هاوار محەمەد
ژاك دێرێدا له گفتوگۆیه‌كدا له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی ئاژه‌ڵانه‌وه
قسه‌گه‌لێكی سه‌یر و ناوازه ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ ده‌كات.
ئه‌و باس له كۆمه‌ڵه‌یه‌كی داكۆكیكار له مافه‌كانی ئاژه‌ڵ ده‌كات كه پاساوه‌كه‌یان
ئه‌مه‌یه: «مه‌یمونه پله باڵاكان، ده‌توانن هه‌مان مافی مرۆڤیان هه‌بێت، به‌ڵام
مرۆڤه شێت و نوقسان و تێكچووه‌كان، ده‌كرێت دابه‌زنه سه‌ر ئاستی مه‌یمون». به
بڕوای دێریدا ئه‌م جۆره گوتاره مافخوازییه‌ی ئاژه‌ڵان نه‌ك ته‌نیا بارودۆخی ئاژه‌ڵان
به‌ره‌و باشتر نابات به‌ڵكو به‌شداره له درێژه‌دان به دۆخی باوی ئاژه‌ڵان، ئه‌مه
جگه له‌وه‌ی فاشیزمێكیشه به‌رامبه‌ر مرۆڤه شێت و نوقسان و نه‌خۆشه‌كان.
فه‌لسه‌فه له ئه‌رستۆوه زۆر به ڕوونی هێڵێكی جیاكه‌ره‌وه
له‌نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا ده‌كێشێت كه دواتر و تا ئێستایش به سه‌دان شێواز و
پاساویتر تۆخ كراوه‌ته‌وه. مرۆڤ به‌رده‌وام له دیوه ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵدێت،
جارێك به لۆگۆس [عه‌قڵ و زمان] خۆی جیا ده‌كاته‌وه، جارێك به سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی،
جارێك به شارستانییه‌ت، جارێك به عه‌شق، جارێك به كاردابه‌شكردن و..هتد. مرۆڤ
هه‌موو شتێكی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له جه‌بری حه‌یوانیبوونی ده‌ربچێت كه‌چی هه‌موو
جارێك سه‌ختتر به‌ر ئه‌و دیوه ده‌كه‌وێته‌وه كه لێی هه‌ڵدێت. بۆ نموونه
قه‌ده‌غه‌كردنی سێكسی نزیكان بۆ مرۆڤ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی سێكسكردنی ئاژه‌ڵانه
له‌گه‌ڵ بێچوو و نزیكه‌كانی خۆیاندا، خه‌تێكی تری جیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤه له ئاژه‌ڵ،
به‌ڵام ئایا مرۆڤ له ئاژه‌ڵ نزمتر نییه له سێكسدا؟ سادیزم و ماسۆشیزم چین؟
پۆرنۆگرافیا چییه جگه له تێپه‌ڕاندنی سێكسی ئاژه‌ڵی؟
به
بڕوای دێرێدا هیچ هێڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌كی نییه كه بتوانێت به یه‌كجاریی
"مرۆڤ" و "ئاژه‌ڵ"، "سروشت" و "كولتوور"
له یه‌كتری داببڕێت. دوو دڵی به‌رامبه‌ر كێشانی هێڵێكی جیاكردنه‌وه‌ی
"مرۆڤ" له "ئاژه‌ڵ"، مانای ئه‌وه نییه خۆمان له‌وه گێل
بكه‌ین كه چه‌ند شتێك ئه‌م دووانه له‌یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه و په‌رژینێك له
نێوانیاندا هه‌یه، به‌ڵام دێرێدا ده‌یه‌وێت بڵێت زیاتر له هێڵێك هه‌یه: هێڵی
زۆر هه‌یه. ئه‌م سنوور و هێله جیاكه‌ره‌وانه ته‌نیا له‌نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤدا
نییه، به‌ڵكو له‌نێو زۆربه‌ی بوونه‌وه‌ره‌كاندا هێڵ و چه‌مانه‌وه و شكانه‌وه‌ی
زۆر هه‌یه. ئه‌و خاسییه‌تانه‌ی كه پێناسه‌ی مرۆڤی پێده‌كرێت، زۆر جار كۆمه‌ڵه
ئاژه‌ڵێكی تریش ده‌گرێته‌وه كه خاوه‌نی هه‌مان خاسییه‌تن، مرۆڤانێكیش ناگرێته‌وه
كه خاوه‌نی ئه‌و خاسییه‌ته نین. بۆ نموونه گه‌ر مرۆڤ به زمان پێناسه بكرێت،
ئه‌وا ده‌بێت كه‌ڕ و لاڵه‌كان خاسیه‌تی مرۆڤیان نه‌بێت، چونكه له جیاتی زمان
سیسته‌می هێماییان هه‌یه، به‌ڵام ئێمه ده‌زانین كه‌ڕ و لاڵه‌كان مرۆڤن. ئه‌مه له
كاتێكدا ئاژه‌ڵانیش سیسته‌می هێماییان هه‌یه كه ئێمه ناتوانین وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه.
به‌هۆی ئه‌م بوغزه‌ی مرۆڤه‌وه له ئاژه‌ڵ، به‌هۆی دیوه ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی خۆیه‌وه،
ئاژه‌ڵ وه‌ك ئوبێكت به‌كارده‌هێنێت، له‌مه‌یشدا تا ڕاده‌ی غه‌در و كوشتنی بێهوده
و دیلكردن و پله‌به‌ندیكردنیان ده‌ڕوات. بۆ نموونه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا
عه‌قڵ دابه‌شكاریی و پله‌به‌ندیی له‌نێوان ئاژه‌ڵه‌كانیشدا كردووه:
گوێدرێژ [كه‌ر] به بێ عه‌قڵترین و ئه‌حمه‌قترین ئاژه‌ڵ داده‌نرێت، چونكه ڕه‌نجكێشترین
ئاژه‌ڵه. ئه‌م سیفه‌ته بێعه‌قڵییه ڕه‌هایه بۆیه ده‌درێته گوێدرێژ چونكه
گوێڕایه‌ڵترین ئاژه‌ڵه و ئاسان به‌كارده‌هێنرێت، له كاتێكدا بۆ مرۆڤه‌كان
گوێڕایه‌ڵی نیشانه‌ی فه‌زیله‌ت و عاقڵی و ڕێزه و ئه‌گه‌رچی دانپێدانانێكی شاراوه‌یش
به‌وه‌شدا هه‌یه كه "ڕه‌نجكێشه‌كان" له هه‌مووان ئه‌حمه‌قترن. سیفه‌ته
ئاژه‌ڵییه‌كه له مرۆڤدا هه‌ڵده‌گێڕدریته‌وه و به بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌كان ڕووپۆش
ده‌كرێت. كه‌چی ئه‌گه‌ر به پێی سیسته‌می ماف بێت نابێت ئاژه‌ڵ هیچ ئه‌ركێكی
بكه‌وێته ئه‌ستۆ چونكه سیسته‌می مافناسانە «سیسته‌مێكه كه "ماف" به
كه‌سی ئاگا و سوبێكتی عه‌قڵانی ده‌دات و له‌به‌رامبه‌ریشدا "ئه‌ركه‌كان"ـی
ده‌خاته ئه‌ستۆ. له دۆخی ئاژه‌ڵدا هه‌میشه "ئه‌ركه‌كان" دیاریی
كراوه و "مافه‌كان"ـی لێ زه‌وت كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه ڕاست
بكرێته‌وه، ئه‌وا نابێت هیچ "ئه‌ركێك" له به‌رامبه‌ر ئه‌و
"ماف"ـه‌دا كه پێی ده‌درێت بكه‌وێته ئه‌ستۆی ئاژه‌ڵ، چونكه ئه‌رك ته‌نیا
په‌یوه‌سته به سوبێكتی عه‌قڵانییه‌وه و ئه‌وانی تر ده‌كه‌وێته خانه‌ی "به‌كارهێنان"
و "چه‌وساندنه‌وه"وه».
یه‌كێكیتر له‌و بنه‌مایه‌ی سیسته‌می مافیی داكۆكیی لێده‌كات
"ڕووه‌كخۆری"ـیه له جیاتی "گۆشتخۆری". ڕاسته
مرۆڤ زێده‌ڕه‌ویی ده‌كات له خواردن یان به‌كارهێنانی گۆشتدا، به‌ڵام ئه‌م بنه‌مایه‌یش
بێ‌گرفت نییه. له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕووه‌كخۆریی له‌لایه‌كه‌وه تێكه‌ڵ به
دیدێكی عیرفانیی ڕیاكارانه و درۆزنانه و له‌لایه‌كیتریشه‌وه به ڕێنماییه ته‌ندروستییه
بۆرژوازییه‌كانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. گوایه به ڕووه‌كخۆری له‌شی مرۆڤ و ساغ و
ته‌مه‌نیشی درێژ ده‌بێت، هاوكات به‌شداریكرنیشه له پاراستنی ژیانی ئاژه‌ڵان و به‌شدارینه‌كردن
له كوشتندا. به‌ڵام ڕووه‌كخۆره‌كان بێده‌نگن به‌رامبه‌ر به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و
هه‌موو ڤایرۆسه كوشنده‌یه به‌سه‌ر مرۆڤ و ئاژه‌ڵاندا و برسیكردنی ملیۆنان مرۆڤ و
تێكدان و شێواندنی ژینگه‌ی سه‌رزه‌وی و..هتد، له‌م ڕووه‌وه ڕووه‌كخۆریی به ته‌واوه‌تی
ناڕادیكاڵ و درۆزنانه‌یه. له‌مه‌یش زیاتر ڕووه‌كخۆره‌كان پێیان وایه بۆ ئه‌وه‌ی
به‌شدارنه‌بن له تاوانی كوشتنی ڕۆحێكدا و خۆیان له دڕنده‌یی پاك بكه‌نه‌وه ده‌بێت
خۆیان له خواردنی گۆشت بپارێزن، له دیوێكیتریشه‌وه به‌مه خۆیان له چێژێكی
دنیایی بێبه‌ش ده‌كه‌ن و زوهد په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. درێدا ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌رچی داكۆكیی
له ئاژه‌ڵ ده‌كه‌م به‌ڵام هانی "ڕووكخۆرییه‌كی ڕه‌ها" و ئه‌خلاقییه‌تی
پاكژیی ناده‌م و پێم وایه ئه‌مه ئایدیالیزمه و، ڕه‌نگه مرۆڤ هه‌رگیز نه‌توانێت
ده‌ست له خواردنی ڕێژه‌یه‌ك گۆشت هه‌ڵگرێت. ئه‌وه‌نده به‌س نییه كه مرۆڤ گۆشت
نه‌خوات ئیتر پێی وابێت ده‌ستی له دڕنده‌یی هه‌ڵگرتووه، كرده‌ی ڕاوكردن و دڕه‌نده‌یی
نائاگایی سه‌رچاوه‌گه‌لێكی زۆرتری هه‌یه». به بڕوای دێرێدا "ڕووه‌كخۆره‌كانیش"ـیش
وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكانی تر ده‌توانن، به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌مزی، ئه‌و شته بخۆن كه
ژیانی تێدایه، ئه‌و شته‌ی كه له گۆشت و خوێنه. بگره ده‌توانن
"ئه‌ویتر" بخۆن، وه‌ك دراكۆلا و ڤامپایه‌ره‌كان. كه‌واته ئه‌م
قۆناغبه‌ندییه مێژووییه دروست نییه كه پێی وایه مرۆڤ له مرۆڤخۆرییه‌وه به‌ره‌و
ئاژه‌ڵخۆریی و پاشانیش به‌ره‌و ڕووه‌كخۆریی ده‌ڕوات، له ڤامپایه‌ره‌وه بۆته
مرۆڤێكی دڕنده و له دڕنده‌یشه‌وه ده‌بێته مرۆڤێكی سه‌لیم و پاك. ئه‌مه هه‌مان
داروینیزمه به فۆڕمێكی دیكه. ئه‌وه‌تا دراكۆلا و ڤامپایه‌ره‌كان به سه‌دان جۆر
ده‌گه‌ڕێنه‌وه. بگره ده‌شێت مرۆڤخۆریی له‌نێو ڕووه‌كخۆریشدا هه‌بێت. درێدایش وه‌ك
فرۆید پێی وایه په‌یوه‌ندیی ئێمه به‌وانیتره‌وه هه‌میشه په‌یوه‌ندییه‌كی
دڕندانه‌یه وه‌ك په‌یوه‌ندی مرۆڤخۆره‌كان. ئاره‌زوویه‌كی دڕندانه، به‌ڵام
ئاراسته‌كراو بوونی هه‌یه. ئه‌وانه‌ی خۆیان له گۆشتخۆریی داده‌بڕن، ڕه‌نگه له
زه‌مینه‌یه‌كی دیاریكراودا وه‌ك گورگی برسی ببنه‌وه به مرۆڤخۆر، هه‌ر كاتێك ده‌چنه
ده‌ره‌وه‌ی ژینگه ڕیاكارانه‌كه دیوه‌ی دڕندانه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
كێشه‌یه‌ك كه له‌مڕۆدا هه‌یه ئه‌وه‌یه ئاژه‌ڵ ده‌كوژین
به بێ ئه‌وه‌ی پێویست بێت به‌و ژماره زۆره بكوژرێن و بێ ئه‌وه‌یشی دادگایی بكه‌ین،
چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م كوشتنه به شێوازی جۆراو جۆر شه‌رعییه‌تی وه‌رگرتووه.
ئه‌مه‌یش به پله‌ی یه‌كه‌م كولتووری سه‌رمایه‌داریی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سره‌فگه‌رایی
لێی به‌رپرسه و عه‌قڵ و عه‌قڵیی زانستیش به‌رده‌وام پاساوی داوه. بۆ نموونه ئه‌و
ئاژه‌ڵانه‌ی كه له تاقیگه زانستییه‌كاندا ده‌سوتێن و ده‌بن به خۆڵه‌مێش زانست
شه‌رعییه‌تی پێداوه، وه‌ك چۆن دین شه‌رعییه‌ت به قوربانیكردن ده‌دات.
زاناكان و فه‌یله‌سوفه‌كان به‌شێك له به‌رپرسیارێتی ئه‌و تاوانه‌یان له‌سه‌ر كه
به‌رامبه‌ر به ئاژه‌ڵ ده‌كرێت، وه‌ك ئادۆرنۆ ده‌ڵێت: ئه‌و ڕق و كینه‌یه‌ی كه
فه‌یله‌سوفه‌كان له قسه‌كانیاندا به‌رامبه‌ر به ئاژه‌ڵان پیشانی ده‌ده‌ن له بنه‌ڕه‌تدا
گوتارێكی فاشیستیانه‌یه. به بڕوای ئه‌دۆرنۆ ئه‌و به‌ڵاو نه‌گباتییانه‌ی كه
به‌سه‌ر ئاژه‌ڵدا ده‌ڕژێنرێت، هه‌مان سروشتی ئه‌و به‌ڵا و نه‌گبه‌تییانه‌یه كه له
نازیزمه‌وه به‌سه‌ر فه‌یله‌سوفه ماتریالیسته‌كان و یه‌هودییه‌كان و ژناندا
دابارین. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا سه‌رمایه‌داریی كه بۆ سه‌رگه‌رمی و كه‌ڵه‌كه‌كردنی
سامان ئاژه‌ڵان له شوێنی سروشتی خۆیان هه‌ڵده‌كه‌نێت و له‌نێو باخچه‌ی ده‌ستكردی
شاره‌كاندا نیشته‌جێیان ده‌كات و "باخچه‌ی ئاژه‌ڵان" دروست ده‌كات، كه‌چی
له گوتاره فه‌رمییه درۆنانه‌كه‌یدا داوای پاراستنی ڕه‌گه‌زی ئاژه‌ڵان ده‌كات و
یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی كوشتنی ئاژه‌ڵه ده‌گمه‌ن و كێوی و ده‌شتی و ده‌ریاییه‌كان
داده‌نێت، بۆ نموونه پاراستنی ورچی پاندا هیچ نییه جگه له به‌ركارهێنانی ئه‌م
گیانه‌وه‌ره ده‌گمه‌نه له باخچه‌كانی ئاژه‌ڵاندا تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه سه‌رمایه
كه‌ڵه‌كه ببێت.
دوا سه‌رنج ئه‌مه‌یه: ده‌شێت مه‌سه‌له‌ی ئاژه‌ڵ بكه‌ینه
مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی و به ستراتیژێكی دیاریكراو به‌گژ سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی و
كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سره‌فیدا بچینه‌وه. ئه‌مه‌یش تەنیا به زوهد و ڕووه‌كخۆریی نابێت،
چونكه سه‌رمایه‌داریی وه‌ك چۆن ئاژه‌ڵه‌كان ده‌كاته ئوبێكتی مه‌سره‌ف، ئاوایش
دارستانه‌كان و ژینگه قڕ ده‌كات. كه‌واته مه‌سه‌له‌ی ژینگه و مه‌سه‌له‌ی ئاژه‌ڵ
له‌یه‌كدابڕاونین و ده‌شت بكرێنه خاڵی داكۆكی و به‌رگری و به‌گژداچوونه‌وه‌ی
سیاسی به ڕووی ده‌سه‌ڵات و عه‌قڵی ئامێریی و مه‌سره‌فگه‌راییدا.
ئەم وتارە فراگمێنتێکە لە وتارێکى درێژ کە لە کتێبى
"دیالەکتێک" کتێبى دووەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا، بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment