My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 31 August 2018

نیولیبراڵیزم و سوبێکتى ژنانە

یۆهانا ئۆکسالا
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


بەشدارییە ڕەسەن و ڕادیکاڵەکەى میشێل فۆکۆ لە تیۆرى فێمێنیزم و، فەلسەفەى جەستەدا بە گشتی، وا لەو بانگەشە گرنگەیدا کە دەڵێت هەر شیکارییەکى جەستەسازى[1] پێویستە ڕووى لە کەشفکردنى ئەمانە بێت: دەرخستنى ئەوەى بە چ شێوەیەک پەیوەندییەکانى دەسەڵات ئەو سوبێکتانە دروست دەکەن کە لەنێو ئەو پەیوەندییانەدا بەرجەستە بوون. بۆ نموونە، توێژینەوەکانى ئەو، لەبارەى تەکنیکەکانى دیسپلینەوە پیشانمانى دەدەن کە چۆن تاکەکان، لە ڕێگەى عادەت و شێوازە ڕۆژانەییە سادەکانیانەوە، وەک سوبێکتى سەر بە جۆرێکى دیاریکراوى دەسەڵات دروست دەبن. بەکارهێنانە فێمێنیستییەکانى فیکرى فۆکۆش، بە هەمان شێوەن، ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە چۆن سوبێکتى ژنانە بەهۆى مومارەسە باوکسالارییە دیسپلینخوازەکانەوە، دەخوڵقێنرێن. بۆ ڕووکردنەوەى ئەم پرۆسەیە، لە بەشى یەکەمى ئەم وتارەدا ئاوڕ لە شرۆڤە بەهادارەکەى "ساندرا بارتکى" دەدەمەوە، ئەو شرۆڤەیەى کە دەپەرژێتە سەر وردبوونەوە لە شێوازى دروستکردنى جەستەیەکى نەرمونیانى ژنانە، لە ڕێگەى مومارەسە دیسپلینخوازییە بەردەوامەکانى بابەتى جوانییەوە.
بەشى یەکەم دەبێتە باکگراوندێکى زەمینەساز بۆ تێزى سەرەکیى وتارەکە کە ئەمەیە: لەم دەیانەى دواییدا ئەو میکانیزم و پاساوە نوێیانەى لە ڕووى جەوهەرییەوە لە دەسەڵات جیاوازن، دەستیان کردووە بە دروستکردنى لەشولارمان، خەریکى جەستەسازى و داڕشتنى تەکنیکەکانى جێندەر[2]ن. چەمکى حکومەتمەندى ]يان هونەرەکانى حوکمکردن[، بەتایبەتیش حکومەتمەندیى نیولیبراڵى، لە ڕوانگەکانى فۆکۆ[3]وە وەردەگرم و وەک چوارچێوەیەکى ئەڵتەرناتیڤ بۆ دیسپلینخوازى بەکاردەهێنم تاوەکو لەم ڕێگایەوە توێژینەوەى لە چەمکى جەستەى ژنانە بکەم، لێرەدا گریمانەى ئەوە دەکەین کە شیکاریى حکومەتمەندیى نیولیبراڵى، کە هەژموونى لەسەر کۆمەڵگەکانمان کردووە، چوارچێوەیەکى چەمکییانەى گشتگیرمان بۆ تەفسیرکردنى جەستەى ژنانە لەم فۆڕمەى ئێستا هەیەتى، بۆ دەخاتە بەردەست.

( 1 )
وتارەکەى ساندرا بارتکى[4] "میشێل فۆکۆ، مێینەیی و بەمۆدێرنکردنى دەسەڵاتى باوکسالارى"[5] کە ساڵى 1988 بڵاوبۆتەوە، وتارێکى زۆر کاریگەر بوو، لەنێو هەڵبژاردەى بەرهەمەکانیشدا زۆرجار بڵاوکراوەتەوە؛ ئەمە بە یەکێک لە بنەڕەتیترین ئەو وتارانە هەژمار دەکرێت کە زۆر تەبا و گونجاو لەگەڵ چەمکى فۆکۆدا دەربارەى "دەسەڵاتى دیسپلینخواز"، تاوتوێى پرسە فێمێنیستییەکانى کردووە[6]. بارتکى لەوێدا بە تێروتەسەلى پیشانیداوین کە چۆن چۆنى جەستە نەرمونیانەکان لە ڕێگەى دیسپلینى جەستەى مێینەوە ڕۆدەنرێت. بارتکى گریمانە سەرەکییەکەى خۆى لە فۆکۆوە هەڵدەگۆزێت، کە پێیوایە تێگەیشتنێکى گونجاو لە سروشتى چەوساندنەوەى سەر ژنان، پێویستى بە ڕەچاوکردنى ئەو مەودایە هەیە کە تێیدا کۆى ڕەفتارە دیسپلینکارییەکان نەک تەنیا ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکانى ژنان دادەمەزرێنن، بەڵکو تەنانەت جەستەیشیان دروست دەکەن.
فۆکۆ لە کتێبى دیسپلین و سزادا باس لەوە دەکات دیسپلین گوزارشتە لە تەکنیکى دەسەڵاتێک کە کۆنتێکستێکى مێژوویى دیاریکراوى هەیە، لە سەدەى حەڤدەوە دەرکەوتوو لە ڕێگەى جەستەوە کارى خۆى کرد. بە جۆرێکى وا، کە لە ڕێگەى مومارەسە دیسپلینخوازییەکانەوە، نەریت و شێوازەکانى ڕەفتار هەڵدەوەشێنرێنەوە و لە فۆڕمى نوێ و بەرهەمدارتردا، بە شێوازێک ڕۆ دەنرێنەوە کە گونجاوبن لەگەڵ ئامانجەکانى کۆمەڵگەى پیشەسازیى نوێدا. دیسپلین تەکنیکە هەمەجۆرەکان لەخۆ دەگرێت، لە بابەتى ئەوانەى دەیانەوێت جەستە بکەنە جەستەیەکى نەرمونۆڵ و سوودبەخش، لەمەیشەوە جەستەى مرۆیى دەگۆڕێت بۆ ئامێرێک کە دەشیت تا ئەوپەڕەکەى تواناکەى بەرز بکرێتەوە بۆ ڕاپەڕاندنى کار، ئینجا خەمڵاندنى و پێوانەکردنى و چاککردنى لە ڕێگەى هەڵهێنجانى شێوازە ڕەفتارییە دیاریکراوەکانەوە[7].
بارتکى دان بە خاڵى بەهێزى شیکارییەکەى فۆکۆدا دەنێت، بەڵام پێیوایە فۆکۆ ئەو دیسپلینانەى لەبیر کردووە کە بە تایبەتى تەرزى ملکەچپێکردنى مێینە بەرهەم دەهێنن. ئەوانەیش شیکارییە ڕەفتارییەکانى لەمەڕ پەیڕەویکردن لە سیستەمى خۆراک یان مومارەسەى مەشقە وەرزشییەکان وەک مومارسەى دیسپلینى سەپێنراو بەسەر ژناندان، بە مەبەستى بەرهەمهێنانى جەستەیەکى ئایدیاڵیی مێینەیى. ئەم مومارەسە دیسپلینییانە لەسەر مێینە ئامانجیان وەدیهێنانى ڕێکخستنێکى گشتگیر و بەردەوامى قەبارەى جەستە، شێوە و ئەدگارەکانى، خواستەکانى، دۆخەکانى، گوزارشتەکانى، ڕەفتارەکانى، ڕواڵەتى هەر ئەندامێکى دیاریى ئەندامەکانییەتى. جگە لەمەیش، گوتارە تایبەتییەکان لەبارەى شێوازى ڕۆیشتن، قسەکردن، تەسریحەکردنى قژ و گرنگیدان بە پێست و ماکیاژکردن کۆمەڵێک عادەت و خوو بەرهەم دەهێنن کە دەبنە یارمەتیدەر بۆ ئامادەسازیى پێویستییەکانى مێینەیەکى ملکەچ: ئەویش ڕاهێنانى جووڵە و ڕوخسارى مێینەیە بۆ گوزارشتکردن لە ملکەچى. بارتکى پێیوایە پاساوى ئەم ئامادەسازییە دیسپلینییە پاساوێکى ڕوون و ئاشکرایە: دەیەوێت ژنان بگۆڕێت بە "یارى نەرمونیانى شوێنکەوتەى پیاوان، بە هەمان ئەو شێوازەى کە سوپا دەیەوێت ئەوانەى تازە هاتوونەتە ڕیزەکانییەوە بگۆڕیت بە سەرباز''[8].
پێموایە پێویستە ئەم شیکارییە تۆکمەیەى وا بارتکى پێشکەشى کردووە تازە بکەینەوە، ئەویش لەژێر ڕۆشنایى ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەییانەدا کە بەسەر شێوازەکانى دروستکردنى سوبێکتى مێینەدا هاتوون و، بگرە لە هەمان ئەو کاتەى کە وتارەکەى ئەوى تێدا بڵاوبوویەوە، ساڵى 1988، خەریکبوو ڕوویان دەدا. ئەو ساڵانە ماوەیەکى یەکلاکەرەوە بوون، لە میانەیدا هەژموونى نیولیبراڵیزم لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا تا دەهات بەهێزتر دەبوو و دەچەسپى. هەروەها پێموایە ئەگەر بڕوا بە ئایدیا سەرەکییەکەى فۆکۆ بهێنن کە دەڵێت فۆڕمەکانى دەسەڵات پەیوەندییەکى لێکدانەبڕاویان بە فۆرمەکانى سوبێکتەوە هەیە، ئەوا دەبینین کە گۆڕانى تەکنیکەکانى حوکمکردن لەگەڵ خۆیدا گۆڕان لە فۆڕمى ئەو سوبێکتەیشدا دروست دەکات کە هاوکوفیەتى.

( 2 )
وانەوتارەکانى فۆکۆ دەربارەى لەدایکبوونى بایۆپۆلەتیک[9] کە لە ساڵى 1979 لە کۆلێژى دوفرانس پێشکەشى کردوون، تەرکیز دەخەنە سەر سەرهەڵدان و پەیدابوونى حکومەتمەندیى لیبراڵى و نیولیبراڵى، ئەوانەیش دوو جۆرە تەفسیرى سیاسیین کە گرنگییان بە حکومکردنى دەوڵەتى مۆدێرن داوە[10]. ئەوەى لەم وانەوتارانەدا و لە میتۆد و شێوازى مامەڵەکەى فۆکۆ لەگەڵ مەسەلەکەدا تایبەت و جیاکەرەوەیە، ئەوەیە کە ئەو بەشێوەیەکى سەرەکى وەک تیۆرێکى ئابووریى مامەڵە لەگەڵ نیولیبراڵیزمدا ناکات، بەڵکو وەک مومارەسەیەکى حوکمكردن[11] تاوتوێى دەکات کە دامەزرێنەر و دروستکەرى تایپێکى تایبەتى ئەو سوبێکتەیشە وا لەنێویدا هەڵیگرتووە و ئەم مومارەسەیە گەرەکییەتى دروستى بکات: نیولیبراڵیزم سوبێکتێکى ئابووریى بەرهەم دەهێنێت کە لەسەر ڕستێک مەیل و پەسەندى و پاڵنەرى جیاواز لەوانەى لە کۆمەڵگەى دیسپلینخواز یان سەروەری ]حاکمیەت[ـدا هەبوون و هاووڵاتیى سیاسى یان یاسایى پێ دروست دەکرا، دامەزراوە. سوبێکتى لیبراڵى واتاى تاکەکەسێکى ئەتۆمى و تەنیا کە دەبێت چاودێرى بکرێت و سوودگەراییەکەى بەهێز بکرێت و مەیلێکى غەریزییانەیشى بۆ کێبڕکێ هەیە تاوەکو قازانجى ئابووریى بەدەست بهێنێت[12].
فۆکۆ ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە گۆڕانى تەکنیکى هەژموونى دەسەڵات لە سەدەى هەژدەدا، لە دیسپلینەوە بۆ حکومەتمەندی بەو شێوەیە نەبووە ئەمەى دووەمیان جێگاى ئەوەى یەکەمیان بگرێتەوە، بەڵکو درێژبوونەوە و ]ئیحتیواکردن[ى ئەوەى یەکەمیان بووە. بۆیە ئەم گۆڕانە نەبۆتە مایەى پوچەڵکردنەوەى تەواوەتى تەکنیکگەلى وەکو میکانیزمەکانى دیسپلین و چاودێرى کە ویستوویانە کاریگەریى لەسەر ڕەفتارى تاکەکەس دابنێن، بەڵکو حکومەتمەندی گرنگیداوە بە ئیمکانیەتى پێناسەکردنى یەکێک لە ئاستەکانى ڕەفتار وەک ڕەفتارێکى ئابووری و ئینجا حوکمکردن لەسەر ئەم ڕەفتارە بە گوێرەى دەسەڵاتەکەى خۆى. چەمکى سوبیکت تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە تاکەکەس وەڵام و بەدەمەوەچوونى بۆ سزا و پاداشتە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت، بەڵکو پێش هەموو شتێک بەدەمەوەچوونى کاروکاسپى و دەستکەوت و زیانە ئابوورییەکایش بووە. لەبەرئەمە، چیتر ئەو نەریتانەى کە بوونە بەشێک لە سوبێکت، ئامانجی سەرەکییان گۆڕینى تاکەکەسەکە نەبووە بۆ ئامێرێکى نەرمونیانى چالاک، بەڵکو ویستوویانە بیشیگۆڕن بە سوبێکتێکى بەکاربەر و پێشەنگى کار.
ئەمەیش واتاى ئەوەیە سوبێکتى ئابوورى، گوزارشتە لە تاکەکەسێک کە دەشێت حوکم بکرێت، بەڵام بەهۆى کۆمەڵێک میکانیزمەوە کە جیاوازن لەو میکانیزمانەى وا سوبێکتى موونەرمى لە کۆمەڵگەى دیسپلیندا بەرهەم دەهێنا: سوبێکتى ئەم میکانیزمانە، کەسێک بوو هەمیشە بەرژەوەندییەکانى خۆى لەبەرچاو بوو، هەروەها ڕێک بەهۆى ئەم بەرژەوەندییەشەوە تاڕادەیەکى زۆر گۆێڕایەڵ و بەرفەرمان بوو، بە شێوەیەکى میتۆدى و ڕێکوپێک و پێشنبینیکراو وەڵامى گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانى دەدایەوە، ئەو گۆڕانکارییانەى کە لە ژینگەدا و بەشیوەیەکى نا-سروشتى دروست دەکران و لە شێوەى فاکتەرە ئابوورییەکاندا دەنوێنرانەوە.
بە لەبەرچاوگرتنى هەژموون و بەربڵاویى هونەرە لیبراڵییەکان لە کۆمەڵگەى هاوچەرخدا و لەم چەند دەیەی کۆتاییدا، لە بەشى دواترى ئەم نووسینەدا پرسى کاریگەرى و شوێنەوارەکانى ئەم هونەرانەى حکومکردن لەسەر دروستبوونى سوبێکتى مێینە، دەوروژێنم. ئایا مۆدێلى مومارەسەى ئەم دەسەڵاتە دەشێت بەشداربێت لە تێگەیشتن لە سوبێکتى مێینەیى؟ ئەگەر جەستەى نەرمونیانى مێینەیى پەیوەست بێت بە پراکتیزە دیسپلینکارییەکانەوە، ئەى کەواتە چ جەستەیەکى ژنانە هاوبەرامبەرى مومارەسەکانى حوکمەتمەندیى نیولیبراڵییە؟

( 3 )
بێگومان پراکتیزە پێوانەییەکانى جوانیى مێینەیى[13] کە بارتکى وەسفى کردوون، لە ساڵى 1988ـەوە تاوەکو ئێستا، هەم لە ڕووى قەبارە و هەم لە ڕووى هەمەجۆرییەوە، بەشێوەیەکى ترسناک زیادیان کردووە، پیشەسازیى کەرەستە جوانکارییەکان لە ڕووى جیهانییەوە بەرزبووونەوەى سەرسوڕهێنەریان لە قازانجدا تۆمار کردووە، زۆر لە کۆمپانیا فرەرەگەزەکانى کەرەستە جوانکارییەکان بۆ ناوچەگەلى نوێى وەکو چین پەلیان هویشتووە، داهێنراوە تەکنۆلۆژییەکان لە بوارى نەشتەرگەریى جوانکارى و کەرەستەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى بەساڵداچوون، وەکو کوتانى بۆتۆکس، ئێستا لە بازنەیەکى بەفراوانى دنیا لە بەردەستدان و لاى بەشێکى زۆرى ژنان بوونەتە بەشێک لە ڕۆتیناتى بەردەوامى جوانکاری. هەروەها قەیرەکان و گەورەساڵان لەنێو ئەو توێژەدان کە لەلایەن دروستکەرانى کەرەستەکانى جوانکاریى و تەکنیکە پێوانەییەکانى دیکەى تایبەت بە جەستەى مێینەوە، بە ئامانج گیراون، وەکو پەیڕەویکردن لە سیستەمێکى خۆراک و مومارەسەى وەرزش و لابردنى مووەکانى جەستە. وا پێناچێت هیچ نیشانەیەک هەبێت ئاماژەبێ بۆ کشانەوە و کەمبوونەوەى ئەو تەکنیکانەى دیسپلین کە بارتکى بەشێوەیەکى سەرکەوتوو هەژمارى کردوون و وەسفى کردوون، یان تەنانەت ئاماژەبێ بۆ ڕەخنەى زیاترى کۆمەڵگەى هاوچەرخ لەم تەکنیکانە.
دەمەوێت ئاماژە بە ڕوودانى کۆمەڵێک گۆڕانکارى بکەم کە بەسەر ئەو ئەرگومێنتەدا هاتوون وا ئەم تەکنیکانە پشتى پێدەبەستن، دەرکەوتنیشیان هاوڕێ بوو لەگەڵ سەرهەڵدانى سوبێکتى ئابووریى نیولیبراڵیدا. لە سایەى حکوتمەندیى نیولیبراڵی و تەرکیزە زێدەڕەوانەکەیدا لەسەر لایەنى ئابوورى، ژنان بوونەتە سوبێکتى لیبراڵى پڕ بە واتاى وشەکە: ئەوان تەنیا سوبێکتى تاکەکەسى نین کە مافى سیاسییان هەیە، بەڵکو سوبێکتى خۆپەرست[14]یشن کە بەدواى بەرژەوەندیى خۆیاندا دەگەڕێن. بە دەربڕینێکى دیکە، ئەوان تەنیا ئەو مافانەیان نییە کە لیبراڵیزمى سیاسى بۆیان دابین دەکات، بەڵکو بوونەتە ئەو سوبێکتانەى کە لیبراڵیزمى ئابوورییش گریمانە و پێشبینییان دەکات. کەسانێک کە تێدەکۆشن بۆ وەدیهێنانى بەرژەوەندییە تایبەتییەکانى خۆیان، پێش هەموو شتێک وەڵامى قازانج و زیانى ئابوورى دەدەنەوە. شتێکى ئاساییە بەرژەوەندیى هاوسەرە ژنەکە لەگەڵ بەرژەوەندیى هاوسەرەکەى یان لەگەڵ بەرژەوەندى منداڵەکانیدا نەگونجێت: هەروەها هەتابێ زیاتر ژنان وەک سوبێکتى ئەتۆمیى سەربەخۆ و سوودگەرا وێنا دەکرێن، کە بە ویستى ئازادانەى خۆیان کێبەرکێ دەکەن تاوەکو هەلە ئابوورییە ڕەخساوەکان بقۆزنەوە.
ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە ئێستا ژنان بەهۆى میکانیزمە نوێیەکانەوە، واتە لە ڕێگەى حوکمکردن لەسەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیانەوە، بوون بە سوبێکتى حکومکراو و ملکەچ. جێى خۆیەتى سەرنج لەوە بدەین کە مێینەیى پێوانەیى، بەشێوەیەکى نوێ، بە تووندى بە قازانجى ئابوورییەوە بەستراوەتەوە. چونکە ژنان هەتابێ زیاتر پاساو بۆ مومارەسەى خووەکانى مێینەیى پێوانەیى لە ڕوانگەى ئابوورییەوە دەهیننەوە کە پەیوەندییەکى ئەوتۆى بە بایەخدانەکانى پیاوەوە نییە: بۆ نموونە چیتر ژنان، بۆ ئەوە نینۆکى پەنجەکانیان درێژ ناکەن و کورت ناکەنەوە لەبەرئەوەى هاوبەشە پیاوەکانیان بە شتێکى سەرنجڕاکێش و جوانى دەزانن، بەڵکو لەبەرئەوە واى لێدەکەن چوون بەڵگەیە لەسەر سەرکەوتنى پیشەیى و دارایی، واتە نیشانەیەکە پتر یارمەتیدەرە بۆ بەرزبوونەوەى پلەى وەزیفى. بە هەمان شێوە، دەبینین یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەى واى لە هەندێ ژن کردووە نەشتەرگەریى جوانکارى بکەن و خۆیشیان لە چاوپێکەوتنەکانیاندا ئەمەیان وتووە، ئەوەیە کە بڕوایان وایە نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان لە بەرزبوونەوەى ئاستە وەزیفییەکەیاندا یارمەتییان دەدات[15]. ڕوخسارى مێینە بۆتە ئامرازێکى گرنگ بەهۆیەوە ژنان سەرمایە مرۆییەکەیانى پێ بەرز دەکەنەوە. سوبێکتى نیولیبراڵى هەتابێ زیاتر ڕواڵەت و جەستەى ژن بۆ بەدەستهێنانى ئەو دەستکەوتانەى خوازیاریانە، بەکاردەهێنێت. ئەمەیش واتاى ئەوەیە مومارەسە پێوانەییە مێینەییەکان چیتر تەنیا پشت بەو میکانیزمە وردانەى دیسپلین نابەستن کە بارتکى وەسفى کردوون –وەک بەگەڕخستنى سیستەمى سزا و پاداشتە کۆمەڵایەتییەکانى وەکو ئابڕووبردن یان سەرنجڕاکێشیى سێکسى-، بەڵکو پشت بە تەفسیرێکیش دەبەستن کە بەندە بە لۆژیکى دۆڕان و بەدەستهێنانى قازانجى داراییەوە.
جا کاتێک بارتکى سەرنج لەوە دەدات زامنکردنى جەستەیەکى جوان یان وروژێنەر، بە گرنگى و سەرسوڕمانەوە بۆ ژنان دەگەڕیتەوە، بەڵام هێزى کۆمەڵایەتى بەرچاویان بۆ دابین ناکات، ئەوا دەبینین دۆخەکە لە ڕواڵەتەکەیدا ئاڵوگۆڕێکى گەورەى بەسەردا هاتووە. ئیدى پەیوەستیى نێوان مێینەیى ئایدیاڵى و سەرکەوتنى ئابووری، بۆتە پەیوەستەییەکى تووندوتۆڵ و بەربڵاو. چیتر تەنیا بەدەستهێنانى ڕواڵەتێکى تایبەتى مێینەیى نیشانە و ڕەمزی ملکەچى نییە –وەکو ساقییەکان و خزمەتگوزارانى نێو هێلە ئاسمانییەکان و سکرتێرەکان-، چونکە لەمڕۆدا ژنانێکیش دواى ئەم ڕواڵەتە کەوتوون کە لە پێگەى دەسەڵات و داراییدان: وەکو بەرێوەبەرانى جێبەجێکار و ژنە سیاسییەکان. ئێستا لە جیهانێکدا دەژین کە بایەخى ڕواڵەت لە هەموو کاتێک زیاتر باڵى بەسەردا کێشاوە، ژنى بەکاربەرى نوێیش زۆر بە باشى ئاگاى لەم واقیعەیە.

( 4 )
لە هەموو دۆخێکدا، نابێت ئەم قسانە تووشى وەهمى ئەوەمان بکات کە واتاى کولتوورییانەى مێینە و پەیوەندییە قووڵەکەى بە ملکەچى و وروژاندن و پشت بەستن بەوانیتر، بە تەواوەتى ونبووە و نەماوە. هەروەها واتاى نەمان و ڕەوینەوەى پشتبەستنى بنەڕەتیى بەوانیتر نییە وەک ئەوەى لە لیبراڵیزمدا هەبوو –کە دەچووە خانەى کۆمەڵ و پشتبەستن بە خێزان و ئەمەیش سەربەخۆیى و خۆپەرستیى ئەوانیتریشى دەکردە شتێکى مومکین-. جا لەبەرئەوەى ژیانمانن لە دەورى خێزان و دابەشکاریى جێندەرییانەى هەستوسۆز و چالاکییەکانى سوبێکت دەسووڕێتەوە، ئەوا ئەو سوبێکتە سوودگەرا پەتییەى مێینە کە نیولیبراڵیزم لەگەڵ خۆیدا هێناى، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ داڕمانى نەزمى کۆمەڵایەتیمان، کە بە هیچ جۆرێک دیار و بەرچاو نییە. لەو کاتەدا کە دەنگى بەرگریکاران لە بەها خێزانییەکان بەرز دەبێتەوە و داڕمانێکى وەها جاڕدەدەن، ئەوا دەبێت ئەوەیش ڕابگەیەنین کە مێینەیى پێوانەیى ملکەچ تاڕادەیەکى زۆر بەردەوامە لەو پاڵپشتییە زەرورییەى کە سیستەمە سیاسى و ئابوورییە نیولیبراڵەکە پێویستی پێیەتى. چیتر دووالیزمە دژ بەیەکەکان کە لیبراڵیزمى سیاسى لەسەریان دامەزرابوو –تاک/خێزان، سەربەخۆیى/پاشکۆیەتى، بەرژەوەندى تایبەت/بەرژەوەندى کۆمەڵ- بەڕوونى لەنێوان هەردوو جێندەرەکەدا بەو دابەشکراوییە نەماونەتەوە کە هەبوون، بەڵکو ئێستا، هەتابێ زیاتر، جیاکارییەکە بۆتە جیاکاریى ژیانى دەروونیى ژنانى کارکەر، ئەوانەى کە داواکارییە لێکدژەکانى مێنەیى چەند لەتى کردوون و، سیماى خۆیشى لەسەر دابەشبوونەکانى نێوان کۆمەڵە جیاوازەکانى ژنان بەجێدەهێڵێت. لەئێستادا دەکرێت سوودى کەسییانەى هەندێک ژن بە ملکەچپێکردن و چەوساندنەوەى ژنانى تر بکڕدرێت: ئەو ژنەى کە دەستیڕاگەیشتووە بە وەزیفەیەکى سەرکەوتوو، دەتوانێت چاودێرى و هاوکارى بۆ کاروبارى ماڵ لە ژنانى تر بکرێت[16].
بەڵام ئەوە گرنگە ئاگامان لێ بێت کە هونەرەکانى حوکمى نیولیبراڵى، سەبارەت بە ملکەچییەک وا لە سەر بنچینەى جێندەر ڕاوەستاوە، بە گویرەى لۆژیکێکى جیاواز کار دەکات. لەبرى کۆنترۆڵکردنى سوبێکتى مێینە لە ڕێگەى خووخدە پێوانەییە بەردەوامەکانى سووکایەتى و سزا کۆمەڵایەتییەکان و پاداشتە سێکسییەکانەوە، ئەم هونەرانە ئەو ڕەفتارانە جێگیر دەکەن کە بەرەبەرە مێینەیى پێوانەیى بەهۆى پاساوى ئابوورییەوە هەڵدەسەنگێنن، چونکە لەوێدا تەرکیز خراوەتە سەر  گۆڕاوە ژینگەییەکان کە ڕەفتارى ژنان لە فۆڕمەکەیاندا وەک بەرکاربەر و پێشەنگانى کار، دیاری و قەتیس دەکەن. دەبێت ئاگامان لەوەیش بێت ئازادی و هەڵبژاردنى کەسییانە، کە حکومەتمەندیى نیولیبراڵى دابینیان دەکات، یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانى ئەم تەکنیکە دەسەڵاتخوازییە. چونکە چەمکى هەڵبژاردنى کەسییانە، بە سەرکەوتوویى ماسک دەخاتە سەر ڕووى ڕەهەندە بە میتۆدکراوەکانى دەسەڵات –وەکو باڵادەستى، هیرارشیەتى کۆمەڵایەتى و..هیتر-، کە ئازادیى هەڵبژاردن لەنێو چەندین بژاردەدا بە سوبێکتەکان دەبەخشێت، بەڵام لەولاوە لە هەر ئیمکانییەتێکى کردەیى دایاندەماڵێت کە دەرفەتى دیاریکردن و سکێچکردنى ئەم بژاردانەیان پێبدات.
ڕەنگە ئەم تەرکیزکردنە زێدەڕەوانەیە لەسەر بژاردەى ئازاد[17]، لە دیارترین ئەو سیمایانەى حکومەتمەندیى نیولیبراڵى بێت کە زیانی بۆ سوبێکتى ژنانە هەیە. چونکە ئەو کاتە پێوەرى ئازادیى ژن دەبێتە ڕادەى ئەو بژاردە تاکەکەسییەکانەى وا دەتوانێت هەڵیانبژێرێت: بە واتاى ئەوەى ئاخۆ کەسێکمان دەتوانێت چى هەڵبژێرێت: ئەوەى ببێتە بەڕێوەرى جێبەجێکار یان سۆزانى، هاوسەرگیرییەکى نەریتیى بکات یان پەنابەرێتە بەر کڕینى ئامێرە سێکسییەکان؟ تەفسیرى دەسەڵات تا ئەو ئاستە بەرزبۆتەوە کە -هەر بە سادەیى- یەکێکە لەو شتانەى ژنان دەتوانن هەڵیبژێرن. لەسەرووى ئەم چوارچێوەیەوە، راستەوخۆ، مانەوەى ژنان لە ماڵدا یان عەوداڵبوونیان بەدواى وەزیفەیەکى دڵخواز و مووچەى زۆردا، بە شتێک دادەنرێت گوایە لە بژاردەى کەسییانەى تەواو ئازادەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەیش وا دەکات ئەو کۆسپانەى کە لە ڕووى کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە دەبنە ڕێگر لەبەردەم سەرکەوتنیاندا، بە کۆسپى کەسى و دەروونى دابنرێن نەک کۆسپى وەها کە ڕەهەندى سیاسییان هەیە. جا لەبەر ئەوەى سوبێکتى نیولیبراڵیستیى ئەتۆمیستى ئازادى سوودگەرا، بە تەواوەتى بەرپرسە لە بەڕێوەچوون و کارایى چوارچێوەى کۆمەڵایەتى بەهۆى حسێبى تێچوون و سوودەوە، ئەوا ئەوەى لە وەدیهێنانى سەرکەوتندا شکست دێنێت هیچى بەدەست نییە جگە لەوەى لۆمەى خۆى بکات نەک کەس یان هیچیتر.
ژنان ئەوەندەى دەرفەتیان هەیە عەزیى هاوسەرگیرى بە هەموو جۆرەکانییەوە هەڵبژێرن هێندە توانا و دەرفەتیان نییە هێز هەڵبژێرن، لێرەدا کێشە ڕوونەکە وا لە تەرکیزى زێدەڕوانەدا لەسەر بەهاى هەڵبژاردن. مەوداى هەڵبژاردنى ڕەخساو بۆ ژنان لەلایەن تۆڕێک پەیوەندیى نایەکسانى هێزەوە سنووردار کراوە، ئەمەیش تەنیا بەوەندە ناوەستێ کە ئیمکان و بژاردەکانیان دیاریى بکات، بەڵکو کار بۆ ئەوە دەکات سوبێکتەکەیشیان دروست بکات. ئەو بۆچوونەى کە پێیوایە سوبێکتى مێینەى خاوەن بەرژەوەندیى دیاریکراو و خاوەن شوناسى جێگیر، خۆى پاشاى بژاردەکانیەتى و لەپێش ئەو پەیوەندییانەى هێزەوە بوونى هەیە کە خۆى لەنێویاندایە، ئەوا ئەمە پەردە دەدات بەسەر لایەنەکانى دەسەڵاتى ڕێکوپێک و دامەزراوى نێرینەدا، ئەمەیش بە پارادۆکسەوە واتاى ئەوەیە باوەڕى ئەو بە ئیمکانە بێ سنوورەکانى و ئازادیى هەڵبژاردن، واى لێدەکات لە پێشتر زیاتر تووشى لایەنگیریى ڕەگەزى[18] ببێت. 


پەراوێزەکان: 
[1] embodiment
[2] technologies of gende
[3] لەم دەقەدا هونەرەکانى حوکمکردن لە بەرامبەر چەمکى Governmentality ـى فۆکۆدا بەکارهێنراوە.
[4] Sandra Bartky
[5] Foucault, Femininity and the Modernization of Patriarchal Power
[6] Bartky, Sandra Lee ‘Foucault, Femininity and the Modernization of Patriarchal Power’ in I. Diamond and L. Quinby (eds.), Feminism and Foucault: Paths of Resistance (Boston: Northeastern University Press), 61-85, p. 75.
بۆ زانیاریى زیاتر لەسەر بەکارهێنانە فێمێنیستییەکانى چەمکى دەسەڵاتى دیسپلینکار لاى فۆکۆ، بۆ نموونە بڕوانە لە:
Susan Bordo, ‘The Body and the Reproduction of Femininity: A Feminist Appropriation of Foucault’ in Allison Jaggar and Susan Bordo (eds.),Gender/Body/Knowledge (New Brunswick: Rutgers, 1989), pp. 13-33 and ‘Feminism, Foucault and the Politics of the Body’ in C. Ramazanoglu (ed.), Up against Foucault (London: Routledge, 1993), pp. 179-203.
فۆکۆ دەڵێت، بۆ نموونە، سەرباز لە سەدەى حەڤدەدا، زۆربەى وەزیفەکەى خۆى لەوەێوە فێر دەبوو کە بچێتە نێو جەنگى پراکتیکییەوە و تێیدا هێزى بەرزى تواناى و ئازایەتى خۆى پیشان بدایە. بەڵام لە سەدەى هەژدەدا، سەرباز بووە ئامێرى جەنگ، شتێک کە دەکرا لە ڕێگەى مەشقى بێوەى و سەلیمەوە دروست بکرێت.

[8] See Bartky, op. cit., p. 75.
[9] The Birth of Biopolitics
[10] Michel Foucault, The Birth of Biopolitics. Lectures at the College de France 1978-1979(Basingstoke: Palgrave, 2008).
[11] governmental practice
[12] بۆ نموونە بڕوانە:
Jason Read, ‘A Genealogy of Homo-Economicus: Neoliberalism and the Production of Subjectivity’ in Foucault Studies, no. 6, pp. 25-36.
[13] the normative practices of feminine beauty
[14] egotistical subjects
[15] A. Elliott, Making the Cut: How Cosmetic Surgery is Transforming our Lives (London: Reaktion Books, 2008).
[16] بۆ نموونە بڕوانە:
Wendy BrownStates of Injury: Power and Freedom in Late Modernity(Princeton: Princeton University Press, 1995), p. 164.
[17] free choice
[18] vulnerable to sexism
سەرچاوە:
يوهانا أوكسالا: النيوليبرالية والذات الأنثوية، ترجمة: العنود سعد، الموقع: حكمة- من أجل إجتهاد ثقافي و فلسفي،22/12/2016. http://hekmah.org
Oksala, Johanna. “Neoliberalism and the Feminine Subject”. Public Seminar. 19 December 2014.

سەرچاوە:
يوهانا أوكسالا: النيوليبرالية والذات الأنثوية، ترجمة: العنود سعد، الموقع: حكمة- من أجل إجتهاد ثقافي و فلسفي،22/12/2016. http://hekmah.org
Oksala, Johanna. “Neoliberalism and the Feminine Subject”. Public Seminar. 19 December 2014.


تێبینى: ئەم وتارە یەکەمجار لە کتێبى "فێمینیزم"، زنجیرە کتێبى چەمکە فەلسەفییەکاندا، کە لەلایەن دەزگاى ئایدیاوە دەردەچێت بڵاوبۆتەوە. 

No comments:

Post a Comment