My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Thursday 30 August 2018

مارکسيزم و ئایدیاڵیزم


ئەندریێ تۆزێل
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


1- ئایدیاڵیزم، وەک کاتیگۆرییەکى فەلسەفى، بە هەموو ئەو هەڵوێستە فەلسەفییانە دەوترێت کە فیکر یان بنەماى ڕۆحى لەپێش مادە و بوونەوە دادەنێن[1]. ئەم لەپێشینەییەى بنەماى عەقڵی یان ڕۆحى بۆ تێگەیشتن لە سروشت و کۆمەڵگە، لە چەندین سیستەمێکى فەلسەفییدا بەرجەستە بووە. لە فەلسەفەى مۆدێرندا دەتوانین چەند سیستەمێکى فەلسەفەى ئایدیاڵى لەیەکترى جودا بکەینەوە:
أ‌-  فۆرمە جیاوازەکانى ئایدیاڵیزمى سوبێکتیڤ، کە سوبێکتیڤبوونى مەعریفە دەبێتە بنچینە و بناغەیان (دیکارت، کانت).
ب‌- ئایدیاڵیزمى ئوبێکتیڤ کە باس لە لەپێشینەیى واقیعى چییەتییە عەقڵانییەکان، یان "فیکر"ى مێژوویى گەردوونى، دەکات و بە بونیادێکى ناونیشن ]ئیمانانس[ـى پرۆسێسى واقیعى دادەنێت (هیگڵ).
2- دیالەکتیکى ماتریاڵیزمى مێژوو لە ململانێیدا لەگەڵ ئایدیاڵیزمى ئوبێکتیڤى هیگڵ پێکهات، کە بەند بوو لەسەر ''وەهمى وێناکردنى واقیع وەک بەرەنجامى ئەو فیکرەى لە خۆى ڕادەمێنێت و لە لێکۆڵینەوەى خۆیدا قووڵ دەبێتەوە و خۆى خۆى دەبزوێنێت''[2]...
بە گشتى مارکس نەیدەتوانى پەرە بە تیۆرى ماتریالیزمى مێژوویى بدات تەنیا بە پشت بەستن نەبێت بەو بنەمایەى کە دەڵێت: ''ئەوە ئاگایى مرۆڤەکان نییە بوونیان دیاریى دەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بوونە کۆمەڵایەتییەکەیان ئەوەیە کە ئاگاییەکەیان دیاریى دەکات''[3]. دەکرێت ئەم ئاگاییە بە ڕێژەیەکى گونجاو، بوونى کۆمەڵایەتى بەراوەژوو بکاتەوە و لە سەر ئاستى تیۆرى دەستى بەسەر ئەم بوونەدا بشکێت، بەڵام نە دەتوانێت ئەم بوونە کۆمەڵایەتییە دروست بکات و نە بەرهەمى بهێنێت.
3- دیالەکتیکى ماتریالیزمى مێژوو تەنیا بە ڕەتکردنەوەى نواندنەوەى ئایدیاڵییانەى مێژوو و کۆمەڵگەوە ناوەستێت[4]، ''مرۆڤەکان بەرهەمهێنەرى نواندنەوە و هزرەکانى خۆیانن، بەڵام ئەوان مرۆڤى واقیعین، بکەرن، لەو ڕووەوە کە بە ناچارى پەیوەستن بە پەرەسەندنێکى دیاریکراوى هێزە بەرهەمێنییەکانییانەوە، پەیوەستن بە شێوازى ئەو پەیوەندییانەوە کە لەگەڵ ئەم هێزانەدا دەگونجێن... ئاگایى ناتواێت شتێکى دیکە بێت جگە لە بوونەوەرى ئاگامەند و هۆشیار، بوونى مرۆڤەکانیش پرۆسێسى ژیانە واقیعییەکەیانە''. ''زانستى ڕاستەقینە، نمایشى چالاکیى ڕاستەقینە پڕۆسێسى پەرەسەندنى کردەیى مرۆڤەکانە''[5]. تەفسیرەکە خودى ئایدیاڵیزم دەکات بە بنەما لە تەفسیردا، بگرە دەیکات بە واقیعێکى کۆمەڵایەتى و مێژوویى کە پێویستى بە تەفسیرە. ئایدیاڵیزم فۆڕمى ترانسێندنتاڵى ''وەهمێک و وەهمى ئایدیالۆژییە کە ڕیشەکەى وا لە دابەشکردنى کاردا بەسەر کارى دەستى و کارى فیکریدا، ئەمەیش وەهمێکە کە کاتێک جیاکاریى لەنێوان وەزیفە "عەقڵییەکان"ـدا بە تەواوى ڕوودەدات، ئاگایى دەتوانێت بەهۆیەوە وا خەیاڵ بکات شتێکى جیاوازە لە ئاگایى مومارەسە هەبووەکە، بە واقیعییش شتێک بە بێ نواندن دەنوێنێنەوە، شتێکى واقیعى''[6]. بەڵام ئەمە هیچ نییە جگە لە مەرجێکى زۆر گشتى کە بۆ هەموو ئایدیالۆژیایەک دەگونجێت. پێویستە لەوێدا لە ئایدیالیزم تێبگەین کە پەیوەندیدارە بە فۆڕمى دابەشکردنى کارەوە لە ناو شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەداریدا. جا لەبەرئەوەى ئایدیالیزم تیۆرێکە دەربارەى ڕۆڵى باڵادەست و دامەزراوى ئایدیا، ئەوا لە شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەداریدا دەبێتە ئایدیاى باڵادەست، ئەمەیش خاسیەتى چینى بۆرژوازیى خاوەن هەژموونە. هەژموونى "ئایدیا" گوزارشتێکى ئایدیاڵییە لە پەیوەندییە باڵادەستە ماتریاڵییەکان[7]. هەژموونى ئایدیا بەشێوەیەکى جەوهەرى پێویستییەکى چینى باڵادەستە و بەرهەمهێنان بەڕێوە دەبات کە لە پەیوەندیى ڕاستەوخۆ بە ماتریاڵەوە دوورخراوەتەوە، بۆیە هەژموونى ئایدیا بە جۆرێک لەجۆرەکان بەهۆى ئەو بەرهەمهێنەرە ڕاستەوخۆیانەوە کە کۆنترۆڵیان دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە، ڕەهەندێکى نێوانگیرانە وەردەگرێت.
وەزیفەى بەڕێوەبردن و هەژموون هى چینێکە وا بە قۆستنەوەى کارى بەرهەمهێنەرە ڕاستەوخۆکان، کە سەرچاوەى هەموو بەهایەکیشە، چینێکى تر دەچەوسێنێتەوە، ئەم وەزیفەیە لە ئایدیالیزمدا مۆرکێکى ئایدیاڵى وەردەگرێت وەک گوزارشتکردن لە هێزى ویستى ئازاد لە لاى سوبێکتى ڕەها. هەر ئەم چینە بەردەوام باڵادەستیى "ئایدیاڵیزمەکان" پەرە پێدەدات و ''ناچارە بەرژەوەندیى خۆى وەک بەرژەوەندیى هاوبەشى هەموو ئەندامانى کۆمەڵگە بخاتە ڕوو''، ناچارە ''هێزى یۆنیڤێرساڵییانە بە ئایدیاکانى بدات، وەک تاکە ئایدیاى شیاو و قبوڵکراو لە گەردووندا پیشانیان بدات''[8].
4- ئایدیالیزم هەر لە خۆیشیدا جیاواز و تایبەتمەندە. ئایدیاڵیزمى ئوبێکتیڤ باڵاترە لە ئایدیالیزمى سوبێکتیڤ، لەو ڕووەوە کە هەموو گومانگەراییەک لە بوارى ئوبێکتیڤى ئەو شتەى شایەنى ئەوەیە بزانرێت، دەڕەوێنێتەوە، مەعریفە و مێژوو لە یەک پرۆسێس و ڕەوتدا وێنا دەکات، وەکو دیالەکتیکێک ئەوە ڕادەگەیەنێت: ''حەقیقەت لە پرۆسێسى مەعریفەدایە، هەموو ئەو بارودۆخ و ڕەوشانەش کە لە مێژوودا بەدواى یەکتریدا هاتوون، هیچ نین جگە لە چەند قۆناغێکى کاتی نەبێت لە پەرەسەندنى ناکۆتاى کۆمەڵگەى مرۆییدا، کە لە خوارەوە هەڵدەکشێت بەرەو سەر''[9]. ئایدیاڵیزمى ئوبێکتیڤ وەک "ئایدیالیزمێکى زرنگ، واتە دیالەکتیکى" ڕێک لە "ماتریاڵیزمى غەیبى و میتافیزیکى" باڵاترە[10]. بەڵام ئایدیالیزمى ئوبێکتیڤ، لە ڕوانگەى ماتریاڵیزمى زرنگ واتە دیالەکتیکییەوە، ''پەرەسەندنێکى تاکلایەنەیە کە زێدەڕەوى زۆر لەلایەنێک، یان لە ڕواڵەتێک، یان سنوورێک لە سنوورەکانیدا کراوە و زیاد لە ڕادە قەبە کراوە، بەم جۆرەیش دەبێتە لایەنێکى ڕەها و خودایى، دابڕێنراو لە ماتریاڵ و سروشت''[11].
بەلاى ئایدیالیزمى سوبێکتیڤەوە، ئایدیالیزم لەژێر هەڕەشەى ئەوەدایە بەرەو "تاریکخوازى" سەرەولێژ ببێتەوە[12]. بە تایبەتیش لەو بارودۆخانەدا کە چینە باڵادەست و گومانگەراکان، تێیدا پەرە دەستێنن[13]، ئەوەیش بۆ شاردنەوەى گرەوەکانى ململانێى چینەکان و فەلەجکردنى تواناى ماتریاڵیزمى مێژوویى بۆ شیکاریى عەینییانەى بارودۆخە عەینییەکان[14].
5- ئەنگڵز و بە تایبەتى لینین، لە بوارى ''پرسیارە سەرەکییە گەورەکەى هەموو فەلسەفەیەکدا، کە پرسیارى پەیوەندى فیکرە بە بوونەوە''[15]، ئایدیالیزمیان وەها دیاریکردووە لە هەموو مێژووى فیکردا، بەرەیەکى فەلسەفى، ئوبێکتیڤ، پێکدژە لەگەڵ بەرەى ماتریاڵیدا. ئەم جووتە کاتیگۆرییە، کە یەکیانگرتووە لەگەڵ جووتەى میتافیزیکى/دیالەکتیکىدا، ئەو بوارە دیاریى دەکات کە دەشێت "فەلسەفەى مارکسیزم" وەک فەلسەفەیەکى ماتریالیستى و دیالەکتیکى، تێیدا دەستێوەردان بکات. ئایدیالیزم، بە تایبەتى ئایدیالیزمى نا-دیالەکتیکى، یەکخستنى زانستەکانى سروشت و زانستى مێژوو، دەکاتە کارێکى مەحاڵ، چونکە تێۆرەکەى دەربارەى مەعریفە، لێکدژە لەگەڵ مومارەسە خۆڕسکە ماتریاڵییەکانى زانستەکاندا، یان لایەنیکەم ڕۆشنایى دەخاتە پەرەسەندنیان لە سنوورى ڕێکخستنى ئایدیاڵیستى (یان ئایدیۆلۆژی)ـدا، کە ئەویش "ڕۆح"، "ئازادى"، "سوبێکت"ـن، کە خۆیان هەژموونى چینى بۆرژوازى پیشان دەدانەوە یان دەنوێننەوە. هەڵوێستى ئایدیالیستى (کە نکوڵیکردنە لەوەى بوونى کۆمەڵایەتى لەپێش ئاگایى کۆمەڵایەتییەوە هەبێت)، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دەخرێتە گەڕ، ئەمەیش یان بۆ سەلماندنى مەحاڵێتى زانستى پراکتیک و پشتبەستنە بە کۆمەڵێک "بەها" کە گوزارشت لە چینى باڵادەست دەکات، یان داخستن و بەلاڕێدابردنى زانستى کۆمەڵایەتییە تا ئەو جێیەى لەلایەن چینى بۆرژوازییەوە پەسەندکراو بێت و لە بەرژەوەندیى ئەم چینەدا بێت (ئاکامى ئەمە، هەمیشە ڕەتکردنەوەى وەزیفە شۆڕشگێڕانەکەى چینى کرێکارە).
دواتر، ئایدیاڵیزم میانەى دژایەتیکردنى ماتریاڵیزم و وەرگرتنى هەڵوێستى دژ بە کرێکاران یەکخست، ئیدى لە ململانێى تیۆرى و سیاسیى چینەکاندا ڕۆڵ و وەزیفەى هەبوو، ئەویش تێکشکاندنى بەرەى ئەو لۆژیە سیاسییە بوو کە پێکهاتبوو لە یەکگرتنى ئەو هەڵوێستەى بڕواى بەوە هەبوو بوونى کۆمەڵایەتى لەپێش ئاگایى کۆمەڵایەتییەوەیە لەگەڵ سەلماندنى بارودۆخى زانستەکانى سروشت و دیالەکتیکى ماتریالیزمى مێژوو، هەروەها داننان بە وەزیفەى باڵادەستى بەرهەمهێنەران و ڕێکخستنیان[16]. بە بێ تێگەیشتن لە ململانێى ئایدیالیزم دژ بە ماتریاڵیزم ناتوانین لە ئایدیاڵیزم تێبگەین.
6-   کەواتە دەبێت بەشێوەیەکى دیالەکتیکى لە ململانێى ماتریالیزم و ئایدیالیزم لە خۆیدا، تێبگەین.
أ‌-  لەو ڕووەوە کە ماتریالیزمى دیالەکتیکى میراتگرى ئەو لایەنە چالاکەیە کە ئایدیالیزمى ئوبێکتیڤ پەرەی پێداوە و ئەم لایەنە دادەبەزێنێت بۆ چوارچێوەى زانستى پراکتیک، ئەوا لەم ئاستەدا عەقڵاندن دەتوانێت بەشداربێت لەوەى وەها لە هێزە پێشکەوتنخوازەکان بکات لە جوڵەدان بن و "عەقڵانی"بن، بە پشتبەستن بەو بارودۆخە ئوبێکتییانەى کە شیکاریان دەکات، (گرامشى پێداگریى لەسەر ئەم لایەنە کردووە، ڕوونى کردۆتەوە کە ئەمە بەهایەکى چاکسازانەى عەقڵى و ئەخلاقیى هەیە، ئەویش واتە تواناى بەرەوپێشچوونى "عەقڵییانە"ى ئەو ئارەزووانەى لە زەمینەى واقیعى کۆمەڵایەتییەوە پەیدا دەبن).
ب‌- لێکدژییەکە لێکدژیى نێوان دوو ئۆنتۆلۆژیاى پێشوەکی نییە کە بەهاى یەکسانیان هەیە. ڕۆح دژ بە سروشتى موتڵەق نییە، ئەگەر وایش بێت تەنیا لەسەر ئاستى "تیۆرى مەعریفە" بەو جۆرەیە. فیکر فۆڕمێکە لە فۆڕمەکانى ماتریاڵ، بە تایبەتى لەوێدا دەردەکەێت کە تواناى هەیە ئەم ماتریاڵە دەقاودەق بناسێت، ئەوەیش لە ڕێگەى پرۆسێسێکى ناکۆتاى نزیککردنەوەکانەوە[17].
ت‌- ئایدیاڵیزم و ماتریاڵیزم بەڕێژەى جیاواز ]و جۆراوجۆر[ لە هەموو فەلسەفەکاندا دەردەکەونەوە (ماتریاڵیزمێکى شەرمنانە لاى کانتیش هەیە)[18]. لە هەندێ ڕووەوە لێکنزیکى لەنێوان ئایدیالیزمى ئوبێکتیڤ و ماتریالیزمى دیالەکتیکیدا هەیە: ''سیستەمە هزرییەکەى هیگڵ ماتریاڵیزمى ئوبێکتیڤە و بە گوێرەى میتۆد و ناوەڕۆکەکەى بەشیوەیەکى ئایدیاڵیستى لەسەر سەرە''[19]. ئایدیاى هیگڵى "وەک یەکێتى مەعریفە و پراکتیک"ـە[20], "ماتریالیزمێکى بەردەستە". ''لە بەرهەمە هەرە ئایدیاڵیستییەکانى هیگڵدا لایەنى هەرە کەمى ئایدیالیزم و لایەنى هەرە زۆرى ماتریاڵیزم هەیە''[21].
ث‌- ئایدیاڵیزم سەرلەنوێ لە خودى ماتریاڵیزمى دیالەکتیکیدا دەردەکەوێتەوە، کە بە بەردەوامى دەگۆڕدرێت بۆ ماتریاڵیزم و چاکسازیکردن لە دیالەکتیکدا. ئەم تێهەڵقورتانەى ئایدیاڵیزم لە ماتریاڵیزم لەو ماوانەدا بووە کە تێێدا ماتریاڵیزم کەوتۆتە نێو ماتریاڵیزمێکى ئابووریگەرایى و تەکنیکییەوە، لەوێدا پێویست بووە ئەو ڕەهەندەى لە چالاکیى هۆشیارانە و ویستى بکەردا خۆى نواندووە، سەرلەنوێ ئاوێزان بکرێتەوە و تاوەکو سەروەریى تیۆرى و زانستى بەدەست بهێنرێتەوە. ئەمە ئەو مەسەلەیە بوو کە گرامشى بڕواى پێبوو، هەر لەبەر ئەمەیش کەوتە ململانێى لەگەڵ ئابووریگەرایى ئەنتەرناسیۆنالیزمى سێیەم، کە ڕەهەندێکى ئەفسوونیانەى دا بە ژێرخانى ئابووریى و بەمەیش ترانسێنتدنتاڵى دووپات کردەوە[22]. بەڵام ئەم تێهەڵقورتانە دەبێتە مایەى بەرزنرخاندنى مۆرکى ئایدیاڵیستییانەى پراکتیک، بەمەیش دەتوانێت پێش حکومدان بکەوێت سەبارەت بە سیفەتى جێگیرى پەیوەندییە ئابوورییەکانى هێزەکان[23]، تاوەکو هەموو بەهایەک تەنیا بە "ئەکتى سیاسى" ببەخشێت.

پەراوێزەکان:
[1] ئایدیالیزم Idealism ئاراستەیەکی فەلسەفيی بەرامبەرگری ماتریالیزمە، فەلسەفەی هیگڵ بە باوترین و كاریگەرترین نموونەی دەژمێردرێت، ئەمە سەرەڕای فینۆمینۆلۆژی هۆسرەڵ. بەڵام لە تیۆری كۆمەڵاتیدا بەكارهێنانی زاراوەكە لە ماركسیزم وەرگیراوە، تا بەو تیۆرییانە بووترێت كە ڕۆڵی ئایدیاكان لە ژیانی كۆمەڵایبەتیدا قەبە دەكەن.
     ئەم ئاراستەیە جەخت لەسەر ئەو ئایدیایە دەكاتەوە كە پێویستە ببێت،  واقیعیش ناچارە بگۆڕێت تا لەگەڵ ئەم ئایدیایەدا هەماهەنگ بێتەوە. ئایدیالیزم لە پێشنۆرەیی ڕۆح یان ئاگاییەوە دەڕوانێ‌، و باوەڕی بە تەعالیكردنی بەها و ئایدیاكان لە ژیانی كرداری و، ڕۆڵی سوبێکتى بنیاتنەر لە كردەی مەعریفیدا، هەیە، وەهایش لە مادە دەڕوانێ‌ كە شتێكی لاوەكی و داتاشراوە.
     ڕەگ و ڕیشەی ئەم ئاراستەیە وا لە زیادەڕەویكردندا بە لایەنە دیاریكراوەكانەوە لە پرۆسەی زانیندا بە ڕەچاوکردنى ئاڵۆزی و دژیەكییەكانی، لەو كاتەشدا چەمكە ئەبستراكتەكان دادەنرێن كە، بەبێ‌ خودی شتەكان لە ڕیشە مەعریفییەكانی تردا، سیفەتی شتەكان لە وێنەیەكی هەمەكیدا بەعەقڵانی دەكەن،  لێرەشەوە ڕاڤەیەكی هەڵە دێتە ئارا كە گەردوون جیهانێكی ئوبێکتیڤە، و پرۆسەكانیشی لە هۆشیاریدا بەشێوەی وێنەیەكی سوبێکتیڤ، ڕەنگدەدەنەوە.
     مێژووی بەكارهێنانی وشەی (ئایدیا) دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی كۆن، بەڵام بەڕوون و بەربڵاوی لە سەدەی حەڤدەدا دەركەوت، كاتێك فەیلەسوفەكان و بەتایبەت لایبنیتز، لەبەرامبەر وشەی (ماتریال)دا بەكاریان هێنا. بەڵام ئەمڕۆكە، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و، ئایدیاڵی و یۆتۆپی جێگرەوەی یەكترن و واقیعگەرایی (ڕیالیزم) لە بەرامبەریدا ڕاستكراوەتەوە.
     كەسانی وا هەن، بە هەڵە، ئەم ئاراستەیە لەبەرامبەر و دژ بە كۆنەپارێزی یان فێندەمێنتالیزم دادەنێن، بەو بەڵگەیەی كە هزری ئایدیالی لە بنەڕەتیدا هزرێكی شۆڕشگێڕییە كە مەیلی بۆ ڕەخنە و پەرەسەندن هەیە. نموونەی ئەوە هیگڵە كە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە جیهان بەرمەبنای پەرەسەندنی هزرەكان پەرەدەسێنێت، بە پشت بەستن بە میتۆدی دیالەكتیكی. هەروەها نموونەی تر لەم بارەیەوە، ئەو لایەنە ئایدیالییانەیە كە لای ماكس ڤیبەر هەیە و لەمیانەیانەوە جەختی كردەوە لەسەر هزرەكان و بەهاكان بۆ بونیادنانی ڕژێمێكی كۆمەڵایەتی- ئابووریی گشتگیر و، دوای ئەوەش هەوڵدان بۆ سنوورداركردنی و كۆنترۆڵكردنی ئەو ڕژێمە. (و. كوردى)
[2] Intr. 57. ES, 165; Dietz V. 22. Voir Engles, AD, 50-54, 388; MEW, 20, 19; DN, 53, 198-199, 334, 469; LF, 17-19.
[3] Cont. Introd.
[4] IA, ES, 50; MEW, 3-26.
[5] IA, ES,51-58, 79; MEW, 3-27 et S., 59. 
[6] IA, ES,60-31.
[7] IA, ES,75; 46.
[8] IA, ES,77, 78; 48, 49.
[9] LF, 17; MEW, 21, 267.
[10] Lénine, CP, O., 38, p. 260.
[11] Lénine, Ibid, 346.
[12] Ibid.
[13] M et E, O., 14, 354.
[14] M et E, O., 14, 349.
[15] LF, 24; 274.
[16] M et E, O., 14, chap. V. § 2, 3.4.
[17] DN, ES, 213; MEW, 20, 348; LF, 26, MEW, 21, 275; M et E, O., 14, 139.
[18] M et E, O., 14, 206.
[19] LF, 28; 227.
[20] CP, O., 38, p. 205.
[21] Ibid, 223.
[22] Quaderni, 1975, ED. Gerratana, 1410-1412.
[23] Quaderni, 1582-1588.

سەرچاوە:
جيرار بن سوسان، جؤرج لابيكا: معجم الماركسية النقدي، ترجمة: مجموعة مترجمين، دار محمد علي للنشر-تونس و دار الفارابي-بيروت، الطبعة الأولى، 2003، صص 1186-1190. 

تێبینى: ئەم وتارە لە کتێبى "ئایدیاڵیزم"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفییەکانى دەزگاى ئایدیا بڵاوبۆتەوە. 

No comments:

Post a Comment