گفتوگۆ له‌گه‌ڵ داڤید هارڤه‌ی
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د
پێشەکى:
بۆچی ململانێ شارنشینییهكان له پرۆژه‌كانی
گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا گرنگن؟ گرتنی پانتایی گشتی [شوێنە گشتییەکان یان فه‌زای گشتی] له لایه‌ن بزووتنه‌وه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه چ بایه‌خێكی هه‌یه؟ چۆن له‌م چركه‌ساته تاریكه‌ی جیهان
و له‌نێو ئه‌و جیاكارییه شارییه و نایه‌كسانییه كۆمه‌ڵایه‌تییه زه‌قانه‌ی
دونیادا ده‌توانین سه‌رله‌نوێ بیر له‌و شته بكه‌ینه‌وه كه ئیمكانی هه‌یه؟
داڤید هارڤه‌ی David Harvey له‌م گفتوگۆیه‌دا، كه له 24/10/2013 له‌گه‌ڵی
سازدراوه، به قووڵی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌داته‌وه. هارڤه‌ی مامۆستایه‌كی
به‌توانای بواری ئه‌نترۆپۆلۆژیا و جوگرافیایه له سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی باڵای
زانكۆی شاری نیویۆرك، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری شوێن و كولتوور و سیاسه‌ته و، چه‌ندین
كتێبی پێشه‌نگی نووسیوه، له‌وانه: عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و شار (1973)، سنووره‌كانی
سه‌رمایه (1982)، شوێنه‌كانی ئومێد (2000)، كورته مێژووی نیولیبرالیزم (2005) و
چه‌ند كتێبێكیتر.
هارڤه‌ی له‌م گفتوگۆیه‌دا ئه‌وه ڕوونده‌كاته‌وه،
كه چۆن مملانێكان له‌سه‌ر پانتایی گشتیی شار و جۆری ژیانی ڕۆژانه له گه‌ڕه‌كه‌كاندا
دوو كایه‌ی سه‌ره‌كین بۆ تێگه‌یشتن له دینامیكییه‌تی ململانێی چینایه‌تی و، ده‌یه‌وێت
تێگه‌یشتنێكیتر بۆ چینی كرێكار بخاته‌ڕوو، تاوه‌كو سه‌رجه‌م ئه‌و خه‌ڵكانه بگرێته‌وه
كه «ژیانی شارنشینی به‌رهه‌م دێنن و دووباره به‌رهه‌م دێننه‌وه».
ده‌قی گفتوگۆكه:
* ئوستاز هارڤه‌ی، به‌لای ئه‌و خه‌ڵك و
بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه، كه گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یان بۆ گرنگه،
بۆچی ململانێ له‌سه‌ر شوێنی شارنشینی (یان شوێن و به‌رهه‌مهێنانی شوێن به‌گشی) له
گۆڕینی كۆمه‌ڵایه‌تیدا گرنگه؟
- باكگراوندێكی ساده‌ی تیۆرییان بۆ ده‌خه‌مه‌ڕوو،
كه لهخوێندنهوهم بۆ به‌شی دووه‌می كتێبی سه‌رمایه و ئه‌و كتێبانه‌وه كه له‌باره‌ی
ئه‌و كتێبه‌وه نووسیومن، پێیگه‌یشتووم. ئه‌و ئه‌رگومێنته گشتی و ساده‌یه‌ی ماركس ده‌یخاته‌ڕوو ئه‌وه‌یه كه زێده‌بایی، قازانج، له كرده‌ی
به‌رهه‌مهێنانه‌وه دروستده‌بێت. هه‌ڵبه‌ت به‌شی یه‌كه‌می كتێبی سه‌رمایه، ئه‌و
به‌شه‌یه كه هه‌مووان ده‌یخوێننه‌وه هه‌مووی له‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه،
به‌ڵام ته‌نانه‌ت له به‌شی یه‌كه‌میشدا ماركس ئه‌وه ڕوونده‌كاته‌وه كه ده‌شێت
به‌ها له‌و شته‌دا نه‌بێت، كه به‌رهه‌مهێنراوه هه‌تاوه‌كو له بازاڕدا ئه‌و به‌هایه
ڕیالیزه نه‌بێت و ساغ نه‌بێته‌وه، ئینجا وه‌ك له گرۆندۆرسێ Grundrisse دا ده‌ڵێت یه‌كه‌ی لێكدژیی نێوان به‌رهه‌مهێنان
و ڕیاڵیزهبووندا به‌كرده‌یی ئه‌و شته‌یه كه پێمان ده‌ڵێت سه‌رمایه چییه.
ئێستا، ئه‌گه‌ر بیر له‌مه بكه‌نه‌وه، ده‌توانن
ئه‌وه ببینن كه به‌رهه‌مهێنان زێده‌بایی به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌ڵام ده‌شتوانن ئه‌وه
ببینن، كه به‌ها به زه‌روره‌ت له‌هه‌مان شوێنی به‌رهه‌مهێناندا ڕیالیزه نابێت.
بۆ نموونه ده‌كرێت به‌ها له كارگه‌یه‌كی چینی‌دا به‌رهه‌مبهێنرێت ، ئینجا
وال-مارت Wal-Mart له كۆڵۆمبس و ئۆهایۆ ڕیالیزه ببێت. به‌م جوره به‌شاریبوونurbanization به زۆر ڕێگا كایه‌ی ڕیالیزه‌بوون و
ساغبوونه‌وه‌ی زێده‌باییه، ئینجا په‌یوه‌ستییه‌كی ناوه‌كی له سووڕی سه‌رمایه‌دا
له‌نێوان به‌رهه‌مهێنان و ڕیالیزه‌بوون و ململانێكان له‌كایه‌ی شاریدا بۆ به‌رهه‌مهێنانی
به‌ها و ده‌ستخستنی وه‌ك ململانێ له شوێنی كاردا، گرنگ و به بایه‌خه.
ئێستا كرێكاران ده‌توانن بۆ كرێی زیاتر و
دۆخی باشتری كار تێبكۆشن و ڕه‌نگه له پرۆسه‌كانی به‌رهه‌مهێنانیشدا سه‌ركه‌وتووبن،
به‌ڵام له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، كاتێك پاره زیاده‌كه‌یان وه‌رده‌گرن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه
بۆ ماڵه‌وه ده‌بینن، ده‌بێت به شێوه‌ی كرێی به‌رزی خانوو و باجی كرێدیت كارت و
كارتی ته‌له‌فۆن و شتی له‌م بابه‌ته بیده‌نه‌وه به بۆرژوازه‌كان. به‌م جۆره له
ڕوانگه‌ی كرێكاره‌وه، نیگه‌رانییه‌ك هه‌یه نه‌ك ته‌نیا له‌وه‌ی كه له شوێنی به‌رهه‌مهێنان
ڕووده‌دات، به‌ڵكو له تێچوونی ماڵ و ئه‌و پاره‌یه‌ی، كه ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر كه‌لوپه‌ل
و خزمه‌تگوزارییه‌كان و كاڵای بازاڕه‌كان shops و باجه شاراوه‌كان بۆ پێدانی سوود له‌سه‌ر ڕه‌هنی خانووبه‌ره و هه‌موو
شته‌كانیتر، بدرێت.
به‌م جۆره، ئه‌م دوو فۆڕمه له ململانێی
چینایه‌تی، كه له زۆربه‌ی تیۆره‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی تووند لێكجیاكراونه‌ته‌وه،
وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی لێكدژ contradictory
unity تهفسیردهكهم،
ئینجا ئه‌و ململانێیانه‌ی كه له‌نێو شاره‌كانیشدا له‌سه‌ر ژیانی ڕۆژانه ڕووده‌ده‌ن،
وه‌ك ئه‌و ململانێیانه گرنگن، كه له‌نێو شوێنه‌كانی كاردا ڕووده‌ده‌ن. ئه‌و یه‌كێتییه‌ی
نێوان ئه‌م ململانێیانه بۆ من گرنگییه‌كی تایبه‌تییان هه‌یه، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكێكی
زۆر پێیان باشتره دانی پێدانه‌نێن.
كه‌واته ئه‌مه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وه
داده‌نێت كه شاره‌كان چۆن پێكدێن، تێچوونی ژیانی ڕۆژانه چییه و چۆن جۆری بهكرێگرتن
به‌سه‌ر شوێنه‌كاندا دابه‌شده‌بێت و چۆن بهگیتۆبوون ghettoization
دروستده‌بێت. لێره‌دا ده‌بێت باس له چۆنیه‌تی بهگیتۆبوون بكه‌ین، له مێژوودا
گیتۆ هی هه‌ژاره‌كان بوو، به‌ڵام ئێستا گیتۆ هی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه، باس له‌وه‌یش
بكه‌ین، كێن ئه‌وانه‌ی گیتۆكان بۆ خۆیان دروستده‌كه‌ن و دوور له جیهان به‌سه‌ر
خۆیاندا داده‌خرێن.
من وه‌ك كێشه سه‌یری هه‌موو ئه‌مانه ده‌كه‌م،
ئه‌گه‌رچی ئه‌و شته هه‌یه كه پێیده‌ڵێم لێكدژی له‌نێوان ئه‌و شته‌ی كه له
شوێنی به‌رهه‌مهێنان ڕووده‌دات ئه‌و شته‌ی كه له شوێنی ژیان ڕووده‌دات. ئێستا ده‌مه‌وێت
بڵێم ده‌شێت به كرده‌یی داهاتی گه‌وره‌ت له شوێنی به‌رهه‌مهێنان ده‌ستبكه‌وێت،
به‌ڵام له شوێنی ژیان بیدۆڕێنیتهوه. كرێكاران سكاڵا له كرێی به‌رزی شوێنه‌كان
ده‌كه‌ن، ئێستا ده‌توانین به‌كرده‌یی ئه‌مه ببینین، ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌رمایه به‌گشتی
بكه‌ین، سه‌رمایه زێدهباییهكان له‌ڕێگه‌ی كرێی به‌رزی شوێنی نیشته‌جێبوون و
كرێی ته‌له‌فۆن و ئه‌و شتانه‌وه وه‌رده‌گرێته‌وه.
كاتێك وانه به خوێندكاره‌كان ده‌ڵێمه‌وه
ئه‌مه بۆ گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه. ده‌توانم له‌ڕووی تیۆرییه له‌باره‌ی شوێنه‌كانی
كاره‌وه وانه‌یان پێبڵێمه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ی خوێندكاره‌كان له شوێنی كاردا
نین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له‌و كرێ و باجانه بكه‌ین كه ده‌یده‌ن، ئه‌وا یه‌كسه‌ر
له باسه‌كه‌مان تێده‌گه‌ن. پێیانده‌ڵێین ئه‌وان بۆ هه‌مان شت تێده‌كۆشن، ئینجا ئه‌وان
له نێو گه‌مه‌ی ململانێی چینایه‌تیدان.
به‌لای منه‌وه ململانێ له‌سه‌ر پانتایی
شارنشینی و جۆری ژیانی ڕۆژانه له گه‌ڕه‌كدا دوو شتی زیندوون و یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن
تاوه‌كو له دینامیكیه‌تی ململانێی چینایه‌تی تێبگه‌ین. ئه‌و شته‌ی كه باوه‌ڕپێنه‌كراوه
ئه‌و نه‌رمییه گه‌وره‌یه‌یه، كه سه‌رمایه هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر لێره بدرێت له‌ولا
وه‌رده‌گیرێته‌وه. له سایه‌ی دیموكراسیی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به ڕۆژگارێكدا تێپه‌ڕین
كه ده‌سه‌ڵات هه‌ندێك له شوێنی كار پاشه‌كشه‌ی كرد، كه‌چی هه‌وڵیدا ئه‌و
زێدباییهی كه ده‌یدایه كرێكار له‌ڕێگه‌ی میكانیزمی تره‌وه ههڵبمژێتهوه.
پێموایه بۆ به‌دبه‌ختی له زۆرینه‌ی شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه‌دا، به تیۆری
ماركسیزمیشه‌وه، ئه‌وه‌ی له شوێنی ژیاندا ڕووده‌دات وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كی
سه‌یری كراوه. سه‌رمایه زۆر ئاسووده‌یه كاتێك ده‌بینێت هه‌مووان پێیانوایه مه‌سه‌له‌ی
شوێنی ژیان بابه‌تێكی لاوه‌كییه، چونكه ئه‌وكاته وه‌ك به‌شێك له دینامیكییه‌تی
ململانێی چینایه‌تی توخنی ئه‌م كایه‌یه ناكه‌وین. به‌لای منه‌وه ئه‌و یه‌كێتییه‌ی
نێوان به‌رهه‌مهێنان و ڕیالیزه‌بوون بۆ ئه‌وه زۆر گرنگه كه چۆن بیر له په‌یوندی
نێوان به‌رهه‌مهێنانی به‌ها و زێده‌به‌ها و ڕیالیزبوونی بكه‌ینه‌وه، بێگومان یه‌كێك
له كێشه‌كانی تیۆری ماركسی ئه‌وه‌یه، كه كه‌س به‌شی دووه‌می سه‌رمایه وه‌ك ڕیالیزه‌بوونی
پرۆسێسه‌كه ناخوینێته‌وه. خوێندنه‌وه‌ی به‌شی دووه‌م زۆر سه‌خته، به‌ڵام
پێموایه فه‌رامۆشكردنی ئه‌و پارچه‌یه هۆكاری بوونی نوقسانییه‌كی مه‌ترسیداره له
شیكارییه ڕادیكاڵه‌كاندا كه یه‌كێتی له‌نێوان به‌رهه‌مهێنان و ڕیالیزهبووندا
نابینێت.
*ڕۆشناییه‌كی زۆر خرایه سه‌ر ڕیشه‌كانی
ڕاپه‌ڕینه‌كانی پاركی غازی له ئه‌سته‌مبوڵ، به‌ڵام ڕیشه‌كانی ڕاپه‌ڕینه عه‌ره‌بییه‌كان
كه‌متر بایه‌خی پێدرا، ئه‌گه‌رچی بۆ نموونه له میسر قه‌یرانه‌كانی نیشته‌جێبوون
و بێتوانایی گه‌نجان بۆ دابینكردنی شوێنی نیشته‌جێبوون، تاوه‌كو خێزان پێك بهێنن،
كێشه‌گه‌لێكی زۆر دیار و بهچاون. چۆن جیاوازی له ئامانجی قه‌یرانی شارنشینی له‌و
دوو ڕاپه‌ڕینه‌دا ده‌كه‌یت؟
- باشه.. من له كاروباری ئه‌سته‌مبوڵ و
قاهیره‌دا زۆر شاره‌زا نیم، بۆیه زۆر قورسه ببمه شاره‌زایه‌كی زانا له هه‌ندێ
شت‌دا كه شتێكی ئه‌وتۆی له‌باره‌وه نازانم. دوای ئه‌م تێبینییه‌م ده‌ڵێم: من به‌ر
له ڕاپه‌ڕینه‌كه سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵم كرد، هه‌ڵبه‌ت وه‌ك پێویست شتێكم له‌باره‌ی
ئه‌سته‌مبوڵه‌وه زانی تاوه‌كو ببینم ئه‌و شاره به پرۆسه‌یه‌كی سه‌یری سه‌رله‌نوێ
گه‌شه‌پێدانه‌وه‌ی شارییدا تێده‌په‌ڕێت، به‌رزكه‌ره‌وه‌ی بینادروستكهرهكان له
هه‌موو شوێنكی ئه‌و شاره‌دا ده‌بینران! ئابووریی توركی دووه‌م خێرا گه‌شه‌كردووترین
ئابووریی جیهانه له ڕووی گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه، بیناكردن و بهشاریكردنیش ڕۆلیان
هه‌یه له‌م گه‌شه‌كردنه‌دا، به‌ڵام ئه‌م خۆپڕوكان و پرۆژه فووتێكراوانه، خه‌ڵكی
سه‌رگه‌ردان ده‌كات. له‌وێ چوومه ئێستگه‌یه‌ك و پێموتن ئه‌مه ده‌مخاته‌وه بیری
ساڵی 2005 مه‌درید به‌ر له داڕووخان، له‌وێیش ململانێیه‌كی زۆر دژی هه‌ڵكه‌ندنی
خه‌ڵكی له شوێنی نیشته‌جێبوونیان هه‌بوو وه‌ك ئێستای ئه‌سته‌مبوڵ. جا به‌هۆی وتنی
ئه‌مه‌وه جه‌ماوه‌ری خۆمم له‌ده‌ستدا. من زۆر به‌ختم هه‌بوو كه له‌وێ هه‌ندێك
دۆستم هه‌بوو و بردومیانه شوێنه جیاوازه‌كانی شاره‌كه و ئه‌وه‌یان پیشاندام كه
ڕێككارییهكان و پرسه‌كانی چۆڵكردنی شوێنه‌كان چۆن به‌ڕێوه ده‌چن. له‌م هه‌ڵوێسته‌دا
بۆم ده‌ركه‌وت بزووتنه‌وه شاری-كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان زۆر به ڕوونی په‌رێشان و په‌ستن.
هه‌ڵچوونێكی زۆر دژی ئه‌و پرۆژه گه‌ورانه‌ی وه‌به‌رهێنان هه‌یه كه حكومه‌ت بۆ
شاره‌كه‌ی داڕشتبوون، جا كاتێك نه‌خشه‌ی گۆڕه‌پانێكیان داڕشت هه‌رگیز له‌وه زۆر
سه‌رم نه‌سوڕما كه جۆرێك له په‌رچه‌كردار دژی هه‌بوو، به‌ڵام پهرچهكردارهكه
وه‌ك ئه‌وه به‌هێز و زه‌ق نه‌بوو كه له میسر و باكوری ئه‌فریقا ده‌بینرا. له
باكوری ئه‌فریقا باكگراوندێكی زۆری پانزه ساڵه یان بیست ساڵه‌ی ململانێ و
خۆپیشاندانی چه‌ندباره بۆ خۆراك هه‌بوو. نرخی به‌رزی خوارده‌مه‌نی مه‌سه‌له‌یه‌كی
مه‌ترسیداره، به‌ڵام زیادبوونی بێڕاده‌ی نایه‌كسانی و گه‌نده‌ڵی زه‌ق و ئاشكرا ده‌بینن.
كاتێكیش ڕاپه‌ڕینه عه‌ره‌بییه‌كان له قاهیره ده‌ستیان پێكرد له سه‌ره‌تادا وا
بیرمده‌كرده‌وه كه چه‌ند له پاریسی كاتی شۆڕشی فه‌ره‌نسی له ساڵی 1848 ده‌چێت،
له‌به‌رئه‌وه‌ی لێكچوونی گرنگ هه‌یه له‌نێوان پاریسی 1848 و قاهیره‌ی ئێستادا. له
پاریسی ئه‌وكاته‌دا خه‌ڵكی بڕیاریاندا خۆیان له شا فیلیپ ڕزگاربكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت له
پاشا ڕزگاریان بوو، به‌ڵام ئه‌مه به‌شه ئاسانه‌كه بوو. به‌و ڕۆژانه ده‌ڵێم
ڕۆژه‌كانی شوباتی ساڵی 1848، هاوشێوه‌ی ئه‌مه ڕاپه‌ڕینه‌كانی 24/1/2011 ی میسر
بوو، كه به گه‌مارۆدانی موباره‌ك كۆتایی هات. له پاریسی ئه‌وكات دوای چه‌ند
مانگێك له ڕۆژانی حوزه‌یرانی 1848 دا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یاخیبوونی كرێكاران
ڕوویدا و نهزمهكه له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌ربازییه‌وه خرایه‌وه جێی خۆی و،
یاخیبوونه‌كه سه‌ركوت كرا. ئه‌مه كۆتایی ڕاپه‌ڕینه‌كه بوو. ئه‌وه‌ی له دوای
30/6/2013 و له 3 ته‌موزدا له میسر ڕوویدا، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر له ڕۆژانی حوزه‌یران
ده‌چوو، به‌تایبه‌تیش ئه‌و سه‌ركوته‌ی كه سه‌رباز كردی. له قاهیره شۆڕشه‌كه
سۆشیالیستی نه‌بوو؛ شۆڕشی كۆماری بۆرژوازیی بوو كه ئامانجه‌كه‌ی ڕزگاربوون بوو له
گه‌نده‌ڵی و نایه‌كسانی و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكراسیتر. نازانم ئه‌م به‌راورده
چه‌نده سوودبه‌خشه و ئه‌توانم تا كوێ دریژی بكه‌مه‌وه. له قاهیره‌یش هاوپه‌یمانییه‌كی
به‌هێز و ڕوون ده‌ركه‌وت، كه له‌مه‌دا تۆزێك له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌چوو، بزووتنه‌وه‌ی
كرێكاران له قاهیره ده‌ركه‌وتن (كه بۆ كاتێكی دیاریكراو كه‌وتبوونه جۆش‌وخرۆش).
به‌م جۆره هه‌م بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی هه‌بوو هه‌میش خه‌ڵكانی بێزاری شاره‌كه هه‌بوون
كه له‌ده‌ست نایه‌كسانی نرخی به‌رزی خۆراك و ڕێژه‌ی زۆری گه‌نده‌ڵی وه‌ڕز بووبوون،
به‌ڵام هاوپه‌یمانی له قاهیره زۆر ناچوونیه‌ك بوو، پێموایه له ئه‌سته‌مبوڵیش هه‌ر
وا بوو. بۆ نموونه له ئه‌سته‌مبوڵ هه‌وادارانی تۆپی پێی یانه‌ی چینی كرێكار (به‌شكتاش)
ئه‌و دروشمه سێكسییانهیان به‌رزكردبوویه‌وه، كه ژنان لێیان ڕازی نه‌بوون، بۆیه
داوایان لێ‌كردن دروشمه‌كانیان بگۆڕن و ئه‌وانیش وایان كرد. به‌م جۆره له هه‌ردوو
حاڵه‌ته‌كه‌دا یهكریزییهكی ناچوونیه‌ك هه‌بوو له ئاراسته‌كردنی تووڕه‌یی بۆ سه‌ر
سیسته‌مه‌كه كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئۆتۆكراسی كاری ده‌كرد و، هیچ جۆره ڕاوێژێكی
قبوڵ نه‌ده‌كرد. ناڵیم ئه‌مانه شۆڕشی سۆشیالیستی بوون، به‌ڵكو ڕاپه‌ڕینی ناڕه‌زایه‌تی
شارییانه بوون. حكومه‌تی ناوه‌ندیی توركی زۆر ئه‌سته‌مبوڵی خۆش ناوێت، ئه‌م
نموونه كلاسیكییه له‌ڕووی لێكچوونییهوه له‌گه‌ڵ پاریس‌دا گرنگی خۆی هه‌یه. ئه‌سته‌مبوڵ
سه‌نته‌ری ئۆپۆزسیۆنه و سه‌نته‌ره شارییه سه‌ره‌كییه‌كانی تریشه. به‌م جۆره
كاتێك حكومه‌ت خۆی دژی به‌شاریكردن نییه، چونكه ئه‌م جۆره گه‌شه‌كردنه شارییه‌ی
پێباشه، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه زۆر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خۆش ناوێت كه به‌ڕێژه‌یه‌كی
زۆر له‌م ناوچانه‌دا هه‌ن.
* به‌ڵام ئایا ناكرێت وایدابنێین كه
بێزاری له ئۆردوگان هه‌مان بێزارییه له موباره‌كیش؟
- باشه.. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا ئه‌وه‌ی
گه‌ل له دژی هه‌ڵسان، سته‌م و ده‌سه‌ڵاتخوازی authoritarianism
بوو، ئینجا ئاستی گه‌نده‌ڵی له هه‌ردوو وڵاته‌كه زۆر به‌رزه، هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه
خۆیان له‌سه‌ر ئاستێكی گه‌نده‌ڵی دروستبوون. من ناڵێم گه‌نده‌ڵی له وڵاتێكی وه‌كو
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا نییه، تاكه جیاوازییش ئه‌وه‌یه، كه گه‌نده‌ڵی له
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان یاساییه (سه‌رنج له تێچوون و سپۆنسه‌ریی هه‌ڵمه‌ته
سیاسییه‌كانی هه‌ڵبژاردن بده له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان و كۆمه‌ڵه‌كان و لیژنه‌كانی
كاری سیاسییه‌وه).
* لێكچوون (یان لێكنه‌چوون) له‌نێوان
بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن" Occupy Wall Street
(OWS)و
ڕاپه‌ڕینه عه‌ره‌بییه‌كاندا هێشتایش جێگای پرسوباسه. هه‌ندێك به‌شداریكه‌ری
بووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن" پێیانوایه ڕاپه‌ڕینه عه‌ره‌بییه‌كان
ئیلهامی به‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ش به‌خشیوه، ههندێكیتریش پێیانوایه ئه‌م دوو
بزووتنه‌وه‌یه جیاوازن و قابیلی به‌راورد نین. جیاوازی نێوان "وۆڵ ستریت
بگرن" و ڕاپه‌ڕینه عهرهییهكان له لایه‌نی جیاكاری و نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی
له هه‌ردوو سیاقهكهدا، چۆن ده‌بینیت؟
- "به‌هاری عه‌ره‌بی" به‌شێوه‌یه‌كی
گشتی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه، كه سه‌رجه‌م جۆره‌كانی بێزاری و تووڕه‌یی
له سیسته‌می حاكم، كه وه‌ك سیسته‌مێكی بێ هه‌ست لێیان ده‌وانی، كۆكرده‌وه. هه‌ڵبه‌ت
شاره‌زایه‌كی قوڵم له بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن" نییه، چونكه له‌و
ساڵه‌دا من له مۆڵه‌تدا بووم و ده ڕۆژ به‌ر له ده‌ستپێكردنی بزووتنه‌وه‌كه سه‌فه‌رم
كردبوو.
ئه‌گه‌ر سه‌یری پێكهاته‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه
بكه‌ن، كه چووبوونه بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن"ه‌وه، ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت
وه‌ك پێكهاته‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ڕژابوویه مه‌یدانی ته‌حریر یان ته‌نانه‌ت پاركی
غازییه‌وه هه‌مه‌ڕه‌نگ نه‌بوو. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه كۆمه‌ڵێكی چكۆله بوو، كه
كارنامه‌یه‌كی ڕادیكاڵیی هه‌بوو و ده‌یه‌ویست كارنامه‌كه‌ی بخاته سه‌ر مێز. كۆمه‌ڵێكی
زۆر كه‌م بوون، كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد به ناوی 99% ی دانیشتوانه‌وه قسه
ده‌كات.
بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن"
له ڕووی تیۆرییه‌وه گرنگه، چونكه هه‌رگیز ڕازی نابێت وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی
پێشڕه‌و a vanguard movement ناوی بهێنرێت، به‌ڵام له حه‌قیقه‌تدا
وابوو، ئه‌مه‌یش لێكدژییه جه‌وهه‌رییه‌كه‌ی بوو. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له‌وه‌دا زۆر
كیشه‌ی ناوه‌كیی هه‌بوو كه چۆن ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بگۆڕن بۆ شتێكی جیاواز.
رێسایه‌كی دیاریكراو دانرا. ده‌بوو هه‌موو شتێك ئاسۆیی بێت. پێموایه هه‌ندێك
ئیلهامی له به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگرتبوو، به‌و واتایه‌ی كه ده‌شێت بۆ وه‌دیهێنانی
شتێك بچینه ده‌ره‌وه و بڕژێینه سه‌ر شه‌قام. سهنتهرداریی له هه‌موو ئه‌و
بزووتنه‌وانه‌دا گرنگ بوو. هێنری لۆفیڤرە ده‌ڵێت سهنتهرداریی بۆ بزووتنه‌وه‌ی
سیاسی شتێكی جه‌وهه‌رییه. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ی "به‌هاری عه‌ره‌بی"
و "وۆڵ ستریت بگرن"ـدا، داگركردنی شوێنێكی سه‌نته‌ریی ڕه‌مزیی ڕوویدا،
به‌ڵام پێموایه ئه‌گه‌ر ڕاپرسییه‌ك له‌نێو ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا بكه‌ن كه له
"وۆڵ ستریت بگرن" و له مه‌یدانی ته‌حریر و پاركی غازیدا به‌شدارییان
كردبوو، ئه‌وا هه‌رگیز ناگه‌نه هیچ لێكچوونێكی گه‌وره.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، هه‌ردووكیان
گوزارشتبوون له نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی. وێڕای ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ
ستریت بگرن" كۆمه‌ڵه‌یه‌كی چكۆله‌ی ڕادیكاڵیی بوو كه‌چی گوتاری سیاسی له
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان گۆڕی. مه‌سه‌له‌ی نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌یانده
ئاستێك كه ئیدی ده‌بوو چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ر له‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌رگیز مه‌سه‌له‌ی
نایه‌كسانی چاره‌سه‌ر نه‌كرابوو، پێیشموایه هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ئۆباما بۆ جاری دووه‌م
تاڕاده‌یه‌ك به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی نایه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بوو. له نیویۆرك
خه‌ریك بوو "بیل دی بلاسیۆ" بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ڵبژێرین، كه چیدی
له چینی بلیۆنهران نه‌بوو، ئه‌و باسی له بوونی دوو شار ده‌كرد: یه‌كێكیان هی ده‌وڵه‌مه‌ندان
و یه‌كێكیشان هی هه‌ژاران و ده‌یویست شتێك به‌رامبه‌ر نایه‌كسانی كۆمه‌لایه‌تی
بكات (له 5 تشرینی دووه‌مدا دوای ئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ كرا، بلاسیۆ هه‌ڵبژێردرا).
به‌م جۆره مه‌سه‌له‌ی نایه‌كسانی خرایه پێشه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی هه‌مووانه‌وه و
له‌مه‌یشدا بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن" ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی هه‌بوو.
* كه‌واته تۆ پێتوایه بزووتنه‌وه‌ی
"وۆڵ ستریت بگرن" ئه‌و شته‌ی به‌ده‌ستنه‌هێنا، كه وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌ك
لێی چاوهڕواندهكرا و ئیتر كاریگه‌رییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای كۆتایی هات، كه‌چی دهیشڵییت
"وۆڵ ستریت بگرن" هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی خسته پێشه‌وه كه پێشتر باس نه‌كرابوو؟
- به‌ڵێ، پێموایه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی
هه‌بوو. ئامانجه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو شاره‌كه بۆ كرده‌یه‌كی ڕیشه‌یی ڕادیكاڵی و
دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ی فه‌وزه‌وی سه‌ربه‌خۆ له هه‌موو شوێنێك پاڵ پێوه بنێت. شتی
گرنگ بۆ بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن" ئه‌وه‌بوو كه كۆتایی نه‌هات،
چونكه زۆر به باشی له هه‌رێمه‌كان و ناوچه‌كانی تریشدا چالاك بوو، كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكیشی
هێنایه پێشه‌وه كه به‌خێرایی و به‌شێوه‌یه‌كی زۆر چالاك له كاتی زریانی
ساندیدا كاریان كردبوو. له‌مه‌یشدا بزووتنه‌وه‌كه توانی وا بكات په‌خشێكی ڕۆژنامه‌گه‌ری
زۆر باش بۆ ئه‌م كاره بكرێت، چونكه له ڕاستیدا له خاچی سوور‌و وه‌كاله‌تی به‌ڕێوه‌بردنی
فیدراڵیی حاڵه‌تی ناكاو، خێراتربوون. پێموانییه دادگه‌رانه بێت كه بڵێم هه‌موو
شتێك ته‌واو بوو، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌كه له‌م كاته‌دا كه له پانتاییه سه‌نته‌رییه
ڕه‌مزییه‌كه كشایه‌وه، بایه‌خه سیاسییه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ستدا. ئه‌گه‌ر به هه‌رێم
و ناوچه‌كانی تردا بڵاوببیته‌وه كه‌س سه‌رنجی ئه‌وه نادات، كه خه‌ریكیی چیت، به‌ڵام
هێشتایش زۆر كار هه‌یه، كه له هه‌رێم و ناوچه‌كانی شاری نیویۆركدا ده‌یكه‌ن.
* ئایا ئه‌مه په‌یوه‌سته به‌وه‌وه كه
چۆن وێنای بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكه‌ین؟ بیرۆكه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت له‌به‌ئه‌وه‌ی
خه‌ڵكی له شه‌قامه‌كاندا نه‌ماون، كه‌واته بزووتنه‌وه‌كه كۆتایی پێهاتووه، به‌ڵام
تۆ ده‌ڵێت وێڕای ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن" په‌رش و بڵاویش
بوویه‌وه، كه‌چی كاره‌كانی مه‌یدانی سیاسیی له شارێكی وه‌ك نیویۆركدا داڕشتۆته‌وه.
- به‌شێكی زۆری سیاسه‌ت ڕه‌مزییه.
بزووتنه‌وه‌كه له ڕووی ڕه‌مزییه‌وه شتێكی به‌ده‌ست هێنا و له‌ڕووی ڕیخكستن (ته‌نزیم)ـه‌وه
له وهیدهێننانیدا شكستیهێنا. ده‌ستكه‌وتی ڕه‌مزی گرنگه، سه‌رۆكی نوێی شاره‌وانی
به‌ڵێنی ئه‌وه‌یدا كه یه‌كه‌م كاری دانانی باجی زیاتره له‌سه‌ر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان،
له‌پێناو ئه‌وه‌ی بیكاته‌وه به چاودێریی گشتیی به‌ر له قوتابخانه له سه‌رجه‌م
شاره‌كه‌دا. پێموانییه كاندیدێك له ئاستی پێگه‌ی سه‌رۆكی شاره‌وانیدا بوێریی ئه‌م
به‌ڵێن و گفته‌ی هه‌بووایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاستییه نه‌بووایه كه بزووتنه‌وه‌ی
"وۆڵ ستریت بگرن" به تووندی نایه‌كسانی خستۆته خشته‌ی كاره‌كانه‌وه.
*بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن"
و ناڕه‌زایه‌تییه هه‌مه‌جۆره‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داگیركردنی شوێنی گشتی
(باخچه‌كان و مه‌یدانه‌كان)ـیان وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی ته‌كتیكی به‌كارهێنا. ئه‌م ته‌كتیكی
شوێنگرتنه چۆن بزووتنه‌وه‌كانی داڕشتۆته‌وه و ئاسۆی چ جۆره سیاسه‌ت و توانایه‌ك
ده‌كاته‌وه و سنووره‌كانی له كوێدان؟
- پێموایه سێنترالێتی ئه‌و شوێنانه‌ی كه
ئه‌م بزووتنه‌وانه داگیریان كرد ئاماژه‌یه‌كی گرنگه. ئه‌گه‌ر شوێنێكی سه‌ره‌كی
داگیر بكه‌یت سه‌رنجه‌كان ده‌خه‌یته سه‌ر خۆت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كه‌یت ئه‌و
شوێنانه له‌ده‌ستده‌ده‌یت. ئه‌م بزووتنه‌وه ڕه‌مزییانه بۆ وه‌دیهێنانی شتێك
گرنگن، ئه‌وه‌یش له‌و سنوره‌دا كه سیاسه‌ت تێیدا ده‌بێته سیاسه‌تێكی ڕه‌مزی.
شتێك كه له ده‌وری بزووتنه‌وه‌ی
"وۆڵ ستریت بگرن"ه‌وه په‌یدابووبوو، ئه‌و ئاسته‌ی تێڕوانین بوو، كه ده‌شێت
شوێنێكی گشتی ببێته شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سیاسی. به‌لای ئێمه‌وه داننانێك هه‌یه
به‌وه‌دا كه زۆر پانتایی گشتی له ده‌وروبه‌رماندا هه‌ن، به‌ڵام له به‌رده‌ستی
جه‌ماوه‌ردا نین، تاوه‌كو ئه‌و شتانه‌ی تێدا بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێت. پانتایی گشتی
شوێنێكی ڕكێف كراوه و، له پێناو ئامانجێكی هاوبه‌شدا بوونی نییه. له ئێستادا
جهختكردهوهیهكی سه‌ره‌كی له شاردا هه‌یه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كۆبوونه‌وه و
گردبوونه‌وه‌كان: ئایا شوێنی گشتی ئه‌وتۆ هه‌یه كه بتوانین به كرده‌یی تێیدا
كۆببینه‌وه؟
شتێكی‌تر كه له‌باره‌ی بزووتنه‌وه
"وۆڵ ستریت بگرن"ه‌وه، جێگای سه‌رنجه توانای خێرای پۆلیس بوو بۆ
دامركاندنه‌وه. بزووتنه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌مان له باڵی ڕاستڕه‌وه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش
حیزبی "چای"یه Tea Party.
هه‌فته‌ی ڕابردوو حیزبی چایی په‌رژینی ده‌وری مۆنیۆمێنتی جه‌نگی دووه‌می جیهانییان
له واشنتۆن هه‌ڵگرت، پهرژینهكانیان هه‌ڵكه‌ند و له به‌رده‌م كۆشكی سپی فڕێیاندا،
پۆلیس یه‌ك شتی نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شتێك یه‌ك ئینج له پاركی زوكۆتی [شوێنێكی
گشتی كه موڵكی تایبه‌تیه و سه‌نته‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی (وۆڵ
ستریت بگرن) بوو، له نیویۆرك] بجوڵێنیت ده‌ستبه‌جێ ده‌گیرێیت. پێموایه ئه‌م فه‌رق
و جیاكارییه بۆ گرتنی خه‌ڵكی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ئێستا بۆته شتێكی جێگای سه‌رنج.
پێموایه ململانێكان له‌سه‌ر ئه‌م شوێنه ڕه‌مزییانه به‌شێكی گرنگی ته‌كتیكه‌كانی
چه‌په.
*بۆ ماركسیسته جوگرافییه‌كان،
گۆڕانكارییه‌كان له به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دۆخی شارنشینیدا (سه‌رمایه‌داری و لیبرالی
و ..هتد)، بۆ عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی زه‌رورییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا زۆرێك له
تیۆریست و ئه‌كتیڤیسته‌كانی تر فۆكه‌سی خۆیان خستۆته سه‌ر ململانێكان له شوێنی
كار. ئایا بزووتنه‌وه‌ی "وۆڵ ستریت بگرن" و ڕاپه‌ڕینه عه‌ره‌بییه‌كان
فۆكه‌س ئه‌گێڕنه‌وه سه‌ر ململانێی چینه‌كان له فه‌زای شارنشینیدا؟
- ده‌بێت هه‌ردووكیان پێكه‌وه دابنێیت.
ئه‌گه‌ر شوێنه‌كانی كار بگۆڕیت و شار ده‌ستكاریی نه‌كه‌یت ده‌بێت له هه‌ندێ خاڵی
دیاریكراودا بپرسیت ئه‌ی ئامانج له‌مه چییه؟ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی هه‌لومه‌رجی ژیانی
نیشته‌جێبوونیان ترسناك بێت و نه‌توانن باجی شوێنی نیشته‌جێبوونه‌كه‌یان بده‌ن، ئه‌گه‌ر
بێ ماڵ و حاڵ بن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وهزیفهیشیان هه‌بێت، ئه‌وا تێكۆشان و بگره
سه‌ركه‌وتن له شه‌ڕه‌كانی شوێنی كاردا، ئه‌گه‌ر شار له دۆخی متبووندا بێت، ناتگه‌یه‌نێت
به هیچ. بۆنموونه ئێستا ئه‌م مه‌سه‌لانه له مایه‌پووچبوونی دیترۆیت دا ده‌رده‌كه‌ون.
ئه‌مه ڕواڵه‌تێكی سه‌ره‌كییه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی، كه ده‌بێت چۆن ململانێ بكه‌ین
و تێ‌بكۆشین، ئینجا زۆریش به‌لامه‌وه سه‌یره كه هه‌ندێك خه‌ڵك وه‌ك هه‌مان یه‌كه‌ی
ململانێ وه‌ك یه‌كێتییه‌ك بیریان له‌مه
كردۆته‌وه.
له‌ڕووی ئایدیۆلۆژییه‌وه، حیزبی سۆشیالیستیی
كرێكاری له به‌ریتانیا، كه یه‌كێكه له به‌هێزترین حیزبه چه‌په‌كانی ئه‌وروپا،
پشت به كرێكار و گاركه ده‌به‌ستێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا یه‌كێك له چالاكییه زۆر
سه‌ركه‌وتووه‌كانی په‌یوه‌سته به مه‌سه‌له‌ی باجی سهرنشینییهوه، كه مه‌سه‌له‌یه‌كی
شارنشینییه. ئه‌م مه‌سه‌له بوو كه بووه مایه‌ی ڕزگاربوون له مارگرێت تاتچه‌ر.
ئه‌م حیزبه له‌ڕێگه‌ی مه‌سه‌له‌ی شارنشینییه‌وه (چاكسازیی له دابینكردنی خه‌رجیی
لۆكاڵیی حكومه‌ت) له سیاسه‌تدا كاریگه‌ره و جیاوازییه ڕاسته‌قینه‌ی دروستكردووه.
ده‌ربڕینێكی قه‌شه‌نگی كۆنی ئه‌نتۆنیۆ گرامشییم
به‌رچاوكه‌وت كه هی ساڵی 1918 یه (هه‌ڵبه‌ت گرامشی تێكۆشه‌رێكی به‌هێزبوو، له‌پێناو
ئه‌نجومه‌نه كرێكارییه‌كاندا workers’ councils)،
ده‌ربڕینه‌كه ده‌ڵێت: ئه‌نجومه‌نه كرێكارییه‌كان ته‌نیا بایه‌خ به‌و شتانه ده‌ده‌ن،
كه له‌و هێڵه تایبه‌ته‌ی كاردا ڕووده‌ده‌ن. زۆر گرنگه ئه‌نجومه‌نه كرێكارییه‌كان
بایه‌خ به ڕێكخستنه‌كانی گه‌ڕه‌ك neighborhood organizations
بده‌ن، چونكه ئه‌م ڕێكخستنانه‌ی گه‌ڕه‌ك به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه كرێكاره‌كانی
خاوێنكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان [كه‌ناسه‌كان] و كرێكاره‌كانی گواستنه‌وه‌و فه‌رمانبه‌ره‌كانی
بانكه‌كان و ههركهسێكتر له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وا تێگه‌یشتنێكی
باشتریشیان بۆ دۆخی چینی كرێكار وه‌ك گشتێك as a whole
ده‌بێت، باشتر له‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌نجومه‌نه كرێكارییه‌كان [بۆ چینی كرێكار] هه‌یانه
و ته‌نیا له چه‌ند ئایدیایه‌كدا ده‌رباره‌ی هێڵه تایبه‌ته‌كانی به‌رهه‌مهێنانه
پیشه‌سازییه‌كه‌ی كورتیان كردۆته‌وه. گرامشی ده‌ڵێت: «با ئه‌م دوو فۆڕمه‌ی ڕێكخستن
پێكه‌وه دابنێین». پێموایه بۆماوه‌یه‌كی درێژ ئه‌مه سیاسه‌تی سه‌ره‌كیی منه،
به‌ڵام به‌رده‌وامیش جه‌خت له‌سه‌ر شارنشینی ده‌كه‌مه‌وه، چونكه زۆربه‌ی
هاوڕێكانم له بزووتنه‌وه ماركسی و سۆشیالیستییهكاندا ده‌یانه‌وێت ته‌نیا فۆكه‌س
بخه‌نه سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و بزووتنه‌وه كرێكارییه‌كان، له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك
گشتێك له دۆخی چینی كرێكار له شاردا بڕوانن.
*تۆ و هێنری لۆفیڤرە و جیوگرافیناسە ماركسیسته‌كانی تر مشتومڕی ئه‌وه‌تان
كردووه، كه چۆن شار و ژینگه‌ی باڵه‌خانه‌یی built
environment
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی شوێنه‌كانی كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌ن، به زۆرییش ئه‌مه له
ڕێگه‌ی له موڵكایهتیخستنهوه dispossession ڕووده‌دات، له‌گه‌ڵ نرخی به‌رزی زه‌وی و
خانوودا، كه هه‌میشه چینی كرێكار و خه‌ڵكانی هه‌ژار له زۆربه‌ی شاره‌كاندا ده‌یده‌ن
به دونیای ده‌ره‌وه، ڕێگاكانی ده‌ره‌وه، بۆ ده‌وروبه‌ره‌كان و گیتۆكان و شاره
میللیه‌كان، هه‌ندێك له‌و ئه‌گه‌ره چهمكییانه conceptual possibilities
چین كه ده‌كرێت یارمه‌تیمانبده‌ن له‌وه‌ی به‌ره‌و ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی
له‌سه‌ر ژینگه‌ی باڵه‌خانه‌یی بچینه پێش؟
- وه‌ك چۆن شار شوێنی كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌یه،
به‌هه‌مان شێوه شوێنی ڕیالیزه‌بوونی سهرمایهیشه و، ده‌بێت ئه‌م ململانێیانه‌ش
پێكه‌وه دابنێین، ئینجا وه‌ك تۆ ده‌ڵێیت، من و لۆفیڤرە و چه‌ند هاوڕێیهكیتر،
وتمان سه‌رمایه سوڕێكی لاوه‌كیی هه‌یه، كه تێیدا پاره له به بیناكردنی شاره‌وه
city-building
هه‌ڵده‌قوڵێت. پیشه‌سازیی شار وه‌ك پیشه‌سازیی پارچه‌ی كه‌لوپه‌ل له كارگه‌كاندا
گرنگه. وه‌ك پێویست له‌وه ورد نه‌بووینه‌ته‌وه كێ شار دروستده‌كات و چۆن دروستده‌كرێت.
له‌م ڕۆژگاره‌دا هێزه‌كانی كار به زۆری ڕێكه‌وت و كاتین- به ده‌وروبه‌ردا بڵاوده‌بنه‌وه
و ده‌جوڵێن و، ڕێكخستنیان سه‌خته. جا به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌یه‌كی زۆری كرێكارانی
كارگه‌وه خه‌ڵێكی زۆر ده‌پرسن: كوانێ چینی كرێكار؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه
ئێمه ده‌بێت وه‌ك سه‌رجه‌م ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ژیانی شارنشینی به‌رهه‌مدێنن و به‌رهه‌م
ده‌هێننه‌وه، وێنای چینی كرێكار بكه‌ین و كۆنسێپتوالیزهی بكه‌ین.
*ئایا كۆمێنتێك یان پرسیارێكت هه‌یه بۆ
سه‌رجه‌م ئه‌و ئهكتیڤیستانهی كه له ده‌ره‌وه‌ن؟
- نه‌خێر، من ڕێسایهكم هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه،
كه هیچ ڕێنماییه‌ك له‌باره‌ی پێگه و دۆخه لۆكاڵییهكهیانهوه ناده‌م به ئهكتیڤیسته
لۆكاڵییه‌كان، چونكه ئه‌وان له من باشتر ده‌زانن چی ده‌كه‌ن!
سه‌رچاوه‌كان:
سایتی (الجدلیة
Aljadaliyya)
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هارڤه‌ی ئه‌نجامداوه. ئه‌م سایته به هه‌ر سێ
زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی و فارسی بابه‌ته‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه، بۆ وه‌رگێڕانی
ئه‌م گفتوگۆیه سوودم له هه‌ردوو ده‌قه عه‌ره‌بی و ئینگلیزییه‌كه وه‌رگرتووه،
كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه ناونیشانهكانییهتی:
- الصراع على الحيز المديني, حوار مع
ديفيد هارفي, ترجمة: أسامة إسبر، http://www.jadaliyya.com
تێبینى: ئەم وتارە لە نامیلکەى "د‌یڤید هارڤەى"، زنجیرە نامیلکەى "فەلسەفى"ى دەزگاى ئایدیا بڵاوکراوەتەوە. هەروەها لە سایتى کو‌لتوور مەگەزینیش بڵاوکراوەتەوە. لینکى وتارەکە لە سایتەکە:
No comments:
Post a Comment