My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Tuesday, 26 April 2016

نهێنیى نهێنى

هاوار محەمەد

به‌ بڕوای ماكس ڤێبه‌ر مۆدێرنیتی داماڵینی ئه‌فسوونه‌ له‌ جیهان، عه‌قڵ گه‌ردوون وه‌ك بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌ و كه‌شفی زانستی ده‌بینێت، له‌ هه‌رهێزێكی ده‌ره‌وه‌ی دایده‌بڕێنێت و یاساكانی له‌نێوخۆیدا ده‌دۆزێته‌وه‌، لێره‌شه‌وه‌ مۆدێرنیتی نهێنییه‌ك، هێزێك، ڕۆحێك له‌ پشت شته‌كان و دیارده‌كانه‌وه‌ ناهێڵێته‌وه‌ و ئه‌و عه‌قڵه‌ سیحرگه‌راییه‌ی كه‌ پێی وابوو ڕۆحێكی ده‌ره‌كی له‌نێو شته‌كاندایه‌ و ده‌یانجوڵێنێت، تێك ده‌شكێنێت. عه‌قڵی ڕۆشنگه‌ری ئه‌و عه‌قڵه‌یه‌ كه‌ تاریكییه‌كان ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ و شته‌كان ده‌باته‌ به‌ر ڕۆشنایی، پرۆسه‌یه‌كه‌ كه‌ جیهان ده‌بێته‌ ئوبێكت بۆ كه‌شفكردن و ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌، جیهان ده‌خرێته‌ نێو تاقیگه‌ی دۆزینه‌وه‌كانه‌وه‌ و ئیدی له‌ هه‌ر نهێنی و ئه‌فسوونێك به‌تاڵ ده‌كرێته‌وه‌. جیهان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ سوبێكت كه‌شفی بكات و بیسه‌لمێنێت كه‌ ڕۆحێك یان ڕازێك له‌نێو شته‌كاندا بوونی نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها یاسا بیركاریی و زانستییه‌كان كۆی گه‌ردوون به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌‌ دۆزینه‌وه‌ی یاساكانیش سوبێكت ئاسانتر زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر شته‌كاندا و له‌ هه‌ر دیوێكی موقه‌ده‌س و بانسروشتی دایانده‌بڕێت و ده‌یانكاته‌ كه‌ره‌سته‌ی خاو كه‌ نرخیان ته‌نیا له‌وه‌دایه‌ ببنه‌ كاڵا. ئه‌دۆرنۆ و هۆركایمه‌ر ده‌ڵێن: ده‌رفه‌تی بوونی نهێنی و ڕاز بوونی نییه‌، وه‌ك چۆن ئاره‌زوویه‌كیش بۆ كه‌شفكردنی بوونی نه‌ماوه‌. به‌و واتایه‌ی ئیدی مرۆڤ له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنیتی و سه‌رمایه‌داریدا به‌ دوای نهێنییه‌كاندا ناگه‌ڕێت، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ ڕوو له‌ شته‌كان ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی گۆڕینیان بۆ كاڵا. به‌م جۆره‌ مرۆڤ بووه‌ سه‌نته‌ری جیهان و ئیدی نه‌ك شته‌كان و دیارده‌كان دیوه‌ خوداییه‌كه‌یان لێكرایه‌وه‌، بوونه‌ ماده‌ی خاو یان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی یانیش بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و كۆنترۆڵكردن. گه‌ر وابێ نهێنییه‌ك بوونی نییه‌، شه‌و له‌ جیهان داماڵراوه و تاریكی هه‌ناوی خۆی خستۆته‌ڕوو. ئه‌م تێزه‌ دوا قسه‌یه‌ك نییه‌ كه‌ له‌بره‌ی نهێنییه‌وه‌ بیڵێین، ده‌توانین دۆخه‌كه‌ هه‌ڵگه‌ڕێنینه‌وه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر ئاشكرا ده‌بێت ده‌بێته‌وه‌ به‌ نهێنی، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر خۆی ڕوون ده‌كاته‌وه‌ خۆیشی تاریك ده‌كاته‌وه‌. كه‌واته‌ با دیسانیش سه‌رنج له‌ باسه‌كه‌ بده‌ینه‌وه‌، ئه‌مجاره‌یان نه‌ك وه‌ك نهێنیی پشتی شته‌كان و دیارده‌كان، به‌ڵكو وه‌ك نهێنیی نهێنی، ئه‌و ڕازه‌ی كه‌ له‌ نهێنی خۆیدا هه‌یه‌.
دۆلۆز پێی وایه‌ نهێنی ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌شف بكرێت، جه‌وهه‌ری نهێنی وا له‌ ماسكه‌كه‌یدا نه‌ك له‌و شته‌دا كه‌ شاردویه‌تییه‌وه‌، چونكه‌ له‌ بنه‌مادا هیچی نه‌شاردۆته‌وه‌ خۆی نه‌بێت. نهێنی ئه‌و شته‌ دووره‌ ده‌سته‌ نییه‌ لێمانه‌وه كه‌ ده‌رنا‌كه‌وێت، به‌ڵكو نهێنی ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ نهێنی كه‌ به‌ ده‌وری خۆیدا لول بخوات و هێڵكارییه‌كی پێچەڵان له‌ خۆیدا دروست بكات كه‌ وه‌ك ڕاز و ئاڵۆزیی ده‌رده‌كه‌وێت، ڕێك وه‌ك گرێیه‌ك كه‌ ته‌نها لێكئاڵانی په‌ته‌كه‌ خۆیه‌تی به‌ ده‌وری خۆیدا، ئه‌م پێچ و هێڵكاریی و گرێیه‌یش به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری كرانه‌وه‌ و ساده‌بوونه‌وه‌ی هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ی نهێنیی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ری دركاندنی هه‌بێت، یاخود به‌ ناچاری له‌ ساته‌وه‌ختێكدا بدركێنرێت. ئینجیل ده‌ڵێت: «هیچ شتێك شاراوه‌ نییه‌ كه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت، هیچ شتێكی بێده‌نگكراو نییه‌ ڕانه‌گه‌یه‌نرێت». (ئینجیلی مه‌رقوس، سوره‌تی 7، ئایه‌تی 21). كه‌واته‌ نهێنییه‌ك نییه‌ ببیرێته‌ ژێر گڵ. ئایا ئه‌م وته‌یه‌ ڕاسته‌؟ تۆ بڵێی هه‌موو نهێنییه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی كه‌شف ببین و شتێك نه‌مێنێته‌وه‌ كه‌ ببرێته‌ گۆڕه‌وه‌؟ قسه‌كه‌ی دۆلۆز هه‌رگیز به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ سه‌رجه‌م نهێنییه‌كان كه‌شف ده‌بن و ئیدی سوبێكته‌كان یان جیهان نهێنییه‌كیان نامێنێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌یه‌ چیتر جه‌وهه‌رێكی نه‌گۆڕ له‌ پشتی دیارده‌كانه‌وه‌ بوونی نه‌ماوه‌ و جیهان بۆته‌ وێنه‌ و ماسك و فۆڕم، وێنه‌كان خۆیان ماسكی خۆیانن و ته‌نیا ماسكه‌كان له‌سه‌ر یه‌كتر بوونیان هه‌یه‌ و خۆیان جه‌وهه‌ری خۆیان دروست كردووه‌، گه‌ر سه‌رجه‌می ماسكه‌كان هه‌ڵبگرین هیچ شتێك بوونی نییه‌، ڕوخسارێكی ئه‌سڵ، ناوكێكی بنچینه‌یی بوونی نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ماسكه‌كان و وێنه‌كان خۆیان ئه‌م ناوكه‌ دروست ده‌كه‌ن و له‌ چركه‌ی كه‌وتنی ماسكه‌كاندا ئه‌م ناوكه‌یش بوونی نامێنێت، ئه‌وه‌ی ماسكێك دایده‌پۆشێت هه‌ر دیوی ناوه‌وه‌ی خۆیه‌تی یان ماسكێكیتره‌، نهێنی هه‌ر پێچی ماسكه‌ به‌ ده‌وری خۆیدا، یان ڕیزبوونی ماسكه‌كانه‌ به‌دوای یه‌كتردا. ئێستا ده‌زانین كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ نهێنییه‌كی گه‌ردوونی یان نهێنییه‌كی ژیانی ڕۆژانه‌ نییه‌‌، به‌ڵكو هه‌ر سه‌رده‌مێك بڕێك ماسك له‌ فره‌ییدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت تاوه‌كو بانگه‌شه‌ی بوونی نهێنییه‌ك له‌ پشته‌وه‌ی خۆی بكات. ئه‌وه‌ی نهێنی دروست ده‌كات ڕوونبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تییه‌، به‌ توێكڵبوونێكی خێرای شته‌كانه‌، لێشاوی فۆڕمه‌كانه‌ به‌دوای یه‌كدیدا. له‌م پرۆسه‌یه‌دا نهێنی به‌سه‌رخۆیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌م هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌یشدا خۆی ده‌پارێزێت.
چیرۆكی نامه‌ی دزراوی "ئێدگار ئالان پۆو" هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی نهێنییه‌. نامه‌ دزراوه‌كه‌‌ له‌ هیچ شوێنێكدا ناشاردرێته‌وه‌، به‌و مانایه‌ی وه‌ك نهێنییه‌ك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێت، به‌ڵكو له‌ شوێنێكی زۆر به‌رچاودا داده‌نرێت، پێویست ناكات له‌ شوێنی دووره‌ده‌ست و پارێزراودا، له‌ پشته‌وه‌ بشاردرێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ر وه‌ك نهێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كه‌یت تاوه‌كو وه‌ك نهێنی بمێنێته‌وه‌ و كه‌شف نه‌بێت. كه‌واته‌ ده‌شێت ئه‌و شته‌ نهێنیی بێت كه‌ وا له‌به‌رچاوماندا و بێباك خۆی پیشان ده‌دات، هه‌ڵبه‌ت نهێنییه‌ك له‌م بێباكییه‌دا هه‌یه‌، گومانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م شته‌ی ئاوا به‌ ڕۆشنی خۆی ده‌رخستووه‌ یه‌كجار ئه‌وه‌نده‌یش زوو خۆی به‌ ده‌سته‌وه‌ نادات: "ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ نهێنین كه‌ له‌به‌رچاودان"، به‌و مانایه‌ی نهێنییه‌كان له‌ پشته‌وه‌ نین، به‌ڵكو ڕێك له‌و شتانه‌دایه‌ كه‌ نزیكن لێمانه‌وه‌ و خۆی وه‌ك نهێنیی ده‌رناخات، ئه‌م نزیكیه‌یشیان وای كردووه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌م نهێنی بن و هه‌م نه‌بن، هه‌م ئاشكرابن و هه‌م شاراوه‌، هه‌م دیار و هه‌م نادیار، هه‌م نزیكبن و هه‌م دوور: ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك نهێنی ده‌رناخات نهێنییه‌. شته‌كان له‌ نزیكیدا لێمان دوورده‌كه‌ونه‌وه‌، له‌ ڕووناكیدا خۆیان ده‌شانه‌وه، ‌به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی له‌ شوێنه‌ عاسی و تاریكییه‌كاندا داده‌نرێن خۆیان زووتر ده‌رده‌خه‌ن. كه‌واته‌ له‌م بۆچوونه‌وه‌ ده‌توانین قسه‌یه‌كی نزیك له‌وه‌ی دۆلۆز بكه‌ین: ده‌شێت نهێنی له‌و شته‌دا بێت كه‌ ئاشكرا و به‌رچاوه‌. بۆ ئه‌وه‌ی شتێك نهێنیبوونه‌كه‌ی خۆی بپارێزێت پێویست ناكات وه‌ك نهێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، نهێنیبوونه‌كه‌ی وا له‌ ئاشكراییه‌كه‌یدا، ئه‌و نهێنییه‌ی كه‌شف نابێت ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ڕووپۆشه‌كان و حیجابه‌كان دیان پۆشیوه‌، به‌ڵكو ده‌شێت هیچ شتێك داینه‌پۆشیبێت و كه‌شفیش نه‌بێت. دیوی دووه‌می ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ڕووپۆشه‌كان ڕه‌نگه‌ هیچیان دانه‌پۆشیبێت. كه‌واته‌ نهێنیی نهێنی ئاشكراییه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ ڕووپۆشه‌كان هیچیان نه‌شاردۆته‌وه‌. ڕووپۆشه‌كان و ماسكه‌كان و حیجابه‌كان ته‌نها ئه‌و شته‌ ده‌رده‌خه‌نه‌وه‌ كه‌ دایده‌پۆشن. 

ئەم وتارە فراگمێنتێکە لە وتارێکى درێژ کە لە کتێبى "دیالەکتێک" کتێبى دووەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا، بڵاوبۆتەوە

No comments:

Post a Comment