My Blog List

بابه‌ته‌ نوێیه‌كان

خۆرهەڵات و فەلسەفە

Saturday, 28 February 2015

له‌ ستایشی هه‌ڵه‌دا

عه‌بدوسه‌م بنعه‌بد عالی
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د


ده‌توانین دوو دیوی مه‌عریفه‌ و دروستكردنی حه‌قیقه‌ت لێك جیا بكه‌ینه‌وه‌: دیوی یه‌كه‌م له‌ چه‌مكێكی دیاریكراوەوە ده‌رباره‌ی حه‌قیقه‌ت سەرچاوە دەگرێت و پێی وایه‌ دروستبوونی حه‌قیقه‌ت گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه‌ بوونه‌ و، مێژووی حه‌قیقه‌ت پرۆسه‌ی بونیادنانێكی پله‌به‌ندییه‌ كه‌ زانا و مه‌عریفه‌ناسه‌كان به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن. به‌ڵام دیوی دووه‌م له‌ چه‌مكێكی تره‌وه‌ و، بگره‌ له‌ چه‌مكێكی دژی ئه‌م چه‌ماوه‌ی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و پێیوایه‌ دروستبوونی حه‌قیقه‌ت واته‌ له‌نێوبردنی هه‌ڵه‌كان و، ئاشكراكرنی وه‌همه‌كان، لایوایە مێژووی حه‌قیقه‌تیش پرۆسه‌ی له‌نێوبردن و كشانه‌وه‌ و، هه‌ڵكۆڵین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌.
به‌ ڕێگه‌ی یه‌كه‌میان، كه‌ ده‌توانین بڵێین ڕێبازیی ئه‌فلاتونیزمه‌، مه‌عریفه‌ مانای یادهاتنه‌وه‌ و بیركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌یه‌، مێژووه‌كه‌یشی گه‌ڕاندنه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌و چۆنییەتییه‌یه‌ كه‌ حه‌قیقه‌ته‌كان لێیه‌وه‌ په‌یدا بوون، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هەتاوەى كه‌ حه‌قیقه‌ت لێیه‌وه‌ پەخشبۆتەوە، ئه‌مه‌یش لەپێناو به‌دواداچوونی ئەوەدایە کە بزانین حەقیقەت چۆن و بە گوێژەى چى گه‌شه‌ی كردووه‌. لێره‌دا ئه‌سڵ تێهه‌ڵكێش به‌ سه‌ره‌تایه‌كی زه‌مه‌نیی ده‌بێت. به‌ڵام لە ڕێگه‌ی دووه‌میاندا مێژوو ده‌بێته‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونیزم و وه‌ك نیچه‌ ده‌ڵێت بە مەبەستى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و، هه‌وڵی دروستكردنی دژە یادگه‌. لێره‌دا ئه‌سڵ له‌ سه‌ره‌تا جیا ده‌بێته‌وه‌ و لێی ده‌پچڕێت.
دیوی یه‌كه‌میان به‌نده‌ له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی حه‌قیقه‌ت و گه‌شه‌كردن و یاده‌وه‌ری و په‌یوه‌ندی، به‌ڵام دووه‌میان به‌نده‌ له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی هه‌ڵه‌ و له‌یادكردن و جیابوونه‌وه‌ و دابڕان. هه‌رگیز ئه‌مه‌ مانای وا نییه‌ كه‌ ئه‌م چه‌مكانه‌ له‌ ڕووبەرى یه‌كتریدا بوونیان نه‌بێت، به‌ڵام بوونی هه‌ر یه‌كێكیان له‌ویتریاندا به‌راورد به‌و ڕۆڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌ی كه‌ چه‌مكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی ده‌یگێڕێت، ڕۆڵێكی لاوه‌كیی و کاڵوکرچى هه‌یه‌. ئه‌م قسەیە بۆ چه‌مكی هه‌ڵه‌یش ڕاسته‌ كه‌ لێره‌دا ده‌مانه‌وێت سه‌رنجێكی لی بده‌ین. خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی دیوی یه‌كه‌م له‌ كرده‌ی مه‌عریفیدا ڕۆڵێك به‌م چه‌مكه‌ بده‌ن ئه‌وا هه‌ر زوو به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی حه‌قیقه‌ت و بونیادنانی زانینه‌كه‌ی، دووری ده‌خه‌نه‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ ده‌زانین باوكی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن (دیكارت) گریمانه‌ی شه‌یتانێكی فێڵبازیی كردووه‌ كه‌ عه‌قڵی فریوده‌دات و ده‌یخه‌ڵه‌تێنێت، بگره‌ دیكارت خودی عه‌قڵیشی كردۆته كۆمه‌ڵێك چالاكى و هه‌ڵچوون كه‌ ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵیدا، وه‌كو یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵ، وێرای ئه‌وه‌یش عه‌قڵانییه‌تی ته‌قلیدی هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌ بە هێزێكى وا كه‌ بتوانێت خۆی ڕابگرێت و بوونی خۆی بپارێزێت؛ هه‌میشه‌ ساته‌وه‌ختێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵه‌ تێیدا هه‌ڵده‌گیرێت و ده‌سڕدرێته‌وه‌ و شوێنی خۆی بۆ مه‌عریفه‌ دروست و یه‌قینییه‌كان چۆڵ ده‌كات. بانگه‌شه‌‌كه‌ی دیکارت بۆ دانانی میتۆد ته‌نیا به‌ ئامانجی "باش به‌ڕێوه‌بردنی عه‌قڵ" بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دووری بگرێت له‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌.
ئه‌م بوونه‌ "ڕووكه‌شانه‌"یە ڕێك ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ دیوی دووه‌می مه‌عریفه‌ دژی ڕاده‌وه‌ستێت. لێره‌دا ئیدی هه‌ڵه‌ بوونێكی ڕواڵه‌تیی كرچ و كاڵیی نییه‌‌ كه‌ تۆزێك ئاگاداریی و وریایی و په‌له‌نه‌كردن و پێشداوه‌رینه‌كردن به‌ردوورمان بگرێت لێی. ده‌توانین له‌گه‌ڵ جۆرج كانگیلایمدا پێمان وابێت كه‌ لێره‌دا هه‌موو فه‌زڵێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌یله‌سوفی فەرە‌نسایی "گاستۆن باشلار"ی دانەرى ئیپستمۆلۆژیای نا-دیكارتی، كه‌ دووباره‌ به‌های گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چه‌مكی هه‌ڵه؛ ئه‌و ڕوونی كرده‌وه‌ فیكر به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بریتییه‌ له‌ توانای هه‌ڵه‌كردن، هه‌ڵه‌یش ڕۆڵێكی ئه‌رێنیی هه‌یه‌ له‌ دامه‌زرانی مه‌عریفه‌ی زانستیدا. لای باشلار حه‌قیقه‌ت واتای خۆی له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. وه‌ك بڵێی "بوونه‌كه‌ی" قه‌رزاری هه‌ڵه‌یه‌، بگره‌ "وێنه‌ی فیكری زانستی خۆیشی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ حه‌قیقه‌تێكی چنراو له‌سه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی هه‌ڵه‌". لێره‌دا ''حه‌قیقه‌تى یه‌كه‌می و مه‌عریفه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویست بوونی نییه‌. هه‌ڵه‌كان یه‌كه‌مینن''. واته‌ له‌ سه‌ره‌تادا هه‌ڵه‌ هه‌بوو. ''هه‌ر حه‌قیقه‌تێكی نوێیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ڵگه‌نه‌ویست دروست ده‌بێت.. و هه‌ر ئه‌زموونێكی بابه‌تیی دروست به‌رده‌وام ده‌بێت چۆنیه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ خۆییه‌كان دیاریی بكات''.
هه‌ڵه‌ و جه‌هل، له‌ ڕوانگه‌ی خاوه‌نی "فه‌لسه‌فه‌ی نەخێر"وه‌ نه‌قس و نه‌نگی و نا-بوون نییه‌. جه‌هل بۆشایی مه‌عریفیی نییه‌، جه‌هل چڕی و پڕییه‌. مه‌عریفه‌یش "له‌ جه‌هاله‌ته‌وه‌ ده‌رناچێت وه‌ك ده‌رچوون و ده‌ركه‌وتنی ڕوناكی له‌ تاریكییدا". جه‌هل بونیادێكی یه‌كگرتوو و پته‌وه‌ "پێكهاتووه‌ له‌ هه‌ڵه‌ ئه‌رێنییه‌ كۆنكرێتی و هاوبه‌نده‌كان".
 فیكر كه‌ له‌به‌رده‌م مه‌عریفه‌ی زانستیدایه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "هه‌رگیز دروستبوونه‌كه‌ی نوێ نییه‌، به‌ڵكو به‌ساڵاچوویه‌كی پیره‌ و ته‌مه‌نێكی درێژی بەسەربردووە، كه‌ كتومت ته‌مه‌نی هه‌ڵه‌كانه‌". "كاتێكیش ده‌گه‌ینه‌ حه‌قیقه‌ت ئه‌مه‌ پێشكه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون نییه، به‌ڵكو پێداچوونه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ به‌ره‌و دوا. هه‌میشه‌ حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت گریمانه‌ی بكه‌ین نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت باوه‌ڕی پێ بهێنین. هه‌ر گه‌یشتنێك به‌ حه‌قیقه‌ت ده‌بێت به‌ ناچاری جۆرێك "په‌شیمانبوونه‌وه‌ی فیكری"ى له‌گه‌ڵدا بێت.
ئیدی مه‌عریفه‌ له‌م دۆخه‌دا گه‌شه‌كردن و كه‌ڵه‌كه‌بوون نییه‌، به‌ڵكو گه‌ڕانه‌وه‌ و په‌شیمانبوونه‌وه‌ و "ئەسەفە بۆ له‌ده‌ستچووه‌كان" و ئه‌و شته‌ی كه‌ فیكر بۆته‌ قوربانییه‌كه‌ی. ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ بۆ له‌ده‌ستچووه‌كان، ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ پێی ده‌وترێت جینالۆژیای حه‌قیقه‌ت، یان هه‌ڵكۆڵینی مه‌عریفه‌، یان مێژووی پێكهاته‌سازی، به‌ڵام هەموویان دوای هه‌مان ستراتیژییه‌ت ده‌كه‌ون. ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌بێت جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ کە ئه‌م ستراتیژییه‌ته‌، وه‌ك ستراتیژییه‌تێكی دژەبەر و بەرهەڵست، ناكرێت له‌ گۆشه‌گیری و دووره‌په‌رێزیدا دروست ببێت، به‌ڵكو له‌ بنه‌ڕه‌تدا دژی مه‌عریفه‌ و به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كانە و بۆ تێكشكاندن و هه‌ڵكۆڵینی ژێر پێیان دروست ده‌بێت. هیچ بونیادنان و دروستكرنێك بێ له‌ناوبردن و ڕوخاندن بوونی نییه‌، هیچ حه‌قیقه‌تێك به‌ بێ هه‌ڵه‌ بوونی نییه‌.    

سەرچاوە:
عبدالسلام بنعبد العالي، في مديح الخطأ، حكمة-من أجل إجتهاد فلسفي، 2015.

Tuesday, 17 February 2015

نیولیبرالیزم

پێشه‌كی كتێبی "كورته‌ مێژووی نیولیبرالیزم"

داڤید هارڤه‌ی
وەرگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د

مێژوونووسه‌ داهاتووگه‌راكان1 ساڵانی 1978-1980 به‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی شۆڕشگێڕانه‌ له‌ مێژووی جیهانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری، داده‌نێن. له‌ ساڵی 1978 دا، "دینگ خیاوبینگ"2 یه‌كه‌م هه‌نگاوی یه‌كلاكه‌ره‌وانه‌ی به‌ره‌و لیبرالیزه‌یشن هه‌ڵگرت بۆ ئازادكردنی ئابورییه‌ك، كه‌ كۆمۆنیزم له‌ وڵاتێكدا به‌ڕێوه‌ی ده‌برد، كه‌ پێنج له‌سه‌ر یه‌كی دانیشتوانی جیهانی پێكده‌هێنا. ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ی كه‌ دینگ گرتبوویه‌ به‌ر، ئامانجی ئه‌وه‌ بوو له‌ ماوه‌ی دوو ده‌یه‌دا، چین له‌ ده‌وڵه‌تێكی دواكه‌وتووی دووره‌په‌رێز و به‌سه‌رخۆدا داخراوه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ ناوه‌ندێكی كراوه‌ به‌سه‌ر دینامیكییه‌تی سه‌رمایه‌داریدا، ئه‌وه‌یش به‌ تێكڕای گه‌شه‌كردنێكی خێرا و به‌رده‌وام، كه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا نموونه‌ی نه‌بێت. له‌به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی ده‌ریای ئارامدا و له‌ هه‌لومه‌رجێكی ته‌واو جیاوازدا، پاۆل ڤۆلكه‌ر3، كه‌ له‌و كاته‌دا كه‌سێكی زۆر دیار نه‌بوو (له‌ ئێستادا ناوبانگی بڵاوه‌)، سه‌ركردایه‌تی بانكی یه‌ده‌گیی فیدراڵی ئه‌مریكی، له‌ مانگی ته‌موزی 1979دا گرته‌ ده‌ست، له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكی كه‌مدا گۆڕانكارییه‌كی دراماتیكی له‌ سیاسه‌تی دراوی ئه‌مریكیدا دروست كرد، له‌و كاته‌یشه‌وه‌ بانكه‌كه‌ پێشه‌نگیی جه‌نگێكه‌ كه‌ دژ به‌ هه‌ڵاوسان به‌رپای كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی سه‌رنج له‌ ئاكامه‌كانی بدات (به‌ تایبه‌تیش ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ بێكارییه‌وه‌ هه‌یه‌). له‌ به‌ری ئه‌تڵه‌سیشدا، مارگرێت تاتچه‌ر4 له‌ مانگی نیسان/ئه‌پریلی 1979 دا، كه‌ تازه‌ به‌ سه‌رۆك‌وه‌زیرانی به‌ریتانیا هه‌ڵبژێردرابوو، ویلایه‌ته‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد و ئه‌مه‌یش هێزی ئه‌وه‌ی پێدابوو سنوورێك بۆ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ندیكا كرێكارییه‌كان دابنێت و كۆتایی به‌ حاڵه‌تی نه‌خوازراوی ئه‌و داكشانه‌ هه‌ڵئاوساوییه‌5 بهێنێت كه‌ له‌ ده‌یه‌ی پێشوودا وڵاته‌كه‌ی گرتبووه‌وه‌. پاشان له‌ ساڵی 1980دا ڕۆناڵد ڕه‌یگان6 به‌ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵبژێردرا، به‌ بلیمه‌تی و كاریزمایی كه‌سییانه‌ی خۆی توانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌رله‌نوێ بخاته‌وه‌ سه‌ر ڕێگای بوژانه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی ئابوری، ئه‌وه‌یش له‌ ڕێگه‌ی پشتیوانیكردن له‌ هه‌نگاوه‌كانی فۆلكه‌ر، له‌ بانگی یه‌ده‌كی فیدراڵیدا و تێكه‌ڵكردنی به‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ ئامانجیان ئه‌وه‌بوو سنورێك بۆ هێزی كار دابنێن، هه‌روه‌ها سه‌ربه‌ستكردنی كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و ڕزگاركردنی سامان و سه‌روه‌ته‌كان له‌و كۆتوبه‌نده‌ ڕێكخه‌رییانه‌ی كه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پێنرابوو، ئینجا ئاگاداریكردن و پاراستنی هێزی پاره‌، له‌ یه‌ك كاتدا، هه‌م له‌ ناوه‌وه‌ و هه‌م له‌سه‌ر شانۆی جیهانی. له‌م سه‌نته‌ره‌ زۆروزه‌به‌نده‌ هه‌ژێنه‌رانه‌وه‌، شتێكی وه‌ك پاڵهێزی شۆڕشگێڕیی له‌پانتاییه‌كی به‌رفراواندا بڵاوبوویه‌وه‌و ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌مه‌وه‌چوونیشی سه‌رله‌نوێ جیهانی ده‌وروبه‌رمانی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز داڕشته‌وه‌.
وه‌رچه‌رخانی وه‌ها به‌رفراوان و قووڵ به‌ ڕێكه‌وت ڕووناده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌یه‌ گه‌ڕانه‌ به‌دوای چییه‌تی ئه‌و كه‌ره‌سته‌ و ڕێگایانه‌دا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پێكهاته‌ی ئابوری نوێ –كه‌ زۆر جار ده‌خرێته‌ ژێر ده‌سته‌واژه‌ی "جیهانگیری"ـیه‌وه‌-، له‌ هه‌ناوی قۆناغه‌ كۆنه‌كانی پێشترییه‌وه‌، هێنرایه‌ ده‌رێ. هه‌ریه‌كه‌ له‌ فۆلكه‌ر و ره‌یگان و تاتچه‌ر و دینگ خیاوبینگ ئه‌و ئه‌رگومێنتانه‌ی كه‌مینه‌7یان وه‌رگرت، كه‌ سه‌رده‌مێكی درێژبوو بڵاوبووبوونه‌وه‌، ئه‌مان گۆڕیان به‌ ئه‌رگومێنته‌كانی زۆرینه‌8 (له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌مه‌ به‌ بێ ململانێیه‌كی درێژ ڕووینه‌دا). ره‌یگان نه‌ریتی كه‌مینه‌ی له‌نێو حیزبی كۆمارییدا زیندوو كرده‌وه‌، كه‌ مێژووه‌كه‌ی هی سه‌رده‌می باری گۆلد وۆته‌ر9 بوو له‌ سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا. بینگیش قه‌ڵه‌مڕه‌ویی سه‌روه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵكشاوی له‌ یابان و هۆنگ كۆنگ و سه‌نگافوره‌ و كۆریای باشوودا ده‌بینی، بۆیه‌ له‌بری پلانی ئابوریی سه‌نتراڵی، كاری كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی كۆمۆنیزمی بازاڕ و هه‌وڵیدا بیقۆزێته‌وه‌ و به‌كاری بهێنێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌تی چینی و هه‌نگاوێك بیباته‌ پێش. فۆلكه‌ر و تاتچه‌ریش له‌ سایه‌ی ئاڵۆزییه‌كی ڕێژه‌ییدا، دۆكترینێكی دیاریكراویان به‌رهه‌مهێنا، كه‌ به‌ "لیبرالیزمی نوێ"10 ناوزه‌د كرا و كردیانه‌ بنه‌مای سه‌نتراڵ بۆ ئاراسته‌كردنی فیكری ئابوری و به‌ڕێوه‌بردن. ڕێك ئه‌م دۆكترینه‌ -ئه‌سڵه‌كانی و هه‌ڵكشانی و ناوه‌ڕۆكه‌كانی- ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ له‌م كۆنتێكسته‌دا بایه‌خی پێده‌ده‌م.
نیولیبرالیزم به‌ر له‌ هه‌ر شتێك تیۆرێكه‌ ده‌رباره‌ی پراكتیكی سیاسی و ئابوری، بڕوای وایه‌ باشترین ڕێگا بۆ باشتركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی دۆخی مرۆیی وا له‌ ئازادكردنی ئازادی و لێهاتووییه‌ داهێنه‌رییه‌ بازرگانییه‌كانی تاكه‌كه‌سدا11، له‌نێو چوارچێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی گشتیدا، كه‌ به‌ تووندی پارێزگاری له‌ مافه‌كانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و ئازاديی بازرگانی و ئازاديی بازاڕه‌ ئابورییه‌كان، ده‌كات. له‌م تیۆره‌دا ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت وا له‌ دۆزینه‌وه‌ی پارێزبه‌ندیی ئه‌و چوارچێوه‌ دامه‌زراوه‌ییه‌دا كه‌ بۆ ئه‌و پراكتیكانه‌ گونجاوه‌. بۆ نموونه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ گره‌نتی به‌ها و سه‌لامه‌تیی سامانه‌ داراییه‌كان بكات، ده‌بێت په‌یكه‌ربه‌ندی و وه‌زیفه‌ سه‌ربازی و به‌رگری و ئاساییشی و دادوه‌رییه‌كان دابمه‌زرێنێت بۆ پاراستنی مافه‌كانی موڵكایه‌تی تایبه‌ت و له‌ كاتی پێویستیشدا هێز به‌كاربهێنێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی كاری بازاڕه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو. هه‌روه‌ها ده‌بێت ده‌وڵه‌ت، له‌ دۆخێكدا كه‌ بازاڕی ئابوری (له‌ بواره‌كانی وه‌كو زه‌وی و ئاو و فێركردن و چاودێریی ته‌ندروستی و ده‌سته‌به‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی یان پیسبوونی ژینگه‌دا) له‌ ئارادا نه‌بێت، بازاڕ په‌یدا بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بێت له‌ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆوه‌ ئه‌م كاره‌ بكات. له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئه‌م ئه‌ركانه‌وه‌، ده‌وڵه‌ت هه‌رگیز بۆی نییه‌ سه‌ركێشی و ده‌ستێوه‌ردان بكات. به‌ تایبه‌ت له‌ بواری ئابوریدا پێویسته‌ ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وام كه‌مترین ده‌ستێوه‌ردانی پێویست له‌ بازاڕه‌كاندا بكات (دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م بازاڕانه‌ داده‌مه‌زرێنێت یان په‌یدایان ده‌كات)، چونكه‌ به‌ پێی ئه‌م تیۆره‌، ده‌وڵه‌ت ناتوانێت زانیاری پێویست به‌ده‌ست بهێنێت كه‌ توانای ئه‌وه‌ی پێبدات لێكدانه‌وه‌ و خه‌مڵاندن بۆ ئاماژه‌ده‌ره‌كانی بازاڕ (نرخه‌كان) بكات، یان پێشبینیان بكات؛ هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی گروپه‌كانی فشار و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ به‌هێزه‌كان (به‌تایبه‌تیش له‌ ده‌وڵه‌ته‌ دیموكراسییه‌كاندا) هه‌میشه‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان ده‌شێوێنن و ده‌قۆزنه‌وه‌.
له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌، هه‌ردوولایه‌نی بیركردنه‌وه‌ و پراكتیكی سیاسی-ئابوری، سه‌رله‌به‌ر وه‌رچه‌رخانێكی ڕوون و ئاشكرا و به‌هێزیان به‌ره‌و نیولیبرالیزم به‌سه‌ردا هات. به‌ربه‌ره‌ڵایی و سه‌ربه‌ستكردنی ئابوری له‌ كۆتوبه‌ند و ڕێكخستنه‌كان و كشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی چه‌ندین بواری چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ هه‌موو شوێنێكی جیهاندا و له‌ به‌رفراوانترین پانتایدا باو و به‌ربڵاوبوو. زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ده‌وڵه‌تان – هه‌م ئه‌وانه‌ی كه‌ تازه‌ "له‌ سككه‌درابوون"12 دوای ڕوخانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و هه‌میش ده‌وڵه‌تانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆشیال دیموكراتی ته‌رزی كۆن، وه‌كو سوید و نیوزله‌ندا- نوسخه‌یه‌كی چاككراوی تیۆری نیولیبرالیزمیان هه‌ڵگرته‌وه‌، هه‌ندێجار به‌ خۆشی خۆیان و هه‌ندێجاریش له‌ ژێر فشاره‌ ناچاركه‌ره‌كاندا، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ لایه‌نیكه‌م هه‌ندێك سیاسه‌ت و پراكتیكی خۆیان گۆڕی. ته‌نانه‌ت باشوری ئه‌فریقای پاش ئاپارتاید13، به‌خێرایی باوه‌شی بۆ نیولیبرالیزم گرته‌وه‌، وایش پێده‌چێت، وه‌ك دواتر ده‌بینین، كه‌ وڵاتی چینیی نوێیش به‌ هه‌مان ئاراسته‌دا ده‌ڕوات. وێڕای ئه‌مه‌یش، له‌مڕۆدا بانگه‌شه‌كارانی نیولیبرالیزم له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن (زانكۆكان و چه‌ندین په‌یمانگای لێكۆڵینه‌وه‌)، ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن، هۆڵه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیا گه‌وره‌كان و دامه‌زراوه‌ داراییه‌ جیاوازه‌كان، دامه‌زراوه‌كانی هه‌ستیاره‌كانی ده‌وڵه‌ت (وه‌زاره‌ته‌كانی خه‌زێنه‌ و بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كان)، دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌كو سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (IMF) و ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی  (WTO) و بانكی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی دیكه‌دا، كه‌ جوڵه‌ی دارایی و بازرگانیی جیهانی ڕێكده‌خه‌ن، پێگه‌ی زۆر كاریگه‌رییان گرتووه‌. به‌ كورتی، نیولیبرالیزم وه‌ك مۆدێلێكی گوتار هه‌ژموونی خۆی سه‌پاندووه‌ و كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئاوێزانی هه‌ستی سه‌لیم14 بووه‌ و بۆته‌ كڵێشه‌یه‌ك بۆ ته‌فسیركردن و تێگه‌یشتن له‌ جیهان و شێوازی ژیان له‌و جیهانه‌دا.
به‌ڵام وا پێده‌چێت پرۆسێسی نیولیبرالیزم ئاكامی زۆر "خاپووركردنی داهێنه‌رانه‌"15ی له‌گه‌ڵدا بووه‌‌، نه‌ك ته‌نیا شكاندنی چوارچێوه‌ و هێزه‌ دامه‌زراوه‌ییه‌كانی پێشتر (كه‌ ته‌نانه‌ت ته‌حه‌دای فۆڕمه‌ ته‌قلیدییه‌كانی ده‌وڵه‌تی حاكمیه‌تی16 كردووه‌)، به‌ڵكو شكاندنی دابه‌شكردنه‌كانی كار، په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خزمه‌تگوزارییه‌كانی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، پێكهاته‌ ته‌كنۆلۆژییه‌ جیاوازه‌كان، شێوازه‌كانی ژیان، بیركردنه‌وه‌، چالاكی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ و زۆربوون، په‌یوه‌ندی به‌ زه‌وی و نه‌ریته‌ هه‌سته‌كی و ویژدانییه‌كانیش. نیولیبرالیزم پێیوایه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵوگۆڕكارییه‌كان له‌ بازاڕی ئابوریدا »له‌خۆیدا به‌هایه‌كی ئه‌خلاقییه‌، ده‌توانێت ببێته‌ ڕێنمای كار بۆ كرده‌ی مرۆیی به‌سه‌رجه‌م شێواز و فۆڕمه‌كانییه‌وه‌ و، جێگیره‌وه‌ی سه‌رجه‌م بیروباوه‌ڕه‌ ئه‌خلاقییه‌كانی پێشتریشه‌)، هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ گرێبه‌ستییه‌كان17 له‌ مه‌یدانی بازاڕدا، ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها باوه‌ڕی به‌ توانای به‌رزكردنه‌وه‌ی خێروبێره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه‌ تا دوا سنووری خۆی، ئه‌وه‌یش له‌ ڕێگه‌ی به‌رفراوانكردنی ته‌وه‌ری مامه‌ڵه‌كانی بازاڕه‌وه‌ تا دوایین ڕاده‌ی خۆی، بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات سه‌رجه‌م شێوازی كرده‌ی مرۆیی بخات نێو پانتایی بازاڕه‌وه‌. ئه‌مه‌یش به‌ زه‌روره‌ت پێویستی به‌ داهێنانی ته‌كنۆلۆژیای جیاوازی زانیاری و دۆزینه‌وه‌ی تواناكانی كه‌ڵه‌كه‌ڵكردن و خه‌زنكردن و گۆڕین و شیكردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانی ڕێسای زانیارییه‌ زۆروزه‌به‌نده‌كان هه‌یه‌، بۆ ڕێنماییكردن و ئاراسته‌كردنی بڕیاره‌كان به‌ درێژایی مه‌یدانی بازاڕی جیهانی، ڕێك لێره‌دایه‌ كه‌ نیولیبرالیزم بایه‌خێكی ئێجگار زۆر به‌ ته‌كنۆلۆژیای زانیاریی ده‌دات (ئه‌مه‌یش وای له‌ هه‌ندێكیان كرد كرد، كه‌  سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوونی جۆرێكی نوێی "كۆمه‌ڵگه‌ی زانیاری" ڕابگه‌یه‌نن). ئه‌م ته‌كنۆلۆژیایانه‌ پشتیان به‌ست به‌ چڕبوونه‌وه‌ی زیاتری مامه‌ڵه‌ شوێنی و كاتییه‌كانی بازاڕ، بۆیه‌ پاڵهێزێكی به‌هێزیان به‌رهه‌مهێنا به‌ره‌و ئه‌و شته‌ی، كه‌ له‌ جێیه‌كی تردا ناوم ناوه‌ "چڕبوونه‌وه‌ی كاتی-شوێنی"، به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ به‌فراوانبوونی مه‌ودای جوگرافی (له‌به‌رئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی "جیهانگیری" ده‌كرێته‌وه‌) و كورتبوونه‌وه‌ی كاتی گرێبه‌ستی بازاڕدا، سوود زیاتر ده‌بێت. ئه‌م له‌پێشترێتییه‌ی كه‌ كاتی ماوه‌ كورت هه‌یه‌تی ته‌ریب و هاوتایه‌ به‌ وه‌سفه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی لیوتار بۆ حاڵه‌تی "پۆست مۆدێرنیتی"، كه‌ تێیدا "گرێبه‌ستی ده‌ستبه‌جێ و كاتی" جێگای "دامه‌زراوه‌ هه‌میشه‌ییه‌ پیشه‌یی و عاتیفی و ڕه‌گه‌زی و كولتوری و خێزانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئینجا دامه‌زراوه‌ی كاروباری سیاسییش" ده‌گرێته‌وه‌. وه‌ك پێشتر له‌ كتێبی "دۆخی پۆستمۆدێرنیتی"دا وتوومه‌، ئه‌و ئاكامه‌ كولتورییانه‌ی كه‌ له‌م هه‌ژموونه‌ ئه‌خلاقییه‌ی بازاڕ ده‌كه‌ونه‌وه‌، زۆروزه‌به‌ند و پێكه‌وه‌به‌ستراون.
له‌ كاتێكدا له‌مڕۆدا چه‌ندین گیڕانه‌وه‌ی گشتی هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی گۆڕانه‌ جیهانییه‌كان و شوێنه‌وار و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م گۆڕانانه‌، ئه‌وه‌ی به‌ گشتی نیمانه‌و نوقسانه‌ چیرۆكێكی سیاسی/ئابوریی نیولیبرالیزمه‌: له‌ كوێوه‌ هاتووه‌ و چۆن به‌ وه‌ها گشتگیرییه‌ك له‌ سه‌ر شانۆی جیهانی بڵاوبۆته‌وه‌؟ هه‌روه‌ها به‌ ئومێدم به‌یه‌كداچوونه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا ئاماژه‌ بده‌ن به‌بوونی چوارچێوه‌یه‌ك بۆ دیاریكردن و دامه‌زراندنی ڕێككارییه‌ سیاسی و ئابورییه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كان.
له‌م دواییانه‌دا سوودم وه‌رگرت له‌و گفتوگۆیانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ "جیرار دومینیل" و "سام گیندن" و "لیۆ پانچیچ"ـدا ئه‌نجاممداون، قه‌رزی ماوه‌یه‌كی پێشتریشم له‌ئه‌ستۆیه‌، هی "ماسیۆ میوشیی" و "جیۆڤانی ئه‌ریگی" و "پاتریك بۆند" و "سیندی كاتز" و "نیل سیمیس" و "پیتره‌ل ئۆلمان" و "ماریا كایكا" و "ئیریك سۆنگیدۆ"یه‌، كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كدا ده‌رباره‌ی نیولیبرالیزم، به‌ چاودێریی دامه‌زراوه‌ی "ڕۆزا لۆكسمبۆرگ" له‌ به‌رلین، له‌ تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2001 ڕێكخرابوو، له‌گه‌ڵیاندا كۆبوومه‌وه‌ و ئه‌مه‌یش وه‌ك مه‌شخه‌ڵێك بوو كه‌ وای لێكردم گرنگی به‌م بابه‌ته‌ بده‌م.
پەراوێزەکان:
1.       Future historians
2.       Deng Xiaoping
3.       Paul Volcher
4.       Margaret Tatcher
5.       Miserable inflationary
6.       Ronald Reagan
7.       minority
8.       Majoritarian
9.       Barry Goldwater
10.    neoliberalism
11.    Liberating individual entrepreneurial freedoms.
12.    newly minted
13.    Post-apartheid
14.    common-sense
15.    creative destruction
16.    state sovereignty
17.    contractual relations

سه‌رچاوه‌كانی وه‌رگێڕانی ئه‌م وتاره‌:  
1-   ديفد هارفي، الليبرالية الجديدة (موجز تأريخي)، ترجمة: مجاب الإمام، الناشر للنشر, العبيكان, الطبعة الأولى, 2008، ص11-16.
David Harvey, A brief History of Neoliberalism, Oxford University Press, New York, 2005, P
تێبینى: ئەم وتارە یەکەمجار لە سایتى نێگەتیڤ و دووەمجار لە کتێبى "لیبراڵیزم و نیولیبراڵیزم"، زنجیرەى چەمکە فەلسەفیەکان"ـى دەزگاى ئایدیادا بڵاوبۆتەوە. بڵاوبۆتەوە. بۆ بینین کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە: 

Sunday, 15 February 2015

نووسەر کێیە؟

عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانی: هاوار محەمەد


      بەهۆی كاریگەری چەند هۆكارێكەوە كە فۆكۆ دەیانگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەی ئەوروپا "بنەمای نووسەر لە هەڕەمەكیبوونی گوتار قوتاری بوو، ئەویش بەهۆی شوناسێكەوە كە شێوەی تاكایەتی یان من-ی بەخۆیەوە گرت". جا بۆئەوەی ڕاڤەی كتێبەكان بكەین دەستمانکرد بە لێکۆڵینەوە لەو جەمسەرەى كە بەرهەمی دەهێنان. بۆیە نووسەر بووە بنەمای كۆكردنەوەی گوتار و یەكێتیی واتاكانی و بنەڕەتەكەی. نووسەر بوو كە ڕێی دەدا ڕاڤەی ئەو دەرەنجامانە بكەین وا لە ڕوودانی ڕووداوێكی دیاریكراو دەكەوتنەوە، هەر ئەویش بوو كە گۆڕان و بەرزونزمییە جیاوازەكانی نووسینەكەی بۆ ڕاڤە دەكردین، ئەوەیش لەڕێگەی بەدواداچوون بۆ سەربردەی ژیانی و شیكردنەوەی ئینتیما كۆمەڵایەتییەكەی و هەڵوێستە چینایەتییەكەیەی و دەرخستن و باسكردن لە پرۆژە فیكرییە سەرەكیەكەی.
     كەواتە نووسەر ئەو پرەنسیپە بوو هەلی لەنێوبردنی ئەو لێكدژییانەی دەڕەخساند كە دەشیا لە زنجیرەیەك دەقدا دەر بكەون: دەبوو، لە هزرەكانی یان ئارەزووەكانیدا، لە خودئاگای یان ناخودئاگایدا، خاڵێك هەبێت لێكدژییەكان هەڵوەشێنێتەوە و ڕەگەزە ناكۆكەكان لە یەكتر ببەستێتەوە، یان لایەنی كەم لێكدژییەكان لە دەوری بنچینە و بنەڕەتێك ڕێك بخات. "نووسەر ڕوانگەیەكی دیاریكراوی دەربڕینە كە بە یەكسانی لەنێو بەرهەمەكانی و ڕەشنووسەكانی و نامەكانیدا دەردەكەوێت". هەر بەهۆی ئەوەوە كۆدەبنەوە و و هەر لەویشەوە ڕاڤەیان دەكرێن.
      وێڕای ئەوەی قەڵەمڕەویی نووسەر هێشتایش زۆر بەهێزە، كەچی ئاشكرایشە كە دەمێكە هەندێك نووسەر هەوڵیان داوە بیخەنە لەرزین و پاشەكشەی پێ‌ بكەین. مالارمێ‌ یەكەم كەس بوو ئەوەی ڕوون كردەوە پێویستە زمان خۆی جێگای هەر شتێكی تر بگرێتەوە كە تا ئەو سەردەمە خۆی بەخاوەنی ئەو زمانە دەزانی. ئەوە زمانە قسە دەكات. وەك بارتیش دەڵێت ئەگەر من بنووسم "مانای وایە، یەكەمجار لەڕێگەی سڕینەوەی خۆمەوە، خۆم دەگەیەنم بەو خاڵەی كە نەك (من) بەڵكو زمان ئیشی تێدا دەكات".
       ئەم كەمكردنەوەیە لە ڕۆڵی نووسەر تا ڕادەی كوشتن و سەركوتكردنیشی پەرەیسەند، بۆیە هەندێك نووسەر لەبارەی "مەرگی نووسەر"ەوە دووان و كەسانی تریان خستە بری ئەو. جا ئەوەبوو خوێنەر خرایە شوێنی نووسەر.
      بەمجۆرە ئیدی یەكێتیی دەقەكە بەهۆی چاوگەكەی یەكەمجارییەوە نەبوو بەڵكو مەبەستەكەی و ئاراستەكەی ئەم یەكێتییەیان پێ‌ دەدا. خوێنەر بووە ئەو فەزایەی كە سەرجەمی ئەو كۆدانەی تێدا دادەنرا كە نووسینەكەیان لێ‌ پێك دەهات بێ‌ ئەوەی هیچ كۆدێكیان ون بكات یان خەسار بكات". لێرەدا پێویستە جەخت لەوە بكەینەوە ئەم گۆڕانە جێگرتنەوەی بكەرێك بە بكەرێكی دیكە و "من" بە كەسێكی دیكە نییە. خوێنەر لێرەدا كەسێك نییە لە گۆشت و خوێن. وەك بارت دەڵێت "مرۆڤێكە نە مێژوویەكی هەیە و نە ژیانێكی كەسی و نە ژیانێكی دەروونی". ئەو هیچ نییە جگە لەو كەسەی كە هەموو ئەو شوێنەوار و جێماو و جێكەوتانەی نێو ئەو كایە كۆدەكاتەوە كە نووسین تێیدا پێك دێت.
     بەم واتایە كەسایەتییەك هەیە لە خوێنەری ئاسایی "بەهێزترە" كە نووسەر لە وەختی واژووكردنی دەقەكانیدا وەرز دەكات و بگرە خەریكە ناویشی لە پشتی هەر كتێبێك دەسڕێتەوە. ئەویش كەسایەتی "بڵاوكەرەوە"یە.
      هایدیگەر هەر لە كۆتایی سییەكانەوە لە پەیوەندی لێكۆڵینەوە و نووسین بە داواكارییەكانی خانەی بڵاوكردنەوەكان ئاگاداری كردووینەتەوە "ئەو داواكارییانەی كە لەژێرباری ئەو لیستانەدایە كە پێویستە لەبارەیانەوە بنووسرێن و ئەو لیستانەی كە نابێت بەرهەم بێن".
      بە بۆچوونی هایدیگەر گرنگی بڵاوكەرەوە لەوەدا نییە كە بەهۆی ڕاهێنان و نزیكایەتی لە بازاڕی خوێنەرانەوە، شارەزایی بازرگانی پەیدا دەكات، بەڵكو لەوەدایە كە بەهۆی كۆكردنەوەی واتای وشەكانەوە هەستێكی "ڕەخنەیی" بۆ دروست دەبێت. بایەخی بڵاوكەرەوەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "كارەكەیان شێوەی پلانێكی داڕێژراوی هەیە كە خۆی ڕێك دەخاتەوە و ئیش دەكات بۆ زانینی ئەو چۆنییەتییەی كە بەهۆیەوە دەتوانێت وەك پروپاگەندە لەڕێگەی بڵاوكردنەوەیەكی مەبەستدارانە و زنجیرە و لیستی كتێبەكانەوە بچێتە نێو جیهانەوە. خستنەبازاڕی كۆ-بەرهەم و زنجیرەكان و گۆڤارەكان و كتێبە گیرفانییەكان هیچ نین جگە لە هەوڵی بڵاوكەرەوەكان. ئەو هەوڵانەی كە لەگەڵ مەبەست و ئامانجی لێكۆڵەراندا یەك دەگرنەوە، نەك لەبەرئەوەی ئەو لێكۆڵەرانە بەو جۆرە كتێبانە زیاتر بەناوبانگ دەبن، بەڵكو لەبەرئەوەی بەشێوەیەكی پێشكەوتووتر كاریگەریی ڕاستەوخۆ دادەنێن و دەگەن بە مرازی خۆیان".
      ڕەنگە ئیدی بێ‌سوود بێت پرسیار لەبارەی ئەوە بكەین كام لەم كەسایەتییانە (نووسەر/ خوێنەر/ بڵاوكەرەوە) لە "بوون"ـی كتێبەكە بەرپرسن؟ خۆ وەك دەووترێت مەرج نییە ژیانی یەكێكیان مانای مەرگی ئەوی دیكەیان بێت. ئەمە جگە لەوەی هەر هەموویان و بگرە بڵاوكەرەوەكەیش، تاكە كەسایەتییەك نین، بەڵكو تۆڕێكی ئاڵۆز و بەیەكداچووی كاریگەرییە ڕیشەییەكانی مێژوو و كۆمەڵگەن.
 
سەرچاوە:
عبدالسلام بنعبد العالی: میتولوجیا الواقیع، دار توبقال للنشر، الگبعە اڵاولی، 1999، ص 46-48.

Sunday, 14 December 2014

دۆلۆز، مێژووناسی فەلسەفە


عەبدوسەلام بنعەبد عالی
وەرگێڕانى: هاوار محەمەد

      لە كاتی قسەكردنماندا لەسەر ئەم بابەتە دەبێت دوو كێشە لە خۆمان دوور بخەینەوە: یەكەمیان ئەم بابەتە بە هیچ كلۆجێك پەیوەست نییە بە هیچ هەوڵێكی پێكهاتن و تەباكردنەوە (سەنتێنز) جا شێوەكەی هەر چۆنێك بێت. دووەمیشیان: لێرەدا خۆمان بەدوور گرتووە لە "مۆدێل"ـی باوی كۆتایی و مەرگی فەلسەفە. كەواتە دەبێت لەسەر دوو پرس قسە بكەین كە بڕێك لە دژواری و سەختی هەڵدەگرن. پەیوەندی دۆلۆز بە هیگڵەوە، و پەیوەندی دۆلۆز بە هایدگەرەوە. قسەكردن لەبارەی پرسی یەكەمیانەوە دوادەخەین بۆ ئەوەی لە میانەی هەڵوەستەكردن لەسەر پرسی ئەم "كۆتایی فەلسەفە"یەوە بە باسكردنی پەیوەندی دۆلۆز بە هایدگەرەوە دەست پێبكەین. مەبەستم لەمەش ئەو كۆتاییە نییە كە "حیكایەتی نێو كایەی ڕۆشنبیریی فەرەنسی" بانگەشەی بۆ دەكات و ناوی ناوە مەرگی فەلسەفە، بەڵكو پرسێكی فەلسەفییە كە هزریی هاوچەرخی لە سەرجەم لایەنەكانییەوە بەرەو خۆی كێش كردووە.
     هەموومان "لێدوان"ـە جیاوازەكانی دۆلۆز لەبارەی ئەم بابەتەوە دەزانین. ئەو هێشتاش باس لەوە دەكات "هەرگیز خۆی بە پرسی كۆتایی فەلسەفەوە سەرقاڵ نەكردووە" كە بە بڕوای ئەو "فەلسەفە هەنوكەش وەزیفەیەكی زیندووی هەیە، ئەو وەزیفەیەش داهێنانی چەمکەکانـە".
       دژی ئەو تاك وێنەییەی كە مۆدێرنە بۆ قەدەری هزر دروستى دەكات و وا خەریكە بەرەو ئاوابوون دادەگەڕێ، دۆلۆز لە بری تێپەڕاندنی هایدگەرییانە، صیرورە ]بوونبە..[ پەرشوبڵاوە ناكۆتاكان دێنێتە پێش، ئەمەش بە شاراوەیی لەپشتی ئەو وێنەیەوە ئیش دەكات كە وەك كانونی فەلسەفی خۆی دەخاتە ڕوو، لێرەدا لەجیاتی كۆتایی و مەرگی فەلسەفە باس باسی "دەرچوون" ]و ترازان[ـە لە مێژووی فەلسەفە "كە ئامانج وەڵامدانەوەی پرسیارەكان نییە، بەڵكو دەرچوونە، دەرچوونە لێی".
       دۆلۆز بایەخی بە خاڵی كۆتایی یان چركەساتی كامڵبوون نەداوە، وەك ئەوەی بڵێین نیشانەكانی ئەم كامڵبوونە لای هیگڵ دەبینینەوە، یاخود بڵێین هیگڵ چركەساتی كامڵبوونە، یاخود هەرایەكی بێ‌ سوود بنێینەوە لەباری ئەوەی ئایا نیچە سەر بە مێژووی میتافیزیكە یان نا. لەبەر ئەوەی خاڵەكانی كۆتایی، یان كەلێنەكانی دەرچوون، نا كۆتان. دۆلۆز دەبێژێت: «بە پاڵ باشترینی ئەو نووسەرانەوە بووم كە پێدەچێ‌ سەر بەمێژووی فەلسەفە بووبن. بەڵام لە یەكێك لە لایەنەكانییەوە لێی دەرباز بوون و ئینجا بە تەواوی لێی دەرچوون، وەكو لۆكریس و سپینۆزا و هیوم و نیچە و برگسۆن».
       لە كایەی هزردا بنەمایەكی هاوبەش بوونی نییە، بۆیە هزرمەندەكان هەمان پرسیار ناخەنەڕوو و ئیش بە هەمان جیهانبینیش ناكەن. هیچ شتێك نییە بیرمەندەكان كۆ بكاتەوە و بیانخاتە نێو یەك مێژووەوە. هەیە و نییە كۆمەڵێك جموجوڵی تاك و تەرا و هێلگەلێكی لێك پچڕاون. كەواتە بابەتەكە پەیوەست نییە بە تێپەڕاندنی مێژووی فەلسەفەوە، بەڵكو پەیوەستە بە تێكشكاندنی یەكێتییە وەهمییەكەیەوە بۆ ئەوەی بگەینەوە بەوەی كە تاك و دانسقەیە. بابەتەكە پەیوەستە بە زیندووكردنەوەی ڕووداوەوە بە خۆی و تاكێتی و دەگمەنییەكەیەوە لەنێو ئەوەی پێی دەوترێت بزوتنەوەی گشتی. لەبەرئەوەی بەدواداچوونی ڕووداوەكانی فیکر دەبێت فیکر وەك ڕووداو زەق بكاتەوە. لێرەدا –وەك فۆكۆ سەلماندوویەتی- نە لەبەردەم بەشەکانداین، و نە لە بەردەم گشتەکانداین، بەڵكو لە بەردەم دەگمەنەكانداین. زەقكردنەوەی ئەم دەگمەنانە بریتییە لە وەستان لەسەر ڕووداو لەنێو هزردا، دەبێ‌ هەر بەم جۆرەش لەو هەڵكۆڵینانە تێبگەین كە دۆلۆز لە هەگبەی فەرامۆشكراوەكانی مێژووی تەقلیدیی فەلسەفەدا مومارەسەی دەكات. كاتێك لە فەرەنسا قسە لەبارەی ئەزموونگەرایی ئینگلیزییەوەیە، ئەوا تەنیا وەك تەوقێك بۆ تەوقكردنی هەندێك لە فەلسەفە ئەڵمانییەكان باس و خواسی لەبارەوە دەكرێت دەنا بەخاترى خۆى گرنگیى پێنادرێت، لە كاتێكدا پێشڕەوەكان ]ئاڤانگاردەکان[یش ڕازی نین قسە لەبارەی برگسۆنەوە بكرێت تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە هەڵوێستی دژی لەبارەوە بنوێنرێت، كەچی دۆلۆز پێدادەگرێ‌ لەسەر بایەخدان بەم بیرمەندانە، نەك بۆ گەڕان بەدوای نموونەگەلێكی نوێی هزرییدا، بەڵكو بۆ هەوڵدان لەودیوی "دیسپلینكردنی فیکرەوە لەمیانەی كاركردنی لەسەر بیرمەندەكە".
      دۆلۆز مێژووی فەلسەفە بە پۆرترەیت ]وێنەكێشانی ڕوخسارەكان[ لە لایەن وێنەكێشەكانەوە دەچووێنێت: «لە مێژووی فەلسەفەدا وێنەی ڕوخسارە وێناكراوە زەینییەكان كێشراوە، ئەم كارە هەر وەك هونەری ڕەنگكردن ئەنجام دراوە، بەڵام بە كەرەستەی لێكنەچوو، بە كەرەستەی جیاواز: دەبێت نیوە ڕوخسار دروست بكرێت و بەرهەم بهێنرێت و نا بێت ئامرازی دووبارە بەرهەمهێنانەوەش لەبەردەستدا بێت، چونكە گەر وا بێت ئەوا پیت بە پیت ئەوە دووبارە دەكەینەوە كە فەیلەسووفەكە گوتویەتی».
       سەیر نییە دۆلۆز، "قوتابی" نیچەی قڵپكەرەوەی ئەفلاتوون، مێژووی فەلسەفە بچووێنێت بە پرۆسەی كۆپیكردن كە تێیدا مێژوونووس وێنەكێشێكە نموونەكان دووبارە دەكاتەوە و لەبەریەكیان دەگرێتەوە، كەواتە هەموو كێشەكە پەیوەستە بە میكانیزمی لەبەرگرتنەوە (كۆپی) و پرۆسەی دووبارەكردنەوەوە، كەواتە با بڵێین مێژووی فەلسەفە بریتییە لە تەقەلای لێكجیاكردنەوەی كۆڵنەدەرانەی پۆرترەیتە هەمەجۆرەكان و هەوڵە بەردەوامەكان و، هاتن و چوونێكی بێ‌ بڕانەوە، نەك لەبەر ئەوەی گەشتێكی درێژە، بەڵكو لەبەرئەوەی لەنێوان گەشت و بیناكردندا پەیوەندییەكی یەكتر كێشكردن هەیە هاوشێوەی كێشكردنی نێوان دوو هێزی فیزیایی: «لایەنی كۆچەر بە ماشێنە جەنگییەكەیەوە دژی ستەمكار و ماشێنە كارگێڕییەكەی دەوەستێتەوە، فەیلەقی كۆچەرە دەرەكییەكانیش دژی فەیلەقی ستەمكارە ناوەكییەكان پێشڕەوی دەكەن، كەچی وێڕای ئەوە ئەو دوو هێزە لە بەیەكداچوون و پەیوەندیدان، بە جۆرێك وا كە غەمی ستەمكاری ئەبێتە بەدەستهێنانی ماشێنى كۆچەر و گەڕۆكی جەنگی. بەڵام كێشەی لایەنی كۆچەریش ئەوەیە ماشێنى كارگێڕیی بۆ ئیمپراتۆرییەتە دروستكراوەكەی دابهێنێت. ئەو دووانە تا ڕادەی تێهەڵكێشبوون پێكدژ دەبن».
       پێویستە بەم شێوەیەی سەرەوە لە دەرچوون و جێ‌هێشتن تێبگەین. دۆلۆز جارێكیان كە گوزارشتێكی توێنبی سەرسامی كرد، بە ڕاشكاوی وتی: «كۆچەرەكان بیناكارەكانن. ئەوانە كۆچەرن چونكە نایانەوێ دوور بڕۆن».
       كەواتە دەرچوون و جیابوونەوە، نیشتەجێبوونێكی بێ‌ بڕوانەوەیە، گەشتێكە بە مێژووی فەلسەفە و هەوڵە بێ‌ كۆتاییەكاندا بۆ لەڕێدەركردنی و "دەرچوون" لە لۆژیكەكەی، یەكەمجار بە قڵپكردنەوەی بونیادە ئەفلاتوونییەكەی، وەلێ‌ بونیادە دیالەكتیكییە ماركسییەكە و ئینجا شیكارییە باوەكەی نە تەواو بووە و نە تەواویش ئەبێت.
       هەڵبەت لێرەدا، ئەفلاتوونیزم، ڕێبازێكی فەلسەفی نییە كە پەیوەست بێت بە كەسێك یان كەسانێكەوە، بە شوێنێك یان شوێنانێكەوە. ئەفلاتوونیزم خودی بونیادی میتافیزیكییە، ئەو بونیادەی كە ئیتر كار ناكات، ئەو بونیادەی ڕایهێناوین لەسەر پەسەندكردنی جیاكردنەوەی نێوان عەقڵانی و بەرهەست، نێوان ئۆرگیناڵ و كۆپی، بۆیە ئەوە بەس نییە قڵپی بكەینەوە تا بایەخ و بەها بۆ ڕواڵەتەكان دژی ماهییەتەكان بگەڕێنیینەوە. بەڵكو ئەو قڵپكردنەوەیەی لێرەدا مەبەستمانە ئامانجی بەدرۆخستنەوەی هەمان جیهانی هاوشێوە، و لۆژیكی هاوشێوەی ئەو دووالیزمەیە كە تێیاندا ڕواڵەت لە میاهییەت جیا دەكرێتەوە و یەكێكیان لەوی دیكەیان بە باشتر دەبینرێت.
       كەواتە قڵپكردنەوەكە دەبێتە وەستان لەسەر خودی كۆپیكردن، بەڵام ئەمجارەیان، بۆ ستایشکردنى كۆپییە "خیانەتكارەكان". با لەم دوو گوزارشتە وردبینەوە: "تەنیا لێكچووەكان جیاوازن"، و "تەنیا جیاوازییەكان لێكچوون" لێرەدا بابەتەكە پەیوەستە بە دوو خوێندنەوەی جیاوازی جیهانەوە، بەو پێیەی كە یەكەمیان بانگمان دەكات بۆ بینینی جیاوازییەكان بە تێڕوانین لە یەكەم لێكچوون یان یەكەم پێكجووتەوە، لەكاتێكدا ئەوەی دیكەیان بانگمان دەكات بۆ بینینی شوناس وەك ئەوەی كە بەرهەمی یەكەم جیاوازی و یەكەم فرەڕەنگییە.
      لە قڵپكردنەوەی ئەفلاتوونیزمدا هاوشێوەیی لە جیاوازییەوە دەست پێدەكات، و سوبێكتیش لە ئەوی دیكەوە. فەرق هەیە لەنێوان ئەوەی لە جیاوازی بڕوانین لە ڕوانگەى گریمانەكردنی یەكەیەكی بەراییەوە، لەگەڵ ئەوەی كە وا دابنێین لێكچوون و یەكێتی لە جیاوازی دەكەونەوە، و ئەم جیاوازییەش بریتییە لە پێكهێنەری دینامیكیەتی ڕاستەقینەی بوونی شوناس، واتە دینامیكیەتی دووبارەبوونەوە كە بە تەواوی لە دینامیكیەتی دیالێكتیكی جیاوازە. لەبەرئەوەی جیاوازیی هیگڵی، كاتێك باز دەداتە نێو جوڵەی دیالێكتیكەوە تەنیا دەبێتە چركەساتێك لە چركەساتەكانی شوناس. ڕاستە دیالێكتیك ڕێ‌ بە كاركردن بە جیاوازییەكان دەدات، بەڵام بە مەرجی ملكەچبوونیانە بۆ یاسای نەفیكردن، لێرەشەوە ئەو ڕێگایەی پێكدژیی هیگڵی لەسەری دەڕوات ڕێگایەكە بەرەو جووتیەكبوونی دەبات، ئینجا وا دەكات پێكجووتی بەس بێت بۆ دۆزینەوەی پێكدژییەكە و لێ‌ تێگەیشتنی. ئەم پێكدژییە "فەهمناکرێت" تەنیا لە ئاسۆڕوانیی شوناسەوە نەبێت كە دیالێكتیك هەوڵدەدات بۆ چاكركردنەوەی و پاراستنی.
       واتای قڵپكردنەوەی هیگڵیزم و ئەم دۆخە، بریتییە لە ڕزگاركردنی نەفیكردن لە هەژموونی گشت و نەوەستاندنی كارەكەی بە هۆی هیچ سەنتێزێكەوە یان گیرپێدانی لە نێو لۆژیكی دژیەكیدا، كەواتە لەبەردەم یەكەیەكدا دەبین كە نیازی بە چركەساتی سەنتێز نییە و، جیاوازیش ناگەڕێنرێتەوە بۆ پێكدژی، و شوناسیش بەرەو جووتیەكی ناڕوات. ئەی كەواتە چ مانایەك بۆ ئەم شوناس و دۆخە دەمێنێتەوە؟ دۆلۆز وەها وەڵام دەداتەوە: «شوناس و لێكچوون وەهمگەلێكن كە گەڕانەوەی ئەبەدى دروستیان دەكات». گەڕانەوەی ئەبەدى گەڕانەوەی هەمان شت و بابەت و، هەڵوەشاندنەوەی جیاوازییەكان، نییە. بەڵكو بە پێچەوانەی ئەمەوە واتە بەیەك بێگانەبوون، جیاوازیش لە گەڕانەوە و بەهۆی گەڕانەوەوە دەسەلمێنرێت و ئەرێدەكرێت، سوبێكت سوبێكتی نییە تەنیا لە/ و بەهۆی گەڕانەوەیەكەوە نەبێت كە هێشتایش دەگەڕێتەوە. كاتێك نیچە بڕوای بە گەڕانەوەی ئەبەدى هەبوو مەبەستی هیچ نەبوو جگە لەمە: ئەوەی دووبارە دەبێتەوە ئەو لێكچوونانە نیە كە كۆپییەكان لەگەڵ یەكتر هەیانە، واتە ئەو لێكچوونانەی كە كۆپییەكان كۆدەكاتەوە، بەڵكو سیمولاكرا پەراگەندەكانن، ئەو پەراگەندەییەی كە بێ‌ پایان جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە. كەواتە بابەتەكە پەیوەستە بە چەمكی تایبەت بە زەمانی فەلسەفە و بگرە بە خودی زەمانەوە. باسەكەمان بە خاڵی جیاوازی لەگەڵ هایدیگەردا دەست پێكرد و، ڕەنگە لەسەرمان پێویست بێت، بۆ ئەوەی سوڕەكە تەواو بێت و بگەڕێتەوە، بە خاڵێكی لێكچوو لەگەڵ هایدیگەریشدا، یان بە خاڵێك كە هایدیگەر و نیچە تێیدا دەگەن بە یەك، كۆتایی پێ‌ بهێنین.
       لەبەرئەوەی دووبارەبوونەوەی ئەرێنییانەی جیاوازی «خوێندنەوەیەكی نوێ‌ بۆ زەمان» دەخوازێت كە لە دەردە كرۆنۆلۆژییەكەی ڕزگاری بكات، بۆیە لە لۆژیكی ئیحساس دا، دۆلۆز ئەیۆن (Aion) لەبەرامبەر كرۆنۆسدا دادەنێت، كاتێك یەكەمیان واتای ئەوەیە «زمانێك بەردەوام دەڕوات و بەردەوامیش دەگەڕێتەوە؛ جا لە جیاتی ئێستا كە ڕابردوو و داهاتوو لە خۆ دەگرێت، ئەیۆن داهاتوو و ڕابردوویەك لە خۆ دەگرێت كە لە هەموو چركەساتێكدا درز دەخەنە ئێستاكە». (جێی خۆیەتی لەم بارەوە، لە چوارچێوەی تەواوكردنی بەیەكگەیاندنەوەی دلۆز و هایدیگەر و و گەڕانەوە بۆ هایدیگەر و سەلماندنی "نزیكایەتی" لە نێوانیاندا بڵێین كە ئەیۆن (Aion) كوڕی یادەوەری (Memoire)ـیە).
        ئاشكرایە نیچە زەمان لە ئێستاوە دەرك ناكات، وەك هایدیگەر دەڵێت زەمان بریتییە لەوەی كە «چركەسات (یان ئەم ساتە) بچووكترین بەش نییە لە ئێستا، بەڵكو ئێستا ئاوەڵا دەكات یان درزی تێدەخات». ئێستا وەك چركەسات كەلێنێك دروست دەكات لە دۆخی هەنووكەدا. چركەسات بریتییە لەوەی كە دژی ئەم زەمانە (intempestif) دروست دەبێت، ئەوەیە كە دژی زەمانی ئێستا دروست دەبێت «چركەسات بڕیاری ڕەخنەیی مێژووە كە بە چەكوشەكەیەوە دەكێشێت بە قورسایی ڕابردوو و قورسایی ئێستادا».
      ئەمە ئەو شێوە مومکینەیە كە بۆ دروستكردنی مێژووی فەلسەفی دەست دەدات. ئەو مێژووە مێژوویەكی كرۆنۆلۆجی نییە، بەڵكو مێژوویەكی ئەیۆنییە. مێژوویەكە دژی ئەم زەمانەی ئێستا، نا ئەکچواڵە (inactuel) و دژی هەموو زەمانێكە.

سەرچاوە:
ئەم وتارەی عبدالسلام بنعبد العالی، بەناوی  "دولوز مۆرخاً للفلسفة" لەم كتێبەدا بڵاو كراوەتەوە:
مجموعە من المؤلفین، جیل دولوز و سیاسات الرغبة، تحریر: د. أحمد عبدالحلیم عطية، الفكر المعاصر، سلسلة أوراق فلسفیة، دار الفارابی، بیروت- لبنان، الطبعة الأولى، 2011.

تێبینى: ئەم وتارە لە "کاکێشان" پاشکۆى کوردستانى نوێ، 2014، بڵاوبۆتەوە.

Sunday, 7 December 2014

عەشق و فاشیزم


هاوار محەمەد

تێڕوانینێك هه‌یه‌ پێیه‌كی له‌نێو ڕیشه‌كانی فه‌لسه‌فه‌دایه‌ و پێیه‌كی له‌نێو عیرفاندایه‌ و پێیه‌كیشی له‌نێو عه‌وامدایه‌, ئه‌م تێڕوانینه‌ عه‌شق وه‌ك كرده‌یه‌كی ڕوحی په‌تی ده‌بینێت و زۆر جار له‌ گوزاره‌كانی ڕۆژانه‌دا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ و گوێمان لێیان ده‌بێت: "من به‌ ڕوح تۆم خۆشده‌وێت", "له‌نێو ڕۆحمایت", "ڕۆحه‌كه‌م", "من و تۆ بووینه‌ته‌ یه‌ك كه‌س", "با ڕوخساریشی جوان نه‌بێت, گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ڕوحی جوانه‌" و..هتد, عه‌شق له‌نێو ئه‌م بازنه‌یه‌دا واته‌ خۆ داماڵین له‌ جه‌سته‌, سڕینه‌وه‌ و جێهێشتن و بێ‌ ده‌روه‌ستبوون به‌رامبه‌ر جه‌سته‌. جه‌سته‌ له‌ عه‌شقدا كوتله‌یه‌كی زیاده‌ و ناشیرین و نامۆیه‌, توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌شدار بێت له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا, هه‌تا عه‌شق له‌ ئاستی جه‌سته‌ بمێنێته‌وه‌ ئاره‌زوو و غه‌ریزه‌ و شه‌هوه‌ته‌, خۆشه‌ویستیی ڕاسته‌قینه‌یش ده‌چێته‌ ئه‌ودیوی ئاره‌زوو و شه‌هوه‌ت و غه‌ریزه‌كانه‌وه‌. عه‌شق له‌ ئاستی جه‌سته‌دا حه‌زه‌, حه‌ز نه‌ك ته‌نیا به‌شێك له‌ عه‌شق نییه‌ به‌ڵكو به‌ر‌به‌رستی به‌رده‌م عه‌شقیشه‌, حه‌ز عه‌شق كوژه‌.
هه‌ندێك ڕۆشنبیر پێشتر پۆلێنێكی كلاسیكیی له‌م جۆره‌یان بۆ ئه‌م ئاستانه‌ی په‌یوه‌ندی "من و ئه‌ویتر" كردووه‌: "عه‌شق- خۆشه‌ویستی-حه‌ز". عه‌شق خۆشه‌ویستی ڕوحییه‌ و دروستكردنی یه‌كێتییه‌ له‌گه‌ڵ مه‌عشوقدا, حه‌ز مانه‌وه‌یه‌ له‌ ئاستی جه‌سته‌دا و هه‌ستكردنێكی كاتییه‌ به‌ ئه‌ویتر وه‌ك له‌شێك بۆ سێكس و په‌یوه‌ندییه‌كی كورتخایه‌ن. خۆشه‌ویستیش سه‌نتێنزی ئه‌م دووانه‌یه‌ و هه‌ردووكیان له‌خۆیدا كۆده‌كاته‌وه‌, نیوه‌ی عه‌شقه‌ و نیوه‌ی حه‌ز به‌ڵام هه‌ردووكیشیان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌كات. له‌ ڕوانگه‌ی ده‌روونشیكارییه‌وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان ناوی جیاجیان بۆ یه‌ك ناولێنراو كه‌ هه‌رگیز ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی غه‌ریزه‌ و ئاره‌زووه‌كان, عه‌شق و خۆشه‌ویستی و حه‌ز سێ‌ چه‌ماوه‌ن كه‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك خاڵ.
ده‌توانین بیرۆكه‌كه‌ به‌م جۆره‌ دابڕێژینه‌وه‌: عه‌شق خۆشه‌ویستییه‌كی پاك و ساف و بێ‌ نیازه‌, هه‌ستكردنێكی ڕاسته‌قینه‌یه‌ به‌ ئه‌ویتر, به‌ گه‌وره‌یی و جوانی و نوری ئه‌ویتر, بینینی جوانی و ڕووناكی ڕه‌هایه‌ له‌ ئه‌ویتردا كه‌ به‌ چاوی سه‌ر نابینرێن, چونكه‌ چاوی سه‌ر ته‌نیا جه‌سته‌ و ڕواڵه‌ت ده‌بینێت, ئه‌وه‌ی ئه‌م جوانی و ڕووناكییه‌ ده‌بینێت چاوی دڵه‌. دڵ ڕه‌مزی ڕوحه‌, ده‌بێت دڵیش مه‌دلولی دیكه‌ی پێ‌ ببه‌خشرێت تا وه‌ك ئۆرگانێكی جه‌سته‌یی نه‌مێنێته‌وه‌. ئه‌م عه‌شقه‌ عیرفانییه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ ئاستی عه‌شقی ئیلاهی و په‌یوه‌ندی نێوان خودا و به‌نده‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه‌, به‌ڵكو له‌نێو موماره‌سه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشدا خۆی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه‌ جه‌وهه‌ره‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ جێهێشتنی جه‌سته‌ و تێكه‌ڵبوون و یه‌كگرتنی ڕوحی, جه‌سته‌ زیندانه‌كه‌ی ڕوحه‌ و ده‌بێت ڕوح خۆیی لێ‌ ئازاد بكات. عه‌شق جه‌سته‌ ده‌سڕێته‌وه‌ و تا ئاستی سفر دایده‌به‌زێنێت: عه‌شق پله‌ی سفری جه‌سته‌یه‌. په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌ ئاستی ڕوحدا ئه‌بستراكت ده‌بێته‌وه!‌. تۆ بڵێی  نیچه‌ هه‌ڵه‌ی كردبێت كه‌ له‌ (ئه‌نتی مه‌سح)ـدا ده‌ڵێت: "ڕوحی په‌تی, گه‌مژه‌ییه‌كی په‌تیشه‌"؟ به‌ هه‌رحاڵ... 
پله‌ی سفری جه‌سته‌ پله‌ی باڵای ڕوحه‌, وه‌ك بڵێی هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌گۆڕێت, هه‌تا گه‌شتی ڕوح بۆ لای مه‌عشوق به‌رزتر ببێته‌وه‌ پله‌ی جه‌سته‌ نزمتر ده‌بێته‌وه‌. له‌دۆخی یه‌كێتی عاشق و مه‌شوقدا جه‌سته‌ ده‌بێته‌ شتێكی زیاد, به‌ توانه‌وه‌ی عاشق له‌ مه‌عشوقدا جه‌سته‌ی ده‌بێته‌ بێگانه‌.
له‌م ڕوانگه‌یه‌دا جه‌سته‌ به‌ربه‌ستی به‌رده‌م عه‌شقه‌, ماتریالێكی ئێس قورسه‌ و پڕیه‌تی له‌ غه‌ریزه‌ی ئاژه‌ڵی و ئاره‌زووی ترسناك كه‌ مرۆڤ به‌ شوێنی خۆی و زه‌مینی خۆیه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ و ناهێڵن ڕوح ئازاد بێت, شتێك پیسی ده‌خاته‌ نێو بێگه‌ردییه‌وه‌ و هه‌میشه‌ی مایه‌ی شێواندنی خۆشه‌ویستی حه‌قیقییه‌ و بگره‌ مایه‌ی شێواندنی حه‌قیقه‌تیشه، خۆشه‌ویستی مه‌جازی ته‌نیا پلیكانه‌یه‌ و ده‌كرێت به‌ ژێر پێیه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی عاشق له‌ مه‌عشوقه‌ ئینسانییه‌كه‌یدا خۆشی ده‌وێت جوانی مه‌عشوقه‌كه‌ی نییه‌، به‌ڵكو ئایدیای "جوانی"ـیه‌. جه‌سته‌ نوقمی نێو دنیای فره‌ییه‌, فره‌ییش ئاماژه‌یه‌ به‌ جیاوازی و لێكیجیایی, جیاوازیش واته‌ بوونی مه‌ودا له‌نێوان "من" و "تۆ"دا, واته‌ پاراستنی مه‌ودای نێوان سوبێكت و ئه‌وانیتر. عه‌شقیش كتومت پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دۆخه‌یه‌, واته‌ هه‌ڵگرتنی مه‌ودا له‌نێوان "من" و "تۆ"دا, واته‌ سڕینه‌وه‌ی جیاوازیمان، بوونمان به‌ یه‌ك ئایدیاڵ. پارادۆكسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ سڕینه‌وه‌ی جیاوازی به‌ناوی عه‌شقه‌وه‌ ئه‌شێت سه‌ربكێشێت بۆ سڕینەوە و فاشیزم, فاشیزم به‌رامبه‌ر به‌ جه‌سته‌. تۆ بڵێیی ڕه‌وا بێت ئه‌م دوو چه‌مكه‌ سیاسییه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌ سۆزدارییه‌كان به‌كاربهێنین؟ ئایا ده‌كرێت باس له‌ فاشیزم به‌رامبه‌ر به‌ جه‌سته‌ وه‌ك كوتله‌یه‌كی ڕه‌ش، بكه‌ین؟ گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵتر بپرسین: ئایا ده‌كرێت "عیرفان" یەکێک لە ڕیشەکانى سیاسەتى فاشیستى بێت؟ ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو پرسیاره‌ ئاسان نه‌بێت, به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌م تێبینییه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو: بیرۆكه‌ی یه‌كێتی و هه‌ڵگرتنی مه‌ودا و جیاوازی له‌نێوان عاشق و مه‌عشوقدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ بەناوى تۆتالیتێوە هەنگاوێک بچێتە پێشەوە و ببێتە مایەى سڕینەوەى "ئەویتر" هێنانه‌ خواره‌وه‌ی جه‌سته‌یش بۆ ئاستی سفر و بێ‌ به‌هاكردنی جه‌سته‌ ده‌شێت ناڕاسته‌وخۆ یان ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وایه‌تی به‌ سڕینه‌وه‌ و پاكتاوكردنی جه‌سته‌ بدات، عه‌شقى یەکخوازانە به‌م تێگه‌یشتنه‌ی سه‌ره‌وه‌ مه‌یل و پۆتێنشیه‌لی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌سی فاشیست و تۆتالیتار له‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌رهه‌م بهێنێت. مرۆڤ ئه‌كرێت له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا هه‌م تۆتالیتار بێت و هه‌میش فاشیست.

تێبینى: ئەم فراگمێنتە بەشێکە لە وتارێکى درێژتر کە لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا بڵاوبۆتەوە.   

Saturday, 6 December 2014

له‌ په‌یكه‌ره‌وه‌ بۆ مانیكان


هاوار محەمەد

جه‌سته‌ به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری بوونه‌ په‌یكه‌ری هه‌یه‌, ئه‌كرێت بۆماوه‌یه‌كی كورت یان درێژ ببێته‌ په‌یكه‌ر, مۆمیاكه‌ی ئه‌خناتۆن, مه‌سیح به‌سه‌ر خاچه‌كه‌یه‌وه‌, شه‌هیدانی كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌, كه‌سێك كه‌ بۆ چه‌ند ساتێك جوڵه‌ له‌ خۆی ده‌بڕێت تا وێنه‌یه‌كی ده‌گیرێت, مرۆڤێك كه‌ له‌ ناكاو ده‌مرێت و بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك بزانێت ئه‌و ئیدی مرۆڤێك نییه‌, به‌ڵكو په‌یكه‌ره‌. ئه‌م دۆخی به‌ په‌یكه‌ربوونه‌ گۆڕانی ڕاسته‌وخۆی له‌شه‌ له‌ جه‌سته‌وه‌ بۆ په‌یكه‌ر, خودی له‌ش بۆته‌ لاشه‌, هه‌ر جه‌سته‌یه‌ به‌ڵام له‌ دۆخی ڕاوه‌ستان و وشكبووندا. جاری وایش هه‌یه‌ به‌ په‌یكه‌ربوونی جه‌سته‌ گۆڕانێكی هه‌مه‌كی و ڕاسته‌وخۆی له‌ش نییه‌ بۆ په‌یكه‌ر, به‌ڵكو دابه‌شبوونی له‌شه‌ به‌سه‌ر خۆی و په‌یكه‌ره‌كانیدا, په‌یكه‌ر ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌, یاخود هه‌ر په‌یكه‌رێك له‌شێكه‌ بۆ هه‌مان جه‌سته‌, جه‌سته‌ كۆمه‌ڵه‌ په‌یكه‌رێكه‌ و هه‌ر په‌یكه‌رێكیش جه‌سته‌یه‌ك. تا سه‌رده‌مێكیش كه‌ خودا له‌نێو مرۆڤه‌كاندایه‌ و شوێنی خۆی ناشارێته‌وه‌, بوونی ته‌نیا له‌ خۆیدا نییه‌ به‌ڵكو له‌نێو په‌یكه‌ره‌كانیشدایه‌, په‌یكه‌ری خوداكان به‌شێك بوون له‌ خوداكان خۆیان, یان هه‌ر خودایه‌ك خۆی و په‌یكه‌ره‌كانی بووه‌, جه‌سته‌ی خودا جه‌سته‌یه‌كی دابه‌ش بووه‌ له‌نێو خۆی و په‌یكه‌ره‌كانیدا, هه‌ر په‌یكه‌رێكیش جه‌سته‌یه‌كی خودا بووه‌.
دیكتاتۆره‌كان لاساییكه‌ره‌ی خوداكانن, پارچه‌یه‌ك له‌ودا هه‌یه‌ ئه‌بێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌, ئه‌و ته‌نیا له‌ كۆشكه‌كانیدا نییه‌, به‌ڵكو به‌شێكیشی ده‌نێرێته‌ نێو شوێنه‌ گشتییه‌كانی شاره‌وه‌. پێناچێت هیچ دیكتاتۆرێك هه‌بووبێت و شه‌یدایی بۆ په‌یكه‌ر نه‌بووبێت, شێتی ئه‌وه‌ نه‌بووبێت كه‌ په‌یكه‌ره‌كانی خۆی له‌ هه‌موو شوێنێكدا ببینێته‌وه‌. په‌یكه‌ره‌كانی دیكتاتۆر له‌ زه‌ینی خه‌ڵكدا ته‌نیا به‌رد و مه‌ڕمه‌ڕ نین, به‌ڵكو ڕوحی دیكتاتۆر له‌نێو هه‌ر یه‌كێكیاندا هه‌یه‌, په‌یكه‌ره‌كان خودی دیكتاتۆرن له‌ جه‌سته‌ی دیكه‌دا, هه‌ر هه‌وڵێك بۆ شكاندنی په‌یكه‌رێك هه‌وڵێكه‌ بۆ شكاندنی دیكتاتۆر. كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان كوشتنی دیكتاتۆره‌ له‌ سه‌ری خه‌ڵكدا, دیكتاتۆر ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی په‌یكه‌ره‌كانییه‌وه‌ زیندووه‌. ڕه‌نگه‌ شكاندنی بته‌كان له‌لایه‌ن ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ هه‌وڵێك بووبێت بۆ شكاندنی بته‌كان له‌سه‌ری خه‌ڵكدا, به‌ڵام تۆ بڵێی به‌ شكاندنی په‌یكه‌ره‌كان بته‌كانیش له‌نێو سه‌ری خه‌ڵكدا بمرن؟ ڕه‌نگه‌ شكاندن قه‌ده‌ری هه‌ر بت و په‌یكه‌رێك بێت، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ بته‌كان له‌ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بكوژیت، هه‌ر بتێك كه‌ ده‌شكێت بتێكی تر له‌دوای خۆی دروست ده‌كات.
به‌ هه‌رحاڵ لایه‌نی كه‌م كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان هه‌وڵێكه‌ بۆ كوشتنی خودی دیكتاتۆر، له‌ یادمانه‌ له‌ ساڵی 1991 و 2003 دا چۆن ده‌ستڕێژی گولله‌ له‌ په‌یكه‌ره‌كانی سه‌دام حسێن كرا, چۆن به‌نێو شه‌قامه‌كاندا ڕاكێشران و به‌رد باران كران. وه‌ك بڵێی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه‌ ته‌نیا به‌رد و مه‌ڕمه‌ڕ نییه‌, به‌ڵكو خودی سه‌دام حسێنه‌. كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان كوشتنی ڕه‌مزیی دیكتاتۆره‌, ئه‌م قسه‌یه‌ی كه‌ خه‌ڵك  په‌یكه‌ره‌كان به‌ خودی دیكتاتۆر تێده‌گه‌ن بۆ زه‌ینی دیكتاتۆر خۆیشی ڕاسته‌. گه‌ر ته‌قه‌ له‌ له‌ یه‌كێك له‌ په‌یكه‌ره‌كان بكرێت دیكتاتۆر وا تێده‌گات ته‌قه‌ له‌ خودی خۆی كراوه‌, به‌ نه‌عل بكێشیت به‌ سه‌ری په‌یكه‌ردا ڕێك كێشاوته‌ به‌سه‌ری خۆیدا, جه‌سته‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ به‌ شه‌قامه‌كاندا ڕای بكێشێت كتومت دیكتاتۆرت به‌ شه‌قامه‌كاندا ڕاكێشاوه‌. دیكتاتۆر وا ده‌زانێت كه‌ په‌یكه‌ره‌كانی بڕوخێت ئیدی له‌ سه‌ری خه‌ڵكیشدا مردووه‌, بگره‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌ ئاسته‌ واقیعییه‌كه‌یشدا دروسته‌, به‌ زۆریی دوای كوشتنی په‌یكه‌ره‌كان خودی دیكتاتۆریش كوژراوه‌, مه‌گه‌ر ئه‌و په‌ته‌ی خرایه‌ ملی سه‌دام حسێن هه‌مان سیناریۆی ئه‌و په‌ته‌ نه‌بوو كه‌ خرایه‌ ملی په‌یكه‌ره‌كه‌ی و به‌ شه‌قامه‌كاندا ڕاكێشرا؟
له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا كاپیتالیزم وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی ڕه‌مزه‌كانی خۆی ناكاته‌ په‌یكه‌ر, به‌ڵكو به‌رده‌وام مرۆڤه‌كان ده‌كاته‌ په‌یكه‌ر, سه‌رمایه‌داریی ئیدی پێویستی به‌وه‌ نییه‌ په‌یكه‌ره‌كانی خۆی له‌ هه‌موو شوێنێكدا دابنێت تا به‌رده‌وام سوبێكته‌كان هه‌ست به‌ بوونی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن, به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی میكانیزمه‌كانی خۆیه‌وه‌ بۆ بره‌ودان به‌ بازاڕ سوبێكته‌كان به‌ پرۆسه‌ی به‌په‌یكه‌ربووندا ده‌بات. مانیكانه‌كان (نماییشكارانی جل و به‌رگ و پۆشاك و كاڵاكان), جۆرێكن له‌ په‌یكه‌ر, كتومت وه‌ك ئه‌و په‌یكه‌ره‌ بێ‌ ڕۆحانه‌ی كه‌ له‌نێو جامخانه‌ی مۆڵه‌كان و بازاڕه‌كاندا دانراون و جل و به‌رگیان پێ‌ نماییش ده‌كرێت. ئه‌م په‌یكه‌رانه‌ ئیدی په‌یكه‌ری ترسناك نین, ئیدی ده‌سته‌كه‌ی هیتله‌ر و سه‌دام حسێن نین, به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك مانیكانی ڕۆح سوكن كه‌ مۆدێلی كاڵا و كه‌ل و په‌له‌كانمان پیشان ده‌ده‌ن. په‌یكه‌ری بێ‌ جوڵه‌ و وشك و یه‌ك فۆرم نین, به‌ڵكو هه‌رجاره‌ و به‌ جۆره‌ مۆدێلێكی جل و به‌رگ و ڕه‌نگی قژ و ڕوخسارێكه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌وان دێن و نماییشی كه‌ل و په‌له‌كان ده‌كه‌ن, وه‌ك بڵێی ئه‌وان له‌ پێناو پۆشاكه‌كاندا دروست كراون, بونن له‌ پێناو نماییشدا, كاڵا پێش ئه‌وان كه‌وتووه‌, ئه‌وه‌ ئه‌وان نین كه‌ پۆشاكه‌كان ده‌پۆشن, به‌ڵكو پۆشاكه‌كان ئه‌وانی كردۆته‌ به‌ر خۆی, كاڵا به‌ پێی باڵای ئه‌وان نه‌دوراوه‌, به‌ڵكو ئه‌وان به‌ پێی كاڵاكان بڕدراون. ئه‌م په‌یكه‌رانه‌ به‌ نماییشه‌كانیان په‌یكه‌ری دیكه‌یش به‌رهه‌م دێننه‌وه‌, بره‌ودان به‌ مۆدێله‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان ببینه‌ په‌یكه‌ری كاڵاكان, وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نماییش, سوبێكته‌كانیش ده‌بنه‌ مانیكان, هیچ سه‌رده‌مێك نه‌بووه‌ هێنده‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ په‌یكه‌ر تێیدا زۆر بێت چونكه‌ هه‌ر سوبێكتێك بۆ خۆی جۆره‌ په‌یكه‌رێكه‌, له‌نێو سه‌رمایه‌داریدا هه‌ر مرۆڤێك مانیكانێكی نماییشه‌. لە دواى هاتنى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى وەک ئینستاگرام و سناپ چات ناوێک بۆ مانیکانەکان دەدۆزرێتەوە: "مۆدێل". مۆدێلەکان بە تایبەت لە کۆمەڵگەى ئێمەدا دەبنە ئەستێرەى فەزاى مەجازى و میدیا و گۆرانى و فیلمەکانیش، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان تەنیا یەک بەهرە دەزانن: "وێنەى سێڵفى".

تێبینى: ئەم فراگمێنتە بەشێکە لە وتارێکى درێژتر، لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"دا بڵاوبۆتەوە.

Friday, 5 December 2014

کۆڤاڵیۆڤ لە سەنتەرى جوانکارى!‌

هاوار محەمەد

ماكیاژ ماسكێكه‌ به‌ پێسته‌وه‌ نووساوه‌, بۆته‌ به‌شێك له‌ ڕوخسار, ئه‌شێت دابماڵرێت به‌ڵام هه‌ر زوو سوبێكت هه‌ست ده‌كات شتێك هه‌یه‌ به‌ ڕوخسارییه‌وه‌ نه‌ماوه‌, پارچه‌یه‌كی لێ‌ ون بووه‌, هه‌ست ده‌كات په‌ڵه‌یه‌ك له‌سه‌ر ڕوخساری ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پێشتر ماكیاژ دای پۆشیبوو ئه‌م داپۆشینه‌ هاوپێچه‌ به‌ دووڵی و دڕدۆنگی، هه‌ر ماكیاژه‌كه‌ نه‌مێنێت په‌ڵه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێته‌وه: "په‌ڵه‌كه‌ دیسان ده‌چێته‌وه‌ ناوه‌وه‌". سوبێكت هه‌میشه‌‌ دڕدۆنگه‌ له‌وه‌ی هێشتا ئه‌م نوقسانییه‌ دانه‌پۆشراوه‌، هه‌میشه‌ هه‌ست ده‌كات ناڕێکییەک هه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ چاککردنە هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت به‌ ماكیاژ ئەم کارە بکات، به‌ڵام هێشتا ماكیاژه‌كه‌ په‌ڵه‌كه‌ ناشارێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ماكیاژ خۆی په‌ڵه‌كه‌یه‌ له‌ ماده‌دا، هه‌ڵبه‌ت به‌ پێی تێزه‌ ده‌روونشیكارییه‌كان ئه‌م چاڵه‌ پڕ نابێته‌وه‌ چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ بونیادی سوبێكتێك كه‌ هه‌میشه‌ به‌دوای ئۆبێكتی ئاره‌زووه‌كانیدا ده‌گه‌ڕێت بێ‌ ئه‌وه‌ی هیچ ئۆبێكتێك بتوانێت پڕی بكاته‌وه‌. ئه‌م په‌ڵه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ ڕوخساری سوبێكتدا ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڵكو له‌ ته‌واوی بونیادی سوبێكتدایه‌ و چاڵێكه‌ هه‌رگیز بۆی پڕنابێته‌وه‌‌.
ماكیاژ ڕوخساری دووه‌مه‌, به‌ڵام له‌ ڕوخساری یه‌كه‌میش جیا نابێته‌وه‌, جاری وا هه‌یه‌ ئه‌م دوو ڕوخساره‌ ڕۆڵی خۆیان ده‌گۆڕنه‌وه‌, ڕوخسار ده‌بێته‌ زیاده‌ بۆ سه‌ر ماكیاژ! وه‌ك بڵێی ئه‌مجاره‌ نابێت په‌ڵه‌ له‌ ماكیاژه‌كه‌دا بێت. ڕوخسار ته‌نیا سه‌تحێكی خامه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی ماكیاژ (وه‌ك له‌ ڕیكلامه‌كاندا ده‌بینین, كه‌ ڕوخسار ئۆبێكته‌ بۆ ماكیاژ یان سابون). ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چاوێكی جوان نییه‌ به‌ڵكو جوانی و گونجاوی ماكیاژه‌كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چاودا. ڕوخسار و ماكیاژ له‌ یه‌ك ڕوخساری هه‌مه‌كیدا كۆده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئه‌سته‌مه‌ لێكیان جیا بكه‌ینه‌وه‌, توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خۆی به‌ ڕوخساره‌وه‌ بلكێنێت, هه‌موو ڕوخسار ده‌ستكاریی ناكات و شێوه‌ و ئه‌دگار به‌ ڕادیكاڵی ناگۆڕێت, به‌ڵكو له‌گه‌ڵیدا گونجان و ته‌بایی و هارمۆنیا دروست ده‌كات, ڕوخسار چه‌نده‌ مه‌حكومه‌ به‌ ماكیاژ ماكیاژیش مه‌حكومه‌ به‌ شێوه‌ی ئه‌دگار و ڕوخسار, ماكیاژ وه‌ك په‌رده‌یه‌كی ته‌نك شێوه‌ی ڕوخسار وه‌رده‌گرێت. له‌م فێڵه‌یشه‌وه‌ ماسكبوونی خۆی ده‌شارێته‌وه‌ و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ نادات وه‌ك ده‌مامك ببینرێت. ماكیاژ ڕوخسارێكی تره‌ و ده‌خرێته‌ سه‌ر په‌ڵه‌ ئه‌به‌دییه‌كه‌، به‌ڵام "هێشتا په‌ڵه‌كه‌ ماوه"‌!
ئه‌وه‌ی ماكیاژ ناتوانێ‌ له‌ ڕوخسار یان له‌ جه‌سته‌دا ده‌ستكاریی بكات نه‌شتگه‌ریی جوانكاریی ده‌ستكاریی ده‌كات, ئه‌گه‌ر ماكیاژ مه‌حكومه‌ به‌ شێوه‌ی ڕوخسار, ئه‌وا نه‌شتگه‌ریی جوانكاریی توانای ئه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ده‌ستكاریی به‌شێك یان ئه‌ندامێك له‌ ڕوخسار بكات. بۆ نموونه‌ ئه‌شێت لووتی پان بكاته‌ لوتێكی قنج, جه‌سته‌یه‌كی قه‌ڵه‌و لاواز بكاته‌وه‌, لێوی ته‌نك ئه‌ستوور بكات..هتد. نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی درێژبووه‌وه‌ی ماكیاژ نییه‌, به‌ڵكو پێویسته‌ وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی زۆر تایبه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان لێی تێ بگه‌ین, وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕێك به‌شێكه‌ له‌و سیسته‌مه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ واقیع پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات و ڕێ‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ی نادات, هه‌ر واقیعێك ئه‌شێت پارچه‌یه‌ك بێت و به‌ كایه‌ی پسپۆری تایبه‌تمه‌ند ئیشی له‌سه‌ر بكرێت.
مرۆڤی ئه‌م قۆناغه‌ی سه‌رمایه‌داریی ته‌نیا نه‌كراوه‌ به‌ ڕۆبۆت, به‌ڵكو كراوه‌ به‌ گه‌مه‌ی یارییش, ته‌نیا تواناكانی له‌ به‌رهه‌مهێنانی كاڵادا ناقۆزرێته‌وه‌, به‌ڵكو بڕێكی زۆر كاڵا و به‌رهه‌مه‌كانیشی ده‌خرێته‌وه‌ به‌رده‌ست و له‌نێو كاڵا و به‌رهه‌مدا غه‌رق ده‌بێت, زه‌وق و سه‌لیقه‌ و هه‌ڵبژادن له‌لایه‌ن سوبێكت خۆیه‌وه‌ دیاری ناكرێـت به‌ڵكو كاپیتالیزم خۆی له‌ڕێگه‌ی مۆده‌ و فاشن و ئه‌ستێره‌كانه‌وه‌ زه‌ق و سه‌لیقه‌كان دیاری ده‌كات. پییه‌ر بۆردیۆ پێی وایه‌ سیسته‌می كاپیتالی مه‌یل و حه‌ز و سه‌لیقه‌ی نوێ‌ بۆ به‌رهه‌كانی ده‌بینێته‌وه‌ و به‌رهه‌می نوێیش بۆ مه‌یل و سه‌لیقه‌كان, ته‌نیا كاڵاكان به‌رهه‌م ناهێنێت به‌ڵكو مه‌یل و خواست بۆ كاڵاكانیشی به‌رهه‌م ده‌هێنێت, بۆردیۆ ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ ناو ده‌نێت "فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی مه‌یله‌كان" و "فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی شته‌كان", به‌ قه‌ولی لاكانیش "ئاره‌زوو به‌رده‌وام ئاره‌زووی ئه‌وی دیكه‌ی گه‌وره‌یه‌".  
جوانكاریی پزیشكی, وه‌ك به‌رهه‌مێكی زانستی, مرۆڤ وه‌ك گه‌مه‌ی یاریی ده‌بینێت, ئه‌شێت سه‌رتاپای پارچه‌كانی جه‌سته‌ لێك هه‌ڵوه‌شێنێت و به‌جۆرێكی تر پێكه‌وه‌یان بنێته‌وه‌ و بگره‌ ده‌شێت پارچه‌ی ئینسانه‌كان بۆ یه‌كتری دابنێت. سیسته‌م سوبێكتێك دروست ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ داوای گۆڕینی پارچه‌یه‌كی خۆی ئه‌كات, هه‌میشه‌ هه‌ستده‌كات نوقسانییه‌ك له‌ ڕوخساریدا هه‌یه‌, ئیدی سوبێكت خاوه‌نی شوناسێكی یه‌كگرتوو و كۆنكرێتی نییه‌, به‌ڵكو بوونه‌وه‌رێكی پارچه‌ پارچه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام به‌ شوناسه‌كانی خۆی پڕی ده‌كاته‌وه‌.
بینینی جه‌سته‌ وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی په‌رژ و بڵاو و پارچه‌ پارچه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سوبێكته‌ بۆ قۆناغی ئاوێنه‌ی لاكانی. لای لاكان منداڵ له‌ ته‌مه‌نی 6- 18 مانگیدا له‌ ڕێگه‌ی ئاوێنه‌وه‌ هه‌ست به‌ شوناسی خۆی ده‌كات, له‌ واقیعدا جه‌سته‌ی پارچه‌ پارچه‌ ده‌بینێت و پێی وانییه‌ ئه‌و كۆیه‌ك بێت پارچه‌كانی كۆكردبێته‌وه‌, به‌ڵكو خۆیی ڕێك وه‌ك ئه‌و بوكه‌ڵه‌ و گه‌مه‌ منداڵانه‌ دێته‌ به‌رچاو كه‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌شیان پارچه‌ پارچه‌یه‌ و پێكه‌وه‌ نراون, جاری وا هه‌یه‌ یه‌كێك یان چه‌ند ئه‌ندامێكیان لێ‌ ده‌بنه‌وه‌ و بگره‌ ده‌كرێت هه‌موو ئه‌ندامه‌كانیان لێك هه‌ڵوه‌شێنرێن و له‌ ته‌نیشی یه‌كترییه‌وه‌ ڕیز بكرێن بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌یت ئه‌مانه‌ خاوه‌نی یه‌كێتییه‌كن. منداڵ له‌ ته‌ماشاكردنی خۆی له‌ ئاوێنه‌دا و چه‌ندباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م بینینه‌، له‌ ڕێگه‌ی هێڵێكی خه‌یاڵی و فه‌نتازییه‌وه‌ هه‌ست به‌ یه‌كێتی جه‌سته‌یی خۆی ده‌كات, ئیدی ده‌زانێت ئه‌و منه‌ی ناو ئاوێنه‌كه‌ خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كی یه‌كپارچه‌یه‌. سوبێكتێك كه‌ جه‌سته‌ی خۆی وه‌ك خاوه‌نی یه‌كێتییه‌ك نابینێت و پێی وایه‌ ئه‌شێت به‌شێكی لێبكرێته‌وه‌ و به‌شێكی تری بۆ دابنرێت هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ منداڵی قۆناغی ئاوێنه‌كان كه‌ هێشتا ئاوێنه‌ی نه‌بینیوه‌، کە هێشتا نەهاتۆتە نێو سیستەمى خەیاڵییەوە.
 له‌ زه‌ین و خه‌یاڵی سوبێكتدا په‌ڵه‌یه‌ك به‌ ده‌م و چاوییه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌بێ ده‌ستكاریی بكرێت, شتێك هه‌یه‌ ناشیرینی كردووه‌, ڕوخساری "پڕ به‌دڵ"ـی خۆی نییه‌, شتێك هه‌یه‌ به‌ خواری هاتووه‌ و ئه‌بێ ڕاست بكرێته‌وه‌, شتێك هه‌یه‌ له‌ ئه‌دگاری ئه‌مدا بوونی نییه‌, زیادەیەک یان نەقسێک هه‌یه‌ ناهێڵێت ببێت بە "شاجوان", گرنگی لێكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیاده‌یه‌, ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ كه‌ له‌ نوقسانییه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتووه‌, وه‌ك گرنگی لكانه‌وه‌ی لوته‌كه‌ی "كۆڤالیۆڤ"ه‌ به‌ ڕوخسارییه‌وه‌ له‌ چیرۆكه‌كه‌ی "گۆگۆل"ـدا. هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی "لووت"ـی گۆگۆل كتومت هه‌مان دۆخ به‌ سوبێكت ده‌دات. دوای ئه‌وه‌ی كۆڤالیۆڤ به‌یانییه‌ك لووتی خۆیی لێ‌ ون ده‌بێت, دواتر بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌موو شاری پیترسبۆرگی به‌ شوێندا ده‌گرێت. وه‌نه‌بێ‌ لووته‌كه‌ی خۆی نه‌بینێته‌وه‌ به‌ڵام لووتی لێی یاخی بووه‌ و له‌ زۆر كاتدا دێته‌وه‌ به‌رده‌می و گاڵته‌ی پێ ده‌كات, ئه‌م لوته‌ مێشك و هزری كۆڤالیۆڤ به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كات, چوون ئه‌یه‌وێت بیگرێت و بیخاته‌وه‌ شوێنی خۆی و نوقسانییه‌كه‌ی پڕ بكاته‌وه‌. هه‌تا ئه‌و لووته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بێت كۆڤالیۆڤ بێزار ده‌كات و ئازاری ده‌دات, ئه‌بێت لووته‌كه‌ بخرێته‌وه‌ شوێنی خۆی. جوانكاریی بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكی له‌ش شتێكه‌ وه‌ك چیرۆكه‌كه‌ی گۆگۆل, شتێك له‌ جێی خۆیدا نییه‌, پارچه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ و جه‌سته‌ كورتی هێناوه‌ یان زۆرتری له‌ ڕاده‌ی خۆی هێناوه‌, ئه‌ندامێك هارمۆنیای جه‌سته‌ و ڕوخساری تێكداوه‌ و شایه‌نی ده‌ستكاریكردنه‌. سیسته‌م فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی ناشیرنییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كه‌ره‌سته‌ جوانكارییه‌كانی ئه‌و بیشارینه‌وه‌, به‌ مانایه‌كی تر فه‌زای به‌رهه‌مهێنانی جوانی وه‌همیشه‌ وه‌ك فێلێك بۆ پڕكردنه‌وه‌ی نوقسانییه‌ك كه‌ پڕ نابێته‌وه‌.

تێبینى: ئەم فراگمێنتە بە ناوى "سوبێکت لووتى نییە!" بەشێکە لە وتارێکى درێژتر کە لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا بڵاوبۆتەوە. 


Thursday, 4 December 2014

پاكێج و پۆشاك

هاوار محەمەد

یه‌كه‌م جیابوونه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ ڕووتیی جه‌سته‌ی خۆی له‌ رێگه‌ی ئایینه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ گه‌یشتووه‌ واته‌ چیرۆكه‌كه‌ی ئاده‌م, ئه‌وه‌یش ئه‌و ساته‌ بوو كه‌ مرۆڤ له‌ جه‌سته‌ی خۆی به‌ئاگا هاته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ تیۆلۆژیا حیكایه‌تێكی تر بگێڕێته‌وه‌ و زانستیش ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ به‌ نیشانه‌ی پێشكه‌وتنی عه‌قڵی مرۆڤ له‌ شێوه‌ ژیانی نیمچه‌ ئاژه‌ڵییه‌وه‌ و بۆ شێوه‌ ژیانی نیمچه‌ شارستانی لێكده‌داته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌كرێت له‌ ڕووی ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌وه‌ قسه‌ی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ین, به‌ڵام له‌م تێبنییه‌ كورته‌دا ئه‌مه‌ نیازی ئێمه‌ نییه‌, به‌ڵكو سه‌رنج له‌ سووچێكی دیالێكتیكی جه‌سته‌ و جل ده‌ده‌ین.
یه‌كه‌م ساتی مێژووی مرۆڤ به‌ ڕووتی ده‌ست پێده‌كات, وه‌ك چۆن مرۆڤ له‌ یه‌كه‌م ساتی له‌ دایكبوونییه‌وه‌ بوونه‌وه‌رێكی ڕووته‌. ڕووتی ئه‌گه‌ر له‌ دۆخه‌ سروشتییه‌كه‌یدا به‌ نێو ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤدا درێژبووایه‌ته‌وه‌ ئه‌وا شتێك نه‌بوو له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ جێی سه‌رنج بێت, به‌ڵام جه‌سته‌ی ڕووت ئه‌و كاته‌ ده‌بێته‌ جێی سه‌رنج كه‌ پۆشاك ئاماده‌یی هه‌بێت و پۆشین به‌شێك بێت له‌ كولتووری مێژوویى مرۆڤ و به‌شێك بێت له‌ كۆ خه‌یاڵدان و ڕه‌فتاریی ده‌سته‌جه‌معی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك, واته‌ كولتووری جل پۆشین دۆخی گشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت, لایه‌نی كه‌م له‌ نێو بواره‌ گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییدا (به‌ چه‌مكه‌ كۆمه‌ڵناسی و ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كه‌) سه‌رنجدان له‌ جه‌سته‌ ده‌چێته‌ ئه‌ودیوی ڕووتییه‌وه‌ وه‌ك دۆخێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریتی, وه‌ك شتێك شایه‌نی لۆمه‌ و تانه‌. به‌رهه‌حاڵ ئه‌مه‌ دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ شارستانییه‌كانی ئه‌مڕۆ نییه‌, ئه‌گه‌ر هه‌یشبێت وه‌ك حه‌قیقه‌تی سروشتی جه‌سته‌یی نییه‌, به‌ڵكو ئایدیۆلۆیا ته‌وزیفی ده‌كات, بگره‌ ئایدیۆلۆژیا هه‌ردوو جه‌مسه‌ری گه‌مه‌كه‌ ته‌وزیف ده‌كات, واته‌ گه‌مه‌ی داپۆشین/ ده‌رخستن. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانیدا پۆشاك جێگای پێست ده‌گرێته‌وه‌, جل ده‌بێته‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌, پۆشاك ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ ده‌شارێته‌وه‌ به‌ڵام خۆی وه‌ك به‌شێك له‌ جه‌سته‌ ده‌رده‌خات, وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ ده‌بێته‌ هه‌میشه‌ له‌نێو پۆشاكدا بێت, ته‌نیا له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ (ئایدیۆلۆژیا) ڕێگه‌ به‌ ده‌ركه‌وتنی ده‌دات.
جه‌سته‌ی ڕووت دۆخه‌ سروشتییه‌كه‌ی جه‌سته‌یه‌, جه‌سته‌ی ڕاسته‌قینه‌ جه‌سته‌یه‌كی ڕووته‌, به‌ڵام ڕاستییه‌كیشه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی دراوه‌. مرۆڤ ویستوویه‌تی له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ خۆی له‌ ئاژه‌ڵ جیابكاته‌وه‌, ژیان به‌ ڕووتی شێوه‌ ژیانی ئاژه‌ڵانه‌یه‌, ده‌بێت مرۆڤ خۆی دابپۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی "ناشیرینییه‌كان"ـی ده‌رنه‌كه‌وێت و "عه‌وره‌ت"ـی خۆی بشارێته‌وه‌, كه‌م و كورتییه‌كانی بكات به‌ژێر پۆشاكه‌وه‌. دواجار داپۆشین ته‌نیا له‌و ئاسته‌دا ناوه‌ستێت كه‌ عه‌وره‌تی مرۆڤ و نوقسانییه‌كانی بشارێته‌وه‌ به‌ڵكو ده‌بێت زۆربه‌ی به‌شه‌كانی له‌ش دابپۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی "جوانییه‌كان"ـی له‌شولار ده‌رنه‌كه‌وێت, چونكه‌ حزوری جه‌سته‌ حزورێكی شه‌یتانییه‌ و مرۆڤ ده‌خاته‌ نێو خرۆشان و مه‌ستی و فه‌ساده‌وه‌. جل و به‌رگ و پۆشاك ته‌نیا جه‌سته‌ داناپۆشن, به‌ری عه‌وره‌ت ناگرن و ته‌نیا پێشت ناشارنه‌وه‌, چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌شێت به‌ گۆڕینی ڕه‌نگی پێست له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌نگی ده‌ستكرد یان هه‌ر هۆكارێكی دیكه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت, ئایدیۆلۆژیای پۆشین ئامانجی ته‌نیا شاردنه‌وه‌ی ڕه‌نگی جه‌سته‌ و پێستی مرۆڤ نییه‌, به‌ڵكو مه‌به‌ستی له‌ داپۆشینی به‌رز و نزمییه‌كانی له‌ش, چاڵی و ده‌رپه‌ڕینه‌كان و ڕێكی و چه‌مانه‌وه‌كانی له‌شیشه‌, وه‌ك بڵێی ده‌بێت جه‌سته‌ جه‌سته‌یه‌كی فلیم كارتۆنیی بێت، جه‌سته‌یه‌كی لاكێشه‌یی و گۆشه‌دار. له‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگاكان جل و به‌رگی ژنان له‌ هی پیاوان فشۆڵتر و به‌رینتر و دیسپلینكراوترن. هۆكاره‌كه‌ی ساده‌یه‌, جه‌سته‌ی ژن به‌رز و نزمی و ده‌رپه‌ڕینه‌كانی له‌ هی پیاو زیاترن. هه‌ر ئه‌ندامێكی له‌شی ژن شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ بازنه‌یی و چه‌ماوه‌ی هه‌یه‌, له‌ كاتێكدا ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی پیاو به‌ زۆری درێژكۆله‌ و ڕێك و ته‌ختن. ده‌بێت پۆشاك به‌رز و نزمییه‌كان بشارێته‌وه‌ و شێوه‌یه‌كی ڕێك به‌ جه‌سته‌ ببه‌خشێت, به‌ مانایه‌كی تر پۆشاك ببێته‌ پاكێجی جه‌سته‌ نه‌ك قاڵب، جه‌سته‌ بخرێته‌ ناو پاكه‌ته‌وه‌. شتی ناو پاكه‌ت هه‌میشه‌ به‌ نوێیی ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌ڵ ده‌پچڕدرێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ هه‌مان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بێت كه‌ پێی وایه‌ جه‌سته‌ی ناو حیجاب جه‌سته‌یه‌كی پارێزراو و تازه‌ و نوێیه‌ی تا ئه‌و ده‌مه‌ی جه‌سته له‌ ژووری خه‌وتنی حه‌ڵاڵدا‌ له‌م پاكه‌ته‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.  جل و به‌رگی قاڵبی و ته‌سك كه‌ به‌ جه‌سته‌وه‌ بنوسێت هه‌ر جه‌سته‌یه‌ به‌ ڕه‌نگێكی تر, هیچی دانه‌پۆشیوه‌ ته‌نیا ڕه‌نگی جه‌سته‌ی گۆڕیوه‌, ئه‌مه‌یش پۆشاك نییه‌ به‌ڵكو بۆیاغه‌. ئامانجی ئایدیۆلۆژیای حیجابگه‌را ئه‌وه‌یه‌ "شێوه‌یه‌كی لاكێشه‌یی" به‌ جه‌سته‌ بدات، واته‌ بیخاته‌ ناو جۆرێك له‌ تابوته‌وه‌ كه‌ له‌ قوماش دروست كراوه‌، به‌رز و نزمی و چه‌ماوه‌كانی دابپۆشێت و فۆڕمێكی ڕه‌ق به‌ جه‌سته‌ بدات. ڕه‌نگه‌ ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ بۆ داپۆشینی جه‌سته‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ساده‌ و ساكار بێت ئه‌گه‌ر بێتوو تێبینییه‌كی دیكه‌ نه‌خه‌ینه‌ ڕوو كه‌ به‌ بۆچوونی من خوێندنه‌وه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی ڕووتی و پۆشاك, داپۆشین و ده‌رخستن تێده‌په‌ڕێنێت.
پۆشاك چۆن ده‌بێته‌ جه‌سته‌؟ جه‌سته‌ كه‌ ده‌شاردرێته‌وه‌ به‌ ڕه‌هایی نابێته‌ جه‌سته‌یه‌كی شاراوه‌, به‌ڵكو جه‌سته‌ نیشانه‌كانی خۆی ده‌نێرێت بۆ سه‌ر پۆشاك. پۆشاك ده‌بێته‌ سه‌تحێك بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ خۆیی له‌سه‌ر بنه‌خشێنێته‌وه‌, جه‌سته‌ دێته‌وه‌ سه‌تح, له‌سه‌ر پۆشاك ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌, ماسك نیشانه‌كانی ڕواڵه‌ت ده‌نوێنێته‌وه‌, به‌مه‌یش ده‌توانین ڕواڵه‌ت بناسینه‌وه‌, پۆشاك ده‌بێته‌ شانۆی جه‌سته‌. سه‌رنج ڕاكێشیی جه‌سته‌ ده‌خرێته‌ نێو سه‌رنج ڕاكێشی پۆشاكه‌وه‌, ڕازاندنه‌وه‌ و گرنگیدانی زۆر به‌ جل و به‌رگ و شێوازی دروستكردن و جل پۆشین به‌ شێوه‌یه‌كی سێكسی و سه‌رنج ڕاكێش خۆی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ئاماژه‌كانی لادانى جه‌سته‌, یان ئاماژه‌ى لابەلا بۆ جه‌سته‌, به‌ڵام جه‌سته‌یه‌ك نا كه‌ چێژێكی ڕاسته‌وخۆ و په‌تی دروست بكات, به‌ڵكو جل خۆی ده‌خاته‌ ئاستی بینین و جازبیه‌ته‌وه‌ و ئیغرا و فریودان به‌رهه‌م دێنێت، سێكس هه‌میشه‌ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ جه‌سته‌ خۆی حزوری هه‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ جه‌سته‌ نیشانه‌كانی خۆی بنێرێت. ئه‌م شێوازی ڕازاندنه‌وه‌یه‌ كه‌ سێكس نیشانه‌كانی خۆی له‌ شوێنێكی تر داده‌نێت ته‌نانه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ئه‌و جۆره‌ پۆشاكه‌یشی گرته‌وه‌ كه‌ پێی پێشتر باسمان كرد، واته‌ (حیجاب). حیجاب هه‌ر ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ به‌رهه‌می دێنێت كه‌ نایه‌وێ‌ به‌رز و نزمییه‌كانی جه‌سته‌ ده‌ربكه‌وێت, واته‌ شێوه‌یه‌كی لاكێشه‌ و گۆشه‌یی به‌ جه‌سته‌ ئه‌به‌خشێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌م تابوته‌ قوماشییه‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ نیشانه‌كان ڕزگاری ببێت، ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌وه‌ ده‌شاردرێته‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی تره‌وه‌ و به‌ فؤرمی دیكه‌ دێته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌بێت لێره‌دا به‌سه‌رپێی ئه‌م تێبنییه‌ش بخه‌ینه‌ ڕوو: ئایدیۆلۆژیایه‌كی تر هه‌یه‌ جه‌سته‌ داناپۆشێت به‌ڵكو ڕووتی ده‌كاته‌وه‌، ڕووتبوونه‌وه‌ و داپۆشین له‌ سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا له‌خۆیاندا مانایه‌كیان نییه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌موو بارێكدا ده‌بێت له‌ خزمه‌تی ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه‌دا بێت. سه‌رمایه‌داریی چۆن عه‌بای خلیجی به‌ هه‌زاران زه‌نگیانه‌ و نقێم ده‌ڕزاێنێته‌وه‌ و جه‌سته‌ی پێ داده‌پۆشێت باكی به‌وه‌ نییه‌ له‌ چركه‌ساتێكدا جه‌سته‌یش ڕووت بكاته‌وه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئایدیۆلۆژیاكه‌ی له‌ نێو هه‌موو دۆخه‌كاندا ئیش بكات. بۆ نموونه‌ سه‌رمایه‌داریی له‌ ڕێگه‌ی فیلمه‌ پۆرنۆكانییه‌وه‌ جه‌سته‌ به‌ ته‌واوه‌تی ڕووت ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م ڕووتبوونه‌وه‌ ته‌واوه‌تییه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌یان جه‌سته‌ خۆی بۆته‌ جل، جه‌سته‌ بۆته‌ كاڵا. فیلمی ڕووت مانای ئه‌وه‌ نییه‌ جه‌سته‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ دۆخی سروشتیی خۆی، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ ڕووت ده‌كاته‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك جه‌سته‌ی له‌ جه‌سته‌ خستووه‌ و كردوویه‌تی به‌ كاڵای پیشاندان و ئۆبێكتی تیڤییه‌كان و سایته‌كانی‌ پۆرنۆ. فیلمی ڕووت جه‌سته‌ ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخه‌ ئاژه‌ڵییه‌كه‌ی به‌ڵكو ده‌یگۆڕێت بۆ شت، جه‌سه‌یش ده‌بێته‌ ئامێرێك له‌نێو ئه‌و سه‌دان جۆر ئامێرانه‌ی تر كه‌ باس له‌ ته‌نیاییه‌كی كوشنده‌ی مرۆڤی نوێ ده‌كه‌ن و بۆ خۆڕه‌حه‌تكردن و ده‌ستپه‌ڕ به‌كارده‌هێنرێن، ئیتر جه‌سته‌ له‌گه‌ڵ ئامێره‌ ده‌ستكرده‌ سێكسییه‌كاندا جیاوازییه‌كی نییه!‌.
ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی ئه‌و دابه‌شكردنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بوه‌ستین ئه‌وا ده‌كه‌وینه‌ نێو تێڕوانینه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌وه‌، واته‌ وه‌ك بڵێی ئایدیۆلۆژیایه‌ك هه‌یه‌ جه‌سته‌ داده‌پۆشێت و له‌به‌رامبه‌ردا ئایدیۆلۆژیای سه‌رمایه‌داری ڕووتی ده‌كاته‌وه‌. پێشتریش وتمان سه‌رمایه‌داری نایه‌وێت خۆی به‌ دۆخێكه‌وه‌ بگیرسێنێته‌وه، ئامانجی ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو دۆخێكدا ئیش بكات، یان هه‌موو دژ یه‌كه‌كان له‌ خۆیدا قووت بدات. به‌م مانایه‌ سه‌رمایه‌داریی ته‌نیا جه‌سته‌ ناكاته‌ كاڵای نێو فیلمه‌ پۆرنۆكان، به‌ڵكو ده‌یكاته‌ ئۆبێكتی پۆشاكه‌كانیش، به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌م پۆشاكانه‌ بكرێنه‌ مۆده‌ و بابه‌تی مه‌سره‌فكردنی ڕۆژانه. وه‌ك بڵیی ئه‌بێت شێوازێكی عه‌با یان شۆرت و ستیانیش ببێته‌ مۆده‌. سه‌رمایه‌داریی‌ وه‌ك چۆن له‌ خلیج مۆده‌ی عه‌بای چه‌ند هه‌زار دۆلاریی به‌رهه‌م دێنێت، له‌ ڕۆژئاوایش ته‌نانه‌ت گۆره‌ویی سێكسیش ده‌كاته‌ مۆده‌. ئایدیۆلۆژیای زاڵ له‌ ڕۆژئاوا پۆشاكه‌كان ته‌سكتر و شه‌فافتر ده‌كاته‌وه‌, كورتیان ده‌كاته‌وه‌, ده‌یانكات به‌ تۆڕ و چه‌ند به‌شێك له‌ جه‌سته‌ ده‌رده‌خات و چه‌ند به‌شێكیش داده‌پۆشێ‌، یاخود ئیتر پۆشاكی ساغ و ته‌سك و ته‌نك مۆدی نییه‌، به‌ڵكو جل به‌رگی فشۆڵی ڕاپه‌ره‌كان و كابۆی دڕاوی گه‌نجه‌كان پڕفرۆشترینه‌. ئه‌م ئایدیۆلۆژیایه جه‌سته‌ ده‌خاته‌ خزمه‌تی پۆشاكه‌كانه‌وه‌،‌ له‌ ڕێگای ئه‌ستێره‌ سینه‌ماییه‌كان و گۆرانبێژه‌كان و نماییشه‌كانی جل و به‌رگه‌وه‌ بره‌و به‌ جۆره‌ پۆشاكێك ده‌دات كه‌ گه‌مه‌ی داپۆشین/ده‌رخستن ده‌ستكاری ده‌كات, ئیتر پۆشاك بۆ داپۆشین نییه‌، به‌ڵكو بۆ بره‌ودان به‌ مۆدێل و به‌رهه‌می كۆمپانیاكانه‌‌. جل و به‌رگ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ میكانیزمێكی ئیغرا و فریودان, چێژ له‌وه‌ ده‌رده‌چێت سوبێكت ڕاسته‌وخۆ له‌ جه‌سته‌وه‌ وه‌ری بگرێت، چێژ له‌وه‌دایه‌ سوبێكت چ پۆشاكێكی پۆشیوه‌، چ ماركه‌یه‌كی له‌به‌ردایه‌, ئه‌توانێ سه‌رنجی چه‌ند كه‌س ڕابكێشێت و بۆ چه‌ند كه‌س ببێت به‌ مۆدێل، ئیدی له‌ززه‌ت له‌ ڕووتبوونه‌وه‌ سه‌رجه‌می له‌شدا نییه‌, وه‌ك چۆن له‌ شاردنه‌وه‌ی ته‌واوی له‌شیشدا، ئه‌وه‌ی چێژت پێ ده‌دات و سه‌رنجت ڕاده‌كێشێت و فریوت ده‌دات پۆشاكه‌كه‌یه‌ نه‌ك له‌ش. لەنێو ئەم ئایدیۆلۆژیا بەرخۆرى و مەسرەفییانەدا جەستە بووە بە چەندین پارچەوە، هەزاران ڕەنگى بەسەردا سواغدراوە و لەنێو تەکنیکە نوێیەکانى بینین و جەستەسازیدا ونکراوە. مێژووى شارستانیەت مێژووى ستەمە لە جەستە؛ بەڵام ئاخۆ، سپینۆزا وتەنى، جەستە خۆى دەتوانێت چى بکات؟

تێبینى: ئەم فراگمێنتە بەشێکە لە وتارێکى درێژتر، لە کتێبى "کێشەى سوبێکت"، کتێبى یەکەمى پرۆژەى "نێگەتیڤ"ـدا بڵاوبۆتەوە.