هاوار محەمەد
ئه‌سڵ [ئۆرگین] ده‌یه‌وێت وه‌ك ناركسیسۆس له هه‌رچی
بڕوانێت هه‌ر خۆی تێدا ببینێته‌وه. هه‌رچی لێیه‌وه ده‌ربچێت ده‌یه‌وێت درێژكراوه‌ی
خۆی بێت. هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه كه له‌نێو خۆیدا گیرۆده‌یه و غه‌مگینه. ئه‌سڵ
خۆیشی به‌دوای ڕزگاریی له خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام نایه‌وێت دانی پێدا بنێت. كه‌واته
به شاره‌وه‌یی مه‌یلی ده‌رچوونی هه‌یه و كه‌لێنی خۆ-هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی تێدایه،
بۆ ئه‌وه‌ی له ته‌نیاییدا نه‌مرێت. هه‌ر كۆپییه‌ك فوویه‌كی ژیان ده‌كاته‌وه به
به‌ر ئه‌سڵدا، هاوكات قه‌رزێكیش ده‌خاته ئه‌ستۆی. ئه‌وه‌ی كۆپییه‌ك به قه‌رز ده‌دیدات
به ئه‌سڵ به زیاده‌وه لێی وه‌رده‌گرێته‌وه. كه‌واته كۆپی به‌رهه‌مهێنانه‌وه
و درێژكراوه‌ی ئه‌سڵ نییه، به‌ڵكو "ئه‌ویتر"ه، بوونێك كه ئه‌سڵ ده‌ستی
به‌سه‌ریدا ناشكێت، شتێك كه به‌رده‌وام خیانه‌ت له ئه‌سڵ ده‌كات. كۆپییه‌كان ته‌نیا
بوونێكی كه‌م و كورت و نوقسانی ئه‌سڵ نین، به‌ڵكو ده‌رخه‌ری نوقسانییه‌كن كه له‌نێو
ئه‌سڵ خۆیشیدا بوونی هه‌یه. به‌و مانایه‌ی ئه‌سڵ له‌وه بێتواناتره به پێرفێكتی
خۆی به‌رهه‌م بهێنێته‌وه. هه‌مان دۆخی "یه‌ك" كه هاومانای ئه‌سڵه و
بگره هه‌مان "ئه‌سڵ"ـه.
ئه‌سڵ ئه‌وه‌نده‌یش پته‌و و تۆكمه نییه كه وا خۆی ده‌رده‌خات،
ناوكێكی خۆڕاگری نییه، به‌ڵكو بوونێكی قه‌له‌قی هه‌یه و ئاسووده نییه. ئه‌سڵ سێ دۆخی هه‌یه كه ده‌توانین له ڕێگه‌ی"یه‌ك"ـه‌وه
ڕوونی بكه‌ینه‌وه: جارێك وه‌ك بنه‌ڕه‌ت، جارێك وه‌ك داتاشراو، جارێكیش وه‌ك غیاب
یان وه‌ك جیاوازی. له حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا كه یه‌ك بنه‌ڕه‌ته، له‌به‌رده‌م دابه‌شبوون
و خیانه‌تدایه، له حاڵه‌تی دووه‌مدا كه یه‌ك داتاشراوه و وه‌رگیراوه له وه‌رگرتنی
دوو ڕه‌گه‌زه‌وه، له به‌رده‌م هه‌ڵوه‌شانه‌وه و كه‌رتبووندایه، له حاڵه‌تی
سێیه‌مدا كه غایبه له‌به‌رده‌م سه‌رلێشوان و خۆنه‌ناسیندایه.
گریمانه‌ی یه‌كه‌م: یه‌ك ده‌یه‌وێت له‌نێو دووپاتبوونه‌وه‌دا خۆی به‌رهه‌م
بهێنێته‌وه، وه‌ك بڵیی سێ له سێ دانه "یه‌ك" پێكهاتووه، ژماره‌كانیتر
ته‌نها دووپاتبوونه‌وه‌ی یه‌كن و هیچی تر، ئه‌وه‌ی له‌دوای یه‌ك دێت كۆپییه‌كانن،
یه‌ك خۆی له نوسخه‌كاندا دووپات ده‌كاته‌وه. بۆ نموونه له په‌یوه‌ندی باوك و
منداڵدا درێژبوونه‌وه‌ی "یه‌ك" ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام "یه‌ك"
ئه‌م توانایه‌ی نییه. ئه‌گه‌ر "یه‌ك" ئه‌سڵیش بێت ئه‌وا ناتوانێت هه‌رگیز
وه‌ك خۆی خۆی به‌رهه‌م بهێنێته‌وه، چونكه نوسخه به‌رده‌وام خیانه‌ت له ئه‌سڵه‌كه‌ی
خۆی ده‌كات، شتێك به زیاد و كه‌مه‌وه دێنێت، ده‌ستكاریی وێنه‌ی یه‌ك ده‌كات و ده‌یشێوێنێت:
كوڕ، ئه‌گه‌رچی به‌رهه‌می باوكه، به‌ڵام ته‌نها كۆپی و دووباره‌بوونه‌وه‌ی باوك
نییه، به‌ڵكو كوڕ له دیوێكه‌وه خیانه‌تی باوكه له شوناسی یه‌كپارچه‌ی
خۆی، له دیوێكی دیكه‌یشه‌وه كوڕ ئه‌و كاته كوڕه كه خیانه‌ت له باوكی بكات،
وه‌ك چۆن وێنه خیانه‌ت له ناوه‌ڕۆكی خۆی ده‌كات. كه‌واته یه‌ك له‌نێو خۆیدا
درزداره و له‌دابه‌شووندایه. باوك بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ببینێت و بسه‌لمێنێت كوڕ به‌رهه‌م
ده‌هێنێت، به‌ڵام كوڕ له‌وه سركتره كه ته‌نیا باوكایه‌تی باوك بسه‌لمێنێت و
كوڕێتی خۆی نه‌سه‌لمێنێت. كوڕ نابێته وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی پاسیڤی باوك، به‌ڵكو ده‌بێته
ئه‌ویترێكی نه‌گیراو و عه‌جول. هه‌ر كوڕێك نه‌توانێت باوكی تێپه‌ڕێنێت كوڕ نییه،
به‌ڵكو ته‌نیا وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی باوكه، به‌شێكی دیكه‌ی باوكه له ده‌ره‌وه، گه‌مژه‌ی
نێو بازنه‌یه‌كه، ئه‌مه‌یش یان ئایدیۆلۆژیسته‌كانن یان دینییه‌كانن [سه‌له‌فییه‌كان
به‌رجه‌سته‌كه‌ره زه‌ق و دیاره‌كه‌ی ئه‌م گه‌مژه‌ییه‌ن].
گریمانه دووه‌م: جاری وا هه‌یه "یه‌ك" پاشكۆ و داتاشراوه.
ڕه‌نگه یه‌كگرتنی دوو "یه‌كه" بێت. "دوو" به‌رهه‌می
دووپاتبوونه‌وه‌ی یه‌ك نییه، به‌ڵكو یه‌ك به‌رهه‌می یه‌كگرتنی دووه. دوو سوبێكت
ده‌كرێت یه‌ك سوبێكتی هاوبه‌ش پێكبهێنن. بۆ نموونه عه‌شق له نه‌ریتی ئێمه‌دا ئه‌و
كاته ڕاسته‌قینه‌یه كه عه‌شقێكی عیرفانی بێت، به‌و مانایه‌ی عه‌شق یه‌كێتی دوو
ڕه‌گه‌زه، سڕینه‌وه‌ی سنوور و مه‌ودای نێوان دوو جه‌مسه‌ره تاوه‌كو له یه‌ك یه‌كه‌دا
بتوێنه‌وه. یه‌ك ئه‌وه‌یه كه له‌م یه‌كگرتن و توانه‌وه‌یه‌وه دروست ده‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌ك ده‌ره‌نجام و داتاشراو بێت، ئه‌وا
دیسان بوونێكی قه‌له‌قی هه‌یه، چونكه هه‌میشه له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری دابه‌شبوون
و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دایه بۆ ڕه‌گه‌زه بنچینه‌ییه‌كانی. یه‌ك كه به‌رهه‌می توانه‌وه
و یه‌كگرتن و یه‌كڕه‌نگبوونی دوو جه‌مسه‌ر یان دوو ڕه‌گه‌زه [به تایبه‌تی دوو ڕه‌گه‌زی
لێكدژ]، ئه‌وا واتای ئه‌وه‌یه یه‌كگرتنێكی ئه‌به‌دیی ڕووینه‌داوه و درز و
كه‌لێنێك ماوه كه ناهێڵێت ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره به ته‌واوه‌تی جووت ببن، هه‌ر هه‌وڵێكیش
بۆ داپۆشینی زۆره‌ملێی ئه‌م درزه فاشیزمه. عه‌شقی دوو ڕه‌گه‌زی مرۆیی [نێر-مێ]،
هه‌رگیز نابێته یه‌ك كوتله كه تاكه ناوكێكی ڕه‌ق له ناوه‌وه‌ی خۆیدا دروست
بكات، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی مه‌ودا و كه‌لێن و هه‌ڵهاتن و دابه‌شبوونه‌وه له نێو
دڵیدا بوونی هه‌یه، كه بوونێكی فشۆڵی پێ ده‌به‌خشێت. ئه‌م كه‌لێنه ته‌نیا
پێویستی به دۆخێكه بۆ ئه‌وه‌ی تێیدا ده‌ربكه‌وێت، بۆ نموونه له حاڵه‌تی
"زه‌واج"ـدا. له ئاستی فۆڕماڵدا "زه‌واج" پێكهێنانی یه‌ك
سوبێكتی هاوبه‌شه، بڕیاری دوو عاشقه بۆ ئارامگرتن وه‌ك "یه‌ك"ـیك، ژیانێكی
هاوبه‌ش له ڕووی ڕۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه. زه‌واج شوناسی هاوبه‌شی دوو سوبێكته
عاشقه‌كه‌یه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، زۆرجار زه‌واج ده‌رفه‌تی ده‌ركه‌وتنی كه‌لێن
و درز و خۆپه‌رستی و ده‌سه‌ڵاته. كێشه ژن و مێرد له زه‌واجدا ته‌نیا به‌هۆی
دۆخی ژیان و "كاسه‌ی به‌تاڵ"ـه‌وه نییه، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه زه‌واج
نییه كه عه‌شق ده‌شێوێنێت، به‌ڵكو زه‌واج ته‌نیا ئاوێنه‌یه بۆ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی
ئه‌وه‌ی كه پێشتریش به شاراوه‌یی بوونی هه‌یه و ڕووپۆشكراوه، یان ده‌رفه‌تی ده‌ركه‌وتن
نییه، واته فشۆڵی و درزی "یه‌ك" خۆی. دیشانیش له ڕووی فۆرماڵه‌وه "ته‌ڵاق"
ده‌رفه‌تی ڕزگاربوونی ئه‌و دوو سوبێكته‌یه كه سوبێكته هاوبه‌شه‌كه‌یان تووشی هه‌ڵوه‌شانه‌وه
بووه و دابه‌شبۆته‌وه بۆ دوو سوبێكت. "ته‌ڵاق" به‌شێكی نامۆ نییه له
زه‌واج، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئاماده‌یی هه‌یه. زه‌واج یه‌كێتییه‌كی
ئه‌به‌دیی نییه، به‌ڵكو له هه‌ر چركه‌ساتێكدا ده‌شێت كه‌رته‌كانی له‌یه‌ك
جیاببنه‌وه و جه‌مسه‌ره‌كان له یه‌ك دوور بكه‌ونه‌وه. زۆرجار ڕێگرییه كۆمه‌ڵایه‌تی
و نه‌ریتی و مادییه‌كان ده‌رفه‌تی ڕزگاریی سوبێكته‌كان له یه‌كتری به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه.
"ماره‌یی" زۆر و دانانی هێڵی به‌رگرتن له پاشگه‌زبوونه‌وه ترسه له
هه‌ڵوه‌شانه‌وه و جیابوونه‌وه، كه‌واته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ترس له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی
یه‌ك ئاماده‌یی هه‌یه مه‌رجیش نییه ته‌ڵاق هه‌میشه هه‌مان فۆرماڵێتی هه‌بێت.
زۆرجار ته‌ڵاق له‌نێو زه‌واجیشدا ڕووده‌دات، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه ڕێگرییه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان یان بوونی منداڵ ڕێگره له‌وه‌ی جیابوونه‌وه دیوه فۆرماڵه‌كه‌ی
وه‌ربگرێت. كه‌واته جاری وا هه‌یه یه‌ك له‌نێو خۆیدا هه‌ڵوه‌شاته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی
بیه‌وێت دان به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خۆیدا بنێت.
گریمانه‌ی سێیه‌م: زۆرجار ئه‌سڵ بزره، وه‌ك ناوكێك سه‌رده‌مێكی درێژه هه‌ڵوه‌شاته‌وه
و گه‌رده‌كانی به هه‌وادا بڵاوبوونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی جێی هێشتووه شوێنه‌وار و
چاڵی ونبوونه‌كه‌یه‌تی كه ده‌شێت له لایه‌ن گه‌رده‌كانییه‌وه بۆ ئه‌به‌د پڕنه‌كرێته‌وه
و هه‌رگیز به‌شه‌كانی كۆنه‌بنه‌وه. هه‌ر كۆپییه‌ك ئاماژه به ئه‌سڵه‌كه‌ی ناداته‌وه
به‌ڵكو بوونێكی سه‌ربه‌خۆی وه‌رگرتووه به ئاراسته‌ی جیاوازدا ده‌ڕوات. هاوشێوه‌یی
كۆپییه‌كان نیشانه‌ی ئه‌وه نییه كه ئه‌سڵێكی هاوبه‌شیشیان هه‌یه، هه‌مان كات
نیشانه‌ی ئه‌وه‌یش نییه كه ده‌توانن یه‌كێتییه‌ك دروست بكه‌ن و وه‌ك ئه‌سڵ
پیشانی بده‌نه‌وه، به‌ڵكو جیاوازییه‌ك له‌نێو ئه‌م هاوشێوه‌ییه‌دا بوونی هه‌یه
كه سڕینه‌وه‌ی مه‌حاڵه.
"دووانه"كان [جمكه‌كان] به پێی ته‌فسیری زانست یه‌ك یه‌كه‌ن و دابه‌شبوون.
ئه‌م دوو یه‌كه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا و له دۆخه بایۆلۆژییه ئاساییه‌كه‌دا یه‌ك
هێلكه‌بوون و دابه‌شبوونێك ڕوویداوه كه كردوونی به دوو. ته‌فسیری زانست كورت ده‌هێنێت،
چونكه سوبێكته‌كان خۆیان ئه‌زموونی ئه‌م پرۆسه‌یان نه‌كردووه، ئه‌وان هیچ شتێك
ده‌رباره‌ی ئه‌سڵی خۆیان نازانن. پرسیاره‌كه‌یش ئه‌مه‌یه: دووانه‌كان كامیان ئه‌سڵی
كامیانن؟ وه‌ڵامی زانست ئه‌وه‌یه هه‌ردووكیان ئه‌سڵن. كه‌واته ئه‌سڵی ئه‌سڵ فره‌ییه،
ئه‌مه‌یش له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه زانستییه‌كه‌دا لێكدژه. كه‌واته وه‌ڵامه بایۆلۆژییه‌كه
وه‌لاده‌نێین.
دووانه‌كان حاڵه‌تێكی ناوازه ده‌نوێننه‌وه. له دووانه‌دا
هیچ یه‌كێكیان ئه‌سڵی ئه‌ویدیكه‌یان نییه و هیچیشیان كۆپی نین، كه‌واته
ململانێكه له‌نێوان ئه‌سڵ و كۆپیدا نییه، به‌ڵكو له‌نێوان دوو ئه‌سڵدایه كه هه‌ست
به ئه‌سڵبوون ناكه‌ن یان له‌نێوان دوو كۆپیدایه كه ئه‌سڵه‌كه‌یان ونه. ئه‌وه‌ی
دووانه‌كه‌ی خۆی ده‌بینێت له ڕاستیدا وه‌ك "ئه‌ویتری" خۆی نایبینێت و
خۆیشی وه‌ك درێژكراوه‌ی ئه‌و نابینێت، به‌ڵكو وه‌ك دابه‌شبوونی خۆی ده‌یبینێت،
واته هه‌ست به كه‌رتبوون و دووله‌تیی ده‌كات. پارادۆكسی "دووانه"
ئه‌وه نییه دوو سوبێكتی هاوشێوه خۆیان وه‌ك یه‌ك سوبێكت ده‌بینن، به‌ڵكو به
پێچه‌وانه‌وه یه‌ك سوبێكت خۆی وه‌ك دووان ده‌بینێت كه ئه‌سڵه‌كه‌یان دیارنییه و
نایشتوانن ببنه‌وه به یه‌ك، واته نه‌ده‌توانن بچنه‌وه سه‌ر ڕیشه‌ی یه‌كێتی
خۆیان و نه‌ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی هاوشێوه‌ییه‌كه‌یانه‌وه یه‌كێتییه‌كی پڕ دروست بكه‌ن.
به‌م جۆره له دۆخی دووانه‌كاندا یه‌ك له دۆخێكی شاراوه‌دا ون بووه، دوویش شڵه‌ژاو
و شپرزه‌یه و یه‌كگرتنیش ڕووناداته‌وه، ئه‌گه‌رچی دوو هه‌موو هه‌وڵێك بۆ به‌یه‌كبوونه‌وه
ده‌دات. به‌هۆی غیابی ئه‌سڵه‌وه، دووانه ده‌یانه‌وێت خۆیان ئه‌سڵ دروست بكه‌ن،
بۆ ئه‌مه كه‌رته‌كان یه‌كتری دووپاتده‌كه‌نه‌وه، له ڕه‌فتاره‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌دا
مه‌ودا و جیاوازییه‌كانیان ده‌سڕنه‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌كێتی دروست بكه‌ن، وه‌ك
یه‌ك جل ده‌پۆشن، وه‌ك یه‌ك قسه ده‌كه‌ن، حه‌زیان له هه‌مان خواردنه، لای یه‌كتری
ده‌خه‌ون و هه‌میشه‌یش پێكه‌وه‌ن، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن خه‌ره‌نده‌كه‌ی نێوانیان
به ته‌واوه‌تی پڕ بكه‌نه‌وه. "دووانه" ئاوێنه نییه، به‌ڵكو هه‌ر له
سه‌ره‌تاوه ئاوێنه‌یه‌كی دووله‌ته، یان ئاوێنه‌یه‌كی درزدار و شكاوه. كه‌سێك كه
هاوشێوه‌یه‌كی خۆی له ده‌ره‌وه ده‌بینێت، تووشی شێوانی ناو و شوناسیش ده‌بێت. به‌م
جۆره دووانه‌كان هه‌ست به شوناسێكی كۆنكرێتیی خۆیان ناكه‌ن، به‌ڵكو شوناسیان
شلۆق و په‌رش و بڵاو و به‌ش به‌شه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌یش تێپه‌ڕێنن یه‌كتری
تۆخ ده‌كه‌نه‌وه، واته شوناسی خۆیان له په‌رش و بڵاوییه‌كه‌یانه‌وه وه‌رده‌گرن.
ئه‌وه‌ی له دووانه‌دا هه‌یه غیابی ئه‌سڵ و بوونی جیاوازییه، هه‌م دابه‌شبوونه و
هه‌میش دووپاتبوونه‌وه.
ئەم
وتارە فراگمێنتێکە لە وتارێکى درێژ کە لە کتێبى "دیالەکتێک" کتێبى
دووەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا، بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment