ناوى کتێب: ئەلف بێ
ناوى نووسەر: ژیل دۆلۆز
وەرگێرانى: هاوار محەمەد
چاپخانە: دەزگاى ئایدیا
ساڵ و شوێنى چاپ: 2017 سلێمانى
پێشەکیى
وەرگێڕ:
ژیل
دۆلۆز، له خێزانێكی نه‌ریتیی چینی ناوه‌ند له دایك بووه، بۆ خوێندنی سه‌ره‌تایی
نێردراوه‌ته قوتابخانه‌یه‌كی گشتی، جگه له یه‌ك ساڵ كه له ماوه‌ی داگیركردنی
فه‌ره‌نسادا له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه نێردراوه‌ته قوتابخانه‌ی نۆرماندی، له
هه‌مان ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی پاریس ژیاوه كه له سه‌ره‌تای ژیانیدا لێی هاتۆته
دنیاوه. ژیانی تایبه‌تی ئه‌و زۆر ئاشكرا نییه، له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و ژنه‌دا ژیانی
برۆدته سه‌ر كه له ته‌مه‌نی 31 ساڵیدا هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵدا پێكهێناوه، فانی
(دێنیس پاوڵ) گراندجۆنان، وه‌رگێڕی فه‌ره‌نسی به‌رهه‌مه‌كانی د. هـ. لۆرانس، دۆلۆز
دوو منداڵی له فانی بوو. ئه‌و هه‌ر زوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌فه‌ری كرد، هه‌روه‌ها
له ساڵی 1975 دا گه‌شتی كرد بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له به‌شی
هه‌ره زۆری ژیانیدا زۆر به كه‌می له كۆنفرانسه ئه‌كادیمی و مێزگردهكاندا
ئاماده بووه، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه چالاكیی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و
هاوكات له‌گه‌ڵ نووسیندا ڕووده‌دات، نه‌ك له دیالۆگ و مشتومڕه‌كاندا. ژیانی هه‌ره
دراماتیكییانهی ئه‌و هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا دەست پێدەكات، كاتێك له سه‌رده‌می
داگیركردنی فەرەنسادا لەلایەن ئەڵمانیاوە، برا گه‌وره‌كه‌ی دۆلۆز لە هەڵمەتی
دەستگیركردنی ئەكتیڤێستە بهرهنگاریكهرهكان لەلایەن نازییەكانەوە ده‌ستگیر كرا و دیپۆرت كرا، له
كاتی چوونیدا بۆ ئاشڤیتز مرد.
كاتێك
ئه‌ڵمانه‌كان له كانوونی دووه‌می ساڵی 1940دا فه‌ره‌نسایان داگیركرد، خێزانه‌كه‌ی
دۆلۆز له كه‌ناره‌كانی نۆرماندی بوون، بۆیه ئه‌و ساڵێكی له قوتابخانه‌ی ئه‌وێ
برده سه‌ر. دۆلۆز له‌وێ چوویه نێو ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌وه شانبه‌شانی مامۆستاكه‌ی
دیۆڤیل، كه ناوی "پییه‌ر هالبواكس" بوو (كوڕی مۆریس هالبواكسی
سۆسیۆلۆژیست)، ئه‌و به چه‌ند نووسه‌رێكی وه‌كو ئه‌ندرێ ژید و بۆدلێری ناساند. ئه‌و
هه‌ر زۆر زوو باسی له‌وه كردووه چه‌مكه فه‌لسه‌فییه‌كان به ئه‌ندازه‌ی هێزی
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌ده‌ب كاریگه‌رییان لێكردووه، كه سه‌ربه‌خۆیی و ستایلی
تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. دوای ڕزگاربوونی فه‌ره‌نسا، دۆلۆز گه‌ڕایه‌وه بۆ پاریس
و ، له لیسییهی هێنری
چواره‌م که زۆر به ناوبانگه، سه‌رقاڵبوو به Khagne وه (یه‌كێك له ساڵه قورسه‌كانی خوێندنی
ئاماده‌یی)، پاشان له زانكۆی سۆربۆن مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی خوێند. له‌سه‌ر ده‌ستی
ژان هیپۆلیت و فردیناند ئهلیكوای پێگه‌یشت كه "زۆری خۆشده‌ویستن و پێیان سه‌رسام
بوو". هه‌روه‌ها بووە قوتابی جۆرج كانگویلیم و مۆریس دی گاندیلاك. وه‌كو
زۆرێك له هاوته‌مه‌نه‌كانی خۆی كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ری نووسینه‌كانی ژان پۆل
سارته‌ر و به‌رهه‌مه ئهكادیمییهكانییهوه.
دۆلۆز بۆ خوێندن لە بواری
مێژووی فەلسەفەدا چووە زانكۆی سۆربۆن، ئەمەیش بووە مایەی نووسینی یه‌كه‌م كتێبی به
ناوی "ئه‌زموونگه‌رایی و سوبێكتیڤیتی" (1953) له‌باره‌ی
هیومه‌وه. له سه‌رده‌می نه‌وه‌كانی خۆیدا، وه‌كو فۆكۆ و دێریدا، كه له ئیكوهڵ
نۆرماڵ سۆپه‌ریۆر (Ecole Normale Supérieure) ده‌یانخوێند،
له ده‌وری "سێ (H)ـە‌كه" كۆبوونه‌وه، ئه‌وانیش
(هیگڵ، هۆسره‌ڵ، هایدیگه‌ر) بوون، بڕیاری دۆلۆز بۆ نووسین له‌باره‌ی ئه‌زموونگه‌رایی
و هیومه‌وه هه‌میشه ئیتسیفزازێك بوو، ئاماژهكی زۆر زوو بوو له‌سه‌ر مه‌یلی
داهێنانكاریی له بیركردنه‌وه‌یدا. له ساڵی 1953-1962، كه دواتر خۆی وه‌ك
"شه‌به‌قی ژیانم" باسی كرد، دۆلۆز چه‌ند نووسینێكی بڵاوكرده‌وه، كه له‌نێو
زۆربه‌ی پێگه‌ی خوێندنه‌كان له پاریس و هه‌رێمه‌كه‌ی خۆیدا ده‌هات و ده‌چوو. هه‌ر
له‌و ماوه‌یه‌یشدا بوو تووشی نه‌خۆشیی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی بوو تووشی سیلی كرد بووه
مایه‌ی پشوودان له ژیانی ئه‌ودا. ئیدى لەو کاتەوە دۆلۆز بە چڕى دەستیکرد بە گەشتى ژیانى لەنێو فیکر و
فەلسەفەدا گەلێك بەرهەمی ناوازە و گرنگی نووسى، چەندین كتێب و دەیان وتار و دەیان
چاوپێكەوتن، لێرەدا دەرفەت نییە ناوی هەموویان بهێنین، تەنیا ئاماژە بە گرنگترین
كتێبەكانی دەكەین.
-
نیچە و فەلسەفە، 1962.
-
كانت و فەلسەفەی ڕەخنەیی، 1963.
-
پروست و نیشانەكان، 1964.
-
بیرگسۆنیزم، 1966.
-
جیاوازی و دووبارە بوونەوە، (تێزی دكتۆرا)، 1968.
-
سپینۆزا و كێشەی دەربڕین، 1968.
-
ئەنتی ئۆدیپ، (بە هاوبەشی لەگەڵ فیلیكس گواتاری)، 1972.
-
كافكا، بەرەو ئەدەبی كەمینە (بە هاوبەشی لەگەڵ فیلیكس
گواتاری)، 1975.
-
هەزار ڕووتەخت، (بە هاوبەشی لەگەڵ فیلیكس گواتاری)،
1980.
-
فرانسیس بیكۆن- لۆژیكی هەستكردن، 1981.
-
سینەما 1: جووڵە-وێنە، 1983.
-
سینەما 2: كات-وێنە، 1985.
-
فۆكۆ، 1986.
-
قەد: لایبنیتز و بارۆك، 1988.
-
فەلسەفە چییە؟ (دوایین كتێب و بەهاوبەشی لەگەڵ فیلیكس
گواتاری)، 1991.
ئەم
كتێبەی بەردەستیشمان یەكێكە لە كارە بەناوبانگەكانی دۆلۆز، كە لە بنەڕەتدا كتێب
نەبووە، بەڵكو گفتوگۆ بووە و بە كامێرا تۆمار كراوە. له‌ماوه‌ی ساڵی 1998-1999، كله‌یر
پارنێت، كچهقوتابی و هاوڕێی دۆلۆز، بۆ ماوه‌ی هه‌شت كاتژمێر گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ ئەم
فەیلەسوفەدا به شێوه‌ی ڕێزبەندیى پيته‌كانی "ئهلف بێ تێ"
ئه‌نجامدا، له‌هه‌ر پیتێك وشه‌یه‌كی هه‌ڵبژارد کە سەرەتاکەى بەو پیتە دەستپێدەکات تاوه‌كو دۆلۆز به
شێوەیەکى سادە و هه‌ڕه‌مه‌كی قسه‌یان له‌سه‌ر بكات، ئامانجیش لەمە ئەوەبوو کە ئەم
گفتوگۆیە ببێته ناساندنێكی میللی و قه‌شه‌نگ بۆ فه‌لسه‌فه‌كه‌ی دۆلۆز. له به‌رامبه‌ریشدا،
جا لەبەرئەوەى دۆلۆز به كه‌می به‌شداریی له گفتوگۆ و مشتومڕه گشتییه‌كاندا ده‌كرد،
مەرجێکى دانا، ئەویش ئه‌وه‌بوو كه نابێت تۆماره ڤیدیۆییەکان هه‌تا پاش مه‌رگی
خۆی بڵاوبكرێنه‌وه و ببیسترێن. گفتوگۆكه به كامێرا وێنه گیراوه و "پییه‌ر
ئه‌ندرییه بۆتان" ده‌رهێنانی بۆ كردووه و لە دەرهێنانەكەیدا وای بەباش
زانیووە هیچ شتێك لە گفتوگۆكە نەسڕێتەوە، تەنیا لە چەند كاتێكی كورتدا نەبێت كە
دۆلۆز پشووی تێدا وەرگرتووە. دواجار گفتوگۆ ڤیدیۆییەكە لە نێوان زستانی 1994- بەهاری
1995 له كه‌ناڵی "ئارت" (Arte)ی كولتووری بڵاوكرایه‌وه، واتە ساڵێك بەر لە مردنی
دۆلۆز.
ئه‌م
وه‌رگێڕانه له هەردوو ده‌قه عەرەبییەکە و ئینگلیزییهوهكهوه وه‌رگیراوه ده‌قه
فهرهنسییهكهیش به شێوه‌ی نووسراو هێشتا له به‌رده‌ستدا نییه. سەرجەمى
ڤیدیۆى چاوپێکەوتنەکەیش لە سایتى یوتوب و چەندین سایتى تردا، بە ژێرنووسی زمانە
جیاوازەكان دانراون، لەم وەرگێڕانەدا شێوه‌ی ڕیزبه‌ندیی حه‌رفه لاتینییه‌كان (A B C) دانراوەتەوە،
بۆ ئه‌وه‌ی زنجیره‌ی ئایدیاكان و په‌یوه‌ندییه‌كانیان بە یەکترییەوە به‌و جۆره‌ی
كه هه‌بووه، بپارێزرێن. ناوی كتێبەكەیش لێرەدا دوولایەنەیە، بە دوو واتا
"ئەلف بێ"ـیە؛ لەلایەك، ئەلف بێیە لەبەرئەوەى بەشێوەى
ڕیزبەندیى پیتى ئەلف بێ تێ دەچیتە پێش؛ هاوکات لەلایەكی دیكە، ئەلفەبێتـە
بەو مانایەى کە دەروازەیەکى سادە و ساکار و كورت، بەڵام قووڵ و قەشەنگە بۆ چوونە
نێو فیکر و چەمک و ئایدیاکانى دۆلۆزەوە. دەبێت خوێنەر ئاگاى لەوە بێت کە ئەم
گفتوگۆیە بە زارەکى و بە بێ ئامادەكاریی پێشوەختە ئەنجامدراوە؛ ئەو كات دۆلۆز لە
تەمەنی 63 ساڵیدا بووە، ئەوەیش تەمەنی پیری و بەساڵاچوونە، بۆیە لە گفتوگۆكەدا
هەست دەكەین ئەم پیرەمێردە لە هەندێ شوێندا یادەوەرییەكەی هاوكاریی ناكات، هەندێ
ڕووداو و ناوی كەسایەتی و ئەو شتانەی باش بەبیرنایەتەوە كە دەیەوێت باسیان بكات،
بەڵام لەمەدا كچە قوتابییەكەی یارمەتیی دەدات، چونكە ئەو ماوەیەكی زۆر لە
نزیكییەوە ژیاوە و بەشێكی زۆر لە وردەكارییەكانی ژیانی مامۆستاكەی ئاگادارە. جا
لەبەرئەوەی گفتوگۆكە وەك خۆی كراوە بە نووسین بۆیە ڕستەی تەواو نەكراو، بەجێهێشتن،
هەندێجار وەڵامدانەوەی كورت لەم بەرهەمەدا هەیە، ئەمەیش نەك نەبۆتە نوقسانییەك بۆ
بەرهەمەكە بەڵكو جوانی و چێژ و شیعرییەتێكی تایبەتیشی پێداوە، ئەتوانین ئەمە وەك
بەشێكیش لە ستایلی ناوازەی دۆلۆز لە تەمەنی پیریدا ببینین.
وەرگێرانە ئینگلیزییەكەی
دەقەكە ڕاستەوخۆ لە گفتوگۆ ڤێدیۆییەكەوە وەرگیراوە و هیچ پێشەكییەكی لەگەڵدا نییە
تەنیا ڕوونكردنەوەیەكی كورت نەبێت، لە وەرگێڕانە عەرەبییەكەیشدا بەراییەكی كورت
لەلایەن وەرگێڕی بەرهەمەكە (د. أحمد حسان)ـەوە، نووسراوە. ئەم وەرگێڕە كەسێكی
شارەزا و وردە، كۆمەڵێك بەرهەمی گرنگی وەرگێڕاوە بۆ سەر زەمانی عەرەبی، تاڕادەیەكی
زۆریش نەریتییانە كاری كردووە بەو مانایەی هێڵی ئیشەكانی دیارە و بە زۆری لەنێو
نەریتی چەپی ڕادیكاڵدایە. لێرەدا بە گواستنەوە بڕگەی سەرەكی بەراییەكەی ئەو كۆتایی
بەم پێشەكییە دێنین:
«بایه‌خی گه‌وره‌ی ئه‌م فه‌یله‌سوفه، كە یەكێكە لە
فەیلەسوفە كاریگه‌ر و سەرنجڕاكێشەكان، له‌و تەونە چنراوه چهمكسازییهیدایه كه
په‌ره‌ی پێداوه بۆئەوەی ئۆنتۆلۆژیایهك بۆ ژیان دابنێت كه له ته‌فسیری دیارده‌كاندا،
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بە دوور بێت له كاتیگۆرییه میتافیزیكی یان ئایدیۆلۆژییه
چه‌قبه‌ستووه‌كان. به‌ڵام سه‌ختی كتێبه‌كانی ئه‌م فه‌یله‌سوفه به‌هۆی به‌كارهێنانی
ئه‌م چهمكانهوهیه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان به بێ ئه‌وه‌ی زۆر شرۆڤه‌یان
بكات و ڕوونیان بكاته‌وه. بایه‌خی ئه‌م گفتوگۆیهیش لێره‌دایه كه ئاوڕ له
زۆربه‌ی چه‌مكه‌كانی نێو فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ده‌داته‌وه، كه به پێچه‌وانه‌ی ده‌قه
نووسراوه‌كانییه‌وه، هه‌لێكه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكانه و نزیككردنه‌وه‌یان
له زه‌ینی خوێنه‌ره‌وه، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یش هه‌بووه له چه‌ندین گۆشه و لایه‌نه‌وه
و به شێوازی جۆراوجۆر باسیان بكات، بە ئاسانییش تەبایی و لێكدژییەكانی ئه‌و بابه‌تانه‌یش
نیگار دەكات كه له گوتاری ئه‌كادیمیدا، جودا و دوور له یه‌كتر ماونه‌ته‌وە».
هاوار محەمەد
No comments:
Post a Comment