وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د
( 1 )
ماركس به‌شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه و ڕوون گه‌یشته سەر
هێڵێكی دیاله‌كتیكی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگه‌یه‌وه خاسیەتى میتۆده زانستییه‌كه‌ی و
ئه‌و بابه‌ته‌یش دیاریی بكات كه بایه‌خی پێداوه، ئه‌ویش مێژووناسی و دیاله‌كتیكی
دروستبوونی پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه. ئه‌م ئینتیمایه بۆ دیاله‌كتیك یه‌ك
مانای نییه: خۆ ئه‌گه‌ر ماركس به شێوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی پشت به دیاله‌كتیكی هیگڵ
ده‌به‌ستێت و به‌رده‌وامیی پێده‌دات و تێیده‌په‌ڕێنێت، ئه‌وا ئه‌م دیالهكتیكهیش
لای خۆیه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات كه هه‌م ڕه‌خنه بێت له‌و نه‌ریته دیاله‌كتیكییه
جۆراوجۆره‌ی كه پێشووتر هه‌بوو و هه‌میش تێكه‌ڵ و تێههڵكێشیان ببێت. ناكرێت ئه‌و
حوكمه پێشوه‌خته‌یه بدرێت كه كێشه‌ی تایبه‌تمه‌ندی دیاله‌كتیك به واتا
ماركسییه‌كه‌ی، بهردهوامیدانێكی ڕواڵهتییانهیه به‌و میراته مێژووییه‌ی كه
هه‌مان ناوی هه‌ڵگرتووه. هه‌روه‌ها كێشه‌كه ئاڵۆزتریشه به‌و پێیه‌ی دیاله‌كتیكی
ماتریالی له تیۆری ماركسیدا، له ڕووی پێناسه و وه‌زیفه و فۆڕمه‌وه، مه‌سه‌له‌یه‌كی
كراوه‌یه. هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ دیاریكردنی دیاله‌كتیكی ماركس وه‌ك زانستێكی تاكواتا،
دژایه‌تی خۆی ده‌كات و له‌گه‌ڵ خۆیدا لێكدژه، چونكه ڕێی له‌خۆی گرتووه كه
ببێته زانست به واتا ته‌قلیدی و فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی وشه‌كه. دیاله‌كتیك، وه‌ك ڕه‌خنه
و میتۆد، گومانی له دروستبوونه تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی كردووه وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی
دیاله‌كتیكی-زانستی، به بێ ئه‌وه‌ی خۆی له پێچ و سه‌ختی به زانستبوون لادابێت.
پێده‌چێت ئه‌م خاسییه‌ته "ڕواڵه‌تییه" له‌نێو
"ماركسیزم" خۆیدا هه‌مان تایبه‌تمه‌ندیی ناوازه‌ی مێژووی نایهكانگیر و
لێكدژی سه‌رجه‌م فۆڕمه‌كانی فیكری دیاله‌كتیكی دووباره كردبێته‌وه. به‌م جۆره‌بوو
دیاله‌كتیك، هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه لای گریگهكان و لای ئه‌فڵاتوون،
له‌گه‌ڵ زانستی كامڵدا ته‌ماهی كرد، واته ئایدیاڵناسی و په‌یوه‌ندییه ناوه‌كییه‌كه‌ی
و په‌یڕه‌وكردن له ئایدیای چاكه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه دیاله‌كتیك لای ئه‌رستۆ،
كه ڕه‌خنه‌ی له تیۆری ئایدیاكان گرت، بریتییه له میتۆدێك بۆ دامه‌زراندنی
ڕێساكانی بۆچوونی گشتی. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش ده‌لاله‌تی خۆی هه‌یه كه فه‌لسه‌فه‌ی
ئایدیالیزمی ئه‌ڵمانی، له ترۆپكی باڵاده‌ستیی بۆرژوازیدا، كێشه‌ی دیاله‌كتیك ده‌هێنێته‌وه
به‌ر باس. به‌م جۆره كانت، میراتگری دووربه‌دووری ئه‌رستۆ له‌م بواره‌دا، دیاله‌كتیك
ده‌كاته تیۆری ڕه‌خنه‌یی ڕه‌خنه‌گرتن له وه‌همه حهتمییهكانی عه‌قڵی
میتافیزیكی و، بانگه‌شه‌ی میتافیزیك بۆ زانین و دهركبردن به بابه‌ته سه‌روو ئه‌زموونییه‌كان
(من، جیهان، خودا). دیاله‌كتیك له‌گه‌ڵ "هیگڵ"ی میراتگری كانتی فه‌یله‌سووفی
مێژوو، ئه‌دگاره كلاسیكییه‌كه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت، به‌وه‌یش بووه زانستی تیۆری و
پراكتیكی و، بووه ناوی ڕاسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فه، هه‌مان شت كه پێشتریش لای ئه‌فلاتوون
ڕوویدابوو.
دیاله‌كتیكی هیگڵی، به ڕێگایه‌كی نوێی بیركردنه‌وه
داده‌نرێت له‌و شته‌ی كه ڕاسته‌قینه‌یه وه‌ك ڕه‌وتێكی ئیمانێنتی بۆ
دروستبوونی سیسته‌می دیاریكردنه لۆژیكییه‌كان و گشتێتی و تێپه‌ڕاندنی لێكدژییه
كانتییهكه له‌نێوان شت له خۆیدا [نۆمینا] و دیارده [فینۆمینا]، دانیشی ناوه
به ڕێژه‌ییبوونی مه‌عریفه و ئۆبێكتگهرییه ڕههاكهیدا، به‌وه‌یش بووه دیالهكتیكێكی
لۆژیكی. بونیاده لۆژیكییهكه په‌یكه‌ربه‌ندیی ڕه‌وتێكی لێكدژه بۆ ڕیالیزه‌بوونی
سوبێكتی موتڵه‌ق له سروشت و مێژوودا، كه به تاكه واقیعی عه‌ینی [ده‌ره‌كی و
ماتریالی] داده‌نرێن. دیاله‌كتیكی "ماركس"یش له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی
دیاله‌كتیكی هیگڵ و ڕوانینی بۆ مێژوو و بونیادنانی جیهانی مۆدێرن (ماف، كۆمه‌ڵگه‌ی
مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌ت)، دروست بووه.
( 2 )
دیاله‌كتیك له ڕوانینی ماركسدا به‌ر له هه‌موو شتێك
دیاله‌كتیكی ماتریالییانهی مێژوو و كاتی ئێستایه، واته شێوازی به‌رهه‌مهێنانی
سه‌رمایه‌داری. هه‌ر به ڕاستیش وابوو، ماركسی گه‌نج له خاڵی دابڕانه لۆژیكییه
سیاسییه‌كه‌یدا هێرشی كرده سه‌ر دیاله‌كتیكی هیگڵ. نه ده‌وڵه‌ت و واقیع عه‌قڵین
و نه عه‌قڵ له ده‌وڵه‌تی واقیعیدا خۆی ده‌نوێنێت. بیرۆكه‌ی لۆژیكی به‌م جۆره وه‌زیفه‌ی
ڕاسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌ت ساخته ده‌كات و ده‌شارێته‌وه، كه له ڕاستیدا نوێنه‌ره‌وه‌ی
ئیراده‌ی گشتی نییه، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی ئه‌و ململانێ به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌یه
كه كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ت ده‌كات. ماركس به دوای «لۆژیكی تایبه‌تی بۆ ئوبێكتی
تایبه‌تی»ـدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌وه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی لۆژیكێكی بنچینه‌یی بۆ لێكدژییه
ماتریالییه‌كان هه‌یه، كه سازان و ته‌بایی ڕووكه‌شانه‌ی سیاسی له‌نێوان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له ده‌وڵه‌تدا و به‌هۆی ده‌وڵه‌ته‌وه، ده‌یشارێته‌وه.
به‌م هۆیه، ماركس ده‌ست ده‌كات به توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی
له ئابووریی سیاسی. له ساڵی 1845 ـه‌وه ئایدیۆلۆژیای ئه‌ڵمانی هێڵه گه‌وره و
گشتییه‌كانی دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی ده‌كێشێت و، له‌وێدا ماركس چه‌مك و
كاتیگۆرییه دیالهكتییكه هیگڵییه‌كان وه‌رده‌گرێت (پرۆسه، لێكدژی، نه‌فی، فۆڕم
و ناوهڕۆك، چییه‌تی و ڕواڵه‌ت، سیسته‌می لۆژیكی و سیسته‌می مێژوویی). به‌ڵام ئه‌م
[چه‌مكه] خوازراوانه كه له‌نێو كێشه‌یه‌كی نوێ‌دا ده‌توێنه‌وه كه فه‌لسه‌فه‌ی
كۆن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دیالهكتیكییش بووبێت، یان زانستی سیاسی و ئابووریناسی و
كۆمه‌ڵناسیش بووبێت، هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه. بنچینه‌ی ئه‌م شۆڕشه ئه‌و كۆدێتا
ماتریالییه بوو كه هه‌موو پرسه‌كانی سروشت و بوونی مرۆیی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ زه‌مینی
پراكسێسێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه و، بۆ په‌یوه‌ندی مرۆڤ به سروشته‌وه له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا
و به‌هۆی ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه له هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیشه
له‌نێوان مرۆڤه‌كان خۆیاندا: «هه‌موو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له بنه‌ڕه‌تدا پراكسێسه،
هه‌موو ئه‌و لوغز و ڕازانهیشی كه تیۆره‌یان به‌ره‌و سۆفیگه‌ری بردووه، چاره‌سه‌ری
عه‌قڵییانه‌ی خۆیان له‌نێو پراكسێسی مرۆیی و تێگه‌یشتن له‌م پراكسێسهدا، ده‌بیننه‌وه».
دیاله‌كتیكی هزریى هیگڵی، كه [له‌لایه‌ن ماركسه‌وه] ڕهخنهكراوه
چونكه سیسته‌می دیاریكردنی نێوان ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵگێراوه‌ته‌وه،
به به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و فۆڕمێكی جۆریی په‌یوه‌ندی ئایدیۆلۆژیی مرۆڤه‌كان
به واقیعهكهیانهوه داده‌نرێت. ئه‌مه گوزارشێكی ڕوونه بۆ ئاگایی گشتیی چینی
باڵاده‌ست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كه بۆته شتێكی وه‌ك ئایدیا یان ئاگایی گه‌ردوونی.
دیاله‌كتیكی ماتریالی زانستی ڕاسته‌قینه‌یه و گریمانه‌ی پراكسێسی ڕاسته‌قینه‌ی
ماتریالی ڕوون ده‌كاته‌وه، ئینجا بۆ هه‌ر قۆناغێكی زانستی له قۆناغه‌كانی به‌رهه‌مهێنان،
ده‌بێته شتێكی مومكین:
أ-
دیاریكردنی كۆی بونیاده پێكهێنه‌ره‌كانی پێكهاته‌یه‌كی
تایبه‌تی چالاكییه مرۆییه‌كان-هه‌ر له به‌رهه‌مهێنانه‌وه له خۆیدا تاوه‌كو
ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فۆڕمه‌كانی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدیۆلۆژیی- كه
ئه‌ویش ئایدیایه‌كی دروستكراوی كۆمه‌ڵایه‌تییه و ته‌وه‌ره‌كه‌ی چه‌مكه نوێیه‌كانی
وه‌كو شێوازی به‌رهه‌مهێنان و هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه.
ب- توێژینه‌وه له گۆڕانی
"شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان" له شێوازێكهوه بۆ شێوازێكتر، به‌هۆی
دینامیكییه‌تی ناوه‌كیی لێكدژییهكانییهوه. كه‌واته دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی
مێژوویی دیاله‌كتیكی تێڕامێنی فیكر و سروشت یان "ئه‌نسكلۆپیدیا" نییه،
به‌ڵكو دیاله‌كتیكی مێژووه له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستادا، واته شێوازی به‌رهه‌مهێنانی
سه‌رمایه‌داریی و گۆڕان و گواستنه‌وه بۆ سۆشیالیزم، ئه‌مه‌یش «حاڵه‌تێك نییه كه
دابهێنرێت یان ئایدیاڵێك بێت كه ده‌بێت واقیع په‌یڕه‌ویی لێ بكات»، به‌ڵكو «ئه‌و
جوڵه واقیعییهیه كه سنوورێك بۆ دۆخی ئێستا داده‌نێت».
( 3 )
ئه‌م ده‌ستكه‌وته ڕێسا و بنچینه‌یه‌ك داده‌نێت بۆ هه‌ر
شیكارییه‌كی په‌یوه‌ست به شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری. ماركس، له بنچینه‌ی
ڕه‌خنه‌ی ئابووریی سیاسی و سه‌رمایه‌دا، به ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی «دیاله‌كتیكی كۆمه‌ڵگای
بۆرژوازی» میتۆدێكی دیاله‌كتیكی مسۆگهركهر داده‌نێت، هه‌مان كات ئه‌م میتۆده
مسۆگه‌ری ڕێكخستنی خه‌باتی چینایه‌تی كرێكارییش ده‌كات. یه‌كێتیی دیالهكتیكییش وه‌ك
میتۆد و، دیاله‌كتیكی ئوبێكتگهرایی سه‌رمایه وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی كراوه ده‌مێنێته‌وه.
تایبه‌تمه‌ندی دیاله‌كتیكی لای ماركس وا ده‌خوازێت بنه‌ماگه‌لێكی تیۆری دوور مه‌ودا
به‌كاربهێنرێت. هه‌روه‌ها دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر
توندوتۆڵی به ئایدیایه‌كی نوێوه هه‌یه ده‌رباره‌ی زانست و شۆڕشی فه‌لسه‌فی. په‌یوه‌ندییه‌كی
پته‌ویشی به فۆڕمێكی باڵای بیركردنه‌وه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش شێوازی دیاله‌كتیكیی
داهێنه‌رانه‌یه بۆئه‌وه‌ی ئوبێكتیڤیزمی جوڵه‌ی خودی شته‌كان بنوێنێته‌وه، كه ده‌توانین
هه‌ندێك له ئه‌دگاره‌كانی به‌م جۆره‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
أ-
دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خاته
پێش فۆڕمه‌كانی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێش زانستی په‌یوه‌ست به خودی پراكسێسی
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
ب- دیاله‌كتیكی مێژوویی
"سوبێكتیڤیستی" ته‌نیا فۆڕمێكه له فۆڕمه‌كانی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی
نییه، به‌ڵكو زانستێكه په‌یوه‌سته به پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌خنه له وه‌همه‌كانی
ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێت.
ت- دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی
مێژوویی توێژینه‌وه‌یه له‌و ڕێگایانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی شێوازه جۆرییهكانی
ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م ده‌هێنن. به‌تایبه‌تیش توێژینه‌وه‌یه له‌و شێوازه‌ی
كه له ئێستادا ئاماده‌یی هه‌یه، واته
شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری كه ده‌ركه‌وته‌یه‌كی مێژووییه و، هه‌مان
كات به پرسێس و پێشكه‌وتنێكی به‌رده‌وام داده‌نرێت، كه پڕییه‌تی له توانای كرده‌یی
گۆڕانكاری. دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی مۆرفۆلۆژیای په‌یدابوونی ناكامڵی
شێوازه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
ث- ئه‌م دیاله‌كتیكه له
خۆیدا پرۆسهیشه، به‌و پێیه‌ی زانستێكی په‌یوه‌ست به شێوازه‌كانی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
ج-
ئه‌م یه‌كێتییه له‌نێوان ئوبێكتگهرایی و مێژووگه‌رایی
و ڕێژهگهراییدا وه‌ك داننان به بوونی په‌یوه‌ستییه‌كی ناوه‌كی له‌نێوان
ماتریالیزمی مێژوویی و كایه‌ی پراكسێسی گشتیدا داده‌نرێت، ئه‌مه‌یش به شێوه‌یه‌كی
بونیادنه‌رانه پانتایی دژه هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی پێكده‌هێنێت، كه توانای به‌رده‌وامیدان
به پرۆسه‌ی گۆڕانكاریی هه‌یه و، ده‌بێته مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی پێكهاته و
شێوازێكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی باڵا [و نوێ].
ح-
ئه‌م دیاله‌كتیكه جێگیركردن و پته‌وكردنی ئینتیمای خۆیه‌تی به مێژوو
و پێكهاته‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاریكراوه‌وه و، ئوبێكتگهرایی و مێژووگه‌رایی و
ڕێژه‌گه‌رایی له په‌یوه‌ستییه‌كی نوێ‌دا كۆده‌كاته‌وه كه ئایدیای مه‌عریفه ده‌وروژێنێت.
خ-
ئه‌مه‌یش واتای ئه‌وه‌یه، ته‌ركیزی دیاله‌كتیك له‌سه‌ر
به‌ش و ڕه‌گه‌ز و هێز له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕوخسارێكی پراكتكییانهی هه‌یه،
نه‌ك ڕوخسارێكی تێڕامێنكارانهی زانستی مێژوویی دیاله‌كتیكی، [واته] وه‌ك زانستی
زه‌روره‌ت و توانای واقیعی بۆ گۆڕانكاریی شۆڕشگێرانه‌ی كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، له
ڕێگه‌ی چینی كرێكاره‌وه كه خاوه‌نی توانایه‌كی تایبه‌ته بۆ گۆڕان. بۆیه
ئوبێكتگهرایی دیاله‌كتیكی په‌یوه‌سته به تواناكه‌یه‌وه بۆ ته‌ده‌خولكردن له‌و
كایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا كه مه‌عریفه‌ی له‌باره‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
د-
به‌و پێیه‌ی دیاله‌كتیك وا له پراكسێسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی
ئێستا تێده‌گات كه كایه‌یه‌كه لێكدژییه‌كی بنه‌ڕه‌تی و دوو جه‌مسه‌ر په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كه‌ی
داده‌ڕێژێت، ئه‌وا خۆی ده‌بێته زانست ده‌رباره‌ی ئه‌م لێكدژییانه. بۆیه دیاله‌كتیك
خۆی وه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م لێكدژییانه و لایه‌نگیر له چاره‌سه‌ركردنیاندا
ده‌بینێت، ئه‌مه‌یش به له‌به‌رچاوگرتنی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به‌و دژه هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه
كه توانا پهیكهربهندییهكانی بۆ چاره‌سه‌ركردن ده‌رده‌خات.
ذ-
له‌به‌رئه‌وه‌ی دیاله‌كتیك ده‌رككردنی لێكدژییه‌كانی
شێوه‌ی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه سنوورێكه ئه‌م لێكدژییانه له ئاستی
تیۆردا چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وا ئه‌و زهرورهتهیش "وێنا ده‌كات" كه
پێویسته له‌لایه‌ن دژه هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بخرێته‌گه‌ڕ [واته هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییه
ئۆپۆزسیۆنه‌كه ببێته خاوه‌نی ئه‌م دیاله‌كتیكه]، ئه‌مه‌یش ڕێكخراوێكه كه وه‌ك
پۆتێنشیه‌ل توانای چاره‌سه‌ری لێكدژییهكهی هه‌یه. دیاله‌كتیك پێی وایه ده‌بێته
موڵكێكی ده‌سته‌جه‌معی و، وه‌ك بۆچوونی جه‌ماوه‌ر وێنای صیرورهی خۆی ده‌كات.
ر-
چینی كرێكار وه‌ك هێزێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی
ده‌بێته خاوه‌نی ئه‌م دیاله‌كتیكه، وه‌ك سیسته‌مێكی پێكه‌وه‌به‌ستراو له پێگه‌كاندا
له پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی تێده‌گات و، وه‌ك هێزێكی كارا كه توانای چاره‌سه‌ركردنی
لێكدژییه جیامهندهكانی ئه‌م سیسته‌مه‌ی هه‌یه، له خۆی به ئاگا ده‌بێت. ئینجا
به‌هۆی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یه‌وه خۆی و ده‌وروبه‌ر ده‌گۆرێت و له خۆی تێده‌گات.
ز-
دیاله‌كتیك، به‌هۆی ئه‌م موڵكایهتییه جه‌ماوه‌رییه‌وه،
كه پاكژكردنه‌وه و ڕاستكردنه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیای عهفهوییانهی جه‌ماوه‌رییه و،
به‌هۆی ئه‌م صیروره جیهانییه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ره شوێنكهوتهكانهوه هه‌تا
ئێستا، ده‌توانێت به‌شداریی تایبه‌تی هه‌بێت و ڕووبه‌ڕووی كایه‌ی گۆڕاو ببێته‌وه،
هه‌روه‌ها ده‌توانێت بیر له‌و مه‌سه‌له نوێیانه بكاته‌وه كه ئه‌م به‌شدارییه
ده‌ریان ده‌خات. بۆیه پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته كایه‌ی ئه‌زموونكردن، كه
به لای به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانه‌وه كاریگه‌ریی ئامرازییانه نییه، به‌ڵكو جووتبوون
و سازگارییه له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی صیروره "جیهانییه‌كه"یان و به‌ده‌ستهێنانی
سهربهخۆییهكهیان، وه‌ك هێزێكی ململانێكار كه ده‌بێت شێوازی نوێی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی
درێژه پێبدات، ئه‌مه‌یش به ئاگاییه‌كی ته‌واو و به
نواندنه‌وه‌ی پرۆسه تایبه‌تییه‌كه‌ی به‌ره‌و دروستبوون و ڕزگاریی.
س-
ئینتیمای پێگه‌یی [چینایه‌تی] و مێژوویی و
ئوبێكتی تێهه‌ڵكێش به‌یه‌ك ده‌بن، هه‌روه‌ها تێكه‌ڵبوون له‌نێوان ئوبێكتیڤیزم و هه‌ڵوێستی لایه‌نگیرانه و زانستی و ده‌ستپێشخه‌ریی
چالاكانه بۆ گۆڕان ڕووده‌دات، وه‌ك چۆن تایبه‌تی و گشتی تێكه‌ڵ به‌یه‌ك ده‌بن. ئه‌مه‌یش
له‌به‌رئه‌وه‌ی دیاله‌كتیك زانستێكه تایبه‌ت به‌و به‌شه‌ی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تییه
كه توانایه‌كی بونیادییانه‌ی بۆ گۆڕانی ئه‌م پراكسێسه هه‌یه و مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی
ڕه‌گه‌ز و جۆری گشتی ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆی.
( 4 )
ئه‌نگلز، لینینیش له‌سه‌ر ڕێچكه‌ی ئه‌و، به‌گشتی
مه‌سه‌له‌ی دیاله‌كتیك به پشتبه‌ستن به زانینی جوڵه‌ی زانسته‌كان و به‌رفراوانكردنی
بزووتنه‌وه‌ی ماركسیستیی كرێكاریی، ده‌خه‌نه‌ڕوو. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پرسی "فه‌لسه‌فه"ی
ماركسیزم و "سه‌ربه‌خۆیی"ـه تایبه‌تییه‌كه‌یه‌تی. له به‌رامبه‌ردا
دیاله‌كتیكی كۆمه‌ڵگه‌ی بۆروازیی ڕێگه‌ده‌دات و زه‌مینه‌سازیی ده‌كات بۆ ئاشنابوون
به دیاله‌كتیكی سروشت و پرۆسه‌ی مه‌عریفه‌ی سروشت و كۆمه‌ڵگه.
أ-
زانسته‌كانی سروشت، كه حاڵی حازر له
فراوانبوونێكی بێ پێشینه‌دان، له پراكسێسدا بنه‌مای ماتریالی به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن،
كه ئه‌م بنه‌مایه بۆ هه‌موو زانسته‌كان گونجاوه و، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه
بوونی ماتریالی له بوونی مه‌عریفه له‌پێشتره.
ب- به‌هۆی كه‌شفكردنی
دینامیكای گهرمهوزه و بیۆلۆژیای په‌ره‌سه‌ندنه‌وه هه‌موو زانسته‌كانی سروشت به
كرده‌یی لێك نزیك بوونه‌ته‌وه، پرۆسه و فۆڕمه‌كانی جوڵه هه‌مان تاكه ئوبێكتی
وێنه‌ییان وه‌رگرتووه. به‌م واتایه ئه‌م زانستانه له‌گه‌ڵ دیاله‌كتیكی
ماتریالیزمی مێژوویی‌دا، كه زانستی پرۆسه‌كانی دووباره به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه،
ته‌با و سازگارن.
ت- دیاله‌كتیك
توانیویه‌تی ئه‌م لێكنزیكبوونه‌وه‌یه وێنا بكات، به‌و هۆیه‌ی كه دامه‌زراندنی فه‌زایه‌كی
تیۆریی "كامڵ" و یه‌كگرتوو و كراوه‌یه. به‌هۆی گشتگیركردنی ئه‌م
خاسییهتانهوه دیاله‌كتیك مه‌سه‌له‌كانی گۆڕانی بزووتنه‌وه له شێوازێكهوه بۆ
شێوازێكیتر و گواستنه‌وه له یه‌كێكیانه‌وه بۆ یهكێكیتر، زه‌ق ده‌كاته‌وه.
ئایدیای دیاله‌كتیك بایه‌خ به به‌ره‌وپێشچوون ده‌دات، كه ده‌رفه‌تی پرسیاركردن
ده‌دات و چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ره‌كه‌یشی دیاریی ده‌كات.
ث- ماتریالیزمی
مێژوویی به‌هۆی ئه‌و دیاله‌كتیكه‌وه كه له زانسته سروشتییه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت
ئوبێكتیڤیزمی خۆی و دیاله‌كتیكه تایبه‌تییه‌كه‌ی ده‌چه‌سپێنێت، ئه‌مه‌یش توانابه‌خشی
ڕێگایه‌كی نوێی بیركردنه‌وه‌ی تیۆری و سه‌رده‌مێكی نوێی مه‌عریفه‌یه، كه له
دیالهكتیكهكانی شوناسدا بوونی هه‌یه، شوناس وه‌ك خود-ئاگایی و سه‌ربه‌خۆیی.
ج-
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ناتوانین مۆركێكی
دۆگمایی و به دیاله‌كتیك ببه‌خشین و بیكه‌ینه زانستی زانسته‌كان، گه‌ر وابێ
دیسانیش ده‌كه‌وینه‌وه نێو سیسته‌مه فه‌لسه‌فه‌ییه‌كه‌ی پێشتره‌وه. كه‌وایه،
چۆن ده‌توانین بیر له‌م سه‌ربه‌خۆییه تایبه‌ته‌ی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی دیاله‌كتیكی
بكه‌ینه‌وه؟ ده‌كرێت به شێوازی خشته‌یه‌كی كاتی و تیۆری "ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی"ـی
بۆ جیهان، دایبڕێژین. ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه به‌هایه‌كی ئاراسته‌گه‌ری و په‌روه‌رده‌یی
هه‌یه، كه توانای ئه‌وه به زاناكان ده‌دات پێكه و شوێنی پسپۆڕێتییهكهیان له‌نێو
جوڵه‌ی قوڵكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌كاندا "دیاریی بكه‌ن". هه‌روه‌ها ئه‌م كه‌شفه
ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه ده‌كات جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك نوێنه‌ره‌وه‌ی سروشت و كۆمه‌ڵگه بن
و ڕه‌خنه‌ی تێڕوانینی ڕۆحی و تیۆریی چه‌قبه‌ستووی "میتافیزیكی" بكه‌ن. به‌ڵام
ده‌بێت دیاله‌كتیك كه خشته‌كه‌مان پیشان ده‌دات به‌ندێكی ده‌رباره‌ی به‌ها پهتییهكهی
خۆی تێدا بێت، وه‌ك دەرخستنى پێگەى خۆى و ئامرازی جێگیرییەکەى.
ح-
ئیتر له‌م كاته‌وه وه‌زیفه‌ی دیاله‌كتیك له‌سه‌ر
هه‌ردوو ئاستی زانستی و پراكتیكی، ده‌بێته وه‌زیفه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه و
شۆڕشگێڕانه. ئه‌مه‌یش هه‌لی ئه‌وه بۆ زاناكان ده‌ڕه‌خسێنێت، كه به هۆی دابه‌شكردنی
كۆمه‌ڵایه‌تیی كاری فیكرییه‌وه له یه‌كتر جییان، لێكدانه‌وه‌یه‌كی گونجاوی فه‌لسه‌فی
بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بكه‌ن و، ئه‌و بنه‌ما ڕوون و ڕاشكاوانه بخه‌نه‌ڕوو كه
ڕۆڵی ئامرازی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌كان ده‌گێڕن، كه زۆرجار بنه‌ما هه‌ڵه
ئایدیاڵی و میتافیزیكییه‌كان شاردوونیانهتهوه. له‌م ئاسته‌دا گۆڕانێكی كتوپڕ
ڕووده‌دات، ئه‌ویش له‌مه‌دا خۆی ده‌نوێنێت: ئه‌گه‌ر دیاله‌كتیكی مێژوو ئوبێكتیڤیزم
ده‌به‌خشێته ئه‌و زانسته سروشتییانه‌ی كه بوونه‌ته زانستی مێژوویی و به‌مه‌یش
ڕه‌وتی مێژوو ته‌واو بكات، ئه‌وا ئه‌م زانسته مێژووییانهیش لای خۆیانه‌وه ده‌بنه
ئوبێكتی دیاله‌كتیكی ماتریالیزمی مێژوویی و ده‌بنه كۆمه‌ڵێك چركه‌سات له‌م دیاله‌كتیكه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه دیاله‌كتیكی مێژوو زانسته سروشتییه‌كانیش له خۆ ده‌گرێت و
ئوبێكتیڤیزمی سروشت و پرۆسه‌كانی زه‌ق ده‌كاته‌وه. زانسته سروشتییه‌كان ده‌كه‌ونه
نێو دیاله‌كتیكی مێژووییه‌وه، وه‌ك ڕووداوگه‌لێك له‌نێو پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی و
به‌رهه‌مهاتووه مێژووییه‌كاندا، كه وه‌زیفه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه وا له دیارده
سروشتییه‌كان بكات بوونێكی تیۆرییان هه‌بێت (لێره‌دا ئه‌نگلز و لینین له‌گه‌ڵ
گرامشیدا هاوڕان).
خ-
ئه‌نگلز سۆسیۆلۆژیای ساده‌ی مه‌عریفه‌ی تێپه‌ڕاندووه
و ڕوونی كردۆته‌وه ئه‌و مشتومڕانه‌ی كه ناكرێت وازیان لێ بهێنین و په‌یوه‌ستن به
ماتریالێتی و ئوبێكتگهرایی و پرۆسه‌ی زانسته سروشتییه‌كانه‌وه، به ناچاری له
ستراتیژییه‌ته تیۆری و سیاسییه‌كانه‌وه به‌رهه‌م دێن: «زاناكان هه‌رچی بكه‌ن هه‌ر
ملكه‌چی فه‌لسه‌فه‌ن. مهسهلهكهیش ته‌نیا ئه‌وه‌یه ئایا ده‌یانه‌وێت ملكه‌چی
فه‌لسه‌فه‌یه‌كی خراپی باوبن كه وه‌ك مۆده‌یه‌ك هه‌یه یان ده‌یانه‌وێت بیركردنه‌وه‌ی
تیۆری، به پشتبه‌ستن به ناسینی مێژووی فیكر و ده‌ستكه‌وته‌كانی، پێشڕه‌وی بكه‌ن».
دیاله‌كتیك كه پرسێكی سه‌ره‌كی له فه‌لسه‌فه‌دا بیر ده‌خاته‌وه ئه‌ویش پرسی
ماتریالیزم و ئایدیالیزمه، ئه‌و میكانیزمانه‌ی باڵاده‌ستیی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌شف ده‌كات،
كه له‌لایه‌ن چینی سه‌رده‌سته‌وه به‌هۆی لێكدانه‌وه‌ی ئایدیالیستی بۆ زانسته‌كان
و به پشتبه‌ستن به چه‌مكی ڕۆح، له‌سه‌ر زانسته‌كان موماره‌سه ده‌كرێت. ته‌نیا
له هه‌ڵوێستی ماتریالیستیی دیالهكتیكیدایه هاوكات دان به ئوبێكیڤیزمی دوولایه‌نه‌ی
زانسته سروشتییه‌كان و زانستی مێژوودا ده‌نرێت.
د-
"به‌رژه‌وه‌ندی"ی چینی كرێكار له‌وه‌دا
نییه كه ته‌نیا په‌ره به زانسته سروشتییه‌كان بدات، به‌ڵكو تاكه چینێكه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌ی
وا له په‌ره‌دان به زانستی مێژوودا كه پێویستی به‌وه‌یه ماسك له‌سه‌ر دیوه
داهێنه‌رانه‌كه‌ی "ڕۆح" لابدات (ئه‌م ئه‌ڵته‌رناتیڤه له‌و مهرجهعهوهیه
كه پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان به‌ڕێوه ده‌بات به بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ ببێته به‌رهه‌مهێنه‌ر).
هه‌روه‌ها دیوه ماتریالییه‌كه‌ی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان زه‌ق ده‌كاته‌وه و به‌رپرسی
ڕاسته‌قینه‌ی سامان ده‌رده‌خات، واته چینی به‌رهه‌مهێنه‌ران و ئه‌م چینه‌یش به‌هۆی
دیاله‌كتیكه‌وه ده‌رك به وه‌زیفه و ئه‌ركه‌كانی ده‌كات. خۆ ئه‌گه‌ر چینی
بۆرژواز به‌هۆی دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمه‌كانی جوڵه‌ی سروشتییه‌وه سه‌رچاوه و چاودێری
پرۆسه‌ی زانستی بێت و یهكتربڕینێك دروست بكات له‌نێوان به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی
وزه نوێیه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له فۆڕمه سهرمایهدارییهكهیدا،
ئه‌وا ئه‌م چینه [چینی بۆرژواز] ناهێڵێت مه‌عریفه تا كایه‌ی مێژوو درێژ ببێته‌وه،
ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی باڵاده‌ستییه كاتییهكهیهتی.
( 5 )
ئه‌گه‌ر پرسی "گشتگیریی دیاله‌كتیك"
چه‌ند فۆڕم و ڕواڵه‌تێكی هه‌بێت، كه‌واته ناتوانین به یه‌كجار هه‌موویان له یه‌كه‌یه‌كدا
كۆبكه‌ینه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی ده‌ستنیشانی بكه‌ین. ئه‌نگلز هه‌وڵیداوه
وه‌ك لۆژیكی نوێ پێناسه‌ی بكات، دواتر لینین به‌م جۆره پێناسه‌ی ده‌كات: «[دیاله‌كتیك]
له ماركسیزم‌دا تیۆری مه‌عریفه‌یه، كه وه‌ك تیۆری یه‌كانگیریی نێوان دیاله‌كتیكی
سوبێكتی و دیاله‌كتیكی ئوبێكتی دیاریی ده‌كرێت، تیۆرێكیشه ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی
سروشتی و مێژوویی و پرۆسه‌ی ناسینی سروشت و مێژوو كه پرۆسه‌ی یه‌كه‌م له هه‌ناوی
خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت».
به‌ڵام لێره‌یشدا نابێت "گشتگیریی
دیاله‌كتیك" بكه‌ینه ئه‌ڵته‌رناتیڤی فه‌لسه‌فه‌ی كۆن، نابێت «بیخه‌ینه به‌رزترین
پله‌ی زانسته‌كانه‌وه»، نابێت خاسیه‌تی تێڕامانی بده‌ینه پاڵ و بیكه‌ینه «زانستی
تایبه‌ت به په‌یوه‌ندیدارێتی گشتی» [واته په‌یوه‌ندی هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ یه‌كتردا].
دیاله‌كتیك ئه‌وه‌یه كه «له هه‌موو فه‌لسه‌فه‌ی كۆندا، واته له ڕێباز و
یاساكانی فیكر، به سه‌ربه‌خۆیی ماوه‌ته‌وه. هه‌موو ئه‌و شتهیشی كه ماوه‌ته‌وه
له‌نێو زانستی پۆزهتیڤیستی سروشت و مێژوودا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه».
لینین هه‌وڵیداوه مه‌به‌ست له لۆژیكی
دیاله‌كتیكی ڕوون بكاته‌وه، بۆیه وه‌ك ئامرازی فیكر بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو
پرسه‌كان پێناسه‌ی كردووه. قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئه‌م ئامرازه‌یش له‌وه‌دایه كه له
مێژووی هه‌موو زانسته‌كان وه‌رگیراوه. دیاله‌كتیك میتۆدێكی دژ به میتۆدی
میتافیزیكییه، كه ئه‌م میتۆده میتافیزیكییه ته‌نیا كار به لۆژیكی فۆرماڵ ده‌كات.
به‌م جۆره دیاله‌كتیك ڕێگه‌یه‌كی نوێیه له
بیركردنه‌وه‌دا، له زانسته سروشتی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا كارایه و، تایبه‌تمه‌ندێتی
ئوبێكته‌كانی وه‌ك زه‌روره‌ت ده‌یسه‌پێنێت. فۆرموله‌كردنی دیاله‌كتیكی فه‌لسه‌فی
ناچاری و پێویسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دوور له كۆنتێكست به‌كاربهێنرێت ئه‌وا هه‌میشه
له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی بهربوونهوهدایه بۆ نێو دۆگماتیزم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا
ده‌توانین پێی بڵێین: "زانستی فیكر". «بیركردنه‌وه‌ی تیۆریی تایبه‌ت به
هه‌ر قۆناغێكی مێژوویی و ئینجا بیركردنه‌وه‌ی تیۆریی له سروشت، به‌رهه‌مێكی
مێژووییه كه له سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا فۆڕم و ناوه‌ڕۆكی جیاواز وه‌رده‌گرێت.
كه‌واته زانستی فیكر، وه‌ك هه‌ر زانستێكیتر، زانستێكی مێژووییه، ئه‌ویش زانستی
په‌ره‌سه‌ندنی مێژوویی فیكری مرۆییه«.
( 6 )
ئه‌م فۆرموله دوابه‌دوای یه‌كانه‌ی دیاله‌كتیك
كه ئهگلز و لینین پێشكه‌شیان كردووه كۆده‌نگی هه‌موو ماركسیسته‌كانی له‌سه‌ر
نییه. به گشتی دوو هێڵ له‌م بواره‌دا وه‌ك كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز ده‌ركه‌وتوون.
لێكدانه‌وه‌ی ئوبێكتیڤیزم له ساڵانی به‌رفراوانبوونی ئه‌نته‌رناسیۆنالیزمی دووه‌مدا
سه‌ریهه‌ڵدا و، له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌نگلز وه‌ك وێنه‌ی تیۆری ماتریالیستی
بۆ جیهان كه په‌ره‌سه‌ندنی مێژووی به‌رهه‌مهێنان تێده‌په‌ڕێنێت، چه‌قی به‌ست
(كاوتسكی، پلیخانۆڤ). كاردانه‌وه به‌ڕووی ئه‌م ڕێبازه ئوبێكتیڤیستهدا ڕوویدا،
كه ته‌نیا پێشنۆره‌یی ده‌دات به هێزی به‌رهه‌مهێنان له ئاستی دیاله‌كتیكی
مێژوویی‌دا و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ناچار به سیاسه‌تی چاكسازیی ناوخۆیی له
شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داریدا ده‌كات. ئه‌م كاردانه‌وه‌یه پێشنیاری
لێكدانه‌وه‌یه‌كی سوبێكتیڤیستانهی ده‌كرد و، دیاله‌كتیكی سروشت و ماتریالیزمی
سروشتی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه و، پێی وا بوو ئه‌مه لێكدانه‌وه‌یه‌كی پێش-ماركسیانه‌یه
و دیاله‌كتیكی مێژوویی به هه‌ند وه‌رناگرێت، بۆیه له سنووری فه‌لسه‌فه‌ی پراكسێسدا
لێكدرایه‌وه (لۆكاچ له به‌رهه‌مه‌كانی سه‌ره‌تایدا). به‌ڵام دوای شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر
و له‌ماوه‌ی سه‌رده‌می ستالیزنیزمدا ئوبێكتیڤیزم له "دیامات" Dia-Mat
ـدا پشتوانیی لێكرا، ئه‌مه‌یش ئۆنتۆلۆژیای ماتریالی بوو كه له‌لایه‌ن حیزب-ده‌وڵه‌ته‌وه
وه‌ك دنیابینی بۆ جیهان به‌كارده‌هێنرا.
به‌ڵام "سوبێكتیڤیزم" فۆمولهی دژ
و ڕه‌خنه‌گرانه بوو له دۆگماتیزم. گرامشی جه‌ختی له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی مێژووگهرانهی
دیاله‌كتیكی مێژوویی كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت ماركسیزم بكه‌وێته نێو تێكه‌ڵه‌یه‌ك
له سۆسیۆلۆژیا و میتافیزیكای ماتریالیزمه‌وه. به‌لای گرامشییه‌وه ئه‌م ههڵهێنجانهی
دیاله‌كتیك له فه‌لسه‌فه‌ی پراكسێسهوه تاكه ڕێگای سوودبه‌خشی به‌رده‌وامیدانه
به بۆچوونه‌كانی لینین له ڕۆژئاوا و ئهكتیڤبوونهوهیهكی نوێی لینینیزمه له‌سه‌ر
ئاستی تیۆری، وه‌ك تیۆری گۆڕانی شۆڕشگێرانه و پراكتیكردنی ئه‌م تیۆره. ئه‌م
گۆڕانانه ده‌ره‌كی نه‌بوون، به‌ڵكو ئه‌وه‌یان ده‌رده‌خست كه به‌لای ماركسیهكانهوه
تێگه‌یشتن و پراكتیزه‌كردنی دیاله‌كتیك گره‌وی ئێستایه و فۆڕمێكی ململانێی چینایه‌تییه.
هه‌ر مۆركێكی ئۆنتۆلۆژی كه بدرێت له دیاله‌كتیك واتای ئه‌وه‌یه دیاله‌كتیك ده‌گۆڕێت
بۆ بڕوایه‌كی ئایدیۆلۆژی و، ماتریالیزمی مێژوویش به‌ره‌و "ئابووریگه‌رایی"
سه‌ره‌ولێژ ده‌كاته‌وه و، بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری له توانای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات
داده‌بڕێنێت (جا چ له نێو ده‌وڵه‌تی بۆرژوازیدا بێت، یان به قبووڵكردنی توانه‌وه
له حیزب-ده‌وڵه‌تدا). هه‌ر لهسیاسهتخستنێكی زێدهڕهوانهی دیاله‌كتیك واتایه‌كی
ڕه‌خنه‌یی دژ به ئوبێكتیڤیزم هه‌یه. به‌ڵام ئه‌مه نه له ڕزگاركردنی به‌رهه‌مهێنه‌راندا
سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و نه له كردنیان به هێزێكی سیاسیی ڕێكخراو كه له ئاستی
فۆڕمی سیاسیی بۆرژوازیدا بێت و، نه له ده‌رككردن به ئاڵۆزییه‌كانی فۆڕمه
زانستییه‌كان خۆیان.
ئه‌م دڕدۆنگییه‌ی نێوان ئوبێكتیڤیزم و
سوبێكتیڤیزم ئه‌و كایه‌ی به‌یه‌كداچوونه دیاریی ده‌كات كه تێیدا دیاله‌كتیك چاره‌نووسی
خۆی به گۆڕینی پراكسێسهوه ده‌بینێته‌وه وه‌ك وه‌زیفه‌ی تیۆری و سیاسی خۆی و، دانانیی
كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مه‌عریفه و ئوبێكتیڤیتزمی زانسته‌كان و پابه‌ستبوونی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی
چینی كرێكاره‌وه بۆ گۆڕان و مه‌عریفه‌ی زانستی ئه‌م چینه ده‌رباره‌ی مێژوو. به‌شێوه‌یه‌كی
ئاشكرا مه‌سه‌له‌ی گۆڕان په‌یوه‌ست ده‌كرێته‌وه به حیزبی شۆڕشگێڕی و توانای ئه‌م
حیزبه بۆ ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ر، به بێ ئه‌وه‌ی خۆی جێگای جه‌ماوه‌ر بگرێته‌وه، ئینجا
گه‌مارۆدانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوازی و گۆڕینی. خۆ ئه‌گه‌ر دیاله‌كتیك له‌سه‌ر ئاستی
تیۆریی و، له حاڵه‌تێكی نیمچه سه‌ربه‌خۆیدا، زانست و هونه‌ری ده‌ستنیشانكردن و
چاره‌سه‌ركردنی لێكدژییه تیۆری و كرده‌ییه‌كان بێت، ئه‌وا [له‌م ڕونگه‌یه‌وه] له
ئاستی پراكتیكدا و، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی سیاسی، ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌ی
پرسی حیزب و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ره.
لێره‌دا، دیاله‌كتیك ده‌بێته سیسته‌مێكی
لۆژیكی- سیاسی. كه‌واته زانستێكی لایه‌نگره و پشتیوانی له حیزب و...، پرسی
توانای حیزب بۆ هاندانی "پاڵه‌وانێتی" كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووریی
جه‌ماوه‌ر ده‌كات و، پشتیوانی له ئازادكردنی هێزی ئۆپۆزسیۆن ده‌كات به‌ره‌و
گشتگیریی تایبه‌تی ئه‌م چینه، كه چینی به‌رهه‌مهێنه‌رانه، به بێ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته
نێو سه‌ركێشیی تۆتالیتاریزمه‌وه.
به‌لای ماركسییهكانهوه پرۆسه‌ی پێناسه‌ی
لێكدژ و گۆڕانی دیاله‌كتیكی به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی مێژوویی ناوه‌كییانه‌یه، هه‌ر به‌و
جۆره‌یش پێیانوایه دیاله‌كتیكی مێژوویی په‌ره‌سه‌ندنی ململانێی چینایه‌تییه.
دیاله‌كتیك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خۆی، ئه‌وه‌یش بۆ زه‌قكردنه‌وه‌ی گۆڕانی ناوه‌كییانه‌ی
ئاڵۆزییه‌كانی ململانێی چینایه‌تی له فۆڕمه تایبه‌تییه‌كه‌یدا. هه‌ر وه‌ك لینین
بۆیچووه، ئه‌وه وه‌همه كه پێمان وابێت ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاره‌كی
پێناسه‌ی میدیۆمی دیاله‌كتیكی وه‌ك پێوه‌رێكی ئایدیاڵیی بكه‌ین، یان وه
ئۆرسۆدۆكسیهتێك كه به‌هۆیه‌وه "لادان" [ئینحراف]ـه ئوبێكتی و
سوبێكتییهكان ده‌ستنیشان بكه‌ین. ئه‌مه‌یش له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ شتێك قه‌ره‌بووی «شیكاریی
ماتریالی و ده‌ره‌كی دۆخه ماتریالی و ده‌ره‌كییه‌كان» ناكاته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌بێت
به‌رده‌وامی به داڕشتنی ئه‌و كاتیگۆرییانه بده‌ین كه ده‌بنه پشتیوانی بزووتنه‌وه‌ی
دوولایه‌نه‌ی زانسته سروشتی و مێژووییه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی پراكسێسی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌م دوو ئه‌ركه ته‌نیا ئه‌و كاته له ڕووی دیاله‌كتیكییه‌وه پاساو ده‌درێن كه
بتوانن به باشی كۆنتێكسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه و دۆخه "عه‌ینی"ـیه‌كه
دیاریی بكه‌ن، كه ئه‌مه‌یش پێویستی به‌وه‌یه جه‌ماوه‌ر له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه
ببێته خاوه‌نی زانیاری و زانینێكی به‌فراوان ده‌رباره‌ی زانسته سروشتییه‌كان و
ماتریالیزمی مێژوویی و، بتوانێت پراكسێسی شێوازه‌كانی گۆڕانی شۆڕشگێڕانه دیاریی
بكات.
خۆ ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م به‌نده له خشته‌كه‌دا
له‌بیر بكرێت ئه‌وا دیاله‌كتیكی ماتریالی ڕه‌نگه بكه‌وێته به‌رده‌م یه‌كێك له‌م
دوو مه‌ترسییه: یان شێوازێكی دۆگمایی بیرۆكراسی (بگره بۆرژوازی) وه‌رده‌گرێت،
یانیش تووشی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی "سه‌روو ڕه‌خنه‌یی" [به‌و مانایه‌ی له سه‌رووی
ڕه‌خنه‌یه‌وه] ده‌بێت و ناتوانێت ناوه‌ڕۆكی خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات و ڕه‌خنه‌ی
فۆڕمه‌كانی خۆی بكات، به‌م هۆیه‌یش توانای گۆڕانكاریی نامێنێت.
سه‌رچاوه:
مجموعة مؤلفين, معجم الماركسية النقدي,
بإشراف: جيرار بن سوسان و جورج لابيكا, ترجمة: مجموعة مترجمين, دار محمد علي للنشر
و دار الفارابي, بيروت-لبنان, الطبعة الأولى, 2003, ص653-660.
تێبینى: ئەم وتارە لە کتێبى
"دیالەکتیک"،
کتێبى دووەمى زنجیرە کتێبى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment