هاوار محەمەد
باسى سەرەکیى ئەم نامیلکەیە تەرخانکراوە بۆ شیکردنەوەى هەردوو چەمکى ئایدیۆلۆژیا و دەوڵەت و پەیوەندییەکەیان لە فیکرى هەریەکە لە لوویى ئاڵتۆسێر و میشێل فۆکۆ و نیکۆس پۆلانزاسدا، هاوڕاییان و جیاوازییان، یەکتربڕینیان و یەکترڕەخنەکردنیان.. دەیەوێت ئەو گۆڕانانە پیشان بدات کە لە فیکرى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە بەسەر ئایدیۆلۆژیا و دەوڵەتدا هاتووە و بەمەیش ڕەخنەى خوێندنەوە تەقلیدییە تۆبۆگرافییەکەى ناو فیکرى مارکسیزم بۆ "ژێرخان/ سەرخان" بکات. فیکرى مارکسیزم گیرۆدەى "ئابووریگەرایی"ـە، ئەمەیش هەمان ئەو ئابووریگەراییە نییە کە لینین لە "دەوڵەت و شۆڕش"ـدا ڕەخنەى کردووە، بەڵکو ئابووریگەرایى هەموو ئەو ڕەوت و تیۆرانە دەگرێتەوە کە "ئابوورى" دەخەنە چەقەوە، دەیکەن بە بونیادى ڕەها بۆ تەفسیرکردن و گۆڕینى جیهان. ئابووریگەرایى ئەوەیە کە پێیوایە شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى هێشتایش هەر پیشەسازییە و پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانیش تەنیا لەنێوان "سەرمایەدار و کرێکار"دایە و هەرگیزیش گۆڕانى بەسەردا نایەت، تەنیا مەگەر گۆڕانى ڕیشەیى بە شۆڕش، بە بێ گۆڕینى ئەم پەیوەندییەیش مەحاڵە هیچ "یاسا"یەکى ئابووریى لەوانەى کە مارکس دیاریى کردوون، پووچەڵ ببنەوە. ئابووریگەرایى ئەوەیە باسى عەشق و ئاوخواردنەوە و میزکردنیش بکەى خێرا بە حاسیبەیەک ڕێزەى قازانج و زێدەبەها و بەهاى ئاڵوگۆڕیان تێدا دیاریى دەکات. ئەوە ڕاستە سەرمایەداریى هەموو شتێک دەکات بە کاڵا و بابەتى قازانج، بەڵام مەرج نییە مانەوە و گۆڕینى دنیا بەند بێت بە ئابوورییەوە، مەرج نییە کەڵەکەکردنى سامان یەکەمین و دوایین ئامانجى چینێک بێت، گەر وابێت ڕەوایە بپرسین گەر هەموو شتێک لەپێناو ساماندایە، ئەى سامان لەپێناو چیدا؟ وەڵامى ئابووریگەرایى ئەوەیە "سامان لەپێناو ساماندا"، ئەمەیش هەمان "شت لەخۆیدا"ى کانتە، واتە میتافیزیکا. ڕەنگە ئابووریى لەپێناو هەژموون، جیاوازیى ڕەمزى، چێژ، نماییشى گەمژانە، مەزهەب، خۆشیى ژیانى ڕۆژانە و هتد گرنگ بێت، بەڵام ئەمانە خۆیان هیچیان ئابووری نین. گرنگە بزانین سامان و خاوەندارێتى هەندێجار دەبنە پاشکۆى ململانێى تر، ئارەزوویتریش هەن کە جیهان بەڕێوەدەبەن یان دەجوڵێنن، باڵادەستیى سیاسى و هەژموون هەمیشە لە پێناو ئابووریدا نییە، بەڵکو لەپێناو خودى باڵادەستیدایە وەک چێژ. بەم جۆرە هەندێجار ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و مەزهەب خۆیان لە خودى ژێرخانى ئابووریى بونیادییترن. ئەم وتارە ئیشکردنە لەسەر ئەم گریمانەیە، وتارەکە سەرەتا لە پاشکۆى کتێبى "دژ بە لێخۆشبوون"دا چاپ بووە، بەڵام پێمباش بوو وەک خۆى بە شێوەى نامیلکەى ئەلیکترۆنییش بیخەمە بەردەستى خوێنەران.
بۆ دابەزاندن بە pdf کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
No comments:
Post a Comment