My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Sunday, 17 January 2016

بنه‌ڕه‌ته‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی هیومانیزمی تیۆری

لووى ئالتۆسێر
وه‌رگێرانی: هاوار محه‌مه‌د


مرۆڤ سه‌نته‌ری جیهانه‌كه‌ی خۆیه‌تی به‌ واتا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئەم دەربڕینە؛ مرۆڤ چییه‌تيى بنه‌ڕه‌تی و ئامانجی جیهانه‌كه‌یه‌تى. ده‌توانین به‌مه‌ بڵێین هیومانیزمی تیۆریی پڕ به‌ واتای وشه‌كه‌.
ده‌كرێت له‌وه‌دا له‌گه‌ڵم هاوڕا بن كه‌ ماركس به‌ قووڵی كێشه‌كه‌ی فۆیه‌رباخی ده‌رباره‌ی چییه‌تی جۆره‌كی مرۆڤ [نوع الإنسان] و نامۆبوونی وه‌رگرت و به‌رده‌وامیی پێدا، بەڵام دواى ئەوە به‌ ته‌واوی له‌ هیومانیزمە تیۆرییەکەى فۆیه‌رباخ دابڕاو ئه‌م دابڕانه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی مۆركی خۆی له‌سه‌ر مێژووی فیكری ماركس بەجێهێشت.
به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌مه‌ دوورتر بڕۆم، چونكه‌ فۆیه‌رباخ كه‌سێكی سه‌یری فه‌لسه‌فییه‌ كه‌ ئه‌م خاسییه‌ته‌ ده‌نوێنێته‌وه‌، تكایشم وایه‌ ڕێم بده‌ن به‌م جۆره‌ گوزارشتی لێ بكه‌م: «ئه‌و ئه‌ركێكی ڕاپه‌ڕاند». فۆیه‌رباخ هیومانیزمێكی هەبوو زۆر ئاشكرا و ڕاگه‌یه‌نراو. به‌ڵام له‌ پشتییه‌وه‌ میراتێكی دێرینی ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ درێژبووبوویەوە كه‌ كه‌متر له‌ فۆیه‌رباخیش به‌ مرۆڤه‌وه‌ سه‌رقاڵ نه‌بووبوون ئەگەرچى وه‌ك ئه‌و خۆیان جاڕیشیان نەدابوو؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ دۆزینه‌وه‌ و كه‌شفێكی ئه‌وتۆ نییه‌ و، ئینجا خۆیشم ده‌پارێزم له‌وه‌ی له‌ به‌های ئه‌م نه‌ریته‌ گه‌وره‌یه‌ی هیومانیزم كه‌م بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ ئەو فه‌زڵە  مێژووییەى هەر هه‌یه‌ كه‌ دژی ده‌ره‌به‌گ و دژی كه‌نیسه‌ و ئایدیۆلۆژییه‌كه‌ی خه‌باتی كردووه‌ و، كه‌رامه‌ت و پێگه‌یه‌كی گرنگی به‌ مرۆڤ به‌خشیوه‌. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و‌ هەورە بڕه‌وێنینه‌وه‌ كه‌ گوایە من دژی ئه‌وه‌م شیمانەى ئەوە بکەین ئه‌م ئایدیۆلۆژییه‌ هیومانیستییانه‌ى وا به‌رهه‌مگه‌لێكی مه‌زن و چەندین بیریاری گه‌وره‌ی به‌رهه‌مهێناوه‌، له‌ بۆرژوازییه‌تی گه‌شه‌سه‌ندووی جیابكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م ئایدیۆلۆژیایانه‌ گوزارشتییان له‌ خولیا و ویسته‌كانی كردووه‌ و، خۆیان كردووه‌ به‌ زمانحاڵى پێویستییه‌ ئابوورییه‌ بازرگانی و سه‌رمایه‌دارییه‌ په‌سه‌ندكراوه‌كان، ئینجا بڕیاریان له‌ یاسای نوێ داوه‌، واته‌ هه‌مان یاسای كۆنی ڕۆمانی كه‌ هەموار كراوه‌تەوە و گۆڕاوه‌ به‌ یاسای بازرگانیی بۆرژوازی. [ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌ ئه‌مه‌یه‌:] مرۆڤ كه‌سێكی ئازاده‌؛ مرۆڤی ئازاد یان بكه‌ری كردار و ئەندێشەکانى، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك مرۆڤێكی ئازاده‌، لەوەدا سەربەستە ]و مافى خۆیەتى[ كه‌ خاوه‌نی شتێك بێت بۆ کڕین و فرۆشتن دەستبدا، ئه‌و كه‌سێكی بكه‌ره‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌.
قسه‌كه‌م كورت ده‌كه‌مه‌وه‌ و پێموایه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی ئاوارته‌ی ناوه‌خت، نه‌ریتی مه‌زنی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك سه‌رله‌نوێ له‌ كۆمه‌ڵێك كاتیگۆریی نوێدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌وه‌ی مرۆڤ مافی زانینی هه‌بێت، واتە ئه‌و مرۆڤه‌ی کە وا ئه‌م نه‌ریته‌ كردوویه‌تییه‌ سوبێكتێكی كارای تیۆرییه‌ مه‌عریفییه‌كانی- هه‌ر له‌ كۆجیتۆوه‌ هه‌تا سوبێكتی ئه‌زموونگه‌را و ئینجا سوبێكتی ترانسێندێنتاڵ-. هه‌روه‌ها ئه‌م نه‌ریته‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ مرۆڤ مافی مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی [به‌و شتانه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نیانە] هه‌یه‌، ئیدی لەمەیشەوە ئەم مرۆڤەى كرد به‌ سوبێكتێكی كارای ئابووری و ئه‌خلاقی و سیاسی. من پێموایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ شتێكه‌ ناتوانم بیسه‌لمێنم، مافی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ كاتیگۆری مرۆڤ، به‌و ڕواڵه‌ته‌ جیاوازانه‌یه‌وه‌ كه هه‌م‌ تێیاندا ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌م ونیش ده‌بێت، هه‌روه‌ها كاتیگۆریای چییه‌تی مرۆیی و كاتیگۆریای جۆری مرۆیی، ڕۆڵێكی تیۆریی سه‌ره‌كییان له‌ فه‌لسه‌فه‌ كلاسیكییه‌ پێش-ماركسییه‌كاندا گێڕاوه؛ دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆچوونێكه‌ ناتوانم لێره‌دا به‌ ته‌واوه‌تی به‌ڵگه‌ی پێویستی بۆ بخه‌مه‌ڕوو. كاتێك باس له‌و ڕۆڵه‌ تیۆرییه‌ ده‌كه‌م كه‌ كاتیگۆرییه‌ك ده‌یگێڕیت، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ تێهه‌ڵكێش به‌ كاتیگۆریاكانی تر ده‌بێت و، ئه‌گه‌ر له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ جیای بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری گشت [كل]ـەکە دادەنێت. كه‌واته‌ پێموایه‌ ده‌توانم بڵێم: جگه‌ له‌ هه‌ندی حاڵه‌تی ڕیزپەڕ، فه‌لسه‌فه‌ی مه‌زنی كلاسیكی له‌ كۆمه‌ڵێك فۆڕمی ڕانه‌گه‌یه‌نراو و ناڕووندا نه‌ریتێكی هیومانیستیی تیۆریی بێگه‌رد ده‌نوێنێته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر فۆیه‌رباخ به‌ ڕێگای خۆی «ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی ڕاپه‌ڕاندبێت» و چییه‌تی مرۆڤی به‌ ڕوون و ڕاشكاوی خستبێته‌ سه‌نته‌ری گشت و هه‌موو شته‌كانه‌وه‌، ئه‌وا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیوایه‌ ده‌توانێت له‌ هۆكاری بزربوون و ونبوونی مرۆڤ لای فه‌یله‌سوفه‌ كلاسیكییه‌كان ده‌ربازی ببێت، ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ به‌سه‌ر چه‌ند سوبێكتێكدا دابه‌شیان كردووه‌. ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ ساده‌ بكه‌ینه‌وه‌، با بڵێین ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی مرۆڤ بۆ دوو سوبێكت، سوبێكتی زانه‌ر و سوبێكتی بكه‌ر، مۆری خۆی له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی ده‌دات و، هه‌ر له‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و مانیفێسته‌ قه‌شه‌نگه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ لای فۆیه‌رباخ ده‌یبینین و تێیدا ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێت ده‌توانێت مه‌سه‌له‌كه‌ كورت بكاته‌وه‌: فۆیه‌رباخ فره‌یی سیفاته‌ مرۆییه‌كان له‌ سوبێكتی مرۆییدا ده‌خاته‌ بری فره‌یی سوبێكته‌كان و، پێیوایه‌ به‌مه‌ كێشه‌یه‌كیتری سیاسیی گرنگی چاره‌سه‌ركردووه‌، ئه‌ویش جیاكردنه‌وه‌ی تاكه‌كه‌س و جۆری مرۆییه‌ به‌هۆی ڕه‌گه‌زه‌وه‌، كه‌ تاكه‌كه‌س ده‌سڕێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت لایه‌نیكه‌م هه‌میشه‌ دووكه‌س بوونیان هه‌بێت تاوه‌كو كرده‌ی سێكسی ڕووبدات، جۆریش [جۆریی مرۆیی] واته‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌. ده‌مه‌وێت بڵێم ئێمه‌ به‌هۆی ڕێگه‌ و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی فۆیه‌رباخه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌و شته‌ بزانین كه‌ به‌ر له‌ویش باس كراوه‌، واته‌ مرۆڤ، به‌ڵام مرۆڤێكی دابه‌شبوو به‌سه‌ر چه‌ند سوبێكتێك و دابه‌شبوو له‌نێوان تاكه‌كه‌س و جۆردا.
له‌مه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی كه‌ ناهیومانیزمی تیۆری لای ماركس له‌وه‌ زۆر دوورتر ده‌ڕوات كه‌ ته‌نیا یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی حساب بێت له‌گه‌ڵ فۆیه‌رباخدا: ماركس فه‌لسه‌فه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و فه‌لسه‌فه‌كانی مێژووی باو، هه‌روه‌ها نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك و، له‌مه‌یشه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی، پێكه‌وه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیار و جێی گومان.
ئینجا ده‌ڵێم: ناهیومانیزمی تیۆری لای ماركس یه‌كه‌م و به‌ر له‌هه‌ر شتێك ناهیومانیزمی فه‌لسه‌فییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی وتم هه‌ندێك حه‌قیقه‌تی تێدا بێت، ئه‌وا ده‌بێت له‌و بۆچوونه‌ نزیكى بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی ماركس به‌ سپینۆزا یان هیگڵ یان دژی فه‌لسه‌فه‌ ئۆرگیناڵویسته‌كان و سوبێكتگه‌راكان وتوومانه‌، به‌م جۆره‌یش قه‌ناعه‌ت به‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ین [واته‌ ناهیومانیزمی ماركس دوورتر له‌ فۆیه‌رباخ ده‌ڕوات]. هه‌ر به‌ ڕاستیش ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و ده‌قه‌ سه‌ره‌كییانه‌ بده‌ین كه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزمدا به‌ ده‌قی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ داده‌نرێن، ئه‌وا نابینین كه‌ كاتیگۆریای مرۆڤ یان هه‌ر فۆڕمێكتر له‌ فۆڕمه‌كانی ڕابردوو و یان فۆڕمێكی گریمانه‌كراوی ئه‌م كاتیگۆریایه‌ی تێدا هه‌بێت.

سه‌رچاوه‌:
الحداثة الفلسفية (نصوص مختارة), أعداد و ترجمة: محمد سبيلا و عبدالسلام بنعبد العالي, افريقا الشرق, المغرب, 2001, ل 262-264.

ئەم وتارە یەکەمجار لەگەڵ بابەتێکى کورتى کارل مارکسدا لە سایتى گروپى نێگەتیڤ بڵاوکراوەتەوە. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە
http://negativegroup.org/item.php?id=44

Wednesday, 2 December 2015

ئۆرگیناڵ و كۆپی

عه‌بدوسه‌لام بنعه‌بد عالی
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د

''بێجگه‌ له‌ لێكچوون  هیچی تر نه‌بینیت و شته‌كان وەکو یەک ته‌ماشا بكه‌یت.. ئه‌وا ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌ بۆ كزبینیت''..
ف. نیچه‌


    نیچه‌ ئه‌ركه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی خۆی و, بگره‌ له‌ تێڕوانینی ئه‌وەوە ئه‌ركی فه‌لسه‌فه‌ خۆیشی، وه‌ك قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم دیاری ده‌كات. ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ واتا له‌نێوبردنی دوالیزمی جیهانی ماهییه‌ته‌كان و جیهانی ڕواڵه‌ته‌كان. هه‌ڵبه‌ت قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم ته‌نیا له‌سه‌ر نیچه‌ ماڵ نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون هه‌وڵێكه‌ هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ئه‌رستۆوه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و بگره‌ له‌دایكبوونی ئه‌فلاتوونیزم و قڵپكردنه‌وه‌یشی له‌ هه‌مان سه‌رده‌مدا بووه‌. ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌سه‌رده‌می په‌یدابوونی ئه‌فلاتوونیزمه‌وه‌ ده‌ستی پێكردبێت، ئه‌ی نیچه‌ چ مانایه‌كی نوێ‌ به‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ ده‌به‌خشێت؟
وا دیاره‌ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌, به‌ر له‌ دیاریكردنی سروشتی قڵپكردنه‌وه‌ خۆی و به‌ر له‌ هه‌ر شتێك, ده‌بێت ئه‌فلاتوونیزم كه‌ ده‌مانه‌وێت قڵپی بكه‌ینه‌وه‌ دیاری بكه‌ین. تۆ بڵێی ئه‌وه‌نده‌ به‌س بێت كه‌ بڵێین ئه‌فلاتوونیزم ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ كه‌ جیهانی واتاكان له‌ جیهانی هه‌سته‌كان، نموونه‌كان [فۆرمه‌كان] له‌ نوسخه‌كان، جیا ده‌كاته‌وه‌؟ خۆ دیاره‌ چه‌مكی نموونه [فۆرم]‌ لای ئه‌فلاتوون وه‌ك دۆلۆز ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ نایه‌ته‌ ناوه‌وه‌ تا به‌رامبه‌ر جیهانی نوسخه‌كان بوه‌ستێته‌وه‌ و له‌ كۆدا له‌گه‌ڵیدا ناكۆك بێت، ئه‌ركی نموونه‌ له‌م به‌رامبه‌رگیریی و ناكۆكمه‌ندییه‌دا ناوه‌ستێت. نموونه‌ بۆ ئه‌وه‌ دێته‌ ناوه‌وه‌ تا نوسخه‌یه‌كی باش و تا ئاستێكی زۆر هاوشێوه‌ی ئه‌صله‌كه‌ [ئۆرگیناڵه‌كه‌] له‌ ناوه‌وه‌ و ناوه‌ڕۆكدا ده‌ربهێنێت، واته‌ ئایكۆنه‌كان و نوسخه‌ كرچ و كاڵه‌كانیش دوور بخاته‌وه‌، واته‌ سیمولاكرا. نوسخه‌-ئایكۆن وێنه‌یه‌كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ له‌ یه‌ك ده‌چن، به‌ڵام سیمولاكرا وێنه‌یه‌كی نا-لێكچووه‌. ئایكۆن به‌نده‌ له‌سه‌ر هاوشێوه‌یی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ نموونه‌كه‌دا، به‌ڵام سیمولاكرا به‌نده‌ له‌سه‌ر جیاوازبوون و نا-هاوشێوه‌یی. ئایكۆنه‌ نموونه‌كه‌ "دووباره‌" ده‌كاته‌وه‌، سیمولاكرا خیانه‌تی لێ‌ ده‌كات.
به‌م مانایه‌ ئه‌فلاتوونیزم لێكجیاكردنه‌وه‌ی جیهانی واتاكان و جیهانی هه‌سته‌كان، نموونه‌كان و نوسخه‌كان نییه‌، به‌ڵكو وه‌ستانه‌ له‌ ئاستی نوسخه‌كان خۆیاندا و لێوردبوونه‌وه‌یان تا بزانین له‌ چ لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌صله‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ چ لایه‌كیشه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ی نییه‌: نوسخه‌گه‌لێك هه‌ن یه‌كسه‌ر له‌دوای نموونه‌كانه‌وه‌ دێن و به‌ندن له‌سه‌ر ئه‌و نموونانه‌، ئه‌مه‌یش بواری هاوشێوه‌ییان به‌ نموونه‌كان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت. ئینجا دوای ئه‌مانیش سیمولاكرا دێت كه‌ به‌زۆریی نالێكچوویی و خه‌له‌ل تێیدا زه‌ق و دیاره‌ و جه‌وهه‌ریشیان جۆرێك له‌ نكوڵی و فریودانی تێدایه‌. نوسخه‌یه‌ك هه‌یه‌ پشت به‌ بنچینه‌كه‌ ده‌به‌ستێت و نوسخه‌یه‌كیش هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو خه‌ره‌ندی جیاوازییه‌وه‌، ئه‌فلاتوونیزم هه‌وڵی مسۆگه‌ركردنی سه‌ركه‌وتنی نوسخه‌ ئایكۆنییه‌كه‌یه‌ به‌سه‌ر سیمولاكرااكه‌دا. ئیدی ئه‌وكات دووانه‌ی نموونه‌/ نوسخه‌ ته‌نیا خزمه‌ته‌ به‌ جیاكارییه‌كه‌ی یه‌كه‌م، واته‌ ئایكۆنه‌/ سیمولاكرا. دووانه‌ی واتا/ نوسخه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ جیاكاریی ناوه‌كییانه‌ی هه‌ر دوو نوسخه‌كه‌ دیاری ده‌كات و پێوه‌ری ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌مان ده‌خاته‌ به‌رده‌ست: ئایكۆنه‌ ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و لێكچوونه‌وه‌ ده‌بێته‌ نوسخه‌یه‌كی باش و پته‌و كه‌ به‌ نموونه‌ و واتا و وێنه‌وه‌ هه‌یه‌تی، ئایكۆنه‌ بۆیه‌ وایه‌ چونكه‌ وێنه‌ی وێنه‌یه‌، وێنه‌یه‌كی دووهێنده‌یه‌، "یه‌كێتی و خودێتی و هاوشێوه‌یی نموونه‌كه‌ له‌گه‌ڵ نوسخه‌كه‌، دۆخی نوسخه‌كه‌ دیاری ده‌كات".
هه‌ر شتێك نه‌چێته‌ ژێر ڕكێفی یاسای هاوشێوه‌ییه‌وه‌، هه‌ر شتێك هاوشێوه‌یی به‌ره‌و نموونه‌كه‌ كێشی نه‌كات ئه‌وا جیاوازه‌، ناكۆكه‌ به‌ یاسای لێكچوون. گه‌ر وانه‌بوو ئه‌وا سۆفستاییه‌، شه‌یتانێكی فێڵباز و ڕواڵه‌تییه‌.
كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌فلاتووندا میتافیزیك ده‌خرێته‌ هه‌ڵوێستێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و به‌م پێیه‌ش جیاوازی ده‌خرێته‌ ژێر باری هه‌یمه‌نه‌ی هاوشێوه‌یی و لێكچوونه‌وه‌. جیاوازی ناكرێت پێگه‌ی له‌ هزردا هه‌بێت، هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌گه‌ڵ سیمولاكرادا فڕی ده‌درێنه‌ نێو چاڵێكی قووڵه‌وه‌.
بۆیه‌ له‌م ڕوانگه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ ناتوانین له‌ دیوێكی پۆزه‌تیڤه‌وه‌ سیمولاكرا له‌م دۆخه‌ به‌رته‌سك و زیندانئاسایه‌یدا، له‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی دیاریكراوی تاك مانادا دیاری بكه‌ین. سیمولاكرا له‌ نێو لۆژیكی میتافیزیكدا زیندانییه‌.
له‌به‌رئه‌وه‌ سیمولاكرا چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی هه‌یه‌، خاوه‌نی قوڵایی و مه‌ودای ئه‌وتۆیه‌ كه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌ ئاسانی تێكبشكێنرێن. له‌به‌رئه‌م تێكنه‌شكانه‌یشی ده‌بێته‌ جێی گومان. خۆ ئه‌گه‌ر خاسیه‌تی ئایكۆنه‌ لێكچوون بێت "ئه‌وا خاسیه‌تی سیمولاكرا لێكنه‌چوونه‌". سیمولاكرا خولیای گه‌مژه‌یی و نادیاریكراوی و به‌زاندنی مه‌عقولی هه‌یه‌، مه‌یلی له‌وه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌وێكیتر. سیمولاكرا له‌ نا-لێكچوون و سڕینه‌وه‌ی یه‌كسانی و له‌نێوبردنی دیاریكردنه‌وه‌ گه‌شه‌ ده‌كات. هه‌میشه‌ یان زیاده‌ی هه‌یه‌ یان كه‌می هه‌یه‌ و هه‌رگیز یه‌كسان و هاوشێوه‌ نابێت. خۆ ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ هاوشێوه‌ییش بنوێنێته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌مه‌ وه‌همه‌ نه‌ك بنه‌مایه‌كی ناوه‌كی. ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سنوورێك بۆ ئه‌م هه‌وڵه‌ی سیمولاكرا دابنێت، ئه‌ویش به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ لێكچوون و ڕاكێشانی بۆ نێو هاوشێوه‌یی. ئه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم هه‌وڵی بۆ ده‌دات بریتییه‌ له‌ فه‌رامۆشكردنی ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ یاخی ده‌بێت و ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ دیاری ناكرێت، ئینجا هه‌ڵدانی بۆ نێو خه‌ره‌ندێكی قووڵ، خه‌ره‌ندی جیاوازی و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌.
به‌م جۆره‌ ئه‌فلاتوونیزم ئه‌و پانتاییه‌ دیاری ده‌كات كه‌ میتافیزیك به‌ پانتایی خۆیی داده‌نێت، ئه‌م پانتاییه‌ بواری ئه‌و نواندنه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ سیخناخه‌ به‌ نوسخه‌-ئایكۆن، ئه‌و نوسخانه‌ی كه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیان له‌گه‌ڵ بابه‌تێكی به‌رچاودا دیاری ناكرێن، به‌ڵكو به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌ نموونه‌ و بنچینه‌كه‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێن.
لێره‌دا ئه‌فلاتوونیزم ته‌نیا ڕێبازێكی فه‌لسه‌فی نییه‌ كه‌ پێگه‌ی شوێنی و كاتی خۆی و شوێنكه‌وتووان و پێڕه‌وانی خۆیی هه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌فلاتوونیزم به‌ ته‌واوی بونیادی میتافیزیكیشه‌.
پێشتر وتمان تێپه‌ڕاندنی میتافیزیك واتای ڕكابه‌ریكردنی ڕێبازێك به‌ ڕێبازێكی تر، یان فه‌رامۆشكردنی جۆرێك له‌ توێژینه‌وه‌ و تێڕامان نییه‌ و، واتای قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم و ڕه‌خنه‌گرتن له‌م یان له‌و خاڵی ئه‌فلاتوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو تێپه‌ڕاندنی میتافیزیك خۆیه‌تی، تێپه‌ڕاندن و "قڵپكردنه‌وه‌"ی بونیادی میتافیزیكه‌، ئه‌ی كه‌واته‌ مه‌به‌ست له‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ چییه‌؟
ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌فلاتوونییه‌كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ جیاكاری له‌نێوان چییه‌تی و ڕواڵه‌تدا, له‌نێوان مه‌عقول و هه‌ستدا، له‌نێوان نموونه‌ و نوسخه‌دا، ئه‌وا ئه‌م قڵپكردنه‌وه‌یه‌ مانای قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌م دووالیزمانه‌ و نرخاندنی ڕواڵه‌ته‌كان به‌سه‌ر چییه‌تییه‌كان، هه‌سته‌كییه‌كان به‌سه‌ر مه‌عقوله‌كاندا نییه‌، چونكه‌ ته‌واوی ئه‌م جیاكردنه‌وه‌یه‌ هه‌ر هه‌مووی له‌نێو جیهانی چه‌مك و نواندنه‌وه‌كاندا، له‌نێو جیهانی میتافیزیكدا ڕووده‌دات. به‌ڵام قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ كتومت ئه‌م جیهانه‌ بشێوێنیت. ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ زه‌بر له‌ جیهانی شوناس و لێكچوون بدات، واته‌ له‌و لۆژیكی شوناس و چه‌مكه‌ی كه‌ له‌نێویدا ڕواڵه‌ت و ماهییه‌ت لێك جیا ده‌كرێنه‌وه‌ و یه‌كێكیان له‌وی تریان به‌ باشتر داده‌نرێت.
كه‌واته‌ قڵپكردنه‌وه‌كه‌ ده‌بێته‌ وه‌ستان له‌به‌رده‌م نوسخه‌كه‌ خۆیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌فلاتوونیزمدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی سیمولاكرا و دداننانه‌ به‌ مافه‌كه‌یدا به‌ پاڵ ئایكۆنه‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵگێڕانه‌وه‌یه ‌"نرخاندنی باڵاده‌ستی سیمولاكرا و ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌یه‌"، نرخاندنی جیاوازی. دۆلۆز ده‌ڵێ‌: "با سه‌رنج له‌م دوو گوزاره‌یه‌ بده‌ین (ته‌نیا لێكچوونه‌كانه‌ كه‌ جیاواز ده‌بن)/ (ته‌نیا جیاوازییه‌كانه‌ كه‌ لێك ده‌چن). مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ دوو خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه‌ بۆ جیهان، به‌و پێیه‌ی گوزاره‌ی یه‌كه‌میان بانگمان ده‌كات بۆ ڕوانین له‌ جیاوازییه‌كان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هاوشێوه‌یی ولێكچوون یان شوناسی بنه‌ڕه‌تی. له‌ كاتێكدا دووه‌میان، به‌ پێچه‌وانه‌ی گوزاره‌ی یه‌كه‌م، بانگمان ده‌كات بۆ تێڕوانین له‌ لێكچوون و بگره‌ له‌ شوناسیش وه‌ك به‌رهه‌می جیاوازی و فره‌ڕه‌نگیی بنه‌ڕه‌تی. گوزاره‌ی یه‌كه‌م جیهانی نوسخه‌ و نواندنه‌وه‌كان دیاری ده‌كات و وه‌ك نوسخه‌ له‌ جیهان ده‌ڕوانێت، به‌ڵام گوزاره‌ی دووه‌میان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، جیهانی سیمولاكرا پیشان ده‌دات و وا ته‌ماشای جیهان ده‌كات كه‌ خه‌یاڵپڵاو (Phantasme)ـه‌ و زۆر بایه‌خی نییه‌. له‌ ڕوانگه‌ی دووه‌مه‌وه‌ ئه‌و په‌راگه‌نده‌ییه‌ی سیمولاكرا له‌سه‌ری به‌نده‌ زۆره‌ یان كه‌مه‌، جاری وایش هه‌یه‌ ته‌نیا جیاوازییه‌كی ساده‌ زنجیره‌ سه‌ره‌كییه‌كان لێك جیاده‌كاته‌وه‌، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ته‌ماشای لێكچوونی داهێنه‌رانه‌ بكه‌ین له‌ خۆیدا، بێ‌ ئه‌وه‌ی گریمانه‌ی بوونى هیچ زاتییه‌تێكی بنه‌ڕه‌تیش بكه‌ین. ئیدی فره‌نگیی ده‌بێته‌ یه‌كێتی پێوانه‌ و ته‌باییه‌كه‌ی، ئه‌وكاتیش ناتوانین وه‌ك به‌رهه‌می ئه‌م جیاوازییه‌ ناوه‌كییه‌ له‌ هاوشێوه‌یی بڕوانین".
له‌ دڵی ئه‌فلاتوونیزمدا لێكچوون له‌ جیاوازییه‌وه‌، خۆیی (زاتی) له‌ بێگانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. جیاوازه‌ كه‌ له‌ گریمانه‌ی زاتیه‌ت و سوبێكت و یه‌كێتیی پێشوه‌خته‌وه‌ له‌ جیامه‌ندی و جیاوازی بڕوانین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ پێمان وابێت لێكچوون و یه‌كێتی له‌ جیاوازییه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌وه‌، هه‌ر ئه‌م جیاوازییه‌شه‌ دینامیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی بوونی شوناس و یه‌كێتی پێك ده‌هێنێت، مه‌به‌ستم دینامیه‌تی دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ repetition. ڕوانگه‌ی یه‌كه‌م بڕوای به‌ ئایدیای ئه‌صل [ئۆرگیناڵ] هه‌یه‌ و جیهانیش به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی نوسخه‌ی ئه‌صل داده‌نێت، به‌ڵام دووه‌میان وا له‌ واقیع و ماناكانی ده‌ڕوانێت كه‌ دینامیه‌تێكه‌ له‌ چالاكییه‌وه‌ كه‌وتۆته‌وه‌. ڕوانگه‌ی یه‌كه‌م پێی وایه‌ نموونه‌ و واتا پێش دووباره‌بوونه‌وه‌ ده‌كه‌ون، ڕوانگه‌ی دووه‌میان بڕوای وایه‌ هه‌موو شوناسێك دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌. تێڕوانینی یه‌كه‌م بڕوای به‌ زه‌مانی ڕاسته‌هێڵی [كرۆنۆلۆژیا]‌ هه‌یه‌، به‌ڵام دووه‌میان بڕوای به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی هه‌یه‌. یه‌كه‌میان وه‌ك نوسخه‌ له‌ جیهان ده‌ڕوانێت، دووه‌میان وه‌ك سیمولاكرا. به‌ڵام لێره‌دا سمولاكر ته‌نیا نوسخه‌یه‌كی شێواو نییه‌، به‌ڵكو "ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ كه‌ تێیدا له‌ڕێگه‌ی جیاوازییه‌كان خۆیانه‌وه‌ ناكۆك به‌ ناكۆك ده‌گات". بوونی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ مانای لێكچوونێكی ئه‌صلیی پێشوه‌خته‌ نییه‌، به‌ڵكو لێكچوون "له‌ به‌ره‌نجامی كار و چالاكی سیسته‌مه‌كه‌وه‌ وه‌ك به‌رهۆ و به‌ركار، نه‌ك وه‌ك هۆ و مه‌رج، ده‌كه‌ونه‌وه‌"، بۆیه‌ پێشتر وتمان سیمولاكرا ئه‌و ئاسته‌یه‌ كه‌ جیاوازییه‌كان له‌خۆیاندا ده‌رك ده‌كرێن "وه‌ك دوو زنجیره‌ی لێكجیاواز كه‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌سه‌ریان به‌نده‌ بێ‌ ڕه‌چاوكردنی لێكچوون و بێ‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌صل و سه‌رچاوه‌ و نوسخه‌". ئه‌وه‌تا لێره‌دا هه‌موو پله‌به‌ندییه‌ك ده‌سڕدرێته‌وه‌ و ئیدی هیچ زنجیره‌یه‌ك فه‌زلی به‌سه‌ر یه‌كێكی تردا نییه‌. هیچ زنجیره‌یه‌كیش خاوه‌نی سیفه‌تی نموونه‌ نییه‌. هه‌ر زنجیره‌یه‌ك له‌ جیاوازییه‌كان پێك دێت، په‌یوه‌ندیشی به‌ زنجیره‌كانی تره‌وه‌ دیسان به‌ كۆمه‌ڵێك جیاوازی سنووردار ده‌بێت. كه‌واته‌ سیمولاكرا نوسخه‌یه‌كی شێواو و ڕزیو و خیانه‌تكار نییه‌، به‌ڵكو ده‌رخه‌ری هێزێكی پۆزه‌تیڤه‌ كه‌ به‌ یه‌كجار وێنه‌ی ئه‌صلی و نوسخه‌ نه‌فی ده‌كاته‌وه‌، له‌مه‌یش زیاتر نموونه‌ و كۆپیش نه‌فی ده‌كاته‌وه‌.
فۆكۆ له‌ وتارێكی گرنگیدا مانا و به‌كارهێنانه‌كانی سیمولاكرا ڕوون ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:
-       سمولاكر وێنه‌یه‌كی بێ‌ به‌هایه‌ له‌ به‌رامبه‌ر حه‌قیقه‌تێكی كرده‌ییدا.
-       ئینجا سیمولاكرا واته‌ نواندنه‌وه‌ی شتێكی تر (له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ ئه‌م شته‌ خۆی ده‌داته‌ ده‌ست یه‌كێكی تر و ده‌ركه‌وت ده‌كات و دوا به‌دوا دێت).
-       ئینجا واته‌ درۆیه‌ك كه‌ وامان لێ‌ ده‌كات نیشانه‌یه‌ك له‌ جێی نیشانه‌یه‌كی تر دابنێین.
-       دواجاریش واته‌ هاتن و ده‌ركه‌وتنێكی هاوكاتی زات [خود self] و ئه‌وی دیكه‌.
له‌م پێناسانه‌وه‌ و له‌ سه‌لماندنی جیهانی سیمولاكرا و قڵپكردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزمه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك به‌ره‌نجامی ئۆنتۆلۆژی ده‌كه‌ونه‌وه‌، كه‌ به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌ كۆیان ده‌كه‌ینه‌وه‌:
-       جیهانی سیمولاكرا جیهانێكی بێ‌ سه‌نته‌ر و نا-یه‌كانگیر و بێ‌ یه‌كێتییه‌، به‌ر له‌ هه‌رشتێك جیهانی ئاوێنه‌كانه‌.
-       ئینجا جیهانێكه‌ بێ‌ وێنه‌ی نموونه‌یی [ئۆگیناڵ، فۆرم، ئایدیا].
-       جیهانی فره‌یی بێ‌ پایانه‌، نه‌ك یه‌كێتی بێ‌ پایان.
-       جیهانی ئه‌ڵته‌رناتیڤ و هاوشێوه‌كان doubles ـه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌ویتر له‌ سوبێكتدا نیشته‌جێ‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌یش هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ دووری سوبێكت له‌ خۆیه‌وه‌، ئه‌و دوورییه‌ی وای لێ‌ ده‌كات، له‌ جیاوازییه‌كه‌یدا لێكچووی ئه‌ویتر بێت.
-       به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جیهانی سیمولاكرا جیهانێكی مه‌حكومه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی. جیهانێكه‌ كه‌ شت ته‌نیا له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌نێویدا بوونی هه‌یه‌، ته‌نیا له‌و ڕووه‌ی كه‌ نوسخه‌یه‌كه‌ له‌ نوسخه‌ بێ‌ پایانه‌كان، به‌ڵام نوسخه‌یه‌ك كه‌ ئه‌صلێكی نییه‌. جیهانێكه‌ شوناس مانای نییه‌ ته‌نیا وه‌ك دووباره‌بوونه‌وه‌ نه‌بێت. جیهانێكه‌ له‌گه‌ڵ زه‌مانی میتافیزیكدا یه‌كتر نه‌فی ده‌كه‌نه‌وه‌ و لێكدژه‌ له‌گه‌ڵ ڕاسته‌هێڵ و پێشكه‌وتنی زه‌ماندا، به‌ڵكو گریمانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ سوڕان و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی.
كه‌واته‌ جیهانی سیمولاكرا جیهانێكه‌ كه‌ كۆپیكردنه‌وه‌ بنه‌ماكه‌یه‌تی و تێیدا شوناس ده‌بێته‌ دووباره‌بوونه‌وه‌، جیهانێك كه‌ هیچ شتێك تێیدا بوونی نییه‌ ته‌نیا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌بێت، هیچ شتێك تێیدا ئاماده‌یی نییه‌ ته‌نیا به‌ هاوشێوه‌ و ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانی نه‌بێت. سیمولاكرا جیهانێكه‌ كه‌ تێیدا زات ده‌رده‌په‌ڕێت و زاتییه‌ت داده‌ڕوخێت.
تێپه‌ڕاندنی میتافیزیك پێویستی به‌ دووباره‌ چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ به‌ لۆژیكی شوناسدا، پێویستی به‌ ڕوانینه‌ له‌ جێگیریی سوبێكت و بوونی ئه‌ویتر له‌ سوبێكتدا وه‌ك دووری سوبێكت له‌ خۆیه‌وه‌ "ئه‌م دوورییه‌ی كه‌ وا له‌ویتر ده‌كات، له‌ جیاوازییه‌كه‌یدا هاوشێوه‌ی سوبێكت بێت، بێ‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی جووت بێت". لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و به‌ره‌نجامه‌ی كه‌ جیهانی سیمولاكرامان بۆ ده‌سه‌لمێنێت بریتییه‌ له‌ دروستكردنی خه‌له‌ل له‌ چه‌مكی سوبێكت خۆی و دادگاییكردنی فه‌لسه‌فه‌ كۆجیتۆییه‌كان. 

سه‌رچاوه‌:
عبدالسلام بنعبد العالی: أسس الفكر الفلسفی المعاصر- مجاوزه‌ المیتافیزیقا، دار توبقال للنشر، الگبعه‌ اڵاولی، المغرب، 1991، ص 99-105.

ئەم وتارە لە سایتى "کولتوور مەگەزین" بلاوکراوەتەوە. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
  

Saturday, 7 November 2015

ستراتیژییه‌تی گه‌مارۆدان

میشێل فوكۆ
                            وەرگێڕانى: هاوار محه‌مه‌د

تا دوێنێ، ئێمە شتێکمان لەپێناو ئازادیدا خاپوور نەدەکرد. من هه‌رگیز قه‌ناعه‌تم به‌و قسه‌یه‌ نییه‌ كه‌ ده‌ڵێن گوایه‌ له‌م سەردەمەى ئێستادا ئازادییه‌كان لە ئاوابووندان، مافه‌كان به‌ربادبوون، ڕووبەر و شوێنه‌كان له‌ ده‌وری هه‌ر یه‌كێكمان به‌رته‌سك بوونەتەوە. گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ [سیاسەتى] دادوەریى تاوانكاریی ماوه‌ی بیست ساڵه‌ و بگره‌ سه‌ده‌یه‌كیشه‌، زۆر ڕێكخراو و ڕێزلێگیراو نه‌بووه‌. بۆیە كه‌ڵك له‌وه‌دا نییه‌ زەندەقى ئەم سەردەمە ببەین و به‌هۆی هه‌تاوێكی وەهمییەوە كه‌ خۆی له‌ ده‌می ئاوابووندایه‌، سێبه‌رێكی به‌سه‌ردا درێژ بكه‌ینه‌وه‌.
نابێت ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ له‌پێشچاومان ڕووده‌ده‌ن یان هه‌ندێك كات له‌به‌رچاومان ون ده‌بن، بە نۆستالژیا و تاسەى ڕابردووەوە گیرۆدەمان بکەن. ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ كه‌ ئەو گۆڕانانە به‌ جدد وه‌ربگرین، واته‌ ده‌ركی ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن و هه‌ڵوێستی خۆمان به‌ ڕوونی له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌وه‌ ده‌ربخه‌ین كه‌ بۆ داهاتوو قەبوڵی به‌رده‌وامبوونیان ناكه‌ین.
له‌ كه‌یسی خۆپیشانده‌رانی 23 ی ئازاردا[1] هیچ شتێكی ناڕه‌وا و ڕیزپه‌ڕ ڕووینه‌دا، هه‌موو شتێك به‌پێی یاسای لێپرسینه‌وه‌كان و ڕێسا بەرکارەکان و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاریكراوی كرده‌ی تاوانكاریی بوو. به‌داخه‌وه‌ هه‌موو شتێك وابوو.
چى دەربارەى ڕێوشوێنى لێکۆڵینەوەکان؟ هەڵبەت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ بوون له‌و كه‌سانه‌ی له‌ تاوانه‌وه‌ گلابوون، واته‌ ئه‌وانه‌ی به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا كردبوو. لێکۆڵینەوەکان خۆیان تاوانى زەق، بەرگریى ناتەواو، بڕیاری خێرا بوون؛ پێشتر ئه‌مه‌مان وتووه‌ و هەزارجاریتریش دەیڵێینەوە. به‌ڵام واپێده‌چێت بنه‌مای "له‌ تاوانه‌وه‌ گلان" خۆی بنه‌مایه‌كی قه‌ڵپ و مه‌ترسیدار بێت. له‌ ڕاستیدا یه‌كێك له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان له‌ یاسای تاوانكارییدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌دواداچوون و دادگایی نابێت هه‌ردووكیان له‌ دەستى یەک لایەندا بن: ئه‌وه‌ی پارێزگاریی له‌ تۆمه‌ته‌كه‌ ده‌كات نابێت هەمان ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ڕاستی و به‌ڵگه‌كانیش ڕاسپێردراوه‌. به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ لێپرسینه‌وه‌كانی له‌ تاوانه‌وه‌ گلان، داوای له‌ داواكاری گشتی كردووه‌ كه‌، له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباره‌كه‌دا، سه‌رجه‌م فایله‌كان و ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌شی پێشكه‌ش بكات كه‌ توانای ئه‌وه‌ به‌دادگا ده‌ده‌ن كه‌یسه‌كه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌ و بیبڕێنێته‌وه‌. سكاڵاكه‌ر [داواكاری گشتی] خۆی (یان زۆرجار له‌گه‌ڵ پۆلیسدا) هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی دروست كردووه‌. یان فه‌رمان به‌ لێپرسینه‌وه‌كان ده‌كات كه‌ له‌ به‌ڵگه‌ی شایه‌تحاڵی سه‌لماندن و شایه‌تحاڵی ڕه‌تكردنه‌وه‌ بكۆڵنه‌وه‌. لێره‌دا هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ڕوونادات. له‌مه‌یش زیاتر هیچ شتێك نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ به‌ڵگه‌ی شایه‌تحاڵی سه‌لماندن.
به‌ڵام ئه‌ی ئایا تاوانه‌كه‌ ڕوون و ئاشكرا نییه‌ و، به‌ڵگه‌كان به‌ به‌رچاوه‌وه‌ نین؟ ئیتر لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆچییه‌؟ لێره‌دا به‌كارهێنانی یاسای به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌بێته‌ یاسایه‌كی زۆر مه‌ترسیدار و، ته‌واو ترسناك. ئه‌م یاسایه‌ وا ده‌كات ته‌نیا به‌شداریكردن له‌ خۆپیشاندانێكدا كه‌ هه‌ندێك كاری پێویستی بۆ تاوان تێدا كرابێت، تاوان بێت. به‌ هه‌رحاڵ به‌شداریی واته‌ ئاماده‌یی، بوون له‌ شوێنێكدا، مانه‌وه‌ له‌ جێیه‌كدا.. كێ له‌ ئێمه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ نه‌زانێت كه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی لێپرسینه‌وه‌ی "له‌ تاوانه‌وه‌ گلان" به‌ پێی به‌ندێكی یاسایی پێشێلكاریی، كه‌ زۆر به‌ ته‌مومژاوی و لاستیكی دیاریكراوه‌، دەشێت هه‌ر كه‌سێك، كه‌ به‌ شوێنی خۆپیشاندان یان تاوانه‌كه‌دا تێپه‌ڕیبێت، وه‌ك "ئاژاوه‌گێڕ"ـێك بدرێته‌ دادگا؟ گوایه‌ به‌ڵگه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆلیس بینیوویه‌تی و ده‌ستگیری كردووه‌.
یاسای به‌گژداچوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ به‌ پۆلیس ده‌دات كه‌ له‌ هه‌مان شوێندا "تاوان" و "تاوانبار" دروست بكات، دواجار لێپرسینه‌وه‌كانی "به‌شداریكردن له‌ تاواندا" حه‌قیقه‌تێكی بێچه‌ند و چوون دەبەخشێتە كرده‌ی پۆلیس و بڕیاری دادگا.
ئه‌مه‌ شتێكە زیاد لە پێویست قەبەکراوە (ژان دانیال هه‌قییه‌تی كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌)، دادوه‌ره‌كان به‌ ته‌واوی ئاگایان له‌مه‌یه‌، به‌ڵام به‌و "فه‌لسه‌فه‌"یه‌ پاساوی ده‌ده‌ن گوایه‌ تاوانباره‌كه‌ ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ڕاكێشراوه‌ تاوانكاریی ئه‌نجام بدات. ئه‌وه‌ "فه‌لسه‌فه‌"یه‌كه‌ له‌و په‌ڕی پوختیدا و، بگره‌ له‌ به‌ڵگه‌نه‌ویست ده‌چێت. دادپه‌روه‌ری، لە ڕێگەى لێكۆڵینه‌وه‌ و بڕینەوەى سزا بۆ پێشێلكارییه‌كان و به‌ ناوی زامنكردنی "به‌رگری له‌ كۆمه‌ڵگا"وه‌ خۆی به‌هێز ده‌كات. ئه‌م بیرۆكه‌ زۆر دێرینه‌ و له‌ سه‌روه‌ختی گۆڕاندایه‌ -كه‌ ئه‌مه‌یان شتێكی نوێیه‌- بەرەو ئەوەى ببێته‌ پره‌نسیپێكی نوێ له‌ پره‌نسیپه‌كانی كار. له‌ دوایین بریكاره‌وه‌ تاوه‌كو وه‌زیری داد ''هه‌ر هه‌موویان زامنی به‌رگری له‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن'' و، ڕێوشوێنه‌كان له‌ به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ئامانجانه‌دا ده‌گرنه‌ به‌ر. ئه‌مه‌یش كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجامی به‌ بایه‌خی هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند خاڵێكیان باس ده‌كه‌ین:
1-   به‌رگریكردن له‌ كۆمه‌ڵگا بۆته‌ پره‌نسیپێكی پیشه‌یی له‌نێوان پۆلیس و بریكاره‌كان و دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و دادوه‌ره‌كاندا. پشكنینه‌ هاوبه‌شه‌كان و هاوسه‌نگییه‌كان و ناكۆكییه‌ پێویسته‌كان له‌نێوان ڕه‌گه‌زه‌ جۆراوجۆره‌كانی دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رده‌وامێتییه‌ په‌سه‌ندكراو و قبوڵكراوه‌كه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌. له‌و پیاوه‌ خووده‌له‌سه‌ر [كڵاوی ئاسنینی سه‌ربازی] و دار به‌ده‌سته‌وه‌ [واته‌ پۆلیس] هه‌تا ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌ عه‌قڵ و ویژدانی خۆی حوكم ده‌رده‌كات ]دادگا یان حاکم[، هه‌ر هه‌موویان به‌ هۆی جوڵه‌یه‌كی هاوبه‌ند و لێكچووه‌وه‌ هاوڕان له‌سه‌ر بینینی هه‌مان ڕۆڵ [پاراستنی كۆمه‌ڵگا].
2-   به‌ڵام به‌رگریكردن له‌ كۆمه‌ڵگا دژی چی؟ دژی ناكۆكییه‌كان؟ بێگومان وایه‌، به‌تایبه‌تیش دژی مه‌ترسییه‌كان. مه‌ترسییه‌كان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بایه‌خی ڕێژه‌یی ناكۆكییه‌كان پیشان ده‌دات: مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌و "به‌رد"ه‌دایه‌ كه‌ ده‌ته‌قێنرێت و، مه‌ترسی بچووكیش گه‌نده‌ڵیی گه‌وره‌ی باج و زه‌ریبه‌یه‌! تۆ بلێی ناكۆكییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خراپ حساب كرابن؛ خۆ ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كه‌ له‌ پشتی ئه‌م واقیعه‌ جێی گومانانه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كی ده‌ستكردیش ]یان سیناریۆیەک[ بسازێنرێت. له‌وه‌یش دڵنیا نین كه‌ هەر خۆپیشاده‌رێك ڕووبه‌ڕووی زۆرلێكردن و بێده‌نگكردن نه‌بووبێته‌وه‌. به‌ هه‌رحاڵ له‌ پشتی ئه‌مانه‌وه‌ خۆپیشاندان هه‌یه‌، له‌ پشتی ئه‌میشه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ هه‌یه‌ كه‌ دێن، له‌پشتی ئه‌میشه‌وه‌ تووندوتیژی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و بێكاری و ئیتاڵیا و "P.38" و فه‌سیلی رۆتی چه‌كدار بوونیان هه‌یه‌، ده‌بێت دادپه‌روه‌ری دژی مه‌ترسیی ڕاسته‌قینه‌ دەستبەکار بێت نه‌ك دژی تاوانی جێگیر.
3-   به‌ڵام چۆن خۆمان [له‌ مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌] بپارێزین؟ به‌ به‌دواداچوون بۆ پێشێلكاره‌ ڕاسته‌قینه‌كان؟ به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كاری كرده‌ بێت. به‌ڵام ستراتیژییه‌تی گه‌مارۆدان شتێكی چالاكتریشی هه‌یه‌، ئه‌ویش: بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقین، دروستكردنی په‌ند و عیبره‌ت و چاوترسێنكردن، یان وه‌ك له‌ ڕسته‌یه‌كدا ده‌وترێت كه‌ زۆر به‌ باشی گوزارشتی لێده‌كات: فشارخستنه‌ سه‌ر ئه‌م "جه‌ماوه‌ره‌ به‌ ئامانج گیراوه‌"، ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ شڵه‌ژاو، فشۆڵ، به‌دگومان و دوودڵه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ڕۆژێك ببنه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی و پشێوی: گه‌نجه‌ بێكاره‌كان، خوێندكاران، قوتابیانی ناوه‌ندی و ..هتد.
4-   پاشان ئه‌وه‌ كێیه‌ كه‌ ده‌بێت له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا بیپارێزین؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ باڵاترین و گرنگترینن و ئینجا زیاتریش ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بنه‌وه‌. جا كێ هه‌یه‌ له‌ده‌وڵه‌ت گرنگتر، چونكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌پارێزێت و كۆمه‌ڵگه‌ زۆر پێویستی پێیه‌تی؟! به‌م جۆره‌ ڕۆڵی دادپه‌روه‌ری بریتییه‌ له‌ پاراستنی ده‌وڵه‌ت دژی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كه‌ن و به‌مه‌یش ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌خه‌نه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه‌، كه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت پارێزگاریی لێ بكات. ئه‌مه‌ ئه‌و دادپه‌روه‌رییه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وڵه‌تدا قەتیس كراوه‌‌. ئه‌مه‌ شوێنه‌كه‌یه‌تی و ئه‌وه‌ وه‌زیفه‌كه‌یه‌تی؛ نه‌ك دادپەروەرییەک کە وه‌ك ده‌ڵێن له‌نێوان یاسا و تاكدا كورت كرابێته‌وه‌. سه‌رزه‌نشته‌ ناوزڕێنه‌كانی دێسرس و دیڤال و زۆرێكیتر سه‌رزه‌نشی "نائاسایی" و ده‌ره‌ ڕێسا نه‌بوون، واته‌ دۆخی هه‌ڵاوێر له‌ ڕێساكه‌ نه‌بوون. به‌ڵكو ئه‌مه‌ به‌وپه‌ڕی كاراییه‌وه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ مه‌كربازه‌ ده‌رده‌خات كه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ دادپه‌روه‌ریی تاوانكاری به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێت ببێته‌ "دادپه‌روه‌رییه‌كی وه‌زیفی". دادپه‌روه‌ریی ئاساییش و پارێزگاری؛ دادپه‌روه‌رییش وه‌ك زۆرێك له‌ دامه‌زراوه‌كانیتر ده‌بێت ببێته‌ داپه‌روه‌رییه‌كی كۆمه‌ڵگایی و ئه‌و شتانه‌ی بۆ كه‌شف بكات كه‌ زیانی پێده‌گه‌یه‌نن و، له‌و مه‌ترسییه‌ تایبه‌تییانه‌ ئاگاداری بكاته‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌. دادپه‌روه‌ری ئه‌ركی خۆی كردۆته‌ شه‌ونخونی و بێداری به‌دیار كۆمه‌ڵگه‌وه‌ له‌بری ڕێزگرتن له‌ سوبێكته‌ یاساییه‌كان.
ئایا باڵاده‌ستیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زیاتر بووه‌؟ نازانم. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ فه‌رمانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بسه‌پێنرێن، هه‌ڵبه‌ت له‌ڕێگای وه‌زیفه‌كانی "پارێزگاریكردن له‌ كۆمه‌ڵگه‌"وه‌. تۆمه‌تباره‌كانی لۆنگوی ئازادكران به‌ڵام تۆمه‌تباره‌كانی پاریس سزاكانیان زیاتر بووه‌... كه‌واته‌ ده‌بێت بڕیاره‌كه‌ی دادگا یه‌كێك له‌م دوو حاڵه‌تی خواره‌وه‌ بێت:
یان دوو بڕیاری زۆر لێكدژی داوه‌ له‌پێناو "كاری باش"ـی هه‌موواندا (لێبورده‌یی به‌رامبه‌ر گروپه‌ بێكاره‌كان، دڵڕه‌قیی به‌رامبه‌ر گروپه‌ پاریسییه‌كان). له‌م دۆخه‌دا وا پێده‌چێت سه‌رجه‌م دادپه‌روه‌ریی تاوانكاریی له‌پێناو پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌دا، نه‌ك له‌ پێناو یاسادا، كاری كردبێت.
یاخود دادوه‌ره‌كان هه‌موویان هاوڕانین له‌سه‌ر چییه‌تی به‌رگریكردن له‌ كۆمه‌ڵگا و، هه‌ندێكیان ئه‌وه‌یان ڕه‌ت كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ببینن. له‌م دۆخه‌دا عه‌داله‌ت هاوبه‌ندیی و هاوسه‌نگیی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌.
له‌ هه‌رحاڵێكدا ئێمه‌ له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌داین. بۆیه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات ئه‌و كه‌سانه‌ ئازادبكرێن كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانیی ئه‌م دۆخه‌ لەته‌حه‌مولبەدەرە. جا له‌ كاتێكدا ئه‌ستۆپاكیی ئه‌وانه‌ ده‌رناخه‌ن و ئازادیان ناكه‌ن، سه‌رۆكی كۆماریش ده‌رده‌كه‌وێت و پێشنیاریی ئه‌وه‌ ده‌كات –به‌ بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌مه‌ بڵێت- گۆڕان له‌و دادپه‌روه‌ریەدا بكرێت كه‌ به‌ سه‌رزه‌نشتی‌ سته‌مكارانه‌ ده‌كڕدرێت. هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌ یه‌ك كاتدا ڕێزی یاسا بگرێت و ڕێزی ئه‌ویش بگرێت. سه‌رۆك كۆماریش هیچ شتێكی له‌ ئێمه‌ زیاتر نییه‌. 

سه‌رچاوه‌:
ميشيل فوكو: اقوال و كتابات (مختارات), ترجمة: البكاى ولد عبدالملك, جداول للنشر و التوزيع, الطبعة الأولى, الكويت, 2012, ص201-204.

پەراوێز:
[1] له‌ 23ی ئازاری ساڵی 1979 دا نوێنه‌رانی 6500  كرێكاری كانه‌كانی لۆنگوای [كانی خه‌ڵوز یان هه‌ر كانێكیتر]، كه‌ بڕیاری له‌كار ده‌كردنیان بۆ ده‌رچووبوو، له‌ شه‌قامه‌كانی پاریسدا خۆپیشاندانیان كرد. هێزی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ په‌یوه‌ستیش بوو به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كنی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی گشتی ئیش (C.G.T)  و حیزبی سۆشیالیستییه‌وه‌، بۆیه‌ (C.F.DT) ڕه‌تیكرده‌وه‌ كه‌ به‌شداریی تێدا بكات. هه‌ندێك له‌ خه‌باتگێڕه‌ توندوڕه‌وه‌ چه‌په‌كان و ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك حه‌ماسه‌تساز و ئاژاوه‌گێڕیش كه‌ له‌ وه‌ختی ئه‌و هه‌رایه‌دا هاتبوونه‌ ناوه‌وه‌، له‌ كۆتایی خۆپیشاندانه‌كه‌دا شوشوی هه‌ندێك له‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كانی گۆڕه‌پانی ئۆپێرایان شكاند. به‌م هۆیه‌وه‌ خه‌ڵكانێكی زۆر گیران كه‌ نكوڵییان له‌وه‌ ده‌كرد به‌شدارییان له‌ كاری تێكدان و ئاژاوه‌نانه‌وه‌دا كردبێت.

تێبینى: ئەم وتارە لە سایتى گروپى "نێگەتیڤ" بڵاوبۆتەوە. بۆ بینینى لە سایتەکە کلیل لەسەر ئەم لینکە بکە:


Tuesday, 15 September 2015

بوون و ئه‌ویتر



هایدیگه‌ر و لێڤیناس

هاوار محه‌مه‌د


لای هایدیگه‌ر بوون- له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تێكی بنه‌ڕه‌تیی بوونی دازاینه‌، ته‌نانه‌ت بوونی ته‌نهای دازاین بوون- له‌گه‌ڵـه‌ له‌ جیهاندا. ته‌نهایی دازاین شێوازێكی نوقسانی بوون- له‌گه‌ڵـه‌. به‌ دیوێكی تریشدا دازاینێكی ته‌نها ده‌شێت هه‌ر ته‌نها بێت ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ چه‌ندین نوسخه‌ی دیكه‌ی مرۆڤ به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ بوونیان هه‌یه‌. بوون-له‌گه‌ڵ واقیعی بوونی ته‌نها- له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا له‌سه‌ر بنه‌مای كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معی چه‌ند سوبێكتێك دروست نابێ و بگره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بوون- له‌نێو [ئه‌وانیتر]دا دروست نابێ. بوون له‌گه‌ڵ-ـی دازاین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دازاین توانای دیاریكردنی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێت و دازاینه‌كانی تر له‌ جیهانه‌كه‌ی خۆیدا قه‌بووڵ بكات. بوون- له‌گه‌ڵ هه‌میشه‌ خه‌سڵه‌تی له‌گه‌ڵ بوونی دازاینه‌كانی تری هه‌یه‌ نه‌ك شته‌كان. به‌ده‌ربڕینێكیتر، بوون- له‌گه‌ڵ دازاین له‌ ڕووی ویژدانییه‌وه‌ دیاریی ده‌كات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ویترێكی واقیعیی ده‌رككراویش بوونی نه‌بێت (مارتن هیدجر: الكینونه‌ و الزمان، ل43). به‌م جۆره‌ بوون- له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی دازاین خۆیه‌تی. له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا دازاین به‌هۆی بوون- له‌گه‌ڵ-ـه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه‌ داگیر ده‌كرێت. "ئه‌وانیتر" لای هایدیگه‌ر به‌و واتایه‌ نییه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی "من"ـن و منیش خۆی له‌وان جیاكردۆته‌وه‌، به‌ڵكو "ئه‌وانیتر" هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ "من" نه‌توانێت خۆی لێیان جیا بكاته‌وه‌، واته‌ بوون-هه‌روه‌ها جێگای بوون-له‌گه‌ڵ ده‌گرێته‌وه‌. "له‌گه‌ڵ" خه‌سڵه‌تی دازاینه‌ و "هه‌روه‌ها" لێكجووتی كه‌ینونه‌ی دازاینه‌ له‌ جیهانی ڕۆژانه‌دا. بوونی دازاین له‌ ژیانیی ڕۆژانه‌دا ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی ئه‌وانیتره‌وه‌، ئه‌وه‌ دازاین خۆی نییه‌ كه‌ "ده‌بێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌وانیتره‌وه‌ له‌ بوون خراوه‌، یان بوونی لێ داماڵراوه‌ (الكینونه‌ و الزمان، ل252). دازاین له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا وه‌ك ئه‌وانیتر ده‌پۆشێت و بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌خوێنێته‌وه‌ و گوێ له‌ میوزیك ده‌گرێت و كار ده‌كات و كاتی ده‌ستبه‌تاڵی به‌سه‌ر ده‌بات. دازاین له‌نێو ئه‌وانیتردا تواوه‌ته‌وه‌ و، ئه‌گه‌ری دازاین ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌وانی دیكه‌یه‌.
هایدیگه‌ر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا وه‌ك بونیادی ئۆنتۆلۆژی دازاین ده‌خاته‌ ڕوو، دازاین ته‌نها له‌ بوون- ڕووه‌و- مه‌رگدا له‌وانیتر جیا ده‌بێته‌وه‌، دازاین ده‌زانێت كه‌ له‌ مه‌رگدا كه‌س ناتوانێت جێی بگرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ری مه‌رگ به‌ ته‌نیا ئه‌گه‌ری خۆیه‌تی و سه‌رجه‌م ئه‌گه‌ره‌كانی دیكه‌ی لێ ده‌بێته‌وه‌. دازاین له‌ نیگه‌رانی بوون-ڕووه‌و مه‌رگدا ده‌بێته‌وه‌ به‌ خۆی و گۆشه‌گیر ده‌بێت. به‌ بڕوای لێڤیناس "له‌گه‌ڵ" په‌یوه‌ندی بنه‌ڕه‌تیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا وه‌سف ناكات. لای لێڤیناس سوبێكت ته‌نهایه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتریشدایه‌. ئه‌ی سوبێكت چۆن له‌ ته‌نهایی خۆی ڕزگاری ده‌بێت؟ به‌ بڕوای لێڤیناس تێپه‌ڕاندنی ته‌نهایی له‌ ڕێگه‌ی مه‌عریفه‌وه‌ نابێت، چونكه‌ له‌ مه‌عریفه‌دا ئوبێكت له‌لایه‌ن سوبێكته‌وه‌ داگیر ده‌كرێت و به‌مه‌یش دوالیزمه‌كه‌ ون ده‌بێت. هه‌روه‌ها تێپه‌ڕاندنی گۆشه‌گیریش به‌هۆی عیرفان و وه‌جده‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ له‌م حاڵه‌دا سوبێكت له‌ ئوبێكتدا ده‌توێته‌وه‌ و خۆی له‌ ته‌نهاییدا ده‌بینێته‌وه‌. له‌ هه‌ردوو دۆخه‌كه‌یشدا ئه‌ویتر ون ده‌بێت. لێڤیناس ده‌یه‌وێت سنووری سوبێكت و ئه‌ویتر بپارێزێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگای مه‌سه‌له‌ی ئازار و مه‌رگه‌وه‌. مه‌رگ وه‌ك لوغزێك، نه‌ك وه‌ك نه‌ناسراوێك و ئه‌زموون نه‌كراوێت كه‌ كه‌س له‌و سه‌رییه‌وه‌ نه‌هاتبێته‌وه‌ و هه‌واڵمان پێ بدات، هه‌روه‌ها وه‌ك عه‌ده‌میش نا، به‌ڵكو وه‌ك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویتر و زه‌ماندا.
ڕاسته‌ ئێمه‌ ده‌ورمان به‌ شته‌كان گیراوه‌، ئه‌وانیتر له‌ ده‌وروبه‌رمانن، به‌ڵام "من" ئه‌ویتر نیم، ته‌نهایی من به‌هۆی بوونسازیی خۆمه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕه‌گه‌زی تایبه‌ت و پێویستی منه‌. به‌ قه‌ولی لێڤیناس ده‌شێت هه‌ر شتیكی تر ئاڵوگۆڕ بكرێت ته‌نها بوونساز نه‌بێت، واتە ئەو شتەى کە وا دەکات بوون ببێت. به‌م واتایه‌ بوون ته‌نهاییه‌ له‌ ڕێگه‌ی بوونسازه‌وه‌ (ایمانویل لیفیناس، الزمان و الأخر، ل40). من مۆنادێكم به‌هۆی بوونسازیی خۆمه‌وه‌ هەم نه‌ك به‌هۆی ناوه‌ڕۆكێكه‌وه‌ له‌ ناومدا كه‌ شیاوی گه‌یاندن نییه‌. بوونسازی من له‌ نێو بوونمدایه‌ و تایبه‌تمه‌ندترین شتی ناوه‌وه‌ی منه‌، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بوونسازی خۆمدا به‌ ته‌واوه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كی ناوه‌كییه‌. بۆیه‌ به‌شداریكردنم له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا، ڕه‌نگه‌ توانه‌وه‌یه‌كی عیرفانییانه‌ بێت و سنووره‌ی دوالیزمی "من" و "ئه‌وان" له‌نێو ده‌چێت، به‌م جۆره‌ ئه‌وانیتر ناتوانن من له‌ ته‌نهایی خۆم ده‌ربهێنن. بوونساز بێ په‌یوه‌ندییه‌ و فره‌یی تێدا نییه‌، ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌و هه‌بووه‌ خۆی كه‌ بوونساز په‌یوه‌ندیی ناوه‌كی له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌. به‌م جۆره‌ ته‌نهایی دابڕان و دووره‌په‌رێزی سوبێكت له‌وانی تر نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌كه‌یه‌ به‌ بوونسازه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ و شیاوی تێپه‌ڕاندن نییه‌. یان شیاوی تێپه‌ڕاندنه‌ له‌ ڕێگه‌ی هیپۆستاسه‌وه‌. هیپۆستاس به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی بوونسازه‌ له‌لایه‌ن هه‌بووه‌كه‌وه‌ (الزمان و الاخر، ل41). 

لای لێڤیناس بوونساز خه‌سڵه‌تی ناكه‌سی هه‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای سوبێكته‌وه‌یه‌، بگره‌ له‌ دۆخی نه‌بوونی سوبێكتیشدا بوونی هه‌یه‌، بۆیه‌ بوونساز له‌ هه‌بوو خاڵییه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سوبێكت و هه‌بوو وه‌ك بوونێك خاوه‌ن ئاگایی و توانای ئاگامه‌ندانه‌ تێبگه‌ین‌. بۆ نموونه‌ دۆخی بێدارى و خه‌وزڕان بوونسازێكی ناكه‌سییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای سوبێكتدایه‌، ئه‌گه‌رچی سوبێكت خودئاگایی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌وزڕانه‌كه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام توانای خۆكشانه‌وه‌ی له‌ بێدارییه‌كه‌ی نییه‌، سوبێكت خه‌وی لێناكه‌وێت، به‌م مانایه‌ توانای نووستنی نییه‌، لێره‌دا هیچ خاڵێكی دیاریكراوی سه‌ره‌تای زه‌مان بوونی نییه‌، به‌ڵكو سوبێكت له‌ نێو ئێستای بێدارییەکەیدا هه‌ڵپه‌سێردراوه‌، ناتوانێت بچێته‌ دۆخی خه‌وتنه‌وه‌ وه‌ك كرده‌یه‌كی خۆویستانه و ئاگامه‌ندانه‌‌. ئاگایی واتاى هەبوونی توانای خه‌وتن و كشانه‌وه‌یه‌ له‌ بێداریی، به‌ڵام سوبێكت ئه‌م توانایه‌ی له‌ده‌ستداوه‌، به‌مه‌یش بوونساز ئه‌و پانتاییه‌ ناكه‌سییه‌یه‌ كه‌ سوبێكت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا نییه‌ و كه‌سیش ناتوانێت له‌م په‌یوه‌ندییه‌ ڕزگاریی بكات.
ته‌نها له‌ ڕێگای هیپۆستاسه‌وه‌ ده‌كرێت مه‌ودای بوونساز له‌لایه‌ن هه‌بووه‌وه‌ به‌رته‌سك بكرێته‌وه‌. هیپۆستاس ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ هه‌بوو له‌گه‌ڵ بوونسازه‌كه‌ی خۆیدا ده‌چێته‌ په‌یوه‌ندییه‌وه‌ و ده‌بێته‌ خاوه‌ن و گه‌وره‌ی ئه‌م بوونسازه‌. له‌ هیپۆستاسدا سوبێكت هه‌ست به‌ توانا و ئازادیی ده‌كات، ئه‌مه‌یش به‌ ده‌رچوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ سوبێكته‌وه‌ بۆ سوبێكت. لێڤیناس هیپۆستاس وه‌ك "ئێستا" ده‌خاته‌ ڕوو، "ئێستا" نه‌ك وه‌ك درێژه‌وه‌بووی زه‌مه‌نێكی ڕاسته‌هێڵی حه‌لقه‌یی و به‌ش به‌شى دوابەدواى یەک، به‌ڵكو وه‌ك وه‌زیفه‌ی ئێستا كه‌ له‌تكردنی ناكۆتایی ناكه‌سییه‌ له‌ بوونسازدا، ئێستا وه‌ك هه‌بوو بوونی نییه‌، هه‌ڵبه‌ت عه‌ده‌میش نییه‌، به‌ڵكو له‌ده‌ره‌وه‌ی بوون و عه‌ده‌م و دوالیزمه‌كانی دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌یه‌، به‌م جۆره‌ ئێستا وه‌ك ڕووداو بوونی هه‌یه‌. ئێستا سنووری لێكجیاكردنه‌وه‌ی هه‌بوو و بوونسازه‌ و درێژكردنه‌وه‌ و زێتركردنی ڕابردوو نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵقوڵانی خۆكردانه‌یه‌ و له‌ ڕابردوو و داهاتوو سه‌ربه‌سته‌ و، ده‌ستبه‌جێیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌. لێڤیناس ئه‌م پرسیاره‌ دیاله‌كتیكییه‌ ده‌كات: چۆن ده‌شێت له‌م هه‌ڵوه‌شان و له‌نێوچوونه‌وه‌ شتێك بێته‌ ده‌ره‌وه‌؟ لێڤیناس له‌ میتۆدێكی دیاله‌كتیكییه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت ئه‌م میتۆده‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به‌ دیاله‌كتیكی هێگڵییه‌وه‌ نییه‌. ئه‌و پێی وایه‌ ئێستا خه‌سڵه‌تی "من"ـی هه‌یه‌. من نه‌ جه‌وهه‌ره‌ و نه‌ ڕواڵه‌ت، نه‌ گۆڕاوه‌ و نه‌ هه‌میشه‌، به‌ڵكو له‌ سنووری نێوان هه‌بوو و بوونسازدایه‌. "من" له‌ بنه‌مادا بوونی نییه‌، به‌ڵكو فۆڕمی هه‌بوونه‌. ئێستا و من وه‌ك زه‌مه‌نێكی په‌تیی هیپۆستاس بوونیان هه‌یه‌، واته‌ وه‌ك توانای هه‌بوو بۆ بوونساز، وه‌ك ئازادی و باڵاده‌ستی هه‌بوو به‌سه‌ر بوونسازه‌كه‌یدا، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها ئازادیی یه‌كه‌مه‌، ئازادیی ده‌ستپێكردنه‌ و هیچیتر. ئازادی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو به‌سه‌ر بوونسازدا. ئێستا كه‌ له‌ خۆیه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت ده‌بێت بۆ خۆیشی بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌بووی ته‌با له‌گه‌ڵ خۆی توانای بوونسازه‌كه‌ی خۆیی هه‌بێت. لێره‌دا ئەوە هه‌بووه‌ بایه‌خ به‌ خۆی ده‌دات و ئیش له‌سه‌ر خۆی ده‌كات، ئه‌مه‌یش ماتریالیزمی خوده‌ self. شوناس په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ خۆ نییه‌، به‌ڵكو ئیش كردنه‌ له‌سه‌ر خود و ئازادی به‌خۆوه‌ مه‌شغول بوونه‌. لێره‌دا ئازادی به‌رپرسیارێتی و بارگرانییه‌ به‌هۆی ماتریالیزمی هه‌بووه‌كه‌وه‌، به‌مه‌یش ئازادی و ماتریالیته‌ی خود هاومانان و، هه‌ر ئه‌مه‌یش ته‌نهایی هه‌بووه‌كه‌ پێكده‌هێنێت. ته‌نهایی، دابڕان و بێبه‌شبوون له‌وانی دیكه‌ نییه‌، به‌ڵكو دیلبوونه‌ له‌ شوناسی خۆیدا و مه‌شغوڵبوونە به‌ ماتریالێتی خۆیه‌وه‌، به‌م جۆره‌ ئه‌ویتر له‌ ئارادا نییه‌، مانای وایە هه‌بوو له‌ غیابی زه‌ماندایه‌، چونكه‌ زه‌مان په‌یوه‌سته‌ به‌ویتره‌وه‌. هه‌بوو له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یدا به‌خۆیه‌وه‌ مه‌شغوڵ ده‌بێت و ده‌بێته‌ ئه‌سیری ماتریالیته‌ی خۆی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌بێت ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و بوونسازه‌یدا زاڵ بێت كه‌ ماتریال پێكی ده‌هێنێت، به‌مه‌یش هه‌بوو له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یدا بایه‌خ به‌ ڕزگاریی له‌ ماتریالێتییه‌كه‌ی ده‌دات.
ئه‌م تێزه‌ ده‌رباره‌ی ڕزگاریی له‌ ژیانی ڕۆژانه‌دا سه‌ر به‌و لێكدژییه‌ نییه‌ كه‌ له‌نێوان ئومێد به‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی باشتر و هه‌ستكردن به‌ ته‌نهایی و بێتواناییدایه‌ بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌م خه‌ونه، به‌رپایه‌‌. ڕزگاریی پڕكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانی پێویستییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو ململانێی ئابووریش له‌ بنه‌مادا خۆی ململانێیه‌ له‌ پێناو ڕزگاریدا. به‌ پێچه‌وانه‌ی هایدیگه‌ره‌وه‌ كه‌ پێی وایه‌ جیهان له‌ ئامرازه‌كان پێكهاتووه‌، لای لێڤیناس جیهان له‌ سیسته‌می خۆراك پێكهاتووه‌. ڕاسته‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ ناژین كه‌ بخۆین، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌یش ناخۆین كه‌ بژین. لێره‌دا پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی كه‌مێك پاشه‌كشه‌ ده‌كات، چونكه‌ دوا مه‌به‌ست له‌ خواردن له‌ ڕه‌گه‌زی خۆراك خۆیدایه‌ «هه‌ڵمژینی هه‌وای پاك له‌به‌ر سیحه‌تمان نییه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر هه‌وای پاك خۆیه‌تی». خۆراك خاسییه‌تی جیهانی ئێمه‌ی پێك هێناوه‌، واته‌ بوونی ده‌ره‌كیی ئێمه‌ كه‌ به‌ شته‌كان ده‌وره‌ دراوه‌. ده‌توانین به‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ شته‌كاندا بڵێین: چێژوه‌رگرتن. له‌ چێژوه‌رگرتندا هه‌ست هه‌یه‌، واته‌ مه‌عریفه‌ سەبارەت بە بابه‌ت یان ئوبێکت. لێره‌دا بابه‌ته‌كانی چێژ ده‌كه‌وێته‌ مه‌ودایه‌كی ده‌ره‌وه‌ی سوبێكته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م بابه‌تانه‌ ته‌نها بابه‌تی چێژ نین به‌ڵكو پێویستییه‌كانی بوونیشن. لێره‌دا سوبێكت كه‌ له‌خۆیه‌وه‌ ده‌رده‌چێت به‌ شته‌كانه‌وه‌ ده‌گیرسێته‌وه‌ و ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆی، وه‌ك له‌ دۆخی شوناس و ته‌نهایی هه‌بوودا هه‌یه‌. لێره‌دا خود له‌ خۆی جیا ده‌بێته‌وه‌ و مه‌عریفه‌ مه‌رجی ئه‌م توانایه‌یه‌. ژیانی ڕۆژانه‌مان ڕێگایه‌كه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌ و ماتریالیزمه‌ی كه‌ سوبێكت له‌سه‌ری دامه‌زراوه‌. ته‌عالیكردنی پێویستییه‌كان و خۆراك مرۆڤ ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ خۆی و ده‌یخاته‌ ناو جیهانه‌وه‌، به‌مه‌یش سوبێكت خۆی له‌بیر ده‌كات، واته‌ خۆی وه‌ك پێدراوی خۆی و بابه‌تی خۆی جێدەهێڵێت. خواردن هه‌لی سوبێكته‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ جیهاندا له‌ ڕێگه‌ی چێژه‌وه‌، به‌ڵام ئەم سوبێکتە بۆ ئه‌وه‌ی خواردەمەنییەکانى ده‌ست بكه‌وێت و ئه‌و مه‌ودایه‌ ببڕێت كه‌ له‌ ئوبێكته‌كه‌ی جیا ده‌كاته‌وه‌، ده‌بێت كار بكات تاوەکى بتوانێت لەم ڕێگایەوە خۆراک بەدەست بهێنێت؛ بەم واتایە سوبێكت ده‌كه‌وێته‌ نێو بار و ئازار و ڕه‌نجه‌وه‌. ئازار له‌ دوا سنوورى درێژبوونه‌وه‌یدا ده‌گات به‌ مردن، مه‌رگ دوا پله‌ی ئازاره‌. مه‌رگ ڕووداوه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی سوبێكته‌وه‌ دێت، واته‌ لوغزێكی نادیاره‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌ده‌مه‌ به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانین له‌ مه‌عریفه‌دا په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بگرین، لێره‌وه‌یش مه‌رگ ڕووداوێكه‌ كه‌ سوبێكت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای هه‌بووه‌كه‌وه‌‌یه‌.
مه‌رگ هه‌رگیز له‌ ئێستادا نییه‌ و هه‌میشه‌ له‌ داهاتوودایه‌، واته‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ دێت بوونی هه‌یه‌. كاتێكیش دێت جوامێریی سوبێكت كۆتایی پێ دێت چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریدا ناشكێ، ئێمه‌ له‌وكاته‌دا په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ شتێكدا هه‌یه‌ كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی جیاوازه‌ و سیفه‌تی ئه‌ویترێتی هه‌یه‌. له‌ مه‌رگدا ئێمه‌ له‌ هه‌موو تواناكانمان به‌تاڵ ده‌بینه‌وه‌ ئه‌مه‌یش خاسییه‌تی په‌یوه‌ندیمانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا كه‌ سه‌ر به‌ ئێمه‌ نییه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ دێت ناتوانین لێی تێبگه‌ین، شتێكه‌ ڕووده‌دات و به‌سه‌رماندا دێت، ئه‌وه‌ی دێت ئه‌ویتره‌، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ دێت هه‌مان په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ هێشتا له‌نێو زه‌ماندا نییه‌، چونكه‌ له‌ داهاتوودایه‌ و سه‌ر به‌ ئێستا نییه‌.

تێبینى: ئەم وتارە ساڵى 2015 لە بەشى فەرهەنگى ڕۆژنامەى هەولێر بڵاوکراوەتەوە. 

Sunday, 30 August 2015

سەردەمی وێنە

عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد

دەتوانین بڵێن ئەم سەردەمەمان بە چەندین مانا سەردەمی وێنەیە. ڕەنگە گرنگترین مانا، كە بنەمای سەرجەم ماناكاتی تریشە، ئەوەبێ كە ئەم سەردەمە وێنەی لە ناوەڕۆك، شێوەی لە كرۆك، ڕواڵەتی لە زانین، بونیادی لە مانا، دیاری لە نادیار، ڕووكاری لە قووڵایی، میتۆدی لە بابەت بەلاوە گرنگترە، لەمەیشەوە دەتوانین بڵێین ئەم سەردەمەمان سەردەمی بونیادە.
میشێل فۆكۆ ڕوونی كردەوە جەمسەرەكانی مۆدێرنە، هەر لە سەدەی نۆزدەوە چەندین گۆڕانكاری "قووڵ"ـی بەسەر ئەو شوێنانەدا هێناوە كە نیشانە و هێماكان تێیدا بڵاوبوونەتەوە و هەر لەم شوێنانەیشەوە شایەنی دەستنیشانكردنن. ئیدی هێماكان بە پێی ڕەهەندێكی ئەوتۆ دوا بە دوای یەك ڕیز بوون كە "دەتوانین پێ بڵێین ڕەهەندی قوڵایی، بە مەرجێك پێمان وا نەبێت مەبەستمان لەم ڕەهەندە ڕەهەندی قوڵایی ناخەكییە، بەڵكو دەبێت وەك ڕەهەندی قوڵایی دەرەكی لێێ‌ تێبگەین".
ئەم قوڵاییەى سەتح، یان ئەم سەتحە قووڵە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوالیزمە میتافیزیكییەیە كە ڕووكار لە قوڵایی و نادیار لە دیار و شێوە لە ناوەڕۆك جیا دەكاتەوە و پێی وایە وێنە تەنیا توێكڵێكە و كاكڵەكەی داپۆشیوە، ڕواڵەتێكە ناوەوەی شاردۆتەوە و بڕوای بە بوونێكی ڕاستەقینەی ناخ هەیە و باوەڕی بە ڕووكارێكی ڕەقە كە هەقیقەتی شتەكانی داپۆشیوە.
جێگیریی "ڕەهەندی قوڵایی دەرەكی" واتای ئەوەیە سەتح جگە لە خۆی هیچ شتێكی دیكە ناشارێتەوە، قوڵاییش هیچ نییە جگە لەو ڕووكارەی وا بەسەر دوالیزمێكدا دابەش كراوە و لەمەیشەوە ئەگەر ماسكێكیش هەبێت هیچ شتێك لە پشتییەوە نییە. ئەوەیش گەڕاندنەوەی دەرەوەیەكی گشتی و هاوبەشە كە پەردەپۆش كرابوو, یان دووبارە گرنگیدانەوەیە بەو وەهمەی وا ڕووكار لامان دروست دەكات بۆ ئەوەی نەهێڵێت خۆی وەك ڕووكار ببینین. ئیدی "ڕووكار" تەنیا ڕووكار نییە، بەڵكو چڕی و بە بڕشتی خۆی پیشان دەدات تا ببێتە "سەتحێکى قووڵ".
ئەم هۆشە ڕووكارویستە زیاتر لە بەرهەمە هونەرییەكاندا دەردەكەوێت. ئایا بەرهەمی هونەری ستایشی وێنە و شێوەیە؟ پەیکەرتاشى چییە، نیگاركێشان و میوزیك چییە ئەگەر شێوە نەبن؟ ڕەخنەگری وا هەیە هەر بەوەندە ڕا ناوەستێ،‌ بەڵكو پێی وایە شیعر و ڕۆمانیش شێوەن "شێوەن و بەس". (بلانشۆ).
وتەیەكی نیچە هەیە دەڵێت:"ڕواڵەت لای من ماسكێكی بێ‌ گیان نییە. ڕواڵەت بەلای منەوە ژیان خۆیەتی، ژیان و چالاكی". ڕەنگە ئەمەیش ڕاڤەی ئەوە بكات كە بۆچی فەیلەسوفی گەڕانەوەی ئەبەدى سەرسامی گریكەكان بووە، ئەوان پێیان وابوو "مانەوە لە ڕووكاردا، لە سەر بەرگ، لە سەر توێكڵ و پێست" باشترە لە قووڵایی. ئەوان "ڕواڵەتیان دەپەرست و باوەڕیان بە شێوە و وێنەكان هەبوو"، ئەوان "لە زۆر قووڵبوونەوەیاندا.. هاتبوونەوە سەر سەتح".
كەواتە با ڕووكارویست بین، با شەیدای وێنە و شێوەكان بین، با پێمان وا بێت مانا لە بونیاددا و ناوەوە لە ڕواڵەتدا و ناوەڕۆك لە شێوەدایە.

سەرچاوە: عبدالسلام بنعبد العالی: پقافە اڵاژن و پقافە العین، دار توبقال للنشر، الگبعە الپانیە، المغرب، 2008.  

Wednesday, 15 July 2015

ئایدیۆلۆژیا و دەوڵەت

هاوار محەمەد



باسى سەرەکیى ئەم نامیلکەیە تەرخانکراوە بۆ شیکردنەوەى هەردوو چەمکى ئایدیۆلۆژیا و دەوڵەت و پەیوەندییەکەیان لە فیکرى هەریەکە لە لوویى ئاڵتۆسێر و میشێل فۆکۆ و نیکۆس پۆلانزاسدا، هاوڕاییان و جیاوازییان، یەکتربڕینیان و یەکترڕەخنەکردنیان.. دەیەوێت ئەو گۆڕانانە پیشان بدات کە لە فیکرى نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمەوە بەسەر ئایدیۆلۆژیا و دەوڵەتدا هاتووە و بەمەیش ڕەخنەى خوێندنەوە تەقلیدییە تۆبۆگرافییەکەى ناو فیکرى مارکسیزم بۆ "ژێرخان/ سەرخان" بکات. فیکرى مارکسیزم گیرۆدەى "ئابووریگەرایی"ـە، ئەمەیش هەمان ئەو ئابووریگەراییە نییە کە لینین لە "دەوڵەت و شۆڕش"ـدا ڕەخنەى کردووە، بەڵکو ئابووریگەرایى هەموو ئەو ڕەوت و تیۆرانە دەگرێتەوە کە "ئابوورى" دەخەنە چەقەوە، دەیکەن بە بونیادى ڕەها بۆ تەفسیرکردن و گۆڕینى جیهان. ئابووریگەرایى ئەوەیە کە پێیوایە شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەدارى هێشتایش هەر پیشەسازییە و پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانیش تەنیا لەنێوان "سەرمایەدار و کرێکار"دایە و هەرگیزیش گۆڕانى بەسەردا نایەت، تەنیا مەگەر گۆڕانى ڕیشەیى بە شۆڕش، بە بێ گۆڕینى ئەم پەیوەندییەیش مەحاڵە هیچ "یاسا"یەکى ئابووریى لەوانەى کە مارکس دیاریى کردوون، پووچەڵ ببنەوە. ئابووریگەرایى ئەوەیە باسى عەشق و ئاوخواردنەوە و میزکردنیش بکەى خێرا بە حاسیبەیەک ڕێزەى قازانج و زێدەبەها و بەهاى ئاڵوگۆڕیان تێدا دیاریى دەکات. ئەوە ڕاستە سەرمایەداریى هەموو شتێک دەکات بە کاڵا و بابەتى قازانج، بەڵام مەرج نییە مانەوە و گۆڕینى دنیا بەند بێت بە ئابوورییەوە، مەرج نییە کەڵەکەکردنى سامان یەکەمین و دوایین ئامانجى چینێک بێت، گەر وابێت ڕەوایە بپرسین گەر هەموو شتێک لەپێناو ساماندایە، ئەى سامان لەپێناو چیدا؟ وەڵامى ئابووریگەرایى ئەوەیە "سامان لەپێناو ساماندا"، ئەمەیش هەمان "شت لەخۆیدا"ى کانتە، واتە میتافیزیکا. ڕەنگە ئابووریى لەپێناو هەژموون، جیاوازیى ڕەمزى، چێژ، نماییشى گەمژانە، مەزهەب، خۆشیى ژیانى ڕۆژانە و هتد گرنگ بێت، بەڵام ئەمانە خۆیان هیچیان ئابووری نین.  گرنگە بزانین سامان و خاوەندارێتى هەندێجار دەبنە پاشکۆى ململانێى تر، ئارەزوویتریش هەن کە جیهان بەڕێوەدەبەن یان دەجوڵێنن، باڵادەستیى سیاسى و هەژموون هەمیشە لە پێناو ئابووریدا نییە، بەڵکو لەپێناو خودى باڵادەستیدایە وەک چێژ.  بەم جۆرە هەندێجار ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت و مەزهەب خۆیان لە خودى ژێرخانى ئابووریى بونیادییترن. ئەم وتارە ئیشکردنە لەسەر ئەم گریمانەیە، وتارەکە سەرەتا لە پاشکۆى کتێبى "دژ بە لێخۆشبوون"دا چاپ بووە، بەڵام پێمباش بوو وەک خۆى بە شێوەى نامیلکەى ئەلیکترۆنییش بیخەمە بەردەستى خوێنەران.

بۆ دابەزاندن بە pdf کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
https://drive.google.com/file/d/1EOc6CBFP7sUQTyKaH-kCLpbSQ8q3F-wU/view?usp=sharing

Tuesday, 14 July 2015

دژ بە لێخۆشبوون

ناوى کتێب: دژ بە لێخۆشبوون
نووسەر: گییوم لوبلان و پۆب گیسۆب
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد
چاپخانە: دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم
ساڵ و شوێنى چاپ: 2015 سلێمانى

پێشه‌كیی کتێبەکە:
ئه‌وه‌ی له‌ دوو توێی ئه‌م نامیلكه‌یه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه‌ دوو وتاری وه‌رگێڕدراو و پاشكۆیه‌كه‌ كه‌ باسه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ته‌رخانه‌ بۆ دبه‌یت و گفتوگۆی چه‌ند فه‌یله‌سوفێك له‌گه‌ڵ "میشێل فۆكۆدا" به‌ بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست له‌ تێرمی "دبه‌یت" و "گفتوگۆ" له‌م كۆنتێكسته‌دا وتووێژی زمانی و ئیترتیجالی بێت. له‌م تێكستانه‌دا به‌شێویه‌كی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندی و یه‌كتربڕین و دووركه‌وتنه‌وه‌ هزرییه‌كانی "لووی ئالتوسێر" و "نیكۆس پۆلانزاس" له‌گه‌ڵ "میشێل فۆكۆدا" تاوتوێ ده‌كرێت له‌ په‌راوێزی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌یشدا باس له‌ فه‌یله‌سوفانێكی دیكه‌یش كراوه‌ چونكه‌ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك خۆی به‌ كۆمه‌ڵێك پەراوێزى دیكه‌دا تێده‌په‌ڕێ و ده‌گات به‌ شوێنی دیكه‌  و ئینجا ده‌گاته‌وه‌ به‌ خۆی. به‌م جۆره‌ مه‌رج نییه‌ په‌راوێز هه‌میشه‌ لاوه‌كیی بێت، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ ڕاده‌گرێت.
دوو ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی و له‌ ژماره‌ی تایبه‌تی "ماركس و فۆكۆ"ـی زنجیره‌ كتێبی Actuel Marx ـدا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ كۆلێجی دو فرانسه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت، پاشان كۆی كتێبه‌كه‌ وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ زمانی عه‌ره‌بی، ئێمه‌یش ئه‌و دوو وتاره‌مان له‌ چاپه‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌وه‌ كردووه‌ به‌ كوردی، به‌ڵام له‌ زۆر شوێنی ئاڵۆز و جێی گوماندا به‌ هاوكاری چه‌ند هاوڕێیه‌كی فه‌ره‌نسیزان‌‌ گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌قه‌ فه‌ره‌نسییه‌كان.
ناونیشانی ئه‌م نامیلكه‌كه‌مان‌ له‌و‌ گوته‌یه‌ی فۆكۆوه‌ داتاشیوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: «لێره‌ من شتیك ده‌بینم شایه‌نی لێخۆشبوون نییه». تیۆلۆژیای لێخۆشبوون هه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه‌ بره‌وی پێده‌درێت كه‌ خۆی شایه‌نی لێخۆشبوون نییه، لێخۆشنه‌بوونیش واته‌ دوانه‌خستنی پراكتیك؛ مه‌به‌ستیشمان له‌وه‌یه ده‌بێت حسێبی خۆمان له‌گه‌ڵ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ساف بكه‌ین‌ و به‌خاتری كولتوور سازش له‌سه‌ر سیاسه‌ت نه‌كه‌ین، ئه‌م به‌رهه‌مه‌یش هه‌ر له‌و پێناوه‌دایه‌ كه‌ یارمه‌تی یاده‌وه‌ر‌یمان بدات به‌رده‌وا‌م به‌دڵڕه‌قییه‌وه‌ ئه‌وه‌مان له‌یادبێت سه‌رمایه‌داری شایه‌نی لێخۆشبوون نییه‌ و خۆمان له‌سه‌ر ئه‌م نالێبورده‌ییه‌ ڕابهێنین تاوه‌كو بیر له‌ ڕێگای گونجاوی یاخیبوون و ڕاپه‌ڕین بكه‌ینه‌وه‌. ئه‌مه‌ بانگه‌شه‌یه‌كی ڕاشكاوانه‌یه‌ بۆ خه‌باتی سیاسی و له‌ هه‌ر خه‌باتیكی سیاسیشدا بڕێك دڵڕه‌قی پێویسته‌.
ده‌رباره‌ی ده‌قه‌كانیش، ڕاستییه‌كه‌ی دوو ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك "قووڵ" و "سه‌خت"ـن و بۆ خوێنه‌ری ئێمه‌ ئاسان نین، له‌ نێوان قووڵی و سه‌ختیدا په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی له‌ ئارادا نییه‌ و، زۆرجار ده‌شت قووڵی له‌ ساده‌ییدا بێت، یان ده‌شێت به‌ گوزارشتی دۆلۆز "قووڵایی هه‌ر قووڵی سه‌تح خۆی بێت"، قووڵایی ئه‌و چاڵه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی پێچ و چه‌مانه‌وه‌ و قه‌دبوونی سه‌تح خۆیه‌وه‌ دروست بووه‌. ئه‌ی بۆچی ناشێت سه‌تح خۆی سه‌خت بێت؟ ئه‌گه‌رچی "سه‌تح" و "ساده‌یی" هاومانا نین، به‌ڵام ده‌شێت لێره‌دا جێگۆڕكێیه‌ك به‌ وشه‌كان بكه‌ین و بڵێین: ڕه‌نگه‌ وا بێت، ڕه‌نگه‌ ساده‌یی خۆیشی ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ نه‌بێت كه‌ تێیگه‌یشتووین، به‌ڵكو فێڵێك بێت بۆ شاردنه‌وه‌ی چاڵه‌كه‌ی خۆی. واته‌ ده‌شێت چاڵه‌كه‌ خۆی ساده‌بێت و "ساده‌یی" لێمان ئاڵۆز بكات. به‌ ده‌ربڕینێكی تر: قوڵایی هه‌ر چاڵی سنووره‌كان خۆیانه‌. وشه‌ی "چاڵ" و "سنوور" له‌ زۆر سه‌ره‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نن، هه‌ر بۆ نموونه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی "قووڵی" و "سه‌ختی"ـی ئه‌م دوو ده‌قه‌دا، ده‌شێت قوڵایی هه‌ر ئه‌و چاڵه‌ نه‌رم و به‌تاڵه‌ی سنوور بێت كه‌ ئاسان به‌نێویدا ده‌ڕۆین و سنووریش هه‌میشه‌ ئه‌و سه‌ختی و ڕه‌قییه‌ بێت كه‌ به‌ری ده‌كه‌وین.
به‌ هه‌رحاڵ ته‌نیا ئه‌م مه‌كره‌ هۆی قورسیی ئه‌م دوو ده‌قه‌ نییه‌، به‌ڵكو باكگراوند و پێشزه‌مینه‌ی فیكریی خوێنه‌ری كوردیش خۆی یارمه‌تیده‌ر نییه‌ بۆ ئاسانـتێگه‌یشتن له‌م ئایدیا و چه‌مك و تیۆرانه‌، تا ئێستا خوێنه‌ری ئێمه‌ شتێكی ئه‌وتۆی له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، بۆیه‌ هه‌ر وه‌رگێڕانێك جۆرێكه‌ له‌ ڕیسك و قومار، قومارێك كه‌ هه‌میشه‌ وه‌رگێڕ ده‌بێت پێشبینی دۆخه‌ نه‌رێنییه‌كه‌ بۆ خۆی بكات، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و ئومێده‌یشمان هه‌بێت كه‌ په‌یامه‌كه‌ زوو یان دره‌نگ هه‌ر ده‌گات، ڕه‌نگه‌ به‌شێكی لێ ون ببێ به‌ڵام فیكر هه‌میشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی ده‌گات و خیانه‌ت له‌ به‌شه‌كه‌ی تری ده‌كرێ: په‌یامی فیكر هه‌رگیز وه‌ك خۆی ناگات و شتێكی لێ ون ده‌بێت.
ئێمه‌ له‌ پاشكۆكه‌دا هه‌وڵمان داوه‌ به‌ زمانێكی ڕوون و به‌ كورتی، به‌ فۆڕمی شه‌رح،‌ لینكه‌كه‌ی "ئاڵتوسێر و فۆكۆ و پۆلانزاس" درێژبكه‌ینه‌وه‌. پێشنیاری من ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆی له‌ فۆكۆ و ئاڵتوسێر و پۆلانزاس نییه‌ له‌ پێشدا وتاره‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی به‌ ناوی "سوبێكتی ملكه‌چ" و وتاره‌كه‌ی ئێمه‌ به‌ ناوی "سوبێكتی ڕۆشن" له‌ كتێبی "كێشه‌ی سوبێكت" كتێبی یه‌كه‌می گروپی نێگه‌تیڤ بخوێنێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان له‌سه‌ر ئاڵتوسێر چڕ بۆته‌وه‌ و دووه‌میشیان له‌سه‌ر فۆكۆ. پاشانیش خوێنه‌ر پاشكۆی ئه‌م كتێبه‌ بخوێنێته‌وه‌ و ئینجا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كان. 
هاوار محەمەد