گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كلۆد لیڤی شتراوس
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
-
گفتوگۆى تۆ له‌گه‌ڵ سارته‌ردا ته‌نیا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی
زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان و فه‌لسه‌فه نه‌بوو، به‌ڵكو ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یشت لێگرت
كه زیاد لە ڕادە بایەخ به مێژوو ده‌دات. لێرەوە ئه‌م گفتوگۆیه مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی
نێوان فیكری ئێتنۆلۆژی و مێژووی هێنایه پێش. ئه‌مه پرسێكه كه له كاره‌كانی
تۆدا زۆر دووباره ده‌بێته‌وه. ساڵی 1949 وتارێكت به ناونیشانی "مێژوو و
ئێتنۆلۆژیا" بڵاوكرده‌وه، كه له سه‌ره‌تای ئه‌نترۆپۆلۆژیای بونیادگه‌رییدا
ده‌یبینینه‌وه.
-
ڕه‌خنه‌ی من له سارته‌ر ئه‌وه نه‌بوو كه ئیمتیازێكی
به‌رزی داوه‌ته پاڵ مێژوو، به‌ڵكو لە بنیاتنانی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی مێژوو بوو كه به‌لای
منه‌وه سه‌ر به جیهانی ئه‌فسانه‌ییه. مێژوو له هه‌ر شتێك زیاتر و هه‌ر زۆر له
زووه‌وه، بۆ من جێگای بایه‌خپێدان بووه.
به‌ڵام ئه‌و وتاره‌ی كه باسی ده‌كه‌یت، ساڵی 1948 نووسیومه.
باش بیرم نییه له‌سه‌ر داوای گۆڤاری "میتافیزیكا و ئه‌خلاق" بوو یان هه‌ر
به ویستی خۆم نووسیم. به‌هه‌رحاڵ، من له‌و كاته‌دا خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی
لوسیان ڤیڤه‌ر بووم، ئه‌و وتاره‌یش له‌و نیگایه‌وه هه‌ڵقوڵابوو كه ئه‌و به‌رهه‌مانه
پێیاندابووم.
-
تۆ ئه‌وت ده‌ناسی؟
-
هه‌ر له‌و كاته‌وەی ساڵی 1948 گه‌ڕامه‌وه بۆ فه‌ره‌نسا
په‌یوه‌ندیمان دروست كرد، ئه‌و وتاره‌م سه‌رنجی ڕاكێشابوو كه له (گۆڤاری
قوتابخانه‌ی نوێ بۆ توێژینه‌وه له نیویۆرك) بڵاوم كردبوویه‌وه به ناونیشانی
"له‌تبوونی نواندنه‌وه له هونه‌ره‌كانی ئاسیا و ئه‌مریكادا"، بگره ئه‌م
وتاره هه‌ندێك ڕوانینی پێبه‌خشبوو[1].
هه‌ر یه‌كسه‌ر كه به‌شی شه‌شه‌می له قوتابخانه‌ی پراكتیكیی توێژینه‌وه‌ی باڵا
دامه‌زراند (كه دواتر ده‌بێته قوتابخانه‌ی توێژینه‌وه‌ی باڵای زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان)،
بانگی كردم بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی تێدا بكه‌م.
-
له‌و وتاره‌تدا به‌ر كۆمه‌ڵێك ڕسته‌ی سه‌رنجڕاكێش ده‌كه‌وین:
»مێژوو هه‌موو شتێكه«، هه‌روه‌ها »شتێكی كه‌م له مێژوو باشتره له‌وه‌ی هه‌رگیز هیچ شتێك
له مێژوو بوونی نه‌بێت«.
-
هه‌ڵوێستی مالینۆڤسكی و كۆمه‌ڵێك ئه‌نترۆپۆلۆژیستی دیكه‌ی ئه‌مریكی كه
تێكه‌ڵیان بووبوون، ده‌رهه‌ق به مێژوو تووشی شۆكی كردم. زۆرێك له‌وان بڕوایان وابوو
كه ده‌بێت به بێ هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر دانیشتووان بچنه شوێنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه،
بۆچوونیان ئه‌وه‌بوو كه له‌گه‌ڵ تێڕوانینی ناسینی ڕابردووی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه
تێكه‌ڵ نه‌بن و توێژینه‌وه مه‌یدانییه‌كانی تر له‌باره‌یانه‌وه نه‌خوێننه‌وه.
ئه‌وان پێیانوابوو به‌م شێوه‌یه هه‌موو گه‌رم و گوڕییه‌ك بۆ تێبینیی ڕاسته‌وخۆ ده‌هێڵنه‌وه،
به‌ڵام ئه‌وان له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشتن كه ئه‌مه ته‌نیا ده‌بووه مایه‌ی
بێتواناییان. ئه‌مه ئاكامی ساویلكه‌یی و سه‌فسه‌ته بوو.
-
دوای چه‌ند ساڵێك برۆدوێلیش هه‌مان ڕه‌خنه‌ی لێ گرتیت.
له كتێبه‌كانیدا له‌باره‌ی مێژووه‌وه ئه‌م ڕسته‌یه له وتاری "دیۆگینۆسی
نوستو"ـی تۆ ده‌گوازێته‌وه: »كاتژمێرێك كه له‌گه‌ڵ هاوسه‌رده‌مێكی ئه‌فلاتووندا ده‌یبه‌ینه
سه‌ر، له هه‌موو نووسین و به‌رهه‌می مێژوونووسه‌كانمان زیاتر فێرمان ده‌كات تا چ
ڕاده‌یه‌ك شارستانێتی گریكی هه‌ماهه‌نگ بووه یان هه‌ماهه‌نگ نه‌بووه«. كۆمێنتی برۆدوێل
ئه‌مه‌یه »وایه، ئه‌مه ڕاسته، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌یه كه ئه‌م
گه‌شته له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌و مێژوونووسانه‌وه ئاماده
كراوه«[2](2).
-
لێره‌دا هەر بە سوعبه‌ت شتێک دەڵیم، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه برۆدوێل
ناچاره ڕه‌خنه بگرێت، وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌و هیچ له‌و بابه‌ته ناگۆڕێت كه فیلمێكی
پێنج خوله‌كی ده‌رباره‌ی ئه‌سینای سه‌ده‌ی پێنجه‌م ده‌توانێت به قوڵی ئه‌و
تێڕوانینه‌مان بگۆڕێت كه مێژوونووسه‌كان بۆیان دروست كردووین. پێشتر وتم تێبینیی
ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت وزه پێدراو و ئاماده‌كراو بێت و زه‌مینه‌ی بۆ سازكرابێت. به‌ڵام
هیچ شتێك جێگای ناگرێته‌وه.
-
هه‌ر له‌م وتاره‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌یته‌وه
كه مێژوو و ئێتنۆلۆژیا هه‌مان ئوبێكتی لێكۆڵینه‌وه‌یان هه‌یه و بابه‌ته‌كه‌یان
هاوبه‌شه: تێگه‌یشتن له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی له حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میاندا
گوزارشتی ئاگایانه‌ى له‌باره‌وه بڵێین و، له حاله‌تی دووه‌میاندا گوزارشتی نائاگایانه.
ئه‌م ڕسته‌یه گفتوگۆی زۆری وروژاند.
-
سه‌رزه‌نشته‌كه له‌لایه‌ن مێژووسه‌كانی "ساڵنامه‌كان"ـه‌وه
بوو. ئه‌وان له‌وه تێنه‌گه‌یشتبوون كه من، وه‌ك خاڵی ده‌ستپێكی گوتاره‌كه‌م، دوو
حاڵه‌تی دیاریكراوم له‌به‌رچاو گرتووه: مێژووی هه‌ره ته‌قلیدی (كه تایبه‌ته به
پاشایان و په‌یمان و جه‌نگ و ڕێكه‌وتنه‌كان)، ئه‌مه له‌لایه‌ك؛ ئێتنۆلۆژیا كه به
كه‌ره‌سته‌كانی شیكاریی بونیادگه‌ریی موماره‌سه ده‌كرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه. به‌م
جۆره ئه‌وه ڕاسته كه یه‌كه‌میان به ته‌واوه‌تی پشت به به‌ڵگه و دیكۆمێنته
نووسراوه‌كان و ئینجا پشت به گوزارشته ئاگایانه‌كان ده‌به‌ستێت و، دووه‌میشیان
هه‌وڵ ده‌دات له پشتی واقیعه تێبینیكراوه‌كانه‌وه بگات به‌و كه‌ره‌سته
نائاگایانه‌ی كه به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
ئه‌م لێكدژییه
له‌نێوان ئێتنۆلۆژیا و مێژوودا له كاره‌كانی لوسیان ڤیڤه‌ر و په‌یڕه‌وكه‌رانیدا
ده‌سڕدرێته‌وه و نامێنێت. به‌ڵام ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه له‌سه‌ره‌تادا قه‌رزاری ئه‌و
ڕێنماییانه‌یه كه له سۆسیۆلۆژیای دوركهایمییه‌وه وه‌ریگرتووه (كه‌مێكی له‌و
ده‌سه‌ڵاته خراپه وه‌رگرتووه كه ده‌یویست مێژووی لێ ڕزگار بكات). دواتر، ئه‌م
په‌ره‌سه‌ندنه زۆر قه‌رزارباری ئه‌وه‌یه كه ئێنتۆلۆژیا بۆ مێژوونووسه‌كانی هه‌ڵگرتووه.
–وه‌ك ده‌ڵێن- "مێژووی نوێ" له ئێنتۆلۆژیا ئاو ده‌خواته‌وه و وزه وه‌رده‌گرێت.
سه‌رجه‌می وتاره‌كه‌م ده‌یه‌وێت ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه سه‌رده‌مه‌كه له لێكدژییه‌كی
زیانمه‌ند ئاوی خواردۆته‌وه و وزه‌ی وه‌رگرتووه، بۆیه ده‌بێت كارێك بخرێته جێی
كه ئیتر له‌مه‌ودوا ئێتنۆلۆژیسته‌كان و مێژوونووسه‌كان پێكه‌وه و به‌پاڵ یه‌كترییه‌وه
و به هاریكارییه‌كی پته‌و، بتوانن بیكه‌ن.
-
هه‌ر وایش بوو.
-
ماوه‌ی سی ساڵه گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان هه‌ردوو سیسته‌مه‌كه‌ماندا ده‌ستی
پێكردووه. مێژوونووسه‌كان له گرنگی و بایه‌خی ڕووداوه بچووكه‌كانی ژیانی ڕۆژانه،
كه ئێنتۆلۆژیا، ده‌ریانده‌خات و لێیان ده‌كۆڵێته‌وه، تێگه‌یشتین. نه‌وه‌كانی
پێشتری مێژوونووسه‌كان هیچ گرنگییان به‌مانه نه‌دابوو. جارێكیان، له ساڵی 1952
دا له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له كۆنگره‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژیسته‌كاندا،
كه Wenner-Gren-Foundation رێكی خستبوو، گوتم »ئێمه لۆمه‌ی زێده‌ڕه‌ویی لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی ده‌كه‌ین و له سه‌به‌ته
زبڵه‌كه‌یدا به‌دوای سامانی خۆماندا ده‌گه‌ڕێین«[3]. ئه‌مه كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لێكه‌وته‌وه، هاوپیشه‌كانم ئه‌م به‌راورده‌یان
پێ پەسەند نەبوو. له كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا "ماگرێت مید" هاته لام و پێیوتم: »هه‌ندێك وشه هه‌ن كه نابێت هه‌رگیز بووترێن«، هه‌ر له‌و ڕۆژه‌وه هاوڕێیه‌تییه‌كه‌مان ده‌ستی پێكرد كه هه‌تا
مردیش هه‌ر وا بووین. به‌ڵام مێژوونووسه‌كان ئه‌وه‌یان بۆ ده‌ركه‌وت كه ئه‌م
زبڵدانه‌ی وا ماوه‌یه‌كی زۆره فه‌رامۆشكراوه و، جاروبار له هه‌واڵ و یاداشت و
یاده‌وه‌رییه‌كان و له ئه‌ده‌بدا ده‌رده‌كه‌وته‌وه، له تێبینییه مه‌یدانییه‌كانی
ئێتنۆلۆژیسته‌كان ده‌چێت و، ده‌توانن سوودی لێ وه‌ربگرن. ده‌روروبه‌ری 1950، چێژم
له خوێندنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ك كتێبی ئه‌لفرێد فرانكلین بینی، كه ته‌رخان كرابوون
بۆ باسكردنی ژیانی تایبه‌تی له فه‌ره‌نسای نێوان سه‌ده‌ی سێزده و سه‌ده‌ی هه‌ژده.
ئه‌م كۆمه‌ڵه كتێبه‌م لای كتێبفرۆشێكی ده‌ستی دوو له ژێره‌وه ده‌رهێنا و، هه‌موویان
بیست به‌رگ ده‌بوون. فرانكلین ئه‌مینداری نهێنیی كتێبخانه‌ی مازارین بوو، له هه‌مان
ئه‌و كاته‌ی كه "پروست"یش، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی تێیدا فه‌رمانبه‌ر بووه
و، پێده‌چوو پروست هیچ كاتێك نه‌چووبێت. به‌ڵام سه‌رۆككاره‌كه‌ی به شێوازی خۆی سه‌رپه‌رشتیاریی
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نایاب بوو ده‌رباره‌ی "گه‌ڕان بۆ كاتی له‌ده‌ستچوو"!
كتێبه‌كانی فرانكلین له چوارچێوه‌ی ئه‌و كتێبانه‌دایه كه له‌مڕۆدا پێیده‌ڵێین
ئه‌نترۆپۆلۆژیای مێژوویی، ئه‌مه‌یش پسپۆڕییه‌كه و لای مێژوونووسه‌كان بۆته شتێكی
باو و وای لێكردوون كه له‌مڕۆدا شایه‌نی ئه‌وه‌بن بەشى پێشه‌وه‌ی شانۆكه بگرن.
چونكه جه‌ماوه‌ر –ئه‌مه چه‌مكێكه- زۆر زیاتر له‌وه‌ی بایه‌خ به شێوازی ژیانی
هندییه‌كانی ئه‌مریكای باشوور و میلانیزییه‌كان بده‌ن، بایه‌خ به شێوازی ژیانی
پێشینانى خۆمان ده‌ده‌ن.
-
ده‌ڵێن ئامانجی وتاره‌كه‌ی برۆدوێل بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ
به‌رگریبووه به ڕووی تۆدا بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كه‌ت نه‌گاته مێژوونووسه‌كان.
-
غروری ئه‌وه‌م نییه وەها بۆچوونێکم هه‌بێت. لاموایە ئه‌و هۆكاری گرنگتری
هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گریمانه‌ی ئه‌وه‌م كردبوو ئه‌و به‌خته‌ی كه ئێتنۆلۆژیا
لای ڕای گشتی دروستی كردبوو –له سه‌روه‌ختێكدا- مێژوونووسه‌كانی خستبووه دڵه‌ڕاوكێوه.
هه‌ڵوێستی مێژوونووسه‌كانی ئه‌و كاته به‌رامبه‌ر ئێتنۆلۆژیا هه‌ڵوێسته‌كه‌ی چه‌ند
ده‌یه‌یه‌ك له‌وه‌وبه‌ری ڤیڤه‌ر ده‌هێنێته‌وه یاد له‌مه‌ڕ قوتابخانه‌ی
دۆركهایمییه‌وه. له هه‌ردوو حاله‌ته‌كه‌یشدا مێژوو زانیویه‌تی چۆن چۆنی سه‌ربه‌خۆیی
خۆی بپارێزێت و ده‌ستبه‌رداری پاشماوه‌كانی كێبه‌ركێكه‌ی ببێت.
-
له‌به‌رامبه‌ردا مێژوونووسه‌كانیش به‌شدارییه‌كی گه‌وره‌یان
له توێژینه‌وه‌ی ئێتنۆلۆژیدا كردووه.
-
بێگومان. ئه‌وان لایه‌نێكیان بۆ سه‌ر ئه‌و فۆڕمه كۆمه‌ڵگایانه زیاد كرد كه
به‌لای ئێمه‌وه گرنگبوون (و پێكهاتبوو له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه به شوێندا
بڵاوبووبوونه‌وه)، ئه‌ویش ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه بوون كه له زه‌مه‌ندا، دروست
بووبوون، ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه بگونجێت. مێژوو ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌زموونی
"ئاماده"مان پێده‌دات كه ده‌توانین پشتیان پێ ببه‌ستین. به‌هۆی ئه‌مه‌یشه‌وه
هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی نایاب ڕوویداوه. له سه‌ره‌تادا، قوتابخانه‌ی "ساڵنامه"
له مێژووی كۆن و مێژووی هه‌واڵده‌ری و كتێبی یاداشتنامه‌كان كشابوویه‌وه و، له
نه‌زمی دیموگرافی و ئابووری یان له نه‌زمی هزره‌كاندا، بایه‌خی به بزووتنه‌وه
قووڵه‌كان ده‌دا، به‌ڵام هه‌ر له‌و كاته‌دا ئێمه‌یش –ئێتنۆلۆژیسته‌كان- ڕێگایه‌كی
پێچه‌وانه‌مان گرته‌به‌ر. مێژووی ڕووداوه‌كان و –بگره مێژووی ڕووداو و شته ده‌گمه‌نه‌كان-
ئه‌و شته‌بوو كه وای لێكردین ئاشنای چۆنیه‌تی به‌ستنی په‌یوه‌ندییه هاوسه‌رگیرییه‌كان
و دروستبوونی تۆڕه‌كانی خزمایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی سامان له خێزانه پادشایه‌تییه‌كان
یان ئۆرستۆكراته‌كاندا ببین، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناوه‌نده گوندنشینییه ته‌قلیدییه‌كاندا
هه‌بووه، ئه‌مه‌یش وای لێكردین خاڵه‌كانی گواستنه‌وه و تێپه‌ڕین و ئه‌و جومگانه
ده‌ربخه‌ین كه توانای ئه‌وه‌ی پێداین به‌راوردی كۆمه‌ڵگه كۆن و نامۆكان له‌گه‌ڵ
حاڵه‌ته دێرینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆماندا بكه‌ین. به‌م جۆره دیسانیش ئه‌مه
بوو به هۆی ئه‌وه‌ی رێگه‌ی مێژوو و ئێتنۆلۆژیا (ئه‌مجاره) له‌گه‌ڵ ئومێددا یه‌كتر
ببڕن و له‌وه‌به‌دوا له‌م خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه ببنە یاوەرى یەکتر.
-
هێشتایش هه‌ر ده‌رباره‌ی ئه‌م وتاره‌ت قسه ده‌كه‌ین، له‌وێدا
ده‌رباره‌ی "چالاكێتی نائاگایانه‌ی فیكر" دوواویت كه "فۆڕم به‌سه‌ر
ناوه‌ڕۆك"ـدا ده‌سه‌پێنێت. ئه‌وه‌یشت وتووه كه ئه‌م فۆڕمانه له هه‌موو
كۆمه‌ڵگاكاندا هاوشێوه‌ن. فۆڕمی كۆن و نوێ، سه‌ره‌تایی و پێشكه‌وتوو. ئه‌مه‌یش وای
له مێژوونووسه‌كان كرد كه ڕه‌خنه له چه‌مكه نامێژووییه‌كه‌ی تۆ بۆ كاری فیكر
بگرن.
-
ئه‌وه به‌دحاڵیبوونه. ئه‌و كاته‌ی سه‌رقاڵبووم به ڕاستكردنه‌وه‌ی چه‌مكه
كۆنه‌كه ده‌رباره‌ی سروشتی مرۆیی، ته‌نیا باسی ئه‌وه‌م كردووه كه مێشكی مرۆیی له
هه‌موو كات و شوێنێكدا خودی سروشته، ئینجا كۆتوبه‌ندی هاوشێوه به‌سه‌ر كاری
فیكردا ده‌سه‌پێنرێت. به‌ڵام فیكر له شوێنه جیاوازه‌كاندا تاوتوێی هه‌مان پرس و
بابه‌ت ناكات. ئه‌م پرس و بابه‌تانه به گوێره‌ی جیاوازیی و هه‌مه‌جۆریی ناوه‌نده
جوگرافییه‌كان و كه‌شوهه‌وا و دۆخی شارستانیی كۆمه‌ڵگه و مێژووی ڕابردوو و ئێستای
و، به جیاوازی تاكه‌كانیش، به شێوه‌ی زۆر جیاواز ده‌خرێنه ڕوو: سروشت و مێژوو و
دۆخی هه‌ر تاكێك له كۆمه‌ڵه‌كه‌یدا.. كه‌ره‌سته و ئامرازه‌كه له هه‌موو
شوێنێكدا هه‌ر هه‌مان شته، به‌ڵام ده‌روازه و ده‌ره‌تانه‌كان جیاوازن.
-
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌جۆرێك له جۆره‌كان به
ئیلیاتیزمی نوێ[4]
(كه میتۆدێكه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جووڵه)، تۆمه‌تبار كرایت.
-
هه‌ر به ساده‌یی، ئه‌وه شتێكی سه‌خیفه. ئه‌و مێژوونووسانه‌ی كه هه‌ندێجار
ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌م لێده‌گرن گوایە من له‌گه‌ڵ جێگیریی و نه‌گۆڕاندام، یه‌كه‌مین ئه‌و
كه‌سانه‌ن كه ده‌بێت دان به هاوبه‌شییه‌كانی كۆمه‌ڵگاكاندا بنێن. ده‌نا چۆن ده‌توانن
سه‌رله‌نوێ ئه‌وه دروستبكه‌نه‌وه كه به‌ر له دوو یان سێ یان چوار سه‌ده به
مێشكی خه‌ڵكیدا هاتووه، ئه‌گه‌ر بڕوایان به بوونی هه‌ندێك شتی هاوبه‌شی ئیمه و
ئه‌و خه‌ڵكانه نه‌كردبێت و، ئه‌گه‌ر بڕوایان به‌وه نه‌بێت كه خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌كی
سه‌ره‌كی به هه‌مان جۆر بیر ده‌كه‌نه‌وه؟ گه‌ر وا نه‌بێت مێژوو و ئه‌و شتانه‌ی
كه دێرینن له‌به‌رده‌ستماندا نه‌ده‌بوون. ئه‌و مێژوونووسانه ئه‌مانه به نه‌گۆڕی
به‌ڵگه‌نه‌ویست داده‌نێن و، ئه‌وه نابینن كه ئه‌مه چه‌ند پرسوباسێكی فراوان
دێنێته پێش كه ئه‌وانیتر مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه (و بگره ده‌بێت) به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه.
-
ئه‌وه‌ی له ڕه‌خنه‌ی مێژوونووسه‌كاندا سه‌رنجڕاكێش بوو
ئه‌وه‌یه كه جیاكارییه‌كت خستۆته نێوان "كۆمه‌ڵگه سارده‌كان" و "كۆمه‌ڵگه
گه‌رمه‌كان"، یەکەمیان ئێتنۆلۆژیا لێی ده‌كۆڵێته‌وه کە له‌و شوێنه‌دایە وا مێژووی
لێ نییه، دووەمیان مێژوونووس پێیه‌وه سه‌رقاڵه. لێره‌یشدا، ئه‌م جیاكارییه له‌بری
ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك كێشه چاره‌سه‌ر بكات، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ناوه‌ته‌وه.
-
ئه‌م چه‌مكه‌م له "چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ جۆرج شاربۆنییه"[5]دا
خسته‌ڕوو و، له وانه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونمدا له كۆلێژ دو فرانسیش دووباره‌م
كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك به‌دحاڵیبوون بڕه‌وێنمه‌وه. كاتێك ده‌رباره‌ی
"كۆمه‌ڵكه سارده‌كان" قسه ده‌كه‌م كۆمه‌ڵێك حاڵه‌تی دیاریكراوم له‌به‌رچاوه.
سه‌دجار وتوومه و نووسیومه و دووباره‌م كردۆته‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌ی
"سارد" و "گه‌رم" به ڕه‌هایی بوونی نییه. ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك
چه‌مكی تیۆریین كه پێویستمانن بۆ داڕشتنی گریمانه‌كانمان. كۆمه‌ڵگه واقیعییه‌كان
به درێژیی كه‌مه‌ره‌كان و گەرمەسێرەکاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه و هیچ یه‌كێكیان له
قوتبه‌كاندا نین.
له ئاستی دووه‌میشدا، من جیاكاریی ناخه‌مه نێوان شێوازه جیاوازه‌كانی
كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته خودییه‌ی كه كۆمه‌ڵگه
مرۆییه‌كان ده‌رهه‌ق به مێژووی خۆیان پشتیوانویی لێ ده‌كه‌ن. كاتێك ده‌رباره‌ی
كۆمه‌ڵگه "سه‌ره‌تاییه‌كان" ده‌دوێین، ئه‌وا ئه‌م وشه‌یه ده‌خه‌ینه
نێوان دوو كه‌وانه‌وه تاوه‌كو ئه‌وه‌مان له پێشچاو بێت كه ئه‌م چه‌مكه دروست
نییه و كه‌چی داسه‌پاوه به‌سه‌رماندا به‌كاری بهێنین، به‌ڵام به شێوازێكی گونجاو:
ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه پێیانده‌ڵێین "سه‌ره‌تایی" به هیچ جۆرێك سه‌ره‌تایی
نین، به‌ڵام خۆیان وایان ویستووه. كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تایی خه‌ونی ئه‌وه‌ی هه‌بووه
كه سه‌ره‌تایی بێت، چونكه ئایدیاڵه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه چۆن خودا و پێشینانه‌كان
له سه‌ره‌تای زه‌مه‌ندا دروستیان كردووه هه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش
وه‌هم بووه و ئه‌وانیش وه‌ك سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كانی تر له مێژوو ده‌ربازیان نه‌بووه
]و پێشکەوتوون و گەشەیان
کردووە[. ئه‌وانیش ملكه‌چی ئه‌م مێژووه
بوون كه گومانیان لێی هه‌بووه و حه‌زیان بە چارەى نه‌بووه. به‌ڵام كۆمه‌ڵگه گه‌رمه‌كانی
وه‌ك ئه‌وانه‌ی ئێمه، له به‌رامبه‌ر مێژوودا هه‌ڵوێستێكی ته‌واو جیاوازیان هه‌بووه.
ئێمه ته‌نیا دان به بوونی مێژوودا نانێین به‌ڵكو ده‌یشیپه‌رستین. چونكه ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌ی
كه بڕوامان پێیه‌تی و ده‌مانه‌وێت له‌باره‌ی ڕابردووه هاوبه‌شه‌كه‌مانه‌وه به‌ده‌ستی
بهێنین، به دیاریكراویی له‌و شێوازه‌وه كه ئه‌م ڕابردووه‌ی پێ ته‌فسیر بكه‌ین،
بۆ یاساڕێژیی یان ڕه‌خنه له په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه تێیدا ده‌ژین
و، بۆ ئاراسته‌كردنی داهاتووه‌كه‌ی، به كه‌ڵكمان دێت و سوودبه‌خشه. نموونه‌كه‌ی
سارته‌ر زۆر به‌باشی ئه‌مه ده‌رده‌خات. ئێمه مێژوومان هه‌ڵده‌گۆزێن و ده‌یكه‌ینه
ڕه‌گه‌زێك له ئاگاییه ئه‌خلاقییه‌كه‌مان.
-
له مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵ مۆریس گۆدێلییه و مارك ئۆوجێ كه له گۆڤاری "مرۆڤ"[6]ـدا،
له ساڵی 1975، بڵاوكراوه‌ته‌وه، كۆمه‌ڵێك گوزارشت و ده‌ربڕین هه‌ن، وێڕای ئه‌وه‌ی
كه‌میشن، به‌ڵام زۆر به باشی تێگه‌یشتنی تۆ بۆ مێژوو پیشان ده‌ده‌ن. بۆ نموونه
ده‌ڵێیت: »ده‌بێت له‌به‌رده‌م یه‌كه‌مین نابەردەوامێتى مێژوودا
بنوشتێینه‌وه«.
-
من ڕسته‌ی كۆتایی "له هه‌نگوینه‌وه بۆ خۆڵه‌مێش"ـم نووسیببوویه‌وه،
كاتێك ماركسیسته‌كان و ماركسیسته نوێیه‌كان، ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان لێگرتم كه
مێژووم فه‌رامۆوش كردووه، وه‌ڵامم دانه‌وه: ئه‌وه ئێوه‌ن كه مێژووتان فه‌رامۆش
كردووه یان باشتر بڵێین پشتتان تێكردووه. ئێوه ئه‌و یاسا گه‌ورانه‌ی په‌ره‌سه‌ندنتان
خستۆته بری مێژووی واقیعی و دیار، كه ته‌نیا له سه‌ری خۆتاندا بوونیان هه‌یه.
ڕێزی من له مێژوو و ئه‌و مه‌یله‌ی كه بۆ مێژوو هه‌ستی پێده‌كه‌م، له‌و هه‌سته‌وه
دێت كه مێژوو پێمده‌دات و ده‌مگه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هیچ بونیادێكی
فیكری نییه بتوانێت جێگای ئه‌و ڕێگا پێشبینینه‌كراوه‌ی كه شته واقیعییه‌كان له‌سه‌ری
ده‌ڕۆن، بگرێته‌وه. پێموایه ڕووداو له "نا په‌یوه‌ستییه‌كه‌یدا"
"پێشوه‌خته" پێدراوه. ده‌بێت شیكاریی بونیادگه‌رانه‌یش به بوونی ئه‌مه
كار بكات.
-
تۆ بوونی "یاسای مێژوو" ڕه‌تده‌كه‌یته‌وه!
-
ژماره گۆڕاوه‌كان زۆرن (ئینجا ژماره‌یه‌كی زۆر پێوه‌ریش هه‌ن). تا ئه‌و
ڕاده‌یه‌ی كه ته‌نیا خودا ده‌زانێت له ئه‌زه‌له‌وه چی ڕوویداوه و چی ڕووده‌دات،
یان ده‌بێت ئێمه‌یش ئه‌م ده‌ركه خوداییه‌مان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه بزانین.
مرۆڤه‌كان هه‌میشه هه‌ڵه ده‌كه‌ن و مێژوویش هه‌میشه ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێت. ئەوان ده‌ڵێن: »شتێك له‌م دووانه ڕووده‌دات«، كه‌چی هه‌میشه سێیه‌م ڕووده‌دات.
-
نابەردەوامێتى ڕه‌ها ئه‌م شوێنه بۆ شیكاریی مێژوویی
جێدێڵێت؟
-
بێگومان. ڕووداوه‌كان قابیلی پێشبینیكردن نین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا ڕوویان
نه‌داوه. به‌ڵام، كاتێك ڕووده‌ده‌ن، ده‌توانین هه‌وڵ بده‌ین لێیان تێبگه‌ین و ڕاڤەیان
بكه‌ین. هه‌روه‌ك ده‌كرێت ڕووداوه‌كان پێكه‌وه ببه‌ستینه‌وه و به شێوازێكی
ڕووله‌دوا retrospcti vement له‌م لۆژیكه تێبگه‌ین. به‌ڵام
له ئێستادا هیچ شتێك ڕێگه‌ی ئه‌وه‌مان پێنادات پێشبینیی ئه‌وه بكه‌ین چی ڕووده‌دات،
ئه‌وه‌یش به‌هۆی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌گه‌ره‌وه: هه‌ندێكیان شایه‌نی ئه‌وه‌ن
وێنا بكرێن و هه‌ندێكیتریشیان قابیلی وێناكردن نین.
په‌راوێزه‌كان:
[1] كلود لیڤی شتراوس: انشطار التمثيل في فنون آسيا و امريكا, في النهضة,
نيويورك, المجلد (2-3), 1944-1945, أعيدت طباعته في الامثرؤبؤلوجيا البنيوية،
الفصل (13). لوسيان فيفر: اقتباسات أو أعماق مشتركة للإنسانية؟، في حوليات, باريس,
1951, ص380-381.
[3] لێره‌دا لیڤی شتراوس به‌راوردێك له‌نێوان كاری ئێتنۆلۆژیسته‌كان
و كاری مێژوونووسه‌كاندا ده‌كات. ئێتنۆلۆژیسته‌كان گرنگی به ڕووداوه بچووكه‌كانی
ژیانی ڕۆژانه ده‌ده‌ن: شێوازی ژیان، نیشته‌جێبوون،
پۆشاك، خواردن و..هتد، ئه‌مانه‌یش شتانێكن كه مێژوونووسه‌كان هیچ گرنگییه‌كی
پێناده‌ن و پێیانوایه ئه‌و زبڵانه‌یه كه ده‌بێت له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا فڕێ
بدرێن. مێژوونووسه‌كان بایه‌خ به ڕووداوه گه‌وره مێژووییه‌كان و جه‌نگه‌كان و
په‌یماننامه‌كان و هاوپه‌یمانێتییه‌كان ده‌دات.. لێره‌دا له سه‌به‌ته‌ی فه‌رامۆشكراوه‌كانی
مێژوودا ئێتنۆلۆژیسته‌كان هه‌موو ئوبێكته‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه"
ئه‌وه‌یش ڕوونه كه لیڤی شتراوس به مه‌به‌ستێكی كینه‌بازانه و سه‌ركوتكارانه
ئه‌م به‌راورده ناكات، ئه‌گه‌رچی وایش ده‌ربكه‌وێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ندامان و
هاوڕێكانی له كۆنگره‌كه‌دا تێی گه‌یشتبوون.
[4] ئیلیاتیزم، ناوه‌كه‌ی له شاری ئیلیای گریكی و
قوتابخانه فه‌لسه‌فییه به ناوبانگه‌كه‌یه‌وه هاتووه، كه كزینۆفۆن و پارمه‌ندیس
و زینۆنی ئیلیایی ئه‌ندامه دیاره‌كانی بوون.
[5] جورج شاربونييه، لقا‌ء مع
كلود ليفى شتراوس, باريس, الاتحاد العام للمنشورات، 1961، أعيد نشره في سلسلة
10/18, باريس، بلون-جوليار, 1969.
سه‌رچاوه:
كلود لیڤی شتراوس: من قریب و من بعید
(الدوائر الباردة)، حوارات مع دییه اریبون، ترجمة: مازن م. حمدان، دار كنعان
للدراسات و النشر و التوزیع، دمشق، الطبعه الأولی، 2000، ص193-201.
تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2017
لە فایلى "کلۆد لیڤى شتراوس"ـى گۆڤارى "ئایدیا" بڵاوبۆتەوە و دواتریش
لە نامیلکەیەکدا بە هەمان ناوى فایلەکە چاپ کراوە.
No comments:
Post a Comment