گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كلۆد لیڤی شتراوس
وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د
-
بە خوێندنه‌وەی ئه‌و ده‌قانه‌دا كه بۆ ئه‌ده‌بت ته‌رخانكردوون،
ده‌رده‌كه‌وێت كه تۆ دووریت له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بونیادگه‌رییانه، وایە؟
-
من دوورم له‌و جۆرە ڕه‌خنه‌یه‌ی كه وا خۆى دێتە بەرچاو گوایه
بونیادگه‌رییانه‌یه و وشه‌ی "بونیاد" هه‌ر له‌خۆیه‌وه به‌كارده‌هێنێت
و »ده‌یلكێنێت به هه‌موو جۆره كاڵایه‌كه‌وه«. هه‌سته‌كه‌م من بوومه‌ته قوربانیی ته‌ڵه‌كه‌بازییه‌كی
فیكری، ئەویش كاتێك داواكرا به‌رهه‌مه ئاستنزمه‌كان بخرێنه ڕیزی به‌رهه‌مه
نایابه‌كانه‌وه له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنیان وه‌ك بابه‌تی توێژینه‌وه، ئه‌مه ئه‌و
شته‌یه كه زۆرجار ڕووده‌دات (ده‌ره‌تانی تێپه‌ڕین له به‌رهه‌مه نایابه‌كاندایه).
ئه‌مه‌ی كه وه‌ك بونیادگه‌ری جاڕی خۆی ده‌دات له واقیعدا هیچ نییه جگه له
پاساوی ئاستنزمی. له "كۆتایی" مرۆڤی ڕووتدا ئه‌مه‌م ئاشكرا وتووه.
-
باوه‌ڕت به پلەبەندیى هیرارشیى به‌رهه‌مه‌كان هه‌یه؟
-
ئه‌گه‌ر بمه‌وێ شیكارییه‌كی بونیادگه‌رانه بۆ به‌رهه‌می
ئه‌ده‌بی بكه‌م ئه‌وا شیعره‌كانی بۆدلێر هه‌ڵده‌بژێرم
نه‌ك قسه‌ی ستران‌نووسان.
-
ئه‌مه زۆر قه‌شمه‌رییانه‌یه، نامه‌یه‌كی چكۆله‌ی ته‌نزئامێز
به هاندەرى بزووتنه‌وه‌یه‌كت داده‌نێت كه كار بۆ سڕینه‌وه‌ى هیرارشییه‌تی نێو به‌رهه‌مه
كولتوورییه‌كان ده‌كات[1].
-
ئه‌م كتێبه‌م نه‌خوێندۆته‌وه و هیچیشی لێ نازانم، ته‌نیا
له ڕۆژنامه‌كانه‌وه هه‌ندێ شتم له‌سه‌ر بینیووه.
-
به‌ڵام بۆچوونت چییه لەسەر ئه‌وه‌ی كه تۆ به‌وه تۆمه‌تبار
ده‌كرێیت، به‌هۆی ده‌قه‌كانته‌وه ده‌رباره‌ی رێژه‌گه‌رایی كولتووری، به‌شداریت له
سڕینه‌وه‌ی هیرارشییه‌ته‌كاندا؟
-
ده‌بێت دوو واتای وشه‌ی كولتوور تێكه‌ڵی یه‌كتر نه‌كه‌ین.
كولتوور له واتا گشتییه‌كه‌یدا واتای زۆركردنی ڕۆشناییه بۆ حوكمدان و سه‌لیقه.
به‌ڵام له زمانی ته‌كنیكیی ئه‌نترۆپۆلۆژیسته‌كاندا واتایه‌كی تری هه‌یه. به‌پێی
پێناسه كلاسیكییه‌كه‌ی تایله‌ر، كه بۆ ئیمه
گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه و به‌م هۆیه‌وه ئاماژه‌ی پێده‌ده‌م، »كولتوور بریتییه له‌و مه‌عریفه و بیروباوه‌ڕ و هونه‌ر
و ئه‌خلاق و یاسا و نه‌ریت و هه‌موو ئه‌و توانا و عاده‌تانه‌ی تر، كه مرۆڤ وه‌ك
ئه‌ندامێك له كۆمه‌ڵگادا وه‌ری ده‌گرێت«. كولتوور –به
واتای دووه‌می- واتای ئه‌وه‌یه كه هه‌موو شتێك بابه‌تی توێژینه‌وه‌یه: واته به‌رهه‌مه
هه‌ره نزمه‌كان (به واتای یه‌كه‌می وشه‌كه) و به‌رهه‌مه هه‌ره به‌رزه‌كانیش.
ڕێژه‌گه‌رایی كولتووری ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه هیچ كولتوورێك
نییه پێوه‌رێكی ڕه‌های ئەوتۆى هه‌بێت مافی ئه‌وه‌ی پێبدات ئه‌و جیاكارییه‌ی پێشتر،
به‌سه‌ر به‌رهه‌می كولتووره‌كانی دیكه‌دا پراكتیزه بكات. له‌به‌رامبه‌ردا، هه‌موو
كولتوورێك ده‌توانێت، بگره پێویستیشه، ئه‌مه ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه تایبه‌تییه‌كانی
خۆی بكات، واته به‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی خۆیدا پراكتیزه‌ی بكات. چونكه ئه‌ندامه‌كانی
ئه‌م كولتووره -بۆ ئه‌م كولتووره- له یه‌ك كاتدا هه‌م بكه‌رن و هه‌م تێبینه‌رن.
من له پێگه‌ی خۆمدا وه‌ك كارمه‌ندێك agent هه‌رگیز وێنه جوڵاوه‌كان یان
ڕۆك سه‌رنجم ڕاناكێشیت و حه‌زم پێیان نییه. به‌ڵام وه‌ك تێبینه‌رێك له بڵاوبوونه‌وه‌ی
ئه‌م دوو جۆره دیارده سۆسیۆلۆژییه‌دا، پێموایه ده‌بێت وه‌ك خۆیان توێژینه‌وه
بكرێن به بێ له‌به‌رچاوگرتنی حوكمی به‌های ئه‌خلاقی و ئێستاتیكی، كه ده‌رباره‌یان
لای لێکۆڵەر دروست ده‌بن. ده‌ربڕینی ده‌سته‌واژه‌ی "كولتووری ڕۆك" یان
"كولتووری وێنه‌ی جوڵاو" بریتییه له گۆڕینی واتای وشه‌ی كولتوور له
واتایه‌كه‌وه بۆ واتایه‌كی تر و ئه‌نجامدانی شوشتنه‌وه ]تناسخ[ی فیكری. به‌ڵام دژە بۆچوونه‌كه‌ی ئه‌مه
(واته تۆمه‌تباركردنی ئێتنۆلۆژیا به تێكدانی فیكری میللی، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی
ئه‌م كایه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی دیاریی كردووه و بۆی دیاریی كراوه) تاڕاده‌یه‌كی
زۆر له تۆمه‌تباركردنی كارمه‌ندانی تاقیگه پزیشكییه‌كان دەچێت به‌وه‌ی كه گوایە
ئه‌وانه خوێنگرن یان حه‌زیان له پیساییه.
-
باسی بۆدلێرت كرد. مه‌به‌ستت شیكاركردنی ئه‌و بڕگه
شیعرییه sonnet بوو كه له‌گه‌ڵ
یاكۆپسن كردووتانه[2]؟
-
به‌ڵێ، رۆژێك له پاریس، یاكۆپسن باسی ئایدیاكانی خۆی بۆ كردم ده‌رباره‌ی شیكاركردنی
بونیادگه‌رییانه‌ی شیعر، گەلێک نموونه‌شی پێدام: ئینگلیزی و ڕوسی و ئه‌ڵمانی، ئه‌وه‌یشی
وت كه دۆخی شیعری فه‌ره‌نسی ده‌یشڵه‌ژێنێت. ئایدیاكانی زۆر كارییان لێكردم، تا ئه‌و
ڕاده‌یه‌ی كه قه‌ناعه‌تم وابوو ناشێت له شعریشدا پراكتیزه نه‌كرێن. دوای ئه‌وه‌ی
ڕۆیشت، "پشیله‌كان" –ئه‌وه له‌و شیعره ده‌گمه‌نانه‌بوو كه هه‌ر به
شاراوه‌یی ده‌یپارێزم- هات به خه‌یاڵمدا. هێدی هێدی كێشانی هێڵه سه‌ره‌تایی و سه‌ره‌كییه‌كانی
لێكدانه‌وه له‌نێو ئه‌و هێڵه‌دا كه یاكۆپسن كێشای، ده‌ستیان پێكرد. به‌م جۆره
خۆم خه‌ریك كرد به شیكارییه‌كه‌وه كه، تۆزێك به خۆپارێزییه‌وه، ده‌توانم ناوی
بنێم شیكاری زمان‌ناسی، -جا له‌به‌رئه‌وه‌ی ساكار و خاکەڕا بوون- به‌ره‌نجامی
تێڕامانه‌كانم بۆ یاكۆپسن نارد. ئه‌مه ئه‌ویشی هاندابوو، بۆیه ئه‌و تۆزێك ده‌ستكاریی
كردبوو، هه‌ندێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی شیكارییه‌كه‌ی منی هێشتبوویه‌وه و هه‌ندێكیشیانی
ده‌ستكاری كردبوو و زۆر ڕه‌گه‌زی دیكه‌یشی سەرخستبوو. نامه‌گۆڕینه‌وه‌مان له‌باره‌ی
ئه‌م بابه‌ته‌وه به‌رده‌وام بوو، كاتێك گه‌ڕایه‌وه بۆ پاریس به‌یانییه‌كیان له‌م
نووسینگه‌یه دانیشتین، قه‌ڵه‌مم گرت به ده‌ستمه‌وه و پێكه‌وه ده‌ستمانكرد به
نووسین، دانیشتبووین و مشتومڕمان له‌سه‌ر وشه به وشه ده‌كرد، ئه‌مه هه‌موو
ڕۆژه‌كە درێژەى کێشا.
-
ئه‌ی نه‌ده‌كرا ئه‌و به‌شه ته‌واو بكه‌یت؟
-
من زمان‌ناس نیم، به ته‌نیاییش نه‌مده‌توانی
په‌یڕه‌وی له‌م جۆره ئه‌زموونه بكه‌م. به‌ڵام یاكۆپسن به‌رده‌وام بوو، به هه‌مان
ڕۆحییه‌ته‌وه شیكاریی دیكه‌ی بۆ شیعری تر بڵاوكردنه‌وه.
-
له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌ب قسه ده‌كه‌ین، ده‌توانیت
پێم بڵێیت، به‌لای تۆوه كام نووسه‌رانه باشن؟
-
وه‌ك پێشتر وتم، كۆنراد، هه‌روه‌ها
بالزاك و شاتۆبریان..
پرۆست و به‌دڵنیارییه‌وه ڕۆسۆیش.
-
پێموایه كاتێك باسی شاتۆبریان ده‌كه‌یت،
مه‌به‌ستت شاتۆبریانی "یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌ودیوی مه‌رگ"ـە، وا نییه؟
-
به‌لێ، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و
تێڕوانینانه‌ی ته‌نانه‌ت له كتێبێكی جیاواز و وه‌ڕزكه‌ری وه‌ك "عه‌بقه‌رییه‌تی
مه‌سیحییه‌ت"ـیشدا ده‌بینین.
-
ئه‌ی بالزاك؟ هه‌ندێك له
به‌شه‌كانی "ئه‌فسانه‌ییه‌كان" ناونیشانیان ئاوایه "وه‌رزه‌كانی
ژیانی تایبه‌تی" یان "وه‌رزه‌كانی ژیانی گوند".
-
ده‌بوو هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی
بالزاك ده‌یانجار بخوێنمه‌وه، جا له‌به‌رئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی من تیژ نییه، هه‌موو
جارێك پێموابوو ئه‌مه یه‌كه‌مجاره ده‌یانخوێنمه‌وه. هه‌موو چه‌ند ساڵ جارێك
خوێندوومنه‌ته‌وه.
-
چ ڕۆمانێكت زۆر پێباشه؟ "باونی خزم"؟
-
ڕه‌نگه سه‌دان هۆكار هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی
ئه‌وه‌م پێ باش بێت، به‌ڵام "پێچه‌وانه‌ی مێژووی هاوچه‌رخ" گیرۆده‌ی
كردم. لێره‌دا بالزاك له دیكنز نزیك ده‌بێته‌وه، كه ئه‌مه‌یش هه‌ر له‌نێو ئه‌و
نووسه‌رانه‌دا داده‌نێم وا من پێمباشن ("ئومێده گه‌وره‌كان" جوانترین
ئه‌و كتێبانه‌یه كه من بینیوومن). من لای دیكنز و بالزاكیش، به‌تایبه‌ت له
"پێچه‌وانه‌ی مێژووی هاوچه‌رخ"دا، زەنگێك ده‌بیستم كه من زۆر پێی هه‌ستیارم:
ئه‌وه‌ی زه‌نگێكی نایابی مه‌ده‌نییه.
-
ئایا ده‌توانین ڕۆسۆیش
له‌نێوان ئه‌و نووسه‌رانه‌دا دابنێین كه له ڕووی فیكرییه‌وه كاریگه‌رییان له‌سه‌رت
هه‌بووه؟
-
ده‌رباره‌ی ڕۆسۆ و هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئالامبێریش ده‌ڵێم: »قه‌ناعه‌تم پێناكه‌ن، به‌ڵام ده‌مجوڵینن«. مه‌یلی
من بۆ فیكری سیاسی ڕۆسۆ شه‌یداییه بۆ بونیاده قه‌شه‌نگه‌كه‌ی. سه‌رسوڕمانی من به
ڕۆسۆ پێش هه‌موو شتێك ئێستاتیكییانه‌یه: وای له‌و ستایله! ئه‌و له پێنج وشه‌دا
شتێك ده‌ڵێت كه من پێویستم به پانزه وشه‌یه بۆ وتنی هه‌مان شت. دوای ئه‌مه هه‌موو
فۆڕمه ئاڵۆزه‌كانی تر دێن، به‌و ڕاده‌یه‌ی كه به زه‌حمه‌ت ده‌توانم ڕوونیان بكه‌مه‌وه.
ڕۆسۆ له‌و كه‌سانه بووه كه هه‌ر زوو پێشبینیی داهاتووی لێكۆڵینه‌وه
ئێتنۆلۆژییه‌كانیان كردووه، هه‌روه‌ها ویستوویه‌تی زانسته سروشتییه‌كان له ئه‌ده‌ب
نزیك بخاته‌وه. ئه‌مه‌ى كردۆته حه‌تمییه‌تێكی نائاسایی و ناباو، ئەو تێبینه‌رێكى
زۆر هه‌ستیار بووه. له هه‌موو كاره‌كانیدا به دوای یه‌كێتیی هه‌ستی و عه‌قڵییه‌وه‌یه
intelligible، ئه‌مه‌یش وای له من كرد به
ڕێگه‌ی دیكه هه‌مان شت بكه‌م و شته‌كانم له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌وه تاوتوێ ده‌كرد:
واته له‌و گۆشه‌یه‌وه كه عه‌قڵ له پێشتره نه‌ك هه‌ست، به‌ڵام لای هه‌ردووكمان
هه‌مان هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئاشتكردنه‌وه و یه‌كخستنی ئه‌م دوو لایه‌نه.
له گفتوگۆیه‌كی پێشتردا وتم ماركس یه‌كه‌م كه‌س بووه
كه میتۆدی نموونەى له زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كانتدا پراكتیزه كردووه، ڕه‌نگه
وا باشتر بێت ئه‌مە بده‌ینه‌وه پاڵ ڕۆسۆ ئه‌ویش له "گوتارێك ده‌رباره‌ی
نایه‌كسانی"، ئه‌گه‌رچی نموونه‌كانی زۆر دوورن له واقیع و یه‌كتر نابڕن.
"دانپێدانانه‌كان" وایان لێكردم له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی په‌رشوبڵاودا بژیم
كه به توندەتەبیعەتى و ئاوازی پته‌و وه‌سف ده‌كرێت و هه‌ردوو سیفه‌ته‌كه‌یش له
تابلۆكانی شاردان یان درۆلنگ‌دا هه‌ن. دواجار "هیلوئیزی
نوێ"، كه كه‌س نایخوێنێته‌وه له كاتێكدا به ته‌واوی یه‌كه‌م ڕۆمانی
مۆدێرنه (مه‌دام دولافاییت ڕه‌گه‌زێكی ڕۆمانی ئه‌فراندووه)، باس له‌وه ده‌كات:
كچێك له خێزانێكی باش‌دا عه‌شیقێكی ده‌بێت، به‌ڵام ده‌درێت به پیاوێكی به ته‌مه‌ن.
هه‌موو شتێكی بۆ ده‌گێڕێته‌وه و هیچی له‌ده‌ستنایه‌ت ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه ده‌ستوبرد
بكات و عه‌شیقه‌كه بهێنێته ماڵه خێزانییه‌كه‌وه، ئه‌مه‌یش ده‌بێته مایه‌ی بێزاری
و داماویی هه‌مووان. نازانین ئه‌م به هۆی پاڵنه‌رێكی سادیستییه‌وه ئاوا هه‌ڵسوكه‌وتی
كردووه، یان به‌هۆی پاڵنه‌ری مازۆخییه‌وه، به‌ناوی ئه‌خلاقی ته‌مومژاوییه‌وه
یان هه‌ر به گه‌مژه‌یی ڕه‌فتاری كردووه. په‌یوه‌ندییه‌كی له‌م جۆره له‌نێوان
نووسه‌ر و كاره‌كته‌ره‌كانیدا هێڵه‌كانی تێدا كه‌شف نابێت و هه‌ر به تاریكی ده‌مێنێته‌وه
وه‌ك ئه‌وه‌ی له ژیاندا هه‌یه. دواتر ئه‌مه لای دیستۆیڤسكی و كۆنرا ده‌بینینه‌وه.
نووسه‌ر هه‌موو ئه‌م شتانه ده‌خاته هه‌ستكردنێكی به‌هێزه‌وه به سروشت –هه‌روه‌ك
زینده‌خه‌ون-.. ئه‌وه‌تا تۆ ده‌بینیت، ڕۆسۆ ده‌مجوڵێنێت.
-
به‌ڵام من مه‌به‌ستم كاریگه‌ریی فیكری بوو، چونكه
ناونیشانی یه‌كێك له وتاره‌كانت ئاوا بوو: "ڕۆسۆ، دامه‌زرێنه‌ری زانسته
مرۆڤایه‌تییه‌كان"، له به‌شی دووه‌می ئه‌نترۆپۆلۆژیای بونیادگه‌ریدا بڵاوت
كردۆته‌وه.
-
له ژنێف ئاهه‌نگێكی پڕ شكۆ دووسه‌د
وپه‌نجاهه‌مین ساڵیادی له‌دایكبوونی رێكخرا، بۆیه ئه‌وه‌ی وتم تۆزێك زێده‌ڕه‌وی
تیا‌بوو، به‌ڵام به ته‌واوه‌تی هه‌ڵه نه‌بوو.
-
له‌م ده‌ستگوتاره‌دا وتوته: »هه‌موو ئیتنۆلۆژیستێک دانپێدانانه‌كانی خۆی ده‌نوسێته‌وه«، له‌وێدا ده‌بێت به من‌دا تێپه‌ڕێت تاوه‌كو
له من ڕزگاری ببێت. به‌ڵام تۆ هه‌میشه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌یته‌وه نابێت
هه‌ست به بوونی شوناسی كه‌سییانه‌ی من بكه‌ین.
-
لێره‌دا لێكدژییه‌ك نابینم. ئه‌گه‌ر
هه‌ست به شوناسی كه‌سییانه‌ی خۆمان نه‌كه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت له كاتی ده‌رچوون له
دۆخه هه‌ڵاوێردییه‌كان هه‌وڵێكی زیاتر بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان وه‌ك من‌ـه‌كان به‌ده‌ست
بهێنینه‌وه. ئه‌زموونی ئیتنۆگرافی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌زموونییه ده‌رباره‌ی
شتێك كه لێت ده‌ترازێت و له ده‌ستت ده‌خزێت. ئه‌گه‌ر به باشی بمزانیایه ئه‌بم
به چی، ئه‌وا پێویستم به‌وه نه‌بوو له ڕیسكی سه‌یر و سه‌رمه‌ره‌دا به‌دوای
خۆمدا بگه‌ڕێم.
-
تۆ ئه‌وه نازانی؟
-
زۆر به خراپی ده‌یزانم.
-
هه‌ر تۆ وایت یان ئه‌مه هه‌ر خاسییه‌تێكی فیكری مرڤایه‌تییه؟
-
من خۆم به تاقانه‌ییه‌وه باناده‌م.
پێموایه كۆمه‌ڵگه هه‌ستكردن به شوناسی كه‌سییانه ده‌سه‌پێنێت...
-
... وا له كه‌سێكیش ده‌كات كه كتێبه‌كانی
به ناوی "كلۆد لیڤی شتراوس، له ئه‌كایمیای فه‌ره‌نسی"ـه‌وه واژوو
بكات؟
-
... به‌ڵێ، كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌یه‌وێت
ئه‌و ببێته "كه‌سێك"، تاوه‌كو ئه‌م "كه‌س"ـه بكاته به‌رپرس
له‌وه‌ی كه ده‌یكات و ده‌یڵێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م فشاره كۆمه‌ڵایه‌تییه بوونی نه‌بووایه
ئه‌وا له‌وه دڵنیا نه‌بووین كه ئاخۆ هه‌ستكردن به شوناسی كه‌سییانه تا ئه‌و ڕاده‌یه
به‌هێز ده‌بوو كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌ستیان پێده‌كرد یان نا.
-
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕۆسۆ: ده‌ڵێن گوایه له سه‌رده‌مێكدا
پرۆژه‌ی ئه‌وه‌ت هه‌بووه كتێبێكی له‌باره‌وه بنووسیت؟
-
ئه‌وه به خه‌یاڵمدا هات، به‌ڵام
به خێرایی ئایدیاكه‌م ڕه‌ت كرده‌وه، له‌به‌ر دوو هۆكار: هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بوو
كه هه‌ر له ساڵانی خوێندنمدا وه‌كو قوتابی، ئه‌ده‌بیاتێكی ڕۆسۆیی گه‌وره له‌پێشمدا
ده‌ركه‌وت. جا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی زه‌ق نه‌كه‌م، یان به ده‌رگا كراوه‌كاندا نه‌چمه
ژووره‌وه، ده‌بوو ده‌یان به‌رهه‌م كۆبكه‌مه‌وه كه هی په‌نجا ساڵی ڕابردوو بوون،
ئه‌مه زه‌نده‌قی بردم.
هۆكاری دووه‌م، په‌یوه‌ندی من به ڕۆسۆوه تۆزێ
ئاڵۆزه. فرۆید و ماركس وایان لێكردم بیر بكه‌مه‌وه.
به‌ڵام ڕۆسۆ تووشی هه‌وكردنی كردم. بۆیه من به زه‌حمه‌ت لایەنى سوبێكتی و
ئوبێكتیم بۆ جیا ده‌كرێته‌وه، لێره‌دا ئه‌وه‌یش ده‌ڵێم كه هه‌ڵوێستم به‌رامبه‌ر
ئه‌و زیاتر به‌ره‌و پێشچوو، یان لایه‌نیكه‌م ئه‌و شوێنه‌م لێگۆڕا كه له ژیانی
خۆمەوە له به‌رهه‌مه‌كانیم ده‌ڕوانی: له‌و ساڵانەدا کە شوێنکەوتەى کۆمۆنیزم بووم
لێی دووركه‌وتمه‌وه، لایه‌نیكه‌م له فیكره سیاسییه‌كانی دووركه‌وتمه‌وه.
-
بۆچی؟
-
"په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی"
كتێبێكی سه‌خته، ڕه‌نگه له هه‌موو فه‌لسه‌فه سیاسییه‌كان قورس‌تر بێت. هه‌تا
توانیم له‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ڕاسته‌وخۆیه‌ی نێوان تاك و كۆمه‌ڵ collective دووركه‌وتمه‌وه
كه ئه‌و ده‌یوست بیچه‌سپێنێت، دووركه‌وتمه‌وه له‌و بۆچوونه‌ی ئه‌و كه هه‌ر نێوانگیرێک
له‌نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئه‌مه له كاتێكدا كه من
پێموایه نێوانگیرەکان گۆشت و خوێن به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌خشن.
سه‌رچاوه:
كلود
لیڤی شتراوس، من قريب و من
بعيد (الدوائر الباردة)، حوارات مع ديدييه إريبون، ترجمة: مازن م. حمدان، دار
كنعان للدراسات و النشر و التوزيع، الطبعة الأولى 2000، دمشق، ص257-264.
[2] ("القطط" لشارل
بودلير), في "الإنسان", 2, 1, 1962؛ رؤمان ياكوبسون, أسئلة شعرية,
باريس, سوي, 1973, ص401-219؛ مختارات III, العاغ, باريس- نيويورك, موتون, 1981, ص 447-464 و
ص783-785؛ دولاكروا و غيرتز, "القطط" لبودلير, مواجهة المناهج, باريس, puf, 1980.
تێبینى: ئەم بابەتە لە فایلى
"کلۆد لیڤى شتراوس"ـى دەزگا ئایدیادا بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment