My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday, 11 March 2016

وشەکان و تابلۆکان


ناوى کتێب: وشەکان و تابلۆکان
ناوى نووسەر: میشێل فۆکۆ و هاوڕێکانى
وەرگێرانى: هاوار محەمەد
چاپخانە: ناوەندى غەزەلنووس
ساڵ و شوێنى چاپ: 2016 سلێمانى


پێشەکى
كتێبەكان و هاوڕێكان 

"دیوێكی كتێب جەستەی بێ ئەندامە"
دۆلۆز و گواتاری

(1)
ته‌نیا دره‌ختی ڕووه‌كی بوونی نییه‌، به‌ڵكو دره‌ختی جیهان، دره‌ختی ژیان، دره‌ختی ئایین، دره‌ختی مه‌عریفه‌، دره‌ختی بنه‌ماڵه‌، دره‌ختی ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تیش بوونی هه‌یه‌. دره‌ختی كتێبیش جۆره‌ دره‌ختێكی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌وانه‌. ئه‌م دره‌ختانه‌ دارستانێكی چڕوپڕی هاوشێوه‌ی وه‌هایان دروست كردووه‌ كه‌ شته‌كان له‌نێو خۆیدا قووت ده‌دات و سوبێكته‌كان تێیدا ون ده‌بن. ئایا بۆ ئه‌وه‌ی دژ به‌ دارستان بین، ته‌نیا ده‌بێت سه‌رجه‌م دره‌خته‌كان ببڕینه‌وه‌؟ ده‌شێت بڕینه‌وه‌ی دره‌خته‌كان و سووتاندنی دارستانه‌كه‌ ڕێگایه‌ك بێت، به‌ مه‌رجێك دارستانێكی دیكه‌ دروست نه‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام كاری ڕادیكاڵی دیكه‌ی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دارستاندا بیت و دره‌خت نه‌بیت، له‌ دارستاندا بیت و له‌ ناوه‌وه‌ بیكرۆژیت و فشۆڵی بكه‌یت، تووشی شۆكی بكه‌یت، پڕی بكه‌یت له‌ كه‌لێن، دڵی كون بكه‌یت، شه‌به‌ق بخه‌یته‌ جه‌سته‌یه‌وه‌، درز له‌ مێشكیدا درو‌ست بكه‌یت: به‌ واتایه‌كیتر دارستان نه‌توانێت بتكاته‌ به‌شێك له‌ خۆی و به‌ میكانیزم و ستراتیژی جیا، له‌وه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ی ئه‌و ئیشی پێده‌كات، به‌رگری بكه‌یت و بجه‌نگیت. سیسته‌م ئه‌و كاته‌ به‌ر بێتوانایی خۆی ده‌كه‌وێت و شێت ده‌بێت كه‌ بزانێت ده‌توانیت میكانیزمیتر بۆ جه‌نگ، زمانی دیكه‌ بۆ قسه‌كردن، ستایلیتر بۆ ژیان، دابهێنیت و له‌نێو جه‌رگه‌ی ئه‌ودا هه‌ڵیانده‌كۆڵیت.
دۆلۆز و گواتاری لە پێشەكیی كتێبی "هەزار ڕووتەخت-A thousand plateaus"دا سێ جۆر كتێب دیاری دەكەن.
٭ شا-ڕەگە كتێب (root-book): شێوازی كتێبی كلاسیكی، كە هاوشێوەی جیهانە و هەر وەك درەخت ڕەگی داكوتاوه‌ و ئەسڵی نەگۆڕی هەیە. جیهان هەمیشە شێوەی درەختی هەبووە، مەعریفە و دەسەڵاتیش هەروا. لێرەدا جیهان خاوەنی یەكێتی و ڕیزبەندیی یان واقیعێكی سروشتییە. كتێب لاسایی جیهان دەكاتەوە و نەك تەنیا فۆرمی درەخت دووبارە دەكاتەوە، بەڵكو خۆیشی جۆرێكە لە درەخت: خاوەنی هەمان یەكێتی و هیرارشییەت و ناوك، هەمان ڕیزبەندی و ڕێكخستن و شاقووڵێتی، هەمان ڕەگ و قەد و گەڵا و بەر، دواجار تێپەڕین بە هەمان خولگە و سەرەتا و كۆتایی. ئەم جۆرە كتێبانە بنەماڵەیان هەیە، باس لە هەموو شتێك دەكەن، نەمرن و هەمیشە له ‌نێوان خۆیان و تەفسیرەكانیاندا مەودایەك دەپارێزن، ته‌ئویلخوازن و خۆیان وەك ئەسڵێكی پاك دەهێڵنەوە. واتە هەروەك خێزانە ئۆرستۆكراتییه‌كان درەختی بنەماڵەیان هەیە و خوێنی تایبەت لە لەشیاندا دەگەڕێت و دەبێت بۆ ئەبەدیش بمێننەوە. بەم جۆرە، كتێبی كلاسیكی خاوەنی ڕەگ، سەنتەر، سوبێكت، ئۆبێكت، خولگە و یەكێتییە. كتێبە موقەدەسە ئاینییەكان، كتێبی فەیلەسوفە كۆنەكان، كتێبە ئایدیۆلۆژییەكان و ئەو كتێبانەی كە بوونەتە دەقی مەرجەعی بۆ ڕێباز و قوتابخانە فیكری و تیۆرییەكان، هەموویان سەر بەم جۆرەی كتێبەن. بۆ نموونە، ڕۆشنبیرێكی ئەفلاتووتنناسی كورد دەیان جار ئەم ڕستەی دووپات كردووەتەوە: "بۆ تێگەیشتن لە ئەفلاتوون دەبێت سەرجەم دیالۆگەكانی ئەفلاتوون بخوێنینەوە". بەم پێیە، نەك تەنیا تاكە كتێبێكی ئەفلاتوون سەنتەر و یەكێتیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵكو سەرجەمی دیالۆگەكان یەك سەنتەرییان هەیە و خاوەنی یەك یەكێتیی و یەك ئۆبێكتن و قسە دەربارەی هەمان شت دەكەن.
٭ كتێبی ڕیشەدار یان لكەڕەگ (the radicle system or fascicular root): لە سەردەمی مۆدێرنەدا جیهان دەچێتە نێو جۆرێك لە فرەیی و گەشەكردنەوە، جۆرێك لە جیابوونەوە و دابه‌شبوون لە ڕەگدا، له‌ پاڵ شا-ڕه‌گدا گورزه‌-ڕه‌گیش دێته‌ ئاراوه‌، واته‌ فره‌یی و په‌رته‌وازییه‌كی بێكۆتا، به‌ڵام دواجار لێكچوو؛ بەرهەم و ڕەنگ و هەر فرەییەكی ڕەگ و لقوپۆپەكان، له‌كۆتاییدا یه‌كتری ده‌نوێننه‌وه‌ و هاوشێوه‌ییه‌كی یه‌كپارچه‌ دروست ده‌كه‌ن و "یەك" به‌رهه‌م دێننه‌وه‌. جیهان پرەنسیپە یەكێتییە سروشتییەكەی لە دەست دەدات و بە پرەنسیپ یان واقیعی ڕۆحی و گەشەكردن و پرۆسێسی زەین شاڕەگ تووشی دابەشبوون دەكات، بەڵام یەكێتییەكەی هەر دەمێنێتەوە. جیهان چیتر یەك سەنتەر و یەك ئاستی نییە، بەڵكو جۆرێك‌ لە بەربڵاوی و كایۆس، كەرتبوون و دابەشبوون، ناچونیەكی و دژیەكی جێگەی دەگرێتەوە. چیتر بە "یەك" تەفسیر ناكرێت بەڵكو بە دوالیزمەكان لێك دەدرێتەوە [لێرەدا بۆ نموونە دەتوانین بیر لە دیكارت، كانت یان هیگڵ بكەینەوە]. چیتر تەنیا شاڕەگ بوونی نییە، بەڵكو قەد و گەڵا و لقوپۆپەكانی دیكەیش بوونیان هەیە، بەڵام هەموو ئەم پەرشوبڵاوییە یەك ڕەگ و ڕیشە و یەك سەرچاوە و یەك ئەسڵی هاوبەشیان هەیە. جیهانی دەرەوەیش گەر ناچوونیەك و جیاواز و بەربڵاو و هەمەجۆرە، یەك ڕیشەی ئایدیاڵی و عەقڵیی هەیە، بە واتایەكی تر، سوبێكتێكی ئاگامەند هەیە كە ئەم ناوچونیەكییە دەخاتە نێو یەكێتییەك. ئەم دابەشبوون و كەرتبوونەی جیهان كتێب كۆی دەكاتەوە، كتێب وێنە و حەقیقەتی جیهان دەپارێزێت. پرەنسیپە گشتییەكانی زەین، پرەنسیپەكانی ئەخلاق ڕەهەندی گشتگیر و كۆكەرەوە و ئاشتكەرەوەن. بەم واتایە عەقڵ سروشت، سوبێكت ئۆبێكت و ترانسێندنتاڵ ئیمپیریكاڵ كۆ دەكاتەوە، ئەمەیش لە پرۆسە و گەشەیەكی مێژووییدا كە جیهان بە شێوەیەكی ئامانجدار بەرەو ڕووی دەڕوات.
٭ كتێبی ڕیزۆمی (rizome-book): ڕیزۆم شتێك نییە وەك شاڕەگ و لكەڕەگ، بەڵكو ڕەگەتۆڕە، ئەو ڕیشاڵە ورد و بزۆزانەیە كە بە هەموو لایەكدا دەجووڵێن. ڕێزۆم جۆرە گیایەكی ڕیشاڵییە كە هیچ ڕەگێكی بنچینەیی نییە و دیار نییە ڕەگی یەكەمی كامەیە، چونكە ڕەگەكە خۆی بووه‌تە وردەڕەگ و چەندین وردەڕەگی دیكەی دروست كردووە و فۆرمێكی ڕیشاڵییان وەرگرتووە. بەم جۆرە، ڕیزۆم لەجیاتیی ئه‌وه‌ی ئاست بێت، تۆڕە، لەجیاتیی پنت بێت، هێڵە، لەجیاتیی ئه‌وه‌ی له‌ سەنتەردا بێت، بێ سەنتەرە، لەجیاتیی هۆمۆژین بێت، هیترۆژینە. هەر بەش و پنتێك لە ڕیزۆمدا دەتوانن پەیوەندیی جیاواز و هەمەجۆر لەگەڵ یەكتردا بگرن، له ‌نێو پانتاییەكی ئاسۆییدا بەسەر ئەگەری بێشووماردا كراوەن، پڕن لە دەرفەتی هەڵهاتن و بازدان و تێپەڕین و لادان و پێچكردنەوە. بۆیە پەیوەندیی ڕیزۆمی پەیوەندییەكی یەكئاڕاستە و هیرارشی نییە، لە یەكەوە بجووڵێت بۆ دوو پاشان بۆ سێ و... بەڵكو پەیوەندییەكە دەشێت لە یەكەوە باز بدات بۆ سێ و هاوكات پەیوەندیی جیاوازیشی لەگەڵ شەش و نۆ و... هتددا هەبێت و ئەم پەیوەندییەیش لە نێو جووڵە و گۆڕانی بەردەوامدایە، بۆیە پێشبینیكردنیشی ئەستەمە. بەم جۆرە، ڕیزۆم ڕەگەزە لوس و خز و نەگیراوەكەی جیهانە. ناكرێت جەوهەرێكی پێبدەیت و شوناسێكی بەسەردا بسەپێنێت، ناكرێت ئاڕاستەكەی بۆ دیاری بكەیت و لە ئامانجێكدا سنوورداری بكەیت، چونكە هەر پنتێك لە پەیوەندیی جیاوازدایە نەك تەنیا لەگەڵ پنتی پێش خۆی و دوای خۆیدا، بەڵكو لە یەك كاتدا لەگەڵ دەیان پنتی تردا كە بە شێوەی تۆڕ بڵاو بوونەتەوە، كە هیچ هاوشوناسییەك و نەفیكردنێكی تێدا نییە، بەڵكو دووبارەبوونەوەی ناچونیەكی و جیاوازیی تێدایە.
لێرەدا كتێب وێنەی جیهان نییە، بەڵكو فۆرمێكە لە ڕیزۆم لەگەڵ جیهاندا یان له ‌نێو جیهاندا. كتێب نموونەیەكە كە دەتوانێت بە شێوەی ڕیزۆم بوونی هەبێت. كتێبی ڕیزۆمی یەك دەرگای دەستپێكردن و یەك دەرگای كۆتایی و یەك هێڵی ڕاستی بەرەوپێشچوونی نییە، سەنتەرێكی گشتگیری نییە و هیرارشییەتی تێدا نییە، بەڵكو دەرگای جیاوازی هەیە، دەلاقەی زۆری بۆ چوونەناوەوە هەیە، دەتوانیت لە هەر شوێنێكەوە بتەوێت، دەست پێبكەیت و بچیتە نێوی، پارچەپارچە و پەرشوبڵاوە و زیاد لە هێڵێكی هەیە. كتێب هەم لە ناوەوەی خۆیدا، له ‌نێوان چاپتەرەكان و فراگمێنتەكان و پەرەگرافەكاندا پەیوەندیی جیاواز و هەمەجۆر و نایەكانگیری هەیە و هەمیش لە دەرەوە لە پەیوەندییەكی تۆڕبەندیی ئامێزانبوون و نزیكبوونەوە و دووركەوتنەوەدایە لەگەڵ كتێبەكانی تردا. كتێب لەگەڵ دەرەوەدا و بۆ دەرەوە بوونی هەیە و بگرە خوێندنەوەی دروستی كتێبیش ئەو خوێندنەوەیەیە كە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەرەوەی كتێبەكەدا. كتێبی ڕیزۆمی پارچەپارچەیە، فرەفیگور و فرەنیگارە‌، بێ سوبێكتە، ناچونیەك و بێ ئەسڵە. هەر بەشێك دەشێت لە شوێنێكەوە هاتبێت و پەیوەندیی جیاواز لەگەڵ چەندین بەشی نێو كتێبەكە و دەرەوەی كتێبەكە دروست بكات، بواری هەڵوەشاندنەوە، دڕاندن، لێكجیاكردنەوە، هەڵكەندن، گواستنەوە و پاشوپێشكردنی تێدایە. بەم جۆرە، كتێب جەستەیەكی بێ ئەندامە كە ناكرێت ئۆرگانیزە بكرێت و له ‌نێو كڵێشەیەكی ئامادەدا ڕێك بخرێت و هەیكەلیەتێكی پێبدرێت. [هەڵبەت ئەمە بە پێچەوانەی كتێبی ئەكادیمیشەوەیە كە لە سەرەتاوە ئامانجەكان دیاری دەكات و ڕێزبەندی و هەیكەلیەتێكی تایبەتی هەیە].

(2)
ئایا ئەم كتێبەی بەردەستمان كتێبێكی ڕیزۆمییە؟ بەراورد بە بەشێك لە كتێبەكانی دۆلۆز و گواتاری، هەندێك خەسڵەتی ڕیزۆمیی تێدایە، بەڵام ڕێك هەمان فۆرمی ئەو كتێبانەی ئەوانی نییە. ئەوان دەڵێن "هەزار ڕووتەخت" و كتێبەكانی تریشیان بە شێوەی ڕیزۆم نووسیوە، بەڵام ئایا بۆ ئەوەی هەر كتێبێك فۆرمی ڕیزۆمیی هەبێت، دەشێت لاسایی كتێبەكانی ئەوان بكاتەوە؟ دۆلۆز خۆی دەڵێت لاسایی چەمكێكی خراپە، ئەمە جگە لەوەی ڕیزۆم خۆی لاسایی هیچ شتێك ناكاتەوە و لاساییش ناكرێتەوە، ڕیزۆم نەخشەیەكی ئامادەی نییە و هەر ڕیزۆمێك شێوازێكی تۆڕبەندیی تایبەت بە خۆی دادەمەزرێنێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، دەتوانین هەندێ خەسڵەتی سەرەكیی ڕیزۆمی لەم كتێبەدا دەستنیشان بكەین.
ئەم كتێبە هیچ نەسەبێكی نییە، ڕەگوڕیشە و بنه‌ماڵه‌ی نییە، كتێبێك نەبووە به‌م جۆره‌ی ئێستای وه‌رگێرانه‌ كودرییه‌كه‌ی لە زمانێكی تردا ئاماده‌یی هه‌بووبێت و وه‌رمانگێڕابێت یان گواستبێتمانه‌وه‌، بەڵكو بەرهەمی دڕاندن و هەڵوەشاندنی هەندێك كتێبی دیكەیە. بۆ ئەوەی ئەم كتێبە پێك بێت، دەبوو هەر وتارێكیان لەو كتێبە بترازێنرێت كە تێیدا بوو، جۆرێك لە دڕاندنی كتێبەكە بۆ ئەوەی بەشێكیان بەرەو شوێنێكی تر بچن و لەگەڵ بەشگەلێكی تردا كۆ ببنەوە و كتێبێكی تر پێك بهێنن كە دیسان ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی هەیە. بۆیە ئەم كتێبە تەنیا لەگەڵ دەقە ڕەسەنەكەی خۆیدا لە پەیوەندیدا نییە، واتە لە یەك كتێبەوە نەهاتووە، بەڵكو لەگەڵ كۆمەڵە كتێبێكدا لە پەیوەندیدایە و لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە هاتوون و هێڵكارییەكی ئاڵۆزیان پێك هێناوە. وتارەكان هیچ پەیوەندییەكیان پێكەوە نەبووە، لە لایەن یەك نووسەرەوە نەنووسراون، یەك ستایلیان نییە و دواجار مەرج نییە یەكێتیی بابەتییشیان هەبێت. هەر كاتێك دەڵێین كتێبێك كۆمەڵەوتارێكی پەرتەوازەیە، جۆرێك لە سڵكردنەوە و ڕەتكردنەوەی پێشوەخت لە زەینماندا ئامادەیی هەیە، پێمان وایە مادام كتێبێك نییە كە بە تەواوی یەك نووسەر نووسیبێتی و ئەسڵێكی دیاریكراوی هەبێت و ڕێكخستن و ڕیزبەندیی نییە، كەواتە ڕەنگە كتێبێكی باش نەبێت. ئەمە هەر ئەو زەینەیە كە بەردەوام بە دوای ئەسڵ و ڕەگوڕیشە و باوكی شتەكاندا دەگەڕێت، بەردەوام بە دوای كانییە سازگارەكەدا، بەدوای دەقە پاك و بێگەردەكەدا دەگەڕێت، بە واتایەكی تر، هێشتا زەینێكی درەختییە كە هەموو شتەكان دەباتەوە سەر شاڕەگ و یەكێتییەكەیان. كۆمەڵەوتاری جیاواز و ناتەبا لە چەندێتی و زمان و ستایلدا [وەك ئەم كتێبە] فۆرمێكی تری كتێبە كە دژی هەر یەكانگیری و بنەڕەتخوازی و مەرجەعپەرستییەكە. بۆ ئەوەی دژ بە سیستەم بین، بەر لە هەر شتێك پێویستە دژ بە كڵێشە و چوارچێوەی ئامادە و هەیكەلبەندی و ئەو بژاردانە بین كە دەیخاتە بەردەستمان، بە هیچ یەكێك لەو ئیختیارانە ڕازی نەبین كە خۆی بۆمان پێنشیاز دەكات، بەڵكو فۆرم و ستایلی تر دابهێنین. فەلسەفە ئەم توانا ناوازەیەی دەرچوون و داهێنانی هەیە، ئەوە بۆیە لە لایەن ئەكادیمیست و كڵێشەخوازەكانەوە بەردەوام بە نازانستییبوون و نائەكادیمیبوون تۆمەتبار دەكرێت.
ئەوەی ئەم وتارانەی لەم كتێبەدا كۆ كردووه‌تەوە، ڕێكەوتێكی زەروورییە بۆ ئیشكردن لە نێو كایەی فیكردا و هێنانی تیۆرەكان بە ئومێدی تێگەیشتن لە واقیعی ئەمڕۆ و دواجار بەشداربوون لە دروستكردنی ئەكتدا، كە كاری تیۆرییش بەشێكە لە كاری پراكتیكی، یان خۆیشی ئەكتە و بەشێكە لە پراكتیك. ئەكتیش مەرج نییە هەر شۆڕشی چەكداری و دروستكردنی ئۆرگانی حیزبی بێت، بەڵكو دەرچوونی بەردەوامە لە هەموو فۆرمە ئۆرگانی و دامەزراوەییەكان و دۆزینەوەی بەردەوامی هێڵەكانی هەڵهاتن و ئەو كەلێنانەیە كە دەسەڵات دەستی بەسەریاندا ناشكێت و ناتوانێت داگیریان بكات، گەر داگیریشیان بكات، ئەوا بۆشایی تر و كەلێنی تر و هێڵی تر دەكرێنەوە. بۆ نموونە، ڕاپەڕینی ئێستای كوردستانی باكوور شتێكە لەم بابەتە. گەرچی بەریەككەوتن و كوشتن و توندوتیژییشی تێدایە، بەڵام جەنگی دوو بەرەی چەكدار، دوو دەوڵەت، دوو هێزی ڕێكخراو نییە، بەڵكو شەڕی دەوڵەت و خەڵكە، شەڕی بەرەیەكی ڕێكخراو و دامودەزگاییە بە ئامێری سوپایی و نیزامییەوە، بەرەیەكی دیكەیش، كە خەڵكییە، بە كۆمەڵێك ئامێری سادە و سەرەتایی بەرگریكردن، بەبێ ئەوەی ئۆرگان و هەیكەلێكی دیاریكراو و بەرجەستەیان هەبێت، ڕاپەڕیوان و پانتاییەك دەپارێزن كە دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەریدا نەماوە و ناتوانێت تانكەكانی بە نێویدا بگێڕێت، بە چەمكەكانی دۆلۆز، جەنگی نێوان "ماشێنی سوپا" و "ماشێنی جەنگی"یە. "ماشێنی جەنگی" ماشێنی كوشتن و خاپووركردن نییە، بەڵكو هەموو ئەو ئامێرانەیە كە لە دەستی دەسەڵاتدا نین و دەوڵەت نەبووه‌تە خاوەنیان [بۆ نموونە دەشێت تەنانەت ئامێرێكی سادەی وەك بەردیش بگرێتەوە]، به‌م جۆره‌ كاری گرنگ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ ده‌وڵه‌تدا دروست بكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌ چۆن نا-ده‌وڵه‌ت له‌ ده‌وڵه‌تدا به‌رپا بكه‌ین.

(3)
ئایا ناهاوڕێكانیش وەك وتارە پەرتوبڵاوەكان دەبنە هاوڕێ و لە كتێبدا كۆ دەبنەوە؟ هاوڕێیەتییش وەك هیچ شتێكی تر ئەبەدی نییە، هاوكات كۆپیبوونەوە و توانەوە و هاوشوناسی نییە. كە فوكۆ دەڵێت هاوڕێیەتی بە دامەزراوەیی ناكرێت، ئەوا دەیەوێت بڵێت هاوڕێیەتی پرۆسەی بەردەوامی بەهاوڕێبوونە وەك بەشێك لە سوبێكتیڤیكەیشن، هاوڕێ ئەوەیە كە بەشداری لە سوبێكتڤیتەی مندا دەكات بۆ دامەزرانی ستایلی نوێی ژیان. ڕەنگە ئاڵتۆسێر و سارتەر و دۆلۆز لە سێ قۆناغی جیاوازی تەمەن و فیكری فوكۆدا بەشداریی جیاوازییان لە فیكری فوكۆدا هەبووبێت و دواجاریش پەیوەندیی هەرسێكیان بە جۆڕێك لە كەرتبوون و لێكترازان دەگات. دووركەوتنەوە لە ئاڵتۆسێر، خۆجیاكردنەوە لە سارتەر، دوورەپەرێزی لە دۆلۆز (لە كۆتاییەكانی تەمەنی فۆكۆدا). هەڵبەت هۆكاری دابڕانی فوكۆ لە دۆلۆز بە تەواوی ڕوون نییە، چونكە هەتا مردنی هەردووكیشیان خۆیان بە هاوڕێی یەكتری دەزانن، بەڵام ئەوەندە هەیە فوكۆ جۆرێك لە دووره‌پەرێزی و بێدەنگی بەرامبەر دۆلۆز هەڵدەبژێرێت، دۆلۆز خۆی لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێت كە هەتا مەرگی فوكۆیش زۆر هەوڵی داوە یەكتر ببینن، بەڵام فوكۆ جۆرێك لە دوورەپەرێزیی هەڵبژاردووە. دۆلۆز پێی وایە ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكان تێكچوونی لایەنی تەندروستیی فوكۆ بووبێت، بۆیە شتێكی ئاسایی بووە كە جۆرێك دابڕانیش له ‌نێوانیاندا دروست بووبێت.
گەر لای دۆلۆز كتێبی ڕیزۆمی جەستەیەكی بێ ئۆرگان بێت، ئەوا لای فوكۆ هاوڕێیەتی پەیوەندییەكی نادامەزراوەییە، مانای ئەم دوو بیرۆكەیەیش ئێجگار لەیەك نزیكە. ساڵانێكە له ‌نێو ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبە شیوعی و سۆشیالیستی و سۆسیال دیموكراتەكاندا [هەڵبەت لە فەرهەنگی حیزبەكانی ئێمەیشدا] وشەگەلی وەك "هاوڕێ"، "هەڤاڵ"، "هاوخەبات"، "هاوئامانج" و..هتد بەكار دەهێنرێت. بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە پەیوەندیی هاوڕێیەتی ئەو پەیوەندییەیه‌ كە بە دامەزراوەیی ناكرێت، وەك نووسەرێك دەبارەی هاوڕێیەتی لای دۆلۆز دەڵیت: «هاوڕێیەتی هیچ شتێك دانامەزرێنێت، بەڵكو بنچینەی پەیوەندیگیرییەكی هەڵەیە بۆ بەدحاڵیبوون»، بۆیە لە چوارچێوەی خێزاندا نابێتە "هاوژین"، لە چوارچێوەی حیزبدا نابێتە "هاوخەبات" یان "هەڤاڵ"، لە چوارچێوەی دەزگای بیرۆكراسیدا نابێتە "هاوپیشە" و... هتد، لە نێو ئەو جۆرە حیزبانەدا هەڤاڵێك دەبێتە "ڕابەر"، "سەركردە" "براگەورە"‌ و ڕیزبەندییە هیرارشییەكەیش بەم شێوە تا خوارەوە دێت، واتە هەر هاوڕێیەك بۆ كۆمەڵەهاوڕێیەكی دیكەی خوار خۆی، "باوك" یان "براگەورە"یه و جۆرێك لە گوێڕایەڵی و دیسپلین زاڵە، ئەمە خەسڵەتی هەر هاوڕێیەتییەكی ئایدیۆلۆژییشە. گەر هاوڕێیه‌تی سیاسەت بێت، ئەوا ڕێك دژ بەم "سیاسەتی "باوكایەتی" یان "برایەتی"یەیە. لە هاوڕێیەتیدا (big brother) بوونی نییە، ملكەچی و گوێڕایەڵی بوونی نییە، بەڵكو بە تێگەیشتنە دۆلۆزییەكە جۆرێك لە "مونافەسە" و خۆشەویستی، عەشق و ئارەزوو بوونیان هەیە. لە نێوان هاوڕێكاندا مونافەسە و كێبەركێیەك بەبێ نەفیكردنەوە و سڕینەوە ڕوو دەدات، بەڵام ئەم هاوڕێیەتییە لە فەلسەفەدا دەبێتە مونافەسە بۆ هاوڕێیەتیی حیكمەت. واتە لەجیاتیی مونافەسە بێت لەسەر قۆرخكردنی حەقیقەت، مونافەسەیە بۆ هاوڕێیەتیی حەقیقەت. گەر فەیلەسوفێك پێی وایە ئەو تەواو پەرۆشی "مرۆڤایەتی" و "عەقڵ" و "بەختەوەری"یە، ئەوا دەكەوێتە مونافەسەی فەیلەسوفانێكی ترەوە بۆ هەمان بابەت. بەم جۆرە، دەشێت مونافەسەی فوكۆ و سارتەر هاوڕێیەتییەكی لەم جۆرە بێت. ڕەنگە دەرچوونی فوكۆ لە حیزبی شیوعی و دووركەوتنەوەی لە ئاڵتۆسێر بۆ ئەوە بووبێت لە دەرەوەی هەر دامەزراوە و ئۆرگانێك هاوڕێی ئاڵتۆسێر بمێنێتەوە، ئەوە بۆیە ئاڵتۆسێر دوو وانەی خۆی بۆ فوكۆ تەرخان دەكات. ئەم پەیوەندییەی فوكۆ لەگەڵ دێریدایشدا بە هەمان شێوەیە، هەر كە دێریدا لە یەكەم كتێبی فوكۆوە "مێژووی شێتی" دەربارەی كۆجیتۆ ڕەخنەی فوكۆ دەكات، هاوڕێیەتییەكەیان هەمان سروشتی مونافەسەی هەبووە. بەم جۆرە، هاوڕێیەتی لە تێگەیشتنی فوكۆ و دۆلۆزدا بۆ ئەوە نییە جەهەرەكەی پێناسە بكرێت و چییەتییەكەی دەربخرێت، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە هاوڕێكان دەیانەوێت چی لەگەڵ یەكتر و دەتوانن چی پێكەوە بكەن. كەواتە دەشێت هاوڕێیەتی ئەكت بەرهەم بهێنێت بەبێ بوونی یەكەیەكی یەكانگیر و یەكڕەنگ و دامەزراوەیی، خۆ ئەگەر لە دۆخێكی تایبەتدا گروپی ئەكت و چالاكی پێك بهێنن، ئەوا نایكەن بە دامەزراوەیەكی داخراوی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات، بەڵكو دەیكەنە پانتاییەكی بەرگری و هەڵهاتن، واتە جۆرێك لە بۆشایی و كەلێن و كرانەوە بەسەر دەرەوەدا، جۆرێك لە بوونی مەجازی كە هیچ شتێكی تێدا ناگیرێت و ڕوخسارێكی زەق و شوناسێكی كۆنكریتیی پێنادرێت.
هاوار محەمەد

Thursday, 3 March 2016

هەلومەرجى گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی

كارل ماركس
وه‌رگێرانی: هاوار محه‌مه‌د 

خه‌ڵكی، له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژیانیاندا، ده‌چنه‌ نێو كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندیی ناچارییانه‌ی دیاریكراوه‌وه‌ كه‌ له‌ ویست و ئیراده‌یان بەدەر و سه‌ربه‌خۆیه‌، واته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی به‌رهه‌مهێنان كه‌ ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ ئاستێك له‌ ئاسته‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ ماتریالییه‌كانیاندا. كۆی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی به‌رهه‌مهێنان بونیادی ئابووریی كۆمه‌ڵگا پێكده‌هێنن، واته‌ ئه‌و ژێرخانه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌رییه‌وه‌ سه‌رخانی یاسایی و سیاسی ساز ده‌بن و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر جۆره‌ بونیادێكدا فۆڕمێكی دیاریكراوی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تیش دێته‌ ئاراوه‌.
شێوازی ژیانی ماتریاڵی پێشمه‌رجی پرۆسێسی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هزرییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی. ئه‌وه‌ ئاگایی خه‌ڵكی نییه‌ كه‌ بوونیان دیاریی ده‌كات، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بوونی كۆمه‌ڵییانه‌یان ئاگاییه‌كه‌یان دیاریی ده‌كات. هێزه‌ ماتریاڵییه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌ ئاستێكی گه‌شه‌كردنیاندا ده‌چنه‌ نێو كێبه‌ركێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ خاوه‌ندارێتیانه‌دا كه‌ هه‌تا ئێستا بوونی هه‌بووه‌، واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌دا كه‌ ڕێكخه‌ر و ده‌ربڕی یاسایی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌.
ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ فۆڕمه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌وه‌ كه‌ تا ئێستا هه‌یبووه‌، ده‌گۆڕێت بۆ به‌ربه‌ست و كۆسپ له‌ڕێگه‌ی ئه‌م هێزانه‌دا، كه‌واته‌ ئیتر سه‌رده‌می شۆڕشی به‌كۆمه‌ڵ دێت. گۆڕانی ژێرخانی ئابووریی سه‌رجه‌م پایه‌كانی سه‌رخان به‌ به‌رفراوانی ده‌هه‌ژێنێت، كاتێك مه‌سه‌له‌كه‌ دێته‌ سه‌ر ئه‌م هه‌ژاندنانه‌ ئه‌وا خێراییه‌كه‌یان له‌ هه‌ر پێكهاته‌یه‌كدا جیاوازه‌، ده‌بێت جیاوازی بكه‌ین له‌نێوان له‌رزینی ڕه‌گه‌زی ماتریالی كه‌ له‌ مه‌رجه‌ ئابوورییه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا ڕووده‌دات –كه‌ ده‌كرێت به‌ ئه‌مانه‌ت و ده‌یقه‌تێكه‌وه‌ تێبینیی بكه‌ین كه‌ هاوشێوه‌ی دیقه‌ته‌ له‌ زانسته‌ سروشتییه‌كاندا- و له‌رزین له‌ فۆڕمه‌ یاساییه‌كان و سیاسه‌ت و هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌دا، به‌ یه‌ك وشه‌ واته‌ له‌و فۆڕمه‌ ئایدیۆلۆژییانه‌دا كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ خه‌ڵكی هۆشیارییان له‌م قه‌یرانه‌ هه‌یه‌ و بۆ چاره‌سه‌ركردنی تێده‌كۆشن؛ وه‌ك چۆن ناتوانین له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئاگاییه‌وه‌ كه‌ كه‌سێك ده‌رباره‌ی خۆی هه‌یه‌تی حوكمی له‌سه‌ر بده‌ین، ئاوهایش ناتوانین حوكم له‌سه‌ر سه‌رده‌مێكی وا بده‌ین له‌ڕێگه‌ی ئاگاییه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ خۆی، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌، ده‌بێت ئه‌م ئاگاییه‌ به‌ ده‌لاله‌ته‌ لێكدژه‌كانی ژیانی ماتریالی ته‌فسیر بكه‌ین، واته‌ به‌هۆی لێكدژیی به‌رپای نێوان هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان.
فۆڕمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نیا ئه‌و كاته‌ ده‌كرێت ون ببێت و نه‌مێنێت كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی په‌ره‌پێبدات و، ته‌نیا ئه‌و كاته‌ ده‌توانێت بیانگۆڕێت بۆ په‌یوه‌ندیی نوێ و باڵاتری به‌رهه‌مهێنان كه‌ مه‌رجه‌كانی بوونه‌ ماتریالییه‌كه‌ی له‌ منداڵدانی كۆمه‌ڵگه‌ كۆنه‌كه‌وه‌ [واته‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی قۆناغی پێشتره‌وه‌] ده‌ركه‌وتبن.
مرۆڤایه‌تی ته‌نیا ئه‌و ئه‌ركانه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی كه‌ ده‌توانێت ڕایانپه‌ڕێنێت: ئه‌گه‌ر له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بڕوانین، ئه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌ركه‌كان ته‌نیا ئه‌و كاته‌ ده‌رده‌كه‌ون كه‌ مه‌رجه‌ مادییه‌كانی ئه‌نجامدانه‌كه‌ی له‌ ئارادابن، یان لایه‌نیكه‌م له‌ قۆناغی دروستبووندا بن.
ئه‌گه‌ر سه‌یری هێڵه‌ گشتییه‌كانی شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ئاسیایی و كۆن و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و بۆرژوازیی هاوچه‌رخ بكه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین به‌ قۆناغی دوابه‌دوایه‌كیان دابنێن له‌ پێكهاتنی ئابووریی كۆمه‌ڵگادا. 
سه‌رچاوه‌:
الفلسفة الحديثة (نصوص مختارة), إعداد و ترجمة: د. محمد سبيلا و د. عبدالسلام بنعبد العالي, أفريقيا الشرق, المغرب, 2001, ص307-308.
تێبینى: ئەم وتارە یەکەمجار، لەگەڵ بابەتێکى لووى ئاڵتۆسێردا لە سایتى گروپى نێگەتیڤ بڵاوبۆتەوە. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:

Saturday, 13 February 2016

غه‌ریزه‌كان و دامه‌زراوه‌كان


ژیل دۆلۆز
وه‌رگێرانی: هاوار محه‌مه‌د

 
 هەم ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین غه‌ریزه‌ instinct و هەم ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێین دامه‌زراوه‌ institution به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی واتای شێوازی پڕكردنه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌كانن. له‌لایه‌كه‌وه‌ جه‌سته‌ له‌ جیهانی ده‌ره‌كییه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ و غه‌ریزییانه‌ وه‌ڵامی كارتێكه‌ره‌ ده‌ره‌كییه‌كان ده‌داته‌وه‌ و، كاریگه‌رییه‌كان له‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، [واته‌] ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ تێركردنی مه‌یله‌كان tendenciesـی و پێویستییه‌كانی؛ ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌ جیهانی تایبه‌تی ئاژه‌ڵه‌ جیاوازه‌كان پێكده‌هێنن. له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، سوبێكت جیهانێكی ئه‌سڵی orginal world له‌نێوان مه‌یله‌كانی و ژینگه‌ی ده‌ره‌كیدا دروست ده‌كات و، كه‌ره‌سه‌ی ده‌ستكرد بۆ تێركردن [ـی ئاره‌زووه‌كان] گه‌شه‌ پێده‌دات. كه‌ره‌سته‌ی ده‌ستكرد جه‌سته‌ له‌ سروشت ڕزگار ده‌كات و ملكه‌چی ده‌كات بۆ هه‌ندێ شتیتر و، گۆڕانكاری به‌سه‌ر مه‌یله‌كاندا ده‌هێنێت به‌وه‌ی له‌ ژینگه‌یه‌كی نوێدا به‌رهه‌میان بهێنێته‌وه‌. سامانه‌كه‌ت جه‌سته‌ی تۆ له‌ برسێتی ڕزگار ده‌كات، به‌ مه‌رجێك ده‌ستبخرێت و هه‌تبێت. ده‌شێت هاوسه‌رگیری وه‌هات لێبكات چیتر به‌دوای هاوبه‌شدا نه‌گه‌ڕێیت و له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا ده‌تخاته‌ ژێر باری هه‌ندێ ئه‌ركی تره‌وه‌. به‌ واتایه‌كیتر، هه‌موو ئه‌زموونێكی تاكه‌كه‌سی، وه‌ك شتێكی پێشوه‌كی a piriori، گریمانه‌ی بوونی فه‌زایه‌ك ده‌كات كه‌ ئه‌زموونی لێوه‌ دێت، فه‌زایه‌ك كه‌ مۆركێكی تایبه‌تی-جۆر [جۆری بوونه‌وه‌رانه‌]ی هه‌یه‌ یان فه‌زایه‌كی دامه‌زراوه‌ییه‌. غه‌ریزه‌ و دامه‌زراوه‌ دوو فۆڕمی ڕێكخراون بۆ ئیمكانی تێربوون.
بێگومان ده‌شێت مه‌یل له‌نێو دامه‌زراوه‌دا ڕازیی بكرێت: له‌ هاوسه‌رگیریدا غه‌ریزه‌ی سێكسی تێر ده‌بێت، له‌ خاوه‌ندارێتیدا غه‌ریزه‌ی چاوچنۆكی. ده‌كرێت به‌رپه‌رچی ئه‌م بۆچوونه‌ بدرێته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ك ده‌وڵه‌ت بهێنرێته‌ نێو باسه‌كه‌، دامه‌زراوه‌گه‌لێك كه‌ له‌به‌رامبه‌ر هیچ مه‌یلێكدا نین. به‌ڵام ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ دامه‌زراوانه‌ لاوه‌كین و پێشوه‌خت گریمانه‌ی ڕه‌فتارگه‌لێكی به‌دامه‌زراوه‌ییكراو institutionalized ده‌كه‌ن و، له‌ بنه‌ڕه‌تدا سوودێكی لاوه‌كیی كۆمه‌ڵایه‌تی دێننه‌ پێش. دواجار ئه‌و سووده‌ بنه‌مای خۆی له‌ په‌یوه‌ندی مه‌یله‌كاندا به‌ كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌. دامه‌زراوه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك سیسته‌مێكی ڕێكخراوی كه‌ره‌سته‌كان ده‌خرێته‌ ڕوو. جیاوازی دامه‌زراوه‌ و یاسایش هه‌ر لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. یاسا سنوورداركردن و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی كرده‌كانه‌ و، دامه‌زراوه‌یش مۆدێلی پۆزه‌تیڤی كرده‌یه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی تیۆره‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ كه‌ پۆزه‌تیڤ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی (واته‌ له‌ یاسا سروشتییه‌كاندا) ، كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ چوارچێوه‌یه‌كی نه‌رێنیدا (سنوورداركردنه‌كان به‌ پێی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی) داده‌نێت، تیۆره‌ی دامه‌زراوه‌ نه‌رێنی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی (واته‌ له‌ پێویستییه‌كاندا) داده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بكاته‌ ژینگه‌یه‌كی ئه‌رێنی و، ئینجا كایه‌یه‌كی داهێنه‌ر (كه‌ره‌سته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی تێركردن). ئه‌م جۆره‌ تیۆرییه‌ دواجار پێوه‌ری سیاسییمان پێده‌دات: سته‌مكاری tyranny ڕژێمێكه‌ كه‌ تێیدا یاساكان زۆرن‌ و دامه‌زراوه‌كان كه‌م، دیموكراسییه‌ت ڕژێمێكه‌ كه‌ تێیدا دامه‌زراوه‌كان زۆرن‌ و یاساكان كه‌م. چه‌وساندنه‌وه‌ كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ یاساكان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا بسه‌پێنرێن له‌بری ئه‌وه‌ی بدرێن به‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌ بنچینه‌ییانه‌دا كه‌ خه‌ڵكی له‌خۆ ده‌گرن.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاست بێت كه‌ مه‌یل له‌نێو دامه‌زراوه‌دا ڕازیی ده‌كرێت ئه‌وا دامه‌زراوه‌ به‌ مه‌یل ته‌فسیر ناكرێت. پێویستییه‌ سێكسییه‌كان هه‌رگیز هه‌مه‌جۆریی فۆڕمه شیاوه‌كانی هاوسه‌رگیری ته‌فسیر ناكه‌ن. نه‌ نه‌رێنی ته‌فسیری ئه‌رێنی ده‌كات و نه‌ هه‌مه‌كی ته‌فسیری به‌شه‌كی ده‌كات. "ئاره‌زووی حه‌زكردنت له‌ خواردن" [ئیشتیهای خواردن] هۆی خواردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌شروبه‌ی كه‌ به‌ر له‌ خواردن حه‌زت لێیه‌ ڕوون ناكاته‌وه‌، چونكه‌ هه‌زارویه‌ك ڕێگه‌ هه‌یه‌ وات لێبكات دڵت بۆ خواردن بچێت. توندوتیژی له‌ هیچ شتێكدا ته‌فسیری جه‌نگ ناكات، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌ره‌سته‌ دڵخوازه‌كه‌یی تێدا ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌مه‌ پارادۆكسی كۆمه‌ڵگایه‌: ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌باره‌ی دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌ ده‌دوێین كه‌چی له‌ ڕاستیدا خۆمان له‌به‌رده‌م ئه‌و ڕێگایانه‌ی تێركردندا ده‌بینینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و مه‌یله‌ی ده‌مانه‌وێت تێری بكه‌ین ده‌رخه‌ر و دیاریكه‌ریان نییه‌، وه‌ك چۆن ته‌فسیری خاسییه‌ته‌كانی جۆریش ناكات؛ مه‌یل به‌ هه‌ندێك كه‌ره‌سته‌ ڕازیی ده‌كرێت كه‌ مه‌رجی بوونه‌كه‌ی نین، هه‌روه‌ها هه‌رگیز مه‌یل تێرناكرێت به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌مان كاتدا تووشی زۆرلێكردن و ناچاركردن، فۆڕمگۆڕین و ماقوڵكردن sublimated نه‌بێته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ بشێت ئه‌م دۆخه‌ ببێته‌ مایه‌ی نیرۆس. له‌مه‌یش زیاتر، ئه‌گه‌ر ئاره‌زوو له‌ دامه‌زراوه‌دا ته‌نیا ناڕاسته‌خۆ تێر بكرێت، واته‌ "به‌پێچ"ـدا ببرێت، ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ به‌س نییه‌ كه‌ بڵێین "دامه‌زراوه‌ سوودبه‌خشه‌"، چونكه‌ ده‌بێت بیشپیرین: بۆ كێ سوودبه‌خشه‌؟ ئایا بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ سوودبه‌خشه‌ كه‌ ئاره‌زوویان هه‌یه‌ و ئاره‌زوومه‌ندن؟ یان ته‌نیا بۆ هه‌ندێك (چینی خاوه‌ن ئیمتیاز the privileged class)، یان بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ووڕۆژی خۆیان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر یه‌ك تاوه‌كو كاری دامه‌زراوه‌ (بیرۆكراسییه‌ت) به‌ ڕێكی له‌سه‌ر سكه‌ی خۆی بڕوات به‌ڕێوه‌؟ كه‌واته‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ سۆسیۆلۆژییه‌ زۆر قوڵه‌كان گه‌ڕانه‌ به‌دوای شێوازێكیتردا كه‌ ئه‌و فۆرمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی مه‌یله‌كان تێر ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ، پشتی پێببه‌ستن. ئایا ئه‌م فۆڕمانه‌ ڕیتواڵه‌ شارستانییه‌ دیاریكراوه‌كانن؟ ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانن؟ هه‌رچییه‌ك بێت سوودی مرۆڤایه‌تی شتێكیتره‌. دامه‌زراوه‌ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر چالاكییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ دروستكه‌ری ئه‌و مۆدێلانه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ لێیان ئاگامه‌ند نین و، به‌ مه‌یل و سوود‌ ته‌فسیر ناكرێن، چونكه‌ سوودی مرۆیی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ یه‌كه‌م شوێندا گریمانه‌ی مه‌یله‌كان ده‌كات. به‌م واتایه‌ راهیب the priest، پیاوی ڕیتواڵه‌كان، هه‌میشه‌ نائاگایی ڕیتواڵه‌ به‌كارهێنراوه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
جیاوازی ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ غه‌ریزه‌دا چییه‌؟ له‌ غه‌ریزه‌دا هیچ شتێك، جگه‌ له‌ جوانی beauty، له‌ سوود تێناپه‌ڕێت. مه‌یل به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌خۆ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌وه‌ ڕازیكراوه‌ و، به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیش له‌لایه‌ن غه‌ریزه‌وه‌ تێركراوه‌. قه‌ده‌غه‌كردنی غه‌ریزی و زۆرلێكردنی غه‌ریزی بوونی نییه‌، ته‌نیا بێزلێكردنه‌وه‌كان repugnancies غه‌ریزین. لێره‌دا ئه‌مجاره‌ مه‌یل خۆی، له‌ فۆڕمی فاكته‌رێكی ناوه‌كیی فیسیۆلۆژیدا، ده‌بێته‌ مایه‌ی ڕه‌فتارگه‌لێكی جێی دڵنیایی. بێگومان فاكته‌ری ناوه‌كی ته‌فسیر ناكرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیشیدا هاوشێوه‌ بێت، واته‌ فاكته‌ره‌كانی خۆ-هاوشێوه‌یش self-same بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌بێته‌ مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی ڕه‌فتارگه‌لێكی جیاواز له‌نێو جۆره‌ جیاوازه‌كاندا different species. به‌ ده‌ربڕینێكیتر، غه‌ریزه‌ له‌ یه‌كتربڕینی هۆكارگه‌رییه‌كی دوولایه‌نه‌دا بوونی هه‌یه‌، یه‌كێكیان په‌یوه‌سته‌ به‌ فاكته‌ره‌ فیسیۆلۆژییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كانه‌وه‌ ئه‌ویتریان په‌یوه‌سته‌ به‌ جۆره‌كه‌ خۆیه‌وه‌- هۆرمۆنه‌كان و جۆری تایبه‌ت. كه‌واته‌، با ته‌نیا له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه‌ له‌خۆمان ده‌پرسین كه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌كرێت غه‌ریزه‌ بگه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ سوودی تاكه‌كه‌س و هیچیتر: دواجار، له‌ حاڵه‌تێكی ئاوادا، ئه‌گه‌ر تا دوا سنووری ببه‌ین، نابێت قسه‌ له‌باره‌ی غه‌ریزه‌وه‌ بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت قسه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ و په‌رچه‌كردارێكی ساده‌، له‌ خوو و زیره‌كی، بكه‌ین. یان ئایا ده‌توانین ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی سوودبه‌خشی جۆرێك و به‌كه‌ڵكی بۆ جۆرێكدا و، له‌ چوارچێوه‌ی ئامانجی به‌رایی بایۆلۆژیدا، لێی تێبگه‌ین؟ "سوود بۆ كێ؟" ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ لێره‌یشدا دیسان به‌سه‌ریدا ده‌كه‌وینه‌وه‌ به‌ڵام واتاكه‌ی گۆڕاوه‌. لێره‌دا غه‌ریزه‌، له‌ هه‌ردوو گۆشه‌كه‌یه‌وه‌، له‌ فۆڕمه‌ دوولایه‌نه‌كه‌یدا، وه‌ك مه‌یلێك پیشان ده‌درێت كه‌ به‌ نێو جه‌سته‌یه‌كی خاوه‌ن كاردانه‌وه‌ی تایبه‌تی جۆردا بڵاوبۆته‌وه‌.
كێشه‌ی هاوبه‌شی نێوان غه‌ریزه‌ و دامه‌زراوه‌ هه‌میشه‌ ئه‌مه‌یه‌: سه‌نتێزی نێوان مه‌یل و ئه‌و ئوبێكته‌ی كه‌ تێری ده‌كات چۆن دروست ده‌بێت؟ له‌ ڕاستیدا، ئه‌و ئاوه‌ی ده‌یخۆمه‌وه‌ له‌و ئاوانه‌ ناچێت كه‌ جه‌سته‌م پێویستی پێیانه‌. چه‌ندی مه‌یل له‌ بواری خۆیدا كامڵ بێت و چه‌ندی سه‌ر به‌ جۆره‌كه‌ی بێت، ئه‌وه‌نده‌یش ده‌رخه‌ری هێزی كۆكردنه‌وه‌ و یه‌كخستنێكی بنه‌ڕه‌تییه‌، هێزی له‌بننه‌هاتووی دروستكردنی سه‌نتێز. به‌ڵام چه‌ندی غه‌ریزه‌یه‌كی شایه‌نی كامڵبوون بێت، كه‌واته‌ به‌رده‌وام هێشتا ناكامڵه‌، ئه‌وه‌نده‌یش ملكه‌چی گۆڕین و ناجێگیرییه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندی ڕێبدات ته‌نیا له‌ گه‌مه‌ی نێوان فاكته‌ره‌ ناوه‌كییه‌ تاكه‌كه‌سییه‌كان و ڕه‌وشه‌ ده‌ره‌كییه‌كاندا كورت ببێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌یش شوێن بۆ ڕه‌فتاری عه‌قڵانی intelligence behavior چۆڵ ده‌كات. به‌م جۆره‌ له‌ دواجاردا گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م هێله‌ بخه‌ینه‌ نێو ئه‌رگومێنتی دوا سنوورییه‌وه‌، ده‌بێ بپرسین: چۆن ده‌كرێت ئه‌م جۆره‌ سه‌نتێزه‌ كه‌ ئوبێكتی شیاو به‌ مه‌یل ده‌دات، سه‌نتێزی عه‌قڵانی بێت، له‌كاتێكدا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌نتێز ڕیالیزه‌ ببێت، كاتێكی ئه‌وه‌نده‌ زۆر ده‌خایه‌نێت كه‌ له‌ ژیانی تاكه‌كه‌س درێژتره‌ و، ئه‌زموونه‌كان ناتوانن له‌گه‌ڵیدا بمێننه‌وه‌؟
ناچارین بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئایدیایه‌ی كه‌ پێیوایه‌ ڕه‌فتاری عه‌قڵانی زیاتر له‌وه‌ی ڕه‌فتارێكی تاكه‌كه‌سی بێت ڕه‌فتارێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و، كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كاته‌ نێوانگری خۆی و تێیدا فه‌زای نێوه‌ندگیر intermediate milieu بۆ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ وای لێده‌كات بوونه‌كه‌ی مومكین بێت. نێوانگری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ مه‌یله‌كان چییه‌؟ واتای ئامێزانكردنی ڕه‌وشه‌كانه‌ integrating circumstances له‌ سیسته‌مێكدا كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبڕكێ دامه‌زراوه‌ و، تێهه‌ڵكێشكردنی فاكته‌ره‌ ناوه‌كییه‌كانه‌ له‌نێو سیسته‌مێكدا كه‌ ده‌ركه‌وتنه‌كه‌یان ڕێك ده‌خات و جێی جۆر [ی سروشتی] ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ رێك دۆخی دامه‌زراوه‌یه‌، [ئێستا] شه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌خه‌وین، ده‌خۆین له‌به‌رئه‌وه‌ی نیوه‌ڕۆیه‌. مه‌یلی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ئامراز و مانای كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ تێركردنی مه‌یله‌كان بوونی هه‌یه‌، ئه‌م ئامرازانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تین وا پیشان ده‌درێن كه‌ ئه‌سڵی و بنه‌ڕه‌تیشن. هه‌موو دامه‌زراوه‌یه‌ك، ته‌نانه‌ت له‌ بونیاده‌ نائیرادییه‌كه‌یشدا، زنجیره‌یه‌ك مۆدێل به‌سه‌ر جه‌سته‌ماندا ده‌سه‌پێنێت و، مه‌عریفه‌یه‌كی دیاریكراو و توانای پێشبینیكردن و توانای دانانی پلان و پرۆژه‌، به‌ عه‌قڵمان ده‌به‌خشێت. لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌: مرۆڤ غه‌ریزه‌ی نییه‌، به‌ڵكو دامه‌زراوه‌كان دروست ده‌كات، مرۆڤ ئاژه‌ڵێكه‌ كه‌ ده‌ست له‌ جۆره‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت. هه‌روه‌ها غه‌ریزه‌ گوزارشته‌ له‌ پێداویستییه‌ ناكاوه‌كانی ئاژه‌ڵ urgent needs of the nimal و، دامه‌زراوه‌ گوزارشته‌ له‌ داواكارییه‌ مرۆییه‌كان demands of humanity: ناكاوێتی په‌یوه‌ست به‌ برسێتی مرۆڤه‌وه‌ ده‌بێته‌ داواكاری به‌ده‌ستهێنانی خۆراك. له‌ كۆتاییدا به‌ باشی له‌ "كۆمه‌ڵگه‌ ئاژه‌ڵییه‌كان" animal societies ـدا ده‌رك به‌ كێشه‌ی غه‌ریزه‌ و دامه‌زراوه‌ ناكه‌ین، به‌ڵكو له‌نێو په‌یوه‌ندییه‌ ئاژه‌ڵی و مرۆییه‌كاندا ده‌توانین لێی تێبگه‌ین، واته‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ داواكارییه‌كانی مرۆڤ پشت به‌ ئاژه‌ڵ ده‌به‌ستێ له‌ڕێگه‌ی ئامێزانكردنی ئاژه‌ڵ له‌ دامه‌زراوه‌كاندا (ته‌وته‌میزم و ماڵیكردن)، هه‌روه‌ها ئه‌و كاته‌ی كه‌ پێویستییه‌ ناكاوه‌كانی ئاژه‌ڵ به‌ پێویستییه‌كانی مرۆڤ ده‌گات و به‌ر یه‌كتر ده‌كه‌ون، جا چ ئه‌وان په‌لامارمان بده‌ن و ئێمه‌یش لێیان هه‌ڵبێین، یاخود ئێمه‌ چاومان له‌وه‌ بێت خۆراكی خۆمانیان پێ دابین بكه‌ین و بۆ مانه‌وه‌مان له‌ ژیاندا به‌كاریان بهێنین.  

سه‌رچاوه‌كان:
- Gilles Deleuze: Desert Islands "and other Texts" 1953-1974, Translated by: Michael Taormina, Edited by David Lapoujade, Semiotext (e), The MIT Press, London, 2004, Pp.19-22.
 - مجوعة مؤلفين: جيل دولوز- سياسيات الرغبة, تحرير: د. أحمد عبدالحليم عطية, الفكر المعاصر, دار الفارابي, بيروت-لبنان, الطبعة الأولى, 2011, ص153-158.

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى "کولتوور مەگەزین" بڵاوبۆتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەرە ئەم لینکە بکە:

Sunday, 17 January 2016

بنه‌ڕه‌ته‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی هیومانیزمی تیۆری

لووى ئالتۆسێر
وه‌رگێرانی: هاوار محه‌مه‌د


مرۆڤ سه‌نته‌ری جیهانه‌كه‌ی خۆیه‌تی به‌ واتا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئەم دەربڕینە؛ مرۆڤ چییه‌تيى بنه‌ڕه‌تی و ئامانجی جیهانه‌كه‌یه‌تى. ده‌توانین به‌مه‌ بڵێین هیومانیزمی تیۆریی پڕ به‌ واتای وشه‌كه‌.
ده‌كرێت له‌وه‌دا له‌گه‌ڵم هاوڕا بن كه‌ ماركس به‌ قووڵی كێشه‌كه‌ی فۆیه‌رباخی ده‌رباره‌ی چییه‌تی جۆره‌كی مرۆڤ [نوع الإنسان] و نامۆبوونی وه‌رگرت و به‌رده‌وامیی پێدا، بەڵام دواى ئەوە به‌ ته‌واوی له‌ هیومانیزمە تیۆرییەکەى فۆیه‌رباخ دابڕاو ئه‌م دابڕانه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی مۆركی خۆی له‌سه‌ر مێژووی فیكری ماركس بەجێهێشت.
به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌مه‌ دوورتر بڕۆم، چونكه‌ فۆیه‌رباخ كه‌سێكی سه‌یری فه‌لسه‌فییه‌ كه‌ ئه‌م خاسییه‌ته‌ ده‌نوێنێته‌وه‌، تكایشم وایه‌ ڕێم بده‌ن به‌م جۆره‌ گوزارشتی لێ بكه‌م: «ئه‌و ئه‌ركێكی ڕاپه‌ڕاند». فۆیه‌رباخ هیومانیزمێكی هەبوو زۆر ئاشكرا و ڕاگه‌یه‌نراو. به‌ڵام له‌ پشتییه‌وه‌ میراتێكی دێرینی ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ درێژبووبوویەوە كه‌ كه‌متر له‌ فۆیه‌رباخیش به‌ مرۆڤه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌بووبوون ئەگەرچى وه‌ك ئه‌و خۆیان جاڕیشیان نەدابوو؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ دۆزینه‌وه‌ و كه‌شفێكی ئه‌وتۆ نییه‌ و، ئینجا خۆیشم ده‌پارێزم له‌وه‌ی له‌ به‌های ئه‌م نه‌ریته‌ گه‌وره‌یه‌ی هیومانیزم كه‌م بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئەو فه‌زڵە  مێژووییەى هەر هه‌یه‌ كه‌ دژی ده‌ره‌به‌گ و دژی كه‌نیسه‌ و ئایدیۆلۆژییه‌كه‌ی خه‌باتی كردووه‌ و، كه‌رامه‌ت و پێگه‌یه‌كی گرنگی به‌ مرۆڤ به‌خشیوه‌. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و‌ هەورە بڕه‌وێنینه‌وه‌ كه‌ گوایە من دژی ئه‌وه‌م شیمانەى ئەوە بکەین ئه‌م ئایدیۆلۆژییه‌ هیومانیستییانه‌ى وا به‌رهه‌مگه‌لێكی مه‌زن و چەندین بیریاری گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێناوه‌، له‌ بۆرژوازییه‌تی گه‌شه‌سه‌ندووی جیابكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ئایدیۆلۆژیایانه‌ گوزارشتییان له‌ خولیا و ویسته‌كانی كردووه‌ و، خۆیان كردووه‌ به‌ زمانحاڵى پێویستییه‌ ئابوورییه‌ بازرگانی و سه‌رمایه‌دارییه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان، ئینجا بڕیاریان له‌ یاسای نوێ داوه‌، واته‌ هه‌مان یاسای كۆنی ڕۆمانی كه‌ هەموار كراوه‌تەوە و گۆڕاوه‌ به‌ یاسای بازرگانیی بۆرژوازی. [ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ ئه‌مه‌یه‌:] مرۆڤ كه‌سێكی ئازاده‌؛ مرۆڤی ئازاد یان بكه‌ری كردار و ئەندێشەکانى، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك مرۆڤێكی ئازاده‌، لەوەدا سەربەستە ]و مافى خۆیەتى[ كه‌ خاوه‌نی شتێك بێت بۆ کڕین و فرۆشتن دەستبدا، ئه‌و كه‌سێكی بكه‌ره‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌.
قسه‌كه‌م كورت ده‌كه‌مه‌وه‌ و پێموایه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی ئاوارته‌ی ناوه‌خت، نه‌ریتی مه‌زنی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك سه‌رله‌نوێ له‌ كۆمه‌ڵێك كاتیگۆریی نوێدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌وه‌ی مرۆڤ مافی زانینی هه‌بێت، واتە ئه‌و مرۆڤه‌ی کە وا ئه‌م نه‌ریته‌ كردوویه‌تییه‌ سوبێكتێكی كارای تیۆرییه‌ مه‌عریفییه‌كانی- هه‌ر له‌ كۆجیتۆوه‌ هه‌تا سوبێكتی ئه‌زموونگه‌را و ئینجا سوبێكتی ترانسێندێنتاڵ-. هه‌روه‌ها ئه‌م نه‌ریته‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ مرۆڤ مافی مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی [به‌و شتانه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نیانە] هه‌یه‌، ئیدی لەمەیشەوە ئەم مرۆڤەى كرد به‌ سوبێكتێكی كارای ئابووری و ئه‌خلاقی و سیاسی. من پێموایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ شتێكه‌ ناتوانم بیسه‌لمێنم، مافی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ كاتیگۆری مرۆڤ، به‌و ڕواڵه‌ته‌ جیاوازانه‌یه‌وه‌ كه هه‌م‌ تێیاندا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌م ونیش ده‌بێت، هه‌روه‌ها كاتیگۆریای چییه‌تی مرۆیی و كاتیگۆریای جۆری مرۆیی، ڕۆڵێكی تیۆریی سه‌ره‌كییان له‌ فه‌لسه‌فه‌ كلاسیكییه‌ پێش-ماركسییه‌كاندا گێڕاوه؛ دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆچوونێكه‌ ناتوانم لێره‌دا به‌ ته‌واوه‌تی به‌ڵگه‌ی پێویستی بۆ بخه‌مه‌ڕوو. كاتێك باس له‌و ڕۆڵه‌ تیۆرییه‌ ده‌كه‌م كه‌ كاتیگۆرییه‌ك ده‌یگێڕیت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ تێهه‌ڵكێش به‌ كاتیگۆریاكانی تر ده‌بێت و، ئه‌گه‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ جیای بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری گشت [كل]ـەکە دادەنێت. كه‌واته‌ پێموایه‌ ده‌توانم بڵێم: جگه‌ له‌ هه‌ندی حاڵه‌تی ڕیزپەڕ، فه‌لسه‌فه‌ی مه‌زنی كلاسیكی له‌ كۆمه‌ڵێك فۆڕمی ڕانه‌گه‌یه‌نراو و ناڕووندا نه‌ریتێكی هیومانیستیی تیۆریی بێگه‌رد ده‌نوێنێته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر فۆیه‌رباخ به‌ ڕێگای خۆی «ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی ڕاپه‌ڕاندبێت» و چییه‌تی مرۆڤی به‌ ڕوون و ڕاشكاوی خستبێته‌ سه‌نته‌ری گشت و هه‌موو شته‌كانه‌وه‌، ئه‌وا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌ ده‌توانێت له‌ هۆكاری بزربوون و ونبوونی مرۆڤ لای فه‌یله‌سوفه‌ كلاسیكییه‌كان ده‌ربازی ببێت، ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ به‌سه‌ر چه‌ند سوبێكتێكدا دابه‌شیان كردووه‌. ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ ساده‌ بكه‌ینه‌وه‌، با بڵێین ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی مرۆڤ بۆ دوو سوبێكت، سوبێكتی زانه‌ر و سوبێكتی بكه‌ر، مۆری خۆی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی ده‌دات و، هه‌ر له‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و مانیفێسته‌ قه‌شه‌نگه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ لای فۆیه‌رباخ ده‌یبینین و تێیدا ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت ده‌توانێت مه‌سه‌له‌كه‌ كورت بكاته‌وه‌: فۆیه‌رباخ فره‌یی سیفاته‌ مرۆییه‌كان له‌ سوبێكتی مرۆییدا ده‌خاته‌ بری فره‌یی سوبێكته‌كان و، پێیوایه‌ به‌مه‌ كێشه‌یه‌كیتری سیاسیی گرنگی چاره‌سه‌ركردووه‌، ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س و جۆری مرۆییه‌ به‌هۆی ڕه‌گه‌زه‌وه‌، كه‌ تاكه‌كه‌س ده‌سڕێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت لایه‌نیكه‌م هه‌میشه‌ دووكه‌س بوونیان هه‌بێت تاوه‌كو كرده‌ی سێكسی ڕووبدات، جۆریش [جۆریی مرۆیی] واته‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌. ده‌مه‌وێت بڵێم ئێمه‌ به‌هۆی ڕێگه‌ و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی فۆیه‌رباخه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و شته‌ بزانین كه‌ به‌ر له‌ویش باس كراوه‌، واته‌ مرۆڤ، به‌ڵام مرۆڤێكی دابه‌شبوو به‌سه‌ر چه‌ند سوبێكتێك و دابه‌شبوو له‌نێوان تاكه‌كه‌س و جۆردا.
له‌مه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی كه‌ ناهیومانیزمی تیۆری لای ماركس له‌وه‌ زۆر دوورتر ده‌ڕوات كه‌ ته‌نیا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی حساب بێت له‌گه‌ڵ فۆیه‌رباخدا: ماركس فه‌لسه‌فه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و فه‌لسه‌فه‌كانی مێژووی باو، هه‌روه‌ها نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك و، له‌مه‌یشه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی، پێكه‌وه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و جێی گومان.
ئینجا ده‌ڵێم: ناهیومانیزمی تیۆری لای ماركس یه‌كه‌م و به‌ر له‌هه‌ر شتێك ناهیومانیزمی فه‌لسه‌فییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی وتم هه‌ندێك حه‌قیقه‌تی تێدا بێت، ئه‌وا ده‌بێت له‌و بۆچوونه‌ نزیكى بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی ماركس به‌ سپینۆزا یان هیگڵ یان دژی فه‌لسه‌فه‌ ئۆرگیناڵویسته‌كان و سوبێكتگه‌راكان وتوومانه‌، به‌م جۆره‌یش قه‌ناعه‌ت به‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ین [واته‌ ناهیومانیزمی ماركس دوورتر له‌ فۆیه‌رباخ ده‌ڕوات]. هه‌ر به‌ ڕاستیش ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و ده‌قه‌ سه‌ره‌كییانه‌ بده‌ین كه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزمدا به‌ ده‌قی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ داده‌نرێن، ئه‌وا نابینین كه‌ كاتیگۆریای مرۆڤ یان هه‌ر فۆڕمێكتر له‌ فۆڕمه‌كانی ڕابردوو و یان فۆڕمێكی گریمانه‌كراوی ئه‌م كاتیگۆریایه‌ی تێدا هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌:
الحداثة الفلسفية (نصوص مختارة), أعداد و ترجمة: محمد سبيلا و عبدالسلام بنعبد العالي, افريقا الشرق, المغرب, 2001, ل 262-264.

ئەم وتارە یەکەمجار لەگەڵ بابەتێکى کورتى کارل مارکسدا لە سایتى گروپى نێگەتیڤ بڵاوکراوەتەوە. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە
http://negativegroup.org/item.php?id=44

Wednesday, 2 December 2015

ئۆرگیناڵ و كۆپی

عه‌بدوسه‌لام بنعه‌بد عالی
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د

''بێجگه‌ له‌ لێكچوون  هیچی تر نه‌بینیت و شته‌كان وەکو یەک ته‌ماشا بكه‌یت.. ئه‌وا ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌ بۆ كزبینیت''..
ف. نیچه‌


    نیچه‌ ئه‌ركه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی خۆی و, بگره‌ له‌ تێڕوانینی ئه‌وەوە ئه‌ركی فه‌لسه‌فه‌ خۆیشی، وه‌ك قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم دیاری ده‌كات. ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ واتا له‌نێوبردنی دوالیزمی جیهانی ماهییه‌ته‌كان و جیهانی ڕواڵه‌ته‌كان. هه‌ڵبه‌ت قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم ته‌نیا له‌سه‌ر نیچه‌ ماڵ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون هه‌وڵێكه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ئه‌رستۆوه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و بگره‌ له‌دایكبوونی ئه‌فلاتوونیزم و قڵپكردنه‌وه‌یشی له‌ هه‌مان سه‌رده‌مدا بووه‌. ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می په‌یدابوونی ئه‌فلاتوونیزمه‌وه‌ ده‌ستی پێكردبێت، ئه‌ی نیچه‌ چ مانایه‌كی نوێ‌ به‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ ده‌به‌خشێت؟
وا دیاره‌ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌, به‌ر له‌ دیاریكردنی سروشتی قڵپكردنه‌وه‌ خۆی و به‌ر له‌ هه‌ر شتێك, ده‌بێت ئه‌فلاتوونیزم كه‌ ده‌مانه‌وێت قڵپی بكه‌ینه‌وه‌ دیاری بكه‌ین. تۆ بڵێی ئه‌وه‌نده‌ به‌س بێت كه‌ بڵێین ئه‌فلاتوونیزم ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ كه‌ جیهانی واتاكان له‌ جیهانی هه‌سته‌كان، نموونه‌كان [فۆرمه‌كان] له‌ نوسخه‌كان، جیا ده‌كاته‌وه‌؟ خۆ دیاره‌ چه‌مكی نموونه [فۆرم]‌ لای ئه‌فلاتوون وه‌ك دۆلۆز ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ نایه‌ته‌ ناوه‌وه‌ تا به‌رامبه‌ر جیهانی نوسخه‌كان بوه‌ستێته‌وه‌ و له‌ كۆدا له‌گه‌ڵیدا ناكۆك بێت، ئه‌ركی نموونه‌ له‌م به‌رامبه‌رگیریی و ناكۆكمه‌ندییه‌دا ناوه‌ستێت. نموونه‌ بۆ ئه‌وه‌ دێته‌ ناوه‌وه‌ تا نوسخه‌یه‌كی باش و تا ئاستێكی زۆر هاوشێوه‌ی ئه‌صله‌كه‌ [ئۆرگیناڵه‌كه‌] له‌ ناوه‌وه‌ و ناوه‌ڕۆكدا ده‌ربهێنێت، واته‌ ئایكۆنه‌كان و نوسخه‌ كرچ و كاڵه‌كانیش دوور بخاته‌وه‌، واته‌ سیمولاكرا. نوسخه‌-ئایكۆن وێنه‌یه‌كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ له‌ یه‌ك ده‌چن، به‌ڵام سیمولاكرا وێنه‌یه‌كی نا-لێكچووه‌. ئایكۆن به‌نده‌ له‌سه‌ر هاوشێوه‌یی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ نموونه‌كه‌دا، به‌ڵام سیمولاكرا به‌نده‌ له‌سه‌ر جیاوازبوون و نا-هاوشێوه‌یی. ئایكۆنه‌ نموونه‌كه‌ "دووباره‌" ده‌كاته‌وه‌، سیمولاكرا خیانه‌تی لێ‌ ده‌كات.
به‌م مانایه‌ ئه‌فلاتوونیزم لێكجیاكردنه‌وه‌ی جیهانی واتاكان و جیهانی هه‌سته‌كان، نموونه‌كان و نوسخه‌كان نییه‌، به‌ڵكو وه‌ستانه‌ له‌ ئاستی نوسخه‌كان خۆیاندا و لێوردبوونه‌وه‌یان تا بزانین له‌ چ لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌صله‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ چ لایه‌كیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی نییه‌: نوسخه‌گه‌لێك هه‌ن یه‌كسه‌ر له‌دوای نموونه‌كانه‌وه‌ دێن و به‌ندن له‌سه‌ر ئه‌و نموونانه‌، ئه‌مه‌یش بواری هاوشێوه‌ییان به‌ نموونه‌كان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت. ئینجا دوای ئه‌مانیش سیمولاكرا دێت كه‌ به‌زۆریی نالێكچوویی و خه‌له‌ل تێیدا زه‌ق و دیاره‌ و جه‌وهه‌ریشیان جۆرێك له‌ نكوڵی و فریودانی تێدایه‌. نوسخه‌یه‌ك هه‌یه‌ پشت به‌ بنچینه‌كه‌ ده‌به‌ستێت و نوسخه‌یه‌كیش هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو خه‌ره‌ندی جیاوازییه‌وه‌، ئه‌فلاتوونیزم هه‌وڵی مسۆگه‌ركردنی سه‌ركه‌وتنی نوسخه‌ ئایكۆنییه‌كه‌یه‌ به‌سه‌ر سیمولاكرااكه‌دا. ئیدی ئه‌وكات دووانه‌ی نموونه‌/ نوسخه‌ ته‌نیا خزمه‌ته‌ به‌ جیاكارییه‌كه‌ی یه‌كه‌م، واته‌ ئایكۆنه‌/ سیمولاكرا. دووانه‌ی واتا/ نوسخه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ جیاكاریی ناوه‌كییانه‌ی هه‌ر دوو نوسخه‌كه‌ دیاری ده‌كات و پێوه‌ری ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌مان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست: ئایكۆنه‌ ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و لێكچوونه‌وه‌ ده‌بێته‌ نوسخه‌یه‌كی باش و پته‌و كه‌ به‌ نموونه‌ و واتا و وێنه‌وه‌ هه‌یه‌تی، ئایكۆنه‌ بۆیه‌ وایه‌ چونكه‌ وێنه‌ی وێنه‌یه‌، وێنه‌یه‌كی دووهێنده‌یه‌، "یه‌كێتی و خودێتی و هاوشێوه‌یی نموونه‌كه‌ له‌گه‌ڵ نوسخه‌كه‌، دۆخی نوسخه‌كه‌ دیاری ده‌كات".
هه‌ر شتێك نه‌چێته‌ ژێر ڕكێفی یاسای هاوشێوه‌ییه‌وه‌، هه‌ر شتێك هاوشێوه‌یی به‌ره‌و نموونه‌كه‌ كێشی نه‌كات ئه‌وا جیاوازه‌، ناكۆكه‌ به‌ یاسای لێكچوون. گه‌ر وانه‌بوو ئه‌وا سۆفستاییه‌، شه‌یتانێكی فێڵباز و ڕواڵه‌تییه‌.
كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فلاتووندا میتافیزیك ده‌خرێته‌ هه‌ڵوێستێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و به‌م پێیه‌ش جیاوازی ده‌خرێته‌ ژێر باری هه‌یمه‌نه‌ی هاوشێوه‌یی و لێكچوونه‌وه‌. جیاوازی ناكرێت پێگه‌ی له‌ هزردا هه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌گه‌ڵ سیمولاكرادا فڕی ده‌درێنه‌ نێو چاڵێكی قووڵه‌وه‌.
بۆیه‌ له‌م ڕوانگه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ دیوێكی پۆزه‌تیڤه‌وه‌ سیمولاكرا له‌م دۆخه‌ به‌رته‌سك و زیندانئاسایه‌یدا، له‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دیاریكراوی تاك مانادا دیاری بكه‌ین. سیمولاكرا له‌ نێو لۆژیكی میتافیزیكدا زیندانییه‌.
له‌به‌رئه‌وه‌ سیمولاكرا چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌، خاوه‌نی قوڵایی و مه‌ودای ئه‌وتۆیه‌ كه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌ ئاسانی تێكبشكێنرێن. له‌به‌رئه‌م تێكنه‌شكانه‌یشی ده‌بێته‌ جێی گومان. خۆ ئه‌گه‌ر خاسیه‌تی ئایكۆنه‌ لێكچوون بێت "ئه‌وا خاسیه‌تی سیمولاكرا لێكنه‌چوونه‌". سیمولاكرا خولیای گه‌مژه‌یی و نادیاریكراوی و به‌زاندنی مه‌عقولی هه‌یه‌، مه‌یلی له‌وه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌وێكیتر. سیمولاكرا له‌ نا-لێكچوون و سڕینه‌وه‌ی یه‌كسانی و له‌نێوبردنی دیاریكردنه‌وه‌ گه‌شه‌ ده‌كات. هه‌میشه‌ یان زیاده‌ی هه‌یه‌ یان كه‌می هه‌یه‌ و هه‌رگیز یه‌كسان و هاوشێوه‌ نابێت. خۆ ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ هاوشێوه‌ییش بنوێنێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مه‌ وه‌همه‌ نه‌ك بنه‌مایه‌كی ناوه‌كی. ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سنوورێك بۆ ئه‌م هه‌وڵه‌ی سیمولاكرا دابنێت، ئه‌ویش به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ لێكچوون و ڕاكێشانی بۆ نێو هاوشێوه‌یی. ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم هه‌وڵی بۆ ده‌دات بریتییه‌ له‌ فه‌رامۆشكردنی ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ یاخی ده‌بێت و ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ دیاری ناكرێت، ئینجا هه‌ڵدانی بۆ نێو خه‌ره‌ندێكی قووڵ، خه‌ره‌ندی جیاوازی و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌.
به‌م جۆره‌ ئه‌فلاتوونیزم ئه‌و پانتاییه‌ دیاری ده‌كات كه‌ میتافیزیك به‌ پانتایی خۆیی داده‌نێت، ئه‌م پانتاییه‌ بواری ئه‌و نواندنه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ سیخناخه‌ به‌ نوسخه‌-ئایكۆن، ئه‌و نوسخانه‌ی كه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیان له‌گه‌ڵ بابه‌تێكی به‌رچاودا دیاری ناكرێن، به‌ڵكو به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ نموونه‌ و بنچینه‌كه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن.
لێره‌دا ئه‌فلاتوونیزم ته‌نیا ڕێبازێكی فه‌لسه‌فی نییه‌ كه‌ پێگه‌ی شوێنی و كاتی خۆی و شوێنكه‌وتووان و پێڕه‌وانی خۆیی هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌فلاتوونیزم به‌ ته‌واوی بونیادی میتافیزیكیشه‌.
پێشتر وتمان تێپه‌ڕاندنی میتافیزیك واتای ڕكابه‌ریكردنی ڕێبازێك به‌ ڕێبازێكی تر، یان فه‌رامۆشكردنی جۆرێك له‌ توێژینه‌وه‌ و تێڕامان نییه‌ و، واتای قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم و ڕه‌خنه‌گرتن له‌م یان له‌و خاڵی ئه‌فلاتوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو تێپه‌ڕاندنی میتافیزیك خۆیه‌تی، تێپه‌ڕاندن و "قڵپكردنه‌وه‌"ی بونیادی میتافیزیكه‌، ئه‌ی كه‌واته‌ مه‌به‌ست له‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ چییه‌؟
ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌فلاتوونییه‌كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ جیاكاری له‌نێوان چییه‌تی و ڕواڵه‌تدا, له‌نێوان مه‌عقول و هه‌ستدا، له‌نێوان نموونه‌ و نوسخه‌دا، ئه‌وا ئه‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ مانای قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌م دووالیزمانه‌ و نرخاندنی ڕواڵه‌ته‌كان به‌سه‌ر چییه‌تییه‌كان، هه‌سته‌كییه‌كان به‌سه‌ر مه‌عقوله‌كاندا نییه‌، چونكه‌ ته‌واوی ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌ هه‌ر هه‌مووی له‌نێو جیهانی چه‌مك و نواندنه‌وه‌كاندا، له‌نێو جیهانی میتافیزیكدا ڕووده‌دات. به‌ڵام قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كتومت ئه‌م جیهانه‌ بشێوێنیت. ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ زه‌بر له‌ جیهانی شوناس و لێكچوون بدات، واته‌ له‌و لۆژیكی شوناس و چه‌مكه‌ی كه‌ له‌نێویدا ڕواڵه‌ت و ماهییه‌ت لێك جیا ده‌كرێنه‌وه‌ و یه‌كێكیان له‌وی تریان به‌ باشتر داده‌نرێت.
كه‌واته‌ قڵپكردنه‌وه‌كه‌ ده‌بێته‌ وه‌ستان له‌به‌رده‌م نوسخه‌كه‌ خۆیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌فلاتوونیزمدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی سیمولاكرا و دداننانه‌ به‌ مافه‌كه‌یدا به‌ پاڵ ئایكۆنه‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵگێڕانه‌وه‌یه ‌"نرخاندنی باڵاده‌ستی سیمولاكرا و ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌یه‌"، نرخاندنی جیاوازی. دۆلۆز ده‌ڵێ‌: "با سه‌رنج له‌م دوو گوزاره‌یه‌ بده‌ین (ته‌نیا لێكچوونه‌كانه‌ كه‌ جیاواز ده‌بن)/ (ته‌نیا جیاوازییه‌كانه‌ كه‌ لێك ده‌چن). مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دوو خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه‌ بۆ جیهان، به‌و پێیه‌ی گوزاره‌ی یه‌كه‌میان بانگمان ده‌كات بۆ ڕوانین له‌ جیاوازییه‌كان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هاوشێوه‌یی ولێكچوون یان شوناسی بنه‌ڕه‌تی. له‌ كاتێكدا دووه‌میان، به‌ پێچه‌وانه‌ی گوزاره‌ی یه‌كه‌م، بانگمان ده‌كات بۆ تێڕوانین له‌ لێكچوون و بگره‌ له‌ شوناسیش وه‌ك به‌رهه‌می جیاوازی و فره‌ڕه‌نگیی بنه‌ڕه‌تی. گوزاره‌ی یه‌كه‌م جیهانی نوسخه‌ و نواندنه‌وه‌كان دیاری ده‌كات و وه‌ك نوسخه‌ له‌ جیهان ده‌ڕوانێت، به‌ڵام گوزاره‌ی دووه‌میان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، جیهانی سیمولاكرا پیشان ده‌دات و وا ته‌ماشای جیهان ده‌كات كه‌ خه‌یاڵپڵاو (Phantasme)ـه‌ و زۆر بایه‌خی نییه‌. له‌ ڕوانگه‌ی دووه‌مه‌وه‌ ئه‌و په‌راگه‌نده‌ییه‌ی سیمولاكرا له‌سه‌ری به‌نده‌ زۆره‌ یان كه‌مه‌، جاری وایش هه‌یه‌ ته‌نیا جیاوازییه‌كی ساده‌ زنجیره‌ سه‌ره‌كییه‌كان لێك جیاده‌كاته‌وه‌، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ته‌ماشای لێكچوونی داهێنه‌رانه‌ بكه‌ین له‌ خۆیدا، بێ‌ ئه‌وه‌ی گریمانه‌ی بوونى هیچ زاتییه‌تێكی بنه‌ڕه‌تیش بكه‌ین. ئیدی فره‌نگیی ده‌بێته‌ یه‌كێتی پێوانه‌ و ته‌باییه‌كه‌ی، ئه‌وكاتیش ناتوانین وه‌ك به‌رهه‌می ئه‌م جیاوازییه‌ ناوه‌كییه‌ له‌ هاوشێوه‌یی بڕوانین".
له‌ دڵی ئه‌فلاتوونیزمدا لێكچوون له‌ جیاوازییه‌وه‌، خۆیی (زاتی) له‌ بێگانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. جیاوازه‌ كه‌ له‌ گریمانه‌ی زاتیه‌ت و سوبێكت و یه‌كێتیی پێشوه‌خته‌وه‌ له‌ جیامه‌ندی و جیاوازی بڕوانین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پێمان وابێت لێكچوون و یه‌كێتی له‌ جیاوازییه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌، هه‌ر ئه‌م جیاوازییه‌شه‌ دینامیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی بوونی شوناس و یه‌كێتی پێك ده‌هێنێت، مه‌به‌ستم دینامیه‌تی دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ repetition. ڕوانگه‌ی یه‌كه‌م بڕوای به‌ ئایدیای ئه‌صل [ئۆرگیناڵ] هه‌یه‌ و جیهانیش به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی نوسخه‌ی ئه‌صل داده‌نێت، به‌ڵام دووه‌میان وا له‌ واقیع و ماناكانی ده‌ڕوانێت كه‌ دینامیه‌تێكه‌ له‌ چالاكییه‌وه‌ كه‌وتۆته‌وه‌. ڕوانگه‌ی یه‌كه‌م پێی وایه‌ نموونه‌ و واتا پێش دووباره‌بوونه‌وه‌ ده‌كه‌ون، ڕوانگه‌ی دووه‌میان بڕوای وایه‌ هه‌موو شوناسێك دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌. تێڕوانینی یه‌كه‌م بڕوای به‌ زه‌مانی ڕاسته‌هێڵی [كرۆنۆلۆژیا]‌ هه‌یه‌، به‌ڵام دووه‌میان بڕوای به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی هه‌یه‌. یه‌كه‌میان وه‌ك نوسخه‌ له‌ جیهان ده‌ڕوانێت، دووه‌میان وه‌ك سیمولاكرا. به‌ڵام لێره‌دا سمولاكر ته‌نیا نوسخه‌یه‌كی شێواو نییه‌، به‌ڵكو "ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ كه‌ تێیدا له‌ڕێگه‌ی جیاوازییه‌كان خۆیانه‌وه‌ ناكۆك به‌ ناكۆك ده‌گات". بوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ مانای لێكچوونێكی ئه‌صلیی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو لێكچوون "له‌ به‌ره‌نجامی كار و چالاكی سیسته‌مه‌كه‌وه‌ وه‌ك به‌رهۆ و به‌ركار، نه‌ك وه‌ك هۆ و مه‌رج، ده‌كه‌ونه‌وه‌"، بۆیه‌ پێشتر وتمان سیمولاكرا ئه‌و ئاسته‌یه‌ كه‌ جیاوازییه‌كان له‌خۆیاندا ده‌رك ده‌كرێن "وه‌ك دوو زنجیره‌ی لێكجیاواز كه‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌سه‌ریان به‌نده‌ بێ‌ ڕه‌چاوكردنی لێكچوون و بێ‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌صل و سه‌رچاوه‌ و نوسخه‌". ئه‌وه‌تا لێره‌دا هه‌موو پله‌به‌ندییه‌ك ده‌سڕدرێته‌وه‌ و ئیدی هیچ زنجیره‌یه‌ك فه‌زلی به‌سه‌ر یه‌كێكی تردا نییه‌. هیچ زنجیره‌یه‌كیش خاوه‌نی سیفه‌تی نموونه‌ نییه‌. هه‌ر زنجیره‌یه‌ك له‌ جیاوازییه‌كان پێك دێت، په‌یوه‌ندیشی به‌ زنجیره‌كانی تره‌وه‌ دیسان به‌ كۆمه‌ڵێك جیاوازی سنووردار ده‌بێت. كه‌واته‌ سیمولاكرا نوسخه‌یه‌كی شێواو و ڕزیو و خیانه‌تكار نییه‌، به‌ڵكو ده‌رخه‌ری هێزێكی پۆزه‌تیڤه‌ كه‌ به‌ یه‌كجار وێنه‌ی ئه‌صلی و نوسخه‌ نه‌فی ده‌كاته‌وه‌، له‌مه‌یش زیاتر نموونه‌ و كۆپیش نه‌فی ده‌كاته‌وه‌.
فۆكۆ له‌ وتارێكی گرنگیدا مانا و به‌كارهێنانه‌كانی سیمولاكرا ڕوون ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:
-       سمولاكر وێنه‌یه‌كی بێ‌ به‌هایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر حه‌قیقه‌تێكی كرده‌ییدا.
-       ئینجا سیمولاكرا واته‌ نواندنه‌وه‌ی شتێكی تر (له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ ئه‌م شته‌ خۆی ده‌داته‌ ده‌ست یه‌كێكی تر و ده‌ركه‌وت ده‌كات و دوا به‌دوا دێت).
-       ئینجا واته‌ درۆیه‌ك كه‌ وامان لێ‌ ده‌كات نیشانه‌یه‌ك له‌ جێی نیشانه‌یه‌كی تر دابنێین.
-       دواجاریش واته‌ هاتن و ده‌ركه‌وتنێكی هاوكاتی زات [خود self] و ئه‌وی دیكه‌.
له‌م پێناسانه‌وه‌ و له‌ سه‌لماندنی جیهانی سیمولاكرا و قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزمه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ره‌نجامی ئۆنتۆلۆژی ده‌كه‌ونه‌وه‌، كه‌ به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌ كۆیان ده‌كه‌ینه‌وه‌:
-       جیهانی سیمولاكرا جیهانێكی بێ‌ سه‌نته‌ر و نا-یه‌كانگیر و بێ‌ یه‌كێتییه‌، به‌ر له‌ هه‌رشتێك جیهانی ئاوێنه‌كانه‌.
-       ئینجا جیهانێكه‌ بێ‌ وێنه‌ی نموونه‌یی [ئۆگیناڵ، فۆرم، ئایدیا].
-       جیهانی فره‌یی بێ‌ پایانه‌، نه‌ك یه‌كێتی بێ‌ پایان.
-       جیهانی ئه‌ڵته‌رناتیڤ و هاوشێوه‌كان doubles ـه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌ویتر له‌ سوبێكتدا نیشته‌جێ‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌یش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ دووری سوبێكت له‌ خۆیه‌وه‌، ئه‌و دوورییه‌ی وای لێ‌ ده‌كات، له‌ جیاوازییه‌كه‌یدا لێكچووی ئه‌ویتر بێت.
-       به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیهانی سیمولاكرا جیهانێكی مه‌حكومه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی. جیهانێكه‌ كه‌ شت ته‌نیا له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌نێویدا بوونی هه‌یه‌، ته‌نیا له‌و ڕووه‌ی كه‌ نوسخه‌یه‌كه‌ له‌ نوسخه‌ بێ‌ پایانه‌كان، به‌ڵام نوسخه‌یه‌ك كه‌ ئه‌صلێكی نییه‌. جیهانێكه‌ شوناس مانای نییه‌ ته‌نیا وه‌ك دووباره‌بوونه‌وه‌ نه‌بێت. جیهانێكه‌ له‌گه‌ڵ زه‌مانی میتافیزیكدا یه‌كتر نه‌فی ده‌كه‌نه‌وه‌ و لێكدژه‌ له‌گه‌ڵ ڕاسته‌هێڵ و پێشكه‌وتنی زه‌ماندا، به‌ڵكو گریمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ سوڕان و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی.
كه‌واته‌ جیهانی سیمولاكرا جیهانێكه‌ كه‌ كۆپیكردنه‌وه‌ بنه‌ماكه‌یه‌تی و تێیدا شوناس ده‌بێته‌ دووباره‌بوونه‌وه‌، جیهانێك كه‌ هیچ شتێك تێیدا بوونی نییه‌ ته‌نیا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌بێت، هیچ شتێك تێیدا ئاماده‌یی نییه‌ ته‌نیا به‌ هاوشێوه‌ و ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانی نه‌بێت. سیمولاكرا جیهانێكه‌ كه‌ تێیدا زات ده‌رده‌په‌ڕێت و زاتییه‌ت داده‌ڕوخێت.
تێپه‌ڕاندنی میتافیزیك پێویستی به‌ دووباره‌ چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ به‌ لۆژیكی شوناسدا، پێویستی به‌ ڕوانینه‌ له‌ جێگیریی سوبێكت و بوونی ئه‌ویتر له‌ سوبێكتدا وه‌ك دووری سوبێكت له‌ خۆیه‌وه‌ "ئه‌م دوورییه‌ی كه‌ وا له‌ویتر ده‌كات، له‌ جیاوازییه‌كه‌یدا هاوشێوه‌ی سوبێكت بێت، بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی جووت بێت". لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی كه‌ جیهانی سیمولاكرامان بۆ ده‌سه‌لمێنێت بریتییه‌ له‌ دروستكردنی خه‌له‌ل له‌ چه‌مكی سوبێكت خۆی و دادگاییكردنی فه‌لسه‌فه‌ كۆجیتۆییه‌كان. 

سه‌رچاوه‌:
عبدالسلام بنعبد العالی: أسس الفكر الفلسفی المعاصر- مجاوزه‌ المیتافیزیقا، دار توبقال للنشر، الگبعه‌ اڵاولی، المغرب، 1991، ص 99-105.

ئەم وتارە لە سایتى "کولتوور مەگەزین" بلاوکراوەتەوە. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
  

Saturday, 7 November 2015

ستراتیژییه‌تی گه‌مارۆدان

میشێل فوكۆ
                            وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د

تا دوێنێ، ئێمە شتێکمان لەپێناو ئازادیدا خاپوور نەدەکرد. من هه‌رگیز قه‌ناعه‌تم به‌و قسه‌یه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ له‌م سەردەمەى ئێستادا ئازادییه‌كان لە ئاوابووندان، مافه‌كان به‌ربادبوون، ڕووبەر و شوێنه‌كان له‌ ده‌وری هه‌ر یه‌كێكمان به‌رته‌سك بوونەتەوە. گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ [سیاسەتى] دادوەریى تاوانكاریی ماوه‌ی بیست ساڵه‌ و بگره‌ سه‌ده‌یه‌كیشه‌، زۆر ڕێكخراو و ڕێزلێگیراو نه‌بووه‌. بۆیە كه‌ڵك له‌وه‌دا نییه‌ زەندەقى ئەم سەردەمە ببەین و به‌هۆی هه‌تاوێكی وەهمییەوە كه‌ خۆی له‌ ده‌می ئاوابووندایه‌، سێبه‌رێكی به‌سه‌ردا درێژ بكه‌ینه‌وه‌.
نابێت ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ له‌پێشچاومان ڕووده‌ده‌ن یان هه‌ندێك كات له‌به‌رچاومان ون ده‌بن، بە نۆستالژیا و تاسەى ڕابردووەوە گیرۆدەمان بکەن. ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ ئەو گۆڕانانە به‌ جدد وه‌ربگرین، واته‌ ده‌ركی ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن و هه‌ڵوێستی خۆمان به‌ ڕوونی له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه‌ ده‌ربخه‌ین كه‌ بۆ داهاتوو قەبوڵی به‌رده‌وامبوونیان ناكه‌ین.
له‌ كه‌یسی خۆپیشانده‌رانی 23 ی ئازاردا[1] هیچ شتێكی ناڕه‌وا و ڕیزپه‌ڕ ڕووینه‌دا، هه‌موو شتێك به‌پێی یاسای لێپرسینه‌وه‌كان و ڕێسا بەرکارەکان و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاریكراوی كرده‌ی تاوانكاریی بوو. به‌داخه‌وه‌ هه‌موو شتێك وابوو.
چى دەربارەى ڕێوشوێنى لێکۆڵینەوەکان؟ هەڵبەت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ بوون له‌و كه‌سانه‌ی له‌ تاوانه‌وه‌ گلابوون، واته‌ ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا كردبوو. لێکۆڵینەوەکان خۆیان تاوانى زەق، بەرگریى ناتەواو، بڕیاری خێرا بوون؛ پێشتر ئه‌مه‌مان وتووه‌ و هەزارجاریتریش دەیڵێینەوە. به‌ڵام واپێده‌چێت بنه‌مای "له‌ تاوانه‌وه‌ گلان" خۆی بنه‌مایه‌كی قه‌ڵپ و مه‌ترسیدار بێت. له‌ ڕاستیدا یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان له‌ یاسای تاوانكارییدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌دواداچوون و دادگایی نابێت هه‌ردووكیان له‌ دەستى یەک لایەندا بن: ئه‌وه‌ی پارێزگاریی له‌ تۆمه‌ته‌كه‌ ده‌كات نابێت هەمان ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ڕاستی و به‌ڵگه‌كانیش ڕاسپێردراوه‌. به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ لێپرسینه‌وه‌كانی له‌ تاوانه‌وه‌ گلان، داوای له‌ داواكاری گشتی كردووه‌ كه‌، له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباره‌كه‌دا، سه‌رجه‌م فایله‌كان و ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌شی پێشكه‌ش بكات كه‌ توانای ئه‌وه‌ به‌دادگا ده‌ده‌ن كه‌یسه‌كه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌ و بیبڕێنێته‌وه‌. سكاڵاكه‌ر [داواكاری گشتی] خۆی (یان زۆرجار له‌گه‌ڵ پۆلیسدا) هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی دروست كردووه‌. یان فه‌رمان به‌ لێپرسینه‌وه‌كان ده‌كات كه‌ له‌ به‌ڵگه‌ی شایه‌تحاڵی سه‌لماندن و شایه‌تحاڵی ڕه‌تكردنه‌وه‌ بكۆڵنه‌وه‌. لێره‌دا هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ڕوونادات. له‌مه‌یش زیاتر هیچ شتێك نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌ڵگه‌ی شایه‌تحاڵی سه‌لماندن.
به‌ڵام ئه‌ی ئایا تاوانه‌كه‌ ڕوون و ئاشكرا نییه‌ و، به‌ڵگه‌كان به‌ به‌رچاوه‌وه‌ نین؟ ئیتر لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆچییه‌؟ لێره‌دا به‌كارهێنانی یاسای به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌بێته‌ یاسایه‌كی زۆر مه‌ترسیدار و، ته‌واو ترسناك. ئه‌م یاسایه‌ وا ده‌كات ته‌نیا به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندانێكدا كه‌ هه‌ندێك كاری پێویستی بۆ تاوان تێدا كرابێت، تاوان بێت. به‌ هه‌رحاڵ به‌شداریی واته‌ ئاماده‌یی، بوون له‌ شوێنێكدا، مانه‌وه‌ له‌ جێیه‌كدا.. كێ له‌ ئێمه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ نه‌زانێت كه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی لێپرسینه‌وه‌ی "له‌ تاوانه‌وه‌ گلان" به‌ پێی به‌ندێكی یاسایی پێشێلكاریی، كه‌ زۆر به‌ ته‌مومژاوی و لاستیكی دیاریكراوه‌، دەشێت هه‌ر كه‌سێك، كه‌ به‌ شوێنی خۆپیشاندان یان تاوانه‌كه‌دا تێپه‌ڕیبێت، وه‌ك "ئاژاوه‌گێڕ"ـێك بدرێته‌ دادگا؟ گوایه‌ به‌ڵگه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆلیس بینیوویه‌تی و ده‌ستگیری كردووه‌.
یاسای به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ به‌ پۆلیس ده‌دات كه‌ له‌ هه‌مان شوێندا "تاوان" و "تاوانبار" دروست بكات، دواجار لێپرسینه‌وه‌كانی "به‌شداریكردن له‌ تاواندا" حه‌قیقه‌تێكی بێچه‌ند و چوون دەبەخشێتە كرده‌ی پۆلیس و بڕیاری دادگا.
ئه‌مه‌ شتێكە زیاد لە پێویست قەبەکراوە (ژان دانیال هه‌قییه‌تی كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌)، دادوه‌ره‌كان به‌ ته‌واوی ئاگایان له‌مه‌یه‌، به‌ڵام به‌و "فه‌لسه‌فه‌"یه‌ پاساوی ده‌ده‌ن گوایه‌ تاوانباره‌كه‌ ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ڕاكێشراوه‌ تاوانكاریی ئه‌نجام بدات. ئه‌وه‌ "فه‌لسه‌فه‌"یه‌كه‌ له‌و په‌ڕی پوختیدا و، بگره‌ له‌ به‌ڵگه‌نه‌ویست ده‌چێت. دادپه‌روه‌ری، لە ڕێگەى لێكۆڵینه‌وه‌ و بڕینەوەى سزا بۆ پێشێلكارییه‌كان و به‌ ناوی زامنكردنی "به‌رگری له‌ كۆمه‌ڵگا"وه‌ خۆی به‌هێز ده‌كات. ئه‌م بیرۆكه‌ زۆر دێرینه‌ و له‌ سه‌روه‌ختی گۆڕاندایه‌ -كه‌ ئه‌مه‌یان شتێكی نوێیه‌- بەرەو ئەوەى ببێته‌ پره‌نسیپێكی نوێ له‌ پره‌نسیپه‌كانی كار. له‌ دوایین بریكاره‌وه‌ تاوه‌كو وه‌زیری داد ''هه‌ر هه‌موویان زامنی به‌رگری له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن'' و، ڕێوشوێنه‌كان له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ئامانجانه‌دا ده‌گرنه‌ به‌ر. ئه‌مه‌یش كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی به‌ بایه‌خی هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند خاڵێكیان باس ده‌كه‌ین:
1-   به‌رگریكردن له‌ كۆمه‌ڵگا بۆته‌ پره‌نسیپێكی پیشه‌یی له‌نێوان پۆلیس و بریكاره‌كان و دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و دادوه‌ره‌كاندا. پشكنینه‌ هاوبه‌شه‌كان و هاوسه‌نگییه‌كان و ناكۆكییه‌ پێویسته‌كان له‌نێوان ڕه‌گه‌زه‌ جۆراوجۆره‌كانی دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رده‌وامێتییه‌ په‌سه‌ندكراو و قبوڵكراوه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌. له‌و پیاوه‌ خووده‌له‌سه‌ر [كڵاوی ئاسنینی سه‌ربازی] و دار به‌ده‌سته‌وه‌ [واته‌ پۆلیس] هه‌تا ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌ عه‌قڵ و ویژدانی خۆی حوكم ده‌رده‌كات ]دادگا یان حاکم[، هه‌ر هه‌موویان به‌ هۆی جوڵه‌یه‌كی هاوبه‌ند و لێكچووه‌وه‌ هاوڕان له‌سه‌ر بینینی هه‌مان ڕۆڵ [پاراستنی كۆمه‌ڵگا].
2-   به‌ڵام به‌رگریكردن له‌ كۆمه‌ڵگا دژی چی؟ دژی ناكۆكییه‌كان؟ بێگومان وایه‌، به‌تایبه‌تیش دژی مه‌ترسییه‌كان. مه‌ترسییه‌كان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بایه‌خی ڕێژه‌یی ناكۆكییه‌كان پیشان ده‌دات: مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌و "به‌رد"ه‌دایه‌ كه‌ ده‌ته‌قێنرێت و، مه‌ترسی بچووكیش گه‌نده‌ڵیی گه‌وره‌ی باج و زه‌ریبه‌یه‌! تۆ بلێی ناكۆكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خراپ حساب كرابن؛ خۆ ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كه‌ له‌ پشتی ئه‌م واقیعه‌ جێی گومانانه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كی ده‌ستكردیش ]یان سیناریۆیەک[ بسازێنرێت. له‌وه‌یش دڵنیا نین كه‌ هەر خۆپیشاده‌رێك ڕووبه‌ڕووی زۆرلێكردن و بێده‌نگكردن نه‌بووبێته‌وه‌. به‌ هه‌رحاڵ له‌ پشتی ئه‌مانه‌وه‌ خۆپیشاندان هه‌یه‌، له‌ پشتی ئه‌میشه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ هه‌یه‌ كه‌ دێن، له‌پشتی ئه‌میشه‌وه‌ تووندوتیژی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و بێكاری و ئیتاڵیا و "P.38" و فه‌سیلی رۆتی چه‌كدار بوونیان هه‌یه‌، ده‌بێت دادپه‌روه‌ری دژی مه‌ترسیی ڕاسته‌قینه‌ دەستبەکار بێت نه‌ك دژی تاوانی جێگیر.
3-   به‌ڵام چۆن خۆمان [له‌ مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌] بپارێزین؟ به‌ به‌دواداچوون بۆ پێشێلكاره‌ ڕاسته‌قینه‌كان؟ به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كاری كرده‌ بێت. به‌ڵام ستراتیژییه‌تی گه‌مارۆدان شتێكی چالاكتریشی هه‌یه‌، ئه‌ویش: بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقین، دروستكردنی په‌ند و عیبره‌ت و چاوترسێنكردن، یان وه‌ك له‌ ڕسته‌یه‌كدا ده‌وترێت كه‌ زۆر به‌ باشی گوزارشتی لێده‌كات: فشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌م "جه‌ماوه‌ره‌ به‌ ئامانج گیراوه‌"، ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ شڵه‌ژاو، فشۆڵ، به‌دگومان و دوودڵه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ڕۆژێك ببنه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی و پشێوی: گه‌نجه‌ بێكاره‌كان، خوێندكاران، قوتابیانی ناوه‌ندی و ..هتد.
4-   پاشان ئه‌وه‌ كێیه‌ كه‌ ده‌بێت له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بیپارێزین؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ باڵاترین و گرنگترینن و ئینجا زیاتریش ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌. جا كێ هه‌یه‌ له‌ده‌وڵه‌ت گرنگتر، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌پارێزێت و كۆمه‌ڵگه‌ زۆر پێویستی پێیه‌تی؟! به‌م جۆره‌ ڕۆڵی دادپه‌روه‌ری بریتییه‌ له‌ پاراستنی ده‌وڵه‌ت دژی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كه‌ن و به‌مه‌یش ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خه‌نه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت پارێزگاریی لێ بكات. ئه‌مه‌ ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌تدا قەتیس كراوه‌‌. ئه‌مه‌ شوێنه‌كه‌یه‌تی و ئه‌وه‌ وه‌زیفه‌كه‌یه‌تی؛ نه‌ك دادپەروەرییەک کە وه‌ك ده‌ڵێن له‌نێوان یاسا و تاكدا كورت كرابێته‌وه‌. سه‌رزه‌نشته‌ ناوزڕێنه‌كانی دێسرس و دیڤال و زۆرێكیتر سه‌رزه‌نشی "نائاسایی" و ده‌ره‌ ڕێسا نه‌بوون، واته‌ دۆخی هه‌ڵاوێر له‌ ڕێساكه‌ نه‌بوون. به‌ڵكو ئه‌مه‌ به‌وپه‌ڕی كاراییه‌وه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ مه‌كربازه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ دادپه‌روه‌ریی تاوانكاری به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت ببێته‌ "دادپه‌روه‌رییه‌كی وه‌زیفی". دادپه‌روه‌ریی ئاساییش و پارێزگاری؛ دادپه‌روه‌رییش وه‌ك زۆرێك له‌ دامه‌زراوه‌كانیتر ده‌بێت ببێته‌ داپه‌روه‌رییه‌كی كۆمه‌ڵگایی و ئه‌و شتانه‌ی بۆ كه‌شف بكات كه‌ زیانی پێده‌گه‌یه‌نن و، له‌و مه‌ترسییه‌ تایبه‌تییانه‌ ئاگاداری بكاته‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌. دادپه‌روه‌ری ئه‌ركی خۆی كردۆته‌ شه‌ونخونی و بێداری به‌دیار كۆمه‌ڵگه‌وه‌ له‌بری ڕێزگرتن له‌ سوبێكته‌ یاساییه‌كان.
ئایا باڵاده‌ستیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زیاتر بووه‌؟ نازانم. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ فه‌رمانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بسه‌پێنرێن، هه‌ڵبه‌ت له‌ڕێگای وه‌زیفه‌كانی "پارێزگاریكردن له‌ كۆمه‌ڵگه‌"وه‌. تۆمه‌تباره‌كانی لۆنگوی ئازادكران به‌ڵام تۆمه‌تباره‌كانی پاریس سزاكانیان زیاتر بووه‌... كه‌واته‌ ده‌بێت بڕیاره‌كه‌ی دادگا یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌تی خواره‌وه‌ بێت:
یان دوو بڕیاری زۆر لێكدژی داوه‌ له‌پێناو "كاری باش"ـی هه‌موواندا (لێبورده‌یی به‌رامبه‌ر گروپه‌ بێكاره‌كان، دڵڕه‌قیی به‌رامبه‌ر گروپه‌ پاریسییه‌كان). له‌م دۆخه‌دا وا پێده‌چێت سه‌رجه‌م دادپه‌روه‌ریی تاوانكاریی له‌پێناو پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌دا، نه‌ك له‌ پێناو یاسادا، كاری كردبێت.
یاخود دادوه‌ره‌كان هه‌موویان هاوڕانین له‌سه‌ر چییه‌تی به‌رگریكردن له‌ كۆمه‌ڵگا و، هه‌ندێكیان ئه‌وه‌یان ڕه‌ت كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینن. له‌م دۆخه‌دا عه‌داله‌ت هاوبه‌ندیی و هاوسه‌نگیی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌.
له‌ هه‌رحاڵێكدا ئێمه‌ له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌داین. بۆیه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات ئه‌و كه‌سانه‌ ئازادبكرێن كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانیی ئه‌م دۆخه‌ لەته‌حه‌مولبەدەرە. جا له‌ كاتێكدا ئه‌ستۆپاكیی ئه‌وانه‌ ده‌رناخه‌ن و ئازادیان ناكه‌ن، سه‌رۆكی كۆماریش ده‌رده‌كه‌وێت و پێشنیاریی ئه‌وه‌ ده‌كات –به‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌مه‌ بڵێت- گۆڕان له‌و دادپه‌روه‌ریەدا بكرێت كه‌ به‌ سه‌رزه‌نشتی‌ سته‌مكارانه‌ ده‌كڕدرێت. هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌ یه‌ك كاتدا ڕێزی یاسا بگرێت و ڕێزی ئه‌ویش بگرێت. سه‌رۆك كۆماریش هیچ شتێكی له‌ ئێمه‌ زیاتر نییه‌. 

سه‌رچاوه‌:
ميشيل فوكو: اقوال و كتابات (مختارات), ترجمة: البكاى ولد عبدالملك, جداول للنشر و التوزيع, الطبعة الأولى, الكويت, 2012, ص201-204.

پەراوێز:
[1] له‌ 23ی ئازاری ساڵی 1979 دا نوێنه‌رانی 6500  كرێكاری كانه‌كانی لۆنگوای [كانی خه‌ڵوز یان هه‌ر كانێكیتر]، كه‌ بڕیاری له‌كار ده‌كردنیان بۆ ده‌رچووبوو، له‌ شه‌قامه‌كانی پاریسدا خۆپیشاندانیان كرد. هێزی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ په‌یوه‌ستیش بوو به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كنی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی گشتی ئیش (C.G.T)  و حیزبی سۆشیالیستییه‌وه‌، بۆیه‌ (C.F.DT) ڕه‌تیكرده‌وه‌ كه‌ به‌شداریی تێدا بكات. هه‌ندێك له‌ خه‌باتگێڕه‌ توندوڕه‌وه‌ چه‌په‌كان و ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك حه‌ماسه‌تساز و ئاژاوه‌گێڕیش كه‌ له‌ وه‌ختی ئه‌و هه‌رایه‌دا هاتبوونه‌ ناوه‌وه‌، له‌ كۆتایی خۆپیشاندانه‌كه‌دا شوشوی هه‌ندێك له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كانی گۆڕه‌پانی ئۆپێرایان شكاند. به‌م هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر گیران كه‌ نكوڵییان له‌وه‌ ده‌كرد به‌شدارییان له‌ كاری تێكدان و ئاژاوه‌نانه‌وه‌دا كردبێت.

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى گروپى "نێگەتیڤ" بڵاوبۆتەوە. بۆ بینینى لە سایتەکە کلیل لەسەر ئەم لینکە بکە: