات. بانگه‌شه‌كه‌ی دیکارت بۆ دانانی میتۆد ته‌نیا به ئامانجی "باش
به‌ڕێوه‌بردنی عه‌قڵ" بووه بۆ ئه‌وه‌ی به دووری بگرێت له كه‌وتنه هه‌ڵه.
ئه‌م بوونه "ڕووكه‌شانه"یە ڕێك ئه‌و شته‌یه
كه دیوی دووه‌می مه‌عریفه دژی ڕاده‌وه‌ستێت. لێره‌دا ئیدی هه‌ڵه بوونێكی ڕواڵه‌تیی
كرچ و كاڵیی نییه كه تۆزێك ئاگاداریی و وریایی و په‌له‌نه‌كردن و پێشداوهرینهكردن
بهردوورمان بگرێت لێی. ده‌توانین له‌گه‌ڵ جۆرج كانگیلایمدا پێمان وابێت كه
لێره‌دا هه‌موو فه‌زڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌یله‌سوفی فەرەنسایی "گاستۆن
باشلا‌ر"ی دانەرى ئیپستمۆلۆژیای نا-دیكارتی، كه دووباره به‌های گه‌ڕانده‌وه
بۆ چه‌مكی هه‌ڵه؛ ئه‌و ڕوونی كرده‌وه فیكر به‌ر له هه‌موو شتێك بریتییه له
توانای هه‌ڵه‌كردن، هه‌ڵه‌یش ڕۆڵێكی ئه‌رێنیی هه‌یه له دامه‌زرانی مه‌عریفه‌ی
زانستیدا. لای باشلا‌ر حه‌قیقه‌ت واتای خۆی له هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرێت.
وه‌ك بڵێی "بوونه‌كه‌ی" قه‌رزاری هه‌ڵه‌یه، بگره "وێنه‌ی فیكری
زانستی خۆیشی هیچ نییه جگه له حه‌قیقه‌تێكی چنراو له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی هه‌ڵه".
لێره‌دا ''حه‌قیقه‌تى یه‌كه‌می و مه‌عریفه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویست بوونی نییه. هه‌ڵه‌كان
یه‌كه‌مینن''. واته له سه‌ره‌تادا هه‌ڵه هه‌بوو. ''هه‌ر حه‌قیقه‌تێكی
نوێیش له ده‌ره‌وه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویست دروست ده‌بێت.. و هه‌ر ئه‌زموونێكی بابه‌تیی
دروست به‌رده‌وام ده‌بێت چۆنیه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه خۆییه‌كان دیاریی بكات''.
هه‌ڵه و جه‌هل، له ڕوانگه‌ی خاوه‌نی "فه‌لسه‌فه‌ی
نەخێر"وه نه‌قس و نه‌نگی و نا-بوون نییه. جه‌هل بۆشایی مه‌عریفیی نییه، جه‌هل
چڕی و پڕییه. مه‌عریفه‌یش "له جه‌هاله‌ته‌وه ده‌رناچێت وه‌ك ده‌رچوون و ده‌ركه‌وتنی
ڕوناكی له تاریكییدا". جه‌هل بونیادێكی یه‌كگرتوو و پته‌وه "پێكهاتووه
له هه‌ڵه ئه‌رێنییه كۆنكرێتی و هاوبهندهكان".
فیكر كه له‌به‌رده‌م
مه‌عریفه‌ی زانستیدایه، ئه‌وه‌یه كه "هه‌رگیز دروستبوونه‌كه‌ی نوێ نییه،
به‌ڵكو به‌ساڵاچوویه‌كی پیره و ته‌مه‌نێكی درێژی بەسەربردووە، كه كتومت ته‌مه‌نی
هه‌ڵه‌كانه". "كاتێكیش ده‌گه‌ینه حه‌قیقه‌ت ئه‌مه پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون
نییه، به‌ڵكو پێداچوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌یه به‌ره‌و دوا. هه‌میشه حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه
كه ده‌بێت گریمانه‌ی بكه‌ین نه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت باوه‌ڕی پێ بهێنین. هه‌ر گه‌یشتنێك
به حه‌قیقه‌ت ده‌بێت به ناچاری جۆرێك "په‌شیمانبوونه‌وه‌ی فیكری"ى له‌گه‌ڵدا
بێت.
ئیدی مه‌عریفه له‌م دۆخه‌دا گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه‌بوون
نییه، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه و په‌شیمانبوونه‌وه و "ئەسەفە بۆ له‌ده‌ستچووه‌كان"
و ئه‌و شته‌ی كه فیكر بۆته قوربانییه‌كه‌ی. ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه بۆ له‌ده‌ستچووه‌كان،
ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه پێی ده‌وترێت جینالۆژیای حه‌قیقه‌ت، یان هه‌ڵكۆڵینی مه‌عریفه،
یان مێژووی پێكهاتهسازی، به‌ڵام هەموویان دوای هه‌مان ستراتیژییه‌ت ده‌كه‌ون. ئه‌وه‌ی
لێره‌دا ده‌بێت جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه کە ئه‌م ستراتیژییه‌ته، وه‌ك
ستراتیژییه‌تێكی دژەبەر و بەرهەڵست، ناكرێت له گۆشه‌گیری و دووره‌په‌رێزیدا دروست
ببێت، به‌ڵكو له بنه‌ڕه‌تدا دژی مه‌عریفه و بهڵگهنهویستهكانە و بۆ تێكشكاندن
و هه‌ڵكۆڵینی ژێر پێیان دروست ده‌بێت. هیچ بونیادنان و دروستكرنێك بێ له‌ناوبردن و
ڕوخاندن بوونی نییه، هیچ حه‌قیقه‌تێك به بێ هه‌ڵه بوونی نییه.
سەرچاوە:
عبدالسلام بنعبد العالي، في مديح الخطأ، حكمة-من أجل
إجتهاد فلسفي، 2015.
No comments:
Post a Comment