My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday, 17 September 2013

خودا لە عەقڵانیەتی سپینۆزادا


وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

      بارۆخ (بنیدكتۆس) دو سپینۆزا (1632-1677)، بەلای هەندێك فەیلەسوفانەوە فەیلەسوفێكی قووڵی ڕۆشنگەرا بووە و زۆر بڕوای بە خودا هەبووە. بەڵام بەلای هەندێكی ترەوە باوەڕی بە خودا نەبووە و فەیلەسوفێكی ئاڵۆز و بێباوەڕ بووە. ڕاستییەكەی ئەشێت فەلسەفە و بەرهەمەكانی سپینۆزا بۆخۆی فێرگە و ڕێبازێكی فەلسەفی بن. نامەكەی "سەبارەت بە چاكسازیی لە عەقڵدا" (1677) جگە لەوەی بە ڕێخۆشكەر دادەنرێت بۆ هەڵچنینی ڕێبازەكەی، جۆرێكیش بوو لە مەیلی ڕووكردنە نووسین لەبارەی ئاكارەوە. بەڵام كتێبە سەرەكییەكەی بەناوی (ئەخلاق) ساڵی 1677 داناوە و تێیدا میتۆدێكی ئەندازەیی بەكارهێناوە (بە لاتینی more geomtrico demostrata) هەمان میتۆدیشی لە یەكەم كتێبیدا بەناوی "بنەماكانی فەلسەفەی دیكارت" (1663) بەكارهێناوە.
     هەر بڕگەیەك لەو نووسینانە لە پێناسەكان و بەڵگەنەویستەكان و ڕستەی فێركاری و بەڵگە و پاساوە عەقڵییەكان، ئینجا بەرەنجامەكان و حوكمە یارمەتیدەرەكان و تێبینی و سەلمێنراوەكان پێكدێت.
      سیستەمی بیركاریی (لە زانكۆكانی سەدەكانی ناوەڕاستدا و لە نامە لۆژیكییە- بیریكارییەكانی ڤیتگنیشتاینیشدا) شێوەی دەرەوە بەكارناهێنێت، بەڵكو ئەو سیستەمە دەربڕی توانای بەكارهێنانی فەلسەفە و بیركارییە، كە بە ڕێگای deduction (ئیستیدلال)، لە بنەما باڵاكان یان لە بنەما یەكەمینەكانەوە دەست پێدەكات و گریمانەی ئەنجامگیریی سەرجەم حوكمەكان دەكات.
      سپینۆزا دەیویست ئەوە بسەلمێنێت كە ئەم شێوە ڕواڵەتییە پێویستی بە پێوەرێكی دیكەی حەقیقەتە جیاوازێت بێت لە پێوەرە سادە و باوەكان:
      ئەوانە پرسیاری مرۆیی دەربارەی ئامانجەكە پشتگوێ‌ دەخەن.
      هیچ شتێك نابێتە هۆی دیلكردنی مرۆڤ بیركردنەوە مەبەستدارانەكەی (التفكیر الغائی) نەبێت. ەم بیركردنەوەیە وەك ئامرازێكی بە سوود سەیری هەموو شتەكانی نێو سروشت دەكات.
     بەم جۆرە كتێبی (ئەخلاق)ـەكەی سپینۆزا دابەش بووە بەسەر پێنج بڕگە یان وتاردا: یەكەمیان دەربارەی خودا، دووەمیان دەربارەی سروشت و بنچینەی دەروون، سێیەم لەباری هەڵچوونەكانەوە، چوارەم لەبارەی كۆیلایەتی مرۆڤەوە، پێنجەمیشیان لەبارەی هێزی عەقڵەوە یان سەبارەت بە ئازادیی مرۆڤ.
      كە سپینۆزا لە جیاتی ئەوەی لە مرۆڤەوە دەست پێ بكات لە خوداوە دەست پێدەكات، مانای وایە:
      ئەگەر بێتو بۆچوون و وێنامان بۆ خودا هەڵە بێت ئەوا ناكرێت وێنەی مرۆڤیش ڕاست و دروست دەربچێت.
      بە بڕوای سپینۆزا خودا جەوهەرە و جەوهەریش ئەوە. "ئەوەی چەمكەكەی پێویستی بە چەمكی شتێكی تر نەبێت، ئەوا لێی وەردەگیرێت".
      جەوهەریش لە هەڵگیراوەكان (مەحمولات) پێك دێت، ئەمەش واتە ئەو سیفەتانەی كە عەقڵ بە سیفەتی سەرەكییان دادەنێت. سپینۆزا ناوی (modi) لە دۆخەكانی جەوهەر دەنێت.
     بەڵام بە بڕوای سپینۆزا ئەوەی كۆتا و پایاندارە ئەو شتەیە كە شتێكی تری هەمان سروشتی خۆی تێی دەپەڕێنێت. "بۆ نموونە جەستە بە كۆتا و پایاندار دادەنرێت چونكە ئێمە بەردەوام دەتوانین وێنای جەستەیەكی گەورەتر بكەین.. كەچی هیچ ئایدیایەك لەلایەن جەستەوە تێناپەڕێنرێت ]چونكە ئایدیا و جەستە سەر بە هەمان سروشت نین[".
      خودا هەمیشە و بە ڕەهایی بوونێكی نا- كۆتا و بێ‌ پایانە. چوون لەنێو خۆیدا هیچ نەفییەكی هەڵنەگرتووە، بەردەوامیش بە چەندان هەڵگیراو (محمولات)ـی بێ‌ پایان بەهێز دەبێت. لەمەوە سپینۆزا ئەنجامگیریی ئەوە دەكات كە خودا بوونی ناچاریی (واجب الوجود)ـە و تەنیا ئەو تاك جەوهەرە، بۆیەشە شیاوی دابەش بوون نییە.
       بەڵام شتە درێژبووەوەكان و مەعریفییەكان یان سیفەتەكانی خودان یاخود دۆخەكانی سیفەتەكانی خودان.
      كەواتە سپینۆزا پێش هەموو شتێك ئەوەی دیاری كردووە جەوهەری ناكۆتا كێیە، پاشانیش دۆخە كۆتاكان (جیهان و مرۆڤ) چین. بێجگە لە چەمكی جەوهەر و ڕواڵەت دەكرێت بە چەمكی تریش ئەم جیاوازییە دەرببڕدرێت: "سروشتی ئەفرێنەر" natura naturans و "سروشتی ئەفرێنراو" natura maturate.
      سروشتی ئەفرێنەر هاو-چییەتی (متماهی) نییە لەگەڵ سروشتی ئەفرێنراودا، بەڵام:
     "هەر شتێك كە هەبێت، لە خودادا هەیە و ناكرێت بە بێ‌ ئەو بوونی هەبێت، ناكرێت بە بێ‌ ئەو دەركیش بكرێت".
       سپینۆزا بەم جۆرەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكەی دایەوە كە ئەشێت هەندێك بەم هۆیەوە بە بێباوەڕ حیسابیان كردبێت:
      "ئەگەر خەڵكانێك هەبن پێیان وابێت خودا و سروشت (جا لەمە وەك زۆریەتی چەندێتی تێدەگەن یان وەك مادەی بەجەستە) یەكن و هەردووكیشیان یەك شتن، ئەوا زۆر هەڵەن".
      یەكسانبوونی "خودا و سروشت" واتای ئەوەیە خودا سروشتی ئەفرێنەرە، ئیتر هەموو شتەكانی تر لەودان و ئەفرێنراون، هەر بۆیەشە لە بوونیاندا قەرزداری خودان.
      جا بۆیە دەبێت هەموو مەعریفە و زانینێكیش لە دەوری سیفەتەكانی خودا و دۆخەكانی ئەم سیفەتانە بسوڕێتەوە نەك هیچ شتێكی تر.
     پاش خستنەڕووی یەكەم هۆكار و دوا هۆكاری حەقیقەت، سپینۆزا میتافیزیكای مرۆڤ پیشان دەدات، لێرەدا بنەما سەرەكییەكە ئەو تێزەی سپینۆزایە كە پێی وایە درێژبوونەوە و ئاگایی هەردووكیان سیفەتی یەك جەوهەرن و دەتوانین لێی وردبینەوە. لەمەشەوە ئەم ئەنجانگیرییە دەكات:
      " ڕێكخستن و لێك بەستنەوەی هزرەكان و ڕێكخستن و لێكبەستنەوەی شتەكان یەك جۆرن". بە بڕوای ئەو حەقیقەتی شتەكان و هزرەكان تەنیا بەندە بە تێڕوانینی عەقڵییانە لە سیفەتەكانی خودا. هەموو جەستەكان حاڵەتەكانی خودان و سیفەتی درێژبوونەوەیان هەیە، هزرەكانیش سیفەتی ئاگایی.
      دەرهەق بە مرۆڤیش، پەیوەندی نێوان جەستە و دەروون پەیوەندییەكی هاوسەنگە: هەردووكیان دوو ڕواڵەتی یەك تاكەكەسن.   

سەرچاوە:
بیتر كونزمان و آ‌خرون: أطلس DTV الفلسفة، ترجمة: د. جورج كتورە، المكتبة  الشرقیة، الطبعة الثانیة، بیروت- لبنان، 2007، ص109-110.  

Friday, 13 September 2013

سۆرین كیركگارد


وەرگێڕانی: هاوار محەمەد


      دەبێت سۆرین كیركگارد (1813-1855) لەنێو بیرمەندە زۆر جەسوورەکانى سەدەی نۆزدە پۆلێن بكەین. كتێبەكانی خۆی (كە هەندێكیانی بە ناوی خوازراوەوە بڵاو كردەوە) بە شێوازێكی زۆر تایبەت بەخۆی نووسیوە و تەرخانی كردوون بۆ بابەتی ئەدەبی و دەروونشیکاری و مشتومڕی لاهوتی. بەڵام زۆرینەی بەرهەمەكانی بە پاشخانی سەربردەی كەسیی خۆی دەناسرێنەوە و تێیاندا ڕوانگەگەلی ئایینی (مەسیحییەت) دەخاتە ڕوو كە پرسی ئیمانی كردە بابەتێكی یەكلاكەرەوە. شیكارییەكانی ئەو بۆ جۆرەكانی بوونی مرۆیی كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر فەلسەفە بوونگەراكانی سەدەی بیستەم.
      كیركگارد ئەم پرسیارە یەكلاكەرەوەی كرد:
      من چۆن دەتوانم وەك سوبێکتێک هەبوو پەیوەندی لەگەڵ خودا دابمەزرێنم؟ بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات پێش هەموو شتێك پێویستە لە پێشمەرجە عەینییەكانی بوونی تاك تێبگەم، بە دەربڕینێكی دیكە " لە بووندا لە خۆم تێبگەم". فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانی (بەتایبەتی هیگڵ) بە هۆی داهێنانی شێوازی "هزری ئەبستراكت"ـەوە كتومت ئەمەی لە بیركردنەوەی خۆی كردۆتە دەرەوە کە كیركگارد وتوویەتی.
      "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بیركردنەوەی ئەبستراكت دەكەوێتە نێو تێڕوانینی ئەزەلییەوە ئەوا نە كات لەبەرچاو دەگرێت و نە صیرورەی تایبەت بە بوون و نە دەروەستى ئەو مەینەتییانەیش دێ کە بوون گیرۆدەیان بووە...".
      جا لەبەرئەوەی بیركەرەوەی ئەبستراكت خۆیشی هەر بوونێكی عەینیی هەیە، ئەوا ئەگەر بێتوو دان بەم بنەمایەی بوون و بیركردنەوەیدا نەنێت دەگۆڕێت بۆ "لیبۆکێکى كۆمیدی"و خۆی و بیركردنەوەكانی دەكات بە بت. بە پێچەوانەی ئەمەیشەوە، دەبێت خۆی وەك سوبێکت بگۆڕێت واتە "... مەعریفە پەیوەست بێت بە سوبێکتێکى هۆشیارەوە كە هەر دەبێت بوونی هەبێت. جا لەبەرئەوە حەقیقەتی واقیعی تایبەت ئەو حەقیقەتەیە كە (لەوێدا) بوونی هەیە. ئەم حەقیقەتەیش بەرژەوەندییە ڕەهاكەیەتی".
      خۆ ئەگەر بەم هۆیەوە بوونی مرۆیی ببێتە تەوەری لێكدانەوە فەلسەفییەكان، ئەوا ئەو كاتە ئەم پرسیارە زەق دەبێتەوە: مرۆڤ چییە؟
      "مرۆڤ یەكخەری میانەی بێ‌ پایان و پایاندار، كاتی و ئەزەلی، ئازادی و ناچارییە. بە كورتی واتە مرۆڤ تەباییە. تەبایی نێوان دوو شت". لەگەڵ ئەوەیشدا ئیدی لەم ساتەوە ئەو سوبێکت نییە: "سوبێکت پەیوەندییەكە كە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، یاخود ئەو خەسڵەتەیە كە پەیوەندیی گەڕانەوە بۆ خۆی، هەیەتی". مرۆڤیش نابێتە خۆی تەنیا بەوە نەبێت كە بە شێوەیەكی هۆشمەندانە پابەند بێت بە تەبایی بوونی خۆیەوە.
      بوونی سوبێکت تەنیا پێدراوێكی حازر بەدەست نییە لە بەردەستی مرۆڤدا، بەڵكو ئەرك و ئامانجێكە پێویستە وەدی بهێنرێت. لێرەدا دەكرێت مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ تەبایی خۆیدا خۆی لە بەدحاڵیبووندا ببینێتەوە و دەرك بەوە بكات كە دەرهەق بەخۆی بە ئاگایی و نائاگایی گوناهـ دەكات. كیركگارد لە كتێبی "نەخۆشی هەتا مردن"ـدا ئەم دۆخی بێ‌ ئومێدییەمان بۆ وەسف دەکات، واتە باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە مرۆڤ بە شێوەی هەمەجۆر و جیاواز ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە خۆی بێت.
       لەبەرئەوەی مرۆڤ بەدەستی خۆی نییە كە وەك تەبایی و خۆسازان ئافەریدە كراوە، بەڵكو خودا بەو جۆرە ئافەریدەی كردووە، ئەوا دەبێت ئەم هەڵە تێگەیشتنە بخرێتە نێو ڕوانگەی پەیوەندی بە خوداوە. ئەمەش كتومت دیاریكردنی (گوناهـ)ـە. واتە ئەوەی كە "مرۆڤ" نەیەوێت لەبەردەمی خوادا خۆی بێت.
      كیركگارد بۆ دیاریكردنی قۆناغە جیاوازەكانی بوون، باسی چوونی مرۆڤ بەرەو ئیمان دەكات، لەمەشدا بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا مرۆڤ پشت بەو هێزە دەبەستێت كە ئافەریدەی كردووە.
     لە قۆناغی ئێستاتیكیدا مرۆڤ لە بەركەوتنی ڕاستەوخۆدا دەژی، واتە هێشتا ئەوەی هەڵنەبژاردووە كە خۆی وەك "من" یان وەك "سوبێکت" هەڵبژێرێت. ئەو لە دەرەكیبوون و دەرەوەدا و لە هەستەكیبوون و هەستدا دەژی، ئەوەش بە پێڕەویكردن لەم دروشمە: "دەبێت چێژ لە ژیان ببینم". نموونەی ئەمەش "دۆن جوان"ـە.
      لەبەرئەوەی مرۆڤ لە وەدیهێنانی ئەم جۆرە ژیانەدا لە دەرەوەڕا دەمێنێتەوە، واتە لە شوێن و جێیەکدا، لە دنیایەکدا كە دەسەڵاتی بەسەریدا ناشكێت، ئەوا هەستكردنی سەرەكی لە بوونی هونەریدا هەستكردنێكی دیار یان شاراوە بە نائومێدییە. لەم بیرۆكەیەشەوە هەلومەرجەكانی ئەم جۆرە بوونەی لێ‌ دادەماڵرێت.
كاتێكیش مرۆڤ خۆی لە نائومێدیدا هەڵدەبژێرێت ئەوا باز دەدات بۆ قۆناغی ئاكاری.
      "... لەبەرئەوەی هەرگیز ناتوانم جگە لە خۆم هیچ شتێكی دیكە هەڵبژێرم، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە ڕەهایە ئەوەیە كە ئازادییەكەم فەراهەم دەكات. تەنیا بەم كارە ئەبم بەو بوونەی كە سنوورى جیاكەرەوەی نێوان چاكە و خراپە دەردەخەم".
      بوونی ئاكاری وا خۆی هەڵبژاردووە وەك ئەوەی بوونی سوبێکتە، بەوەش سەربەستی لەبەرامبەر بووندا بەدەست هێناوە. بوونی ئاكاریی سوبێکتى بكەری هەڵبژاردنە، بەهۆی ئەم بوونەیشەوە ژیان بەردەوامی و گەرموگوڕی بەخۆیەوە دەگرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم قۆناغە ناتوانێت بگاتە كەماڵی هەمەكی، لەبەرئەوەی لەم قۆناغەدا مرۆڤ لەمیانەی توانای "گوناهكردن"ـەوە خاوەنی پێشمەرجی ژیانێكی ئایدیالییانەی ئاكاری نییە، چونكە بیرۆكەی گوناهـ لەسەری باڵادەستە. بۆیە مرۆڤ لەمەوە دەگات بە قۆناغی ئایینی.
      ئەو مرۆڤەی خۆی بە گوناهبار دەزانێت لەوەش تێدەگات كە خۆی بە تەنیا ناتوانێت لە گوناهـ ڕزگاری ببێت. بۆیە خودا، تەنیا خودا، توانای چوونی بەرەو حەقیقەت پێ‌ دەبەخشێت و دەیخاتە سەر رێى ڕاستى: كرۆكی ئیمان ئەو پارادۆكسەیە كە بەهۆیەوە ئەزەلی دێتە نێو كاتەوە، ئەبەدى و زەمەنى تێکەڵ دەبن، واتە خودا دەبێتە مرۆڤ.. (مەسیح).
      جا لەبەرئەوەی دەبێت خودا بێتە نێو مرۆڤەكانەوە تا حەقیقەتیان پێ‌ بەخشێت، ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤ بە تەنیا خۆی و بەهۆی خۆیەوە ناتوانێت بە حەقیقەت بگات، بەڵكو دەبێت خودا ئەو هەلومەرجەی بۆ بڕەخسێنێت. هەر بەهۆی ئیمانەوە، بێ‌ هیچ ترسێك، مرۆڤ لەخوداوە ڕاست دەبێتەوە.

سەرچاوە:
بیتر كونزمان و آ‌خرون: أطلس dtv الفلسفة، ترجمة: د. جورج كتورە، المكتبة الشرقیة، الطبعة الثانية، بیروت- لبنان، 2007، ص 162-164.  
      

Tuesday, 20 August 2013

لە پاشای كونشێرتۆوە بۆ پاشای سەمفۆنیا


ئیبراهیم ئەلعەریس
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد


      تۆبڵێیی ڕۆژێك لە ڕۆژان مۆزارت و بێتهۆڤن چاوییان بە یەكتری كەوتبێت؟ حیكایەت و چیرۆكی زۆر هەن باس لەوە دەكەن یەكجار یەكتریان بینیووە. بەڵام بەڵگەی مێژوویی و حاشاهەڵنەگری ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە شتێكی لەم بابەتە بسەلمێنن. خۆ وەختێك كە مۆزارت كۆچی دوایی كرد تەمەنی بێتهۆڤن (21) ساڵان بوو، بۆیە ڕێی تێدەچێت یەكتریشیان بینیبێت، چوون بێتهۆڤن لە تەمەنێكی زۆر زوودا دەستی كرد بە چالاكییە مۆسیقییەكانی خۆی، هەر لەو سەرەتایانەیشیدا زۆر لەژێر كاریگەری مۆزارت و مۆسیقای ئەودا بوو، تەنانەت ئەو پێی وابوو مۆزارت یەكێكە لە گەورەترین ئەو مۆسیقارانەی كە مێژووی مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناون.
      بۆیە بێتهۆڤن هەمیشە پێیوابوو مۆزارت خاوەنی ئەو مۆسیقایانەیە كە هەر لەو كاتەوەی منداڵ بووە و تازە هونەری مۆسیقای دەرك پێكردووە، بۆی بۆتە ئیلهامبەخش. چەند حیكایەتێكیش هەن وا دەگێڕنەوە گوایە مۆزارتیش هەندێك لەو بەرهەمانەی بێتهۆڤنی گوێ‌ لێ‌ بووە كە هەر لە تەمەنێكی زوودا داینابوون، بۆیەشە ئەگەرچی ئەو 14 ساڵ لەخۆی بچووكتر بووە بەڵام ستایشی ئەو بەرهەمانەی كردووە و پێشبینی ئەوەی بۆ كردووە كە لە دونیای مۆسیقادا دەبێتە كەسێكی مەزن. دەشێت ئەم سەرسامییەی مۆزارت بە كارەكانی بێتهۆڤن ئەسڵ و ئەساسی هەبێت. كەچی وێڕای هەموو ئەو قسانەی كە لەبارەی نزیكایەتی ئەو دوو كەسەوە دەگووترێن، هەریەكەیان لە مۆسیقادا خاوەنی ڕێبازی تایبەت بە خۆیان بوون و لەم ڕووەوە دووری لەنێوانیشیاندا هەیە.
      بەڵام جەختكردنەوە لەسەر دووریی ڕێبازی ئەم دوو مۆسیقارە لە یەكتری، نابێت ئەوەمان لەبیر بباتەوە كە بێتهۆڤن لە سەرەتای تەمەنی مۆسیقیی خۆیدا و لایەنی كەم لە مۆسیقا – پێش- سەمفۆنیاكانیدا و ڕێك لە هەندێك كۆنشێرتۆیدا زۆر نزیكە لە دونیای مۆزارت. بۆیە سەیر نییە ژمارەیەكی زۆر لە مێژوونووسانی مۆسیقا هەڵوێستەیان لایەنی كەم لەسەر دوو بەرهەمی مۆزارت كردبێت لە بواری نووسینی كۆنشێرتۆدا، گوایە بێتهۆڤن كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەكەیانەوە، ئەو دوو بەرهەمەیش دووكاری تەواو كراون و ساڵی 1786 عەزف كراون، واتە كاتێك بێتهۆڤن لە تەمەنی 16 ساڵیدا بووە. ئەم تەمەنەیش تەمەنی كاریگەریی و خوێنگەرمی و سەرسامبوونە.
      ئەم دوو بەرهەمەی مۆزارت (كۆنشێرتۆی پیانۆ ژمارە 24) و (كۆنشێرتۆی پیانۆ ژمارە 25)ـن، هەردووكیشیان لە مەقامی (سی مینۆر)ـدان و بە پیانۆ و ئۆركێسترا عەزف دەكرێن. لێكچوونی نێوان ئەم دوو بەرهەمە زۆرە: هەریەكەیان سێ‌ جووڵەی هاوشێوەی یەكجۆرە ڕیزبەندین: یەكەمیان (ئالیگرۆ لە مەقامی سی مینۆر) و (لارگیتۆ) ئینجا (ئالیگریتۆ)یە، دوومیشیان (ئالیگرۆماستوزو) و (ئانداننی) و (ئالیگریتۆ)ـیە. ئەمەی دووەمیان دوا دانەی 12 كۆنشێرتۆی هاوشێوە بووە كە مۆزارت لەماوەی سێ‌ ساڵدا (1784-1786) لە ڤیەننا داینابوون و یەكێكیشە لە درێژترین كۆنشێرتۆكانی مۆزارت لە ڕووی ماوەی كاتەوە كە 33 خولەكە.
      با بگەڕێینەوە بۆ بەسەرهاتی بتهۆڤن لەگەڵ ئەم دوو بەرهەمەدا وەك نموونەیەك بۆ حیكایەتی بێتهۆڤن لەگەڵ سەرجەم بەرهەمەكانی مۆسیقارەكانی پێش خۆی. ئەگەرچی ئێمە دەزانین بێتهۆڤن لە ڕادەبەدەر بە مۆزارت سەرسام بووە، دەبێت ئەوەش بڵێین كە ئەو لە بواری ئاوازدانانی كۆنشێرتۆیشدا مۆزارتی كردووە بە سەرمەشقی خۆی. بەتایبەتی لە كۆنشێرتۆی پیانۆی ژمارە 4ـەكەیدا، چونكە بە بۆچوونی پسپۆرەكان بێتهۆڤن لەم بەرهەمەیدا بە ڕوون و ئاشكرایی قەرزداری مۆزارتە، بەتایبەتیش قەرزداری كۆنشێرتۆی ژمارە 25 ـیەتی. دەشتوانین بڵێین سەرچاوەی كۆنشێرتۆی پیانۆیی سێیەمی بێتهۆڤن وا لەنێو كۆنشێرتۆی ژمارە 24 ی مۆزارتدا و بگرە لە چەند ساتێكیدا لەوە دەچێت ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ مۆزارت دەرببڕێت.
      لەبارەی ئەم بەرهەمی دواییەوە حیكایەتێك وای دەگێریتەوە كە بێتهۆڤن لە ئاهەنگێكدا لەگەڵ هاوڕێی و قوتابیەكی خۆیدا بەناوی فرناند ڕەیسی گوێی لەم كۆنشێرتۆیەی مۆزارت دەبێت و كاتێكیش ئۆركێستراكە لە جووڵەی كۆتاییدا دەگاتە لوتكەی نائاسایی خۆی، بێتهۆڤن بە تەنگەنەفەسی دەڵێت: "هیچ یەكێك لە ئێمە بیرمان لەوە نەكردۆتەوە ئاوازێكی ئاوا بنووسین". حیكایەتێكی تر دەڵێت بێتهۆڤن ڕۆژێك چوارینەیەكی مۆزارتی عەزف دەكرد لەنێو قوتابییەكانیدا هاواری كرد "ئەی هاوار لەم پارچەیان، ئەی هاوار لە مۆزارتیش كە لەم پارچەدا پێمان دەڵێت: فەرموون.. من ئەتوانم كاری ئاوا بكەم، دەی ئێوەش ئەگەر گوێتان هەیە بیبیستن"!.
      زۆر پسپۆری بواری مۆسیقایش پێیان وایە پێنجینەی پیانۆی بێتهۆڤن و ئالەتە هەواییەكان نیشاندانی ڕێز و پێزانینە بۆ مۆزارت، بەتایبەتیش بۆ پێنجینەیەك كە مۆزارت بۆ ئەو جۆرە ئالەتانەی نووسیوە. بێتهۆڤن كاتێكیش مۆسیقای هەمەچەشنی لەبارەی بابەتە مۆزارتییەكانەوە نووسیوە ڕێز و سڵاویشی بۆ ناردووە، لەوانەیش دوو كۆمەڵە مۆسیقای هەمەچەشن لەبارەی بابەتی "بلوێری ئەفسوناوی"ـیەوە.
      تەنیا بێتهۆڤن نەبووە كە بە مۆزارت سەرسام بووە و لەژێر كاریگەرییەكەیدا بووە، بەڵكو زۆر گەورە مۆسیقاری تریش هەن كە سیحری مۆزارت كاری تێ‌ كردوون، هەر لەچایكۆڤیسكییەوە هەتا ماهلەر، هەر لە ڕۆسنییەوە هەتا بێریلیۆز. ئەمەش لەبەرئەوەی مۆسیقای مۆزارت هەمیشە لە نا-شوێن و خەیاڵدانی خاوەنەكەیەوە دێت، یان ڕەنگە لەو توانا زۆرەیەوە كە هەیبووە و هەر لە منداڵییەوە داهێنانی مۆسیقارە گەورەكانی پێش خۆیی وەرگرتووە و ئینجا خۆیشی بووەتە داهێنەرێكی ناوازە و تازەكەرەوەیەكی هەمیشەیی مۆسیقا.
     هەر بە ڕاستیش شیكردنەوەیەكی وردی كۆنشێرتۆی 24 و 25ی دەستە خوشكی سەلمێنەری ئەم وتەی سەرەوەن، بۆیە مۆسیقاناسێكی وەكو ئارسەر هاچینگز كۆنشێرتۆی ژمارە 24 ی مۆزارت لە هەموو كۆنشێرتۆكان بە كامڵتر و سەركەوتووتر دەزانێت، گیر لیدستۆنیش هەمان بۆچوونی خستۆتە ڕوو.
     بەڵام هاچینگز وای دەبینێت كۆنشێرتۆی ژمارە 24 زیاتر لە نووسینی سەمفۆنیاوە نزیكە بەتایبەتیش جوڵەی یەكەمی كە لەدەرەوەی مەقامی نزمە، بەتایبەتیش لەو ساتەدا كە جوڵەی یەكەم لە "مارش"ـێك ئەچێت وەك ئاوازی "مارسیاز". جا بۆیە ئەوەی دەیەوێت دەرك بە سەرچاوەی ئەو پێویستییە بەناوبانگە بكات كە لە سەمفۆنیای پێنجەمی بێتهۆڤندا هەیە، ئەوا دەبێت بچێتەوە سەر كۆنشێرتۆی 25 ی مۆزارت. 
      بە كورتی، كەواتە ئەگەرچی ئەشێت و توێژەرانیش هاوڕان كە لۆدفیك ڤان بێتهۆڤن (1770-1828) بە هۆی نۆ بەرهەمە بەناوبانگەكەیەوە هونەری سەمفۆنیای گەیاندە چڵەپۆپەی داهێنان كە لە مێژوودا بێ‌ وێنە بوو، كەچی ئەمادییوس وۆلفگانگ مۆزارت (1756-1791) ـیش هەمان شتی بۆ هونەری كۆنشێرتۆ كرد و لە هونەری ئۆپێرا و مۆسیقا ئاینییەكانیشدا لە زۆرینەی هەرە زۆری مۆسیقارەكانی مێژووی مرۆڤایەتی بڵندتر و بلیمەتتر بوو. جا بۆیە ئەگەر نەشێت سەمفۆنیاكانی مۆزارت و سەمفۆنیاكانی بێتهۆڤن لە یەك ئاستدا دابنرێن، ئەوا ناشێت كۆنشێرتۆكانی بێتهۆڤنیش بە كۆنشێرتۆكانی مۆزارت بەراورد بكرێن. ئەگەرچی بێتهۆڤن لە كۆنشێرتۆیشدا بلیمەت بوو بەڵام كۆنشێرتۆكانی مۆزارت و بەتایبەتی و پێش هەموویشیان كۆنشێرتۆی ژمارە (24 و 25) لە مێژوودا بێوێنەن و هەر بەو جۆرەیش بە نەمری دەمێننەوە، بۆیەشە كاریگەرییان لەسەر چەندین مۆسیقاری دوای خۆیان داناوە، لەوانەیش بێتهۆڤن. 

سەرچاوە:



Saturday, 20 July 2013

سەربانەکان نابنەوە بە خۆڵ


هاوار محەمەد

یادەوەرییەك نییە یەك پارچە و كۆ بێت، یادگەی ئێمە بریتییە لە كۆمەڵێك وێنەی ناتەبا، كۆمەڵێك پارچەی پەرژ و بڵاو، كۆمەڵێك وردە حیكایەت، یادەوەری لە فیلمێكی پارچە پارچە ئەچێت كە دواجار هەر پارچەیەك بەشێكە لە فیلمێكی گەورەتر. فراگمێنتبوونى یادەوەری دەرفەتی كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەی ئەم پارچانە دەدات لە گەڵ یەكتریدا بۆ دروستكردنی وێنە جۆراو جۆرەكان و فیلمە جیاوازەكان، یادگە گەردوونی دروستبووی "تەقینەوە گەورەكە"ی سەربوردەی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەیەتی بەنێو فەزای خۆیدا. هەر بۆیە بۆ كەسی داهێنەر یادگە پاراستنی كۆمەڵە ڕووداوێكی سەربوردەی كەسیی نییە لەنێو بیرەوەریدا، بەڵكو سووڕانەوەی بێ‌ خولگەی ئەو ڕووداوانەیە بەدوای ڕووناكیدا و گەمەیەكی بەردەوامی دەركەوتن و شاردنەوەن لەسەر ڕووكاری سوبێکتى شاعیر، ئەو ڕووداوانەن كە بەردەوام چڕنوك لە ناخ دەگرن بۆ ئەوەی لە ساتی داهێناندا بە بەرگی ئەدەبەوە بڕژێنە نێو زمان. قەسیدەی (حاشیە جێماوەكانی پیاوێك)ـی "سدیق عەلی" شعرێكی پارچە پارچەیە و دەرفەتی ئەوە دەدات لە هەر شوێنێكەوە بمانەوێت بتوانین بچینە ژوورێ‌، ئەمەش هەمان بونیادی یادەوەرییە لە سەردەمى هاوچەرخدا. لە نێوان هەر پارچەیەك و پارچەیەكی تر دا دەرگایەك هەیە بۆ چوونە ژوورەوە و دەرەتانێك هەیە بۆ هەڵاتن، ئەم كەلێنە مەبەستدارانە ئەو درزانەن كە شاعیر هەرگیز نایەوێ‌ پڕ ببنەوە، چونكە كەلێنەكانی خودی ژیانی خۆیەتی، ئومێد و خەون و خولیا سەرابییەكانی خۆیەتی کە لە ساتەوەختێکدا تێکدەشکێن، یان جەنگێک دەیانبات. شتانێكن كە بۆ ئەبەد دوایان دەكەوین و بۆ ئەبەدیش پێمان ناگیرێن, ئەوان هەڵدێن و ئێمەش بە شوێن پێكانیاندا دەڕۆین.
"ساڵی 1999 یە
لە تەنیشت دڵنیاییەوە دانیشتووم
دەستم كردۆتە ملی ئومێد
تۆ بە بەردەرگای شعورمدا
بە پشت ئاواییەكانی تەنیاییمدا
بۆ هەمیشە تێدەپەڕی"..
جوانی ئەم كەلێنانە ئەوەیە لە یەك شوێندا نامێننەوە، لە یەك دەم و چاودا خۆیان دەرناخەون، لە ساتێكدا خۆیان بەدەستەوە نادەن، هەر بۆیەشە شیعر سەرپێ‌ دەكەوێت و پێ‌ دەگرێ. لە هەمان كاتیشدا ئەم بۆشاییەکان لە جیاتی ئەوەی لاسەنگی دروست بكەن، دەقەكە دەخەنە نێو هارمۆنیا، چونكە زمانە شیعرییەکە نەرم و نیان و ئێستاتیکى دەکەنەوە و دەرفەتی گونجان و پشوو و حەوانەوە، غەمگینى و دووبارە خوێندنەوەیش بە خوێنەر دەدەن، هەمیشە سەرەتای دووەم سێیەم و كۆتایی دووەم و سێیەم بەرهەم دەهێننەوە بێ‌ ئەوەی سەرەتا و كۆتاییەكی ڕاستەقینە لە ئارادا بێت. بونیادی پارچەی پارچەی دەقەكە پیشانمان دەدات كە نووسەر چۆن بەنێو یادەوەریی خۆیدا پەژموردە بووە و لە هەر شوێنێكدا شتێكی لێ‌ بە جێماوە و ئێستاش چۆتەوە سەر شوێنەوارەكانی خۆی، ئەو هەست بەوە دەكات كە چۆن (ئەو) لە هەر شوێنێكدا بەشێكی لێ‌ بۆتەوە و كەرتێكی لێ‌ كەوتۆتە خوار و خەریكە هیچی لێ‌ نامێنێتەوە:
"تۆ بەرەو ئاوابوون دەكشێی
منیش ترسم هەیە پیر بم و نەگەمەوە ماڵ
دەترسم ڕێگاكان دابخەن
شعرەكانم فڕێ‌ بدەن
جلەكانم بكەنە بەری ڕەشەبا
شتێك نەهێڵن بەناوی (من)"..
بەڵام ئەوە کیێە هێندە دڵڕەقە؟ هەموو ئەوانەن کە دژ بە ژیانن، ئەوانەى زیندانەکان بۆ پیربوونى گەنجان دروست دەکەن، ئەوانەن عاشقى دیوارن و دژ بە ڕێگاکانن، بە ڕیشەییش دژ بە ڕۆحى سرکى شعرن تاوەکو نەهێڵن زمان یاخى ببێت.
 لەژێر زەبری هەردۆخێكی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتیدا كۆمەڵێك پارچەی یادگەی ئێمە بواری ئەوەیان بۆ هەڵدەكەوێ‌ بەخەبەر بێنەوە و بێنەوە نێو ئاگایی ئێمە. بەخەبەرهاتنەوەی ئەو وردە حەكایەتانەى ئێمە لە ناخەنەوە هەمان دۆخی یەكەمی ساتی ڕوودانی ڕووداوەكەى نییە، بەڵكو ڕێگەمان دەدات لەمسی بكەین و بە جۆریتر بیبینین یان لەگەڵیدا بكەوینە جەنگەوە. ئەم دۆخی گەمە و جەنگە تاسەی نۆستالژى و خۆزگەی دووبارەنەبوونەوەیشیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە:
"دەمەوێ‌ بەر لەوەی بگەمە ئێستا
كتێبی چاوەڕوانی نەخەمە جانتای سەفەر
چیدی بە دڵ تامی جوانی نەكەم"..
یادەوەرییە تاڵەكان زامە لەبیرنەكراوەكانن، ئەو ساتانەن كە تا ماوەیەكی زۆر لە تاڵاوی خۆیان دەڕژێننە نێو ساتەكانی دواتری خۆیانەوە، ساتی جەنگ لەبیرنەكراوترە لە ساتی ئاهەنگ، لەو شەپۆلە گەورەیە دەچێت وردە شەپۆلەكانی خۆشبەختی لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەكات، تاڵاو و ژان نەك خۆشی و شادییەكان هەمیشە بەشە گەورەكەی یادەوەری داگیر دەكەن، هەتا ئێستەش چركە ساتە خۆشە بێ‌ وێنەكانی ئادەم حەوا لە فیردەوسدا باس ناكرێت وەلێ‌ كەس نییە دەركردنیانی لە بەهەشت لە بیر كردبێت، كەس نییە حەكایەتی برا كوژییەكەی هابیل و قابیلی نەبیستبێت. چركەساتە تاڵەكان ئەو ساتانەن كە حەزناكەین هەرگیز دووبارە ببنەوە، بەڵام یادەوەری ناتوانێت خۆی لە ترسی دووبارە بوونەوەیان ڕزگار بكات، ئەم ترسەیە كە بەردەوامی بەو ساتانە دەدات لە یادەوەری ئێمەدا، بگرە دووبارەبوونەوەكەش هەر لەنێو یادەوەریدا ڕوودەدات:
"نیوە شەوێكی سارد
لەو سەری شارەوە
شەڕ دەست پێدەكاتەوە
شەڕی نێوان دوو حیزب
نێوان دوو گەڕەك
شەڕی نێوان من و شەڕ
من و من سەرهەڵدەداتەوە
شەڕی نێوان تەنیایی و (من)"..
لەگەڵ ئەوەیشدا ئەشێت ئێستایەك هەبێت لە بەنجی پزیشك بچێت و یادەوەریمان سڕ بكات و بۆ ماوەیەك لە كاری بخات، ئەشێت لە ئێستادا ڕووداوێك ڕووبدات یادەوەری هەڵپەسێرێت، تووشی سەرلێشێوانمان بكات، نەزمی ژیانمان تێك بدات و بە قورسی خۆی بەسەر وجودماندا بسەپێنێت، ئەم شتەى وا نەزمى ژیانت تێکئەدات بۆ خۆى ڕووداوە، ئەم ساتە بۆ خۆی ئەبێتە یادەوەری بۆ ساتی دواتر، بەڵام لە ئێستەدا یادەوەری هەڵدەپەسێرێت بۆ ئەوەی بۆ ئەبەد بۆی بگەڕێتەوە. ساتێكی قورسی لەو جۆرە ناهێڵێت ئێمە ببینە ئەسیری موژدە ساختەكانی پاشەڕۆژ، ناهێڵێت ژیانێكی یەك ڕیتم و ڕۆتینی بژین و لەنێو داهاتوودا ون بین، ئەم ساتە ساتی وەستانی زەمەن و ساتی فەوزایە، فەوزایەكی ناوەكی و بێ‌ دەنگ، ساتی شۆك بوون و شكانی دەست و پێ و لە گۆكەوتنی زمان و شپرزەبوونی دەروونمانە:
"كە تۆ دەبینم
گرفتی گەورەم ئەوەیە
نازانم دەستەكانم بخەمە كامە گیرفانی حەپەسان
چاوم لەسەر كام ڕەفەیە جێبهێڵم
كە تۆ دەبینم
شەڕ لە وجودمدا هەڵدەگیرسێت
ئاگر دەكەوێتە ئاواییەكانی ڕوانینم
نازانم نا..
نازانم خۆم چی لێ‌ بكەم"..
ئەو ڕووداوەی وا ڕوودەدات شپرزەمان دەكات، شۆكمان دەكات، سەرمان دەكێشێ‌ بە ئێستادا تاوەکو دەستکارى ڕابردوو و داهاتوویشى پێ بکەین. ئێمە لەم دۆخەدا بەر تارماییەكانی خۆمان دەكەوینەوە لە تاڵ و شیرینییەكانی خۆماندا، لە گەنجێتی و منداڵی خۆماندا. جار هەیە بەركەوتن تووشی لەبیرچوونەوە و لەدەستدانی یادوەرییت دەكات، بەڵام ئەم بەركەوتنەی شاعیر تووشی لەبیرچوونەوەی پاشەڕۆژی دەكات، خۆهێشتنەوە لەنێو ڕابردوودا بەمانای ئەسیربوون لەنێو ڕابردوودا نییە، بەڵكو هەڵکۆڵینە لەنێو زەمینەکانیدا بۆ بینینى شتى نوێ، وێڕاى ئەمەیش، ئێمە ئەو کاتە دەکەوینەوە نێو ڕابردوو کە زەمەن تا ڕادەى "نائومێدى" دڵى شکاندبین، ئیدى مژدەکانى دەوروبەر بە داهاتوو لاى ئێمە مژدەى سەرابە، ئەمە دۆخى نەبینینی ئاسۆی ئومێد و گەشە بۆ ئەزموونی دیكە و ژیانی دیكە و مەرگی دیكە، ئەو خۆی مەرگیداوە بەڵام نایەوێت یادگارییەكانیش بمرن، خۆی دەكەوێتەوە نێو نۆستالیژیا بۆ هەڵهاتن لە پیری بەرەو منداڵی خۆی دەگەڕێتەوە، بۆیەشە دەیەوێت یادگارییەكانیش وەک تروسکەى ڕۆشنەکانى شەوێک لە هەڵوەرین بپارێزێت. ئەم ساتی شپرزەبوون و تێكچوونی نەزمە بە زەقی لە شپرزەبوونی و تێكئاڵانی زماندا دەردەكەوێت. زمان بۆیە شپرزە دەبێت چونكە شتێک بە هوروژم و بە قورسی خۆی بەسەریدا دەسەپێنێ و دەخزێتە نێوییەوە، ئیدی وشەكان چاوەڕوانی هەڵفڕین یان كەوتنە خوارەوە دەكەن، شتە دوور لە یەکەکان کۆدەبنەوە، نزیکەکان تەفرەقە دەبن و لۆژیک تێکدەشکێ، ئەمەش جوانییەكی ناوازە دەدات بە دەقەكە و تێمان دەگەیەنێت كە شیعر لە قاڵبێكدا جێێ‌ نابێتەوە و لە کڵێشەیەکدا گیر ناخوات بەڵكو بەردەوام داهێنان دەكات و جوانی نوێ‌ بەرهەم دەهێنێت:
"كە تۆ دەبینم
فیتنە دەكەوێتە كۆڵانەكانی بینینم"..
یان:
"هەردەم پێش تاریكی دەگەیشتیتەوە ماڵ
هەمیشە پێش ماڵ دەگەیشتمەوە تاریكی"..
یان:
"دەبوو بۆ لێكردنەوەی تۆ
بیناییم پڕكەم لە وەرین
...................
دەبوو دەستكەم بە لێكردنەوەی تیشك
بە چنینی باران
بە ڕنینی دەنگی دووری"..
ساتی حەپەسان ساتی وەستانی زەمەنیشە، ئەم ساتە گوڕو تین كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی زەمەن بە ئاراستەی ڕابردوو پێچ بكاتەوە و پاشەڕۆژ بچێتەوە سەر سەرەتای ڕابردووی خۆی، تاسەی منداڵبوونەوە و گەڕانەوە و مانەوەیەكی هەمیشەییە لەنێو ژیانێكدا كە دەیەوێت تێیدا بژێییتەوە:
"حەزدەكەم سەربانەكان ببنەوە بە خۆڵ
گرفانەكان پڕ ببنەوە لە شیعر
زەمەن بەسەر تۆدا نەڕوات"..
وەلێ‌ ئەم حەز و تاسەیەى کۆکردنەوەى حاشییەکان و ئەم ژیانە پڕ لەیادەوەرییەی نێو پارچەكانی (حاشیە جێماوەكانی پیاوێك) جگە لە خەیاڵێك و جگە لە ساتێكی تێڕامان و ئاوڕدانەوە و وەستانی زەمەن، جگە لە چەند خولەكێك وەستان لەنێو "نشینگەی كوچە گڵینەكانی یادەوەری"ـیدا، شتێكی دیكە نییە و جگە لە چەند حاشیەیەك هیچی دیكەی لێ‌ نامێنێتەوە. 

ئەم وتارە ساڵى 2013 لە ڕۆژنامەى هەولێر بە ناوى "بەنێو یادەوەریدا، پەژموردە" بڵاوبۆتەوە.

Sunday, 14 July 2013

بیركردنەوە لە تۆتالیتاریزم


دەربارەى كتێبی بنەڕەتەکانى تۆتالیتاریزمی 'هاننا ئارێنت'

سیلڤان ئالومان
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد

     چی ڕوویدا؟ بۆچی ڕوویدا؟ چۆن ڕوویدا؟ ئەمە ئەو سێ‌ پرسیارەیە كە لە نێوان ساڵانی 1945 و 1949 بووە مایەی دەرچوونی یەكێك لە هەوڵ وبەشدارییە گەورەكان بۆ تێگەیشتن لە دیاردەیەكی بێ‌ پێشینەی سەدەی بیستەم.
      ئەگەر دژایەتیی سامی و ئیمپریالیزم و ڕەگەزپەرستی ئەو كاركردانە بن كە تۆتالیتاریزم پێكدەهێنن ئەوا بە بڕوای هاننا ئارێنت مانا تەواوەتییەکەى بە دەستەوە نادەن. لە پێناو تێگەیشتن لە چۆنیەتی دەركەوتنیان لە ئەزموونی تۆتالیتاریدا، ئارێنت، لە ڕوانگەى جۆراوجۆرى فەلسەفەی سیاسییەوە، ڕاڤەكەی خۆی دەبەستێتەوە بە شیكردنەوەی ڕووداوە مێژووییەكانەوە و، بەمەش ئەوە ڕوونبوویەوە كە تۆتالیتاریزم لە چ شتێكدا ڕیشە تایبەتەکانى خۆی دەنوێنێتەوە.
       بەشی یەكەم لە كتێبەكە: لەبارەی دژایەتیى سامییەوە، مێژووی یەهودییەكان لە ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژئاوا دەگێڕێتەوە، لە ماوەی پەراوێزنشینیى و گیتۆنشینیى یەهودییەكاندا هەتا كێشەی دریفۆس Dreyfus. بەشی دووەم: ئیمپریالیزم- مێژووی گەشەسەندنی داگیركاری و قەیرانی دەوڵەت- نەتەوە لە سەدەی 19 ـدا. دواجاریش بەشی سێیەم: سیستەمی تۆتالیتاری- ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری و ڕێكخستنی و پەرەسەندنی بە درێژایی چەندین ساڵ.
      مەبەستی ئارێنت لە سیستەمی تۆتالیتاری تەنیا نازیزم نییە بەڵكو ڕژێمی ستالینیشە كە –لەبەر چەند هۆكارێك- یەكەم ڕژێم بووە ئامانجی فراوانخوازیی هەبووە و یەكەم ڕژێم بووە سەربازگەی كارە تاقەتپروكێنەكانی دروست كردووە و یەكەم ڕژێمیش بووە كە تێیدا ئاستی دژایەتیى سامى چۆتە سەرێ‌. ڕژێمی تۆتالیتاریی ستالینی كە ساڵی 1929 دامەزرا تەنیا لەپێش هاوشێوە نازییەكەیەوە سەریهەڵنەدا، بەڵكو لە دوای ئەویش تا ساڵی 1953 (ساڵی مردنی ستالین) هەر بەردەوام بوو[1].

پێشزەمینەی دوژمنایەتی سامی بۆ تۆتالیتاریزم
      دوژمنایەتیی سامی یەكەم خاڵی هاوبەشە لەنێوان هەردوو ڕژێمی هیتلەری و ستالینیدا. ئەگەر ئارێنت لەم دیاردەیەی كۆڵیبێتەوە بۆ ئەوەیە دەریبخات کە ئەمە پێشزەمینەى سیستەمی تۆتالیتارییە. ئارێنت هەر لەسەرەتاوە دژایەتیى سامى لە كینەی یەهودی جیا دەكاتەوە. كینەی یەهودی بنچینەیەكی ئایینی هەیە بەڵام ئەوەی یەكەمیان (دژایەتیى سامى) ئایدیۆلۆژیای عەلمانیی سەدەی 19یە. جیاوازییەكە ئەوەیە دژایەتیى سامى ڕێک لەو وەختەدا گەشەی كرد كە خەریكبوو یەهودییەكان ئاوێتە و تێکەڵى نەتەوەكانی تر دەبوون و ئۆرستۆكراتییەتی یەهودی لە دەمى ئاوابووندا بوو. ئەم ئۆرستۆكراسییەتە تەقلیدییە پەیوەندییەكی تایبەتی هەبوو لەگەڵ موڵكایەتی و ئینجا لەگەڵ دەوڵەتی نەتەوەكانی ئەوروپا. پسپۆڕی و شارەزایی ئەوان لە بواری بانكیدا شتێكی پێویست و حاشا هەڵنەگر بوو. كۆسمۆپۆلیتانیزمى یەهودییەكانی كەنارنشین كە بنەماڵەی بەناوبانگی رۆچیڵد دەینواندن، كردنی بە تاكە دیبلۆمارتكارێك كە لە ماوەی جەنگەكاندا تەنانەت توانای دیاریكردنی ڕێساكانی دانوستانی ئاشتیانەشیان هەبوو.
        هەر ئەوەندەی دەوڵەت- نەتەوەكانی ئەوروپا سەرچاوەیەكی دیكەی خەرجییان دۆزییەوە و، هەر ئەوەندەی ئامانجی ململانێكانیان بوو بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەوانیتر، ئیدی دەستبەرداری خزمەتە ئەرستۆكراسییەكانی یەهودییەت بوون. بەم جۆرە ''كاتێك هیتلەر دەسەڵاتی گرتە دەست، یەهودییەكان بە نزیكەیی هەموو ئەو پلە و پێگانەیان لە دەست دا كە زیاتر لە سەد ساڵ بوو لە بانكە ئەڵمانییەكاندا كاریان تێدا دەكردن''.
      ئەگەر پریشكەكانی سەرەتای دژایەتیكردنی سامی (لە پروسیا لە سەرەتای سەدەی 19) زۆری نەخایاند و بە زوویی دامركایەوە، ئەوا بە پێچەوانەوە ئەم تەوژمانەی دیكەی دوژمنایەتی سامی درێژەی كێشا كە بووە مایەی زێتر ڕسووابوونە داراییەكانی ساڵانی 1870 و 1880. بەرپرسیارێتی كرێكارانی بانكە یەهودییەكان كەم ویژدانتر بوون لەو كرێكارانەی كە لە خێزانە گەورەكانەوە هاتبوون، بۆیە بووە هۆی هەستكرنێكی ماوە درێژ بە دوژمنایەتی سامی لای وردە بۆرژوازەكان. یەكەمین حیزبە دژایەتیكەرەكانی سامی لەم ماوەیەدا بوو دەركەوتن. بەڵام فەرەنسا وڵاتێك بوو كە "مەشقی گشتیی ڕاستەقینەی" دوژمنایەتی نوێی سامی بەخۆیەوە بینی ئەویش لەڕێگەی كێشەی ساڵانی 1890 و 1900ی دریفۆسەوە. ئەم كێشەیە سەركەوتنی دوژمنایەتیی سامی دووپاتكردەوە وەك ئەوەی "كاركردی پاڵنەری هەموو كێشە سیاسیەكانی ترە".

لە ئیمپریالیزمەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی جیهان
       داهێنانێكی تر لە داهێنانەكانی سەدەی 19: ئەوەبوو ئیمپریالیزم لای خۆیەوە تۆتالیتاریزمی ڕاگەیاند. ئەمەش لە ساڵانی 1884 بۆ 1914 بوو بە بۆنەی "شاڵاوبردن بۆ ئەفریقا"، ئەو ماوەیەش نەتەوەكانی ئەوروپا كێشمەكێشیان بوو لەسەر زەوییەكانی كیشوەری ئەفریقا.
      لەلایەكی ترەوە ئەم ماوەیە وەڵامدەرەوەی زەرورەتی دۆزینەوەی خاڵی تێچوونەكانی تری بۆرژوازییەتی كار بوو لەنێو كۆنتێكستێكدا كە داڕمانی گەورەی ئابووری لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەمدا شەقڵی خۆی لەسەر جێ‌هێشتبوو. "بەم شێوەیە، دەبێت وا لە ئیمپریالیزم تێبگەین كە پتر قۆناغی یەكەمە لە قۆناغەكانی باڵادەستیی سیاسیی بۆرژوازییەت نەک دوایین قۆناغى سەرمایەداری" ]ئەمە ڕەخنەیە لە تێزەکەى لینین[.
      ئیمپریالیزم نە ئامانجی دروستكردنی ئیمپراتۆرییەت بوو و نە وەدەستخستنی سوود و بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت- نەتەوە، هەروەها ئەو بەرژەوەندییە كارگێڕییە داگیركارییانەی كە پشتی پێ‌ دەبەست زۆرجار دەچووە نێو كێبەركێ‌ لەگەڵ دام و دەزگاكانی نیشتمانی دایكدا.
      وێڕای هاوشێوەییان لەگەڵ ئیرادەی ئیمپریالیزمدا، كەچی ئیرادەی باڵادەستی بەسەر جیهاندا كە تایبەت بوو بە سیستەمە تۆتالیتارییەكان، بەڕێژەیەكی زۆر سەرچاوەكەی لە ناسیۆنالیزمی سلاڤی و ناسیۆنالیزمی جەرمانیی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا بوو، كە پێیان وابوو مرۆڤ بە بنچینە خواییەكەی خۆی شاد نابێتەوە تەنیا بە هۆی ئەو گەلەوە نەبێت كە ئەو مرۆڤە سەر بەوە.

ڕەگەزپەرستی و سەرەولێژبوونەوەی مافی مرۆڤ
     "ئەگەر تۆتالیتاریزم و بە تایبەتیش هیتلەریزم بە درێژایی 30 ساڵ لە سەدەی بیستەم هێزێكی زۆری ڕاكێشانیان هەبووبێت، ئەوا ڕەگەزپەرستی لای ڕای گشتی سەركەوتنی بەدەست هێنا". لە سەرەتای سەدەی 18 ـەوە و لە ماوەی ڕۆمانسیزمدا بیری ڕەگەزپەرستی گەیشتە فەرەنسا و ئەڵمانیا. لە ساڵی 1853 دا جۆزێف گۆبینۆ شرۆڤەی سەرەولێژبوونەوەی ژیارەكانی بە پوكانەوەی نەژادەكان كرد. بەڵام قۆناغی یەكلاكەرەوە بە گەشەسەندنی ئیمپریالیزم بۆ ئەفریقای باشوور دەستی پێكرد. بۆ یەكەمجار سپیپێست ئەزموونی جیاوازییەكی گەورەی كرد كە مرۆڤایەتی جیا دەكاتەوە. پێشڕەوانی سپیپێست Boers هەرگیز نەیانتوانی ئەو ترسە زۆرە لە یاد بكەن كە لە جۆرێكی خەڵكی (خەڵكی ناوچەكە) هەیانبوو، لوتبەرزی و تێگەیشتنیان بۆ ڕێزی مرۆیی ڕێگر بوو لەوەی ئەو بیرۆكەیە قەبووڵ بكەن كە ئەوانیش لەڕوویی مرۆییەوە هاوشێوەی ئەوانن".
       چاوگێڕانەوە بە بڕوابوون بە مۆركی گەردوونیی سروشتدا واتایەكی دەبەخشى بەو ڕەخنانەی كە ئێدمۆند بورك Edmund Burke لە كۆتایی سەدەی 18 لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی میراتی شۆڕشی فەرەنسی گوزارشتی لێ‌ كردن.
     لەگەڵ زۆربوونى چڕو پڕی خەڵکانى بێ نیشمتمان و ماڵ و حاڵ، ڕەگەزپەرستی گەشەیکرد و سنوورگەلێكی نوێی كێشا، هەر دوای جەنگی یەكەمی جیهانی ڕێژەیەكی بەرچاوی ئەوروپییەكان ئیدی خاوەن ناسنامەى باری یاسایی نەبوون: پەناهەندە یەهودییەكان و ئەرمەنەكان و ئەڵمانەكان.. هتد، وێڕای ئەو كەمینانەیش كە لە دەوڵەت- نەتەوە نوێیەكاندا (یوگسلاڤیا، چیكۆسلۆڤاكیا) هەبوون كە لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەتی نەمسایی هەنگاری دامەزرابوون.

تۆتالیتاریزم ئایدیۆلۆژیایە
      سەرەولێژبوونەوەی سیستەمی حزبەكان لە كۆتایی سەدەی 19 دا و مەینەتییەكانی جەنگی یەكەمی جیهان و داڕمانی ئابووری ساڵی 1930، هێز و وزەی بە عەدەمییەت nihilism و هەستكردن بەوەی كە جیهان نا عەقڵانی و بێ‌ مانایە، بەخشی. وەك چۆن سەركەوتنی تۆتالیتاریزم لە كاتی خۆیدا بەهۆی ئەو توانایەی بوو كە حەقیقەتێكی تری لەبەرامبەر ئەم تێڕوانینە ڕەشبینانە دانا، تێڕوانینێكی تری خستەڕوو كە وێڕای ئەوەی خەیاڵی بوو كەچی بە تەواوی ڕوون بوو.
      لێرەوە تۆتالیتاریزم ئایدیۆلۆژیایە، واتە بە مانای وشەكە لۆژیكی بیرۆكەیەكە. تۆتالیتاریزم بەهۆی پێدانی واتا بە ڕووداوەكان، جا سەرەتاكانی و ئاماژەكانی یەكەمی ڕووداوەكە لە هەر كاتێكەوە دەستیان پێكردبێت، هێزی خۆی وەردەگرێت. بۆ نموونە لە حاڵەتی نازیزمدا ئاماژەكانی سەرەتای بریتییە لە یاسای سروشتی كە ڕەوڕەوەی هەڵبژاردنی سروشتیی تیۆركەی داروین بەرجەستەی دەكات.
       لە حاڵەتی بەلشەفیزمیشدا ئاماژەكە لەو یاسا مێژووییەدایە كە ململانێی چینەكانی میراتی ماركس بەرجەستەی دەكات. لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئایدۆلۆژیا لە هەموو ئەزموونێك ڕزگار دەبێت، بۆیە لەوێدا هەستی شەشەمە كە بەهۆی سڵكردنەوە لە حەقیقەتی بانگەشەبۆكراو بە تەنیا خۆی بەهێز و توانا دەكات. لە حاڵەتی سێیەمیشدا تۆتالیتاریزم لە ڕووی لۆژیكییەوە ڕوون و ئاشكراییەكی هەیە كە لە هیچ شوێنێكی حەقیقەتدا بوونی نییە. تۆتالیتاریزم بە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیاكانی دیكەوە خاوەن كەرەستەیەكی تایبەتە: بزوتنەوەی تۆتالیتاریزم پشتیوانێكی هەیە ئەویش جەماوەرە.

سەردەمی جەماوەر و بزووتنەوەكان
     بزووتنەوەی تۆتالیتاری ئەو ئامرازەیە كە ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری بەهۆیەوە بانگەشەی خێراكردنی ڕەوتی یاسای سروشتی یان مێژوویی پێ دەكات. بزوتنەوەیەكی تۆتالیتاریی كە بێ‌بەرییە لە هەر بەرنامەیەكی ڕاستەقینە بۆ فەرمانڕەوایی، لەسەرووی حیزبەكان و بەرژەوەندی چینەكانەوەیە، لە هەندێك ڕەهەندیدا لە كۆمەڵگەیەكی نهێنی ئەچێت كە بە ئاشكرایی چالاكی ئەكات. هەر ئەندامێك پەیڕەوی لە ڕێبازێكی هەستجوڵاندن ئەكات تا قەبووڵ بكرێت. بە پێچەوانەی خێڵەكانەوە بزوتنەوەی تۆتالیتاری خۆی لە پشت مەبەستەكانیەوە دەشارێتەوە، خۆ مەبەستەكانی نازیزم لە كتێبی "خەباتی من"ـدا ئاشكرا دیار بوون، حزبی بەلشەفیش لای خۆیەوە ویستی خۆی بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا نەشاردبوویەوە.
     سەرۆكی بزوتنەوەی تۆتالیتاری ئەو حەقیقەتانەی دەردەخست كە لە داهاتوودا دێنە كایە وەك ئەوەی پێغەمبەرەكان ئەیانكرد، بە بوونی سەرۆك لە سەنتەری بزوتنەوەكەدا هەمووان بەهۆی بەهرە و توانایەوە بۆ جوڵاندنی جەماوەر، و بە هەمان شێوەیش جوڵاندنی ململانێ‌ ناوخۆكانی نێو بزوتنەوەكەوە، قەرزداری دەسەڵاتەكەی بوون. ڕاڤەی گونجاو بۆ ڕەگەزپەرستی نازییەكان و بەلشەفییەكان تەنیا بە ڕەچاوكردنی خۆ پڕچەككردنیان بە بنەما ئایدیۆلۆژییەكان دەكرێت، ئەوە لە كەڵكەڵەی خەباتگێڕێكەوە بۆ پەسەندكردنی ڕوون و ئاشكرایی عەقڵانییەتی لۆژیكی بەرهەم هاتووە. ئەم كەڵكەڵەیە هێزی خۆی لە سیستەمی ئەو بزوتنەیەوە وەردەگرێت كە دابڕانی تاك لە واقیع پەسەند دەكات و تەنیا لەمیانەی ساویلكەیی هاوسۆزەكانی و  هاورێكانییەوە لێی دەڕوانێت. دەستەبژێری بزوتنەوەكەش تەنیا لەڕێگەی ساویلكەیی ڕێژەیی لایەنگرە سادەكانەوە نەبێت واقیع نابینێت، ئیدی هەر بەم جۆرە. هەرچی چەندەی نازییەكان و بەلشەفییەكان بیانتوانیبا وەئاگابوونایە لە هێزی ئەو كاریگەرییەی كە درۆ وفێڵەكان لەسەر جەماوەر دایان دەنان، پێگەیان لەنێو بزوتنەوەكەدا بەرزدەبوویەوە.
     جەماوەر لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیدا سەریهەڵدا، و پێش هەموو شتێكی تر بەرەنجامی بەشبەشكردنی كۆمەڵگە و سەرەولێژبوونەوەی سیستەمی حیزبەكان بوو. تاك لە جەماوەردا پرۆلیتار و بێ‌كارە و بە جۆرێ لەگەڵ ئەوانیتردا کۆبۆتەوە کە پاڵەپەستۆى لەسەر نەماوە. لەگەڵ ئەوەیشدا دوورپەرێزە و ئەزموونی "داڕمان- desolation" دەكات بە واتای هەڵكەندنی لە ڕیشە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان. هەر بەم جۆرە دەتوانین بیچوێنین بە سەرۆكی بزوتنەوە تۆتالیتارەكە: هیتلەر و ستالین بە پێچەوانەی سەرۆكە حیزبییە تەقلیدییەكانەوە لە ناوەندێكی خاكەڕایی و سادەوە هاتبوون. وێڕای ئەمەش تاكی سەر بە جەماوەری بەرفراوان لە ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتارەكاندا ئەو ڕوون و ئاشكراییە دەدۆزێتەوە كە ئەو بۆ واقیعەی ڕووبەڕوویەتی، پێویستی پێیەتی.

سیستەمی تۆتالیتاری
      زەمینەی گەیشتنی بزوتنەوە تۆتالیتارەكان بە فەرمانڕەوایی و دەسەڵات بەهۆی دەركەوتنی سیستەمێكەوە ڕەخسا كە ناتوانین بە هیچ سیستەمێكی تر كە تا ئەو دەمە ناسراوبوون، بەراوردی بكەین: زۆرداری یان ستەمكاری یا دیكتاتۆری، یان ئەو سیستەمەی كە فەیلەسووفەكان لە ئەفلاتوونەوە هەتا كانت وەسفیان كردووە. شۆڕش لەگەڵ سیستەمە تۆتالیتارەكاندا هەمیشە حزروی هەبووە: لەمیانەی هەڵمەتەكانی پاكتاوكردن لە یەكێتی سۆڤییەت و لەرێگەی "هەڵبژاردنێكی ڕەگەزپەرستانەوە كە هەرگیز دەروەستی دانوستان نەبوو" لە ئەڵمانیا.
      نزیکایەتى ئەو دوو سەرچاوەیەی دەسەڵات بووبووە مایەی وەلانانی دۆگمابوونی سیستەمەكە. یەكەمیان دەزگاكانی دەوڵەت بەرجەستەیان دەكرد، و دووەمیشیان حزب و ڕێكخراوە زمانحاڵەكانی. ئەو ئاڵۆزی و لێڵییەی كە لێكەوتەیان بوو تاكی ناچار بە مەزەندەكردنی مەبەستەكانی دەسەڵاتی تۆتالیتاری دەكرد. گواستنەوەی بەردەوام بە گەمەی تەرفیعاتەكان و دامەزراندنی ڕێكخراوەكان و بەرژەوەندییە نوێیەكان، بوونی بزوتنەوەیەكی پێویستی وەك ئامراز بۆ باڵادەستییە تۆتالیتارییەكەی هێنابووە كایە. ئەوەی سیستەمی تۆتالیتاری لە كاریگەری ئابووریدا دەیدۆڕاند، لە ئاسایش لە بەرامبەر هەڕەشەكانی وێرانكردندا ئەیبردەوە.
      لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی دەزگایەك بەو ئەندازە بەهێز دەبوو كە بە كۆمەڵێك نهێنی گەمارۆ دەدرا، هەر بەم جۆرەش بوو كە پۆلیسی نهێنی كرۆكی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی پێكدەهێنا. پێشینەكانی سەرۆكە تۆتالیتارەكان هەر لە سەرەتاوە شرۆڤەی ئەو ڕۆڵەی دەكرد كە پێیان دەدرا: هیتلەر و ستالین هەردووكیان ئەندامی دەزگای نهێنی ئەڵمانی Reichwher و ڕوسی بوون. پێوەرەكانی كاری پۆلیس تا ئەو ڕادەیە چووبووە پێش كە كۆمەڵگەی تۆتالیتاریی بە خۆی ڕەنگ كردبوو: هەروەك نكوڵی لە فەزای گشتی، نكوڵی لە فەزای تایبەتیش دەكرا. جەوهەری ئەم كارە ئەو ترس و تۆقینەبوو كە لەسەر هەر تاكێك هەبوو جا پێگەكەی هەر چییەك بووبێت، ئەوەش دوای لەنێوبردنی نەیارەكان و بەرهەڵستكارەكان. ئەوەندە بەس بوو "بە گومان بوویتایە لەوەی هەڵەیان كردبێت" ئیدی دەبوویت بە "تۆمەتبار بە تاوانێك كە دەشێت بكرایە"، ئیدی"ئەو كاتە پۆلیسی نهێنی پەرچوویەكی وەهای ساز دەكرد كە هەرگیز قوربانیەك لە ئارادا نەبووە". لە چاوەڕوانی دابەشكردنی دەزگا چالاكیكەرەكانی بە هەر چوار لای جیهاندا، پۆلیسی نهێنی كاری خۆی لە دروستكردنی ئەزموون لە هەواڵگریدا كۆكردەوە كە بە دیوارێكی ئەستووری نهێنی دەوری گیرا بوو: ئۆردوگا/ سەربازگەكانی دەستگیركردن.

کەمپەکانى دەستبەسەرکردن:
      ئۆردوگا یان کەمپەکانى دەستبەسەرکردن داهێنانی سیستەمی تۆتالیتاری نەبوو بەڵكو لە داهێنانی پێشڕەوانی سپیپێست بوو. لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگە جیهانییەكەدا ئەوە وە چارەسەرێك بەدیاركەوت كە دیموكراسییەتە ڕۆژئاواییەكان (وەك فەرەنسا) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەیشتنی بە كۆمەڵی ئەو كەسانەی كە نیشتمانێكی دیاریكراویان نەبوو، وێنایان كردبوو.
      لەم میانەیەدا کەمپەکانى دەستگیركردنی تۆتالیتاریزم لۆژیكی باوی كۆكردنەوەی خەڵكانی گەیاندە چڵەپۆپەی خۆی، ئەوەش بە گۆڕینی ئەو ئۆردووانە هەنگاو بە هەنگاو بۆ تاقیگەیەكی گەورە كە ڕژێمەكە كەرەستە كۆمەڵكوژەكانی سروشتی مرۆیی تێدا تاقی دەكردەوە، لەنێوبردنی جەستەیی تاك لە پێشدا بە وێرانكردنی لایەنى كەسێتیى تایبەتى کەسەکە لە ڕووى یاسایی و مەعنەوییەوە. کەمپەکە بە بێ‌باكییەوە قوربانیانى بێ‌تاوان و ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەكان و تاوانبارانی مافی گشتی، بێ ئەوەى پۆلێنیان بكەن، وەك یەك بە تێكەڵی تەماشا دەكردن و حسابی لەگەڵ دەكردن. هەڕەشەكردن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تۆڵەكردنەوە یان ڕێوشوێنی تر دژی خزم و كەسەكەی، قوربانییەكەی لە هەموو شتێك بێ‌ بەش دەكرد، تەنانەت لە مافی خۆكوشتنیش. "هەڵبژاردنى ئەڵتەرناتیڤ لەنێوان چاكە و خراپەدا نەبوو، بەڵكو لەنێوان مردنی (خزم و كەسەكان) و مردنی (زیندانییەكانی تر)دا بوو". ڕێوشوێنەكانی تریش وەك كۆكردنەوەیان لە كاروانەكانی مەرگدا و یەكپۆشی و تاشینی قژ و ئازادانیان، بەشداربوون لە هەمان وێرانكردنی كەسایەتیدا. بارودۆخی سروشتیی تاك لە دۆخی ئەو سەگە دەچوو كە فیسۆلۆژیستی روسی ئیڤان پافلۆف (1849-1936) باسی كردووە. بەم جۆرەش کەمپەکان سەركەوتوو بوون لە كردنی كارێكدا كە كە هیچ یەكێك لە فەرمانڕەوایەتییە زۆردارەكانی پێشتر نەیانتوانیبوو ئەنجامی بدەن: وێرانكردنی خۆكاریی مرۆیی سەرچاوەی شتە چاوەڕوان نەكراوەكان بوو كە هەمیشە كۆسپ بوون لەبەردەم ڕەوتی یاسا سروشتی و مێژووییەكاندا.
      وێناكردنی دەزگا كۆمەڵكوژییەکانى وەکو کوورەکان، بەهۆی سەختی گەواهیوەرگرتنی ڕزگاربووەكان و گێڕانەوەی ئەو ئەزموونانەی كە پێیدا تێپەڕیوون، سەختتر ئەبێت. "بە گەڕانەوەیان بۆ جیهانی زیندووێتی، ڕزگاربووەكان باوەڕیان بەوە نەدەكرد كە بەسەریان هاتبوو".
       نابێت فریووبخۆین و تەفسیرى ئەم دیاردەیە بەو كارە تاقەتپروكێنە بکەین كە قوربانییەكان ناچاردەکران بیکەن، چونكە کەمپ وەڵام نەبوو بۆ هیچ عەقڵانییەتێكی ئابووری، ئەوەیش ئەبەدییەتی كۆكوژیی دووپاتی دەكاتەوە وێڕای پێداویستییەكانی كۆششە جەنگییەكان. هیچ شتێك، جا هەرچی بووایە، نەدەبووا دامودەزگای کەمپ و دەستبەسەرکردن، تەنانەت لە حاڵەتە نازیستییەكەیشدا، لە لەنێوبردن و كۆكوژی یەهودییەكان و گروپەكانی تر، كە بە بێ‌ كەڵك مەحكوم كرابوون، بوەستێنێت. دەزگای کەمپ ئامانجی لەنێوبردن و كۆمەڵكوژی هەمیشەیی بوو. بەوەش دۆزەخێك لەسەر زەمین ئامادەكرا، و لەمەشەوە پاسادانی ئەوە كرا كە "هەموو شتێك شیاوە" بەوەیشەوە كە عەقڵ نایبڕێت.

ڕەخنەیەكی درەنگوەخت
       وێڕای ئەو سەركەوتنەی كە كتێبی "بنەڕەتەکانى تۆتالیتاریزم – Les Orgines du totalitaisme هەر لە ساڵی 1951 و سەروەختی بڵاوبوونەوەى لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەدەستی هێنا، كەچی لە فەرەنسا تا ساڵی 1972 بڵاونەكرایەوە، كە ئەو كات لەلایەن سێ‌ بڵاوكەرەوەی جیاوازەوە بڵاوكرایەوە، و كۆمەڵێك ڕەخنەیشی لێ‌ گیرا.
       ڕەخنەی یەكەم ڕیمۆن ئارۆن ئاراستەی خانمى نووسەر (هاننا ئارێنت)ـى كرد و پەیوەست بوو بەو زمانەی كە نووسەر پشتی پێ‌ بەستبوو، لەو بارەیەوە ڕەخنەى لێگرت کە نووسەر " شوێنى مێژووی ڕاستەقینەى بە مێژوویەكی گاڵتەجاڕانە و تراژیدی پڕکردۆتەوە"[2].
       لەو ڕەخنانەی دیكەیش كە لێی گیرا، یەكسانكردنی بوو لەنێوان بەلشەفیزم و نازیزمدا لە لایەك، و تێكەڵكردن لەنێوان کەمپەکانى دەستگیركردنی سۆڤیەتی (گۆلاگ- Le Goulag) و کەمپەکانى نازیزم (بۆ نموونە ئۆشویتز  Auschwitiz) لە لایەكی تر. ڕەخنەی تر، بۆ نموونە، پاساونەدانەوەی هەڵبژاردنی چەمكی تۆتالیتاریزم Totalitarisme بوو لەلایەن ئارێنتەوە بە بیانووی ئەوەی چەمكێكی تازە دەركەوتووە. دوا ڕەخنەیش ئەوەبوو گوایە ئارێنت هیچی پێشكەش نەكردووە جگە لە نیشاندانێكی ناتەواوی لێكچوواندنی تۆتالیتاریزم بە ئایینێكی چەقبەستوو.
        خانمە نووسەرەكە تەنیا بەشێوەیەكی بەشەكی وەڵامی ئەم ڕەخنانە و ڕەخنەكانی تری دانەوە، كەچی لەگەڵ ئەوەیشدا كتێبی بنەڕەتەکانى تۆتالیتاریزم هەر بەرهەمێكی پێویستە بۆ هەوڵی تێگەیشتن لە شتێك كە تێناگەیشترێت، و هەر بەو تێگەیشتنەش لەگەڵ سروشتی مرۆییدا دەكەوینە سازانەوە.

تێبینى: ئەم وتارە لە پاشکۆى "کاکێشان"ـى کوردستانى نوێ، 2013، بڵاوکراوەتەوە.



[1] وەك نووسەری كتێبەكە لە چاپە نوێیەكاندا لە دوای ساڵی 1966 ڕوونی دەكاتەوە.
[2] ئەم ڕەخنەیە لە وتارێكدا خراوەتە ڕوو بەناوی "جەوهەری تۆتالیتاریزم L' Essence du totalitarisme" ساڵی 1954 لە گۆڤاری Critique لە جانفی، بڵاوكراوەتەوە.

سەرچاوە:
 مجوعة مؤلفين، فلسفات عصرنا- تياراتها، مذاهبها، أعلامها و قضاياها، تحرير: جان فرانسوا دورتيي، ترجمة: ابراهيم صحراوي، منشورات الاختلاف و الدار العربية للناشرون، الطبعة الاولى، 2009.