My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Wednesday, 3 December 2014

ئاگر و چێژ

هاوار محه‌مه‌د

یه‌ك: په‌یوه‌ندی ئاگر و جه‌سته‌ له‌ زیاد له‌ پانتاییه‌كدا ڕه‌مزیی بۆته‌وه‌. میراتێكی شیعریی هه‌یه‌ عه‌شقی وه‌كو ئاگر وه‌سف كردووه‌, عه‌شق ئه‌و گڕه‌یه‌ كه‌ له‌ دڵی مه‌عشوق به‌رده‌بێ‌, عاشق هه‌میشه‌ له‌ دۆخی سوتاندایه‌ بۆ وه‌سڵی مه‌عشوقه‌كه‌ی, میتافۆره‌ زۆر باوه‌كه‌ی ئه‌م ڕه‌مزه‌ په‌روانه‌ و چرایه‌, كه‌ له‌ شیعری كلاسیكی خۆمان و ڕۆژهه‌ڵاتیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌, سووتان هه‌میشه‌ قه‌ده‌ری په‌روانه‌یه‌, عه‌شق ته‌حه‌دا یان ته‌سلیمبوونه‌ به‌م قه‌ده‌ره‌. یه‌كه‌م چركه‌ ساتی عاشقبوون چركه‌ساتی هه‌ڵگیرسانی ئاگرێكی ئه‌به‌دییه‌ كه‌ هه‌م له‌ دووریدا ده‌تسوتێنێ‌ و هه‌م له‌ وه‌سڵدا.
 له‌ ژیانی سێكسیشدا زۆرجار سێكس وه‌ك ئاگر و شه‌هوه‌ت و ئاڵۆش ته‌ماشا كراوه‌, له‌نێوان لاقه‌كانی مرۆڤدا ئاگرێك ده‌سوتێ‌ كه‌ كوژانه‌وه‌ی بۆ نییه‌, ڕه‌نگه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دامبركێته‌وه‌, به‌ڵام پریشكێك به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیسان بكه‌وێته‌ كڵپه‌ و بڵێسه‌, ئاگرێك زیاتر له‌و چاڵه‌ ئاگرینانه‌ی دۆزه‌خ ده‌چێ‌ كه‌ پڕ نابنه‌وه‌, خه‌ره‌ندێك كه‌ بنكێكی دیاریكراوی نییه‌. ئاگر دۆخی جه‌نگ و بێ‌ ئامانی و دڕدۆنگییشه‌, دۆخێك كه‌ ده‌وروبه‌ر سیفه‌تی ئاگر وه‌رده‌گرن, ئاگری جه‌نگ گه‌مارۆی هه‌موو شتێك ده‌دات, نائارامی و ترس به‌ هه‌موو لایه‌كدا بڵاوده‌بنه‌وه‌ و ده‌كرێت ته‌واوی جیهانیش بسوتێنێت. دۆزه‌خی خودایش یه‌ك پارچه‌ ئاگره‌, بۆ سوتانی گوناهباران ئاماده‌ كراوه‌, دۆزه‌خ ته‌نیا جه‌سته‌ ده‌سوتێنێت, چونكه‌ ڕۆح ڕۆحی خودایه‌, خودا له‌ ڕۆحی خۆی فووی كردووه‌ به‌ جه‌سته‌ی ئاده‌مدا, بۆیه‌ ڕۆح هیچ هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردووه‌ تا شایه‌نی سوتان بێت, له‌ززه‌ته‌ جه‌سته‌ییه‌كان و شه‌هوه‌تبازی مرۆڤ ده‌كه‌نه‌ شوێنكه‌وته‌ی شه‌یتان, سه‌ره‌نجام ده‌بێت جه‌سته‌ بسوتێت بێ‌ ئه‌وه‌ی بمرێت, ده‌بێت بسوتێت و دروست ببێته‌وه‌ و دیسانیش بسوتێته‌وه‌, جه‌سته‌ له‌نێو دۆزه‌خدا له‌نێو سوتانێكی به‌رده‌وامدایه‌, ئازاره‌كانی دۆزه‌خ هه‌موویان ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یین, نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بگره‌ جه‌سته‌ی دۆزه‌خییه‌كان خۆی ماده‌ی سوتانه‌كه‌یه‌.
دوو: ئاگر سه‌یروره‌ی ژیان خۆیه‌تی، سه‌یروره‌ هه‌ر ئاوه‌كه‌ی هیراكلیتس نییه‌، به‌ڵكو ئاگره‌كه‌ی ئه‌مپادۆكلیسیشه‌، ته‌نیا سه‌ره‌تای ژیان نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك باشلار ده‌ڵێت ژیانیش خێرا ده‌كات تا به‌ كۆتاییه‌كه‌ی بگات، ئاگر ژیان ده‌گه‌یه‌نێته‌ كۆتایی خۆی، سه‌یروره‌یه‌‌ و كۆتاییشه. ئاگر ئه‌و پانتاییه‌ حه‌رامكراوه‌یه‌ كه‌ پرۆمیسیۆس ده‌ستی بۆ برد، وه‌ك ده‌ستبردنی ئاده‌م بۆ داری مه‌عریفه‌. ئێمه‌یش نه‌وه‌كانی پرۆمیسیۆس هه‌میشه‌ مه‌یلی ده‌ستبردنمان بۆ ئاگر هه‌یه‌، چێژ له‌و قه‌ده‌غانه‌دایه‌ كه‌ وه‌ك ئاگر وه‌هان: عەقڵى باو دەڵێت "سێكسی حه‌رام خۆشتره‌ له‌ سێكسی حه‌ڵاڵ"، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌شێت له‌ پای ئه‌م كاره‌دا خودا به‌ ئاگر بیشمان سووتێنێت. ئاگر هه‌میشه‌ له‌پاڵ حه‌رامه‌كانه‌وه‌ ئاماده‌یی هه‌بووه‌، یان چێژ ئاگره‌، به‌ مانایه‌كی تر هه‌میشه‌ چێژ ئازاره وه‌ك ئازاری سوتان، لوتكه‌ی چێژ لوتكه‌ی ئازاریشه‌‌. له‌ دیوه‌ ڕه‌مزییه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌م پانتاییانه‌ی كه‌ مرۆڤ مه‌یلی بۆیان هه‌یه به‌رده‌وام‌ ئاگر میتافۆره‌كانیه‌تی، مرۆڤیش نابێت "یاری به‌ ئاگر بكات"، هه‌موو حه‌رامێك بۆ خۆی ئاگرێكه‌. خۆ ڕه‌نگه‌ ڕیشه‌ی ئه‌م ڕه‌مزییه‌ته‌‌ هه‌ر له‌ په‌روه‌رده‌ی منداڵیدا بێت، واته‌ ئه‌و كاته‌ی له‌ خه‌یاڵی مناڵدا ئاگر ئه‌كرێته‌ قه‌ده‌غه‌یه‌كی گه‌وره‌. له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا به‌ر له‌وه‌ی سروشت فێرمان بكات ئاگر چ كارلێكێك له‌گه‌ڵ جه‌سته‌مان ده‌كات و چیمان لێ ده‌كات و چ ئازارێكمان ده‌دات، دایك و باوك، یان په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی فێرمان ده‌كه‌ن كه‌ ئاگر چ پانتاییه‌كی ترسناكه‌ و چ حه‌رامێكی گه‌وره‌یه‌: منداڵ نابێت بسوتێت كاتێك خۆی نافامێت. ئێمه‌ به‌ر له‌وه‌ی تێبگه‌ین ئاگر چیمان لێ ده‌كات، لێمان قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت. ئه‌مه‌ ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ باشلار پێی ده‌ڵێت "گرێی پرۆمیسیۆس". هه‌موومان مه‌یلی ده‌ستبردنمان بۆ ئاگر هه‌یه‌، ساتی خۆسوتان چركه‌ی خۆڕزگاركردنه‌ له‌ گرێی پرۆمیسیۆس، واته‌ خۆ كوشتن به‌ "شتێكی قه‌ده‌غه"‌، توانه‌وه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌یه‌كدا.
سێ: جه‌سته‌یه‌ك لێره‌ هه‌یه‌ ده‌سووتێت و ده‌مرێت: جه‌سته‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی ده‌سوتێنێت. جه‌سته‌ی سوبێكتێك كه‌ گڕ له‌ خۆی به‌رده‌دات، په‌یامێك ده‌نێرێت، نامه‌یه‌ك جێ‌ ده‌هێڵێت، ئه‌م په‌یامه‌ نامه‌ی خۆكوشتن نییه‌، به‌ڵكو نامه‌ی جێهێشتنی وێنه‌یه‌كی ئه‌به‌دییه‌ له‌گه‌ڵ ئاگردا بۆ به‌رچاوی ئه‌وانیتر. سوبێكتی سوتاو گه‌ر ڕێژه‌ی سوتانه‌كه‌یشی نه‌یكوژێت هه‌ر له‌ ڕووی ڕه‌مزییه‌وه‌ مردووه‌، دواجار سوتان هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ شێوان و تێكچوون، جگه‌ له‌ كوشتنی ڕوخسار بۆ ئه‌وه‌ی له‌كه‌یه‌كی گه‌وره‌ بنوسێنێت به‌ نێوچه‌وانی ده‌ورو‌به‌ره‌كه‌یه‌وه‌. سوتاندن واته‌ ده‌ستكاریكردنێكی بنچینه‌یی جه‌سته‌، ناشیرینكردنی ڕوخسار دوا ڕاده‌ی خۆی، ئامانجی سوتان شێواندنه‌، خۆ-سوتاندن خۆ-كوشتن و شێوانیشه له‌ یه‌ك كاتدا‌. خۆكوشتن به‌ ئاگر وه‌ك خۆ كوشتنه‌كانی تر نییه‌, خۆكوشتنێكی چه‌ند هێنده‌یه‌, خۆ كوشتنه‌ و به‌سه‌ر خۆیدا چه‌ند باره‌ بۆته‌وه‌, خۆكوشتنه‌ و شتی تریشه‌. ئه‌و كچه‌ی جه‌سته‌ی خۆی ده‌سوتێنێت ده‌یه‌وێت له‌ یه‌ك چركه‌ساتدا جه‌‌سته‌ی خۆیشی وێران بكات، خۆسوتان گۆڕانێكی خێرای له‌شه‌، به‌ قه‌ولی باشلاریش هه‌رچییه‌ك به‌خێرایی بگۆڕێت ئاگر ته‌فسیری ده‌كات.
ته‌رمی سوتاو نیشانه‌ی به‌رده‌وامییه‌تی مه‌رگه‌, یان مه‌رگ به‌ سوتان نیشانه‌ی به‌رده‌وامییه‌تی شێوانه‌. بۆ نموونه‌: جه‌سته‌ی ژن كه‌ له‌شێكی نه‌رم و ساف و جوان و میوزیكییه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك تاوان و ناته‌واوی و كه‌م و كورتی ته‌ماشاكراوه‌, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا جه‌سته‌یه‌كه‌ شه‌ره‌فی تێدا كۆبۆته‌وه‌ و تاڕاده‌ی موقه‌ده‌س ئه‌بێ بپارێزرێت، هه‌ر شتێكی قه‌ده‌غه‌ موقه‌ده‌سێكه‌، گرێی پرۆمیسیۆسیش گرێی قه‌ده‌غه‌كانه‌، شتێك ده‌بێ به‌ پاك و بێگه‌ردی و سه‌لیمی بمێنێته‌وه‌. ژن جه‌سته‌یه‌كه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌زاران دیوار بیپارێزێت و سه‌دان پاسه‌وان له‌ مێشكیدا بۆ پارێزگاری دروست بكرێن, ده‌بێت بخرێته‌ نێو قه‌ڵاكانی باوك و نێره‌وه‌, جه‌سته‌یه‌ك كه‌ ده‌توانێت له‌ چركه‌یه‌كدا ئابڕوی هه‌زاران ساڵی بنه‌ماڵه‌یه‌كی شه‌ره‌فمه‌ند به‌رێت و ده‌بێت نه‌ك ته‌نیا به‌ پۆشاك به‌ڵكو به‌ دیواریش دابپۆشرێت. ژن ده‌بێت ئه‌م موقه‌ده‌سه‌ بسوتێنێت، بیشێوێنێت، بیكاته‌ خۆڵه‌مێش، بیكاته‌ زبڵ، له‌نێو حه‌رامێكدا بیتوێنێته‌وه‌، بۆ دروستكردنی ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ ئه‌ترسان به‌هۆی خه‌وتن له‌گه‌ڵ پیاوێكی غه‌یره‌دا به‌ نێوچه‌وانیانه‌وه‌ بلكێت، خۆ سوتاندن به‌ ئاگر وه‌ك خۆ فڕێدانه‌ بۆ باوه‌شێكی پیاوێك به‌ به‌رچاوی بنه‌ماڵه‌وه‌، یان لایه‌نی كه‌م قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌رامه‌یه‌ به‌ حه‌رامێكی تر.

تێبینى: ئەم فراگمێنتە بەشێکە لە وتارێکى درێژتر، لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى 'نێگەتیڤ'ـدا بڵاوبۆتەوە. 

No comments:

Post a Comment