ژان بۆدریار
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
( 1 )
به‌رده‌وامێتی، سه‌روه‌رێتی و دڵبه‌ندی و ئاسووده‌یی
ئیمانێنت (immensité immanente)
هه‌ر هه‌موویان لای جۆرج باتای یه‌ك ئایدیا پێك ده‌هێنن، یه‌ك ئایدیای ئه‌فسانه‌یی
له پشت ئه‌م چه‌مكه جۆراوجۆرانه‌وه: "من له‌و كه‌سانه‌م كه جگه له به‌رهه‌مێنانی
ڕووله‌زیادی به‌رده‌وام، مرۆڤ له شتگه‌لێكی تریش ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، له‌و كه‌سانه‌م
كه دنه‌ی مرۆڤه‌كان ده‌ده‌ن بۆ تۆقینی موقه‌ده‌س".
موقه‌ده‌س بابه‌تی "تیله‌ی چاو"ه (وتارى سەرەکیى بەشى
حەوتەمى بەرهەمەکانى باتای) پڕ بە ماناى وشه‌كه، بواری به‌خشینه‌وه‌ی قوربانی (dépense sacrificielle)
و ده‌ستبڵاوی و مه‌رگه؛ ئه‌مه‌یش بواری "ئابووریی گشتی"ـی
و سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كانی ئابوورییه به واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ''ئابوورییه‌كی
ئه‌وتۆ كه هه‌ر له‌گه‌ڵ بگشتێنرێت دەستبەجێ سنووره‌كانی خۆی و، سنووره‌كانی
ئابووریی سیاسی تێده‌په‌ڕێنێت، ئه‌مه‌یش کارێکە كه ئابووریی سیاسی و ماركسیزم به
گشتی به گوێره‌ی لۆژیكی ناوه‌كیی به‌ها، ناتوانن ئەنجامى بدەن''. هه‌روه‌ها موقه‌ده‌س
كایه‌ی نا-مه‌عریفه‌یه.
پارادۆكسه‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌م
باره‌وه كۆكراونه‌ته‌وه و كتێبی "مه‌عریفه‌ی ناچاره‌كی"ـی باتای-یان
پێك هێناوه، ئه‌و كتێبه‌ی وا هه‌وڵ ده‌دات بیكاته كۆڵه‌كه و بنه‌مای تێڕوانین و
جیهانبینی، دواجار پێویستییه‌كی ئه‌وتۆی به بنه‌ما و كۆڵه‌كه نامێنێت، بگره بۆ
ڕووكردنه موقه‌ده‌س و خۆ له قه‌ره‌دانی موقه‌ده‌س به گوژم و شه‌پۆلی وێرانكه‌ر،
پێویستی به نكوڵیكردن له‌و ته‌رزه شتایشكردن و نمایشه گوتارییه هه‌یه كه له
"تیله‌ی چاو" و "تیۆری ئایین"ـدا (ناونیشانی كتێبێكی باتای..
و.ك) هه‌ستی پێده‌كه‌ین. "هه‌ڵوێستی فه‌لسه‌فی من، به گشتی، له‌سه‌ر نا-مه‌عریفه
دامه‌زراوه، چونكه مه‌عریفه هه‌میشه په‌یوه‌سته به ورده‌كارییه‌كانه‌وه".
بۆیه ده‌بێت ئه‌و فراگمێنته ستایشكارییانه‌ی وا ده‌رباره‌ی لایه‌نی مه‌عریفه و
نا-مه‌عریفه‌یه بخوێنینه‌وه.
( 2 )
ئایدیا و بیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه وا له‌وه‌دا كه ئه‌م
ئابوورییه‌ی وا كۆمه‌ڵگه‌كانمان ده‌چه‌رخێنێت، به‌رهه‌می لادان و له ڕێ ده‌رچوونه
له بنه‌ما سه‌ره‌كییه مرۆییه‌كه‌ی خۆی، ئه‌ویش "پره‌نسیپی هه‌تاو/خۆر"ه
و له "به‌خشینه‌وه"دا ده‌رده‌كه‌وێت. بیرۆكه‌كه‌ی، له‌و دیوی ئابووریی
سیاسیی په‌تییه‌وه (كه له جه‌وهه‌ره‌كه‌یدا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌های ئاڵوگۆڕ
داده‌مه‌زرێت)، ڕاسته‌وخۆ به‌ڕووی پره‌نسیپه میتافیزیكیه‌كه‌ی ئابووری: واته
سوود-دا، ده‌وه‌ستێته‌وه. له بنه‌مادا سوود ]یان قازانج[ ئامانجه چاو لێبڕدراوه‌كه‌یه- به ڕواڵه‌تیش
وا ده‌رده‌كه‌وێت بنه‌ما پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی سه‌رمایه‌یش بێت، واته هاوکێشەى: كه‌ڵه‌كه‌كردن،
وه‌به‌رهێنان، بەهەدەردان (به‌فیڕۆدان)، ئه‌م دۆخه له سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگه‌كانی
پێشتریشدا هه‌بووه و، بنه‌مایه‌كه هه‌تا بڵێی بێ توانا و لاوازه، ته‌نانه‌ت
مرۆڤ له هه‌ر سه‌روه‌رێتییه‌ك داده‌بڕێنێت. ئابووری پڕ به‌م مانایه‌ی دووه‌م به‌نده
له‌سه‌ر نه‌به‌خشین، واته ئه‌و شته‌ی كه ناكرێت ببه‌خشرێته‌وه، ناشزانرێت چۆن ببه‌خشرێته‌وه،
وه‌ك ئه‌وه‌ی شیاوی ئه‌وه نه‌بێت كه ببێته بابه‌تی قوربانیكردن- كه‌واته هه‌موو
ئه‌و شتانه‌ی وا ناكرێت ببه‌خشرێنه‌وه ده‌مێننه‌وه، ئه‌مه‌یش دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی
سنوورداره، ئه‌وه‌ی باتای ده‌یه‌ویست بیكات وه‌ستانه‌وه بو دژی ئابووری وه‌ك
دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی سنووردار- ئه‌مه‌یش پره‌نسیپی ئابووریی گشتی
بوو.
پره‌نسیپی سوود (به‌های به‌كارهێنان) هه‌ماهه‌نگ و
گونجاوه له‌گه‌ڵ چینی بۆرژوازی، ئه‌و چینه سه‌رمایه‌داره‌ی كه باتای (به پێچه‌وانه‌ی
ماركسه‌وه) پێناسه‌یه‌كی نه‌رێنیی بۆ ده‌كات[1]: ئه‌و چینه‌ی كه
ئیتر نازانێت چۆن ببه‌خشێت. له‌مه‌یش زیاتر لای باتای، قه‌یرانی سه‌رمایه
و حه‌تمییه‌تی گه‌شه‌سه‌ندنه‌كه‌ی و كۆتاییه ئیمانێنتییه‌كه‌ی، په‌یوه‌ست نین به
مێژوویه‌ك و به ڕووداوێكی دیالێكتیكی دیاریكراوه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ماركس بۆی
چووه، به‌ڵكو پەیوەندییان به‌و یاسا بنچینه‌ییه‌ی نه‌بوونی توانای به‌خشینه‌وه و
ده‌ستئاوه‌ڵاییه‌وه هەیە كه سه‌رمایه ده‌سپێرێت به شێرپه‌نجه‌ی به‌رهه‌مهێنان
و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بێ سنوور. لای باتای بنه‌مای شۆڕش بوونی نییه:
"ترس و تۆقی شۆڕشه‌كان هیچیان لێ سه‌وز نه‌بووه جگه له ده‌سته‌مۆكردنی
زیاتر و زیاتری وزه‌ی مرۆیی بۆ پیشه‌سازی". به‌ڵام پره‌نسیپێك هه‌یه: بنه‌مای
قوربانیدان (التضحیة)، كه تاكه بنه‌مای سه‌روه‌رێتییه دژی ئه‌و لادان و
شێواندنه‌ی مێژووی مرۆڤ له‌لایه‌ن بۆرژوازییه‌ته‌وه كه وای كردووه سه‌رمایه
له موقه‌ده‌سێكی تراژیدییه‌وه بچێت به‌ره‌و سوودگه‌راییه‌كی كۆمیدی.
ئه‌م ڕه‌خنه‌یه ڕه‌خنه‌یه‌كی ناماركسییه و، ڕه‌خنه‌یه‌كی
ئه‌رستۆكراتییه. به‌ڵام ده‌چه‌قێت به دڵی بابەتى سووددا و ئامانجی ئابووری وه‌ك
به‌ڵكه‌نه‌ویستێكی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی دەپێکێت. كه‌چی ڕه‌خنه ماركسییه‌كه
ته‌نیا ڕه‌خنه‌گرتنه له سه‌رمایه‌یه‌ك كه له هه‌ناوی چینه‌كانی ناوه‌ڕاست و
ورده بۆرژوازییه‌ته‌وه هاتۆته ده‌رێ و ماركسیزمیش خۆی له سه‌ده‌ی
ئایدیۆلۆژیاوه وا له‌نێویدا: ئه‌مه ڕه‌خنه‌یه له به‌های ئاڵوگۆڕ، به‌ڵام
ستایشكردنی به‌های به‌كارهێنانه- كه‌واته له یه‌ك كاتدا ڕه‌خنه‌یه له‌و شته‌ی كه
هێشتایش گه‌وره‌یی سه‌رمایه به‌رجه‌سته ده‌كات و ده‌بێته مایه‌ی پارانۆیا و، ڕه‌خنه‌یه
له‌و دیوه ئایینییه‌یش كه له‌نێویدا ماوه‌ته‌وه و سیفه‌تی دونیایی پێ دراوه[2]: ئه‌ویش ته‌نیا و ته‌نیا وه‌گه‌ڕخستنی
سه‌رمایه‌یه جا باجەکەى هەرچى بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسێبی به‌های به‌كارهێنانیش
بێت. به‌ڵام ماركسیزم، به‌دوای به‌كارهێنانێكی دروستی ئابوورییه‌وه‌یه. كه‌واته
هیچ نییه جگه له ڕه‌خنه‌ی ورده بۆرژوازی سنووردار و، هه‌نگاوێكی زیاتر به‌ره‌و
بێ به‌هاكردنی ژیان، به‌ره‌و "به‌كارهێنانێكی باش"ـی به كۆمه‌ڵ! به‌ڵام
باتای به پێچه‌وانه‌وه، به ته‌واوی ئه‌م دیالێكتیكی كۆیله‌ییه له ڕوانگه‌یه‌كی
ئۆرستۆكراتییه‌وه ڕاده‌ماڵێت، ڕوانگه‌ی دیالێكتیكی سه‌روه‌رێكی ململانێكه‌ره له‌گه‌ڵ
مه‌رگی خۆیدا. ده‌كرێت تانه و ته‌وس له‌م ڕوانگه‌یه بده‌ین و بڵێین ئه‌مه ته‌نیا
پێش ماركسیزم یان دواى مارکسیزمە. به هه‌رحاڵ دۆخه‌كه هه‌رچی بێت ماركسیزم ئاسۆی
سه‌رمایه‌یه‌كه كه ته‌نیا له وه‌هم ڕزگاری بووه و هیچیتر- بۆیه پێش و پاشه‌كه‌یشی
له‌و ڕیشه‌ییتر بوون.
( 3 )
ئه‌وه‌ی لای باتای جێی گومان و دوودڵییه (گومانێك كه
نه‌یده‌توانی لێی ڕزگار ببێت) زانینی ئه‌وه‌بوو كه تۆ بڵێی ئابووری (یان سه‌رمایه)،
كه لەڕێگەى به‌فیڕۆدانی بێهووده‌وە هاوسەنگیى خۆى بەدیى دێنێت، به‌ڵام ئەم
بەفیڕۆدانە هه‌رگیز له سوود خاڵیی نییه و هه‌رگیزیش شه‌قڵی قوربانیدان و
قوربانیكردنی نییه (واته جه‌نگه‌كان، ده‌ستبڵاویی/ به‌فیڕۆدان)، تۆ بڵێی دواجار
له‌مسه‌ره‌وه بۆ ئه‌وسه‌ر دینامییه‌تی قوربانیكردن نه‌یگرێته‌وه؟ تۆبڵێی دواجار
ئابووریی سیاسی گۆڕانێكی دژ به تاكه یاسای یونیڤێرساڵ نه‌بێت كه یاسای به‌خشینه‌وه‌یه؟
ئینجا تۆبڵێی مێژووی سه‌رمایه شتێكی تر بێت جگه له لادانێكی گه‌وره به‌ره‌و
چاره‌ڕه‌شییه‌كه‌ی خۆی، به‌ره‌و كۆتاییه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی، وەک قۆچێکى قوربانى؟
ئەم پرسیارە گرنگە، چونكه دواجار ناتوانین نه‌به‌خشینه‌وه. خۆ ڕه‌نگه مانەوە بۆ
ماوه‌یه‌كی درێژتر سه‌رمایه له‌ودیوی ئابوورییه‌وه به‌ره‌و وێرانكردنی به‌ها
تایبه‌ته‌كه‌ی ببات، ده‌نا تۆ بڵێیی بۆ هه‌میشه له چوارچێوه‌ی نكوڵیكردنی موقه‌ده‌سدا
خۆی پیشانمان بدات، له بازنه‌یه‌كی عەمبار كراودا، كه مانای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
په‌یمان و هاوبه‌ندییه (واته ئاڵوگۆڕی هێمایی له كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كاندا)
و پچڕاندنی سه‌روه‌رێتییه؟
باتای به ته‌نگ په‌ره‌سه‌ندنه هه‌نووكه‌ییه‌كانی سه‌رمایه‌وه
بوو كه به‌ره‌و نغرۆكردنی به‌هاكان و لادان له ئامانجه‌كان ملی نابوو (شتێك كه
هه‌رگیز بێ سوود نه‌بوو، و شیاوی پێكه‌نینێكی بێ هووده و مه‌رگیش نه‌بوو). به‌ڵام
چه‌مكی به‌رگری لای باتای ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌دا شیكارییه‌كه‌ی به باشی بكات:
هێشتایش شه‌قڵه ئابوورییه‌كه زیاد له ڕاده به سه‌ر شیکارییەکەیدا زاڵ بوو،
له دژایه‌تیكردنی فۆڕمی كه‌ڵه‌كه‌كردنیشدا زێده‌ڕه‌وی كردووه، ڕێك وه‌ك زێده‌ڕه‌وریكردن
له شێوازی دژایه‌تیكردنی قه‌ده‌غه‌كاندا[3]. له سایه‌ی سیسته‌مێكدا كه
سیسته‌می سوودگه‌رایی نییه، به‌ڵكو سیسته‌می به‌های هه‌ڕه‌مه‌كییه، به‌خشینه‌وه‌ی
په‌تیی به‌س نییه بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌یه‌كی ڕیشه‌یی ]سەرمایە[، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵه‌ى ئەویش
هەر لە سیحری ڕۆمانسییانه‌ی گه‌مەى دژە ئابووری ڕزگارى نەبووبێت –واتە دژ بە
ئاوێنه‌ی شكاوی به‌های بازرگانى، به‌ڵام ده‌سته‌پاچه لە بەرامبەر ئاوێنه‌ی سه‌رلیشێوێنه‌ری
به‌های بونیادییدا. باتای ئابوورییه گشتییه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای "ئابووریی
هه‌تاوی" داده‌مه‌زرێنێت كه بێ به‌رامبه‌ره، واته له‌سه‌ر خه‌ڵاتێك
كه هه‌تاو/خۆر تاك لایه‌نه و لای خۆیه‌وه پێمانی ده‌به‌خشێت: ئه‌وه تیۆرێكه
ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی جیهانی به‌خشین كه له ئه‌نترۆپۆلۆژیای ئایینی و سیاسی‌دا
بڵاو ده‌بێته‌وه. به‌ڵام باتای به شێوه‌یه‌كی خراپ (مارسێل موس)ـی خوێندۆته‌وه:
به‌خشینی تاك لایه‌نه بوونی نییه. ئه‌م به‌خشینه یاسای گه‌ردوون نییه، ده‌بوو
ئه‌و، كه قوربانیدانی مرۆیی هۆزی "ئه‌زتاك"ـی به باشی كه‌شف كردبوو،
هه‌ر له‌م هۆزه‌وه فێر ببووایە كه هه‌تاو/خۆر هیچ شتێك نابه‌خشێت و، ده‌بێت خوێنی
مرۆیی ده‌رخوارد بدرێت تاوەکو تیشكه‌كانی په‌خش بكاته‌وه. ده‌بێت به‌هۆی
قوربانیكردنەوە بۆشی خوداكان بگرین تا به‌و هۆیه خێروبێری خۆیانمان به‌سه‌ردا
ببارێنن. به ده‌ربڕینێكی تر، ڕیشه‌ی قوربانی‌کردن/قۆچى قوربانى و ئابووریی گشتی هه‌رگیز
به‌خشینه‌وه‌ی په‌تی و ته‌نیا به‌خشینه‌وه و ده‌سئاوه‌ڵایی نییه، یان ئه‌و پاڵنه‌ره
نه‌زانراوانه‌ی زێده‌ڕه‌ویكردن له به‌خشینه‌وه‌دا نییه كه گوایە له سروشتی
مرۆییماندایە، به‌ڵكو پرۆسه‌ی به‌گژداچوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه.
( 4 )
سەرچاوەى "زێدە-وزە" هەتاو نییە (کە لە
سروشتدایە)، بەڵکو زیادبوونێکى بەردەوامى پرۆسەى ئاڵوگۆڕە، ئەمەیش لاى
"موس" کردەیەکى ڕەمزیى ڕوون و ئاشکرایە؛ زێدە-وزە دیاریى و خەڵات نییە
(ئەمە ئەو سۆفیگەرییە سروشتخوازەیە کە باتاى تێیدەکەوێت)، بەڵکو لە دیاریی پێچەوانەوە
دێت –کە تاکە کردەى ڕاستەقینەى ڕەمزییە و بە ناچارى توخنى مەرگ دەکەوێت چونکە مەرگ
جۆرە زێدەڕەوی و پەڕگیرییەکە کە بە دوایین ڕادەى خۆى دەگات-، بەڵام ئەمە نەک وەک
چێژێکى تاکەکەسى، بەڵکو وەک بنەماى هەرە پەڕگیرى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى. بەم مانایە،
دەشێت ڕەخنەى ئەوە لە باتاى بگرین کە "موس"ـى کردووە بە کەسێکى سروشتگەرا
(بەڵام لەنێو بەردەوامێتیەکى میتافیزیکیدا کە مەزن و جوانە ئەم کارەى کردووە، ئیدى
ڕەخنەکە زۆر سەنگى نییە)، هەروەها دەشێت ڕەخنەى ئەوەى لێبگرین کە ئاڵوگۆڕیى ڕەمزى وەها
لە قەڵەم دەدات جۆرێک وەزیفەى سروشتییانەى بەخشینە، وەزیفەیەک لە یەک کاتدا هەم
ئاینییە و هێندەیش بێبەرامبەر نییە کە باتاى بە زێدەڕەوییەوە وەسفى کردووە و،
هەمیش ئابوورییانەیە کە کەمتازۆر زێدەڕەویى لە قەبەکردنى بنەماى سوود و ئاستە
ئابوورییەکە کردووە کە خۆى هەوڵ دەدات تێیپەڕێنێت بە بێ ئەوەى هەرگیز لە بەرچاوى
ون ببێت. لە "هاوئاستیى مەرگ"ـدا (à hauteur de mort)،
دەبینین ئەم پرسیارە ڕاستەقینە لاى باتاى هەر ماوەتەوە: داخۆ بۆچى هەموو مرۆڤەکان
هەستیان بەوە کردووە کە پێویستە لە کەشێکى ڕیتواڵیدا گیانەوەرە زیندووەکان
بکوژرێن؟ بۆچى هەستیان بە زەرورەتى قوربانی‌کردن کردووە؟ جا بەو هۆیەى کە
نەیانتوانیوە وەڵامى ئەم پرسیارە بدەنەوە، هەموو مرۆڤەکان لە چییەتى خۆیان بێ‌ئاگا
ماونەتەوە. وەڵامى ئەمە لە دەقێکى باتایدا هەیە و لە هەندێ جێى دیکەیشدا دووبارەى
کردۆتەوە، بەڵام وەڵامەکە لە چەمکى "بەفیڕۆدان"دا نییە، لەو
هەوڵانەیشیدا نییە کە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەى ئەنترۆپۆلۆژیا بە گوێرەى پێدراوە
"ئوبێکتییەکان"ـى سەردەمەکە داویەتى، واتە بە گویڕەى پێدراوەکانى وەکو:
مارکسیزم، زیندەوەرناسى، کۆمەڵناسى و ئێتنۆلۆژیا، ئابووریى سیاسى؛ وێڕاى هەموو
شتێک ئەو هەوڵیدا هەموو توانستە ئوبێکتییەکان لە ڕوانگەیەکدا کۆبکاتەوە کە بە
تەواوەتى هیچ یەک لە جینالۆژیا یان مێژوویى سروشتى، یان سەنتێزى هیگڵى نییە، بەڵکو
تێکەڵەى هەندێ بەشى هەموویانە.
بەڵام پێویستیى مرۆڤ بە موقەدەس لەنێو ئیسپاتى
ئەفسانەییدا هیچ نەنگییەکى تیا نییە؛ ویستى دیالەکتیک کە ڕوانگە پرشنگدارەکەى
باتاى بە بەردەوامى دەیبەزێنێت و، "بابەتى مەعریفە"یش کە هەمیشە لە
"پلەى کوڵان"ـدایە، وا لە پێوەرە شیکاریى و یەکخەرەکان دەکەن هەمیشە
هێزى ئەفسانەیان هەبێت کە تاکە کۆڵەکەى هێزى نووسینە وەک قۆچى قوربانى.
[1]ماناى نێگەتیڤ و پۆزەتیڤ لێرەدا بە واتاى ستایش و
لایەنگیرى یان ڕەتکردنەوە و دژایەتى نییە. پێناسەى ئەرێنی لاى مارکس ئەوەیە کە
چینى بۆرژواز چینێکى چالاک و وریایە، پێناسە نەرێنییەکەى باتاى ئەوەیە چینێکە
تواناى بەخشینى نییە و لە خۆیدا چەقیوە. (و. کوردى)
[2] ئارەزووى
جڵەونەکراوى پرۆتستانتى لە کاردا (واتە: ''سامانى بەدەستهێنراو کە سامانێکە بۆ
دووبارە خستنەوەگەڕ و وەبەرهێنان... هیچ بەها و مانایەکى نییە ئەگەر بۆ
دەوڵەمەندکردنى بێ پایان نەبێ'') کە جۆرێک سەرکێشى و تەحەدا و ئارەزووى کردەوەى
بەرگەنەگیراویشى تیایە، جۆرێکە لە ئارەزووى پەڕگیرى سۆفیگەرانە کە لەگەڵ کار و
بەکارهێنانى هاوسەنگانەى کار و سوودوەرگرتن لە بەروبوومەکەیدا لێکدژە.
[3] بەفیڕۆدان
(تەنانەت بێ بەرامبەریش)، هەمیشە ناڕوونە، چونکە وێنەیەکى پێچەوانەى بەرهەمهێنانە
و دەشێت ئەو پەڵپەى پێبگیرێت کە دەڵێى
بەفیڕۆدان و مەسرەفکردن یەکەمجار پێویستیان بە بەرهەمهێنانە، ئەمەیش ئەو شتەیە کە باتاى
تەنیا دەتوانێت بە "هەتاو" (خۆر) وەڵامى بداتەوە.
سەرچاوە:
جان بودریار: عندما يهاجم "باطاي" المبدأ
الميتافيزيقي للاقتصاد، ترجمة: د. محمد عجينة، يناير 2014.
http://nomene.blogspot.com/
تێبینى: ئەم وتارە لە نامیلکەى "جۆرج باتاى"
ساڵى 2017، بەرهەمى دەزگاى ئایدیا، بڵاوکراوەتەوە.2014/01/blog-post_4718.html
No comments:
Post a Comment