هاوار محه‌مه‌د
له فیكری میتۆلۆژیدا ئاو به شێوه‌ی جۆراوجۆر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه: به‌شێكی زۆری خوداكانی ئه‌فسانه‌كان (به‌تایبه‌تی ژنه خواوه‌نده‌كان) ماڵیان له‌نێو ئاوهكاندایه و له‌نێو ئاودا ژیاون، خوداكان به عهساكانیان كانیاوه‌كانیان ته‌قاندۆته‌وه، به قهمچییهكانیان بارانیان باراندووه, كه توڕه‌بوون ئاوی ڕووباره‌كان هه‌ڵكشاون و داوای قوربانیان له مرۆڤه‌كان كردووه و ..هتد. له فیكری ئایینییدا عه‌رشه‌كه‌ی خودا له‌سه‌ر ئاوه، پەرییانى به‌هه‌شت له‌نێو كانیاوه سازگارهكاندان, به‌هه‌شت چوار ڕووباری سه‌ره‌كی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت و دۆزه‌خیش هه‌روا, نیل دایکى هەڕەمەکانە، مو‌سا ده‌ریای سوری شه‌ق كرد و فیرعه‌ن ئاو خنكاندی.. میتافیزیكا و فەلسەفەیش قسه‌ی خۆیان له‌باره‌ی ئاوه‌وه كردووه: "تالیس" گووتی ئاو سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می هه‌موو شتێكه، "هیراكلیتس" گوتی بوون وه‌ك ڕووبار وایه نا‌توانیت دووجار پێ بخه‌یته نێوییه‌وه, كانت گوتی ده‌ریا وه‌ك ناكۆتا ده‌بێته مایه‌ی هه‌ستی شكۆ، فوكۆیش گوتی ئه‌وروپای كۆتایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست شێته‌كانیان ده‌خسته نێو كه‌شتییه‌وه و ڕه‌وانه‌ی ده‌ریایان كردن تا عه‌قڵی خۆیان له‌سه‌فه‌ر به‌نێو ئاوه‌كاندا بدۆزنه‌وه. وێڕای ئه‌م ڕۆڵه ڕه‌مزیی و مه‌جازییانه و چه‌ندین ڕۆڵی تر كه ئاو به درێژایی مێژوو له زه‌ینی مرۆڤدا گێڕاویه‌تی, هێشتایش توانایه‌كی سه‌یر و ناوازه‌ی تر دراوه‌ته پاڵ ئاو كه گرنگییه‌كه‌ی بۆ مرۆڤ له به‌كارهێنانه پراگماتیكییهكانی ئاو بۆ به‌رده‌وامیی ژیان كه‌متر نییه: توانای پاكژكردنه‌وه، توانای هه‌ڵوه‌راندنی گوناهـ و خاوێنكردنه‌وه‌ی پیسییه‌كانی له‌ش و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی شه‌هوه‌ت و جێ په‌نجه‌كانی ئه‌هریمه‌ن. مرۆڤ هه‌ڵگری گوناهه و به‌رده‌وامیش له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی تاواندایه، وێڕای تاوان چه‌ندین مومارەسه‌ی دیكه‌ی ژیانی ڕۆژانه هه‌یه كه ده‌بنه مایه‌ی دزێوى و بێزران, ئاو وه‌ك چۆن ده‌توانێت به‌شداربێت له شوشتنه‌وه‌ی گوناهه‌كاندا ئاوایش ده‌توانێت هه‌ر پەڵەیەک له مرۆڤ دابماڵێت. گاستۆن باشلا‌ر له كتێبی "ئاو و خهونهكان"ـدا پێی وایه ئاوی خاوێن فریودانێكی به‌رده‌وامه بۆ ڕه‌مزییه‌تی ئاسان پاكبوونه‌وه, ئه‌م توانای پاكژكردنهوهیه ته‌نیا توانای پاك و خاوێنی ژیانی ڕۆژانه نییه، واته ته‌نیا خاوێنییهكی ته‌ندروستانه نییه، چونكه هیچ شتێك ڕێگه به‌وه نادات وه‌ك پێداویستییه‌كی سه‌ره‌كی مرۆڤ لای كۆمه‌ڵه سه‌ره‌تاییه‌كان قسه له‌باره‌ی پاك و خاوێنییه‌وه بكه‌ین، كه‌چی ئاو هه‌مان ڕه‌مزییه‌تی خۆیی هەبووە و پاراستوویەتى.
ڕه‌مزییه‌تی
پاكبوونه‌وه و ته‌هاره‌ت له زیاد له موماره‌سه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌كه‌وێته‌وه.
لایه‌نیكه‌م له ترادسیۆنی ئایینییه ئاسمانییه‌كان و به‌شێك له ئایینییه‌كانی
تریشدا گه‌ر كه‌سێك بێباوه‌ڕ بێت و بیه‌وێت باوه‌ڕ بهێنێت ده‌بێت خۆی بشوات و ئاو
به سه‌رجه‌م له‌شیدا تێپه‌ڕێت، وه‌ك بڵێی ئاو ئه‌و پرده‌یه كه مرۆڤ له كه‌سێكی
پیس و گوناهباره‌وه لێی ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ كه‌سێكی ئیماندار و پاكژ، سوبێكت ده‌بێت
به ئاودا بپه‌ڕێته‌وه بۆ لای خودا. ئاو توانای سه‌لماندن و قامهتپێدانی كه‌سێكی
هه‌یه كه باوه‌ڕ بهێنێت، هێڵی په‌ڕینه‌وه‌یه له جیهانی شه‌یتانه‌وه بۆ
جیهانی خودا، سڕینه‌وه‌ی مه‌ودای سوبێكتی دوور له خودایه بۆ سوبێكتێكی نزیك
له خودا. سوبێكتی بێ ئیمان بۆ ئه‌وه‌ی بچێته نێو گروپی ئیماندارانه‌وه ده‌بێت
به ئاودا تێپه‌ڕێت. تێپه‌ڕینی ئاو به له‌شدا یان هه‌ڵكێشانی جه‌سته له ئاو له
ساتی ئیمانهێناندا مانای ئه‌وه‌یه ده‌بێت به‌شێكی سوبێكت له‌گه‌ڵ ئاودا بڕوات، به‌شه
تاریك و شه‌ره‌نگێز و شه‌یتانییه‌كه‌ی, ئه‌و به‌رگه‌ی كه تا ئێستا ئه‌و سوبێكته
هه‌یبووه. ئاو له ساتی گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خودا و نزاكردندا توانای سپیكردنه‌وه
و خاوێن كردنه‌وه‌ی ئینسانی هه‌یه تا ڕاده‌ی منداڵبوونه‌وه و سڕینه‌وه‌ی ده‌فته‌ری
كرداره‌كان, ئاو ده‌فته‌رێكی نوێ ده‌كاته‌وه, دهفهرێكی سپی. به مانایه‌كی
تر ئاو سوبێكت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای خۆی. له دۆخی به‌شه‌كی و تاوانی
دیاریكراوییشدا هه‌مان ڕیتواڵ ده‌كرێت كاریگه‌ر بێت, تۆبه‌كردن و نزاكردن و داوای
لێخۆشبوو‌ن له ساتی خۆ هه‌ڵكێشان له ئاودا به‌خشنده‌یی خودا ده‌بارێنێت به‌سه‌ر
به‌نده‌كه‌یدا و مژده‌ی لێ خۆشبوون و ڕزگاریی پێ ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ نموونه غوسڵی
ته‌عمیدی كریستیانه‌تی شتێكی له‌م جۆره‌یه. لۆدفیگ فۆیەرباخ لەم بارەیەوە دەڵێت: ''ئاو پاکژترینى شلەمەنییەکانە، بە هۆى ئەمەوە، خاسییەتە سروشتییەکەى دەبێتە وێنەیەکى سروشتیى سازگارى ڕۆحى خودایى''... لایوایە ئاوى تەعمید لە دینى مەسیحیدا ''دەتوانێت پەرجووەکان دروست بکات''.
ڕه‌مزییه‌تی
ئاو له موماره‌سه‌كانی جه‌سته‌یشدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. سێكس وه‌ك موماره‌سه‌یه‌كی
جه‌سته, یان ئاره‌زوو یان له‌ززه‌ت و چێژوه‌رگرتن شتێك له دوای خۆی به‌سه‌ر جه‌سته‌ی
سوبێكته‌وه جێ ده‌هێڵێت. سێكس ته‌نانه‌ت له دۆخه ڕێپێدراوهكانیشدا هه‌میشه
به پاك و بێگه‌ردی تێناپه‌ڕێت, به‌ڵكو په‌ڵه‌یه‌ك, نیشانه‌یه‌ك له دوای خۆ جێ
ده‌هێڵێت كه سوبێكت ده‌بێت بیسڕێته‌وه, له‌كه‌یه‌ك به جه‌سته‌وه ده‌لكێنێت
كه ڕێگره له‌وه‌ی مرۆڤ چاو و ڕووی ئه‌وه‌ی هه‌بێت بچێته‌وه به‌رده‌م قاپیی
خودا. بۆ نموونه لە شەریعەتى ئیسلامدا نابێت ئه‌و سوبێكته‌ی سێكسی كردووه و خۆی
نه‌شتووه به له‌شی پیسه‌وه نوێژ بكات یان بچێته نێو مزگه‌وته‌وه. له‌ش پیسی
پێچه‌وانه‌وه‌ی ته‌هاره‌ته و پاكژبوونهوهیش ته‌نیا به‌وه ده‌بێت ئاو به سه‌رجه‌می
له‌شدا تێپه‌ڕێت, ئاو په‌ڵه‌كه ده‌شواته‌وه.
له
دۆخه بیۆلۆژییه‌كانی له‌شیشدا ئاو هه‌مان ڕۆڵی پاكژكردنه‌وه ده‌گێڕێت. سوڕی
مانگانه‌ی مێینه جه‌سته‌ی مێ ده‌كاته جه‌سته‌یه‌كی پیس, ئه‌م پیسییه ته‌نیا له‌و
ئه‌ندامه‌دا نییه كه خوێنی لێ ده‌ڕژێ, به‌ڵكو به‌ش ده‌توانێت گشت پیس بكات,
خوێنی دامێن كه‌م و كورتی و شه‌رم و نوقسانییه بۆ هه‌موو له‌ش. دوای وه‌ستانی
خوێن و ته‌واوبوونی سوڕی مانگانه جه‌سته به ته‌واوی پاكنابێته‌وه ئه‌گه‌ر ئاو
به سه‌ر هه‌موو له‌شدا نه‌ڕوات و ته‌واوی ئه‌ندامه‌كان ته‌ڕنه‌بن و ئاویان لێ نه‌چۆڕێت.
ئاو
ته‌نیا توانای پاكژكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی زیندووی نییه, به‌ڵكو توانای پاكژكردنه‌وه‌ی
جه‌سته‌ی مردوویشی هه‌یه. مه‌رگ كه ده‌رچوونی كه‌سێكه له‌م
ژیانه به‌ره‌و ژیانێكی تر, په‌ڕینه‌وه‌یه له‌م جیهانی زه‌مینه‌وه به‌ره‌و
جیهانی ئاسمان, له كۆمه‌ڵی ئینسانییه‌وه به‌ره‌و كۆمه‌ڵی ئیلاهی ساتێكی
ڕیتوالییه كه جۆرێك له به‌ڕێكردن و ماڵئاوایی و ڕێوڕه‌سمی به‌خۆیه‌وه گرێ
داوه. له ساتی مه‌رگی ئاسایی‌دا (جگه له حاڵه‌ته‌كانی جه‌نگ و كۆمه‌ڵكوژی و سوتاندن
و ئه‌نفال و هاوشێوه‌كانیان) ته‌رمی مردوو ده‌بێت ئاماده بكرێت بۆ جیهانه‌كه‌ی
تر, شۆرین و كفن و دفنكردن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا سه‌ره‌كیترین ڕیتواڵی به‌ڕێكردنی
ته‌رمه, مرۆڤ ده‌بێت به شۆراوی و به‌رگێكی سپییه‌وه داغڵ به جیهانه‌كه‌ی
تر ببێت. له هه‌ندی ترادسیۆنی دیكه‌دا مردوو نه‌ك ته‌نیا ده‌شۆردرێت به‌ڵكو به‌ته‌واوی
ده‌خرێته نێو ئاوه‌وه و به ئاوی ده‌ریاكان ده‌سپێردرێت, ئاوه‌كان ته‌رمه‌كه ده‌گه‌یه‌ننه
جیهانه‌كه‌ی تر, ده‌یبه‌نه‌وه لای خودا.
تێبینى: ئەم فراگمێنتە بەشێکە لە وتارێکى درێژتر کە لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێکەتیڤ'ـدا بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment