My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday 7 September 2018

دەوڵەت-نەتەوە، ناسیۆنالیزم، مافى چارەنووس

فالح عەبدولجەبار
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

لەوکاتەوەى ڤیلادیمێر لینینى ڕابەرى سۆڤیەتى لە (1914) و ویدرۆ ویڵسنى سەرۆکى ئەمریکى لە (1918)، هەر یەکە لە شوێنى خۆیانەوە، بانگەشەیان بۆ مافى دیاریکردنى چارەنووس کرد، مافى بڕیاردانى چارەنووس بووە بنچینەیەکى جیهانى بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى نەتەوەیى؛ دەوڵەتى نەتەوەیى کرا بە بنچینەى سەرەکى لە تەلارى جیهانیدا و، دواتریش مافى بڕیارى چارەنووس وەک یاسایەکى مرۆیى گشتگیر، خرایە نێو بەڵگەنامەى (1949)ـى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کە لە بەها و چوارچێوەکەیدا، دەستوورە نەتەوەییە لۆکاڵییەکانى تێدەپەڕاند.
لەبەرئەوە، بەشداریى خۆم لەم کۆنفرانسەدا بەم بڕیارە دەست پێدەکەم: مافى بڕیاردانى چارەنووس کە بەند بێت بە مافى سەربەخۆییەوە، بنەمایەکە چیتر ڕۆڵى یەکلاکەرەوەى نییە. بەم مانایە "موقەدەسە"، واتە دەستى لێنادرێت. بەڵام "پیرۆزی" لەم ئاستەدا دەوەستێت. ئەو فۆرم و شێوازانەى وەریدەگرێت هەمەجۆرە، فرەیە، بەستراوەتەوە بە دۆخ و ڕەوشە زۆر هەمە جۆرەکانەوە. مشتومڕ و قسەکردن لەبارەى ئەم فۆڕمانەوە پێویست و بە سوودە، ئەگەرچى بەر دیوار و بەربەستیش دەکەوێت، دیوارى وەکو هەوا و هەوەسى تووندوتیژى و دەمارگیر. بەڵام ئەمە ناتوانێت لە مشتومرى عەقڵى دوورمان بخاتەوە. لایەنیکەم دە تێز لایەنى تیۆریى کێشەکە بە مێژووى کردەییەوە دەبەستێتەوە.
تێزى یەکەم:
نەتەوەکان، یان سەرهەڵدانى دەوڵەت-نەتەوە، پەیوەستە بە سەردەمى سەرمایەدارییەوە، بە سەردەمى پیشەسازییەوە، بە لیبراڵیزمى سیاسى (دیموکراسى) و لیبراڵیزمى ئابوورى (ئابووری بازاڕ)، بە شارە گەورەکانەوە، لە سایەى دەزگایەکى فەرمانڕەواییکردنى ناوەندیدا، واتە دەوڵەت.
بەر لەم سەردەمە، نەتەوەکان و دەوڵەت نەتەوەکان بوونیان نەبوو، ئەگەرچى هەندێک ڕەگەزى بنەڕەتى بۆ دروستبوونى نەتەوە هەبوون (لەوانە: زمان، کولتوور و هیتر)، هەندێک لەمانە مێژوویەکى دێرین و درێژیان هەبوو.
تێزى دووەم:
ئەگەر دەوڵەت لە خۆیدا چەمکێکى ڕوون بێت، وەک دەزگایەکى فەرمانڕەوایى و بەرێوەبردن کە سەروەریى خۆى بەسەر ناوچەیەکى جوگرافیى دیاریکراودا درێژ دەکاتەوە و مافى پۆلێنکردنى کەرەستەکانى تووندوتیژیى ڕەواى هەیە، ئەوا نەتەوە وەک کۆمەڵێکى نەتەوەیى، چەمکێکى ناڕوونە، ئەگەرچى وا پیشان دەدرێت گوایە چەمکێکى ڕوونە.
دوو ڕێگا هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکى نەتەوە و دامەزراندنى نەتەوەکاندا، یەکەمیان، شێوازى ئەڵمانى و ئەویتریان شێوازى فەرەنسى. شێوازە ئەڵمانییەکە فەیلەسوفى ئەڵمانى یۆهان فیختە (1762-1814) دایناوە و لە دەقێکدا ڕوونى کردۆتەوە کە بە ناوى "وتارەکان بۆ نەتەوەى ئەڵمانى" (1807) ناسراوە، تێیدا چەمکى نەتەوەى لەسەر بنەماى زمان، پەیوەندییە خوێنییەکان داناوە، بگرە چواندوویەتى بە "خێڵ" بەهۆى نزیکایەتى خوێنییەوە، یان بە کۆمەڵێک کە لە ڕووى کولتووررى و زمانەوە بەسەر خۆیدا داخراوە.
لەو کاتەوە کە فیختە فۆرمولەى چەمکى نەتەوەى وەک کۆمەڵێکى کولتووریى خاوەن یەک زمانى هاوبەش کردووە، ئیدى بە هەندێک دەستکارییەوە، پەیوەندیى هاوسۆزى لەژێر ناوى مۆدێلى ئەڵمانیدا زاڵ بووە. کولتوور یان بە زمان دیاریى دەکرێت، یان بە ئایین، یان بە نەژاد. ژاپۆن هەموو ئەم ڕەگەزانەى تێدایە، کەچى بۆ نموونە هندستان هیچ یەکێک لەم ڕەگەزە هاوبەشانەى تێدا نییە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ناسیۆنالیزمى هیندى هیچى لە ناسیۆنالیزمى ژاپۆنى کەمتر نییە.
مۆدێلى فەرەنسى پەیوەندییە خوێنییەکان و زمان بە بنچینە و بنەماى نەتەوە دانانێت. ئەم چەمکە بیرمەندى فەرەنسى "ئێرنست ڕینان"، لە وانەوتارێکى بەناوبانگیدا دایڕشتووە کە ساڵى (1882) لە زانکۆى سۆربۆن، لە ژێر ناونیشانى "نەتەوە چییە؟" وتوویەتییەوە! ڕینان لە ئەزموونى جودابوونەوەى ئەمریکاى باکور و ئەمریکاى لاتینى لە ئینگلیتەرا و ئیسپانیاى ڕوانیبوو، ئەگەرچى هەمان زمان و کولتووریشیان هەبوو.
بە بۆچوونى ئەو، نەتەوە بەندە لەسەر دوو ڕەگەز: یەکێتیى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى ئەندامەکانى و، لەبیرکردنى ڕابردووى (فیودالى)ـى شەڕخواز. بە بێ دامەزراندنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و، بە بێ لەبیرکردنى کینەکانى ڕابردوو، ناکرێت دەوڵەت دابمەزرێنرێت. هەر لێرەدایە قسەیەکى باناوبانگى خۆیشى دەڵێت: "نەتەوە ڕاپرسیى بەردەوامە".
زۆربەى بزووتنەوە نەتەوەییەکان و دەوڵەت نەتەوەکان پشتیان بە مۆدێلە ئەڵمانییەکە بەستووە، کەچى هەمەجۆرى لە وڵاتەکانیشیاندا هەیە کە پێویستى بە نەرمییە و هەقە لەمەدا پشت بە مۆدێلى فەرەنسى ببەستن.
تێزى سێیەم:
ئەگەر پشت بە مۆدێلە ئەڵمانییەکە ببەستین کە بەهۆى پارچەپارچەبوونى ئەڵمانیا و ئاکامە پیشەسازییەکان و نەبوونى دیموکراسییەت لەو وڵاتەدا، گەشەى کرد، ئەوا ڕووبەڕووى کێشەیەکى سەخت دەبینەوە کە لە جیهاندا هەیە: 8000 کۆمەڵى زمانى لە جیهاندا هەن، کەچى کەمتر لە 200 دەوڵەت هەیە. ئەمەیش واتاى ئەوەیە دەوڵەتى فرە کولتوورى/فرە زمانى ڕێسایە نەک ئاوارتە. بەدیوەکەى تریشدا، دەوڵەتى خاوەن یەکێتیى نەتەوەیى/زمانی ئاوارتەیە نەک ڕێسا.
لێرەدا زەرورەتى مۆدێلە فەرەنسییەکە خۆى دەسەپێنێت کە لە هەناوى سەرمایەداری و دیموکراسییەتى پەرلەمانیى چەسپاوەوە گەشەى کرد. بەڵام ئەو بزووتنەوە نەتەوەییانەى کە لە وڵاتێکى وەکو عێراق و وڵاتانى دیکەى هاوشێوەدا زاڵ بوون، پەیڕەوییان لە مۆدێلە ئەڵمانییەکە دەکرد. لێرەدا، قەیرانەکان بەرەنجامى بەریەککەوتنى ئەم دوو نموونەیەن: سیاسەتى زاڵ پەیڕەوى لە مۆدێلە ئەڵمانییەکە دەکات، کەچى واقیعەکە پێویستى بە مۆدێلە فەرەنسییەکەیە.
تێزى چوارەم:
زۆربەى کۆمەڵگەکانى ئەوروپا (+ ئەمریکاى باکور) لە پێش کۆمەڵگەکانى ئێمەوە چوونە نێو سەردەمى نەتەوەپەرستییەوە، ئەوەیش بەهۆى پەرەسەندنى پیشەسازیى سەرمایەدارییەوە، بەهۆى بەرهەمەکانییەوە لە بازاڕ و ئاڵوگۆڕدا، بەهۆى پەیوەندیى ئۆرگانییەوە، بەهۆى ئامرازەکانى پەیوەندیگیرى و گواستنەوەوە کە دوورەپەرێزى و تەریکیى کۆمەڵە لۆکاڵییەکانى کۆتایى پێهێنا، هەروەها بەهۆى دامەزرراندنى دەزگاى فەرمانڕەوایەت سەنتراڵ و سیستەمى پەروەردەیى و فێرکارى هاوڕەگەزى کولتوورییدا.
ئێمە، جیهانى عەرەبى و ئیسلامى، بەرلەوەى کۆمەڵگەکانمان لە ڕووى نەتەوەییەوە پێبگات، لە ڕووى فیکرییەوە بۆچوون و تێڕوانینە نەتەوەییەکەنمان وەرگرت؛ واتە پێش ئەوەى زەمینەى ئابووریى مۆدێرن و شارى پەرەسەندوو و دەوڵەتى سەنتراڵ بڕەخسێت، ناسیۆنالیزم گەشەى کرد.
ئێمە (لە عێراق) کۆمەڵگەیەکى جووتیاریى-پیشەیى پەرتوبڵاو، پارچەرچە بووین، کۆمەڵگەیەک کە بەشەکانى لە چوارچێوەى خێڵ و عەشیرەتەکان و شارەکاندا قەتیس بووبوو، شارەکانیشى بەسەر گەڕەکەکانیدا دابەش بووبوو، دانیشتووانەکەى پێکهاتبوو لە دانیشتوانى شار و دێهاتى و کۆچەرەکان، لە ڕووى زمانیشەوە بەسەر کورد و عەرەبدا دابەش بووبوو، دیسانیش ئایین و ئایینزاى جۆراوجۆرى تێدا بوو. 
تێزى پێنجەم:
 لە عێراقى ساڵى 1921دا، دوو کەس بڕیاریان لە وڵاتى دۆڵى دووڕووبار (میزۆپۆتۆمیا)دا، ئەویش مەندوبى باڵاى بەریتانى "سیر پرسى کۆکس" Percy Cox و "ئەمیر فەیسەڵ"، کە فەرەنسا لە کورسى دەسەڵاتى سوریا هێنابوویە خوارەوە. چاوپێکەوتنە مێژووییەکە و ڕەشنووسى ئەم چاوپێکەوتنە لە خانەى بەڵگەنامەکانى دەرەوەى بەریتانیادا هەیە، مێژووى نووسی کۆچکردوویش "پیتەر سلاگلیت" لە کتێبى "بەریتانیا لە عێراق"ـدا باس لەوە دەکات کە کۆکس (یان وەک عێراقییەکان دەلێن کاوکز)، ملکەچى بنەماى بڕیاردانى چارەنووس بوو بەو جۆرەى کە لە ڕاگەیاندنى سەرک ویدرۆ ویڵسندا هاتبوو، ئەو و هاوەڵانى ڕاگەییاندنەکەیان ناونا "ڕۆحى سەردەم"، ئەگەرچى باوەڕیان وابوو کە وێڵسن ئایدیالیستە، لە واقیع دابڕاوە و ئاگاى لەوە نییە کە وڵاتى دوو ڕووبار و شام و ئەوانیتر، هیچ ئەدگار و سیمایەکى هاوبەشیان تێدا نییە تاوەکو بەهۆیانەوە نەتەوەیەکى یەکگرتووى تێدا دابمەزرێنرێت، یان مافى بڕیاردانى چارەنووسیان بە واتا ویڵسنییەکەى تێدا پراکتیک بکرێت. بەڵام ئەو خۆیشى بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەستبوو بە بڕیاردانى چارەنووسەوە، ئەویش بەهۆى تێچوونى زۆرى شۆڕشى بیستەکانەوە (نزییکەى 50 ملیۆن جونەیهى ئیستەرلینى، کە ملیارانى ئەمڕۆ دەکات).
بەڵام ئەمیر فەیسەڵ ئاگاى لەوە بوو کە گەلانى ناوچەکە، لە قۆناغى پێش-نەتەوەییدا دەژین (ئەو ناوى دەنێت میللەت)، بگرە شوناسەکانیان شوناسى خێڵەکى و ئایینى و مەزهەبییە.
لە چاوپێکەوتنەکەى ئەم دوو پیاوەدا، کۆکس بە ئەمیر فەیسەل دەڵێت ڕێکخستنەکانى بڕیاردانى چارەنووس بۆ دامەزراندنى دەوڵەتێکى عێراقى-عەرەبییە، لە باکوریشییەوە دەوڵەتى کوردى، لە باکووورتریش دەوڵەتى تورکى، بە گوێرەى بڕیارەکانى پەیماننامەى سیڤەر. فەیسەڵ دەڵێت، تۆ دەوڵەتێکم پێ ئەدەیت کە ناشێت بژى. تورکیا و ئێران دوژمنایەتیم دەکەن، سعودیەیش لە باشوورەوە هەر دژایەتیم دەکات. ئەى چۆن ئەکرێت بۆ منى سونەیەکى شافیعى-مەزهەب، حوکمى گەلێکى عەرەبى بکەم کە زۆربەیان شیعە-مەزهەبن. کوردەکان سونەى شافیعین. بوونى ئەوان جۆرێک هاوسەنگى ڕادەگرێت.
فەیسەڵ بە زمانى شوناسى مەزهەبى بیر دەکاتەوە و دەدوێت، چونکە خۆى دەیبینى کە مەزهەبگەرایى ڕۆڵى دیار و کاراى هەیە. لە بەرامبەردا کۆکس بە زمانى سەقامگیرى و تێچوونى حوکمى دواى ئەزموونى شۆڕشى سەدەى بیست قسە دەکات.
دواجار کۆکس ڕازى دەبێت کە بڕیارەکانى پەیماننامەى سیڤەر رەت بکرێتەوە (هەڵبەت ئەتاتورکیش ئەمەى پێخۆش بووە)، ئیدى مۆرى جووت نەتەوەیى لێکنرا بە عێراقەوە.
تێزى شەشەم:
دەوڵەتى عێراقیى تازە لە دایکبوو بە دوو قۆناغدا تێپەڕى: یەکەمییان قۆناغى درێژکردنەوەى سەروەرى خۆى، بە ئامرازەکانى تووندوتیژى (تووندوتیژیى دەوڵەت) بەرامبەر کۆمەڵگەى جووتیاریى پەرتوبڵاو. دووەمیان، دامەزراندنى دەوڵەت: عەرش، کارگێڕى، سوپا، پۆلیس، دەزگاى دادوەرى، دەزگاى فێرکارى.. ئەمانە سەخت نەبوون، بەندبوون بە دامەزراندنى سیستەمى حوکمڕانى و باڵادەستییەوە بە ئامانجى سەروەرى.
دەوڵەت یاخیبوونەکانى دامرکاندەوە، واتە هەموو مەیلە نا-سەنتراڵەکان، چ ئەوانە کوردەکان لە سلێمانى، یان هى ئاشوورییەکان، یان ئەوانەى بەسرە، یان عەشایەرەکانى باشوور کە بۆ نموونە سەربازگیرییان ڕەت کردەوە.
بەڵام دەوڵەت، لایەنیکەم لە سییەکان و چلەکاندا، دەستیکرد بە بنیانانى کۆمەڵى نیشتمانى، کە پێکهاتبوو لە چەندین نەتەوە، کۆمەڵەى هەمەجۆرى ئایینى و کولتووری.
لەمەیشدا پشتى بە مۆدێلە فەرەنسییەکە بەست، واتە خوڵقاندنى بەرژەوەندیى هاوبەش، کردنەوەى دەرگاى بەشداری، دروستکردنى یادەوەریى نوێ کە سەرجەمیان هاوکاربن بۆ چەسپاندنى یەکێتییە نوێیەکەى بەشە پەرتوبڵاوەکان.
تێزە حەوتەم:
سەرکەوتنى کەمتازۆرى شانشینەکە: ئەو مۆدێلەى لە سەردەمى فەیسەڵدا پەیڕەوکرا (ئەگەرچى دواى مردنى مەلیک، لە ماوەى حوکمى غازیدا 1933-1938، بۆ ماوەیەک دەوڵەت لەو مۆدێلە دوورکەوتەوە)، سەرکەوتنى بەدەست هێنا، دەتوانین ئاماژە بە فاکتەرەکانى ئەو سەرکەوتنە بکەین کە هەتا ماوەیەکى کەم دواى شۆڕشى تەموز هەر بەردەوام بوو.
1-   کرانەوەى سیستەمى سیاسى-دیموکراسى-پەرلەمانى-دەستوورى بەرامبەر هەموو کۆمەڵە نەتەوەیى و ئێتنیکى و ئایینى و مەزهەبییەکاندا (تەنیا لە سالى 1948دا یەهودییەکان ڕیزپەڕخران).
2-   کرانەوەى ئابووریى بازاڕى ئازاد بەسەر سەرماکیەکان و بازرگانیە لۆکاڵییەکاندا، ئەم ئابوورییەوە تاکەکەسان و کۆمەڵەکانى لە ڕێگەى پەیوەندییە ئۆرگانییەکانى ئاڵوگۆر و بازرگانییەوە پێکەوە بەستەوە.
3-   بەشداریى لە سامانى نیشتمانیدا (= خاک)، بێجگە لە گەورەترین چینى خاوەن زەوییەکان، لەسەر بنەماى موڵکایەتیى نوێ (تاپۆ) نەک دەرەبەگایەتى کۆنى کاتیى (لایەنگیریى کۆتوبەندکراو). چینى موڵکدارى نوێ، کە بەگوێرەى بەرنامەی شارەزایەکى بەریتانى بە ناوى "دوبز" Dobbs پێکهاتبوو، زیاتر 40%ى لە شیعە و 20%ى لە کورد و 18%ى لە عەرەبى سونە بوون، ئەمە بێجگە لە تورکمان و ئاشوورییەکان و مەسیحییە عەرەبەکان. ئەم چینەیش فرەیى ئێتنیکى-ئایینیى مەزهەبى کۆمەڵى نیشتمانییان پێکەوە کۆکردبوویەوە وەک کۆمەڵێک کە لە یەک هەرێمى یەکگرتوودا، هاوبەشن. ئەم چینە بنچینەى کۆمەڵایەتیى دەوڵەتى نوێى پێکهێنا.
4-   کردنەوەى دەرگاى بەشدارى لە دەزگاى کارگێڕیى حکومیدا (وەزارەتەکان و هیتر).
5-   کردنەوەى دەرگاى بەشدارى لە سوپا، پۆلیس، ئاساییشدا. هەندێک لە سەرکردەى فیرقەکان کوردبوون و یەکەمین کودەتاى سەربازییش هەر کوردێک کردى، ئەویش "بەکر سدقى" بوو.
6-   رێزگرتن لە هەمەجۆریى کولتووری، بەتایبەتییش عەرەبى-کوردى لە خوێندن و ڕاگەیاندنى فەرمیدا.
تێزى هەشتەم:
هەڵگەڕانەوەى دەوڵەت لە مۆدێلە فەرەنسییەکە، کە کرانەوەى دیموکراتى و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەشداریى بەرفراوانى لایەنەکانى ڕاگرتبوو، ئینجا مۆدێلە ئەڵمانییەکەى کردە بنەماى خۆى کە بە ئامرازى سەرکوتکردن کارى دەکرد، ئەمەیش سەرەتاى ملنانبوو بە ڕێگایەوە کە بەرەو شکستێکى حەتمی دەڕۆیشت.
ئەم مۆدێلە هەر لە زێدەکەى خۆیشى (ئەڵمانیا) شکستى هێناوە، چونکە بووە مایەى ڕەگەزپەرستى و جەنگ، وێرانکارى و دابەشکردنى ئەڵمانیا، خۆیشى لەم مۆدێلە بێبەرى نەکرد هەتا دواى ڕزگارکردن و پاککردنەوەى لە میراتى ڕەگەزپەرستى/ستەمکارى (نازیزم). هەمان شت لە جیهانى عەرەبیشدا ڕوویدا. مۆدێلە ئەڵمانییەکە شکستى هێنا و نەیتوانى یەکێتیى عەرەبى دروست بکات. بگرە هەر نەیشیتوانى یەکێتى نەتەوەیى لۆکاڵى بنیات بنێت. عێراق بەشێک بوو لەم داڕمانە: ئیمەى عەرەب سەردارى شکستین. کوردەکان ئێوەیش لاساییمان مەکەنەوە.
تێزى نۆیەم:
مەرجەکانى بنیاتنانى نەتەوە لە دۆخە جیاوازەکاندا چییە؟ دۆخێک کە تێیدا پایەکانى سەردەمى پیشەسازى-سەرمایەداریى مۆدێرن تێیدا پێنەگەیشتبێت.
یەکەمین مەرجى بنیاتنانى دەوڵەت-نەتەوە سەروەریى ناوەکییە، کە لەسەر بنەماى ڕەوایەتى دەستووریى-هەڵبژاردن بێت، ئینجا سەروەرى نێودەوڵەتى کە پشت بە یاساى نێودەوڵەتى (دانپێدانانى نیودەوڵەتى) دامەزرابێت.
دووەم مەرج، بوونى ئابووریى بازاڕە نەک ئابووریى ڕانتخۆر؛ ئابووریى بازاڕ پەیوەندیى ئۆرگانی، تۆڕى بەرژەوەندیی پێکەوەبەستراو و تێکەڵ دروست دەکات، ئەمەیش ئەو شتە دەڕەخسێنیت کە پێیدەوترێت "هاوبەندیى ئۆرگانى"، کە بابەتێکى سەرەکییە لە بنیاتنانى نەتەوەدا.
بەڵام ئابووریى ڕانتخۆرى-نەوتى ماناى ئەوەیە دەوڵەت خاوەنداریى ئەم ڕانتانە دەکات، بەڵام ناتوانێت دروستیان بکات. رانتخۆرى تاکەکەس، وەک بکەرێکى ئابوورى، دەبەستێتەوە بە دەستەبژێرى حاکمەوە، بە سەرکردە یان بە نوێنەرەکانییەوە، نەک تاکەکەس ببەستێتەوە بە تاکەکەسانى ترەوە. لێرەدا، نەمانى سەرکردە-حزب- حاکم واتە داڕمانى تۆڕى پەیوەندییە ئابووریەکان و هاتنى تۆڕێکى نوێ بۆ جێگرتنەوەى ئەوەى پێشوو، ئەمەیش لەگەڵ خۆیدا دۆخى سەرکوت و وەلا و ئینتیماى جوزئی دەهێنێتە ئاراوە.
زۆرێک لە سیاسەتمەدار و لێکۆڵەران دەرک بەوە ناکەن کە ئابووریى بازاڕ ماناى ئامرازێک دەگەیەنێت بۆ بنیاتنانى تەونێکى کۆمەڵایەتى کە گەورەتر بێ لە تایەفە و ئێتنیکەکان. پارە نە ئایینى هەیە و نە مەزهەب.
سێیەم، پێویستە دەزگاى کارگێڕى بۆ هەموو هاووڵاتیان بکرێتەوە، بە بێ جیاکاریى رەگەزى و ئایینى و مەزهەبى، یان لەوەیش گرنگتر، بە بێ ئەوەى حزبێکى تایبەت لە دەستى خۆیدا قەتیسى بکات و هەموو فەرمانبەرەکانى دەزگاکە لە ئەندامەکانى خۆى دابنێت.
چوارەم، دامەزراندنى دەزگاى سەربازى-ئەمنى، دەزگایەکى کراوەتەوە بۆ هەمووان، بە بێ مۆنۆپۆلى حزبى-مەزهەبى یان حزبى-نەتەوەیى.
پێنجەم، هاوبەندیى کولتوورى مەرجێکى پێویستە بۆ بەردەوامبوون و پتەوکردنى بناغەى نەتەوە؛ ئەمەیش بە چەسپاندنى هاوبەشییەکان لەلایەک، ڕێزگرتن لە فرەیى و هەمەجۆرى لەلایەکى تر؛ بە تایبەتیش فرەیى زمانى و فرەیى ئایینى.
شەشەم و کۆتایى، پەیڕەویکردن لە مۆدێلە فەرەنسییەکە نەک مۆدێلە ئەڵمانییەکە، بۆ ئەوەى ببێتە مایەى سەروەرى-ڕەوایەتى-ڕەزامەندى و قبوڵکردنى "ڕاپرسى هەمیشەیى" لەلایەن هاوبەندیى کۆمەڵى نیشتمانییەوە.
تێزى دەیەم:
ئایدیاى کۆمەڵى نیشتمانیى نوێى عێراقى، لە ساڵى 1921دا، لەسەر بناغەى هاوپەیمانیى شیعى-سونى و بە تێگەیشتن لەگەڵ کورددا پێکهات. ئەمڕۆ، لە 2003وە، ئایدیاى کۆمەڵى نیشتمانى عێراق، لەسەر بناغەى هاوپەیمانى شیعى-کوردى، بە تێگەیشتنى کەمتازۆر لەگەڵ سونەدا، بەرهەم هێنرایەوە. زۆروبۆریى پەیماننامەکانى هاوپەیمانى و شێواندنى تێگەیشتن، واتاى ئەوەیە کە ئێمە لەبەردەوام دۆخى دەوڵەتێکى شکستخواردووداین کە پێویستى بەوەیە دانى پێدابنرێت وەک نوێنەرى کۆمەڵى نیشتمانى. پێویستە دیسانیش ئەم دانپێدانانە ئەنجام بەدەست بهێنرێتەوە. ئەوەى ئێستا باوە، جۆرێکە لە پاشاگەردانیى کوشندەى ڕەگەزپەرستى. ئینجا هێدى هێدى هەڵوەشانەوە، لەبرى دامەزراندنى دامەزراوەى گشتگیر بۆ هەمووان.

تێبینى: ئەم وتارە باسێک بوو، کە ڕۆژى 16/9/2017 نووسەر لە ''کۆنگرەى دیموکراتى و بڕیاردانى چارنووس''، لە شارى سلێمانى سازکرا، پێشکەشى کرد.  

 سەرچاوە:
د. فالح عبدالجبار: الدولة-الأمة، النزعة القومية و حق القرير المصير، مفاهيم أساسية، 4/10/2017.
تێبینى: ئەم وتارە لە کتێبى "ناسیۆنالیزم"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفییەکانى دەزگاى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە.

No comments:

Post a Comment