بەشى دووەم
ژۆرژ باتای
وەرگێڕانى:
هاوار محه‌مه‌د
·
جیهانی دڵخۆشانەى فرانز كافكا:
كافكا ژیانی سەروەرانە (حاکمانە) بۆ خۆى چێ
ناکات: به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌و دایده‌هێنێت ته‌نانه‌ت له‌و ساته‌یشدا
كه وه‌ك هیوایه‌تێك دێته دی، به‌به‌رده‌وامی غه‌مگینانه‌یه. ئیرۆتیزم له دادگایی
یان له كۆشكدا ئیرۆتیزمێكه به بێ عه‌شق و ئاره‌زوو یان هێز، ئیرۆتیكێكی
ساردوسر و بێتام، كه ده‌بێت به هه‌ر نرخێك بوه مرۆڤ لێی هه‌ڵبێت. به‌ڵام هه‌موو
شتێك جێگای سه‌رسوڕمانه. له 1922[1]دا،
كافكا له یاداشته‌كانیدا ئه‌مه تۆمار ده‌كات:
«هه‌رچه‌نده زیاتر ڕه‌زامه‌ند ]تێر[بم[2]
ده‌مه‌وێت ڕه‌زامه‌ند نه‌بم. به هه‌موو ئەو ئامرازانەی كات و نەریت كه له به‌رده‌ستمدایه
به‌دوای ناڕازیبووندا ده‌گه‌رێم: ئینجا ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌م. له‌به‌رئه‌وه
منیش هه‌میشه ناڕازیم، ته‌نانه‌ت ناڕازیم له ناڕازیبوونهكهم. سه‌یره كه له‌گه‌ڵ
ئه‌و ڕێكخستنه ته‌واوه‌دا ده‌بوو هه‌ندێك حه‌قیقه‌ت له‌م دۆخه سه‌خیفه‌وه به‌رهه‌م
هێنرابان. په‌شۆكانه عهقڵییهكهم وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی منداڵانه سه‌ریهه‌ڵداوه،
وێڕای ئه‌وه‌ی كه به جۆرێك له جۆره‌كان ناتوانین نكوڵی له‌وه بكه‌ین كه ئه‌وه
گه‌مه‌یه‌كی به‌رده‌وامی منداڵانه‌یه، بۆ نموونه وا خۆم ده‌رخست كه خه‌ریكه جه‌ڵته‌ی
ده‌ماغ لێم ده‌دا. به‌ملاوبه‌ولادا ده‌ڕۆیشتم و ده‌ستم له پشته‌سه‌رم
تووندكردبوو، شتێكی قۆڕ و ناشیرینی منداڵانه، به‌ڵام شتێكی سه‌ركه‌وتوو بوو. هه‌مان
شت بۆ په‌ره‌دان به نووسینه‌كانیشم ڕاسته، ئه‌و په‌ره‌پێدانه‌ی كه به داخه‌وه
دواتر وەستا. ئه‌گه‌ر بشیایه نائومێدی به شێوه‌ی پیشه‌یی دروست بكرایه، ئه‌وا
هه‌ر به‌م شێوه‌یه دروست ده‌كرا».
به‌ڵام له شوێنێكی تردا فراگمێنتێكی
بێ بهروار ده‌بینین[3]:
"ئومێدم به سه‌ركه‌وتن نییه، چێژ نابینم له خەبات له پێناو خەباتدا
خۆیدا، ته‌نیا به‌و هۆیه ئه‌توانم چێژی لێوه‌ربگرم كه تاكه شتێكه بتوانم بیكه‌م.
تێكۆشان خۆی پڕم ده‌كات له شادى، كه ئه‌مه به ڕاستی ئه‌وپه‌ڕی ئه‌و شته‌یه كه
بتوانم به‌كرده‌یی چێژی لێ ببینم، ئه‌و شته‌یه كه بتوانم بیبه‌خشم، ڕه‌نگه له
دواجاردا خۆم بدەمە دەست شادى ]دڵخۆشى[، نه‌ك خەبات".
ئه‌و ده‌یویست له ڕازیبوونی خۆی خەفەتبار[4] بێت:
به‌شه هه‌ره نهێنییه‌كه‌ی ئه‌م خەفەتبارییە ئه‌و فۆڕمه هه‌ره زه‌قه‌ی دڵخۆشییه
كه له پێناویدا قسه‌ی له‌مه‌رگ كردووه. "سه‌ری خۆی خوار كرده‌وه، قوڕگی ده‌رخست
كه برین له گۆشتی هەڵقرچاوى سوتاو و خوێنه‌وه هەڵدەتۆقى، هۆی ئه‌مه ئیشراقێکى
ڕۆشناییبەخشە هێشتایش به‌رده‌وامه"[5].
گومان له‌وه‌دا نییه كه ئیشراقى ڕۆشناییبەخش –ڕۆشنایی به‌رده‌وام- واتاكه‌ی له‌و
خه‌مۆكییه گه‌وره‌تره كه له پێشییه‌وه باسكراوه. ئه‌م بڕگه قه‌شه‌نگه‌ی دواتر،
له یاداشته‌كانی كافكادا ده‌بینین و هی ساڵی 1917[6]یه:
هه‌رگیز نه‌متوانیووه له‌وه
تێبگه‌م كه هه‌ر كه‌سێك بنووسێت به‌جۆرێك له جۆره‌كان ده‌شێت ئازار له پێناو
ئازاردا ئوبێکتیڤ بکاتەوە. بۆ نموونه، له خەفەتى تایبه‌تی خۆمدا، به‌م
کەللەسەرەمەوە كه هێشتایش له خەفەتتدا ده‌سووتێت، ده‌توانم دانیشم و بۆ كه‌سێك
بنووسم: من خەفەتبارم. ده‌توانم له زه‌خره‌فه و گوزاره ڕه‌وانبێژییه جیاوازه‌كانمدا،
به گوێره‌ی توانستەکانى خۆم، كه له هیچ شتێك‌دا له خەفەتەکەم ناچن ته‌نانه‌ت له‌وه‌یش
دوورتر بڕۆم، ده‌توانم له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌ی دژیه‌كی (طباق)ـی ڕه‌وانبێژانه،
یان به ئۆركسترای ته‌واوی پێشهاته‌كانی واتا و بیرۆكه و هزره‌كان، به ڕێگایه‌كی
ساده سه‌رپێیی و ڕاگوزه‌ر بم. ئه‌مه درۆیه‌ك نییه، ئه‌مه ئازار كه‌مناكاته‌وه
و نایشكێنێت: ئه‌وه هێزێكه زێده‌ڕه‌ویی تێدا كراوه، له ساتێك له ساته‌كاندا هاوه‌ڵی
فه‌زیله‌ته، ئه‌و كاته‌ی كه ئازار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌موو وزه‌ی من، تا ئه‌وپه‌ڕی
قوڵایی بوونم، هه‌ڵده‌مژێت و به‌رده‌وام كه‌وڵم ده‌كات. ئه‌م زێده‌ڕه‌وییه چییه؟
لێگه‌ڕێن با گرنگی به‌م پرسیاره
بده‌ین: ئه‌م زێده‌ڕه‌وییه چییه؟ له هه‌موو چیرۆكه‌كانی كافكادا، چه‌ند دانه‌یه‌كیان
به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی "حوكم" چێژبه‌خشن. له یاداشته‌كانی 23ی
سێپتێمبه‌ری 1913[7]دا
ده‌خوێنینه‌وه:
ئه‌م چیرۆكه‌م به بێ پچران له شه‌وی
22 و 23دا نووسیوه، له سه‌عات ده‌ی ئێواره‌وه بۆ شه‌شی به‌یانی. قاچەکانم له
ژێر مێزه‌كه‌وه سڕ بووبوون بۆیه زه‌حمه‌ت ده‌متوانی ڕایانبكێشم. هه‌وڵی ترسێنه‌ر
و دڵخۆشكه‌ر بۆ ته‌واوكردن و بینینی كۆی چیرۆكه‌كه له‌پێش خۆم تادەهات لە مندا
زیادیان ده‌كرد، -چۆن لە ئاودا ڕێگاى خۆم بکەمەوە؟ چه‌ندینجار له وه‌ختی شه‌ودا،
هه‌موو قورسایی له‌شم ئه‌خسته سه‌ر سمتم. چۆن ده‌كرێت هه‌موو شتێك بگوترێت، چۆن
هه‌موو ئایدیایه‌ك به زه‌ینمدا بێت، ته‌نانه‌ت ئایدیا هه‌ره سه‌یره‌كانیش، ئینجا
ئاگرێكی گه‌وره چاوه‌ڕێیان بێت تاوەکو لەنێوبچن و سه‌رله‌نوێ زیندووبێته‌وه؟
چیرۆكه‌كه وه‌ڵامی ئه‌مانه بوو.
كارۆجیز[8] ده‌ڵێت:
ئه‌م حیكایه‌ته نوێیه چیرۆكی گه‌نجێك ده‌گێڕێته‌وه كه له‌سه‌ر حزورى یه‌كێك له
هاوڕێكانی، له‌گه‌ڵ باوكی‌دا ده‌بێته ده‌مه‌قاڵێی و به خۆكوشتن كۆتایی پێدێت. له
چه‌ند دێڕێكی كه‌مدا، كورت به ئه‌ندازه‌ی وه‌سفكردنی دهمهقاڵێكه، ده‌زانین كه
گه‌نجه‌كه چۆن خۆی ده‌كوژێت:
بەهەڵەداوان به‌ره‌و ده‌ره‌وه ته‌كانی
دا، له ده‌رگاكه و لە هێڵى شەمەندەفەرەکە تێپه‌ڕی، وەها به‌ره‌و ئاوه‌كه ڕۆیشت
كه نه‌ده‌كرا به‌ری پێبگیرێت. خۆى بە پهرژینهكهوە نووساند وه‌ك چۆن پیاوێكی
برسی له خواردن ده‌نیشێت. به‌سه‌ر په‌رژینی سه‌لامه‌تیدا بازیدا، وه‌كو وه‌رزشه‌وانێكی
پیشه‌گه‌ر كه له گه‌نجیدا به‌و جۆره بووه و جێی شانازی باوك و دایكی بووه. بۆ
ساتێك خۆى بە جێدەستێکى باریکەوە ڕاگرت، سه‌یری ئه‌و پاسانەى ده‌كرد كه له به‌ینی
هێڵى قەراغەکانەوە تێده‌په‌ڕین، ڤڕەڤڕێک کە دروستیان دەکرد بە ئاسانى
ده‌نگی بەربوونەوەکەى ئەویان دەشاردهوه، به هێواشی گریا: "دایك و باوكی
ئازیزم، هه‌میشه خۆشم ویستوون"، ئینجا خۆی شل كرد تاوه‌كو بكه‌وێت. له‌و
ساته‌دا ئیدى لەسەر پردەکە بوو بە قەرەباڵغى و هاتوچۆ بە ماناى وشە ناڕەحەت بوو.
میشێل كارۆجیز له‌سه‌ر هه‌قه كاتێك
جه‌خت له‌سه‌ر به‌های شیعری ئه‌و بڕگه‌ی پێشوو ده‌كاته‌وه. كافكا خۆی له‌لای "ماكس
برود"ی خوداناس تهفسیرێكی دیكه‌ی بۆ كردووه؛ لێیپرسیووه: "ده‌زانیت
ئه‌و گوزاره‌یه‌ی كۆتایی واتای چییه؟ له‌و ساته‌دا كه ده‌منووسی بیرم له بازێكی
بەگوژم ده‌كرده‌وه"[9].
داخۆ "ئه‌م لێدوانه نائاساییه" شتێكمان له باره‌ی "بنەوانێکى ئیرۆتیكی"ـیه‌وه
پێده‌ڵێت؟ تۆبڵێى واتای ئه‌وه بێت كه "له كرده‌ی نووسیندا جۆرێك له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی
به‌زین له‌به‌رده‌م باوكدا و قەرەبووکردنەوەى شكستی خه‌ونی ژیانى گوێڕایەڵانە هه‌یه"؟[10].
نازانم، به‌ڵام له ژێر ڕۆشنایی ئه‌م "لێدوان"ـه‌دا، دەربڕینەکە گوزارشت
له سەروەریى دڵخۆشی ده‌كات، به‌ربوونه‌وه یان كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی باڵاترین بوونه‌وه‌ر
بۆ نێو ئەو عه‌ده‌مه‌ى كه لەوانیتر پێكهاتووه.
فاکتى ڕووتى مردن شتێكه وه‌كو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی
سه‌روه‌ریی دڵخۆشی[11].
ئازار به‌ر له دڵخۆشی دێت، وه‌كو هۆشیارى لە نەشەمەى شوومى مەسەلەیەک، وه‌ك بڵێی بە
کردەنى تێگەیشتن بووە لە ساتی مه‌ستییدا، کە تێیدا بێتاقەتیى شڵەژانى ساتى لەدایکبوون-یان مه‌رگى
تێدا ڕوودەدات. به‌ڵام خەفەت به ته‌واوی مانا ئازار نییه. لای كافكا، مه‌رگی
"جۆرج بێندمان"ـی هاوه‌ڵی، واتای به‌خته‌وه‌ریی هه‌بوو: بێتاقەتیى
خۆویستانە زیاد لە ڕادەى خایاند، به‌ڵام ئازاره‌كه بۆیه نه‌ما چونكه بۆ باوکەکە
خۆشه‌ویستییه‌كی ڕوون و ئاشكرا و ڕێزێكی ئاشكرا بوو. هیچ ڕێگه‌یه‌كی دیكه نه‌بوو
بۆ یه‌كخستن و ته‌باكردنی نێوان ڕێزێكی قووڵ و نه‌قسێكی ئه‌نقه‌ست له ڕێزدا. ئا
ئه‌مه باجی سەروەرییە: تاکە مافێک کە تێیدابێ مردنە: نە دەتوانین بە جارێک بیکەین
نه دەتوانین داوای سەرپشکبوونى لێ بکەین کە تەنیا پەیوەستە بە کردەکەوە، ئه‌و
كرده‌یه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن سەروەرانە نییه به‌هۆی ئه‌و چۆنیەتییە كۆیلایەتییەوە
كه لە قووڵایى هەر گەڕانێک بەدوای ده‌ره‌نجامه‌كاندا هەیە، ئه‌و كرده‌یه‌ی كه هه‌میشه
شوێنكهوتەیە. ئایا هیچ شتێكی نامۆ و چاوەڕواننەکراو له‌م پێکەوەسازانەى مه‌رگ و
چێژدا هه‌یه؟ چێژ –ئه‌و شته‌ی كه هەرچۆن هەژمار بکرێت هەر بێ هه‌ژمار مایه‌ی
دڵخۆشییه- سیفه‌تى تایبه‌تى یان دروشمی بوونه‌وه‌ری خۆسهروهرە، مه‌رگ وەک
سزاکەى بەرۆکى دەگرێت، لەگەڵ ئەمەیشدا مەرگ ئامرازەکەیشیەتى.
ئه‌وه‌ی ده‌توانین بیڵێین هه‌ر ئه‌مه‌یه.
"ئیشراق و شادی" به‌ره‌نجامی ساته ئیرۆتیكییه‌كان نین. ئه‌گه‌ر
ئیرۆتیكایه‌ك هه‌بێت، ئه‌وا بۆ ئەوە هەیە فه‌وزا بنێتەوە، وه‌كو كرژبوونی درۆیینه‌ی
شانهدهمارهكانی مێشك، هەر ئەو شتەى كافكا ده‌یویست وا بنوێنى جه‌ڵته‌ی مێشك
لێیداوه تاوه‌كو له‌و ڕێگه‌یه‌وه "خەفەت بەرهەم بهێنێ". ته‌نیا بەدبەختیى
زیاتر و شێوازی ژیانێكى ناماقوڵى پاساوهەڵنەگر زه‌روره‌تی خەبات دێننە کایە و ئه‌م
ئازاره‌یش كه‌ده‌ست ده‌نێته بینمان ئه‌گه‌ر بوونی نه‌بێت نه باڵایه‌تی هەیە و نه
فه‌زیله‌ت. خەفەت و گوناهـ به كرده‌یی له خۆیاندا خەباتن. خەبات، كه فەزیلەت
واتا قووڵهكهیهتی، تێکۆشانێکە به ده‌ره‌نجامه‌كانی ناپێورێت و خۆی ناخاته مه‌حه‌كی
ئاكامه‌كانییه‌وه. ئه‌گه‌ر پێویستمان به ئازاره ئه‌وا خەبات "تاکە شتێ نییە
کە ئەو له توانایدا هه‌یه بیكات". ته‌نیا ئه‌و كاته‌ی كافكا له حاڵه‌تی خەفەتدایە
و به هۆی ئه‌و خەفەتەوە هەست دەکات پڕ ده‌بێت له "شادییه‌ك کە له‌وه
زیاتره (ئه‌و) بتوانێت به‌ڕاستى چێژی لێ ببینێت، له‌وه زیاتره (ئه‌و) بتوانێت
بیبه‌خشێت". ئینجا تەوژمى شادییەکە بە ڕادەیەک تووند دەبێ كه وای لێدێت ئەو لە
شادییەوە نه‌ك له خەباتەوە، چاو بۆ مردن ده‌گێڕێت.
·
سه‌رزیندوویی منداڵە دڵخۆشەکە:
(بهرجهستهبوونەوەى ئازادیی کەسى سەربەست له مه‌رگدا)
یه‌كێك له بڕگه‌كانی كافكا له "مندڵان
لەسەر ڕێگای شار[12]"دا،
ڕواڵه‌تێكی پارادۆكسیكاڵی زیندووێتییه بهختهوهرانهكهی پیشان ده‌دات. وه‌كو
هه‌موو ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی دیكه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كه وه‌سفمان كردن، له‌م بهرههمهیشدا
هیچ شتێك به تووندی په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیدار نییه به نه‌زمێكی پته‌وه‌وه یان
په‌یوه‌ست نییه به كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیی دیاریكراوی پێناسهكراوهوه. هه‌میشه
هه‌مان پارچەپارچەبوونى بێ فۆڕم هەیە، هەمان تەمى تەنک کە بەهۆى ڕه‌شه‌باوه، هه‌ندێجار
به‌هێواشی و هه‌ندێجار به خێرایی، پەڵە پەڵە بووە. ئه‌و ئامانجێكی ڕوونی بۆ خۆی
دیاریی نه‌كرد، چاوی له ئامانجێك نه‌بڕی كه به ئاشكرایی پشتیوانی لێ كردبێت
تاوه‌كو ئه‌م ئامانجه دەلالەتێک به‌و بێ سنورییە بدات كه زۆر بە پاسیڤى بەسەر کەسى
سەروەردا زاڵ دەبێت. ئه‌و كاته‌ی كافكا منداڵ بوو چووه تیپێكی یارییه‌وه:
«له ئێواره‌دا ڕامانده‌كرد و سه‌رمان
دانه‌واندبوو. شه‌و و ڕۆژ چیتر بوونیان نه‌مابوو. زنجیری پاڵتۆكانمان وه‌كو ددانه‌كان
چەقوچۆقیان بوو، هه‌ر یه‌كێكمان به جێپێی ئه‌ویتردا ده‌ڕۆیشتین، ده‌ممان وه‌كو
ئاژه‌ڵه گەرمەسێرییەکان گڕی گرتبوو. وه‌كو سوارچاكه زرێپۆشه‌كان له جه‌نگه
كۆنه‌كاندا خۆمان هه‌ڵده‌دا بۆ ئاسمان و به‌رزده‌بووینه‌وه، هه‌ر یه‌كێكمان ئه‌وانیترمان
ده‌برد بۆ كۆتایی گه‌ڕه‌كه بچووكه‌كه و بۆ سه‌ره‌وه به‌ره‌و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كه.
ئه‌و كه‌سانه‌ی له یه‌ك جیابوونه‌وه بازیان دایە نێو خەرەندەکەوە، به‌ڵام به زه‌حمه‌ت
له تاریكیی پرده‌كه‌دا ونبوون، ئینجا دواتر له ڕێگه‌كه‌وه له قه‌راغی كێلگهكانهوه
دهردهكهوتنهوه، هه‌ر وه‌كو غه‌ریبه‌كان گرنگییان به ئێمه نه‌ده‌دا...».
ئه‌م لێكدژییه (هه‌ر ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی
هه‌تاو دژی ته‌مێكه كه ناڕه‌وێته‌وه، حه‌قیقه‌تیش به‌و جۆره شاراوه‌یه) یارمه‌تیمان
ده‌دات تاوه‌كو له‌و كاره‌ی كافكا تێبگه‌ین كه به ڕواڵه‌ت غه‌مگین ده‌رده‌كه‌وێت.
له دواتردا، برینه سه‌خته‌كه‌ی منداڵییەکەى و گریانی تێكه‌ڵ به پێكهنینەکەى له
لایەن مهرگەوە قووت دەدرێن. ته‌نیا مه‌رگ خۆی به ئه‌ندازه‌ی پێویست فراوانه و
مه‌وداكه‌ی به‌رینه، به ته‌واوی خۆى له "كرده - شوێنكه‌وتن –
ئامانج"، له وروژاندنی نهێنییانه‌ی شادی شه‌یتانییانه‌ی كافكا، دەشارێتەوە.
به واتایه‌كی دیكه، كافكا له قبوڵكردنی مردن‌دا، له‌نێو سنوروه‌كانی مه‌رگدا، له‌نێو
ملكه‌چی بۆ ئامانجدا، ئه‌وه‌ی بینی هه‌ڵوێستی سەروەر كه چاوی له هیچ نه‌بڕیوه و
خوازیاری هیچ شتێك نییه، له یه‌ك چاوتروكاندا لە پڕێتییهكهی و تینوێتییه‌كه‌ی
تێهه‌ڵده‌چێته‌وه. كاتێك بێندمان به‌سه‌ر په‌رژینه‌كه‌دا بازی دا پاڵنه‌ره‌كه‌ی
هی منداڵییه‌كی ده‌ربه‌ده‌ر بوو. هه‌ڵوێستی کەسى سەروەر گوناهبارانەیە و قه‌رزداره،
به ئه‌ندازه‌ی هه‌وڵدانی بۆ هه‌ڵهاتن له مه‌رگ خەفەتبارە، به‌ڵام ڕێك ئه‌و كاته‌ی
ئه‌م هه‌ڵوێستی سەروەرییە ده‌گیرێته به‌ر، جارێكی دیكه هه‌ستكردن به تینوێتیی
منداڵێتی له ده‌ریای ئازادییه‌كی بێ سووددا ده‌كه‌وێته‌وه مه‌له‌كردن. ژیان،
ژیانێك كه بۆ كه‌مكردنه‌وه و كورتكردنه‌وه و نوقسانكردن ناشێت، ئه‌و شته ڕه‌ت
ده‌كاته‌وه كه مه‌رگ پێشكه‌شی كردووه. مه‌رگ به ته‌نها خۆی به ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی
تەواوەتى كردارەوه ده‌دات، به‌ڵام به ده‌ستییه‌وه ئازار ناكێشیت.
·
پاساودانی دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم:
ده‌توانین له كاره‌كانی كافكادا
ڕه‌هه‌ندێك یان ڕواڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریی بكه‌ین. لایه‌نێكی سێكسی و لایه‌نێكی
خێزانی و دواجار لایه‌نێكی ئایینی. به‌ڵام به‌لای منه‌وه ئه‌م جۆره دابهشكارییانه
زیاده و ناپێویستن: هه‌تا ئێستا هه‌وڵمدا ڕوانگه‌یه‌ك له هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه‌وه
بخه‌مه‌ڕوو. بێگومان له چیرۆكه‌كانی كافكادا، ته‌نیا ده‌كرێت له كۆنتێكستی گشتیی
ده‌قه‌كاندا له كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی تێبگه‌ین. ده‌توانیت "داستانی بێکاران"
ببینیت، یاخود "یه‌هودییه سته‌ملێكراوه‌كان" له كۆشكـدا
ببینیت، دەتوانیت "داستانی سكاڵا لێكراوێك له سه‌رده‌می بیرۆكراسییه‌تدا"
له دادگاییـدا بدۆزییەوە، ئینجا ده‌توانین ئه‌م حیكایه‌تانه یان ئه‌م وه‌سوه‌سه
سهرقاڵكهرانه له‌گه‌ڵ جیهانی زۆر ورده‌كار و چڕی "پروست"دا به‌راورد
بكه‌ین، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌مه پاساوێك نادات به ده‌سته‌وه. به‌ڵكو كارۆجیز
بانگه‌شه‌ی شیكاركردنی دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم ده‌كات؛ ئه‌و پێمان ده‌ڵێت كه ڕه‌نگه
به‌رگریكردن له كافكا ئاسان بێت: "ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت وه‌ك ئه‌وانیتر به
دژایه‌تیكردنی شۆڕش تۆمه‌تباری بكات، ئه‌وا دژ به هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه له‌م
باره‌یه‌وه ده‌درێنه پاڵی، ئه‌و خۆی له وێنه‌گرتن یان له وه‌سفكردنی دۆزه‌خی
سه‌رمایه‌داریدا قه‌تیس كردبوو"[13].
"خۆ ئه‌گه‌ر وا دەریشبکەوێت هه‌ڵوێستی كافكا "بۆ زۆر شۆڕشگێڕ جێگاى ڕق و
بەغزاندنە"، ئه‌وا خۆی ده‌ڵێت "له‌به‌رئه‌وه نییه به ڕوون و ڕاشكاوی ته‌نیا
هێرش ده‌كاته سه‌ر بیرۆكراتییه‌تی بۆرژوازی و دادپه‌روه‌ری بۆرژوازی –هێرشێك كه
ده‌شێت ئه‌وانیش له‌مه‌دا هاوڕای بن-، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه كه هێرشی كردۆته
سه‌ر هه‌موو جۆره‌كانی بیرۆكراسییه‌ت و دادپه‌روه‌ریی ساخته‌یش"[14].
داخۆ كافكا ویستوویه‌تی ڕه‌خنه‌ی خودی ئه‌و دامه‌زراوانه بكات كه ده‌بێت
بیانگۆڕین به دامه‌زراوه‌ی نه‌رمتر و كه‌متر وه‌حشی؟ دیسانیش كارۆجیز ده‌نووسێت:
"تۆبڵێی له شۆڕش ئاگاداری كردبینهوه؟ یان هیچ كه‌س وه‌كو ئه‌و هانده‌ری
شۆڕش نه‌بووه. ئه‌و ته‌نیا جه‌ختی له‌سه‌ر داڕمانی مرۆڤ ده‌كرده‌وه: ئایا هه‌موو
خوێنه‌رێك ده‌توانێت له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه هه‌ندێك بڕیار له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه
بدات؟ ئه‌ی چۆن مرۆڤ ناتوانێت به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته قێزه‌ونه‌دا یاخی ببێت كه
ناهێڵێت زەوىپێوەکە ]ڕووپێوى زەوى "جۆزێف ک" بۆ نموونە[ کار بکات؟"، له‌لایه‌كی دیكه‌وه،
من پێموایه خودی ئایدیای شۆڕش به ئه‌نقه‌ست له كۆشك كراوه‌ته ده‌ره‌وه.
كارۆجیزیش ئه‌مه ده‌زانێت، شتێكی كه‌مێك له‌مه زیاتریش ده‌ڵێت[15]:
"تاكه ڕه‌خنه‌یه‌ك كه مرۆڤ بتوانێت ئاراسته‌ی كافكای بكات ڕه‌خنه‌كردنی
گومانی ئه‌وه له هه‌وڵی شۆڕش، چونكه ئه‌و باس له‌و كێشانه ده‌كات كه كێشه‌ى
سیاسی نین، به‌ڵكو كێشه‌ی مرۆڤن، كێشه‌ی مرۆڤ لە ئێستا و دوای شۆڕش و بۆ ئه‌به‌دیش".
به‌ڵام قسه‌كردن ده‌رباره‌ی گومانی كافكا، هه‌روه‌ها پێدانی واتایه‌كی په‌یوه‌ست
به وشه و كرداره مرۆییه سیاسییه‌كان به‌و كێشانه‌ی كافكا باسی كردوون، به ئه‌ندازه‌ی
پێویست له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ یه‌كێك له لایه‌نه‌كان ناشكێته‌وه.
دوور له ئاخاوتن ده‌رباره‌ی
ناكۆكی، ده‌بینین دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌سته به تێگه‌یشتنێكی
دیاریكراوه‌وه له كافكا و لە هزره‌كانی. من ده‌مه‌وێت له‌مه‌یش زیاتر بڕۆم؛ هه‌ڵوێستی
كافكا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باوكی ئاماژه‌یه بۆ دژایه‌تیی به‌رامبه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك
كه له چالاكیی كاراوە په‌یدا ببێت. چالاكیی كارا، كه تا ئاستی دیسپلینى
عەقڵى وەک سیسته‌مێك لەوانەى كۆمۆنیسته‌كان باسى دەکەن دەڕوات، ئەوەیە کە به
ڕوونی وه‌ك چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌یه‌ك دەخرێتە ڕوو. له‌گه‌ل ئه‌وه‌یشدا بە گشتى
هەڵویستى ئەو نە پشتگیریی بووە لە شۆڕش و نە سەزەنشتى سەربەستیى ڕاسته‌قینه‌یشی کردووە،
سەربەستییەک کە ئەم ساته‌وه‌ختانه‌ی ئێستا ده‌به‌ستێته‌وه به ساته‌وه‌خته‌كانی
دواتریانه‌وه. ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی سه‌خت و قورسه بۆ حزبێك كه ته‌نیا ڕێز له عه‌قل
ده‌گرێت و پێیوایه ئه‌و به‌ها نالۆژیكیانه‌ی له "بەفیڕۆدان" و "بێ
ئامانجی" و "منداڵێتی"ـدا خۆی ده‌نوێنێت، كۆمه‌ڵێك ماسكن به‌سه‌ر
ڕووی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و كه‌سییانه‌وه. تاكه هه‌ڵوێستێكی سەربەستى كه له‌لایه‌ن
كۆمۆنیسته‌كانه‌وه ڕێگای پێدراوه سەربەستییە بۆ منداڵ به‌ڵام له فۆڕمە چکۆلەکەیدا.
ئه‌وه بۆ ئه‌و منداڵانه ڕه‌وایه كه ناتوانن بگه‌نە ئاستى جددییه‌تی كه‌سانی
پێگه‌یشتوو، یان توانایان نییه ئه‌م ئامانجه به‌دی بهێنن. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی پێگه‌یشتوو
واتایه‌كی گه‌وره به منداڵێتییهوه ده‌لكێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستیكرد به نووسین و
وا هه‌ستی كرد كه به‌های سەربەستیى گه‌وره‌تر ده‌كات، ئه‌وا هه‌رگیز له كۆمه‌ڵگه‌ی
كۆمۆنیستیدا جێی نابێته‌وه. له جیهانێكدا كه بۆرژوازییه‌تی تاكه‌كه‌سی نەفى
کراوە ناتوانین به‌رگری له شادیی هه‌رزه‌كارانه‌ی كافكای پێگه‌یشتوو بكه‌ین یان
ته‌فسیری بكه‌ین یان پاساوی بۆ بهێنینه‌وه. كۆمۆنیزم له بنه‌ڕه‌تدا نكوڵیكردن و
نهفیكردنهوهیهكی ته‌واوه و سه‌راپاگیره، پێچه‌وانه‌یه‌كی ڕیشه‌یی مه‌به‌ست و
خواسته‌كانی كافكایه.
·
به‌ڵام كافكا خۆی ڕازییه:
هیچ شتێك نییه كه بشێت كافكا خۆی
ساغی بكاته‌وه، یان شتێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه به ناوی ئه‌وه‌وه بووترێت. ئه‌وه‌ی
كافكا ویستوویه‌تی، كه له ڕاستیدا هیچ شتێكی نه‌ویستووه، ته‌نیا ئاماده‌بوونه
له‌و پنته‌دا كه لێیه‌وه "ئه‌كتی کاریگەر"ی سه‌رزه‌نشت كردووه. ئه‌وه‌یش
هیچ نییه جگه له پووچه‌ڵكردنه‌وه و جێبه‌جێكردنی ئه‌كتی کاریگەر پێکەوە و له
یه‌ك كاتدا. ئه‌مه ئه‌و هۆكاره بوو كه وای لێ‌كرد له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتێكدا بچه‌مێته‌وه
كه خۆی سه‌ركۆنه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام شێوازی نوشتانه‌وه‌ی ئه‌و زۆر له هاتوهاوار توند‌وتیژتر
بووه. ئه‌و ده‌نووشتایه‌وه، به‌ڵام له كاتی نووشتانهوهدا ئه‌وینداریی ده‌كرد
و ده‌مرد، ئه‌و بێده‌نگیی عه‌شق و مه‌رگى دەخستە بەرامبەر یەکترییەوە، كه هه‌رگیز
نه‌یانده‌توانی وای لێ بکەن ته‌سلیم ببێت ]بە جیهانى گەورەکان و باوکى[، چونكه ئه‌و
عه‌ده‌مه‌ی كه هەرگیز ناتوانێت ته‌سلیم ببێت ئەگەرچى عه‌شق و مه‌رگیش لەوێدا هەن، سەربەستیى
ئەوەیە کە هەیە[16].
سه‌رچاوه‌کان:
جورج باتاي، هل يجب احراق كافكا؟ ترجمة: محمد هاشم
عبدالسلام، مجلة (انتهاكات) "أقواس: نصوص أيروسية"، دورية عربية في
الفكر و الإبداع, العدد 2, 2015، ص102-117.
Georges Bataille: SHOULD KAFKA BE BURNT? Literature
And Evil, London, Marion Boyars, 1985. www.sauer-thompson.com/essays/Kafka.doc
:پەراوێزەکان
[11] پێموایه لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به بڕگه‌یه‌ك بده‌م كه
بۆ كتێبێكی دیكه نووسیومه: ئیمه هه‌ڵه‌ین كه بایه‌خێكی زۆر به گۆڕانی بوونه‌وه‌ر
له فۆڕمێكه‌وه بۆ فۆڕمێكی دیكه ده‌ده‌ین. نه‌خۆشییه‌كه‌مان ناسینی ئه‌وانیتره
به‌و پێیه‌ی گوایه له دهرهوهماندان، ئه‌گه‌رچی له ناوه‌وه شتێك ده‌رباره‌ی
خۆمان ناڵێن. ئه‌گه‌ر خه‌یاڵی مه‌رگ بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و بۆشاییه‌ی كه مه‌رگ له‌دوای
خۆی جێیده‌هێڵێت، به‌هۆی نیگه‌رانی له گیانی خۆمان تووشی وه‌سوه‌سه‌مان ده‌كات،
ئه‌گه‌رچی جیهان له پڕێتییهكانیش پێكهاتووه. به‌ڵام مه‌رگی ناڕاسته‌قینه ئه‌و
مه‌رگه‌یه كه وامان لێده‌كات هه‌ست به بۆشایی بكه‌ین، له یه‌ك كاتدا هه‌م سه‌رنجمان
ڕاده‌كێشێت و هه‌میش بێزارمان ده‌كات، چونكه ئه‌م بۆشاییه په‌یوه‌ندیداره به
پڕێتی بوونه‌وه‌ره‌وه. عه‌ده‌م، یان بۆشایی، یان ئه‌وانیتر، وه‌كو یه‌ك شێوازی
جۆراوجۆری پڕێتی نا-كهسییانهن كه ناتوانین ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرین.
تێبینى: ئەم وتارە لە نامیلکەى "جۆرج باتاى"، زنجیرە نامیلکەى فەلسەفیى دەزگاى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment