My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday, 7 January 2018

تیۆرى ئایین

ناوى کتێب: تیۆرى ئایین
ناوى نووسەر: جۆرج باتاى
وەرگێرانى: هاوار محەمەد
چاپخانە: دەزگاى ئایدیا
ساڵ و شوێنى چاپ: 2018 سلێمانى

ده‌روازه‌ 

كتێبی تیۆری ئایین كارێكی ته‌واوكراو پیشانده‌دات، كه‌ ده‌بوو ببێت: لێره‌دا هه‌وڵمداوه‌ گوزارشت له‌ فیكری بزۆز بكه‌م، به‌بێ ئه‌وه‌ی عه‌وداڵی ئه‌وه‌بم له‌ دوافۆڕمدا دایبڕێژم.
فه‌لسه‌فه‌یه‌ك یان كۆیه‌كی پێكه‌وه‌به‌ستراوه‌[1] یاخود هیچ نییه‌، به‌ڵام گوزارشت له‌ تاكه‌كه‌سێك ده‌كات، نه‌ك له‌ مرۆڤایه‌تی وه‌ك گشتێكی هاوبه‌ند. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت كراوه‌بێت به‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دواتری فیكری مرۆییدا... كاتێك ئه‌و بیرمه‌ندانه‌، كه‌ "ئه‌ویترێتییه‌كه‌یان"[2] (جیاوازبوونه‌كه‌یان) و هه‌رشتێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان دوورخراوه‌ته‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌ له‌یادكردنێكی گه‌ردوونیدا ونبوون. فه‌لسه‌فه‌ هه‌رگیز ماڵ نییه‌، به‌ڵكو وه‌رشه‌یه‌. به‌ڵام كامڵنه‌بوونه‌كه‌ی ئه‌و شته‌یه،‌ كه‌ له‌ زانست جیایده‌كاته‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی زانست چه‌ندین به‌ش و بواری وه‌دیهێنراو ده‌خاته‌كار و ئاماده‌ده‌كات، نوقسانییه‌كانیش ته‌نیا له‌ سه‌رجه‌مه‌كه‌دا پیشانده‌دات. به‌ڵام ده‌رهه‌ق به‌ كۆششی ئێمه‌ بۆ پێكه‌وه‌به‌ستن و هاوبه‌ندی، نا-كامڵبوون و نوقسانی[3] ته‌نیا له‌ كه‌لێنه‌كانی فیكردا كورت نابێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو خاڵه‌كان، پنت به‌ پنت، ده‌گرێته‌وه‌؛ ئه‌مه‌یش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر مه‌حاڵێتیی حاڵه‌تی كۆتایی كامڵ.
ئه‌م دۆخی مه‌حاڵێتییه‌ ته‌نیا پاساوێك نییه،‌ بۆ نوقسانییه‌ك كه‌ ئه‌سته‌مه‌ نكۆڵیی لێبكرێت، به‌ڵكو بنه‌مایه‌كه‌ كه‌ سنووره‌كانی هه‌موو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كێشێت. زانا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ چاوه‌ڕوانی ڕازییه‌[4]. فه‌یله‌سووفه‌كانیش لای خۆیانه‌وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌بن، به‌ڵام به ‌شێوه‌كی ڕه‌وا[5] ئه‌مه‌ ناكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی داوایه‌ك ده‌داته‌وه،‌ كه‌ بۆ ڕه‌گه‌زه‌ بنچینه‌ییه‌كانی هه‌ڵناوه‌شێنرێته‌وه‌. كه‌س ناتوانێت "هه‌بێت" و له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ربه‌خۆ بێت، كه‌ فه‌لسه‌فه‌ ده‌یخاته‌ڕوو. به‌م جۆره‌ وه‌ڵامی فه‌یله‌سووف به‌ناچاری به‌ر له‌ ئاماده‌كردنی فه‌لسه‌فه‌یه‌كیش هه‌ر هه‌بوویه‌كی پێدراوه‌[6] و خراوه‌ته‌ڕوو، خۆ ئه‌گه‌ریش وه‌ڵامه‌كه‌ له‌ كاتی ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌كه‌یدا، به‌هۆی ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌وه‌، كه‌ هه‌ندێك جار پێیانده‌گات گۆڕانی به‌سه‌رداهات، ئه‌وا مه‌رج نییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی حه‌تمی ملكه‌چی ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ بێت. ناكرێت وه‌ڵامی فه‌لسه‌فه‌ به‌ره‌نجامی كاره‌ فه‌لسه‌فییه‌كان بێت، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه‌ توانیی له‌ خۆگونجان و هه‌لقۆستنه‌وه‌ دووربكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وا پێویستی به‌وه‌یه‌ سووربێت له‌سه‌ر ڕازینه‌بوون و كامڵنه‌بوونی فیكر؛ به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌ نكوڵیكردن له‌ هه‌ڵوێستی تاكه‌كه‌سییانه‌ و به‌ بزۆزیی له‌ڕادده‌به‌ده‌ری فیكری كراوه‌، به‌سه‌ر هه‌موو بزووتنه‌وه‌كانی پێشتر و دواتردا هه‌بێت، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و كاره‌ی پێشتر بكات.
ئه‌و كاته‌ نه‌گه‌ڕان به‌دوای حاڵه‌تی كۆتایی فیكردا كرده‌ی ئاگاییه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ،به‌ئاشكرا نه‌گه‌ین به‌ سنووری توانا ڕاسته‌وخۆكان[7]. بێگومان پێویسته‌ فیكرێك بونیادبنێین، كه‌ له‌نێو ئه‌و بوار و كایانه‌دا بجووڵێت كه‌ پێشتر له‌سه‌ر ئاستی مه‌عریفه‌نووسراوه‌كان زانراون. ‌ له‌ڕاستیدا وه‌ڵام ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ مانای هه‌یه،‌ كه‌ له‌ مرۆڤێكه‌وه‌ ده‌رچووه‌ له‌ڕووی فیكرییه‌وه‌ په‌ره‌یسه‌ندووه‌. خۆ ئه‌گه‌ر پێویست بێت هه‌ر پێشوه‌خته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رجی دووه‌م بكه‌ین، ئه‌وا هیچ كه‌سێك ناتوانێت وه‌ڵامی پێشمه‌رجی دووه‌م بداته‌وه‌، مه‌گه‌ر به‌ نزیككردنه‌وه‌[8]:  ئه‌وه‌یش به‌ په‌یڕه‌وكردنی له‌ ڕێگای زانستگه‌راكان كه‌ جووڵه‌ی كرده‌ی بیركردنه‌وه،‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ بوارێكی سنووردار و به‌رته‌سكدا كۆده‌كه‌نه‌وه‌. به‌بێ ئه‌وه‌، هیچ كه‌سێك ناتوانێت بانگه‌شه‌ی نواندنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان بكات. ئه‌مه‌یش ده‌چێته‌ سه‌ر خاسییه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی فیكر، واته‌ كامڵنه‌بوون، كامڵنه‌بوونی كۆتایی به ‌شیوه‌یه‌كی حه‌تمی[9]. سه‌رنجدانی ورد، ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت، كه‌ زیاتر دان به‌م دوو پێشمه‌رجه‌دا بنێین.
ئه‌م بنه‌مایانه‌ زۆر دوورن له‌ ڕێگا و شێوازی فه‌لسه‌فه‌لێدان، كه‌ له‌مڕۆدا جه‌ماوه‌ر پێشوازیی لێده‌كه‌ن، چ بۆ قبووڵكردن یان بۆ فزوولی. به‌ڵام به‌توندی لێكدژیشه‌ له‌گه‌ڵ پێداگیریی مۆدێرندا له‌سه‌ر تاكه‌كه‌س و  دووره‌په‌رێزیی تاكه‌كه‌س[10]. ناكرێت فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ تاكه‌كه‌س و مه‌شقی بیركردنه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ تێێدا موماره‌سه‌ی فیكر نه‌توانێت په‌نجه‌ره‌ و ده‌روازه‌ی دیكه‌ ببێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ دێت، جگه‌ له‌ نه‌فیكردنی ڕوانگه‌ و ئاسۆ تاكه‌كه‌سییه‌كان. كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌موو شتێك له‌ پێشتره‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ ئایدیای فه‌لسه‌فه‌ خۆیه‌وه‌: چۆن ده‌بێت له‌ دۆخی مرۆیی ده‌رچین؟ چۆن ده‌توانین له‌ بیركردنه‌وه‌ی ملكه‌چ بۆ كرده‌ی پێویست (زه‌روری)[11]، ته‌رخانكراو بۆ جیكاریی سوودگه‌رایانه‌، بخزێین به‌ره‌و خود-ئاگایی سوبێكت وه‌ك ئاگایی بوونه‌وه‌ر به‌بێ جه‌وهه‌ر[12]- به‌ڵام ئاگامه‌ند؟
له‌ هه‌موو دۆخێكدا، كامڵنه‌بوونی حه‌تمی، ئه‌و وه‌ڵامه‌ ئیفلیج ناكات كه‌ جووڵه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی به‌ واتایه‌كیش له‌ واتاكان غیابی وه‌ڵامه‌. ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌م كامڵنه‌بوونه‌، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی پێده‌به‌خشێت، كه‌ حه‌قیقه‌تی مه‌حاڵه‌، كه‌ هاوارێكه‌ بۆ مه‌حاڵ. پارادۆكسه‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌ كتێبی تیۆری ئاییندا، كه‌ تاكه‌كه‌س وه‌ك "شت"[13] و وه‌ك نه‌فیكردنی ئاوێزان[14] پیشانده‌دات، ڕۆشنایی ده‌خاته‌ سه‌ر بێتوانایی، به‌ڵام بێگومان ئه‌م هاواری بێتواناییه‌ زه‌مینه‌سازی بێده‌نگییه‌كی قووڵه‌.


جۆرج باتاى

 :پەراوێزەکان
[1] Coherent
[2] Their otherness
[3] Incompletion
[4] Agree to wait
[5] Legitimately
[6] Given
[7] Immediate possibilities
[8] Approximately
[9] Inevitable de facto incompletion
[10] Individual’s isolation
[11] Necessary action
[12] Consciousness of the being without essence
[13] thing
[14] Intimacy
وشه‌ی intimacy له‌ وشه‌ی (intimate)ـه‌وه‌ هاتووه‌، واته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ئێجگار نزیك و گیانی به‌گیانی، په‌یوه‌ندییه‌ك نه‌ك ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌ڵكو له‌نێو یه‌كتردا. كه‌وایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ناونیشین (ئیمانانس)ه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌م كتێبه‌دا باتای به‌ هه‌مان واتای ئیمانانیسیش به‌كاریهێناوه،‌ یان زۆرجار پێكه‌وه‌ به‌كاری هێناون، یانیش له‌ جێی یه‌كتر به‌كاری هێناون، بۆئه‌وه‌ی جۆرێكی بوون و جیهان ڕوونبكاته‌وه‌، كه‌ تێیاندا هه‌موو شته‌كان له‌نێو یه‌كتردا بوونیان هه‌یه‌ و له‌ ده‌روه‌ی یه‌كتری نین. وه‌رگێڕانی مانای ئه‌م چه‌مكه‌ له‌م كتێبه‌دا ئاسان نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ وشه‌ی "ئاوێزان" باشترمان بۆ نه‌بینییه‌وه‌. (و. ك ).

Thursday, 21 December 2017

شوێنەکانى تر

ناوى کتێب: شوێنەکانى تر
ناوى نووسەر: میشێل فۆکۆ
وەرگێرانى: هاوار محەمەد
چاپخانە: دەزگاى ئایدیا
ساڵ و شوێنى چاپ: 2017 سلێمانى

جەستە و یۆتۆپیاکان
پێشەکیى وەرگێڕ بۆ کتێبى "شوێنەکانى تر"

هاوار محەمەد

«تێبینى: ساڵێک زیاتر تێپەڕیوە بەسەر بڵاوبوونەوەى کتێبى "شوێنەکانى تر: یۆتۆپیا، هێترۆتۆپیا، جەستە", بە زمانى کوردى و بە وەرگێڕانى ئێمە، کە لەلایەن دەزگاى ئایدیاوە چاپکراوە. ئەم کتێبە چەند لێکچەرێکى میشێل فۆکۆیە و سەرەتا بە زمانى فەرەنسى چاپبووە، بەشێک لە توێژەرانى فیکرى فۆکۆ و بیرمەندانى دیکە وەک کارێکى قووڵ و گرنگى ئەم فەیلەسوفە دەینرخێنن. ئێمە پێشەکییەکمان بۆ وەرگێڕانە کوردییەکەى ئەو کتێبە نووسیوە و بەستوومانەتەوە بە واقیعى خۆمانەوە. لێرەدا بە باشى دەزانم پێشەکیى کتێبەکە بڵاوبکەمەوە».


یەكه‌م: هەردەقێك دەرگا و پەنجەرەی خۆی هەیە، خوێنەر دەتوانێت لە شوێنی جیاوازەوە بچێتە نێویانەوە، كەواتە نووسینی پێشەكی، وەك دەرگایەكی دیكە بۆ دەق خۆی شتێكی زیادەیە، بەڵام بیانوویەكیشە بۆئەوەی وەرگێڕ شتێك بڵێت، كە دەیەوێت بەهۆی وەرگێڕانەكەوە بیڵێت، ئەم بیانووە تیۆریزەكردنی دەقەكانە لەنێو ئەو واقیعەدا كە بەرهەمەكەی بۆ وەرگێڕدراوە. باسی سەرەكیی ئەم بەرهەمە یۆتۆپیاكان، هێترۆتۆپیاكان، جەستەیە. یۆتۆپیا لە شوێنخستنی شوێنە، فەزایەكی هەڵواسراو بە ئاسمانێكەوە كە تەنیا دەتوانین لە دوورەوە سەیری بكەین. هێترۆتۆپیا، شوێنێكە پەیوەندی بەم شوێنە واقعییەوە هەیە كە هەیە، بەڵام وەك دژە-شوێن؛ دابەشبوونی فەزایە بەسەر ڕووبەرە جیاوازە ناهۆمۆژینەكاندا. هێترۆتۆپیا شوێنی تری نێو شوێنە واقیعییەكانە، هەڵكۆڵین و كەشفكردنی فەزاى ترە لەنێو فەزاکاندا. جەستەیش ئەو خاڵی سفرەیە كە جیهان لێیەوە دەستپێدەكات، یان بۆی دەگەڕێتەوە؛ ئەو پنتەیە كە هێڵەكانی جیهان تێیدا یەكتردەبڕن، هێڵی زمان و كۆمەڵگە، ئایدیۆلۆژیاكان و دەسەڵاتەكان، ئایینەكان و یۆتۆپیاكان، جوانكارییەكان و دەیسپلینەكان..هتد. هەموو ئەمانە بە شێوەیەكی ناوازە و قەشەنگ لەم وانەوتارانەی فۆكۆدا ڕوونكراونەتەوە.
ئەمە بیانووكەیە بۆ نووسینی ئەم پێشەكییە: دەربڕینی سەرنجێكی سەرپێیی لەسەر پرسی جەستە و یۆتۆپیا و شوێن لەمڕۆی سەرمایەداریدا، ئینجا سەرەتای دەركەوتنیان و پەیوەندییەکەیان بە ئابوورییەوە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دواییدا.
دووه‌م: بەیانیان ساتێكی سەیر و سامناكە بۆ بینینی جەستەیەك، كە زۆر نییە لە خەو بەخەبەر هاتووە، سوبێكت كە دەچێتە بەر ئاوێنە جەستەی خۆی بە قورسى دەبینێت و دەزانێت کە پێى مەحکومە، بەڵام سەیرى شوێنى تریش دەکات و دەزانێت جەستە هەر ئەمە دەموچاوە هەڵبزڕکاو و شانە داچەقاوەى بەیانیان نییە، کەوایە  لە دۆخی دابەشبوون و پارچەپارچەدا دەیبینێت، بەڵام لەم نیگایەدا كە دەیگرێتە ئاوێنە خۆی كۆدەكاتەوە. لە شیكارییەكەی فۆكۆدا، ئەو جەستەیەی كە كەوتووه‌تە ناو ئاوێنەوە جەستەیەكی یۆتۆپییە. ئاوێنە یۆتۆپیایە، چونكە بەهۆیەوە دەتوانم ئەو بەشانەی جەستەم ببینم كە لەڕاستیدا خۆم ناتوانم بیانبینم؛ بە مانایەكی تر، دەتوانم لە ئاوێنەدا خۆم بەكامڵی ببینم. ئەم بوونە كامڵە كەوتووه‌تە ئەودیوی شووشەی ئاوێنەكەوە، واتە كەوتووه‌تە نا-شوێنەوە، بەڵام هاوكات ئاوێنە هێترۆپیایشە، چونكە ئەو شوێنە واقیعییە ئاوەژوودەكاتەوە كە منی تێدام و پێى مەحکومم، جەستەی خۆمم لە نا-شوێنەوە بۆ دەنێرێتەوە. بەم جۆرە دەتوانین سێ جەستە لە یەكتری جیابكەینەوە: جەستەم، جەستەی یۆتۆپی، جەستەیەكی تر. فۆكۆ ئەم دابەشكارییەی زۆر به‌زەقی پیشان نەداوە، بەڵام لە هەناوی شیكارییەكەیدا لە خۆگیراون. سوبێكت خوازیاری ئەو جەستە قورسەى بەیانیان نییە، بۆیە هەمیشە، یان دەبێتە جەستەیەكی خەیاڵیى یۆتۆپی، یان دەبێتە جەستەیەكی تر. جەستەی یۆتۆپی ئەوەیە، كە یۆتۆپیاكان مۆری خۆیانی لێدەدەن و دەسەڵاتەكان خەتمی دەكەن. ئەوەیە كە دەكەوێتە دەرەوەی من، دەرەوەی ئەم ئێستا و ئێرەی كە تێیدام و دەبێتە یۆتۆپیای خۆی. ئەم جەستەیە هەر لەمێژە شوێندەستی هەموو یۆتۆپیاكانی لەسەرە، چ ئاسمانی و چ زەمینی. درووستتر بڵێین، جەستە ماڵی یۆتۆپیاكانە و پانتاییەكە بۆ داگیركردن. وەك فۆكۆیش دەڵێت، ئامانجی ئەم یۆتۆپیایانە، یان ئایدیاڵیزەكردنی جەستەیە، یانیش سڕینەوەی جەستەیە.
سێیه‌م: ئایا لەمڕۆدا وێنە جێگای ئاوێنەی نەگرتووه‌تەوە؟ میدیا برەو بە یۆتۆپیای جەستەكان نادات، جەستەم ناباتە سنوورێكەوە، كە دەستم پێیناگات؟ كولتووری سەرمایەداریی ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوە دەكات، كە یۆتۆپیامان بۆ دەگرێت و پێشكەشمانی دەكات، بە مەرجێك هەم گەمژە بین و هەمیش بە كڕینی كاڵا بێبەها و كیچەكانی، گیرفانمان بەتاڵ بكەینەوە. جەستە ڕێك و وەرزشییەكان، جەستەی تەندرووست و سێكسییەكان، جەستەی كیمكارداشیان و دەستە خوشكەكانی، جەستەی ئەكتەرەكانی هۆڵیود و گۆرانیبێژەكان و..هتد هەر هەموویان لەو جەستە یۆتۆپیانەن، كە بابانوئێلەكەی سەرمایەداری، لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەكانی جوانکاری، دەرمان، هۆڵەكانی لەشجوانی، سلیكۆن و بوتۆكس (دەرمانی گەورەكردنی كوڵم و لێوەكان) و كۆرسییە (پشتێنی باریككردنەوەی كەمەر و گەورەكردنی سمت) و تاتۆوە، بەدیاری دەیخاتە ماڵەكانمانەوە؛ دیارییەك كە بۆ خۆی بۆمبە و لە وێنەكان و ڕیكلامەكاندا دەڕازێنرێتەوە. فۆكۆ باس لەوە دەكات تاتۆ، ساچملێدان، ڕازاندنەوە و ماكیاژكردنی جەستە لە كۆندا پەیوەندی بە جیهانی خوداكانەوە هەبووە، بەڵام ئەوەتا لەمڕۆیشدا پەیوەندییان هەر بە خوداوە نەپچڕاوە، بەڵام خودایەكی تەواو نوێ: "پارە". ئەم پرۆسەیە مژدەی پێدانی جەستەیەكی ئایدیاڵی دەدات، لەم پێناوەدا ڕۆژ بە ڕۆژ برەو بە ئارەزووی "جوانی" (نەك ئێستاتیكا) دەدات و پێوەرەكانیشی بۆ بەرهەمدەهێنێت. ئەوە لە چ سەردەمێكەوەیە، كە جوانیی ڕوخسار و لەشولار ئەم هەموو گرنگییە پەیدادەكات؟ بۆچی لەمڕۆدا ئەم هەموو حەزە بۆ جوانیی ڕوخسار و لەشولار و سێكسیبوون هەیە (بەتایبەتیش لەنێو ڕەگەزی مێینەدا)؟ لەمڕۆدا لە میدیاكانەوە ڕێژەیەكی زۆر نەقس و ناشیرینی و لە "لەخۆڕازینەبوون" بەرهەمدەهێنرێت، تاوەكو لە بازاڕدا كاڵای جوانی بكڕدرێن و ئەو نەقس و ناشیرینییانە بسڕنەوە، پەیامی سەرجەمی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە: پارە بدە و جەستەیەكی یۆتۆپی وەربگرە.
چواره‌م: لە بەرامبەردا جەستەیش زۆر بەئاسانی تەسلیم نابێت؛ ئەویش كەرەستەی خۆكشانەوەی هەیە، چەكی بەرەنگاری هەیە، چاڵ و پێچوپەنای نەبینراو و ئەشكەوتی نەگیراوی خۆی هەیە، بە مانایەکى تر خۆى بۆ یۆتۆپیا دەبێتەوە بە یۆتۆپیا، دەبێتەوە بە یۆتۆپیاى یۆتۆپیا. جەستە دەتوانێت بكەر بێت و فەزا داگیربكات، دەتوانێت بەپێی پێویستی و لە هەلومەرجە جیاوازەكاندا بكشێت و ببێتە جەستەیەكی لاستیكی، خێرا، بزۆز، مەجازی، گەریلایی. ئەم جەستەیە نەكەوتووه‌تە نا-شوێنەوە، بەڵكو كەوتۆتە "شوێنەكانی تر"ەوە، واتە كەوتووه‌تە سنووری نێوان واقیع و یۆتۆپیاوە، بەم واتایە جەستەیەك کە بۆ یۆتۆپیا بۆتە یۆتۆپیا  "جەستەیەكی تر"ە، جەستەیەكی چالاك، سووكەڵە، لووس كە هاوكات بوونێكی واقیعییشی هەیە، چونكە لە هەژاندنی قاڵبە باو، جێگیر، چەسپاو و ڕەقەكاندا شوێنەوارەكانی دەبینین، وەك تارماییەك هەستی پێدەكەین، كە لە سنوورە حەرامكراو و قەدەغەكاندا دێت و دەچێت. ئەمە لەو جەستانە نییە، كە دەیەوێت هەموو فەزا داگیربكات (جەستەی غولەكان)، بەڵكو تەنیا ئامانجی ئەوەیە درز بخاتە فەزا مەنگەكانەوە، فەزای نوێ ئاوەڵابكات (جەستەی سەماكار یان جەستەی گەریلا). تەنیا لەم دۆخەدایە، كە جەستە دەبێتەوە بە جەستە(م), ئەمەیان جەستەى قورس و سوبێکتیڤى بەیانیان نییە، بەڵکو جەستەى منە لە پەیوەندیدا بە شوێنى تر و شتیترەوە، وەک پەیوەندى جەستەم بە سەما و خەباتەوە، لەبەرئەمەیە ڕاناوى کەسى یەکەمى تاکمان خستۆتە نێو کەوانەوە.
لەم سەردەمەدا گرنگە دژ بە یۆتۆپیا نوێیەكانی سەرمایەداری، ببینەوە بە خاوەنی جەستەی خۆمان لە شوێنى تردا. كاتێك بازاڕ، بە خۆی و سەنتەرەكانی جوانكاری، مۆڵەكان و پۆشاك و مۆدێلەكانییەوە جەستە داگیردەكات، ئیدی تەنیا دەتوانین لە بەرەنگاریدا جەستەی خۆمان وەربگرینەوە. پێویستە جەستەیەكی تر بخوازین، جەستەیەك كە لە دۆخی پاسیڤی خۆی دێتەدەرەوە، نایەویت تەسلیم ببێت؛ جەستەیەك كە حزور پەیدادەكات و خۆڕاگرى بەڕووی فریوەكاندا دەنوێنێت؛ كاریگەری و شوێندەست جێدەهێڵێت لەسەر ئەو شوێنەی كە تێیدایە، ئەمەیش ڕێك بەهۆی ئەوەی لە فەزایەكی دیكەدایە، یان لە شوێنێكی ترەوە دێتەوە. پاشگری "تر" لێرەدا ڕۆڵێكی پێچەوانەی خۆی دەگێڕێت، جەستە لەم دۆخەدا نابێتە جەستەیەكی تری دوور لە خۆی، نابێتە جەستەی كەسێكی تر، یان شتێكی تر، بەڵكو جەستە دەچێتە نێو كۆمەڵێك توانای نوێوە، "توانای كردن"ی شتی دیكە پەیدادەكات. بۆ نموونە جەستەی گەریلایی، بەپێچەوانەی جەستەی ئەفسانەیی لەشجوانەكانەوە (كە تا ڕاددەیەك لە فیلم كارتۆن دەچێت) و بانگەشەی ئەوە دەكات، دەتوانێت وەكو جەستەی هێركلیس هەمووشتێك بكات، جەستەی گەریلا جەستەیەكە لە ئەكتێكی بەرەنگارانەدا گرنگی بە جووڵە، خۆڕاگری، خێرایی دەدات. خۆی زۆر زەق ناكاتەوە، بەڵكو كاریگەری دادەنێت و شوێنەوار جێدەهێڵێت. جەستەیەكە وەك جەستەی ماركیز دی ساد لە فیلمی "پەڕەمووچ"دا، كاتێك لە زینداندا هەموو كەرەستەیەكی نووسین لە ساد قەدەغەدەكرێت، جەستە خۆی دەبێتە مەرەكەب (خوێن) و دەبێتە پەڕەمووچیش (پێست). بە كورتی ساد بە خوێنی خۆی لەسەر جەستەی خۆی دەنووسێت. ئەمە ئەكتێكی بەرەنگارییە و تەنیا لە كۆنتێكستێكی ئاواشدایە كە دەشێت تاتۆ كەرەستەیەكی ڕادیكاڵ بێت.
پێنجه‌م: ئەی دەربارەی "شوێنی تر" چی؟ لە شارەكانی باشووری كوردستان چەندین شوێن هەن، كە بۆ هەژاران لە یۆتۆپیا دەچن و بگرە خودی یۆتۆپیایشن: شاری جوان (یان گراند میلینیوم)، هۆتێل دیڤان، سەری ڕەش، كۆشك و تەلارەكان، مەزرەعە گەورەكان، گوند و سیتییە گرانبەهاكان و..هتد. هەژاران ناتوانن پێبخەنە نێو ئەم جۆرە شوێنانە، مەگەر یۆتۆپیا چییە جگە لە شوێنێك كە ناتوانین پێیی تێبخەین؟ هەروەها شوێنی دیكەیش هەن كە جێگای برەودان بە یۆتۆپیا و فرۆشتنی وەهمن، وەكو: مزگەوتەكان، مۆڵەكان، سەنتەرەكانی زانستی NLP، زمانی جەستە، سەركەوتنی بێسنوور، تەلەفزیۆنەکان و هی تریش. لە پاڵ ئەمانەیشدا جێگای تر هەن، كە هێشتایش تا ڕاددەیەكی زۆر پاسیڤن، بەڵام ئەگەر نەبنە درێژبوونەوەی پوختی فەزای بازاڕ و بیزنس، ئەوا سیفەتی هێترۆتۆپیا وەردەگرن، لە لایەك دەتوانن ببنە فەزای ناتەبا و نەساز لەگەڵ فەزای باودا؛ لە لایەكی دیكەیش دەبنە دژەیۆتۆپیا. زانكۆكان، سینەماكان، كافتریاكان، سەنتەرەكانی گەنجان و بنكە هونەرییەكان، كتێبخانەكان لەو جۆرە شوێنانەن، كە دەتوانن لەڕووی تیۆری و پراكتیكییەوە، بایەخ بە نەریتی بەرەنگاری و ڕادیكاڵیزم بدەن. بێگومان لە ئێستادا ئەم شوێنانە خەسێنراون و بێكاریگەری كراون، بۆ نموونە زانكۆ بەو هۆیەی شوێنی كۆبوونەوەی وزەیەكی زۆری گەنجانە، بواری ئاشنابوون و یەكتربینینی ڕووبەڕوو و ڕاستەوخۆی تێدایە، ئەوا دەتوانێت ڕۆڵی گەورەی لە بەرەنگاریدا هەبێت، شوێنی دەستپێكردنی بزووتنەوەی كاریگەری وەكو بزووتنەوەی ئایاری 68 بێت. تەنانەت لەپێش ڕاپەڕین و لەدوای ڕاپەڕینەوە تاوەكو دوای 17ی شوباتیش، زانكۆكانی ئێمە شوێنی دەستپێكردن یان پاڵشپتیكردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بوون، بەیاننامە و پۆستەرەكان لەوێوە بڵاودەكرانەوە، پۆلیس پێش هەمووشوێنێك زانكۆی گەمارۆدەدا، بەڵام ئەوەتا لە ئێستادا زانكۆكان تەواو خامۆش و بێ مەترسین و هیچ جموجووڵێكی ئەوتۆیان تێدانییە. با نموونەیەكی تر وەربگرین: كافتریاكان. لەمڕۆدا ژمارەیەكی ئێجگار زۆر كافتریا لە شارەكانی كورستاندا هەن، بەشی هەرەزۆریان بوونەتە جێگای نێرگەلەكێشان و كاتبەسەربردن و تەماشاكردنی فوتبۆڵ و سەرداژەندن بەسەر مۆبایلەكاندا. لە فەڕەنسای نیوەی كۆتایی سەدەی بیستدا، بەشێك لە كافتریاكان ڕۆڵێكی پێچەوانەیان هەبوو، فەزای گەرموگوڕی گفتوگۆ و بەریەككەوتنی ئایدیاكان بوون، شوێنی ناڕەزایەتی، ڕاگەیاندنی مانیفێستەكان، خۆ-ڕاگەیاندنی گرووپە ڕادیكاڵ و چەپەكان، جێگای گفتوگۆ و كۆڕوكۆبوونەوە بوون، بەبێ ئەوەی هەرگیز ببنە بەشێك لە ڕێكخستن و ئۆرگانی حیزبی. كتێبی مەزن هەیە لە یەك كافتریادا نووسراوە، بۆ نموونە سارتەر بوون و نەبوون لە كافتریای (Les Deux Magots) نووسیوە. هەروەها كافتریا هەیە خەڵاتی گەورەی ئەدەبی هەیە و پێشكەشی نووسەران و ئەدیبانی دەكات. بەكورتی كافتریا دەتوانێت ڕۆڵی سیاسی هەبێت بەبێ ئەوەی ببێتە شتێكی وەكو بارەگای حزبی. لە ئێستای كوردستاندا گرنگە بەرپرسیارێتی بخەینە ئەستۆی كافتریاكان، بیانكەین بە فەزای دژەمزگەوت و دژە دیوەخان دژە لق و ناوچە حزبییەكان، فەزای دژەگراندمیلینیۆم و دژەدیڤان. لەكۆتاییدا دەمەوێت دروشمێك لە شێوەی بانگدا ڕابگەیەنم: ئەی گەنجان، كافتریاكان بكەنە "شوێنی تر"ی دژە یۆتۆپیا.



Wednesday, 6 December 2017

تێزەکانی سەرا

مەنسوور تەیفورى
هاوار محەمەد

ساڵی ٢٠١١ و  کاتێ خەڵک ویستیان خۆیان کۆبکەنەوە و خۆپیشاندان بکەن، بینییان هیچ بوارێکی گشتییان بۆ نەماوەتەوە جگە لە دەرکی سەرا. نزیکی دوو مانگ ساڵی ٢٠١١ خۆپیشاندان کرا دژی مانەوەی سەرۆکێک و دواتر لێژنەیەک هەر لەو سەرا پێکهات و چوون بۆ خزمەتی سەرۆک بۆ ئەوەی پێی بڵێن “ناشڕۆییت قەی ناکات، تەنیا بەشی ئێمەت بیر نەچێت” و دوای ئهوه دهست كرا به بهشكردنی دهسكهوتهكانی پشت كردن له سهرا و جارێكی تر سهرا چۆڵ و پەراوێزكراو مایهوه، به ههندێ چاخانه و كۆمهڵێك تارماییهوه كه رۆژانه پێیدا تێدهپهڕین و حهسرهتی رۆژانێكیان بوو بۆ چركهیهك شۆڕشیان لهوێ بینیبوو. پۆلیسیش، ئاگادار لهم تارماییه، ههموو ساڵێك رۆژی حهڤدهی شوبات سهرای دهگرت نهوهك كهس بێت و بۆ بیرهوهریی ئهو رۆژانه بگهڕێت.
بەڵام هەر ئەم خاڵە، ئەم کۆبوونەوەی خەڵکان، کە دواتر پارتە سیاسیەکان دزییان و بردیانەوە بۆ پەرلەمان و ژوورە نهێنییەکانی رێکەوتن و مەکتەب سیاسییەکان، درزێکی کردە هەناوی دۆخەکەوه کە هیچ کات بە کەس پڕنەکرایەوە و بوو بە سەرەتای قەیرانیک کە لە ٢٠١١ ەوە بەرۆکی کۆی سیستمەکەی گرتووە.
لەم لینکەوە نامیلکەکە داونڵۆد بکە: 

Tuesday, 5 December 2017

ئایا ده‌بێت كافكا بسووتێنین؟ 2

بەشى دووەم

ژۆرژ باتای
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د

·       جیهانی دڵخۆشانەى فرانز كافكا:
 كافكا ژیانی سەروەرانە (حاکمانە) بۆ خۆى چێ ناکات: به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌و دایده‌هێنێت ته‌نانه‌ت له‌و ساته‌یشدا كه‌ وه‌ك هیوایه‌تێك دێته‌ دی، به‌به‌رده‌وامی غه‌مگینانه‌یه‌. ئیرۆتیزم له‌ دادگایی یان له‌ كۆشكدا ئیرۆتیزمێكه‌ به‌ بێ عه‌شق و ئاره‌زوو یان هێز، ئیرۆتیكێكی ساردوسر و بێتام، كه‌ ده‌بێت به‌ هه‌ر نرخێك بوه‌ مرۆڤ لێی هه‌ڵبێت. به‌ڵام هه‌موو شتێك جێگای سه‌رسوڕمانه‌. له‌ 1922[1]دا، كافكا له‌ یاداشته‌كانیدا ئه‌مه‌ تۆمار ده‌كات:
«هه‌رچه‌نده‌ زیاتر ڕه‌زامه‌ند ]تێر[بم[2] ده‌مه‌وێت ڕه‌زامه‌ند نه‌بم. به‌ هه‌موو ئەو ئامرازانەی كات و نەریت كه‌ له‌ به‌رده‌ستمدایه‌ به‌دوای ناڕازیبووندا ده‌گه‌رێم: ئینجا ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كه‌م. له‌به‌رئه‌وه‌ منیش هه‌میشه‌ ناڕازیم، ته‌نانه‌ت ناڕازیم له‌ ناڕازیبوونه‌كه‌م. سه‌یره‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێكخستنه‌ ته‌واوه‌دا ده‌بوو هه‌ندێك حه‌قیقه‌ت له‌م دۆخه‌ سه‌خیفه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنرابان. په‌شۆكانه‌ عه‌قڵییه‌كه‌م وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی منداڵانه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ناتوانین نكوڵی له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ گه‌مه‌یه‌كی به‌رده‌وامی منداڵانه‌یه‌، بۆ نموونه‌ وا خۆم ده‌رخست كه‌ خه‌ریكه‌ جه‌ڵته‌ی ده‌ماغ لێم ده‌دا. به‌ملاوبه‌ولادا ده‌ڕۆیشتم و ده‌ستم له‌ پشته‌سه‌رم تووندكردبوو، شتێكی قۆڕ و ناشیرینی منداڵانه‌، به‌ڵام شتێكی سه‌ركه‌وتوو بوو. هه‌مان شت بۆ په‌ره‌دان به‌ نووسینه‌كانیشم ڕاسته‌، ئه‌و په‌ره‌پێدانه‌ی كه‌ به‌ داخه‌وه‌ دواتر وەستا. ئه‌گه‌ر بشیایه‌ نائومێدی به‌ شێوه‌ی پیشه‌یی دروست بكرایه‌، ئه‌وا هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ دروست ده‌كرا».
به‌ڵام له‌ شوێنێكی تردا فراگمێنتێكی بێ به‌روار ده‌بینین[3]: "ئومێدم به‌ سه‌ركه‌وتن نییه‌، چێژ نابینم له‌ خەبات له‌ پێناو خەباتدا خۆیدا، ته‌نیا به‌و هۆیه‌ ئه‌توانم چێژی لێوه‌ربگرم كه‌ تاكه‌ شتێكه‌ بتوانم بیكه‌م. تێكۆشان خۆی پڕم ده‌كات له‌ شادى، كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی ئه‌وپه‌ڕی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بتوانم به‌كرده‌یی چێژی لێ ببینم، ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بتوانم بیبه‌خشم، ڕه‌نگه‌ له‌ دواجاردا خۆم بدەمە دەست شادى ]دڵخۆشى[، نه‌ك خەبات".
ئه‌و ده‌یویست له‌ ڕازیبوونی خۆی خەفەتبار[4] بێت: به‌شه‌ هه‌ره‌ نهێنییه‌كه‌ی ئه‌م خەفەتبارییە ئه‌و فۆڕمه‌ هه‌ره‌ زه‌قه‌ی دڵخۆشییه‌ كه‌ له‌ پێناویدا قسه‌ی له‌مه‌رگ كردووه‌. "سه‌ری خۆی خوار كرده‌وه‌، قوڕگی ده‌رخست كه‌ برین له‌ گۆشتی هەڵقرچاوى سوتاو و خوێنه‌وه‌ هەڵدەتۆقى، هۆی ئه‌مه‌ ئیشراقێکى ڕۆشناییبەخشە‌ هێشتایش به‌رده‌وامه‌"[5]. گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئیشراقى ڕۆشناییبەخش –ڕۆشنایی به‌رده‌وام- واتاكه‌ی له‌و خه‌مۆكییه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ له‌ پێشییه‌وه‌ باسكراوه‌. ئه‌م بڕگه‌ قه‌شه‌نگه‌ی دواتر، له‌ یاداشته‌كانی كافكادا ده‌بینین و هی ساڵی 1917[6]یه‌:
هه‌رگیز نه‌متوانیووه‌ له‌وه‌ تێبگه‌م كه‌ هه‌ر كه‌سێك بنووسێت به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ده‌شێت ئازار له‌ پێناو ئازاردا ئوبێکتیڤ بکاتەوە. بۆ نموونه‌، له‌ خەفەتى تایبه‌تی خۆمدا، به‌م کەللەسەرەمەوە كه‌ هێشتایش له‌ خەفەتتدا ده‌سووتێت، ده‌توانم دانیشم و بۆ كه‌سێك بنووسم: من خەفەتبارم. ده‌توانم له‌ زه‌خره‌فه‌ و گوزاره‌ ڕه‌وانبێژییه‌ جیاوازه‌كانمدا، به‌ گوێره‌ی توانستەکانى خۆم، كه‌ له‌ هیچ شتێكدا له‌ خەفەتەکەم ناچن ته‌نانه‌ت له‌وه‌یش دوورتر بڕۆم، ده‌توانم له‌م بابه‌ته‌دا به‌شێوه‌ی دژیه‌كی (طباق)ـی ڕه‌وانبێژانه‌، یان به‌ ئۆركسترای ته‌واوی پێشهاته‌كانی واتا و بیرۆكه‌ و هزره‌كان، به‌ ڕێگایه‌كی ساده‌ سه‌رپێیی و ڕاگوزه‌ر بم. ئه‌مه‌ درۆیه‌ك نییه‌، ئه‌مه‌ ئازار كه‌مناكاته‌وه‌ و نایشكێنێت: ئه‌وه‌ هێزێكه‌ زێده‌ڕه‌ویی تێدا كراوه‌، له‌ ساتێك له‌ ساته‌كاندا هاوه‌ڵی فه‌زیله‌ته‌، ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئازار به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌موو وزه‌ی من، تا ئه‌وپه‌ڕی قوڵایی بوونم، هه‌ڵده‌مژێت و به‌رده‌وام كه‌وڵم ده‌كات. ئه‌م زێده‌ڕه‌وییه‌ چییه‌؟
لێگه‌ڕێن با گرنگی به‌م پرسیاره‌ بده‌ین: ئه‌م زێده‌ڕه‌وییه‌ چییه‌؟ له‌ هه‌موو چیرۆكه‌كانی كافكادا، چه‌ند دانه‌یه‌كیان به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ی "حوكم" چێژبه‌خشن. له‌ یاداشته‌كانی 23ی سێپتێمبه‌ری 1913[7]دا ده‌خوێنینه‌وه‌:
ئه‌م چیرۆكه‌م به‌ بێ پچران له‌ شه‌وی 22 و 23دا نووسیوه‌، له‌ سه‌عات ده‌ی ئێواره‌وه‌ بۆ شه‌شی به‌یانی. قاچەکانم له‌ ژێر مێزه‌كه‌وه‌ سڕ بووبوون بۆیه‌ زه‌حمه‌ت ده‌متوانی ڕایانبكێشم. هه‌وڵی ترسێنه‌ر و دڵخۆشكه‌ر بۆ ته‌واوكردن و بینینی كۆی چیرۆكه‌كه‌ له‌پێش خۆم تادەهات لە مندا زیادیان ده‌كرد، -چۆن لە ئاودا ڕێگاى خۆم بکەمەوە؟ چه‌ندینجار له‌ وه‌ختی شه‌ودا، هه‌موو قورسایی له‌شم ئه‌خسته‌ سه‌ر سمتم. چۆن ده‌كرێت هه‌موو شتێك بگوترێت، چۆن هه‌موو ئایدیایه‌ك به‌ زه‌ینمدا بێت، ته‌نانه‌ت ئایدیا هه‌ره‌ سه‌یره‌كانیش، ئینجا ئاگرێكی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێیان بێت تاوەکو لەنێوبچن و سه‌رله‌نوێ زیندووبێته‌وه‌؟ چیرۆكه‌كه‌ وه‌ڵامی ئه‌مانه‌ بوو.
كارۆجیز[8] ده‌ڵێت: ئه‌م حیكایه‌ته‌ نوێیه‌ چیرۆكی گه‌نجێك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر حزورى یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی، له‌گه‌ڵ باوكیدا ده‌بێته‌ ده‌مه‌قاڵێی و به‌ خۆكوشتن كۆتایی پێدێت. له‌ چه‌ند دێڕێكی كه‌مدا، كورت به‌ ئه‌ندازه‌ی وه‌سفكردنی ده‌مه‌قاڵێكه‌، ده‌زانین كه‌ گه‌نجه‌كه‌ چۆن خۆی ده‌كوژێت:
بەهەڵەداوان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ ته‌كانی دا، له‌ ده‌رگاكه‌ و لە هێڵى شەمەندەفەرەکە تێپه‌ڕی، وەها به‌ره‌و ئاوه‌كه‌ ڕۆیشت كه‌ نه‌ده‌كرا به‌ری پێبگیرێت. خۆى بە په‌رژینه‌كه‌وە نووساند وه‌ك چۆن پیاوێكی برسی له‌ خواردن ده‌نیشێت. به‌سه‌ر په‌رژینی سه‌لامه‌تیدا بازیدا، وه‌كو وه‌رزشه‌وانێكی پیشه‌گه‌ر كه‌ له‌ گه‌نجیدا به‌و جۆره‌ بووه‌ و جێی شانازی باوك و دایكی بووه‌. بۆ ساتێك خۆى بە جێدەستێکى باریکەوە ڕاگرت، سه‌یری ئه‌و پاسانەى ده‌كرد كه‌ له‌ به‌ینی هێڵى قەراغەکانەوە تێده‌په‌ڕین، ڤڕەڤڕێک کە دروستیان دەکرد بە ئاسانى ده‌نگی بەربوونەوەکەى ئەویان دەشارده‌وه‌، به‌ هێواشی گریا: "دایك و باوكی ئازیزم، هه‌میشه‌ خۆشم ویستوون"، ئینجا خۆی شل كرد تاوه‌كو بكه‌وێت. له‌و ساته‌دا ئیدى لەسەر پردەکە بوو بە قەرەباڵغى و هاتوچۆ بە ماناى وشە ناڕەحەت بوو.
میشێل كارۆجیز له‌سه‌ر هه‌قه‌ كاتێك جه‌خت له‌سه‌ر به‌های شیعری ئه‌و بڕگه‌ی پێشوو ده‌كاته‌وه‌. كافكا خۆی له‌لای "ماكس برود"ی خوداناس ته‌فسیرێكی دیكه‌ی بۆ كردووه‌؛ لێیپرسیووه‌: "ده‌زانیت ئه‌و گوزاره‌یه‌ی كۆتایی واتای چییه‌؟ له‌و ساته‌دا كه‌ ده‌منووسی بیرم له‌ بازێكی بەگوژم ده‌كرده‌وه‌"[9]. داخۆ "ئه‌م لێدوانه‌ نائاساییه‌" شتێكمان له‌ باره‌ی "بنەوانێکى ئیرۆتیكی"ـیه‌وه‌ پێده‌ڵێت؟ تۆبڵێى واتای ئه‌وه‌ بێت كه‌ "له‌ كرده‌ی نووسیندا جۆرێك له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی به‌زین له‌به‌رده‌م باوكدا و قەرەبووکردنەوەى شكستی خه‌ونی ژیانى گوێڕایەڵانە هه‌یه‌"؟[10]. نازانم، به‌ڵام له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌م "لێدوان"ـه‌دا، دەربڕینەکە گوزارشت له‌ سەروەریى دڵخۆشی ده‌كات، به‌ربوونه‌وه‌ یان كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی باڵاترین بوونه‌وه‌ر بۆ نێو ئەو عه‌ده‌مه‌ى كه‌ لەوانیتر پێكهاتووه‌.
فاکتى ڕووتى مردن شتێكه‌ وه‌كو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریی دڵخۆشی[11]. ئازار به‌ر له‌ دڵخۆشی دێت، وه‌كو هۆشیارى لە نەشەمەى شوومى مەسەلەیەک، وه‌ك بڵێی بە کردەنى تێگەیشتن بووە لە ساتی مه‌ستییدا، کە تێیدا بێتاقەتیى شڵەژانى ساتى لەدایکبوون-یان مه‌رگى تێدا ڕوودەدات. به‌ڵام خەفەت به‌ ته‌واوی مانا ئازار نییه‌. لای كافكا، مه‌رگی "جۆرج بێندمان"ـی هاوه‌ڵی، واتای به‌خته‌وه‌ریی هه‌بوو: بێتاقەتیى خۆویستانە زیاد لە ڕادەى خایاند، به‌ڵام ئازاره‌كه‌ بۆیه‌ نه‌ما چونكه‌ بۆ باوکەکە خۆشه‌ویستییه‌كی ڕوون و ئاشكرا و ڕێزێكی ئاشكرا بوو. هیچ ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌ نه‌بوو بۆ یه‌كخستن و ته‌باكردنی نێوان ڕێزێكی قووڵ و نه‌قسێكی ئه‌نقه‌ست له‌ ڕێزدا. ئا ئه‌مه‌ باجی سەروەرییە: تاکە مافێک کە تێیدابێ مردنە: نە دەتوانین بە جارێک بیکەین نه‌ دەتوانین داوای سەرپشکبوونى لێ بکەین کە تەنیا پەیوەستە بە کردەکەوە، ئه‌و كرده‌یه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن سەروەرانە نییه‌ به‌هۆی ئه‌و چۆنیەتییە كۆیلایەتییەوە كه‌ لە قووڵایى هەر گەڕانێک بەدوای ده‌ره‌نجامه‌كاندا هەیە، ئه‌و كرده‌یه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ شوێنكه‌وتەیە. ئایا هیچ شتێكی نامۆ و چاوەڕواننەکراو له‌م پێکەوەسازانەى مه‌رگ و چێژدا هه‌یه‌؟ چێژ –ئه‌و شته‌ی كه‌ هەرچۆن هەژمار بکرێت هەر بێ هه‌ژمار مایه‌ی دڵخۆشییه‌- سیفه‌تى تایبه‌تى یان دروشمی بوونه‌وه‌ری خۆسه‌روه‌رە، مه‌رگ وەک سزاکەى بەرۆکى دەگرێت، لەگەڵ ئەمەیشدا مەرگ ئامرازەکەیشیەتى.
ئه‌وه‌ی ده‌توانین بیڵێین هه‌ر ئه‌مه‌یه‌. "ئیشراق و شادی" به‌ره‌نجامی ساته‌ ئیرۆتیكییه‌كان نین. ئه‌گه‌ر ئیرۆتیكایه‌ك هه‌بێت، ئه‌وا بۆ ئەوە هەیە فه‌وزا بنێتەوە، وه‌كو كرژبوونی درۆیینه‌ی شانه‌ده‌ماره‌كانی مێشك، هەر ئەو شتەى كافكا ده‌یویست وا بنوێنى جه‌ڵته‌ی مێشك لێیداوه‌ تاوه‌كو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ "خەفەت بەرهەم بهێنێ". ته‌نیا بەدبەختیى زیاتر و شێوازی ژیانێكى ناماقوڵى پاساوهەڵنەگر زه‌روره‌تی خەبات دێننە کایە و ئه‌م ئازاره‌یش كه‌ده‌ست ده‌نێته‌ بینمان ئه‌گه‌ر بوونی نه‌بێت نه‌ باڵایه‌تی هەیە و نه‌ فه‌زیله‌ت‌. خەفەت و گوناهـ به‌ كرده‌یی له‌ خۆیاندا خەباتن. خەبات، كه‌ فەزیلەت واتا قووڵه‌كه‌یه‌تی، تێکۆشانێکە به‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی ناپێورێت و خۆی ناخاته‌ مه‌حه‌كی ئاكامه‌كانییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر پێویستمان به‌ ئازاره‌ ئه‌وا خەبات "تاکە شتێ نییە کە ئەو له‌ توانایدا هه‌یه‌ بیكات". ته‌نیا ئه‌و كاته‌ی كافكا له‌ حاڵه‌تی خەفەتدایە و به‌ هۆی ئه‌و خەفەتەوە هەست دەکات پڕ ده‌بێت له‌ "شادییه‌ك کە له‌وه‌ زیاتره‌ (ئه‌و) بتوانێت به‌ڕاستى چێژی لێ ببینێت، له‌وه‌ زیاتره‌ (ئه‌و) بتوانێت بیبه‌خشێت". ئینجا تەوژمى شادییەکە بە ڕادەیەک تووند دەبێ كه‌ وای لێدێت ئەو لە شادییەوە نه‌ك له‌ خەباتەوە، چاو بۆ مردن ده‌گێڕێت.

·       سه‌رزیندوویی منداڵە دڵخۆشەکە:
(به‌رجه‌سته‌بوونەوەى ئازادیی کەسى سەربەست له‌ مه‌رگدا)
یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانی كافكا له‌ "مندڵان لەسەر ڕێگای شار‌[12]"دا، ڕواڵه‌تێكی پارادۆكسیكاڵی زیندووێتییه‌ به‌خته‌وه‌رانه‌كه‌ی پیشان ده‌دات. وه‌كو هه‌موو ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی دیكه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كه‌ وه‌سفمان كردن، له‌م به‌رهه‌مه‌یشدا هیچ شتێك به‌ تووندی په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیدار نییه‌ به‌ نه‌زمێكی پته‌وه‌وه‌ یان په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیی دیاریكراوی پێناسه‌كراوه‌وه‌. هه‌میشه‌ هه‌مان پارچەپارچەبوونى بێ فۆڕم هەیە، هەمان تەمى تەنک کە بەهۆى ڕه‌شه‌باوه‌، هه‌ندێجار به‌هێواشی و هه‌ندێجار به‌ خێرایی، پەڵە پەڵە بووە. ئه‌و ئامانجێكی ڕوونی بۆ خۆی دیاریی نه‌كرد، چاوی له‌ ئامانجێك نه‌بڕی كه‌ به‌ ئاشكرایی پشتیوانی لێ كردبێت تاوه‌كو ئه‌م ئامانجه‌ دەلالەتێک به‌و بێ سنورییە بدات كه‌ زۆر بە پاسیڤى بەسەر کەسى سەروەردا زاڵ دەبێت. ئه‌و كاته‌ی كافكا منداڵ بوو چووه‌ تیپێكی یارییه‌وه‌:
«له‌ ئێواره‌دا ڕامانده‌كرد و سه‌رمان دانه‌واندبوو. شه‌و و ڕۆژ چیتر بوونیان نه‌مابوو. زنجیری پاڵتۆكانمان وه‌كو ددانه‌كان چەقوچۆقیان بوو، هه‌ر یه‌كێكمان به‌ جێپێی ئه‌ویتردا ده‌ڕۆیشتین، ده‌ممان وه‌كو ئاژه‌ڵه‌ گەرمەسێرییەکان گڕی گرتبوو. وه‌كو سوارچاكه‌ زرێپۆشه‌كان له‌ جه‌نگه‌ كۆنه‌كاندا خۆمان هه‌ڵده‌دا بۆ ئاسمان و به‌رزده‌بووینه‌وه‌، هه‌ر یه‌كێكمان ئه‌وانیترمان ده‌برد بۆ كۆتایی گه‌ڕه‌كه‌ بچووكه‌كه‌ و بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ یه‌ك جیابوونه‌وه‌ بازیان دایە نێو خەرەندەکەوە، به‌ڵام به‌ زه‌حمه‌ت له‌ تاریكیی پرده‌كه‌دا ونبوون، ئینجا دواتر له‌ ڕێگه‌كه‌وه‌ له‌ قه‌راغی كێلگه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وتنه‌وه‌، هه‌ر وه‌كو غه‌ریبه‌كان گرنگییان به‌ ئێمه‌ نه‌ده‌دا...».  
ئه‌م لێكدژییه‌ (هه‌ر ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌تاو دژی ته‌مێكه‌ كه‌ ناڕه‌وێته‌وه‌، حه‌قیقه‌تیش به‌و جۆره‌ شاراوه‌یه‌) یارمه‌تیمان ده‌دات تاوه‌كو له‌و كاره‌ی كافكا تێبگه‌ین كه‌ به‌ ڕواڵه‌ت غه‌مگین ده‌رده‌كه‌وێت. له‌ دواتردا، برینه‌ سه‌خته‌كه‌ی منداڵییەکەى و گریانی تێكه‌ڵ به‌ پێكه‌نینەکەى له‌ لایەن مه‌رگەوە قووت دەدرێن. ته‌نیا مه‌رگ خۆی به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست فراوانه‌ و مه‌وداكه‌ی به‌رینه‌، به‌ ته‌واوی خۆى له‌ "كرده‌ - شوێنكه‌وتن – ئامانج"، له‌ وروژاندنی نهێنییانه‌ی شادی شه‌یتانییانه‌ی كافكا، دەشارێتەوە. به‌ واتایه‌كی دیكه‌، كافكا له‌ قبوڵكردنی مردندا، له‌نێو سنوروه‌كانی مه‌رگدا، له‌نێو ملكه‌چی بۆ ئامانجدا، ئه‌وه‌ی بینی هه‌ڵوێستی سەروەر كه‌ چاوی له‌ هیچ نه‌بڕیوه‌ و خوازیاری هیچ شتێك نییه‌، له‌ یه‌ك چاوتروكاندا لە پڕێتییه‌كه‌ی و تینوێتییه‌كه‌ی تێهه‌ڵده‌چێته‌وه‌. كاتێك بێندمان به‌سه‌ر په‌رژینه‌كه‌دا بازی دا پاڵنه‌ره‌كه‌ی هی منداڵییه‌كی ده‌ربه‌ده‌ر بوو. هه‌ڵوێستی کەسى سەروەر گوناهبارانەیە و قه‌رزداره‌، به‌ ئه‌ندازه‌ی هه‌وڵدانی بۆ هه‌ڵهاتن له‌ مه‌رگ خەفەتبارە، به‌ڵام ڕێك ئه‌و كاته‌ی ئه‌م هه‌ڵوێستی سەروەرییە ده‌گیرێته‌ به‌ر، جارێكی دیكه‌ هه‌ستكردن به‌ تینوێتیی منداڵێتی له‌ ده‌ریای ئازادییه‌كی بێ سووددا ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌له‌كردن. ژیان، ژیانێك كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و كورتكردنه‌وه‌ و نوقسانكردن ناشێت، ئه‌و شته‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مه‌رگ پێشكه‌شی كردووه‌. مه‌رگ به‌ ته‌نها خۆی به‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی تەواوەتى كردارەوه‌ ده‌دات، به‌ڵام به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ئازار ناكێشیت.

·       پاساودانی دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم:
ده‌توانین له‌ كاره‌كانی كافكادا ڕه‌هه‌ندێك یان ڕواڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریی بكه‌ین. لایه‌نێكی سێكسی و لایه‌نێكی خێزانی و دواجار لایه‌نێكی ئایینی. به‌ڵام به‌لای منه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ دابه‌شكارییانه‌ زیاده‌ و ناپێویستن: هه‌تا ئێستا هه‌وڵمدا ڕوانگه‌یه‌ك له‌ هه‌موو ئه‌م لایه‌نانه‌وه‌ بخه‌مه‌ڕوو. بێگومان له‌ چیرۆكه‌كانی كافكادا، ته‌نیا ده‌كرێت له‌ كۆنتێكستی گشتیی ده‌قه‌كاندا له‌ كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی تێبگه‌ین. ده‌توانیت "داستانی بێکاران" ببینیت، یاخود "یه‌هودییه‌ سته‌ملێكراوه‌كان" له‌ كۆشكـدا ببینیت، دەتوانیت "داستانی سكاڵا لێكراوێك له‌ سه‌رده‌می بیرۆكراسییه‌تدا" له‌ دادگاییـدا بدۆزییەوە، ئینجا ده‌توانین ئه‌م حیكایه‌تانه‌ یان ئه‌م وه‌سوه‌سه‌ سه‌رقاڵكه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ جیهانی زۆر ورده‌كار و چڕی "پروست"دا به‌راورد بكه‌ین، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌مه‌ پاساوێك نادات به‌ ده‌سته‌وه‌. به‌ڵكو كارۆجیز بانگه‌شه‌ی شیكاركردنی دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم ده‌كات؛ ئه‌و پێمان ده‌ڵێت كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌رگریكردن له‌ كافكا ئاسان بێت: "ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت وه‌ك ئه‌وانیتر به‌ دژایه‌تیكردنی شۆڕش تۆمه‌تباری بكات، ئه‌وا دژ به‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌درێنه‌ پاڵی، ئه‌و خۆی له‌ وێنه‌گرتن یان له‌ وه‌سفكردنی دۆزه‌خی سه‌رمایه‌داریدا قه‌تیس كردبوو"[13]. "خۆ ئه‌گه‌ر وا دەریشبکەوێت هه‌ڵوێستی كافكا "بۆ زۆر شۆڕشگێڕ جێگاى ڕق و بەغزاندنە"، ئه‌وا خۆی ده‌ڵێت "له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌ به‌ ڕوون و ڕاشكاوی ته‌نیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر بیرۆكراتییه‌تی بۆرژوازی و دادپه‌روه‌ری بۆرژوازی –هێرشێك كه‌ ده‌شێت ئه‌وانیش له‌مه‌دا هاوڕای بن-، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه هێرشی كردۆته‌ سه‌ر هه‌موو جۆره‌كانی بیرۆكراسییه‌ت و دادپه‌روه‌ریی ساخته‌یش"[14]. داخۆ كافكا ویستوویه‌تی ڕه‌خنه‌ی خودی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ بكات كه‌ ده‌بێت بیانگۆڕین به‌ دامه‌زراوه‌ی نه‌رمتر و كه‌متر وه‌حشی؟ دیسانیش كارۆجیز ده‌نووسێت: "تۆبڵێی له‌ شۆڕش ئاگاداری كردبینه‌وه‌؟ یان هیچ كه‌س وه‌كو ئه‌و هانده‌ری شۆڕش نه‌بووه‌. ئه‌و ته‌نیا جه‌ختی له‌سه‌ر داڕمانی مرۆڤ ده‌كرده‌وه‌: ئایا هه‌موو خوێنه‌رێك ده‌توانێت له‌ ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌ندێك بڕیار له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه‌ بدات؟ ئه‌ی چۆن مرۆڤ ناتوانێت به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ قێزه‌ونه‌دا یاخی ببێت كه‌ ناهێڵێت زەوىپێوەکە ]ڕووپێوى زەوى "جۆزێف ک" بۆ نموونە[ کار بکات؟"، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، من پێموایه‌ خودی ئایدیای شۆڕش به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ كۆشك كراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. كارۆجیزیش ئه‌مه‌ ده‌زانێت، شتێكی كه‌مێك له‌مه‌ زیاتریش ده‌ڵێت[15]: "تاكه‌ ڕه‌خنه‌یه‌ك كه‌ مرۆڤ بتوانێت ئاراسته‌ی كافكای بكات ڕه‌خنه‌كردنی گومانی ئه‌وه‌ له‌ هه‌وڵی شۆڕش، چونكه‌ ئه‌و باس له‌و كێشانه‌ ده‌كات كه‌ كێشه‌ى سیاسی نین، به‌ڵكو كێشه‌ی مرۆڤن، كێشه‌ی مرۆڤ لە ئێستا و دوای شۆڕش و بۆ ئه‌به‌دیش". به‌ڵام قسه‌كردن ده‌رباره‌ی گومانی كافكا، هه‌روه‌ها پێدانی واتایه‌كی په‌یوه‌ست به‌ وشه‌ و كرداره‌ مرۆییه‌ سیاسییه‌كان به‌و كێشانه‌ی كافكا باسی كردوون، به‌ ئه‌ندازه‌ی پێویست له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كان ناشكێته‌وه‌.
دوور له‌ ئاخاوتن ده‌رباره‌ی ناكۆكی، ده‌بینین دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیزم له‌ بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌سته‌ به‌ تێگه‌یشتنێكی دیاریكراوه‌وه‌ له‌ كافكا و لە هزره‌كانی. من ده‌مه‌وێت له‌مه‌یش زیاتر بڕۆم؛ هه‌ڵوێستی كافكا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی باوكی ئاماژه‌یه‌ بۆ دژایه‌تیی به‌رامبه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ له‌ چالاكیی كاراوە په‌یدا ببێت. چالاكیی كارا، كه‌ تا ئاستی دیسپلینى عەقڵى وەک سیسته‌مێك لەوانەى كۆمۆنیسته‌كان باسى دەکەن دەڕوات، ئەوەیە کە به‌ ڕوونی وه‌ك چاره‌سه‌ری هه‌موو كێشه‌یه‌ك دەخرێتە ڕوو. له‌گه‌ل ئه‌وه‌یشدا بە گشتى هەڵویستى ئەو نە پشتگیریی بووە لە شۆڕش و نە سەزەنشتى سەربەستیى ڕاسته‌قینه‌یشی کردووە، سەربەستییەک کە ئەم ساته‌وه‌ختانه‌ی ئێستا ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ساته‌وه‌خته‌كانی دواتریانه‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێكی سه‌خت و قورسه‌ بۆ حزبێك كه‌ ته‌نیا ڕێز له‌ عه‌قل ده‌گرێت و پێیوایه‌ ئه‌و به‌ها نالۆژیكیانه‌ی له‌ "بەفیڕۆدان" و "بێ ئامانجی" و "منداڵێتی"ـدا خۆی ده‌نوێنێت، كۆمه‌ڵێك ماسكن به‌سه‌ر ڕووی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و كه‌سییانه‌وه‌. تاكه‌ هه‌ڵوێستێكی سەربەستى كه‌ له‌لایه‌ن كۆمۆنیسته‌كانه‌وه‌ ڕێگای پێدراوه‌ سەربەستییە بۆ منداڵ به‌ڵام له‌ فۆڕمە چکۆلەکەیدا. ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و منداڵانه‌ ڕه‌وایه‌ كه‌ ناتوانن بگه‌نە ئاستى جددییه‌تی كه‌سانی پێگه‌یشتوو، یان توانایان نییه‌ ئه‌م ئامانجه‌ به‌دی بهێنن. ئه‌گه‌ر كه‌سێكی پێگه‌یشتوو واتایه‌كی گه‌وره‌ به‌ منداڵێتییه‌وه‌ ده‌لكێنێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستیكرد به‌ نووسین و وا هه‌ستی كرد كه‌ به‌های سەربەستیى گه‌وره‌تر ده‌كات، ئه‌وا هه‌رگیز له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كۆمۆنیستیدا جێی نابێته‌وه‌. له‌ جیهانێكدا كه‌ بۆرژوازییه‌تی تاكه‌كه‌سی نەفى کراوە ناتوانین به‌رگری له‌ شادیی هه‌رزه‌كارانه‌ی كافكای پێگه‌یشتوو بكه‌ین یان ته‌فسیری بكه‌ین یان پاساوی بۆ بهێنینه‌وه‌. كۆمۆنیزم له‌ بنه‌ڕه‌تدا نكوڵیكردن و نه‌فیكردنه‌وه‌یه‌كی ته‌واوه‌ و سه‌راپاگیره‌، پێچه‌وانه‌یه‌كی ڕیشه‌یی مه‌به‌ست و خواسته‌كانی كافكایه‌. 

·       به‌ڵام كافكا خۆی ڕازییه‌:
هیچ شتێك نییه‌ كه‌ بشێت كافكا خۆی ساغی بكاته‌وه‌، یان شتێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ بووترێت. ئه‌وه‌ی كافكا ویستوویه‌تی، كه‌ له‌ ڕاستیدا هیچ شتێكی نه‌ویستووه‌، ته‌نیا ئاماده‌بوونه‌ له‌و پنته‌دا كه‌ لێیه‌وه‌ "ئه‌كتی کاریگەر"ی سه‌رزه‌نشت كردووه‌. ئه‌وه‌یش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنی ئه‌كتی کاریگەر پێکەوە و له‌ یه‌ك كاتدا. ئه‌مه‌ ئه‌و هۆكاره‌ بوو كه‌ وای لێكرد له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتێكدا بچه‌مێته‌وه‌ كه‌ خۆی سه‌ركۆنه‌ی ده‌كرد، به‌ڵام شێوازی نوشتانه‌وه‌ی ئه‌و زۆر له‌ هاتوهاوار توندوتیژتر بووه‌. ئه‌و ده‌نووشتایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ كاتی نووشتانه‌وه‌دا ئه‌وینداریی ده‌كرد و ده‌مرد، ئه‌و بێده‌نگیی عه‌شق و مه‌رگى دەخستە بەرامبەر یەکترییەوە، كه‌ هه‌رگیز نه‌یانده‌توانی وای لێ بکەن ته‌سلیم ببێت ]بە جیهانى گەورەکان و باوکى[، چونكه‌ ئه‌و عه‌ده‌مه‌ی كه‌ هەرگیز ناتوانێت ته‌سلیم ببێت ئەگەرچى عه‌شق و مه‌رگیش لەوێدا هەن، سەربەستیى ئەوەیە کە هەیە[16].

 سه‌رچاوه‌کان:
جورج باتاي، هل يجب احراق كافكا؟ ترجمة: محمد هاشم عبدالسلام، مجلة (انتهاكات) "أقواس: نصوص أيروسية"، دورية عربية في الفكر و الإبداع, العدد 2, 2015، ص102-117.
Georges Bataille: SHOULD KAFKA BE BURNT? Literature And Evil, London, Marion Boyars, 1985.  www.sauer-thompson.com/essays/Kafka.doc

:پەراوێزەکان

[1]  Tagebticher.F. Kafka,
[2] satisfied
[3] F. Kafka, Hochzeitsvorberitungen.
[4] miserable
[5] هه‌مان سه‌رچاوه‌.
[6] Kafka, Tagebucher.
[7] هه‌مان سه‌رچاوه‌.
[8] Carrouges, op. cit.
[9] هه‌مان سه‌رچاوه‌.
[10] هه‌مان سه‌رچاوه‌.
[11] پێموایه‌ لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ بڕگه‌یه‌ك بده‌م كه‌ بۆ كتێبێكی دیكه‌ نووسیومه‌: ئیمه‌ هه‌ڵه‌ین كه‌ بایه‌خێكی زۆر به‌ گۆڕانی بوونه‌وه‌ر له‌ فۆڕمێكه‌وه‌ بۆ فۆڕمێكی دیكه‌ ده‌ده‌ین. نه‌خۆشییه‌كه‌مان ناسینی ئه‌وانیتره‌ به‌و پێیه‌ی گوایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ماندان، ئه‌گه‌رچی له‌ ناوه‌وه‌ شتێك ده‌رباره‌ی خۆمان ناڵێن. ئه‌گه‌ر خه‌یاڵی مه‌رگ بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و بۆشاییه‌ی كه‌ مه‌رگ له‌دوای خۆی جێیده‌هێڵێت، به‌هۆی نیگه‌رانی له‌ گیانی خۆمان تووشی وه‌سوه‌سه‌مان ده‌كات، ئه‌گه‌رچی جیهان له‌ پڕێتییه‌كانیش پێكهاتووه‌. به‌ڵام مه‌رگی ناڕاسته‌قینه‌ ئه‌و مه‌رگه‌یه‌ كه‌ وامان لێده‌كات هه‌ست به‌ بۆشایی بكه‌ین، له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت و هه‌میش بێزارمان ده‌كات، چونكه‌ ئه‌م بۆشاییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ پڕێتی بوونه‌وه‌ره‌وه‌. عه‌ده‌م، یان بۆشایی، یان ئه‌وانیتر، وه‌كو یه‌ك شێوازی جۆراوجۆری پڕێتی نا-كه‌سییانه‌ن كه‌ ناتوانین ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرین.
[12] Kinder auf der Landstrasse
[13]  Carrouges, op. cit.
[14] هه‌مان سه‌رچاوه‌
[15] هه‌مان سه‌رچاوه‌
[16] بڕوانه‌ سه‌ره‌وه‌. 

تێبینى: ئەم وتارە لە نامیلکەى "جۆرج باتاى"، زنجیرە نامیلکەى فەلسەفیى دەزگاى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە.