گفتوگۆ
له‌گه‌ڵ ژولیا كریستیڤا
سازدانی: ئه‌نۆ
سپێرز
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
- له ماوه‌یه‌كی ژیانتدا
له‌ژێر كاریگه‌ری فیكری "ماوتسی تۆنگ"دا بوویت، بنه‌مایه‌ك ده‌درێته
پاڵ ئه‌و كه ده‌ڵێت كاتێك مرۆڤ شۆڕش ده‌كات له شۆڕشه‌كه‌یدا له‌سه‌ر هه‌قه.
ئایا ناتوانین بڵێین، به جۆرێك له جۆره‌كان، ئه‌وه هه‌مان ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه
ژیانی تۆ و بگره بهرههمهكانیشتی ئاراسته كردووه؟
- ماوتسی تۆنگ شتانى زۆرى
وتووه، هه‌وڵمداوه فیكری ئه‌و به هه‌موو ئاڵۆزییەکانییەوە بخوێنمه‌وه، بۆ ئه‌مه‌یش
ناچاربووم به ته‌واوی له فیكری چینی‌دا ڕۆبچم، چوومه كۆرسێكی فێربوونی زمانی
چینی و بهكارلۆریام تێدا به‌ده‌ست هێنا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه هه‌رگیز دادی نه‌دام، به‌ڵام
به‌ره‌و ته‌رزێكی جیاوازی فیكر ڕێی نیشاندام. بینیم ئه‌زموونی چینی ئەزموونى كۆمۆنیزمی
ناسیۆنالیستانهیە كه ده‌یتوانی سه‌ره‌تا و ڕێگه‌خۆشكه‌ر بێت بۆ فۆڕمی نوێی شۆڕش،
به تایبه‌تیش دژ به دۆگماتیزمی ستالین. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌بینین هه‌ندێك
گوزارشتی ماوتسی تۆنگ هەن، ئه‌گه‌رچی ئێجگار ساكارن به‌ڵام دەڵێى شەو جۆره حیكمه‌ت
و پەندانەیە كه له پێشینانه‌وه بۆمان ماونەتەوە؛ هه‌ندێك له‌و قسانه‌م بیرماوه،
له‌وانه: »له هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه بۆ هه‌ڵه‌یه‌كی تر، ده‌ڕۆین هه‌تا
سه‌ركه‌وتن«، هه‌روه‌ها »هەمانە و نیمانە، تەنیا هێزى خۆمانە، با پشتى پێ ببه‌ستین«. ئه‌م دوو گوزارشته‌م زۆر به‌كارهێناوه و
گه‌لێجار دووباره‌م كردوونه‌ته‌وه، به تایبه‌تیش كاتێك باس له ئه‌زموونی هاوسه‌رگیریی
ده‌كه‌م. به‌لای منه‌وه ئه‌زموونی مرۆیی هه‌ر به كرده‌یی له جه‌وهه‌ریدا واتای
شۆڕشی هه‌ڵگرتووه، چ په‌یوه‌ندیدار بێت به ژیانی سیاسییه‌وه، یانیش به ژیانی
تایبه‌تییه‌وه.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه
نیگه‌رانیی ده‌روونی، جمكی نیگه‌رانیی سیاسییه. له سایه‌ی مێژووی مۆدێرندا
توانیمان ئه‌وه ببینین كه چۆن ڕێچكه‌كانی ده‌روونشیكاری له‌گه‌ڵ ڕێچكه‌كانی تاكه‌كه‌سه
ئازاده‌كاندا یه‌كتری ده‌بڕن. له‌نێو ئه‌م تاكانه‌دا كه‌سانێكی شۆڕشگێڕیان تێدایه
كه مه‌یلی كۆمۆنیزمییان هه‌یه. ئه‌وان ده‌چنه نێو ئه‌زموونێكی ده‌روونشیكارییه‌وه
به بێ ئه‌وه‌ی به‌هۆی لایه‌نگیریی سیاسییه‌وه ڕه‌تی بكه‌نه‌وه یان لێى بسڵه‌مێنه‌وه.
ئه‌م ڕه‌فتاره وه‌كو ئه‌و جه‌نگه دڕندانه نییه كه لایه‌نگرانی ستالین بۆسه‌ر
ده‌روونشیكاری به‌رپایان كرد. به گشتی، كێن ئه‌وانه‌ی له‌مڕۆدا له ده‌روونشیكاری
ده‌ترسن؟ به‌شێكی زۆریان ڕژێمه دۆگماییه فهندهمێنتالهكانن، هه‌روه‌ها هه‌موو
ئه‌و كۆنزهرڤهتیڤانهی كه ده‌یانه‌وێت پارێزگاریی له ده‌ستكه‌وته‌كانیان بكه‌ن،
چونكه نایانه‌وێت هیچ بزانن یان هیچ شتێك بگۆڕن. له به‌رامبه‌ردا، ده‌بینین ده‌روونشیكاری،
له حهقیقهتهكهیدا و به‌و جۆره‌ی كه من تێیده‌گه‌م، وێنه‌یه‌كی هه‌ره تۆخی
ئه‌م شۆڕشه‌یه كه باسم كردووه، به بێ شۆڕشیش ده‌بینه مردووی به‌ش-زیندوو خۆر.
-كتێبی "خاوه‌ندارێتی"،
كه له خانه‌ی فایار بڵاوبۆته‌وه، ڕۆمانێكی پۆلیسییه و به پشکینینى لاشه‌ی
ژنێك ده‌ست پێده‌كات كه له "سه‌نتا به‌رباره" سه‌ری خۆی له له‌شی
جیاكردۆته‌وه. ئه‌م بهڕهحمهتچووه به گاڵته‌وه وه‌ها وه‌سفی سه‌ری خۆی
كردووه كه "ئه‌ندامی سێكسییه" به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و »چێژه عه‌قڵییه‌ی كه پیشه‌كه‌ی وه‌ك وه‌رگێڕێك پێیده‌دات
و، ئه‌و ئازاره زۆره‌ی كه دەیخاتە هێڵنجدان«، كوڕه‌كه‌ی به ناوی "جیری" به
هه‌موو هه‌ستوسۆزییه‌وه له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و دایكایهتییهدایه كه له
ناخیدایه. لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه ڕه‌مزییه‌كه ده‌ست پێده‌كات كه ده‌ریده‌خات چۆن
ده‌شێت ئازار به پاڵ هه‌ستكردن به مێینه‌یی و دایكایه‌تیه‌وه ببنه مایه‌ی مه‌رگ.
ئایا وێنه‌ی خۆت له وێنه‌ی هه‌موو پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه خه‌یاڵییه‌دا ڕه‌نگی
نه‌داوه‌ته‌وه؟ تاوێك ده‌بیته قوربانی، تاوێكیتریش ده‌بیته جه‌لاد، بگره له
یه‌ك كاتدا هه‌م چاو‌دێر و هه‌میش بكه‌ری ڕووداوهكانیت.
- وایه. ئه‌م پرسیاره‌ت وام لێده‌كات ئه‌و ڕێگایه دیاریی
بكه‌م كه بردمی به‌ره‌و نووسینی ڕۆمان. ڕاستییه‌كه‌ی له‌مه‌دا من قه‌رزاری ده‌روونشیكاریی
و دایكایه‌تیم. هه‌ر له‌و كاته‌ی له بولگاریا منداڵ بووم و له دایه‌نگه بووم،
زمانی فه‌ره‌نسی فێر بووم. كاتێكیش له فه‌ره‌نسا ده‌ستمكرد به توێژینه‌وه‌ی ده‌روونشیكاری
له هه‌موو ئه‌و شتانه نزیكبوومه‌وه كه له‌م زمانه‌دا جه‌وهه‌ری و باون. لێره‌وه
له چوارچێوه‌ی وشه‌كان وه‌ك چه‌مك ده‌رچووم و چوومه نێو چوارچێوه‌ی وشه‌كانه‌وه
وه‌ك هه‌ستوسۆز. بە منداڵى ئه‌مه له ده‌ربڕینی زمان وه‌ك هه‌سته‌وه‌ره‌كان نزیكی
كردمه‌وه. فرۆید ده‌ڵێت شیكاریی ]دەروونى[ گرنگیی به شته بچووكه‌كان ده‌دات،
یان گرنگیی به "نیكۆكکردن" ده‌دات. وشه‌گه‌لێكی ناوبۆش كه هیچ واتایه‌كیان
نییه، به‌ڵام كاتێك گوێمان لێیان ده‌بێ واتای بڵندیان لێبار ده‌كه‌ین، چونكه
تێیاندا گوێمان له به‌دبه‌ختییه‌كان و ساته‌كانی به‌خته‌وه‌ری ده‌بێت. ئه‌مه ئه‌و
ڕێگایه‌یه كه زمانی تێدا ده‌ژی. ئا ئەمەبوو بردمی به‌ره‌و نووسینی ڕۆمان.
ئه‌زموونی نووسینی ڕۆمانه
خه‌یاڵییه‌كان هه‌ر به ڕاستی ئه‌و دەرفەتە به نووسه‌ر ده‌ده‌ن كه، له یه‌ك
كاتدا، له چه‌ند جێیەکەوە و به چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كه‌وه خه‌ریك بێت، ئه‌مه ئه‌و
شته‌بوو كه به‌سه‌ر مندا هات كاتێك سه‌رقاڵی نووسینی "پیره‌مێرد و گورگه‌كان"
بووم؛ له‌وێدا هه‌وڵمدا باسی مه‌رگی باوكم بگێڕمه‌وه كه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی
بولگاریادا كوژرا. له‌وێدا وه‌ك پیاوێكی ساده وێنام كردووه كه وه‌ك
گورگه‌كان ڕادهپسكێ. چونكه كه‌سانێك له ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌بینێت كه سیفه‌تی
مرۆڤانه‌یان له‌ده‌ست داوه و بوون به ئاژه‌ڵ. ئینجا، هه‌وڵمداوه وه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌ی
چیرۆكه‌كه خۆم بخه‌مه شوێنی ئه‌م پیاوه و ژیانی ئه‌و بژیم، ئه‌وه ببینم كه ڕوانینى
ئه‌و بینیوویه‌تی، دواجار له زاتی خۆم ده‌ربچم.
له ڕۆمانی "خاوه‌ندارێتی"ـیشدا
من ئه‌و كچه رۆژنامه‌نووسه‌م كه لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیس به‌دوایه‌وه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی
بگه‌نه دڵی ئه‌م خانمه. من له‌وێیشدا له یه‌ك كاتدا له كه‌سێك زیاترم، یه‌كه‌مجار
وه‌ك گلۆریای وه‌رگێڕ كه یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی كه‌سایه‌تی
خۆمان كه‌شف بكه‌ین، داوامان لێده‌كات ده‌رباره‌ی ئه‌وانیتر پرسیار بكه‌ین، ئه‌وانه‌ی
كه چ دووكه‌وتنه‌وه هه‌ڵبژێرن یان تێكه‌ڵبوون، هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی بۆیان
نییه.
نابێت ته‌نیا به شیكاریی
شوناسه یاخییه‌كه‌مان و مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵات لای ده‌روونشیكار قه‌ناعه‌ت بكه‌ین،
به‌ڵكو ده‌بێت له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه و به زمانی كۆمه‌ڵ له‌باره‌یه‌وه بدوێین، ده‌بێت
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌یش به به‌رده‌وام بخه‌ینه‌وه ژێر پرسیار. ئه‌مه‌یش پێویستی به
ڕاده‌یه‌كی زۆری هه‌ڵسوكه‌وتی باش و پاكی و ڕۆشنبینی و لێبوورده‌یی هه‌یه. ئایا
حزبێكی سیاسی له‌م جۆره هه‌یه كه ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا هه‌بێت؟
-له كتێبی "واتا و
ناواتای شۆرش"ـدا كه به‌شێكه له زنجیره كتێبێك، تاوتوێی ده‌سه‌ڵات و
سنووره‌كانی ده‌روونشیكاری ده‌كه‌یت.
باس له سێ مۆدێل ده‌كه‌یت و پرسیووته: كێیان هه‌ست به ترس ده‌كه‌ن؟ نموونه‌ی "ئه‌راگۆن"ـت
هێناوه‌ته‌وه، كه كتێبه شیعرییه‌كانی ئه‌و چێژی سێسكییان تێكه‌ڵ به چێژوه‌رگرتن
له زمان كردووه، نموونه‌ی "سارته‌ر"یشت هێناوه‌ته‌وه كه پێگه‌ی
سیاسه‌ت ئه‌وه‌نده به‌رز ده‌كاته‌وه ده‌یگه‌یه‌نێته ڕاده‌ی گۆڕینی مرۆڤ، ئینجا
باست له "رۆلان بارت" كردووه كه فێری كردووین چۆن شتانێكی زۆر له
جانتاكانمان ده‌ربهێنین كه پێش ئێمه هیچ كه‌سێك له ڕێگه‌ی دیارده‌كان و
نامه‌كان و وێنه‌كانه‌وه نه‌یوتوون. ڕه‌نگه داهێنانی ئه‌م مۆدێلانه له ڕوانگه‌ی
تۆدا به‌هۆی شۆڕشكردنیانهوه بێت به‌سه‌ر چه‌مكی سنوورداری شوناسدا. ده‌توانیت واتا و نا-واتای ئه‌م شۆڕشه‌مان پیشان بده‌یت؟
- ئه‌راگۆن و سارته‌ر و
بارتیش له‌گه‌ڵ باوكیاندا كێشه‌یان هه‌بوو، ڕه‌نگه ئه‌مه ئه‌و شته بووبێت كه
ئه‌م شۆڕشه‌ی بۆ ئاسان كردوون، ئه‌گه‌رچی له بواری جیاوازیشدا قۆستوویانه‌ته‌وه!
یه‌كه‌میان حزب و دووه‌میان فه‌لسه‌فه و سێیه‌میان ئه‌ده‌ب. به‌ڵام له‌بری ئه‌مه،
هه‌ر سێكیان به‌رهه‌مگه‌لێكی نائاساییان به‌رهه‌م هێناوه، كه گه‌لێك پرسیار هه‌ڵده‌گرن
و هه‌وڵ ده‌دەن بۆ قڵپكردنه‌وه و گۆڕینی چه‌مكه باو و باڵاده‌سته‌كان. ئێمه مه‌ترسیی
ئه‌م جۆره ئه‌زموونانه له‌سه‌ر شوناس به باشی حسێب ناكه‌ین. هه‌ستده‌كه‌ین پێویستمان
به ده‌ستگرتنه به نموونه‌یه‌كی باڵاوه، یان به ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه كه قه‌ره‌بووی
شوێنی باوكمان بۆ بكاته‌وه. بۆیه له كتێبی "واتا، نا-واتا، شۆڕش"ـدا
هه‌وڵمدا به‌دوای هه‌مان ڕۆڵی باوكانه‌دا بگه‌ڕێم.
ڕه‌نگه زۆرێك له ئێمه
باوه‌ڕمان وابێت گه‌ر خۆمان بە شوناسێكه‌وه بلكێنین ئیدی ده‌ره‌تانێك بۆ ده‌رچوون
له‌م ئێستا قه‌یراناوییه ده‌دۆزینه‌وه، به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌م شوناسه به
تۆخی فهندهمێنتالانه بێت ئه‌وا چاره‌سه‌ری چڕ‌وپڕ و گشتی بۆ پرسیاره‌كان له‌سه‌ر
كه‌سایه‌تی داده‌نێت. به‌ڵام، سه‌ره‌تا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین كه پرسیاردانان
له‌سه‌ر "شوناس" ڕه‌وایه، بۆیه پێویست نییه پرسیاردانان له‌سه‌ر
"ئینتیما" و وابه‌سته‌یی ]ئیلتیزام[ قه‌ده‌غه بكه‌ین، بۆ كه‌سێكیش
كه پرسیاری وابهستهییهكهی به ده‌روونشیكارییه‌وه ده‌كات، ده‌ڵێم: »ئه‌گه‌ر وابه‌سته نه‌بێت به شتێكه‌وه، ئه‌ی دەتوانێ چى
بكات؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه هه‌ر ئه‌ندامێك له ئه‌ندامه‌كانی حیزبی
كۆمۆنیست ده‌توانێت بیكات به بێ ئه‌وه‌ی ئینتماكهی بۆ حزب هه‌ڵبوه‌شێته‌وه. ئه‌گه‌ر
ئه‌ندامێكی حزب ئه‌م پرسیاره له خۆی و له‌وانیتر بكات ئه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
ئازادییه‌كه‌ی خۆی، ئازادیی بوونی خۆی، ئینجا ئه‌و په‌یوه‌ندی و هێڵانهیشی كه
كۆمه‌ڵه‌كه‌یان پێكهێناوه و لێكبهستۆتهوه ده‌بنه په‌یوه‌ندی و هێڵی ئازاد.
سه‌رچاوه:
جوليا كريستيفا في ثلاثة
حوارات، حاوره: أرنو سبير، ت: كاميل صبحي، مجلة (الإبداع)، العدد 12 (1998)،
ص‌ص54-57.
تێبینى: ئەم وتارە لە
نامیلکەى "جولیا کریستیڤا"، زنجیرەى نامیلکە فەلسەفییەکانى دەزگاى
ئایدیا، بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment