هاوار محەمەد
جه‌سته
به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری بوونه په‌یكه‌ری هه‌یه, ئه‌كرێت بۆماوه‌یه‌كی كورت یان درێژ
ببێته په‌یكه‌ر, مۆمیاكه‌ی ئه‌خناتۆن, مه‌سیح به‌سه‌ر خاچه‌كه‌یه‌وه, شه‌هیدانی
كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه, كه‌سێك كه بۆ چه‌ند ساتێك جوڵه له خۆی ده‌بڕێت تا
وێنه‌یه‌كی ده‌گیرێت, مرۆڤێك كه له ناكاو ده‌مرێت و بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه
بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك بزانێت ئه‌و ئیدی مرۆڤێك نییه, به‌ڵكو په‌یكه‌ره. ئه‌م
دۆخی به پهیكهربوونه گۆڕانی ڕاسته‌وخۆی له‌شه له جه‌سته‌وه بۆ په‌یكه‌ر,
خودی له‌ش بۆته لاشه, هه‌ر جه‌سته‌یه به‌ڵام له دۆخی ڕاوه‌ستان و وشكبووندا.
جاری وایش هه‌یه به پهیكهربوونی جه‌سته گۆڕانێكی هه‌مه‌كی و ڕاسته‌وخۆی له‌ش
نییه بۆ په‌یكه‌ر, به‌ڵكو دابه‌شبوونی له‌شه به‌سه‌ر خۆی و په‌یكه‌ره‌كانیدا, په‌یكه‌ر
ده‌بێته به‌شێك له جه‌سته, یاخود هه‌ر په‌یكه‌رێك له‌شێكه بۆ هه‌مان جه‌سته,
جه‌سته كۆمه‌ڵه په‌یكه‌رێكه و هه‌ر په‌یكه‌رێكیش جه‌سته‌یه‌ك. تا سه‌رده‌مێكیش
كه خودا له‌نێو مرۆڤه‌كاندایه و شوێنی خۆی ناشارێته‌وه, بوونی ته‌نیا له خۆیدا
نییه به‌ڵكو له‌نێو پهیكهرهكانیشدایه, په‌یكه‌ری خوداكان به‌شێك بوون له
خوداكان خۆیان, یان هه‌ر خودایه‌ك خۆی و په‌یكه‌ره‌كانی بووه, جه‌سته‌ی خودا جه‌سته‌یه‌كی
دابه‌ش بووه له‌نێو خۆی و په‌یكه‌ره‌كانیدا, هه‌ر په‌یكه‌رێكیش جه‌سته‌یه‌كی خودا
بووه.
دیكتاتۆره‌كان
لاساییكهرهی خوداكانن, پارچه‌یه‌ك له‌ودا هه‌یه ئه‌بێت بێته ده‌ره‌وه, ئه‌و
ته‌نیا له كۆشكه‌كانیدا نییه, به‌ڵكو به‌شێكیشی ده‌نێرێته نێو شوێنه گشتییه‌كانی
شاره‌وه. پێناچێت هیچ دیكتاتۆرێك هه‌بووبێت و شه‌یدایی بۆ په‌یكه‌ر نه‌بووبێت,
شێتی ئه‌وه نه‌بووبێت كه په‌یكه‌ره‌كانی خۆی له هه‌موو شوێنێكدا ببینێته‌وه. په‌یكه‌ره‌كانی
دیكتاتۆر له زه‌ینی خه‌ڵكدا ته‌نیا به‌رد و مه‌ڕمه‌ڕ نین, به‌ڵكو ڕوحی دیكتاتۆر
له‌نێو هه‌ر یه‌كێكیاندا هه‌یه, په‌یكه‌ره‌كان خودی دیكتاتۆرن له جه‌سته‌ی دیكه‌دا,
هه‌ر هه‌وڵێك بۆ شكاندنی په‌یكه‌رێك هه‌وڵێكه بۆ شكاندنی دیكتاتۆر. كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان
كوشتنی دیكتاتۆره له سه‌ری خه‌ڵكدا, دیكتاتۆر ته‌نیا له ڕێگه‌ی په‌یكه‌ره‌كانییه‌وه
زیندووه. ڕه‌نگه شكاندنی بته‌كان له‌لایه‌ن ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ره‌وه هه‌وڵێك
بووبێت بۆ شكاندنی بته‌كان له‌سه‌ری خه‌ڵكدا, به‌ڵام تۆ بڵێی به شكاندنی په‌یكه‌ره‌كان
بته‌كانیش له‌نێو سه‌ری خه‌ڵكدا بمرن؟ ڕه‌نگه شكاندن قه‌ده‌ری هه‌ر بت و په‌یكه‌رێك
بێت، به‌ڵام ئه‌سته‌مه بته‌كان له‌ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بكوژیت، هه‌ر بتێك كه
ده‌شكێت بتێكی تر له‌دوای خۆی دروست ده‌كات.
به
هه‌رحاڵ لایه‌نی كه‌م كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان هه‌وڵێكه بۆ كوشتنی خودی دیكتاتۆر، له
یادمانه له ساڵی 1991 و 2003 دا چۆن ده‌ستڕێژی گولله له په‌یكه‌ره‌كانی سه‌دام
حسێن كرا, چۆن به‌نێو شه‌قامه‌كاندا ڕاكێشران و به‌رد باران كران. وه‌ك بڵێی ئه‌وه‌ی
له‌به‌رده‌ستدایه ته‌نیا به‌رد و مه‌ڕمه‌ڕ نییه, به‌ڵكو خودی سه‌دام حسێنه.
كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان كوشتنی ڕه‌مزیی دیكتاتۆره, ئه‌م قسه‌یه‌ی كه خه‌ڵك په‌یكه‌ره‌كان به خودی دیكتاتۆر تێده‌گه‌ن بۆ
زه‌ینی دیكتاتۆر خۆیشی ڕاسته. گه‌ر ته‌قه له له یه‌كێك له په‌یكه‌ره‌كان
بكرێت دیكتاتۆر وا تێده‌گات ته‌قه له خودی خۆی كراوه, به نه‌عل بكێشیت به سه‌ری
پهیكهردا ڕێك كێشاوته به‌سه‌ری خۆیدا, جه‌سته‌ی په‌یكه‌ره‌كه به شه‌قامه‌كاندا
ڕای بكێشێت كتومت دیكتاتۆرت به شه‌قامه‌كاندا ڕاكێشاوه. دیكتاتۆر وا ده‌زانێت كه
په‌یكه‌ره‌كانی بڕوخێت ئیدی له سه‌ری خه‌ڵكیشدا مردووه, بگره ئه‌م دۆخه له
ئاسته واقیعییهكهیشدا دروسته, به زۆریی دوای كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان خودی
دیكتاتۆریش كوژراوه, مه‌گه‌ر ئه‌و په‌ته‌ی خرایه ملی سه‌دام حسێن هه‌مان
سیناریۆی ئه‌و په‌ته نه‌بوو كه خرایه ملی په‌یكه‌ره‌كه‌ی و به شه‌قامه‌كاندا
ڕاكێشرا؟
له
سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا كاپیتالیزم وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ڕه‌مزه‌كانی خۆی ناكاته
په‌یكه‌ر, به‌ڵكو به‌رده‌وام مرۆڤه‌كان ده‌كاته په‌یكه‌ر, سه‌رمایه‌داریی ئیدی
پێویستی به‌وه نییه په‌یكه‌ره‌كانی خۆی له هه‌موو شوێنێكدا دابنێت تا به‌رده‌وام
سوبێكته‌كان هه‌ست به بوونی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن, به‌ڵكو به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی
میكانیزمه‌كانی خۆیه‌وه بۆ بره‌ودان به بازاڕ سوبێكته‌كان به پرۆسه‌ی بهپهیكهربووندا
ده‌بات. مانیكانهكان (نماییشكارانی جل و به‌رگ و پۆشاك و كاڵاكان), جۆرێكن له
په‌یكه‌ر, كتومت وه‌ك ئه‌و په‌یكه‌ره بێ ڕۆحانه‌ی كه له‌نێو جامخانه‌ی مۆڵه‌كان
و بازاڕه‌كاندا دانراون و جل و به‌رگیان پێ نماییش ده‌كرێت. ئه‌م په‌یكه‌رانه
ئیدی په‌یكه‌ری ترسناك نین, ئیدی ده‌سته‌كه‌ی هیتله‌ر و سه‌دام حسێن نین, به‌ڵكو
كۆمه‌ڵێك مانیكانی ڕۆح سوكن كه مۆدێلی كاڵا و كه‌ل و په‌له‌كانمان پیشان ده‌ده‌ن.
په‌یكه‌ری بێ جوڵه و وشك و یه‌ك فۆرم نین, به‌ڵكو هه‌رجاره و به جۆره
مۆدێلێكی جل و به‌رگ و ڕه‌نگی قژ و ڕوخسارێكهوه ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌وان دێن و
نماییشی كه‌ل و په‌له‌كان ده‌كه‌ن, وه‌ك بڵێی ئه‌وان له پێناو پۆشاكه‌كاندا
دروست كراون, بونن له پێناو نماییشدا, كاڵا پێش ئه‌وان كه‌وتووه, ئه‌وه ئه‌وان
نین كه پۆشاكه‌كان ده‌پۆشن, به‌ڵكو پۆشاكه‌كان ئه‌وانی كردۆته به‌ر خۆی,
كاڵا به پێی باڵای ئه‌وان نه‌دوراوه, به‌ڵكو ئه‌وان به پێی كاڵاكان بڕدراون. ئه‌م
په‌یكه‌رانه به نماییشهكانیان په‌یكه‌ری دیكه‌یش به‌رهه‌م دێننه‌وه, بره‌ودان
به مۆدێله‌كان بۆ ئه‌وه‌یه هه‌موومان ببینه په‌یكه‌ری كاڵاكان, وه‌ك كۆمه‌ڵگه
ده‌بێته كۆمه‌ڵگه‌ی نماییش, سوبێكتهكانیش ده‌بنه مانیكان, هیچ سه‌رده‌مێك نه‌بووه
هێنده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه په‌یكه‌ر تێیدا زۆر بێت چونكه هه‌ر سوبێكتێك بۆ خۆی جۆره
په‌یكه‌رێكه, له‌نێو سه‌رمایه‌داریدا هه‌ر مرۆڤێك مانیكانێكی نماییشه. لە دواى
هاتنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى وەک ئینستاگرام و سناپ چات ناوێک بۆ مانیکانەکان دەدۆزرێتەوە:
"مۆدێل". مۆدێلەکان بە تایبەت لە کۆمەڵگەى ئێمەدا دەبنە ئەستێرەى فەزاى
مەجازى و میدیا و گۆرانى و فیلمەکانیش، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا یەک بەهرە دەزانن:
"وێنەى سێڵفى".
تێبینى:
ئەم فراگمێنتە بەشێکە لە وتارێکى درێژتر، لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"،
کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"دا بڵاوبۆتەوە.
No comments:
Post a Comment