My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday, 21 May 2011

چەمکى سۆسیۆلۆژییانەی کردە 2

بەشى دووەم 

لۆران فلۆرى
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

    ب-   میتۆدسازى
     ماكس ڤێبەر، بە ڕەسەنایەتی بیۆگۆافیای هزریی خۆیەوە، میتۆدێكی تایبەت بە زانستە كۆمەڵایەتییەكانی بۆ فەراهەم کردووین و لە یەكەم ڕستەی كتێبی «ئابووری و كۆمەڵگا»ـدا ڕایدەگەیەنێت: « كۆمەڵناسی.. بە و زانستە دەڵێین كە تێگەیشتنی چالاكی (كردە)ی مرۆیی بەهۆی لێكدانەوەوە، بە شرۆڤەکردنى و ئینجا بە ڕاڤەكردنی ڕێگاكەی و بكەرەكانی بەشێوەیەكی هۆكارگەرایی، بە ئەستۆوە دەگرێت»[10]. تێگەیشتن و لێكدانەوە و ڕاڤەكردن بریتین لە سێ‌ قۆناغ لە ڕەوتی ئەم زانستەدا: ڕاستییەكەی ڤێبەر لە سەرەتادا هەوڵدەدات بۆ تێگەیشتن لە كردەی كۆمەڵایەتیی تاكەكان، ئەوەش وا دەخوازێت بێلایەنی ئەخلاقی پەیڕەو بکرێت و هاوکات پێگەیەکى گرنگ بەو مانایە بدرێت وا تاكەكان كۆششی بۆ دەكەن. دواتر، بۆئەوەی ڕێكخستنێكی دیاریكراو بە هەمەڕەنگییە بێ‌ پایانەکەى واقیع بدرێت، ڤێبەر پرەنسیپی ڕۆنانی ئەوەی پێی دەڵێت «تایپی ئایدیاڵی» پێشنیار دەكات، كە وەزیفە سەرەكییەكەی بریتییە لە ئاسانكردنی پرۆسەی لێكدانەوەی حەقیقەتی واقیع، و دواجاریش بۆ خزمەتكردن و كۆمەك بە ڕاڤەكردن، کە گەورەترین و دوا ئامانجی كۆمەڵناسییە، پێشنیاری شتێکى تر دەکات کە ناوى ناوە «ڕەچاوکردنى هۆكارەكی».

1- تێگەیشتن و بێلایەنیی ئەخلاقی
     لەسەر ڕێبازى كۆمەڵناسی پێویستە بە پلەی یەكەم زانستێكی تێگەیشتنخوازی بێت[11]. ڤێبەر داهێنەری تێگەی تێگەیشتن نەبووە، وەلێ‌ ئەو بوو كە ڕەهەندێكی جەوهەرییانەی بۆ سەربار خست[12]. تێگەیشتن لای ڤێبەر كۆكە لەگەڵ ئادابەكانی پاکژیى هزرى و تایبەتمەندییەكانی زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكاندا، ئەمەش لە جیهانبینییەکى ئەوتۆوە بەدەست دێت كە پێیوایە دیاردە كۆمەڵایەتییەكان لەو چالاكییانەوە دێنە كایە كە لەلایەن بكەرەكانەوە واتایەكی ئەنقەست و ویستراویان لەخۆ گرتووە. بە گوزارشتێكی دیكە، تێگەیشتن ئەو مانایە كەشف دەكات كە تاكە بكەرەكان لە كارێكی دیاریكراو یان پەیوەندییەكی دیاریكراودا، مەبەستیانە. خۆ ئەگەر زانستەكانی دیكەیش بیانەوێ لە گۆشەنیگای سۆسیۆلۆژییەوە مامەڵە لەگەڵ تاكدا بكەن، ئەوا ئەمە پێویستى بە بوونی ئاگایی (هۆشیاری) و هۆشیاریش «شتێكی تاكەكەسییە» ((ETS, p.345
     تێگەیشتن لەو ئاماژە و مانا كۆمەڵایەتییانەی كە بكەرەكان دایدەهێنن و ئاڵوگۆڕی دەكەن، بە بێ‌ تێگەیشتن لە خودی كردە (كردار) مەیسەر نابێت. خۆ ئەگەر ڤێبەر لەگەڵ (دوركهایم)ـدا هاوڕا بێت لەسەر ڕەتكردنەوەی هزرە پێشوەختەكان بەو پێیەی كۆمەڵێك پێشداوەرین، واتە حوكمگەلێكی بنجبڕن كە بە شێوەیەكی پێشوەختە دراون یان حوكمگەلێكی بەهایین، ئەوا ئەو دان دەنێت بەوەدا كە ناتوانین بە تەواوی ئەم هزرە پێشوەختانە دوور بخەینەوە، چونكە واتا بە دیاردەكان دەبەخشن و ڕستێكیش سەرچاوە بۆ لێكدانەوە پێكدەهێنین كە ناتوانین دەستبەرداریان ببین. ئەگەرچى وا دەردەكەوێت تێگەیشتن هونەرێكە کەوتۆتەوە سەر ڕۆشنبیریی كەسیانە، کەچى پێدەچێ خستنەگەڕی هەموو سەرچاوەكانی زانین سوود بەخش بێت، چونكە تێگەیشتن ڕوونادات تەنیا لە شوێنگەی بەشداریكردندا نەبێت. با گریمانەی ئەوە بكەین: ''پێویست نییە قەیسەر هەبێت هەتا لە قەیسەر تێنەگەین''[13]، بۆ ئەوەی تێبگەیت كە چۆن بكەرەكان جیهان دروست دەكەن، دەبێت بچیتە نێو جیهانەكەیانەوە و ئەركەكە لە دیاریكردنی ئەو واتایەدا چڕ دەبێتەوە و خۆی دەنوێنێت كە بكەرەكان سوبێكتییانە مەبەستییانە، دوور لە سەوداكردنی بە واتایەك كە لەژێر چاودێری ئۆبێكتییانەدا، دووبارە دروست دەكرێتەوە.
     ڤێبەر ئادابەكانی پاکژیى هزریى لەسەر پرەنسیپی بێلایەنی ئەخلاقی دادەمەزرێنێت، كە بە دیدی ئەو بریتییە لە هەوڵێكی بێلایەنانە لەبەرامبەر بەها، بریتییە لە پێویستییەك بۆ ڕێڕەوی زانستی. زانایەكی وەك تریچكە  (Treitschke) (كە یەكێكە لە مامۆستاكانی و ڤێبەر تانەى بەكارهێنانی پروپاگەندەی دیماگۆجی و ئایدۆلۆژی پێوە لكاند)، مافی ئەوەی نییە كە سۆسە (حدس)ی زانستییانەی خۆی بقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی بۆچوونە كەسەكی و لایەنگرانەكانی. ڤێبەر داوای لە زاناكان كردووە ئاگایان لە دەرخستنی كەسایەتی خۆیان بێت و دووربن لە خۆهەڵكێشان لە ڕێى دەربڕینى هەست و سۆزە تایبەتییەكانیانەوە؛ هەروەها داوای ڕەچاوكردنی دوو پرەنسیپی میتۆدیی لێكردوون كە مسۆگەری ڕاستگۆیی زانستین: «پەیوەندی لەگەڵ بەهاکان» و «بێلایەنی ئەخلاقی». ئەوەش لەبەرئەوەی «پەیوەندی لەگەڵ بەهاکان» بەندە لەسەر هۆشیاریی زاناكە بە خودێتی بژاردە (خیار) و بەها تایبەتییەكانی، لە ڕێى ئەو بڕیارانەوە كە لەمیانەی لێكۆڵینەوەى پچڕاندنی واقیع و هزر لە حەقیقەتدا (بە گیروگرفتکردنى كردنی، واتە فۆرمەلەكردنەوەی لە گیروگرفتدا) دەیدات. چالاكیی زانستی بە هەڵبژاردنی كەرەستەكانی كار و فۆڕمی ڕاپرسییەكان دەست پێدەكات، پاکژیى هزرییش بەندە لەسەر ڕاڤەكردنیان، ئەمەش ئەوەیە كە ڤێبەر بە «پەیوەندی لەگەڵ بەهاکان» ناوزەدی دەكات.
     هەرچی «بێلایەنی ئەخلاقی»ـیە، ڕەتكردنەوەی هەر حوكمێكی بەهایی داوەرییە، هەروەها ئەو بیرۆكەیەش ڕەت دەكاتەوە كە دەڵێت بەهایەك دەتوانێت لەڕێگەی شیكردنەوەی زانستیی بابەتییەوە یان لەڕێگەی وێناكردنێكی باڵاڕوانانەی زانستەوە، بچێتە سەرووى ئەوانیترەوە و هەژموونیان لەسەر بکات. لێكۆڵینەوەی زانستی كە دەچێتەوە بە گژ حوكمی بەهاكان و بیروباوەڕەكان و بۆچوونە كەسییەكاندا، ئەم بێلایەنییە ئەخلاقییە دەخوازێت.
     ئەوە وەبیر دێنینەوە كە ڤێبەر بە پەڕۆشییەكی لەڕادەبەدەرەوە مژدەی بێلایەنی ئەخلاقی دەدات، وەك ئەوەی سەرخستن و بەرز ڕاگرتنی ئەم پرەنسیپە پلەو پایە دەبەخشێتە زاناكە و هانی دەدات بۆ پابەندبوون پێی. ناوازەیى ڤێبەر وا لە ڕەتكردنەوەی سەرسەختانەی دروستكردنی گۆڕان لە كۆمەڵگەدا. لەنێوان وەدیهێنانى خەونێكی سیاسی و ئەنجامدانی ئەركێكی زانستی زۆر خاكییانەدا، ڤێبەر بژاردەى دووەمیان هەڵدەبژێرێت، واتە كەشفكردنی واتایەكی پەیوەست بە كردەیەك (كردارێك)ـەوە، لەبری حوكمدان لەسەرى و ئاراستەكردنی: ''پێشەنگانی سەدەی نۆزدە زیاتر پەیوەست بوون بە دۆكترینەوە نەوەك بە زانست، زیاتر پەیوەست بوون بە گۆڕینی كۆمەڵگەوە نەوەك بە ناسینی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە... ڤێبەر دووربوو لە ڕوحی دۆكترینگەرایی و میتۆدی پێشوەختەیی، ئەمەش هاوڕێ‌ بوو لە تەك سەختگیری ئەو بۆ ڕوون و ئاشكرایی، كە وای لێكرد لەنێو دامەزرێنەرەكانی كۆمەڵناسیدا، لە هەمووان هاوچەرختر بێتەبەرچاو و بمێنێتەوە''[14].

2- ڕاڤەكردن و ڕۆنانی تایپ- ئایدیاڵ
تایپ- ئایدیاڵ ئیمکانى ڕاڤەكردنی ماناى جێى مەبەست دەڕەخسێنێت، بە گوزارشتێكی دیكە، تایپ- ئایدیاڵ ڕۆنانێكی ئەبستراكتى هەلومەرجێکى كاتییە كە وەك كەرەستەیەكی چەمكسازیی دەردەكەوێت بۆ ڕاڤەكردنی هۆكارگەرییانە؛ ئەم میتۆدە دەتوانێت تەمومژ و ئاڵۆزی و فرەڕەنگییە بێ‌ سنوورەكەی حەقیقەت ڕێك بخات. لەو سنورەدا كە كۆمەڵناسی «گریمانەی هەمەجۆریی لۆژیكی عەقڵانی لەبارەی ڕەفتاری تاكەكانەوە» پێکدێنێت، و ڕاڤەی تاكهۆكاریی هەڵوێست و هەڵوسوكەوتەكان ڕەتدەكاتەوە، تایپ- ئایدیاڵە ڤێبەرییەكان بە ناچاری دەبنە بونیادگەلێكی بەكەڵك كە بەر لەوەی زەمەن تێیان ببپەڕێنێت، بۆ دابینكردنی باشترین ڕێگەى تێگەیشتن لە دیاردە كۆمەڵایەتییەكان سوودیان لێ‌ وەردەگیرێت. جا بە دیدی ڤێبەر گەیشتن بە حەقیقەت وەك ناوکەیەکى جەوهەری، پرۆژەیەكی زانستیی نەزۆك دەبێت، ئەگەر بێتو سەربارخستنی ڕەگەزێك لە حەقیقەتی كۆمەڵایەتی بۆ كۆی ئەو هەلومەرج و ڕەوشانەی كە دیاری كردوون کارى نەکردە بێت. وەک چۆن كۆمەڵناس تەنیا بەرەو پەیبردن بە حەقیقەتە چەندێتى و هەندەکییەکان دەڕوات، بە هەمان شێوە تایپ- ئایدیاڵ خۆى گوزارشت لە هیچی دیكە ناكات جگە لە دیوە چۆنایەتییەکەى حەقیقەت[15]: تایپ- ئایدیاڵ تێكڕایەكی ناوەندی نییە بۆ پێدراوە چەندێتییەكان، بەڵكو بریتییە لە زەقكردنەوەی ڕواڵەتە چۆنێتییەكان. هەروەها لەو تابلۆ هزرییانە دەچێت كە لەبرى ئەوەى کتومت حەقیقەت بنوێننەوە، گوزارشت لە زێدەڕەوییەكان دەكەن لە گشت (كل)ـی یەكگرتوو و عەقڵانیدا دەردەکەوێت و دەیگۆڕێت بۆ واقیعێکى ئاڵۆز و لێڵ. هەندێك ڕواڵەتی حەقیقەت (حەقیقەتە دەگمەنە نموونەییەكان) تەنیا بە "پەیوەندی لەگەڵ بەهاکان"دا پوختە و سازگار دەكرێتەوە.
     تایپ-ئایدیاڵ لەگەڵ «وێنەگەلێكی عەقڵیدا كە لە بەعەقڵانیكردنى سروشتێکى یۆتۆپیاییەوە دەستدەخرێن» هەماهەنگ دێتەوە و تەنیا بۆ ئاسان تێگەیشتن لە واقیع بەکاردەهێنرێت، دوور لە حوكمی بەهایی و لە ئارەزووكردن بۆ هەر ڕەوایەتییەك (شەرعییەتێك)ـی ئەزموونی.
     ڤێبەر پەیڕەوی لە جیاكردنەوە كانتییەكەی نێوان حەقیقەتی شت (نۆمینە) و واقیعی شت (فینۆمینە) دەكات و جەختی لەسەر دەكاتەوە، ئەم جیاكردنەوەیەش لۆژیكزانی زانست هنریش ریكرت (Heinrich Rickert) 1863-1936 دووپاتی کردۆتەوە. بەڵام ئەو دیوە ئایدیالییەى ئەم جیاکارییە ڕەت دەكاتەوە كە مێژوو لەسەر بنچینەی سیستەمی نازەمەنی بەهاكان دادەمەزرێنێت. ڕیمۆن ئارۆن (Raymond Aron)  وایدەبینێت «كاریگەری ڕیكرت لەسەر ڤێبەر هیچ نەبووە جگە لە ئامرازێك بۆ كەشفكردنی ڤێبەر خۆی[16] «.
     ڕۆنانی تایپ-ئایدیاڵ دەبێتە كەرەستەیەكی ئیپستمۆلۆژی بۆ تێپەڕاندنی دژیەكی نێوان سوبێکتیڤیزم و ئوبێکتیڤیزم؛ سوبێکتیڤیزم بەرهەمى پەیوەستی بە "پەیوەندیى لەگەڵ بەهاکان"ـە (كە ڕوونكردنەوەی مادە تەمومژاوی و نادیار و خودییەكە دەبێتە پێویستیەكی ناچاری)، ئوبێکتیڤیزمیش گوشاری بێلایەنی ئەخلاقی دەیسەپێنیت. تایپ-ئایدیاڵ دەچیتە ئەودیوى ئەم جیاکارییەوە و لەلایەكی دیكەشەوە ڕێ‌ خۆشدەكات بۆ تێپەڕاندنی دڕدۆنگییەكانی بەرداشى نێوان تاكایەتی واقیعە مێژووییەكان و گشتێتی نەزمە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆمەڵناسیدا. دواجار تایپ- ئایدیاڵەكان لەمیانەی دووبارە ڕێكخستنەوە و جێگیركرنەوەی چەمكە زانستییەكانەوە ئاسانكاری دەكەن بۆ پێشخستنی مەعریفە.
    بەڵام هێشتا دژوارییەكی دیكە لە ئارادایە: ئەوە ڕوون بۆتەوە كە ڤێبەر چەندین واتای بە ئایدیای تایپ- ئایدیاڵ داوە، ئەو چەمكی تایپ- ئایدیاڵ بۆ دیاریكردنی هەموو چەمكەكانی زانستە كولتوورییەكان، هەروەها بۆ دیاریكردنی جۆرگەلێكی دیاریكراوی چەمكەكان بەكار دەهێنێت. ڕیمۆن ئارۆن سێ‌ جۆریان لێك جیادەكاتەوە: جۆری یەكەمیان تایپ- ئایدیاڵی تایبەت بە حاڵەت و دیاردە مێژووییەكان (سەرمایەداری و شار لە ڕۆژئاوا) ، دووەم تایپ- ئایدیاڵێك كە ئاماژە بە ڕەگەزە ئەبستراكتەكانی حەقیقەتی مێژوویی دەكات كە لە ژمارەیەكی زۆر هەلومەرجدا هەبوون (بیرۆكراسییەت، فیۆدالیزم، گەر ئەبستراکتتریش قسە بکەین دەتوانین بڵێین تایپەكانی كۆنترۆڵكردنیش)؛ سێیەمیشیان ئەوەیە كە باردۆخەكانی دووبارە ڕۆنانەوەی ڕەفتاری عەقڵێندراو پیشانى دەدەن[17]، كە ڤێبەر بۆی هەڵکەوت لە كۆمەڵناسیی كردە (تایپە عەقڵانییەكان) و كۆمەڵناسیی ئابووری (تایپە سەرمایەدارییەكان) و كۆمەڵناسیی ئایین (تایپەكانی ئایینداری و تایپە لادێیە گوندییەكان) و كۆمەڵناسیی سیاسی (تایپەكانی كۆنترۆڵكردن)ـدا، بەكاریان بهێنێت.
     لە كۆنتێكستی دیاریكردنی مەعریفەدا وەك نەخشەڕێگایەكی واقیع، تایپ- ئایدیاڵ تێكەڵكردنی پۆزەتیڤییانە لەنێوان حەقیقەتی شت و واقیعی شت دا دەڕەخسێنێت، بە هەمان شێوە وامان لێدەکات بە کەمێک لە ئەزموونی پوختیش دوور بکەوینەوە. بەڵام تایپ- ئایدیاڵ توانای ناسینی دیوی ڕەسەنی هەموو دیاردەكانمان پێدەبەخشێت، و ئەمەش وەك ئاسانكارییەك بۆ زانینی پەیوەندییە هۆكارەكییەكانی ئەو دیاردانە.

3- ڕاڤە و لەبەرچاوگرتنى هۆكارگەرى    
  بە دیدی ڤێبەر، لە كۆمەڵناسی و زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا، بابەتەكە پەیوەندیدارە بە «حوكمەكانی لەبەرچاوگرتنى مێژوویی»ـەوە، ئەوەش بە دروستكردنی زنجیرەیەكی هۆكارەكی لەنێوان دیاردەكاندا. بەوەش ڤێبەر، بەپێچەوانەی ماركسەوە، لە تێڕوانینی خۆیدا، گریمانەی تەفسیرى فرە هۆكاریی دەكات.
     بەرمەبنای ئەمە، لەبەرچاوگرتنى هۆكارگەرى، بەهۆی بەراوردەكانەوە، ڕێ‌ خۆشدەكات بۆ بینینى دەركەوتە مێژووییە دەگمەنەكان؛ ئەو ئاماژە بە پرۆسەی عەقڵی بەردەوامخوازى دەكات[18]، كە تێیدا پراكتیزەكردنی ئەزموونەكان لەسەر گۆڕاوە وێناکراوەکان سوود بەخش دەبێت. «ماكس ڤێبەر دەڵێت، بۆئەوەی پەیوەندییە هۆكارەكییە ڕاستەقینەكان دیاری بكەین، لە پەیوەندییە وێناکراوە خەیاڵییەکان دروستیان دەكەین» (ETS, p.97) دەبێت کۆمەڵناس ڕێگەی لەكارخستنی هۆكارێک (بەشێوەیەكی كاتی) بۆ خۆی كورت بكاتەوە، بۆ ئەوەی كەشفی كاریگەری هۆكاری دیكە لەسەر ڕەوتی ڕووداوە مێژووییەكان بكات[19]. لەبەرئەمە، ڤێبەر پرۆژەكەی خۆی بە پارێز و حەزەرێکى زۆرەوە  ]لە تاکهۆکاریى[ دەباتە پێشەوە، بەدیاریكراوییش حەزەر لەو زێدەڕەوییانە دەکات کە ڕاڤەکەرانى خۆى لە هەڵسەنگاندنى ڕۆڵی ئەخلاقی پرۆتستانتی و كاریگەرییەكەی لەسەر ڕوحی سەرمایەداری، کردوویانە[20]. ئەو خۆی دان بەوەدا دەنێت كە کاریگەریى ئەم هۆكارە ناڕاستەوخۆیە و ئەوى راستى بێ بۆ تێگەیشتن لە سەرمایەداری دەرەقەت نایەت ڕاڤەى هەموو هۆکارەکان بکات (چونکە دەكرێت كاركردە ئابوورییەكانی تریش ڕۆڵیان هەبووبێت).
     ڤێبەر بەردەوام بەرگریى لە فرەیی مامەڵە شیاوەكان لەگەڵ تاكە دیاردەیەك یان یەك چالاكیی كۆمەڵایەتی، بە ژیانی كولتوورییشەوە دەکرد[21]. پێشوەختە، هیچ مامەڵەیەک لە مامەڵەکانى دیكە باشتر نییە و باشتریش نابێت، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە تا دەکرێت توانای لێكدانەوە و ڕاڤەی بۆ زۆرترین ژمارەی ڕووداوەكان هەبێت. لە هیچ دۆخێكیشدا ناتوانین بیگشتێنین و بیكەینە ڕاڤەیەكی گشتگیر، چونكە خۆى تەنیا لە سنووری گریمانە پێشوەختەكان و كۆنتێكستە مێژووییەكەیدا گونجاوە نە زیاتر.
بە کورتى، مەبەستی ماكس ڤێبەر چاوی بڕیوە لە «تێگەیشتنی هۆکارگەرییانەى حەقیقەتی كۆمەڵایەتی». خۆ ئەگەر جیاوازییە شیكارییەكانی نێوان تێگەیشتن (comprehension) و لێكدانەوە (interpretation)  و ڕاڤەكردن (explication)ــمان تێپەڕاند كە لە ڕووی كلاسیكییەوە ناسراوبوون و لەڕووی پەروەردەوە بە سوود بوون، ئەوا دەبێت لێكجیاكردنەوەی تێگەیشتن و ڕاڤە، لایەنی كەم لەبەر دوو هۆكار، وەلا نێین: یەكەمیان: ئیپتسمۆلۆژی، لەبەرئەوەی ڤێبەر فۆرمە بچووككراوەكەی هۆكارگەرایی لە زانستە كۆمەڵایەتییەكاندا پەسەند ناکات؛ دووەمیشیان میتۆدۆلۆژی، لەبەرئەوەی پشت لەبەرچاوگرتنى مێژوویی تێگەیشتن دەخوازێت و هەر لە تێگەیشتنیشەوە بەرهەم دێت. بە گوزاشتێكی دیكە، هەڵەیە ئەوە بدەینە پاڵ ڤێبەر كە تێگەیشتن لەدوای ڕاڤەكردنەوە دێت (باشتر وایە بڵێین تێگەیشتن لە پێناو ڕاڤەكردن). كەواتە تێگەیشتن بریتییە لە مەرجی ئیمکان و لەبەرچاوگرتنى هۆكارگەرى.

پەراوێزەکان: 
[10] ES, P. 4.
[11] Sur la Préférence de la nation de "Compréhension Sociologique" à celle de "Sociologie Compréhensive", Voir François André Isambert, "Weber Désenchanté", AS, vol. 43, 193, P. 357-397, ainsi que Dominique Schnapper, La Compréhension Sociologique, Démarche de 1'Analyase Typologique, PUF, "Le Line Social", 1999.
[12] بەر لەو دوێزنی مێژوونووس بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1850، لە كتێبەكەیدا "پێشەكییەك بۆ زانستە مرۆییەكان"1883، بەكاری دەهێنێت، لەوێدا ئەو ڕادیكاڵییانە جیاكاری دەكات لەنێوان میتۆدەكانی زانستە سروشتییەكان و میتۆدەكانی و زانستە عەقڵییەكانـدا، و دوور لە هەر كەڵكەڵەیەكی پۆزەتیڤی، پێشنیاری ڕێڕەوێكی تایبەت دەكات، ئەویش میتۆدی تێگەیشتنە".
[13] ES, P. 4.
[14] Pirre- Jean simon, Histoire de la Socioligie, PUF, "Fondamental", 1991, P. 383.
[15] ETS, P. 180 sq.
[16] Raymond Aron, La Philosophie Critique de 1'Histoire, Essai sur une Théorie Allemqnde de 1'Histoire, 1950, P. 222.
[17] Raymond Aron, "Max Weber", in Les étapes de la Pensée Sociologiaue. Gallimard, "Tel", P. 521-522
[18] EST, P. 309-310.
[19]  "ئەو پرسیارە دەكەم: چی ڕوویدەدا ئەگەر پسمارك بڕیاری لە هەڵگیرسانی جەنگ نەدایە؟". (ETS, P. 291).
[20] Réponse Finale aux Critiaues, 1910, in SDR. 1996, P. 133-163.
[21] بڕوانە ئەو ئەزموونە گرنگەی كە ڤێبەر لە لێكدانەوەی نامەكانی گۆتە بۆ مەدام دی ستین، خۆی لە قەرەی دەدات. ETS, P:254-259:

No comments:

Post a Comment