My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Friday, 5 December 2014

کۆڤاڵیۆڤ لە سەنتەرى جوانکارى!‌

هاوار محەمەد

ماكیاژ ماسكێكه‌ به‌ پێسته‌وه‌ نووساوه‌, بۆته‌ به‌شێك له‌ ڕوخسار, ئه‌شێت دابماڵرێت به‌ڵام هه‌ر زوو سوبێكت هه‌ست ده‌كات شتێك هه‌یه‌ به‌ ڕوخسارییه‌وه‌ نه‌ماوه‌, پارچه‌یه‌كی لێ‌ ون بووه‌, هه‌ست ده‌كات په‌ڵه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕوخساری ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پێشتر ماكیاژ دای پۆشیبوو ئه‌م داپۆشینه‌ هاوپێچه‌ به‌ دووڵی و دڕدۆنگی، هه‌ر ماكیاژه‌كه‌ نه‌مێنێت په‌ڵه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێته‌وه: "په‌ڵه‌كه‌ دیسان ده‌چێته‌وه‌ ناوه‌وه‌". سوبێكت هه‌میشه‌‌ دڕدۆنگه‌ له‌وه‌ی هێشتا ئه‌م نوقسانییه‌ دانه‌پۆشراوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ست ده‌كات ناڕێکییەک هه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ چاککردنە هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت به‌ ماكیاژ ئەم کارە بکات، به‌ڵام هێشتا ماكیاژه‌كه‌ په‌ڵه‌كه‌ ناشارێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ماكیاژ خۆی په‌ڵه‌كه‌یه‌ له‌ ماده‌دا، هه‌ڵبه‌ت به‌ پێی تێزه‌ ده‌روونشیكارییه‌كان ئه‌م چاڵه‌ پڕ نابێته‌وه‌ چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ بونیادی سوبێكتێك كه‌ هه‌میشه‌ به‌دوای ئۆبێكتی ئاره‌زووه‌كانیدا ده‌گه‌ڕێت بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ ئۆبێكتێك بتوانێت پڕی بكاته‌وه‌. ئه‌م په‌ڵه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ ڕوخساری سوبێكتدا ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵكو له‌ ته‌واوی بونیادی سوبێكتدایه‌ و چاڵێكه‌ هه‌رگیز بۆی پڕنابێته‌وه‌‌.
ماكیاژ ڕوخساری دووه‌مه‌, به‌ڵام له‌ ڕوخساری یه‌كه‌میش جیا نابێته‌وه‌, جاری وا هه‌یه‌ ئه‌م دوو ڕوخساره‌ ڕۆڵی خۆیان ده‌گۆڕنه‌وه‌, ڕوخسار ده‌بێته‌ زیاده‌ بۆ سه‌ر ماكیاژ! وه‌ك بڵێی ئه‌مجاره‌ نابێت په‌ڵه‌ له‌ ماكیاژه‌كه‌دا بێت. ڕوخسار ته‌نیا سه‌تحێكی خامه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی ماكیاژ (وه‌ك له‌ ڕیكلامه‌كاندا ده‌بینین, كه‌ ڕوخسار ئۆبێكته‌ بۆ ماكیاژ یان سابون). ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چاوێكی جوان نییه‌ به‌ڵكو جوانی و گونجاوی ماكیاژه‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چاودا. ڕوخسار و ماكیاژ له‌ یه‌ك ڕوخساری هه‌مه‌كیدا كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئه‌سته‌مه‌ لێكیان جیا بكه‌ینه‌وه‌, توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خۆی به‌ ڕوخساره‌وه‌ بلكێنێت, هه‌موو ڕوخسار ده‌ستكاریی ناكات و شێوه‌ و ئه‌دگار به‌ ڕادیكاڵی ناگۆڕێت, به‌ڵكو له‌گه‌ڵیدا گونجان و ته‌بایی و هارمۆنیا دروست ده‌كات, ڕوخسار چه‌نده‌ مه‌حكومه‌ به‌ ماكیاژ ماكیاژیش مه‌حكومه‌ به‌ شێوه‌ی ئه‌دگار و ڕوخسار, ماكیاژ وه‌ك په‌رده‌یه‌كی ته‌نك شێوه‌ی ڕوخسار وه‌رده‌گرێت. له‌م فێڵه‌یشه‌وه‌ ماسكبوونی خۆی ده‌شارێته‌وه‌ و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نادات وه‌ك ده‌مامك ببینرێت. ماكیاژ ڕوخسارێكی تره‌ و ده‌خرێته‌ سه‌ر په‌ڵه‌ ئه‌به‌دییه‌كه‌، به‌ڵام "هێشتا په‌ڵه‌كه‌ ماوه"‌!
ئه‌وه‌ی ماكیاژ ناتوانێ‌ له‌ ڕوخسار یان له‌ جه‌سته‌دا ده‌ستكاریی بكات نه‌شتگه‌ریی جوانكاریی ده‌ستكاریی ده‌كات, ئه‌گه‌ر ماكیاژ مه‌حكومه‌ به‌ شێوه‌ی ڕوخسار, ئه‌وا نه‌شتگه‌ریی جوانكاریی توانای ئه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ستكاریی به‌شێك یان ئه‌ندامێك له‌ ڕوخسار بكات. بۆ نموونه‌ ئه‌شێت لووتی پان بكاته‌ لوتێكی قنج, جه‌سته‌یه‌كی قه‌ڵه‌و لاواز بكاته‌وه‌, لێوی ته‌نك ئه‌ستوور بكات..هتد. نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی درێژبووه‌وه‌ی ماكیاژ نییه‌, به‌ڵكو پێویسته‌ وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی زۆر تایبه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان لێی تێ بگه‌ین, وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێك به‌شێكه‌ له‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ واقیع پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات و ڕێ‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نادات, هه‌ر واقیعێك ئه‌شێت پارچه‌یه‌ك بێت و به‌ كایه‌ی پسپۆری تایبه‌تمه‌ند ئیشی له‌سه‌ر بكرێت.
مرۆڤی ئه‌م قۆناغه‌ی سه‌رمایه‌داریی ته‌نیا نه‌كراوه‌ به‌ ڕۆبۆت, به‌ڵكو كراوه‌ به‌ گه‌مه‌ی یارییش, ته‌نیا تواناكانی له‌ به‌رهه‌مهێنانی كاڵادا ناقۆزرێته‌وه‌, به‌ڵكو بڕێكی زۆر كاڵا و به‌رهه‌مه‌كانیشی ده‌خرێته‌وه‌ به‌رده‌ست و له‌نێو كاڵا و به‌رهه‌مدا غه‌رق ده‌بێت, زه‌وق و سه‌لیقه‌ و هه‌ڵبژادن له‌لایه‌ن سوبێكت خۆیه‌وه‌ دیاری ناكرێـت به‌ڵكو كاپیتالیزم خۆی له‌ڕێگه‌ی مۆده‌ و فاشن و ئه‌ستێره‌كانه‌وه‌ زه‌ق و سه‌لیقه‌كان دیاری ده‌كات. پییه‌ر بۆردیۆ پێی وایه‌ سیسته‌می كاپیتالی مه‌یل و حه‌ز و سه‌لیقه‌ی نوێ‌ بۆ به‌رهه‌كانی ده‌بینێته‌وه‌ و به‌رهه‌می نوێیش بۆ مه‌یل و سه‌لیقه‌كان, ته‌نیا كاڵاكان به‌رهه‌م ناهێنێت به‌ڵكو مه‌یل و خواست بۆ كاڵاكانیشی به‌رهه‌م ده‌هێنێت, بۆردیۆ ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ ناو ده‌نێت "فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی مه‌یله‌كان" و "فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی شته‌كان", به‌ قه‌ولی لاكانیش "ئاره‌زوو به‌رده‌وام ئاره‌زووی ئه‌وی دیكه‌ی گه‌وره‌یه‌".  
جوانكاریی پزیشكی, وه‌ك به‌رهه‌مێكی زانستی, مرۆڤ وه‌ك گه‌مه‌ی یاریی ده‌بینێت, ئه‌شێت سه‌رتاپای پارچه‌كانی جه‌سته‌ لێك هه‌ڵوه‌شێنێت و به‌جۆرێكی تر پێكه‌وه‌یان بنێته‌وه‌ و بگره‌ ده‌شێت پارچه‌ی ئینسانه‌كان بۆ یه‌كتری دابنێت. سیسته‌م سوبێكتێك دروست ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ داوای گۆڕینی پارچه‌یه‌كی خۆی ئه‌كات, هه‌میشه‌ هه‌ستده‌كات نوقسانییه‌ك له‌ ڕوخساریدا هه‌یه‌, ئیدی سوبێكت خاوه‌نی شوناسێكی یه‌كگرتوو و كۆنكرێتی نییه‌, به‌ڵكو بوونه‌وه‌رێكی پارچه‌ پارچه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام به‌ شوناسه‌كانی خۆی پڕی ده‌كاته‌وه‌.
بینینی جه‌سته‌ وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی په‌رژ و بڵاو و پارچه‌ پارچه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوبێكته‌ بۆ قۆناغی ئاوێنه‌ی لاكانی. لای لاكان منداڵ له‌ ته‌مه‌نی 6- 18 مانگیدا له‌ ڕێگه‌ی ئاوێنه‌وه‌ هه‌ست به‌ شوناسی خۆی ده‌كات, له‌ واقیعدا جه‌سته‌ی پارچه‌ پارچه‌ ده‌بینێت و پێی وانییه‌ ئه‌و كۆیه‌ك بێت پارچه‌كانی كۆكردبێته‌وه‌, به‌ڵكو خۆیی ڕێك وه‌ك ئه‌و بوكه‌ڵه‌ و گه‌مه‌ منداڵانه‌ دێته‌ به‌رچاو كه‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌شیان پارچه‌ پارچه‌یه‌ و پێكه‌وه‌ نراون, جاری وا هه‌یه‌ یه‌كێك یان چه‌ند ئه‌ندامێكیان لێ‌ ده‌بنه‌وه‌ و بگره‌ ده‌كرێت هه‌موو ئه‌ندامه‌كانیان لێك هه‌ڵوه‌شێنرێن و له‌ ته‌نیشی یه‌كترییه‌وه‌ ڕیز بكرێن بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌یت ئه‌مانه‌ خاوه‌نی یه‌كێتییه‌كن. منداڵ له‌ ته‌ماشاكردنی خۆی له‌ ئاوێنه‌دا و چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م بینینه‌، له‌ ڕێگه‌ی هێڵێكی خه‌یاڵی و فه‌نتازییه‌وه‌ هه‌ست به‌ یه‌كێتی جه‌سته‌یی خۆی ده‌كات, ئیدی ده‌زانێت ئه‌و منه‌ی ناو ئاوێنه‌كه‌ خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی یه‌كپارچه‌یه‌. سوبێكتێك كه‌ جه‌سته‌ی خۆی وه‌ك خاوه‌نی یه‌كێتییه‌ك نابینێت و پێی وایه‌ ئه‌شێت به‌شێكی لێبكرێته‌وه‌ و به‌شێكی تری بۆ دابنرێت هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ منداڵی قۆناغی ئاوێنه‌كان كه‌ هێشتا ئاوێنه‌ی نه‌بینیوه‌، کە هێشتا نەهاتۆتە نێو سیستەمى خەیاڵییەوە.
 له‌ زه‌ین و خه‌یاڵی سوبێكتدا په‌ڵه‌یه‌ك به‌ ده‌م و چاوییه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌بێ ده‌ستكاریی بكرێت, شتێك هه‌یه‌ ناشیرینی كردووه‌, ڕوخساری "پڕ به‌دڵ"ـی خۆی نییه‌, شتێك هه‌یه‌ به‌ خواری هاتووه‌ و ئه‌بێ ڕاست بكرێته‌وه‌, شتێك هه‌یه‌ له‌ ئه‌دگاری ئه‌مدا بوونی نییه‌, زیادەیەک یان نەقسێک هه‌یه‌ ناهێڵێت ببێت بە "شاجوان", گرنگی لێكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیاده‌یه‌, ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ كه‌ له‌ نوقسانییه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌, وه‌ك گرنگی لكانه‌وه‌ی لوته‌كه‌ی "كۆڤالیۆڤ"ه‌ به‌ ڕوخسارییه‌وه‌ له‌ چیرۆكه‌كه‌ی "گۆگۆل"ـدا. هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی "لووت"ـی گۆگۆل كتومت هه‌مان دۆخ به‌ سوبێكت ده‌دات. دوای ئه‌وه‌ی كۆڤالیۆڤ به‌یانییه‌ك لووتی خۆیی لێ‌ ون ده‌بێت, دواتر بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌موو شاری پیترسبۆرگی به‌ شوێندا ده‌گرێت. وه‌نه‌بێ‌ لووته‌كه‌ی خۆی نه‌بینێته‌وه‌ به‌ڵام لووتی لێی یاخی بووه‌ و له‌ زۆر كاتدا دێته‌وه‌ به‌رده‌می و گاڵته‌ی پێ ده‌كات, ئه‌م لوته‌ مێشك و هزری كۆڤالیۆڤ به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كات, چوون ئه‌یه‌وێت بیگرێت و بیخاته‌وه‌ شوێنی خۆی و نوقسانییه‌كه‌ی پڕ بكاته‌وه‌. هه‌تا ئه‌و لووته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت كۆڤالیۆڤ بێزار ده‌كات و ئازاری ده‌دات, ئه‌بێت لووته‌كه‌ بخرێته‌وه‌ شوێنی خۆی. جوانكاریی بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكی له‌ش شتێكه‌ وه‌ك چیرۆكه‌كه‌ی گۆگۆل, شتێك له‌ جێی خۆیدا نییه‌, پارچه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ و جه‌سته‌ كورتی هێناوه‌ یان زۆرتری له‌ ڕاده‌ی خۆی هێناوه‌, ئه‌ندامێك هارمۆنیای جه‌سته‌ و ڕوخساری تێكداوه‌ و شایه‌نی ده‌ستكاریكردنه‌. سیسته‌م فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی ناشیرنییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كه‌ره‌سته‌ جوانكارییه‌كانی ئه‌و بیشارینه‌وه‌, به‌ مانایه‌كی تر فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی جوانی وه‌همیشه‌ وه‌ك فێلێك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی نوقسانییه‌ك كه‌ پڕ نابێته‌وه‌.

تێبینى: ئەم فراگمێنتە بە ناوى "سوبێکت لووتى نییە!" بەشێکە لە وتارێکى درێژتر کە لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا بڵاوبۆتەوە. 


No comments:

Post a Comment