My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday, 6 September 2016

ڕه‌شبینێك له‌ دۆخی عێراق

گفتوگۆ لەگەڵ جۆرج تەرابیشى


سازدانى: مەمدوح موهەینى

وەرگێڕانى: هاوار محەمەد



-       له‌ كتێبی "نه‌خۆشی ڕۆژئاوا"دا باست له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ جه‌نگی 68 كاریگه‌ری هێدمه‌ ]تراوما[ى هه‌بوو له‌سه‌ر گوتاری ڕۆشنبیره‌كانی عه‌ره‌ب، ئه‌مه‌یش وای لێكردن كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئامێزی كه‌له‌پوور، به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌دمه‌ ]شۆك[ـه‌ "پۆزه‌تیڤ"ـه‌ ناپلیۆنییه‌كه‌وه‌ كه‌ به‌شداریكرد له‌ بەگەڕخستنى كه‌ره‌سته‌كانی سه‌رده‌می ڕێنسانسدا. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: داخۆ جه‌نگی عێراق و ئه‌و ڕووداوه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ به‌دوایدا هاتن كاریگه‌ریی هێدمه‌یان دەبێت یان شۆك؟

-        ئه‌سته‌مه‌ له‌ ئێستادا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، چونكه‌ من كاتێك كتێبی "نه‌خۆشی ڕۆژئاوا"م نووسی سه‌رده‌مێك به‌سه‌ر شكستی [جەنگى عەرەب-ئیسرائیل]ى 68دا تێپه‌ڕیبوو. به‌ڵام عێراق له‌مڕۆدا له‌ دۆخێكی جیاوازدا ده‌ژی و پێویستی به‌ چاودێرییه‌كی ورد هه‌یه‌ تاوه‌كو به‌ دیاریكراوی و دروستی دۆخه‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكه‌ین. پێموایه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م هێدمه‌ هه‌یه‌ و هه‌میش شۆك، به‌ جۆرێك كه‌ ده‌توانین به‌ حاڵه‌تێكی دوودیوی دابنێین، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌مه‌یش دوودیوی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی خۆیه‌تی، كه‌ له‌ دوو كۆمه‌ڵگه‌ پێكهاتووه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی سونه‌ مه‌زهه‌ب و كۆمه‌ڵگه‌ی شیعه‌ مه‌زهه‌ب. ئه‌م دابه‌شبوونه‌ وامان لێده‌كات نه‌توانین بزانین چی ڕوویداوه‌. ئایا شۆكێكی چالاكه‌ به‌ ئاراسته‌ی ڕێنسانسێكی كارا یاخود هێدمه‌یه‌كی چالاكه‌ به‌ ئاراسته‌ی به‌سه‌رخۆدا شكانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌. به‌داخه‌وه‌، به‌ پێی مه‌زه‌نده‌ی من، تاوه‌كو ئێستا زۆرینه‌ی كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عێراقی و له‌سه‌ر ئاستی عه‌ره‌بییش په‌له‌پڕوزه‌یه‌. له‌سه‌ر ئه‌م ئاسته‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌یه‌ك ڕوویداوه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ داگیركاریی ئه‌مریكی کە سه‌دام حوسه‌ینی ڕووخاند، كه‌ به‌ توندوتیژترین دیكتاتۆری ڕژێمه‌ عه‌ره‌بییه‌كان داده‌نرێت، ئه‌گه‌رچی تاكه‌ دیكتاتۆر نه‌بوو، به‌ڵام دڕنده‌ترینیان بوو، كردییه‌ شه‌هید و هه‌لێكی دیكه‌ی ڕه‌خساند كه‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڵی هاوسۆز بن. ئه‌مه‌ ڕواڵه‌تێكه‌ له‌ ڕواڵه‌ته‌كانی "هێدمه‌"ی كارا بۆ وروژاندنی هه‌ست و غه‌ریزه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته‌ كاركردی ڕێنسانس. مه‌به‌ستم له‌ هاوسۆزی له‌گه‌ڵ سه‌دامدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ندین عێراقی هه‌ن بوونه‌ كه‌سانێك كه‌ سۆز و هه‌ستیان بۆ سه‌دام و سه‌رده‌مه‌كه‌ی جوڵا و –لایه‌نیكه‌م- له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا به‌ ئارامی و له‌ ئاساییشدا ده‌ژیان، ئینجا له‌ ڕوانگه‌ی تائیفییه‌وه‌ "كرا به‌ ئیبلیس" و هه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی تائیفییشه‌وه‌ ستاییش كرا. له‌م گۆشه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م "هێدمه‌"داین نه‌ك "سه‌دمه‌" ]شۆك[.

-        وا پێده‌چێ له‌ دۆخی عێراق ڕه‌شبین بیت؟!

-        به‌ڵێ من ڕه‌شبینم، ڕه‌نگدانه‌وه‌ عه‌ره‌بییه‌كانیشی هێشتایش له‌ژێر پێداچوونه‌وه‌دان. من لێره‌دا له‌باره‌ی ئاپۆره‌وه‌ قسه‌ ناكه‌م چونكه‌ ئاگام لێیان نییه‌، به‌ڵكو ده‌رباره‌ی ئه‌و توێژه‌ ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌بییه‌ قسه‌ ده‌كه‌م كه‌ وای ده‌بینم له‌خۆیدا دابه‌شبووه‌ و خۆی ون كردووه‌ و نازانێت پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وه‌ی له‌ عێراق ڕووده‌دات، چیین، له‌ كاتێكدا من سه‌رم سوڕما له‌وه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌بانه‌ی له‌سه‌ر ماركسییزمی دیموكراتی و سێكیولاریزم حسێبن، كاردانه‌وه‌كانیان بووه‌ كاردانه‌وه‌ی تائیفی، به‌ شیعه‌ و سونه‌وه‌، زۆر به‌ ڕاشكاوی ده‌ڵێم ئه‌مه‌ زۆر ئازاری دام.

-       نه‌وه‌ عه‌ره‌بییه‌كان هێشتایش به‌ده‌ست ئه‌و شته‌وه‌ ده‌نالێنێت كه‌ ناوتناوه‌ "برینی نه‌رگسی" له‌ ڕۆژئاوا، كه‌ تووشی نه‌وه‌ كۆنه‌كان بووبوو و وای لێكردبوون به‌سه‌رخۆیاندا بنوشتێنه‌وه‌ و ڕێی ئه‌وه‌ی لێگرتن بچنه‌ نێو مۆدێرنه‌وه‌. بۆچی ئێستا ئه‌مه‌ به‌سه‌ر نه‌وه‌ نوێیه‌كانیشدا هاتووه‌، ئه‌گه‌رچی تووشی شكستی زه‌لیلكه‌ر نه‌بوون، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ جه‌نگی 68دا ڕوویدا؟

-        به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك هۆكار، له‌ هه‌موویان گرنگتر شكستی ئه‌زموونه‌كانی گه‌شه‌پێدان و تازه‌گه‌ری له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا. با نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه‌: یابان و چین.. داخۆ یابان و چین له‌ ڕووی ئایینی و كولتووری و زمانی و ئێتنیكییه‌وه‌ هێنده‌ی ئێمه‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌ نزیكن؟ نه‌خێر، ئێمه‌ زۆر له‌وان نزیكترین، ئێمه‌ له‌ ڕۆما و یۆنانه‌وه‌ له‌وان زۆر نزیكترین و چووینه‌ته‌ ئیسپانیا و گه‌یشتینه‌ مه‌كدۆنیا، توركیاییش تا سنووری نه‌مسا ڕۆیشت. كه‌واته‌ ئێمه‌ و ڕۆژئاوا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆداین، ئه‌ی كه‌واته‌ بۆچی چینییه‌كان و كۆرییه‌كان، هه‌ر وه‌ك پێشتریش یابان كردی، به‌سه‌ر ئه‌م گرێیه‌دا سه‌رده‌كه‌ون و خۆیانی لێ ده‌رباز ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین ئه‌مه‌ بكه‌ین؟ به‌ بڕوای من ئه‌وانیش تووشی هه‌مان كێشه‌ بوون، هه‌مان پرسیار لای ئه‌وانییش كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ یابان ڕوویدا و، ئه‌وه‌ی له‌مڕۆیشدا له‌ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و چین ڕووده‌دات، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان بڕیاریان له‌وه‌ داوه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕۆژئاوا ته‌نیا به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ لێی نزیك ببنه‌وه‌ و له‌ بوار و كایه‌كه‌ی خۆیدا جێی بهێڵن. به‌ڵام به‌لای عه‌ره‌به‌وه‌ دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌، ئه‌و ئایدیۆلۆژیای لای ئێمه‌ دوای شكستی هه‌وڵه‌كانی گه‌شه‌پێدان و ئه‌زموونه‌كانی مۆدێرنیته‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، ڕۆژێمی دیكتاتۆریه‌تی و پاشه‌كشه‌ی به‌كۆمه‌ڵ و پاشه‌كشه‌ی ئابووری و ئاسته‌كانی فێركردنی پیشانداین. ئێمه‌ له‌ گه‌نجیماندا ده‌مانگوت ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی به‌ ڕۆژئاواییبوونه‌وه‌ به‌ربه‌ره‌كانێی ڕۆژئاوا بكه‌ین. ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌بوو كه‌ یابانییه‌كان و ئینجا چینییه‌كانیش كردیان. كه‌چی له‌ ئێستادا، به‌ داخه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ربه‌ره‌كانێی ڕۆژئاوا بكه‌ین به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ڕۆژئاوا كردوویه‌تی. لای ئێمه‌ كه‌سانێك هه‌ن به‌ناوی تێگه‌یشتنێكی دیاریكراو له‌ ده‌قه‌ قورئانییه‌كانه‌وه‌، تیۆره‌كه‌ی "كۆپه‌رنیكۆس" ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌یه‌ تیۆری سوڕانه‌وه‌ی خۆر و شتی له‌م بابه‌ته‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. لێره‌دا من ئایدیایه‌كی ساده‌ دێ به‌ مێشكمدا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌لی پێشكه‌وتوو به‌شێوه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو له‌ ئایینه‌كه‌ی تێده‌گات و گه‌لی عه‌قڵانی به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی له‌ ئایینه‌كه‌ی تێده‌گات. ئایین به‌ زمانی خه‌ڵكی قسه‌ ده‌كات به‌و جۆره‌ی كه‌ خه‌ڵكی هه‌ن و ئه‌ركه‌كه‌ی دانانی ڕێسا و یاسای زانستی نییه‌. له‌به‌رئه‌مه‌، ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌نده‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌دا ڕووده‌دات جێگای داخه‌. چونكه‌ لێره‌دا ده‌بینین تیۆری "ئیعجازی قورئان" له‌ ئیسلامدا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دانراوه‌ كه‌ ئیعجازی قورئانی ده‌ربڕین و پێڕاگه‌یانده‌، به‌ڵام كه‌ ئێستا پێڕاگه‌یاندن ئه‌و بایه‌خه‌ی نه‌ماوه‌ كه‌ سه‌ردمی پێشووتر، ئه‌و ڕۆژگاره‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای زمانه‌كانیان دابه‌ش بووبوون، ئیدی پێڕاگه‌یاندن ئه‌و بایه‌خه‌ی نه‌ماوه‌، ئێستا دوای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ڕۆڵی به‌رفراوانی زانستدا تیۆرێكی نوێ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تێیدا تیۆری ئیعجازی قورئانی فه‌رامۆش كراوه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئیعجازی زانستی له‌ قورئاندا بسه‌لمێنن. لێره‌دا پێموایه‌ برینه‌ نه‌رگسییه‌كه‌ هێشتایش بێده‌رمانه‌ و هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ناعه‌قلانی و ناعه‌قڵێنراوی ده‌قی ئایینی، ئه‌م برینه‌ نێرگسییه‌ قووڵتر ده‌كاته‌وه‌. پێشموایه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م برینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێمانوایه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌نته‌ری جیهانداین. ده‌ڵێین: (عه‌ره‌ب و ڕۆژئاوا) ]العرب و الغرب[، وه‌ك بڵێی جیاوازی ئێمه‌ و ڕۆژئاوا ته‌نیا خاڵی سه‌ر پیتی (غ)ـه‌. من ئه‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ و ڕۆژئاوا دوولایه‌نی لێكدژییه‌كه‌ نین، به‌ڵكو ئێمه‌ به‌شێكی چكۆله‌ی جیهانین و كۆی گه‌لانی عه‌ره‌بی –دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه‌ گونجاو بێت، چونكه‌ چه‌ندین هه‌رێمی عه‌ره‌بی هه‌ن كه‌ ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ هه‌ر له‌ بنچینه‌وه‌ عه‌ره‌ب بن!!- ته‌نیا یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی دانیشتوانی چین پێكده‌هێنن، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چینییه‌ك نادۆزیته‌وه‌ كه‌ بڵێت چین و ڕۆژئاوا!!.

گه‌ر وا وێنای خۆمان بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ عه‌ره‌بین و له‌ سه‌نته‌ری گه‌ردوونداین و له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا له‌ دژایه‌تیداین، كه‌ ڕۆژئاوا نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی گه‌ردووتی داگیر كردووه‌، ئه‌وا ئه‌مه‌ تێڕوانینێكی گاڵته‌جاڕانه‌یه‌ بۆ جیهان. ئێمه‌ له‌ نیوه‌ی جیهاندا نین، له‌ كتێبه‌كه‌یشمدا (نه‌خۆشی ڕۆژئاوا) چه‌ندین ده‌قی ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌كانم بینییه‌وه‌ كه‌ داخی ئه‌وه‌ ده‌خۆن ڕۆژاوا وه‌ك دوژمنێك سه‌یری ئێمه‌ ناكات كه‌ سه‌نگ و قورسایی هه‌یه‌، چونكه‌ گه‌ر ئیمه‌ وه‌كو دوژمن لێمان بڕوانرێت واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌ین. ئه‌و گرێ نه‌رگسییه‌ی كه‌ لای عه‌ره‌ب هه‌یه‌ ده‌توانین بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونه‌ مێژووییه‌كه‌یان كاتێك له‌خۆیان ده‌رچوون و جیهانیان داگیر كرد و فه‌تحی نیوه‌ی جیهانی شارستانییان كرد، ئه‌گه‌رچی نه‌گه‌یشتنه‌ چین و یابان و ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژئاوا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی زۆرینه‌ی جیهانی شارستانیی ئه‌وكاته‌یان خسته‌ سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست و گه‌یشتكنه‌ ئیسپانیا و بگره‌ له‌ویش به‌ولاوه‌تر ڕۆشتن. ئه‌م ئه‌زموونه‌ مێژووییه‌ مه‌زنه‌ هێشتایش له‌نێو ئێمه‌دا كار ده‌كات و ئه‌و وه‌همه‌مان لا دروست ده‌كات كه‌ گوایه‌ ئێمه‌ له‌ جیهانداین و له‌ پنتێكی سه‌نتراڵی جیهانداین. هه‌موو تێڕوانینێكیش كه‌ پێیوایه‌ ئێمه‌ له‌ پنتێكی سه‌نتراڵی جیهانداین تێڕوانینێكی كۆمیدییه‌ چونكه‌ جیهان سه‌نته‌رێكی نییه‌ به‌ڵكو خڕ و سوڕاوه‌!!. ته‌نانه‌ت ڕۆژئاواییش له‌ سه‌نته‌ردا نییه‌، ئه‌ی چۆن ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ ڕؤژاوادا خۆمان له‌سه‌نته‌ردا دابنێین، له‌ كاتێكدا ڕۆژئاوا خۆیشی، به‌هۆی درێژبوونه‌وه‌ چینی و یابانییه‌كانه‌وه‌، به‌هۆی كشانی ئه‌مریكاوه‌ كه‌ به‌هۆی گشتاندنه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌بیر ده‌كه‌ین ئه‌مریكا له‌ ڕۆژئاوا خۆی دابڕاندووه‌ و ڕۆژئاوایه‌كی نوێ و سه‌نته‌رێكی نوێی دروست كردووه‌، چیتر له‌ سه‌نتردا نییه‌ و چیتر ڕۆژئاواكه‌ی جاران نییه‌. به‌ بۆچوونی من خه‌ونی سه‌نتراڵبوون خه‌ونێكی منداڵانه‌یه‌ و ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ نه‌رگسییه‌تی داخراو و نه‌خۆش بۆ خود به‌رهه‌م دێنێت، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕق له‌ویدیكه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ سه‌نتراڵبووندا كێبه‌ركێمان بكات، داده‌مه‌زرێت. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ واقیعیی ماتریالی و ڕاسته‌قینه‌ی به‌رجه‌سته‌ی عه‌ره‌ب زۆر شێواوه‌ و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌ هه‌ره‌ دواكه‌وتووترین وڵاته‌كانی جیهانن، بگره‌ هه‌ندێك وڵاتی ئه‌فریقییش هه‌ن كه‌ له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان پێشكه‌وتووترن. به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ واقیعه‌ بیماره‌كه‌ی عه‌ره‌به‌ كه‌ تووشی نیرۆسی كردووین، پێیشوایه‌ ئێمه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب كه‌سانێكی زۆری نیرتیك و سایكۆتیكمان له‌سه‌ر پشتی خۆمان هه‌ڵگرتووه‌.

-       به‌ڕوونی دیاره‌ تێڕوانینت بۆ ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب نه‌رێنی و ڕه‌شبینانه‌یه‌.

-        زۆر به‌ ڕاشكاوی بیڵیم، ئێمه‌ له‌ دۆخی خۆدۆڕاندنداین، چونكه‌ "ئه‌نتێلێجنسیا"ی عه‌ره‌بی، كه‌ ده‌بوو نیبراس یان فانۆسی ڕۆشنكه‌ره‌وه‌ی ڕێگا بن، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ دۆخی له‌ده‌ستچوون و خۆدۆڕاندندایه‌، ناڵێم ئه‌م توێژه‌ ئۆپۆرتۆنیست و هه‌لپه‌رستن به‌ڵام ده‌ڵێم فریوی ڕژێمه‌كان و فریوی دۆلار و فریوی ده‌سته‌جه‌معییان خواردووه‌، به‌و واتایه‌ی ده‌یانه‌وێت كاسبی خۆیان بكه‌ن و ده‌یانه‌وێت جه‌ماوه‌ر به‌لای خۆیاندا ڕابكێشن، به‌ڵام خۆ ئه‌ركی "ئه‌نتێلێجنسیا" ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ر بۆ خۆی ڕابكێشێت. كاتێك ده‌ته‌وێت وه‌ك ڕۆشنبیرێك له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ ملیۆنان كه‌س بدوێنیت، ناچار ده‌بیت سازش بكه‌یت نه‌ك ته‌نیا له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت به‌ زمانێكی ئاسان قسه‌ بكه‌یت، به‌ڵكو له‌وه‌یش كه‌ ناتوانێت هه‌موو ئایدیاكانت بڵێیت و سووریش بیت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ستی هیچ كه‌سێك له‌و ملیۆنان بینه‌ره‌ بریندار نه‌كه‌یت. له‌م دۆخه‌دا تۆ سازش له‌ هه‌ڵوێستی خۆت ده‌كه‌یت و هه‌وڵ ده‌ده‌یت به‌ جۆرێك كه‌وی و نه‌رمیی بكه‌یته‌وه‌ كه‌ بینه‌ران و بیسه‌ران بریندار نه‌كات. بڕواموایه‌ ئه‌م ڕۆڵه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌زگا میدیاییه‌كانی ئه‌مڕۆ، به‌ تایبه‌تیش كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان، ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ دابه‌زاندنی ئاستی ڕۆشنبیر، بۆ نموونه‌ له‌ ئاستی ئه‌فسه‌ری ڕوكنه‌وه‌ بۆ ئاستی عه‌ریف. لێره‌دا به‌ هه‌موو ڕاستگۆییه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ هه‌ست به‌ نزمیی ئاستی ئه‌و كۆمێنتانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ڕۆشنبیران له‌ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌كاندا ده‌یده‌ن، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌خۆیاندا بێ ئاستن، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ناچارن ئه‌م ڕۆڵه‌ له‌ ده‌زگا میدیاییه‌كاندا بگێڕن تاوه‌كو له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌ماوه‌ری فراوانه‌دا بدوێن. واته‌ ڕۆشنبیر ئیدی وه‌ك حزبی سیاسی خۆی ده‌بینێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ شێوازی حزبه‌كانی ئه‌مڕۆیه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌جیهانی عه‌ره‌بیدا شتێكمان به‌ناوی حیزب هه‌بێت. حیزب ئایدیاكان له‌سه‌ره‌وه‌، له‌ ئاستی سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، بۆ ئاستی جه‌ماوه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌، له‌مه‌یشدا ساده‌ی ده‌كاته‌وه‌ و گشتگیریی ده‌كات و ده‌یشێوێنێت. به‌ واتایه‌كی ڕوونتر، ڕۆشنبیر خۆی بۆته‌ حیزب و داواكاری ئه‌و شته‌ی كه‌ حیزب لێی داوا ده‌كات، ئه‌مه‌یش له‌ بنه‌ڕه‌تدا ڕۆڵی ڕۆشنبیر نییه‌ به‌ڵكو ڕۆلی ئه‌فسه‌ری پۆله‌ كه‌ ڕێگا ده‌كاته‌وه‌ و خۆش ده‌كات، پاشانیش ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ ڕیزه‌كه‌دان كه‌ ڕێگاكه‌ ده‌په‌رستن و ئه‌و كه‌سانه‌یش هه‌ن كه‌ ڕێگاكه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر، ئیدی مه‌وداكه‌ فراوانه‌...!!

له‌به‌رئه‌وه‌ ڕێمبده‌ ڕاستگۆیانه‌ بڵێم زۆرینه‌ی "ئه‌نێلێجنسیا"ی عه‌ره‌بی رۆڵی خۆگه‌وره‌كردن ده‌گیڕێت و وا سه‌یری خۆی ده‌كات كه‌ ده‌توانێت له‌ڕێگای ده‌زگا و كه‌ناله‌ میدیاییه‌كانه‌وه‌ واقیعی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بییه‌كان بگۆڕێت. لێره‌دا پۆپۆلیزمی به‌شێكی زۆر له‌ ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌ركه‌وت، هه‌ر له‌ ڕۆشنبیره‌ ناسیۆنالیسته‌كانه‌وه‌ بۆ ماركسیسته‌كان و سۆشیالیسته‌كانی پێشووتر و بۆ دیموكراسخوازه‌ سێكیولاره‌كان، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ده‌زگایانه‌وه‌ زمانێكی شه‌قوشڕ به‌كارده‌هێنن كه‌ له‌ كۆتاییدا ناتوانن به‌هۆیه‌وه‌ گوزارشت له‌ ئایدیاكانیان بكه‌ن. جه‌ماوه‌ری عه‌ره‌بی له‌ شۆكه‌كان دوودڵه‌ و ده‌سڵه‌مێته‌وه‌، چونكه‌ شۆك و به‌ركه‌وتن میكانیزمێكی ڕێنسانسه‌، ئه‌گه‌ر تووشی شۆك نه‌بین هه‌ڵیشناسینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م واقیعه‌ تووشی شۆكمان نه‌كات سه‌رله‌نوێ له‌دایك نابینه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ی ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌به‌كانی ئه‌مڕۆ خۆیان له‌ شۆك و به‌ركه‌وتن لاده‌ده‌ن چونكه‌ وا وێناكراون كه‌ ئه‌وان ئه‌ستێره‌ی نوێن و ده‌توانن جێگای حیزبه‌كان بگرنه‌وه‌ كه‌ به‌های خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، هه‌ر به‌ ڕاستییش وایه‌، حیزبه‌كان متمانه‌ی خۆیان و هێڵه‌كانی خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، ئیدی له‌ ڕێگه‌ی كه‌ناله‌كانه‌وه‌ داوا له‌ ڕۆشنبیره‌كان ده‌كرێت جێگایان بگرنه‌وه‌، كاتێكیش داوا زیاد ده‌كات ئاستی خستنه‌ڕوو كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

-       داخۆ هه‌موو ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئاسمانییانه‌ و ئه‌م كه‌ره‌سته‌ ته‌كنیكییه‌ نوێیانه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ زیاد ده‌بن، ئه‌وه‌ نابینن كه‌ ده‌توانن ڕۆڵێكی گرنگ بگێڕن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری؟

-        ڕوداوێكت بۆ ده‌گێرمه‌وه‌ كه‌ ئه‌وكاته‌ی له‌ كۆنگره‌ی قاهیره‌ بووم به‌سه‌رمدا هات، ئه‌وه‌ دوا كۆنگره‌ بوو بڕیارمدابوو به‌شداریی تێدا بكه‌م چونكه‌ به‌شداریی هیچ كۆنگره‌یه‌كم نه‌ده‌كرد، چیرۆكه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ هاوڕێی ئه‌زیزم "هیشام شه‌رابی"ی كۆچكردوو له‌سه‌ر بڵندگۆكه‌ وه‌ستا و وتی: "هۆ گەلى عه‌ره‌ب، مژده‌ بده‌ن كه‌ ئێمه‌ چیتر دیلی ڕژیمه‌ دیكتاتۆرییه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان نین، ئێستا كه‌ناڵه‌كان له‌ هه‌موو جێگایه‌كدان، ده‌نگمان ده‌گات به‌ هه‌موو شوێنێك. چیتر دیكتاتۆرییه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان ناتوانن ئازادییمان لێ زه‌وت بكه‌ن". به‌ بڕوای من ئه‌م قسانه‌ زۆر نایابن چونكه‌ ته‌كنۆلۆژیای ته‌له‌فزیۆن مه‌وداكانی كه‌م كردۆته‌وه‌ و ده‌رگاكانی خستۆته‌ سه‌رپشت. به‌ڵام له‌وێدا تووشی سه‌رسوڕمان بووم كه‌ وتی: "بڕوانن كه‌ چۆن كه‌ناڵی جه‌زیره‌ توانیویه‌تی بوارێك بۆ مشتومڕ و بۆچوونه‌ ناكۆكه‌كان بكاته‌وه‌). من وێرای ئه‌و هاوڕێیه‌تییه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌حمه‌تییه‌دا هه‌مبوو، ئه‌م قسه‌یه‌ په‌ستی كردم!! بۆیه‌ داوای كۆمێنتم له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی كرد، وتم ئه‌وه‌ی هیشام ده‌یڵێت نموونه‌ی دیموكراسییه‌ته‌ ساخته‌یه‌یه‌ كه‌ له‌مڕۆدا تێیدا ده‌ژین، چونكه‌ كه‌ناڵی جه‌زیره‌، ویرای ئه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تدا كه‌ناڵێكی فره‌ده‌نگه‌ و هیچ ده‌ربه‌ستی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ سۆشیالیستێكی ناسشیۆنالیست لیبرالییه‌ك به‌ نه‌فره‌ت بكات و سێكیولارێك ئه‌وانیتر به‌ نه‌فره‌ت بكات و ململانێی نێوان ته‌وژمه‌ سیاسییه‌كانی گه‌یاندۆته‌ ڕاده‌ی ناكۆكی له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، به‌ڵام فره‌یی كولتووری تێدا نییه‌، چونكه‌ ئه‌و په‌یامانه‌ی كه‌ بۆ هه‌مووانی ده‌نێرێت تاكئایینییه‌، به‌تایبه‌تیش به‌رنامه‌ی "شه‌ریعه‌ت و ژیان" ]الشریعة و الحیاة[، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا ده‌نگی یه‌ك ئایینه‌، به‌ڵكو ده‌نگێكی ئایینیی هه‌ره‌ دواكه‌وتووه‌، بۆیه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ هیچ ده‌ربه‌ستی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م فره‌ییه‌ سیاسییانه‌ په‌خش بكاته‌وه‌ تاوه‌كو بتوانێت ئه‌م تاكئایینییه‌یش په‌خش بكات، كاتێك ده‌یانبینیت له‌ "ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌" ]الإتجاه المعاكس[ ـدا ده‌یانبینیت به‌م فۆڕمه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌ گه‌مژانه‌یه‌ یه‌كتر ده‌بوغزێنن و یه‌كتر به‌ نه‌فره‌ت ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئه‌و كاته‌ به‌های "ئه‌نێڵیجنسیا"ی عه‌ره‌بی له‌ ڕوانگه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ به‌های خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.. كاتێك ده‌یانبینیت كه‌ به‌م جۆره‌ "گه‌روویان ده‌گیرێت" و به‌سه‌ریه‌كتردا هاوار ده‌كه‌ن، بێگومان هه‌مووان ده‌ڵێن و ده‌پرسن: ئایا ئا ئه‌مه‌ ڕۆشنبیرییه‌؟ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ ڕێكه‌وت نییه‌، به‌ڵكو پێموایه‌ ئامانجی دوورمه‌ودای هه‌موو ئه‌و كارانه‌ دووباره‌ ته‌قلیدكردنه‌وه‌ و زه‌قكردنه‌وه‌ی ده‌نگی تاكئایینییه‌، به‌ جۆرێك كه‌ تاكڕایی ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ئه‌م به‌رنامه‌ ئایینییانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. له‌ به‌رامبه‌ریشدا بۆ شێواندنی ڕۆڵی ڕۆشنبیرانه‌، چونكه‌ ڕۆشنبیران لایه‌نیكه‌م چرای ڕۆشنگه‌ریین. به‌ڵام ئێستا ئه‌م چرایه‌ خامۆش بووه‌ و كوژاوه‌ته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م چرایه‌ خۆی خۆی تاریك كردووه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ كه‌ من زۆر ڕه‌شبینم. من ئه‌م گوزاره‌یه‌ به‌كارده‌هێنم و له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌یشی دوو دڵ نیم و پێیشموایه‌ واتایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ توێژێكی گه‌وره‌ی "ئه‌نێلێجنسیا" هه‌یه‌ كه‌ خیانه‌ت له‌ په‌یامه‌كه‌ی خۆی ده‌كات كه‌ وا له‌ ناسینی واقیع و ڕه‌خنه‌ی واقیعدا، هیچ كاتێكیش نه‌بووه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ "ئه‌نتێلێجنسیا"ی عه‌ره‌بی ئایدیۆلۆژیزه‌ بووبێت، ئه‌وه‌یش له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌گوترێت ئایدیۆلۆژیا مردووه‌.

-       ئایا له‌به‌رئه‌مه‌یه‌ كه‌ ده‌بینین تۆر زۆر به‌رگری له‌ سه‌رده‌می ڕێنسانسی عه‌ره‌بی ده‌كه‌یت كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا كۆتایی هات؟ وا پێده‌چێت تۆ دوایین نه‌وه‌ی ئه‌و قۆناغه‌ مێژووییه‌ گرنگه‌ بیت كه‌ زۆرێك له‌بیریان كردووه‌.

-        نه‌ك ته‌نیا له‌بیریان كردووه‌، به‌ڵكو كردوویانه‌ته‌ شتێكی چه‌په‌ڵ و تاوانباریان كردووه‌ و جه‌نجه‌ریان له‌ مه‌رام و مه‌به‌سته‌كانی داوه‌ و په‌یوه‌ستكراوه‌ته‌وه‌ به‌ كۆلۆنیالیزم و پلانه‌ نهێنییه‌كان و موئامه‌ره‌ ئه‌به‌دی و ئه‌زله‌ییه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ و ئیسلام..هتد. پێموایه‌ تاوانباركردن و چه‌په‌ڵاندنی سه‌رده‌می ڕێنسانس به‌شێكه‌ له‌م هێدمه‌ فه‌نده‌مێنتالیستییه‌ی كه‌ جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیی گرتۆته‌وه‌. به‌ڵام ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ من دوایین نه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بم، ئه‌وا هه‌ر به‌ ڕاستی هیوادارم یه‌كێك بم له‌و نه‌وانه‌ و دوای منیش چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ بێن.

-       له‌ به‌شی یه‌كه‌می كتێبی "الهرطقات"ـدا، ئاوڕت له‌ دۆزی دیموكراسییه‌ت له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا داوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ت به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ناكرێت دیموكراسییه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ بوونی هه‌بێت به‌ بێ بوونی بۆرژوازییه‌تێك كه‌ هه‌ڵگر و پارێزه‌ری بێت.

-        پێموایه‌ ده‌بێت هزر و ئایدیاكان ناوەڕۆکێکى كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بێت.. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌لای منه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپای ڕۆژئاوادا بۆرژوازییه‌ت ئه‌م ڕۆڵه‌ی گێڕاوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می زێڕینی یۆنان و سه‌رده‌می زێڕینی ئیسلام له‌ سه‌ده‌ی دووه‌م و سێیه‌می كۆچیدا، كه‌ له‌و كاته‌دا شارستانێتی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ لوتكه‌ی خۆیدا بوو، ناوەڕۆکێکى كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراوی ئه‌م شارستانێتییه‌ هه‌بووه‌.. شارستانێتی ئیسلامی كه‌ی داڕوخا؟ ئه‌و كاته‌ی كه‌ گشت به‌سه‌ر تایبه‌تدا سه‌ركه‌وت و ڕۆڵیانی كۆتایی پێهێنا، ئیدی عه‌وام بۆ ده‌یانساڵ شه‌قامه‌كانی به‌غدای به‌ڕێوه‌ ده‌برد و به‌م جۆره‌ ڕۆڵی شاعیره‌كان و گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌نده‌كان و فه‌یله‌سوفه‌كان و كه‌لامناسان و ئه‌هلی ته‌سه‌وف پاشه‌كشه‌ی كرد. په‌یوه‌ندیی له‌نێوان ده‌سته‌بژێر و كۆمه‌ڵگادا په‌یوه‌ندییه‌كی دیاله‌كتیكییه‌، دیاره‌ مه‌به‌ستم له‌ ئایدیای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ نییه‌ به‌ڵكو مه‌به‌ستم په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدان و وزه‌پێدانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌، ڕۆڵی ده‌سته‌بژێریش هه‌ر لێره‌دایه‌ كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی وزه‌پێدانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه‌ تاوه‌كو له‌گه‌ڵ به‌ره‌پێشچوونی زه‌مه‌ندا ده‌ستبژێری گه‌وره‌تر و گه‌وره‌تر به‌رهه‌م بهێنێت و په‌ره‌پێبدات و پێشبخات، به‌ڵام ده‌سته‌بژێرگه‌رایی واتا دوورخستنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێر له‌ كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵام بۆچوونی من پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه‌، من له‌گه‌ڵ ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌سته‌بژێردام، ئه‌مه‌یش ڕۆڵی میدیۆمه‌ نه‌ك ڕۆڵێكی ڕاسته‌وخۆ. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌رده‌می ده‌زگای میدیادا ده‌ژین، ئه‌وا ده‌بوو ئه‌م ده‌زگا میدیاییه‌ ڕۆڵی میدیۆم بگێڕێت له‌نێوان ده‌سته‌بژێر و كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا میدیا ئه‌م ڕۆڵه‌ ناگێڕێت. 

-       تۆ وات پێباشتره‌ به‌خۆت بڵێیت "ڕێنسانگه‌رای نوێ" له‌بری ئه‌وه‌ی به‌خۆت بڵێیت "لیبرالیست"؛ بۆچی؟

-        من دژ به‌ لیبرالیزم نیم، به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه‌ زۆر ئاڵۆزه‌ و چه‌ندین ناوه‌ڕۆكی گاڵته‌جاڕانه‌ی پێدا هه‌ڵواسراوه‌ و له‌ ئێستایشدا واتاكه‌ی بۆته‌ باڵاده‌ستی بازاڕ به‌سه‌ر هه‌ر لۆژیكێكی تردا. هه‌ڵبه‌ت من دژ به‌ لۆژیكی بازاڕ نیم، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانایه‌كی كه‌م و كورته‌ بۆ لیبرالیزم. من پێموایه‌ ئاڵۆزكردنی "لیبرالزم" واتای دیاریكردنییه‌تی. واته‌ كاتێك به‌ ڕۆشنبیره‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌ووترێت "لیبرالیسته‌كانی عه‌ره‌ب" ئه‌مه‌ له‌ ڕوانگه‌ی "كینه‌" و دابڕانیانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگا، بۆیه‌ من ده‌مه‌وێت سه‌نگ و قورسایی بۆ وشه‌ی "ڕێنسانسگه‌را" بگێڕمه‌وه‌.

-       به‌ڵام خۆ وشه‌ی "سێكیولاریست" له‌ وشه‌ی "لیبرالیست" زیاتر شێوێنراوه‌، به‌ڵام بەلاتەوە ئاساییه‌ پێتبوترێت "سێكیولاریست"؟

-        له‌ ڕاستیدا وشه‌ی سێكیولاریزم كاتێك به‌ر گوێ ده‌كه‌وێت، به‌ ئه‌ندازه‌ی وشه‌ی "لیبرالیزم" نامۆ نییه‌. واته‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و دیموكراسییه‌ته‌ی كه‌ هه‌رسكراوه‌، چیتر باسی یه‌كێك له‌ بنه‌ڕه‌ته‌ بێگانه‌كانی ناكات. له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌سته‌مه‌ وشه‌ی "لیبرالیزم" بدرێته‌ پاڵ جه‌ماوه‌رێكی ئاسایی. هه‌ر كه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ به‌كاربهێنین ناوه‌ڕۆكه‌ گاڵته‌جاڕانه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت. "سێكیولاریزم" سواوه‌، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌ زمانه‌وانییه‌كه‌ی نه‌شێواوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ندێك وشه‌ی "عه‌لمانییه‌ت" به‌ "عیلمانییه‌ت" ته‌فسیر ده‌كه‌ن، واته‌ له‌ زانسته‌وه‌ هاتووه‌، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ جیهانه‌وه‌ هاتووه‌، واته‌ دونیاگه‌ریی. دیاره‌ ئه‌م وشه‌یه‌یش هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می كۆچییه‌وه‌ له‌نێو كه‌له‌پووری عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا هه‌بووه‌.

شێواندنی وشه‌ی سێكیولاریزم، كارێكی ئه‌نقه‌سته‌، چونكه‌ چیتر سۆشیالیستێك نابوغزێنرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی سۆشیالیسته‌، چیتر ماركسیستێك به‌ نه‌فره‌ت ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ماركسیزم وه‌ك ئایدیۆلۆژیا شكستی هێناوه‌، هه‌موو ئه‌و بوغزاندنانه‌ی كه‌ پێشتر ئاراسته‌ی ماركسزیم و كۆمۆنیزم ده‌كران گۆڕاون بۆ "عه‌لمانییه‌ت" و "عه‌لمانییه‌كان"، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ڕێژه‌ی "عه‌لمانییه‌ت" له‌ "ئه‌نتێلێجنسیا"ی عه‌ره‌بیدا ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌ و بگره‌ به‌ په‌نجه‌كانی ده‌ست ده‌ژمێردرێن. كه‌ وشه‌ی "لیبرالیزم" به‌رگوێت ده‌كه‌وێت وا ده‌زانیت به‌ په‌ڕه‌شووت له‌ جیهانی ڕۆژئاواوه‌ به‌سه‌ر جیهانی عه‌ره‌بیدا به‌رده‌درێته‌وه‌. وه‌ك بڵێی تۆ له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا نیت. ئه‌مه‌یش هۆكاری ئه‌وه‌ بوو كه‌ دوای ڕوخانی بلۆكی كۆمۆنیزم یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ "به‌چه‌پەڵكردن"ـی وشه‌ی عه‌لمانییه‌ت، چونكه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ ته‌وژمی ناسیۆنالیستی و ماركسیزم بوون، به‌ پاڵنه‌ری ئه‌و پۆپۆلیزمه‌ی كه‌ هه‌یانبوو، خۆیان له‌ عه‌لمانییه‌ت داماڵی چونكه‌ پێیانوابوو ئه‌گه‌ر وه‌ك "عه‌لمانی" خۆیان ده‌ربخه‌ن ئه‌وا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ جیا ده‌بنه‌وه‌ و ئه‌وانیش ئه‌م جیابوونه‌وه‌یان ناوێت، له‌ كاتێكدا كه‌ پێویسته‌ ڕۆشنبیر مه‌ودایه‌كی كه‌م له‌ كۆمه‌ڵگه‌ وه‌ربگرێت و كه‌مێك خۆی جیا بكاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌ جیانه‌بیته‌وه‌ ناتوانیت په‌یوه‌ندییشی له‌گه‌ڵدا بگریت. جیابوونه‌وه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ كارێكی سه‌ره‌كییه‌وه‌ تاوه‌كو له‌ شوێنێكه‌وه‌ بچیته‌وه‌ نێوی كه‌ بتوانیت داوای په‌ره‌پێدان بكه‌یت، نه‌ك داوای جێگیربوون و دانیشتن و پاڵدانه‌وه‌. زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب ئه‌م وشه‌یه‌ له‌خۆیان دوورده‌خه‌نه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی پێیانوایه‌ گه‌ر وا بن كۆمه‌ڵگه‌ لێیان تێناگات و گوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان ئایینییه‌ قه‌بوڵی "عه‌لمانییه‌ت" ناكات. به‌م جۆره ته‌واوكارییه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا هه‌یه‌. هه‌م له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانییه‌وه‌ و هه‌م له‌لایه‌ن لایه‌نگرانییه‌وه‌ (یان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ ده‌شێت ببنه‌ لایه‌نگری عه‌لمانییه‌ت).

-       بۆچی له‌ كۆنگره‌ ڕۆشنبیرییه‌ عه‌ره‌بییه‌كاندا به‌شداریی ناكه‌یت؟

-        هه‌سته‌كه‌م هه‌مووی نماییشییه‌. دوو جۆر كۆنگره‌ هه‌یه‌، یان ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ میسر ده‌به‌سترێن، یان ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ كه‌نداو ڕێكده‌خرێن. ئه‌وانه‌ی له‌ میسڕ ڕێكده‌خرێن بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕوخسارێكی گه‌ش بده‌نه‌ میسر وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستایش ئه‌م ولاته‌ هه‌ر ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌بینێت كمه‌ له‌ پێشتردا هه‌یبووه‌. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی قسه‌ن ده‌رباره‌ی قسه‌ و پێش و دوا ناخرێن. هه‌مان هۆل و هه‌مان ئاماده‌بووان و هیچ شتێكی نوێی تێدا نییه‌، به‌ڵام له‌ كه‌نداو مه‌سه‌له‌كه‌ قازانجه‌، چونكه‌ ڕۆشنبیره‌كان ده‌چن بۆ ئه‌وێ و به‌ گیرفانی پڕه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌. ئه‌م كۆنگرانه‌ له‌سه‌ر ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سته‌جه‌معی هیچ كاریگه‌رییه‌كییان نییه‌. له‌ باخچه‌ی هۆتێله‌كه‌ پله‌یه‌كه‌ پێنج ئه‌ستێره‌یه‌كاندا و دوور له‌ جه‌ماوه‌ری ڕاسته‌قینه‌ ده‌به‌سترێن. زۆرجاریش ده‌بێته‌ كێبه‌ركێی ڕۆشنبیره‌كان له‌پێناو بوون به‌ ئه‌ستێره‌دا.

-       تۆ ته‌نانه‌ت له‌ فێستڤاڵی ئه‌سیله‌ی كولتووریی مه‌غریبیشدا ئاماده‌ نه‌بوویت؟

-        یه‌كجار چوومه‌ ئه‌سیله‌، ئیدی له‌ هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی له‌گه‌ڵ جابریدا "لێكگیربووین" –به‌ پێكه‌نینه‌وه‌- ئیدی له‌ مه‌غریبه‌وه‌ بانگهێشت نه‌كرام، ڕه‌نگه‌ جابری قه‌ڵه‌مڕه‌ویی خۆی له‌وێ به‌كارهێنا بێت. جارێكیشیان چوومه‌ توونس به‌ڵام له‌وێیش به‌هه‌مان قه‌ناعه‌ته‌وه‌ هاتمه‌وه‌ ده‌رێ. بازنه‌یه‌كی داخراوی ڕۆشنبیره‌ دووره‌په‌رێزه‌كان. من خۆیشم هه‌تا شتێكم بۆ وتن نه‌بێت و خۆمم بۆ ئاماده‌ نه‌كردبێت ناچم. له‌ كۆنگره‌یه‌كدا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی چل لاپه‌ڕییم نووسیبوو، كه‌چی پێیان وتم ته‌نیا ده‌ خوله‌ك ماوه‌ت هه‌یه‌ بۆ قسه‌كردن و پێشكه‌شكردنی باسه‌كه‌ت.

-       زیاتر له‌ 225 كتێبت وه‌رگێراوه‌ و پرۆژه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی فیكری و چه‌ندین كتێبیشت هه‌یه‌. چۆن توانیت به‌ ته‌نیا ئه‌م هه‌موو كاره‌ بكه‌یت؟!

-        وازم له‌ وانه‌وتنه‌وه‌ و ڕۆژنامه‌گه‌ری و میدیا هێنا. بڕیارمدا له‌ وه‌رگێڕاندا بژیم، بیرمه‌ ڕۆمانی "ڕۆشنبیره‌كان"ـی سیمۆن دی بوڤوارم وه‌رگێڕا، هه‌زار لاپه‌ڕه‌بوو، له‌ پاداشتیشدا 2000 لیره‌ی لوبنانیم وه‌رگرت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كات نرخی لیره‌ وه‌ك نرخی ئێستای نه‌بوو. واته‌ ده‌یكرده‌ نزیكه‌ی 800 یان 900 دۆلار. ئه‌و كات كه‌ من له‌ سوریا ده‌ژیام ده‌متوانی به‌ 100 دۆلار مانگێك ببه‌مه‌ سه‌ر. بۆیه‌ بڕیارمدا له‌ ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ بژیم ئیتر ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی هه‌رچه‌ندییش بێت. هه‌موو وه‌زیفه‌كانی دیكه‌م واز لێهێنا و خۆمم بۆ وه‌رگێران ته‌رخان كرد. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ وه‌رمگێراون باش نین. له‌ وه‌رگێرانیشدا ڕاهێنان و مه‌شق و پرۆڤه‌م كردووه‌ و ئه‌گه‌ر ئێستایش بۆم بلوێت چاوێك به‌ وه‌رگێڕانه‌كانمدا بخشێنمه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مه‌ خۆشحاڵم ده‌كات. مه‌رجیشم بۆ هه‌موو ئه‌و خانه‌ی بڵاوكردنه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌ویست كتێبه‌كانم سه‌رله‌نوێ بڵاوبكه‌نه‌وه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ر له‌ چاپكردن كتێبه‌كه‌م بۆ بنێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ماشایه‌كی بكه‌مه‌وه‌ و ئیدی هیچ به‌هایه‌كم له‌به‌رامبه‌ریدا نه‌ده‌ویست. كه‌واته‌ من له‌و كاته‌وه‌ی چوومه‌ فه‌ره‌نسا، واته‌ ماوه‌ی 25 ساڵه‌، ته‌واو بێ وه‌زیفه‌ بووم و خۆمم ته‌رخانكرد بۆ ئه‌م كارانه‌، له‌و كاته‌یشه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ كارێكم نه‌بووه‌. به‌ كه‌مترین ده‌ستكه‌وتی مانگانه‌ ده‌ژیم و خه‌رجییشم كه‌م كرده‌وه‌ تاوه‌كو ناچار نه‌بم كارێكی دیكه‌ بكه‌م. هه‌موو ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌یه‌ك له‌ ڕۆژنامه‌ی (الحیاة) وتارم هه‌بوو، به‌ڵام دواتر ڕامگرت چونكه‌ نه‌مده‌توانی به‌رده‌وام بم و هه‌ستیشم ده‌كرد ده‌توانم له‌ڕێگه‌ی ده‌ستكه‌وتی كتێبه‌كانمه‌وه‌ بژیم به‌ بێ ئه‌وه‌ پێویستم به‌ پاداشته‌كانی (الحیاة) بێت. من به‌ شێوه‌یه‌كی ساده‌ و خاكه‌ڕا ده‌ژیم و مالێكی خاكه‌ڕاییشم هه‌یه‌. سه‌قفی ژیان و بژێویی خۆمم نزم كرده‌وه‌ تاوه‌كو بتوانم خۆم بۆ نووسین و وه‌رگێڕان ته‌رخان بكه‌م، ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر حسێبی خێزانه‌كه‌م بوو. هه‌ر سێ كچه‌كه‌م هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ كاركردن. جگه‌ له‌وانه‌یش، من گه‌شت و گه‌ڕانێكی ئه‌وتۆم نییه‌ بۆ ده‌ركه‌وتن له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كان و ئاماده‌بوون له‌ كۆنگره‌ و كۆڕه‌كاندا. ڕۆشنبیری وا هه‌یه‌ له‌ هه‌ر مانگێكدا به‌شداریی كۆڕێك یان دوو كۆڕ ده‌كات. ئه‌مه‌ كاتبه‌فیڕۆدانه‌.

-       تۆ كاته‌كانی خۆت به‌ پێی خشته‌یه‌كی دیاریكراو ڕێكده‌خه‌یت. بۆ نموونه‌ ئایا به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌ستیت و ده‌ست به‌كار بكه‌یت؟

-        نا، نه‌خێر به‌و جۆره‌ نا. من ته‌نیا ئه‌خوێنمه‌وه‌، به‌ نزیكه‌یی پێنج سه‌عات له‌ ڕۆژێكدا. من له‌ ئێستایشدا ته‌نیا له‌ بواری كه‌له‌پووردا ده‌خوێنمه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕۆمانانه‌یش ناخوێنمه‌وه‌ كه‌ عاشقیانم، چونكه‌ كاتم بۆیان نه‌ماوه‌. كه‌له‌پوور ده‌خوێنمه‌وه‌ و چه‌نده‌یش زیاتر له‌م بواره‌دا بخوێنمه‌وه‌ زیاتریش تێیدا قووڵ ده‌بمه‌وه‌. تێیشدا ئه‌و چاوگانه‌م كه‌شف كردووه‌ كه‌ ده‌شێت به‌كاریان بهێنینه‌وه‌، به‌ڵام ته‌نیا پێویستیان به‌ كه‌سانێكه‌ كاریان له‌سه‌ر بكات.

-       ده‌توانێت هه‌ندێك زانیارییمان له‌سه‌ر به‌شی داهاتووی پرۆژه‌ی "ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌ی عه‌قلی عه‌ره‌بی" بۆ بدركێنیت؟

-        من نامه‌وێت ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بگه‌یه‌نمه‌ كۆتایی كه‌ به‌ر له‌ 25 ساڵ ده‌ستم پێكردووه‌. له‌ ئێستادا خه‌ریكی ئاماده‌كردنی به‌شی پێنجه‌م و دوا به‌شم و سووریشم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ دوا به‌ش بێت، جا ئیتر قه‌باره‌كه‌ی هه‌رچه‌نده‌یش بێت، ڕاستییه‌كه‌یشی ڕه‌نگه‌ قه‌باره‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بێت. له‌ ئێستادا به‌شی كۆتایی ئه‌و كتێبه‌ ده‌نووسم و هه‌ڵبه‌ت به‌شێكی قورسیشه‌. هیوادارم له‌ ساڵی داهاتوودا بتوانم كتێبه‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌م و ناونیشانه‌كه‌یشی تۆزێك كێشه‌ئامێز و وه‌ڕزكه‌ره‌ "هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی سونی: له‌ ئیسلامی قورئانه‌وه‌ بۆ ئیسلامی فه‌رمووده‌" ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ باسی ئه‌مه‌ ده‌كه‌م. هه‌ڵبه‌ت كه‌ لێره‌دا ده‌ڵێم سونه‌، مه‌به‌ستم هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی سونه‌ نییه‌ به‌سه‌ر شیعه‌دا، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سونه‌ چۆته‌ پێش قورئانه‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ له‌ مێژووی ئیسلامیدا ڕوویداوه‌. گۆڕان له‌ قورئانه‌وه‌ بۆ فه‌رمووده‌. هه‌ڵبه‌ت ده‌رباره‌ی شۆڕش له‌ ئیسلامدا ده‌بوو ئه‌م شۆڕشه‌ لاهوتیی بێت. ئینجا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ له‌ فه‌رمووده‌وه‌ بۆ قورئان. ئه‌مه‌یش له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌و كه‌سه‌دا بوو كه‌ ناومناوه‌ ده‌ركه‌وتنی لۆته‌ری موسوڵمان و ئینجا ڤۆڵتێر. 


سەرچاوە:



تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2016 کراوە بە کوردى و لە فایلى "جۆرج تەرابیشى"ـى گۆڤارى ئایدیا و دواتریش ساڵى 2018 لە نامیلکەى "جۆرج تەڕابیشی"دا بڵاوکراوەتەوە.



Wednesday, 20 July 2016

قەرەوێڵەکەى پرۆکروست

یان: بە ناوى ستەملێکراوانەوە

هاوار محەمەد

ئەم نامیلکەیە لە دوو بەش پێکهاتووە؛ لە بەشى یەکەمدا، بەشێوەیەکى گومانگەرایانە، هەندێ تێزى مارکسیستى سەدەى نۆزدە و سەرەتاى سەدەى بیست تاقیى دەکەینەوە و لەگەڵیدا ڕەخنەى ئەو عەقڵە پەڕگیرە دەکەین کە لەنێو مەنزومە چەمکییەکانى ئەو سەردەمانەدا چەقیووە هەر بۆ ئەوەى لافى نەک شۆڕشگێڕى، بەڵکو سوپەر شۆڕشگێڕیى لێ بدات؛ بەدەم تاوتوێى مشتومڕەکانیشەوە هەندێ پرسیار دەخەینە ڕوو. لە بەشى دووەمدا بە شیکاریى چەند گۆڕانکارییەکى نێو خودى سیستەمى سەرمایەدارى، کەمتازۆر وەڵامى ئەو پرسیارانەى بەشى پێشتر دەدەینەوە؛ ئەو گۆڕانانە، کە لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە سەریانهەڵداوە و تاوەکو ئەمڕۆ هەر بەردەوامن، لە ڕووى تیۆری و کردەییەوە بوونەتە گرفتى ڕاستەقینە لە بەردەم پراکتیکى شۆڕشگێڕیدا، بەڵام عەقڵیەتى ئەرسۆدۆکسى نکوڵیگەرا، ئامادە نییە دانیان پێدا بنێ، لە کاتێکدا ئەم سیستەمە کارتە کۆنەکانى سووتاندووە و بە ڕێساکانى پێشتر گەمە ناکات، یان ڕەنگە تەنیا لە وەختى قەیرانێکدا دۆمینەمان لەگەڵ بکات ئەو کاتەى سوور بزانێ پوولى شۆڕشى وەک دوو شەش لە دەستماندا تۆپاندووە. ئەمەیش سوپەر شۆڕشگێرەکانى خستۆتە بارێکى دژوارەوە، چونکە نە دەتوانن بە شێوازەکەى سەدەى بیست گەمەکە بکەن (مەگەر کودەتا لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا) و نە دەیشیانەوێ دەستیان لە ڕێسا و سونەتەکەیان ببێتەوە. ئێمە، بە پێچەوانەوە، پێمانوایە بۆ ئەمڕۆى دنیا و کورستانیش پێویستمان بە مۆدێلێکى ترى چەپ، بە چەمکى دیکە، بە دیاگنۆس و تەفسیرى تر، بە فۆڕمى نوێى خەبات و بەرەنگارى هەیە. ئەم وتارەیش لەو پێناوەدایە بەشدار بێت، تەنانەت ئەگەر زۆر کاڵوکرچیش بێت، لە سەرهەڵدانى چەپێکى نوێدا. 

بۆ داونلۆدکردنى نامیلکەکە بە pdf کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

https://drive.google.com/file/d/1Lvqmmcq1FR_2_bl2M7T9QkNKUzxmcDR7/view?usp=sharing

Saturday, 25 June 2016

هانده‌ری كامیانیت: ڕیاڵ یان به‌رشه‌؟

هاوار محه‌مه‌د


یه‌كه‌م: ده‌بێت یارییش ببێته‌ كایه‌یه‌كی ڕێكخراو و پیشگه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی سودی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت. ده‌بێت یارییه‌ بازاڕیی و عامییه‌كانیش ڕێسادار بكرێن، تاوه‌كو بتوانرێت حساب بكرێن و بنه‌مای "سه‌ركه‌وتن"ـی تێدا دیاریی بكرێت. له‌ وه‌رزشی هاوچه‌رخدا یارییه‌كان به‌ وردی لێك جیاكراونه‌ته‌وه‌: ڕێساكانیان، ژماره‌ی یاریزانه‌كان، جۆری گۆڕه‌پان و سه‌رجه‌م ڕه‌گه‌زه‌كانییتر. جگه‌ له‌مه‌یش ڕێژه‌یه‌كی زۆر یاریی وه‌رزشی جیاواز بوونیان هه‌یه‌، هه‌ر له‌ وه‌رزشه‌ به‌ كۆمه‌ڵییه‌كانی وه‌كو فوتبۆله‌وه‌ تا یارییه‌ زه‌وجییه‌كان و تا یارییه‌ تاكییه‌كان. یارییه‌كان بوونه‌ته‌ یاریی پیشه‌گه‌ر. بۆ ئه‌مه‌یش ده‌بێت ته‌مرین و ڕاهێنانه‌كان دابنێرن و لێهاتووییه‌كان دیاریی بكرێن، لەم ڕێیەوە پیشه‌گه‌ره‌ لێهاتووه‌كان و جه‌ماوه‌ری نه‌شاره‌زا له‌یارییه‌كه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌. یه‌كه‌میان ده‌بێته‌ موماره‌سه‌كه‌رانی ڕاسته‌وخۆی وه‌زرشه‌كان و دووه‌میشیان ده‌بێته‌ به‌كارهێنه‌ر و مه‌سره‌فكه‌ری به‌رهه‌مهێنراوه‌ وه‌رزشییه‌كان.
پییەر بۆردیۆ پێیوایه‌ له‌م هه‌مه‌چه‌شنییه‌ی یارییه‌كاندا، چینه‌كان له‌ سه‌ده‌كانی پێشتردا موماره‌سه‌ی جیاوازی یارییه‌كانیان كردووه‌، هه‌ندێك گەمە له‌لایه‌ن چینی بۆرژوا و ئه‌رستۆكراته‌وه‌ موماره‌سه‌ كراوه‌ و هه‌ندێك گەمەى دیكه‌یش له‌لایه‌ن چینی عه‌وامه‌وه‌. پرسیار بۆردیۆ ئه‌وه‌یه‌ چی وا ده‌كات كه‌ ئه‌ندامانی چینه‌ جیاوازه‌كان ڕوو له‌و یارییه‌ بكه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ئاست و حه‌ز و سه‌رمایه‌کەیاندا ده‌گونجێت؟ وه‌ڵامی بۆردیۆ ئه‌مه‌یه‌: هابیتۆسه‌كان. هابیتۆسه‌كان هه‌موو ئه‌و ئاماده‌ییه‌ ڕه‌مزی و بۆماوه‌یی و ئاسته‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه‌ كه‌ وا ده‌كات یارییه‌كان به‌ یه‌كسانی و هاوشێوه‌ له‌لایه‌ن چینه‌كانه‌وه‌ موماره‌سه‌ نه‌كرێن. بۆ نموونه‌ ده‌شێت به‌ په‌یوه‌ندی یارییه‌كان و دۆخی جه‌سته‌ ئه‌م تێزه‌ ڕوون بكه‌ینه‌وه‌. یاریی گۆڵف زیاتر له‌لایه‌ن چینی ئه‌رستۆكراته‌وه‌ موماره‌سه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ پێویستی به‌ ماندووبوونی زۆر و ئازاردانی جه‌سته‌ نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ دۆخی ڕێكێتی جه‌سته‌ و كه‌شی ئارام و له‌سه‌رخۆیی زه‌ین و پاراستنی جه‌سته‌ و كه‌شخه‌یه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌. واته‌ په‌یوه‌ندی به‌ جه‌سته‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئامانج. له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ موساره‌عه‌ زیاتر یاریی چینه‌ عه‌وامه‌كانه‌ كه‌ یارییه‌كی نماییشییه‌ و جه‌سته‌ و هێزی بازوو زێده‌ڕه‌وییان تێدا ده‌كرێت و له‌ڕاده‌ی خۆیان زیاتر قه‌به‌ده‌كرێن و فوویان تێده‌كرێت. یاریی تۆپی پێیش یارییه‌كه‌ كه‌ جه‌سته‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ جوڵه‌ و سوكه‌ڵه‌یی و مه‌هاره‌ته‌وه‌، به‌م جۆره‌ داخوازی چینه‌ مامناوه‌ندییه‌كان و فه‌رمانبه‌ران و ورده‌ بۆرژواكانی له‌سه‌ره‌. له‌ یاریی گۆلفدا جه‌سته‌ی یاریزانه‌كان ڕه‌شاقه‌ت و هارمۆنی ده‌خوازن و به‌ ڕه‌هایی سه‌ربه‌خۆن و تێكه‌ڵ نابن، له‌ مساره‌عه‌دا سه‌ركێشی و مه‌ترسی له‌سه‌ر جه‌سته‌ بوونی هه‌یه‌ كه‌ به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ و لێدان و ئازاری جه‌سته‌یی ڕووده‌دات،  له‌ تۆپی پێیشدا مه‌وداوه‌رگرتن و به‌ركه‌وتنی ناڕاسته‌وخۆ بوونی هه‌یه و لیاقه‌ت و مه‌هاره‌ت پیشان ده‌درێت‌. به‌م جۆره‌ موماره‌سه‌ی یارییه‌كان به‌ قه‌ولی بۆردیۆ، جگه‌ له‌ سوودی مادی، سوودی جیاكاریی ڕه‌مزیشیان تێدایه‌. كه‌واته‌ بنه‌مای دابه‌شبوونی چینایه‌تی ته‌نیا سه‌رمایه‌ی ئابووریی نییه‌، به‌ڵكو سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزیشه‌.
له‌سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا یارییه‌كان، گه‌رچی ڕه‌مزییش بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی چینه‌ ئابوورییه‌كان به‌ ڕه‌هایی دابه‌ش نه‌بوون، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز به‌یه‌كداچوون، چونكه‌ ناتوانین چینه‌كان ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای ئابووریی دابه‌ش بكه‌ین، به‌ڵكو دابه‌شكاریی ڕه‌مزییش له‌مڕۆدا جیاكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروست ده‌كات. بۆچوونی بۆردیۆ ده‌رباره‌ی دابه‌شبوونی ڕه‌مزیی یارییه‌ وه‌رزشییه‌كان دروسته‌، به‌ڵام له‌و جێیه‌یشدا شایه‌نی ڕه‌خنه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی یارییه‌كان به‌پاڵ یه‌كتره‌وه‌ و به‌ هه‌مان پێوه‌ر سه‌یر ده‌كات و، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی و كاریگه‌رییه‌ جیهانییانه‌ی له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌ كه‌ هه‌ر یارییه‌ك هه‌یه‌تی. بۆ نموونه‌ كاریگه‌ریی و بره‌وی تۆپی پێ له‌ ئاستی جیهانیدا له‌گه‌ڵ كاریگه‌ری و بره‌وی یارییه‌كی وه‌كو ئه‌سپسواریدا له‌ هه‌مان ساتدا نین.
وا پێده‌چێت تۆپی پێ یان فوتبۆل حاڵه‌تێكی ناوازه‌ بنوێنێته‌وه‌، به‌ جۆرێك ناشێت له‌مڕۆدا ته‌نانه‌ت له‌ ڕووی ڕه‌مزییشه‌وه‌ ته‌نیا به‌ چینێكه‌وه‌ بلكێنرێت، دواتر ئاماژه‌ به‌م خاڵه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌.

دووه‌م: له‌م پانتاییه‌دا كه‌ سیسته‌م به‌ وردی ئیشی تێدا كردووه‌، خولیا و حه‌زی وه‌زرشیی وه‌رزشه‌وانان تێهه‌ڵكێش به‌ پیشه‌گه‌ری و ته‌مرین و پێگه‌یاندنی زانستیی كراوه‌. یاریزانه‌كان هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ده‌بێت ڕابهێنرێن، به‌مه‌یش سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ ڕه‌چاو ناكرێت منداڵی چ چینێكن [هه‌ڵبه‌ت منداڵانی چینی ئۆرستۆكرات كه‌متر دێنه‌ نێو ئه‌م لۆژیكه‌وه‌]، چونكه‌ تۆپی پێ ده‌رفه‌تی جوڵه‌ و سه‌ركه‌وتنی چینایه‌تیشی تێدایه‌، واته‌ كه‌ ده‌بیته‌ وه‌رزشه‌وان چیتر چینایه‌تی هەمان گرنگیى پێشووترى نییه‌. گه‌ر ببیته‌ یاریزانێكی باش ئه‌وا ده‌شێت بتوانێت مێژووی هه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌ت بگۆڕیت و له‌ خێزانێكی هه‌ژاره‌وه‌ بیانكه‌یته‌ خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند، بۆ نموونه‌ له‌ تۆپی پێی به‌رازیلدا زۆرجار ئه‌م حیكایه‌تانه‌ ده‌گێڕدرێنه‌وه‌ و كاتێك ژیاننامه‌ی یاریزانێك باس ده‌كرێت قسه‌ له‌و موعجیزه‌یه ده‌كه‌ن به‌هۆی لێهاتوویی منداڵه‌كه‌یانه‌وه‌ (كه‌ ئێستا بۆته‌ وه‌رزشه‌وانێكی به‌ناوبانگ)، سه‌رجه‌می خێزانه‌كه‌یان له‌ هه‌ژاری و نه‌داری ڕزگاریان بووه‌ و وه‌ك خێزانێكی بۆرژوا ده‌ژین. كه‌واته‌ سوپاس بۆ تۆپی پێ كه‌ ده‌توانێت هه‌ژاره‌كان له‌ هه‌ژاری ڕزگار بكات. لێره‌دا مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ توانا و حه‌زی منداڵه‌كه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ستیشه‌ به‌ دروستكردنی سوبێكتێكه‌وه‌، دروستكردن و پێگه‌یاندنی یاریزانێكی باش هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌لایه‌ن یانه‌ وه‌رزشییه‌كانه‌وه‌، له‌ڕێگه‌ی دیسپلین و ته‌مرین و ڕه‌هێنانه‌كانه‌وه‌ و دواجاریش ئه‌نجامدانی یارییه‌كی باش بۆ تیپه‌كه‌ی و پاشانیش فرۆشتنی به‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی. ئه‌مه‌ سكێچی پێشگه‌یشتنی هه‌ر یاریزانێكی دره‌وشاوه‌یه‌.
 نه‌ك ته‌نیا یاریزانه‌كان (واته‌ موماره‌سه‌كه‌رانی ڕاسته‌وخۆ) به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، به‌ڵكو جه‌ماوه‌ریی هانده‌رییش دروست ده‌كرێت، كه‌ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت بۆ ناوبانگی تیپه‌كه‌ و پاشاكان كاری كۆمپانیاكان. جه‌ماوه‌ری تیپه‌كان ئه‌ندامانی سه‌رجه‌م چینه‌كانیان تێدایه‌ (هه‌ڵبه‌ت به‌ ڕێژه‌‌ی جیاواز)، ئه‌مه‌یش دیسان میكانیزمێكی كاڵكردنه‌وه‌ی چینایه‌تییه‌. جه‌ماوه‌ری ناو گۆڕه‌پانه‌كان خه‌ڵكانی جیاوازیان له‌ ڕووی ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و ئابوورییه‌وه‌ تێدایه‌، ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ ڕۆحی وه‌رزشییه‌وه‌ هه‌موویان بوونه‌ته‌ هانده‌ری تیپه‌كه‌یان و پێكه‌وه‌ دروشم و لافیته‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام هانده‌ران ته‌نیا جه‌ماوه‌ری نێو یاریگاكه‌ و سه‌یركه‌رانی ئاسایی و عه‌فه‌وی نین، به‌ڵكو له‌لایه‌ن میدیاوه‌ جه‌ماوه‌ر له‌ ئاسته‌ جیهانییه‌كه‌یشدا به‌رهه‌مهێنراوه‌ و، سه‌رجه‌م چینه‌كانیش تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌كات. كامێرا و ته‌له‌فزیۆنه‌كان به‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆ یارییه‌كان ده‌گوازنه‌وه‌ و جیهان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ی ته‌ماشاكردن، موعه‌له‌قه‌كان گڕ له‌ یارییه‌كه‌ به‌رده‌ده‌ن و به‌رده‌وام خه‌ریكی ئه‌فسانه‌سازین، له‌م پیشه‌یه‌شدا شاره‌زاترین بوونه‌وه‌رن، ئه‌وان یه‌كێكن له‌و بولبولانه‌ی سیسته‌م كه‌ به‌رده‌وام له‌ ته‌نیشتی گوێمانه‌وه‌ ده‌خوێنن و زانیاریی بێشومارمان له‌باره‌ی یاریزانه‌كانه‌وه‌ پێده‌ڵێن، ته‌نانه‌ت ڕه‌قه‌می پێلاوه‌كانیان و حه‌جمی شۆرته‌كانیشیان ده‌زانن. ‌ به‌م جۆره‌ یارییه‌كان به‌ ده‌نگ و دیمه‌ن ده‌گوازرێنه‌وه‌ و به‌شێكی زۆری هه‌سته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤ داگیر ده‌كه‌ن.  
  ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه‌یش، واته‌ یاریزانه‌كان و جه‌ماوه‌ر، له‌ڕێگه‌ی كاڵا و به‌رهه‌مه‌كه‌ بازرگانییه‌كانه‌وه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نرێن. كرێكار پێنج ڕۆژ كار ده‌كات و دوو ڕۆژ پشووی هه‌یه‌، له‌ كۆتایی هه‌فته‌دا ده‌توانێت چه‌ند شتێك بكرێت، هه‌ندێك خۆشی ببێنێت، بچێته‌ دیسكۆ، ده‌توانێت بلیتی یارییه‌كه‌یش بكرێت و ببێته‌ هانده‌ری تیپه‌كه‌ی، به‌م مانایه‌ كاری هه‌ر پێنج ڕۆژه‌كه‌ی له‌و دوو ڕۆژه‌دا ده‌خاته‌وه‌ گیرفانی سه‌رمایه‌داران. ئایدیۆلۆژیای نوێ ته‌نیا ئایدیۆلۆژیایه‌كی سه‌ركوتكاریی نییه‌، به‌ڵكو پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانت بۆ دابین ده‌كات، چێژ و ڕابوواردنت ده‌خاته‌ به‌رده‌ست و ڕازیشت ده‌كات به‌و ژیانه‌ی كه‌ هه‌ته‌. ئیتر پێویست ناكات خه‌ڵكی ئه‌و خۆشییه‌ له‌ خۆیان بشێوێنن. له‌لایه‌كی دیكه‌یش كۆمپانیاكان، كه‌ هی سه‌رمایه‌داره‌ جیهانییه‌كانن، نه‌ك ته‌نیا كاڵاكان و بازاڕی بازرگانیی وه‌رزشی به‌رهه‌م دێنن، به‌ڵكو كڕین و فرۆشتن به‌ یاریزانه‌كانیشه‌وه‌ ده‌كه‌ن و، له‌به‌رامبه‌ریشدا یاریزانه‌كان ده‌توانن ده‌وڵه‌مه‌ند ببن و سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزییش به‌ده‌ست بهێنن. كڕین و فرۆشتنی یاریزانه‌كان هه‌مان كۆیلایه‌تی سه‌رده‌می پێشوو نییه‌، به‌ڵكو شێوازێكی نوێی بازرگانیكردنه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر ڕازیكراوه‌ و ڕه‌زامه‌نده‌ چونكه‌ ده‌رفه‌تی گه‌وره‌ی سه‌ركه‌وتن و ژیانیشی تێدایه‌. كه‌واته‌ ناتوانین به‌ چه‌مكی كۆیله‌ كڕین و فرۆشتنی مرۆڤ له‌ كایه‌ی وه‌رزشدا، بخوێنینه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت به‌ جۆرێكیتر بیریی لێ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌ناو سیاق و پانتایی ئه‌مڕۆدا لێیبڕوانین.
یاریزانه‌كان له‌ تیپه‌كاندا وزه‌ی جه‌سته‌یی خۆیان سه‌رف ده‌كه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كه‌یان، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا سه‌رفكردنی وزه‌ نییه‌، به‌ڵكو دڵسۆزی و توانا و خێرایی و مه‌هاره‌ت و لیاقه‌تیش ڕۆڵی خۆی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی له‌م ئاستانه‌دا میدیا و موعه‌له‌قه‌كان به‌ له‌پێشتری دابنێن ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌تریشه‌. هه‌تا ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌تر بیت ده‌رفه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و ناوبانگیشت زیاتره‌. ئیدی میدیا باست ده‌كات، ڕۆشنایی ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌نێكی ژیانت، وێنه‌كانت بڵاو ده‌بنه‌وه‌، ده‌بیته‌ خۆشه‌ویستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی و به‌شێكی زۆری خه‌ڵاته‌كانیش ده‌چنیته‌وه‌. به‌مجۆره‌ یاریزانه‌كان هه‌تا زیاتر ئه‌ستێره‌بن، نرخیشیان له‌ كڕین و فرۆشتندا زیاتر ده‌بێت و هاوكات خۆیشیان سه‌رمایه‌یه‌كی زۆری مادی و ڕه‌مزی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌شێت دواجار به‌شێكی وه‌ك پاره‌ی خێرخوازی بنێرن بۆ ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ژار و لێقه‌وماو و ئاواره‌كان. به‌م جۆره‌ یاریزانه‌كان كه‌سانێكی به‌خشنده‌ و دلسۆزیشن.
سێیه‌م: یاریی تۆپی پێ بۆته‌ یارییه‌كی جیهانی و جه‌ماوه‌رێكی بێشوماری هه‌یه‌، واته‌ یارییه‌كی پۆپۆلاریشه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نوخبه‌ و چینی بۆرژواز و سه‌رمایه‌داران ڕێكی ده‌خه‌ن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. به‌ڕوونی بڵێین پۆپۆلارترین وه‌رزشی جیهانی سه‌رمایه‌داریی ئه‌مڕۆ فوتبۆڵه‌، كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ بۆته‌ یارییه‌كی گلۆباڵ و له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌شێوه‌ی خوله‌كانی مۆندیال و كاسی كیشوه‌ره‌كان ئه‌نجام ده‌درێت و له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ سنووری وڵاتانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ تۆخ ده‌كاته‌وه‌ و بۆته‌ به‌شێك له‌ پێوه‌ری هێزی ململانێی سیاسی. په‌یامی ئه‌مه‌یش له‌ژێرناوی "ئاشتی جیهانی"ـدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و گوایه‌ "وڵاتان له‌بری ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بكه‌ن با یاریی بكه‌ن"! و بۆئه‌وه‌ی هه‌مووان بتوانین "به‌ ڕۆحی وه‌رزشی" له‌سه‌ر زه‌وی پێكه‌وه‌ بژین. "ڕۆحی وه‌رزشی" چییه‌؟ هه‌مان ڕۆحی ساخته‌ی "لێبوورده‌یی"ـی لیبرالی. واته‌ هه‌رچییه‌ك ده‌بێت با ببێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر لێبوورده‌بین و دۆخه‌كه‌ نه‌شێوێنین. گه‌ر جیاوازیی چینایه‌تی هه‌یه‌، گه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ هه‌یه‌، گه‌ر جه‌نگ و كاولكاری هه‌یه‌، داگیركردن و تاڵانكردنی وڵاتان هه‌یه‌، كوشتنی زبر و نه‌رم هه‌یه‌، تیرۆر و ڤایرۆس هه‌یه‌، نه‌خۆشی و هه‌ژاریی هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت لێبوورده‌ بین و هه‌موومان له‌ مۆندیالدا، له‌ گۆڕه‌پانی یارییه‌كاندا ئاشت ببینه‌وه‌ و ته‌جاوزی ناكۆكییه‌كانمان بكه‌ین. ئێمه‌ هه‌رگیز برا نین، هاوبه‌ش نین، یه‌كسان نین له‌ سه‌روه‌ت و ساماندا، به‌ڵام له‌نێو یاریگادا ده‌توانین براو و هاوبه‌ش و یه‌كسان بین، براوه‌ و دۆڕاوه‌یش به‌ پێی توانا و لێهاتوویی خۆی. بۆ ئه‌مه‌یش ده‌بێت لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دروست بكرێت، یارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ڕێك بخرێن، لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی و فیفا سه‌رپه‌رشتی گڵۆباڵیزمی تۆپی پێی بكه‌ن تاوه‌كو بێلایه‌نی بوونی هه‌بێت. كه‌واته‌ له‌ هه‌ر یارییه‌كدا (بۆ ئه‌وه‌ی غه‌در له‌ یه‌كتر نه‌كه‌ین) ده‌بێت چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی بێلایه‌ن بوونی هه‌بێت وه‌كو: لیژنه‌ی ئۆڵۆمپی، حه‌كه‌م، كامێرا و ته‌كنیكه‌كان، تیڤییه‌كان و موعه‌له‌قه‌كان. هتد. له‌به‌ربوونی ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ هیچ غه‌ش و فێڵێك له‌ یاریی تۆپی پێدا ناكرێت، كه‌واته‌ با هه‌موومان له‌ جیاتی شه‌ڕ یاریی بكه‌ین: (په‌یامی سه‌رمایه‌داری).
له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م زه‌مینه‌سازییه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌مڕۆدا تۆپی پێ لە سادەیى خۆى بەتاڵ کراوەتەوە و گۆڕدراوە بۆ ڕه‌گه‌زێكی گرنگی به‌رده‌وامیده‌ر به‌ سیسته‌م، ته‌نیا بۆ زه‌ق و خولیای یاریزانه‌كان نییه‌، ته‌نیا بۆ سه‌رگه‌رمی جه‌ماوه‌ریش نییه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌كه‌وه‌ میكانیزمی درێژه‌دانه‌ به‌ سیسته‌م و به‌رهه‌مهێنانی ئاشته‌وایی ساخته‌ و دیسپلینكردنی سوبێكت و بگره‌ میكانیزمی به‌ گه‌مژه‌كردنیشه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ بوارێكی گه‌وره‌ی قازانجی ئابوورییه‌ له‌ڕێگه‌ی كاری كۆمپانیا و بزنسه‌وه‌، واته‌ كایه‌ و پانتایی به‌رهه‌مهێنانی كاڵا و شمه‌كی كۆمپانیا گه‌وره‌كانیشه‌. كۆمپانیاكان یانه‌كان داده‌مه‌زرێنن و سه‌رمایه‌ی تێدا ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ و قازانجی گه‌وره‌یش ده‌كه‌ن، واته‌ یارییه‌كانیش بوونه‌ته‌ پانتایی به‌رهه‌مهێنان، ئه‌مه‌یش له‌به‌رهه‌مهێنراوه‌ وه‌رزشییه‌كانی وه‌كو ئه‌ستێره‌كانی تۆپی پێ و دروستكردنی یاریگای پێشكه‌وتوو و ڕێكخستنی خوله‌كان و به‌رهه‌مهێنانی بلوز و تیشرێته‌كان و به‌رهه‌مهێنانی میدیایی و ته‌كنیكی..هتد ده‌رده‌كه‌وێت.
تیپه‌كان ته‌نیا له‌ یاریزانه‌كان پێكنه‌هاتوون، به‌ڵكو ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تی ڕاهێنه‌ر و ڕاوێژكار و پزیشك و ده‌روونناس و كۆمه‌ڵناسیشیان له‌گه‌ڵدایه‌، هاوكات یاریگای تایبه‌ت به‌ خۆیان و ڕۆژنامه‌ و پێگه‌ی ئه‌لیكرۆنی تایبه‌ت به‌خۆیشیان هه‌یه‌، له‌ پشتی ئه‌مانه‌یشه‌وه‌ كۆمپانیای سه‌رمایه‌داری هه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ده‌سته‌ی یانه‌كان یان هه‌ڵبژارده‌كان پێكده‌هێنێت و په‌ره‌ به‌ توانای تیپه‌كه‌ی ده‌دات. یارییه‌كانیش له‌نێو كایه‌یه‌كی كێبه‌ركێكاریدان له‌سه‌ر نازناوه‌كان و بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كان. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ تۆپی پێدا بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان نییه‌ له‌ لایه‌ن تیپێكه‌وه‌ (وه‌ك جه‌ماوه‌ری تۆپی پێ وای لێ تێده‌گه‌ن)، به‌ڵكو مه‌به‌ستی خوزاراو له‌مه‌یش فراوانتره‌، ئه‌ویش به‌رده‌وامی و جوڵه‌ و ئیشی كۆی ئه‌و نه‌زمه‌یه‌ كه‌ جامه‌كان و خوله‌كان ڕێك ده‌خات. ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی جیهانیدا بۆ سیسته‌م گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی به‌رهه‌م بهێنێته‌وه‌ و ئیش بكات و دوور بێت له‌ زه‌بر و گۆڕانكاری، لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی به‌هێزی و لاوازی تیپه‌كان، بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان، باشترین یاریزانی جیهان و..هتد، ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ مونافه‌سه‌ و كێبه‌ركێی كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ناو سیسته‌مه‌كه‌ خۆیدا، په‌یوه‌ندی به‌ گه‌مه‌ی ئه‌و بكه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ بره‌ودان به‌ یارییه‌كان و به‌هێزكردنی تیپه‌كانیاندایه‌. به‌ڵام ئامانجه‌ دووره‌كه‌ مانه‌وه‌ و كارایی سیسته‌مه‌كه‌ و به‌رده‌وامیی دۆخی باڵاده‌سته‌، كه‌ ئه‌میش له‌ڕێگه‌ی ئه‌و كێبه‌ركێ ناوه‌كی و مونافه‌سانه‌وه‌ ده‌توانێت ئیش بكات. به‌م جۆره‌ بۆ سیسته‌مه‌كه‌ ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ڕیال مه‌درید نازناوه‌كه‌ ده‌بات یان به‌رشه‌لۆنه‌، ئه‌ڵمانیا كاسه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌ یان به‌رازیل، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كێبه‌كێ هه‌یه‌ و هه‌مووان نه‌زمه‌كه‌یان قبوڵه‌ و كار به‌ یاسا و ڕێساكانی ده‌كه‌ن.  به‌م جۆره‌ یاریی هاوچه‌رخ كایه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنییه‌ هه‌ڵگری لۆژیكی تایبه‌ت خۆیشییه‌تی.
سیسته‌م پێویستی به‌م مونافه‌سه‌ و كێبه‌كێ و گه‌رموگوڕییه‌ ناوه‌كییه‌ هه‌یه‌، جامه‌كان و خه‌ڵاته‌كان ڕێك ده‌خرێن، هه‌موو ساڵێ باشترین تیپی جیهان، باشترین یاریزانی جیهان، باشترین یانه‌ی جیهان دیاریی ده‌كرێت، پاره‌یه‌كی زۆر له‌ ئاهه‌نگ و ڤیستیفاڵه‌كاندا خه‌رج ده‌كرێت و جیهانیش به‌ ته‌مازرۆییه‌وه‌ سه‌یركه‌ر و ته‌ماشاكه‌رن و هه‌مووان بوونه‌ته‌ هانده‌ر و جه‌ماوه‌ری تیپه‌كان. بۆ نموونه‌ ڕیال مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه‌ بوونه‌ته‌ دوو تیپی جیهانی كه‌ خه‌ڵكی به‌شێكی زۆری وڵاتانیان به‌سه‌ر خۆیاندا دابه‌ش كردووه‌، خه‌ڵكی كه‌ یه‌كتر ده‌بینن به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌یه‌كتر ده‌پرسن «جه‌ماوه‌ری كامیانیت: ڕیال یان به‌رشه». به‌م جۆره‌ له‌مڕۆی سه‌رمایه‌داریدا شوناسی زۆر وه‌همی و بچووك و دوور دروست كراوه‌ و كراوه‌ته‌ شوناسی زۆر گه‌وره‌ و جیهان به‌رده‌وام سوبێكته‌كان خۆیانی پێ پێناسه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. چیتر من كه‌سێكم كه‌ یان ڕیالیم یان به‌رشه‌یی. هه‌ر كاتێكیش ئه‌م دوو تیپه‌ یاریی بكه‌ن له‌ یه‌ك مانگ له‌وه‌وپێشه‌وه‌ ڕیكلامه‌كان هه‌موو جێیه‌ك پڕ ده‌كات، لێكۆڵینه‌وه‌ و ڕاپۆرته‌كان ئاماده‌ ده‌كرێن، پێشنبییه‌كان ده‌خرێنه‌ ڕوو، پسپۆره‌كان قسه‌ له‌ توانای تیپه‌كان و یاریزانه‌كان ده‌كه‌ن و دواجاریش فه‌زای مه‌جازی و فیسبووك پڕ ده‌بێت له‌ وێنه‌ی یاریزانه‌كان و تیپه‌كان و، پۆست و كۆمێنته‌كان له‌باره‌ی ئه‌م یارییه‌وه‌ ده‌نووسرێن، چونكه‌ یارییه‌كه‌ ڕووداوێكی مێژووییه‌ و ده‌بێت جیهان سه‌یركه‌ری بێت. هه‌ر له‌نێو فه‌زای مه‌جازیدا هه‌ستی خۆشی و غه‌مباری ده‌ركه‌وێت، ئاهه‌نگ و جه‌نگییش به‌رپا ده‌بێت. به‌ر له‌ ڕوودانی هه‌ر یارییه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ فه‌زای مه‌جازی واقیع تادوا سنوور هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌.

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "نێگەتیڤ"بڵاوبۆتەوە. لینکى وتارەکە: 


Tuesday, 26 April 2016

نهێنیى نهێنى

هاوار محەمەد

به‌ بڕوای ماكس ڤێبه‌ر مۆدێرنیتی داماڵینی ئه‌فسوونه‌ له‌ جیهان، عه‌قڵ گه‌ردوون وه‌ك بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ و كه‌شفی زانستی ده‌بینێت، له‌ هه‌رهێزێكی ده‌ره‌وه‌ی دایده‌بڕێنێت و یاساكانی له‌نێوخۆیدا ده‌دۆزێته‌وه‌، لێره‌شه‌وه‌ مۆدێرنیتی نهێنییه‌ك، هێزێك، ڕۆحێك له‌ پشت شته‌كان و دیارده‌كانه‌وه‌ ناهێڵێته‌وه‌ و ئه‌و عه‌قڵه‌ سیحرگه‌راییه‌ی كه‌ پێی وابوو ڕۆحێكی ده‌ره‌كی له‌نێو شته‌كاندایه‌ و ده‌یانجوڵێنێت، تێك ده‌شكێنێت. عه‌قڵی ڕۆشنگه‌ری ئه‌و عه‌قڵه‌یه‌ كه‌ تاریكییه‌كان ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ و شته‌كان ده‌باته‌ به‌ر ڕۆشنایی، پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ جیهان ده‌بێته‌ ئوبێكت بۆ كه‌شفكردن و ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌، جیهان ده‌خرێته‌ نێو تاقیگه‌ی دۆزینه‌وه‌كانه‌وه‌ و ئیدی له‌ هه‌ر نهێنی و ئه‌فسوونێك به‌تاڵ ده‌كرێته‌وه‌. جیهان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سوبێكت كه‌شفی بكات و بیسه‌لمێنێت كه‌ ڕۆحێك یان ڕازێك له‌نێو شته‌كاندا بوونی نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها یاسا بیركاریی و زانستییه‌كان كۆی گه‌ردوون به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌‌ دۆزینه‌وه‌ی یاساكانیش سوبێكت ئاسانتر زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر شته‌كاندا و له‌ هه‌ر دیوێكی موقه‌ده‌س و بانسروشتی دایانده‌بڕێت و ده‌یانكاته‌ كه‌ره‌سته‌ی خاو كه‌ نرخیان ته‌نیا له‌وه‌دایه‌ ببنه‌ كاڵا. ئه‌دۆرنۆ و هۆركایمه‌ر ده‌ڵێن: ده‌رفه‌تی بوونی نهێنی و ڕاز بوونی نییه‌، وه‌ك چۆن ئاره‌زوویه‌كیش بۆ كه‌شفكردنی بوونی نه‌ماوه‌. به‌و واتایه‌ی ئیدی مرۆڤ له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنیتی و سه‌رمایه‌داریدا به‌ دوای نهێنییه‌كاندا ناگه‌ڕێت، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ ڕوو له‌ شته‌كان ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی گۆڕینیان بۆ كاڵا. به‌م جۆره‌ مرۆڤ بووه‌ سه‌نته‌ری جیهان و ئیدی نه‌ك شته‌كان و دیارده‌كان دیوه‌ خوداییه‌كه‌یان لێكرایه‌وه‌، بوونه‌ ماده‌ی خاو یان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی یانیش بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و كۆنترۆڵكردن. گه‌ر وابێ نهێنییه‌ك بوونی نییه‌، شه‌و له‌ جیهان داماڵراوه و تاریكی هه‌ناوی خۆی خستۆته‌ڕوو. ئه‌م تێزه‌ دوا قسه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ له‌بره‌ی نهێنییه‌وه‌ بیڵێین، ده‌توانین دۆخه‌كه‌ هه‌ڵگه‌ڕێنینه‌وه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر ئاشكرا ده‌بێت ده‌بێته‌وه‌ به‌ نهێنی، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر خۆی ڕوون ده‌كاته‌وه‌ خۆیشی تاریك ده‌كاته‌وه‌. كه‌واته‌ با دیسانیش سه‌رنج له‌ باسه‌كه‌ بده‌ینه‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان نه‌ك وه‌ك نهێنیی پشتی شته‌كان و دیارده‌كان، به‌ڵكو وه‌ك نهێنیی نهێنی، ئه‌و ڕازه‌ی كه‌ له‌ نهێنی خۆیدا هه‌یه‌.
دۆلۆز پێی وایه‌ نهێنی ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌شف بكرێت، جه‌وهه‌ری نهێنی وا له‌ ماسكه‌كه‌یدا نه‌ك له‌و شته‌دا كه‌ شاردویه‌تییه‌وه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌مادا هیچی نه‌شاردۆته‌وه‌ خۆی نه‌بێت. نهێنی ئه‌و شته‌ دووره‌ ده‌سته‌ نییه‌ لێمانه‌وه كه‌ ده‌رنا‌كه‌وێت، به‌ڵكو نهێنی ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ نهێنی كه‌ به‌ ده‌وری خۆیدا لول بخوات و هێڵكارییه‌كی پێچەڵان له‌ خۆیدا دروست بكات كه‌ وه‌ك ڕاز و ئاڵۆزیی ده‌رده‌كه‌وێت، ڕێك وه‌ك گرێیه‌ك كه‌ ته‌نها لێكئاڵانی په‌ته‌كه‌ خۆیه‌تی به‌ ده‌وری خۆیدا، ئه‌م پێچ و هێڵكاریی و گرێیه‌یش به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری كرانه‌وه‌ و ساده‌بوونه‌وه‌ی هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی نهێنیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ری دركاندنی هه‌بێت، یاخود به‌ ناچاری له‌ ساته‌وه‌ختێكدا بدركێنرێت. ئینجیل ده‌ڵێت: «هیچ شتێك شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت، هیچ شتێكی بێده‌نگكراو نییه‌ ڕانه‌گه‌یه‌نرێت». (ئینجیلی مه‌رقوس، سوره‌تی 7، ئایه‌تی 21). كه‌واته‌ نهێنییه‌ك نییه‌ ببیرێته‌ ژێر گڵ. ئایا ئه‌م وته‌یه‌ ڕاسته‌؟ تۆ بڵێی هه‌موو نهێنییه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی كه‌شف ببین و شتێك نه‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ببرێته‌ گۆڕه‌وه‌؟ قسه‌كه‌ی دۆلۆز هه‌رگیز به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ سه‌رجه‌م نهێنییه‌كان كه‌شف ده‌بن و ئیدی سوبێكته‌كان یان جیهان نهێنییه‌كیان نامێنێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه‌ چیتر جه‌وهه‌رێكی نه‌گۆڕ له‌ پشتی دیارده‌كانه‌وه‌ بوونی نه‌ماوه‌ و جیهان بۆته‌ وێنه‌ و ماسك و فۆڕم، وێنه‌كان خۆیان ماسكی خۆیانن و ته‌نیا ماسكه‌كان له‌سه‌ر یه‌كتر بوونیان هه‌یه‌ و خۆیان جه‌وهه‌ری خۆیان دروست كردووه‌، گه‌ر سه‌رجه‌می ماسكه‌كان هه‌ڵبگرین هیچ شتێك بوونی نییه‌، ڕوخسارێكی ئه‌سڵ، ناوكێكی بنچینه‌یی بوونی نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ماسكه‌كان و وێنه‌كان خۆیان ئه‌م ناوكه‌ دروست ده‌كه‌ن و له‌ چركه‌ی كه‌وتنی ماسكه‌كاندا ئه‌م ناوكه‌یش بوونی نامێنێت، ئه‌وه‌ی ماسكێك دایده‌پۆشێت هه‌ر دیوی ناوه‌وه‌ی خۆیه‌تی یان ماسكێكیتره‌، نهێنی هه‌ر پێچی ماسكه‌ به‌ ده‌وری خۆیدا، یان ڕیزبوونی ماسكه‌كانه‌ به‌دوای یه‌كتردا. ئێستا ده‌زانین كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ نهێنییه‌كی گه‌ردوونی یان نهێنییه‌كی ژیانی ڕۆژانه‌ نییه‌‌، به‌ڵكو هه‌ر سه‌رده‌مێك بڕێك ماسك له‌ فره‌ییدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت تاوه‌كو بانگه‌شه‌ی بوونی نهێنییه‌ك له‌ پشته‌وه‌ی خۆی بكات. ئه‌وه‌ی نهێنی دروست ده‌كات ڕوونبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تییه‌، به‌ توێكڵبوونێكی خێرای شته‌كانه‌، لێشاوی فۆڕمه‌كانه‌ به‌دوای یه‌كدیدا. له‌م پرۆسه‌یه‌دا نهێنی به‌سه‌رخۆیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌یشدا خۆی ده‌پارێزێت.
چیرۆكی نامه‌ی دزراوی "ئێدگار ئالان پۆو" هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نهێنییه‌. نامه‌ دزراوه‌كه‌‌ له‌ هیچ شوێنێكدا ناشاردرێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی وه‌ك نهێنییه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت، به‌ڵكو له‌ شوێنێكی زۆر به‌رچاودا داده‌نرێت، پێویست ناكات له‌ شوێنی دووره‌ده‌ست و پارێزراودا، له‌ پشته‌وه‌ بشاردرێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ر وه‌ك نهێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كه‌یت تاوه‌كو وه‌ك نهێنی بمێنێته‌وه‌ و كه‌شف نه‌بێت. كه‌واته‌ ده‌شێت ئه‌و شته‌ نهێنیی بێت كه‌ وا له‌به‌رچاوماندا و بێباك خۆی پیشان ده‌دات، هه‌ڵبه‌ت نهێنییه‌ك له‌م بێباكییه‌دا هه‌یه‌، گومانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م شته‌ی ئاوا به‌ ڕۆشنی خۆی ده‌رخستووه‌ یه‌كجار ئه‌وه‌نده‌یش زوو خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات: "ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ نهێنین كه‌ له‌به‌رچاودان"، به‌و مانایه‌ی نهێنییه‌كان له‌ پشته‌وه‌ نین، به‌ڵكو ڕێك له‌و شتانه‌دایه‌ كه‌ نزیكن لێمانه‌وه‌ و خۆی وه‌ك نهێنیی ده‌رناخات، ئه‌م نزیكیه‌یشیان وای كردووه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م نهێنی بن و هه‌م نه‌بن، هه‌م ئاشكرابن و هه‌م شاراوه‌، هه‌م دیار و هه‌م نادیار، هه‌م نزیكبن و هه‌م دوور: ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك نهێنی ده‌رناخات نهێنییه‌. شته‌كان له‌ نزیكیدا لێمان دوورده‌كه‌ونه‌وه‌، له‌ ڕووناكیدا خۆیان ده‌شانه‌وه، ‌به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی له‌ شوێنه‌ عاسی و تاریكییه‌كاندا داده‌نرێن خۆیان زووتر ده‌رده‌خه‌ن. كه‌واته‌ له‌م بۆچوونه‌وه‌ ده‌توانین قسه‌یه‌كی نزیك له‌وه‌ی دۆلۆز بكه‌ین: ده‌شێت نهێنی له‌و شته‌دا بێت كه‌ ئاشكرا و به‌رچاوه‌. بۆ ئه‌وه‌ی شتێك نهێنیبوونه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت پێویست ناكات وه‌ك نهێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، نهێنیبوونه‌كه‌ی وا له‌ ئاشكراییه‌كه‌یدا، ئه‌و نهێنییه‌ی كه‌شف نابێت ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ڕووپۆشه‌كان و حیجابه‌كان دیان پۆشیوه‌، به‌ڵكو ده‌شێت هیچ شتێك داینه‌پۆشیبێت و كه‌شفیش نه‌بێت. دیوی دووه‌می ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ڕووپۆشه‌كان ڕه‌نگه‌ هیچیان دانه‌پۆشیبێت. كه‌واته‌ نهێنیی نهێنی ئاشكراییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ ڕووپۆشه‌كان هیچیان نه‌شاردۆته‌وه‌. ڕووپۆشه‌كان و ماسكه‌كان و حیجابه‌كان ته‌نها ئه‌و شته‌ ده‌رده‌خه‌نه‌وه‌ كه‌ دایده‌پۆشن. 

ئەم وتارە فراگمێنتێکە لە وتارێکى درێژ کە لە کتێبى "دیالەکتێک" کتێبى دووەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا، بڵاوبۆتەوە

Monday, 25 April 2016

دیاله‌كتیكه‌ ماركسییه‌كان

 ئه‌ندریێ تۆزێل
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د


( 1 )
ماركس به‌شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه‌ و ڕوون گه‌یشته‌ سەر هێڵێكی دیاله‌كتیكی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ خاسیەتى میتۆده‌ زانستییه‌كه‌ی و ئه‌و بابه‌ته‌یش دیاریی بكات كه‌ بایه‌خی پێداوه‌، ئه‌ویش مێژووناسی و دیاله‌كتیكی دروستبوونی پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌. ئه‌م ئینتیمایه‌ بۆ دیاله‌كتیك یه‌ك مانای نییه‌: خۆ ئه‌گه‌ر ماركس به‌ شێوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی پشت به‌ دیاله‌كتیكی هیگڵ ده‌به‌ستێت و به‌رده‌وامیی پێده‌دات و تێیده‌په‌ڕێنێت، ئه‌وا ئه‌م دیاله‌كتیكه‌یش لای خۆیه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ هه‌م ڕه‌خنه‌ بێت له‌و نه‌ریته‌ دیاله‌كتیكییه‌ جۆراوجۆره‌ی كه‌ پێشووتر هه‌بوو و هه‌میش تێكه‌ڵ و تێهه‌ڵكێشیان ببێت. ناكرێت ئه‌و حوكمه‌ پێشوه‌خته‌یه‌ بدرێت كه‌ كێشه‌ی تایبه‌تمه‌ندی دیاله‌كتیك به‌ واتا ماركسییه‌كه‌ی، به‌رده‌وامیدانێكی ڕواڵه‌تییانه‌یه‌ به‌و میراته‌ مێژووییه‌ی كه‌ هه‌مان ناوی هه‌ڵگرتووه‌. هه‌روه‌ها كێشه‌كه‌ ئاڵۆزتریشه‌ به‌و پێیه‌ی دیاله‌كتیكی ماتریالی له‌ تیۆری ماركسیدا، له‌ ڕووی پێناسه‌ و وه‌زیفه‌ و فۆڕمه‌وه‌، مه‌سه‌له‌یه‌كی كراوه‌یه. هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ دیاریكردنی دیاله‌كتیكی ماركس وه‌ك زانستێكی تاكواتا، دژایه‌تی خۆی ده‌كات و له‌گه‌ڵ خۆیدا لێكدژه‌، چونكه‌ ڕێی له‌خۆی گرتووه‌ كه‌ ببێته‌ زانست به‌ واتا ته‌قلیدی و فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی وشه‌كه‌. دیاله‌كتیك، وه‌ك ڕه‌خنه‌ و میتۆد، گومانی له‌ دروستبوونه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی كردووه‌ وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی دیاله‌كتیكی-زانستی، به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ پێچ و سه‌ختی به‌ زانستبوون لادابێت.
پێده‌چێت ئه‌م خاسییه‌ته‌ "ڕواڵه‌تییه‌" له‌نێو "ماركسیزم" خۆیدا هه‌مان تایبه‌تمه‌ندیی ناوازه‌ی مێژووی نایه‌كانگیر و لێكدژی سه‌رجه‌م فۆڕمه‌كانی فیكری دیاله‌كتیكی دووباره‌ كردبێته‌وه‌. به‌م جۆره‌بوو دیاله‌كتیك، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ لای گریگه‌كان و لای ئه‌فڵاتوون، له‌گه‌ڵ زانستی كامڵدا ته‌ماهی كرد، واته‌ ئایدیاڵناسی و په‌یوه‌ندییه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ی و په‌یڕه‌وكردن له‌ ئایدیای چاكه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ دیاله‌كتیك لای ئه‌رستۆ، كه‌ ڕه‌خنه‌ی له‌ تیۆری ئایدیاكان گرت، بریتییه‌ له‌ میتۆدێك بۆ دامه‌زراندنی ڕێساكانی بۆچوونی گشتی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش ده‌لاله‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیزمی ئه‌ڵمانی، له‌ ترۆپكی باڵاده‌ستیی بۆرژوازیدا، كێشه‌ی دیاله‌كتیك ده‌هێنێته‌وه‌ به‌ر باس. به‌م جۆره‌ كانت، میراتگری دووربه‌دووری ئه‌رستۆ له‌م بواره‌دا، دیاله‌كتیك ده‌كاته‌ تیۆری ڕه‌خنه‌یی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ وه‌همه‌ حه‌تمییه‌كانی عه‌قڵی میتافیزیكی و، بانگه‌شه‌ی میتافیزیك بۆ زانین و ده‌ركبردن به‌ بابه‌ته‌ سه‌روو ئه‌زموونییه‌كان (من، جیهان، خودا). دیاله‌كتیك له‌گه‌ڵ "هیگڵ"ی میراتگری كانتی فه‌یله‌سووفی مێژوو، ئه‌دگاره‌ كلاسیكییه‌كه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت، به‌وه‌یش بووه‌ زانستی تیۆری و پراكتیكی و، بووه‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فه‌، هه‌مان شت كه‌ پێشتریش لای ئه‌فلاتوون ڕوویدابوو.
دیاله‌كتیكی هیگڵی، به‌ ڕێگایه‌كی نوێی بیركردنه‌وه‌ داده‌نرێت له‌و شته‌ی كه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ وه‌ك ڕه‌وتێكی ئیمانێنتی بۆ دروستبوونی سیسته‌می دیاریكردنه‌ لۆژیكییه‌كان و گشتێتی و تێپه‌ڕاندنی لێكدژییه‌ كانتییه‌كه‌ له‌نێوان شت له‌ خۆیدا [نۆمینا] و دیارده‌ [فینۆمینا]، دانیشی ناوه‌ به‌ ڕێژه‌ییبوونی مه‌عریفه‌ و ئۆبێكتگه‌رییه‌ ڕه‌هاكه‌یدا، به‌وه‌یش بووه‌ دیاله‌كتیكێكی لۆژیكی. بونیاده‌ لۆژیكییه‌كه‌ په‌یكه‌ربه‌ندیی ڕه‌وتێكی لێكدژه بۆ ڕیالیزه‌بوونی سوبێكتی موتڵه‌ق له‌ سروشت و مێژوودا، كه‌ به‌ تاكه‌ واقیعی عه‌ینی [ده‌ره‌كی و ماتریالی] داده‌نرێن. دیاله‌كتیكی "ماركس"یش له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی دیاله‌كتیكی هیگڵ و ڕوانینی بۆ مێژوو و بونیادنانی جیهانی مۆدێرن (ماف، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌ت)، دروست بووه‌.
( 2 )
دیاله‌كتیك له‌ ڕوانینی ماركسدا به‌ر له‌ هه‌موو شتێك دیاله‌كتیكی ماتریالییانه‌ی مێژوو و كاتی ئێستایه‌، واته‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری. هه‌ر به‌ ڕاستیش وابوو، ماركسی گه‌نج له‌ خاڵی دابڕانه‌ لۆژیكییه‌ سیاسییه‌كه‌یدا هێرشی كرده‌ سه‌ر دیاله‌كتیكی هیگڵ. نه‌ ده‌وڵه‌ت و واقیع عه‌قڵین و نه‌ عه‌قڵ له‌ ده‌وڵه‌تی واقیعیدا خۆی ده‌نوێنێت. بیرۆكه‌ی لۆژیكی به‌م جۆره‌ وه‌زیفه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت ساخته‌ ده‌كات و ده‌شارێته‌وه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا نوێنه‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی گشتی نییه‌، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی ئه‌و ململانێ به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ت ده‌كات. ماركس به‌ دوای «لۆژیكی تایبه‌تی بۆ ئوبێكتی تایبه‌تی»ـدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌وه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی لۆژیكێكی بنچینه‌یی بۆ لێكدژییه‌ ماتریالییه‌كان هه‌یه‌، كه‌ سازان و ته‌بایی ڕووكه‌شانه‌ی سیاسی له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ ده‌وڵه‌تدا و به‌هۆی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، ده‌یشارێته‌وه‌.
به‌م هۆیه‌، ماركس ده‌ست ده‌كات به‌ توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی له‌ ئابووریی سیاسی. له‌ ساڵی 1845 ـه‌وه‌ ئایدیۆلۆژیای ئه‌ڵمانی هێڵه‌ گه‌وره‌ و گشتییه‌كانی دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی ده‌كێشێت و، له‌وێدا ماركس چه‌مك و كاتیگۆرییه‌ دیاله‌كتییكه‌ هیگڵییه‌كان وه‌رده‌گرێت (پرۆسه‌، لێكدژی، نه‌فی، فۆڕم و ناوه‌ڕۆك، چییه‌تی و ڕواڵه‌ت، سیسته‌می لۆژیكی و سیسته‌می مێژوویی). به‌ڵام ئه‌م [چه‌مكه‌] خوازراوانه‌ كه له‌نێو كێشه‌یه‌كی نوێدا ده‌توێنه‌وه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی كۆن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دیاله‌كتیكییش بووبێت، یان زانستی سیاسی و ئابووریناسی و كۆمه‌ڵناسیش بووبێت، هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه‌. بنچینه‌ی ئه‌م شۆڕشه‌ ئه‌و كۆدێتا ماتریالییه‌ بوو كه‌ هه‌موو پرسه‌كانی سروشت و بوونی مرۆیی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ زه‌مینی پراكسێسێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و، بۆ په‌یوه‌ندی مرۆڤ به سروشته‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا و به‌هۆی ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌ له‌نێوان مرۆڤه‌كان خۆیاندا: «هه‌موو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ بنه‌ڕه‌تدا پراكسێسه‌، هه‌موو ئه‌و لوغز و ڕازانه‌یشی كه‌ تیۆره‌یان به‌ره‌و سۆفیگه‌ری بردووه‌، چاره‌سه‌ری عه‌قڵییانه‌ی خۆیان له‌نێو پراكسێسی مرۆیی و تێگه‌یشتن له‌م پراكسێسه‌دا، ده‌بیننه‌وه».
دیاله‌كتیكی هزریى هیگڵی، كه‌ [له‌لایه‌ن ماركسه‌وه‌] ڕه‌خنه‌كراوه‌ چونكه‌ سیسته‌می دیاریكردنی نێوان ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵگێراوه‌ته‌وه‌، به‌ به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فۆڕمێكی جۆریی په‌یوه‌ندی ئایدیۆلۆژیی مرۆڤه‌كان به‌ واقیعه‌كه‌یانه‌وه‌ داده‌نرێت. ئه‌مه‌ گوزارشێكی ڕوونه‌ بۆ ئاگایی گشتیی چینی باڵاده‌ست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كه‌ بۆته‌ شتێكی وه‌ك ئایدیا یان ئاگایی گه‌ردوونی. دیاله‌كتیكی ماتریالی زانستی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و گریمانه‌ی پراكسێسی ڕاسته‌قینه‌ی ماتریالی ڕوون ده‌كاته‌وه‌، ئینجا بۆ هه‌ر قۆناغێكی زانستی له‌ قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنان، ده‌بێته‌ شتێكی مومكین:
أ‌-      دیاریكردنی كۆی بونیاده‌ پێكهێنه‌ره‌كانی پێكهاته‌یه‌كی تایبه‌تی چالاكییه‌ مرۆییه‌كان-هه‌ر له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ له‌ خۆیدا تاوه‌كو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فۆڕمه‌كانی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدیۆلۆژیی- كه‌ ئه‌ویش ئایدیایه‌كی دروستكراوی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و ته‌وه‌ره‌كه‌ی چه‌مكه‌ نوێیه‌كانی وه‌كو شێوازی به‌رهه‌مهێنان و هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌.
ب‌- توێژینه‌وه‌ له‌ گۆڕانی "شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان" له‌ شێوازێكه‌وه‌ بۆ شێوازێكتر، به‌هۆی دینامیكییه‌تی ناوه‌كیی لێكدژییه‌كانییه‌وه‌. كه‌واته‌ دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی دیاله‌كتیكی تێڕامێنی فیكر و سروشت یان "ئه‌نسكلۆپیدیا" نییه‌، به‌ڵكو دیاله‌كتیكی مێژووه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستادا، واته‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریی و گۆڕان و گواستنه‌وه‌ بۆ سۆشیالیزم، ئه‌مه‌یش «حاڵه‌تێك نییه‌ كه‌ دابهێنرێت یان ئایدیاڵێك بێت كه‌ ده‌بێت واقیع په‌یڕه‌ویی لێ بكات»، به‌ڵكو «ئه‌و جوڵه‌ واقیعییه‌یه‌ كه‌ سنوورێك بۆ دۆخی ئێستا داده‌نێت».

( 3 )
ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ ڕێسا و بنچینه‌یه‌ك داده‌نێت بۆ هه‌ر شیكارییه‌كی په‌یوه‌ست به‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری. ماركس، له‌ بنچینه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئابووریی سیاسی و سه‌رمایه‌دا، به‌ ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی «دیاله‌كتیكی كۆمه‌ڵگای بۆرژوازی» ‌ میتۆدێكی دیاله‌كتیكی مسۆگه‌ركه‌ر داده‌نێت، هه‌مان كات ئه‌م میتۆده‌ مسۆگه‌ری ڕێكخستنی خه‌باتی چینایه‌تی كرێكارییش ده‌كات. یه‌كێتیی دیاله‌كتیكییش وه‌ك میتۆد و، دیاله‌كتیكی ئوبێكتگه‌رایی سه‌رمایه‌ وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی كراوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. تایبه‌تمه‌ندی دیاله‌كتیكی لای ماركس وا ده‌خوازێت بنه‌ماگه‌لێكی تیۆری دوور مه‌ودا به‌كاربهێنرێت. هه‌روه‌ها دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر توندوتۆڵی به‌ ئایدیایه‌كی نوێوه‌ هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی زانست و شۆڕشی فه‌لسه‌فی. په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویشی به‌ فۆڕمێكی باڵای بیركردنه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش شێوازی دیاله‌كتیكیی داهێنه‌رانه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ئوبێكتیڤیزمی جوڵه‌ی خودی شته‌كان بنوێنێته‌وه‌، كه‌ ده‌توانین هه‌ندێك له‌ ئه‌دگاره‌كانی به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو:
أ‌-      دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته‌ پێش فۆڕمه‌كانی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێش زانستی په‌یوه‌ست به‌ خودی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌.
ب‌- دیاله‌كتیكی مێژوویی "سوبێكتیڤیستی" ته‌نیا فۆڕمێكه‌ له‌ فۆڕمه‌كانی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌، به‌ڵكو زانستێكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌خنه‌ له‌ وه‌همه‌كانی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێت.
ت‌- دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی توێژینه‌وه‌یه‌ له‌و ڕێگایانه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی شێوازه‌ جۆرییه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م ده‌هێنن. به‌تایبه‌تیش توێژینه‌وه‌یه‌ له‌و شێوازه‌ی كه‌ له‌  ئێستادا ئاماده‌یی هه‌یه‌، واته‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری كه‌ ده‌ركه‌وته‌یه‌كی مێژووییه‌ و، هه‌مان كات به‌ پرسێس و پێشكه‌وتنێكی به‌رده‌وام داده‌نرێت، كه‌ پڕییه‌تی له‌ توانای كرده‌یی گۆڕانكاری. دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی مۆرفۆلۆژیای په‌یدابوونی ناكامڵی شێوازه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌‌.
ث‌- ئه‌م دیاله‌كتیكه‌ له‌ خۆیدا پرۆسه‌یشه‌، به‌و پێیه‌ی زانستێكی په‌یوه‌ست به‌ شێوازه‌كانی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌.
ج‌-   ئه‌م یه‌كێتییه‌ له‌نێوان ئوبێكتگه‌رایی و مێژووگه‌رایی و ڕێژه‌گه‌راییدا وه‌ك داننان به‌ بوونی په‌یوه‌ستییه‌كی ناوه‌كی له‌نێوان ماتریالیزمی مێژوویی و كایه‌ی پراكسێسی گشتیدا داده‌نرێت، ئه‌مه‌یش به‌ شێوه‌یه‌كی بونیادنه‌رانه‌ پانتایی دژه‌ هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی پێكده‌هێنێت، كه‌ توانای به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆسه‌ی گۆڕانكاریی هه‌یه‌ و، ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی پێكهاته‌ و شێوازێكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی باڵا [و نوێ].
ح‌-     ئه‌م دیاله‌كتیكه‌ جێگیركردن و پته‌وكردنی ئینتیمای خۆیه‌تی به‌ مێژوو و پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراوه‌وه‌ و، ئوبێكتگه‌رایی و مێژووگه‌رایی و ڕێژه‌گه‌رایی له‌ په‌یوه‌ستییه‌كی نوێدا كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئایدیای مه‌عریفه‌ ده‌وروژێنێت.
خ‌-   ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌یه‌، ته‌ركیزی دیاله‌كتیك له‌سه‌ر به‌ش و ڕه‌گه‌ز و هێز له‌ واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕوخسارێكی پراكتكییانه‌ی هه‌یه‌، نه‌ك ڕوخسارێكی تێڕامێنكارانه‌ی زانستی مێژوویی دیاله‌كتیكی، [واته‌] وه‌ك زانستی زه‌روره‌ت و توانای واقیعی بۆ گۆڕانكاریی شۆڕشگێرانه‌ی كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ ڕێگه‌ی چینی كرێكاره‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی توانایه‌كی تایبه‌ته‌ بۆ گۆڕان. بۆیه‌ ئوبێكتگه‌رایی دیاله‌كتیكی په‌یوه‌سته‌ به‌ تواناكه‌یه‌وه‌ بۆ ته‌ده‌خولكردن له‌و كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا كه‌ مه‌عریفه‌ی له‌باره‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
د‌-    به‌و پێیه‌ی دیاله‌كتیك وا له‌ پراكسێسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێستا تێده‌گات كه‌ كایه‌یه‌كه‌ لێكدژییه‌كی بنه‌ڕه‌تی و دوو جه‌مسه‌ر په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كه‌ی داده‌ڕێژێت، ئه‌وا خۆی ده‌بێته‌ زانست ده‌رباره‌ی ئه‌م لێكدژییانه‌. بۆیه‌ دیاله‌كتیك خۆی وه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م لێكدژییانه‌ و لایه‌نگیر له‌ چاره‌سه‌ركردنیاندا ده‌بینێت، ئه‌مه‌یش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به‌و دژه‌ هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ كه‌ توانا په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردن ده‌رده‌خات.
ذ‌-    له‌به‌رئه‌وه‌ی دیاله‌كتیك ده‌رككردنی لێكدژییه‌كانی شێوه‌ی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، كه‌ سنوورێكه‌ ئه‌م لێكدژییانه‌ له‌ ئاستی تیۆردا چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وا ئه‌و زه‌روره‌ته‌یش "وێنا ده‌كات" كه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن دژه‌ هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بخرێته‌گه‌ڕ [واته‌ هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ ببێته‌ خاوه‌نی ئه‌م دیاله‌كتیكه‌]، ئه‌مه‌یش ڕێكخراوێكه‌ كه‌ وه‌ك پۆتێنشیه‌ل توانای چاره‌سه‌ری لێكدژییه‌كه‌ی هه‌یه‌. دیاله‌كتیك پێی وایه‌ ده‌بێته‌ موڵكێكی ده‌سته‌جه‌معی و، وه‌ك بۆچوونی جه‌ماوه‌ر وێنای صیروره‌ی خۆی ده‌كات.
ر‌-   چینی كرێكار وه‌ك هێزێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئه‌م دیاله‌كتیكه‌، وه‌ك سیسته‌مێكی پێكه‌وه‌به‌ستراو له‌ پێگه‌كاندا له‌ پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی تێده‌گات و، وه‌ك هێزێكی كارا كه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنی لێكدژییه‌ جیامه‌نده‌كانی ئه‌م سیسته‌مه‌ی هه‌یه‌، له‌ خۆی به‌ ئاگا ده‌بێت. ئینجا به‌هۆی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یه‌وه‌ خۆی و ده‌وروبه‌ر ده‌گۆرێت و له‌ خۆی تێده‌گات.
ز‌-   دیاله‌كتیك، به‌هۆی ئه‌م موڵكایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌، كه‌ پاكژكردنه‌وه‌ و ڕاستكردنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای عه‌فه‌وییانه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌ و، به‌هۆی ئه‌م صیروره‌ جیهانییه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ شوێنكه‌وته‌كانه‌وه‌ هه‌تا ئێستا، ده‌توانێت به‌شداریی تایبه‌تی هه‌بێت و ڕووبه‌ڕووی كایه‌ی گۆڕاو ببێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌توانێت بیر له‌و مه‌سه‌له‌ نوێیانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م به‌شدارییه‌ ده‌ریان ده‌خات. بۆیه‌ پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌ كایه‌ی ئه‌زموونكردن، كه‌ به‌ لای به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانه‌وه‌ كاریگه‌ریی ئامرازییانه‌ نییه‌، به‌ڵكو جووتبوون و سازگارییه‌ له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی صیروره‌ "جیهانییه‌كه‌"یان و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌یان، وه‌ك هێزێكی ململانێكار كه‌ ده‌بێت شێوازی نوێی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی درێژه‌ پێبدات، ئه‌مه‌یش به‌ ئاگاییه‌كی ته‌واو و به‌ نواندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی به‌ره‌و دروستبوون و ڕزگاریی.
س‌-                       ئینتیمای پێگه‌یی [چینایه‌تی] و مێژوویی و ئوبێكتی تێهه‌ڵكێش به‌یه‌ك ده‌بن، هه‌روه‌ها تێكه‌ڵبوون له‌نێوان ئوبێكتیڤیزم و هه‌ڵوێستی لایه‌نگیرانه‌ و زانستی و ده‌ستپێشخه‌ریی چالاكانه‌ بۆ گۆڕان ڕووده‌دات، وه‌ك چۆن تایبه‌تی و گشتی تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بن. ئه‌مه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی دیاله‌كتیك زانستێكه‌ تایبه‌ت به‌و به‌شه‌ی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ توانایه‌كی بونیادییانه‌ی بۆ گۆڕانی ئه‌م پراكسێسه‌ هه‌یه‌ و مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی ڕه‌گه‌ز و جۆری گشتی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی.

( 4 )
ئه‌نگلز، لینین‌یش له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی ئه‌و، به‌گشتی مه‌سه‌له‌ی دیاله‌كتیك به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانینی جوڵه‌ی زانسته‌كان و به‌رفراوانكردنی بزووتنه‌وه‌ی ماركسیستیی كرێكاریی، ده‌خه‌نه‌ڕوو. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ پرسی "فه‌لسه‌فه‌"ی ماركسیزم و "سه‌ربه‌خۆیی"ـه‌ تایبه‌تییه‌كه‌یه‌تی. له‌ به‌رامبه‌ردا دیاله‌كتیكی كۆمه‌ڵگه‌ی بۆروازیی ڕێگه‌ده‌دات و زه‌مینه‌سازیی ده‌كات بۆ ئاشنابوون به‌ دیاله‌كتیكی سروشت و پرۆسه‌ی مه‌عریفه‌ی سروشت و كۆمه‌ڵگه‌.
أ‌-      زانسته‌كانی سروشت، كه‌ حاڵی حازر له‌ فراوانبوونێكی بێ پێشینه‌دان، له‌ پراكسێسدا بنه‌مای ماتریالی به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌م بنه‌مایه‌ بۆ هه‌موو زانسته‌كان گونجاوه‌ و، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ بوونی ماتریالی له‌ بوونی مه‌عریفه‌ له‌پێشتره‌.
ب‌- به‌هۆی كه‌شفكردنی دینامیكای گه‌رمه‌وزه‌ و بیۆلۆژیای په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ هه‌موو زانسته‌كانی سروشت به‌ كرده‌یی لێك نزیك بوونه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌ و فۆڕمه‌كانی جوڵه‌ هه‌مان تاكه‌ ئوبێكتی وێنه‌ییان وه‌رگرتووه‌. به‌م واتایه‌ ئه‌م زانستانه‌ له‌گه‌ڵ دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژووییدا، كه‌ زانستی پرۆسه‌كانی دووباره‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، ته‌با و سازگارن.
ت‌- دیاله‌كتیك توانیویه‌تی ئه‌م لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ وێنا بكات، به‌و هۆیه‌ی كه‌ دامه‌زراندنی فه‌زایه‌كی تیۆریی "كامڵ"‌ و یه‌كگرتوو و كراوه‌یه‌. به‌هۆی گشتگیركردنی ئه‌م خاسییه‌تانه‌وه‌ دیاله‌كتیك مه‌سه‌له‌كانی گۆڕانی بزووتنه‌وه‌ له‌ شێوازێكه‌وه‌ بۆ شێوازێكیتر و گواستنه‌وه‌ له‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ بۆ یه‌كێكیتر، زه‌ق ده‌كاته‌وه‌. ئایدیای دیاله‌كتیك بایه‌خ به‌ به‌ره‌وپێشچوون ده‌دات، كه‌ ده‌رفه‌تی پرسیاركردن ده‌دات و چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ره‌كه‌یشی دیاریی ده‌كات.
ث‌- ماتریالیزمی مێژوویی به‌هۆی ئه‌و دیاله‌كتیكه‌وه‌ كه‌ له‌ زانسته‌ سروشتییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت ئوبێكتیڤیزمی خۆی و دیاله‌كتیكه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی ده‌چه‌سپێنێت، ئه‌مه‌یش توانابه‌خشی ڕێگایه‌كی نوێی بیركردنه‌وه‌ی تیۆری و سه‌رده‌مێكی نوێی مه‌عریفه‌یه‌، كه‌ له‌ دیاله‌كتیكه‌كانی شوناسدا بوونی هه‌یه‌، شوناس وه‌ك خود-ئاگایی و سه‌ربه‌خۆیی.
ج‌-   له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ناتوانین مۆركێكی دۆگمایی و به‌ دیاله‌كتیك ببه‌خشین و بیكه‌ینه‌ زانستی زانسته‌كان، گه‌ر وابێ دیسانیش ده‌كه‌وینه‌وه‌ نێو سیسته‌مه‌ فه‌لسه‌فه‌ییه‌كه‌ی پێشتره‌وه‌. كه‌وایه‌، چۆن ده‌توانین بیر له‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ تایبه‌ته‌ی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی دیاله‌كتیكی بكه‌ینه‌وه‌؟ ده‌كرێت به‌ شێوازی خشته‌یه‌كی كاتی و تیۆری "ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی"ـی بۆ جیهان، دایبڕێژین. ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ به‌هایه‌كی ئاراسته‌گه‌ری و په‌روه‌رده‌یی هه‌یه‌، كه‌ توانای ئه‌وه‌ به‌ زاناكان ده‌دات پێكه‌ و شوێنی پسپۆڕێتییه‌كه‌یان له‌نێو جوڵه‌ی قوڵكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌كاندا "دیاریی بكه‌ن". هه‌روه‌ها ئه‌م كه‌شفه‌ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ ده‌كات جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نوێنه‌ره‌وه‌ی سروشت و كۆمه‌ڵگه‌ بن و ڕه‌خنه‌ی تێڕوانینی ڕۆحی و تیۆریی چه‌قبه‌ستووی "میتافیزیكی" بكه‌ن. به‌ڵام ده‌بێت دیاله‌كتیك كه‌ خشته‌كه‌مان پیشان ده‌دات به‌ندێكی ده‌رباره‌ی به‌ها په‌تییه‌كه‌ی خۆی تێدا بێت، وه‌ك دەرخستنى پێگەى خۆى و ئامرازی جێگیرییەکەى.
ح‌-   ئیتر له‌م كاته‌وه‌ وه‌زیفه‌ی دیاله‌كتیك له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی زانستی و پراكتیكی، ده‌بێته وه‌زیفه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ و شۆڕشگێڕانه‌. ئه‌مه‌یش هه‌لی ئه‌وه‌ بۆ زاناكان ده‌ڕه‌خسێنێت، كه‌ به‌ هۆی دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیی كاری فیكرییه‌وه‌ له‌ یه‌كتر جییان، لێكدانه‌وه‌یه‌كی گونجاوی فه‌لسه‌فی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بكه‌ن و، ئه‌و بنه‌ما ڕوون و ڕاشكاوانه‌ بخه‌نه‌ڕوو كه‌ ڕۆڵی ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌كان ده‌گێڕن، كه‌ زۆرجار بنه‌ما هه‌ڵه‌ ئایدیاڵی و میتافیزیكییه‌كان شاردوونیانه‌ته‌وه‌. له‌م ئاسته‌دا گۆڕانێكی كتوپڕ ڕووده‌دات، ئه‌ویش له‌مه‌دا خۆی ده‌نوێنێت: ئه‌گه‌ر دیاله‌كتیكی مێژوو ئوبێكتیڤیزم ده‌به‌خشێته‌ ئه‌و زانسته‌ سروشتییانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ زانستی مێژوویی و به‌مه‌یش ڕه‌وتی مێژوو ته‌واو بكات، ئه‌وا ئه‌م زانسته‌ مێژووییانه‌یش لای خۆیانه‌وه‌ ده‌بنه‌ ئوبێكتی دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی و ده‌بنه‌ كۆمه‌ڵێك چركه‌سات له‌م دیاله‌كتیكه‌. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ دیاله‌كتیكی مێژوو زانسته‌ سروشتییه‌كانیش له‌ خۆ ده‌گرێت و ئوبێكتیڤیزمی سروشت و پرۆسه‌كانی زه‌ق ده‌كاته‌وه‌. زانسته‌ سروشتییه‌كان ده‌كه‌ونه‌ نێو دیاله‌كتیكی مێژووییه‌وه‌، وه‌ك ڕووداوگه‌لێك له‌نێو پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌مهاتووه‌ مێژووییه‌كاندا، كه‌ وه‌زیفه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ وا له‌ دیارده‌ سروشتییه‌كان بكات بوونێكی تیۆرییان هه‌بێت (لێره‌دا ئه‌نگلز و لینین له‌گه‌ڵ گرامشیدا هاوڕان).
خ‌-   ئه‌نگلز سۆسیۆلۆژیای ساده‌ی مه‌عریفه‌ی تێپه‌ڕاندووه‌ و ڕوونی كردۆته‌وه‌ ئه‌و مشتومڕانه‌ی كه‌ ناكرێت وازیان لێ بهێنین و په‌یوه‌ستن به‌ ماتریالێتی و ئوبێكتگه‌رایی و پرۆسه‌ی زانسته‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌، به‌ ناچاری له‌ ستراتیژییه‌ته‌ تیۆری و سیاسییه‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌م دێن: «زاناكان هه‌رچی بكه‌ن هه‌ر ملكه‌چی فه‌لسه‌فه‌ن. مه‌سه‌له‌كه‌یش ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ده‌یانه‌وێت ملكه‌چی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی خراپی باوبن كه‌ وه‌ك مۆده‌یه‌ك هه‌یه‌ یان ده‌یانه‌وێت بیركردنه‌وه‌ی تیۆری، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ناسینی مێژووی فیكر و ده‌ستكه‌وته‌كانی، پێشڕه‌وی بكه‌ن». دیاله‌كتیك كه‌ پرسێكی سه‌ره‌كی له‌ فه‌لسه‌فه‌دا بیر ده‌خاته‌وه‌ ئه‌ویش پرسی ماتریالیزم و ئایدیالیزمه‌، ئه‌و میكانیزمانه‌ی باڵاده‌ستیی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌شف ده‌كات، كه‌ له‌لایه‌ن چینی سه‌رده‌سته‌وه به‌هۆی لێكدانه‌وه‌ی ئایدیالیستی بۆ زانسته‌كان و به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌مكی ڕۆح،‌ له‌سه‌ر زانسته‌كان موماره‌سه‌ ده‌كرێت. ته‌نیا له‌ هه‌ڵوێستی ماتریالیستیی دیاله‌كتیكیدایه‌ هاوكات دان به‌ ئوبێكیڤیزمی دوولایه‌نه‌ی زانسته‌ سروشتییه‌كان و زانستی مێژوودا ده‌نرێت.
د‌-    "به‌رژه‌وه‌ندی"ی چینی كرێكار له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ته‌نیا په‌ره‌ به‌ زانسته‌ سروشتییه‌كان بدات، به‌ڵكو تاكه‌ چینێكه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌ی وا له‌ په‌ره‌دان به‌ زانستی مێژوودا كه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ ماسك له‌سه‌ر دیوه‌ داهێنه‌رانه‌كه‌ی "ڕۆح" لابدات (ئه‌م ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ له‌و مه‌رجه‌عه‌وه‌یه‌ كه‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان به‌ڕێوه‌ ده‌بات به‌ بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ ببێته‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر). هه‌روه‌ها دیوه‌ ماتریالییه‌كه‌ی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان زه‌ق ده‌كاته‌وه‌ و به‌رپرسی ڕاسته‌قینه‌ی سامان ده‌رده‌خات، واته‌ چینی به‌رهه‌مهێنه‌ران و ئه‌م چینه‌یش به‌هۆی دیاله‌كتیكه‌وه‌ ده‌رك به‌ وه‌زیفه‌ و ئه‌ركه‌كانی ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر چینی بۆرژواز به‌هۆی دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمه‌كانی جوڵه‌ی سروشتییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ و چاودێری پرۆسه‌ی زانستی بێت و یه‌كتربڕینێك دروست بكات له‌نێوان به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی وزه‌ نوێیه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌ فۆڕمه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كه‌یدا، ئه‌وا ئه‌م چینه‌ [چینی بۆرژواز] ناهێڵێت مه‌عریفه‌ تا كایه‌ی مێژوو درێژ ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی باڵاده‌ستییه‌ كاتییه‌كه‌یه‌تی.

( 5 )
ئه‌گه‌ر پرسی "گشتگیریی دیاله‌كتیك" چه‌ند فۆڕم و ڕواڵه‌تێكی هه‌بێت، كه‌واته‌ ناتوانین به‌ یه‌كجار هه‌موویان له‌ یه‌كه‌یه‌كدا كۆبكه‌ینه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌ستنیشانی بكه‌ین. ئه‌نگلز هه‌وڵیداوه‌ وه‌ك لۆژیكی نوێ پێناسه‌ی بكات، دواتر لینین به‌م جۆره‌ پێناسه‌ی ده‌كات: «[دیاله‌كتیك] له‌ ماركسیزمدا تیۆری مه‌عریفه‌یه‌، كه‌ وه‌ك تیۆری یه‌كانگیریی نێوان دیاله‌كتیكی سوبێكتی و دیاله‌كتیكی ئوبێكتی دیاریی ده‌كرێت، تیۆرێكیشه‌ ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سروشتی و مێژوویی و پرۆسه‌ی ناسینی سروشت و مێژوو كه‌ پرۆسه‌ی یه‌كه‌م له‌ هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت».
به‌ڵام لێره‌یشدا نابێت "گشتگیریی دیاله‌كتیك" بكه‌ینه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن، نابێت «بیخه‌ینه‌ به‌رزترین پله‌ی زانسته‌كانه‌وه»، نابێت خاسیه‌تی تێڕامانی بده‌ینه‌ پاڵ و بیكه‌ینه‌ «زانستی تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندیدارێتی گشتی» [واته‌ په‌یوه‌ندی هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ یه‌كتردا]. دیاله‌كتیك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ «له‌ هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی كۆندا، واته‌ له‌ ڕێباز و یاساكانی فیكر، به‌ سه‌ربه‌خۆیی ماوه‌ته‌وه‌. هه‌موو ئه‌و شته‌یشی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ له‌نێو زانستی پۆزه‌تیڤیستی سروشت و مێژوودا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه».
لینین هه‌وڵیداوه‌ مه‌به‌ست له‌ لۆژیكی دیاله‌كتیكی ڕوون بكاته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك ئامرازی فیكر بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو پرسه‌كان پێناسه‌ی كردووه‌. قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئه‌م ئامرازه‌یش له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ مێژووی هه‌موو زانسته‌كان وه‌رگیراوه‌. دیاله‌كتیك میتۆدێكی دژ به‌ میتۆدی میتافیزیكییه‌، كه‌ ئه‌م میتۆده‌ میتافیزیكییه‌ ته‌نیا كار به‌ لۆژیكی فۆرماڵ ده‌كات.
به‌م جۆره‌ دیاله‌كتیك ڕێگه‌یه‌كی نوێیه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌دا، له‌ زانسته‌ سروشتی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كارایه‌ و، تایبه‌تمه‌ندێتی ئوبێكته‌كانی وه‌ك زه‌روره‌ت ده‌یسه‌پێنێت. فۆرموله‌كردنی دیاله‌كتیكی فه‌لسه‌فی ناچاری و پێویسته‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوور له‌ كۆنتێكست به‌كاربهێنرێت ئه‌وا هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ربوونه‌وه‌دایه‌ بۆ نێو دۆگماتیزم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌توانین پێی بڵێین: "زانستی فیكر". «بیركردنه‌وه‌ی تیۆریی تایبه‌ت به‌ هه‌ر قۆناغێكی مێژوویی و ئینجا بیركردنه‌وه‌ی تیۆریی له‌ سروشت، به‌رهه‌مێكی مێژووییه‌ كه له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كاندا فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی جیاواز وه‌رده‌گرێت. كه‌واته‌ زانستی فیكر، وه‌ك هه‌ر زانستێكیتر، زانستێكی مێژووییه‌، ئه‌ویش زانستی په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی فیكری مرۆییه‌«.

( 6 )
ئه‌م فۆرموله‌ دوابه‌دوای یه‌كانه‌ی دیاله‌كتیك كه‌ ئه‌گلز و لینین پێشكه‌شیان كردووه‌ كۆده‌نگی هه‌موو ماركسیسته‌كانی له‌سه‌ر نییه‌. به‌ گشتی دوو هێڵ له‌م بواره‌دا وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز ده‌ركه‌وتوون. لێكدانه‌وه‌ی ئوبێكتیڤیزم له‌ ساڵانی به‌رفراوانبوونی ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی دووه‌مدا سه‌ریهه‌ڵدا و، له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌نگلز وه‌ك وێنه‌ی تیۆری ماتریالیستی بۆ جیهان كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی مێژووی به‌رهه‌مهێنان تێده‌په‌ڕێنێت، چه‌قی به‌ست (كاوتسكی، پلیخانۆڤ). كاردانه‌وه‌ به‌ڕووی ئه‌م ڕێبازه‌ ئوبێكتیڤیسته‌دا ڕوویدا، كه‌ ته‌نیا پێشنۆره‌یی ده‌دات به‌ هێزی به‌رهه‌مهێنان له‌ ئاستی دیاله‌كتیكی مێژووییدا و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ناچار به‌ سیاسه‌تی چاكسازیی ناوخۆیی له‌ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا ده‌كات. ئه‌م كاردانه‌وه‌یه‌ پێشنیاری لێكدانه‌وه‌یه‌كی سوبێكتیڤیستانه‌ی ده‌كرد و، دیاله‌كتیكی سروشت و ماتریالیزمی سروشتی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌ و، پێی وا بوو ئه‌مه‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی پێش-ماركسیانه‌یه‌ و دیاله‌كتیكی مێژوویی به‌ هه‌ند وه‌رناگرێت، بۆیه‌ له‌ سنووری فه‌لسه‌فه‌ی پراكسێسدا لێكدرایه‌وه‌ (لۆكاچ له‌ به‌رهه‌مه‌كانی سه‌ره‌تایدا). به‌ڵام دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و له‌ماوه‌ی سه‌رده‌می ستالیزنیزمدا ئوبێكتیڤیزم له‌ "دیامات" Dia-Mat ـدا پشتوانیی لێكرا، ئه‌مه‌یش ئۆنتۆلۆژیای ماتریالی بوو كه‌ له‌لایه‌ن حیزب-ده‌وڵه‌ته‌وه‌ وه‌ك دنیابینی بۆ جیهان به‌كارده‌هێنرا.
به‌ڵام "سوبێكتیڤیزم" فۆموله‌ی دژ و ڕه‌خنه‌گرانه بوو‌ له‌ دۆگماتیزم. گرامشی جه‌ختی له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی مێژووگه‌رانه‌‌ی دیاله‌كتیكی مێژوویی كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت ماركسیزم بكه‌وێته‌ نێو تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ سۆسیۆلۆژیا و میتافیزیكای ماتریالیزمه‌وه‌. به‌لای گرامشییه‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵهێنجانه‌ی دیاله‌كتیك له‌ فه‌لسه‌فه‌ی پراكسێسه‌وه‌ تاكه‌ ڕێگای سوودبه‌خشی به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ بۆچوونه‌كانی لینین له‌ ڕۆژئاوا و ئه‌كتیڤبوونه‌وه‌یه‌كی نوێی لینینیزمه‌ له‌سه‌ر ئاستی تیۆری، وه‌ك تیۆری گۆڕانی شۆڕشگێرانه‌ و پراكتیكردنی ئه‌م تیۆره‌. ئه‌م گۆڕانانه‌ ده‌ره‌كی نه‌بوون، به‌ڵكو ئه‌وه‌یان ده‌رده‌خست كه‌ به‌لای ماركسیه‌كانه‌وه‌ تێگه‌یشتن و پراكتیزه‌كردنی دیاله‌كتیك گره‌وی ئێستایه‌ و فۆڕمێكی ململانێی چینایه‌تییه‌. هه‌ر مۆركێكی ئۆنتۆلۆژی كه‌ بدرێت له‌ دیاله‌كتیك واتای ئه‌وه‌یه‌ دیاله‌كتیك ده‌گۆڕێت بۆ بڕوایه‌كی ئایدیۆلۆژی و، ماتریالیزمی مێژوویش به‌ره‌و "ئابووریگه‌رایی" سه‌ره‌ولێژ ده‌كاته‌وه‌ و، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له‌ توانای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات داده‌بڕێنێت (جا چ له‌ نێو ده‌وڵه‌تی بۆرژوازیدا بێت، یان به‌ قبووڵكردنی توانه‌وه‌ له‌ حیزب-ده‌وڵه‌تدا). هه‌ر له‌سیاسه‌تخستنێكی زێده‌ڕه‌وانه‌ی دیاله‌كتیك واتایه‌كی ڕه‌خنه‌یی دژ به‌ ئوبێكتیڤیزم هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌ له‌ ڕزگاركردنی به‌رهه‌مهێنه‌راندا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و نه‌ له‌ كردنیان به‌ هێزێكی سیاسیی ڕێكخراو كه‌ له‌ ئاستی فۆڕمی سیاسیی بۆرژوازیدا بێت و، نه‌ له‌ ده‌رككردن به‌ ئاڵۆزییه‌كانی فۆڕمه‌ زانستییه‌كان خۆیان.
ئه‌م دڕدۆنگییه‌ی نێوان ئوبێكتیڤیزم و سوبێكتیڤیزم ئه‌و كایه‌ی به‌یه‌كداچوونه‌ دیاریی ده‌كات كه‌ تێیدا دیاله‌كتیك چاره‌نووسی خۆی به‌ گۆڕینی پراكسێسه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌ وه‌ك وه‌زیفه‌ی تیۆری و سیاسی خۆی و، دانانیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مه‌عریفه‌ و ئوبێكتیڤیتزمی زانسته‌كان و پابه‌ستبوونی به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی چینی كرێكاره‌وه‌ بۆ گۆڕان و مه‌عریفه‌ی زانستی ئه‌م چینه‌ ده‌رباره‌ی مێژوو. به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا مه‌سه‌له‌ی گۆڕان په‌یوه‌ست ده‌كرێته‌وه‌ به‌ حیزبی شۆڕشگێڕی و توانای ئه‌م حیزبه‌ بۆ ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ر، به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆی جێگای جه‌ماوه‌ر بگرێته‌وه‌، ئینجا گه‌مارۆدانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی و گۆڕینی. خۆ ئه‌گه‌ر دیاله‌كتیك له‌سه‌ر ئاستی تیۆریی و، له‌ حاڵه‌تێكی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیدا، زانست و هونه‌ری ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ركردنی لێكدژییه‌ تیۆری و كرده‌ییه‌كان بێت، ئه‌وا [له‌م ڕونگه‌یه‌وه‌] له‌ ئاستی پراكتیكدا و، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی سیاسی، ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پرسی حیزب و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ره‌.
لێره‌دا، دیاله‌كتیك ده‌بێته‌ سیسته‌مێكی لۆژیكی- سیاسی. كه‌واته‌ زانستێكی لایه‌نگره‌ و پشتیوانی له‌ حیزب و...، پرسی توانای حیزب بۆ هاندانی "پاڵه‌وانێتی" كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووریی جه‌ماوه‌ر ده‌كات و، پشتیوانی له‌ ئازادكردنی هێزی ئۆپۆزسیۆن ده‌كات به‌ره‌و گشتگیریی تایبه‌تی ئه‌م چینه‌، كه‌ چینی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته‌ نێو سه‌ركێشیی تۆتالیتاریزمه‌وه‌.
به‌لای ماركسییه‌كانه‌وه‌ پرۆسه‌ی پێناسه‌ی لێكدژ و گۆڕانی دیاله‌كتیكی به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی مێژوویی ناوه‌كییانه‌یه‌، هه‌ر به‌و جۆره‌یش پێیانوایه‌ دیاله‌كتیكی مێژوویی په‌ره‌سه‌ندنی ململانێی چینایه‌تییه‌. دیاله‌كتیك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆی، ئه‌وه‌یش بۆ زه‌قكردنه‌وه‌ی گۆڕانی ناوه‌كییانه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی ململانێی چینایه‌تی له‌ فۆڕمه‌ تایبه‌تییه‌كه‌یدا. هه‌ر وه‌ك لینین بۆیچووه‌، ئه‌وه‌ وه‌همه‌ كه‌ پێمان وابێت ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاره‌كی پێناسه‌ی میدیۆمی دیاله‌كتیكی وه‌ك پێوه‌رێكی ئایدیاڵیی بكه‌ین، یان وه‌ ئۆرسۆدۆكسیه‌تێك كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ "لادان" [ئینحراف]ـه‌ ئوبێكتی و سوبێكتییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین. ئه‌مه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ شتێك قه‌ره‌بووی «شیكاریی ماتریالی و ده‌ره‌كی دۆخه‌ ماتریالی و ده‌ره‌كییه‌كان» ناكاته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌رده‌وامی به‌ داڕشتنی ئه‌و كاتیگۆرییانه‌ بده‌ین كه‌ ده‌بنه‌ پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی دوولایه‌نه‌ی زانسته‌ سروشتی و مێژووییه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌م دوو ئه‌ركه‌ ته‌نیا ئه‌و كاته‌ له‌ ڕووی دیاله‌كتیكییه‌وه‌ پاساو ده‌درێن كه‌ بتوانن به‌ باشی كۆنتێكسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ و دۆخه‌ "عه‌ینی"ـیه‌كه‌ دیاریی بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌یش پێویستی به‌وه‌یه‌ جه‌ماوه‌ر له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ببێته‌ خاوه‌نی زانیاری و زانینێكی به‌فراوان ده‌رباره‌ی زانسته‌ سروشتییه‌كان و ماتریالیزمی مێژوویی و، بتوانێت پراكسێسی شێوازه‌كانی گۆڕانی شۆڕشگێڕانه‌ دیاریی بكات.
خۆ ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م به‌نده‌ له‌ خشته‌كه‌دا له‌بیر بكرێت ئه‌وا دیاله‌كتیكی ماتریالی ڕه‌نگه‌ بكه‌وێته‌ به‌رده‌م یه‌كێك له‌م دوو مه‌ترسییه‌: یان شێوازێكی دۆگمایی بیرۆكراسی (بگره‌ بۆرژوازی) وه‌رده‌گرێت، یانیش تووشی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی "سه‌روو ڕه‌خنه‌یی" [به‌و مانایه‌ی له‌ سه‌رووی ڕه‌خنه‌یه‌وه‌] ده‌بێت و ناتوانێت ناوه‌ڕۆكی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات و ڕه‌خنه‌ی فۆڕمه‌كانی خۆی بكات، به‌م هۆیه‌یش توانای گۆڕانكاریی نامێنێت.
سه‌رچاوه‌:
مجموعة مؤلفين, معجم الماركسية النقدي, بإشراف: جيرار بن سوسان و جورج لابيكا, ترجمة: مجموعة مترجمين, دار محمد علي للنشر و دار الفارابي, بيروت-لبنان, الطبعة الأولى, 2003, ص653-660.

تێبینى: ئەم وتارە لە کتێبى "دیالەکتیک"، کتێبى دووەمى زنجیرە کتێبى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا بڵاوبۆتەوە.