لۆران فلۆرى
بەرهەمەكانی
ماكس ڤێبەر، كە پڕن لە قوڵبوونەوەی مێژوویی و ئاراستە بابەتگەرییەكان،
بەشدارییەكی ئیپستمۆلۆژی و میتۆدیش لە خۆدەگرن. پێویستە وا لە بەرهەكانی ڤێبەر،
بە واتا كلاسیكییەكەی وشەكە، بڕوانین کە دیوانى كۆمەڵە بەرهەمێکى نووسراوە، بە
واتایەكی گشتیتر دەبێت وەك جێیەک تەماشاى بکەین كە ئەو میراتە هزرییەى تێدا
هەڵچنراوە و دروست بووە كە ڕۆژگار سەلماندوویەتی كاریگەریى لە هزری سۆسیۆلۆژی داناوە
و هێشتاش بەردەوامە. هەروەها ئەمڕۆ ماكس ڤێبەر بە یەکێک لە دامەزرێنەرانى نەریتى
سۆسیۆلۆژی حیساب دەکرێت ]لە سێ لایەنەوە[: لە میانەی ئەو پرسیار و وەڵامانەوە كە لە
زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا خستوونیەتییە ڕوو؛ لە ڕێگەى ئەو میتۆدە ڕەسەنەوە كە دایڕشتووە؛
هەروەها لە ڕێگەى ڕۆنانى كۆمەڵناسیی چالاكی (یان- کردە)وە.
أ-
کۆمەڵناسیی کردە
ڤێبەر
لە یەكێك لە دوو وانەوتارە بەناوبانگەكەیدا، بە ناونیشانی «پیشە و پەیامی کۆمەڵناس»
هەوڵیدا پێناسەیەك بۆ کۆمەڵناس بدۆزێتەوە و هاوكاتیش جیهانبینی تایبەتی خۆی و
مومارەسەی خۆی وەك زانستزان[1]
پیشان بدات. یەكێك لە نەگۆڕەكانی مومارەسە زانستییەكەی ئەو بریتییە لە بەیەكداچوونی
سەرجەم زانستە مرۆییەكان: دەوڵەتناسی، یاسا، ئابووری و مێژوو. ئەم بەیەكداچوونەی
سیستەمە مەعریفییەكان لە هەردوو تێزەكەیدا بە زەقى دیارە: یەكەمیان لەبارەی مێژووی
یاسای بازرگانی لە شارە ئیتالییەكاندا 1889، دووەمیشیان لەبارەی مێژووی وەرزێریی
لە ڕۆما و پەیوەندیبەکەى بە یاسای گشتی و یاسای تایبەتی 1891ـیەوە.
زانیاریە
چڕ و پڕەکانى سەبارەت ڕەوتە هزرییەكانى هەر یەكێك لەم سیستەمانە، هەلى تێپەڕاندنی
درز و كەلێنە هزرییەكانی لە زەمانی خۆیدا بۆ ڕەخساند و قەوارەیەكی ڕەسەنی بە
زانستە كۆمەڵایەتییەكان بەخشی. ئەو پشتیوانی لە دامەزراندنی مێژووناسیی «حەقیقەت»
دەكرد و ئاماژەی بەوەدا كە سروشتی لێكۆڵینەوە بە ناچاری بریتییە لە سروشتی
ئەزموونگەرایی مەیدانی، بۆیە ئەو لە پێگەی خۆیەوە وەك كۆمەڵناسێك، لە سەر زەمینی
واقیع كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی مەیدانی ئەنجام داوە: ساڵی 1892 لێكۆڵینەوەیەكی دەربارەى
ڕەوشی كرێكارە وەرزێرەكان لە ڕۆژهەڵاتی ئالپ ئەنجامدا، ساڵی 1908یش كاری لە بەرەوپێشبردنى
لێكۆڵینەوەیەكی تردا كرد لەبارەی پیشەسازی لە ئەڵمانیا، کە خۆی سەرنووسەر و
سەرپەرشتیارى ئاراستەكردن و ڕێنماییەکانى تایبەت بە چاوپێكەوتن و فۆرمی زانیاری بوو،
ئەوەش ڕێگەیەكی دروست بوو بۆ تێگەیشتن لە ڕەوش و هەلومەرجەکان.
1- كۆمەڵناسی: زانستێكی مێژوویی
ماكس
ڤێبەر میراتگری قوتابخانەی مێژووگەرایی ئەڵمانییە، هەمان ئەو مەدرەسەى كەسانێكی
پێشەنگ و زانكۆیی تێیدا دەركەوتوون وەکو: ڤیلیهێلم ڕوشیە Wilhelm
Roscher 1815-1894، كارل كنێس Karl Knies 1821-1898،
ئەدۆلف ڤاگنەر Adolf Wagner 1835-1917، گۆستاڤـ شمۆلەر Gustav Schmoller 1838-1917[2]، بەدیوێکى تردا ئەو بەسەر ئەم قوتابخانەیەوە
ڕەخنەگریش بوو[3]،
ڕەخنەى لە ئەزمووونگەراییەكەیان دەگرت كە خاڵی بوو لە هەر بانگەشەیەكی تیۆری، ئەو
دامەزراندنی مێژووناسییەكی «لەسەر زەمینی ئەزموونی»، بەڵام لەنێو جیهانبینییەكەیدا
بۆ حەقیقەتناسی، پێشنیار كرد و بانگەشەی بۆ ڕۆشنكردنەوەی چەمكگەلێكی تیۆری كرد لەو
چەمکانە دەکرد کە دەرفەتى ئەوەیان بۆ ڕەخساند شێوەكانی ڕێكخستنى كۆمەڵایەتی لەبەرچاو
بگرێت. لەبەرئەمە دەبوو ئەم خولیا تیۆرییە لە داڕشتنی یاسا ئەبستراكتەكان، وەك
ئەوەی قوتابخانەی بێلایەنگەرایی نەمسایی و بەتایبەتیش كارل مێنگەر Carl Menger 1840- 1921،
بانگەشەی بۆ دەكرد، خۆى بە دوور بگرێت. پێویستە كۆمەڵناسی وەك زانستێكی مێژوویی
بمێنێتەوە، چونکە هەرگیز مەبەستی زانستە كۆمەڵایەتییەكان داڕشتنی یاسا گشتییەكان
نییە، ئەمە وەهمێكە كە ئەو لە بەرامبەر پۆزەتیڤیستەكاندا نكوڵی لێ دەكرد؛ ئەوان دەیانویست
بگەنە حەقیقەتی واقیع و بەم هۆیە بەتەمابوون «زانستە كولتوورییەكان» لەسەر شێوەی «زانستە
سروشتییەكان» دابمەزرێنن. لەم مقۆمقۆیەدا دەربارەى ئەو شتەى پێی دەوترێت «خستنەڕووی
میتۆدەكان»، كە لەمەیاندا زانستە سروشتییەكان تووشى ڕووبەڕووبوونەوەى زانستە
كولتوورییەكان دەکات و ئەم دووانە دەخاتە بەرامبەر یەکترییەوە، هەڵوێستى ماكس
ڤێبەر بە ڕوونی لەپاڵ لایەنگرانی زانستە كولتوورییەكاندا بوو، چونکە خۆى كۆمەڵناسی
وەكو زانستێكی مێژوویى پێناسە کردبوو.
بەڵام ئەو
لەسەر ڕێبازەکەى فەیلەسووفی ئەڵمانی ڤیلیهێلم دێلتای (Wilhelm
Dilhtey) 1833- 1911[4] ڕێزێكی لەڕادە بەدەری لە دەروونناسی ئەزموونى
گرت كە بەهۆى ڕێژەییبوونەکەیەوە حاڵەتەكان دەخاتە ژێربارى ئەزموون و چاودێرییەوە؛ هەروەها
ڤێبەر جیاكردنەوەی ئیپستمۆلۆژی مەعریفی لەنێوان ڕاڤەكردن ]تەفسیر[ كە تایبەتە
بە زانستە سروشتیەكان و، تێگەیشتن كە تایبەتە بە زانستە عەقڵییەكان-ی لە
دێلتاى وەرگرتووە. ڕاستییەكەی ڤێبەر ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە فۆرمەلە ئاڵۆز و تەمومژاوییەکەى
هۆكارگەرایى لە مەڕ زانستە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەسەند بكات، چونکە لایوایە ئەم
فۆرمەلەیە هەمان دژیەكییە میتۆدییەکەى پێشتر پلە خۆدەگرێت،.
ڤێبەر دووالیزمە
دیارەکانى نێو ململانێی میتۆدەكان ڕەتدەكاتەوە، ڕەسەنایەتییەکەیشى لەو ئاوێتەیەدایە
کە هەر بەشێکى گروپێكەوە وەرگرتووە و ئینجا تێپەڕاندوون. ئەو عەقڵانییەتی ریكرت (Richert) و دەروونشیكاری زیمڵ (Simmel) و ڕێژەگەرایی گومانكارانەی دێلتای (Delthey)و، هەروەها ئایدیالیزمی هیگڵ و ماتریالیزمی ماركس و مێژووگەرایی شمولەر و
فۆرمگەرایی مێنگەر، تاوتوێ دەكات و ڕەخنەیان لێدەگرێت و تێیان دەپەڕێنێت. ڤێبەر میتافیزیكا
ڕەت دەکاتەوە و جەخت لەسەر هۆكارگەرایی دەکاتەوە، بۆیە وەختێ پێناسەى زانست دەکات
ئەوا لە جێوڕێى گونجاوى خۆیدا سەبژێكتیڤیزمی بژاردەكردن (الانتقاء) و
ئۆبژێكتیڤیزمی پەیوەندییەكان دووپات دەكاتەوە.
2- كۆمەڵناسیی «كردەی بەكۆمەڵایەتیكراو»
تاك
لەنێو تۆڕێكی پەیوەندییەكاندا دەژی، ناتوانین بە بێ ئەو كۆمەڵەی كە ئەو تێیدا دەژی
و وابەستەیە پێوەی، لێی بڕوانین و بیری لێ بکەینەوە. ڤێبەر لە تیۆرەكەیدا لەبارەی
پۆلبەندییە كۆمەڵایەتییەكانەوە، گوزارشتی لە هەمەجۆریی و فرەڕەنگی ئەم كۆمەڵانە
كردووە، ئەو جیاوازی دەخاتە نێوان چینەكان و كۆمەڵە قەوارەییەكان و حیزبە
سیاسییەكانەوە، واتە نێوان سێ تەرزی ڕیزبەندیی هاوتاى بونیادی ئابووری و بونیادی
كۆمەڵایەتی و بونیادی سیاسی. بەم جۆرە، بە پێچەوانەی ماركسەوە، ئەو پێی وایە
چینەكان هیچ نین جگە لە فۆرمێكی تایبەتی پۆلبەندیی كۆمەڵایەتی، هەریەکەیان كۆمەڵێك
تاك لەخۆ دەگرێت كە لە هەلی خاوەندارێتی و لە هەندێ هەلومەرجی ژیانی مادیدا
یەكسان و لێکنزیکن؛ جگە لەمەیش، چینەكان هیچ نین جگە لە چینبەندییەكی بەكۆمەڵی
تاكەكان كە مەگەر بە پشت بەستن بە پێودانگە لۆژیكییە عەقڵییەکان بگەنەوە بەیەك دەنا
یەكێتییەك پێكناهێنن كە هۆشیاری لەبارەی یەكبوونی خۆیەوە هەبێت. هەرچی كۆمەڵە
قەوارەییەكانە، بە پشت بەستن بە كاركردگەلێكی ئۆبژێكتی (لەدایك بوون، پیشە، جۆری
پەروەردە و كولتوور) و توخمی سەبژێكتی (سەنگینیی كۆمەڵایەتی، ناوبانگ)، لە ڕووی
پێگە و جێگەی كۆمەڵایەتییەوە لێك جیاوازن. هەر كۆمەڵەیەكیش بە تەرزەكانی بەكاربردن
و پێوەرە كولتوورییەكان، واتە بە شێوازی ژیان (دژیەك لەگەڵ ئاستەكانی ژیاندا) لە
كۆمەڵێكی دیكە جیا دەكرێتەوە. لە لایەنی سێیەمیشدا، حیزبە سیاسییەكان دەتوانن
لەنێو فۆرمێكی دامەزراوەیی، بەرژەوەندیی ئابووری یان قەوارە كۆمەڵایەتییە
هاوبەشەكاندا، كۆببنەوە. دەشكرێت لەسەر بنەمای دیكەش دابمەزرێت (ئایینی و
ئەخلاقی). ئەم شیكارییە سێ ڕەهەندییە ژمارەیەك لەو پرەنسیپانە ڕوون دەكاتەوە كە
بناغەى ڕێزبەندى و پلەبەندیى كۆمەڵەكانە لە كۆمەڵگا نوێیەكاندا، ئەمەیش ئەوە دێنێت
بە بیرماندا كە كۆمەڵەی قەوارەئاسا، لەنێو هەموو كۆمەڵەكانی تردا، هەڵگرى
خەسڵەتێكی دیاریكراوە، ئەویش ئەو شوێنەیە كە تاكەكان تێیدا بەها و پێوەرەكانی
ڕەفتار و ئادابە هەمەجۆرەکان فێر دەبێت، كە لەنێویشیدا ئاڵوگۆڕیان پێ دەكەن. بەم
جۆرە ئەو بەهایەی كە تاك هەڵیدەبژێرێت ژێرەوانكێیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شتانەی كە
كۆمەڵە قەوارەئاساكە بەسەریاندا دەیسەپێنێت، بەم واتایە هەڵبژاردنی ئەم یان ئەو
بەها لە لایەن تاكەوە پەیوەستە بەم كۆمەڵەوە. كەواتە بەها توانای ئاراستەكردنی
كردەی كۆمەڵایەتی هەیە، بە مەرجێك لەلایەن چەند کۆمەڵێکى كۆمەڵایەتیەوە کە
چوارچێوەى دامەزراوەییان هەیە، پێڕەو بکرێت.
ئەم
خاڵە سەركێشییەكی تیۆریی بۆ پێناسەکردنى تاك پیشان دەدات. مادەی یەكەم لە
كۆمەڵناسیی تێگەیشتندا بریتییە لە كردەی تاك بەهۆی ئەو ئامانجە خودییەی كە تاكەكان
بە كردارەكانیانەوە دەیبەستنەوە، كردەیەك کە بە ئەندازەی پابەستییەکەى بە ڕەفتاری
ئەوی دیكە و جێبەجێکردنى پێوانەکانەوە دەبێتە كردەیەكی ''كۆمەڵایەتی'' (ES, P.4)ـیش، بەم مانایە كردەی تاكەكەسی، ڕەفتاری ئەوانی دیكە بە هەند وەردەگرێت و
پێیان كاریگەر دەبێت. كەواتە تیۆری كردەی كۆمەڵایەتی بە پەیوەندییە خزمایەتی و
لێكنزیكییەكان شەتەك دراوە، واتە بە تیۆری ڕەوتی كارتێكران و كاریگەربوون. ئەمە
كردەی تاكەكەسێكە كە بە نیازی تەبایى ڕەفتار، ڕەفتارەکەى ئاراستەی ئەوی دیكە دەكات.
هەروەها
ئەمە تیۆری فەرامۆشكردنە[5].
لە بەرامبەر وێنەی تاكی زانینمەند کە تاكێكی عەقڵانییە (تایپی بكەری ستراتیژی)،
ڤێبەر وێنایەک بۆ تاک پەرە پێدەدات کە لە ڕووى بنەماوە نزیکە لە وێناكردنەکەى
دوركهایم (بە لای ئەمەوە واقیعی كۆمەڵایەتی بێ ئەوەی پێبزانین كارمان لێدەكات)،
بە جۆرێك كە هەمیشە مرۆڤ هۆشیارییەكی ڕوونی لەبارەی مەبەستەكانی خۆیەوە نییە.
ڤێبەر حوكم نادات، ئەو لەوە تێدەگات فەرامۆشكردنی ڕێسای ڕاستی و نەزمەکان لەلایەن
تاكەوە، چ مانایەكی هەیە: لە ڕەوشی كۆمەڵایەتیدا كە ناتوانیت خۆتی لێ بدزیتەوە «كردە
بریتییە لەوەی لە ڕەوشێكی دەگمەنی نەخوازراودا بێت»[6].
بەم جۆرە ڤێبەر، بە بێ ئەوەی بە ڕاشكاوی دەرى ببڕێت، گریمانەی تیۆرییەكی لەبارەی
بە كۆمەڵایەتیكردن socializationـەوە كردەوە كە زەمینەى تێگەیشتن لە كردە و ناسینى کردە
وەک بكەرناسییەكی بەكۆمەڵ و كردەناسییەكی بە دامەزراوەییکراو، بۆ كۆمەڵناسی
دەڕەخسێنێت.
3- كۆمەڵناسیی «كردەی ڕێکخراو»
تێڕوانینی
كلاسیكیى کۆمەڵناسى، ڤێبەر بە باوكی ئۆبژێكتیڤیزمی میتۆدی لە قەڵەم دەدات، بۆیە
ناتوانین بەشدارییەکەى تەنیا لەوەدا کورت بکەینەوە کە بڵێین یەکێکە لە
دامەزرێنەرانى تیۆری بژاردە (خیار)ی عەقڵانی کە لەسەر گریمانەى تاكێكی ئەتۆمگەرا و
خۆپەرست دامەزراوە. با لەگەڵ ڕیمۆن بۆدۆندا سێ ڕاڤەی تاكگەرایی لێك جیا بكەینەوە:
تاكگەرایی «سۆسیۆلۆژی» كە لەسەر بنچینەی پرەنسیپی هاوتایى ڕەفتاری تاكەكان لەنێو
كۆمەڵگادا ڕاڤە دەكات (بۆ نموونە، كۆمەڵگا "هیرارشییەکان" دەبێتە لایەنە
بەرامبەرەکەى كۆمەڵگە "تاكگەراكان")؛ تاكگەرایی «ئەخلاقی»، هەماهەنگە
لەگەڵ ئەو دۆكترینەدا كە تاك دەكاتە نیشانەیەكی مەرجەعیی ئەوتۆ ناتوانین تێیی
بپەڕێنین و پێودانگەكان و دام و دەزگاكان و هەڵبژاردنی بەهاكان دادەڕێژێت (بۆ
نموونە، "كۆمەڵخوازی" لە بەرامبەریدایە)؛ دواجار تاكگەرایی «میتۆدی»كە
هەوڵدەدات بۆ ڕاڤەكردنی پرۆسێسە كۆمەڵایەتییەكان بەرمەبنای تاك (هۆلیزم holismـی میتۆدی لە بەرامبەریدایە)[7].
بەم جۆرە، ڤێبەری نغرۆبوو لە كۆمەڵگەی تاكگەراییدا، ئایدیایەكی ئاڵۆزی لەبارەی
تاكەوە داڕشتووە.
لەسەر
هێڵی قوتابخانەی مێژووگەرایی ئەڵمانی كە دەرهەق بە پەیدابوونی دیاردە مێژووییەكان ڕۆڵێكی
یەكلاكەرەوەیان دەدایە پاڵ دامەزراوەكان، ڤێبەریش كاریگەرییەكی هاوشێوەی لەسەر
ڕەفتاری تاكەكان دایەوە پاڵ دامەزراوەكان. خۆ ئەگەر ئەو، لە ڕووی میتۆدییەوە،
بەكارهێنانی چەمكە دەستەجەمعییەكانی ڕەتكردبێتەوە (دەوڵەت، كۆمەڵگە، كۆمیونیتی)
ئەوا لە ڕاڤەكردنی ئاراستەكردنی كردەی كۆمەڵایەتیدا دان بە بەهاكانیاندا دەنێت.
ڤێبەر
لەمیانی میتۆدێكەوە، کە لە بنەڕەتدا تاكگەرا بوو، مكوڕبوو لەسەر كەشفكردنی دیوە
ڕێکخراوییەکەى بکەر، کەواتە بە دامەزراوەییکردن بریتییە لە نەخشەڕێگاى دانراوى
کردە. بەڵام حاڵەتی ڕیزپەڕ (شاز)ـیشى هەیە كە لە چوارچێوەی كۆمەڵناسیی مافدا
هەڵیدەبژێرێت، ئەمەیش تیشك دەخاتە سەر ڕێبازەكەى ئەو لە بەڵگەهێنانەوە و
سەلماندندا: دز ڕێسایەك پراكتیزە دەكات، چونكە لەپشت شازییەکەیەوە خۆی دەشارێتەوە.
چ پراكتییزەكردن و چ بەزاندنی ڕێساكە ، ماناى ئەوەیە هەر ڕێساكە وەک پێوەری
پەیوەندییەكە دەهێڵێتەوە «نا هەماهەنگی لەگەڵ ڕێساكەدا دەكەوێتە خانەی
هەماهەنگییەوە لەگەڵیدا، چونكە لە هەردوو حاڵەتەكە ڕێساكە مەرجەعە، ئەمەش ڕێ
خۆشدەكات بۆ دەستبەرداربوون لە ئایدیای لادان (بەزاندن) و پاشانیش لە ئایدیای
كردەی ڕاستەقینە»[8].
ڤێبەر لێرەدا ئاماژە بەوە دەكات كە خاوەنی كردەكە ملكەچی ئەو ڕەوشە دەبێت كە
دروستی كردووە و ناتوانێت خۆیی لێ بدزێتەوە تەنانەت ئەگەر پێیشی ئاشنا نەبێت.
ئیڤلین سێرڤرین دەڵێت: «ئەوەی بەپێی ڕێسا هەڵسوكەوت دەكات ئەو كەسەیە كە ڕێساكە
دروستی و كردووە و دایمەزراندووە» چونكە «دروستكردن (دامەزراندن) تەنانەت لە
بۆچوونەكانی تاكیشدا ڕەنگ دەداتەوە». كەواتە ئەو بكەرەی وا شیکارییەکەى ڤێبەر پێیەوە
خەریکە، تاكێكی بە كۆمەڵایەتیكراو یان دامودەزگاییە لە حاڵەتی پێشبینی و بۆچووندا،
ئەمەیش زۆر دوورە لەو تاكەوە كە لە میكرۆ- ئیكۆنۆمیك یان لە تیۆری هەڵبژاردنی
عەقڵانیدا هەیە، تیۆرێک کە زۆرجار تاكگەرایی میتۆدی[9]،
سەربەست و ڕەها لە بەكۆمەڵایەتیكردن و گونجان لەگەڵ كۆمەڵدا، تێیدا كورت دەكرێتەوە.
پەراوێزەکان:
[1] ئەم دوو وانەوتارە كە
لەبارەی پیشەی سیاسییەوەن لە كانونی دووەمی 1919 وتراونەتەوە، لە كتێبی "زانا
و سیاسەتمەدار"دا بڵاوکراونەتەوە.
Le Savant et le
Politique, UGE, «10-18»,
1987.
[2] Wilhelm
Hennis, " Une Science de I'Homme: Max Weber et Ies economists, Allemands
de I'école Historique}", in La Problématique de Max Weber, PUf, 1996, P.
131-207.
[3] Catherime
Colliot- Tèléne; Le Désenchqnte,ent de I'éat. De Hegle à Max Weber ; éditions
de Minuit; 1992, P. 74-124 (P 81).
[4]
Introduction aux Sciences de I'Esprit: Essai de Fondqtion de I'étude la Société
de I'Histoire, 1883.
[5] François
Héran, "Rite et Méconnaissance. Notes sur la Théorie Riligiuse de I'Action
chez Pareto et
Weber". ASSR, no 58, Janvier- mars 1994. P137-152.
[6] Raymond
Aron, La Sociologie Allamande
Contemporaine [Alcan, 1935], PUF, "Quadrige", 1981, P. 102.
[7] Voir
Ramond Boudon, "Individualisme et Holisme dans Ies Sciences
Sociales", in Jean Leca et Pirre Binbaum (dir.), Sur I'Individualisme,
Presses de la Fondation nationale des Sciences politiques,
"Références", 1991, p. 45-59. Ainsi que Louis Dumnot, Essis sur
I'Individualisme, Une Perspective Anthropologique Sur 1'Ideologie Moderne, Le
Seuil, "Points", 1983.
[8] "Agir
Selon des Réggles dabs la Sociologie de Max Weber", in évelyne Serverin et
Arnaud Berthoud (dir.), La Production des Normes entre état Société Civile, Les
Figures de 1'Institution et lq Nor,e entre étqts et Sociétés Civiles;
L'Har,attan, 2000, P. 209-230.
[9] Raymond
Boudon, "Théorie du Choix Rationnel ou Individualisme
Méthodologiaue?", Sociologie et Société, à Paraitre.
No comments:
Post a Comment