گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژیل دۆلۆز
سازدانى: ژەنیت کۆلۆمبێل
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
كۆلۆمبێل: تۆ ته‌نیا دوو كتێبت بڵاو كردبوویه‌وه "جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه"
و "سپینۆزا و كێشه‌ی ده‌ربڕین"، ئینجا به‌رهه‌مه نوێیه‌كه‌ی ئه‌م
دواییهیشتان "لۆژیكی مانا" زۆر به زوویی چاپ بوو. له‌م كتێبانه‌دا كێ
قسه ده‌كات؟
دۆلۆز: هه‌ركاتێك
ده‌نووسین، وه‌ك كه‌سێكی تر قسه ده‌كه‌ین. ئه‌وه فۆڕمێكی تایبه‌ت و به‌شه‌كییه particular كه له ڕێگه‌ی ئێمه‌وه ده‌دوێت. بۆ نموونه
له جیهانی كلاسیك‌دا، ئه‌وه‌ی قسه‌ی ده‌كرد تاكه‌كه‌س individual بوو. جیهانی كلاسیكی به ته‌واوی له فۆرمی
تاكه‌كه‌سیدا ده‌بینینه‌وه؛ تاكه‌كه‌س له‌گه‌ڵ بووندا ته‌ریب و درێژ ده‌بوویه‌وه
(ده‌توانین ئه‌وه له پێگه‌ی خوادا وه‌ك بوونی حاكمی بهتاكهكهسبوو، ببینین).
له جیهانی ڕۆمانتكیدا ئه‌وه كه‌س person بوو قسه‌ی
ده‌كرد، ئه‌مه‌یش به ته‌واوه‌تی ]له‌وه‌ی پێشتر[ جیاواز بوو: كه‌س وه‌ك درێژبوونه‌وه له‌گه‌ڵ نواندنه‌وه‌دا
و به‌پاڵ نواندنهوهوه ده‌بینرا. ئه‌مه به‌هایه‌كی نوێ بوو له زمان و ژیاندا.
عه‌فه‌ویه‌تی ئه‌مڕۆ ڕه‌نگه هه‌م له تاكه‌كه‌س بترازێت و هه‌م له كه‌سیش و ئه‌م
دووانه تێده‌په‌ڕێنێت. ئه‌مه‌یش هه‌روا ساده و به‌هۆی هێزه نادیاره‌كانه‌وه
نییه. بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ئێمه خۆمان نووساند به ئهڵتهرناتیڤێكهوه: جا ئه‌گه‌ر
كه‌س بوویتایه یان تاكه‌كه‌س، یان دیسانیش له ده‌ریایه‌كی هاوشێوه‌ی نادیاردا غه‌رق
بوویتایه ]کۆمەڵى لێکچوو[. وێرای ئه‌وه‌یش له‌مڕۆدا جیهانی پێش-تاكه‌كه‌س
و تاقانه‌یی ناكهسیمان كه‌شف نه‌كردووه. ئه‌وه له تاكه‌كه‌س یان كه‌سدا، یان
له ده‌ریاره‌ی نا جیاوازییه‌كاندا كورت نابێته‌وه. ئه‌م تاقانه‌ییه بزۆزه،
شكاندنی شتێكه، دزی و فڕاندنى شتێكه بۆ دوور، هاتوچوونێكی به‌نۆره و زووزووه،
وه‌ك ئانارشییهكی سه‌ركه‌وتوو، نیشتهجێیهك له شوێنی كۆچهرییدا. ئه‌وه
جیاوازییه‌كی گه‌وره‌یه له‌نێوان به‌شبه‌شكردنی شوێنی جێگیر له‌نێوان تاكه‌كه‌سه
نیشتهجێكاندا به گوێره‌ی سنووره‌كان و داخراوییهكان، له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی
تاقانهییهكان singularities له شوێنی كراوه‌دا به‌ده‌ر له هه‌ر شوره
و داخستن و جێگیربوونێكی تایبه‌ت. شیعری فێرلینتی قسه ده‌رباره‌ی چوار كه‌سی
تاقانه ده‌كات: ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌نگی پێ ببه‌خشین.
كۆلۆمبێل: ئایا ئه‌مه‌یه وا ده‌كات كه تۆ چۆن ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی وا ڕاڤەیان ده‌كه‌یت،
ئاوەها وه‌ك تاقانهییهكان له شوێنی كراوه‌دا ببینیت؟ تا ئه‌مڕۆ، هه‌میشه
ویستوومه به‌راوردێك بكه‌م له‌نێوان كاره‌كه‌ی تۆ و ئه‌وه‌ی كه ده‌رهێنه‌رێكی
شانۆ ده‌یكات كاتێك تێكیستێكی نووسراوی دراماتیكی ده‌خاته به‌ر ڕۆشنایی و سەر
ستەیج. هه‌روه‌ها له "جیاوازی و دووباره‌بوونه‌وه"دا به‌راورده‌كه
ڕوون كراوه‌ته‌وه: تۆ ئیدی ته‌نیا ڕاڤەکار ]موفەسیر[ نیت، تۆ كارهكتهریت. داخۆ ئه‌م به‌راورده
هێشتایش چالاكه و هه‌یه؟ یان ئایا ڕۆڵی مێژووی فه‌لسه‌فه جیاوازه؟ یاخود
پێتوایه مێژووی فه‌لسه‌فه وه‌ك ئه‌و "كۆلاژ"هیه كه پێشتر ده‌تكرد،
كۆلاژێك كه دیمه‌نه‌كه نوێ ده‌كاته‌وه، یان "ئیقتیباس" citation و هێنانی قسه‌ی فهیلوسوفهكانه و تێههڵكێشكردنیانه
به تێكستێك؟
دۆلۆز: به‌ڵێ،
به زۆری فه‌یله‌سوفه‌كان كاتێكی سه‌ختیان له‌گه‌ڵ مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا به‌ڕێكردووه:
ئه‌وه بێزاركه‌ره و مایه‌ی نیگه‌رانییه، ئه‌وه ئاسان نییه كه له‌پشتی تۆوه دانراوه
و تا لای تۆ هاتووه. ڕه‌نگه ڕێگای باش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م كێشه‌یه‌دا،
وه‌ك تۆ ده‌ڵێت، دانانه‌وه‌ی جۆرێك له سته‌یج و شانۆ بێت بۆ ئه‌مه. سته‌یج واته
بمانه‌وێت تێكسته نووسراوه‌كان له‌ڕێگه‌ی به‌های دیكه‌وه ڕۆشن بكه‌ینه‌وه، نه‌ك
له‌ڕێگه‌ی به‌ها تێكستییهكان خۆیانه‌وه (لایه‌نیكه‌م له واتا باوهكهیدا):
ڕاستییه‌كه‌ی ده‌شێت "مێژووی فه‌لسه‌فه" بگۆڕین و بیكه‌ینه "شانۆی
فه‌لسه‌فه"[1].
تۆ ده‌ڵێیت من له به چهمككردنی جیاوازییدا خوازیاری ته‌كنیكی دیكه‌م، كه زیاتر
له كۆلاژهوه نزیكه تاوه‌كو شانۆ. خوازیاری جۆرێك له ته‌كنیكی كۆلاژ یان ته‌نانه‌ت
دروستكردنی زنجیره‌یه‌ك (دووباره‌بوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌مه‌ڕه‌نگییه كه‌مه‌كاندا)
بووم وه‌ك ئه‌وه‌ی له هونه‌ری پۆپدا ده‌یبینیت. به‌ڵام تۆ پێتوایه كه من به ته‌واوی
سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم. پێموایه له كتێبی لۆژیكی هەستکردندا له‌مه دوورتر ڕۆیشتووم.
كۆلۆمبێل: ئه‌وه‌ی به تایبه‌تی منی تووشی سه‌رسوڕمان كرد ئه‌و هاوڕێیه‌تییه‌ی تۆ
بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسه‌رانه‌دا كه له‌باره‌یانه‌وه نووسیوته. هه‌ندێكات وا ده‌رده‌كه‌وێت
ڕێزت بۆ ئه‌وانه هه‌یه كه بۆت په‌سه‌ندن: بۆ نموونه، كاتێك له‌باره‌ی بیرگسۆنهوه
ده‌نووسیت له لایه‌نه كۆنزهرڤهتیڤهكانی فیكری بیرگسۆن بێده‌نگیت و شتێكی ئه‌وتۆت
لێ نه‌وتووه، كه‌چی له‌ولاوه له‌گه‌ڵ هیگڵ بێڕه‌حمی ده‌نوێنیت. ئه‌مه بۆچی؟
دۆلۆز: ئه‌گه‌ر
تۆ هه‌ندێ شتت پێ په‌سه‌ند نه‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆشتنهوێت، ئه‌وا هۆكارێكت نییه تاوه‌كو
له‌باره‌ی ئه‌و شته‌وه ]یان ئه‌و كه‌سه‌وه[ بنووسیت.
سپینۆزا و نیچه دوو فه‌یله‌سوفی ڕه‌خنه‌یین و هێزی تێكشكێنهرن كه‌چی وه‌كو یه‌كیش
نین، به‌ڵام ئه‌م هێزه هه‌میشه له به‌ڵێگۆیى و جهختكردنهوهوه هه‌ڵده‌قوڵێت،
له قۆشمه‌ییه‌وه، له كوتله‌یه‌كی تێكه‌ڵه‌ی جه‌ختكردنه‌وه [جدییبوون] و قۆشمه‌ییه‌وه،
له زه‌روره‌تی ژیانه‌وه دژ به‌وانه‌ی كه ژیان ده‌شێوێنن، له جوڵه‌ی ده‌خه‌ن،
بڕستى لێ دەبڕن و گیرۆده‌ی ده‌كه‌ن. به‌لای منه‌وه، ئا ئه‌وه فه‌لسه‌فه خۆیه‌تی.
به‌ڵام تۆ ده‌رباره‌ی دوو فه‌یله‌سوفی دیكه پرسیارم لێده‌كه‌یت؛ به دیاریكراوی،
له‌ڕێگه‌ی ئه‌و پێوه‌رانه‌ی بهشانۆكردن یان كۆلاژكردنهوه كه ته‌نیا به‌خێرایی باسمان
كردن، وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مه بۆ ئه‌نجامگیری و هه‌ڵگۆزینی فه‌لسه‌فه‌یه‌ك كه به
كۆنزهرڤهتیڤ حسێب ده‌كرێت، ئه‌و كاته دروسته كه وه‌ك بڵێی هه‌موو تاقانهییهكانی
له ڕاستیدا تاقانه‌یی ڕاسته‌قینه نین و مه‌رج نییه هه‌موویان تاقانه‌یی بن: ئه‌مه
ئه‌وه‌یه كه بۆ بیرگسۆن و وێنای ئه‌و بۆ ژیان كردوومه، ئه‌و وێنایه‌ی ئه‌و بۆ
ئازادی و بۆ نه‌خۆشی زه‌ینی دەیکێشێت. بۆچی هیگڵ نا؟ باشه، كه‌سانێك هه‌ن ڕۆڵی
خیانه‌تكار ده‌گێڕن [خیانه‌ت له ژیان]. ئه‌وه‌ی له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا به‌رجه‌سته
ده‌بێت دامه‌زراندنی بارگرانی و "قورس"ـیه له‌سه‌ر ژیان، بۆ سه‌ركوتكردنی
و شێواندنی ژیان له‌گه‌ڵ هه‌موو قورسییهكدا و هه‌ر بارگرانییهكدا، بۆ یه‌كخستن و
ته‌باكردنی ژیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ئاییندا، بۆ نه‌خشكردن و هه‌ڵكه‌ندنی مه‌رگ له
ژیاندا، سهرڕێخستنێكی سامناك تاوه‌كو ژیان به‌ره‌و نێگهتیڤیتی ببات و بیداته
ده‌ست نه‌فیكردن، دروستكردنی بێهیوایی و ئاگایی غه‌مگین. به شێوه‌یه‌كی سروشتی،
له‌گه‌ڵ ئه‌م دیاله‌كتیكه نێگه‌تیڤ و لێكدژییهدا، هیگڵ ئیلهامبه‌خشی هه‌موو
زمانێكی خیانه‌ته، هه‌م بۆ ڕاست و هه‌م بۆ چه‌پ (تیۆلۆژیا، زهینییهتگهرایی، تێكنۆكراسی،
بیرۆكراسی، هتد).
كۆلۆمبێل: ئه‌م ڕقه‌ی تۆ له نێگهتیڤیتی تۆی به‌ره‌و ئه‌وه بردووه كه "جیاوازی"difference و "لێكدژی"contradiction وه‌ك دوو دوژمنی ناوه‌كی پیشان بده‌یت. به‌دڵنیاییه‌وه
دژایه‌تی هاوشێوه و دوولایه‌نه‌ی لێكدژه‌كان له دیاله‌كتیكی هیگڵیدا ئه‌م سه‌رنجه‌ی
تۆ ده‌سه‌لمێنێت و جه‌ختی لێ ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه لای
ماركسیش هه‌مان شته؟ بۆچی ته‌نیا به پێچ و په‌نا قسه له‌باره‌ی ئه‌مه‌وه ده‌كه‌یت؟
شیكارییه‌كه‌ی تۆ بۆ په‌یوه‌ندیی ململانێی-جیاوازییه‌كان لای فرۆیدیش زۆر به‌رهه‌مداره
و ماسك له‌سه‌ر هاوشێوه‌ییه ساخته‌كان هه‌ڵده‌ماڵێت: سادیزم/ماسۆشیزم، غه‌ریزه‌ی
مه‌رگ/پاڵنه‌ری مه‌رگ، ده‌توانین هه‌مان شت له‌گه‌ڵ ماركسیشدا بكه‌ین؟
دۆلۆز: تۆ
ڕاست دەڵێیت، به‌ڵام ئه‌م ده‌رچوونه له هیگه‌ڵه‌وه بۆ ماركس، ئه‌م ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌وه‌ی
ماركس، ئه‌م كه‌شفه‌ی میكانیزمه‌كانی جیاوازی و ئیسپاتكردنaffirmative لای ماركس، ئایا هه‌مان ئه‌و شته نییه كه
ئالتۆسێر زۆر سه‌رسوڕهێنه‌رانه و قه‌شه‌نگ وا خەریکە ته‌واوی ده‌كات؟ به هه‌رحاڵ له هه‌موو دۆخێك‌دا له بۆچوونێكی
هه‌ڵه‌دا، له ناكۆكییه‌كی درۆزنانه‌دا كه‌شفی هه‌ندێك ته‌قینه‌وه‌ی زیاتری سیسته‌مه‌كان
ده‌كه‌یت، له نا هاوسه‌نگیدا كه‌شفی بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری گشته لێكنهچووهكان
ده‌كه‌یت. (بۆ نموونه هه‌ردوو فیتشی ئابووری و ده‌روونشیكاری).
كۆلۆمبێل: ده‌مه‌وێت دوا پرسیار له باره‌ی "نه-گووتن"ى به‌رده‌وامتان دەرهەق
به "ماركس"
بپرسم، بۆچی له ماركس بێده‌نگن: من به ڕوونی لینكێك له‌نێوان
فه‌یله‌سوفه‌كانی تۆ و گه‌مه‌دا ده‌بینم و، وا تێده‌گه‌م ئه‌مه یاوهریكردن و هاوڕێیه‌تییه
بۆ دژایه‌تیكردن [ی دۆخی باڵاده‌ست]. به‌ڵام ئایا ده‌كرێت ئه‌مه ڕه‌هه‌ندێكی
سیاسیشی هه‌بێت و به‌شدار بێت له پراكتیكی شۆڕشگێڕیدا؟
دۆلۆز: ئه‌مه
پرسیارێكی به‌هێزه.. نازانم. له یه‌كه‌م ئاستدا ئه‌وه‌ی منی به‌ره‌و ئه‌و فه‌یله‌سوفانه
ڕاكێشاوه په‌یوه‌ندیی هاوڕێیه‌تی یان خۆشه‌ویستییه و چاوه‌ڕوانی بۆ شۆڕش نییه.
له‌م ئاسته‌دا ئه‌مه وێنای شۆڕش ناكات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا له حسابی
خۆیدا شۆڕشگێڕانه‌یه: له‌مانه‌دا هێزێكی به‌رگری و ناكۆكیكار هه‌یه كه ڕاسته‌قینه‌یه
و شیاوه بۆ ژیانێكی شیعری و سه‌ركێشانه، بۆ نموونه: شازه‌كانbeatniks . ئه‌مانه شتێكی
زیاتریان هه‌یه كه ده‌شێت له‌گه‌ڵ "زێن" بودیزمدا بیكه‌ن نه‌وه‌ك له‌گه‌ڵ
ماركسیزم‌دا، به‌ڵام ئه‌مه ڕه‌نگدانه‌وه و كارایی و ئه‌و شتانه‌یه كه له زێندا
وه‌ك ته‌قینه‌وه هه‌ن. وه‌ك ئه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا هه‌یه،
با گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌ركی فه‌لسه‌فه له‌م لایه‌ن یان له‌و لایه‌ندا
ئه‌وه‌یه كه نموونه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌بێت تا له‌ڕێگه‌ی ئه‌مه‌وه قسه بكات:
تاكه‌كه‌س له جیهانی كلاسیك‌دا، كه‌س له جیهانی ڕۆمانتیكدا، تاقانهییهكان له
جیهانی مۆدێرندا. فه‌لسه‌فه ئه‌وه نییه له باره‌ی ئه‌م حاڵه‌ت و نموونهناوه
بێته ئاراوه: فه‌لسه‌فه له ڕێگای خۆیه‌وه ده‌نگ به‌م نموونانه ده‌به‌خشێت. به‌ڵام
ئه‌مانه دێنه بوون و له مێژوودا به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و خۆیان پشت به په‌یوه‌ندییه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌ستن. ئه‌ی دواتر! شۆڕش ده‌بێت گواستنه‌وه بێت له‌م په‌یوه‌ندییه
ههماههنگانهوه بۆ گه‌شه‌پێدانیان له‌م یان له‌و نموونه‌یه‌دا (وه‌ك تاكه‌كه‌سی
بۆرژواز له شۆڕشی "كلاسیكی"ـی ساڵی 1789 دا). كێشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی
شۆڕش، شۆڕشێكی نا بیرۆكراسی، ده‌بێت ببێته كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه
نوێیه‌كان، له‌وێدایه كه تاقانه‌یی دێته ئاراوه و ده‌كه‌وێته گه‌مه، كه‌مینه‌ی
چالاك له پانتایی كۆچه‌ریدا به بێ موڵكایه‌تی و مانه‌وه و خۆ لكاندن [به
نیشتمانێكهوه] دروست ده‌بێت.
[1] دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو كتێبی "جیاوازی و
دووباره‌بوونه‌وه" و "لۆژیكی واتا"، میشێل فۆكۆ بە زوویى ده‌رك به
گه‌وره‌یی دۆلۆز ده‌كات و دوو وتاری له‌باره‌وه ده‌نووسێت كه دواتر له كتێبێكی
چكۆله‌دا چاپ ده‌كرێت به ناوی "شانۆی فه‌لسه‌فه" Theatre of philosophy، له‌وێدایه
كه فۆكۆ ده‌ڵێت "ڕۆژێك دێت ئه‌م سه‌رده‌مه‌كان ده‌بێته سه‌رده‌مێكی
دۆلۆزی". (و. كوردی)
سه‌رچاوه:
Gilles Deleuze: Gills deleuze talks philosophy “Desert Islands "and other Text 1953-1974"”, Semiotext, the MIT Press, London, 2004, Pp.143-145.
تێبینى: ئەو وتارە مارسى ساڵى 2016
لە سایتى "کو‌لتوور مەگەزین" بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment