My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday, 21 May 2011

چەمکى سۆسیۆلۆژییانەی کردە 1

 بەشى یەکەم

لۆران فلۆرى
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

بەرهەمەكانی ماكس ڤێبەر، كە پڕن لە قوڵبوونەوەی مێژوویی و ئاراستە بابەتگەرییەكان، بەشدارییەكی ئیپستمۆلۆژی و میتۆدیش لە خۆدەگرن. پێویستە وا لە بەرهەكانی ڤێبەر، بە واتا كلاسیكییەكەی وشەكە، بڕوانین کە دیوانى كۆمەڵە بەرهەمێکى نووسراوە، بە واتایەكی گشتیتر دەبێت وەك جێیەک تەماشاى بکەین كە ئەو میراتە هزرییەى تێدا هەڵچنراوە و دروست بووە كە ڕۆژگار سەلماندوویەتی كاریگەریى لە هزری سۆسیۆلۆژی داناوە و هێشتاش بەردەوامە. هەروەها ئەمڕۆ ماكس ڤێبەر بە یەکێک لە دامەزرێنەرانى نەریتى سۆسیۆلۆژی حیساب دەکرێت ]لە سێ لایەنەوە[: لە میانەی ئەو پرسیار و وەڵامانەوە كە لە زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا خستوونیەتییە ڕوو؛ لە ڕێگەى ئەو میتۆدە ڕەسەنەوە كە دایڕشتووە؛ هەروەها لە ڕێگەى ڕۆنانى كۆمەڵناسیی چالاكی (یان- کردە)وە.

أ‌-   کۆمەڵناسیی کردە
     ڤێبەر لە یەكێك لە دوو وانەوتارە بەناوبانگەكەیدا، بە ناونیشانی «پیشە و پەیامی کۆمەڵناس» هەوڵیدا پێناسەیەك بۆ کۆمەڵناس بدۆزێتەوە و هاوكاتیش جیهانبینی تایبەتی خۆی و مومارەسەی خۆی وەك زانستزان[1] پیشان بدات. یەكێك لە نەگۆڕەكانی مومارەسە زانستییەكەی ئەو بریتییە لە بەیەكداچوونی سەرجەم زانستە مرۆییەكان: دەوڵەتناسی، یاسا، ئابووری و مێژوو. ئەم بەیەكداچوونەی سیستەمە مەعریفییەكان لە هەردوو تێزەكەیدا بە زەقى دیارە: یەكەمیان لەبارەی مێژووی یاسای بازرگانی لە شارە ئیتالییەكاندا 1889، دووەمیشیان لەبارەی مێژووی وەرزێریی لە ڕۆما و پەیوەندیبەکەى بە یاسای گشتی و یاسای تایبەتی 1891ـیەوە.
     زانیاریە چڕ و پڕەکانى سەبارەت ڕەوتە هزرییەكانى هەر یەكێك لەم سیستەمانە، هەلى تێپەڕاندنی درز و كەلێنە هزرییەكانی لە زەمانی خۆیدا بۆ ڕەخساند و قەوارەیەكی ڕەسەنی بە زانستە كۆمەڵایەتییەكان بەخشی. ئەو پشتیوانی لە دامەزراندنی مێژووناسیی «حەقیقەت» دەكرد و ئاماژەی بەوەدا كە سروشتی لێكۆڵینەوە بە ناچاری بریتییە لە سروشتی ئەزموونگەرایی مەیدانی، بۆیە ئەو لە پێگەی خۆیەوە وەك كۆمەڵناسێك، لە سەر زەمینی واقیع كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی مەیدانی ئەنجام داوە: ساڵی 1892 لێكۆڵینەوەیەكی دەربارەى ڕەوشی كرێكارە وەرزێرەكان لە ڕۆژهەڵاتی ئالپ ئەنجامدا، ساڵی 1908یش كاری لە بەرەوپێشبردنى لێكۆڵینەوەیەكی تردا كرد لەبارەی پیشەسازی لە ئەڵمانیا، کە خۆی سەرنووسەر و سەرپەرشتیارى ئاراستەكردن و ڕێنماییەکانى تایبەت بە چاوپێكەوتن و فۆرمی زانیاری بوو، ئەوەش ڕێگەیەكی دروست بوو بۆ تێگەیشتن لە ڕەوش و هەلومەرجەکان.

1- كۆمەڵناسی: زانستێكی مێژوویی
     ماكس ڤێبەر میراتگری قوتابخانەی مێژووگەرایی ئەڵمانییە، هەمان ئەو مەدرەسەى كەسانێكی پێشەنگ و زانكۆیی تێیدا دەركەوتوون وەکو: ڤیلیهێلم ڕوشیە Wilhelm Roscher 1815-1894، كارل كنێس Karl Knies 1821-1898، ئەدۆلف ڤاگنەر Adolf Wagner 1835-1917، گۆستاڤـ شمۆلەر Gustav Schmoller 1838-1917[2]، بەدیوێکى تردا ئەو بەسەر ئەم قوتابخانەیەوە ڕەخنەگریش بوو[3]، ڕەخنەى لە ئەزمووونگەراییەكەیان دەگرت كە خاڵی بوو لە هەر بانگەشەیەكی تیۆری، ئەو دامەزراندنی مێژووناسییەكی «لەسەر زەمینی ئەزموونی»، بەڵام لەنێو جیهانبینییەكەیدا بۆ حەقیقەتناسی، پێشنیار كرد و بانگەشەی بۆ ڕۆشنكردنەوەی چەمكگەلێكی تیۆری كرد لەو چەمکانە دەکرد کە دەرفەتى ئەوەیان بۆ ڕەخساند شێوەكانی ڕێكخستنى كۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگرێت. لەبەرئەمە دەبوو ئەم خولیا تیۆرییە لە داڕشتنی یاسا ئەبستراكتەكان، وەك ئەوەی قوتابخانەی بێلایەنگەرایی نەمسایی و بەتایبەتیش كارل مێنگەر Carl Menger 1840- 1921، بانگەشەی بۆ دەكرد، خۆى بە دوور بگرێت. پێویستە كۆمەڵناسی وەك زانستێكی مێژوویی بمێنێتەوە، چونکە هەرگیز مەبەستی زانستە كۆمەڵایەتییەكان داڕشتنی یاسا گشتییەكان نییە، ئەمە وەهمێكە كە ئەو لە بەرامبەر پۆزەتیڤیستەكاندا نكوڵی لێ‌ دەكرد؛ ئەوان دەیانویست بگەنە حەقیقەتی واقیع و بەم هۆیە بەتەمابوون «زانستە كولتوورییەكان» لەسەر شێوەی «زانستە سروشتییەكان» دابمەزرێنن. لەم مقۆمقۆیەدا دەربارەى ئەو شتەى پێی دەوترێت «خستنەڕووی میتۆدەكان»، كە لەمەیاندا زانستە سروشتییەكان تووشى ڕووبەڕووبوونەوەى زانستە كولتوورییەكان دەکات و ئەم دووانە دەخاتە بەرامبەر یەکترییەوە، هەڵوێستى ماكس ڤێبەر بە ڕوونی لەپاڵ لایەنگرانی زانستە كولتوورییەكاندا بوو، چونکە خۆى كۆمەڵناسی وەكو زانستێكی مێژوویى پێناسە کردبوو.
     بەڵام ئەو لەسەر ڕێبازەکەى فەیلەسووفی ئەڵمانی ڤیلیهێلم دێلتای (Wilhelm Dilhtey) 1833- 1911[4] ڕێزێكی لەڕادە بەدەری لە دەروونناسی ئەزموونى گرت كە بەهۆى ڕێژەییبوونەکەیەوە حاڵەتەكان دەخاتە ژێربارى ئەزموون و چاودێرییەوە؛ هەروەها ڤێبەر جیاكردنەوەی ئیپستمۆلۆژی مەعریفی لەنێوان ڕاڤەكردن ]تەفسیر[ كە تایبەتە بە زانستە سروشتیەكان و، تێگەیشتن كە تایبەتە بە زانستە عەقڵییەكان-ی لە دێلتاى وەرگرتووە. ڕاستییەكەی ڤێبەر ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە فۆرمەلە ئاڵۆز و تەمومژاوییەکەى هۆكارگەرایى لە مەڕ زانستە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەسەند بكات، چونکە لایوایە ئەم فۆرمەلەیە هەمان دژیەكییە میتۆدییەکەى پێشتر پلە خۆدەگرێت،.
     ڤێبەر دووالیزمە دیارەکانى نێو ململانێی میتۆدەكان ڕەتدەكاتەوە، ڕەسەنایەتییەکەیشى لەو ئاوێتەیەدایە کە هەر بەشێکى گروپێكەوە وەرگرتووە و ئینجا تێپەڕاندوون. ئەو عەقڵانییەتی ریكرت (Richert) و دەروونشیكاری زیمڵ (Simmel) و ڕێژەگەرایی گومانكارانەی دێلتای  (Delthey)و، هەروەها ئایدیالیزمی هیگڵ و ماتریالیزمی ماركس و مێژووگەرایی شمولەر و فۆرمگەرایی مێنگەر، تاوتوێ دەكات و ڕەخنەیان لێدەگرێت و تێیان دەپەڕێنێت. ڤێبەر میتافیزیكا ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەسەر هۆكارگەرایی دەکاتەوە، بۆیە وەختێ پێناسەى زانست دەکات ئەوا لە جێوڕێى گونجاوى خۆیدا سەبژێكتیڤیزمی بژاردەكردن (الانتقا‌ء) و ئۆبژێكتیڤیزمی پەیوەندییەكان دووپات دەكاتەوە.

2- كۆمەڵناسیی «كردەی بەكۆمەڵایەتیكراو»
     تاك لەنێو تۆڕێكی پەیوەندییەكاندا دەژی، ناتوانین بە بێ ئەو كۆمەڵەی كە ئەو تێیدا دەژی و وابەستەیە پێوەی، لێی بڕوانین و بیری لێ‌ بکەینەوە. ڤێبەر لە تیۆرەكەیدا لەبارەی پۆلبەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە، گوزارشتی لە هەمەجۆریی و فرەڕەنگی ئەم كۆمەڵانە كردووە، ئەو جیاوازی دەخاتە نێوان چینەكان و كۆمەڵە قەوارەییەكان و حیزبە سیاسییەكانەوە، واتە نێوان سێ‌ تەرزی ڕیزبەندیی هاوتاى بونیادی ئابووری و بونیادی كۆمەڵایەتی و بونیادی سیاسی. بەم جۆرە، بە پێچەوانەی ماركسەوە، ئەو پێی وایە چینەكان هیچ نین جگە لە فۆرمێكی تایبەتی پۆلبەندیی كۆمەڵایەتی، هەریەکەیان كۆمەڵێك تاك لەخۆ دەگرێت كە لە هەلی خاوەندارێتی و لە هەندێ‌ هەلومەرجی ژیانی مادیدا یەكسان و لێکنزیکن؛ جگە لەمەیش، چینەكان هیچ نین جگە لە چینبەندییەكی بەكۆمەڵی تاكەكان كە مەگەر بە پشت بەستن بە پێودانگە لۆژیكییە عەقڵییەکان بگەنەوە بەیەك دەنا یەكێتییەك پێكناهێنن كە هۆشیاری لەبارەی یەكبوونی خۆیەوە هەبێت. هەرچی كۆمەڵە قەوارەییەكانە، بە پشت بەستن بە كاركردگەلێكی ئۆبژێكتی (لەدایك بوون، پیشە، جۆری پەروەردە و كولتوور) و توخمی سەبژێكتی (سەنگینیی كۆمەڵایەتی، ناوبانگ)، لە ڕووی پێگە و جێگەی كۆمەڵایەتییەوە لێك جیاوازن. هەر كۆمەڵەیەكیش بە تەرزەكانی بەكاربردن و پێوەرە كولتوورییەكان، واتە بە شێوازی ژیان (دژیەك لەگەڵ ئاستەكانی ژیاندا) لە كۆمەڵێكی دیكە جیا دەكرێتەوە. لە لایەنی سێیەمیشدا، حیزبە سیاسییەكان دەتوانن لەنێو فۆرمێكی دامەزراوەیی، بەرژەوەندیی ئابووری یان قەوارە كۆمەڵایەتییە هاوبەشەكاندا، كۆببنەوە. دەشكرێت لەسەر بنەمای دیكەش دابمەزرێت (ئایینی و ئەخلاقی). ئەم شیكارییە سێ‌ ڕەهەندییە ژمارەیەك لەو پرەنسیپانە ڕوون دەكاتەوە كە بناغەى ڕێزبەندى و پلەبەندیى كۆمەڵەكانە لە كۆمەڵگا نوێیەكاندا، ئەمەیش ئەوە دێنێت بە بیرماندا كە كۆمەڵەی قەوارەئاسا، لەنێو هەموو كۆمەڵەكانی تردا، هەڵگرى خەسڵەتێكی دیاریكراوە، ئەویش ئەو شوێنەیە كە تاكەكان تێیدا بەها و پێوەرەكانی ڕەفتار و ئادابە هەمەجۆرەکان فێر دەبێت، كە لەنێویشیدا ئاڵوگۆڕیان پێ‌ دەكەن. بەم جۆرە ئەو بەهایەی كە تاك هەڵیدەبژێرێت ژێرەوانكێیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی كە كۆمەڵە قەوارەئاساكە بەسەریاندا دەیسەپێنێت، بەم واتایە هەڵبژاردنی ئەم یان ئەو بەها لە لایەن تاكەوە پەیوەستە بەم كۆمەڵەوە. كەواتە بەها توانای ئاراستەكردنی كردەی كۆمەڵایەتی هەیە، بە مەرجێك لەلایەن چەند کۆمەڵێکى كۆمەڵایەتیەوە کە چوارچێوەى دامەزراوەییان هەیە، پێڕەو بکرێت.
     ئەم خاڵە سەركێشییەكی تیۆریی بۆ پێناسەکردنى تاك پیشان دەدات. مادەی یەكەم لە كۆمەڵناسیی تێگەیشتندا بریتییە لە كردەی تاك بەهۆی ئەو ئامانجە خودییەی كە تاكەكان بە كردارەكانیانەوە دەیبەستنەوە، كردەیەك کە بە ئەندازەی پابەستییەکەى بە ڕەفتاری ئەوی دیكە و جێبەجێکردنى پێوانەکانەوە دەبێتە كردەیەكی ''كۆمەڵایەتی'' (ES, P.4)ـیش، بەم مانایە كردەی تاكەكەسی، ڕەفتاری ئەوانی دیكە بە هەند وەردەگرێت و پێیان كاریگەر دەبێت. كەواتە تیۆری كردەی كۆمەڵایەتی بە پەیوەندییە خزمایەتی و لێكنزیكییەكان شەتەك دراوە، واتە بە تیۆری ڕەوتی كارتێكران و كاریگەربوون. ئەمە كردەی تاكەكەسێكە كە بە نیازی تەبایى ڕەفتار، ڕەفتارەکەى ئاراستەی ئەوی دیكە دەكات.
     هەروەها ئەمە تیۆری فەرامۆشكردنە[5]. لە بەرامبەر وێنەی تاكی زانینمەند کە تاكێكی عەقڵانییە (تایپی بكەری ستراتیژی)، ڤێبەر وێنایەک بۆ تاک پەرە پێدەدات کە لە ڕووى بنەماوە نزیکە لە وێناكردنەکەى دوركهایم (بە لای ئەمەوە واقیعی كۆمەڵایەتی بێ‌ ئەوەی پێبزانین كارمان لێدەكات)، بە جۆرێك كە هەمیشە مرۆڤ هۆشیارییەكی ڕوونی لەبارەی مەبەستەكانی خۆیەوە نییە. ڤێبەر حوكم نادات، ئەو لەوە تێدەگات فەرامۆشكردنی ڕێسای ڕاستی و نەزمەکان لەلایەن تاكەوە، چ مانایەكی هەیە: لە ڕەوشی كۆمەڵایەتیدا كە ناتوانیت خۆتی لێ‌ بدزیتەوە «كردە بریتییە لەوەی لە ڕەوشێكی دەگمەنی نەخوازراودا بێت»[6]. بەم جۆرە ڤێبەر، بە بێ‌ ئەوەی بە ڕاشكاوی دەرى ببڕێت، گریمانەی تیۆرییەكی لەبارەی بە كۆمەڵایەتیكردن socializationـەوە كردەوە كە زەمینەى تێگەیشتن لە كردە و ناسینى کردە وەک بكەرناسییەكی بەكۆمەڵ و كردەناسییەكی بە دامەزراوەییکراو، بۆ كۆمەڵناسی دەڕەخسێنێت.

3- كۆمەڵناسیی «كردەی ڕێکخراو»
     تێڕوانینی كلاسیكیى کۆمەڵناسى، ڤێبەر بە باوكی ئۆبژێكتیڤیزمی میتۆدی لە قەڵەم دەدات، بۆیە ناتوانین بەشدارییەکەى تەنیا لەوەدا کورت بکەینەوە کە بڵێین یەکێکە لە دامەزرێنەرانى تیۆری بژاردە (خیار)ی عەقڵانی کە لەسەر گریمانەى تاكێكی ئەتۆمگەرا و خۆپەرست دامەزراوە. با لەگەڵ ڕیمۆن بۆدۆندا سێ‌ ڕاڤەی تاكگەرایی لێك جیا بكەینەوە: تاكگەرایی «سۆسیۆلۆژی» كە لەسەر بنچینەی پرەنسیپی هاوتایى ڕەفتاری تاكەكان لەنێو كۆمەڵگادا ڕاڤە دەكات (بۆ نموونە، كۆمەڵگا "هیرارشییەکان" دەبێتە لایەنە بەرامبەرەکەى كۆمەڵگە "تاكگەراكان")؛ تاكگەرایی «ئەخلاقی»، هەماهەنگە لەگەڵ ئەو دۆكترینەدا كە تاك دەكاتە نیشانەیەكی مەرجەعیی ئەوتۆ ناتوانین تێیی بپەڕێنین و پێودانگەكان و دام و دەزگاكان و هەڵبژاردنی بەهاكان دادەڕێژێت (بۆ نموونە، "كۆمەڵخوازی" لە بەرامبەریدایە)؛ دواجار تاكگەرایی «میتۆدی»كە هەوڵدەدات بۆ ڕاڤەكردنی پرۆسێسە كۆمەڵایەتییەكان بەرمەبنای تاك (هۆلیزم holismـی میتۆدی لە بەرامبەریدایە)[7]. بەم جۆرە، ڤێبەری نغرۆبوو لە كۆمەڵگەی تاكگەراییدا، ئایدیایەكی ئاڵۆزی لەبارەی تاكەوە داڕشتووە.
     لەسەر هێڵی قوتابخانەی مێژووگەرایی ئەڵمانی كە دەرهەق بە پەیدابوونی دیاردە مێژووییەكان ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان دەدایە پاڵ دامەزراوەكان، ڤێبەریش كاریگەرییەكی هاوشێوەی لەسەر ڕەفتاری تاكەكان دایەوە پاڵ دامەزراوەكان. خۆ ئەگەر ئەو، لە ڕووی میتۆدییەوە، بەكارهێنانی چەمكە دەستەجەمعییەكانی ڕەتكردبێتەوە (دەوڵەت، كۆمەڵگە، كۆمیونیتی) ئەوا لە ڕاڤەكردنی ئاراستەكردنی كردەی كۆمەڵایەتیدا دان بە بەهاكانیاندا دەنێت.
     ڤێبەر لەمیانی میتۆدێكەوە، کە لە بنەڕەتدا تاكگەرا بوو، مكوڕبوو لەسەر كەشفكردنی دیوە ڕێکخراوییەکەى بکەر، کەواتە بە دامەزراوەییکردن بریتییە لە نەخشەڕێگاى دانراوى کردە. بەڵام حاڵەتی ڕیزپەڕ (شاز)ـیشى هەیە كە لە چوارچێوەی كۆمەڵناسیی مافدا هەڵیدەبژێرێت، ئەمەیش تیشك دەخاتە سەر ڕێبازەكەى ئەو لە بەڵگەهێنانەوە و سەلماندندا: دز ڕێسایەك پراكتیزە دەكات، چونكە لەپشت شازییەکەیەوە خۆی دەشارێتەوە. چ پراكتییزەكردن و چ بەزاندنی ڕێساكە ، ماناى ئەوەیە هەر ڕێساكە وەک پێوەری پەیوەندییەكە دەهێڵێتەوە «نا هەماهەنگی لەگەڵ ڕێساكەدا دەكەوێتە خانەی هەماهەنگییەوە لەگەڵیدا، چونكە لە هەردوو حاڵەتەكە ڕێساكە مەرجەعە، ئەمەش ڕێ‌ خۆشدەكات بۆ دەستبەرداربوون لە ئایدیای لادان (بەزاندن) و پاشانیش لە ئایدیای كردەی ڕاستەقینە»[8]. ڤێبەر لێرەدا ئاماژە بەوە دەكات كە خاوەنی كردەكە ملكەچی ئەو ڕەوشە دەبێت كە دروستی كردووە و ناتوانێت خۆیی لێ‌ بدزێتەوە تەنانەت ئەگەر پێیشی ئاشنا نەبێت. ئیڤلین سێرڤرین دەڵێت: «ئەوەی بەپێی ڕێسا هەڵسوكەوت دەكات ئەو كەسەیە كە ڕێساكە دروستی و كردووە و دایمەزراندووە» چونكە «دروستكردن (دامەزراندن) تەنانەت لە بۆچوونەكانی تاكیشدا ڕەنگ دەداتەوە». كەواتە ئەو بكەرەی وا شیکارییەکەى ڤێبەر پێیەوە خەریکە، تاكێكی بە كۆمەڵایەتیكراو یان دامودەزگاییە لە حاڵەتی پێشبینی و بۆچووندا، ئەمەیش زۆر دوورە لەو تاكەوە كە لە میكرۆ- ئیكۆنۆمیك یان لە تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانیدا هەیە، تیۆرێک کە زۆرجار تاكگەرایی میتۆدی[9]، سەربەست و ڕەها لە بەكۆمەڵایەتیكردن و گونجان لەگەڵ كۆمەڵدا، تێیدا كورت دەكرێتەوە.

پەراوێزەکان:
[1]  ئەم دوو وانەوتارە كە لەبارەی پیشەی سیاسییەوەن لە كانونی دووەمی 1919 وتراونەتەوە، لە كتێبی "زانا و سیاسەتمەدار"دا بڵاوکراونەتەوە.  
Le Savant et le Politique, UGE, «10-18», 1987.
[2] Wilhelm Hennis, " Une Science de I'Homme: Max Weber et Ies economists, Allemands de I'école Historique}", in La Problématique de Max Weber, PUf, 1996, P. 131-207.
[3] Catherime Colliot- Tèléne; Le Désenchqnte,ent de I'éat. De Hegle à Max Weber ; éditions de Minuit; 1992, P. 74-124 (P 81).
[4] Introduction aux Sciences de I'Esprit: Essai de Fondqtion de I'étude la Société de I'Histoire, 1883. 
[5] François Héran, "Rite et Méconnaissance. Notes sur la Théorie Riligiuse de I'Action chez Pareto et Weber". ASSR, no 58, Janvier- mars 1994. P137-152.
[6] Raymond Aron, La Sociologie  Allamande Contemporaine [Alcan, 1935], PUF, "Quadrige", 1981, P. 102.
[7] Voir Ramond Boudon, "Individualisme et Holisme dans Ies Sciences Sociales", in Jean Leca et Pirre Binbaum (dir.), Sur I'Individualisme, Presses de la Fondation nationale des Sciences politiques, "Références", 1991, p. 45-59. Ainsi que Louis Dumnot, Essis sur I'Individualisme, Une Perspective Anthropologique Sur 1'Ideologie Moderne, Le Seuil, "Points", 1983.
[8] "Agir Selon des Réggles dabs la Sociologie de Max Weber", in évelyne Serverin et Arnaud Berthoud (dir.), La Production des Normes entre état Société Civile, Les Figures de 1'Institution et lq Nor,e entre étqts et Sociétés Civiles; L'Har,attan, 2000, P. 209-230.
[9] Raymond Boudon, "Théorie du Choix Rationnel ou Individualisme Méthodologiaue?", Sociologie et Société, à Paraitre.

Friday, 13 May 2011

قەفەسى زێڕین

تەکنۆلۆژیا یان ئایدیۆلۆژیاى عەمەلى

هاوار محەمەد


       هابەرماس وا بیرى دەکردەوە کە ئەوە بەرژەوەندیى چین و گروپەکانە مەعریفەکان ئاراستە دەکەن، هەر گرنگیدانێك بە زانست و پەرەپێدانی زانست لەپێناو ئامانجێكی مرۆیی یان ئامانجى تاقمگەلێکى مرۆییدایە، کە لە ڕووى باڵادەستییەوە ناهاوسەنگن. بە بڕوای هابەرماس زانستێك نییە پاك، بێگەرد، بێلایەن و لە دەرەوەی بەرژەوەندی بێت. بێلایەننەبوونی زانست، هەرگیز بەو مانایە نییە كە پەیوەندییە كەسییەكان و میزاج، زانست ئاراستە دەكەن، بەڵكو مانای ئەوەیە كە زانست لە بۆشاییە نایەت و بۆ بۆشاییش ناڕوات، لە ویستێکى زانستخوازى پوخت و بێگوناهەوە سەرهەڵنادات، بەڵكو لە پرۆسێیى سروشتی و كۆمەڵایەتیدا كاریگەری هەیە و بەشدارە لە شێوە ژیانی جۆری مرۆیی، و لە كۆنتێكستێكی عەقڵانیدا حساباتی سیاسیش دەكات و دەبێتە هێزی بەرهەمهێنان یان ئیرادەی هێز بۆ كۆنترۆڵكردن، كۆنترۆڵكردنی سروشت و پرۆسێسى سروشت، و كۆنترۆڵكردنی پرۆسێسى مرۆڤ و كۆمەڵگا. هەرچی دیوەكەی دیكەی زانستە، كە تەكنیكە، بریتییە لە جێبەجێكردنی زانستیانەی مەعریفە (یان تیۆرەكان) بۆ هێنانە كایەی كردارێكی مەحكوم بە سەركەوتن؛ یاخود كاركردنی زانستە لە بازنەی كردەیەكی ئامێریی سەركەوتوودا، كە دواجار شتەكان و مرۆڤەكانیش دەگۆڕێت بۆ ئامێر و بەمەش هێزە ڕەخنەیی و ئازادیبەخشەكەی سەركوت دەكات.
      هابەرماس دەركی بەوە كردووە كە زانستە سروشتییەكان ناتوانن تاوتوێی ناوەڕۆكی ژیانی كۆمەڵایەتی بكەن، كە لە ڕێگەی زمانی ئاڵوگۆڕەوە ڕاڤە دەكرێت؛ بە بڕوای ئەو جیهانی زانستە ئەزموونییەكان لە جیهانی كۆمەڵایەتی جیاوازە، و جیهانێكە دەتوانرێت بیركارییانە بژمێردرێت و  یاساکانى دیاریى بکرێت، جیهانی كۆمەڵایەتیش جیهانی پەیوەندییە مرۆییەکانە، کە خۆشەویستی و كینە و ئومێد و نا ئومێدی و جوانی و دزێوی، و عەقڵ و عاتیفە و ئاكار، و غەریزە و ترادسیۆن و هەستەكانى تێدایە، بە کورتى جیهانی زمانی هاوبەشە. ئەی ئەم دوو جیهانە چۆن تێكەڵا دەبن، هابەرماس بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە: «پێدراوەكانی زانستە توندوتۆڵەكان ناتوانن بێنە ژیانی كۆمەڵایەتییەوە، تەنیا لە ڕێگەی پراكتیزە تەكنیكییەكانیانەوە نەبێت، واتە وەك زانستێكی تەكنۆلۆژی» (زانست و تەكنیك وەك ئایدیۆلۆژیا، ل. 103).
     هابەرماس لە كتێبی (زانست و تەكنیك وەك ئایدیۆلۆژیا)ـدا و، بە بە داكۆكیكردن لە تێزەكانی ماركۆزە، ئەم ڕۆڵە ئایدیۆلۆژییەی زانست و تەكنیكی ڕوونكردۆتەوە. ئەو پێیوایە «زانست و تەكنۆلۆژیا سیفەتی ئامێر دەدەنە پاڵ شتەكان و تەنیا وەك كەرەستەگەلێك لێیان دەڕوانن، بەمەش كۆسپ دەخەنە سەر ڕێگەی ڕزگاربوون و خودی مرۆڤیش دەگۆڕن بۆ ئامێر» (سالم یفوت، هابرماس و مسألە التقنیة).
      هابەرماس بە ڕوونكردنەوەی چەمكی (عەقڵانییەت) لای ڤێبەر، دەست پێدەكات و پێیوایە ئەم چەمكە چالاكیی ئابووری و شێوە جووڵەی مافی تایبەتی بۆرژوازی و شێوەكانی كۆنترۆڵكردنی بیرۆكراسی دیاری دەكات، ئەمەش واتە وەدیهێنانی كردەی عەقڵانی، كردەیەك كە میكانیزمەكان و دەرەنجامەكانی لە تەباییدان، بە واتاى دۆزینەوەى باشترین میكانیزم بۆ مەبەستی لەبەرچاوگیراو؛ هابەرماس بەمە دەڵێ‌ كردەی (ستراتیژی). بەم هۆیەوە ڤێبەر، لە دیدی هابەرماسەوە، (عەقڵاندن)ی پێشكەوتووی كۆمەڵگا دەبەستێتەوە بە بەدامەزراوەییكردنی پێشكەوتنی زانست و تەكنیكەوە، لەم ڕێگەیەشەوە زانست و تەكنۆلۆژیا شەرعییەتە كۆنەكان دەسڕنەوە و شەرعییەتی نوێ‌ دەبەخشنەوە. لە ڕوانگەی هابەرماسەوە، ماركۆزە دەركی بەوە كردووە كە ئەم (عەقڵانییەت)ـە عەقڵانییەتێكی ڕواڵەتییە، (عەقڵانییەت) نییە بە مانا دروستەكەی، بەڵكو شێوەیەكە لە كۆنترۆڵكردنی سیاسی، تا دەگاتە هەڵبژاردنی دروست لەنێوان ستراتیژییەتەكان و بەكارهێنانی گونجاوی تەكنیكەكان، خۆ دزینەوە لە پەیوەندیی بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، و خۆ دزینەوە لە تێڕامان و دووبارە بنیاتنانەوەی عەقڵانییەت (زانست و تەكنیك...، ل. 44). لەم دۆخەدا نەك كردەكان، بەڵكو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیش بە عەقڵانی دەكرێن و ئەمەش واتە بەرجەستەبوونی كۆنترۆڵكردن لەڕێگەی دامەزراوە زانستییەكان و تەكنۆلۆژیاوە. ماركۆزە دەگاتەوە ئەوەی كە نەك تەنیا بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا، بەڵكو تەكنۆلۆژیا خۆی، بە شێوەیەكی میتۆدی و زانستی و ژمێریاری، سروشت و مرۆڤ كۆنترۆڵ دەكات.
      لە دیدی هابەرماسەوە لەمڕۆدا مانای كۆنترڵكردن لە تەكنۆلۆژیادا بەرجەستە دەبێت، تەكنۆلۆژیا نەك وەك ئامرازێكی كۆنترۆڵكردن بەڵكو وەك كۆنترۆڵكردن خۆی «كۆنترۆڵكردن بۆتە باڵادەستییەكی ئەبەدی و مەوداكەشی تا بێ فراوانتر دەبێت، نەك بە هۆی تەكنۆلۆژیاوە، بەڵكو وەك تەكنۆلۆژیا... بەمەش ڕەوایەتییەكی گەورە بە دەسەڵاتی سیاسی دەبەخشێت» (زانست و تەكنیك...، ل.47). لێك بەستنەوەی دەسەڵاتی تەكنۆلۆژیا بە دەسەڵاتی سیاسییەوە، وەك ئایدیۆلۆژیا وەسف دەكرێت. لای هابەرماس پێشكەوتنی زانست كارێك دەكات كە پێشكەوتن لە تەكنۆلۆژیادا دروست ببێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر هێزەكانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان دادەنێت، بە مانایەكی تر لەسەر پرۆسێسى سروشت و پرۆسە كۆمەڵایەتییەکان، ئینجا هێزەكانی بەرهەمهێنان لەگەڵ پەیوەندییەكانی بەرهەمهێناندا ڕەوشێكی نوێ‌ بەخۆیانەوە دەگرن، چونکە ئەمانە خۆیان لەلایەن دەسەڵاتێکى زانستی- تەكنیكییەوە دەجوڵێنرێن كە ئیدی لەپێناو كەشفكردنی سیاسیدا كارناكات، بەڵكو دەبێتە بنچینەی ڕەوایەتیى پێدان بە دۆخى باو. بە كورتی زانست هاومانای تەحەكومكردنە و تەكنیكیش هاومانای كۆنترۆڵكردن.
     تەكنۆلۆژیا بەهۆی مژدە زۆر و زەوەندەكانییەوە، بەهۆی بانگەشەی هێنانە دی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانی و كۆنترۆڵكردنی سروشتەوە، فێڵی ئەوە دەكات كە ڕواڵەتی (سەركوتكاری) لە دەسەڵات دادەپۆشێ‌ و دەیگۆڕێت بۆ باڵادەستییەكی (عەقڵانی).. یاخود بە هەژموونێكی قەبوڵكراو. لە قەفەسى ئاسنینى ڤێبەرەوە دەیگۆڕێت بۆ قەفەسى زێڕین. لەم ڕۆژگارەدا هەمووان بە تەكنۆلۆژیا ڕازین، هەمووان دەیانەوێت و بۆتە بنچینەى خۆشگوزەرانى. تەکنۆلۆژیا لە كارگەكاندا كاری مرۆڤی ئاسان كردووە، دەست گەیشتنی بەسەرچاوەكانی سروشتی ڕەخساندووە، گەشتی خێرا كردووە، ناوماڵانی پڕ كردووە لە ڕۆشنایی و تەلەفزیۆن و فیلمەكانی هۆلیود، دەتوانین لە یەك چركەدا پەیوەندی بگرین بەو سەری جیهانەوە، دەتوانین بە ماوەیەكی كورت سەفەر بكەین، تەكنۆلۆژیای جەنگی پێشكەوتووە و بە ناوی خۆپاراستنەوە بازاڕى کرێن و فرۆشتن جمەى دێت و...هتد، بەڵام كەسمان ناتوانین خەیاڵی ژیان لەدەرەوەی تەكنۆلۆژیاى مۆدێرن، بە فۆڕمە خێرا و هارەکەى بكەین، ڕەگەزێك لەوانەی تەكنۆلۆژیا دەیكوژێت خەیاڵى ژیانە لە دەرەوەى تەکنۆلۆژیا، یان بە گشتى خەیاڵی ژیانێك جگە لەمەی كە هەیە.
      ژیانی مۆدێرن بەندە بە تەكنۆلۆژیاوە. لەم دیدەوە ژیانى کۆمەڵایەتیى بەر لەوەی باس و خواسێكی عەقڵی بێت لەبارەی ژیانی مەدەنی و گفتوگۆی عەقڵی پەیوەندیگیری، ناسینەوەیەتی بە ڕووی دەرەوەیدا، واتە بە ئامێر و كەل و پەلدا کە لە خۆشگوزەرانی ژیان زیاد دەكات و بەرهەمهێنانی كارگەرییانەش بەرەو پێش دەبات؛ تەكنۆلۆژیا كارێك دەكات كە مرۆڤ ماهییەتی خۆی لە كەلوپەلەكاندا ببینێتەوە، بەم جۆرە ئەوەی مانای ژیانی تاکەکان دروست دەكات شتەكانە. لە كۆمەڵگای مۆدێرندا عەقڵانییەتی سەركوتكردن دەگۆڕێت بۆ عەقڵانییەتی دەست بەسەرداگرتن و كۆنترۆڵكردن، كە ناوەكییانە تێیدا سەركەوتكردنیش لە خۆ گیراوە. بۆیە پێشكەوتنی تەكنیكی تەنیا بۆ باشتركردنی ژیانی كۆمەڵایەتی و چارەنووسی مرۆڤ نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە فێریشی بكات چۆن قەبووڵى تەحەكوم بكات.
      هابەرماس بۆ دووبارە ڕاڤەكردنەوەی (عەقڵاندن) لای ڤێبەر، دەگەڕێتەوە بۆ پێشنیاركردنی چوارچێوەیەكی كاتیگۆرییانەی تر، و لەوێوە دوو چەمكی سەرەكی كە بۆ تێگەیشتن لە هابەرماس بایەخێكی تایبەتیان هەیە، لێك جیادەكاتەوە، ئەوانیش: كار و كارلێك (یان كردەی پەیوەندیگیری)، ئەم دوو چەمكە جێگرەوەی هێزەكانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەكانی بەرهێنانن.
      هابەرماس لە كتێبی (زانست و تەكنیك وەك ئایدیۆلۆژیا)دا، باسێكی چڕ و ورد لە چەمكی "كار" دەكات؛ لە كتێبی (زانین و بەرژەوەندی)شدا، بەتایبەت لای ماركس، لەبارەیەوە دەدوێت، وەك چۆن هەمان مامەڵە لەگەڵ چەمكی "كارلێك"یشدا دەكات. لای هابەرماس كار یان كردەی عەقڵانی ئامانج یان كردەیەكی خودییە یان تاقیكردنەوەیەكی عەقڵانییە یان ئاوێتەی ئەم دووانەیە. كردەی ئامێری بەپێی ڕێسای تەكنیكەكان بەندە لەسەر مەعریفەی ئیمپیریكی، كە كۆمەڵێك پێشبینیش لەخۆ دەگرن لە هەمبەر ئەو ڕووداوانەوە كە شیاوی تێبینیكردنن.
     هەرچی كارلێك (یان كردەی پەیوەندیگیری)ـیە، كارلێكە بەهۆی نێوەندگیرێکى ڕەمزییەوە كە (زمان)ـە. ئەم كارلێكە بەپێی پێوەرێكی پەیوەستكاری دروست دەبێت كە پێشبینی ڕەفتارە ئاڵوگۆڕەكان دەكات و دەبێت لەلایەن بەشداربووانەوە دانی پێدا بنرێت. بەم مانایە كردەی پەیوەندیگیری كارلێكی بەشداربووانە لە ڕێگەی زمانی ئاڵوگۆڕكردنەوە. بەم جۆرە گونجاوی ڕێسا تەكنیكییەكان پەیوەستە بە دروستی ئیمپیریكییەوە، و گونجاوی پێوەرە كۆمەڵایەتییەكانیش تەنیا لە بەشداری تێگەیشتنی مەبەستەكان و دان پێدانانی پەیوەستییەكاندا وەدی دێت. ئەم دوو چەمكە یەكەمیان پەیوەستە بە زەرورەتی مامەڵەكردن لەگەڵ سروشتدا، و دووەمیشیان بە زەرورەتی سەرهەڵدانی خێزانەوە، بۆیە هابەرماس دووبارە تیۆری ماركس دادەڕێژێتەوە كە تێیدا بە تەواوی چەمكی كاری كۆمەڵایەتی تاوتوێ‌ دەكات، و پێی وایە ئەم چەمكە لە پێناو دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مرۆییدا بۆ ژیان، پێویستی بە تەواوكردنە لەلایەن چەمكێكی دیكەوە، ئەویش بونیادی كۆمەڵایەتیی خێزانە لە سیستەمێكی كۆمەڵایەتیدا كە بوونی زمانی كردۆتە زەرورەتێك. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو سیستەمگەلێکى كردە کە ئامانجى عەقڵانییان هەیە، لە چوارچێوەی دام و دەزگا تەكنیكییەكان و چوارچێوەی دامەزراوەیی كۆمەڵایەتی و ژیانی كولتووری و كۆمەڵایەتی، لە یەك جیا دەكاتەوە.
      هابەرماس هەر لە كۆمەڵگا تەقلیدییە كۆنەكانەوە باس لە ڕۆڵی گرنگی ئەم دوو چەمكە (وەك دوو پراكتیك) دەكات؛ پەیوەندییەكانیان و كاریگەرییان لەسەر دیاریكردنی میراتی كولتووری و دنیابینی مرۆڤ و دیاریكردنی سیستەمی ئابووری و سیاسی و ڕەوایەتییەكان بەهۆی ئەفسانە و میتافیزیك، ڕوون دەكاتەوە؛ هەروەها باس لەو پەڕینەوانەش دەكات كە ڕوویانداوە لەو شێوە كۆمەڵگایانەوە بۆ كۆمەڵگای سەرمایەداری. لەمەش زیاتر، ئەو پەیوەندی ئەم دوو چالاكییە ڕوون دەكاتەوە و پێی وایە لە كۆمەڵگای سەرمایەداریدا لە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی دەستیاوانەدان، و ناكرێت لە یەكتر دایان بڕین، ئەگەر چی بۆتۆمۆر دەپرسێ کە داخۆ کامەیان لە پێشتر و بنچینەییترن و دواجار ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە لە دیدی هابەرماسەوە كار پێش كارلێك دەكەوێت. لە لایەكی تریشەوە، هابەرماس لەگەڵ ئاماژەدانیدا بەوەی كە بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتییەكان ئاراستەكەر و دیاریكەری وەزیفەكان و خێرایی پێشكەوتنی زانستی و كاری كۆمەڵایەتی و هەروەها دیاریكەری سیستەمی كۆمەڵایەتین، ئەوەش ڕوون دەكاتەوە كە چۆن كار وەك چالاكی و هێزی بەرهەمهێنان و كارلێك وەك چوارچێوەی دامەزراوەیی لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا و زانستدا، لە كۆمەڵگای سەرمایەداریدا گۆڕاون، و دواجار شەرعییەتی ئەفسانە و میتافیزیكی جێی خۆی چۆڵ كردووە و شەرعییەتی تەكنیكی و زانستی جێی گرتۆتەوە. لێرەوە هابەرماس دەگەڕێتەوە بۆ پرسیارە بنەڕەتییەكە لای ماركۆزە، واتە زانست و تەكنیك وەك ئایدیۆلۆژیا.
      بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، لەپاڵ ئەوانەی تا ئێستە گووتمان، هابەرماس باس لە دروستبوونی سیستەمی تەكنۆكراتی و پەیدابوونی باڵادەستیی دەسەڵاتی دەوڵەت دەكات وەك ئایدیۆلۆژیا و لەپێناو جۆرێك سیاسەتی نوێدا كە هەم ئەركە تەكنیكییەكانی لە خۆ گرتبێت و هەم چوارچێوەی دامەزراوەیی. هابەرماس، بە پشت بەستن بە ماركۆزە، ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە چۆن لە لە كۆمەڵگای سەرمایەداری پێشكەوتوودا ململانێی چینایەتی پاشەكشە دەكات، و بەهۆی پەیڕەویكردن لە سیاسەتی وەلانانی ململانێ، شوێنی خۆی بۆ ململانێگەلێكی دیكە چۆڵ دەكات. ململانێیەك لەجیاتی ئەوەی لەنێوان چینە پێك ناكۆك و ئەنتاگۆنیستییەكاندا بێت، لەنێوان گروپەكانی دەسەڵاتی سەرمایەداری و عەسكەری و گروپە فەرامۆشكراوەكانی كۆمەڵگادا دەبن. لەم دۆخەدا نە گروپەكانی دەسەڵات چینێكی یەكگرتوو دەنوێنن و نە گروپە پەراوێزنشینەكان، ئەوەی لە پشتی ئەم ململانێیەوە ئیش دەكات بەرژەوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە، بە مانایەكی تر، بەرژەوەندیى نا هەوسەنگ لەنێوان دەزگای عەسكەری و بەرهەمهێنیان و ڕێكخستن، جیاوازیی سیستەمی پەیوەندیگیری و تەندروستی و پەروەردە و ڕێكخستنی سیاسەتی باج و خەرجی و پەرەپێدانی شار و هەرێمەكان و نا هاوسەنگی دابەشكردنی خزمەتگوزاری وهتد.. واتە، بە قەولی هابەرماس، ململانێ‌ لەنێوان گروپە خاوەن ئیمتیازەکان و گروپە بێبەشكراوەكاندا بە پەرتوبڵاویى خۆیانەوە. ئەم گروپانە لە جیاتی ئەوەی چینێكی ئابووریی كۆمەڵایەتی بنوێنن، گروپگەلێكی پەرتەوازە و پەرژوبڵاون.
       گۆڕان لە جەمسەرەكانی ململانێ‌ و جۆری ململانێدا هاوزەمەنە لەگەڵ گۆڕان لە چەمكێكی تری ماركسیدا، ئەویش ئایدیۆلۆژیایە. ئایدیۆلۆژیای نوێ‌ كە خۆی لە ئاگایی تەكنۆكراتیدا دەبینێتەوە، ئیدی وەك ئایدیۆلۆژیای كۆن، نوێنەرەوەی بەرژەوەندییەكانی باڵادەسیی یەك چین نییە، بەڵكو لەگەڵ بەرژەوەندی گروپە ئازایخوازەكانیشدا تەریب دەبێتەوە، بەو مانایەى بەشێک لە گروپە بەرەنگاریکەرەکانیش خۆیان دەبنە هێزى ئایدیۆلۆژی و دەکەونەوە نێو گوتارە ئایدیۆلۆژییەکانى دەسەڵات. ئەمەش لەڕێگەی پاراستنی سیستەمە گشتییەكە، و شێوەی سیاسی بۆ قەرەبووكردنەوەی كۆمەڵایەتی بۆ ڕاكێشانی ئینتیما و وەلائی جەماوەر و لێرەشەوە ئایدیۆلۆژیای نوێ‌ سیفەتی سیاسی لەو گروپانە دادەماڵێت و ڕێكخستنی ژیانی هاوبەشیان هەڵدەوەشێنێتەوە. باشتر بڵێین حاڵەتی لە سیاسیخستنی گروپەكانی جەماوەر لەڕێگەی هۆشیاری تەكنۆكراتییەوە. لەمەش زیاتر ئاگایی تەكنۆكراتی زەمینەی شاردنەوەی بەرژەوەندیی كرداریی لەپشت فراوانبوونی هێزی تەحەكومی تەكنیكییەوە، ساز دەكات. لە دۆخێكی لەم جۆرەدا، زانست و تەكنیك خۆیان دەبنە ئایدیۆلۆژیای ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی كۆن و لەناوچوو، ئەمەش لەشێوەی هۆشیاریی گشتیی پۆزەتیڤیدا وەك ئەوەی هۆشیاری تەكنۆكراتییە.
     هابەرماس لە كۆتایی وتارەكەیدا ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات، كە كەش و هەوای گەشبینیی ماركۆزەی بەسەردا زاڵە. گرنگترینیان ئەوەیە كە «عەقڵانییەت لە ئاستی چوارچێوەی دامەزراوەییدا بەدی دێت، لە ئامرازی كارلێكی نێوزمانی و بەرپاكردنی گفتوگۆیەكی گشتی بێ‌ سنوور و خاڵی لە هەر جۆرە باڵادەستییەك سەبارەت بە ئەو شتەى وا گونجاوە و شیاوی ئاواتخواستنە بۆ بناغە و پێوەرەكانی ئاراستەكردنی كردە... پەیوەندیگیرییەكی لەم جۆرە لەسەر هەموو ئاستەكان و پرۆسەكانی دروستكردن و دروستكردنەوەی ئیرادەی سیاسی، تاكە ڕێگایەكە بۆ ئیمگانى (عەقڵانییەت)» (زانست و تەكنیك...، ل. 90).
     خالێكی تر كە هابەرماس ئاماژەی پێدەدات، دووبارە بە سیاسیكردنەوەی جەماوەرە، كە لە كۆمەڵگای سەرمایەداری پێشكەوتوودا لە سیاسیخراوە بۆ پرسیار نەكردن لە ئایدیۆلۆژیای پشت تەكنۆكراتیەت. بۆیە ئەو پێی وایە لە ناوچەی نوێی ململانێدا تاكە ئەگەرێك كە بۆ سەرپێچی هەبێت لەنێو گروپە سنووردارەكانی قوتابیان و خوێندكاراندایە.

ئەو سەچاوانەی كە بۆ نووسینی ئەم وتارە سوودیان لێوەرگیراوە:

1-     توم بوتومور: مدرسة فرانكفورت، ، ترجمة: سعد هجرس، مراجعة: د. محمد حافظ دیاب، دار أویا للگباعە و النشر و التوزیع و التنمیە الپقافیە، الگبعە الپانیە، 2004.
2-     سالم یفوت، هابرماس و مسألە التقنیە،
3-     محمد نورالدین أفایە: الحداثة و التواصل فی الفلسفة النقدیة المعاصرة- هابرماس نموذجا، افریقا الشرق، بیروت- لبنان، الطبعة الثانیة، 1998.
4-     یورغن هابرماس، العلم و التقنیە كـ"أیدیولوجیا"، ترجمة: حسن صقر، منشورات الجمل، الطبعة الأولی، كولونیا- ألمانیا، 2003.
5-     یورغن هابرماس، المعرفة و المصلحة، ترجمة: حسن صقر، مراجعة: ابراهیم الحیدری، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، كولونیا- ألمانیا، 2001.

تێبینى:
ئەم وتارەی لێرەدا بڵاومان كردۆتەوە لە ساڵى 2011دا نووسراوە، لە بنچینەدا بەشێكە لە لێكۆڵینەوەیەكی ئێمە لەبارەی گۆشەیەكی هزری هابەرماسەوە و ناومان ناوە (ئاشتكردنەوەی زانین و بەرژەوەندی- ڕەخنە لای هابەرماس وەك خود- تێڕامان)... تەواوى وتارەکە وەختى خۆى لە گۆڤارى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە، لێرەدا، لەبەر درێژیی لێكۆڵینەوەكە تەنها ئەم بەشەیمان داناوە، بۆیە ئەگەر ئاڵۆزی و كورتهێنانێك لەم وتارەدا بێتە ڕێی خوێنەر ئەوە لەبەر دەرهێنانی ئەم وتارەیە لە كۆنتێكستی لێكۆڵینەوەكە.



Saturday, 28 February 2009

جیهان و شتەكان 2

خوێندنەوەیەک بۆ فەلسەفەى مارتن هایديگەر
بەشى دووەم
وەرگێڕانى ئەم بەرهەمە پێشەکەشە بە "د. عیرفان مستەفا"
كلاوس هیڵد
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

هەموو ئەمانە بۆ ئەو شتانەش كە خۆمان بەرهەمیان دێنین دروستن، لە ڕاستیدا ئەوانە نابنە مایەی خۆشحاڵیمان تەنیا ئەوكاتە نەبێت كە بەكارهێنان سەرتاپا بوونیانی نەگرتۆتەوە. بۆ نموونە ئەمە لە شكۆ[1]دا دەردەكەوێت كە ڕێگریمان لێدەكات لە ڕووخاندنی خانوویەكی كۆن. ئەم شكۆیە لەهەمبەر بوونی شتەكە لە خۆیدا، ون دەبێت كاتێك هەموو ئەو شتانەی كە دروستیان دەكەین، بەرهەمهێنراوێكن ئاراستەی "بەكاربردنێكی دەستوبرد" دەكرێن. جیاوازی نێوان بەكارهێنان و بەكاربردن هەمیشە زیاتر و زیاتر، لە كۆمەڵگەی ئێستادا، كە تێیدا بە خێرایی لە شتە بەكارهێنراوەكان ڕزگاردەبین و فڕێ‌ دەدرێن، كەم دەبێتەوە[2].
     ئەو پارێزگاریكردنە میهرەبانانە لە شتەكان لەمیانەی بەكارهێناندا دەگۆڕێت بۆ بەكاربردنێكی پەتی، كە وێرانی دەكات و وای لێدەكات زوو یان درەنگ بگۆڕێت بۆ خاشاكێك. كاتێك بێ‌ كێشە هەڵسوكەوت بە شتەكانەوە دەكرێت، ئەوەی كە ناتوانین تێیدا بیگرین و ئەوەی بە سایەیەوە لە خۆیدا ئۆقرە دەگرێت، نامێنێت، واتە بەسەر خۆدا شكاندنەوەكەی، كە بە سایەیەوە لە بەدەستەوەگرتنمان خۆی دەكشێنێتەوە، لەدەست دەدات. ئەم كشانەوەیە لە بوونی شتەكاندا شكۆیەك بە ئاگا دێنێت كە لە مامەڵەكردنی وەزیفی لەگەڵ شتەكاندا، لەناودەچێت.
     ئەمە بەشێوەیەكی دیاریكراو لەوەدا دەردەكەوێت كە ئێمە لەمیانەی ئەم مامەڵەوە لە ئاست شتەكاندا ناوەستین. ئەمە دیاردەیەكە كە پێشتر لە بەكارهێنانی ڕۆژانە بۆ دەستدا، سەرنجماندا. ئێمە ئاگامان لەو شتانە نابێت كە بۆ دەستن مادام لە بەركارهێناندا چاكن، ئەمەش واتە بایەخدانمان پێی زووتێپەڕ و كورتخایەنە. شت سەرنجی لێنادرێت تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە ئاستەنگێك دەكەوێتە بەكارهێنانییەوە. ئەم پەیوەندییە بەو شتانەوە كە بۆ دەستن، لەمڕۆدا تا ئەو ڕادەیە درێژ بۆتەوە كە هەموو ئەو شتانەش بگرێتەوە كە بەگشتی لە جیهاندا ڕێكەوتمان دەكەن. گشت لە ڕوناكيی وەزیفەیەكدا دەردەكەوێت، وەلێ‌ ئەم دەركەوتنە لەوەدا خۆی حەشارنەداوە كە خۆی و لە خۆیدا خاوەنی قەوارەیەكی ساردوسڕە، بەڵكو لەوەدایە كە لە بەكارهێنان خۆی بکشێنێتەوە. بەكارهێنانی شتەكان واتای ئەوەیە كە هیچ هەلێكیان پێنادەین تا وەك ئەوەی شتانێكی دامەزرا و سەربەخۆ لە خۆیاندا لێیان بڕوانین كە تێیدا تێڕامانێكی پێوانەكاری بۆ پاڵپشتكردنیان دەبینرێتەوە.  ئەوەی لە میانەی مامەڵەی وەزیفیدا سەرنج ڕادەكێشێ‌ بریتییە لەوەی كە پێویستە چاكسازی تێدا بكرێت یان قەرەبوو بكرێتەوە، بەڵام واتای ئەم ڕێوشوێنانە ڕێك لەوەدا خۆی دەنوێنێ‌ كە سەرلەنوێ‌ شتەكان وا لێبكرێنەوە نەبنە جێی سەرنج، واتە لەمیانەی بەكارهێنانەوە دووبارە نائامادەگییان بەرهەمبهێنرێتەوە.
     ئەو كشانەوەیە كە سیمای بوونی شتەكانە دەیانكاتە شتانێكی دامەزراو لە جێگیرییە ناوەكیەكانی خۆیاندا، بەوەش بەرهەڵستی ئامادەگیی تەواوەتییان لە بەكارهێناندا، دەكەن. ئەم كشانەوەیە هەمیشە دەركی پێناكرێت و دەرناكەوێت، وەلێ‌ لەگەڵ ئەوەشدا مومارەسەی جۆرێك لە كاریگەری دەكات لەڕێگەی شتێك لەو شكۆیەوە كە مرۆڤ لەهەمبەر شتەكاندا هەستی پێدەكات، و بەتەواویش ناكەوێتە ناو خانەی لەبیركردنەوە تەنیا لەچوارچێوەی مامەڵەیەكی وەزیفیدا نەبێت لەگەڵ شتەكاندا. لە ڕاستیدا ئەوەی لەگەڵ نائامادەگی كۆی شتەكان لە بەكارهێنانی سەراپاگیریی وەزیفیدا غیابی دەبێت بریتییە لە خودی كشانەوە. دەرنەكەوتنی كشانەوە زیاتر دەبێت و دەبێتە شاراوەبوونی سەراپایی. لە دەرنەكەوتنیدا، هەر لە سەرەتاوە كشانەوە بەرەو ئەوە دەڕوات بەرەو ئەم شاراوەییە بكشێتەوە. كشانەوەی كشانەوە لەخۆیدا لە مامەڵەی وەزیفی لەگەڵ شتەكاندا دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، بەجۆرێك كە خەڵكی هەر بیرۆكەیەكیش لەو بارەیەوە لەدەست دەدەن كە شتێكی وەك كشانەوە بوونی هەیە. لەبەرئەمە ئەوەی لەبارەی كشانەوەوە بدوێت دەشێ‌ ڕووبەڕووی ئەو تۆمەتە ببێتەوە كە تارمایی بینیووە.
     شتەكان دەلاقەمانن بەسەر جیهاندا. بەهۆی شاراوەبوونی ڕیشەیی كشانەوەوە لەمیانەی مامەڵەی وەزیفییەوە لەگەڵ شتەكاندا، شتەكان جێگرییە ناوەكییەكەی خۆیان، كە دەكرێت لە ئاستیدا هەڵوەستە بكەین، لەكیس دەچێت، و بەوەش جیهانیش جێگیریی خۆی، كە بە سایەیەوە زامنیی بە بوونمان دەدات، لەدەستدەدات. بەم جۆرەش بنچینە توندوتۆڵەكەی جیهان دەبێتە خەرەندێك[3] كە لە هەمبەریدا هەست بە دڵتەنگی دەكەین. سڵەمینەوە لەم دۆخە نیگەرانیمان تێدا دەوروژێنێت، بەڵام ئەمە نیگەرانییەکە ناتوانین سەرچاوەكەی دەربخەین، چونكە ڕیشە ڕاستەقینەكەی، كە بریتییە لە نائامادەگی كشانەوە، لە شاراوەییەكی تەواودایە، ڕێك بەهۆی ئەم شاراوەییەشەوە، لای ئێمە، بە نادیاری دەمێنێتەوە.
     ئەم نیگەرانییە كە دوورە لە ڕاڤەكردن و لەسەرووی وەسفكردنەوەیە، لەم سەدەیەماندا بەهۆی زمانەوە دەگوێزرێتەوە، و زۆرجاریش لە بەرهەمە ئەدەبییەكانی ئەم سەردەمەماندا گوزارشتی لێكراوە. ئەوە نیگەرانییە بۆ لەكیسچوونی ئەو نیشتمانەی كە پەیوەستە بە مرۆڤەوە بەگشتی، واتە جیهان وەك ڕەهەندی دەركەوتنی پەیوەند بە بوون- لە- جیهاندا. بەڵام ئێمە هەمیشە لە هێماكانی ئەو تەنگوچەڵەمەیە تێناگەین كە بەهۆی ئەم لەدەستدانەی نیشتمانەوە، بەم واتایە، تێی كەوتووین، چونكە ئەوەی پەیوندیی وەزیفی بەجیهانەوە جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە لە بنەڕەتدا ئەم هێمایانە وەك كۆمەڵە خەوشێك (خلل) لێكدەداتەوە. بەمجۆرە ئێمە، بۆ نموونە، نیشانەكانی وێرانكردنی ژینگە تەنیا وەك خراپكارییەك دادەنێین كە لەسەرمان پێویستە لەداهاتوودا، لەڕێگەی باشكردنی پێشبینییەكانمانەوە، چاكی بكەینەوە و نەیهێلین. ئەمەش واتە وەك خەوشگەلێكی وەزیفی بۆمان دەردەكەون كە تەنیا بۆ ئەوە بوونیان هەیە وەلابنرێن و بسڕدرێنەوە. بەوەش لە ڕووی بنەماییەوە دەرچوون لە ئاسۆی تێگەیشتنی وەزیفی لە جیهان، نایەتەدی.
     لەدەستدانی جیهان بەشێوەیەكی تێبینینەكراو ڕوودەدات بەڕادەیەك هاوارەكانی ئاگاداركردنەوە، كە لە گەرووی خەڵكانێكەوە دێتە دەرێ‌ كە ترسێكی زۆریان لێنیشتووە، لەبەردەم هەموواندا وەك كەڵكەڵەیەكی هيستریایی دەردەكەوێت. ئیدی، لەسایەی ئەم هەلومەرجەدا، چۆن دەتوانرێت ئەو تەنگوچەڵەمەیەى لەو لەكیسچوونە نوێیەی نیشتمانەوە كەوتۆتەوە، ببێتە بابەتێكی تێبینیكراو، ئەمە یەكەم، و دووەمیش ببێتە پاڵنەرێك بۆ گەڕان بەدوای دەرچەیەكدا بۆ دەرچوون لە پەیوەندی وەزیفی بە شتەكانەوە؟ لێرەشەوە دەگەینە پرسیاری دووەم كە كەمێك پێشتر خستمەڕوو: لەكوێدا دەربازبوون لە ساختەیی ئەم پەیوەندییە لە چوارچێوەی ڕەسەنایەتییەكی نوێدا، خۆی دەنوێنێت؟
     ئێمە بەسایەی خۆڕاگرییەوە دەستمان بە ڕەسەنایەتی دەگات، واتە بوێریی بۆ نیگەرانى و جوامێریی نیگەرانبوون. لە نیگەرانیدا هەست بەوە دەكەین كە چۆن بوون- لە- جیهاندا لە ئێمە دەترازێ‌ بۆ عەدەم. ئەم ترازانە هەموو زامنییەك لە بوونمان دەكشێنێتەوە. عەدەم بەم شێوەیە وامان لێدەكات لە دۆخی نیگەرانیدا بین، چونكە ناتوانین دەستی پێوە بگرین وەك چۆن دەست بە ئوبێکتەوە دەگرین. عەدەم لە تەوژمێكی نەبینراو دەچێت كە لە گێژاوێكدا هەموو ئەو شتانەی لەسەر ڕووی ئاوەكە دەردەكەون بەرەو چاڵەپێچییەكە بەكێشدەكات. هەر بەم جۆرەش عەدەم شتەكانمان لێدەكێشێتەوە، و لەمیانەی ئەوەشەوە وەك ڕاكێشەرێكی نەبینراو، شاراوە، دەمێنێتەوە. ئەمەش جگە لەو كشانەوەیەی كە خۆی بۆ شاراوەیی دەكشێنێتەوە، شتێكی دیكە نییە. عەدەم كە هەموو بوونمان- لە- جیهاندا دەهەژێنێت هیچ نییە جگە لە ناوێكی تری ئەو كشانەوەیەی كە خۆی دەكشێنێتەوە. هەروەك ئەوەی پیشاندانی بوێری بۆ نیگەرانى لەهەمبەر عەدەمەوە واتای هیچ شتێكی دیكە نییە جگە لە ئامادەكارییەك بۆ قەبووڵكردنی كشانەوە.
     پێشتر بینیمان بەرگەگرتنى نیگەرانی لەچوارچێوەی خۆڕاگریدا بوونمان بەسەر جیهاندا دەكاتەوە، و ئێستاش ئەوە ڕوون دەبێتەوە لە كوێدا ئەم كرانەوەیە، بە پۆزەتیڤی، خۆی دەنوێنێت. ئەمەیە وامان لێدەكات بتوانین سەرنجدانمان لە شتەكان بەجۆرێك بگۆڕین كە لەسەریان هەڵوەستە بكەین. ئەم سەرنجدانە بریتییە لە شكۆ لەهەمبەر ئۆقرەگرتوویی شتەكان لە خۆیاندا، كە لەوەی دەپارێزێت لە بەكارهێنانی وەزیفیدا گوم بن. ئەم شكۆیە بەسایەی ئامادەییەوە بۆ قەبووڵكردنی كشانەوە، شیاو دەبێت، ئەم ئامادەییە لەگەڵ بوێریی بۆ دڕدۆنگیدا، هەماهەنگ دەبێت. بەمجۆرە دووپاتی پەیوەندی نێوان خۆڕاگری و كرانەوە بۆ جیهان دەكرێتەوە، ئەمەش ئەو پەیوەندییەیە كە ئاراستەی لێكدانەوەی "بوون و کات" وەك بوونگەرایی پاڵەوانبازی، نكوڵی لێدەكرد.
     بەڵام ئەوە چییە ڕێمان پێدەدات ئەو حەقە بە خۆمان بدەین كە نێوان كشانەوە كە توندوتۆڵیی سەربەخۆیی شتەكان لە خۆیاندا بۆ شتەكان مسۆگەر دەكات و, عەدەم كە لەمیانەی دڕدۆنگییەوە لە هەموو زامنییەكی جێگیر ڕووتمان دەكاتەوە، یەك بخەین؟ ئەم تەوژمی عەدەمە، كە وا لە جیهان و شتەكان دەكات بەشێوەیەكی تۆقێنەر لێمان بترازێن، چۆن دەتوانێت، وەك كشانەوە، ڕێك و ڕەوان ببێتە ئەوەی كە شتەكان لە پەیوەندی وەزیفیدا بە جیهانەوە لە لەناوچوون دەپارێزێت و وایان لێدەكات وەها دەركەون كە لەخۆیاندا سەربەخۆن؟ ئایا لێرەدا بابەتەكە لە ناكۆكیدا نییە؟
     ئەم ڕەوشە بەو ڕادەیەش نامۆ نییە كە لە یەكەم سەرنجداندا دەركەوێت. با وێنای خواحافیزی میوانێكی ئازیز بكەین لە وێستگەدا كە لە شەمەندەفەرە جوڵاوەكەوە بۆ ماڵئاوایی هەر دەستمان بۆ هەڵدەبڕێت، تا وای لێدێ‌ لە بەرچاومان ئەكشێتەوە و ون دەبێت. لەم خۆ كێشانەوەی پەیوەست بە ماڵئاواییدا، لە غیابیدا دوور لە ئێمە، دەكرێت بەشێوەیەكی ڕوونتر و جێگیرتر ئەم كەسەمان بۆ دەركەوێت وەك لەوەی لە نزیكمانەوە دەردەكەوت. زۆرجار ڕوودەدات كە مرۆڤێك بەلای ئێمەوە لە شێوە ناوەكی و دەرەكییەكەیدا مۆركێكی ڕەگداكوتاو وەرناگرێت تەنیا لە كاتی مردووییدا نەبێت، واتە ئەو كاتەی كە بەتەواوی خۆی لە نزیك ئێمە دەكشێنێتەوە. گریكەكان، لە ماوەی سەردەمی كلاسیكی ئەسینادا، لە گەواهییەكانی گۆڕەكانیاندا، بەشێوەیەكی ڕوون گوزارشتیان لەم پەیوەندییە بەیەك ناكۆكەی نێوان كشانەوە و دەركەوتن كردووە كە لێكچوو نین. عەدەم لە دەركەوتندا، ئەو كشانەوەیەیە كە دەبێتە مایەی نیگەرانیمان و لە هەموو ئەزموونەكانی ماڵئاوایی و لەدەستداندا دەمانهەژێنێت، بە لێسەندنی ئەوەی لە نزیكمانە وازناهێنێت، بەڵكو دەشتوانێت شتێكمان بداتێ‌: عەدەم ئەو لێكشێنراوەمان بە جۆرێكی زیادەوە بۆ دەردەخات. ئەم زێدە دەرخستنە بریتیشە لە چاوگێكی جوان لە هونەری باڵادا.
     بەمەش دەتوانین ڕاگوزەرێین بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری سێیەم: چۆن جیهان و شتەكان لە زەمەنی ئایندەدا دەردەكەون كە تێیدا سەردەمی ڕەسانەیەتی لە ئارادابێت؟ چۆن خۆیان پیشان دەدەن كاتێك بە زیادەوە، بەسایەی ئامادەییەكی نوێوە بۆ قەبووڵكردنی كشانەوە، دەردەكەون؟ ئەمەوێ‌ بە دەركەوتنی جیهان دەست پێبكەم تا دوای ئەوە بۆ دەركەوتنی شتەكان ڕابگوزەرێم.
     جیهان بریتییە لەو ڕەهەندە كراوە ڕۆشنەی كە ڕێگە بە دەركەوتن دەدات. ئەگەر بێتوو بەراووردی كرانەوە ڕۆشنەكەی ئەم ڕەهەندەمان بە ڕوناكی كرد، ئەوا عەدەم دەبێتە ئەو تاریكاییە داخراوەی كە بوونمان تاریك دەكات و لەمیانەی نیگەرانییەوە دەیكاتە شەوەزەنگ. مرۆڤ دەتوانێت وادانێت كشانەوە، تەوژمی عەدەم، پێویستە ڕوناكی جیهان هەڵمژێت، هەروەك چۆن كونەڕەشە لە گەردووندا[4] هەموو ڕوناكی هەڵدەمژێت. وەلێ‌ لێرەدا ئێمە بەر ئەم بابەتە سەرسوڕهێنەرەی پەیوەست بە بوونی بەشەری، دەكەوین. ئەوەش وەك بوون- لە- جیهاندا لە هەڵهاتنی ڕوناكی دوای دەركەوتنی (جیهان)دا، خۆی حەشارداوە. لەگەڵ لەدایكبوونی هەر مرۆڤێكدا ئەو بابەتە سەرسوڕهێنەرە ڕوودەدات كە لەوەدا خۆی دەنوێنێت ئەو تاریكاییە داخراوەی كشانەوە ڕێگە دەكاتەوە بۆ ڕەهەندە كراوە ڕۆشنەكە كە پێی دەڵێین جیهان. كشانەوە دەكشێتەوە دواوە لەپێناو هەڵهاتنی جیهاندا. ئەمە ڕواڵەتێكی دیكەی شاراوەیی كشانەوەیە. كشانەوە خودی خۆی دەكشێنێتەوە، لە زوڵمەتی تایبەت بەخۆیدا خۆی دەشارێتەوە تا ڕێگە بە دەركەوتنی شتەكان، واتە بە هەڵهاتنیان لە ڕۆشنایی كراوەی جیهاندا، بدات.
     ئەم ڕەوشە بەر لە هەموو فەلسەفەیەك، بەشێوەیەكی تەواو لە گەشەی ڕووەكەكاندا و، لە سەرووی ئەوەشەوە لە بەدیاركەوتنی هەر زیندەوەرێك لە جیهاندا، لای ئێمە ئاشنایە، ئەوە لێكەوتنەوەی زیندەوەرە لە زەمینەوە. زەمین ئەو داخراوییەیە كە لە پەناگە تاریكەكەی خۆیەوە ڕێگە بۆ دەركەوتنی زیندەوەر و گەشەكردنی زیندەوەر دەكاتەوە، بەجۆرێك كە دەتوانێت بەرەو باڵاتر ئاراستەی بكات، واتە بەرەو ناو ئەو فەزا كراوەیەی بواری ڕوناكی كە ناوی دەنێین ئاسمان.
     لە پەیوەندی ئاسمان و زەمیندا بەشێوەیەكی دیاریكراو لە ئەزموونی ڕێگاخۆشكردن بۆ ڕەهەندی دەركەوتندا دەژین، واتە ڕەهەندی دەركەوتنی: جیهان بە دەستپێكردن لە كشانەوەوە. نابێ‌ لەم دوو لایەنە[5] وەك دوو بابەتی گەورە تێبگەین، بەڵكو دەبێت وەك دوو ڕەهەندی بنەڕەتیانەی بەیەكگەیشتنی دەركەوتن لەبەرچاویان بگرین. ئەو بوارەی، ئەو ڕەهەندەی، كە بەسایەی ئەم بەیەكگەیشتنەوە دروست دەبێت، جگە لە جیهان شتێكی دیكە نییە. جیهان خۆی وەك كارلێكی نێوان ئاسمان و زەمین لەخۆیدا ئەو پەیوەندییە ناكۆكیئامێزەی نێوان كشانەوە كە دەپارێزرێت و، ڕێگەكردنەوە بۆ ڕەهەندی دەركەوتن بەدەستپێكردن لە كشانەوەوە، لەخۆ دەگرێت.
    لە بوونی ساختەی ڕۆژانەدا ئەوە لە ئێمە بە شاراوەیی دەمێنێتەوە كە جیهان وەك كارلێكی ئاسمان و زەمین بریتییە لە دەركەوتنی ئەو پەیوەندییە، ئەوە تەنیا ئەو كاتە دەردەكەوێت کە لە چوارچێوەی ڕەسەنایەتیدا، تووشهاتنمان بە مەرگ دەخەینە ئەستۆی خۆمان و بەسایەی بوێری بۆ نیگەرانییەوە ئامادەی قەبووڵكردنی كشانەوە دەبین. جیهان وەك بەیەكگەیشتنی ئاسمان و زەمین دەرناكەوێت تەنیا لەلای ئەو كەسانە نەبێت كە دەرگیری مەرگ دەبن، ئەوانەی كە، بە گوزارشت لێكراوی، لە خۆیان وەك دەرگیرانی مەرگ، تێدەگەن، ئەوانەی كە بەوە توانای ئەوەیان دەبێت لە بەركارهێنانی وەزیفیی سانای شتەكان دەستهەڵگرن و، خۆیان تێیاندا كۆبكەنەوە، واتە، تەنیا لەلای خەڵكانی تووشهاتووی مەرگ نەبێت، بەم واتا پڕاوپڕەی وشەكە، ئەو پەیوەندییە دەرناكەوێت. لەبەرئەمە ئەوەی گریكە كۆنەكان، ئەوانەی خەڵكانیان بە دەرگیرانی مەرگ ناوزەد دەكرد، جیادەكاتەوە ئەوەیە كە ئەوان لە هەموو شتەكان بە تێڕوانین لە كارلێكی ئاسمان و زەمین تێگەیشتوون.
     بەوە ئەوە ڕوون بۆتەوە كە تەنیا ئاسمان و زەمین وابەستەی ئەزموونی ڕەسەنی جیهان نین، بەڵكو خەڵكیش وەك دەرگیرانی مەرگ، كە بەلایانەوە كارلێكی نێوان ئاسمان و زەمین ڕوودەدات، دەگرێتەوە. كاتێك دەرگیرانی مەرگ تووشبوونیان بە مردن لە دەمی ئەوەدایە ببێتە ڕاستەقینە، ئەوە دەزانن كە بوونیان- لە- جیهاندا شتێكی سەرسوڕهێنەرە. كشانەوە وابەستەی باڵادەستیی ئێمە نییە، چونكە ئەوە ئەو خۆیەتی كە خۆی دەكشێنێتەوە. لەبەرئەمە تووشهاتووانی مەرگ لە سەرسوڕهێنەریی ڕێگاكردنەوە بۆ ڕەهەندی كرانەوەی جیهان لە تێڕوانینی كشانەوەوە وەك دیارییەك تێدەگەن، واتە وەك خەڵاتێكی خۆكرد[6] كە بۆ ژماردن یان بەرهەمهێنانەوە بەهۆی شتێكەوە، دەستنادات.
     ئەم خەڵاتە ڕاستەقینە بەوە جیادەكرێتەوە بەخشەری بەخششێكە كە لە نكوڵیكردنی خوددا دەدرێت، ئەو نایەوێت خودی خۆی دەركەوێت، بەڵكو دەیەوێت دیار نەبێت، ئەوەش بۆئەوەی بتوانێت بەبێ‌ وەرزبوون قەبووڵی خەڵاتە پێ‌ بەخشراوەكە بكات. هەرچەندەی خەڵاتەكە لە خۆكردییەكی گەورەترەوە بدرێت، واتە هەرچەندەی بەجۆرێك لە جۆرەكان كەمتر شایەنی ژماردن بێت، ئەوەندەش بەخشەرەكە لەپشت خەڵاتەكەوە دەشاردرێتەوە. خەڵاتی خۆكردتر بریتییە لە ڕێگاكردنەوە بۆ جیهان وەك ڕەهەندی دەركەوتن لەتێڕوانینی كشانەوەوە، لەبەرئەمە، لەباشترین حاڵەتدا، تەنیا دەكرێت مەزەندەی ئەوە بكرێت كە كێ‌ بەخشەری خەڵاتەكەیە.
     لەلایەكی دیكەشەوە، پێویستە ئەم مەزەندەكردنە ناو لە بەخشەری خەڵاتەكە بنێت، لەبەرئەوە وەڵامێكی لەبار ئەویش سوپاسكردنە، وابەستەی خەڵاتەكەیە. لەبەرئەمەیە كە شارستانییە جیاوازەكانی مرۆڤایەتی لەبارەی خودا یان خوداوەندەكانەوە دواون. بەڵام هەموو ناونانەكانی خودا جا ئیتر (زیۆس) بێت یان (یەهوا) یان (باوك) یان هەر شتێكی تری بانگكراو و بانگنەكراو بێت، بەو پێیەی مەزەندەگەلێكی بیروهۆشن، هیچ نین جگە لە شتێكی تێپەڕ لەڕووی مێژووییەوە. وێڕای ئەمەش دەكرێت بڵێین: ئەو بوونەوەرانەی كە دەرگیرانی مەرگ بە خودایی ستایشیان دەكەن، بەكورتی خوداوەندییەكان، ئەوانیش هەر جیهانن، چونكە ئەوە جیهانە كە تووشهاتووانی مەرگ سوپاسی دەكەن، بەم جۆرە چوار گروپ سەر بە جیهانن: خوداوەندەكان، دەرگیرانی مەرگ، ئاسمان و زەمین. هایدیگەر لە دوایین كتێبەكانیدا ئەمە ناودەنێت چوارینە. ئەگەر بۆمان هەبێت بە بەرهەڵستیكردنی ئاراستەی مامەڵەی وەزیفی لەگەڵ شتەكاندا، ئەزموونی ڕەسەنی جیهان بكەین، ئەوا ئەمە وەك چوارینەیەك دەردەكەوێت.
     ناكرێت جیهان و شتەكان لەیەكتر دابڕین هەروەك چەند جارێك ئەمەمان ڕوون كردەوە، لەبەرئەوە ئێستا پرسیارێك دەمێنێتەوە: چۆن چۆنی شكۆ لەهەمبەر كشانەوەدا، لە شتەكاندا لەگەڵ ئەزموونی چوارینەدا گرێدراوی یەكتر دەبن؟ شتەكان تەنانەت كاتێكیش وەك شتانێك بۆ دەست لەپێناو بەكارهێناندا مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، نابنە شتانێكی دوورەپەرێز و گۆشەگیر، بەڵكو لە پەرێزی بەكارهێناندا دەردەكەون و واتا و بوونی خۆیان تەنیا و تەنیا لەم پەرێزەوە وەردەگرن. تەریب بەمە، شتەكان، لە ئەزموونە ڕەسەنە وابەستەكەیاندا بە شكۆوە، لە هەمبەر كشانەوەدا، پێویستە واتا و بوونی خۆیان لە چوارینەكەوە وەدەست بخەن.
     دەتوانین بەدیاریكراوتر ئەمە پیشان بدەین. نموونەی خودی هایدیگەر بریتییە لە پرد. پرد لە ژیانی ڕۆژانەدا وەك شتێك بۆ دەست ڕێكەوتمان دەكات، ئەوەش واتە ئێمە بەبێ‌ ئەوەی زۆر بیری لێبكەینەوە بەكاری دەهێنین، كاتێكیش لە جووڵەی هاتووچۆدا لەنگییەكی تێدەكەوێ‌ تا لەتوانادا بێت بە خێرایی بە زووترین كات چاكدەكرێتەوە. وەلێ‌ تەماشاكردنی ئەو خەرەندەی كە لەژێر پردەكەوە نادیارە ڕەنگە بتوانێت ترسێكی زۆر لە ئێمەدا بوروژێنێت و بمانتۆقینێت، و وامان لێبكات بۆ چركەساتێك لەماوەی جووڵەی بەكارهێنانی پردەكە، بوەستین. لە مەترسی بەردەم خەرەندەكەدا عەدەم ئاوەڵا دەبێت، كە تووشبوونمان بە مەرگ، دەخاتە پێش چاو. خەرەندەكە وا لە پردەكە دەكات وەك شتێك دەركەوێت كە تێیدا زەمین و ئاسمان بەیەك دەگەن. پردەكە بەسەر خەرەندەكەوە هەڵواسراوە و قایم كراوە، چونكە لەهەردوو سەرەكەیەوە شاندەداتە سەر زەمینێكی پتەو، بەم جۆرەش هەر هەمووی لەلایەن زەمینەوە هەڵگیراوە، ئەویش لای خۆیەوە زەمینی هەڵگرتووە، چونكە هەڵگرتنی زەمین تێیدا درێژ بووەتەوە و لەسەر پردەكە زەمین ئامادەیە. ئەو زەمینەی لە هەڵگرتنی پردەكەدا ئامادەیە لە خەرەندەكە دەمانپارێزێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە پردەكە لەسەر خەرەندەكەوە هەڵواسراوە، ئەوا باڵا دەبێت و بەرز دەبێتەوە تا كرانەوەی ئاسمان. ئەو لە ئاسماندا جێگیرمان دەكات، وەك ئەوەی بەسەر حەبلێكەوە خەریكی سەما كردن بین، بەم جۆرەش ئاسمان بۆ زەمین ڕادەكێشرێت.
     بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ئەو كەسانە نەبێت كە دەرگیرانی مەرگن ڕاست نییە، ئەوانەی كە حەوسەڵەی ئەوە دەكەن بوونیان ببێتە سەمایەك لەسەر حەبلی سەر خەرەندەكە، واتە ئەوانەی لەوە هەڵنایەن بوونیان شیاوی تووشهاتن بە مەرگ بێت. ئەو مەترسییەی بەسەرمان هات، كە لەوەدا خۆی دەنوێنێ‌ هەموو پردێك تێپەڕاندنی خەرەندەكەیە، ڕێكەوتی ئەو دەرگیرانەی مەرگ دەكات كە خودی خۆیان تووشی مەرگ دێن. ئەوان ژیانی تووشهاتوویان بە مەرگ وەك خەڵاتێك دەبینن، هەر لەبەرئەمەش بووە خەڵكی لە ڕابردوودا كۆمەڵێك شكڵ و شێوەیان لە پردەكاندا دروست كردووە كە نوێنەرەوەی پیاوانی پیرۆز و فریشتەكان بوون كە ئەوەی بیر دەهێنانەوە خوداوەندەكان و خوداوەندییەكان -گووتەزای Engle: واتە فریشتە و Bote: پێغەمبەر- لەگەڵیاندان و دەستیان بە باڵیانەوەیە. نەك تەنها پرد، بەڵكو هەموو شتە ئاراستەكراوەكان بۆ بەكارهێنان، كاتێك ئێمە ڕام دەبین و لە ڕەسەنایەتیدا تێیان دەگەین، لەو كاتەدا كە خەریكی كۆكردنەوەی خۆمانین، دەكرێت وەك شوێنێك كە تێیدا چوارینەكە كۆدەبنەوە، دەردەكەون. ئەو دەستەواژە ئەڵمانییە كۆنەی كە، لەسەرووی ئەوەشەوە، ئاماژە بە كۆبوونەوە دەكات، بریتییە لە Thing، كەواتە Ding: شت.
     بەڵام ئایا ئەم جۆرە ئەزموونكردنەی شتەكان تەنیا پەرۆشییەكی شيعری نییە؟ ئایا ئەمە هەمووی تەنیا بۆ ئومێدی ئایندەیەك ڕاست نییە كە تێیدا سەردەمی ڕەسەنایەتی دێتە ئارا؟ هەرچەندەی سەردەمەكەمان زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات، هەرچەندەی، بەشێوەیەكی كەمتر، بە چوارینە، باس لە جیهان بكەین، ئەوەندەش زۆر ناخایەنێت كە جیهان تەنیا وەك كۆگایەكی (سامان)ی شیاو بۆ هەڵسوڕاندن و ئاراستەكردنی توندوتۆڵ دەردەكەوێت لەپێناو ئامادەكردنی بەرهەمانێكی لەبار بۆ بەكارهێنان. لەگەڵ ئەوەشدا، هایدیگەر هەڵگری ئومێدێكی بنیاتنەرانەیە لە دۆزینەوەی مێژوویی دەرچەیەك بۆ دەرچوون لەم دۆخە. ئەم ئومێدە ڕێك لەوەدا خۆی بنیات دەنێت كە خودی كشانەوە لەمڕۆدا خۆی بۆ شاراوەییەكی تەواو دەكشێنێتەوە. لەلایەكەوە، وەك مەتەڵێك دەردەكەوێت كە چۆن دەكرێت ئامادەبین بۆ قەبووڵكردنی كشانەوەیەك كە تەنانەت ناشتوانین مەزەندەی بكەین، چونكە ئەویش ڕیشەییانە خودی خۆی دەكشێنێتەوە. بەڵام لەلایەكی دیكەوە، ئەم كشانەوەیەی خود هیچ نییە جگە لە ئەوپەڕی هەڵكشانی كشانەوە. بەبۆچوونی هایدیگەر هەلی ئێمە لێرەدا خۆی مەڵاس داوە: بۆ یەكەمجارە لە تەقلیدی مێژووییماندا كتومت لەوە تێبگەین كەجیهان و شتەكان لە تێڕوانینی كشانەوەوە كە خۆی دەكشێنێتەوە، پێمان دەبەخشرێن. وەلێ‌ ڕوودانی ئەوە بە هەرحاڵ لەسەر توانایی ئێمە نەوەستاوە، چونكە ئەوەی ڕێك و ڕەوان كشانەوە جیا ئەكاتەوە ئەوەیە كە ئێمە دەستمان بەسەریدا ناشكێت، چونكە خۆی دەكشێنێتەوە. ئێمە بەدوای ئەو چۆنیەتییەوەین كە بەهۆیەوە ڕێگە بۆ دەركەوتن ئەكاتەوە. بەڵام لەمیانەی تێڕامانی فەلسەفییەوە دەتوانین ئامادەبین بۆ تێگەیشتن لەوەی كە كشانەوە، بە گەیشتنی بە ئەپەڕی ڕادەی خۆی، وا لە مرۆڤ دەكات كە سەرلەنوێ‌ ئامادەی قەبووڵكردنی ئەوە بێت كە بوونی ئەو شیاوی تووشهاتنی مەرگە و بەوەش بەسەر چوارینەدا كراوەیە.
     ئەم تێڕامان و ئامادەییە فەلسەفییە، بەشێوەیەكی بنەڕەتی جیاواز دەبێت لەو نەخشەسازییەی لە سوبێکتەوە دەكەوێتەوە و، داوەری ئەوە دەكات كە لە ئێستاوە بە جۆرێكی باشتر كاربكەین بۆ وەلانانی ئەو زیانانەی كە لە دەستوەردانمان لە ژینگەوە كەوتوونەتەوە، ئەمە هیچ نییە جگە لە ڕاستكردنەوەیەكی خودیی بۆ قۆستنەوەی وەزیفییانەی ژینگە. لە سەرەتادا بەرەنگاری ئەم هەڵوێستە بوومەوە كە بە سروشتگەرایی ئیكۆلۆجی بەرگری بەڕووى سەنتەربوونی مرۆڤدا دەنوێنێت. وەلێ‌ ئەم ڕێبازەش ڕێگای هایدیگەر نییە، لەبەرئەوەی هاندان بۆ ملكەچیی تەواوەتیمان بۆ سوڕەكانی سروشت پێگەی مرۆڤ لە جیهاندا فەرامۆش دەكات. دەرگیرانی مەرگ وابەستەی جیهانن وەك چوارینەیەك. چوارینەیەكیش بوونی نییە تەنیا لەلای مرۆڤێك نەبێت كە لە بوونە ڕەسەنەکەیدا خودی خۆی بۆ دەكاتەوە. جیهان بۆئەوەی دەركەوێت پێویستی بە مرۆڤە. ئەوەشی دەیەوێت مرۆڤ بكاتە تەنیا هەڵەشەیەكی بچووك لە سیستەمێكی هەمەكيی ئیكۆلۆجی سروشتدا ئەوا زۆر لە پێگەی مرۆڤ دێنێتە خوارەوە. ئەوە سەرناگرێت تەنیا بە قڵپكردنەوەی سەرەوژێری وەزیفەگەرایی سوبێکتیڤ نەبێت كە لە بریدا وەزیفەخوازیی ئوبێکتیڤى سروشت بكرێتە جێگرەوە. لەڕاستیدا لە وشەی نهێنی (سروشت)دا مەزەندەكردنێك هەیە ئاماژە بە ئەودیوی وەزیفەخوازیی ئاراستەی ئیكۆلۆجی دەدات. سروشت (Natur) وەگێڕدراوی لاتینی دەستەواژەى یۆنانی (physis)ــە، یەكێك لە گەورەترین فەیلەسووفانی بەرایی مێژووی فەلسەفەش، هیراكلیتس لەبارەی (physis)ــەوە ئەڵێت بریتییە لەوەی ئارەزووی گومبوونی هەیە. هایدیگەر لە گوێڕادێرانیدا لەم وشەیە مەزەندكردنێكی زووكات (مبكر)ی لەبارەی كشانەوەوە بیستووە؛ لە شكۆ لەهەمبەر كشانەوەشدا هەموو شتێك دەوەستێت.
       



[1] Die schen: دۆخێكی ویژدانییە كە گوزارشت لە ترسێكی تێكەڵ بە ڕێز یان سڵەمینەوە و شەرم دەكات. وا دیارە گووتەزای (شكۆ) نزیكترین وشەیە بۆ گوزارشتكردن لەم دۆخە.
[2] Consummation/ verbranch: بەكاربردن. شتەكە بەكاربرا واتە فەوتاندی و لەناوی برد. بۆ پەیبردن بەو دیاردەیەی كە نووسەرەكە بە دیاریكراوی لەسەری هەڵوەستە دەكات، ئەوەندە بەسە كە جیاوازی بكەین لەنێوان ئەو دەستەسڕی گیرفانەی كە لە خوری دروستكراوە و سوورین لەسەر پارێزگاریكردنی لەكاتی بەكارهێناندا، و ئەو دەستەسڕەی كە لە كاغەز، تەنیا بۆ یەكجار بەكارهێنان، دروستكراوە، واتە بۆ بەكاربردن. لە ژیانی ڕۆژانەماندا زۆر نموونە هەن كە دووپاتی هەمان دیاردە ئەكەنەوە.
[3] Grund: بنچینە. Abgrund: خەرەند، كەند.
[4] لێرەد (الكون) بە واتای گەردوون universum/ univers هاتووە.
[5] زەمین و ئاسمان دوولایەن نین بە واتای شوێنەكی، بەڵكو بەو واتایەن كە دوو ڕەهەندی ڕووبەڕوون بۆ دەركەوتن، یان دوو چۆنییەتین كە بەهۆیانەوە جیهان وەك ناكۆكییەك لەنێوان داخران و كرانەوەدا ڕوودەدات؛ ئەوانە دوو ڕووداون، زەمین گوزارشتە لە ڕوودانی داخران و ئاسمانیش گوزارشتە لە ڕوودانی كرانەوە. 
[6] Jrei: زۆرجار واتە ئازاد، لێرەدا وەرگێڕانیمان بە دەستەواژەى (خۆكرد) بە باشتزانی چونكە زیاتر نزیكە لە واتای ویستراوەوە. خەڵاتی خۆكرد، واتا بریتییە لەوەی كە ناكرێت بەگوێرەی مەرجگەلێكی دیاریكراو بەرهەمبهێنرێت و دابهێنرێت، و ناشتوانرێت بژمێردرێت و پێشبینی بكرێت. بەواتایەكی دیكە، خەڵاتی خۆكرد بۆ بەدیهێنانی مەبەستێك كە لەپشتییەوە خواسترابێت، دەست نادات.



سەرچاوە:
ئینتەرنێت. لە ماڵپەڕی محمد عابد الجابرییەوە وەرگیراوە. www.aljabri.150.com . لە بنەڕەتدا دەقی وەرگیڕدراوی ئەم وتارە سەرەتا لە ژمارەی یەكەمی گۆڤاری (فكر و نقد)دا بڵاوكراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە ئەو گۆڤارە وەك خۆی لەسەر ماڵپەڕی ئئینتەرنێت دانەنراوە، ئێمە نەمانتوانی بەتەواوی ناوی گۆڤارەكە وەك سەرچاوە بنوسین. لە ماڵپەڕەكەی جابریدا، كە ماڵپەڕی سەرەكی دابەزاندنی گۆڤارەكەیە، تەنها بابەتەكان و ژمارەكانی گۆڤارەكە ئاشكرایە. 


تێبینى: ئەم یەکەمجار وتارە ساڵى 2009 لە گۆڤارى ڕامان بڵاوبۆتەوە و ئەو کاتیش هەر پێشکەش بە "د. عیرفان مستەفا' کراوە. دووەمجار لە ساڵى 2018 لە کتێبى "بوونگەرایى"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفییەکانى گۆڤارى ئایدیا، بڵاوکراوەتەوە.