هاوار محەمەد
یه‌ك: ئایین [به‌تایبه‌ت ئایینی ئیسلام] په‌یوه‌ندی به
بیستنه‌وه هه‌یه، بۆیه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ گوێ ده‌گرێت. له ئیسلامدا ئایین
قسه‌ی خودایه و فه‌رمانه به چاكه و نكوڵییه له خراپه و (سمعا و گاعا)ـه،
به‌و واتایه‌ی هه‌ر دوای بیستنی ده‌بێت جێبه‌جێ بكرێت. كه‌واته ئایین
"گوێڕایه‌ڵی"ـه. له‌م بیستنه‌دا قسه‌ی خودا له سه‌ره‌وه به شاقوڵی
داده‌به‌زێت و ئاسۆیی ناڕوات، واته ده‌رفه‌تی گفتوگۆ و پرسیار و گومان ناكات،
بۆیه یه‌ك دیو و یه‌ك ئاراسته‌ی هه‌یه و له یه‌ك گۆشه‌وه وه‌رده‌گیرێت، به‌م
پێیه هه‌موو بیستنێك له ئیسلامدا گوێڕایه‌ڵییشه. قسه‌ی خودا ته‌نیا
ده‌كرێت بگوازرێته‌وه و ببیسترێت و ده‌ستبه‌جێ كاری پێ بكرێت، لێره‌وه مه‌ودا
له‌نێوان ده‌نگ و گوێدا، وشه و بیستندا، بیستن و گوێرایه‌ڵیدا نامێنێت. به‌م
واتایه ئایین دژی چاوه، چونكه چاو مه‌ودا له شته‌كان وه‌رده‌گرێت و هه‌ر جاره‌ی
له دیوێكه‌وه ده‌یبینێت. چاو هه‌رگیز بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ناكات شته‌كان به ته‌واوی
ده‌بینێت، ته‌نیا ده‌توانێت له‌و گۆشه‌یه‌وه بیبینێت كه لێی ده‌ڕوانێت. له
بیستندا سه‌رچاوه‌ی ناردن هه‌یه و له بینین‌دا گۆشه‌ی ڕوانین هه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌نگێك
له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه بێت ڕه‌نگه سێ گوێ هه‌مان ده‌نگ و قسه ببیستن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر
سێچاو له گۆشه‌ی جیاوازه له یه‌ك شت بڕوانن هه‌ر یه‌كه‌یان دیوێكی ده‌بینن. كه‌واته
بیستن "تاك"ـێتی به‌رهه‌م دێنێت و چاو "فره‌یی".
له زۆربه‌ی دیینه‌كاندا خودا ڕاسته‌وخۆ قسه‌ی له‌گه‌ڵ نێردراوه‌كانی خۆی كردووه،
به‌ڵام له هیچ كامیاندا "وه‌ك خۆی" خۆیی پیشان نه‌داون. مو‌سا ڕاسته‌وخۆ
خودا ده‌بیستێت، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت ببینێت، ئه‌ی ئه‌وه نییه كێوێك ده‌سوتێت
ته‌نیا به‌وه‌ی له درزێكی چكۆله‌وه خودا خۆیی پیشان ده‌دات؟ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام
ده‌گاته "قاب قوسین أو أدنی" و ڕاسته‌وخۆ قسه له‌گه‌ڵ خوادا ده‌كات به‌ڵام
ناتوانێت بیبینێت. ئایینی ئیسلام هه‌میشه ئه‌م ترسه‌ی له چاو هه‌یه.
ئایینی مه‌سیحی به پێچه‌وانه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه،
ئایینێكه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چاو ده‌گرێت. خودا له مه‌سیحدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. خودا ده‌بێته
له‌ش و گۆشت و خوێن، مه‌سیح به‌نێو خه‌ڵكیدا ده‌گه‌ڕێت و په‌رجووه‌كانی ده‌بینن،
له گوێ چه‌م و ڕووبار و شاره‌كاندا خه‌ڵكی به چاوی خۆیان مه‌سیح ده‌بینن: «مرۆڤێك
له‌لایه‌ن خوداوه نێردراوه ناوی یوحه‌ننایه، ئه‌و هاتووه بۆ شاهیدیدان تاوه‌كو
نور ببینێت، بۆئه‌وه‌ی هه‌مووان به‌هۆیه‌وه باوه‌ڕ بهێنن. ئه‌و خۆی نور نییه به‌ڵكو
بۆئه‌وه‌یه نور ببینێت». (ئینجیلی یوحه‌ننا، سوره‌تی 1، ئایه‌تی 6-9). هه‌ر به
بینینی مه‌سیح خه‌ڵكی ئارام ده‌بنه‌وه، تاریكایی له ناخیاندا به‌رگه‌ی ئه‌و نوره
ناگرێت كه له ڕوخساری مه‌سیحدا هه‌یه. ئه‌وه‌تا له ئینجیل‌دا هاتووه: « چرای
جه‌سته چاوه، جا هه‌ر كاتێك چاوتان ساده و ڕاستبین بوو ئه‌وا هه‌موو جه‌سته‌ت
ئه‌بێته ڕووناكی و، هه‌ركاتێك خراپه‌كاربوو ئه‌وا جه‌سته‌ت ئه‌بێته تاریكی». كه‌واته
چاو له ئایینی مه‌سیحیدا ڕۆڵی سه‌نته‌ری ده‌گێڕێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه مه‌سیحییه‌ت
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به فره‌ییدا تێپه‌ڕیوه، چوار ئینجیل [دوای هه‌ڵبژاردنیان
له‌نێوان سه‌دان ئینجیل‌دا] له‌به‌رامبه‌ر یه‌ك ته‌ورات و یه‌ك قورئاندا. بگره ده‌شێت
یه‌كێك له ڕیشه‌كانی فره‌ییخوازیی دونیای ڕۆژئاوا و ئه‌وروپادا بچێته‌وه سه‌ر
فره‌یی مه‌سیحییه‌ت. ڕۆژئاوا به‌تایبه‌تیش له ئێستادا شارستانێتی چاو و فره‌یی و
وێنه و بینینه. به‌رهه‌مه ته‌كنۆلۆژییه‌كانی ڕۆژئاوا به‌شێكی زۆریان په‌یوه‌ندییان
به چاوه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ڕۆژئاوا ڕۆژانه سه‌دان و هه‌زار وێنه به‌رهه‌م
بهێنێت ئه‌وا له‌به‌رئه‌وه‌یه كه شارستانێتییه‌كه په‌یوه‌سته به چاوه‌وه. لێره‌وه‌یه
كه ئایین و ئایدیۆلۆژیاكانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌میشه ترسناكتر و داخراوتر و تاكڕه‌وترن
له ئایین و ئایدیۆلۆژیا ڕۆژئاواییه‌كان. هه‌ڵبه‌ت شارستانێتی ڕۆئاوایش له‌مڕوه‌وه
بێ‌گرفت نییه و دونیای سه‌رمایه‌داریی و لیبرالی ئه‌م كولتووره مێژووییه‌یان
كردۆته میكانیزمی بره‌ودان به كۆمه‌ڵگای مه‌سره‌فی و وێنه‌یی، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ر
له‌نێو ئه‌م فره‌یی و وێنه‌گه‌راییه‌وه به‌دوای هێڵه‌كانی سیاسه‌تی ڕادیكاڵ و
ڕزگارییدا بگه‌ڕێین، نه‌ك میراتی عیرفانی و دیینی و تاكڕه‌وی ڕۆژهه‌ڵاتی بكرێته
ئه‌ڵته‌رنایڤی ئه‌م شارستانێتییه.
دوو: چاو
وه‌زیفه‌ی بینینه، گوێ وه‌زیفه‌ی بیستنه. ئایا ده‌كرێت چاو ببیستێت و گوێیش
ببینێت؟ له سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنه و پارچه پارچه‌یی و په‌رش و بڵاویدا وه‌زیفه‌كانی
چاو و گوێ و ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ی جه‌سته وه‌ك خۆیان نامێننه‌وه، به‌ڵكو زۆرجار
وه‌زیفه‌كانیان ده‌گۆڕنه‌وه و ڕۆڵی یه‌كتر ده‌گێڕن. بۆ نموونه چاو ده‌توانێت
ببیستێت و گوێ ده‌توانێت ببینێت و ده‌م ده‌توانێ وه‌زیفه‌ی زه‌كه‌ر ببینێت و لوت
ده‌توانێ له‌مس بكات و بگره هه‌ر یه‌كێك له‌م ئه‌ندامانه ده‌توانن زیاد له دوو
وه‌زیفه‌یشیان هه‌بێت.
له شه‌ریعه‌تی
ئیسلامی‌دا شتێك هه‌یه پێی ده‌ڵێن: «زینای چاو». هه‌روه‌ها «زینای لووت»ـیش
هه‌یه، چونكه ئه‌م ئایینه تا ڕاده‌یه‌كی ترسناك دژه عه‌تر و بۆنه، به‌تایبه‌ت
بۆ ژنان، بۆیه به پێی شه‌ریعه‌تی ئه‌م ئایینه هه‌ر ژنێك بۆنی خۆش له‌خۆی بدات و
له‌ماڵ بچێته ده‌ره‌وه «ئه‌وه زیناكاره، زیناكاره، زیناكاره»، واته ته‌نیا
زیناكارێكی ئاسایی نییه، به‌ڵكو سێ ئه‌وه‌نده‌ی زیناكارێكی ئاسایی زیناكاره.
زینای چاو واتای ئه‌وه‌یه نه‌زه‌ر بكه‌یت. نه‌زه‌ر ئه‌و چه‌مكه دینییه‌یه كه
وه‌ك گوناهێكی گه‌وره له قه‌ڵه‌م ده‌درێت ئه‌و كاته‌ی كه كه‌سێك ته‌ماشای جه‌سته
داپۆشراو یان ڕووتی كه‌سێكیتر بكات، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پیاو ته‌ماشای جه‌سته‌ی ژن
بكات و بگره ته‌ماشاكردنی پاژنه‌ی پێی ژنانیش به جۆرێك له نه‌زه‌ر حساب ده‌كرێت.
كه‌واته ده‌كرێت "چاو" زینا بكات، له‌گه‌ڵ "پاژنه‌ی پێ"ـدا.
لێره‌دا چاو ڕۆڵی چووك [زه‌كه‌ر] ده‌گێڕێت و پرچ یان پاژنه‌ی پێ یان هه‌ر به‌شێكی
جه‌سته‌ی ژنیش ده‌كرێت ببن به ئه‌ندامی زاوزێی ژن. به‌م پێیه بێت مه‌رج نییه سێكس هه‌ر له‌نێو ئه‌و ئه‌ندامانه‌دا
بێت كه ئۆرگانی سه‌ره‌كی كاره‌كه‌ن، به‌ڵكو جاری وا هه‌یه ئۆرگانه سه‌ره‌كییه‌كان
ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان نییه، چونكه هه‌ر به‌شێك له جه‌سته [به تایبه‌ت جه‌سته‌ی ژن]
ئه‌وه‌نده ترسناك و شه‌یتانییه كه ده‌توانێت ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێت. كه‌واته
ده‌شێت سێكس شوێنی خۆی بگۆڕێت، ڕه‌نگه بۆ كه‌سێك ده‌ست له مه‌مك سێكسیتر بێت، گه‌ردن
له سمت سه‌رنجڕاكێشتر بێت، بۆنی قژ له تامی لێو زیاتر مه‌ستت بكات. به‌پێی زه‌ینی
شه‌ریعه‌تخوازی ئیسلامی كه‌واته وا باشتره هیچ شوێنێكی ژن دیار نه‌بێت، ته‌نانه‌ت
ده‌ست و پاژنه‌ی پێ و چاویش. لێره‌دا جه‌سته له‌چی ده‌شاردێته‌وه؟ له چاو ده‌شاردرێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌زه‌ر نه‌كات. ئه‌مه‌یش مانای ئه‌وه‌یه كه چاو ده‌توانێت به ته‌واوه‌تی
سێكس بكات: "زینای چاو". به‌م پێیه بێت چاو ڕۆڵی چووك [زه‌كه‌ری پیاو]
ده‌بینێت، به هه‌مان لۆژیك ده‌شێت ده‌نگی ژنیش ڕۆڵی ئه‌ندامی زاوزێ یان مه‌مك
بگێڕێت. به‌پێی ئه‌م تێڕوانینه جه‌سته
خاوه‌نی یه‌كێتییه‌ك و هه‌یكه‌لێكی جێگیر نییه، به‌ڵكو له هه‌ر له‌حزه‌یه‌كی نه‌زه‌ردا
جه‌سته لێك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ئه‌ندامێك ده‌بێت به ئه‌ندامێكیتر. له حاڵه‌تی
زینای لووتیشدا هه‌مان دۆخ له ئارادایه. هه‌ركاتێك ژنێك بۆن بدات له خۆی، یان
پیاوێك بۆن به قژییه‌وه بكات، ئه‌وا زیناكاره، ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌یه لوت وه‌زیفه‌ی
زه‌كه‌ر ده‌بینێت و بۆن یان قژ وه‌زیفه‌ی ئه‌ندامی زاوزێ.
سێ: با له دونیای مه‌جازییه‌وه نموونه‌ی دیكه بهێنینه‌وه،
كه له‌گه‌ڵ نموونه ئاینییه‌دا جیاواییه‌كی زۆریان نییه. ئایا فۆن سێكس [سێكسكردن له‌ڕێگه‌ی قسه‌وه] جۆرێك نییه
له زینای گوێ؟ بۆ نا، ده‌شێت وا بێت، ئه‌مه له كاتێكدا جه‌سته حزورێكی به‌رجه‌سته‌یشی
نییه. ئه‌م جۆره موماره‌سه
سێكسییه ئه‌وه‌یه كه له ڕێگه‌ی قسه و ده‌نگه‌وه كچ و كوڕێك سێكس بكه‌ن،
باسوخواسیان سێكس و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته و دۆخه‌كانی جوڵان و ڕاكشان و کردەى
خەیاڵى بێت. به چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك یان سه‌عاتێك باسكردن كچ و كوڕه‌كه ده‌گه‌نه
ئۆرگازم بێ ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وتنێكی ڕاسته‌وخۆی جه‌سته‌یی بوونی هه‌بێت. واته لێره‌دا سێكس ده‌كرێت بێ ئه‌وه‌ی پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی
به ئاماده‌یی كرده‌یی جه‌سته‌یش هه‌بێت، به مانایه‌كیتر سێكس له غیابی جه‌سته‌دا.
به‌ڵام ئه‌م غیابه غیاب نییه به واتای ته‌واوه‌تی وشه‌كه، به‌ڵكو جه‌سته [وه‌ك
ئه‌ندامی سێكسكردن] ڕۆڵی خۆی به شتی دیكه سپاردووه. كاره‌كه
په‌یوه‌سته به ده‌نگ و وشه‌وه، واته چۆن ده‌نگ و وشه بتوانن ببن به له‌مس و
جێگای هه‌ستی به‌ركه‌وتن و ده‌ستلێدان بگرنه‌وه. ده‌نگی ناسكی كچ و وشه گه‌رمه‌كانی
كوڕ، ئاهـ و ئۆفه‌كانی كچ و هه‌ناسه و قسه سێكسییه‌كانی كوڕ، فانتازی كچ و ئه‌و
وێنانه‌ی كه به‌لاغه‌تی كوڕه‌كه دروستیان ده‌كات. به یه‌ك قسه سێكس له ڕێگه‌ی
ده‌نگ و زمان و فانتازیاوه ده‌كرێت. به‌م جۆره ئه‌ندامه سه‌ره‌كییه‌كانی سێكس
و جه‌سته و جوڵه ڕۆڵێكی سه‌نته‌رییان نییه و ئه‌وپه‌ڕی ڕۆڵێكی لاوه‌كی ده‌گێڕن.
هه‌مان دۆخ له
سێكسی به‌ر شاشه‌یشدا هه‌یه. له سێكسی به‌ر شاشه‌دا ئه‌وه‌ی سێكس ده‌كات چاوه،
كچ و كوڕ له به‌رده‌می كامێرادا خۆیان ڕووت ده‌كه‌نه‌وه و، لە غیابى لەمسى
ئەویتردا خۆیان لەمسى خۆیان دەکەن و ده‌گه‌نه ئۆرگازم، لێره‌دا ده‌ستیان ڕۆڵی ده‌ستی
ئه‌ویتر ده‌گێڕێت، یان ڕۆڵی ئه‌ندامی زاوزێی ئه‌ویتر ده‌گێڕێت. خاڵێك كه لێره‌دا
جێگای سه‌رنجه بوونی چاوێكیتره له‌نێوانیاندا ئه‌ویش چاوی كامێراكه‌یه و نه‌ك ته‌نیا وه‌ك نێوانگرێك بوونی هه‌یه، به‌ڵكو وه‌ك درێژكراوه‌ی چاوی
سوبێكته‌كان له ده‌ره‌وه و به ئامێربوونی ئه‌م چاوه و دووقاتبوونەوەى بینین
بوونی هه‌یه. ئه‌وه‌ی ته‌ماشای جه‌سته‌ی ڕووتی كچه‌كه ده‌كات دوو چاوه، چاوی
كوڕه‌كه و چاوی كامێرا. چاوی كامێرا دیمه‌نه‌كان بۆ چاوی سوبێكته‌كان ده‌گوازێته‌وه،
به مانایه‌كیتر چۆن له‌م سێسكه‌دا ده‌ست له جه‌سته جیا ده‌بێته‌وه و ئه‌بێته
ده‌ستی ئه‌ویتر، چاویش له ده‌ره‌وه ماتریالیی ده‌بێته‌وه و ده‌بێته چاوی كامێرا.
چاو به‌شێك له وه‌زیفه‌ی بینینه‌كه‌ی ده‌سپێرێت به كامێراكه، كامێرا له‌جیاتی من
له ژووری كچه‌كه‌دا ده‌بینێت. بەڵام وێڕاى دیوە پپۆزەتیڤ و فرەییەکەى چاو، لەم
دووقاتبوونەوە تەکنیکییەکەى بینین‌دا ئەوەى دەبێتە قوربانى "نیگا"یە.
نیگا سیحر و ڕاستگۆیى و جەزابیەتێکى هەیە کە نیگاى کامێرا و بەکامێرابوو ناتوانێت
پێمانى ببەخشێت. سەردەمى ئێستامان سەردەمى "بینین" نییە، بەڵکو سەردەمى
"بینینى تەکنیکى"ـیە، لە وەها جیهانێکدا سەردەمى "نیگا"
کۆتایى هاتووە.
دواجار ڕه‌نگه
ڕه‌وا بێت ئه‌م پرسیاره‌یش بكه‌ین، ئایا له سه‌رده‌می پۆست مۆدێرنه‌دا، لەنێو ئەم
تەکنیکە هەمەجۆرانەى بینین و بیستندا، وه‌ختی ئه‌وه نییه به تیۆری مه‌عریفه‌دا
بچینه‌وه؟ پێده‌چێ وا پێویست بێت دیسانیش عەقڵانییەکان و ئەزموونگەراکان،
ئایدیالیسته‌كان و ماتریاڵیستەکانیش پێداچوونه‌وه به به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كانی
خۆیاندا بكه‌ن و، بە لەبەرچاوگرتنى تەکنیکەکانى ئەمڕۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ بۆ ڕۆڵ
و وه‌زیفه‌ی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته و هه‌سته‌وه‌ره‌كانمان بكه‌ن.
ئەم وتارە فراگمێنتێکە لە وتارێکى درێژ کە لە کتێبى
"دیالەکتێک" کتێبى دووەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا، بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment